ــ سەبارەت بە ڕۆڵی حیزب وەک دامەزراوەیەک لە پرۆسەی بە دیموکراتیکردنی کۆمەڵگادا
لە وڵاتانێک کە لە قۆناغی گواستنهوهدان له ڕژیمێکی ئۆتۆریتارهوه بهرهو دیموکراسییهت، حیزب دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە پێشخستن و خێراکردنی ئەو پرۆسەیەدا. ئەمە چونکە حیزب لە دۆخی وادا دەتوانێت ببێتە کەناڵی سەرەکیی بۆ دهربڕین و بۆ مانیفێستکردنی پلورالیزمی سیاسیی.
ئەم باسە هەوڵێکە بۆ پیشاندانی گرنگیی ڕۆڵی حیزب لە بەدیموکراسیکردنی کۆمەڵگادا و پیشاندانی پلەی لادانی دامەزراوەی حیزب لە کوردستاندا لەو ڕۆڵە ئایدیاڵەی کە چاوەڕان دەکرێت هەیبێت. بەشی یەکەمی باسەکە خاڵبەندییکردنێکی تیۆرییە بۆ ئەو ئایدیاڵەی بۆ کاری حیزبیی و ڕۆڵی حیزب هەیە له وڵاتانێک که لهقۆناغی گواستنهوهدان له ڕژیمێکی ئۆتۆریتارهوه بەرەو جیپێگرتنی دیموکراتییەت. لە بەشی دووەمی باسەکەدا، لەبەر ڕۆشنایی ئەو چاوەڕوانییە ئایدیاڵەدا لە حیزب، واقیعی حیزب لە کوردستانی باشور تاوتوێ دەکرێت.
ڕۆڵی حیزب وەک دامەزراوەیەک
- بەشدارییکردن لە هەڵبژاردن
ئەرکی سەرەکیی حیزب بەشدارییە لە هەڵبژاردنەکاندا و دیارییکردنی سیاسەتی دروستە بۆ چۆنیەتیی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. لەم پێناوەدا حیزب دەبێتە جێگەیەک بۆ بەرهەمهێنان و ڕهێنانی ڕابەری سیاسیی و سازدانیان بۆ ئەنجامدانی ئەرکی جیاواز. حیزب هەم لەڕێگەی دروستکردنی ئەم ڕابەرە سیاسیانەیەوە و هەمیش لەڕێگەی گوێگرتن لە ڕای هاوکارانی حیزبیی و لەبەرچاوگرتنی دۆزە بەرچاو و گرنگەکانەوە لە کۆمەڵگادا، سیاسەتی درێژماوە بۆ خۆی دادەڕێژرێت و هەوڵی دانانی کارکرد لەسەر ڕەوتی داهاتووی کۆمەڵگاکە دەدات. جگە لەمە، حیزب هەوڵدەدات کارکردی پرەنسیپییانە لەسەر بڕیاروەرگرتنە هەنوکەییەکانی دابنێت. لەم پرۆسەی کارکرددانانەی حیزبدا لەسەر سیاسەتی وڵات، هەر حیزبێک ئایدۆلۆجیایەک یان بەهاگەلێک دەکاتە بنەما بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتەکانی. کاتێک پلەی دەسەڵاتدارێتیی و کارکردی حیزبەکان لەسەر سیاسەتی وڵات لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دیاریی دەکرێت، ئەم کارکردنەی حیزب بە بەها و ئایدۆلۆجیای جیاوازەوەیە کە دەنگدەرانێک لە حیزب کۆدەکاتەوە و دەنگیان دەباتەوە و دەنگدەرانێکیش لە حیزب دوور دەکاتەوە و لە دەوری حیزبێکی ڕکابەر کۆیان دەکاتەوە.
- گەیاندنی خواستی شەقام بە ناوەندی بڕیار
حیزب ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان دهوڵەت و هاوڵاتییانە. بە مانایەکی تر، بیرۆکەی سازدانی حیزب لەوێوە دروست دەبێت کە ببێتە بڵنگۆیەک بۆ گەیاندنی دەنگی شەقام بەگوێی ئەو تاک و دەزگایانەی کە وەرگرتنی بڕیار و ئاراستەکردنی کۆمەڵگایەکیان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دراوتە دەستیان (یان بەبێ هەڵبژاردن و لەڕێگەی خۆفەرزکردنەوە گرتویانەتە دەست). دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە هەر دەبێت لە حکومەتدا بێت ئینجا بتوانێت کارکردێک بۆ خواستی خەڵکانی دەوروبەری خۆی لەسەر بڕیارەکانی دەسەڵاتداران پەیدا بکات. ڕەخنەی کاریگەر و پیشاندانی سیاسەتی بەدیل زۆرجار کارکردی گوشاری گەورەتر لەسەر بڕیاربەدەستان دادەنێت تا هاوپەیمانێتیی حیزبیی لەناو کابینەی هاوبەشدا.
- جێگەیەک بۆ ناسینی دیموکراسییەت
جگە لە کارکردن بۆ دانانی داواکانی خەڵک لەسەر ئەجێندای ڕۆژ، ئەرکێکی تری حیزب جوڵاندنی خوڵقی بەشداریی سیاسییە لای خەڵک. ئەوە ڕوونە لە هەر وڵاتێکدا، بەو ئەندازەیەی کە خەڵک خوڵقی بەشداریی سیاسیی هەیە و قسەی هەیە لە سیاسەتی ڕۆژدا، بەو ئەندازەیە دیموکراتییەت تۆکمە دەبێت لەوێدا. حیزبهکان دەکرێت جۆرێک له قوتابخانهی دیموکراسیی بن که تیایاندا خەڵکانێک فێری ئارگومێنتکردن بۆ ڕای جیاوازی خۆیان دهبن و فێری چالاکیی سیاسیی دەبن لهپهیوهند به پرسه سیاسییە جیاوازهکاندا. هەر لەڕێگەی پرۆسەی بەشدارکردنەی خەڵکەدایە کە حیزب دەتوانێت کادری سیاسیی بەرهەم بهێنێت و لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکاندا لەناو خەڵکدا ئامادەیان بکات.
- سیاسەت لەپێناو لاوازکردنی زەمینەی توندوتیژییدا
کارێکی تری گرنگی حیزب بریتیە لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی و دروستکردنی پەیوەندیی هاوپەیمانانە لەنێوان گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بۆ نموونە: خوێندکاران، ژنان یان لایەنگرانی ژینگەپارێزیی، وە هەڵسەنگاندن و هەڵپێکانی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر. بەم جۆرە دەکرێت بەر بە کاردانەوەی توندوتیژانەی ئەم گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بگیردرێت کە ناڕازین لە سیاسەتێک یان لە چۆنیەتیی مامەڵەکردنی دەسەڵاتی سیاسیی لەگەڵ دۆزێکی دیاریکراودا. حیزب دەتوانێت ڕابەرانی خۆی لە ناو ئەو گروپی ناڕەزایەتییانەدا ئامادە بکات تا شێوازی کارا و دروست بۆ کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی دوور لە بەکارهێنانی توندوتیژیی جێ بخەن.
حیزبی سیاسیی لە کوردستانی باشور
ووردبونەوەیەکی زۆری ناوێت تا ببینین کە لە باشوری کوردستان دامەزراوەی حیزب لانی کەمی ئەو مەرجانەی حیزببوونی وەک دامەزراوەیەکی سەردەمیانەی ناو کۆمەڵگا دیموکراسییەکانی تێدا نییە. لێرەدا تەنها دوان لە بەرچاوترین تایبەتمەندییەکانی حیزب لە کوردستاندا وەردەگرین و دواتر هۆکاری ئەو دوو ناڕێکییە شیکار دەکەین.
یەکەم تایبەتمەندیی جێگەی ڕەخنە لەو حزبانەدا دەکرێت ئەوە بێت کە لەسەر بناغەی ڕابدوویەک کە هەیانبووە شەرعییەت بۆ خۆیان دادەبڕن نەک لەسەر بناغەی بەرنامەیەکی کۆنکرێتی پشتبەستوو بە بەهای مرۆڤدۆستانە و سەردەمییانە. ئەم ڕابوردووە شەرعییەتێکی شۆڕشگێڕیی داونەتێ کە بەشی ئەوەیان دەکات ئاسان پشت بکەنە شەرعییەتی دیموکراتیی. بۆیە هەرکات لەو شوێنەدا کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە دڵی ئەوان نییە و لەگەڵ دەسکەوتەکانی هەڵبژاردنی پێشوویاندا یان لەگەڵ پۆستەکانیان لە حکومەتدا نایەتەوە، لەوێوە ئیتر خۆیان لە هەموو پابەندبوونێک بە ڕێساکانی گەمە دیموکراتییەکە دەدزنەوە و ئامادەن چەند بخوازێت دەست بۆ توندوتیژیی یان پشتگوێخستنی دەنگی شەقام بەرن. لێرەدا بە دیاریکراویی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دوو نموونەی پشتڕاستکەرەوە دەست دەدەن. ئەوەی کە وایکردووە ئەم دوو حیزبە بەپلەی یەکەم بە مافی خۆیانی بزانن هەر ئەوان هەمیشە براوەی هەڵبژاردنەکان بن چەند هۆکارێکە کە گرنگترینیان شەڕی ناوخۆیە. شەڕی ناوخۆ جەمسەرگیرییەکی وا لە کۆمەڵگادا دروست دەکات کە ئەو حیزبانە شەرعییەتێک لای خەڵک وەردەگرن کە هیچ شایانی نین.
لەبەرامبەر ئەم ڕۆڵە نێگەتیڤەدا کە حیزبە سیاسییەکان لە پرۆسەی بەدیموکراتییکردندا زۆرجار دەیبینن، ئەزموون پیشانی داوە کە حیزبە چەکدارەکانی دەتوانن دوای لاچوونی دەسەڵاتێکی نادیموکراتیی سەرکوتگەر لەسەر حوکم، ڕۆڵێکی پۆزەتیڤیش ببینن لەو پرۆسەیەدا. هەبوونی حیزبی سیاسیی لە قۆناغێکی وادا دەرفەت دەڕەخسێنێت تا هێز و گروپە ناکۆکەکان کە پێشتر لە پرۆسەی سیاسیدا وەدەرنرابوون، بتوانن بهشداریی له دهسهڵاتی سیاسییدا بکهن. لێرەوەیە زۆربەی کات کارکەران بۆ گەشەپێدانی دیموکراتییەت، لە دوای کەوتنی دیکتاتۆرییەتەکان، یان دوای کهوتنهوهی ئاشتیی، کار دەکەن بۆ ئەوەی دوای دانوستانهکانی ئاشتیی لایهنه شهڕکهرهکان حیزبی سیاسی دروست بکهن.
لە حاڵەتی شەڕی ناوخۆی کوردستاندا، ئەو دەسەڵاتەی کە ئەم دوو زلهێزە پێیان دەدرێت تەواو ڕەهایە. ئەو دوو حیزبە، لە پێناو کەوتنەوەی ئاشتییدا، وەک تاکە هێزی مەیدانی سیاسیی لە کوردستان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. لێرەوە گورزێکی گەورە بەر پرۆسەی سیاسیی و پرۆسەی بەدیموکراسییکردن لە هەرێمی کوردستان دەکەوێت. ئەمە چونکە بهشداریی سیاسیی ئاشتییانه له کێبهرکێی سیاسی ئازادانهدا، وە ڕێگەنەدان بە قۆرخکردنی پایەی دەسەڵاتدارێتیی و کورسیی حوکم، کۆڵهکهیهکی سهرهکیی مومارەسەی دیموکراتییە.
دووەم کەموکوڕیی دامەزراوەی حیزب لە باشوری کوردستان ئەوەیە کە ئەگەرچی لەسەرەتاوە کۆمەڵێک فۆرماڵیتیی دامەزراوەیی هەبووبێت لە چەشنی بەرنامە و هەڵبژاردنی ناوخۆیی، بەڵام چاوگێڕانێک بە مێژووی ئەو حیزبانەدا پیشانمان دەدات کە حیزبەکان تا ساڵانی نەوەدەکان زیاتر لە فۆرمی دامەزراوەیی سەربازییدا بوون. ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە ڕێگرییەکی گەورە لەبەردەم سەرپێکەوتنی پرۆسەی سیاسیی ئیدارەی دەوڵەتیی.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشداریکردنی ئەم لایەنانە لە دروستکردنی ئیدارەیەکی سیاسی لەو سەردەمەدا گرنگییەکی گەورەی هەیە. ئەمە چونکە ههنگاوی کردنی لایهنه شهڕکهره شۆڕشگێڕهکانی دوێنێ به حیزبی سیاسیی و بهشدارکردنیان له دهسهڵاتی سیاسی ووڵاتدا دوو توخمی گرنگی ناو پرۆسەی بەدیموکراتییکردن بههێز دهکات. یهکهمیان، کێبهرکێی ئاشتیانهیه بۆ گهیشتن به دهسهڵاتی سیاسیی. دووهمیان، نهگهڕانهوهی ئەو حیزبانەیە بۆ بهکارهێنانی چەک. ئەمە گرنگە چونکە کهوتنهوهی ئاشتیی خزمهت به چوونهپێشهوهی دۆزی دیموکراسییەت دهکات له وڵاتدا. لەبەرامبەردا بههێزبوونی سیستەمی دیموکراسیی خۆی لە خۆیدا زیاتر ئاشتیی جێ پێدەگرێت بەو حوکمەی کە دیموکراتییەت کەم و زۆر زەمانەتی ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵک دەکات لە بڕیاری سیاسیی ناو وڵاتدا.
مایەوە ئەوە بڵێین؛ کە هەمیشە و لەهەر وڵاتێکدا بۆشاییەک هەیە لەنێوان واقیعی حیزبیی و ئەو نموونە ئایدیاڵەدا کە بۆ حیزب هەیە. پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و وادارکردنی حیزب بە پابەندبوون بە ڕێساکانی دیموکراتییەت پرۆسەیەکە کە هیچ زەمانەتێک نییە لە هەموو شوێنێک سەر بگرێت. ئەو وڵاتانەی کە تیایاندا پرۆسەی بەدیموکراتییکردن سەری نەگرتووە بە دەوڵەتانی ناکامکەوتوو (Failed states) ناو دەبرێن. ئەوەی کە هیچ زەمانەتێک نییە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دیموکراتیی لە کوردستاندا و فەشەلهێنانی ئەو پرۆسەیە ئیحتیمالێکە لەوێدا، ئارگیومێنتێکە بۆ زەرورەتی ئامادەکردنی ڕەخنە لەبەرامبەر حیزبە سیاسییەکاندا و بۆ زەرورەتی پێداگریی لەسەر ڕیالیزەکردنی ئەو ڕۆڵ و بەشدارییە ئایدیاڵەی کە حیزبی سیاسیی دەتوانێت هەیبێت.
تەواو