شاخەوان سدیق
شاخەوان سدیق

دیلبەرئانی؛ چیرۆكێك بە دەیان ڕووداوی چاوەڕواننەكراوەوە


Loading

دیلبەرئانی
چیرۆكێك بە دەیان ڕووداوی چاوەڕواننەكراوەوە

شاخەوان سدیق

 

دیلبەرا ئانی - مەحمود نەجمەدین
دیلبەرا ئانی – مەحمود نەجمەدین

هەندێک هاورێ هەن، سەرەتا لە ڕێگای بینینێكی سادەو ئاساییەوە دێنە ناو ژیانمانەوە، دواتر پەیوەندیەكانمان لەگەڵی دەگۆڕێت بۆ ڕێگایەکی تر و ئاستێكیتر لە نزیكبوونەوە؛ لە ڕێگای وشە، مانا و بیر.
مەحمود نەجمەدینی یەکێکە لەو هاورێیانەی من. سەرەتا وەک شێوەکارێکی دەست‌رەنگین ناسیم، بەڵام بە هێواشی، بەبێ هاواری ڕۆشن، بوو بە هاورێی کتێب و خوێندنەوە و ئەمڕۆش وەک رۆماننووسێک، خۆی لەناو دنیای نووسین دا ناساندووە..

پەیوەندیی نێوان من و ئەو، پەیوەندییەکی ئاسایی نییە؛ پەیوەندییەکی دروستکراو لە نێوان لاپەڕەکان، لە نێوان وشەکان و لە نێوان پرسیارە نەبینراوەکانی ژیانە. هەمیشە كە پێكەوە دەبین بەیەك دەڵێین برا، دونیا بە هەموو فراوانی و جوانی و توندوتیژییەکەشیەوە، تەنها بۆ ئەوە دروست بووە کە کتێبی تیابخوێنیتەوە و تیای بنووسی؛ وەک ئەوەی هەر شتێکی تر، تەنها سێبەری ئەم دوو کردارە بن.

“دیلبەرا ئانی” نوێترین بەرهەمی نووسەرەو لە دووتوێی ٣٠٦ لاپەڕە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بۆ ساڵی ٢٠٢٥ چاپ و بڵاویكردۆتەوە.

کتێبەکە لە یازدە چیرۆک پێکهاتووە، چەندین تەکنیکی نوێی و جیاوازی تێدابەکار هاتووە و هێڵێکی باریک چیرۆکەکان لێک جیا دەکاتەوە و پاشان نووسەر ئاقڵانە و شارەزایانە گرێچنەكانیان پێكەوەگرێ دەداتەوە.
مەحمود نەجمەدین، نووسەرێکە، کە نووسین بۆ ئەو تەنها پیشە نییە، بەڵکو بەشێكی گەورەیە لە ڕۆتینەكانی ژیانی. ئەو كەسایەتیەكی هەمیشە ئارامە لە دەرەوە، بەڵام ناوەوەی پڕە لە جۆش و گەڕان؛ سەری پڕە لە چیرۆک، کەسایەتی و ڕووداو، و هەمیشە لە هەوڵدایە ئەو بارگە گرانەی خەیاڵی بگوازێتە سەر کاغەز. بۆیە زۆر جار، لەناو کەرەکتەرەکانیدا دەژی، لەناو ژیان و ئازاریاندا، تا ئەوەی ئەوان ببن بە شێوەیەک لە ژیانی خۆی.
دواین ڕۆمانی ئەم نووسەرە، «دیلبەرئانی»، بەرھەمێکە کە سنووری نێوان چیرۆک و ڕۆمان تێک دەشکێنێت. نووسەر، لەم بەرھەمەدا، خۆی دەکات بە پاڵەوانی گێڕەوەی چیرۆکەکە، و بە هاوبەشی نووسەرێکی خەیاڵی، بە ناوی (فورات سەیدۆ)، دنیایەکی دووئاستی دروست دەکات: دنیای ڕاستی و دنیای خەیاڵ. ئەم تێکەڵکردنە، ڕۆمانەکە دەکات بە گەشتێکی هەستیارانە، کە خوێنەر ناچار دەکات لە نێوان دڵ و بیر خۆی بگەرێت. گێڕەرەوەی سەرەکی “دیلبەرا ئانی” نووسەر خۆیەتی، لە سەرەتاوە دەست دەکات بە گەشتێک لە سلێمانییەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ گەشتێک کە تەنها گۆڕینی شوێن نییە، بەڵکو گەڕانێکە بۆ ناو پانتاییەكانی مانای کوردبوون. لە شاری (مەریوان)ەوە بۆ (کانی دینار)، و دواتر بۆ چایخانەی (ئاوی پڕتەقاڵ)، لەوێش بۆ دیدار لەگەڵ حەمدی بەگ، كە ئەویش هەمیشە لە جوڵە و گەڕان دایە؛ وەک ئەوەی ئارامی بۆئەویش نەبێت. لەم ڕێگایەدا، ئەوان چیرۆکە نێهێنییەکانی ئازار، خۆشەویستی، قوربانیدان و پەیوەستبوون دەردەخەن و دەیانگێڕنەوە، وەک بنەماکانی ئەخلاقی مرۆڤی کورد.

گێڕِەڕەوە هاوڕێیەکی خۆیمان پێ دەناسێنێ بە نێوی “حەمدی بەگ” کە عەوداڵە و وێڵە بە دوای سۆراخی كچێك دا بەناوی زادیناوە. نووسەریش لە تەک حەمدی بەگ دا، شاربەشار بە شوێن ئەم كچەدا دەگەڕێن و گەرەكیانە سۆراخی بکەن. لە جێگایەكدا نووسەر لە ڕۆمانەكەدا دەڵێ‌، “حەمدی بەگ هەردەم خەیاڵی لای ئەو شۆخە پەریزادەیە بوو وا ساڵانێکە بۆی دەگەڕێ و بۆی نادۆزرێتەوە. زادینا خانمخاسی خەونەکانی بوو، خەونی چیرۆکنووسینیش لای ئەو هەر بۆ دۆزینەوەی ئەو خاتوونە بوو”.

زمانی نووسینی مەحمود نەجمەدین، یەکێکە لە بەهێزترین خاڵەکان لە بەرھەمەکانیدا. ئەو هەمیشە زمانی پاک، کورت و وردە، کە دوورە لە وەسفی زۆر و وشەی ناپێویست. ئەم زمانە، بە شێوەیەکی هونەری، مانا دەهێنێت و ڕێگە نادات وتاری ڕۆژنامەنووسی یان وەك عیزیكی سیاسی و ئاینی دروشم بچێتە ناو پڵۆتی چیرۆکەکانی. وشەکان لای ئەو هەمیشە لە خزمەتی چیرۆک دان، نە چیرۆک لە خزمەتی وشەکاندابێت.

کەرەکتەرەکانی ئەم نووسەرە، کەسانێکی ئاسایی و ڕوونن؛ وەک ئەوانەی لە کوڵان و چایخانەکان دەبینین. ئەگەرچی لە حیبرو کاغەز دروست بوون، بەڵام بیر، هەست و تێڕوانینیان زۆر نزیکە لە مرۆڤی ڕاستی. ئەوان وەک مامۆستا یان زانا قسە ناکەن؛ بەڵکو وەک مرۆڤێک قسە دەکەن کە دەیانەوێت لە ژیان تێبگەن و ئەزموونی بكەن. ئەم شێوازە، خوێنەر نزیک دەکاتەوە لە ڕووداو و کەرەکتەرەکان، و ڕێگەیان پێ دەدات خۆی لە شوێنیاندا دابنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، جوگرافیای ڕووداوەکانی ئەو هەمیشە خاكی کوردستانە. خوێنەر، لە ڕێگای ئەم چیرۆکانەوە، گەشتێک دەکات بە ناو شار و گوندەکانی کوردستاندا؛ گەشتێک کە تەنها بۆ چێژ وەرگرتن نییە، بەڵکو بۆ ناسین، تێگەیشتن و وردبوونەوەی لە کوردبوونە. بەرھەمەکانی ئەم نووسەرە، دەبن بە پەرەیەکی کراوە بۆ بینینی جوانی داب و نەریت، شێوازەکانی ژیان و ئازارە هاوبەشەکانی هەمووان. 

مەحمود نەجمەدین لەم ڕۆمانەدا عەشق وەک «ڕێگا»ی كۆڵنەدان و ژیاندۆستی بۆ مانەوە پیشان دەدات، نە وەک تەسلیمبوون و گەیشتن بە دواخاڵ و مەنزڵ. چونکە لە سەرزەمینی ئەم ڕۆمانەدا، گەیشتن زۆرجار ڕووداوێكی نامومکینە، بەڵام گەڕان هێشتا واتادارو مانادارە. پاڵەوانەكانی ئەو هەمیشە لە گەڕاندان، ئەوەش وادەكات لە ناکامیدا مانا بدۆزنەوە، هەر ئەمەش وادەكات تێمای سەرەكی ڕۆمانەکە، بخاتە ناو ڕێزەی ئەو بەرهەمانەی کە عەشق و خۆشەویستی تیایاندا لە ئاستی هەستەوە بگوازرێنەوە بۆ ئاستی فەلسەفە بۆ ئاستێك كە بیركردنەوە، یەكێك بێت لە ڕێگاكانی بوون و بەردەوامی..

ڕۆمانی (دیلبەرئانی) ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە گەنجینەیەک لە چیرۆکە نەبیستراوەکان، لە کاتێکدا کە کوردبوون و جوانی، لە ژێر فشاری کاڵبوونەوە و توندوتیژی جیهانی بوون و تەکنەلۆژیا دان. ئەم ڕۆمانە، هەوڵێك بۆ دژ بەوەستان،لە بیرکردنەوە و ڕێگایەكە بۆ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی مانا. بۆیە خوێندنەوەی ئەم بەرھەمە، تەنها هەڵبژاردنێکی ئەدەبی نییە، بەڵکو پێویستێکی ڕۆحی و فکرییە؛ و پێشنیارێکی هەرە باشە بۆ ئەوخوێنەرەی کە دەیەوێت لە نێوان وشەکاندا، خۆی و نەتەوەکەی و جوانی بدۆزێتەوە.

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.