Kurds: Photo from BBC

ئاکۆ قادر؛ چۆن بەڵێ و نەخێر یەک دەگرن؟


Loading

ئەم ماوەیە بۆ  ھەندێک ماوەیەکی زۆر تاقەت پڕوکێن بوو، بۆ زۆرێکیش کە ھۆشیاری سیاسی فکری لە گەڵ  ھۆشیاری مێژوییان کەموکورتی ھەیە، خێرابوون لە بڵاوكردنەوەی حوکم و تەخوین و بڕیاری پێشوەخت، ئەمانە لە جۆری بەڵێی حزبی و لە جۆری نەخێربوون.

 جۆرەکان چین؟ چوار جۆر یان چوار تایپی سەرەکی لەم تایپانە لە خەڵک و لە ھۆشیاری لەم ڕووداوەدا دەرکەوتن، جۆری یەکەمیان بەڵێ و جۆری دوەمیان نەخێر و جۆری سێ یەمیان (بەڵێ یە بە مەرج) تایپێکی تر کە چوارەمە تا دوا ھەنگاو نەیانتوانی خۆیان یەکلا بکەنەوە بێدەنگ دانیشتن بە بەشداری نەکردنیان لە دەنگدان  دوو شتیان گووت:

یەکەمیان:  ناچنە پرۆسەیەکەوە ئەوانە سەرپەرشتی بکەن، کە میسداقیەتیان لە دەست داوە و گەندەڵ و ستەمکار و خۆپەرستن و ئەوسەری پرۆسەکەش دیارنییە و ھیچ زەمینەیەکی جیدی بۆ فەراھەمنەکراوە.

 دووەم: ناچنە پرۆسەیەکەوە بە نەخێر دەنگ بدەن و خۆیان ھاوشان و ھاودەنگ بکەن لە گەڵ ناسیۆنالیزمی عەرەبی و فارسی و تورکی ڕەتکەرەوەی بوونی کورد، هەروەها خۆیان نادیدە بگرن لە پرسە مێژوویەکەیان، بۆیە بایکۆتی ڕیفراندۆمیان کردو دڵیان لای ( بەڵێی ڕاستەقینەی ) ناحزبی بوو.

ئاكۆ قادر

تایپی یەکەم (نەخێر):  تایپی خەڵکی ناڕازی و ئازادی  ویست و دژە گەندەڵ و دژە سیستەمی دزۆکراسی کوردیە لە باشوور.

ئەمجۆرە لە خەڵک ئەوانەن تا دوا ئاست پڕن لە ڕۆحی بەرەنگاری دژ بە دەسەڵات، جوگرافیای بەھێزی ئەمانە سلێمانی و ھەڵەبجەو تا ئاستێک ھەولێرە، بەڵام ئەم جۆرە یان ئەم تایپە کە بڕیاریان بە نەخێردا یەک دیووی ڕووداوەکەیان خوێندەوە ئەویش دیووە ناوخۆیەکەی بوو. ئەو کاردانەوەیەی لە کۆتاییدا لەم پرۆسەیەدا بەھێزتر کەوتەوە کاردانەوەی دەرەکی بوو، ڕەھەندی دەرەوەی کوردستانی ڕیفراندۆمەکە، چونکە لانی کەم تا ئێستا دەنگدانەوەی دەرەکی ڕیفراندۆمەکە بەھێزترە و لە ئایندەی دووریشدا وا دەبێت. نەخێر سەرەڕایی ڕەوایی داواکارییەکانی لە یەک شتدا ھەڵەبوو ئەویش ئەوەبوو بوونی خۆی وەک کورد لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکی و فارسی و دونیادا نادیدەگرت، سەرەڕای ئەوەی نەخێری بۆ دەسەڵات ڕەوایە، بەڵام نەخێری لەم پرۆسەیەدا ھەڵەیە، هه‌روه‌ها نەزانینی ھەڵسوکەوتە لە گەڵ دوو پرسدا لە یەک کاتدا، ئەمەش ھەڵەیەکی تازە نییە بەڵکو کۆنە لە ناو کورددا، دوو پرسەکەش ئازادی کەسی و ئازادی شوناسی گشتی یە، مافی کەسی خۆی وەک تاک (مافی مەدەنی) لە گەڵ مافی  وەک کوردێک، مافی خود لە گەڵ مافی نیشتیمان، مافی نیشتیمان لە گەڵ مافی کۆمەڵگه‌دا، نەخێرەکان یەکەمیان ھەڵبژارد و دەووهەمیان فەرامۆشکرد، بەمەش ھەڵە لە مێژینە گەورەکەی کوردایەتیان بە دیوەکەی تردا دووبارە کردەوە.

 فیکری کوردایەتی یەک سەرنجی ھەبووە، لەوەتەی ھەیە ئەویش مافی نیشتیمانە بێگوێدانە مافی مرۆڤ، کوردایەتی  ھەست و دواتر بزوتنەوەیە بۆ مافی کورد وەک نەتەوە بێ بیرکردنەوە لە مافی تاکەکان، لەمسەریشەوە نەخێرەکان ھەمان ھەڵەیان کرد مافی کوردیان وەک گشت نادیدە گرت بۆ داواکاری مافی خۆیان وەک تاک، بۆیە کوردایەتی و بزوتنەوەی ناڕەزایی لە کوردایەتی یان لە ئەم سیستەمەی کوردایەتی ھەردوکیان کەموو کورتن و ناتوانن لە یەککاتدا لە ھەردوو ڕەھەندەکەی ئازادی تێ بگەن، نەخێرەکان بەم تێ نەگەشتنە ھەڵەی فەرامۆشکردنی پرسی مێژووی کوردیان کرد.

جۆری بەڵێی حزبی: بەڵێی حزبی ھەر بەڵێی کوردایەتیە کلاسیکەکەیە، ئەم ھۆشیارییە ئەو تایپە لە خەڵک ھەڵگرین کە ھۆشیاریان بە ئازادی کەموو کورتە، ھیچ بایەخێک بە ماف و ئازادی تاک نادەن، ھۆشیاریان ھۆشیاریەکی حزبیە، ماکینەی پڕوپاگەندەی حزب ھۆشیاریان دیاریدەکات لە گەڵ بڕێک لە ھۆشیاری دەستەجەمعی کوردی کە کوردایەتیە کلاسیکیەکەیە.

 ئەم جۆرە لە خەڵک باکیان بە دورستکردنی سیستەمێکی دادپەروەرو کۆمەڵگاو دەسەڵاتێکی دیموکراسی نییە، تەنھا شتێک ئەوان دەیانەوێت مانەوەی حزبە لە دەسەڵاتدا، شەرعیەتی حزبیش لە گوتاری کوردایەتی کلاسیکدایە کە ئازادی و سەربەخۆی  کوردستانە بێ بیرکردنەوەی لەوەی چ کوردستانێکیان دەوێت، زۆرینەیەک لە ئەم تایپە لە خەڵک کە ھۆشیاری حزبی و  وابەستەی حزبیان ھەیە، ئەگەر بە چەمکەکانی فەلسەفەی ئەخلاق بەتایبەت چەمکی (ئەویتر دۆستی و خۆپەرستی) لێکیان بدەینەوە یەک دەرئەنجامان دەبێت ئەویش ئەوەیە ئەم تایپە لە ھەڵگرانی ئەم ھۆشیاریە کە کەم نین لە کوردستاندا کێشەی گەشەکردنی هۆشیاری یان کێشەی تێگەشتنی ئەخلاقیان ھەیە.

جۆری بەڵێ ی بە مەرج: گلەییەکی زۆر ڕووبەڕووی ئەم تایپە لە خەڵک کراوەتەوە، لە بەر ئەوەی زۆرینەی ئەم خەڵکە پێش ئەم پرۆسەیە چالاک بوون یان وا دەناسران کە چالاکن لە ناڕەزای و دژایەتی ئەم سیستەمە سیاسیەی کوردایەتی کلاسیک، زۆرینەی ئەم تایپە لە خەڵک ئێستاش ناڕازین بەم سیستەمەو داوای کۆمەڵگاو سیستەمێکی دیموکرات دەکەن بەڵام لە کۆتاییدا بەڵێ بوون، بۆ؟ …لە بەر ئەوەی ڕەھەندێکی تری ئەم ڕووداوەیان بینی، ڕەھەندە نیشتیمانیەکەی، بێئەوەی داواکارییە مەزنە ھەنووکەیەکەی کۆمەڵگای کوردی ناڕازی لە بیر بکەن، لە بیریان نەکردوە، بەڵام توانیویانە ئازادی نیشتیمان لە خەیاڵی خۆیاندا گرێ بدەنەوە بە ئازادی خۆیان وەک مرۆڤ.

 (بەڵێ بە مەرج) کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆیان دەوێت وەک بەڵێی حزبیەکان، بەڵام کوردستانێکی دادپەروەرو مرۆڤدۆستیشیان دەوێت وەک نەخێرەکان.  بەڵێ بە مەرج ھەردوو ڕەھەندەکەی ئازادی تێگەشتووە ھیچ ئازادیەک ناکاتە قوربانی ڕەھەندەکەی تری ئازادی.  (بەڵێ بە مەرج ) دەزانێت ئەگەر پرس و کێشەی نەتەوایەتی نەمێنێت باشتر دەتوانێت بپەرژێتە سەر  پرس و کێشەی دادپەروەری، ھەرکاتێک کێشەی نەتەوایەتی نەما کە وروژینەری ھەست و حەماس و کوشندەیە بۆ ئەقڵ باشتر دەتوانیت بیربکاتەوە لە کۆمەڵگایەکی ئەقڵانی، کە لە شۆڕش و تێکۆشاندا بوویت بۆ دەوڵەت تەنھا ھەستە کە زاڵ دەبێت بە سەر بونتدا، بەڵام دوای شۆڕش کە دەوڵەتت ھەبوو ناچاری بیربکەیتەوە لە ژیانێکی دادپەرورو جوانتر، بێ ھۆ نییە. تەنھا دوای ڕاپەڕینە کە کیانێکمان ھەیە دەستمان بە بیرکردنەوە کردوە لە ماناکانی ئازادی و ماف و دادپەروری و مافی ژن و منداڵ و ھەژار، تەنھا دوای ڕاپەڕینە قسە لە سیاسەتی بە ئەخلاق و نائەخلاقی کراوە، پێش ڕاپەڕین تەنھا شیعر ھەبووە یان زاڵبووە.

بایكۆت:  ئەوەی پەیوەندی بە جۆری چوارەم واتە بە ئەو ژمارە زۆرەوە ھەیە لە بەشداری نەکردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا، ئەم جۆرە لە سەرەوە ئاماژەیەکی خێرامان دا بە مەبەستەکەی کە دوو مەبەستی سەرەکیی لە کردەی بەشداری نەکردنیدا ھەیە، یەکەم ناتوانێت بەڵێ بکات بۆ پرۆسەیەک کە خۆی وەک نەیاری ھەڵسورێنەرانی پرۆسەکەدا دەبینێت، مەبەستی دووەمی ئەوەیە  نایەوێت بڵێت نەخێر و خۆی ھاوشان بە ناسیۆنالیزمی عەرەب و تورک و فارسی بکات و دژ بە ئازادی خۆی بێت وەک کوردستانیەک، زۆرینەی ئەم تایپە لە خەڵک خۆیان وەک بەڵێی مەرجدار دەبینن، لە گەڵ بەڵێی مەرجداردا یەک ھۆشیاری کۆیان دەکاتەوە، ھۆشیاریان بە ئازادی بۆ کوردستان و ئازادی خۆشیان ھەیە، دەزانن دادپەروەری بۆ کوردستان و دادپەروەری لە کوردستاندا یانی چی؟ بەڵام لەوە دەچێت جیاوازی بچوکیان لە گەڵ بەڵێ ی مەرجداردا ئەوەبێت زیاتر حەریس و خۆپارێزبن لەوەی فریو نەدرێن، توندتر بەسترابن بە ئازادی و مافی خۆیانەوە، بەڵام دڵیان بۆ ئازادی بۆ کوردستان و ئازادی لە کوردستاندا بە توندی لێ دەدات.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە کە ھەنگاوی ڕاستەقینەی ئایندە بۆ ڕۆشنفکران و ئەوانەی دەتوانن ھۆشیاری قوڵ و ڕاستەقینە بڵاوبکەنەوە ئەوەیە چۆن ھەردوو بەڵێی حزب و نەخێر تێبگەیەنین کە ھەردووکیان ھەڵەن لە بینینی یەک دیویی ئازادی، تا چەند ساڵێکی تر ململانێ نێوان ئەم دوو تایپی بەڵێ و نەخێرە، ئەم بەڵێ و نەخێرە بۆ ڕیفراندۆم لە بوار و پرسەکانی تری ناو کوردستانی باشوردا بەردەوام دەبێت. ھەریەکەو باس لە ڕەھەندێکی ئازادی و ماف دەکات و بۆ یەک ڕەھەندی ئازادی تێ دەکۆشێت،  ئێستا تا چەند ساڵی دوور و درێژی تر ئەرکی سەرەکی ئەوانەی ھۆشیاریان بە ھەردوو ڕەھەندی ئازادی تاک و ئازادی گشت ھەیە. ئەوەیە ئەو ھۆشیاریە بڵاوبکەنەوە کە چارەنوسی ئێمە وەک کورد ئەوەیە لە یەککاتدا شەڕبکەین بۆ ئازادی کوردستان و ئازادی بۆ مرۆڤی ناو کوردستان، دادپەروەری بۆ کوردستان و دادپەروەری لە کوردستاندا، وا دیارە سەرەکەوتنمان وەک کورد و وەک کۆمەڵگای کوردستان بەستراوە بەوەی چۆن لە ھەردوو ڕەھەندەکەی ئازادی تێدەگەین.

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین