ژیان و کارەکانی پیتەر سلۆتەردایک، بێگومان لەجیاتی پێشەکی…

ئیسماعیل حەمەئەمین  ـ  بەکر عەلی

184

پیتەر سلۆتەردایک لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٧ لە شاری کارلسروە، خوێندنی فەلسەفی و گێرمانیستیک و مێژووی لە میونشن و هامبۆرگ تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٧٩ دا سەفەرێکی درێژ بۆ  پوونا لە هیندستان دەکات و لەوێ پەیوەندی دەبەستێت بە باگوانەوە، ئەم ئەزمونە کاریگەرییەکی قووڵی دەبێت لەسەر ڕەوتی گەشەکردنی ڕۆحی و فیکری. لەساڵی ١٩٨٠ وە وەکو نوسەرێکی ئازاد دەنوسێت وبڵاودەکاتەوە و چەندەها کتێب وگوتاری لەبوارەکانی فەلسەفە و ئیستاتیک و تیۆری کولتور و مەسەلەکانی سەردەم بڵاوکردۆتەوە. ئەستێرەی فەلسەفی ئەو لە ساڵی ١٩٨٣ درەوشایەوە  کاتێک  کتێبە ڕەخنەییەکەی بەناوی ((ڕەخنەی عەقلی سینیزم)) بڵاوکردەوە و ئەم کتێبە بووە پڕفرۆشترین کتێبی فەلسەفی سەدەی بیست و تاوەکو ئێستا چەندەها جار چاپکراوەتەوە.  لە ساڵی ١٩٩٢ بەدواوە وەکو پرۆفیسۆری فەلسەفە و تیۆری میدیا لە دانیشگای دیزاین و شێوەکاری لە کارلسروە وانە دەڵێتەوە. لە ١٩٨٩ تا ٢٠٠٨ بەڕێوەبەری پەیمانگای فەلسەفەی کولتور لە ئەکادیمیای هونەر لە ڤییەن. لە ساڵی ٢٠٠١ وە تا ئەمڕۆ ڕاگر و بەڕێوەبەری دانیشگای دیزاین لە کارلسڕوە. لە ٢٠٠٢ بەدوواوە بە هاریکاری لەگەڵ ڕودیگەر سافرانسکی بەرنامەی ((چوارینەی فەلسەفی)) لەکەناڵی (زێد دی ئێفی) ئەڵمانی بەڕێوە دەبات. هەروەها وانەبێژی میوانە لە زانکۆی نیۆرک و لە کۆلیجی پاریس و لە خوێندنگای باڵای زیوریخ.  تائێستا چەندین خەڵاتی ناوداری ئەڵمانی و جیهانی پێ بەخشراوە. سلۆتەردایک یەکێکە لە فرەنووسترین  و چالاکترین و پڕکاریگەرترین و ئیلهامبەخشترین  بیریاری سەردەم.

سیماکانی بیرکردنەوەی سلۆتەردایک.

ڕەنگە یەکێک لە قورسترین ئەو داوایانەی لێرەدا ڕووبەڕوومان بێتەوە، بریتی بێت لە دەرخستنی ئاماژە دیارەکانی کارەکتەری فیکری سلۆتەردایک. بەڕادەیەک دەتوانین بڵێین ئەمە سەرکێشییەکە و ئێمە خۆمان فڕێداوەتە ناویەوە. هەڵبەت هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بە پلەی یەکەم بۆ زمانی سەیری سلۆتەردایک، ئەو ئەفرێنەرێکی سەرسوڕهێنەری وشە و دەستەواژەی ئەوتۆ نوێیە، کە نەک هەر بۆ خوێنەری وەک ئێمە، بەڵکو بۆ خودی ئەڵمانەکانیش مایەی سەرسامییە، هابەرماز، سەرباری ئەو ناکۆکییە گەورەیەی لەگەڵیدا هەیەتی، هەر زوو یەکەم بیرمەند بوو سەرسامی خۆی بە ستایلی نووسین و زمانی ئەم دەربڕیوە. هەر لەم بوارەشدا ستایل و شیوازی نووسینی ئەو تایبەتمەندییەکی دەگمەنی وەرگرتووە کە لە بواری نووسینی پەخشانی فەلسەفیدا تەنیا بە (فردریک نیتچە) دەکرێت بەراوورد بکرێت.

بەمشێوەیە زمانی سڵۆتێردایک زمانی ئەدەبی باڵایە، ئەوەی بیەوێت لەو زمانە تێبگات دەبێت وەک ئەو مرۆڤە موزیشنە وەها بێت کە گوێچکەی موزیکی هەبێت، تۆنەکان، نەشازەکان، هەناسەی نێو ئامێرەکان لەیەکتری جودابکاتەوە، ئاوەها ئایدیاکان، بیرکردنەوە لەپڕەکانی ئەم فەیلەسوفەمان لەلاپەڕەیەکدا چەندەها ڕتیمی جۆراوجۆر وەردەگرێت، بەجۆرێک لەلاپەڕەیکدا چوار بیرۆکە  یان جیهانبینی نوێت پێشکەشدەکات. ئەوەی کە خوێندنەوەی (سلۆتێردایک)  قورسدەکات ئەو حەزە سەیرەی ئەم پیاوەیە بۆ دۆزینەوەی  ( جیهان Welt)، بەڵام نەک تەنها لە چەمکە هایدگەرییەکەیەوە کەسەرسامی خۆی ناشارێتەوە پێی، بەڵکو هەمیشە (لەجیهاندا بوون) In -der – Welt sein دەبێتە کێشەی دیکە وەک (لەژینگەدا بوون)…لێرەدا ئەم نمونە بچوکە دەهێنینەوە لەبەرئەوەی ئەم دوو دەستەواژەیە چەندە لەکوردیدا هێزی ئایدیای لەخۆدا گرتووە کەچی لەزمانی ئەڵمانیدا هێزیکی دیکەی ئانارگی و وزەی زمانەوانی سلۆتێردایک نیشاندەدات. جیهان و ژینگە دوو وشەی جیاوازن لە پیتەکانیاندا، بەڵام لەئەلمانیدا جیهان Welt ڤێلتە  وبەڵام ژینگە Umwelt مانای ئوم ڤێلتە! یاخود دەستەواژەیەکی وەک (نامۆبونی جیهان ) یاخود (جیهانشانۆیی / Welttheater) و (ئەقڵانیەتی گاڵتەجاڕی) و (باخچەی ئاژەڵانی مرۆڤ ) و چەندەها تێرم و وشەگەلی نوێ کەناکرێت لەدەرەوەی زمانی شیرینی ئەڵمانی بەئاسانی بەرامبەرەکەی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمەش وەهای کردووە کەقسەکردن لەسەر سلۆتێردایک و وەرگێڕانی هەمیشە بەر تیرۆژە تیشکی ڕەخنە بکەوێت، کەبێگومان لەوبڕوایەدان ئەم کتێبەمان لەم کەم و کوڕییە بێبەش نییە، کەخودی قورسایی زمان و ئیدیا پڕەکانی ئەم فیلۆسۆفەمان بۆ ئاشکرا دەکات، بەوەی زیاتر حەزدەکات بە نوسەر یان دانەری کتێب ناوزەد بکرێت وەک لەفەیلەسوف، چونکە ڕۆژانە هەزارەها نامەی دکتۆرا لەسەر فەلسەفە وەردەگیرێت، بەڵام (نوسەربوون) لەدایکبوونێکی سەختە و هەموو کاتێک لەم جیهانەدا ڕوونادات.

 ئاوەها ئەم فەیلەسوفەمان نەک هەر یاری زمانەوانی خۆی هەیە ، تەنانەت  چەندەها دەستەواژەی ئاڵۆزی هەیە کەچەندەها شرۆڤەو لێکدانەوە هەڵدەگرێت. بۆ نمونە لەکتێبی (یاسا و ڕیسایەک بۆ باخچەی ئاژەڵانی مرۆڤ، وەڵامدانەوەیەکی نوسراو بۆ نامەیەکی هایدگەر لەبارەی هیومانزمەوە) دەڵێت: (بوون نامەی بڕیاڕدەر دەنێرێت، ووردبینانە قسەبکەم دەڵێم ، کەبوون دەستیان بۆ هاوڕێ ڕۆحانیە ئێستاکیەکانی  هەڵبدەبڕێت ، دەست بۆ ئەو دراوسێانە هەڵدەبڕێت کە سڵاوەکە وەردەگرن … ل٢٩) هەروەها لەشوینێکدا دەڵێت : (مرۆڤ شکستی هێناوە لەوەی ببێت بەئاژەڵ ) هەر بۆیە ئەنتۆلۆژیانە بەدووی جیهاندا دەگەڕێت ، چونکە لە ژینگەدا فەشەلی هێناوە ، لەبەر ئەوە لەجیهاندا بەدووی خۆیدا دەگەڕێت، لەلاپەڕە ٣٤  هەمان کتێبدادەڵێت : مرۆڤ پڕۆدیکتو بەرهەمی لەدایکبوویەکی پەڕگیرە، بەوەی لە مەلۆتگیریەوە   Säugling ببێتە جهانگیر Weltling.. )   ئاوەها خوێنەری ئازیزم لەم نمونە بچوکانەوە دەمانەوێت ئەوە بڵیین کەئەم کتێبە (هەوڵێکە لەنێزیکەوە) یاخود هەوڵێکە بۆ نێزیکبوونەوە لەسڵۆتێردایک، بەشدارییەکە لە فیکری ئەو بەڵام لەگەڵیدا ئێمەش چ لەوەرگێڕانەکاندا و چ لەخوێندنەوەکانمان لەسەر ڕۆشنیەکانی فیکری ئەو، هەوڵمانداوە کەمانچەژەنێک بین لە سەمفۆنیای ئەو ، بێگومان  هەوڵمانداوە ببین بەئەندام لەو کۆڕاڵەی لەپشت مایسترۆکەمان  (سڵۆتێردایک ) وەستاوین ،و هەوڵدەدەین  ڕستە موزیکیەکانی ئەو بڵێینەوە. ئاوەها ئەم کتێبە بەر موزیکیەتی زمانی نیتچەیەک دەکەوێت کەلەسەدەی بیست و یەکدا (نامۆبوونی جیهان ) ڕادەگەیەنیت ، بەڵام بێگومان دوور لەنامۆبوونی مارکس کە چارەسەری ڕیالستی و شۆڕش دەبێتە ئەلتەرناتیڤ، نەخێر، لای ئەم فیلۆسۆفەمان نامۆبوونی جیهان هەوڵدانێکە بۆ نێزیکبونەوە لە(جیهاننەبوونی جیهانی ڕۆحێکی فەرامۆش..ل١٣ ) Sloterdijk,Weltfremdheit, s13..

ئاوەها بەڕێزانم ئەمە سلۆتێردایکە و ئەمەش وەک  ئاماژەمان پێدا ئەو زمانێکی شیعری و پۆیتیکی قوڵی لەناو لێکۆلینەوە زانستی و فەلسەفییەکاندا ئاوێتە کردووە، کە بەجۆرێک وەک شۆڕشێک دەردەکەوێت بەسەر هەموو ترادیسیۆنی زمانە ئەکادیمییە چەقبەستووەکاندا، لەم ڕووەشەوە نەریتچییە ئەکادیمییەکان تانەی لێ دەدەن، بەڵام ئەو شێوازەی نووسین وای لە کارەکانی سلۆتەردایک کردووە کە سنووری بواری ئەکادیمیا بەجێ بهێڵێت و خۆی بگەیەنێتە بوارە جۆراوجۆرەکانی جیهانی خویندنەوە و بیرکردنەوە و هونەر و موزیک و ئەرشیتێکتۆر و دیزاینسازەکانیشەوە. بۆیە ئەو هەمیشە خۆی وەک نووسەری فەلسەفی پێناس دەکات نەک وەک فیلۆسۆف، وە پێیوایە قەیرانی فیکری خۆرئاوا لە قەیرانی زمانەکەیەوە هاتووە، کە نەیتوانیوە لە سنووری لۆکاڵی خۆی دەرباز بێت، لێرەوەیە ئەو لە نووسینەکانیدا بەردەوام دەستەواژەی فەرەنسی و ئینگلیزی و لاتینی و گریکی بەکار دەهێنێت. ئەمە جگە لەوەی لەنووسینەکانیدا میتافەر  و شیعرییەت زۆر بەکار دەهێنێت و زۆر جاریش بە شیوەیەکی بەرفراوان وێنە وتابلۆ دەخاتە نێو نووسینەکانیەوە کە خوێنەر نوقمی تێڕامنێکی فرە ڕەهەند دەکات و لێناگەڕێت بە سانایی بەسەر بیرۆکە و میتافەر و وێنەکاندا تێپەڕێت. ئەدەبناسی ناوداری ئەڵمانی ــ ئەمریکی هانز ئولریش گومبرێشت، پێیوایە لە نیتچە بەدوواوە کەس وەک سلۆتەردایک نەیتوانیوە ئاوەها فراوان بە هێزی زمان و بیرکردنەوەی، کاریگەری لەسەر وەئاگاهێنانەوەی ڕۆشنبیران و ڕای گشتی هەبێت.

پیته‌ر سلۆته‌ردایك

ئیدی وادیارە ئێمە خۆمان فڕیداوەتە نێو سەرکێشیییەکی هەم زمانەوانی و هەم فیکرییەوە کە تەنیا بە هەوڵدانی دەرکردنی ئەم کتێبە گەرەنتی خۆ دەربازکردنمان لەو سەرکێشییە مسۆگەر کردووە. بەڵام ئایا سەرکەوتوو بووین یان نا، ئەوە خوێنەران و پاشەڕۆژ دیاری دەکەن.

 ئەم کتێبە بەرخوردی چەندین ساڵی ئێمەیە لەگەل فیکری ئەم بیریارە زەبەلاحەدا، کە هەم لەدوورەوە لەڕێی کتێبەکانیەوە ناسیومانە و هەم لە نزیکەوە لە کۆڕ و سەمینار و بەرنامەکانیدا بەدیداری گەیشتووین. ئێمە پێمانوایە تایبەتمەندی ئەم کتێبە مسۆگەرکاری سەرکێشییەکەمانە، بەوەی هەم دەقی وەرگێڕدراوی  خودی سلۆتەردایکی تێدایە و هەم ڕانانی کتێبەکانی و هەم نووسین لەبارەیەوە و هەم بەکارهێنانی کەرەسەکانی بیرکردنەوەی سلۆتەردایک لەناو وتارەکانی خۆماندا. هەموو ئەمانە دەبنە کلیلی جۆراوجۆر بۆ کردنەوەی یەکێک لە دەرگاکانی بیرکردنەوەی فراوانی سلۆتەردایک.

ئەم کتێبەی هەردووکمان، هەوڵدانێکە بۆ نێزیکبونەوە لەو (نیگەرانیە لەجیهان)  کەهەردووکمان لەگەڵیدا دەژین و لەڕێگەی نوسینەوە دەست و پەنجەمان لەگەڵدا زبرو توند کردووە!  وەک دوو نامۆبوو لەجیهاندا لەڕۆژهەڵاتەوە بیست ساڵ لەمەوبەر هاتین و لەئەڵمانیدا ئەم نیگەرانیەمان بردە کەنارەکانی فیلۆسۆفێکی گرنگی وەک (سڵۆتێردایک) ڕاستیتان دەوێت ئێمە  لەئەڵمانیای ئیندوستریال و پۆست کاپیتال  لەمەنفادا بووین، بەڵام لەکەنارەکانی فەلسەفەی  سڵۆتێردایکدا مافی پەناهەندەی ئەبەدیمان وەرگرت، ئەم کتێبە هەولدانێکە لەتێگەیشتن لەو ئارامیەی کەئەم بیرمەندە پێیبەخشیووین. بەدیوێکی تردا  پیاوە گەورەیە دووجار شەرەفی ئەوەی پێداین میوانی بەرنامەکەی بین (ڕووبەرێکی فەلسەفی)، هەرچەندە سوور دەیزانی کەدووکەسی هیلاکی ڕۆژهەڵاتین، بەڵام بەو ڕستە کورتانەی لەگەڵماندا دوا، ڕێزیکی زۆری لەوخەمە کوردییە کلتوریەکانمان گرت،  خەمێک تەنها ناسیونالستیانە نییە، بەقەد هێندەی وجودیانەو مەعریفیانەیە، ئاوەها ئەو و هاوڕێی فیلسۆفی (ڕودیگە سافرانسکی) بەجوانی ڕێزیان لەو خەمە دەکرد کەهایدگەر ناویدەنێت (خەمی جیهان)، دەیانزانی بەم توانا کەمەی خۆمان  خەمی کوردبوونمان کردۆتە خەمێکی فیکری، ئەو ڕێزەی  سلۆتێردایک و سافرانسکی  لەهەردووجارەکەدا، ئێمەی بەختەوەرکرد، دواجار هەردووکمان ، وەک میوانی شەرەف لەدوابەرنامەی (ڕووبەرێکی فەلسەفی) بانگهێشت کراین، هەردوو نوسەری ئەم کتێبە بەشانازیەوە سوپاسی ئەو ڕێزە گەورەیەی سلۆتێردایک دەکەین..

دیارە ئەوەی وەک دەستنیشانکردنی هێڵە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سلۆتەردایک لێرەدا ئاماژەی پێ بدرێت دەشێت لەم دوو تەوەرەیەدا کورت بکرێنەوە:

تەوەری یەکەم: سلۆتەردایک و خۆرئاوا

فەلسەفە سەدەیەکە لە سەرەمەرگدایە و نامرێت، لەبەرئەوەی ئەرکەکەی تەواونەبووە. ئەمە یەکەمین ڕستەیە سلۆتەردایک لە دەستپێکی کتێبە ناودارەکەیدا(( ڕەخنەی عەقلی سینیزم)) نووسیبێتی. ئێمە لێرەدا دەپرسین: ئایا سلۆتەردایک چۆن خۆرئاوا و مێژووی فەلسەفی خۆرئاوا دەخوێنێتەوە؟ ئەمە لە هەر یەکێک لەو شاکارانەیدا ڕوویەکی دەردەکەوێت کە تا ئێستا لە قۆناغی جۆراوجۆری ژیانی بیرکردنەوەیدا دەریکردوون. خوێندنەوەکانی ئەو بۆ ئەم مێژووە هەمیشە دیوە نەبینراوەکانمان بۆ دەردەخات، لە کوێدا قسە لەسەر شتە باوەکان کراوە، لەوێدا ئەو دیوێکی ناباوی ئەو جێگەیەمان پیشاندەدات، لەکوێدا قسە لەسەر شتە سەرەکییەکە کرا بێت، لەوێدا ئەو شتە لاوەکییەکانمان بیردەخاتەوە، لەکوێدا دیارەکان ئامادەبن، لەوێدا ئەو نادیارەکانیشمان بۆ دێنێتە ئاراوە. لە یەکەمین کتێبیدا (( ڕەخنەی عەقلی سینیزم)) خەسڵەتێکی سەیر دەدۆزێتەوە کە کرۆکی هەموو عەقلانیەتی خۆرئاوای پێ دەستنیشان دەکات. واتە سینیزم. سینیک وشەیەکی یۆنانییە و مانای سەگ Kyon دێت کە دەگەڕێتەوە بۆ (دیۆگینسی) فیلۆسۆف کاتێک ژیانێکی سادەی وجودییانەی هەڵبژاردبوو لەدژی ژیانە ئەرستۆکرایییەکەی ئەسینا بە شێوەی سەگ قەپاڵی دەگرت لە نەیارەکانی. سینیزم مانای وشەییانەی بریتییە لە (سەگایەتی)، بەڵام لێرەدا بەتەوسەوە خراوەتە بواری ڕەخنەوە و جۆرێک لە گاڵتە پێکردنی هەموو ئەو نۆرمانە دەگرێتەوە کە لامان بوون بە ڕاست و بە ڕاستی.

ئەقڵی گاڵتەجاڕی گەڕانەوەیەکە بۆ ئەو مرۆڤەی کەناوی گاڵتەجاڕی لێدەنێن، بەڵام بۆ تێگەیشتن لەم ئەقڵە دەبێت ئاوڕدانەوەیەکی سادەمان هەبێت بۆ ئەم وشەیە کەڕەگەکانی لەیۆنانی کۆندا داکوتاوە، بابزانین گاڵتەجاڕ کێیە؟، بەکێ دەگوترێت گاڵتەجاڕ. ئەم وشەیە چۆن لەدوایدا وەک چەمک بۆ گوتارەکانی داهاتوومان بەکاردێنین.  ئەم وشەیە وەک چەمک ئاوەها هاتووە کە بە سینزم یان کینیزم ناودەبرێت، گەڕانەوە  بۆ ڕەگەکانی لەزمانی یۆنایدا بە کینزم kynismós  ناودەبرێت، گەر ئەم وشەیە وەرگێڕینە سەر زمانی ئەڵمانی، ئەوا  کینیزم مانای (سەگبوونی„Hündigkeit “) دەگرێتەوە، ئەمەش لەڕوی ماناوە پابەندە بەو گازەی سەگ دەیگرێت لەبەرامبەرەکەی و (گازگری bissig) بەمشێوەیە سینزم یان کینیزم بەو ڕێبازە دەگوترێت کەگاز لەئەوی بەرامبەر دەگرێت لەڕێگەی گاڵتەپێکردنیەوە. بەڵام ئەم چەمکە هەر لەخۆڕا ناتوانین لەگەڵ سوعبەتچی و گاڵتەچیدا تێکەڵی بکەین، بەڵکو دەبێت بەئاسانی لەوە تێبگەین کە سینیزم ئەو جۆرە شێوازە دەربڕینە گاڵتەجاڕیەیە کەڕەخنە لەتێزیک و بیروڕایەکی تایبەت یان دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی دەگرێت. مرۆڤی گاڵتەجاڕ لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤێکە لەڕێگەی گاڵتەکردن ڕەخنەکانی خۆی نمایشدەکات. ئەم ڕەخنەیە وەک گازگرتنێک وەهایە لەوی بەرامبەر. کینکار، سینیکار یان گاڵتەجاڕ ئەو کەسەیە کە تەعبیر لەشێوە ژیانیکی تایبەت دەکات و شیوازێکی دیکە ڕەتدەکاتەوە. ئەم ڕۆحە گاڵتەجاڕیە تەنها لەپێناو گاڵتەکردندا نییە، بەڵکو لەپێناو لەقکردنی شێوازیکی دیکەی ژیانە کەکەسی گاڵتەجار ڕەخنەی توندی لێدەگرێت.

 ئەم کتێبە(( ڕەخنەی عەقلی سینیزم))  لە یادی دووسەدساڵ تێپەڕین بەسەر کتێبەکەی( کانت) دا (( ڕەخنەی عەقلی پەتی))  دەردەچێت وەک گاڵتەجاڕییەک بەو بانگەشەیەی دەگوترێت مرۆڤ لە ڕۆشنگەری بەدوواوە زیاتر بەعەقلانی بووە!، لەکاتێکدا ئەم کتێبە مێژووی کولتورییانە و سیاسییانە و پسایکۆلۆژییانەی ئەو دوو سەد ساڵەمان بۆ ڕاڤەدەکات و پێمان دەڵێت لەم ماوە مێژووییەدا مرۆڤ وێرانە و کارەسات و جەنگی گەورەی بەرهەم هێناوە، ئەمە جگە لە ناعەقلانییەت ئەبێت چی تر بێت؟  ماوەی دوو سەد ساڵە تا دێت دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تاکدا تۆکمە تر دەبێت، سینیزم ڕێچکەیەکی بەرگرییکاری وجودییانەیە دژ بەباڵادەستی دەوڵەت. سینیزم بەرگرییکردنە دژی ئەو دەسەڵاتەی ناچارمان دەکات بکەوینە ژێر جەبری مۆراڵەوە. سینیزم لەم کتێبەدا جۆرێکە لە وجودییەتێکی بەرگریکار، نەک تەسلیم بوو: (( پاڵهێزی سینیزم بریتییە لە بەرپەرچدانەوەی ئەو داوایەی کە دەسەڵات داوات لێدەکات لەبەردەمی مۆرال و نۆرمەکان دا بچووک بەرەوە. هەڵبژاردەی زێدەڕەوییەکان ل٣٢)).

 لەم کتێبەدا سلۆتەردایک کارکردنێکی تەواو بە چەمکی ڕەخنە دەکات، لەو قۆناغەدا کە تیۆری ڕەخنەیی قوتابخانەی فرانکفۆرت باڵی بەسەر ئاسمانی هەموو ئەڵمانیادا کێشابوو، دەرکەوتنی ئەم کتێبە بووە سەرەتاکانی ماڵئاواییکردن لە خۆری فرانکفۆرتییەکان. ڕەخنە لای (سڵۆتەردایک) پرۆسێسێکە لە ئەنجامی ئازارەوە دروست دەبێت، کاتێک هەقیقەت و ڕاستییەکان دەبنە پێوەر و مۆراڵێکی خۆسەپێن، تەنیا هۆشیارییەکی گاڵتەجاری سینیک دەتوانێت بەدرۆیان بخاتەوە، سینیزم کە هاوناوێکی ترە بۆ ڕەخنە هیچ نییە جگە لە بەدرۆخستنەوەی پێوەرەکان و مۆرالەکان و هەقیقەتەکان، چونکە: (( هەموو ڕەخنەیەک بریتییە لە کارێکی سەرەتاییانە لە ئازاری زەمەندا وە شتێکیشە لە چارەسەرکردنێکی نموونەییانە…. ڕەخنە، واتە سینیزم بەکردەوە. ئەوە زەبرە ڕووتەکە نەبوو کە فیلۆسۆفانی خامۆش کردبوو، بەڵکو ئەوە زەبری ڕووتێتی بوو. ڕەخنەی عەقلی سینیزم. ل ٢٦ــ٢٧)).

سلۆتەردایک لە دیدارێکیدا دەڵێت: ڕەخنەی عەقلی سینیزم بریتییە لە هەوڵی ئەوەی کارەساتی ((بەرزە من)) ی ئەوروپی دووبارە هەڵچنێتەوە. ئەوە کتێبێکە وەک پێرفۆرمانسێک دەردەکەوێت. ئەو کتێبە ڕەخنەگرتن نییە لە ڕۆشنگەری، بەڵکو بریتییە لە درێژەپێدانی ڕۆشنگەری لە پلەیەکی ڕیفلەکتیڤدا، ڕۆشنگەرییەکە لەسەر ڕۆشنگەری. هەڵبژاردەی زێدەڕەوەکان ل٣٠.

ئێمە وای دەبینین کتێبی ڕەخنەی عەقلی سینیزم، ئاودانێکی تری جیاوازی درەختی فەلسەفییە بەدەستی ئاودێرێکی زۆر شادیهێن، سلۆتەردایک خۆی دەڵێت: ئەو خەونەی من شوێنی دەکەوم، ئەوەیە درەختی سەرەمەرگی فەلسەفە ببینمەوە جارێکی تر چرۆ دەربکاتەوە، بە گوڵی ئیدیای ڕەنگاورەنگ، سور، شین و سپی ڕازابێتەوە بە ڕەنگەکانی سەرەتا کە جاران لە گریکی کۆندا، کاتێک کە تیۆریا پەیدابوو، وە کاتێک کە بەڕوونی عەقل کەوتە زمان. داخۆ لەڕووی کولتورییەوە ئێمە هێندە پیرین، کەنەتوانین ئەو ئەزموونە دووبارە بکەینەوە…. من گفتی هیچ بەهایەکی نوێ نادەم. ئەم کتێبە دەیەوێت شوێن ئەو ئیدیا قووڵەی لەناوبردنی جیهان بکەوێت کە زانستی شادی لەسەر وەستاوە…. ڕەخنەی ئەقلی سینیزم. ل٢٨ــ٢٩)).

سلۆتەردایک زۆر بەوە دەناسرێتەوە کە گەڕ بەهەموو شتە باوەکان دەکات، بەگژ هەموو ئەو دەمووچاوانەدا دەچێتەوە کە خۆیان زەق دەسەپێنن، لەمەشدا هەموو ئەو کەرەسانەی لەبەردەستدایە کە وەک چەکێکی فیکری ڕەخنەیی بەکاریان بهێنێت، کەرەسەکانی وەک، زمان، ئیدیا، ئەرگومێنت، ستایلی نوووسین و لە پاڵ ئەمانەشدا ئامادەبوونی بوێرانەی لەسەر شانۆکانی ژیان، ئەو لە کتێبەکەیدا لەسەر ماتەریالیزمی نیتچە کار بۆ ئەوە دەکات بیریار لەتەماشاوانی شانۆی ژیانەوە بخاتە سەر خودی سەکۆی شانۆکە. لە دیدارێکیدا باس لە هونەری ئەو بەگژداچوونەوەیە دەکات و دەڵێت: ( ئەگەر  من شتێکی باشم پێ کرابێت، ئەوە لەڕاستیدا، هێندەی لەبیرم بێت، هی ئەوە بووە کە من هەرگیز سڵم لە هیچ ترسێک نەکردۆتەوە، بەپێچەوانەوە، من هەموو ئەو شتانەم کردووە کە سامناک بوون بەلامەوە و هەرگیز ئەو مەیلەم نەداوە بەدەستەوە کە لە ماڵەوە بمێنمەوە و خۆم حەشار بدەم. وتەیەکی زانایەکی هیندی هەیە تاوەکو ناو ئێسکەکانم هاتووە: ئازایەتی پیاوی سەرشێت پێویستی بەوەیە تاوەکو سەر لوتکەی نەکردەکان بیبات. سلۆتەردایک. هونەری بیرکردنەوە. ل٨)).

ڕەخنە، گۆڕان، شۆڕش مۆتۆڕی بزواندنی فیکری سلۆتەردایکن. خودی کارەکتەر و سروشتی ئەم مۆتۆڕانەش دووراییەکی هەمەکی و یونیڤێرسالی ئەوتۆیان هەیە، کە هەموو سنوورە لۆکالییەکان و هەموو چێوە نەریتییەکانی ژینگەی خۆی تێدەپەڕێنێت. ئەو لە کتێبی (( خودهەوڵدان))دا هەموو کارەکانی خۆی بە (( ئەرکیۆلۆژیای شۆڕش )) ناودەبات. ڕەخنەی سەرەکی ئەو لە زاڵبوونی عەقلە لەناو بیری فەلسەفی خۆرئاوادا، ئەمەش وای لە گوتاری کولتورییانەی خۆرئاوا کردووە نەتوانێت فەرهەنگە ڕۆحییەکانی تر ببینێت و هەموو هەستە باڵاکانی تر لەچاویلکەیەکی ناعەقلانیدا ببینێت. ئەو پێوەرێکی هەمەکی بۆ رەوتی گەشەکردنی ڕۆح و عەقل و هەستەکان بەکار دەهێنێت. سەفەری بۆ هیندستان و نیشتەجێبوونی چەند ساڵێک لەوێدا کاریگەرییەکی ڕۆحی و دەروونی و هەستیی قووڵیان لە پێکهاتەی فیکری و دەروونی سلۆتەردایک دا بەرپاکردووە، لەهەمانکاتدا قووڵبوونەوەی بە فیکری فەلسەفی سەردەمانی بەرسوکرات و دواتر بەناو کلاسیک و سەدەکانی ناوڕاست و ڕۆشنگەری و سەردەمی نوێ ی ئەوروپی دا و تادەگاتە سەفەری فیکرییانەی بۆ ئەمریکا پێکەوە ئاوێتەیەکی فەلسەفی هەمەکی وەهایان لێ ئەفراندووە کە بەڕاست سلۆتەردایک کتومت ئەو بیرمەندە بێت کە نیتچە پێشبینی کردووە: (( من وەها وێنای بیرمەندی داهاتوو دەکەم، کە تیایدا بزێوی ئەمەریکی و ئەوروپی گرێ دەدرێتەوە بە ئارامی و خەڵوەتی ئاسیاییەوە. بێگومان پێکهاتەیەکی ئاوەها مەتەڵی جیهان شیدەکاتەوە…)).

ڕوویەکی جیدیەتی ئەم ئیشکردنەی سلۆتەردایک لەوەدایە کە زۆر گاڵتەئامێزانە و بە فوکاهەیەکی خۆشەوە مێژووی فەلسەفی دەگێڕێتەوە، هەروەها  ئەو خودی بیرۆکەکان و هەستەکانی ئەزموونکردوووە، ڕاستەقینەیی ئیدیاکن تەنیا لەوێدان کە خود ئەزموونیان بکات، بەبێ ئەزموونکردن و ژیانکردن، بەبێ هەبوونی ئازار وداخ و پاسیۆن، هیچ بیرۆکەیەک ناتوانێت لەمنداڵدانی خەیاڵەکەیدا بێتە دنیاوە. خودی شۆڕش لەجەوهەردا بریتییە لەم ئەزموونکردنە. ئەو لە کتێبەکانی هاتنە زمان و هاتنە جیهان، هەروەها لە بیریاری سەر شانۆ، وە (توڕەیی و کات) و (تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت) دا هەموو تێزەکانی وەک ( لەدایکبوون) و (چوونە جیهان)، وە (سەروەری و شانازی و توڕەیی و تێزەی تیمۆس و  مەشق و هەڵکشانی ستوونی)  بریتین لەکۆی ئەو بیرۆکە ئەزموونکراوانەی بەردەوام خودی دانەرەکەی ژیاندوونی.

لەیاداشتەکانیدا بەناوی (( دێڕەکان و ڕۆژەکان )) خۆی ئاماژە بەوە دەدات کە ڕستەیەک نییە نووسی بێتی و خۆی نەیژیاندبێت. هەروەها لە دیدارێکیدا دەڵێت: مرۆڤی خوێندەوار و فێربوو کەسێکە بتوانێت ڕۆمانی ژیانی خۆی بنووسێتەوە، واتە سەرەتا شتەکان ئەزموون بکات و دواتر بیانکاتە کارێکی هونەری، ئەمەش ئیندیڤیدوالیزمە. (( هەڵبژاردەی زێدەڕەوییەکان. ل٢٨٨)).

لێرەوەیە سلۆتەردایک وەک دیۆگینیس، وەک نیتچە، وەک کیرکیگورد نووسین لەسەر لەحزە ڕۆحییە فەردییەکان و لەسەر هەستەباڵاکانی مرۆڤ و لەسەر شوێنە حەشاردراوەکانی ژیان و لەسەر بزوێنەرە نادیارەکانی جیهان دەنووسێت. ئەو مەشقکارێکە، جاویدێکە، ئەسکێتیکەرێکە لەسەردەمێکدا زۆر دەگمەن مەشقکاری وەهای تێدا هەڵدەکەوێت. ئەو فیلۆسۆف وەک پەروەردەکارێک دەبینێت، کار لەسەر پەروەردەکردن و ئامۆژگاریکردن و ئاراستەکردنی مرۆڤ دەکات. مرۆڤ خۆی کێیە و چییە؟ لای سڵۆتەردایک بونەوەرێکی هەم دەوڵەمەندە بە هەموو هێز و توانستەکانی و هەم هەژار و ناتەواوە و هەموو ئیشکردنی بیری ئەو کارکردنە لەسەر ئەم بوونەوەرە نوقسانە کە کار لەسەر بەرکەماڵبوون و تێپەڕاندنی خۆی دەکات، لای ئەو مرۆڤ هەمیشە وێڵی خۆبەرکەماڵکردنە. ئەو لە بواری مرۆناسیدا چەمکێکی تایبەت بەکار دەهێنێت، (ئەنترۆپۆتەکنیک) واتە تەکنیکە مرۆییەکان، کە هەموو ئەو تەکنیکانە دەگرێتەوە مرۆڤ بۆ مانەوە لەژیاندا و بۆ تێپەڕاندنی دۆخی مرۆیی خۆی و بۆ گۆڕانبوون بەرەو خودچاککردن بەکاریان دەهێنێت، واتە وەک خۆی دەڵێت ئەو کار لە تیۆرییەکی بنەڕەتییانەی مرۆڤی نائامادە دا دەکات (( هەڵبژاردەی زێدەڕەوییەکان ل٣٣)). لە وتارە ئاگراوییەکەیدا ((چەند ڕێسایەک بۆ باخی مرۆڤ)) وە لە کتێبە گەورەکەیدا ((تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت)) هەموو ئەو ڕەهەند و توانستە پەنهانانەمان لەنێو کولتورەکاندا بۆ دەدۆزێتەوە کە گەورەیی و هێز و توانین و ویستنەکانی مرۆڤ دەردەخەن، بەڵام مۆرالیزمی باو، ترادیسیۆنی بۆماوە ڕێگرییان لە بەهێزکردنی توانستەکانی مرۆڤ کردووە، سلۆتەردایک دێت و ئەو مۆرالیزمە تێدەپەڕێنێت. لای هیچ بیرمەندێک وەک سلۆتەردایک هێندە بەرز مرۆڤ نانرخێنرێت، ئەو مرۆڤ وەک ئەکرۆپاتیکێک دەبینێت کە دەتوانێت نەشیاو و نەکردە بکات، لەکوێدا مرۆڤ ئیشی کرد بزانە لەوێدا پێداویستی گۆڕانکارییەک فەرمانی پێدەدات، ئەو پێیوایە لە شوێنێکدا شتێک نەتوانرێت بکرێت، مرۆڤ دەتوانێت لەوێشدا شتێک بکات. بەمپێیە، کۆسپەکان و ڕێگرەکان و قەیرانەکان ڕۆڵی خوداکان دەبینن، ئەوانن لەسەرەوە چاودێریمان دەکەن و داوامان لێ دەکەن خۆمان بگۆڕین، دۆخەکە چیتر بەو شیوەیە ناتوانێت درێژە بکێشێت. ئاە… مرۆڤ چ توانستێکی قووڵت لەناخدا شاردۆتەوە.. نۆرمەکان، مۆرالەکان چەپاندوویانە، تۆ پێویستە  ژیانی خۆت بگۆڕیت، تۆ پێویستە گۆڕانی خۆت بژیت. سلۆتەردایک لە (( تۆدەبێت ژیانت بگۆڕیت )) لە نەسکی (( تەنیا پەککەوتەکان و کەمئەندامەکان دەرباز دەبن)) دا دەڵێت:(( لەکوێدا یەکێک ڕابکات، لەوێدا شەلێک هەیە))، قووڵی ئەم ڕستەیە دەمانباتە نێو قووڵی خودی مرۆڤەوە، واتە  بۆچی مرۆڤ ڕادەکات، چونکە دەزانێت بەخاوی دواکەوتووە، ئەوەی بزانێت دواکەوتووە، بۆئەوەی بمێنێتەوە و تیانەچێت دەبێت ڕابکات، ئەو کەسەشی ڕابکات لەبەرئەوە ڕادەکات بۆئەوەی کەماسییەکەی خۆی بشارێتەوە. لێرەوە دەبینین شۆڕش لای (سلۆتەردایک) بریتی نییە لە قڵپکردنەوەی دۆخەکە، بەڵکو بریتییە لە واڵاکردنەوەی، بریتییە لەکردنەوەی دەرگا کڵۆمدراوەکانی توانین و ویستن. پێموایە ئەم دوو چەمکە ((توانین و ویستن)) لەزۆر کاری سلۆتەردایکدا دەبنە دەزوولەکانی چنینی ڕایەخی فیکری ئەو. هەر ئەم دوو چەمکەشە کە دەبنە دوو تەکنیکی سەرەکی دەستکاریکردنی دۆخێ مرۆییمان و جۆرێک هونەری بەرگریکردنمان لەبەردەم هەڕەشەکان دا پێ دەبەخشن. واتە دەبنە مایەی سازدانی سیستەمی بەرگری/ ئیمون سیستەم لەژیاندا. ئەم سیستەمەش یەکێکە لەو بیرۆکە سەرەکییانەی سلۆتەردایک بەبەردەوامی دەگەڕێتەوە سەری و بە شێوەی جۆراوجۆر بەرفراوانکاری تێدا کردووە و جۆرێک لە بیری ئیمۆن ئەنترۆپۆلۆژی داهێناوە. لای ئەو ژیان هیچ نییە جگە لە دروستکردنی کایەکانی ئیمون سیستەم. ماڵ، خانوو، دەوڵەت، واتە هەموو کایەکانی پێکەوەبوون بریتین لە تەکنیکەکانی ئیمون سیستەم، ئێمە بۆ بەرگریکردن دروستیان دەکەین. ژیانیش هیچ نییە جگە لە مانەوە لەژیاندا و بەزیندوویی مانەوە. لەبەرئەمەیە مرۆڤ بەردەوام لە هەوڵدان و لە خۆفێرکردندایە، لە خۆگۆڕیندایە و لە  ئیش لەخۆکردندایە لە پێناوی ئەوەی لەژیاندا بمێنێتەوە.

 لەڕووی کاریگەری سەرچاوە فەلسەفییەکانی تر لەسەری (سلۆتەردایک) خۆی لە خێزانی نیتچەیی، شۆپنهاوەری و کیرکیگورد دا دەبینێتەوە، بەڵام بڕێکی باش هایدێگەر، فرۆید، ئەدۆرنۆ، مارکس، فۆکۆ، دۆلۆز، وە لە ئەدیباندا ڕیلکە، سیلان، شەکسپیر، دەستۆیەڤسکی و سیۆران لەکارەکانیدا دەبینرێت. بەڵام بە تێکڕا دەشێت تەنیا بە نیتچە بەراورد بکرێت، پێموایە سلۆتەردایک ئەو یاریکەرە گۆڵکەرەیە کە نیتچە پاسی داوەتێ گۆڵ بکات. بەڵام ئەو لەهەموو سەرچاوەکانی تریش ئاو دەخواتەوە و هیچ فیلۆسۆفێک نەرێ ناکاتەوە و بەردەوام لە دیالۆگدایە نەک مۆنۆلۆگ. لەم کتێبەکەیدا ((ڕەوشە فەلسەفییەکان)) کە مێژووی کارەکتەرە فەلسەفییەکان لە پلاتۆنەوە بۆ فۆکۆ دەخوێنێتەوە، ئێمە چەند بەشێکیمان وەرگێڕاوە و لەم کتێبەی بەردەستدا هەن، لەڕاستیدا دەشێت ناونیشانی ئەو کتێبە بریتی بێت لە پلاتۆنەوە تا سلۆتەردایک، چونکە لەم کاروانە مێژووییەدا پەسنێکی هێندە جوان و وردی هەموو ئەو کارەکتەرانە دەکات کە چۆن هەریەکەیان وێستگەی تایبەتی خۆی دروستکردووە و خوێنەر هەست دەکات لەو زریزەیەدا سلۆتەردایک تا ئێستا بریتییە لەدواهەمین مرواری و دواجار ئەو ملوانکەیەک لەو مروارییانە دەهۆنێتەوە.

 سلۆتەردایک فیلۆسۆف و نووسەر و دانەرێکی ئازادە، سەربە هیچ لایەن و دەزگایەک نییە. ئەو لەڕێی کارەکانییەوە ئیش لەسەر بەرجەستەکردنی ڕۆحی سەردەم دەکات، واتە خۆی بەو ئامراز و میدیۆمە دەزانێت کە لێیەوە ڕۆحی سەردەم ئازادانە، بەبێ ئەوەی کەسێک بیژەنێت، خۆی دەست دەکات بە دەربڕینی دەنگی جیهان، لە شوێنێکدا دەڵێت: من پیانۆیەکی ئۆتۆماتیکی ڕۆحی سەردەمم.

پیتەر سلۆتەردایک جگە لە کارە فەلسەفییەکانیشی،  بۆ ماوەی دە ساڵ بەرنامەیەکی فەلسەفی هەبوو لەگەڵ هاوڕێی تەمەنیدا سافرانسکی لە کەناڵی دووی ئەڵمانی و ئێمەیان چەندجارێک بانگهێشتی بەرنامەکانیان کردووە. هەروەها ئۆپێرایەکی نووسیوە بەناوی بابیلۆن. سلۆتەردایک لەگەڵ چەند هاوەڵێکی دا خەڵاتێکیان دامەزراندووە بەناوی ((میشکین))کە پاڵەوانە گێلەکەی دەستۆیەڤسکییە، بۆ ئەوانەی بەشدارییەکیان هەیە لەهەر بوارێکی مرۆدۆستی و ژینگەدۆستی و ساڵانە دەیبەخشن. بەم پێیە سلۆتەردایک لە ڕێی دەرکەوتنە جۆراوجۆرەکانیەوە، لە زانکۆکان، لە هۆڵەکانی سەمینار و لەناو ستۆدیۆی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنەکان و لەناو ڕۆژنامە وگۆڤارەکان دا کاریگەرییەکی فراوانی لەنێو کایەی ڕوناکبیری ئەڵمانیدا هەیە و تێزەکانی بەردەوام ئاگری گفتوگۆ هەڵدەگیرسێنن. سەبارەت بە پێشکەشکردنی بەرنامەی فەلسەفی لە تی. ڤی. دا دەڵێت: (( فەلسەفە لە تەلەفیزیۆندا بریتییە لە ئەنتی سێرک لەناو سێرک دا… وە دەرکەوتنم لە تی . ڤی. لەو هەستەوەیە کە لەکاتی پەککەوتنی زانکۆدا، فەلسەفە دەبێت میدیای تر بدۆزێنتەوە… لەسەرووی ئەمەشەوە، من کەسێکم ئەگەر خۆشم پیشان بدەم، هێشتا دیوێکی شاراوەم هەیە…هەڵبژاردەی زێدەڕەوەکان. ل١٣٣ـ١٣٤)) . لێرەدایە ئێمە وەک خوێنەری ئەم بیریارە گەورەیە لەخۆمان دەپرسین چۆن بتوانین، (پرۆمیسیۆس) ئاسا، پریشکێک لەم ئاگرە بدزینە ناو تاریکستانەکەی فەرهەنگی کوردییەوە کە تاوەکو نەها شتێک لەبارەی مرۆڤناسییەوە نازانێت.

سلۆتەردایک و ئێمە..

 ئێستا ئێمە پریشکێکمان لەو ئاگرە دزیوە. مەگەر خودی عەقل و ڕۆح و شارستانی، ئەوەی هیراکلیتس و هایدێگەر و دێریداش باسیان لێوە دەکرد، بریتی نییە لە ئاگر؟  ئایا ئەوەی ئاگری هێنایە نێو فەرهەنگی کوردییەوە، مەولانای نەقشبەندی نەبوو ئاگری ڕۆحێکی نوێی هەڵگیرساند؟ ئەوە موکریانی وپیرەمێرد نەبوون ئاگری ڕۆشنگەری و خوێندەوارییان لەڕێی چاپخانەکانیانەوە هێنا؟ فەرهەنگ هیچ نییە جگە لە پرۆسێسی خۆتێکەڵاوکردن بە فەرهەنگی تر. جگە لە لاساییکردنەوەی فەرهەنگی تر. لاساییکردنەوە بەمانای ئەوەنا کتومت وەک ئەوی تر بکەیت، بەڵکو بەمانای تەماشای ئەویتر بکەیت بزانیت ئەو چۆن خۆی باشتر دەکات تۆش وەک ئەو بکەیت. وەک سلۆتەردایک دەڵێت بەچاوی ئەویتر تەماشای دنیا بکە. خودی ژیان بریتییە لە تەماشاکردنی ئەویتر. فەرهەنگەکانیش بەدرێژایی مێژوو تەنیا لەناو پرۆسێسی خۆئامێزاندن و خۆموتوربەکردن و ئیرەیی بردن بەوانیتر شێوەگیر بوون. گابرێل تاردە و  ڕینیە ژیرارد وەک دوو سۆسیۆلۆگ کاریان لەم تێزەیەدا کردووە و سلۆتەردایکیش  لە زۆر شوێندا بەرخوردی فیکری لەگەڵدا کردوون. واتە لە تەواوی فەرهەنگەکانی مرۆڤایەتیدا، فەرهەنگی پەتی بوونی نییە، بەڵکو ئاوێتە و تێکەڵە و موتوربەکراوو ئاوێزەبوو هەن.

ئەم کۆششەی ئێمە لێرەدا دەیدەین خۆی لەنێو ئەو چوارچێوەیەدا دەبینێتەوە. دەمانەوێت کەوی ڕۆحی کوردی لە قەفەسەکەی خۆی بێتە دەرەوە، لە گوێچکەی ئێمەدا، ئەو قاسپەیەی کەوی ڕۆحی کوردی لەناو قەفەسەکەیدا دەیخوێنێت، خودگەراییەکی کوردی نییە، بەڵکو ئەوساتە دەبێتە سوبیەکتێکی کوردی گەر ڕەها بکرێت بۆ دیداری کەوی ڕۆحەکانی تر. خودگەرایی بریتیی نییە لە جەوهەرە وەستاوو جێگیرەکە، بەڵکو بریتییە لە دۆخە بزێوو گەڕۆکەکە. 

بیری سلۆتەردایک کار لەسەر زیانگەیاندن بە یەکڕەگەزنامەیی و یەک ناسنامەیی کولتوری خۆرئاوایی دەکات، ئەوەی نیتچە پێیوابوو، فەلسەفە بریتییە لە زیانگەیاندن بە گەمژەیی، ئەو گەمژەیی لە خۆچەقبەستنەدا دەبینێتەوە. فیکری ئەو سەفەرێکی گەردوونییە بەنێو جیهانە ڕۆحی و عەقلانی و زانستییەکەی ژیاندا.. هیچ فیلۆسۆفێک لەمڕۆدا وەک سلۆتەردایک هێندە هەمەکی بیرناکاتەوە، لەناو بیرکردنەوەی ئەودا هەموو ئەو ئیلەمێنتانە هەن کە ڕەوشی ڕۆحی خۆرهەڵاتی هەڵگرتووە و لەهەمانکاتیشدا میزاج و تێمپەرامێنتە خۆرئاواییەکەشی هەڵگرتووە. ڕۆحانیەت، جاوید و مەشق، موزیک، تێڕامان و ڕاوێژکاری، فێربوون و پەروەردەبوونی ڕۆحی و عەقلی بریتین لەو تەکنیکە مرۆییانەی کە کولتوری باڵا ئەفراندوویەتی و لەمڕۆژگارە پۆستمۆدێرنەیەدا بەرەو پوکانەوە دەچن. مرۆڤەکان بوونەتە زێدەخۆر و زێدە بەکاربەر و مشەخۆر و چنۆک، ئەمە وێنەی دوامرۆڤە. لە ڕۆژگارێکی ئاوەهادا تێڕامانی فەلسەفی چۆن کۆمەکمان دەکات.

دیارە ئێمە لەم خاڵەوە دەست پێدەکەین کە فیکری سلۆتەردایک تێکڕا ڕەخنەگرتنە لەو کولتورە و داوای گۆڕینی شێوازی ژیانکردن دەکات. ئەم دەستپێکە بەسە بۆ ئێمە بەڵگەنەویستەیەکی شۆڕشگێڕانەی خۆیمان پێ ببەخشێت. لەم حاڵەتەدا جیهانی کوردی کە خاڵی نییە لە تەنگژە و ئاریشە ئیتیکی و ئاگایی و ئیستاتیکی و پێداگۆگییەکان، ئەوا بیری سلۆتەردایک کۆمەکی ئەوەمان دەکات فێری ئەوەبین جیهانی خۆمانی پێ بخوێنینەوە و ڕەخنەی لێبگرین. ئەمە سەرباری ئەوەی فێری جۆرە شێواز وبیرکردنەوەیەکی تەواو ناباوو جیاوازمان دەکات کە جیهانی خۆمان هیچ ئاشنایەتییە لەگەڵدا نییە.

  کەم فیلۆسۆف هەیە لەخۆرئاوا لەچێوەی کولتوری خۆرئاوا چووبێتە دەرەوە، وەک چۆن کەم فیلۆسۆفی خۆرئاوا هەیە لە ژووری بیرکردنەوەیدا جگە لەئاوێنەی بینینی خۆی پەنجەرەی لەسەر کولتورەکانی تردا واڵاکردبێتەوە، بەهەمان پێوانە کەم فیلۆسۆفیشیان هەیە ڕەنگدانەوەی کۆی ئەو فەرهەنگەباڵایانە بن کە مرۆڤ بۆ مرۆڤایەتی ئەفراندوویەتی. سلۆتەردایک بەدانسقە یەکێکە لەو فیلۆسۆفانەی ڕۆحیەتێکی خۆرهەڵاتی هەڵگرتووە.. لە نووسینەکانیدا گەلێک بایەخ بە هەستە باڵاکانی مرۆڤ دەدات کە عەقلانیەتی خۆرئاوا هەموو وەلا خستووە، گەلێک بایەخ بە شێوە ژیانی سادەییانە دەدات، وەک هونەری بەرگریکردن لەژیان. ئەو تەنانەت خودی دەرکەوتنی بەقاتێکی ڕەشی کۆنی بێ بۆینباخەوە، بەقژو پرچ و سمێڵێکی درێژ و ئاڵۆزکاوەوە کە وەک خۆی دەڵێت لە شەست وهەشتەوە نەچووە بۆ ساڵۆنی سەرتاشخانە. هەموو نیشانەی ڕەفزکردنەوەی کولتوری باوە، نیشانەی بەرخوردێک ومەشقێکی جاویدانەیە لەتەک ژیاندا. بۆ فەرهەنگی کوردی پێویستە لە ئێستادا بەم جۆرە فیگورە، بەم جۆرە عەقلە ئاشنا بێت. ئێمە دەتوانین گەلێک شتی لێوە فێربین.

کۆی ئەم نووسینانەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدایە بەشێوازی جۆراوجۆر شتێک لە دنیای فراوانی بیرکردنەوەی سلۆتەردایک دەخەنە ڕوو، گەر ئاو لەدووی بێڵی تەمەنمانەوە بێت، ئەوا بەردەوام دەبین لە گوستنەوەی فیکری ئەم بیرمەندە گەورەیە.

سلۆته‌ردایك له‌نێزیكه‌وه‌

کارە بڵاوکراوەکانی سڵۆتێردایک

  1. 1. ڕەخنەی عەقلی سینیزم. ١٩٨٣

٢. درەختی جادوو. ڕۆمان. ١٩٨٤

 ٣. بیریاری سەر سەکۆ. سەبارەت بە ماتەریالیزمی نیتچە.١٩٨٦

٤. مۆبیلەکردنی کۆپەرنیکۆسی و چەکداماڵینی پەتلیمۆسی. ١٩٨٦

٥. هاتنە جیهان، هاتنە زمان. ١٩٨٨

٦. گفت بە ئەڵمانی ١٩٩٠.

٧. نامۆیی جیهان . ١٩٩٣

٨. لە هەمان بەلەمدا.١٩٩٣.

٩. ئەگەر ئەوروپا بەئاگا هات. ١٩٩٤.

١٠. هۆی پتەوی پێکەوەبوون ١٩٩٨.

١١. کایەکان. بەرگی یەکەم. بڵقەکان. ١٩٩٨.

١٢.  کایەکان. بەرگی دووەم. گۆکان. ١٩٩٩.

١٣. چەند ڕێسایەک بۆ باخی مرۆڤ. ١٩٩٩.

١٤. لەسەر باشترکردنی مزگێنییەکان. سەبارەت بە سەدساڵەی مەرگی نیتچە. ٢٠٠٠

١٥.  شەونمی بەرمودا. دەربارەی هەندێک ڕژێمی خەیاڵ.٢٠٠١.

١٦. ڕزگارنەکراو. چەند هەوڵێک بەدووای هایدێگەردا. ٢٠٠١.

١٧. خۆر و مەرگ. لێکۆڵینەوەی دیالۆگی لەگەڵ هانز یورگەن هاینریکس دا. ٢٠٠١.

١٨. خانەی شوشەیی مرۆڤ. ٢٠٠١.

١٩. بالەرزە. سەرچاوەکانی تیرۆر.٢٠٠١

٢٠. کایەکان. بەرگی سێیەم. کەفەکان. ٢٠٠٤.

٢١. لەشوێنی ناوەوەی جیهانی سەرمایەدا. ٢٠٠٥.

٢٢.  توڕەیی و کات. ٢٠٠٦.

٢٣. فەرمانی ئیستاتیکی. ٢٠٠٧.

٢٤. دێریدای میسری ٢٠٠٧.

٢٥.  جۆشی خودا. لەبارەی شەڕی  سێ مۆنۆتایزمەکەوە. ٢٠٠٧.

٢٦. تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت. ٢٠٠٩.

٢٧. ڕەوشە فەلسەفییەکان ٢٠٠٩.

٢٨. مەرگی ڕوالەت لەبیرکردنەوەدا. ٢٠١٠.

٢٩. فشار و ئازادی. ٢٠١١.

٣٠. دێڕەکان و ڕۆژەکان. ٢٠١١.

٣١. فەرەنسای من .٢٠١٣.

٣٢. لەسێبەری سینادا. ٢٠١٣.

٣٣. ڕەنگدانەوەی شتێک کەچیتر ناسیاسییانە نییە. ٢٠١٣

٣٤. هەڵبژاردەی زێدەڕەوییەکان. ٢٠١٤

جگە لەمانەو لەو وانە و گوتار و دیدارەگەلەی ناوبەناو دەردەکەون، وا چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی ئەمساڵدا ئەم چەند کتێبەشی بە چاپ بەگەیەنرێن:

٣٥. مناڵە ترسناکەکانی نوێکات.

٣٦. داستانە گەورەکان.

٣٧. خودا، ڕۆح، پارە.

٣٨. قەدیس و تەڵەکەباز..

چەندان بەرهەمی دیکە ..

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین

You might also like More from author

Comments are closed.