(( دەستەی شیوەنگێڕان چیە؟ دەڵێن هەر خودی خۆتانن. یان لەوانەیە بڵێن خۆتان نین بەڵام كێشەكە ئەمە نییە لێرەدا مشتومڕەكە لەسەر ئامراز و وەسیلەكانە، ئەو ئامرازانەی كە سۆز و هەڵچونەكان دەورووژێنن لە دیدی منەوە دەستەی شیوەنگێڕان ئەو كەسانەن، كە كەوتوونەتە ژێر كاریگەرییەوە و پاسیڤن))
[jacques lacan, ethics, p.247]
ڕەنگە هیچ بیریارێك هێندەی (جاك لاكان) كۆمەكمان نەكات لە تێگەیشتنی مەرگی ”شیفا گەردی”، مەبەست لە مەرگی شیفا ئەو هەرا و فەوزا ئیعلامیەبوو كە دروستبووە، تا دەگاتە بەیاننامەی كەسە باڵاكانی ناو حیزبە كوردیەكان خۆی مەرگ شتێكی سرووشتیە، بەڵام چی وای كرد مەرگی شیفا نا سرووشتی بێت؟
هەموو ئەو شیوەنگێڕانەی شیوەنیان ئەگێڕا بریتیبوون لەڕیزێك ڕۆژنامەوان، فێمینیست، ناسیۆنالیست، چالاكه‌وانی سیاسی. ئەوەی پرسیاری ئێمەیە ئەوە نییە كێ شیوەنی ئەگێڕا، بەڵکو پرسیاری ئێمە ئەوەیە شیوەنگێڕەكان لەژێر كاریگەری چی شتێك شیوەنیان ئەگێڕا؟
چونكە لاكان زۆر بە ئاشكرا پێماندەڵێت: ئەوانەی شیوەندەگێڕن لەناو سیستەم هەمیشە كەسێكی پاسیڤن و لەژێركاریگەری دەرەكی شیوەن ئەگێڕن. دیاره بۆ تێگەیشتن لەو ئایدییایە ئەچینە لای ئەو تێزەی لاكان كە دەڵێت: ” ئارەزوی مرۆڤ ئارەزوی ئەویترە” واتە مرۆڤ ئەوە نییە كە خۆی ئارەزو بكات، بەڵکو ئەوەیە كە كەسێكی دیكە ئارەزوەكانی لەلا دروستدەكات.
بۆ نمونە : من حەزم لە قاوەیە، ئایا ئایدیەی ئەوەی كە قاوە ببێتە بەشێك لە ئارەزوی من شتێكی خۆڕسكە یان بەهۆی كاریگەری دەوروبەرەوە وام لێهاتوە حەزم لە قاوە بێت؟ ڕاپۆرتێكی ئەلیكترۆنی دەربارەی سوودەكانی قاوە، كاتێك هاوڕێیه‌كمان ئەبینین قاوە ئەخواتەوە كاتێك وانه ئەخوێنیت… هەموو ئەمانە وامان لێدەكان ئێمەش حەزمان لە قاوە بێت و ئارەزوی بكەین بەڵام ئایا ئارەزوی شیوەنگێڕەكان ئارەزوی كێیە؟
شیوەنگێڕەكان بە حەز و ئارەزوی خۆیان شیوەن ناكەن بەڵكو ئارەزوی كەسێكی دیكەیە هاتۆتە ناویان. ڕەنگە نەتوانین بەو ئاسانیە هەموو هۆكارەكان دیاری بكەین، بەڵام ڕەنگە هۆكاری سەرەكی مییدیا بێت، ئەو ئارەزوەی لەلای سوبێكتی كوردی دروستكردبێت بۆ مەرگی كەسێك هێندە شیوەنگێڕی بكات.
هەمان دۆخ بۆ ئەو كەسانەش ڕاستە كە مەرگی شیفایان بە شتێكی باش و پڕ لە سەروەری سەیردەكرد، ئەوانیش وەكو شیوەنگێڕەكان ئارەزوی (یەكێكی دیكە) هاتۆتە ناویان یان ئارەزوی یەكێكی دیكە نمایشدەكەن. لە كاتێكدا نەدەبوو ئەو هەموو فەوزایە دروست بكرێت، چونكە مەرگی شیفا وەكو مەرگی هەر مرۆڤێكی دیكە سروشتی و ئاساییە.
به‌دیوێكی دیكه‌دا، مەرگی شیفا مەرگێك بوو بە دەستی سیستەم، كە هەر سیستەم بوو شیفای ناردە ناو جەنگ و وێرانكاریەكان، هەرخۆشی وامانلێدەكات شیوەنی بۆ بگێڕین.
ته‌واو
تێبینی كو‌لتور مه‌گه‌زین ؛ شیفا گه‌ردی میدیا كاری كه‌ناڵی ڕووداو له‌ڕۆژی 24.02.2017 له‌كاتی ڕووماڵی شه‌ڕی موسڵدا، بۆمبێكی چێنراوی پێداتهقیووه و ده‌ستبه‌جێ له‌وێ گیانی له‌ده‌ستدا و كامێرامانهكهش بریندار بوو. بێگومان هه‌موو مه‌رگێكی ئاوه‌ها جێگه‌ی دڵگرانی و غه‌مبارییه.
كه‌ناڵی ڕووداو كه‌پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، له‌به‌ر گرێبه‌ستی نه‌وتی په‌نجا ساڵه‌ی پارتی دیموكرات سه‌ربه‌خۆیانه له‌گه‌ڵ توركیادا هاوپه‌یمانه. لێره‌وه كه‌ناڵه‌كه ئاشكرا سیاسه‌تی میدیاییان وه‌هایه كه له‌دژی پارتی كرێكارانی كوردستان و یه‌په‌گه و ئه‌زموونی ڕۆژئاوا لێدوان و ڕیپۆڕتاژ بكه‌ن.
جگه‌له‌وه پارتی دیموكرات ڕێگه ده‌ده‌ن به كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی قه‌ته‌ری، كه‌ئه‌مه كه‌ناڵێكه له‌سه‌ر شێوازی چوارجێوه‌ی ئیسلامی كهنداویی و هه‌ژموونی دژه كورده . پارتی به‌داخه‌وه ڕێگه ده‌دات ئه‌وان ڕووماڵی شه‌ڕی موسڵ بكه‌ن، كه‌چی كه‌ناڵه كوردییه‌كان له‌لایه‌ن پارتیه‌وه ڕێگرییان لێده‌كرێت و كه‌ناڵی ڕووداو ئه‌و ئیمتیازی ڕووماڵكردنهوهی به‌چه‌ك بۆ خۆی مۆنۆپۆڵ كردووه. هه‌موو ئه‌مانه وه‌هایكردووه ، به‌داخه‌وه ، مه‌رگی (شیفا گه‌ردی ) به‌م هه‌موو ئاڵۆزكاوییه سیاسیه‌وه پابه‌ند بێت.