![]()
١
شه‌وێكی تاریك و ئه‌نگوسته‌چاو بوو، مهلهكبینی ڕۆژهه‌ڵاتی وه‌ك شێت به‌ناو كۆڵان و به‌سه‌ر شهقامهگشتییهكاندا له شهوڕۆییهكی بێكۆتادا بوو. به‌خوڕ باران ده‌باری، تاریكی شه‌و و تاریكی ئه‌م شاره تاوناتاوێك به هه‌وره‌بروسكه‌ی وێڵ و سه‌رشێت ده‌ڕه‌وییه‌وه، به‌ڵام هیچ شتێك نه‌یده‌توانی ئه‌و غه‌مه بڕه‌وێنێته‌وه كه مانگێك بوو به‌سه‌ر شاردا باڵی كێشابوو.

بارانی به‌خوڕ و گرمه‌ی هه‌ور تێكه‌ڵ به‌گریان و هاواری مهلهكبین ده‌بوون، بێئه‌وه‌ی به‌زه‌یی به‌خۆیدا بێته‌وه، بێئه‌وه‌ی شه‌رم بكات، بێئه‌وه‌ی سڵ له‌و هه‌موو چاوه بكاته‌وه كه سه‌یریان ده‌كرد. ته‌نانه‌ت بێئه‌وه‌ی نرخێك بۆ هیچ بنه‌مایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دابنێت، كه له‌و ساتانه‌ی مرۆڤ وه‌ها وێران ده‌بێت، ده‌گریان. له‌و ساته‌دا ئه‌وانه نرخی چڵهپوشێكیان نامێنێت، پڕ به‌گه‌رووی گۆرانی (عه‌زیز شارۆخی) به‌گوێی ئه‌م شاره بێده‌نگه‌دا ده‌دا و هاواریده‌كرد: تۆ نه‌بی منیش … نامه‌وێ ژیان، ده‌وێستێ دڵم بێ تۆ له‌لێدان …
ئاوا، وه‌ك پێغه‌مبه‌رێكی نه‌فی كرا‌و، وه‌ك منداڵێكی سه‌رگه‌ردان، به‌هه‌موو لایه‌كدا ده‌یڕوانی، به‌دوای شتێك‌دا وێڵ بوو بۆی نه‌ده‌دۆزرایه‌وه. كه تا هه‌تایه‌ش نایدۆزێته‌وه. هه‌مووان پێیان وابوو كۆتا شهویتی و گیان ده‌سپێرێ.
_ خانم تكایه … خۆتت وێران‌كرد، كۆتاییه‌كه‌ی خێر نابێت …
یه‌كێك له‌و پیاوانه‌ی دڵی هاتبووه هه‌ژان وای پێگووت.
٢
مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، له شه‌وێكی وه‌ها تاریكونوتهكدا، جه‌مشید ئه‌فسه‌ری و مهلهكبینی ده‌زگیرانی، بۆ قسه‌كردن و به‌سه‌ر بردنی كات، به‌ڕێگاوه‌بوون بۆ ناوه‌ڕاستی شار. وه‌ك بڵێی بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی مه‌رگی خۆیان سه‌ریان هه‌ڵگرتبێت، هه‌نگاوه‌كانیان قورس و هێواش بوو. مهلهكبین هه‌موو گیانی ده‌له‌رزی، ئه‌و سه‌رمایه‌ی له‌نێو جه‌سته‌ی ئه‌ودا بوو، ئه‌و سه‌رمایه نه‌بوو كهباوهشی به شاردا كردبوو، سه‌رمای شار سه‌رمای مانگی ئهیلوول بوو، سه‌رمای پایز بوو. به‌ڵام سه‌رمای نێو ڕۆحی مهلهكبین سه‌رمایه‌ك بوو له هیچ شوێنێكی ئه‌م جیهانه وه‌ها به‌سه‌ختی و قورسی بوونی نه‌بوو. جه‌مشید ئه‌فسه‌ری ده‌زگیرانی بێبه‌زه‌ییانه سه‌رماكه‌ی سه‌ختتر ده‌كرد، بێئه‌وه‌ی به‌لاوازی دڵی مهلهكبین بزانێ. جه‌للادانه باسی شه‌ڕ و به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی ده‌كرد …
مهلهكبین كچی (مه‌جید ڕۆژهه‌ڵاتی) كۆڵبه‌ره به‌ئه‌زموون و پیره‌كه‌ی شار بوو، دایكی له‌ناو جێگا كه‌وتبوو، دوو خوشكی هه‌بوو هه‌ردووكیان شوویان كردبوو، برابچووكهكهی كه ته‌مه‌نی پانزه‌ساڵان بوو له ڕێگای كۆڵبه‌ریدا كوژرا بوو. ساڵی ڕابوردوو له‌نێوان سنووری ئێراق ئێران به‌ر ده‌ستڕێژی گوله‌ی پاسدارانی سنوور كه‌وتبوو. به‌م هۆیه دایكی مهلهكبین جه‌ڵده‌ی ده‌ماغ لێیدا و كه‌وته ناو جێگا، تا ئێستاش زمانی نه‌بووه‌ته‌وه و لاڵ بووه.
باوكی جه‌مشید به‌و هۆیه‌ی هه‌میشه ئه‌و قاتهكوردیانهی ده‌یپۆشین له‌و قوماشه بوو كه ناوی (ئه‌فسه‌ری) بوو، پێیان ده‌گووت (مه‌زهه‌ر ئه‌فسه‌ری) ئه‌و كاته‌ی جه‌مشید ته‌مه‌نی دوانزهساڵان بوو، مه‌زهه‌ر ئه‌فسه‌ری له‌ڕێگای كۆڵبه‌ری لهزستانێكی سه‌خت له‌شاخێكی عاسیدا ڕه‌ق بوویه‌وه. هه‌موو دانیشتوانی ئه‌م شاره، ساڵانه یادی ڕووداوێكی دڵ تهزێنیان ده‌كه‌نه‌وه، هیچ كات نهبووهیادی ڕۆژێك، یادگارییه‌ك، ساتێكی خۆش بكه‌نه‌وه. جه‌مشید ئه‌فسه‌ری تاكه میراتگری باوكی بوو له‌و دونیایه مایه‌وه، جه‌مشیدی به‌ئه‌مانه‌ت سپاردبوو به‌مه‌جید ڕۆژهه‌ڵاتی، هاوڕێی هه‌میشه‌یی كۆڵبه‌ری و شاری.
٣
ئه‌زموونی سه‌خت، كۆڵبه‌ری، هه‌ڵاتن لهگوللهی پاسه‌وانانی سنوور، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی نامۆ، كڕینی كاڵا له‌و فرۆشیارانه‌ی لهدوورهوهكهلوپهلهكانیان ده‌هێنا و فرۆشتنه‌وه‌ی به‌كه‌سانی نه‌ناسراو … سه‌رمای سه‌خت، شه‌وانی بێداری له‌گه‌ڵ كاروانچیان و گوێگرتن لهگفتوگۆكانیان … هه‌موو ئهوانهجهمشیدیان له‌منداڵێكه‌وه گه‌وره‌كرد بۆ گه‌نجێكی به‌ئه‌زموون و قسه‌زان و تێگه‌یشتوو. پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌كان ئه‌وانه‌ی له‌كاروان له‌گه‌ڵی دابوون به‌مه‌جید ڕۆژهه‌ڵاتیان ده‌گووت؛ عه‌جه‌ب گه‌نجێكی تێگه‌یشتوو و زیره‌كی لێده‌رچووه …
ئه‌و شه‌وانه‌ی لهكۆڵبهری ده‌گه‌ڕایه‌وه، دوای چه‌ندین شه‌و ڕۆیشتن و ماندوو بوون، دوای پشوو وه‌رگرتنێكی كورت، ڕووی ده‌كرده مه‌جید و به‌غه‌مگینییه‌وه پێیده‌گووت: مام مه‌جید وا مه‌زانه باوكم كوڕێكی بۆ تۆ به‌جێهێشتووه، جگه له مه‌ینه‌ت، هیچ شتیكی تر نییه … به‌ڵێ، ته‌نها مه‌ینه‌تی به‌تۆ سپاردووه تا بۆی گه‌وره بكه‌یت …
_ ئه‌م قسانه چییه؟ حه‌زناكه‌م ئه‌م قسانهبژنهفم كوڕم …
_ بۆچی وانییه مامه؟ سه‌ره‌ڕای ژیانی پڕ زه‌حمه‌تی و نه‌داری خۆت، ئاگاداری و یارمه‌تیدانی منیش له‌ولاوه بوه‌ستێت.
_ وه‌لێ هه‌ر ئه‌وه به‌خته‌وه‌رییه ئه‌زیزم، هه‌ر ئه‌وه به‌خته‌وه‌رییه …
هه‌شت مانگ بوو جه‌نگ ده‌ستیپێكردبوو، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌وه كۆڵبه‌ری هه‌روه‌ك جاران بوو، تا جه‌نگ درێژه‌ی ده‌كێشا كۆڵبه‌ری سه‌ختتر ده‌بوو، پاسه‌وانانی سنوور بێ سڵهمیینهوه گولله‌یان بهخهڵكییهوه ده‌نا. تۆپبارانی به‌رده‌وامی سوپای ئێراق هێنده‌ی تر كاره‌كه‌ی ئه‌سته‌متر ده‌كرد. دوو هه‌فته بوو كه‌س بۆ كۆڵبه‌ری نه‌ده‌چوو، مه‌جید ڕۆژهه‌ڵاتی به ده‌رفه‌تی زانی كچه‌كه‌ی لهجهمشید ئه‌فسه‌ری ماره‌بكات …
ئه‌و شته‌ی كه مایه‌ی نیگه‌رانی خه‌ڵكی بوو، به‌تایبه‌ت بۆ دڵهچكۆلانهكهی مهلهكبینی ده‌ستگیراندار گه‌لێك دژوار بوو، ده‌بوایه جه‌مشید دوای چوار مانگی تر، بچێت بۆ سه‌ربازی و به‌شداری ئه‌و جه‌نگه نه‌گریسه بكات كه هیچ كه‌س نه‌یده‌زانی كۆتاییه‌كه‌ی له‌كوێیه … دووربینی جه‌مشید، بڕیارێكی نه‌خوازراوی لێكهوتهوه، چونكه ده‌بوایه تاوه‌كو مهرهخهسكردنی له ئه‌ركی سه‌ربازی، بهدهستگیرانداری بمێننه‌وه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو بیری له‌وه‌ده‌كرده‌وه؛ ئه‌گه‌ر بێت‌و بیگوازێته‌وه و له‌و ماوه‌یه‌دا مهلهكبین دوو گیان بێت، دواتر كێ ئه‌ركی به‌خێوكردنی ئه‌م ماڵه له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت؟ كێ بۆشایی باوكایه‌تی بۆ منداڵه‌كه‌ی پڕ ده‌كاته‌وه؟ له‌دوای ئه‌و كێ سۆزی هاوسه‌رایه‌تی به مهلهكبین ببه‌خشێ؟ كێ ئه‌و بۆشاییه گه‌وره‌یه‌ی ده‌كه‌وێته نێو ماڵه‌كه‌یانه‌وه پڕی ده‌كاته‌وه؟ كێ و كێ و چۆن!
مهلكبین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو ڕه‌شییه گووتی؛ ئه‌زیزی دڵم، بۆ نوقڵانه‌ی خراپ لێده‌ده‌ی؟ قهرارتداوه بكوژرێیت؟
جه‌مشید گووتی؛ ڕوون نییه ئه‌زیزم ڕوون نییه، یارمه‌تیم بده له‌و دونیا ئارام بم …
به‌چاوی پڕ له‌فرمێسكه‌وه مهلهكبین ده‌یگووت: تكایه … تكایه جه‌مشیدی من باسی مه‌رگ و كوشتن مه‌كه …
مهلهكبین چوار مانگ بوو خۆی بۆ ئازاری ئه‌و شه‌وه ئاماده‌كردبوو، له‌هاتنی ده‌ترسا و له‌كۆتاییدا هات … ئه‌و شه‌وه تاریك و سیخناخ له غه‌مگینی له‌سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلولدا خۆیكرد به‌هه‌موو كۆچه و كۆڵانه‌كانی شاردا، ئه‌م شه‌وه مهلهكبین و جه‌مشید وه‌ك بڵێی به‌دوای ئه‌م غهمگینییهدا وێڵ بن یان له‌به‌ری ڕابكه‌ن، له‌به‌رده‌م چایخانه‌ی ناوه‌ڕاستی شار له‌سه‌ر مێزێك به‌رامبه‌ر یه‌كتری دانیشتن. جه‌مشید وه‌ك بییه‌وێ لهنیگاكانی مهلهكبین خۆی بدزێته‌وه بێ‌وچان سه‌ری به‌ملاولادا ده‌سوڕاند. نیگاكانی هه‌ردووكیان پڕبوون له پاڕانه‌وه. پاڕانه‌وه و تكاكانی جه‌مشید به‌ڕوونی دیار بوون. ئه‌وه‌ی ڕوون نه‌بوو تكا و پاڕانه‌وه‌كانی نێو نیگاكانی مهلهكبین بوو، له كێ بپاڕێته‌وه؟ تكا له‌كێ بكات؟ هانا بۆ كێ به‌رێت؟ … بێ سره‌وت سه‌ری وه‌رده‌چه‌رخاند و كه‌سێكی به‌ر نیگا نه‌ده‌كه‌وت پێی بڵێت … مهلهكبین نه‌یده‌وێرا ئه‌وه‌ی له‌دڵیدا بوو بیخاته سه‌ر زمانی، شتێك زمانی له‌گۆكردن خستبوو، ده‌ترسا و قوڕگی گیرابوو، هانای بۆ هه‌موو شتێك و هه‌موو كه‌سێك ده‌برد به‌س ئه‌وه‌نده بتوانێ بڵێ؛ تكایه با له‌م شار و له‌م وڵاته نه‌فرین لێكراوه هه‌ر له‌م شه‌وه تاریكه‌دا ڕابكه‌ین … ڕه‌نگه دواتر هه‌موو ڕوداوێك ڕه‌وتێكی تری وه‌ربگرتایه و كۆتاییه‌كی تری هه‌بووایه، هه‌موو ئه‌و خه‌یاڵاتانه‌ی له‌بیری خۆی تاراندن و ئه‌و قسانه‌ی خوله‌كێك پێشتر ده‌یه‌ویست ده‌ریانبڕێ قووتی دانه‌وه، به نائاگاییه‌وه هاواریكرد؛ بۆچی جه‌نگێك كه په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه، ده‌بێت باجه‌كه‌ی بده‌ین؟ ئاخر بۆ خودایه … نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێت، پرسیاره‌كه‌ی جۆرێك بوو له‌بیری خۆشی‌دا وای هه‌ستكرد كه ده‌ربڕینه‌كه ته‌واو نییه، ئه‌و فرمێسكانه‌ی له ئیواره‌وه له چاویدا قه‌تیس مابوون، هه‌موو به‌ربه‌ستێكیان شكاند، وه‌ك شێت هاواری ده‌كرد، جه‌میشد به چپه گووتی؛ حه‌بیبی دڵم تكایه ئارامبه، هه‌موویان سه‌یرمان ده‌كه‌ن.
_ بۆچی ئارام بم؟ گوناحه هاوار بكه‌م؟ ئازار ئه‌چێژن به‌گریانی من؟ نازانن؟ نازانن چه‌ند وێرانم …
_ به‌ڵێ ئه‌ڵبه‌ته ده‌زانن، سه‌یرت نه‌كردووه له‌وه‌ته‌ی هاتووین ئه‌و پێكه‌نین و گاڵته و گهپهی ئه‌م ناوه‌ی ته‌نیبوو خامۆش بووه …
جیاوازی ئه‌م شه‌وه، له‌گه‌ڵ شه‌وی به‌ر له‌ڕۆیشتنی جه‌مشید، ئاسمان و ڕێسمانه. هیچ كه‌س له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوو تاكه‌كه‌سێك … ته‌نها یه‌ك كه‌س جیاوازییه‌كی وه‌ها گه‌وره دروست بكات، به‌نه‌بوونی یه‌ك كه‌س ئه‌م گه‌ردوونه گه‌وره‌یه هاوسه‌نگی تێكبچێت. ئه‌سته‌مه د‌رك به‌وه بكه‌ی، كاتێك كه‌سێك ده‌چێته نێو ناخی زه‌وی، له‌وسه‌ری دونیا كه‌لێنیكی زۆر گه‌وره ده‌كه‌وێته نێوان زه‌وی و كه‌سێكی تر، كه‌لێنێك به‌هیچ شتێك پڕ نابێته‌وه، مردن نه‌بێت.
ئه‌و شه‌وه‌ی هه‌موویان بهنیگاكانیان لهجهمشید ده‌پاڕانه‌وه، ئه‌و گریانه‌ی به‌رۆكی مهلهكبینی گرتبوو لێی دورخاته‌وه، كه‌چی له‌و شه‌وه‌دا هه‌موویان ده‌پاڕانه‌وه كه‌سێك بێت و دڵنه‌واییان بكات. وه‌ك گورگێكی بریندار مهلهكبین په‌لاماری بۆ ئه‌و پیاوه ده‌برد و به‌سه‌ریدا هاواری كرد: كامهخێر؟ گه‌وره‌ترین خێر ئه‌وه‌یه من بمرم … تازه ڕۆیی، ناگه‌ڕێته‌وه …
_ سه‌برت بێت كچم. خێرێكی تیایه …
-_ له‌وه‌ته‌ی بیرمدێ ئه‌و شاره خێری تیا نه‌بووه، له‌وه‌ته‌ی بیرمدێ خه‌ڵك له‌م شاره‌دا كۆڵبه‌ر بووه، كۆڵی شمه‌ك و كۆڵی تایه و كۆڵی پاكهتهجگهره و كۆڵی هه‌ژاری و كۆڵی خه‌م و بێده‌ره‌تانی كۆتایی نایه‌ت …

