كۆمه‌ڵه چیرۆكی (سلێمانییه‌كان ) ئه‌زموونێكی گرنگی چیرۆكی كوردییه، شێوازێكه ڕۆلان بارت گووته‌نی؛ مرۆڤێكه و به‌ڕێدا ده‌ڕوات. قاچه‌كانی هی خۆیه‌تی، كه‌ته‌نها قاچی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه، نه قاچی له‌ناو خه‌یاڵی ئاڵۆزی بێمانادایه، نه له‌ناو سه‌فسه‌ته‌ی گه‌وره‌ی شرۆڤه‌ی دونیادا حۆڵ و گێژ بووه، و نه‌ده‌یه‌وێت منی چیرۆكنوسیش بكاته بانگخوازێكی ئه‌خلاقی یان فه‌یله‌سوفێكی نیهلیستی له‌خۆره‌وه تاوه‌كو ده‌نكه خۆڵ دونیانمان بۆ شیته‌ڵ بكات. كۆمه‌ڵه چیرۆكی (سلێمانییه‌كان) هونه‌ری چیرۆك گێڕانه‌وه‌یه به‌ڕووتی، چیرۆك گێڕانه‌وه‌یه وه‌ك خۆی، وه‌ك هونه‌ری چیرۆك له‌سه‌ری وه‌ستاوه، به‌مانای نه پارچه‌یه‌ك په‌خشانی هیلاكه، نه‌شیعراندنێكی لاوازه.
به‌دیوێكی تردا ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه كاركردنه له‌ناو خه‌ونه ساده‌كانی ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه مۆركی ئه‌م شاره‌بوون، به‌جیاواز له گوتاری ڕه‌سمی ده‌یه‌وێت له‌ده‌نكه خۆڵه‌وه تاوه‌كو خۆری هه‌ڵهاتوو، ئه‌م شاره بكات به‌مێژووی خۆی. كۆمه‌ڵه چیرۆكی (سلێمانییه‌كان) دێت و ئه‌م شكۆ وه‌رقییه و پاڵه‌وانه به‌ناو مێژووییانه به‌درۆ ده‌خاته‌وه. به‌ساده‌یی پێتده‌ڵێت؛ سلێمانی نه‌هی فڵان پاشا و نه‌فڵان مه‌لیك و نه‌فڵان ئه‌فه‌نده‌ی سیاسییه،. سلێمانی هی سیروان شبره، هه‌ڵۆ ده‌ربه‌ده‌ره ، بارامی فڕیوو و قاله شێت و ته‌نانه‌ت هی مریشكێكه كه‌ناوی خاتوونه، هی ئه‌و منداڵانه‌یه به‌دووی فڕین‌دا ده‌گه‌ڕێن!
سلێمانی به‌ساده‌یی هی خه‌وبینه‌ره ساده‌كانێتی كه‌به‌شدارنین له‌مێژوودا، به‌ڵكو خۆیان مێژووی ئه‌م شاره‌ن. لێره‌وه (جێمس جۆیس) و كۆمه‌ڵه چیرۆكی (دۆبلینه‌ریه‌كان) ئاماده‌گیه‌كی سه‌یری هه‌یه له‌یاده‌وه‌ری ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌دا، ته‌نانه‌ت له‌زۆر شوێندا پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه له‌پاڵه‌وانه ئه‌رمینییه‌كانی (ولیه‌م سارۆیان) ده‌چن، هه‌ریه‌كه و به‌شتێكی بچوكی ئه‌م دونیایه‌وه له‌ئه‌مریكای قه‌ره‌باڵغدا سه‌رقاڵن. هه‌ر بۆیه سه‌یر نییه (فاروق هۆمه‌ر) كۆمه‌ڵه چیرۆكێك له‌ئه‌ده‌بی سارۆیان هه‌ڵده‌بژێرێت و وه‌ریده‌گێڕێته سه‌ر كوردی، خۆ ئه‌گه‌ر ناوی ولیه‌م سارۆیانی له‌سه‌ر نه‌بێت، وه‌ها ده‌زانی هۆمه‌ر نوسییویه‌تی. به‌ڵام پاڵه‌وانه‌كانی هۆمه‌ر له‌كۆمه‌ڵه چیرۆكی (سلێمانییه‌كان) به‌ده‌ست خه‌ونی زۆر بچوكه‌وه گیرۆده‌ن، بچوكتر له‌وه‌ی ولیه‌م سارۆیان؛ بۆ نمونه بارامی منداڵ ده‌چێته سه‌ربانی ماڵی خۆیان و ده‌یه‌وێت بفڕێت، قاورمه فرۆشه‌كه‌ی گه‌ڕه‌ك فریای ده‌كه‌وێت، بارام له‌مردن ڕزگاری ده‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌نجیدا له‌پێشمه‌رگایه‌تیدا ده‌كوژرێت… له‌چیرۆكی (ئه‌ندامی زاوزێی لیلا ) كه پێمباشتر بوو وه‌ك خۆی ناوی لێ بنێت كه (قوزی له‌یلا) یه، هه‌موو قوتابخانه‌كه وێڵه به‌دووی ئه‌و پارچه كاغه‌زه‌ی ئه‌و وێنه ڕووته‌ی پۆسته‌ره‌كه‌ی له‌یلایه كه ناوگه‌ڵێتی، مه‌مكی له‌یلا و چاوی له‌یلا و ڕوومه‌تی له‌یلا پارچه پارچه‌كراوه به‌ده‌ست كۆی قوتابخانه‌كه‌وه، له‌م چیرۆكه‌دا هۆمه‌ر ده‌ستده‌خاته سه‌ر وێڵبوونی ئه‌م شاره به‌ده‌ست چه‌پاندنی سێكسیه‌وه، چیتر شكۆ و حورمه‌تی دۆرینه بوونی نییه، به‌ڵكو كۆی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه وێڵی (قوزێكی وه‌ره‌قی) پۆسته‌رێكی ڕووته.
له‌چیرۆكێكی دیكه‌دا پاڵه‌وانه سلێمانییه‌كه له‌شاری ناشڤێلی ئه‌مریكا، سه‌ر قاڵه به‌چاودێركردنی مردنی پیرێژنێك له‌خه‌سته‌خا‌نه‌یه‌كدا، خه‌می ئه‌و زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و مریشكانه‌ن كه‌خوراوون و ئێسكه‌كانیان له‌كۆنتێنه گه‌وره‌كانی خۆڵی خه‌ستاخه‌ی ناشڤێڵن…ئاوه‌ها سلێمانییه‌كان تایپی مرۆڤێكی لۆكالین، به‌ڵام له‌خه‌وندا جارێكی‌تر ده‌چنه‌وه نێو كۆسمۆس و خه‌مه بچوكه‌كانیان له‌هه‌مانكاتیشدا خه‌می گه‌ردوونییه.
لێره‌وه له‌بابه‌تی چیرۆكه‌كانه‌وه، باز هه‌ڵده‌ده‌مه سه‌ر هونه‌ری گێڕانه‌وه له‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌دا، دیاره ئه‌وه‌ی زێتر لای من جێگه‌ی سه‌رنجه، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی گرنگه بۆ هونه‌ری چیرۆكنوسین، كه‌ساڵانێكه له‌ناو ئێمه‌دا له‌ونبوونێكی سه‌یردایه، ونبوونێك به‌وه‌ی ماوی زیاتر له‌بیست ساڵه چیرۆكی كوردی له‌ناو هه‌وا و په‌خشانه شیعردا پێمه‌له‌یه‌تی، نه مه‌له‌ده‌كات و نه‌ده‌شچێته ناو قووڵایی گۆمه‌كه‌وه. به‌ڵام له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕی دیالۆگی (منی چیرۆكنوس) دا به‌رده‌وامه له‌سه‌ر وه‌عزدانی ئه‌خلاقی و فه‌لسه‌فی، به‌جۆرێك چیرۆك بۆته مۆنۆدرامایه‌كی له‌ده‌ست ده‌رچووی و بێ سه‌روبه‌ر. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من ڕه‌دووی چیرۆكی كوردی كه‌وتبێتم ، ئه‌وا له‌ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌دا، ته‌نها هۆمه‌ره به‌شێو‌ازێكی جیاواز ده‌نوسێت؛ هه‌ردوو كۆمه‌ڵه چیرۆكی (سه‌رگه‌ردانییه‌كانی پیاوێك – ١٩٩٩ ) و (نیگایه‌ك پڕ له‌گرفتاری – ٢٠١١ ) سه‌ره‌تاكانی ئه‌م شێوازه گرنگه‌ی چیرۆكنوسین، كه‌ڕاسته‌وخۆ، بێ ڕتووش و بێ فۆتۆشۆپی وشه‌ی زیاده و شیعری، بێ پاڕانه‌وه و خۆكردنی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كان به قوربانی، و بێهودییه‌كی بێ‌مانا، كه‌ته‌نها وه‌سفه، هۆمه‌ر دێت و بێهوده‌ییمان له‌ناو ڕووداودا بۆ دروستده‌كات، نه‌ك وه‌عزمان بۆ بدات كه بێهووده‌یی چۆنه و چییه! هۆمه‌ر نیهلیستی له‌ناو ڕووداودا بۆ خوێنه‌ر به‌جێده‌هێلێت، نه‌ك وه‌سفی نیهلیزم بكات.
له‌سه‌ر ئاستێكی تردا، كه‌ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكانه‌م بۆ جاری دووهه‌م خوێنده‌وه، بیرم له‌دوو ڕۆماننوسی گرنگ كرده‌وه؛ یه‌كه‌میان (گۆستاڤ فلۆبێر) و دووهه‌میان (جێمس جۆیس) …له‌یه‌كه‌میاندا كه فلۆبێره له‌ڕۆمانه جوانه‌كه‌ی (جولیان بارنێس – توتییه‌كه‌ی فلۆبێر)
ڕۆماننوسێكی ئینگیلزی وه‌ك (بارنێس) وه‌ها وه‌سفی فلۆبێر ده‌كات كه؛ بكوژی ئه‌ده‌بی ڕۆمانسیه و باوكی ئه‌ده‌بی ڕیالستیه، به‌تایبه‌ت له (مادام بۆ ڤاری)…هه‌روه‌ها ده‌ڵێن؛ فۆلبێر پێش سه‌فه‌ری بۆ ڕۆژهه‌ڵات ڕۆمانسی بوو، به‌ڵام كه له‌میسر گه‌ڕایه‌وه بوو به‌پیاوێك، تامردنی ڕیالستی بوو. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو هه‌میشه بڕوای وه‌هابوو شیعراندن له‌ناو هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دا گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه، ته‌نانه‌ت ئامۆژگاری خانمه شاعیرێكی وه‌ك ( لویسی كۆلێت) ده‌كات، كه‌له‌هه‌مانكاتیشدا بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ ئه‌شیقی بووه؛ خۆی له زیادڕه‌وی شیعرییانه بپارێزێت له‌ناو شیعردا…
له‌م ڕسته‌ی فلۆبێره‌وه، هۆمه‌ر فلۆبێریانه كورته چیرۆكی كوردی له شیعراندنه زیادڕه‌وییه‌كه‌ی ڕزگار ده‌كات، ئیدی ته‌نها چیرۆك گێڕانه‌وه هه‌یه بێ زیادو كه‌م، ڕووداو دروستكردن بێ ڕتووش له‌م ئه‌زموونه‌یدا خۆی ئاماده ده‌كات. هه‌رچه‌نده له‌هه‌ندێك چیرۆكدا كه‌وتۆته ناو چاڵه‌كانی ئه‌م شیعراندنه پڕ سۆزداریه، به‌ڵام كۆی چیرۆكه‌كان شێوازێكی نوێیه، كه ڕیالستیه نه‌ك له‌سه‌ر مۆدێلی ڕیالستی شۆڕشگێڕانه، به‌ڵكو هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه له‌سه‌ر شێو‌ازی فلۆبێریانه.
دووهه‌م نوسه‌ر كه‌دێته‌وه بیرمان جێمس جۆیسه به‌تایبه‌ت له‌كۆمه‌ڵه چیرۆكی دۆبلینه‌ریه‌كانه، كه‌ئاوڕدانه‌وه‌ی جۆیسه له‌كه‌سه فه‌رامۆشكراو و خه‌و‌بینه‌ره‌كانی شاری دوبلن. فاروق هۆمه‌ر له‌سووچێكی جێمس جۆیسانه‌وه دێته‌وه ناو سلێمانی، وه‌ك چۆن جۆیس له دۆبلینه‌ریه‌كاندا به‌ناو دوبلندا ده‌مانبات، ئاوه‌ها هۆمه‌ریش په‌لمانده‌گرێت بۆ كوچه‌و كۆڵانی سلێمانی و خه‌ونی ئه‌و مرۆڤانه‌ی به‌ئه‌م شاره تێپه‌ڕین. سلێمانییه‌كان هونه‌ری كورته چیرۆكنوسینی ڕاسته‌قینه‌یه، بێ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕه‌شبینیه‌كی پووچ و نه‌هیلستیه‌ك كه‌نازانین له‌كوێوه هاتووه، بێ زیاد وكه‌م چیرۆك ده‌گێڕێته‌وه و ڕووداو دروستده‌كات.
دوا تێبینیم گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ كاراكته‌ری هۆمه‌ر وه‌ك سوبێكتێك، وه‌ك خودێك كه‌به‌رهه‌مهێنه‌ری هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه، لێره‌شدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ فلۆبێر كه هه‌میشه خۆی به‌چه‌نده‌ها ئاژه‌ڵ چوواندووه؛ له‌شوێنێكدا ده‌ڵێت؛ من ورچی قوتبیم كه‌ته‌مه‌ڵه و زۆر ده‌خه‌وێت. كه‌له‌میسر ده‌گه‌ڕێته‌وه تووتیه‌ك ده‌كرێت، به‌ڵام تووتیه‌كی وشكراو، فلۆبێر هه‌میشه خۆی به‌و توتییه تێده‌گات، له‌شوێنێكی تردا فلۆبێر تیمساحه و هێمن و خپ له‌ناو ئاودا چاوه‌ڕێی نێچیره. له‌وانه‌شه له‌مه‌دا فلۆبێر ڕاستبكات چونكه به‌و سه‌ره كه‌چه‌ڵه‌ی و ده‌موچاوه ناشرینه‌یه‌وه، سێ ژن ئه‌شیقی بوون، یه‌كێیان شاعیر و یه‌كێكی تریان فۆتۆگراف و یه‌كێكی تریان ژنه ئۆرۆستوكرات…فلۆبێر هیچی نه‌ده‌كرد ته‌نها ده‌ینوسی، وه‌ك تیمساحێك له‌شوێنی خۆی بوو تاوه‌كو ئاسكه‌كان ده‌هاتنه به‌رده‌می…كه‌ئه‌مه‌م بۆ هۆمه‌ر گێڕایه‌وه، هۆمه‌ر گووتی؛ من بزنم…
ئاوه‌ها هۆمه‌ر وه‌ك بزنێك له‌ناو جه‌رگه‌ی هونه‌ری چیرۆكنوسینه، نایه‌وێت فه‌یله‌سوف بێت و نایه‌وێت خوتبه‌ی فه‌لسه‌فی بدات، نایه‌وێت زیاده‌یی شیعری پێوه بنوسێت. هۆمه‌ر نه‌هیلاك ده‌بێت له‌چیرۆكنوسین و نه‌هیلاكده‌بێت له‌سه‌ركێشییه‌كانی. هۆمه‌ر كار له‌سه‌ر شوێن ده‌كات و هه‌ر خۆشی بۆهیمی شوێنه‌كانه؛ تاوێك ده‌یبینم له دیمه‌شق ته‌نها و په‌ڕه‌وازه، تاوێك له‌نورنبێرگه و له‌به‌غدای دوای ڕووخانی سه‌دامه‌وه هاتووه و تاوێك له‌ئه‌مریكا بێزارده‌بێت و كۆچده‌كات بۆ كه‌نه‌دا و تاوێكیش دێته‌وه بۆ كوردستان و له‌وێوه بۆ له‌نده‌ن، بۆ هیچ نا ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆك بگێڕێته‌وه..له‌هه‌موویاندا هۆمه‌ر به‌رده‌وامه له‌خواردنی ژیان وه‌ك بزنێك، له‌كۆنسۆمی چیرۆكی ژیان، له‌جوینی خه‌ونه‌كان، له‌به‌جێهێشتنی ڕابوردوو. هۆمه‌ر به‌رده‌وامه له‌كۆنسومكردنی وورده‌كاررییه‌كانی ژیان له‌چیرۆكدا، به‌رده‌وامه له‌به‌رخۆریه‌ك له‌ناو ئه‌ده‌بدا، وه‌ك بزنێك هه‌موو شتێكی ژیان ده‌خوات و به‌چیرۆك كاوێژی ده‌كاته‌وه. ئاوه‌ها تیمساح و تووتی و ورچ بزنه‌كانی چیرۆكنوس، به‌رامبه‌ر مریشكێكی سلێمانی ده‌بنه‌وه كه‌ناوی خاتوونه، خاتوونێك ته‌نها چیرۆك ده‌گێڕێته‌وه و بێباكه له‌وه‌ی تیمساح و ورچه‌كه بیخۆن، به‌ڵام ده‌زانێت كه‌تاكه كه‌س چیرۆكی ئه‌و ده‌گێڕێته‌وه، بزنه چیرۆكنوسه‌كه‌ی ناو ناخی هۆمه‌ره.
ته‌واو
سه‌رچاوه‌كان:
1.Julian Barnes, Flauberts Parrot, Vintage Classics (2 July 2009)
2.Dubliners (Modern Library (Hardcover))by James Joyce Hardcover
.