به‌شدار سامی فۆتۆگرافێكه خاوه‌نی چركاندنه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا، فۆتۆی ئه‌و له‌گه‌ڵ دوو جه‌سته‌دا مامه‌ڵه ده‌كات؛ یه‌كه‌میان جه‌سته‌ی ژن و دووهه‌میان جه‌سته‌ی هه‌ژاری. له‌هه‌ردووكیاندا كامێرای (به‌شدار سامی) خۆی له‌م دووبابه‌ته ده‌دات وه‌ك هه‌وڵدانێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان له‌ڕێگه‌ی دژه‌كانه‌وه. وه‌ك چۆن ڕه‌ش دژی سپییه، به‌ڵام له‌هه‌ناوی سپی‌دا ڕه‌ش هه‌یه، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا ڕه‌ش و سپی وه‌ك خۆیان خاوه‌نی بوونێكی ئاوتۆنۆمی سه‌ربه‌خۆن. ئاوه‌هاش ئه‌م ئاوتۆنۆمیه له‌چركه‌ساتێكی فۆتۆگرافیدا پێكه‌وه، ئاره‌زوومه‌ندانه یه‌كده‌گرنه‌وه. چاوی هونه‌رمه‌ند به‌شدار سامی، چاوێكه له‌ڕێگه‌ی نه‌رمی و جوانی جه‌سته‌ی ژنه‌وه، دیسپۆت و سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌رجه‌سته ده‌كات، له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان له‌ژێر هه‌ژموونی ترسناكی به‌هاكانی نێرسالاریدا، هه‌موو ئه‌مانه له‌ناو ڕووتی جه‌سته‌دا خۆی نمایشده‌كات.
له‌م بوونه سه‌ربه‌خۆیه‌وه، له‌م بوونه ئاوتۆنۆمهوه، جه‌سته‌ی ژن له فۆتۆكاندا وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌بینرێت، نه‌ك جه‌سته‌یه‌كی وابه‌سته. به‌مانای گه‌ر له (فۆتۆ مۆدێل ) و زۆربه‌ی فۆتۆكانی دیكه‌دا ڕووتی جه‌سته‌ی ژن له‌پێناو كۆنزوم و به‌رخۆری چاوی پیاواندا بێت، ئه‌وا له‌چركه‌ی تایبه‌تی كامێراكه‌ی به‌شدار سامیدا، چركه‌ساتی جه‌سته‌یه له‌گه‌ڵ جیهانی زبر و ڕه‌قدا. به‌مانای كۆی جه‌سته‌ی ژن هه‌وڵده‌دات بێته جیهانه‌وه، به‌ڵام لێره‌بوونی له‌جیهاندا، دازاینی له‌جیهاندا كۆت و به‌ندكراوه به‌توندوتیژییه‌وه، بهههژارییهوه، به تاریكییه‌وه، بهچهپاندنهوه، به‌نه‌هامه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنه‌وه. لێره‌وه جه‌سته‌ی ژنه‌كان ڕووتن، به‌ڵام هیچ تێڕوانێنی پۆرنۆگرافیانه ناجوڵێنن، به‌ڵكو جه‌سته‌یه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی زبر ده‌بینین كه‌جیاوازه له‌و جه‌ستانه‌ی كه كرێم و بۆدره و عه‌تر و سابوونی فه‌ڕه‌نسی و سویسری به‌خێوی كردوون. چركه‌ی فۆتۆكان له‌گه‌ڵ زبری جه‌سته‌ی مێینه‌ی ناو كۆمه‌ڵگه ئیسلامیه ڕۆژههڵاتیهكانه، له‌ناو كایه‌یه‌كی هه‌ژارانه و توندوتیژدا خۆیان نمایشده‌كه‌ن.
به‌دیوێكی تردا، توندوتیژی كاتێك هه‌ستپێده‌كه‌ین، كه كۆی جه‌سته‌كان بێ سه‌رن، بێ دهموچاون، بێ نیگا و ڕوانینن. كۆی جه‌سته‌ی ژنه‌كان ئازادیان لێ زه‌وتكراوه، نازانین ده‌ربڕینه‌كانی ده‌موچاویان چۆنه؛ به‌خته‌وه‌رن، هێمنن، توڕه‌ن، گریاناوین، سێكسین؟!…هه‌موو ئه‌مانه له‌فه‌زایه‌كی به‌تاڵدا ده‌سوڕێنه‌وه، چونكه له‌دواجاردا كۆی ئه‌م جه‌سته‌ی مێینه ڕۆژهه‌ڵاتیانه له‌چركه ساتی فۆتۆگرافیدا بێ سه‌ری خۆیان نمایشده‌كه‌ن، دیلێتی خۆیان نمایشده‌كه‌ن. بێگومانین له‌وه‌ی كه مرۆڤه بێ سهرهكان خاوه‌نی هیچ ده‌ربڕینێك نین، چونكه كه كه‌لله‌سه‌ر نه‌ما جه‌سته‌ش ئازاد نییه.
ئاوه‌ها له‌م فۆتۆیانهدا له‌به‌رده‌م (تۆرسۆ Torso) ی چه‌ند ژنێكداین كه خۆیان نمایشده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك ژن له فۆتۆگرافیدا ده‌بێته تۆرسۆ، ده‌بێته په‌یكه‌رێكی بێ سه‌ر و جه‌سته‌یه‌كی ناته‌واو، ئه‌وا زه‌بری كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماده‌یه، زه‌برێك ڕێگره له‌وه‌ی مێینه پراكتیزه‌ی مێیینه‌بوونی (مێینه – بوون) ی خۆی بكات.
له‌یه‌كێك لهفۆتۆكاندا جه‌سته ڕووته به‌ڵام ده‌موچاوی بهجامانهیهك داپۆشیووه. لهفۆتۆیهكی تردا، له‌ناو تیرۆژه تیشكدا سه‌ری ژنه‌كه نیقابی كردووه و ته‌نها چاوه‌كانی ده‌بینرێت بهغهمباریی و مهنگیهوه سه‌یری كامێراكه ده‌كات. لهفۆتۆیهكی تردا له‌كاتی داكه‌ندنی فانیله‌ی ژێره‌وه‌ی ده‌موچاوی خۆی داپۆشیووه و ته‌نها بن هه‌نگڵ و جه‌سته‌ی ڕووتی ده‌بینرێت، كهجهستهیهكی گه‌نجه، به‌ڵام لهفۆتۆیهكی دیكه‌دا هه‌مان ژنه كه‌سه‌ری داخستووه و ته‌عبیر له (بێ ده‌موچاوی) خۆی ده‌كات له‌ژێر سایه‌ی ئاڕمی پارته كوردییه‌كاندا، كه فۆتۆكه جه‌وهه‌ری دژه ژنی و گوتاری پیاوسالارانه‌ی هه‌موو پارته كوردییه‌كان ئاشكرا ده‌كات.
لێره‌وه هه‌قیقه‌تی ڕووت die nackte Wharheit ده‌بێته هه‌قیقه‌تی ڕووته‌كان die Wahrheit der Nakten له‌نێوان ئه‌م دوو چه‌مكه‌دا سه‌ده‌یه‌كی تاریك و سه‌ده‌یه‌كی ڕۆشن وه‌ستاوه، له‌یه‌كه‌میاندا هه‌قیقه‌ت وه‌ك خۆی به‌ڕووتی، به‌بێ ڕتووش و ماسك و داپۆشین دێته به‌رده‌مان، كه‌لێره‌وه ئه‌قڵانیه‌ت و پراگماتیزمی مۆدێرنه كاری له‌سه‌ر ده‌كات. به‌مانای لهسهدهیهكی تاریكه‌وه كهسهدهی ناوه‌ڕاسته مرۆڤ به‌ره‌و ڕۆشنگه‌ری و ڕۆشناییه‌كان هه‌نگاو ده‌نێت تاوه‌كو ده‌گاته سوستێمی ئه‌قڵانی، كهئهقڵانیهتی ماتماتیكی كاری له‌سه‌رده‌كات و له‌دواجاردا جه‌سته ده‌خاته هاوكێشه‌ی هه‌قیقه‌ته ڕووته‌كانه‌وه. لێره‌وه به‌كاربه‌ری و میتۆدی بیركردنه‌وه، مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی و كۆنزهمهریزم و كاپیتالیزمی وه‌حشی ڕاپێچدهكات. ئالێره‌دا (هه‌قیقه‌تی ڕووت) ده‌بێته ئامڕازێكی ئه‌قڵانی كهجێگه بۆ سۆز، په‌یوه‌ندیداری، له (جیهان – بوون) دا ناهێڵێته‌وه. به‌مانای جه‌سته‌ی ژن له‌ناو (هه‌قیقه‌تی ڕوووتدا) جه‌سته‌ی ڕووتدهبێتهوه، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بێت له‌ناو كایه‌كی ئیستاتیكیدا، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی (هه‌قیقه‌تی ڕووتی) له‌ڕێگه‌ی فرۆشتنی جه‌سته به‌نیگای پیاو، بچێته ناو هاوكێشه‌ی به‌رخۆری و ماتریالیزهبوونهوه. له‌م چركه‌ساته‌دا چركاندنی (فۆتۆ مۆدێل) ده‌بێته ئه‌و پرده‌ی نیگای پیاو ده‌كاته پاره و دهچێێته سه‌ر ئاكاونتی بانكه‌كانی دونیاوه. چركاندنی كامێرای ئه‌كتی مێینه ده‌بێته به‌رخۆری وه‌ك بنێشت، لهدهمهكانهوه دهجورێن و دوایش فڕێده‌درێنه سه‌ر شه‌قام و زبڵه‌كانه‌وه، یاخود ده‌بن بهسپێرمی ناو ده‌سڕه كاغهزینهكان و فڕێده‌درێنه ته‌نه‌كه خۆڵه‌كانه‌وه. ئاوه‌ها فۆتۆگرافی ئه‌و پرده بهرخۆریهیه، ئه‌و كۆنزومهیزمه پۆرنۆگرافیهیه، كه‌هه‌قیقه‌تی ڕووتی ژن ده‌فرۆشێت به‌نیگای پیاوانه و ئه‌قڵ و هه‌وه‌سی پیاوانه.
ڕووتی كاتێك ده‌بێته هه‌قیقه‌ت كه فۆتۆگراف لهچركهساته جوانه‌كانی خۆیدا ڕاویدهكات، نه‌ك له‌چركه ساته ڕووتبوونه پۆرنۆگرافیهكهیدا. به‌مانای كاتێك ڕووتی ئه‌كتێكی هونه‌ریی (مێینه – بوون) بێت له (خودی خۆیدا) نه‌ك بۆ نمایشی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، مانا جوانه‌كانی خۆی وه‌رده‌گرێته‌وه و ده‌بێته جه‌سته‌یه‌كی ئاوتۆنۆم و ئازاد. لێره‌وه جه‌سته لهتابلۆدا ماناكانی خۆی وه‌رده‌گرێت، له‌وانه‌یه لێره‌دا بۆ نێزێكردنهوهی ئه‌م ڕستانه بیر له هونه‌رمه‌ندێكی (مۆدلیانی Modigliani) بكه‌ینه‌وه كه ئه‌كتی ڕووتی لای مۆدلیانی، ته‌نها بۆ نیشاندانی ڕووتی نییه، به‌ڵكو بۆ نیشاندانی جه‌سته‌ی ژنه له‌ناو كایه‌دا، له‌ناو فه‌زا كۆمه‌ڵایه‌تی و باره دهروونیهكانیدا.
ڕووتی هه‌قیقه‌تێكی دیكه نماشدهكات كه‌ته‌نها ڕووتی نییه، به‌ڵكو نه‌هامه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌می دونیایه، چه‌وساندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تیه، تێكشانی مرۆڤه به‌سه‌ر پێست و جوڵه و ده‌ربڕینه‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێت و زوومی كامێرا فۆتۆگرافی ده‌كات، چركه ساته‌كانی دیاریده‌كات. لێره‌وه ڕووتی بۆ پێرفێكسێۆن و باڵابوون و جوانی پڕی گه‌نجانه‌ی فرۆشراو نییه، به‌ڵكو ده‌ربڕینه له‌و كایه ترسناكه‌ی جه‌سته تێدا ده‌ژی.
به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ڕایهكانهوه كه‌پێیان وایه؛ فۆتۆگراف (به‌شدار سامی) فۆتۆكانی له‌مه‌به‌سته ئیرۆتیكیهكاندا خۆی كورتده‌كاته‌وه! لای من فۆتۆكان، به‌تایبه‌ت ئهكتهكانی، مۆدێله ڕووته‌كانی ده‌ربڕینه له‌جه‌سته‌ی ژن له ناو كایه‌یه‌كی زبر و بێ ئامان و پڕ چهپاندندا. له‌م جه‌سته ( نا-جه‌ستانه‌دا) كه‌هه‌موویان وه‌ك تۆرسۆی بێ سه‌ر وه‌هان، هه‌ست به‌و دڵڕه‌قی و زاڵبوونی نۆرمه ئیسلامهویانه ده‌كه‌ین، كه جه‌سته‌ی ژن لهئازادیبوونیدا ده‌خاته ژێر مه‌ترسیه‌وه. هه‌ر بۆیه سهرهكان، ده‌موچاوه‌كان هه‌میشه شاردراوه‌ن، ته‌نانه‌ت كهچاوهكانیش له‌ودیوو نیقابه‌وه سه‌یری كامێرای فۆتۆگرافهكامان ده‌كه‌ن ترس و دڵه‌ڕواكێی و نیگه‌رانیان پێوه دیاره، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێن؛ كه‌جه‌سته‌ی ئێمه له‌ناو نه‌هامه‌تیدا بۆته تۆرسۆیهك هه‌میشه له‌به‌رده‌م چه‌كوشی پیاوانه‌دا، ئه‌گه‌ری ووردوخاشكردنی له‌سه‌ره.
(هه‌قیقه‌تی ڕووتی) به جیاوازی له (هه‌قیقه‌تی ڕووت) خۆی نمایشده‌كات، دونیایه‌كی ناشرین و پڕ ژنكوژی و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر جه‌سته نمایشده‌كه‌ن، ڕووته‌كان ئاوه‌ها هه‌قیقه‌تی خۆیان له‌بێ نازی جه‌سته‌یان و زبری پێست و گه‌نده‌مووی سه‌ر پێستیان نمایشده‌كه‌ن.
ته‌واو
