کۆمونی پاریس
1867 به‌دوا گۆرانی مۆده‌ی ئه‌و ساڵه داده‌نرێ که کۆشکی ”تویلغی” چاکرایه‌وه و ئاوه‌دانکرایه‌وه، ئه‌وجا به‌کۆشکی ”لووڤه‌ر”ه‌وه گرێدرا.
پاریس هه‌تا ئه‌و ده‌مه هێشتا دیمه‌نی گوندێکی پێوه دیاربوو و شوێنه‌واری لادێی له‌خۆدا هه‌ڵگرتبوو. کێڵگهیەکی وه‌ها گه‌وه‌ره‌بوو که بارۆن عوسمان، گه‌وره‌رترین بەرپرسی سیاسی بەری ”سێن”ی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو، ویستی پاریس بگۆڕێ و بیکاته گه‌وره‌ترین پایته‌ختی مۆدێڕن له‌جیهاندا.
ناپۆلیۆنی سێ Napoléon III[1]، ئیمپراتۆری فه‌ره‌نسییه‌کان، ده‌رگای پێشه‌نگای جیهانی به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو داهێنانه‌کانی جیهان کرده‌وه و خه‌ڵکی له‌هه‌موو لایه‌کی دونیاوه سه‌ردانی ئه‌و پێشهنگایهییان کرد. به‌ڵام ئه‌م ئاهه‌نگی پاشایه‌تییه له‌ژیانی ئه‌و کرێکارانه‌ی بهکوولهمهرگی نانی رۆژانه‌یان په‌یدا ده‌کرد و به‌زه‌حمه‌ت کونجێکیان بۆ نووستن ده‌دۆزیه‌وه، زۆر دووربوو. هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکی ساڵی 1869 مانگرتن له‌هه‌موو لایه‌که‌وه ده‌ستیپێکرد و بەرامبه‌ر بهسهرکووتکردنی جه‌ماوه‌ر له‌لایه‌ن هێزی دەسهڵاتداری ئیمپراتۆره‌وه، بهرپهچدانهوهیهکی زۆر گەوره ته‌شه‌نه‌ی کرد و بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئۆپۆزیسیۆن به‌رەبه‌ره درووستبوو. بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی تۆڕه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆن، ئیمپراتۆر هه‌وڵی چه‌ند ریفۆرمێکیی دا و کۆمه‌ڵگای فه‌ره‌نسی به‌ره‌و کاری خێرخوازی و یارمەتیدانی هه‌ژاران چه‌رخی ڕووداوه‌کانی گۆڕی، به‌ڵام کۆمه‌ڵگایه‌کی شێواو، به‌ڕووکه‌شێکی کاری خێرخوازی چاره‌سه‌ر ندهکرا و تۆڕبوونی خه‌ڵک به‌دابه‌شکردنی خواردن ئارام نه‌کرا. به‌رامبه‌ر به زیادبوونی داواکاریه‌کانی جه‌ماوه‌ر و مه‌ترسی روخانی رژێم هه‌ندێ له به‌رپرسانی حکومه‌تی ئیمپراتۆر هیوربوونهوهی خه‌ڵکیان ته‌نها له شەڕدا له‌گه‌ڵ پرۆسیادا ده‌بینییه‌وه.
له‌مانگی ته‌موز (ژویێه) 1870 دا پاشای پروسیا پێشوازیی له‌باڵوێزی فه‌رنسا نه‌کرد. شه‌قامه‌کان پڕ له خۆپێشەندەران بوو و هێزه‌کانی رژێمی ئیمپراتۆر، که بەجوانترین و به‌هێزترین هێزی سه‌ربازیی له مێژووی فەره‌نسادا داده‌نرا، خۆیان بۆ سه‌رکووتکردنی جه‌ماوه‌ر ئاماده‌کرد و وه‌زیری شه‌ڕ گفتی دا که دوگمەی هەڵگیرسانی شه‌ڕ ئاماده‌یه بۆ ئه‌وه‌ی په‌نچه‌ی پێدا بنێ.
نه‌خۆش، ماندوو، بێ‌توانا، پڕ گوومان و هه‌ستکردنی بە پیریی پێش وه‌خت، (ناپۆلیۆنی سێ) خۆی بۆ بیرۆکه‌ی هەڵگیرسانی شه‌ڕ جێهێشت. له‌و بڕوایه‌وه که ره‌نگه له ڕێگای ئه‌م شه‌ڕه‌وه بتوانێ ئیمپراتۆریه‌ته‌که‌ی رزگارکات. به‌ڵام ئه‌و هێزه سه‌ربازییه‌ی تا ئه‌و ده‌مه به جوانترین هێز داده‌نرا تێکشکا و (ناپۆلیۆنی سێ) له‌لایه‌ن هێزه پروسیەکانهوه به‌سه‌رکردایه‌تی (بسمارک)، دەستبەسەر کرا و چوارده‌وری پاریس به‌هێزی ئاڵمانی تەنییهوهو شاره‌که ته‌واو گه‌مارۆ درا.
نوێنه‌رانی پایته‌خت بانگەشەی کۆتایی ئیمپراتۆریه‌تیان کرد و بۆ به‌رگریی له وڵات له مه‌ترسی هێرشی ئاڵمان، داوای پێکهێنانی حکومه‌تێکیان کرد، ئیدی دهسەڵاتەکەیان دایه ده‌ست ژه‌نه‌ڕاڵ (تغوشێو). هه‌ر ئه‌م ژه‌نه‌ڕاڵه بوو که بۆ به‌رگریی له ئیمپراتۆر (ناپۆلیۆنی سێ) فه‌رمانی به داپڵۆسێنی جه‌ماوه‌ر دا. که‌چی له‌م جاره‌دا پلانێکی ئێجگار جیاوازی لە خەیاڵدا بوو بۆ رزگارکردنی کۆماری فه‌ره‌نسا. هه‌ر له‌و کاته‌دا، دوژمنه‌کانی فه‌ره‌نسا چوارده‌وره‌ی شاره‌کانیان دا، پاریس ئابڵۆقە درابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵک شکستیی ته‌واویان ڕه‌تکرده‌وه، وێڕای برسێتی و سه‌رما و بۆردومان، جه‌ماوه‌ر به‌هه‌ستێکی پڕ بڕواوه به‌رگرییان له وڵاته‌که‌یان کرد. به‌ڵام حکومه‌تی نوێ له میلله‌ت که‌متر مه‌ترسی له به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئاڵمان‌دا هه‌بوو، به‌پێچه‌وانه‌ی شۆڕشگێڕانی سه‌ر به پاسه‌وانانی شار که بۆ داگیرسانی شه‌ڕ زۆر به ههڵپهبوون.
دوو که‌سایه‌تی ناوداری ئه‌و کاته به‌ناوی مسیۆ (ئه‌دۆلف تیێغ)[2] و (ژوول فاڤغ)[3] به نهێنی ئێمزاکردنی په‌یمانی ئاشتییان له‌گه‌ڵ ئاڵمان‌دا پێ سپێردرا، ئه‌م هه‌واڵه زۆر کەم به‌نهێنی ماییەوە و جه‌ماوه‌ر ئاگاداربوون که حکومەتی به‌رگریی ئه‌م په‌یمانه‌ی بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنه‌کان ئیمزاکردووه، پاشان له وتووێژه‌کانیاندا لەگه‌ڵ دوژمن به‌رده‌وام بوون. له1ی مارسی 1871 هێزه سه‌ربازیه‌کانی پروسیا مۆڵه‌تی نمایشێکی سه‌ربازییان له‌سه‌ر شه‌قامی شانزیلیزێه پێ درا و بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ بنکه‌یه‌کی سه‌ربازیی له پاریس دامه‌زرێنرا. ئه‌م نمایشه سه‌ربازیه له‌لایه‌ن هێزی داگیرکه‌ره‌وه بووە ماییەی نیگه‌رانی خه‌ڵک و قینههڵسانیان.
مسیۆ (ئه‌دۆلف تیێغ)، که وه‌زیرێکی پێشوو بوو له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات گه‌ڕایه‌وه، مه‌زه‌نه‌ی ئەوەی کرد که پاریس چیتر نابێ دژ به بڕیاره‌کانی حکومەت بەوەستێتهوه. لێره‌وه بۆ پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌ک، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتیی له ناوچه‌کانی باشووری وڵات ئه‌نجامدرا. به‌تایبه‌تی له‌شاری بۆردۆوه ده‌ستی پێ‌کرد و پاشان له ڤیرسای ئه‌نجامدرا. نوێنه‌ره‌کانی حکومه‌ت که زۆربه‌یان له ناوچه گوند نیشه‌کان پێکهاتبوون، به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ک بانگه‌وازی ئاشتییان کرد. ئاشتی له‌گه‌ڵ ئاڵمان بههرچ نهرخێک بێ، بۆ ئەوه‌ی لهتێکههڵچوونهکانی پاریسییه‌کان رزگاریان بێ. مسیۆ (ئه‌دۆلف تیێغ) له‌و کۆبوونه‌وه گشتیه‌دا گوتی: ”ده‌بێ هه‌ر ئێستا ئاشتی به‌ته‌واوی سه‌قامگیر بێت”.
له‌لایه‌که‌وه، باسی گه‌رانه‌وه‌ی ئاسایش ده‌کرا، له‌لایه‌کی دیکه‌وه خوێن ده‌رژا. پاریس به‌هەموو شێوه‌یه‌ک دژ به ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمیته گشتییه وه‌ستایه‌وه، ئیدی ددانیان به‌واندا ندەهێنا و ته‌نانه‌ت به‌که‌م تاماشایان ده‌کردن. له کاتێکدا پاریسییه‌کان فه‌رمانیان له کۆمیته‌ی سه‌ره‌کییه‌وه وه‌رده‌گرت، ئه‌مانیش له پاسه‌وانانی میللی پێکهاتبوون. کۆمیته‌ی ڤیرسای له‌لای خۆیانه‌وه، ئه‌وانیان به یاساغ له قه‌ڵه‌مدا. له18 مارسی 1871دا، هێزه سه‌ربازیه‌کان له‌سه‌ر فه‌رمانی (ئه‌دۆلف تیێغ) هه‌وڵی ده‌ستگیرکردنی ئه‌و تۆپانەیان دا که له‌سه‌ر لووتکه‌ی گردی مۆنمارتهر جێگیر کرابوون. جه‌ماوه‌ر و پاسه‌وانانی میللی دژ به‌وه وەستانهوه و ئەوەندهی پێ نەچوو به‌شێك له سه‌ربازه‌کان فه‌رمانی ژه‌نه‌ڕاڵ (ئه‌دۆلف تیێغ)یان ڕەتدەکردەوە، ئه‌وجا چوونە پاڵی جه‌ماوه‌ر و هێزێکی یه‌کگرتوویان پێکهێنا. (ئه‌دۆلف تیێغ) خۆی بۆ ڤیرسای کێشایه‌وه. ئه‌و که‌سانه‌ی فه‌رمانیان دابوو بە تەقە دەست لە به‌میلله‌ت بکەنەوە، ده‌ستبه‌جێ گووله‌باران کران. ئه‌وانه‌ی مانه‌وه، به‌سه‌رباز و ده‌سه‌ڵاتداران هه‌موو په‌نایان بۆ کۆشکی ڤیرسای برد و له‌وێ خۆیان شارده‌وه. له دادگای ڤێرسای، (ژوول فابغ) به‌م شێوەیه باسی شکستیی خۆیانی کرد: “فه‌ره‌نسا ناکه‌وێته ده‌ستی ئه‌و بێ نه‌وایانه‌ی ده‌یانەوێ پایته‌خت بروخێنن…” به‌بیستنی ئه‌و گوتاره، خه‌ڵکانێکی بێ لایه‌ن ناره‌زایه‌تی خۆیان ده‌ربڕی و له‌شه‌قامی ئاشتی خۆپێشاندانێکیان سازکرد، به‌ڵام له‌لای گۆڕه‌پانی (ڤاندۆم)[4] وهیکدادان درووست بوو و به‌ته‌قه ده‌ست له‌جه‌ماوه‌ر کرایەوە. له چه‌ند خولهكێکدا به‌رگی سامناکی مردن به هێمنیی به‌سه‌ر شه‌قامی ئاشتیدا rue de la Paixخۆی سه‌پاند و شه‌قامه‌که چۆلکرا.
وهیکدادان له‌نێوان لایه‌نگرانی حکومه‌تی پێکهاتوو و میلله‌ت به‌رده‌وام بوو. کوشتار له‌هه‌موو لایه‌که‌وه ڕوویدا. ژه‌نه‌ڕاڵ ”ئه‌دۆلف تیێغ” بێهیوا بانگه‌وازی به‌رگریی له حکومه‌ته‌که‌ی کرد، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی مۆڵکدار و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی بوون به‌شێوه‌یه‌کی دیکه بیریان له داهاتوو ده‌کرده‌وه، ئه‌مان پلانێکی دیکه‌یان بۆ خۆ گونجانیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی داهاتوودا داڕشته‌وه. له باڵه‌خانه‌ی شاره‌وانیی پاریس، هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی دی ده‌ستی پێ‌کرد. له نێوان هه‌ڵبژارده‌کاندا زۆربه‌یان کرێکار و شۆرشگێڕبوون، هه‌روه‌ها نووسه‌ری به‌ناوبانگ ”ژوول ڤالیس” و هونه‌رمه‌ندی ناودار ”گۆستاڤ کۆربێه” ی تێدا بوو، ئهمیشدواتر به‌هاندانی روخانی پایه‌ی ڤاندۆم* تاوانبار ده‌کرێ.
له26 مارسی 1871، به‌رابه‌ر به‌کۆمیته‌ی ڤیرسای، که له ناوه‌وه خۆی خواردبۆوه، پاریس سه‌رکه‌وتنی وه‌ده‌ست هێنا و کۆمیته‌ی سه‌ره‌کی پێکهێندرا، پاشان کۆمیونی پاریس ریکلام کرا و92 ئه‌ندامی راوێژکاری کۆمیون هه‌ڵبژێردران.
له28 ی مارس وه‌ک سیمبۆلێک بۆ کۆماری نوێ ئاڵای سوور نیشانه‌ی خوین رژتن له‌پێناو ئازادی هه‌ڵکرا و رۆژنامه‌یه‌کی کوماریی دامزرا؛ دواتر پایه‌ی ڤاندۆم که بهنیشانەیەکی سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی ناپۆلیۆن داده‌نرێ، روخێندرا.
له2 ی ئاڤریل کومونی پاریس چه‌ندین ریفۆرمی له بواری کار و سیاسه‌ت و دارایی بانگەشهکرد و جیابوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئاینیی کلێسه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ده‌وڵه‌ت جیاکردەوه و ئازادی بۆ رۆژنامه‌کان په‌یڕه‌و کرد. هه‌ر له‌هه‌مان کاتدا، ژنان رێکخراوه‌ی خۆیان درووست کرد و بانگه‌شه‌ی یه‌کسانیی و مافی کارکردنیان کرد.
(ئه‌دولف تیێغ) به‌ناوی ئه‌وه‌ی شارستانیه‌تی فه‌ره‌نسا له مه‌ترسیدایه و ده‌بێ رزگاری بکات، بانگه‌وازی ئاڵمانیای کرد تا پرۆسه‌ی ئازادکردنی سه‌ربازه زیندانه‌کانیان به‌خێرایی جێبەجێ بکات، بۆ ئه‌وه‌ی هێڕشکهنه سه‌ر شۆرشگێڕان و لایه‌نگرانی کۆمون. ئه‌م داواکاریه هاتەدی و سه‌رکردایه‌تی ئه‌و هێزه به (ماریشال ماکموان)[5] به‌خشرا.
رۆژی یه‌کشه‌ممه، 12ی ئاڤریل شه‌ڕی ناوخۆیی ده‌ستی پێ‌کرد. کۆشتارێکی زۆری لێ کەوته‌وه. خه‌ڵكێکی زۆر بەشێوەیەکی دڕندانه، به‌ده‌ستی هێزه نیزامیه‌کان گیانیان له‌ده‌ستدا، به‌تایبه‌تی له نێوان ئه‌و سه‌ربازانه‌ی پێشتر چوبوونه به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ر، جگه له چه‌ندین کەسایه‌تی پسپۆر و زانای به‌ناوبانک که ته‌نانه‌ت زانستیه‌که‌شیان چاوی پڕ قین و تۆڕەبوونی شه‌ڕکه‌ره‌کان نه‌یبینین و ئه‌وانیش له داپلۆسین بێبه‌ش نه‌بوون. به‌رامبه‌ر به‌مه،ترسی زیادبوونی هێزه نیزامیه‌کان و ده‌رئه‌نجام بڕیاره‌کانی کۆشکی ڤیرسای، لایه‌نگرانی کۆمون چه‌ندین که‌سایه‌تی گرنگ و کاربه‌ده‌ست له پاریس به‌دیل گرت، له‌نێوانیاندا چه‌ندین پیاوی ئاینی بوون، وه‌ک ئهرشوڤێکی پاریس (جۆرج داغبوا)[6] که دواتر هه‌ر به‌ده‌ستی خۆیان کوشتیان. هه‌ندێکیان پێیان وابوو که چاکتر بوو له بری ئهرشوڤێک که‌سایه‌تی بانک و کار به‌ده‌ستی گرنگتر بگرن. جۆری دیله‌کان و دستبەسەراگرتنی ماڵ و سامانی دەوڵەمەندهکان ناکۆکیی له نێوان بۆچوونی توندره‌وه‌کان و هاودژهکانیان له نێو کوموندا دروستکرد.
له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌ندامانی کۆمونی پاریس هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی پێشتر بڕیاریان لەسەردابوو جێبه‌جێی ده‌که‌ن، وه‌ک روخانی پایه‌ی ڤاندۆم و چاکسازیی و دابه‌شکردنی کار و داهات. بیروڕاکانی ئه‌مانیش مه‌ترسی له‌لای خه‌ڵکی کاسبکار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان دروستکرد که ته‌نها وه‌ک که‌سانێکی گێڕهشێوین و ڕفێنه‌ری ژنه‌کانیان ته‌ماشاده‌کران. لەگەڵ هه‌موو ئه‌وه‌شدا، جه‌ماوه‌ر هه‌ستی به ئازادی ده‌کرد، کاریان ده‌کرد و سەربەستبوون، نانیان ده‌خواد و ئازادبوون، خۆیان بۆ به‌رگریی ئاماده ده‌کرد و ئازادبوون، پاریس، ئه‌و پایته‌خته دێرینه جارێکی دی سه‌ردمێکی نوێی به‌خۆوه بینیه‌وه ئه‌گه‌رچی پڕ لهخوێنش بوو.
شه‌وان چه‌ند کلێسه‌یه‌ک که هێشتا ده‌رگاکانیان داناخرابوون ده‌بوونه شوێن کۆبوونه‌وه‌ی خەڵک و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لێ ده‌کرد و گفتوگۆی رۆژانه‌و ڕووداوه‌کانیان لێ دەگێڕایەوه و تاوتوێیان دەکرد.
له کاتێکدا که‌سانی سه‌ر بهکومیونی پاریس به‌ره‌ی خۆیان رێکدهخستهوه، دراوسێ نزیکەکانیان له‌ده‌وروبه‌ری پاریس به‌ر هێڕشی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڤێرسای ده‌که‌وتن و شارەکەیان کردبووە وێرانه. له29ی ئاڤریل هێزه نیزامیه‌کان گه‌مارۆی شارۆچکه‌ی (نوویی)یان دا و8 کاتژمێریان به‌خه‌ڵکه‌که دا تاکو شارۆچکه‌که چۆلکه‌ن و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ زیادکردنی ئه‌و مۆڵه‌ته، یاخود بۆ ئاشتبوونه‌وه به‌با چوو. هه‌مان شه‌و ده‌ست له شارۆچکه‌که ده‌که‌نه‌وه و بارانی گوله و ته‌قه به‌سه‌ریاندا ده‌بارێنن.
له 10ی مه‌ی (ئه‌دۆلف تیێغ) پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئاڵمان‌دا ئیمزاکرد. به‌پێی ئه‌و ئیمزانامەیه ده‌بوو سه‌ربازه دیله‌کان ئازاد بکرێن. پشت به‌ستن به‌هێزی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ژماره‌یان ده‌گه‌یشته 60 هه‌زار سه‌رباز، (ئه‌دۆلف تیێغ) به‌ده‌نگێکی به‌هێز گوتی: ”ئێمه وتووێژ له‌گه‌ڵ پیاوکوژا ناکه‌ین”. هه‌ر ئه‌و شه‌وه هێزه‌کانی ڤێرسای زایڵەی ئاگری شەڕێکی سه‌ختیان لێدا.
یه‌کشه‌ممه21ی مه‌ی یادی پێکهێنانی کۆمونی پاریس چووه مانگی سێهه‌مه‌وه، و له پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌و رۆژه‌دا له کۆشکی (تویلغیی) ئاهەنگێک سازکرا داهاته‌که‌ی بۆ بێوه‌ژن و خێزانی پاسه‌وانانی میللی ته‌رخانکرا. له‌هه‌مان ئه‌و رۆژه‌دا کاتژمێری حه‌وتی ئێواره، بەهۆی ناپاکیی که‌سانێکی سه‌ر بهکۆمون ئاڵایه‌کی سپی هه‌ڵده‌بڕدرێ و بانگه‌شه‌ی سەربازەکان ده‌که‌ن تا بێنه‌ناوه‌وه. هێزه‌کانی ڤێرسای بێ دواکه‌وتن له ده‌رگای (سان کلۆ)وه ئه‌چنه ناو پاریس و ئه‌و ماوه‌یه ده‌ستپێده‌کات که له‌مێژووی فه‌ره‌نسادا به (هه‌فته‌ی خوێناویی) ناسراوه. به چوونه ناوه‌وه‌ی پاریس، (ئه‌دۆلف تیێغ) زۆر به‌خۆش حاڵیه‌وه ده‌ڵێ: “به‌ناوی یه‌کسانیی و به ناوی یاسا و مرۆڤایه‌تی و شارستانێتی سه‌رکه‌وتنمان وه‌ده‌ست هێنا.”.
له23 ی مه‌ی خه‌ڵکی کۆمیون بانگهشتی سه‌ربازه‌کان دەکەن بۆ یه‌کگرتن و برایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا، به‌ڵام گوێی هیچ سه‌ربازێک ئه‌م بانگەشهییهی وه‌رنه‌گرت و له‌بری ئه‌وه هه‌موو کونجێکی پاریس کوشتن و گوله بارانی خه‌ڵک بوو.
هه‌ر که‌سێک (ناو ده‌ستی ره‌ش) بوایه به‌نیشانه‌ی بارود و هه‌ڵگرتنی تفه‌نگ دادەنرا ده‌گیرا و ده‌کوژرا. گڕی ئاگر چه‌ند شوێنێکی گرنگی گرته‌وه، له نێوانیاندا کۆشکی (تویلغی) و چەندین په‌یکه‌ر و شوێنه‌واری دێرینی مێژوویی ئه‌و شاره به‌ر ئه‌و سووتانه که‌وتن. (ژان باتیست کلیما)[7]، نووسه‌ری گۆرانی به‌ناوبانگ ”کاتی پێگه‌یشتنی گێلاس”*، که له‌نێوان بەرگریکهراندا بوو زۆر بەزهحمهت له‌و قه‌سابخانه‌یه رزگاری بوو. به‌رگریکه‌رانی کۆمون له‌تاو خۆیان و له بێهیواییاندا دیله‌کانیان کوشت.
له‌رۆژی شه‌ممه27ی مه‌ی به‌رگریکه‌رانی کۆمونی پاریس له ”پێغ لاشیز”[8] دا شکستییان هێنا. له رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی 28ی مه‌ی هێزه نیزامیه‌کان سه‌رکه‌وتن و کۆتایی شه‌ڕیان به‌خه‌ڵک گه‌یاند. (ماریشاڵ دوماکماون) رایگه‌یاند که: ”شه‌ڕ ته‌واو بوو، له ئه‌مڕۆوه سەقامگیربونی ئاسایش و کار ده‌گه‌ڕێته‌وه”.
له29ی مه‌ی سه‌رده‌می کۆمونی پاریس کۆتایی پێهات و دادوەریی و یاسا هیچ واتایه‌کی تری نه‌ما جگه له گوله‌باران و کوشتنی به‌کۆمه‌ڵی لایه‌نگران و هاوکارانی کۆمون، ژنیش له‌و کۆشتاره بێبه‌ر نه‌بوو و بهگهشتیی نزیکه‌ی 400 هه‌زار که‌س به‌تاوانی لایه‌نگریی و هاوکاریی ده‌ست به‌سه‌رکران. زیادبوونی مردوو ناچاری کردن که له دووری شار لاشەکان بسوتێنن. له ڤێرسای نمایشه‌که به شێوه‌یه‌کی دیکه بوو، زیندانیه‌کانیان هێنایه به‌ر مه‌یدان و هه‌ڵبژارده‌ی پله‌و که‌سایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌گوڕ ئاماده‌ی نمایشەکرایی کوشتنی دوژمنه‌کانیان بوون. رۆژنامه‌کان به شان و باڵی ئه‌و ڕووداوانه‌یان هه‌ڵدا و سه‌رکه‌وتنی هێزه‌کانیان به شاکارێکی بێ وێنه له قه‌ڵه‌مدا.
ڕێوره‌سمی ناشتنی پیاوی ئاینی (جورج داغبوا)، ئهرشوڤێکی پاریس که به‌ده‌ست که‌سانی کۆمۆنه‌وه کوژرا هه‌ستێکی گه‌وره‌ی ته‌ماشاکه‌رانی وروژاند. ڤێرسای ڕێوره‌سمی ڕێزلێنان بۆ کوژراوه‌کانی سازکرد که ژماره‌یان به 8617 که‌س ههڵسهنگیندراوه. کوژراوه‌کانی کۆمونیش به 30 هه‌زار که‌س و نزیکه‌ی 40 هه‌زار که‌سیش حوکمدران و14 هه‌زاریش به‌حوکمی دوورخستنه‌وه و کاری زۆرەملێ ژیانیان له‌زیندانه‌کان و تاراوگه‌دا ته‌واوکه‌ن. به‌و شێوه‌یه ئه‌من و ئاسایش دیسانه‌وه به‌رپابوو و ”کۆماری سێهه‌می فه‌ره‌نسا” به‌زه‌بری سه‌رکوتکردن و خوێن ڕشتن سه‌قامگیربوو.
ساتی پێگەیشتنی گێلاس
ئەو دەمەی گۆرانیی دەڵێین
بۆ ساتی پێگەیشتنی گێلاس
بولبولی شاد و بۆقژەی ڕووخۆش[9]
هەموو پێکەوە دەچنە ئاهەنگ
شۆخەکان فێی شێتیان لێ دەێ
ئاشقانیش دڵیان گەرم دادێ
ئەو دەمەی گۆرانی دەڵێین
بۆ ساتی پێگەیشتنی گێلاس
بولبول ئاوازی خۆشتر دەبێژێ
وەلێ وادەی گێلاس زۆر کورتە
کاتێ بە بێستانێ خەوندا
جووت جووت بۆی دەچین و
گێلاس لێدەکەینەوەو گوارە ئاسا
بە گوێماندا هەڵیاندەواسین
گێلاسی ئێشق بەو بەرگەی بەری
لە چەشنی دڵۆپەی خوێن
دەکەونە ژێر گەڵاکان، وەلێ
وادەی گێلاس زۆر کورتە
ساتی ئەو گۆارە مەرجانانە
بە تالیسمی خەوەنەوە لێیاندەکەینەوە
کە گەیشتییە ساتی پێگەیشتنی گێلاس
ئەگەر ترسای لە زامی ئیشق
خۆت لە شۆخەکان بەدوور بگرە
هەرچی منیشم کە ناترسم
لەو ئازارە بێ روحمە
ناتوانم بۆ ڕۆژێک بژیم
بێت‌و تووشی زامی نەبم
کە گەیشتییە وادەی پێگەیشتنی گێلاس
تۆش تووشی ئازاری ئیشق دەبی، منیش
بۆ ئەبد ساتی پێگەیشتنی گێلاسم خۆشدەوێ:
چونکو ساتێکە تێدا دڵم
برینێکی دەم کراوەی هەڵگرتووە
ئەو بەختەش کە پێیان داوم
هەرگیز زامم ئارام ناکاتەوە
بۆ هەتاهەتا وادەی گێلاسم خۆش دەوێ و
ئەو یادگارەی لە دڵیشدا هەڵمگرتووە.
سه‌رچاوه‌کان:
- ئارشیڤی نووسین و وێنه‌ی چه‌ند کتێبخانه‌یه‌کی پاریس.
- هەڵبەستی گۆرانی: وادەی پێگەیشتنی گێلاس Le Temps des cerises ، ١٨٦٦ لە نووسینی ژان باتیست کلێما Jean Baptiste Clément. ناوبراو لایەنگری پارتی کرێکارانی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕان بوو. بە هۆی تێکۆشانی حوکمی لەسێدارەی بۆ دەرەچێ و لە پاریس هەڵهاتووە بۆ بەلجیکا و دوایشس بۆ لەندەن. ئەم هەڵبەستەی لە هەندەران نووسیوە. لە ساڵی ١٨٨٠ لە پاش دەرچوونی بڕیاری لێخۆشبوونی گشتیی دەگەڕێتەوە پاریس. خودی هەڵبەستەکەش لێکچوونێکە لە نیوان شۆڕش (کاتی پێگەیشتنی) و لە نێوان وەرزی پێگەیشتنی گێلاس.
– Film documentaire, Paris au temps des cerises (La Commune) : Commentaire et choix de textes :
Jacques Darribehaude, avec la voix de Bernard Musson, réalisation : Jacques Darribehaude et Jean Desvilles.
[1] Louis-Napoléon Bonaparte کوڕەزای ناپۆلیۆنی یەک، ئیمپراتۆری کۆماری سێهەمی فەرەنسا لە نێوان ١٨٤٨ بۆ ١٨٥٢
[2] Adolphe Thiers سەرۆکی فەرەنسا بوو لە ١٨٧١ بۆ ١٨٧٣
[3] Jules Favre پارێزە و پیاوێکی سیاسی گرنگ بوو و ڕۆڵێکی گەورەی لە ڕووداوەکان هەبوو.
[4] colonne de vendôme پاییەی ڤاندۆم لەلایەن شۆڕشگێڕانی کۆمونی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ ڕۆخێندرا و دووبارە لە ساڵی ١٨٧٣ داندرایەوە.
[5] maréchal Patrice de Mac Mahon سەرۆکی فەرەنسا لە ١٨٧٣ بۆ ١٨٧٩
[6] Georges Darboyوشەی ئەرشوڤێک (بە عەرەبی و فارسیی اسقف) پلەیەکی ئاینییە زۆر گەورەیە و وەک پۆستی وەزیرێکی ئاینییە.
پلەی یەکێک لە کاتدڕاڵە گەورەکانی شارە گەورەکان یان پایتەخت دادەنیشێ و بەرپرسی هەموو کلێسەکانی ترە. ئەرشوڤێک پاریس بووە لە نێوان ١٨٦٣ بۆ ١٨٧١
[7] Jean Baptiste Clément :[ « Le Temps des cerises »
[8] Père Lachaise ناوی گۆڕستانێکە لە بازنەی ئیداری ٢٠م لە پاریس
[9] باڵندەیەکی دەنگ خۆشە وەک بولبول و هەر بەویش دەچێ
* ئەم بابەتە کاتی خۆی لەگۆڤاری (کۆنسێپت) بڵاوبۆتەوە.