زمان ونوسینی ئه‌ده‌بی، گێڕانه‌وه و نوسینه‌وه‌ی میژوو کۆمه‌ڵێک بوارن که تائه‌م ساته‌ش ڕه‌خنه‌ی زۆری له‌سه‌ره. لێکۆڵه‌ره فێمینیسته‌کان ڕه‌خنه‌ی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ی مێژوو هه‌یه چونکه له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه نوسراوه و ته‌نها سه‌روه‌ری و ده‌ستکه‌وت و شه‌ڕو داهێنانه‌کانی پیاوی تیا نوسراوه‌ته‌وه. له کتێبه مێژوویه‌کاندا ژنان په‌راوێزخراون و هه‌ڵدراونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی مێژوو. لێکۆڵهرومێژوونوسه فێمینیسته‌کان به‌شیكی زۆر له لێکۆڵینه‌وه‌کانیان ته‌رخان کرد بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له‌و مێژووه و مێژوونوسانی پیاو.
نوسینه‌وه‌ی مێژوو له ڕوانگه‌یه‌کی فێمینیستی و ده‌رخستنی ڕۆڵ و بوون و داهێنان و ده‌ستکه‌وته‌کانی ژنان بووه بوارێکی گرنگی ڕه‌خنه‌ی فێمینیستی سه‌ده‌ی ڕابوردوو. نوسینه‌وه‌ی ئه‌م مێژووه و ده‌رخستنی ده‌ور و نه‌خشی ژنان کار ئاسانی کرد بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ژنان. له ڕێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌تای نوسین و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ژنان ، توانرا تێگه‌یشتنێک دروست بکرێ له‌سه‌ر ژیان و ڕۆڵ و پێگه‌ی ژن له‌و سه‌رده‌مه‌ی تیایدا بوون. بیرکردنه‌وه‌ی پیاوانه/ماسکولین، کولتوری نێرسالاری و باڵاده‌ستی پیاو له زه‌مه‌نه یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کان ناڕه‌زایه‌تی و به‌ره‌نگاری فێمینیستی به‌رهه‌م هێناوه. فێمینیسته‌کان به‌تایبه‌ت شه‌پۆلی دووهه‌م له ئه‌وروپا و ئه‌مریکا گرنگی یه‌کی زۆیان داوه به شیکاری و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه دوگم و زاڵه‌ی پیاوانی نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ند.
دیاره بوارێکی تری گرنگی مه‌یدانی فێمینیزم سیاسه‌ت و دیاریکردنی ستراتیژ‌و پلانی جیاواز بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادی و یه‌کسانی له کۆمه‌ڵگه‌دا بووه. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا پرسیار دروستکردن و چوونه ناو زۆربه‌ی ئه‌و بوارانه‌ی که پێشتر ته‌نها بۆ پیاوان بوون به‌شێکی تری خه‌باتی ژنانه. تیۆریزه‌کردن و به‌رهه‌م هێنانی تێگه‌یشتنی تایبه‌ت به پرسی ژن، جێنده‌ر وسێکسوالیتی له هه‌موو بواره‌کاندا به‌تایبه‌ت له حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوه‌وه ده‌ستی پیکرد. گرنگه له بیری نه‌که‌ین که هه‌ندێک له پیاوانی نوسه‌ر و ڕوناکبیر وه سیاسی زۆرجار به‌شداربون له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌م دۆگما کۆمه‌ڵایتی یانه. بۆ نمونه جۆن ستیوارت میل له نوسینی (چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان-The Subjection of Women 1869) وه‌کو به‌شداری یه‌کی گرنگ هه‌ژمار ده‌کرێ له نوسینی فێمینیستی.
هه‌روه‌ها کتێبی (ڕه‌چه‌ڵه‌کی خێزان-The Origins of the Family 1884) که له‌لایه‌ن فرێدریک ئه‌نگلسه‌وه نوسراوه، به بنه‌مایه‌کی گرنگ داده‌نرێ بۆ شیکاری و هه‌روه‌ها تێگه‌یشتن له‌رزگاربوون له په‌یوه‌ندی یه کۆمه‌ڵایتی و خێزانی یه‌کان، که‌له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری دامه‌زراون. لێره‌وه فێمینیسته‌کان کۆمه‌ڵگه و شارستانیه‌تی خۆرئاوایان به باوک سالار ، چه‌وسێنه‌ر، وه نێرسێنتهر له‌قه‌ڵه‌م داوه. له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون، مادامه‌کی شارستانیه‌تی (خۆرئاوا نێرسێنتهر/فالۆس سێنترێک)ه که‌واته خاوه‌نی زمانێکی پیاوانه‌یه و پیاوگهرایانهیه.
قوتابخانه‌ی فێمینیزمی فه‌ره‌نسی له حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی بیستدا که‌وتنه ڕه‌خنه‌گرتن له (زمان) وه‌ک میدیۆمێک بۆ به‌رهه‌م هێنان و چه‌سپاندنی نۆرم و به‌ها کۆنه‌پارێزه‌کان و جیاکاری یه جێندرهری یه‌کان. خانمه ناوداره‌کانی قوتابخانه‌ی فه‌ره‌نسی ( هێلین سیکسو، لوس ئیریگاری، جولیا کریستیڤا، مۆنیک ویتیگ و ئه‌وانیتر) له حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو که‌وتنه ڕه‌خنه‌گرتن له زمان. وه ئه‌مانه دژی بیری ماسکولینیست بوون. کۆک بوون له‌سه‌ر شیکاری کولتوری خۆرئاوا وه‌ک چه‌وسێنه‌ر و فالۆس سێنتریک/نێرگه‌را. شارستانیه‌تی خۆرئاوا له‌سه‌ر ده‌ستی پیاوی سپی دروست بووه، زۆرجار فێمینیسته‌کان ده‌ڵێن ڕه‌نه‌یسانس بۆ ژنان نه‌بووه، ڕۆشنگه‌ری و فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوا له سه‌ره‌تادا ژنی خستۆته ده‌ره‌وه‌ی خۆی، ته‌نانه‌ت مۆدێرنه‌ش ژنان کێشه‌یان هه‌یه له‌ناویدا.
فێمینیسته‌کان له‌وباوه‌ڕه‌دا بوون که پیاوی سپی خۆی به نێوه‌ندی جیهان داده‌نێت، (سپی، ئه‌وروپی چینی ده‌سه‌ڵاتدار. وه دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی به “ئه‌ویتر-The other” ناوزه‌د ده‌کات و کاتێک مانا په‌یدا ده‌کات که په‌یوه‌ندی به پیاوی سپی یه‌وه هه‌بێت وه‌کو پیاو/باوک، وه خاوه‌نی فالۆس). ئه‌م خۆ به سێنته‌ر زانینه له ڕێگای دین و زمان و فه‌لسه‌فه‌وه ڕاگیراوه. ئه‌م خۆ به مه‌زن زانینه‌ی پیاوی سپی نه‌ک ته‌نها له‌سه‌ر ژیردهستهیی ژنی سپی به‌رهه‌م هاتووه، به‌ڵكو ئه‌م خۆ به مه‌زن زانینه له ئاست ئه‌ویتر که (سپی) نییه خۆی پێناسه ده‌کاته‌وه.
قسه کردن، نوسین، به‌کارهێنانی زمان له‌م ڕوانگه خۆ به مه‌زن زانینه‌وه ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی دونیایه به شێوه‌یه‌کی سیمبۆلیک وه له ڕێگه‌ی هێزی شه‌فه‌وی یان زاره‌کیه‌وه verbal mastery)). پیاوی سپی باڵاده‌ست که ئیمتیازی سپی بوون و پیاو بوونی هه‌یه به‌رده‌وام ژنی خستۆته ده‌ره‌وه‌ی مێژوو، فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت و ئه‌ده‌به‌وه. گوتاری سیمبۆلیک یان دیسکۆرسی سومبولیک (Symbolic discourse) له کۆنتێکستی جیاوازدا ئامرازێکی تره بۆ به‌کاڵاکردن و به شمه‌ک کردنی دونیا، قسه‌کردنه به نوێنه‌رانه‌تی هه‌موان به‌ژنانیشه‌وه.
ژنانی قوتابخانه‌ی فێمینیسمی فه‌ره‌نسی به‌تایبه‌ت خاتوو هێلێن سیکسو زمان ده‌خاته ژیر ڕه‌خنه‌و بانگه‌واز ده‌کات بۆ نوسینێک که ژنانه بێت. به‌و مانایه‌ی زمان و نوسینه‌کان ببێته جیگای ده‌ربڕین و باس له خودی ژن بکات، باس له جه‌سته و حه‌زه سێکسوالیهکانی ژن بکات.
(هێلێن سیکسو-Hélène Cixous) خانمه فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی ساڵی 1975 له ئێسا گرنگه‌که‌یدا له ژێر ناوی پێکه‌نینی مێدۆسا- The Laugh of the Medusa ده‌ڵێت:
” ژن ده‌بێت خۆی بنوسێته‌وه: له‌باره‌ی ژنه‌وه بنوسێت و ژن بهێنێته نوسین که به‌شێوه‌یه‌کی توندوتیژ دوورخراونه‌ته‌وه لێی، هه‌روه‌ک چۆن له جه‌سته‌ی خۆیان دوورخراونه‌ته‌وه”.
تا ئه‌و ساته وه‌خته‌ش که ئه‌م خانمانه و به‌ر له‌مانیش ڕۆمانوسی گه‌وره‌ی به‌ریتانی ڤێرجینیا ۆلف باسی له گرنگی نوسینی ژنانه کردبوو. به‌هۆی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی که زمانی ئینگلیزی بۆی دروستکردبوو له کاتی نوسینی ڕۆمانه‌کانیدا. پیاوانی نوسه‌ر زۆر به ئاسانی زمان به‌کار دێن بۆ باسکردن و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی سێکسوالی پاڵه‌وانه‌کانی و سێکس کردن له‌گه‌ڵ ژنان. له‌کاتێکدا ژنه ڕۆمان نوسه‌کان زۆر به‌ربه‌ستیان هه‌بووه له به‌یانکردنی هه‌ست و حه‌ز و ئاره‌زه‌وه سێکسوالی یه‌کانی ژنه پرۆتاگۆنیستهکان له رۆمان و شیعر و نوسینه‌کانیاندا.
(لوس ئیریگاری -Luce Irigaray) خانمه فه‌یله‌سوف و فێمینیستی به‌لجیکی سه‌ر به قوتابخانه‌ی فێمینیزمی فه‌ره‌نسی له‌و باوه‌ڕه‌دایه؛ که حه‌زی سێکسوالی ژنانJouissance) ) ناکرێ له ڕێگه‌ی زمانێکی باڵاده‌ستی، بهفهرمانکراو وه پیاوانه دهربڕدرێ. هه‌روه‌ها باوه‌ری وه‌هایه که ژنان زۆربه‌ی به‌شه‌کانی له‌شیان ئۆرگانی سێکسیه، ژنان جه‌سته‌یان شوێنی زیاتری هه‌یه بۆ چێژ وه‌رگرتن له سێکس، هه‌ربۆیه‌ش زمانێکی ژنانه باشتر ده‌توانێت ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆزی ژن وێنا بکات، نه‌ک زمانێکی پیاوگهرای فالۆس سێنتریک .
بێگومان هه‌ر تیۆرێکی بوێرانه بێ ڕه‌خنه نییه، ههردووخانمه فێمینیستی سه‌ر به قوتابخانه‌ی فه‌ره‌نسی سیکسو و ئێریگاری ڕه‌خنه‌یان لێگیراوه به‌وه‌ی که گشتگیربوون و داهێنانی زمانێکی ژنانه و جیاکردنه‌وه‌ی له پیاو کارێکی هه‌ڵه بێت. ئه‌م دوو خانمه هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ژنان به درێژایی مێژوو کورت کراونه‌ته‌وه بۆ (بونه‌وه‌ری سێکسی) و ئۆبجێکتێکی چێژ بۆ پیاو. له شیوه‌ی (سۆزانی یان پاکیزه، هاوسه‌ر یان دایک) وه ڕێگه‌یان لێگیراوه له‌وه‌ی هه‌ست و سۆز و حه‌زی سێکسوالی خۆیان وه‌ک خودێک/ئیندیڤیدوالێک له ڕیگه‌ی زمان و نوسینه‌وه ده‌ربڕن. هه‌موو ئه‌و لێکۆڵینه‌وه و ڕه‌خنانه له‌سه‌ر وێنای ژن ونبوونی ده‌نگی ژنان له ئه‌ده‌ب و زماندا خزمه‌تێکی زۆری کردووه به گۆڕینی بنه‌ڕه‌تی له دونیابینی نوسه‌رانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا.
بۆ كۆهی گوتاره‌كان فه‌رموون :
http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/هۆشیاری-فیمینستی/ڕه‌خنه‌ی-فێمینستی/
سه‌رچاوه‌کان
-
Marks, Elaine. “Women and Literature in France.” Signs: Journal of Women in Culture and Society 3.4 (1978): 832-42
-
Ann R. Jones, “Writing the Body: Toward an Understanding of “L’Ecriture Feminine”Feminist Studies, Vol. 7, No. 2. (1981), pp. 247-263
-
Cixous, Hélène. “The Laugh of the Medusa.” New French Feminisms. Elaine Marks and Isabelle de Courtivron, eds. New York: Schocken, 1981-
-
Irigaray, Luce. Speculum of the Other Women. Trans. Gillian G. Gill. Ithaca: Cornell UP, NY
تێبینی ئه‌م وتاره له ڕه‌خنه‌ی چاو‌دێر ژماره 425 دا بڵاو بۆته‌وه