Escape Artist (Primary Colours and Green), 2008

زۆڵەکانی مۆدێرنە، هەڵاتنەكان لەرێی تۆڕەکانەوە


Loading

سەرەتایەکی ڕێخۆشکەر

لێرەدا چیرۆکەکانى هەڵاتن لەمۆدێرنە بە بەسەرهاتی ‘زۆڵەکان’ ناودەبەم. زۆڵ هەر بەمانای ئەو منداڵەی “ناشەرعیە” نا کە باوکێکی نییە خاوەنداری لێبکات، بەڵکو ئەو هەوڵانەیە کە وەهمی دەربازبوون لەمۆدێرنە

نه‌وزاد جه‌مال

دەکەنە چیرۆکی ڕەتکردنەوەی مۆدێرنە خۆی. سەرەڕای ئەوەی ئەم هەوڵانە بناوانیان لەمۆدێرنە خۆیدایە، گێڕانەوەکانیان، جۆرێکیترە لەنیهلیزم کەپاساوی ڕەتکردنەوە لەپوچاندن و بێهودەییدا دەدۆزێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی لەنووسین و باسوخواسی کوردیدا، مۆدێرنەو مۆدێرنیتەو مۆدێرنیزم و مۆدێرنیزاسیۆن تێکەڵوپێکەڵکراون و بەسەریەکدا شوێنراون، لێدان و ڕەتکردنەوەی بێبنەماو مۆدەباوی پۆستمۆدێرنانە، بۆتە باسێکی سواو و قەوانێکی دووبارە. لەگەڵئەوەشدا، پەرچەکرداری سروشتی و نائاسایی دژبەمۆێرنە لەکۆمەڵێک دەرکەوت و دیاردەی کۆمەڵایەتی و کولتوریی ئێمەدا بەرچاودەکەوێت. بەشێکیان ڕەنگدانەوە یاوه‌كو ڕاستر بووترێت پەرچەکردارێکی خۆڕسکانەی نێوخۆییە، بەرامبەر کارتێکەرە دەرەکی و جیهانییەکان. بەشێکیشی بەرهەمی مۆدەباوی، شوێنکەوتن و سایکۆلۆجیای کۆڕەفتارییە کەمیدیای نوێ وتۆڕەکان برەوییان پێداوە. هاوکات، دووبارەکردنەوەو نمایشکردنی هەندێک ڕۆڵ و مۆدەی هاوشێوەی نەتەوەکانی هاوسێمان و ئەزموونی کۆمەڵگەپێشکەوتووەکانیشە بەدیوێکدا.

بۆیە، لێرەدا، هەندێک دیاردەی بینراو تاوتوێدەکەم و ئینجا خوێندنەوەیەکی شرۆڤەییان بۆ دەکەم.

 

  • پەرچەکردارە دژەئاراستەکان

بەرکەوت و لێکەوتەکانی مۆدێرنە لەگەڵ خۆرهەڵاتدا، هەروا بەئاسانی و سروشتی نەبوون. لەجیهانی ”ئیسلام”ییدا، پەرچەکردارەکان لەبزوتنەوەی کۆمەڵایەتی، هونەر، کولتوری دەرچوون، ڕەنگوبۆیەکی

Escape Artist (Multicoloured), 2008 هه‌ڵاتن – كاری خانمه‌ هونه‌رمه‌ند سام تایلۆر جۆنسن

ئایینی و مەزهەبی وەرگرت.  بەناو “پرۆژەی گەڕانەوە بۆ ڕەسەن”، ڕابوردوو کە خۆی لەشۆڕشی ئیسلامی-ئێران و بانگەوازی حکومەتی ئیسلامی و تەنانەت لەخۆپیشاندان و ڕژانەسەرشەقامەکان، ئیسلام وەک پرۆژەی ئەلتەرناتیڤ پێشخرا. گرفتەکە لەوەدایە ئەو دەرکەوتە، نەک هەر گوتارێکی دەژەخۆرئاوایی هەڵگرتووە، بەڵکو لەسەرەتاوە خوازیاربوو ببێتە پارادێمکی دینامیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جێگرەوەی مۆدێلی مۆدێرنە

لەهەموو کایەکانی ژیاندا. لەبەرامبەر هەژمونی مۆدێرندا، دەسەڵاتخوازییەکی کۆنەوار زەقکرایەوە وەکئەوەی دەرمانی هەموو دەردونەخۆشیەکان لەهەگبەدابێت و مۆدێرنەش سەرچاوەی هەموو کێشەکان جیهان بن!

ئەم پەرچەکردارە چیرۆکی ڕابووردی کردۆتە شانازیی کولتوری و چەکی بەرهەڵستکاری خۆرئاوا، بەڵام لەبنەڕەتدا ئەم کاردانەوە جۆرێک لەوەهمی پووچگەریی-نیهیلیزم- تێدامەڵاسداوە. هەڵبەت، ئەم دەستنیشانکردنە تازەنییە، بەڵکو یەکێک لەو نوسەرە ئێرانیانەی لەمێژەوە ده‌رکی بەو پەرچەکردارە کردووە ‘داریوش شایگان’ە. ڕەنگە، پێشئەویش کەسانیتر هەبن، بەڵام، گرنگی ئەم نوسەرە لەوەدایە شارەزایی و پاشخانێکی وردی لەڕەگوریشەی کولتورو شارستانیەتی خۆرهەڵات، بەتایبەت هیندو ئیرانیەکان و دەورپشتیدا هەیە. جگەلەوەی پشتئەستورو هەگبەپڕە لەتێزەرەخنەیی و شرۆڤەییەکانی بیرمەندو فەیلەسوفەکانی خۆرئاوا خۆی.

 شایگان چەمکی ‘شۆڕشی ئیسلامی’ لەخۆیدا وەک پارادۆکسێک دەبینێت[i]. چونکە، ڕەهەندێکی خۆرئاوایی لەوشەی ‘شۆڕش’دا زەقدیارەو پاشگری ‘ئیسلامی’ گەڕانەوەیەکی شێلگیرانە بۆ خۆرهەڵاتدا جەختلێکراوەتەوە. وەهمی گەڕانەوە بۆ “رەسەن”، دواجار گوتارێکی دەمارگیرو توڕەی بەرامبەر مەیلێکی کوێرانەی غەربزەدەیی بەرهەمهێنا. تائەمڕۆش بەرهەڵستی هەژموونی مۆدێرنەو هەمەگیری ئابوری خۆرئاوایی بەگوتارێکی نەریتی پەڕگیر وەڵامدەدرێتەوە. ئەمە ئاکاری جیهانێکە کە هەر خەریکی هەناردەکردنی کێشەکانیەتی بۆ دەرەوەی خۆی و سپاردنی چارەسەریشە بەئەویتر.

 

  • هێزەدژەباوەکان

لەپاڵ ئەوەی لەو کۆمەڵگەیانەی کە بیری مۆدێرن و ڕۆشنگەری هاوردەو نامۆبوون، لەزێدو نیشتمانی خۆشیدا، مۆدێرنە پەرچەکرداری لێکەوتەوە. هەر لەدیدە سروشتگەری و بزاڤی ڕۆمانتسیزمەوە تا پۆستمۆدێرنەکان و ڕەخنەگرانی گوتاری مۆدێرن و زانستی تەکنۆلۆجی پەرچەکردار درێژدەبێتەوە. هەندێکیان لەڕەتکردنەوەوە بەرەو بازدان و تێپەراندنی هەژموونی مۆدیرنە، هاتۆتەئاراوە. دیارە، خوێندنەوەی کولتوری خۆرئاوایی وەک دژێک بەخۆی، بابەتێکی نوێ نییە. لەوسۆنگەشەوە، ‘شایگان’ پشت بەهەندێک تێزی سۆسیۆلجی فەرەنسی ‘ژۆن براون (Jean Brun) سەبارەت بەئینکاری و نکولییەگەورەکان (دژوەستانەوەو پێچەوانەکردنەوە) لە شیعر، شانۆ، هونەری رۆمان و گێڕانەوە هتد… دەبەستێتج.[ii]

بەوپێیەی لەئەنجامی نکوڵیکردن و “کولتوری دژوەستانەوە’، پارادۆکسێك لەناو کۆمەڵگەمۆدێرنەکاندا

escape_artist_pink_and_red_2008-567×709 هه‌ڵاتن – كاری فۆتۆگراف و هونه‌رمه‌ند سام تایلۆر جۆنسن

سەرهەڵدەدات و دواجار دەبنە بزوتنەوەی هەڵاتن و خۆیان لەمانەدا دەردەخەن:

  • سیاسەت و سێکس: واتە ڕزگاری سێکسی و شۆڕش دەبنەوە دووڕووی دیاردەیەک/دراوێک. کەسانێک پەناد ەبەنەبەر ئەم دووانە وەک دەروویەکیتری قوتاربوون لەهەژموونی مۆدێرنە. دیارە، ئەم ئاراستەیە، خەمێکی گشتی دەکاتە پرۆژەیەکی سیاسی یا سێکسی.

  • تریاک و بەنگکێشان: ئەم ئاڕاستەیەیان ناکارایە. چونکە، خۆی لە ئەفیون یا تریاککێشان و گەشتکردن بەناوجیهانی دەروون و وەهمەکان دەکاتە رێگەی دەربازبوون. بۆیە گروپەمیویزیکیەکانی وەک ‘تیمۆتی لیری’ و ‘نەوەی بیتڵز’ ڕوخسارێکی دیاری ئەم ئاراستەیەن.

  • ئایینە ئاسیاییەکان وەک بودیزم و یۆگاییەکان: ئەوەی بەنەوەی نوێ(new generation) دادەنرێت. سەرکردنەسەر بڕوای ڕۆحیگەری وەک ‘زێن’ و ئەوانیتر، لای هەندێک نوسەری وەک ‘واتس’ و هاوکات چالاکانی کولتوری پێچەوانە یا دژەئاراستە دەناسرێتەوە.

  • جۆرەجیاکانی مارکسیزم: ئەمرۆ بەمارکسیزمی نوێ و رادیکاڵ و هتد… دەناسرێت ئاراستەیەکی کارای بەرپەرچدانەوەیە[iii].

هەڵبەت، ئەو دەرکەتانە دەگەڕێنەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو و پڕبەپێستی گۆڕانکاری و ژێرخانی ئابووری و کولتوری ئەو سەردەمەبوو. بەڵام، دەکرێت ئەوەشی بخرێتەسەر کە زەقبوونەوەی گوتاری پۆپلیزمی سیاسی و کولتوری و هێزە رەگەزپەرست و ڕاستڕەوەکان لەدەساڵەی دواییدا، پشت بەچیرۆکی ڕەتکردنەوەو پوچەڵکردنی بنەماکانی رۆشنگەری و مۆدێرنە دەبەستن, رەوایەتی خۆیان لەپوچاندن و بەئەهریمەنکردنی وێنەی ئەویتر(پەنابەر، خۆرهەڵاتی و ئیسلام) پاساوئەدەنەوە.

  • کوردو وەستانەوە بەڕووی مۆدێرنەدا

بەرکەوتی ئێمە لەگەڵ مۆدێرندا، هەم لە ئامێروداهێنانەنوێکان(مۆدێرنیزاسیۆن) و هەم لەڕوانگەی ئایدۆلۆجیا سیاسی و دەوڵەتە سەردەستەکانەوە، بەتایبەت پاش دامەزراندنی دەوڵەتی ‘نوێی نەتەوەیی’ و ڕووخانی دەوڵەتی دینی ‘خەلافەی عوسمانی’دا دەردەکەون. بەدرێژایی سەدەی رابوردوو، چارەنووسی کوردو روناکبیران بەتایبەت لەنێو تەڵەزگەر پێشکەوتنخوازی و نەریتخوازییدا گیریخواردبوو. بەڵام، لەپاش کرانەوەی سنوورەکان بەڕووی دەرەوەداو هاتنی تەکنەلۆجیای نوێی پەیوەندی، بزوتنەوەکانی هەڵاتن لەجیهانی ئێمەدا، ئاشکراترو زەقتربۆتەوە. ئەمەش، خۆی لەبزواندنی سێکسی بەتایبەت لەئاستی تۆڕەکاندا دەردەخات. هاوکات، پەرەسەندنی بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکان لەگەڵ دەنگی ڕادیکاڵی مارکسیزم و یۆگایی و سۆفیگەرییەکاندا تەریبە.

بێزیادەڕەوی لەپەراوێزی تەنگەژەسیاسی و ئابوورییەکاندا گەنجولاوی ئێمە، گەشتگەلێکیان بەهۆی باسوخواسەکانی سیکس، مادەهۆشبەرو عیرفان و ئەنگیزەی شۆڕشەوە لەناو تۆڕەکاندا سازکردووە! بێگومان، ‘تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و ئامێرە تەکنۆلۆجییەنوێکان’[iv] بەرکەوتێکی زۆرخێراو و کتوپڕو کاریگەرە لەدونیای ئێمەدا دروستکرد تائەوڕادەی بازێکی گەورەی بەمرۆڤی ئێمەدا، بێئەوەی توانای هزری و ئاگایی هاوتای لەگەڵبێت. واتە، گروپەکانی ڕەتکردنەوە لەکۆمەڵگەی ئێمەدا بەوجۆرەنییە، کە لەکۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا سەریهەڵداوە، بەڵکو لەئەنجامی تەکنۆلۆجیای پەیوەندییەوە، ئەو گروپانە کارابوون و خۆیان مانڤێستکرد. ئێستە لەکۆمەڵگەی ئێمەدا ‘فەیسبووک’ (تۆڕەکانیتریش کەمتازۆر) ڕێگەیەکە لەریگەکانی هەڵاتن و خۆقوتارکردن لەجیهانی زیندوو راستەوخۆ. لەوێدا هەم مەیل وحەزی سێکس لەپاڵ مەیلی شۆڕشگەریی و خۆخاڵیکردنەوە بەهەردووباردا کاردەکات. پاشان، بیری عریفانی “رۆمی” بۆتە مۆدەیەک و جۆرێک لەدڵدانەوەی نائومێدی تاکی گەنج. هاوکاتە لەگەڵ بیرکردنەوە پەڕگیرەکانی وەک مارکسیزم ڕادیکاڵ.

  • ئیتر کەخودا مرد

هه‌ڵاتن – سه‌وزو په‌مه‌یی
escape_artist_pink_and_green_2008-567×708

کاتێک منداڵەکانی خودا، هەواڵی مەرگی خودای باوکیان پێگەیشت، دووبژاردەیان لەبەردەمدا بوو: چاونوقان لەو ڕاستییە تاڵەو کەوتنە نێو فەزای بێماناو خاڵی ژین و درێژەدان بەخەونی مانەوەی خودا. یا ئیتر خۆیان دەبنە جێگرەوەی ئەو بوونەوەرە بانمرۆیی و سەروسروشتییە. دیارە، شایگان لەسەر نیهیلزمی ‘نیتشە’ وەک قۆناخێکیتر لەبەرپەرچدانەوەو رەتدانەوەی مۆدیرنە دەوەستێت. چونکە، ئەو جاڕەی ‘نیتشە’دای، مرۆڤی گەیاندە سەرزەوییە خاڵی و ساردو رەقوتەقەکەی “بوون”. بەڵام، لەزمانی ‘هایدەگەر’ەوە شایگان شرۆڤە وتەکەی نیتشە ”ئیتر خودا مرد” بەو مانایە لێکدەداتەوە کە بەهای خودا مرد، نەک خودا خۆی[v].

هەڵبەت، مردنی خودا وەک کۆتایی چیرۆکەکان و دەستپێکی وردەچیرۆک لەسەر ئاستی تاکەکەسی باشتر جێی خۆی کردەوە لەنێو جیهانی گریمانەیی-تۆڕ-دا. دەشکرێت ئەوە بڵێین؛ سەرهەڵدانی بزوتنەوە چەکدارە توندوتیژەکانی وەک داعش، پەرچەکرداێکی نیهیلستیانەیە بەدەمامکی ئایینیەوە بۆ گێڕانەوەی خودا بۆسەر شانۆکەی ژیان. بەڵام، بەڕای من ئەمەش هەر بەجۆرێک کوشتنەوەی خودایە. چونکە، هەوڵێکیترە لەخۆخستنەوە پێستی بوونێکی باڵا لەژێر دروشمی پیرۆزی خودا[vi].

  • منە ساختەکانی سەردەم

بەمردنی خودا، شانۆی “منە درۆینە”و ساختەکان کە تاک وەک جەستە، وەک ئازارو وەک خەون، جوانی و پاڵەوان بۆ هەموو واڵابوو. یەکێک لەپارادۆکسە سەمەرەکانی سەردەمی مۆدێرن، مۆدێلی تاکێکی وەهمییە. مرۆڤی وەهمی، هەم بەمانای مرۆڤێکی دیجیتالی لەدونیای بینراو(virtual) هەم بەمانای ئەوەی کەسێک بەکەرەستەوئامرازە تازەکانەوە پێناس و ناسنامەیەک بۆخۆی دەپچڕێت کەتەواو لەخۆیدا پێچەوانەیە بەدەستکەوت و بنەماکانی مۆدێرن.

مرۆڤێک تائەوپەڕ ئەدای مۆدیرنانەیە، بەڵام، بەئەقڵیەتی کۆنەوار دەژی و خەونەکانی دەپەرستێت. ئەم منەدرۆینە، منێکی وەهمی مۆدێرنە کە لەخۆرهەڵات و بەتایبەت کۆمەڵگەی ئێمەدا، پێداگیری لەداهێنانەنوێ و ئامرازو کەرەسەتازەکان دەکرێت. لەمۆدێلی جلوبەرگ و ئامێرەکانی پەیوەندییەوە تا دامەزراوەیەکی وەک زانکۆ، پڕن لەو وەهمانە. تۆڕەکان لێوانلێون لەنمایشی سەردەمی و تازە لەجلوبەرگ، ئارایشت، شوێنی گەشتیاری، تەلاری مۆدێرن، شێوازی رۆمانسی ئاسای دەربڕینی خۆشەویستی، قسەکردن لەسیاسەت و مرۆڤ و ئایین و زانست و هتد… بەڵام، ئەوەی لەپشت ئەو پەیام و سەکۆ و ماڵپەڕو پەیجانەوە ئیشدەکات ئەقڵیەتێکی نامۆدێرن، نازانستی و ناڕۆشنگەرو ناسەردەمیانەیە.

ئیدی، منی درۆینە، ئەو منانەیە کە ئاگاییەکی راستینەیان سەبارەت بەخودی خۆیان نییە. واتە، منێکی رەسەن، خۆبەخۆو خۆدۆزەرەوەنیین بەئەندازەیی نمایشیین. ئیتر کەخاوەنی ئاگایی و پێناسەی خۆیی نەبوون، ئامادەشن ببنە هەرجۆرە مۆدەیەک بەپێی هەڵوێست و روداوو پرسەکان، تازەدەبنەوەو لەناودەچن. ئەگەرچی ئەوەش بۆخۆی پرسیارێکی فەلسەفییە؛ ئاخۆ منێکی رەسەن کەتەنها داڕشتەیەکی (کۆنسترەکشن) خۆییە یا ئەنجامی دروستکردن و داهێنانی منەگەوەرەکە-کۆمەڵگەیە؟ بەدەر لەوەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، چیرۆکی هەڵاتن لەهەژموونی منەکان: منی خێزان و بنەماڵە، منی زێدو وڵات، منی کولتور و نەتەوەو نیشتمان و منی ئایینی بەرەو منی خۆم، نەک هەر رزگاربوونە، بەڵکو جارێکیتر کەوتنەنێو بۆکسەکە(سندوقە) رەشەکەوە بەدەستی خۆ. لەکاتێکدا خۆڕزگاردن لەو ‘منانە’، واتە هاتنەدەرەوە لەوەی کەبۆت سازکراوەو ئینجا دروستکردنەوەی خۆت، دوای بەجێهێشتنی بۆکسەکەو منەکانیتر.

  • سێکوچکەی قەدەغەکراوەکان

تێپەڕاندنی سێکوچکەی حەرام، یا قەدەغەکراوەکان لەسۆشیال میدیادا گەیشتە ئاستی تێپەراندنی ئازادی وەک بەهایەک لەخۆیدا. واتە، لەمافی دەربڕین و گوزارش لەخۆکردنەوە، بووە هێرش و پەلاماری ئەویترو خۆتەوەری وهتد. ئاشکرایە، سێکوچکەی قەدەخەکراوەکان، سیاسەت و ئایین و سێکسە-سۆزداریيە. سياسەت بەئەزموونیی لەناوژیانی ئێمە، بەتایبەت دوای راپەرین شکستەکانی گەیشتە ئەوپەڕی لەگەندەڵی، بازرگانیکردن بەبەهاو پێوەرەسیاسییەکان. ئەوەندە سیاسەت زەقبووە، تاڕادەی بێزلێکردنەوە. تەنانەت منداڵەکانیش بوێری قسەوتنیان بەسیاسی و  بەرپرسەکانیان هەیە. خەڵکی و بەرپرسەکان گەیشتنە رادەی سیوابوونەوە لەیەکتری. پەردەی قەداسەت و بەرزی سیاسەت دڕاوو بۆتە باسی توانج و پلاری گشتی.

دووتابوەکەیەتر، کەمترو لەڕووبەڕێکی دیاریکراودا کە ئینتەرنێتە دەگەنە ترۆپکی دەربرین و بایەخپێدان. تۆڕەکان ئاستێکی زۆرنزم لەزەقکردنەوەی هەندێک ئەندامی جەستەو برەودان بەحەزی نارسیستی و دروستکردنی وەهمی ناوبانگ و جەماوەر زیادکردن دەردەخەن. ئەو سانسنۆرە کۆمەڵایەتییەی لەسەر ژیانی سێکسی هەیە، وایکردووە تۆڕەکان شەوانە ببنە مەیدانی سێکسی دیجیتاڵی. لای نەوەی ئەمڕۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ سناپ و فەیس و ئینستگرام و ئەو تۆرەکۆمەڵایەتیانەیتر کورتبۆتەوە. گەنجێکی زانکۆیی هێشتا درکی بەوەنەکردووە کە ئینتەرنێت جیهانێکی بەرفراوانەو لەرووی زانستی و روناکبیرییەوە رێگەی سەرچاوەو پڕە لەملیۆنەها کتێب و سایت، بەڵام ئەو دابمێنێت لەوە. چونکە، نازانێت چۆن لەسایتەکاندا بەدوای زانیاریەکی سادەدابگەڕێت. سەبارەت، بەئایین دەیەها پەیجی دژەئایینی هەیە بەناوی سێکۆلارو ئەتایست و هتد… کەوتۆتە شەڕێکی توندەوە بەرامبەر هەزارەها پەیج کەپڕوپاگەندەی ئایین دەکات.

Escape Artist (In Levis), 2008

ژێدەرەکان

[i] داریوش شایگان: ماهي الثورة الدینیە. ل ١٥٣-١٥٤ . دار الساقی لندن ٢٠04

[ii] Jean Brun; Les vagabonds de I ‘Occident, paris, 1976, p79, ibid.

[iii] شایگان. ل ١٥٣-١٥٤

[iv] هەڵبەت جۆن براون تەنها باسی چوار دەریچەی دەربازبوون و رێگەی هەڵاتنی کردووە. بەلام، بەرای من لەکۆمەلگەی ئێمەدا تۆڕەکۆمەڵایەتی و ئامرازەنوێکانی پەیوەندی جۆرێکترە لەهەڵاتن.

[v] شایگان. ل ١٥٥

[vi] لەوتارێکی بەناوی داعش مراندنی خودا، لەکتێبی ‘کوردو ئیسلام لەیەکتربڕی مێژوودا’ کە ٢٠١٦ چاپبووە، باسم لەم دەرکەوتە مەترسیدارە کردووە.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project