دیاگۆ ڤێلاسكڤێز ١٦٤٧ - ڤینۆس - تابلۆی زه‌یتی - ناشنال گه‌له‌ری له‌نده‌ن . Diego Velázquez, Rokeby Venus, c. 1647–51. National Gallery, London.

زایەڵەی شەوەزەنگی ئادەم دوای شەوە


Loading

‘زایەڵەی شەوەزەنگی ئادەم دوای شەوە”

قه‌سیده‌

زەردەشت نورەدین

 

 

adam-and-eve-twins

تێبینی: بە گوێرەی ئه‌فسانه‌ی میزوپۆتامیا، حەوا یەکەم هاوژینی ئادەم نەبووە؛ بەڵکو لیلیت(شەوە) یەکەم هاوژینی ئادەم بووە. لە هەندێ گێڕانەوەدا تەنانەت توخمی ئافراندنی ئادەم(گڵ) و شەوە(ئاگر) جیاواز بووە. جیاواز لە ئافراندنی حەوا کە لە پەراسووی ئادەم بووە، شەوە سەربەخۆ ئافەرێنراوە؛ هەر بۆیەش خۆی بە هاوتای ئادەم زانیوە نەوەک لە ئادەم کەمتر. دواجار شەوە، ئادەم بەجێدەهێڵیت، ئادەم تەنیا دەکەوێت و خودا لە پەراسووی ئادەم، حەوای بۆ دەئافەرێنێت. لەناو میراتی ئایینیدا وردە وردە ناوی شەوە بەهۆی سەرپێچییەکانییەوە بەرانبەر ئادەم و دواتر بەرانبەر خودا، لەناو داستانی ئادەم و حەوادا تا ئاستی پاکبوونەوە کاڵدەکرێتەوە. لە گێڕانەوەکانی دواتر فیگەری شەوە وەردەگەڕێت بۆ فریشتەی دەرکراو(شەیتانەکان) و وەزیفەی دەبێتە زیانگەیاندن بە منداڵانی ئادەم و حەوا. هەمان بیروباوەڕ لەناو کوردا بەشێوەی زارەکی ماوەتەوە و لە ”فیگەری شەوە”دا ڕەنگی داوەتەوە کە دەستی لە ژنی دووگیان و زەیستان وەشاندوە و بووەتە مەترسی بۆ سەر کۆرپەلەی ناو سکی ژن و ساوای تازە لەدایکبوو… کاراکتەری شەوە(لیلیت) لەم قەسیدە لە ئوستورەی میزۆپۆتامیا وەرگیراوە.

 (١)

ئەو دەمەی گەردوون، وەک منداڵێک

لەناو بۆشایی وڕکەکانیدا لەسەر پشت کەوت.

یەکە بە یەکە کاکێشان و ئەستێرەکانی لە ڕقی دایکی لە خۆی کردەوە؛

دڵی من زۆر بە تووندی لێیدەدا

هەموو جەستەم ئارەقە بوو.

 دەمگووت ئێستا گەردوون، هەسارەکەی ئێمەش لەخۆی دەکاتەوە

 بەرەو نادیار تا ناکۆتا فڕێی دەدات.

هەموو ترسی من ئەوە بوو

 غیابی تۆ

 لەم ڕکەدا کە هیچ سووچێکی منی تێدا نەبوو لەدەستبدەم.

لەوە دەترسام

وەک غەریبەیەک، خۆت بکەیت بە ئاشنایەتیمدا.

 ترسێک کە لە پێش خۆمەوە دوام کەوتبوو

ترسێک کە لەدوای تۆوە پێش خۆم کەوت.

 

 

(٢)

مایكل ئه‌نجلۆ ١٦٠٢ : گه‌نجه‌تی یۆهانیس
Michelangelo Merisi da Caravaggio, Saint John the Baptist (Youth with a Ram) (c. 1602

سەرەتا وەها هەستم دەکرد

 گەردوون دڵی بووە بە ماڵە مەترووکە؛

کاکێشانەکانی بە خۆی و ئەستێرەکانییەوە بەجێیانهێشتووە.

ئەستێرەکانم دەبینی وەک جاران نادرەوشێنەوە

 زەریا تاریکەکانی ئاسمانم دەبینی وەک جاران نەهەنگەکانی ڕووناکی تێیدا ناکشێن.

 ئەو نەهەنگە شینانەی تەنیا خۆیان دەزانن

 قوڵاییە تاریکەکانی گەردوون تا کوێ درێژدەبنەوە؛

 تەنیا ئەوە هەر ئەوانیشن لە درێژەی هەمان قوڵاییدا، بەر یەک دەکەون.

ئەو قوڵاییەی فریشتە دەرکراوەکان

بەهەشتیان بۆ لەدەستدا و پێینەگەیشتن.

ئەو فریشتانەی ونکردنی بەهەشتیان لەکیسچوو.

 

 

(٣)

بەبێ ئەوەی بزانم چی بووە

دڵم بە ڕیتمی لەدەستچوونێکی قووڵ

 بەدوای بزە ونبووەکانی سەر لێوی گەردووندا دەگەڕا

 ئەو ونبووانەی وەک بێگانە دەگەڕانەوە سەر زێدی ئاشنایەتیم.

 نە دڵم لە ڕاکردن دەوەستا

و نە من تاسەی شەوانی پڕ ئەستێرە بەری دەدام.

ئەو شەوانەی لە نابەینی کەزییەکانی تۆ و شەوی جیهاندا

تەنیا دەستەکانی من هەبوون.

 ئەو ڕۆژانەی لە شەوی ئەستێرەکانی چاوت ئەوەندە ڕادەمام

 تا خۆیشم دەبوومە ئەستێرە.

 ئەو کاتانەی ژماردنی ئەستێرەکانی جەستەت بەریاننەدەدام

 ئەو ئەستێرانەی ڕووتبوونەوەش نەیدەتوانی بیانشارێتەوە.

 

 

(٤)

نە ئەستێرەکان گەردوونیان لەبیرچووبووەوە

 نە ئێمەش ئەستێرەکان.

ئەوە ڕاست نەبوو  لەدوای کەوتنەخوارەوەی فریشتەکان

 هەموو شت گۆڕابوو

 ئەوەش ڕاست نەبوو کە هیچ نەگۆڕابوو.

گەردوون نیگای ئەستێرەکان

  ئەستێرەکان نیگای ئێمە

منیش نیگای تۆم لەدەستدابوو.

 

 

(٥)

نە سەیری ئەستێرەکانم دەکرد

و نە سەرنجم لە خەمزە و نازی تاریکاییەکانی شەو گیردەبوو.

 جیهان بە هەموو پەنهانێتییەکانییەوە؛

 لە پێشچاوم بووبووە بانگێکی ئاشکرا و هەزاربارەی منارەیەکی ڕزیوو.

زەویش وەک سێوێکی گەنیوو

ئیشتیهامی بۆ هەموو شت کوشتبوو.

دەریاکان هیچ نهێنییەکیان پێنەمابوو،

زیهنی ماسییەکان ئالوودەی نهێنی دەریاکان بووبوو

وەک شێت ڕۆحی دەریایان بەدیار بەبادچوونی نهێنییەکانەوە دەکرۆژی.

 درەختەکان هەموو جۆرە، سەمایەکیان لەبیرچووبووەوە

پەیمانی سەوزیان لەگەڵ پاییزدا بەستبوو،

ئەگەر نەشیەت، گەڵاکان هەر بە زەردی بسپێرن.

باهۆزەکان لە پشت تەپۆڵکەکانەوە خۆیان شاردبووەوە

چاوەڕێی یەکەم دەرفەتبوون لە لووتکەی چیاکانەوە خۆیان بەردەنەوە.

 شنەی بەرەبەیانیش هەر سەر لە ئێوارە خەو بردبوویەوە،

خەوی بە تاعوونەوە دەبینی.

وەرزەکان زەحیربووبوون

 ساڵەکانیش پەنگیانخواردبووەوە.

 یادگارییەکانی تۆش لەکیسچوونی منیان ونکردبوو.

 منیش ئاشنایەتی تۆم لەدەستدابوو

و لە هەر نیگایەکی بێگانەدا سۆراخی دۆستایەتی تۆم دەکرد.

 

 

(٦)

دەرەوە هیچ شتێکی سەرنجکێشی تێدا نەمابوو

 دونیا بەسەر خۆیدا لەمێژە بوو مردبوو؛

 زەویش جێگەی نەدەبووەوە لە خۆیدا بینێژێت.

دەرەوە هەر بۆگەنی ڕزینی دونیا بوو.

 دونیا ئەوەندە بێڕەحمانە مردبوو

 نە کەسێک هەبوو مردنەکەی جاڕ بدات؛

و نە کەسێک هەبوو بە هەواڵی مردنەکەی باوەڕ بکات.

دڵی منیش بەهەمان شێوە مردبوو.

تەنیا ئەوە تۆ بوویت بۆنی ڕزیویی دڵمت دەکرد

و ئەو کرمانەی لە دڵم دەکەوتنەخوارەوە،

 دانە بە دانە دەتخستنەوە ناو برینەکانی دڵم؛

تۆ ئەوەندە میهرەبان بوویت.

 

 

(٧)

دەریا بەدزی ماسییەکانییەوە بۆ هەورەکانی دەگێڕایەوە

 لەو دەمەوەی هەستی کرد ڕۆژ ئیدی سەیری ناکات

هەموو نهێنییەکانی درکاند

ئیدی مردن بەبێ دەنگی بەسەریدا کڕکەوت.

 خۆریش دوایین جار کە بینرابوو

 بە مانگی گووتبوو

 لە داخی زەوی سەری خۆم هەڵدەگرم.

 ئەو زەوییەی من ژیانم پێبەخشی

من فێری خۆشەویستیم کرد؛

کەچی ئێستا

نیگای چاوە کارەباییەکانی ڕووناکی شارەکان

 بەسەر مندا هەڵدەبژێرێت.

گەرمی نەوت زیاتر لە من تینی پێدەبەخشێت

و ئێستا نامناسێتەوە.

 

 

(٨)

سروشت هێندە لەڕولاواز بوو

 مانگی ڕووزەرد فرمێسکی ڕەشی بۆ دەڕشت.

 درەختەکان هێندە سیس و ڕووتبوون

پاییز شیوەنی بۆ دەگێڕان.

 ژیان خراپ ژاکابوو؛

زیندووێتی تەنیا لە گۆڕستانەکاندا مابوو.

 پێستی من وەکو گۆڕستانی بۆنی تۆ

 ژیان تێیدا قوڵپیدەدا.

 

 

(٩)

کە سەیری نیگای شارم دەکرد

 چاوە بە قووڵاچووەکانی مردووەکانت دەهاتەوە یاد

ئەو مردووانەی پێش ئەوەی بمرن؛ ئاشنایەتییان مردبوو.

 باران کە دەباری، درەختەکان خۆیان لێ لادەدا

 چیمەنەکان خۆیان حەشار دەدا

باران دەباری وەک بارینی تەور بۆ داهێنانی درختەکان

باران وەها دەباری خوێناوی برینەکانی زەوی بشواتەوە

ئەو برینانەی زەوی لێ سەوز بووە.

 باڕەش هەڵیدەکرد

 بۆ کپکردنی قریشکەی پەلکە وەریوەکانی دارەکان

ئەو دەمەی بۆنی ئاشنایەتی بەهاریان لە غەریبیی پاییز دەکرد.

 

 

(١٠)

سەرەتا وامدەزانی نیگای جیهانم لە دەستداوە

جیهان ئیدی تەماشام ناکات و نامناسێتەوە.

 واهەستمدەکرد ئیدی دڵی زەوی لێنادات

هەموو غەریبیی دونیای لە دڵمدا ناشتووە.

 بۆ هەر لایەک دەمڕوانی هەر شیوەن بوو

ژنە ڕەشپۆشەکانی ناو وێرانەکانی بابل

بۆ ئاوەدانی مەرگ دەگریان

ئەو ڕەشپۆشانەی سپێتیی خۆیان

بە پاکیزەیی زیگوراتەوە دەبەستەوە.

 نەمدەزانی کێ منی بۆ ئەم ئاهەنگی شیوەنگێڕانە بانگهێشتکردووە؛

 نەمدەزانی ئەم هەموو ڕەشپۆشە بۆ سرودەکانی خودا دەڵێنەوە.

لە نێوان سرودەکانی خودا و شیوەندا

زمانم هەلاهەلا بووبوو.

بۆ کێی باسکەم؟

 کەس باوەڕ ناکات من لە ئاهەنگی مردنی دڵمدا

لە ڕۆژی حەشری لەبیرچوونەوەدا

 بۆ نەمریی یادەوریت دەگریام؛

 ئەو یادەوریانەی مردنیش، لەگۆڕی شاردنەوەیان نایەت.

 ئاخر تۆ پێم بڵێ کامە زەوی

یادەوەرییەکانمی تێیدا بنێژم؟

کامە ئاسمان یادگارییەکانی لە ژێردا بشارمەوە

 خۆ دەزانم لە پاییزیشدا بێت

 هەر دەڕوێنەوە و تێکەڵ بە نیگای جیهان دەبنەوە

جیهانی پاش کەوتنی خوداکان.

کامە غەریبە، لە قیامەتی لەکیسچوونی تۆدا

بۆنی ئاشنایەتیی تۆی لێنەکەم؟

 کامە ئاشنا لەم ڕۆژی حەشری یەکترناسینەدا

 تووشی غەریبیی تۆم نەکات؟

 

 

(١١)

جیهان کش‌ومات.

زەوی مات‌ومەلول

خوداکان غەمگین

 بەدیار لەدەستچوونی فەنابوونی خۆیانەوە

 ئەژنۆی کاتیان لەباوەشنابوو،

 کز کز چاوەڕێ بوون؛

 چاوەڕێی نەمریی پاش گەڕانەوەی گەنجێتییان.

ئاخر تۆ نازانی نەمری چ موسیبەتێکە

 کاتێک ناتوانی ئەوەی لەدەستتچووە

لەدەستی بدەیت.

 ئەوەی جێتهێشتووە، بەجێبێڵی.

 ئەوەی فەرامۆشت کردووە لەبیری بکەیت

ئەوەی بووە بە بێگانە نەیناسیتەوە.

 

 

(١٢)

زەوی و ئاسمان یەکبوونیان لەدەستدابوو،

 و هەر پێكەوەشبوون.

چاوانیان پڕ بووبوون لە درەوشانەوەی تاریکی

تاریکییەک، کە هیچ ڕووناکییەک ڕوونی نەدەکردەوە؛

تاریکییەکی داخزیوو بۆ ژێر پێستی ڕووناکی.

دەیانگووت ئەو دەمەی گەردوون زانیوویەتی شتێکی لەدەستداوە،

 هەر ئەو دەمە، دڵی شەقیبردووە و دووکەرتبووە؛

ئەو دووکەرتبوونەی زەوی و ئاسمانی لەیەک دابڕی

 و یەکبوونی سەرەتاییان بۆ هەمیشە لەکیسچوو.

 ئەو لەکیسچوونەی جیهانێک لە ئەستێرە و هەسارەیان

 لەناو درەوشانەوەی تاریکی ئەسرینەکانیاندا بە گەردوون بەخشی.

 گەردوون لەدەستدانی خۆی لەدەستدابوو.

منیش دەستم لە دەستهەڵگرتن، لە غیابی تۆ هەڵگرتبوو.

 

 

دیاگۆ ڤێلاسكڤێز ١٦٤٧ – ڤینۆس – تابلۆی زه‌یتی – ناشنال گه‌له‌ری له‌نده‌ن .
Diego Velázquez, Rokeby Venus, c. 1647–51. National Gallery, London.

(١٣)

تۆ دەتزانی خۆر بە ئەندازەی گڕی نیگای تۆ نادرەوشێتەوە

و قوڵایی ئاسمان بە قەد دڵڕفێنیی چاوانی تۆ بێپایان نییە.

 دەتزانی پێستت لە ڕووناکی درەوشاوەتر و لە ئەستێرەکان دوورترە،

 لە ماسی سرکتر و لە ئاو نەرمترە،

لە عەتر بۆنخۆشتر و لە پەلکەزێڕینە بەڕەنگترە.

 ئەوە من بووم نەمدەزانی ئەفسوونی چیم

و لە چیدا ئازادیی خۆم بە بارمتە داناوە،

 ئەوە من بووم حەزەکانم وەکو خونچەی دەمنەپشکووتووی بەردەم ڕۆژ

لە خۆمدا بەگەڕکەوتبوو، بە ئینتیزاری بینینی تۆ.

تۆش لەوسەری بەهەشتی چێژدا؛

 هەمیشە مشتێک خۆڵەمێش بوویت کە لە برینی زێندووێتییی من دەچۆڕایت.

 

 

(١٤)

لەدەستدانی تۆ  کۆتایی دونیا نەبوو،

 لەکیسچوونی کۆتایی دونیا بوو.

دونیا هەرچییەک بێت،

گەر کۆتایی نەبێت دۆزەخە.

 تۆ ئەی دۆزەخی من؛

 هیچ نەبووی جگە لە بەرجەستەبوونی یەکەم ونبوون

لەناو بێپایانی لەدەستدانی خودی لەکیسچووندا

پێش ئەوەی ئاشنای تۆ بم؛

 ئەی ئاشنای‌غەریب.

بە چەند ڕووخساری غەریبەوە هاتیتەوە سەر ڕێم؛

لە نامۆیی هەموو ئەوانەی نەمناسین، تووشی ناسینەوەی تۆ بووم.

لە خۆڵەمێشی هەموو ئەوانەی لەبیرمکردبوون

 تووشی بەیادهێنانەوەی تۆ بووم.

لە خامۆشی ئەو پیت و وشانەدا کە مێژوو بۆی نەدەخوێنرایەوە

ناوە جۆراوجۆرەکانی تۆم دەخوێندەوە.

ئەی غەریبیی ڕۆژانی ئاشنا

 بە قەد ئاسوودەیی ڕۆژە ئاشناکان غەریبیت دەکەم.

 بۆنی غەریبی تۆ لە هەموو ئەوانە دێت کە پێم ئاشنان.

ترپەی ئاشنایەتی تۆ

 لە لەرزی نیگای هەموو غەریبەیەکدا دەناسمەوە،

لەم ڕۆژانەدا کە نەناسینەوە ڕیتمی لێدانی دڵی جیهانە.

 

 

(١٥)

ئەوە هەر من و تۆ نین لەناو ئاشنایەتیماندا

 بە یەکدی نامۆین.

ئەوە هەر من و تۆ نین لە خوێنی یەک دەخۆینەوە

و بانگی ئاشنایەتی لە بەرزترین منارەوە دەدەین.

 بڕوانە وێنەکانمان نامانناسنەوە.

وێنەکانمان حاشا لە ناسیمان دەکەن.

وێنەکان هەرچەندە ئاشنابن هێشتا هەر غەریبن؛

هەرچەندە لێمانەوە نزیک بن هێشتا هەر دوورن.

 وێنە جگە لە نامۆیی خۆم بە خۆم دەتوانێت چی تر بشارێتەوە.

 تا ئەو شوێنە غەریبەی کە دوودڵییەکانم

ئاشنایەتیی پێشوەختەی تۆیان

 لە تووناتوونەکانی مندا دفنکردووە.

 نابنە ئاشنا، ئەو غەریبانەی لە خۆم زیاتر دەیانبینم

 گەر ئاشنایەتییان لە دوورترین خاکی مندا نەنێژرابن.

 ئەی نزیکترین غەریبە و دوورترین ئاشنا

غەریبیت لە کام کاکێشانەوە شەوەزەنگی من ئەستێرەباران دەکات

 و ئاشنایەتیت لە کام شەوەوە خۆری ئاشنایەتی دەنێژێت

 کە من نە غەریبیی تۆ لەیاددەکەم

و نە تۆش ئاشنایەتیی من دەناسیتەوە.

 

 

(١٦)

تۆ وادەزانی ژیان لەسەر زەوی لە بزەی خۆرەوە ڕسکاوە؛

وادەزانی نیگای مانگ، زەوی بە ژیان ئاوسکردووە…

 نانا بەوجۆرە نەبووە.

گوێم لێگرە با بۆت بگێڕمەوە؛

ئەوەی تا ئێستا لەبارەی ئافراندنەوە بیستووتە؛

 هەو نییە.

 ژیان لە دڵتەنگییەوە ڕوواوە

ئەو کاتانەی زەوی وەختبوو بۆ ئاسمان فەرقان بکات

 و غەریبی دەکرد؛

 زەوی بە لەکیسچوون ئاوسبوو.

 ژیان ئەو دڵتەنگییەیە بەهۆی لەکیسچوونی ونکردنەوە پەیدابووە.

 ژیان ئەو نیگەراییەیە لە ونکردنی ونکردنەوە داهێنراوە.

 ژیان لە غەریبەبوونی ئاشنایەتییەوە ڕسکاوە.

 من بە خۆمدا زاگەی ژیان دەناسمەوە

ئەو دەمەی لەبیرچوونەوەی تۆم لەبیرچووەوە

 ژیانم تێزا، وەک تێزانی خوێن بۆ ناو برینێکی هەزار ساڵە.

 ئەو کاتانەی تۆم نەدەناسیەوە

 و تۆش زەق زەق تەماشای منت دەکرد

 وەک ئەوەی پارچەیەکی هەمیشیەیی بم لە تۆ.

 

(١٧)

ئەوە ڕاست نییە

پرسەکە بوون یان نەبوون نییە.

 گوێم بۆ ڕادێرە؛

 پرسەکە لەکیسچوون یان گەڕانەوەیە.

 لەکیسچوونی ئاشنایەتی و گەڕانەوەی غەریبی.

بوون یان نەبوون لەبارەی دڵتەنگییەوە نییە،

 لەبارەی نیگەرانییەوە نییە،

 هیچ لەسەر پەرۆشی و دڵەڕاوکێ نازانێت.

نازانێت چەنێک خەم لەسەر دڵی من نیشتووە.

 نازانێت چەنێک مەراق لەناو دەمارەکانمدا بەستوویەتی.

 لەبارەی هێز و مانەوەیە،

 و ئەمانە فڕیان بە ناواخنی ژیانەوە نییە.

ناواخنی ژیان ڕامانە لەو ساتانەی ڕابوردوون

 و بۆنی ئەو مردووانەیە لە ئێستادا زیندوون.

 ئەو زیندووانەی نامرن.

 ژیان نەناسینەوەی ڕووخسارە فەرامۆشکراوەکانی دایکە،

 ئەو کاتەی دایک جگە لە ئەویدیکە هیچیتر نییە.

 ژیان ئەو توندووتیژییە ئیلاهییەیە،

 وەک باوک غەریبەئاسا خۆی دەکات بە ژووردا

 و هەرچی هەیە و نییە لەگەڵ خۆی دەیبات.

 

 

(١٨)

تۆ وادەزانی خودا بۆ گەردوونی دروستکردبێت؟

 خودا لەبەر تەنیایی خۆی گەردوونی نەئافراندووە،

 بۆ ئەوەش نەیئافراندووە کە بوونی خۆی ئیسپات بکات

 هەروەها لەبەر مرۆڤیش دروستینەکردووە تا بیپەرستێ.

بۆ ئەوەش نەبووە لە نەبوونەوە شت بێنێتەبوون؛

هەر بۆیەش پرسەکە بوون یان نەبوون نییە.

 خودا ئەوکات گەردوونی خوڵقاند کە زانی شتێکی ونکردووە.

 هەستیکرد شتێکی لەکیسچووە.

 پێیوابوو شتێکی لەبیرکردووە.

 بۆنی بێگانەی لە ئاشناکانی دەکرد.

 هەر ئەو دەمە گەردوونی خوڵقاند.

 خوڵقاندی بۆئەوەی بیدۆزێتەوە.

 خوڵقاندی بۆئەوەی بەدەستیبهێنێتەوە.

خوڵقاندی بۆئەوەی بەیادی بێنێتەوە.

 خوڵقاندی بۆئەوەی بیناسێتەوە.

 خودا لەیادکردنی لەیادچووبووەوە.

 خودا بەڕووی غەریبەکانی خۆیدا کرابووبووەوە.

 هەر بۆیەش بە خەڵقی گەردوونەوە نەوەستا،

 ژیانیشی خوڵقاند.

 بە خەڵقی فریشتەکانیشەوە نەگیرسایەوە،

مرۆڤیشی خوڵقاند.

 

 

(١٩)

خوداکان، ئەی ئەو خوێنە گەرمەی تا دڵتەنگی مابێت

 لە جەستەی مرۆڤ دەچۆڕێن.

 خوداکان، ئەی ئەو ڕووناکییەی

 تا گوناهـ مابێت

 لە برینی تاریکی مرۆڤ دەتکێن.

خوداکان، ئەی ئەو مەزنییەی

 تا غروری گەمژانە مابێت

 لە بچووکی مرۆڤانەوە دەڕوێن.

 خوداکان، ئەی ئەو غەریبانەی

تا ئاشنایەتی بمێنێت

 لە نامۆیی مرۆڤدا دەمێننەوە.

 

 

(٢٠)

مرۆڤ، ئاخ مرۆڤ!

مرۆڤ، ئەی پاشنەی ئاخیلی خودا.

مرۆڤ، ئەی برینێکی ئەبەدی بە حیکمەتی ئیلاهییەوە.

 مرۆڤ، ئەی نەزیفی هەمیشەیی ڕەحمی خودا.

 مرۆڤ، ئەی نوقسانییەکی نەبڕاوەی کەماڵی خودا.

 ئەوە تۆ بوویت تەنیا تۆ

ئەوە گوناهەکانی تۆ بوو بەتەنیا.

ئەوە سپڵەیی تۆ بوو دەرحەق بە خوداکان

 هەستی لەکیسچوونی ونکردنی بە خوداکان بەخشی.

 

 

Peter Paul Rubens, Siegen 1577 – Antwerpen 1640
Venus und Amor / Venus and Cupid aka Venus at her toilet (ca. 1606 – 1611)

(٢١)

تۆ نە خودا بوویت و نە مرۆڤ،

 نە فریشتە بوویت نە شەیتان،

 نە ئاسمان بوویت نە زەویی،

 نە زەریا بوویت و نە بیابان.

نە شادی بوویت نە غەم،

 نە ئازار بوویت و نە خۆشی،

 نە ژیان بوویت و نە مردن،

نە مان بوویت و نە نەمان.

 تۆ لەو دیوو بوون و نەبوونەوە،

 تەنیا لەناو تەزووەکانی مندا وەک غەریبی‌ئاشنا لەئاردا بووی.

 ئەو تەزووانەی بوومەلەرزەی دەرکەوتنی تۆ

 بە دەمارەکانی منی بەخشی.

ئەوە تەنیا من بووم لەناو ئەم حەشاماتەدا،

چارەنووسی تۆم ناسییەوە

 و بە گوێتدا چرپاندم غەریببیت دەناسمەوە.

 تۆ ئەو دڵتەنگییە بوویت

 لە سەرەتای دەستپێکدا، وەک دوایین حیکمەتی شادی

 خۆت وەها لە دمارەکانم ئاخنی؛

خوێن پژانم شەفەقی غیابی تۆی لێرە بۆ هەمیشە سوورکرد.

 

 

(٢٢)

پێش تۆ تەنیا بووم،

 ئەو جۆرە لە تەنیایی کە لە ئەزەلەوە بۆ ئەبەد مرۆڤ تووشی بووە.

 لەناو هەموواندا، لە قوڵایی ئاهەنگەکاندا،

ئەوکاتانەی قاقا پێدەکەنین،

 جار جار بەر ئەو تەنیاییە دەکەوین؛

ئەو تەنیاییەی خوێنی پێکەوەبوونەکانمانی تێدا هەڵدەهێنینەوە.

 ئەو تەنیاییەی ئاشنایەتیمان تۆخدەکاتەوە.

 هەموو ئەوەی مرۆڤ بینایکردووە بە زمانیشەوە،

 بۆ شاردنەوەی ئەو خەرەندە ناکۆتایەی تەنیاییە؛

ئەو جۆرە لە تەنیاییەی پێش تۆ ئەزموونم کردبوو.

 مردن هیچ نییە،

جگە لە گلبوونەوەی مرۆڤ بۆ ناو خەرەندی ناکۆتای تەنیایی.

 ترس لە مردن تۆقینە لە تەنیایی.

 پێش هەڵهاتنی تۆ،

 وەها لە ئاوابوونی ئاپۆڕە لەناو تەنیاییدا دەمڕوانی.

تۆ، ئەی ئیلاهەی بەرزەجیهانی خودایەتی،

 ئەی خاتوون و مەلەکەی بەهەشت،

 ئەی ئیلاهەی مانگ و درەوشاوەی تاقانە،

 ئەی ڕووناکی ئاسمانەکان و زەوی،

 ئەی دایکی هەموو خوداکان،

ئەی غەریبیی ئەبەدی بە ئاشنایەتیمان،

 لێنەگەڕایت لەناو تەنیایی خۆمدا بتڵێمەوە،

 لێنەگەڕایت لە خوێنی خۆمدا بگەوزێم؛

و گۆرانی بۆ تەنیاییەکانم چڕم.

بروسک ئاسا بەناو دڵمدا هاتیت

 و سینەمت شەقکرد،

 هەرچی پێی بڵێی تەنیایی و ئاشنایی؛

 وەک شەیتان لە سینەمت دەرهێنا.

منت بردە سەر سەرابەکانی تەنیایی

 و پێت وتم لەو خەرەندە بێبنە ڕابمێنە کە مرۆڤ لێی تۆقیووە.

 تەماشای بکە؛ ئەوە تەنیایی نییە بە ئێوەمان بەخشیوە،

 ئەوە حیجابی تەنیاییە.

 ئێوەی مرۆکان کوا بەرگەی خودی تەنیایی دەگرن؟

کوا بەرگەی ئاشنایەتی دەگرن؟

 هەموو ئەوەی ئێوە دەتوانن بەرگەی بگرن،

 حیجابی تەنیایی و ئاشنایەتییە.

 

 

(٢٣)

The Creation of Adam – Michelangelo – Italian Renaissance Art

تەنیایی ئەو ئاوەڵە نییە لە ئەزەلەوە بۆ ئەبەد لەگەڵمانە

 و برای ئەبەدیشمان نییە.

 دوا باوەشیش نییە لەخۆیمان دەگرێت؛

 ئەو پەرییە مەکربازەش نییە،

کە دڵشکاوەکان لەگەڵی دڵداریدەکەن.

 ئەو پەناگەیەش نییە، کە پاش شکستەکانمان بەرەوپیری دەڕۆین؛

ئەو برینە ئەبەدییەش نییە،

 خوێنی جوداییەکانمانی لێدەڕژێت.

 کەسێک تۆی نەناسیبێت؛

 ئاشنای غەریبەکانی تۆ نەبووبێت،

 تەنیا حیجابی تەنیایی ناسیوە.

 تۆ، ئەی ئیلاهەی ئەشق و  زەردەپەڕ

  ئەی ئیلاهەی شەڕ

 ئەی خاتوونی خەمهێن و جەنگ

 ئەی خودای ڕازئامێزی جیهانی ژێرەوە

 ئەی زاگەی پێشبینی و خەونبینین؛

ئەوەی لەبەردم غەریبی نیگاکانتدا،

 حاشای لە ئاشناکانی خۆی نەکردبێت

چاوی بە چاوە تاریکەکانی تۆ نەکەوتبێت

 لەناو تووناتوونی جەستەدا، خوددۆزینەوەی وننەکردبێت

وەک دواین ئۆمێد خۆی بە کەزییەکانتدا هەڵنەواسیبێت

 و خوێنی خۆی لە کەلەسەری حیجابی تەنیاییدا

 بەتۆ نەبەخشیبێت، نازانێت تەنیایی چییە.

 

 

(٢٤)

تەنیایی تووشبوونە بە تۆ

وەک توشبوونی مرۆڤ بە تەمەن کە گەڕانەوەی نییە

وەک چۆن دەریا توشی ئەستێرەکانی دەبێت

ئەو کاتەی لە کشانی نەیزەکەکان

 تەنیا، بیرەوەری کشان دەمێنێتەوە.

 پاییز تووشی ڕەنگی زەرد دەبێت

 گەڵا تووشی پاییز،

 و ”با”ش تووشی گەڵا؛

ئەوکاتەی ”با” هەموو مەوداکان هەڵدەگرێت

و بێئاگا لەوەی لەودیوو مەوداکانەوە

گەڵاکان لەدەستە گەرمەکانیدا دەبنەوە بەخاک.

 تەنیایی تووشبوونە بە مەودا

 ئەو مەودایانەی نەدەتوانین هەڵیگرین

 و نە دەتوانین لەدەستیبدەین.

 تۆ ئەی دوورترین مەودا

لە نزیکترین شوێنی مندا پەپکەتخواردووە

 و چاوەڕێی یەکەم زەردەپەڕ دەکەیت

 تا خۆت بخزێنیتە ناو شەوی لەبیرنەچوونەوەی ئەبەدیمەوە؛

سەیرکە چۆن لەنێوان دەستی من و پێستی تۆدا

 هیچ نییە

 جگە لە تەزوویەکی مردوو

 ئەو مردووەی لە زیندووکان زیاتر لە ئێمەدا دەژییەت.

ئەوە پێستی منە بەسەر پێستی تۆدا دەخزێت

 جگە لە هەڵوەرینی مووەکان

 شتێکی تر بە بەناو ئێمەدا هاتووچۆناکات؛

چ هەستیکی غەریبە.

 بەوە نییە دەستم لە کەزییەکانتەوە دەئاڵێت

 و چاوم لە چاوتدا دەتاسێت

 نە دەتوانم بچمە ئەودیوو پێستتەوە

 و نە دەتوانم ڕەنگی پێستت لەبیرکەم

 نەدەتوانم لە تەلیسمی چاوت دەربازم بێت

 و نەدەتوانم تیرێژی نیگاکانت لەبیرکەم.

من تووشی لەبیرچوونەوەی غیابی تۆ بووم؛

 نەبوونی تۆم لەدەستداوە و بوونی تۆم لەکیسچووە.

 حەسوودی بەو کەسانە دەبەم کە توانای ونکردنیان هەیە

 و ئەو کەسانەی هەستی لەکیسچوونیان هێشتا لەکیسنەچووە؛

 حەسوودی بەو بەختەوەرانە دەبەم کە

 ئەو شتەی ونیدەکەن نازانن لە کیسیانچووە

 و ئەگەر شتێکیش لەکیسبدەن، نازانن کە ونیان کردووە؛

 بەئاسانیش دەتوانن لەدەستیبدەن.

 ئەو کەسانەی لە گۆڵی نیلوفەریان خواردوە

 و لەبیریان کردوە بەیادبهێننەوە؛

 لەکیسنەچوون چ دۆزەخێکە؟

ئێستا دەبێت بە کۆرس بگرین ئەو بەختەوارنە

بۆ ئەوانەی هێشتا نەشئەی گوڵی نیلوفەرن

 بۆ ئەو کەسانەی هەستی لەکیسچوونیان هێشتا لەکیسنەچووە.

لەبەرئەوەی لە چارەنووسی هەموو ئەوانەشدا، دۆزەخ هەڵکۆڵراوە

ئەوان هێشتا لە تاریکترین، تەسکترین و درێژترین کۆڵانی گەورەبوونیاندا

شانی ئاشنایەتیان بەر غەریبەکانی خۆیان نەکەوتووە

ئەو غەریبانەی تووشی دۆزەخی ئاشنایەتییان دەکات.

 

 

(٢٥)

غیابی تۆ

 لە تۆدا گەورەترین مەحاڵە

 لەکیسمچووە.

 ئەو مەحاڵەی بەهەشت مومکین دەکات

 ئەو بەهەشتەی لە ئاهی دۆزەخییان شینبووە.

 غیابی تۆ ناسینەوەی غەریبەکانی خۆمە؛

 ئەو غەریبانەی فێری ئاشنایەتییانکردم.

حزورت منی بەجێهێشتووە،

 وەک چۆن شەوە ئادەمی بەجێهێشت.

 ئێستا غیابت تووشی من بووە؛

هاوشێوەی تووشبوونی حەوا بە ئادەم.

بەوە نییە نەسلی مرۆڤ لە ئادەم و حەواوە ڕوواوە؛

 هەر مرۆڤێک نیشانەیە بۆ غیابی شەوە لە ژیانی ئادەمدا

و هەر گوناهێکی مرۆڤ

کولاندنەوەی برینی غیابی شەوەیە لە ژیانی ئادەمدا

کە ئێستاش هەر خوێنی ئاڵی لێدەچۆڕێت

 دوای هەزاران ساڵ.

ئافراندنی حەوا

 ئەبەیدکردنەوەی غیابی شەوە بوو.

 حەوا دۆزەخی ئادەم بوو؛

 ئێمەش منداڵانی دۆزەخ.

 ئادەم لە بەهەشتەوە ژیانی بۆ سەر زەوی نەهێنا

 چێژ و ناخۆشی مرۆڤانەی نەهێنا

ئادەم بەهەشتی جێنەهێشت

 ئادەم غیابی شەوەی لەکیسچووبوو؛

بۆیە سەری خۆی لە زەوی نا.

ئادەم ئاشنایەتی شەوەی لە غەریبەبوونی حەوادا دۆزیبووەوە.

 

 

(٢٦)

بڕوانە چلۆن لە یەکەم گوناهی ئادەم بووراوم، بەچاوی مەسیح.

 لە دوایین گوناهی مەسیحیش بووراوم، بەچاوی تۆ.

 ئەوکاتەی تووشی غیابی مەریەم مەجدەلی بوو؛

 ئەو غیابەی پێهەڵنەگیراو

و لەبری ئەوە خاچی مرۆڤایەتی لە ملنا.

تەماشاکە، توشبوون بە غیاب چ خەسانێکە؟

 خەسانێک کە بردنەوەی هەموو دونیاش نایشارێتەوە.

 تۆش وەک مەسیح بوویت بە قسەی خۆتەوە؛

 مەسیح وتی: “ئەگەر هەموو دونیا ببەیتەوە

 و خۆت بدۆڕێنی، بەهیچ ناچێ.”

 من لە ئادەم نابوورم

 لەوەی دۆزەخی غەریب‌ئاشنای لەگەڵ خۆی بۆ زەوی هێنا.

 لە مەسیح نابوورم،

 چونکە خۆدۆڕانی وەک بارمتە بۆ بردنەوەی هەموو دونیا دانا؛

 بێئاگا لەوەی دونیا دۆزەخە؛

گرنگ بردنەوەی نییە، بەڵکو دۆڕانێتی

 و لە تۆش نابوورم لەبیرچوونەوەت لەبیری دونیا بردەوە.

 

 

(٢٧)

گەڕانەوەی غەریبی

 دوایین ئایەتی سورەی لەکیسچوونە.

سورەتێک کە تەنیا ئەوکاتە نازڵ دەبێت، کە لەکیسچوونت لەدەستداوە.

 ئایەتێک کە دەگەڕێتەوە سەر هەموو ئایەتەکانی تر جگە لە خۆی نەبێت.

 گەڕانەوەی سەرمەدیی لەکیسچوونی هەمان

لەکیسچوونی ونکردنە،

 لەدەستدانی هەموو شتە جگە لە لەکیسچوون.

ئایەتێک کە دواجار مەسیح لەسەر خاچ وتی

 و کەس جورئەتی گێڕانەوەی نەبوو؛

”ئەی باوکی ئاسمانی، بۆ توشی لەدەستدانی غیابی خۆتت کردم؟”

 ”بۆ وەک غەریبەیەک لەبەردەم نیگای ئاشنای دایکمدا، حاشات لێکردم؟”

 

 

(٢٨)

لێوەکانی من

لە لێوەکانی یەکەم گرتنی مەمک

 لەلایەن ساواوە ئاڵتر بوو.

 گۆکانی تۆش

 لە سرکترین ماسی، خزتر

 و لە پیرترین جادووگەر ئەفسووناویتر بوو.

 پێش ئەوەی لێوم بگات بە گۆکانت؛

مەمکەکانتم لەکیسچوو.

 لەکیسچوونێک لە کەوڵی گەڕانەوەدا.

من گەڕامەوە، بۆ یەکەم بەرەبەیانی چاوشارکێ لەگەڵ تۆدا؛

ئەوکاتانەی لەبری ئەوەی خۆتم لێ بشاریتەوە

 چاوەکانت لێدەشاردمەوە.

گەڕامەوە بۆ یەکەم ماچ

 کە شەوە لەسەر لێوی ئادەم بەجێیهێشت؛

 ئادەم لەسەر لێوی حەوا چاندی

 ئەویش دوای خۆی وەک کەلێنێکی ئەبەدیی

لە شێوەی بزەیەکدا لەسەر لێوی ئاشقان نەخشاندی.

بزەی ئاشقان؛

شاردنەوەی خەرەندی ئەبەدیی جووتنەبوونە.

زەردەخەنەی ئاشقان نەناسینەوەی ئاشنایەتییە.

 گەڕامەوە بۆ سەرەتا

 بۆ یەکەم ترپەی لێدانی دڵی ئادەم.

 ئەوکاتەی شەوە، بۆ یەکەمجار لەگەڵی نوست.

 ئەو شەوەی ئادەم هەستیکرد

 بوونی ئەو هیچ نییە جگە لە خەنجەرێک

 لەناو برینی تەنیایی خودادا.

ئەو دەمەی زانی خودا بۆ ئەو هیچ نییە

 جگە لە غەریبەیەک کە تووشی هەڵوەرینی ئاشنایەتیکردوە.

 گەڕامەوە بۆ یەکەم نیگا

 ئەو دەمەی شەوە

 بە نیگا ئادەمی بە تەنیایی ئاوسکرد.

 گەڕامەوە بۆ یەکەم ژوانی دوای شکست

ئەو کاتەی ئادەم حەوا لە ژێر درەختی ژیاندا

 وەک دوو پەیکەری سارد، وەک دوو غەریبە؛

 دوو تارمایی بوون بە ئاشنایەتیی یەک.

هەموو ئەوەی نوقسانیان بوو

 لەدەستدانی غیابی شەوە بوو.

غیابی شەوە ئاشناترین نامۆی نێوانیان بوو.

 شەوە وەک مارێک

 خۆی خزاندە ناو جەهەندەمی شەوە بێڕەنگەکانی ئادەم و حەوا

 و بەهەشتی پاش لەکیسچوونی بۆ ڕەنگاڵەکردن.

گەڕامەوە بۆ یەکەم یادوەرییەکانی منداڵیم

 بۆ دۆزینەوەی یەکم دەرکەوتەی پارچەکانی تۆ، لەناو یەکپارچەیی منداڵیمدا.

گەڕامەوە بۆ یارییەکانی منداڵیم

 بۆ وڕکەکانم، بۆ خەیاڵەکانم.

 گەڕامەوە بۆ یەکەم لەکیسچوونەکانم، یەکەم لەدەستدانەکانم؛

 لە هەموویاندا تۆم بەیادەهێنایەوە

 تۆم ناسییەوە، تۆم بینیەوە.

 ئەی ئیلاهەی جیهانی ژێرەوە

 ئەی خودای تاعوون و مردن.

 پێش ئەوەی ڕووخساری خۆم بناسمەوە

 لەناو دڵتەنگییەکانی منداڵیمدا

ڕووخساری تۆم ناسیەوە.

 ئەی ئیلاهەی خەم‌ و پەژارە

 ئەی بەدیهێنەری ئازار و ژان؛

 توشبوون بە تۆ

 ژیانەوە بوو لەناو درەختی هەمیشە سەوزی دڵتەنگیدا.

 پاش مردنم لەناو هەلاهەلابوونی مەوداکاندا؛

دڵتەنگییەکانم بەربوونەوەم بوو

 بۆ باوشی تەنیاییە ئەفسووناوییەکانی تۆ

 کە بە هیچ شتێکم نەدەگۆڕیەوە.

 ونبوون لەناو تەنیاییەکانی تۆدا لەدەستدانی لەکیسچوون بوو.

 گەڕامەوە بۆ بەهەشتی لەکیسچووی باوەشت

و سەرم نایەوە بە سنگتەوە؛

وەک ئەوەی پاش ڕۆژی درێژی جیهان

 لەناو شەوی ئامێزتدا بۆ هەمیشە خامۆش بم؛

 و بگەڕێمەوە بۆ ناو تووناتوونی عەدەم.

 شوێنێک بۆ یەکەمجار تێیدا ڕسکام و جوڵەم تێکەوت

شوێنێک بۆ یەکەمجار دڵم لێیدا بە ڕیتمێکی فریودەرانە؛

 ئەو ڕیتمەی پەلکێشی جیهانی ڕووناکی کردم.

 پاش هەموو ئەمانە

 گەڕامەوە بۆ جیهانی ‌ژێرەوە

و لەناو تاریکاییە لەبننەهاتووەکانی تۆدا

بەبێ خەون و ئارەزوو بۆ هەمیشە نووستم.

٢٠/٨/٢٠٢٠

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌