ئەمریکا پشتیوانی لە کورد دەکات یان شەڕی داعش دەکات؟

 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه

 

ئۆباما: ئێمە لەدژی سوکایەتیکردنین بەپێغمبەری ئیسلام ...ئێران (ئەحمەدی نەجات) ؛ ئەم ئۆبامایە خوتبەکەی منی دزی!
کاریکاتور:  ئۆباما؛ ئێمە لەدژی سوکایەتیکردنین بەپێغمبەری ئیسلام …ئێران (ئەحمەدی نەجات) ؛ ئەم ئۆبامایە خوتبەکەی منی دزی!

زۆربەمان چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هێزەکانی ئەمریکامان دیت لەگەڵ شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوا لە دەوروبەری ڕەقە لەیەک بەرەدا شەڕیاندەکرد، جا ئەمە بە پشتیوانیکردن بێت بووبێت یان ڕێنماییکردن. لەهەمانکاتدا لە باشوریش هێزەکانی ئەمریکامان دیت لە بەرەی خازر لە نزیک موسڵ پشتیوانیان لە پێشمەرگە دەکرد. ئەوەی جێگەی سەرنج بێت ئەوەیە کە ئەمریکا لە باشور پشتیوانی لەو پێشمەرگانە دەکات کە سەرکردەکانیان مەیلیان بەلای تورکیاو بەرەی سوننەدایە لە ناوچەکە. لەبەرابەردا پشتیوانی لەو شەڕڤانانە دەکات کە بەمەیل‌ دژی تورکیان‌‌و ئەگەر نەشخرێنە بەرەی شیعەو ئێران‌و سوریای ئەسەدیش ئەوە لەو جەمسەرگیرییەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرارە نەکەوتونەتە بەرەی سوننە.

ئەمە پرسیارێک دێنێتەپێش ئەوەیش ئەوەیە، چۆن دەکرێت لەو هەڵوێست‌و کردارەی ئەمریکا بگەین. خۆ ئەگەر ئەمریکا بەدژی بەرەی ئێران/شیعە پشتیوانی لە کوردەکان بکات ئەوە ناکرێت پشتیوانی لە هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا بکات. پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، واتە ئەگەر ئەمریکا بەمەبەستی پشتیوانی لە بەرەی تورکیا-سعودیە/سوننە پشتیوانی لە هێزەکانی پێشمەرگە لە باشور بکات ئەوە دیسان ناکرێت لەهەمانکاتدا پشتیوانی لە هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا بکات. بەواتایەکی دیکە، ئەگەر مەبەستی ئەمریکا، وەک تیوریستە ریالیستەکان پێی لەسەر دادەگرن، کە گوایە زلهێزەکان بەگشتی لە هەوڵی ڕاگرتنی هاوسەنگی هێزن لە ناوچەکاندا ئەمە ئەوکات، تیوری هاوسەنگی هێز (balance of power) ناتوانێت ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا بخوێنێتەوەو شەرح‌و تەفسلی بکات. ئەی باشە چۆن دەکرێت لەو هەڵوێستەی ئەمریکا بگەین.

من پێموایە بۆ تێگەیشتن لەم هەڵوێستەی ئەمریکا دەبێت لەمیانی تێگەیشتنەکانی هاوسەنگی هەڕەشەکان (balance of threats) لەم هەڵوێستەی ئەمریکا نزیکبینەوە. هاوسەنگی هەڕەشەکان تێگەیشتنێکی، تاڕادەیەک نوێی، ڕیالیستە نوێکانە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کە یەکەمجار لەلایەن ستیڤن وۆڵت ڕاپێشکرا. وۆڵت پێیوایە کە وڵاتەکان هاوپەیمانییەکانیان لەسەر بنەمای ئەو هەڕەشانە دادەنێن کە لە وڵاتێکی دیکە لێیاندەکرێت یان وادێتە بەرچاویان. من ئاگاداری ئەوە نیم کە داخۆ وۆڵت باسی لە هەڕەشەکانی بکەرە نا-دەوڵەتییەکان (non-state actors) یش کردوە یان یان نا بەڵام ئەوەی ئەمریکا ئێستا ئەنجامی دەدات لە باشور و لە ڕۆژئاوا دەکرێت لەژێر تیشکی ئەو تیورە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بەو مانایەی کاتێک ئەمریکا داعش وەک هەڕەشەیەک لەسەر بەرژەوەندییەکان لە ناوچەکەو لە ئەوروپاو لە ئەمریکا دەبینێت ئیدی ئەو دێت لەگەڵ ئەو بکەرانە هاوپەیمانی ئەنجامدەدات کە لە بەرەی دژی هەڕەشەکەی دژ بە ئەمریکان جا ئەو بکەرانە بەخۆیان لە چ بەرەیەکدان ئەوە گرنگ نییە.

داخۆ کورد و کوردستانیان دەبێت چۆن لەو هەڵوێستەی ئەمریکا نزیکببنەوەو مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. بەڕای من واچاکە کورد هەتا بۆی بکرێت کەڵک لەو کردارەی ئەمریکا وەربگرێت بەڵام هاوکات دەبێت ئاگاداری ئەوە بێت کە نەمانی داعش لە گۆڕەپانەکە دەبێتە مایەی نەمانی هەڕەشەکە، ئەو هەڕەشەیەی کە سیاسەتەکەی ئەمریکای لەسەر بنایتنراوە. بەمانایەکی دیکە نەمانی داعش کورد ڕووبەڕووی بکەرە دەوڵەتییەکان، عێراق و سوریا و تورکیا، دەکاتەوە لەبری داعش. پرسیارەکە لێرە ئەوەیە داخۆ کام لەم وڵاتانە هەڕەشەن لەسەر ئەمریکا؟ بەڕای من هیچ کام لەم وڵاتانە هەڕەشە نین لەسەر ئەمریکا. ئەمریکا نیگەرانە لە سیاسەتە ئیسلامییەکان‌و دژە دیموکراسییەکانی ئەردۆگان‌و ئەکەپە، هاوکات نیگەرانە لە زیادبوونی نفوزی ئێرانی لە عێراق‌و سوریا بەڵام بەگشتی ئەم سێ وڵاتە وەک هەڕەشە لەسەر خۆی نابینێت. بۆیە ئەگەری زۆر کەمە کە لە هەر پێکدادانێک یان ململانێیەکی کوردەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە دواڕۆژ ئەمریکا پشتیوانی لە کوردەکان بکات.

لەبەرئەوە، لە پرسە ستراتیجییە پەیوەندارەکان بە کورد و کوردستان واچاکە کورد زۆر چاک کەڵک لەو گۆڕانکاریانە وەربگرێت کە ئێستاکانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێن. بۆنمونە کوردەکان دەبێت هەم لە باشور هەم لە ڕۆژئاوا بەرنامەو ستراتیجی تۆکمەیان هەبێت بۆ ڕزگارکردن‌و گێڕانەوەی هەموو ئەو ناوچانەی کە کوردستانین‌و تا ئێستا ڕزگار نەکراون. لەپاڵئەمەشدا، ئەگەر کوردەکان نیازی دامەزراندنی دەوڵەتیان هەیە، جا چ لە باشور چ لە ڕۆژئاو، ئەوە دەبێت دەستوبرد بکەن لە ئەنجامدانی ڕاپرسی‌و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانی. بۆ ئەم ئامانجەش لە ڕۆژئاوا یەکڕیزیی ناوماڵی کوردی تاڕادەیەکی چاک تۆکمەو لەبارە، بەڵام لە باشور بۆ ئەم مەبەستە دانیشتنێکی ترۆپک، واتە دانیشتنی مەسعود بارزانی، نەوشیروان مستەفا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (یان نوێنەری سەرەکی یەکێتیی)، سەلاحەدین بەهادین‌و عەلی باپیر، زەرورەتێکی حەتمی‌و مێژووییە.

ڕزگارکردنی ناوچە کوردستانییەکان‌و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی، چ لە باشور چ لە ڕۆئاوا، ئەگەر ئێستا سەخت بێت ئەوە دوای نەمانی داعش ئێجگار سەخت دەبێت. بۆیە ئەگەر کوردو کوردستانیان‌ بەجدی نیازی دامەزراندنی دەوڵەتیان هەیە ئەوە دەبێت پێش نەمانی داعش، وەک هێزێکی جوگرافی، مشوری خۆیان بخۆن.