ئێستاش له یادمه كاتێك نه‌نكم ده‌یگوت: ((ژن چه‌نده باڵا به‌رزیش بێت، له به‌رده‌م قیافه‌ی پیاودا هه‌ر بچكۆله‌یه و كورت ده‌نوێنێت.. خوای گه‌وره پیاوی وا دروستكردوه، گه‌ر كورتیش بێت هه‌ر به‌رز دیاره‌و گه‌وره ده‌رده‌كه‌وێت!)).
كاتی خۆی هه‌موو ئه‌و قسانه‌م وه‌ك خۆیان وه‌رگرت، له ڕاستیشدا باوه‌ڕم به‌و ئاورا ئه‌فسوناویه هێنابوو كه نه‌نكم باسی لێوه ده‌كرد، واته سیحری ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه زیاتر له ئیشی خودا ده‌چێت و به‌م كاره‌ش ده‌یه‌وێت به ژن بڵێت كه پیاو چه‌ند له‌و گه‌وره‌تر و بهشكۆتره، چونكه گه‌ر خودا خۆی نه‌بێت، چ هێزێك ده‌توانێت ئه‌م باڵابوونه دروستبكات؟ دواتر تێگه‌یشتم ئه‌و هێزه هیچ نه‌بوو جگه‌له سیحری قسه‌كانی نه‌نكم و هه‌موو نهنكهكانی تر، هه‌ر ئه‌و زمانه‌ی ئه‌وان بوو كه شكۆ و باڵابهرزبوونی پیاوی بۆ ئێمە كرده حه‌قیقه‌ت.
ڕه‌نگه ئه‌م پرسیاره (پرسیاری جیاوازی باڵابه‌رزی و گه‌وره‌یی نێوان ژن و پیاو) به‌لای زۆربه‌مانه‌وه شتێكی ئاسایی بێت و شایه‌نی تێڕامان و بیركردنه‌وه‌ی زۆر نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه كه هزر و بیری زاناكانی سهرقاڵنهكردوه. زانایانناتوانن هه‌روا ساویلكانه، بێ توێژینه‌وه و پشكنین باوه‌ڕ به‌و وه‌ڵامه میتافیزیكیه باوه‌ی لای ئێمه بێنن، هه‌ر بۆیه به‌دوای وه‌ڵامی جیدیتردا ده‌گه‌ڕێن، ده‌یانه‌وێت بزانن ئه‌و هۆكارانه چین كه له پشت باڵا كورتی ژنه‌وه‌ن، ئایا هۆكاره‌كان جیناتین، بایۆلۆژین یان په‌یوه‌ستی ژینگه و دابه‌شكردنی هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تین؟
به پێی لێكدانه‌وه‌ی پزیشكی، هه‌ردوو فاكته‌ری بایۆلۆژی و ژینگه ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌یه له جیاوازی نێوان باڵای ژن و پیاودا. پزیشكان پێیان وایه هۆكاره‌كانی بۆماوه به‌ته‌نها ده‌توانن وه‌ڵامی به‌شێك له‌و پرسیارانه بده‌نه‌وه، به‌و مانایه‌ی ئه‌و 30000 جینهی كه له دروستبوونی مرۆڤدا به‌شدارن، به ته‌نها له 05% ی وه‌ڵامه‌كه‌مان ده‌ده‌نێ. به‌شه‌كه‌ی تریشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه مرۆڤی تێدا گه‌وره ده‌بێت. بۆ نموونه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌ر له مناڵیه‌وه به كاروباری قورسه‌وه خه‌ریكن باڵایان كورته، به‌پێچه‌وانه‌وه گه‌ر مرۆڤ له ژینگه‌یه‌كی ئارام و ته‌ندروستدا گه‌وره بێت ئه‌وا هه‌ل ومه‌رجی نه‌شونمای زیاتره. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كچان زووتر له كوڕان ده‌گه‌نه قۆناغی باڵقبوون، هەروەها كه‌متر له‌و قۆناغه‌دا گه‌شه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وەها ده‌كات كه كوڕان زیاتر بوار‌و ماوه‌یان بۆ گه‌شه‌كردن له به‌رده‌مدا بێت له پێش وه له پاش قۆناغی باڵق بوون. له‌م باره‌یه‌شه‌وه دكتۆر جێن كارل ده‌ڵێت : جیاوازیه‌كانی نێوان كرۆنۆلۆژی و قه‌باره له قۆناغی گه‌شه‌كردندا ئه‌و جیاوازیه ڕێژه‌یه‌یی باڵا له نێوان ژن وپیاودا ڕاڤه‌ده‌كات، به‌ڵام ناتوانین بڵێن كه هه‌موو وه‌ڵامه‌كه‌مان له‌م تێڕوانین و تێزه‌دا ده‌ستده‌كه‌وێت.
له لایه‌كی تریشه‌وه زانستی بایه‌لۆژی گه‌شه‌كردن جیاوازیه‌كانی باڵای له نێوان ژن پیاودا بردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه پیاوی باڵا به‌رز باشتر توانیویانه نه‌وه‌ی خۆیان بپارێزن، بۆ نمونه پیاوان له ڕێی هێزو قه‌باره‌یانه‌وه توانیویانه كێبڕكێ پیاوه باڵاكورتهكان بكه‌ن بۆ سه‌رنجڕاكێشانی ژنان بۆ لای خۆیاندا. هۆكارێكی تریش ڕه‌نگه ئه‌وه بێت كه ژنان حه‌زیان به پیاوی باڵا به‌رزه.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه به تێكڕا له ته‌واوی دونیادا پیاو له ژن باڵا به‌رزتره ، به‌ڵام له رووی بایهلۆژیهوه ده‌بوو به پێچه‌وانه‌وه بێت. زاناكان پێانوایه گه‌ر ئه‌ركه بایۆلۆجیهكهی ژن به هه‌ند وههرگرین به‌وه‌ی كه ئه‌و هه‌ڵگری مناڵه ئه‌وا ده‌بوایه ژن باڵا به‌رزتر بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژن له كاتی سكپڕیدا پێویستی به %30 پرۆتینی زیاتره ، وه به هۆی سوڕی مانگهنهیهوه پێنج جار زیاتر له پیاو پێویستی به مادده‌ی ئاسنی زیاتره . گه‌ر ژنان باڵابه‌رزتر بن ئه‌وا ڕیسكی مردن له كاتی مناڵبووندا كه‌متر ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدا گیروگرفت و ئاڵۆزیه‌كانی له كاتی مناڵبووندا یه‌كێكه له هۆكاره ئاساییه‌كانی مردنی ژنان، ئه‌وانه‌ی كه زیاتریش زه‌ره‌رمه‌ندن ئه‌و ژنانه‌ن كه باڵایان كورته و حه‌وزیان ته‌سكه. له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاستیه‌ش ده‌بینین پیاوان به قه‌باره گه‌وره‌ترن و له باڵادا به‌رزترن !
تیۆریه نوێیه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه جیاكاری ڕه‌گه‌زی و ناهاوسه‌نگی له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌وه له دوای نه‌وه هۆكاری سه‌ره‌كی جیاوازی باڵایه له نێوان ژن و پیاودا. ئه‌نترۆپۆلۆژیست (پاولا تابێت) ده‌ڵێت: پێم وانیه كۆمه‌لگه‌یه‌ك هه‌بێت له دونیادا به بێ بوونی باڵاده‌ستی و ده‌سه‌ڵاتی پیاو ، شتێكی سه‌یره كه ئێمه پێشتر دركمان به‌م ڕاستیه نه‌كردوه. ئێمه ئه‌وه‌نده ڕاهاتووین به‌وه‌ی كه پیاو باڵا به‌رزتره له ژن، كه زۆرینه‌مان بیرمان لێنه‌كردۆته‌وه كه بۆچی ده‌بێت وا بێت.
كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه هه‌موو ئه‌و لێكدانه‌وانه وه‌ڵامێكی شیاومان ناده‌نێ بۆ ئه‌و جیاوازیه‌ی كه ڕۆژانه له
ده‌وروبه‌ری خۆمان ده‌یبینین. به‌ڵام توێژه‌ره‌وه‌كان به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر له كاریگه‌ر و ڕۆڵی جیاوازی خواردن بهشكردندا له نێوان كچان و كوڕان ده‌كۆڵنه‌وه‌و پێیانوایه كه جیاوازی باڵا له نێوان ژن و پیاودا زیاتر هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری له پشته‌وه‌یه كه ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زاران ساڵ له‌مه‌به‌ر.
ئهنترۆپۆڵۆژیست (فرانشواس هێرتهر) له‌م باره‌یه‌وه و له پاش ئیشكردن و زانیاری كۆكردنه‌وه له سه‌ر یه‌كێك له خێڵه‌كانی (بوركینا فاسۆ)ی ئه‌فریقا گه‌شته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه دابه‌شكردنی خواردن له نێوان كچ وكوڕدا ڕۆڵێكی به‌رچاو لەدروستبوونی جیاوازی باڵا له‌نێوان ئه‌م دوو ڕهگهزهدادهبینێت، فرانشواس ده‌ڵێت : من پاش ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له ووردبوونه‌وه بۆم ده‌ركه‌وت كه دایكه‌كان شیری مه‌مكیان به پێی جیاوازی ڕه‌گه‌زی مناڵه‌كه ده‌ده‌ن، گه‌ر مناڵه‌كه كوڕ بێت و ده‌ست به گریان بكات، دایكه‌كه ده‌ستبه‌جێ مه‌مكی ده‌خاته ده‌م تا تێر شیری بكات! كاتێك لێم پرسین بۆ؟ له وه‌ڵامدا ووتیان؛ كه كوڕ گۆشتی سووره نابێت بهێڵین بگرین ، ئه‌گینا كه گه‌وره بوون كه‌سانی توڕه‌و شه‌رانگێز ده‌رده‌چن. به‌ڵام كاتێك كه كچه‌كانمان ده‌گرین ، ئه‌وا پێویست ناكات یه‌كسه‌ر شیریان بده‌ینێ! چونكه كچ هه‌رگیز پێویستیه‌كانی پڕ نابێته‌وه ، هه‌ر بۆیه باشتره هه‌ر له مناڵیه‌وه فێری گریان و ته‌حه‌مولیان بكه‌ین!!
به‌هه‌مان شێوه كارین دیركێ له كتێبی (له سابفۆوه تا سیبۆری): ئایدیاكان ده‌رباره‌ی ڕه‌گه‌زو سێكسوالیتێت له مێژوودا، باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌كات كه چۆن كچان وه‌ك كۆرپه له سكی دایكیاندا لاوازتر و كه‌متر ئاكتیڤ بوون هه‌ربۆیه بهسهخترو ئه‌سته‌متر له‌دایك بوون. هه‌روه‌ها كچان له ده‌وڵه‌تشاری گریكیدا هه‌میشه خراونه‌ته دوای كوڕ‌و پیاوانه‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت ؛ كه گریكیه‌كان پێانوابووه كچان كه‌متر پێویستیان به خۆراك بووه چونكه له كوڕان بچكۆله تر‌و بوون هه‌ر بۆیه به به‌راوورد به كوڕان به‌شێوه‌ی كورت كورت و پچڕ پچر شیریان دراوه‌تێ. ته‌نانه‌ت پێیانوابووه كه ژنه پێگه‌شتوه‌كانیش پێویستیان به‌خواردنی كه‌متره، هه‌ربۆیه پێویست بووه بوه‌ستن تا پیاوان نان ده‌خۆن و ته‌واو ده‌بن ئنجا ئه‌وان به‌رماوه‌ی ئه‌وان بخۆن. له‌ڕاستیدا گه‌ر چاوێك به كه‌لتوری نان خواردنی هه‌ندێ له میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاودا بخشێنین ئه‌وا ڕاستی ئه‌و تێزه‌مان بۆمان دهردههكهوێت، كه‌كچان هه‌میشه له كوڕان كه‌متر نانیان خواردوه‌و به پله‌ی دوو هاتوون له‌كاتی دابه‌شكردنی خواردندا به‌و بیانووه‌ی كچان هێنده‌ی كوڕان پێویستیان به خواردن نییه. بۆنمونه ئێستاش له وڵاتی سیبریا زیاتر گۆشت بۆ پیاو ده‌دانرێت، وه له وڵاتی ئۆگه‌ندا پیاو یه‌كه‌م جار نان ده‌خوات دواتر كوڕه‌كان، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه به‌شی باشی خواردنه‌كه پیاوان و كوڕان ده‌یخۆن كاتێك دێته سه‌ره‌ی كچان ئه‌وا زۆر جار به‌رماوه ده‌خۆن وهیچی وا نه‌ماوه بۆ ئه‌مان.
له وڵاتی مه‌غریب پیاوان یه‌كه‌م جار نان ده‌خۆن، له وڵاتی هندستان پیاوان و كوڕان به‌شی باش و گۆشت ده‌خۆن له‌كاتێكدا كچان فێر ده‌كه‌ن كه زیاتر ڤیجیتاریهن بن ، واته زیاتر حه‌ز به خواردنی سه‌وزه‌وات بكه‌ن. ته‌نانه‌ت له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا تا ئه‌م دوواییانه دوا جار دایك و كچه‌كان ده‌هاتنه سه‌ر مێزی نانخواردن و یه‌كه‌مجار پیاو نانیدهخوارد. هه‌ڵبه‌ته كوردستانی خۆشمان له‌م كه‌لتوره بێبه‌ش نه‌بووه تا ئێستاش له زۆربه‌ی لادێكان پیاوان و كوڕان یه‌كه‌مجار و به‌شه باشه‌كه ده‌خۆن ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه بۆ كچان و ژنه‌كانه، ته‌نانه‌ت له مێنتالتی میللی‌دا بۆچوونێكی باو هه‌یه كه؛ كوڕان هه‌میشه ده‌بێت ئه‌وه بخۆن كه حه‌زیان پێیه‌تی گه‌رنا ئه‌وا تۆیان ده‌كه‌وێت، به مانایه‌كی تر ئه‌گه‌ر دایكێك كور‌و كچێكی هه‌بوایه ئه‌وا ده‌بوو ئاگاداری ئه‌وه بێت كه كوڕه‌كه باشترین نان بخوات ئه‌وه بخوات كه چاوی ده‌چێته سه‌ر نه‌با تۆی بكه‌وێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه كورد پێوابووه به ته‌نها كوڕه‌كانیان به‌رپرسی یه‌كه‌مه بۆ خستنه‌وه‌ی نه‌وه‌و وه‌چه‌كانیان هه‌ربۆیه پێویستده‌كات هه‌ر له‌مناڵیه‌وه ئاگاداری هێزوبازووی جه‌سته‌یی و سێكسیان بن.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌م كه سه‌رچاوه‌ی ئه‌م نوسینه به‌رنامه‌یه‌ك بوو له ه‌ناڵی مه‌عریفه‌ی سویدی بڵاوكرایه‌وه به‌لامه‌وه زۆر جێی سه‌رنج و تێڕامان بوو، هه‌رچه‌نده له دوای بڵاوبونه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه كه‌سانێكی زۆر له‌میدیای سویدی هاتنه ده‌نگ و به توندی ڕه‌خنه‌یان له ئاماده‌كارو ناوه‌ڕوكی به‌رنامه‌كه كرد كه گوایه هیج بنه‌مایه‌كی زانستی له پشته‌وه نییه. یه‌كێك له‌وانه (ئارنێ جارێك) پرۆفیسۆری مێژوو له دانیشتگای ستۆكۆڵم به دیدوبۆچوونێكی پارادۆكسه‌وه ڕه‌خنه‌ی له به‌رنامه‌كه گرت، له لایه‌كه‌وه باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌و بۆ خۆی شاره‌زا نییه له‌م بواره‌دا به‌ڵام به چاوی ڕه‌خنه‌وه سه‌یری ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه ده‌كات كه له‌به‌رنامه‌كه‌دا هاتوه ده‌ڵێت: ناتوانرێت لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و ئهنترۆپۆلیژیسته له گوندێكی ئه‌فریقی (بوركینا فاسۆ) بكرێته تێزێكی گشتگیر‌و هه‌مووی كه‌لتورێكی پێ بخوێنرێته‌وه، جونكه ده‌كرێت له هه‌موو كه‌لتورێكدا به‌و شێوه‌یه نه‌بێت. له‌لایه‌كی تریشه‌وه پێوایه پێدان ودابه‌شكردنی خۆراك كاریگه‌ری هه‌یه له سه‌ر نه‌شونمای باڵا، ئه‌مه‌ش مێژووناسه ئابوریه‌كان سه‌لماندویانه به تایبه‌ت له توێژینه‌وه‌كانیان سه‌باره‌ت به سه‌ربازه‌كان. وه‌ك چۆن ئاماژه به وه‌رگری خه‌ڵاتی ئابووری (ڕۆبه‌رت فۆگێل) ده‌كات به‌وه‌ی كه ئه‌ویش ئیشاره‌تی به كاریگه‌ری خواردنی زۆر له ووڵاته پێشكه‌وتووه سه‌رمایه‌داره‌كانی دونیادا كردوه، بۆته هۆكارێك كه مرۆڤه‌كانیان باڵا به‌رزتربن.
سه‌رچاوه:
- “Därförärkvinnorkortareänmän” – Nyheter | SVT.se
- FrånSapfo till Cyborg (Ideeromkönochsexualitet I historien) av Lena Lennerhed(RED).