Illustration: Karin Sunvisson Source Baltic Worlds

كۆیله‌گرتن و خزمه‌تكاری له‌ كوردستاندا


Loading

چاوپێكه‌وتنی گۆڤاری تروسكه‌ له‌گه‌ڵ هۆزان مه‌حمود سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌ی كاره‌كه‌ری بیانی له‌ كوردستان.

 

 

گۆڤاری تروسكه‌: بە خزمەتکار وەرگرتنی ماڵان، بە تایبەت لە ناو بەرپرس و دەوڵەمەنەکان سەرچاوەکەی کوێیە؟

 

هۆزان مەحمود: ئەم  پرسە قسە زۆر هەڵدەگرێت، گەر بمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەکەی. بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین بەشێکە لەو بەرخۆریی و زیادەڕۆییەی کە بە پارە و دزینی قووتی هاوڵاتیانی هەرێمەوە دەکرێت. هەموو ئەو کەسانەی کە ئێستا کارەکەر و خزمەتکار و شۆفێر  و حیمایەیان هەیە کێن؟ کامیان لەوەپێش ئەو سامانەی هەبووە؟ بەشێکی زۆریان لەم ئەوروپایە لەسەر سۆشیال ژیاون بەرلەوەی بگەڕێنەوە بۆ کوردستان w لە ژیانیاندا لێرە کارێکی باشیان نەبووە، بەڵام ئێستا بەهۆی بێسەر و بەرەیی حوکمڕانییەوە لە کوردستان بوونە خاوەن کۆیلە. بۆ ئەم  جۆرە مرۆڤانە کوردستان  ده‌ستكه‌وتێكه‌ و تێرناخۆن لە تاڵانکردنی سامانی وڵات و قوتی خەڵک.

ڕاگرتنی کارەکەر و خزمەتکار و چێشتلێنەر و شۆفێر و حیمایە، بۆتە سیمایەکی ناشرین وخۆجیاکردنەوەی چێنێک، کە وەکیتر مرۆڤی بەتاڵ و پڕ لە دووفاقی و نیفاقن. هیچ کات لە کۆمەڵی کوردیدا ئەم جیاکاریە چینایەتیە زەق و بێمانایە نەبینراوە. حیزبەکان دڵیان خۆشە کە ئێستا ملیۆنەر و ملیاردێریان هەیە لە کودستاندا، بەڵام چاویان هەزاران هەزار خەڵکی فەقیر و هەژار نابینێت کە بەهۆی ملیۆنەر و ملیاردێرەکانی ئەوانەوە نانی ژەمەکانیان نیە بیخۆن.

 

 

گۆڤاری تروسكه‌: پێشوتر لە ناو کوردا ئەمە نەبووە؟

هۆزان مەحمود: کێ دەڵێت پێشتر لەناو کورددا ئەمە نەبوو؟ بە داخەوە کورد لەوەتەی هەیە دەناڵێنێت بە دەست مێنتاڵیتی خێڵەکی، بنەماڵەیی و فیۆداڵییەوە. لە کۆنیشدا ماڵە ئاغا کارەکەر و سەپان و شوان و کۆیلەیان هەبووە، وەکو ئەمانەی ئێستا چینێک لە مرۆڤی زاڵم و چەوسێنەر بوون.  گرنگە ئەو نۆستالژیا سۆزداریانە بخەینە ئەو لاوە کە گوایە کورد ئەم دیاردانەی نەبووە، کێشەی ئێمە ئەوەیە کە مێژووی نوسراومان نییە، یان گەر هەشبێت بە قازانجی و لایەنگیری ئەوانە نوسراوە. تەنانەت وەک کەڵە قارەمان و شۆڕشگێڕو سەردەستەی کوردایەتی یادیان لێدەکرێت.

بێگومان ئەو کوردایەتیەی کە ئێستا شكستی  هێناوە ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کولتورە فیۆداڵی و چەوسێنەر و کۆیلەدارە. هەربۆیەش ناتوانن ئەو بناغە خوارە ڕاستبکەنەوە. لێرەوە گرنگە ئێمە بە چاوی ڕەخنەوە سەیری ئەو کولتورە سیاسیە فیۆداڵیە بکەین کە درێژدەبێتەوە بۆ ئێستامان، هەر لە داگیرکردنی زەوی خەڵک و دروستکردنی ڤێلا و باخ و مەلەوانگەی تایبەت بۆ بنەماڵە سیاسیەکان، تا دەگاتە ئەو چینە مشەخۆرەی دەوریان لە بە ناو نوسەر و ڕۆشنبیر و ئەکادیمی و فیگوری کولتوری شارەکانمان. کە بێگومان  ئەوانیش هەمان کولتور و ئەقڵیەتی ئەمانیان هەیە و بەشدارن لە فەرهوود کردنی سەروەت و سامانی گشتی وڵاتدا.

 

 

 

 

گۆڤاری تروسكه‌: سەردەمانێک ئەو بەرپرسانە پێشمەرگە بوون و کاریان بۆ نەهێشتن کۆیلایەتی و چینایەتی دەکرد، ئەی ئێستا بۆ ئەمە دەکەن؟

 

هۆزان مەحمود: بەشێک لەو سەرکرادانە، ئەو کاتیش ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ خەڵک و لەگەڵ تەشکیلاتەکانیان. زۆرێکیان بۆ پشت ئێشەیەک دەگەیشتنە ئەڵمانیا و بەریتانیا و نەمسا.. بەشی زۆریان هەڵگری پاسپۆرتی ئەوروپی بوون هەر ئەو کاتیش. خۆیان و کەسوکاریان کەمترین زیانیان بەرکەوتووە.

ئەوە خەڵکە ڕاستگۆ و هەژار و بە مەبدەئەکە بوون ئەو سەردەمەش دەبوونە قوربانی سیاسەتە چەوتەکانی ئەمانە، هەر ئەو کاتەش زۆریان باوەڕیان بە خەباتی چینایەتی نەبووە. دوای ڕاپەڕینیش هەر ئەمانە و کەسە نزیکەکانیان زۆرترین غەنیمەتیان دەستکەوتووە لە کوردستان. بانکی دونیا نەماوە پارەی دزراوی میللەتی ئێمەی تێدا نەبێت، وڵات نەماوە بە سامانی دزراوی خەڵکی ئێمە خانوو و ڤیلای تیا نەکڕدرابێت…  تێناگەم گەر کەسێک پێشینەیەکی شۆڕشگێڕی هەبێت یان ڕۆژێک باوەڕی بە خەباتی چینایەتی هەبووبێت، چۆن ئاوها وڵاتی خۆی فەرهوود دەکات؟. گەر ئەوکاتیش لەو سیاسەتەدا بووبێتن، ئەوا بۆ پێگە و دەسەڵاتی ئێستایان بووە. بیرت نەچێت ئەوان ئەوکات و ئێستاش ڕێگەپێدراوی قسەکردنن لەسەر کورد لەلایەن هێزە لۆکاڵی و جیهیانیەکانەوە. هەرکات کاریان پێیان نەما، ئایندەیان لەبەرچاومانە چییان لێدەکەن.

 

 

 

گۆڤاری تروسكه‌: چ زیانێکی هەیە، ـ پێویستە لە دژی ئەمە چی بکرێت؟

 

هۆزان مەحمود: زیانەکانی ئەمە تەنها کۆت و بەندکردنی ژنێک نییە لە چواردیواری ماڵێکدا و چەوسانەوەی. بەڵکو دابڕینی ژنێکە لە هەموو ماناکانی ژیان و کەرامەت و سەربەخۆیی. ئەم ژنە لەکەدار دەکرێت بەوەی کە کارەکەری ماڵانە، بەوەی کە ئازادی نییە و مافی خۆڕێکخستن لە سەندیکا و خۆپیشاندان و داواکردنی هیچ مافێکی خۆی نییە. خۆ ئەگەر ناڕەزایەتیەک دەربڕێت بەرامبەر چەوسێنەرەکانی، ئەوا لە باشترین حاڵەتدا گەر دیپۆرتیشی نەکەنەوە، لە کارەکەی دەریدەکەن و دەیدەنە ماڵێکی تر. ئەمە چ گوزەرانێکە ژنێک بەو شێوەیە ژیان و کارکردنی بگوزەرێنێت لە سەدەی بیست و یەکدا؟ ئەوە چ ڕۆحێکی نەخۆش و شەڕانگێزه‌ کە ئەم ژنە لەماڵی خۆیدا بەند دەکات؟

کۆی ژیانی ئەم ژنە کارەکەرانە کورت دەکرێتەوە لە چوار دیواری ماڵێکی نامۆ بەخۆیدا، ماڵێک پڕ لە ماتریاڵی گرانبەها و پارەی زۆر و خۆبادانی خاوەنەکانی لەبەردەم میوانەکانیاندا. کاتێک ئەم ژنە دەچێتە دەر ئەو کاتانەیە کە خاوەن ماڵ دەیبەن بۆ میوانی بۆ ئەوەی منداڵیان بۆ ژیربکات و لەوێش خزمەتیان بکات… تۆ بڵێی ئەمە چەند هەستێکی کوشەندە بێت؟

خۆ باسی ئەوەش ناکەم کە چەند خەتەر هەیە لەسەر ژیان و کەرامەتی ئەم ژنانە بەوەی کە پیاوی خاوەن ماڵ یان میوانە پیاوەکانیان دوور نییە دەستدرێژی بکەنە سەریان یان هەراسیان بکەن. باسی ئەوەش ناکەم کە نەوەیەک لە منداڵی کورد پەروەردە دەبن کە ئاساییە بەلایانەوە ژنی تر بچەوسێتەوە و ئیهانە بکرێت لە بەرچاویان. فێردەبن عاشقی چەوسانەوەی ئەوی تربن، چێژوەردەگرن لە سوکایەتیکردن بە ئەوی تر، لە جنێودان و ئیهانەکردن.

ئەم نەوەیەی لەم فەزایەدا گەورەدەبن، کە بێگومان منداڵە سەرکردەی سیاسی و ڕۆشنبیر و هونەرمەند و نوسەری گەندەخۆری بازنەی گەندەڵین، نەوەیەک دەبن زۆر بەتاڵ و خاڵی لە هەموو جوانیەکانی ژیانکردن. فێرناکرێن دوای خۆیان توالێتەکەیان پاکبکەنەوە، فێرنابن دوای لەخەو هەڵسان ژوورەکەی خۆیان ڕێکبخەن، فێرناکرێن دوای نانخواردن قاپەکەی خۆیان لابەن و بیشۆن.. بەڵکو فێردەبن مشەخۆر بن و  چەوسێنەر و بەتاڵ و بێ بەها بن. ناتوانن به‌های هیچ شتێک بزانن، چونکە هەموو شتێکیان بە حازری لەلایەن کارەکەرێکەوە هاتۆتە بەردەست.

من فرە ڕەهەند سەیری ئەم دیاردە سەیرو سەمەرەیە دەکەم، سەیری بیست ساڵی داهاتووی کوردستان دەکەم و ئەو نەوە بەتاڵەی کە دەچنە دەسەڵات و چۆن سایکۆپاتانە (نه‌خۆشانه‌) خەڵک دەچەوسێننەوە، هەستیان بۆ هیچ کەس و هیچ شتێک نییە و نابێت. ئەمانە تەنانە ئینتیمایان بۆ ماڵەکان و دایک و باوکەکانی خۆیشیان نییە، چونکە ئەوان بەردەوام کارەکەرێکیان بینیوە خزمەتی کردوون. چۆن دەتوانن نیشتیمانیان خۆش بوێت و بەرگری بکەن، لە کاتێکدا ئەوان تەنها شاهیدی بێڕێزی و چەوسانەوە بوون لە ماڵەکانی خۆیاندا.

 

 

 

گۆڤاری تروسكه‌:  ئایا لە ئەنجامی بێکاری و نەهێشتنەوەی کارەوە نییە بۆ ژنان؟

 

هۆزان مەحمود: ئەمە چ کار پەیداکردنێکە مرۆڤێک وەکو کۆیلە لە ناو ماڵ و منداڵی کەسێکی تردا بژیت و سووكایه‌تی  پێبکرێت و وەکو کۆیلە مامەڵەبکرێت؟ هەستی ئەوەی کە تۆ ماڵت نییە، کە تۆ هەر جارە و لەماڵی یەکێک کارەکەرێنیت پێدەکرێت، برینێک لە هەناوی ئەو ژنەدا هەڵدەکۆڵێت، کە پێموابێت هیچ مووچەیەک ناتوانێت برینێکی وەها ساڕێژ بکات.

ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت دوورە لەهەموو پێوەرێکی مۆڕاڵی و مرۆیی. ئەوەی هەیە بەرخۆریەکی بێماناو دروستبوونی خودێکی نمایشکاری به‌تاڵ، کە کۆی بوونی خۆی لە مارکە و زیادە خۆری و گەندەخۆریدا دەبینێتەوە.  بەهەمان شێوەش ڕاگرتنی کارەکەرێک و دووان بۆتە مۆدێل و دەریدەخات کە تۆ سەربەوچینە بەرخۆریەت. دەریدەخات، کە تۆ هەیت و بوونت وەکو چینە گەندەڵەکە کورتکراوەتەوە لەوەی کە تۆ چیت هەیە و خاوەنی چیت؟

ئەم جۆرە لە بوون، و خود کورتکراوەتەوە لە خاوەندارێتی موڵک و ماتریاڵدا. ئێستا خاوەندارێتی لە کارەکەری بیانی و نمایشکردنیان وەکو ئۆبجێکتێک بۆ پڕکردنەوەی ئیگۆ بەتاڵ و نەخۆشەکەیان بۆتە دیاردەکی کوشەندە. ئەمجۆرە لە مرۆڤی کوردی، حەز بەچەوساندنەوەی ئەوێکی تر دەکەن، بۆ ئەوەی هەست بە خودە بەرخۆرکەی خۆیان بکەن.

ئەو ژنانەی لە کوردستان وەکو کارەکەر و خزمەتکاری ماڵان بیست و چوار كاژێر دەچەوسێنرێنەوە، خەڵکی کوردستان نین. ئەمانە لە وڵاتانی ئەفریقی و نیپاڵی و فلیپینی و تەنانەت مەغریبی و ئەتیوپی هێنراونەتە کوردستان. گومانی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی ئەمانە بەفەرمی هێنرابن، بەڵکو لە زۆربەی حاڵەتەکاندا فڕێندراون (ترافیک) کراون و درۆیان لەگەڵ کراوە لەوەی، کە دەبرێن بۆ وڵاتی تر و لە ڕێگە دەیانهێنن بۆ کوردستان. زۆربەی کات پاسپۆرتەکانیان لێ زەوتدەکرێت لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەی دەیانهێنن و دەبێت چەندین مانگ کاربکەن و هیچ وەرنەگرن. بەهەمان شێوەش دەنگۆی زۆر هەیە کە ئەمانە سەرەتا لەشفرۆشیان پێوەدەکرێت و دواتر دەدرێنە ماڵان وەکو کارەکەر.

بیهێنە بەرچاوی خۆت تۆ لە وڵاتی خۆت لە ژیانتدا ناوی کوردستانت نەبیستبێت و بتفڕێنن و بتهێنن بۆ ئێرە بۆ کۆیلەیەتی! زۆرێک لەمانە منداڵیان لەوڵاتی خۆیان هەیە و کەس و کاریان بەجێهێشتووە. ئەمە چ فەزایەکی کارکردن و کار پەیداکردنە بۆ مرۆڤێک لە سادەترین مافی خۆی دوورخراوەتەوە، مافی ئەوەی کە خانەیەکی خۆی هەبێت، لەگەڵ منداڵ و کەس و کاری خۆی بژیت. خۆ ئەگەر باس لە دابینکردنی چاودێری بێت بۆ کەسانێک کە کەمئەندامن، یان بەساڵاچوون ئەوە باسێکی ترە و دەچێتە خانەی کارکردن و دەوڵەت بە پێی یاسا ڕێکی دەخات. ئەوانە کارمەندن و دوای تەواوبوونی کاری خۆیان دەچنەوە ماڵەوە، سەندیکایان هەیە. بەڵام پێم ناڵێیت کارەکەرەکانی کوردستان کامە لەم مافانەیان هەیە؟

 

 

گۆڤاری تروسكه‌: ئایا کۆیلەگرتنێکی مۆدێرن نییە؟

 

هۆزان مەحمود: ئەم پرسە مۆدێرن و کلاسیکی نییە، ئەگەر ئەمڕۆ لە بازاڕەکاندا وەکو پێشوو نایان فرۆشن، ئەوا کۆمپانیاکان ئەو کارە دەکەن. لە ڕێگەی لیستی مواسەفاتەوە کەسەکە کارەکەرەکەی هەڵدەبژێرێت…  ئەمە جیاوازی لەگەڵ بازاڕەکانی فرۆشتنی کۆیلە و جارییە و کارەکەردا چییە؟ ئەوەی جیاوازە فۆرم و شێوازی بە کۆیلەکردنەکەیە. ئێستا بە فۆڕم پڕکردنەوە و لیست دەکرێت، پێشتر کابرا دەچووە بازاڕو لە تورەکەیەکدا پارەکەی دەدا بۆ کڕینی کارەکەرەکەی.

بەداخەوە بە درێژایی مێژوو ژنان لەم دۆزەخەدا دەژین. بەتایبەت ژنانی سەر بە چینە هەژارەکان. ئەوانەی کە لەهەموو فورسەتێکی ژیان بێبەری دەکرێن و هیچ ڕێگەیەک بۆ کاکردن و ژیانیان نەماوەتەوە. لە پێش ئیسلامیشەوە کولتوری جاریە و کارەکەر هەر هەبووەو لە کاتی ئێسلام و دوای ئەویش و تا ئیستاش درێژ دەبێتەوە. ئێمە گەر بڵێین ئەوە بەشێک بووە لەو مێژووە ناشرینەی مرۆڤایەتی، ئەی ئێستا چییه‌؟ دوای ئەم هەموو ساڵە لە خەبات بۆ مافی مرۆڤ و ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی و تێکشاندنی کولتوری ئاغا و ڕەعیەت و فیۆداڵی لە کوردستاندا، بەڵام ڕاگرتنی کچی گەنج وەک کارەکەر لە ماڵە ئاغا و دەرەبەگ و بەناو خانەدانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێستای ماڵە سەرکردەی سیاسی و دەوڵەمەند و بازرگان ڕۆشبنیر و خوێندەوار و مامۆستای زانکۆ… هتد. کەواتە کێن ئەوانەی داکۆکی لە مافی مرۆڤەکان دەکەن بەبێ جیاوازی؟ کێن ئەوانەشی کە تا ئێستاش درێژە دەدەن بە کولتوری ئاغا و ڕەعیەت و کۆیلایەتی و کارەکەرێنی و چەوسانەوەی مرۆڤێک لەماڵی خۆیاندا بەبەردەوامی.

 

 

 

گۆڤاری تروسكه‌: ئەرکی ڕێکخراوەکان چییە؟

 

هۆزان مەحمود: ڕێکخراو کامانەن، ئێمە کوا ڕێکخراومان هەیە؟ گەر مەبەستت ڕێکخراوی ژنان بێت، ئەوا بەشێکی زۆری سەرۆکی ئەم ڕێکخراوانە خۆیان خاوەن کۆیلەن لە ماڵەکانیاندا… یەکێک باس لە پرسی ژن بکات و تێگەیشتنی ئەوەندە نزم بێت بۆ بەها و مافی مرۆڤ، ئیتر چاوەڕوانی چی لێ دەکرێت؟ کەسێک کۆیلەیەکی ژن لە ماڵەکەیدا دەچەوسێنێتەوە و خزمەتی خۆی پێدەکات، چۆن دەتوانێت پرسی ژن بکاتە خەباتێکی سیاسی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی پێبکات؟

 ئەمانە چۆن بوێرن دەست بۆ ئەم پرسە بەرن و کاری لەسەر بکەن، لەکاتێکدا خۆیان لە ماڵەکانیاندا یەک و دوو کارەکەریان هەیە. زۆر دەمێکە و بە ئاشکرا ئەمانە کارەکەریان ڕاگرتووە و شاهیدی چەوسانەوە و بێ مافیانن، چونکە خۆیان یەکێکن لە چەوسێنەرەکان، کەواتە چۆن باسیدەکەن؟ چۆن بەرژوەندی و ژیانی پڕ لە پشوویی خۆیان تێکدەدەن.. دەستبردن بۆ ئەم کارە دەیانخاتە ژێر پرسیاری ئەوەی کە ئەو سامانە زۆرەیان لە کوێ بووه‌ کە بتوانن کارەکەری پێ ڕ ابگرن؟ لە چ شوێنێکی دونیادا کەسێک باس لە دۆزی ژن بکات لە ماڵەکەی خۆیدا کارەکەر ڕادەگرێت؟!

 

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌