ماردین ئیبراهیم
تۆتالیتاریانیزم سیسته‌مێکی سیاسییه که تیایدا ده‌وڵه‌ت به شێوه‌یه‌کی گشتی له ژێر کۆنترۆڵی تاکه ئه‌کته‌رێکی سیاسییه، جا ئه‌و ئه‌کته‌ره ده‌کرێت تاکه که‌سێک بێت، گرووپێک یان چینێک بێت، له هه‌مان کاتدا ئه‌و ئه‌کته‌ره هیچ سنوورێک بۆ ئۆتۆریتی خۆی قبووڵ ناکات و کۆشش ده‌کات بۆ ده‌ستکاری و ڕێکخستنی هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیانی گشتی و تایبه‌تی ئه‌وه‌نده‌ی پێی بکرێت. ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه پێناسه‌ی ڕۆبێرت کۆنکوێست بوو بۆ تۆتالیتاریانیزم، له کاتێکدا تایلۆر پێشنیاری پێناسه‌یه‌کی دی ده‌کات به‌وه‌ی تۆتالیتاریانیزم له دیدی ئه‌ودا به شێوه‌یه‌کی گشتی به هاوجووتی دوو خه‌سڵه‌ت ده‌ناسرێته‌وه ئه‌وانیش ئۆتۆریتاریانیزم و ئایدیۆلۆجی. ئۆتۆریتاریانیزم به‌و مانایه‌ی هاوڵاتیانی ئاسایی ڕۆڵێکی که‌م و ناچیزیان هه‌یه له دروستکردنی بڕیاری ده‌وڵه‌تدا یان هه‌ر نییانه، ئایدیۆلۆجیش به مانای ڕستێک به‌هاو نه‌ریت که به هۆکاری داموده‌زگایی ده‌سه‌پێنرێن و زۆربه‌ی یان سه‌رجه‌م ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیانی گشتی و تایبه‌تی ئاراسته ده‌که‌ن [ تایلۆر، ١٩٨٦، ل٦].
فریدریک و برێزیزنسکی ڕۆڵێکی ڕێبهرانهیان هه‌بوو له پانکردنه‌وه و فراوانکردنی به‌کارهێنانی ئه‌م چه‌مکه له بوواری ئه‌کادیمی و پرۆفێشناڵدا و به‌کارهێنانی وه‌ک پارادایمێک بۆ رژێمی فاشیستی و هه‌روه‌ها بۆ کۆمۆنیزمی سۆڤیه‌تی. ئه‌وان هه‌ردووکیان وایده‌بینن که تۆتالیتاریانیزم بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له چنگدا بمێنێت، یاخود بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی کۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بکات چه‌ند ههنگاوێکی دڵڕه‌قانه ده‌هاوێژێت وه‌کو کۆنترۆڵکردنی مێدیا و گۆڕینی بۆ ئامرازێکی پڕوپاگه‌نده‌ی ده‌وڵه‌ت، کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری، خاپوورکردنی ژیانی تایبه‌تی که‌سه‌کان له ڕێگه‌ی چاودێری توندی ده‌وڵه‌ته‌وه، مۆنۆپۆلکردنی ژیانی ئابووری، کۆت و پێوه‌ندکردنی قسه‌کردنی ئازاد، سیسته‌می تاکحیزبی و تیرۆریزمی ده‌وڵه‌ت به پله‌یه‌کی به‌رز[ برێزیزینسکی، ١٩٥٦]
بیرۆکه‌ی’ تۆتالیتاریانیزم’ وه‌ک زاراوه‌یه‌کی وه‌رگیراو له وشه‌ی ‘ تۆتاڵ، واته سه‌رجه‌م یان سه‌رتاپا’ ئینگلیزی، به مانای سه‌رجه‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌وڵه‌ت، له لایه‌ن جیۆڤانی ئهمێندۆلا له ساڵی ١٩٢٣ فۆرموله کرا، و فاشیزمی ئیتالی پێناسه کرد وه‌ک سیسته‌مێک که له بنه‌ڕه‌ته‌وه جیاوازه له دیکتاتۆریه‌تی نه‌ریتی. چه‌مکه‌که دوواتر ڕه‌هه‌ندێکی پۆزیتیڤی وه‌رگرت له نووسینه‌کانی فه‌یله‌سووفی زۆر ناسراو و تیۆریستێکی به‌رچاوی فاشیزم جیۆڤانی جێنتایڵ. ئه‌و تێرمی ‘ تۆتالیتاریۆ’ ی به‌کارهێنا وه‌ک ئاماژه‌دان به ئامانج و ستراکتۆری ده‌وڵه‌تی نوێ. بۆ جێنتایڵ ده‌وڵه‌تی نوێ ئه‌رکیه‌تی ‘ نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی نه‌ته‌وه بکات و ڕێنمایی ته‌واو بدات بۆ ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان’ [ پاین، ١٩٨٠]. ئه‌و وا پێناسه‌ی تۆتالیتاریانیزمی ده‌کرد وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌ک که ئایدۆلۆجی کاریگه‌ری ته‌واوی هه‌یه، یاخود ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی هه‌یه به‌سه‌ر زۆربه‌ی زۆری هاوڵاتیاندا. [ جێنتایڵ، ١٩٢٣]. به‌پێی مۆسۆلینی سیسته‌می تۆتالیتاری سیسته‌مێکه هه‌موو بوونێکی مرۆیی و ڕۆحی به سیاسی ده‌کات: هه‌موو شتێک له‌ناو ده‌وڵه‌تدا، هیچ شتێک نه‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، هیچ شتێک نه‌بێت له دژی ده‌وڵه‌ت.
وشه و تێرمی تۆتالیتاریانیزم له سه‌ره‌تاکانی ساڵانی سییه‌کان و چله‌کانی سه‌ده‌ی بیستدا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک بیرمه‌نده‌وه، به‌زۆری بیرمه‌ندانی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌وروپی، به‌کارهات و سیما تیۆریه‌کانی دیاری‌کرا، وه‌ک هه‌وڵێک بۆ تێگه‌یشتن له‌و دیکتاتۆریه‌ته‌ی که سه‌ری ده‌ردێنا له ئه‌ڵمانیای ژێر سایه‌ی هیتله‌ر، ڕوسیای ژێر سێبه‌ری ستالین و ئیتالیای ژێر ڕکێفی مۆسۆلینی [ ته‌که‌ر، ١٩٦٥، ل ٥٥٥]. ته‌که‌ر پێی وایه ئه‌ڵمانیای هیتله‌ری و ڕوسیای ستالینی له‌و ده‌مه‌یدا وه‌ک مانیڤێستی دوو دیارده‌ی سیاسی نایاب سه‌یر ده‌کران [هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو]
کتێبی ‘ ڕیشه‌کانی تۆتالیتاریانیزم’ ی ‘ هانا ئارێنت’ که له زۆر لایه‌نه‌وه ده‌کرێت وه‌ک سه‌نتێزێکی سه‌رجه‌می بوواری تیۆری تۆتالیتاریانیزم سه‌یر بکرێت، ڕوسیای لینینی وه‌ک مۆدێلێکی ڕاسته‌قینه‌ی تۆتالیتاریانیزم مامه‌ڵه نه‌ده‌کرد. ئارێنت، سیسته‌می بۆڵشه‌ویکی بنه‌ڕه‌تی وه‌ک سیسته‌مێکی ‘ دیکتاتۆریه‌تی شۆڕشگێڕانه’ سه‌یر ده‌کرد نه‌ک وه‌ک سیسته‌مێکی تۆتالیتاری، به‌ڵکو هانا ئارێنت ساڵی ١٩٢٩، ئه‌و ساڵه‌ی ستالین ده‌سه‌ڵاتی باڵای په‌یدا کرد و سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌ته‌کانی ڕاگواستن و کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک ده‌ستی پێ‌کرد، وه‌ک ‘ ساڵی یه‌که‌می دیکتاتۆریه‌تی تۆتالیتاری ڕوسیا’ هه‌ژمار ده‌کات. به‌و پێیه، تۆتالیتاریانیزمی سۆڤیه‌تی دیارده‌یه‌که به‌ستراوه‌ته‌وه به سه‌رده‌می ستالین. دیسانه‌وه، ئیتالیای مۆسۆلینی له‌لایه‌ن چه‌ند بیرمه‌ندێکه‌وه وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی تۆتالیتاری سه‌یر کراوه، به‌ڵام به‌لای هه‌ندێکی دیکه‌وه، له ناویاندا ئارێنت، ئیتالیا خه‌سڵه‌ته‌کانی تۆتالیتاریانیزمی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ نابێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مۆسۆلینی له‌ناو که‌سه یهمهمینهکاندا بوو که تێرمی ‘ تۆتالیتاریانیزم’ ی به‌کار هێناوه و ئه‌و تێرمهشی به‌سه‌ر دیدگای فاشیستیانه بۆ ده‌وڵه‌تدا بڕیوه[ ته‌که‌ر، ١٩٦٥، لاپه‌ڕه‌کانی ٥٥٥-٥٥٦]
به‌جیا له‌وه‌ی تێرمی تۆتالیتاریانیزم و ئۆتۆریتاریانیزم له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا زۆر جار له‌بری یه‌کدی به‌کار ده‌هێنرێن، به‌ڵام جیاوازی بنه‌ڕه‌تی له‌نێوانیاندا هه‌یه. پۆڵ، هه‌وڵیداوه خه‌سڵه‌ته جیاوازه‌کانی نیوان ئه‌و دوو ڕژێمه دیاری بکات. به‌پێی ئه‌و دابه‌شکاریه‌ی پۆڵ، سیسته‌می تۆتالیتاری هیچ بووارێک یاخود بووارێکی زۆر که‌م بۆ تاکه‌که‌س جێناهێڵێت، له کاتێکدا سیسته‌می ئۆتۆریتاری ڕه‌نگه بووارێکی که‌م جێبهێڵێت ژیانی تایبه‌تی تاکه‌که‌سه‌کان. له سیسته‌می تۆتالیتاریدا ده‌وڵه‌ت ئایدۆلۆجیایه‌کی فه‌رمی هه‌یه، له کاتێکدا له سیسته‌می ئۆتۆریتاریدا ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی هیچ ئایدیۆلۆجیایه‌کی فه‌رمی نییه. سیسته‌می ئۆتۆریتاری له ئاستێکی بچووک و به‌رته‌سکدا جۆرێک له پلورالیزمی له ڕێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بۆ قووت ده‌چێت، له کاتێکدا تۆتالیتاریانیزم له هیچ ئاست و مه‌ودایه‌کدا تووانای هه‌ڵکردنی نییه له‌گه‌ڵ پلورالیزمدا. سیسته‌می تۆتالیتاریانیزم ده‌سه‌ڵات و تووانای مۆبیلیزه‌کردنی خه‌ڵکی هه‌یه، به بیانوو یاخود به مه‌به‌ستی شوێنپێهه‌ڵگرتنی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، له کاتێکدا سیسته‌می ئۆتۆریتاری تووانای مۆبیلیزه‌کردنی نییه. کاریزما، له تۆتالیتاریانیزمدا ڕۆڵێکی گرنگ و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی هه‌یه، له کاتێکدا کاریزما، له سیسته‌می ئۆتۆریتاریداڕۆڵێکی که‌می هه‌یه، یان هه‌ر نییه‌تی. له دیدی پۆڵدا تۆتالیتاریانیزم نموونه‌یه‌کی توند و تۆخی ئۆتۆریتاریانیزمه [ پۆڵ، ١٩٩١]
ڕۆڵی جه‌ماوه‌ر یه‌کجار گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له تۆتالیتاریانیزم. دیکتاتۆریه‌ت به مانا ترادیسیۆنالییهکهی هه‌وڵ ده‌دات ڕۆڵی جه‌ماوه‌ر فه‌رامۆش بکات و نادیده‌ی بگرێت، له کاتێکدا تۆتالیتاریانیزم وه‌ک فۆرمێکی توندی دیکتاتۆریه‌ت جه‌ماوه‌ر وه‌ک به‌شێک له سیسته‌م به‌کار ده‌هێنێت. بۆ زۆر له تیۆریستان تۆتالیتاریانیزم بریتییه له دیکتاتۆریه‌ت به بنکێکی جه‌ماوه‌ریه‌وه، ئێمیل لێدرێر جارێکیان نووسیویه‌تی ‘ ده‌وڵه‌تی تۆتالیتاری ده‌وڵه‌تی جه‌ماوه‌ره’. له‌سه‌ر ڕێگا و له پێناوی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، حیزبه تۆتالیتاره‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بخولقێنن بۆ ته‌لقیندانی لایه‌نگرانیان به ئایدیۆلۆجیای حیزب، ئه‌مه‌ش له ڕێگای پروپاگه‌نده و بانگه‌شه [ ته‌که‌ر، ١٩٦١، لاپه‌ڕه‌کانی ٥٥٥ – ٥٦٠ ]
بیرۆکراسی توخمێکی ئۆرگانیکی تۆتالیتاریانیزمه. گه‌له‌ک زه‌حمه‌ت ده‌بێت به‌بێ تێگه‌یشتن له بیرۆکراسی وه‌ک گشتێک و وه‌زیفه‌ی دیاریکراوی ئه‌و، بتووانین له تۆتالیتاریانیزم تێبگه‌ین. بیرۆکراسی خه‌سڵه‌تێکی جیانه‌کراوه‌ی تۆتالیتاریانیزمه. ئۆرگانیزه‌کردنی پڕوپاگه‌نده‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ڕێگه‌ی کۆنترۆڵکردنی مێدیا، مۆنۆپۆلکردنی ئابووری، چاودێریکردن و سه‌رپه‌رشتیکردنی سوپا، جێبه‌جێکردنی فه‌رمانه‌کانی سه‌رکرده‌کانی سوپا له لایه‌ن ئه‌ندامان و ئه‌فسه‌رانی سوپاوه به‌بێ کردنی هیچ پرسیارێک و به‌بێ هیچ جۆره هه‌ستکردن به گوناهێک به‌شێکه له وه‌زیفه‌یه‌کی زۆر ئاڵۆزی بیرۆکراسی. تێگه‌یشتن له کرداری نامرۆییانه‌ی نازیه‌کان، کۆمۆنیسته‌کان و به‌عسییه‌کان کاری نه‌کرده‌یه به‌بێ تێگه‌یشتن له بیرۆکراسی وه‌ک ماشینێکی دڵڕه‌ق بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت.
فرانز نیومان پێی وایه دیکتاتۆریه‌تی نازی له‌لایه‌ن چوار ماشینی بیرۆکراتییه‌وه به‌ڕێوه‌براون که ئه‌وانیش سه‌رکردایه‌تی بیرۆکراسیانه‌ی پارتی نازی، بیرۆکراسی وه‌زاری، بیرۆکراسی پیشه‌سازی و بیرۆکراسی هێزه چه‌کداره‌کان. هانا ئارێنت دان به بیرۆکراسی داده‌نێت وه‌ک ماشینێکی وه‌زیفه‌داری تۆتالیتاریانیزم، به‌ڵام ئه‌و جیاوازی ده‌کات له نێوان بیرۆکراسی تۆتالیتاری و بیرۆکراسی نه‌ریتی و ترادیسیۆنال. ئارێنت پێی وایه بیرۆکراسی نه‌ریتی که‌متر کارایه له بیرۆکراسی تۆتالیتاری و بیرۆکراسی له دۆخی تۆتالیتاریدا هه‌م کاراییه‌که‌ی و هه‌م بێڕهحمیهکهی له هه‌مان کاتدا ده‌گاته چڵه‌پۆپه [ ته‌که‌ر، ١٩٦٥، ل ٥٦٠]
ترس و تۆقاندنی فراوان و سیسته‌ماتیک تێمایه‌کی بنه‌ڕه‌تی تۆتالیتاریزمه. پێویسته ئه‌وه بگوترێت که به‌کارهێنای ترس و تۆقاندن دیارده‌یه‌کی سیاسی نوێ نییه، به‌ڵام شێواز و ئاستی تۆقاندنهکه له‌لایه‌ن رژێمه تۆتالیتاره‌کانه‌وه، فۆرمه‌کانی تری دیکتاتۆریه‌ت و سیسته‌می تۆتالیتاری لێکدی جیا ده‌کاته‌وه. ئارێنت جیاوازی ده‌کات له‌نێوان ‘ تۆقاندنی دیکتاتۆریانه’ له‌گه‌ڵ ‘ تۆقاندنی تۆتالیتاریانه’. تۆقاندنی دیکتاتۆریانه ئاراسته‌ی نه‌یاره ڕاسته‌قینه و دیاره‌کانی ڕیژێم ده‌کرێت، له‌کاتێکدا تۆقاندنی تۆتالیتاریانه تۆقاندنێکی سه‌رتاپاگیره و به ته‌نیا نه‌یاره سیاسییه دیار و ڕاسته‌قینه‌کان وێران ناکات، به‌ڵکو ترس و تۆقاندن ئاراسته‌ی ژماره‌ی گه‌وره‌ی خه‌ڵکانی بێ‌زیان ده‌کرێت له پاکتاوکردندا، له توواندنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و ئۆردوگاکانی مه‌رگدا. که‌واته تۆقاندن به پله‌یه‌کی زۆر به‌رز، گه‌ردوونیترین خه‌سڵه‌تی تۆتالیتاریانیزمه. [ ته‌که‌ر، ١٩٦١، ل ٥٦١].
قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت تۆتالیتاریانیزم وه‌ک به‌کاربردنێکی لیبرالیزم ده‌بینێت و وه‌ک دووا به‌رئه‌نجامی لۆژیکی عه‌قڵئامێریی ڕۆشنگه‌ری سه‌یری ده‌کات
برزیزنسکی ده‌نووسێت که
” ناکۆک به زۆربه‌ی دیکتاتۆریه‌ته‌کانی پێشین و ئێستا، بزووتنه‌وه تۆتالیتاریه‌کان ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ده‌گرن نه به‌مه‌به‌ستی ڕاگرتنی کۆمه‌ڵگا له بارودۆخی هه‌نووکه‌ییدا، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن کۆمه‌ڵگا به داموده‌زگایی بکه‌ن، یان پلانڕێژی بکه‌ن بۆ شٶڕشێک که که‌ڵه‌که ده‌بێت له بڕدا، و زوو زوو ڕووده‌دات له گوڕدا، له کاتێکدا ڕیژێم خۆی له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا قایم ده‌کات. ئه‌و شۆڕشه مه‌به‌ستییه‌تی هه‌موو یه‌که کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ووردوخاش بکات بۆ ئه‌وه‌ی جێگای پلورالیزمی پێشین بگرێته‌وه. ده‌سه‌ڵاتی ڕیژێمی تۆتالیتاری له هاوسه‌نگی شلۆقی هێزه‌کانه‌وه نایه‌ت، هێزه‌کانی له بابه‌ت – کڵێسا‌کان، خانه‌دانه‌کانی خاوه‌ن زه‌ویوزار، ئۆفیسهرهکان – به‌ڵکو له دینامیزمی شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌وادارانی کهللهگهرمهوه دێت که نه‌یاران له چه‌ک و به‌رگری داده‌ماڵن و به‌هۆی به‌کارهێنانی هێز، یاخود به هۆی بانگه‌شه‌کردن بۆ ئاینده‌یه‌کی باشتر مۆبیلیزه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌که‌ن [ برزیزنسکی، ١٩٥٦، ل٧٥٢]
به‌بێ تۆقاندن گواستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له شوێنێکی هه‌مه‌ڕه‌نگ بۆ فره‌ییه‌وه به‌ره‌و فۆرمێکی نوێی یه‌کڕه‌نگ، مومکین نییه. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، ئامانجی تۆقاندن ئه‌وه‌یه کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کڕه‌نگ دروست بکات
ئارێنت هه‌وڵده‌دات له‌ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن له مێژووه‌وه ڕیشه‌کانی تۆتالیتاریانیزم بدۆزێته‌وه، یاخود هه‌وڵده‌دات تۆتالیتاریانیزم بخاته کۆنتێکستێکی فراوانتری مێژووییه‌وه. بۆ ئه‌و، ڕیشه‌کانی تۆتالیتاریانیزم ده‌کرێت له ئه‌نتی- سمیتیزم/ دژه- سامی و ئیمپریالیزمدا بدۆزرێته‌وه. تۆقاندن، ته‌نیایی و ئایدیۆلۆجی سێ ئه‌زموونن که تۆتالیتاریانیزم پشتیان پێده‌به‌ستێت. به پێچه‌وانه‌ی فۆرمه‌کانی دیکه‌ی سته‌مکاری، تۆتالیتاریانیزم هه‌ر به ته‌نیا بوواری گشتی وێران ناکات، به‌ڵکو بوواری تایبه‌تیش له‌ڕێگه‌ی په‌راوێزکردن، تۆقاندن و ئایدیۆلۆجییه‌وه خاپوور ده‌کات. نه هه‌ر بۆ ئارێنت، بگره بۆ فریدریک و برزیزنسکیش، تۆقاندن خه‌سڵه‌تێکی سه‌ره‌کی سیسته‌می تۆتالیتارییه، له کاتێکدا بۆ لینز تۆقاندن ناکرێت وه‌ک خه‌سڵه‌تێکی بنه‌ڕه‌تی تۆتالیتاریانیزم سه‌یر بکرێت، چونکه ئه‌و، لینز، پێی وایه رێژیمی تۆتالیتاری ده‌کرێت هه‌بێت به‌بێ تۆقاندن و تۆقاندن ده‌کرێت هه‌بێت به‌بێ بوونی سیسته‌می تۆتالیتاری [ موشێل، ل٩٢، وه‌ریگرتووه له لینز، ١٩٧٥، ل٢١٧]
بۆ فریدریک و برزیزنسکی، تۆتالیتاریانیزم شه‌ش خه‌سڵه‌تی جیاکه‌ره‌وه‌ی هه‌یه که هه‌ر یه‌کێک له‌و خه‌سڵه‌تانه پشت به‌وانی دی ده‌به‌ستێت. به دژی پلورالیزمی سیاسی، تۆتالیتاریانیزم زۆرتر چێژ له سیسته‌می تاکحیزبی – باشتره ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن یه‌ک تاکه‌که‌سه‌وه به‌ڕێوه ببردرێت- وه‌رده‌گرێت. ڕێگه‌گرتن له خه‌ڵک بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به زانیاری له ڕێگه‌ی مۆنۆپۆلکردنی مێدیا و کۆمیونیکه‌یشنه‌وه، ئابوورییه‌کی ناوه‌ندی ئاراسته‌کراو، ئایدیۆلۆجی، کۆنتڕۆڵی سیاسی له ڕێگه‌ی تۆقاندنه‌وه و هه‌روه‌ها مۆنۆپۆلکردنی چه‌ک و جبه‌خانه. ئه‌و مۆدێله شه‌ش خهسڵهتییهی تۆتالیتاریانیزم که فریدریک و برزیزنسکی دیاریان کردووه، سه‌ره‌ڕای هه‌ژموونه‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌کی فراوان ڕه‌خنه‌ی ئاراسته کراوه، به‌وه‌ی ئه‌و مۆدێله شه‌ش خهسڵهتییه زیاتر په‌یوه‌سته به پۆلیتیکسی سه‌رده‌می جه‌نگی سارد [ باربه‌ر و سپارۆ، ١٩٧٠]، هه‌روه‌ها تاکڕه‌هه‌ند و بێجووڵه‌یه [ کیرشاو، ٢٠٠٠].
وه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێکرا، تۆتالیتاریانیزم مۆدێلێکی باڵاکردووی سته‌مکاری و دیکتاتۆریه‌ته. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕاستییه‌ی که زۆر خاڵی به‌رچاو هه‌یه تۆتالیتاریانیزم و ئۆتۆریتاریانیزم لێکدی جیا ده‌کاته‌وه له بابه‌ت بڕ و ڕاده‌ی تۆقاندن، ئایدیۆلۆجی، به‌شداری جه‌ماوه‌ر و پله و ڕاده‌ی کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی، له هه‌مان کاتدا چه‌ند خه‌سڵه‌تێکی هاوبه‌ش هه‌ن له نێوان تۆتالیتاریانیزم و ئۆتۆریتاریانیزمدا، وه‌کو نه‌بوونی ڕه‌وایه‌تی سیاسی و نه‌بوونی شوێنگه‌یه‌کی سیاسی وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ شه‌رعییه‌ت، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پره‌نسیپی سه‌روه‌ری یاسا، نه‌بوونی ئازادی سیاسی و نه‌بوونی هه‌ڵبژاردن [ براون، ١٩٩٩].
ئارێنت پێی وایه جیاوازی پرنسیپ هه‌یه له نێوان ئه‌و دوو ڕیژیمه‌دا، نه‌ک به ته‌نیا جیاوازی بڕ و ڕاده. لای ئارێنت خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌کی ئۆتۆریتاریانیزم ڕێگه‌گرتنه له ئازادی سیاسی، له کاتێکدا خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌کی تۆتالیتاریانیزم پایه‌ماڵکردنی خۆڕسکییه [ سپۆنتانیتی ]. ئارێنت وای ده‌بینێت له فۆرمه‌کانی دیکه‌ی سته‌مکاریدا ترس پرنسیپی کرداره – واته خه‌ڵک له کاتی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و سه‌رپێچی سیاسی‌دا له ڕیژیم ده‌ترسێت له‌وه‌ی کردارێکی توندوتیژی به‌رامبه‌ر بکات، ئه‌گه‌ر تۆ هیچ دژی ڕیژیم نه‌که‌یت ڕیژیمیش هیچ ناکات له دژت -، له کاتێکدا له تۆتالیتاریانیزمدا تۆقاندن پرنسیپی جووڵه‌یه [مۆشن]، واته ترس و تۆقاندن به‌شێکی ئۆرگانیکی ژیانی ڕۆژانه‌یه، جا خه‌ڵک دژی ڕیژێم بێت یان نا ئه‌و ترسه ئاماده‌یه [ ئارێنت، ١٩٥٢]
تۆتالیتاریانیزم تێرمێکه به‌ستراوه به جه‌نگی سارده‌وه، به دیاریکراویش به‌ستراوه به ڕیژیمه‌کانی ئه‌ڵمانیا و ئیتالیای دووای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه؛ تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی گلیسۆن ده‌گاته ئه‌و ڕایه‌ی بڵێت تۆتالیتاریانیزم چه‌مکی جه‌نگی سارده [گلیسۆن، ١٩٩٥، ل٣]
تۆتالیتاریانیزم فۆرمێکی باڵاتری دیکتاتۆریه‌ته، به‌ڵام مه‌ودا و سروشتی تۆتالیتاریانیزم هه‌میشه بابه‌تی مشت‌ومڕ بووه. لای ستانلی تۆتالیتاریانیزم سیسته‌مێکه که ‘ تاکه‌که‌سی نا- بیرکه‌ره‌وه خۆی له‌گه‌ڵ ژیانێکی نوێ‌دا ڕاده‌هێنێت که تیایدا شتی نائاسایی کراوه به ئاسایی؛ کرداره دهعهجانییهکانی سروشتی مرۆیی ده‌بێت به ڕێسا’ [ستانلی، ١٩٨٧، ل١٨٢]. تۆتالیتاریانیزم لای ڕاو مانای کۆنترۆڵکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌لایه‌ن گرووپێکی بچووکی خه‌ڵکه‌وه له‌خۆ ده‌گرێت که به‌شێوه‌یه‌کی سته‌مکارانه حوکم ده‌که‌ن [ڕاو، ١٩٧٤، ل٣٥]. له کاتێکدا له پێناسه‌ی ‘هایه‌ک’دا ئاماده‌یی جه‌ماوه‌ر وه‌ک هه‌وادارانی کوێر و گوێڕایه‌ڵ و ڕازی به ئه‌جێندای ڕیژیم توخمێکی گرنگی تۆتالیتاریانیزمه [هایه‌ک، ١٩٤٤].
ئه‌م نووسینه بۆ دیاریکردنی توخمه سه‌ره‌کییه‌کانی تۆتالیتاریانیزم ته‌رخانکراوه و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تۆتالیتاریانیزمدا ناکات وه‌ک دیارده‌یه‌کی جه‌نگی سارد، به‌ڵکو وه‌ک فۆرمێکی سیسته‌می سیاسی مامه‌ڵه‌ی ده‌کات که هه‌ڵگری خه‌سڵه‌تگه‌لی دیاریکراوه و ده‌کرێت له‌هه‌ر جێگایه‌ک ده‌رکه‌وێت و ده‌رکه‌وێته‌وه. بۆ دۆزینه‌وه و دیاریکردنی خه‌سڵه‌ته‌کانی تۆتالیتاریانیزمیش پێناسه‌کردن و هه‌وڵدان بۆ پێناسه‌کردنی ئه‌و تێرمه زۆر گرنگه؛ با لێره‌دا له پێناسه‌ی برزێزینسکی وورد بینه‌وه:
تۆتالیتاریانیزم سیسته‌مێکه که تیایدا ئامرازه ته‌کنۆلۆجییه پێشکه‌وتووه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌ستییان به‌سه‌رداگیراوه و ماڵی کراون به‌بێ هیچ کۆتوپێوهندێک له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تییه‌کی مه‌رکه‌زی ده‌سته‌بژێرێکه‌وه، به‌مه‌به‌ستی کاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر سه‌رجه‌می شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی، له ناویشیدا هه‌لومه‌رجی مرۆ، له‌سه‌ر بنه‌مای گریمانه‌ی ئایدیۆلۆجی ته‌عه‌سوفی له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تییه‌وه، له ناو ئه‌تمۆسفێرێکی به‌تۆپزی یه‌کڕه‌نگ کراوی سه‌رجه‌م دانیشتووان [ برزیزنسکی، ١٩٥٦، ل٧٥٤].
تۆرمی پێی وایه له‌و پێناسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه ده‌تووانین به سانایی توخمه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی تۆتالیتاریانیزم ده‌ست نیشان بکه‌ین له بابه‌تی؛ تهلقیندان و مێشک شوشتنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌لایه‌ن مێدیای ئاراسته‌کراو و کۆنتڕۆڵکراو، کۆنتڕۆڵی ته‌واو له‌ڕێگه‌ی گریمانه ئایدیۆلۆجییهکانهوه، تۆقاندن، مۆنۆپۆلکردنی سیاسه‌ت له‌ڕێگه‌ی سیسته‌می تاکحیزبی و سه‌رکردایه‌تی سێنترهلایزکراو [تۆرمی، ١٩٩٥]. به‌ڵام ته‌که‌ر زیاتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت ‘ ڕێژیمه تۆتالیتارییه‌کان ڕادیکاڵ و پڕ بزاوتن، هیچ سنوورێکیان بۆ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان نییه به‌ناو کۆمه‌ڵگادا، و هه‌روه‌ها خاوه‌نی جه‌برێکی ڕێکخراون بۆ کرداری ئایدیۆلۆجی’ [ته‌که‌ر، ١٩٦١]. له کاتێکدا هانا ئارێنت که فیگه‌رێکی گرنگی بوواری توێژینه‌وه‌یه له‌سه‌ر تۆتالیتاریانیزم، ئه‌گه‌ر گرنگترین فیگه‌ر نه‌بێت پێشنیاری پێناسه‌یه‌کی دی ده‌کات بۆ تۆتالیتاریانیزم:
ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی جیاکه‌ره‌وه تۆتالیتاریانیزم بوو، توندیه‌کی بێپێشینه و بڕی بێسنووری کۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌ت بوو به‌سه‌ر ژیانی مرۆییه‌وه، پایه‌ماڵکردنی ته‌واوی بوواری تایبه‌تی بوونی تاکه‌که‌س؛ نه هه‌ر سه‌رکوتکردنی چالاکی سیاسی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵکو، له بنه‌ڕه‌ته‌وه کۆنتڕۆڵی ته‌واو ئابووری و فیکر، هه‌روه‌ها سه‌رکوتکردنی ئازادی نا- سیاسی تاکه‌که‌س، له ناویشیدا ئازادی زۆر سه‌ره‌تایی ویژدان [ئارێنت، ١٩٥١]
کۆنتڕۆڵی ته‌واوی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێرێکی سیاسی و کۆنتڕۆڵی ته‌واوی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا خه‌سڵه‌تی بنچینه‌یی تۆتالیتاریانیزمن. هه‌مه‌گیری کۆنتڕۆڵ و ئاراسته‌کردنی له‌ڕێگه‌ی میتۆدی تونده‌وه توخمێکی جیاکه‌ره‌وه‌ی تۆتالیتاریانیزمه له فۆرمه‌کانی دیکه‌ی سته‌مکاری له بابه‌ت ئۆتۆریتاریانیزم. ئێبنستێین خاڵێکی گرنگ ده‌وروژێنێت به‌وه‌ی پێی وایه ‘ نه‌بوونی پره‌نسیپی هه‌مه‌گیری یه‌کێکه له خاڵی جیاوازیی نێوان تۆتالیتاریانیزم و ئۆتۆریتاریانیزمی ته‌قلیدی وه‌ک له‌وه‌ی له ‘ لیڤیاتان’ ی هۆبز دا پێناسه کراوه و له زۆربه‌ی دیکتاتۆریه‌ته نه‌ریتییه‌کانی ئه‌مریکای لاتین و ئاسیادا پێشبینی کراوه’ [ئیبنستێین، ١٩٥٨]. کۆنتڕۆڵی سه‌رتاپاگیر به ته‌نیا ئامانجی زاڵبوون نییه به‌سه‌ر خۆبه‌یانکردنی گشتی تاکبوونی مرۆیی، به‌ڵکو ئامانجی وێرانکردنی ڕه‌هه‌نده تایبه‌تییه‌کانی ژیانی تاکه‌که‌سیشه. له پێناوی زاڵبوونی سه‌رتاپاگیر، ده‌وڵه‌ت یان سیسته‌می تۆتالیتاری پلانی ڕیكخراوی هه‌یه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه، هه‌روه‌ک هایه‌ک بۆی چووه، ئه‌م پرۆسێسه کاتێک جێبه‌جێده‌کرێت که خه‌ڵک له پرۆسێسی دروستکردنی بڕیاردا په‌راوێز کرابن، نه هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو ئه‌وان – خه‌ڵک – ناچار کراون ڕازی بن به پره‌نسیپ و ئه‌وله‌ویاتی ڕێکخه‌ره‌کانه‌وه [هایه‌ک، ١٩٤٤].
ده‌کرێت فۆرمی جودای ڕیژیم و بزووتنه‌وه‌ی تۆتالیتاری هه‌بێت، به‌ڵام هه‌موویان هه‌مان ئاره‌زوویان هه‌یه بۆ کۆنتڕۆڵکردن و هه‌موویان هه‌مان خولیایان هه‌یه بۆ پراکتیزه‌کردنی ئاستی نائاسایی کۆنتڕۆڵکردن به‌سه‌ر چالاکی ده‌ره‌کی و بیرکردنه‌وه‌ی تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت نوێنه‌رایه‌تییان بکه‌ن [به‌یڵ، ٢٠٠٩، ل٨٢]
تۆتالیتاریانیزم دژی پلورالیزمی سیاسی و نوێنه‌رایه‌تی سیاسییه، له‌بری ئه‌وه حکومه‌ت له‌ڕێگه‌ی تاکحیزبییهوه وه‌زیفه ده‌بینێت. ده‌سته‌بژێرێکی سیاسی که‌مینه ولات به‌ڕێوه ده‌به‌ن و کۆنتڕۆڵی سیاسه‌ت و ئابووری و ئامرازه‌کانی زانیاری ده‌که‌ن به مه‌به‌ستی کاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر بوواری گشتی [هایه‌س، ١٩٣٨]. به ئامانجی ملکه‌چپێکردنی کۆمه‌ڵگا وه‌ک گشتێک پارتی فه‌رمانڕه‌وا ڕێگه به‌خۆی ده‌دات به ناوی سه‌رجه‌می نه‌ته‌وه‌وه بدوێت و له‌ڕێگه‌ی که‌سانی حیزبییه‌وه به‌سه‌ر ئۆفیسه‌کانی حکومه‌تدا بالاده‌ست بێت. پارتی نه‌ته‌وه‌یی سۆسیالیست له ئه‌ڵمانیای نازیدا و بۆڵشه‌فییه‌کان له سۆڤیه‌تدا دوو نموونه‌ی ئاشکران. پارتی سیاسی هه‌وڵده‌دات بێته سه‌ر حوکم به‌هه‌ر ئامرازێک بێت، ئه‌و کاته‌یش هاتنه سه‌ر حوکم هه‌وڵده‌ده‌ن داب و ده‌ستووری خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بسه‌پێنن:
ئه‌و کاته‌ی ده‌سته‌بژێرێکی تۆتالیتا‌ر له‌ناو ده‌وڵه‌تێکی تاکحیزبیدا له ده‌سه‌ڵاتن، سته‌مکارییه‌کی بێپێشینه و ده‌ستوورێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری خۆیاندا ده‌سه‌پێنن، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له پنتێکه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بڵاو ده‌بێته‌وه، و هه‌روه‌ها هه‌موو سه‌رچاوه‌کانی ته‌کنۆلۆجیای مۆدێرن به مه‌به‌ستی کۆنتڕۆڵکردن ده‌خرێنه گه‌ڕ. گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه ئۆتۆنۆمه‌کان خاپوور ده‌کرێن؛ و ڕێگه ده‌که‌نه‌وه بۆ ڕێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تییه جڵهوکراوهکان بۆ خزمه‌تکردنی پشتێنه‌ی گواستنه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێرێک به‌ره‌و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی ئه‌تۆمیزه‌کراو [ ته‌که‌ر، ١٩٦٥، ل٥٦٠]
له هه‌لومه‌رجێکی له‌و شێوه‌یه‌دا سیسته‌می تاکحیزبی له ڕێگه‌ی سیسته‌مێکی به‌رزی بیرۆکراسییه‌وه کار ده‌کات، به جۆرێک که ئه‌ندامانی پارته‌که کۆششێکی بێئه‌ندازه ده‌که‌ن بۆ جێبه‌جێکردن تمووحه پیشه‌ییه‌کانیان. له‌م پرۆسێسه‌دا، ئه‌ندامانی پله به‌رزی حیزب و بیرۆکراته‌کان شوێنگه‌یه‌کی پڕ نازونیعمه‌ت داگیر ده‌که‌ن، هه‌روه‌ک تۆرمی ئاماژه‌ی پێکردووه که له یه‌کێتی سۆڤیه‌تدا ئه‌ندامانی پارتی کۆمۆنیست خه‌ڵکانێک بوون له نازونیعمه‌تدا بوون که ده‌وڵه‌تیان به‌ڕێوه ده‌بر تا ئه‌و کاته‌ی خۆری یه‌کێتی سۆڤیه‌ت ئاوابوو [ تۆرمی، ١٩٩٥]
له‌ناو توێژه‌راندا هاوبۆچوونییهک هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که تۆتالیتاریانیزم کاردانه‌وه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر شکستی مۆدێرنیتی سیاسی، به دیاریکراویش شکستی پرۆژه‌ی رزگاربوون که ڕۆشنگه‌ری بانگه‌شه‌ی ده‌کرد ]کینگ، ٢٠٠١]. ده‌رکه‌وتنی سته‌مکارییه زه‌به‌لاحه‌کانی له بابه‌ت نازیزم له ئه‌لمانیا، فاشیزم له ئیتالیا له فۆرمێکی تۆتالیتاریدا به‌رئه‌نجامی شکستی پرۆژه‌ی ڕۆشنگه‌ری بوو. شکستی مۆدێرنیتی سیاسی ده‌بێته هۆی سه‌رده‌رهێنانی هه‌ندێک بزووتنه‌وه‌ی سۆسیۆ – سیاسی و ئایدیۆلۆجیای سیاسی، پێش ئه‌وه‌ی ببێته دۆگمایه‌کی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی تۆتالیتا‌ر [ به‌یڵ، ٢٠٠٩، ل٨٤]
تۆتالیتاریانیزم وه‌ک سیسته‌مێکی سیاسی، وه‌ک ڕیژێمێکی ڕادیکاڵ، هه‌روه‌ها وه‌ک فۆرمێکی توندی سته‌مکاری داهێنانێکی پۆلیتیکسی سه‌ده‌ی بیسته، به‌ڵام تۆتالیتاریانیزم وه‌ک مه‌یلێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هه‌موو شتێک له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بۆ سیاسه‌ت، له بوواری تایبه‌تییه‌وه بۆ بوواری گشتی دیارده‌یه‌کی دێرینه. هه‌روابێته‌وه، ده‌رکه‌وتنی ته‌کنیکی کۆمیونیکه‌یشن و فراژووبوونی ته‌کنۆلۆجیای مۆدێرن ڕێگه‌ی خۆش کرد بۆ سیسته‌مه تۆتالیتاریه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک ڕیژیمگهلی سیاسی ده‌ربکه‌ون له فۆرمه هه‌ره تونده‌که‌یدا. ستانلی وای ده‌بینێت که تۆتالیتاریانیزم تایپێکی باڵای زۆردارییه که توخمه‌کانی ده‌کرێت هه‌م له کۆمه‌ڵگای مۆدیرن و هه‌م له کۆمه‌ڵگای به‌راییدا بدۆزرێته‌وه. مه‌به‌ستی ستانلی ئه‌وه‌یه که جه‌خت بکاته سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ی که مه‌یلی تۆتالیتاری دیارده‌یه‌کی نوێ نییه [ ستانلی، ١٩٨٧]
ڕیژیمه سته‌مکاره‌کان به شێوازی جیاواز خۆیان مانیڤێست ده‌که‌ن. ڕیژیمه زۆرداره‌کان هه‌موویان وه‌ک یه‌ک نین، به‌ڵکو له فۆرم و ڕاده‌دا جیاوازن. ‘ ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی ئیتالی به درێژایی سه‌رده‌می فاشیستی مایه‌وه؛ زۆر له سه‌رکرده سیاسییه لۆکاڵییه‌کان، به تایبه‌تی له باشوور له ده‌سه‌ڵاتدا مانه‌وه؛ هه‌روه‌ها کڵێسا‌ی کاسۆلیکی شوێنگه‌ی خۆی و سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراست به درێژایی سه‌رده‌می فاشیستی’ [هییوود، ٢٠٠٣]، له کاتێکدا ‘ نازیزم پێ له‌سه‌ر ئایدیۆلۆجیای ڕه‌گه‌زی ئاری و په‌یگانیزم داده‌گرێت: حه‌تمییه‌تی خوێن و خاک، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ترایباڵیزمی سه‌ره‌تایی، ململانێ و ڕکابه‌ری نێوان ڕه‌گه‌زی به‌رز و نزم، هێز و باڵاده‌ستی مرۆڤی باڵا/ سوپه‌رمانی سوروسپی’ [هایه‌س، ١٩٣٨]
سه‌ره‌ڕای ئه‌و جیاوازیانه‌ی سه‌ره‌وه، نازیزم چه‌ند سیمایه‌کی هاوبه‌شی هه‌یه له‌گه‌ڵ فاشیزم وه‌کو شه‌رانگێزی به‌رامبه‌ر سۆشیالیزم و لیبڕاڵ دیموکراسی، ڕۆڵی ده‌سته‌بژێر له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، ناسیونالیزمی توند و ئۆتۆریتاریانیزم [ ئاکسفۆرد، ٢٠٠٢]
وه‌ک ستانلی ئاماژه‌ی پێکردووه، چه‌ندان خه‌سڵه‌تی لکێنه‌ری ورد هه‌یه که ڕێگه به‌وه ده‌دات که‌سێک تۆتالیتاریانیزم له‌ناو کاتیگۆریه‌کی فراوانتری سته‌مکاری توند دابنێت که جه‌وهه‌ره‌که‌ی به کۆیله‌کردنی ڕۆح و زۆردارییه’ [ستانلی، ١٩٨٧]
وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێ‌کرد، مه‌یل بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن ڕیژیمی ملهوڕه‌وه دیارده‌یه‌کی نوێ نییه، به‌ڵام تۆتالیتاریانیزم دوورتر له‌وه ده‌ڕوات. ئامانجی تۆتالیتاریانیزم به‌ته‌نیا کۆنتڕۆڵکردنی کۆمه‌ڵگا، مۆنۆپۆلکردنی سیاسه‌ت و ئابووری نییه، به‌ڵکو ئامانجی تۆتالیتاریانیزم گۆڕینی سروشتی مرۆییه. ئه‌وه‌ی تۆتالیتاریانیزم له مرۆڤ ده‌یه‌وێت به‌ته‌نیا وه‌لا و گوێڕایه‌ڵی مرۆڤه‌کان نییه، به‌ڵکو ڕۆح و عهقڵیشیانه. تۆتالیتاریانیزم هه‌وڵده‌دات ئه‌و ئامانجانه به ده‌ست بخات له ڕێگه‌ی کرداری شه‌ڕانگێزانه‌ی بونیادنراو له‌سه‌ر پێشگریمانه ئایدیۆلۆجییه‌کان [والیکی، ١٩٩٦].
له‌م قۆناغه‌ی تۆتالیتاریانیزمدا، سه‌رکرده‌ی کاریزمی ڕٶڵێکی فره گرنگی هه‌یه، وه‌ک له‌زۆر دۆخدا ده‌بینرێت که ئایدیۆلۆجیای ده‌وڵه‌ت له ڕێژیمی تۆتالیتاریدا له‌سه‌ر گریمانه ئایدیۆلۆجییه‌کانی سه‌رکرده‌ی کاریزمی بنیاد ده‌نرێت. له ڕێژیمه تۆتالیتارییه‌کاندا گریمانه ئایدیۆلۆجییه‌کانی سه‌کرده‌ی کاریزمی وه‌ک کرده‌یه‌کی جیاکاریانه‌ی ڕێژیم مامه‌ڵه‌ی ده‌کرێت [ته‌که‌ر، ١٩٦٥].
نه‌ک ته‌نیا کۆنتڕۆڵکردنی بوونی مرۆیی، به‌ڵکو پایه‌ماڵکردنی سه‌رتاپای که‌رامه‌تی مرۆیی و به‌کۆیله‌کردن ناتووانرێت جێبه‌جێبکرێت، به‌بێ خستنه‌گه‌ڕی میکانیزمێکی ئاڵۆزی تۆقاندن و ترۆر. ئامانجی ئه‌و پرۆسێسه به‌ته‌نیا کۆنرۆڵکردنی مرۆڤ نییه، به‌ڵکو گۆڕینی مرۆڤه، وه هه‌روه‌ها سه‌رجه‌می پرۆسێسی ئه‌و گۆڕین و گواستنه‌وه‌یه له‌سه‌ر پێشگریمانه ئایدیۆلۆجییه‌کانی سه‌رکرده‌ی کاریزمی بنیاد نراوه [ستانلی، ١٩٨٧]. بۆ ریژیمی تۆتالیتاری سه‌رکرده‌ی کاریزمی ‘هه‌ستێکی باڵا’ ی هه‌یه – هانا ئارێنت ئه‌م تێرمه‌ی به‌کار هێناوه – ، سه‌رکرده ده‌کرێت وه‌ک تاکه سه‌رچاوه‌ی دۆکترین و بڕوا سه‌یربکرێت، که زۆربه‌ی – ئه‌گه‌ر هه‌موویشی نه‌بێت – لایه‌نه‌کانی ژیان و بوون ده‌گرێته خۆی. له‌م دۆخه‌دا سه‌رکرده دیدگایه‌کی ئایدیۆلۆجی هه‌یه و هه‌وڵ ده‌دات به‌پێی ئه‌و دیدگایه کۆمه‌ڵگا له قاڵب بدات.
پێشمه‌رجه ئایدیۆلۆجییه‌کانی سه‌رکرده، مژده‌کان و ئامانجه‌کان ده‌گرێته خۆی. بۆ نازیزم باڵاده‌ستی جێرمانه‌کان، پڕدهسهڵاتکردنی ڕه‌گه‌زی ئاری ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی پاککردنه‌وه‌ی ناوه‌کی – له ڕه‌گوڕێشه ده‌رهێنانی جووه‌کان – و په‌لکێشانی ده‌ره‌کی جێبه‌جێبکرێت. له‌وه‌ش واوه‌تر، نازیزم خۆی ناچار ده‌بینی که سه‌رجه‌می مێژوو جارێکی دیکه به‌پێی نه‌خشه‌ی ئایدیۆلۆجی خۆی بنووسێته‌وه، وه‌ک بۆ نموونه دیدگای پڕ گرفت و سه‌یری ئه‌وه‌ی که سه‌رجه‌م پیاوانی شکۆداری پێشین ئاریایی بوون [ کاسیلینی، ١٩٦٠]
تۆقاندن هه‌میشه وه‌ک خه‌سڵه‌تێکی جیاکاری ڕیژیمی تۆتالیتا‌ر سه‌یرکراوه. ڕیژیمه زۆرداره‌کان به‌م شێوه‌یه یان به‌وی دی تۆقاندن ده‌خه‌نه گه‌ڕ، به‌ڵام له تۆتالیتاریانیزمدا تۆقاندن به‌شێکی جیا نه‌کراوه‌یه له سیسته‌م. ئه‌گه‌ر له ڕێژیمه ملهوڕه‌کانی پێشیندا تۆقاندن ئامرازێکی کاتی بووه، ئه‌وا له تۆتالیتاریانیزمدا، ڕیژێمی تۆتالیتاری تۆقاندن له ئاستێکی به‌رزی ڕێکخراو بیرۆکراتیکدا ده‌خاته گه‌ڕ. تۆقاندنی سیسته‌ماتیک له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه یه‌کێکه له‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی تۆتالیتاریانیزمی پێ ده‌ناسرێته‌وه. بۆ هانا ئارێنت، له فۆرمه‌کانی دیکه‌ی سته‌مکاری پێشیندا تۆقاندن وه‌ک ئامرازێک بۆ ترساندن و ته‌مێکردن و پایه‌ماڵکردنی نه‌یاران به‌کار ده‌هات، له‌کاتێکدا له ڕیژیمی تۆتالیتاردا تۆقاندن ئامرازێکه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی جه‌ماوه‌رێک که هه‌ر خۆیان به ته‌واوی ملکه‌چن [تیساو، ٢٠٠٤]
ستانلی خاڵێکی گرنگ ده‌ست نیشان ده‌کات، به‌وه‌ی جیاوازی ده‌کات له نێوان ترس و تۆقاندن. ڕیژێمه ملهوڕه‌کان پرنسیپه‌کانی ترس وه‌ک کردارێک بۆ ترساندنی نه‌یاران به‌کار ده‌هێنن، له کاتێکدا ڕیژێمه تۆتالیتاره‌کان کۆنتڕۆڵی بوواری گشتی و تایبه‌تی ده‌که‌ن. ڕیژێمه تۆتالیتاره‌کان ترس ناخه‌نه گه‌ڕ بۆ ترساندنی نه‌یاران، به‌ڵکو توواناو ئه‌گه‌ری مرۆڤ له کردار نوواندندا ڕیشه‌کێش ده‌که‌ن [ستانلی، ١٩٨٧]. له تۆتالیتاریانیزمدا هیچ نه‌یارێک نامێنێت تا بترسێنرێت و هه‌مووان ده‌بێت ببنه به‌شێک له جیهازی ده‌وڵه‌ت. له‌و قۆناغه‌دا ده‌وڵه‌ت هه‌موو قوژبنێکی کۆمه‌ڵگای کۆنترۆڵ کردووه، به‌سه‌ر بوواری گشتی و بوواری تایبه‌تیدا زاڵ بووه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پێویست ناکات ده‌وڵه‌ت هیچ کردارێک بخاته گه‌ڕ.
به پێچه‌وانه‌ی ڕیژێمه ملهوڕه‌کانی دیکه‌وه، ڕیژێمه تۆتالیتاره‌کان به‌ته‌نیا هه‌ر خه‌ڵک ناچار ناکه‌ن ملکه‌چ بن، یان بترسێنرێن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵنه‌گه‌ڕێنه‌وه. ڕیژێمی تۆتالیتا‌ر زیاتری ده‌وێت، چاوه‌ڕوانی زۆرتره له خه‌ڵک. وێرانکردنی مرۆڤ وه‌ک بوونێکی فره‌ڕه‌هه‌ند، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی تاکه‌که‌سه‌کان و له‌ڕیشه ده‌رهێنانی کردار و جێگرتنه‌وه‌ی به ملکه‌چی یه‌کجار گرنگن بۆ ڕیژێمه تۆتالیتاره‌کان. ئارێنت وای ده‌بینێت ڕیژێمه تۆتالیتاره‌کان هه‌وڵی پایه‌ماڵکردنی هه‌مه‌ڕه‌نگی ده‌ده‌ن له ڕێگه‌ی مۆبیلیزهکردنهوه. مۆبیلیزه‌کردن پرۆسێسی گواستنه‌وه‌ی تاکه‌کانه له یه‌که‌ی ده‌گمه‌نی سه‌ربه‌خۆوه بۆ جه‌ماوه‌ر و فڕێدانیان بۆ ناو دۆخێک که وه‌ک یه‌ک کردار بکه‌ن، بجوڵێن و کاردانه‌وه‌یان هه‌بێت [ ته‌که‌ر، ١٩٦٥]. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه بێته‌دی، ڕیژێمی تۆتالیتا‌ر کۆشش ده‌کات بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌کان بخولقێنێت و هه‌واداران و لایه‌نگرانی خۆی ته‌لقین بدات و مێشکیان بشواته‌وه له‌ڕێگه‌ی پڕوپاگه‌نده، ئایدیۆلۆجی و بانگه‌شه. کاتێک که ڕیژێمی تۆتالیتا‌ر کۆنتڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌کات، پرۆسیسی تهلقیندان کارئاسانی بۆ ئیفلیجکردنی مرۆڤه‌کان ده‌دات به‌وه‌ی ڕێگریان لێبکات له‌وه‌ی کردار بنوێنن، ڕۆحیان ده‌شکێنێت و بێمتمانه‌ییه‌کی دووسه‌ره ده‌خاته‌وه [ستانلی، ١٩٨٧].
مۆبیلیزه‌کردن قۆناغێکی زۆر گرنگه له پرۆسه‌ی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن ڕیژیمی تۆتالیتاره‌وه، وه‌ک برزیزنسکی باسیکردووه که ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتا‌ر سه‌رچاوه ده‌گرێت له تووانای شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌و لایه‌نگره فهناتیکانهی که نه‌یاران سست و ئیفلیج ده‌که‌ن و جه‌ماوه‌ر چالاک ده‌که‌ن؛ هه‌م به تۆپزی و هه‌م به به‌ڵێنی ئاینده‌یه‌کی باشتر. ئه‌و پرۆسێسه ناکرێت سه‌رپێبخرێت به‌بێ به‌گه‌ڕخستنی ووزه‌ی خه‌ڵک له‌ڕێگه‌ی پڕوپاهگهنده، خه‌ڵات و پاداشت، ده‌رفه‌ت خستنه به‌رده‌م، و ئینجا هێز ئه‌گه‌ر پێویست بوو [ برزیزنسکی، ١٩٥٦، ل٧٥٢]. تۆتالیتاریانیزم به‌ته‌نیا هه‌وڵ نادات جه‌ماوه‌ر بکات به به‌شێکی سه‌ره‌کی جیهازی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵکو ده‌یه‌وێت خه‌ڵک به دڵخۆشی و گوێڕایه‌ڵانه ئه‌وه بکه‌ن که ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت و پێشیان وابێت که ئه‌وه‌ی ده‌یکه‌ن له به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤایه‌تیدایه [هایه‌ک، ١٩٤٤]
نیسبێت پێی وایه تۆتالیتاریانیزم به‌شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی له فۆرمه‌کانی دیکه‌ی ڕیژێمه زۆرداره‌کان جیاوازه، به‌وه‌ی ڕیژێمی تۆتالیتا‌ر په‌یوه‌ندیه‌کی سه‌یروسه‌مه‌ره له نێوان کۆمه‌ڵگاو ده‌وڵه‌ت ده‌خاته ڕوو. تۆتالیتاریانزیم هه‌وڵده‌دات فۆرمه ترادیسیۆنالهکهی کۆمه‌ڵگا وێران بکات و به کۆمه‌ڵگایه‌کی ساخته جێگای بگرێته‌وه. له‌و کۆمه‌ڵگا ساخته‌یه‌دا کۆمه‌ڵگا ده‌بێت وه‌لای بێمه‌رج نیشان بدات بۆ ده‌وڵه‌ت، به‌وه‌ی په‌یوه‌ندی خێزانی وه‌ک په‌یوه‌ندییه‌کی سیاسی لێبێت. نیسبێت ئه‌و دۆخه به‌م شێوه‌یه پێناسه ده‌کات:
په‌یوه‌ندی خێزانی به ته‌ڕده‌ستی سروشته‌که‌ی گۆڕدراوه بۆ په‌یوه‌ندی سیاسی؛ خێزان دابه‌شکراوه‌ته سه‌ر ئه‌تۆمی تاکه‌که‌سه‌کانی، که ئه‌وانیش سه‌رله‌نوێ لهحیمکراونهتهوه به ده‌وڵه‌ت وه‌ک یه‌که‌یه‌کی تاک [نیسبێت، ١٩٤٣، ل١٠٨]
ڕاسته تۆتالیتاریانیزم جه‌نگ دژی کۆمه‌ڵگای ترادیسیۆنال ڕاده‌گه‌یه‌نێت، ده‌یه‌وێت وێرانی بکات، ئینجا له‌وه‌ش واوه‌تر ده‌یه‌وێت به کۆمه‌ڵگایه‌کی ساخته جێگاکه‌ی بگرێته‌وه. نیسبێت پێی وایه ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌ه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی ساخته دروست بکات، تۆتالیتاریانیزم تموحه‌کانی به‌ته‌نیا ئاراسته‌ی به‌هاکان، نۆرمه‌کان و ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵگ ای ترادیسیۆنال ناکات، به‌ڵکو خودی فۆرمه ستراکتۆریهکانی ده‌کاته ئامانج [نیسبێت، ١٩٤٣]. نیسبێت ئامانجه‌کانی تۆتالیتاریانیزم پوخت ده‌کاته‌وه بۆ ‘ ئامانجی به‌یانکراوی تۆتالیتاریانیزم ئه‌وه‌یه که جیهانی کۆمه‌ڵایه‌تی به سیاسی بکات، گرووپی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌تۆمیزه بکات و ناهاوکاری ته‌واوی که‌سیی بکاته دیسپلینێکی ده‌وڵه‌تی تابوور’ – واته له شێوه‌ی تابوورێکی سه‌رباز که وه‌کو یه‌ک ڕه‌فتار ده‌که‌ن، فه‌رمان وه‌رده‌گرن و جێبه‌جێی ده‌که‌ن- [ نیسبێت، ١٩٤٣، ل٩٦]. پرۆسێسی ئه‌تۆمیزه‌کردنی گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌سیاسیکردنی جیهانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ناتووانرێت به‌بێ ڕۆڵی گرنگی جه‌ماوه‌ر جێبه‌جێبکرێت. که‌واته، ‘ تۆتالیتاریانیزم به‌و مانایه، [ وا ده‌بینرێت] هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤی بهجهماوهربووه دژی کۆمه‌ڵگای شارستانی’ [ ڕاو، ١٩٧٤].
ئه‌نجامگیریی
تۆتالیتاریانیزم سیسته‌مێکی سیاسییه که ده‌وڵه‌ت، عاده‌ته‌ن له‌ژێر کۆنتڕۆڵی یه‌ک ئه‌کته‌ری سیاسییه که ده‌کرێت تاکه که‌سێک بێت، توێژێک بێت، چینێک بێت، که هیچ سنوورێک بۆ ده‌سه‌ڵاتی خۆی ناناسێت و هه‌وڵ ده‌دات ڕێسا بۆ هه‌مو ڕهههةدێکی ژیانی گشتی و تایبه‌تی دابنێت له‌هه‌ر شوێنێک بکرێت [ ڕۆبێرت، ٢٠٠٠]. جیاوازی هه‌یه له نێوان تۆتالیتاریانیزم و ئۆتۆریتاریانیزم، تۆتالیتاریانیزم هیچ جێگایه‌ک بۆ تاکه‌که‌سه‌کان جێناهێڵێت، له کاتێکدا به‌به‌راورد به سیسته‌می تۆتالیتاری؛ ئۆتۆریتاریانیزم ده‌کرێت بووارێک بۆ ژیانی تایبه‌تی بهێڵێته‌وه. له تۆتالیتاریانیزمدا ده‌وڵه‌ت ئایدیۆلۆجیای فه‌رمی هه‌یه، له کاتێکدا له سیسته‌می ئۆتۆریتاریدا ده‌وڵه‌ت ئایدیۆلۆجیای فه‌رمی نییه. ئۆتۆریتاریانزیم ده‌تووانێت له‌گه‌ڵ پلورالیزمێکی سنوورداری ڕێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌ڵبکات، به‌ڵام تۆتالیتاریانیزم له‌گه‌ڵ هیچ جۆره پلورالیزمێکدا هه‌ڵناکات. تۆتالیتاریانیزم ده‌سه‌ڵاتی مۆبیلیزه‌کردنی سه‌رجه‌می دانیشتووانی هه‌یه به‌ده‌وری ‘ ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ‘ دا، له کاتێکدا ئۆتۆریتاریانیزم ئه‌و تووانایه‌ی نییه. کارزیما له تۆتالیتاریانیزمدا ڕۆڵێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی هه‌یه، و له ئتۆریتاریانیزمدا ڕۆڵی زۆر که‌مه یان هه‌ر نییه‌تی. تۆتالیتاریانیزم فۆرمێکی توندتری ئۆتۆریتاریانیزمه [پۆڵ، ١٩٩١]
بیرۆکراسی خه‌سڵه‌تێکی وه‌زیفی تۆتالیتاریانیزمه و بگره خه‌سڵه‌تێکی جیانه‌کراوه‌یه لێی. ڕێکخستنی پڕوپاگه‌نده‌ی ده‌وڵه‌ت له ڕێگه‌ی کۆنتڕۆڵکرنی مێدیا، مۆنۆپۆلکرنی ئابووری، چاودێریکردن و سه‌رپه‌رشتیکردنی سوپا، هه‌روه‌ها جێبه‌جێکردنی فه‌رمانی سه‌رکرده سه‌ربازییه‌کان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی سوپاوه به‌بێ کردنی هیچ پرسیارێک، به‌بێ هیچ جۆره هه‌ست به گوناهکردنێک، به‌شێکن له وه‌زیفه‌یه‌کی ئاڵۆزی بیرۆکراسی.
قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت تۆتالیتاریانیزم وه‌ک به‌کاربردنی لیبڕالیزم ده‌بینێت و وه‌ک به‌رئه‌نجامێکی لۆجیکی عه‌قڵئامێریی ڕۆشنگه‌ری سه‌یری ده‌کات.
ئارێنت هه‌وڵده‌دات ڕیشه‌کانی تۆتالیتاریانیزم له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن له مێژووه‌وه دیاریبکات؛ بۆ ئه‌و ڕیشه‌کانی تۆتالیتاریانیزم ده‌کرێت له‌ناو دژه- جووله‌که و ئیمپریالیزمدا بدۆزرێته‌وه. بۆ ئارێنت، تۆقاندن، ته‌نیایی و ئایدیۆلۆجی سێ ئه‌زموون که تۆتالیتاریانیزم پشتیان پێده‌به‌ستێت. تۆتالیتاریانیزم به‌ته‌نیا بوواری گشتی خاپوور ناکات، به‌ڵکو بوواری تایبه‌تیش له ڕێگه‌ی دوورهپهرێزکردن، تۆقاندن و ئایدیۆلۆجییه‌وه وێران ده‌کات.
لای فریدریک و برزیزنسکی تۆقاندن یه‌کێکه له خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌کییه‌کانی سیسته‌می تۆتالیتاری، به‌ڵام ئه‌وان شه‌ش خه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تی بۆ تۆتالیتاریانیزم ده‌ست نیشان ده‌که‌ن که له سیسته‌مه‌کانی دیکه‌یان جیا ده‌کاته‌وه و هه‌ر یه‌ک له‌و خه‌سڵه‌تانه پشت به‌وی دیکه‌یان ده‌به‌ستن. دژایه‌تیکردنی پلورالیزمی سیاسی، سیسته‌می تاکحیزبی، ڕێگه‌گرتن له خه‌ڵک بۆ ده‌ستگه‌یشتن به زانیاری له‌ڕێگه‌ی مۆنۆپۆلکردنی مێدیا و کۆمیونیکه‌یشن، ئابووریه‌کی ناوه‌ندیی ئاراسته‌کراو، ئایدیۆلۆجی فه‌رمی، تۆقاندن و مۆنۆپۆلکردنی چه‌ک و هێزی چه‌کدار.
تۆتالیتاریانیزم کۆشش ده‌کات فۆرمی ترادیسیۆنالی کۆمه‌ڵگا وێران بکات و به کۆمه‌ڵگایه‌کی ساخته جێگای بگرێته‌وه. نیسبێت پێی وایه بۆ بنیادنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ساخته، تموحی تۆتالیتاریانیزم به‌ته‌نیا ئاراسته‌ی به‌هاکان نۆرمه‌کان و ئه‌خلاقی ترادیسیۆنال ناکرێت، به‌ڵکو ئاراسته‌ی سه‌رجه‌می فۆرمه بونیادیه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌کرێت [نیسبێت، ١٩٤٣]. دوواجار تۆتالیتاریانیزم هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤی بهجهماوهربووه به‌ره‌وڕووی کۆمه‌ڵگای شارستانی [راو، ١٩٧٤]
پەراوێزوکان
.ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا به زمانی ئینگلیزی نووسراوه و وه‌ک به‌شێک له خوێندنی ماسته‌ر پێشکه‌ش به زانکۆی بیرمینگهام/ به‌ریتانیا کراوه، لێره‌دا به تایبه‌ت بۆ چاو‌دێر کراوه به کوردی
Total
Spontaneity
Instrumental reason
Enlightenment
سه‌رچاوه‌کان:1. Axford, B. et al, (2002) Politics an Introduction (3rd Ed), (New York: Rutledge).
2. Bale, J. M. (2009) ‘Islamism and Totalitarianism’, Totalitarian Movements and Political Religions, 10: 2, 73 -96
3. Brzezinski, Z. (1956), ‘Totalitarianism and Rationality’, the American Political Science Review, Vol. 50, No. 3, pp. 751-763
4. C.C.W. Taylor. “Plato’s Totalitarianism” Polis 5 (1986), pp. 4-29
5. Cassinelli, C. W. (1960), ‘Totalitarianism, Ideology, and Propaganda’, the Journal of Politics, Vol. 22, No. 1, pp. 68-95
6. Hayek, F., (1944), The Road to Serfdom, in Tormey, S., (1995), Making Sense of Tyranny: Interpretations of Totalitarianism (Manchester: Manchester University Press).
7. Hayes, C. J. (1938) ‘The Challenge of Totalitarianism’ The Public Opinion Quarterly, Vol. 2, No. 1, Special Supplement: Public Opinion in a Democracy, pp. 21-26
8. Heywood, A. (2003), Political Ideologies an Introduction (3rd Ed), (Basingstoke: Palgrave Macmillan)
9. Nisbet, R. A. (1943) ‘Rousseau and Totalitarianism’, the Journal of Politics, Vol. 5, No. 2, pp. 93-114
10. Rao, G.V. (1974) ‘Democracy versus Totalitarianism’ Social Scientist, 3 (2), pp. 35-47.
11. Robert Conquest Reflections on a Ravaged Century (2000) ISBN 0-393-04818-7, page 74
12. Sondrol, Paul C. “Totalitarian and Authoritarian Dictators: A Comparison of Fidel Castro and Alfredo Stroessner.” Journal of Latin American Studies 23(3): October 1991, pp. 449-620.
13. Stanley, J., L., (1987) ‘Is Totalitarianism a New Phenomenon? Reflections on Hannah Arendt’s Origins of Totalitarianism’, the Review of Politics, Vol. 49, No. 2, pp. 177-207
14. Tormey, S., (1995), Making Sense of Tyranny: Interpretations of Totalitarianism (Manchester: Manchester University Press).
15. Tsao, R.T. (2004) ‘Arendt and the Modern State: Variations on Hegel in “The Origins of Totalitarianism”’ the Review of Politics, 66 (1), pp. 105-136.
16. Tucker, R. C. (1961) ‘The Question of Totalitarianism’, Slavic Review, Vol. 20, No. 3, pp. 377-382
17. Tucker, R. C. (1965) ‘The Dictator and Totalitarianism’ World Politics, Vol. 17, No. 4, pp.555-583
سه‌رچاوه: بابه‌تی گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت