نووسینی: ماردین ئیبراهیم
تیرۆریزم به‌کارهێنانی به ئه‌نقه‌ستی توندووتیژییه، یاخود هه‌ڕه‌شه‌ی بهکارهێیناییهتی دژی خه‌ڵکانی بێ‌تاوان؛ به ئامانجی ناچارکردنی که‌سانی دیکه بۆ کردنی کردارێک، که ئه‌گه‌ر ئه‌و تووندووتیژی و هه‌ڕه‌شه‌یه نه‌بێت ئه‌وان ئه‌و کرداره ناکه‌ن [ستینهۆف یووی، ٢٠٠٤، ل٩٨]
ئایا تیرۆریزم له هیچ دۆخێک‌دا له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه ڕێگه پێدراوه؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره من هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌رگومێنته‌کان و دژه- ئه‌رگومێنته‌کانی ئه‌و بوواره به‌سه‌ر بکه‌مه‌وه. زۆر گرنگه شیته‌ڵکاری بۆ تیرۆریزم بکه‌ین وه‌ک کۆنسێپتێک و په‌یوه‌ندی تیرۆریزم به کۆنسێپته‌کانی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیداری له بابه‌ت تووندووتیژی، جه‌نگ و دادپه‌روه‌ری شیبکه‌ینه‌وه. بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری ئایا تیرۆریزم له هیچ دۆخێک‌دا له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه ڕێگه پێدراوه یان نا، پێویسته سنووره‌کانی تیرۆریزم له ئاستی چه‌مکیدا ده‌ستنیشان بکه‌ین.
پێناسه‌ی بنه‌ڕه‌تی تیرۆریزم وه‌ک به‌کارهێنانی تووندووتیژی دژی خه‌ڵکانی بێ‌تاوان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی سیاسی، زۆر جێگای مشتومڕه. له ‘ تیۆری جه‌نگی ڕه‌وا’ ی ترادیسیۆنالداخهڵکانی مه‌ده‌نی و بێچه‌ک حه‌سانه‌یان هه‌یه و پارێزیان لێده‌کرێت و به‌کارهێنانی تووندووتیژی دژیان له هیچ دۆخێک‌دا ڕێگه‌پێدراو نییه له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو ووشه‌ی ‘ مه‌ده‌نی ‘ و ‘ بێ‌تاوان’ زۆر جار له‌بری یه‌کتر به‌کارده‌هێنرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له توێژینه‌وه‌کانی ئه‌م دوواییه‌دا بیرۆکه‌ی ‘ مه‌ده‌نی’ و بینینی وه‌ک ‘ بێ‌تاوان’ که‌وتۆته به‌رده‌م ڕه‌خنه‌ی جددی هه‌م له‌لایه‌ن توێژه‌رانی ئه‌م بوواره و هه‌م له‌لایه‌ن خودی گرووپه تیرۆریسته‌کانه‌وه.
مه‌کمه‌هان ئه‌و پێناسه‌ی سه‌ره‌وه بۆ تیرۆریزم به پێناسه‌یه‌کی پڕگرفت ده‌زانێت، ئه‌و وای ده‌بینێت به‌پێی ئه‌و پێناسه‌یه ده‌کرێت به‌شێکی زۆری کاری پۆلیس له‌ناو هه‌مان پێناسه‌ی تیرۆریزمدا پۆلێن بکرێت. مه‌کمه‌هان پێشنیاری پێناسه‌یه‌کی دی ده‌کات بۆ تیرۆریزم و ده‌نووسێت:
‘باشتره بوترێت تیرۆریزم بریتییه له به‌کارهێنانی توندووتیژی به‌ئه‌نقه‌ست دژی که‌سانی بێ‌تاوان- که له‌به‌ر بێتاوانییهکهیان موستهههحهقی ئه‌وه نیین هێرشیان بکرێته سه‌ر – بۆ هه‌ڕه‌شه و ناچارکردنی که‌سانی دی که په‌یوه‌ندییان به‌وانه‌وه هه‌یه به ڕێگایه‌ک له ڕێگاکان، ئه‌و تووندووتیژیهش وه‌ک ئامرازێک به‌کار بێت بۆ به ده‌ستهێنانی ئامانجی سیاسی دیاریکراو. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تیرۆریزم وه‌ک هێرش بۆ سه‌ر که‌سانی بێ‌تاوان پێناسه کرا، له‌و دۆخه‌دا هێرشکردنی به‌ئه‌نقه‌ست بۆ سه‌ر که‌سانی مه‌ده‌نی که بێ‌تاوان نه‌بن، ڕێگه پێدراوه و ناکرێت وه‌ک کرداری تیرۆریزم سه‌یر بکرێت [مه‌کمه‌هان، ٢٠٠٣، ل ٢٣٢]
لێره‌دا مه‌کمه‌هان جیاوازییه‌کی گرنگ ده‌کات له نێوان هه‌ردوو ووشه‌ی ‘ مه‌ده‌نی’ و ‘ بێ‌تاوان’. چونکه سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی زۆرجار له‌بری یه‌کدی به‌کار ده‌هێنرێن، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌ر که‌سێک مه‌ده‌نی و بێچه‌ک بوو، ئیتر خۆبه‌خۆ بێ‌تاوانیش بێت. ده‌کرێت دیپلۆماته‌کان و زاناکانی ئه‌تۆمی و زاناکانی چه‌ک و کارمه‌نده باڵاکانی ده‌وڵه‌تی ملهوڕ وه‌ک نموونه وه‌ربگیرێن.
فیکره‌ی بێتاوانی مه‌ده‌نییه‌کان یاخود بێتاوانی خه‌ڵکانی مه‌ده‌نی و بێچه‌ک هه‌ر به‌ته‌نیا له بوواری ئه‌کادیمیدا ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه نه‌بۆته‌وه، به‌ڵکو له پراکتیسی ڕۆژانه‌ی هه‌ندێک گرووپی سیاسیش‌دا ڕووبه‌ڕووی هه‌مان ڕه‌خنه بۆته‌وه. نامه‌که‌ی ئوسامه بن لادن بۆ ئه‌مه‌ریکییه‌کان دووای یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ر و ڕه‌وایه‌تیبه‌خشین به کوشتنی مه‌ده‌نییه‌کان خاڵی وه‌رچه‌رخانه له‌و بوواره‌دا.
گۆڕان له پێناسه‌ی ‘مه‌ده‌نییه‌کان’ له خه‌ڵکی ‘بێ‌تاوان’ه‌وه بۆ ‘نا- بێ‌تاوان’ یاخود تاوانبار، په‌یوه‌ندی به‌و فاکته‌وه هه‌یه که هه‌ندێک خه‌ڵک ڕه‌نگه ‘مه‌ده‌نی’ و ‘بێچه‌ک’ بن، له هه‌مان کاتدا ده‌کرێت هێرشکردنه سه‌ریان له‌ڕووی مۆڕالییه‌وه ڕێگه پێدراو بێت، چونکه بێ‌تاوان نین. ده‌کرێت وه‌ک که‌سانی بێ‌تاوان سه‌یر نه‌کرێن، چونکه به‌شداریان له بێدادی کردووه، یاخود له‌ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه به‌رپرسن له جێخستنی نادادپه‌روه‌ری. وه‌ک به‌رئه‌نجامی ئه‌وه، پارێزیی یاخود حه‌سانه له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌کرێت بکه‌ونه به‌ر هێرش.
ئه‌و مهیدانخووازییهی سه‌ره‌وه، نه‌ک هه‌ر تیۆری جه‌نگی ڕه‌وا ده‌خاته دۆخێکی دژووارهوه، به‌ڵکو به‌ربه‌ره‌کانی لیبراڵیزم و دیدگای لیبراڵ بۆ به‌کارهێنانی تووندووتیژیش ده‌کات.
له دیدگایه‌کی ئه‌خلاقییه‌وه، له جه‌نگه‌کانی جیهانی هاوچه‌رخی ئێمه‌دا، مه‌ده‌نییه‌کان چی دیکه هاوواتای بێتاوانه‌کان نیین، چونکه هه‌ندێک له مه‌ده‌نییه‌کان له ململانێکاندا به ئه‌ندازه‌ی سه‌ربازه‌کان ڕۆڵیان هه‌یه. مه‌کمه‌هان پێی وایه هه‌ندێک له مه‌ده‌نییه‌کان له هه‌ندێک بارودۆخدا له‌ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه هێرشکردنه سه‌ریان بێگرفته. ئه‌و، مه‌کمه‌هان وای ده‌بینێت که هه‌ندێک له مه‌ده‌نییه‌کان ڕه‌نگه به ئه‌ندازه‌یه‌ک به‌شداریان کردبێت له نادادپه‌روه‌ریدا که ئه‌و نادادییه بایی ئه‌وه بکات ‘جه‌نگی ڕه‌وا’ ی بۆ هه‌ڵگیرسێنرێت. ئه‌وه‌ش به‌رپرسیارێتی مۆڕاڵیان ده‌خاته سه‌رشان و وایان لێده‌کات وه‌ک تاکه‌که‌س شایانی هێرشکردنه سه‌ر بن. نامه‌که‌ی بین لادن بۆ ئه‌مریکا ئه‌وه ده‌ستنیشان ده‌کات که مه‌ده‌نییه‌کانی ئه‌مریکا بێ‌تاوان نین، به‌وه‌ی ئه‌مریکا وڵاتێکی ئازاد و دیموکراته و خه‌ڵکه‌که‌ی تووانا و بژاره‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌ته‌که‌یان ڕه‌تبکه‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت ده‌تووانن حکومه‌ته‌که‌یان بگۆڕن ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت.
هه‌م له نامه‌که‌ی بین لادن و هه‌م له نووسینه‌که‌ی مهکمههاندا ده‌تووانین ئه‌وه بدۆزینه‌وه که له هه‌ندێک بارودۆخی زۆر تایبه‌تدا که‌سانی مه‌ده‌نی ده‌کرێت حه‌سانه‌ی خۆیان له‌ده‌ست بده‌ن. له هه‌ردوو دۆخه‌که‌دا کاتیگۆری ‘بێگوناه’ و ‘مه‌ده‌نی’ ناکرێت هه‌مان ما‌نایان هه‌بێت. بۆ بن لادن، مه‌ده‌نییه‌کانی ئه‌مریکا ده‌کرێت وه‌ک ئامانجی ڕه‌وا بۆ هێرشکردنه‌سه‌ر سه‌یر بکرێن، چونکه ئه‌وان به‌شداری ده‌که‌ن له تووانای ئه‌مریکا بۆ جێخستنی نادادپه‌روه‌ری له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا، ڕۆڵ ده‌بینن له ده‌نگداندا، له هه‌ڵبژاردنی کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌ت له نوێنه‌رایه‌تیکردنیاندا، دانی باج و هه‌تا دووایی.
مه‌کمه‌هان به‌رپه‌رچی پێشمه‌رجه‌کانی ‘ تیۆری جه‌نگی ڕه‌وا’ ی ترادیسیۆنال ده‌داته‌وه؛ چونکه ئه‌و، مه‌کمه‌هان پێ‌و وایه که ڕه‌وایه‌تی بۆ هێرشکردنه‌سه‌ر به‌ستراوه‌ته‌وه به ‘ به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی بۆ زیانپێگه‌یاندن’ ، نه‌ک به‌سترابێته‌وه به چه‌کداربوون یان بێچه‌کبوون. واته مه‌کمه‌هان پێی وایه ده‌کرێت که‌سێک بێچه‌ک بێت، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا تووانای زیانگه‌یاندنی له چه‌کدارێک که‌متر نه‌بێت، یان زیاتر بێت. دیاره به پێی پێشمه‌رجه‌کانی تیۆری جه‌نگی ڕه‌وا له هیچ دۆخێک‌دا مه‌ده‌نییه‌کان یاخو بێچه‌که‌کان نابێت هێرشیان بکرێته سه‌ر، چونکه بێگوناهن، به‌ڵام مه‌کمه‌هان پێی وایه ئه‌و تێزه گرفتئامێزه، چونکه ده‌کرێت که‌سانێک بێچه‌ک بن و به‌ڵام بێگوناه نه‌بن. وه‌ک ده‌زانین، به‌پێی تیۆری جه‌نگی ڕه‌وا، سه‌ربازه‌کان له هه‌ردوولای جه‌نگ ئامانجی یه‌کسانن بۆ یه‌کتر، ده‌کرێت هه‌ر لایه‌ک هێرش بکاته سه‌ر لاکه‌ی تر. به‌ڵام، مه‌کمه‌هان پێی وایه که ته‌نیا هێرشکردن به ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ئه‌و که‌سانه ڕه‌وایه که له ناداپه‌روه‌رییه‌کی مۆراڵی به‌شداریان کردووه یاخود نادادپه‌روه‌رییان به ئه‌ندازه‌یه‌کی دیار نوواندووه. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه که چه‌کداربوون خۆبه‌خۆ که‌سێک ناخاته دۆخێکه‌وه که هێرشکردنه سه‌ری بکاته کارێکی ڕه‌وا، هه‌روه‌ک چۆن بێچه‌کبوون و مه‌ده‌نیبوون له ڕووی مۆرالییه‌وه حه‌سانه و پارێزیی ناداته که‌سێک. بۆ مه‌کمه‌هان، مه‌ده‌نیبوون ناتوانێت به‌شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی بمانکاته بێگوناه، چونکه که‌سانێک هه‌ن مه‌ده‌نی و بێچه‌کن، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا بێگوناه نین. بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر؛ ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه مانای ئه‌وه‌یه که هه‌ندێک که‌س ده‌کرێت مه‌ده‌نی بن، به‌ڵام ده‌کرێت له هه‌مان کاتدا تێوه‌گلابن یاخود به‌شدارییان کردبێت له هه‌وڵدان بۆ ئازاردانی ئه‌وانی دی. تاکه‌که‌سێک ده‌کرێت مه‌ده‌نی بێت، له هه‌مان کاتدا ده‌کرێت له ڕووی مۆڕاڵییه‌وه هێرشکردنه سه‌ری ڕه‌وایه‌تی هه‌بێت؛ به‌وه‌ی که ڕه‌وایه‌تی بۆ هێرشکردنه‌سه‌ر له شوێنگه‌ی که‌سێکه‌وه به‌وه‌ی چه‌کداره یان بێچه‌که‌وه نایات، به‌ڵکو له‌و شوێنه‌وه دێت که ئه‌و که‌سه چه‌ند له‌ڕووی مۆڕاڵییه‌وه به‌رپرسه له نادادپه‌روه‌ری. مه‌کمه‌هان دیدی خۆی به‌م شێوه‌یه ڕوون ده‌کاته‌وه:
وای دانێ گروپێک له دوژمنانت که ئاره‌زوویانه تۆ بکوژن، به‌وه‌ی که قازانج ده‌که‌ن له مردنی تۆ. ئامێرێک دروست ده‌که‌ن که بگونجێت به شێوه‌یه‌ک پرۆگرام بکرێت که فهرمانگهل بگوازنه‌وه که قابیلی به‌رگری نه‌بن بۆ که‌سێک له ڕێگه‌ی وهرگرێکهوه که له مێشکی که‌سه‌که‌دا[که‌سێکی بێ‌تاوان] چێنرابێت. کاتێک پرۆگرام کرا و چالاک کرا، ئامێره‌که پێویستی به ڕێنمایی و ده‌ستتێخستنی زیاتر نه‌بێت. ئینجا دوژمنه‌کانت که‌سێکی بێ‌تاوان بڕفێنن، ئامێره‌که له مێشکیدا بچێنن… وه ئامێره[کۆنتڕۆڵکه‌ره‌که] چالاک بکه‌ن… تاکه بژاره‌ی تۆ [ڕزگارکردنی خۆت]، له بری کوشتنی ‘سه‌رله‌دوونه‌ر’ ه بێتاوانه‌که، ناچارکردنی دوژمنهکانته به ناچالاککردنی ئامێره‌که یان ئاشکراکردنی شوێنی ئامێره‌که‌یه. تۆ زوو تێده‌گه‌یت، که تاکه ڕێگا بۆ ئه‌و کاره، ده‌ستکردنه به کوشتنی دوژمنه‌کانت، یه‌ک له‌دووای یه‌ک، تا ئه‌و کاته‌ی یه‌کێکیان ناچارده‌کرێت پێت بڵێت ئامێره‌که له کوێیه…. به‌و ئه‌گه‌ره‌ی که کوشتنی دوژمنه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان کاریگه‌ر ده‌بێت له گۆڕینی ئاراسته‌ی هه‌ڕه‌شه‌که و شته‌کانی دیش یه‌کسان ده‌بن، ئه‌وه ڕوونه که له‌ڕووی مۆڕاڵییه‌وه کوشتنی دوژمنه‌کان خوازراوه – وه کوشتنیان ئه‌وه‌نده‌ی پێویست بێت – له‌بری کوشتنی که‌سه ‘ سه‌رله‌دوونه‌ر’ ه بێتاوانه‌که یوی ستینهۆف ئه‌رگومێنتی سه‌ره‌کی مه‌کمه‌هان قبووڵ ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ زیاد ده‌کات که له کاتێکدا ‘ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتن’ – که یه‌کێکه له کرایتیریاکانی جه‌نگی ڕه‌وا- یش نه‌بێت، هێشتا مافێکی لیبراڵی که‌سێکه که ده‌ستدرێژیکه‌ر سزا بدات؛ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی باڵاتری سزاده‌ر بوونی نه‌بێت، یان بوونی هه‌بێت و نه‌تووانێت ئه‌رکه‌کانی خۆی جێبه‌جێ بکات، یاخود که‌مته‌رخه‌می بکات له جێبه‌جێکردنی. ئه‌وه‌ش ده‌نووسێت که مافی که‌سێک بۆ سزادان ئه‌رکی که‌سێک له خۆلادان له دادوه‌ری تایبه‌تی داده‌پۆشێت به‌پێی توندی تاوانه‌که. ئه‌وه‌ش زیاد ده‌کات که زۆر گرنگه ئه‌وه بزانرێت که هه‌ڵه‌یه ئه‌فزه‌لییه‌ت بدرێته سزادانی تاوانبار به‌رامبه‌ر پاراستنی بێ‌تاوان ڤێرجینیا هێڵد بانگه‌شه‌و پێشمه‌رجه‌کانی تیۆری جه‌نگی ڕه‌وا ده‌رباره‌ی پارێزیی و حه‌سانه‌ی مه‌ده‌نییه‌کان و ڕه‌وایی هێرش بۆ سه‌ر چه‌کداران ڕه‌تده‌کاته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و گومان ده‌خاته سه‌ر ڕه‌وایی ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی که پێی وایه ئه‌و توندوتیژیه‌ی گه‌نجێک ده‌کوژێت که هه‌لومه‌رجی سه‌ختی ئابووری پاڵی پێوه‌ناوه و هیچ ده‌رفه‌تی بۆ نه‌هێشتۆته‌وه جگه له‌وه‌ی ببێت به سه‌رباز، ڕه‌واتره له نوواندنی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ئه‌و دوکانداره‌ی که له‌ڕووی ئابووریه‌وه ئاسوده‌یه – ئاسووده‌یه له‌سه‌ر حیسابی ئه‌و گه‌نجانه‌ی – سه‌ربازن – و ژیانی خۆیان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نان هه‌بێت بیخۆن و ژیانی ئاسایی دوکانداران بپارێزن. تا ئێره باسمان ده‌رباره‌ی لایه‌نێکی ‘ نه‌رم’ی ئه‌و پرۆپۆزه‌ڵه کرد که له هه‌ندێک دۆخدا هێرشکردنه سه‌ر مه‌ده‌نییه‌کان به ڕه‌وا ده‌بینێت. لێره به‌دوواوه پرۆپۆزه‌ڵێکی رادیکاڵتر ده‌خه‌مه به‌رباس.
ئه‌رگومێنت بۆ ڕه‌واییدان به کوشتنی مه‌ده‌نییه‌کان دوورتر ده‌ڕوات، به‌وه‌ی که بۆچوونێک هه‌یه ئه‌رگومێنت ده‌کات که له هه‌ندێک دۆخی تایبه‌تیدا تیرۆریزمی ده‌ستنه‌پارێز به‌رامبه‌ر خه‌ڵکانی بێ‌تاوان، له ڕووی مۆڕاڵییه‌وه ڕێگه پێدراوه.
ئه‌و شوێنگه فیکرییه، یاخود ئه‌و دیده به‌ته‌واوی دیدێکی ‘کۆنسیکوێنشیالیست’ یاخود دیدێکی عاقیبهتگهرایه، به‌وه‌ی پێی وایه که ڕێگه‌پێدراویی هه‌ر کردارێک – ئه‌کشن- به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی ده‌یخاته‌وه، ئینجا ئه‌و دهرئانجامانه حیساب بۆکراو بن، فاکت بن، ئامانج بن یان پێشبینیکراو بن. به پێی ئه‌و دیده، ئه‌گه‌ر پێشبینی بکرێت که ژیان و مافی دیکه زۆرتر پارێزراو ده‌بێت له ئه‌نجامی کردارێکه‌وه دژی ژماره‌یه‌کی که‌متری خه‌ڵکی بێ‌تاوان؛ ئه‌وا ئه‌و کرداره ڕه‌وایی هه‌یه له ڕووی مۆڕاڵییه‌وه. لیۆن ترۆتسکی، ‘ شۆڕشگێڕ’ ی ڕووسی وه‌ک لایه‌نگیرێکی ئه‌و دیده پێی وایه له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌رکه‌کان و مافه‌کان له هه‌موو کاتێکدا پێویست نییه. له‌وه‌ش واوه‌تر، ئه‌و دیده جیاوازبوون و تاکایه‌تی که‌سه‌کان له‌به‌ر چاو ناگرێت. به بۆچوونی من ئه‌و دیده کۆنسیکوێنشیالیسته دیدێکه که به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌که‌ی دژی سه‌ره‌تاییترین حه‌دسی ئینسانی ئێمه‌یه.
تا ئێره شوێنگه و دیدێکمان خسته به‌رباس که دیدێکی له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه ده‌ستنه‌پارێز بوو، ئینجا شوێنگه‌ی دیئۆنتۆلۆجی ده‌خه‌مه به‌رباس. ئه‌م شوێنگه‌یه یاخود ئه‌و دیده زۆرتر بایه‌خ به ڕێسا و ئه‌رکه‌کان ده‌دات. له‌م دیده‌دا سنوورێکی بنه‌بڕ هه‌یه به‌وه‌ی چی ده‌تووانێت ڕه‌وایی بداته کوشتن یاخود چی پێشێلکردنی مافه‌کان ڕێکده‌خات. دیدگای دیئۆنتۆلۆجی پێی وایه که تاکه‌که‌س خاڵی سێنتراڵه له ئیتیکدا و مافه‌کانی مرۆڤ نابێت له هیچ بارودۆخێکدا پێشێل بکرێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڤیرجینیا هێڵد هه‌وڵده‌دات ئه‌و دیده له‌گه‌ڵ دیدی تیرۆریزمی ته‌ما عه‌یار ئاشت بکاته‌وه، ئهرگومێنتهکهشی پشت به ئایدیای دادپه‌روه‌ری دابه‌شکاریانه ده‌به‌ستێت. به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێشانه، ڤیرجینیا هێڵد ئه‌رگومێنت ده‌کات که له هه‌ندێک بارودۆخدا هه‌ندێک له مافه‌کان ده‌کرێت پێشێل بکرێن، به‌وه‌ی دابه‌شکردنێکی گونجاو و دادپه‌روه‌رانه باشتره له دابه‌شکردنێکی که‌متر دادپه‌روه‌رانه. هێڵد پێی وایه پێشێلکردنی مافه‌کان له هه‌ندێک دۆخی تایبه‌تیدا ده‌کرێت ڕه‌وا بێت. ئه‌و، هێڵد، ئه‌و پێناسه‌یه‌ی تیرۆریزمی وه‌ک هێرشێکی به ئه‌نقه‌ست بۆ سه‌ر که‌سانی بێ‌تاوان قبووڵه و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی پێشێلکردنی مافه‌کان ده‌کرێت ڕه‌وایی هه‌بێت له هه‌ندێک بارودۆخی تایبه‌تیدا. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر به پێشێلکردنی مافه‌کانی گرووپێکی دیاریکراو – دیاره به شێوه‌یه‌کی کاتی- ، بکرێت کۆتایی به ئازار و مه‌ینه‌تی ئه‌ندامانی گرووپێکی دیکه بهێنرێت که مافه‌کانیان پێشێلکراوه، ئه‌وا ئه‌و ماف پێشێلکردنه ڕه‌وایه. ئه‌گه‌ر ئێمه وای دابنێین که ژماره‌ی ئه‌و مافانه‌ی پێشێلکراون، مافه‌پێشێلکراوه‌کانی گرووپی یه‌که‌م له‌گه‌ڵ مافه پێشێلکراوه‌کانی گرووپی دووه‌م، زۆرتر و گه‌وره‌تر نییه له ژماره‌ی ئه‌و مافانه‌ی که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێشێلکراون، ئه‌وا له‌م کۆنتێکسته‌دا پێشێلکردنی مافه‌کانی ئه‌ندامانی گرووپی دووه‌م ڕه‌وایه‌تی هه‌یه.
گرنگه له دیدی هێڵد له گۆشه‌نیگای یوتیلیتاریانیزمهوه – به‌رژه‌وه‌ندگه‌رایی- نه‌ڕوانین، چونکه ئه‌و پێشنیار ناکات ڕه‌وایه‌تی ببه‌خشێت به هێرشکردنه سه‌ر مه‌ده‌نییه‌کان یاخود که‌سانی بێگوناه له‌ڕێگه‌ی ئهرگومێنتێکهوه که شانی دادابێته سه‌ر ده‌ره‌نجامی کرداره‌که. پێشنیاره‌که‌ی هێڵد پشت به بیرۆکه‌ی دادپه‌روه‌ری دابه‌شکاریانه ده‌به‌ستێت. سه‌ره‌ڕای سه‌رنجڕاکێشی ئه‌رگومێنته‌که‌ی هێڵد، به‌ڵام بووه به بابه‌تی ڕه‌خنه‌ی توند له لایه‌ن توێژه‌رانه‌وه، به دیاریکراوی له لایه‌ن ستینهۆف و پریمۆراتز. ستینهۆف ده‌نووسێت که دابه‌شکردنی مه‌ینه‌تی پرنسیپێکی خوازراوی دادپه‌روه‌ری نییه؛ له کاتێکدا ڕه‌نگه دووباره دابه‌شکردنه‌وه‌ی بڕی سه‌رجه‌م مه‌ینه‌تی یاخود دابه‌شکردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌می پێشێلکردنی مافه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی زیاتر یه‌کسان دادپه‌روه‌رانه بێت؛ به‌ڵام دادپه‌روه‌رانه نییه مه‌ینه‌تیی که‌سێکی بێ‌تاوان یه‌کسان بکرێت به‌وه‌ی که‌سێکی بێتاوانی تریش وا لێبکه‌ین مه‌ینه‌تی بچێژێت دژه- ئه‌رگومێنتی پریمۆراتز به‌رامبه‌ر هێڵد پشت به پێشگریمانه لیبراڵه‌کان ده‌به‌ستێت سه‌باره‌ت به تاکگه‌رایی – ئیندیڤیدوالیزم- و پێشنیار ده‌کات که گرنگی و نرخی ژیانی که‌سێک له ئه‌ندامبوونی له گرووپه‌وه نایات، به‌ڵکو گرنگی که‌سێک له ستاتوسی ئه‌وه‌وه دێت وه‌ک تاکه‌که‌س.
ئه‌و ده‌نووسێت:
که‌س نا‌تووانێت ژیانی من بکاته قوربانی گرووپ. من که‌سێکم به مافه‌کانی خۆمه‌وه، ژیانێک که هه‌مه تاکه ژیانێکه که هه‌مه هه‌موو ئه‌و شته‌یه که هه‌مه، و که‌س ناتوانێت ئه‌و ژیانه‌م لێببات، یان وێرانی بکات لێم به که‌مئه‌ندام کردنم؛ له پێناوی دابه‌شکردنێکی دادپه‌روه‌رانه ، و دوواتریش له پێناوی رێزێکی گشتی زیاتر بۆ، مافی ژیان و سه‌لامه‌تی جه‌سته‌یی گرووپێک له خه‌ڵک. نرخ و گرنگی ژیانی من له ئه‌ندامبوونم له گرووپێکه‌وه نایات زۆر که‌س پێی وایه تیرۆریزم جیاوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی نیه له‌گه‌ڵ جه‌نگی ئاسایی. ئه‌گه‌ر ئێمه هێرشکردنی به ئه‌نقه‌ست بۆ سه‌ر که‌سانی بێ‌تاوان وه‌ک خه‌سڵه‌تێکی تیرۆریزم سه‌یر بکه‌ین، ئه‌وا به‌و پێناسه‌یه، تیرۆریزم ناکرێت وه‌ک جه‌نگێکی ڕه‌وا و یاسایی مامه‌ڵه‌ی بکرێت. به‌ڵام وه‌ک گرۆس ده‌ستنیشانی کردووه جه‌نگی ئاساییش هه‌میشه خۆی له زیانگه‌یاندن به که‌سانی مه‌ده‌نی لانادات. له به‌رامبه‌ردا، لایه‌نگرانی تیرۆریزم ڕه‌نگه مه‌ودای ئامانجه‌کانیان به شێوه‌یه‌ک فراوانتر بکه‌ن که مه‌ده‌نییه‌کان و فیگه‌ره سیاسییه‌کانیش بگرێته‌وه. ئه‌وه‌ش به دڵنیاییه‌وه هه‌ر ئه‌و شته‌یه که هێزه سونه‌تییه‌کان ده‌یکه‌ن.[گرۆس، ل١٨٢- ١٨٣]
ستینهۆف وای ده‌بینێت، که له‌لای پریمۆراتز بۆردومانی گوندێک له لایه‌ن یه‌که تۆپهاوێژه‌کانه‌وه ڕه‌وایه‌تی هه‌یه، ئه‌گه‌ر مه‌رجی دۆکترینی ‘ کاریگه‌ری دوولایه‌نه’ ی تێدا بێت، مانای ئه‌وه‌ی که ” خستنه‌وه‌ی قوربانییه‌کان به نییه‌ت نه‌بووبێت، خستنه‌وه‌ی قوربانییه‌کان قابیلی خۆ لێلادان نه‌بووبێت، تا دووا ئه‌ندازه هه‌وڵی که‌مکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی قوربانییه‌کان درابێت و هێرشه‌که هاوسه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانجه سه‌ربازییه‌ی به‌دیهاتووه [ستینهۆف، ل٩٩ – ١٠٠]. پریمۆراتز به‌رگری له شوێنگه‌ی خۆی ده‌کات و ده‌نووسێت:
ئه‌گه‌ر چه‌کداره‌کانمان په‌لاماری گوندێک بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وێرانی بکه‌ن و گوندییه‌کان ئازار بده‌ن و له په‌لوپۆیان بخه‌ن، ئه‌وا زۆر به ساده‌یی ئه‌و چه‌کدارانه یه‌کێک له ئه‌رکه ئه‌خلاقییه سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌ربازیان پێشێلکردووه؛ که ئه‌رکی هێرشنه‌کردنه‌سه‌ر مه‌ده‌نییه‌کانه به‌بێ بوونی هۆکارێکی مۆرالی بۆ ئه‌و کاره. کرداره‌که‌یان نه ڕه‌وایه و نه پاکانه بۆکراوه، و تاوانی جه‌نگه. خۆ ئه‌گه‌ر کرداره‌که کرا به مه‌به‌ستی ناچارکردنی خه‌ڵکه‌که به کردنی کارێک، ئه‌گه‌ر ناچار نه‌کرێن نه‌یکه‌ن؛ ئه‌وا له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌و کرداره تیرۆریزمه. [ پریمۆراتز، ل٢٢٨]
به پێی ستینهۆف، دژایه‌تی له دیدی پریمۆراتزدا هه‌یه. ئه‌و ئه‌رگومێنت ده‌کات که ئه‌گه‌ر ‘ ئه‌رکی نێگه‌تیڤ ‘ بۆ نه‌کوشتنی که‌سانی بێگوناه بکرێت دابپۆشرێت به ‘ ئه‌رکی پۆزه‌تیڤ ‘ بۆ کوشتنی چه‌کدارانی دوژمن، ده‌کرێت ئه‌و پرسیاره بکه‌ین که ئایا ئه‌و ئه‌رکه نێگه‌تیڤه‌ش ده‌کرێت دابپۆشرێت به ئه‌رکی پۆزه‌تیڤ له ناچارکردنی که‌سانی تر به کردنی کارێک که ئه‌گه‌ر ناچار نه‌کرێن نایکه‌ن، له ڕێگه‌ی ئامرازه‌کانی کوشتنی که‌سانی بێگوناهه‌وه. [ ستینهۆف، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو]
مایکل واڵزهر که به‌رگریکه‌رێکی سه‌رسه‌ختی تیۆری جه‌نگی ڕه‌وای ترادیسیۆناله، بیرۆکه‌ی ڕه‌وابوونی تیرۆریزم له هه‌ندێک دۆخدا، به ته‌واوی ڕه‌تده‌کاته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ستینهۆف پێی وایه ده‌کرێت ته‌نانه‌ت له بۆچوونه‌کانی واڵزهریشدا ڕه‌وایه‌تی بۆ تیرۆریزم له هه‌ندێک دۆخدا بدۆزرێته‌وه، به تایبه‌ت له ئه‌رگومێنتی ناسراوی واڵزهر ده‌رباره‌ی ‘ ئاوارته‌ی زۆر باڵا یاخود ئاوارته‌ی ته‌واو ‘. واڵزهر له کتێبه‌که‌یدا ‘ جه‌نگه ڕه‌وا و ناڕه‌وا ده‌ڵێت شه‌ڕانگێزی ئه‌ڵمانیا له کاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا ئازادی و مانه‌وه‌ی به‌ریتانیا خسته مه‌ترسییه‌وه، له‌به‌ر هێندێ بۆمبارانکردنی شاره‌کانی ئه‌ڵمانیا له لایه‌ن به‌ریتانییه‌کانه‌وه ڕه‌وابوو، به‌ڵام تیرۆریزمی ‘خودنهتهوهیی ‘ نه ده‌بێت ڕه‌وایه‌تی پێبدرێت و نه ده‌بێت پاساوی بۆ بهێنرێته‌وه[ واڵزهر، ١٩٧٧، ل٢٥٤]. ئه‌ندریۆ ڤاڵس ڕه‌خنه‌ی واڵزهر ده‌کات و وه‌ک که‌سێکی ده‌بڵ مۆڕال وێنای ده‌کات و ده‌نووسێت ” به‌ڵام بۆ سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و که‌رامه‌تی به‌رگریکردن له‌خۆ و که‌رامه‌تی خۆوڵاتی’ با بڵێین به‌ریتانیا، ڕه‌وایی ده‌دات به به‌کارهێنانی توندوتیژی دژی مه‌ده‌نییه‌کانی – ئه‌ڵمانیا- ، که‌چی مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لێکی بێده‌وڵه‌ت ئه‌و مافه ناداته ئه‌و گه‌له بۆ به‌کارهێنانی توندوتیژی؟ [ڤاڵس له ستینهۆفهوه وه‌ریگرتووه، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل ١٠٥]
پێناسه‌ی تیرۆریزم وه‌ک به‌کارهێنانی ئه‌نقه‌ستی توندووتیژی، یاخود هه‌ڕه‌شه‌ی به‌کارهێنانه‌که‌ی به‌رامبه‌ر که‌سانی بێگوناه به مه‌به‌ستی ناچارکردنی که‌سانی دیکه به کردنی کارێک که ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه و توندوتیژییه‌که نه‌بێت ئه‌و کاره ناکه‌ن، وای له پریمۆراتز کرد که هه‌ندێک ئه‌رگومێنتی به نرخ پێشکه‌ش بکات. تیرۆریزم خاوه‌نی ستراکتۆری خۆیه‌تی و دوو گرووپ له خه‌ڵک ده‌کاته ئامانج؛ ئامانجی پله یه‌ک و ئامانجی پله دوو. ئامانجی پله دوو – خه‌ڵکانی بێگوناه- به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ به‌رده‌که‌ون و مه‌به‌سته‌که‌ش هه‌ڕه‌شه یاخود ناچارکردنی ئامانجی پله یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی ناچار بکرێت شتێک بکات یان کردارێک بکات که به‌بێ بوونی ئه‌و هه‌ڕه‌شه و توندوتیژیه نایکات. تیرۆریزم جیاوازه له توندووتیژی سیاسی و جه‌نگی گه‌ریلایی. به‌جیا له‌وه‌ی که به فراوانی وا که‌وتۆته‌وه که تیرۆریزم چالاکییه‌که و به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له لایه‌ن ئه‌کته‌ره نا- ده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه پراکتیز ده‌کرێت، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و پێناسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه، پریمۆراتز ڕوونی ده‌کاته‌وه که ده‌کرێت بگوترێت که تیرۆریزم چالاکییه‌ک نییه به‌ته‌نیا له‌لایه‌ن گه‌ریلاکانه‌وه پراکتیز بکرێت به‌ڵکو ده‌کرێت به‌کارببردرێت له‌لایه‌ن سوپاکانه‌وه، له‌لایه‌ن چه‌په‌کانه‌وه هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ڕاسته‌کانه‌وه، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه، له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی ده‌وڵه‌ته‌وه یان دوژمنانی ده‌وڵه‌ته‌وه، له‌لایه‌ن شۆڕشگێڕانه‌وه یان له‌لایه‌ن دوژمنانی شۆڕشه‌وه. پێناسه‌که له ڕووی سیاسییه‌وه بێلایه‌نه. تیرۆریزم بۆ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستکه‌وتی سیاسی نییه، به‌ڵام پێناسه‌که تیرۆریزمی سیاسی و نا- سیاسیش ده‌گرێته خۆی. ئامانجی تیرۆریسته‌کان ده‌کرێت له هه‌ندێک دۆخدا سیاسی بێت، هاوشان ده‌کرێت ئایینی بێت، یاخود ده‌کرێت ئامانجێکی تاوانکارانه‌ی ڕووتی هه‌بێت.[ پریمۆراتز، ل٢٢١]
یه‌کێك له توخمه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی تیۆری جه‌نگی ڕه‌وای ترادیسیۆنال قه‌ده‌غه‌کردنی هێرشکردنه‌سه‌ر که‌سانی بێچه‌که. پێناسه‌ی تیرۆریزم وه‌ک هێرشکردنه‌سه‌ر که‌سانی بێگوناه، خۆبه‌خۆ ده‌مانبات بۆ تیۆری جه‌نگی ڕه‌وا.
نه‌ریتێکی زۆر هه‌یه له‌لایه‌ن عوزرخواکانی مۆراڵه‌وه سه‌باره‌ت به ڕهواییبهخشین به تیرۆریزم. هه‌ندێک تیرۆریست هه‌وڵده‌ده‌ن ڕه‌وایه‌تی بده‌ن به کرداره‌کانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاقی، وه ڕهوایهتیپێدانهکهشیان به‌زۆری له له دیدگایه‌کی عاقیبهتگهراییهوه – کۆنسیکوێنشیالیست- سه‌رچاوه ده‌گرێت، له‌کاتێکدا هه‌ندێک تیرۆریستی دی هه‌ن که هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا هه‌وڵناده‌ن خۆیان به‌وه‌وه سه‌رقاڵ بکه‌ن که ڕه‌وایه‌تی بۆ کرداره‌کانیان بدۆزنه‌وه [هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو]. گرووپی دیکه‌ی تیرۆریستی هه‌ن که هه‌وڵده‌ده‌ن ڕه‌وایه‌تی به کرداره‌کانی خۆیان ببه‌خشن، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی فراوانکردنی پێناسه‌ی خۆیان بۆ ئامانجی ڕه‌وا یاخود پێناسه‌ی خۆیان بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌وان به دوژمن ناوزه‌دیان ده‌که‌ن که هه‌موو که‌سێک بگرێته‌وه [ پێده‌چێت بین لادن دیارترین که‌سی ئه‌و بوواره بێت]. به‌پێی ئه‌و ئه‌رگومێنته‌ی که پشت به عاقیبه‌تی کردارێک ده‌به‌ستێت، تیرۆریزم شتێک نییه که خۆی له خۆیدا هه‌ڵه بێت، به‌ڵکو ڕاستی و ناڕاستی هه‌ر کردارێک، جا ئه‌و کرداره تیرۆریزم بێت یان هه‌ر کردارێکی تر بێت، به‌ستراوه‌ته‌وه به عاقیبه‌تی ئه‌و کرداره‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و کرداره عاقیبه‌تی باشی لێبکه‌وێته‌وه، ئه‌وا کرداره‌که باشه، ئه‌گه‌ر عاقیبه‌تیشی خراپ بێت، ئه‌وا کردارێکی خراپه. بۆ لایه‌نگرانی ئه‌و ئه‌رگومێنته، کاتێک ئهوعاقیبهتهی تیرۆریزم ده‌یخاته‌وه خراپ بێت، ئه‌وا تیرۆریزم ڕێگه‌پێدراو نییه، خۆ ئه‌گه‌ر عاقیبه‌ته‌که‌ی باش بێت ئه‌وا تیرۆریزم له ڕووی مۆراڵییه‌وه ڕه‌وایه.
بۆ زۆر که‌س ئه‌رگومێنتی عاقیبه‌تگه‌را زۆر زه‌حمه‌ت قووت ده‌چێت. به‌کارهێنانی توندوتیژی دژی که‌سانی بێگوناه له‌ڕووی مۆڕالییه‌وه هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و توندووتیژیه به‌ره‌نجامی باشیشی هه‌بێت. پریمۆراتز پێی وایه تیرۆریزم له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاییترین ئه‌و دیدگا و باوه‌ڕه ئه‌خلاقیانه ناگونجێت که ئێمه هه‌مانه، وه بۆیه ئه‌و ئه‌رگومێنته‌ی پشت به عاقیبه‌تی کردارێک ده‌به‌ستێت به هیچ شێوه‌یه‌ک قایلکه‌ر نییه. ئه‌و، پریمۆراتز وای ده‌بینێت که تیرۆریسته‌کانیش کوێرانه دهستناوهشێنن، به‌ڵکو حیساباتی کرداره‌کانیان ده‌که‌ن، و سه‌رچاوه‌ی وزه و توانای خۆیان به هه‌ند وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها ده‌زانن کرداره‌که‌یان خه‌ڵکی بێگوناهی له بابه‌ت مندالان و ژنان ده‌کوژێت یان نا، که‌چی به‌پێی دیدی عاقیبه‌تگه‌را ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی تیرۆریستان ده‌ینێین و ئه‌و حیساباتانه‌ی ده‌یکه‌ن به‌شێکن له‌و باجه‌ی ده‌یده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجی کۆتایی خۆیان به ده‌ست بهێنن. دیدی عاقیبه‌تگه‌را- کۆنسیکوێنشیالیست وا سه‌یری مرۆڤ ناکات وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر که‌سێک بوونێکی نایاب و ده‌گمه‌نی ژیان بێت و نرخ و به‌هاکه‌ی به هیچ شتێکی دی مامه‌ڵه‌ی پێناکرێت [هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو]
تیرۆریسته‌کان ڕێزی که‌سانی دیکه ناگرن؛ ئه‌و خاڵه ده‌کرێت به سێ ڕێگا ڕاڤه بکرێت. یه‌که‌م، خه‌م بۆ که‌سانی دی یاخود ڕێزگرتنی که‌سانی دی واته پێشاندانی بایه‌خ بۆ بینینی شته‌کان له چاوی ئه‌و که‌سانه‌وه یاخود له چاوی قوربانیانه‌وه، نه‌ک ئه‌وه‌ی ئێمه به ئاره‌زوو و دیدی خۆمان ڕوانگه‌کان دیاری بکه‌ین، یاخود چاکی و خراپی شته‌کان دیاری بکه‌ین. دووه‌م، ئه‌و پره‌نسیپه داوامان لێده‌کات ڕێزی مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی هه‌موو که‌سێک بگرین. سێیه‌م، تیرۆریسته‌کان ئه‌و پرنسیپه پێشێل ده‌که‌ن که قه‌ده‌غه‌یه که‌سانی دی وه‌ک ئامراز به‌کاربهێنرێن. تیرۆریزم سه‌رجه‌می ئه‌و پرنسیپانه‌ی سه‌ره‌وه پێشێل ده‌کات، به‌وه‌ی قوربانییه‌کان وه‌ک بابه‌ت و له ڕوانگه‌یه‌کی نا– تاکی سه‌یر ده‌کات، هه‌روه‌ها مافه زۆر سه‌ره‌تاییه‌کانی تاکه‌که‌سان پێشێل ده‌کات، بۆ نمونه مافی نه‌کوژران. [هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو]
به مه‌به‌ستی حوکمدان له‌سه‌ر جه‌نگ و توندووتیژی به‌رمه‌بنای ئه‌خلاق، پرنسیپی جیاکاریکردن له‌نێوان گوناهبار و بێگوناه زۆر پێویسته. کوشتن و ئازارپێگه‌یاندنی که‌سانی تر به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی سیاسی میتۆدگه‌لێکن له‌لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه په‌نایان بۆ براوه. هه‌ندێک له تیرۆریستان، به دیاریکراوی ئوسامه بن لادن به‌شێوه‌یه‌ک فیکره‌ی گوناهباری فراوان ده‌کات که زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت بتووانین جیاوازی بکه‌ین له نێوان گوناهباری و بێگوناهی. [هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو]
حه‌دسی مرۆییمان پاڵ به ئێمه‌وه ده‌نێت که بکه‌وینه دیالۆگێکی مۆڕاڵییه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی دیدگای ئه‌خلاقییان جیاوازه له ئێمه، به دیاریکراوی له‌و کاتانه‌دا که دیدێک ده‌خه‌ینه ڕوو که که‌سانی دی ناڕه‌زامه‌ندن له‌سه‌ری. به‌و پێیه‌ی تیرۆریستان له شوێنگه‌یه‌کدا نیین ڕه‌وایه‌تی بده‌نه کرداره‌کانیان له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی بکه‌ونه دیالۆگێکی ئازاد و یه‌کسان له‌گه‌ڵ قوربانییه‌کانیاندا. شکستخوواردن له له‌به‌چاوگرتنی ئه‌و پرنسیپه‌ی سه‌ره‌وه خاڵێکی هاوبه‌شه له نێوان عوزرخواهه عاقیبه‌تگه‌راکان و تیرۆریسته‌کان.
ئێمه چاوه‌ڕوانیمان له که‌سانی دی ئه‌وه‌یه که له دیبه‌یتی کراوه‌دا و به ئاشکرا ڕه‌وایه‌تی بۆ دیدی خۆیان، بۆ کرداره‌کانییان بێننه‌وه. ئێمه هۆکاری ڕوونمان هه‌یه گومان له‌و سیاسه‌ت و ڕێوشوێنانه هه‌بێت که نهێنیین؛ ئه‌وه‌ش ڕێک ئه‌و شته‌یه که تیرۆریستان ده‌یکه‌ن.
مۆڕالی عاقیبه‌تگه‌را حوکم به‌سه‌ر تیرۆریزمدا نادات وه‌ک ئه‌وه‌ی کردارێک بێت هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا و خۆی له خۆیدا هه‌ڵه بێت، به‌ڵکو هه‌وڵده‌دات ڕه‌وایه‌تییه‌کی مۆڕاڵی بنیاد بنێت به‌رمه‌بنای عاقیبه‌تی کرداره‌که.
به‌ڵام شوێنگه یاخود دیدگای دیئۆنتۆلۆجی حوکم له‌سه‌ر تیرۆریزم ده‌دات وه‌ک دیارده‌یه‌ک که هه‌ر خۆی له خۆیدا هه‌ڵه‌یه به چاوپۆشین له‌وه‌ی عاقیبه‌ته‌که‌ی چییه. واته کردارێکی تیرۆریستی با له پێناو ئامانجێکی باشیشدا بێت، هه‌ر هه‌ڵه‌یه. دیاره پێویسته ئه‌وه بگوترێت که ڤیرجینیا هێڵد حاڵه‌تێکی ئاوارته‌یه. ئه‌و هه‌وڵده‌دات ڕه‌وایی بۆ تیرۆریزم بدۆزێته‌وه له گۆشه‌نیگایه‌کی ئه‌خلاقییه‌وه. هێڵد ئه‌رگومێنت ده‌کات که حوکمدان له‌سه‌ر کرداره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی عاقیبهتهکانیانهوه حوکمدانێکی دروست نییه، چونکه پێویسته چه‌مکه‌کانی ئه‌رکه‌کان و مافه‌کانیش به‌شێوه‌یه‌کی شێلگیرانه له‌به‌رچاو بگیرێن. لێره‌دا پرسیارێک پێویسته بکرێت: بۆمان هه‌یه مافه‌کانی که‌سێک یان گرووپێکی دی پێشێل بکه‌ین به مه‌به‌ستی ڕێزگرتن له مافه‌کانی که‌سانی دی؟. وه‌ڵامی هێڵد به‌ڵێیه. به‌ڵام دیدی هێڵد پێویسته ڕوونتر بکرێته‌وه. هێڵد پێی وایه ئه‌گه‌ر ئێمه ڕێگه به پێشێلکردن نه‌ده‌ین له هیچ دۆخێک‌دا، ده‌کرێت وا لێکبدرێته‌وه که ئێمه به‌رگری له مانه‌وه‌ی دۆخی هه‌نووکه‌یی ده‌که‌ین – با وای دابنێین دۆخێکی نا دادپه‌روه‌رانه‌یه- ، له کاتێکدا ئه‌گه‌ر ئێمه ڕێگه به پێشێلکردن بده‌ین، ڕه‌نگه نرخی مۆڕاڵی ئه‌و مافانه به‌هه‌ند نه‌گرین که هه‌وڵده‌ده‌ین ڕێزیان بگرین.
گرنگه جیاوازی بکه‌ین له نێوان دیدی هێڵد و دیدی عاقیبه‌تگه‌راکان. هێڵد ڕه‌وایه‌تی بۆ تیرۆریزم نادۆزێته‌وه به پێوانی عاقیبه‌ته‌که‌ی، له‌بری ئه‌وه ئه‌و پێی وایه تیرۆریزم مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ئه‌و که‌سانه پێشێل ده‌کات که ده‌یانکاته ئامانج. هێڵد ئه‌رگومێنت پێشکه‌ش ده‌کات و پێی وایه مه‌رجی بنه‌ڕه‌تی بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به تیرۆریزم پێویسته هاوشانی ئه‌رگومێنتی پشتبه‌ستوو بێت به ‘دادپه‌روه‌ری دابه‌شکاریانه’. ده‌کرێت وا له ئه‌رگومێنتی هێڵد تێبگه‌ین که پێشێلکردنی مافه‌کان یاخود تیرۆریزمێکی سنووردار ده‌کرێت ڕه‌وایه‌تی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشێلکردنه تاکه میتۆدێک بێت بۆ به‌ده‌ستخستنی ڕێز بۆ مافه‌کانی سه‌رجه‌می کۆمه‌ڵگای باس‌کراو. پریمۆراتز ئاماژه‌ی به‌وه داوه که هێڵد عاقیبهتگهرایی مافه‌کان قبووڵ ناکات، به‌وه‌ی هێڵد وای ده‌بینێت که مافه‌کان بابه‌تی سه‌ودا و مامه‌ڵه و حیساباتی ماتماتیکی نیین، هه‌روه‌ها هه‌ر کاتێک مافه‌کان یه‌کتریان بڕی و ڕووبه‌ڕووی یه‌کدی بوونه‌وه ئه‌وسا ده‌بێت هه‌وڵی ڕێکخستنی مافه‌کان بده‌ین به‌پێی گرنگییه‌کانیان. له‌شوێنێکدا که مافه‌کان ڕێزیان لێناگیرێت، له‌سه‌رمانه بتووانین حوکمدانی به‌راوردکاری بکه‌ین ده‌رباره‌ی پێشێلکاریه‌کانیان [پریمۆراتز، ل٢٢٩]. جێف مه‌کمه‌هان پێی وایه هه‌ندێک جار حاڵه‌تی وا ڕووده‌دات که مه‌ده‌نییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌وا بکه‌ونه به‌ر هێرش، چونکه حه‌سانه‌و پارێزیی مه‌ده‌نییه‌کان مه‌سه‌له‌یه‌کی حه‌تمی و بێمه‌رج نییه، به‌ڵکو مه‌رجداره و په‌یوه‌سته به خاڵگه‌لی تره‌وه [مه‌کمه‌هان، ل ٢٣١]
وه‌ک دووا خاڵ گرنگه ده‌ستنیشانی ئه‌وه بکه‌ین که مه‌کمه‌هان ئه‌رگومێنت ده‌کات که ڕێگه‌پێدانی ئه‌خلاقی به پێشێلکردنی حه‌سانه‌ی که‌سانی مه‌ده‌نی به‌وه‌ی هێرشیان نه‌کرێته سه‌ر، ته‌نیا به‌سه‌ر حاڵه‌تی یه‌کجار ده‌گمه‌ندا جێبه‌جێ ده‌بێت. مه‌کمه‌هان وای ده‌بینێت که حه‌سانه‌ی مه‌ده‌نییه‌کان به‌وه‌ی هێرشیان نه‌کرێته سه‌ر – وه‌ک ئه‌وه‌ی ترادیسیۆنی تیۆری جه‌نگی ڕه‌وا جه‌ختی ده‌کاته سه‌ر -هه‌ڵه‌یه‌کی لۆجیکییه و وه‌ک دۆکترینێکی ئه‌خلاقیش له ڕووی فه‌لسه‌فیه‌وه زڕه، به‌ڵام وه‌ک پێداویستییه‌کی ڕه‌وا و ڕێپێدراویش ده‌مێنێته‌وه، چونکه ئه‌گه‌ر ڕێی پێبدرێت ئه‌وا جه‌نگاوه‌رانی جه‌نگی ڕه‌واش ئه‌و ڕێپێدانه به خراپ به‌کارده‌هێنن، له‌کاتێکدا جه‌نگاوه‌رانی جه‌نگی ناڕه‌واش – که خۆیان به ڕه‌وا ده‌زانن – زۆر به ده‌ستئاوه‌ڵاییه‌وه په‌نای بۆ ده‌به‌ن[مه‌کمه‌هان، ل٢٣٥]
سه‌رچاوه‌کان:
1. Bin Laden, Osama, ‘Letter to America,’ the Observer, 24th November, 2002.
2. Gross, Michael L., Moral Dilemmas of Modern War: Torture, assassination, and Blackmail in an Age of Asymmetric Conflict, New York: Cambridge University Press, 2010, Chapter 8.
3. Held, Virginia (1991) Terrorism, Rights and Political Goals, in R.G. FREY and C.W MORRIS (eds.), Violence, Terrorism, and Justice (Cambridge, Cambridge University Press), p.73.
4. Held, Virginia. How Terrorism is Wrong: Morality and Political Violence, New York: Oxford university Press, 2008.
5. Igor Primoratz, ‘The Morality of terrorism,’ Journal of Applied Philosophy 14(1997), p.231
6. Igor Primoratz, ‘What is Terrorism?’ Journal of Applied Philosophy, 7. 2 (1990), p.24
7. McMahan, Jeff ‘Innocence, Self-Defence and Killing in war,’ Journal of Political philosophy 2 (1994), pp. 202-3
8. McMahan, Jeff, Killing in War, Oxford: Oxford University Press, 2009, pp.221-235
9. Samilansky, Saul, ‘Terrorism, Justification, and illusion,’ Ethics, 114 (2004): 790-805
10. Steinhoff, Uwe, ‘How Can Terrorism Be Justified?’ in Igor Primoratz (ed) Terrorism: the Philosophical Issues, Basingstoke: Palgrave Macmillan, 2004.