«نا-هاوچەرخبوون»ی هونەرمەندانی سەردەم

Loading

بێگومان دەسکەوەتەکانی «مۆدێڕنە»، تەنیا بە گەشەکردن و پەرەسەندنی «ئەقڵی زانستی»ەوە سنووردار ناکرێن و «چەمکی هونەر»یش یەکێک لە داهێنانەکانی ئەوە؛ بەجۆرێک کە ڕێگە خۆشکەربوو هەتا هونەر، پرسیارێک بێت لەپێناو خودی خۆیدا. چونکە هونەری مۆدێڕن، لە جەوهەری خۆیدا چییەتییەکی بۆرژوازی  هەیە، واتا هونەرمەند لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک کڵێسا و دەرەبەگایەتی و خانەدانەکان دادەبڕێت و دەبێتە بە بەرهەمهێنەرێکی لاتەریک، کە لەپێناو بەردەنگ یان کڕیار بەرهەمی هونەری خۆی بەرهەمدەهێنێت.

بەڵام هونەری ئەوڕۆکە، داگەڕاوە بۆ ئەزمونکردنی هونەر لە مانا ڕەهاکەی خۆیدا، بەچەشنێک کە حاشا لە گشت خزمایەتییە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانی خۆی دەکات. ڕوون و ئاشکرایە کە کاری هونەری جیاوازە لە هۆشیاری بەئانقەست، بەڵام هەر ئەم جیاوازییەشە ورەی ئەوەمان پێدەبەخشێت کە لەم ساتەوەختەدا کە «جیهان» شەڵاڵی خوێن و نوقمی خەمۆکی و لە ئاویلکەدانی ئیرادە دایە، پرسیارەکەی ئادۆرنۆ لە وتاری «ئیلتزام»دا، دووبارە بورووژێنینەوە: «ئایا هیچ هونەرێک ئێستاکە مافی ئەوەی هەیە کە بوونی هەبێت؟»[1].

ئەوەی ڕاست بێت ئەم پرسیارە ڕووی ڕاستەقینەی لە هونەر و هونەرمەندانە، چونکە هەڵقوڵاوی ناخی ئەو سەربەخۆییە یە کە مۆدێڕنە پێشکەشیکردون. بەڵام لەسونگەی بیر و بۆچوونی کۆمەڵێک ڕەخنەگری وەکو ڤاڵتەر بنیامین و بێرتۆڵد برێخت- کە هونەر بۆ ئەوان لە پلەی یەکەمدا کردەوەیەکی کۆمەڵایەتییە نەک بابەتێک بۆ توێکاری و شیتەڵکاری ئاکادیمیا- ئەگەر بێتو لە دێڕە بەناوبانگەکەی نیچە لەپێشەکی نامیلکەی «دەربارەی سوودەکان و زیانەکانی مێژوو بۆ ژیان»ەوە، لەجیاتی «مێژوو» هونەر و لەباتی «مەعریفە» جوانیناسی دانێین و دووبارە دایڕێژینەوە، ئەوە دەتوانین لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بڵێین: «بەدڵنیاییەوە ئێمە پێویستیمان بە هونەرە، بەڵام پێویستی ئێمە جیاوازە لە پێویستی، خوێڕییە بەنازوونووزە بەرەڵاکانی نێو باخی جوانیناسی»[2]…چونکە ئەو دەمەی کە «ڕۆشنگەری» بێزووی بەمۆدێڕنە دەکرد، دووگیانی کۆرپەلەیەک بوو کە ئەوڕۆکە بۆتە زەلامێکی زەبەڵاح بە ناوی «فاشیزم»، کە ڕێگەمان نادات  چی تر هەروا بە سووک و سادەیی لەڕوانگەی جوانیناسیەوە سەیری هونەر بکەین.

ئالان بادیۆ
ئالان بادیۆ ؛ هونەر لەپیناو دۆزینەوەی سوبێکتێکی نوێ !

ڕەنگە هەربۆیەش  (ئالان بادیۆ) لە سیمینارێک بە ناونشانی «سوبێکتی هونەر»دا دەڵێت: «زۆر جاران، ئەو دەمەی کە پێناسە و جێکەوتەیی سیاسەت لێڵ و ناڕوونە، پێناسە هونەرییەکان بارودۆخەکە ڕووندەکەنەوە»[3] و لە کۆتایی قسەکانیشیدا  زەروورەتی هەبوونی هونەر دەبەستێتەوە بە بەرپرسیارێتی هونەر لە ڕۆژگاری ئێمەدا و دەڵێت: «بەڕاستی ئەوڕۆکە، بەرپرسیاریەتییەکی دیاریکراو و تایبەت بۆ ئافراندنی هونەری لەئارادایە، ئەویش یارمەتیدانی مرۆڤایەتییە، لەپێناو دۆزینەوەی پارادایمی سوبێکتیڤیی نوێ»[4].

بەڵام پێشمەرج یان هەنگاوی یەکەمی ئەم «بەهانای مرۆڤایەتی هاتن»ە، ئەوەیە کە هونەرمەند لەپێشدا پەیوەندیەکی تاقانە و دەگمەن لەگەڵ «سەردەم» و «سەرووبەند»ی خۆیدا درووستبکات، هەمان ئەو پەیوەندییەی  کە جۆرجۆ ئاگامبێن ناوی دەنێت «هاوچەرخبوون». ئاگامبێن لە وانە-لێدوانی کرانەوەی بەشی فەلسەفەی تیۆریک، لە زانکۆی IUAV لە ساڵی ٢٠٠٥دا دەڵێت: «هاوچەرخ، ئەو کەسەیە کە بەشێوەیەکی توندوتۆڵ چاو لە کات و سەردەمی خۆی دەبڕێت، نەک بۆ بینین و هەستکردن بە ڕووناکی،  بەڵکو لەپێناو تێبینیکردنی تاریکیدا»[5].

ئەم چاوبڕینە لە ئەنگوستەچاویی سەردەم، فڕی بەسەر ڕەشبینی بوونگەرایانە و دۆشداماوی عاریفانە و خەمۆکی دەروونناسانە و ناچالاکبوونی دەستوپێ سپیلکانەوە نییە. ئاگامبێن بە یارمەتی فیزیۆلۆژی دەمارەکانی بینین، نیشانماندەدات کە «بینینی تاریکی» یەکسان نیە لەگەڵ «نابینابوون» و «نەبینین»، بەڵکوو «نەبوونی ڕووناکیی» دەبێتە هۆی وەکارکەوتنی کۆمەڵێک خانەی نێو تۆڕینەی چاو بە ناوی off-cell کە دەستدەکەن بە چالاکی و چەشنێکی تایبەت لە سۆما و بینایی دێنە ئاراوە کە مرۆڤ پێیدەڵێت «تاریکی». کەوایە درکپێکردن بە تاریکی، چالاکییەکی سەربەخۆی پەیوەست بە بینینەوەیە و، ئەو هونەرمەندانەشی کە تەنیا ورشە و گرشە و شۆقو شەبەق  و تیشکەکانی سەردەمی خۆیان دەبینن، ناکرێت ئاواڵناوی هاوچەرخبوونیان پێبدرێت، چوونکە چاویان لە بینینی بەشێکی سەردەمی خۆیان داپۆشیوە؛ جا با لە ژیانیش دابن و جا با هەموو ڕۆژێ لێرە و لەوێ چاکوخۆشیشمان لەگەڵ بکەن! هەروەک  ئاگامبێن دەڵێت: «تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن بە خۆیان بڵێن هاوچەرخ، کە ڕێگە نەدەن لەلایەن ڕووناکییەکانی سەدەوە، کوێر ببن»[6].

  هونەرمەند بۆ ئەوەی خۆی لەم کوێربوونە زۆرەملێیانەی کە سەردەم بەسەریدا دەسەپێنێت دەربازبکات، ناچارە هەستێت بە هاوتەریبنەبوون و هاوڕانەبوون و ناکۆکبوون و نەگوونجان و دابڕان  لە سەردەمی خۆی، هەمان ئەو شتەی کە کەم تا کورت نیچە پێیدەڵێت «نا-وەختبوون»[7] و لەسەرەتای تێڕامانی دووەمدا لە کتێبی «تێڕامانە ناوەختەکان» ئاوا وەسفی دەکات: «گەڕان بە دوای تێگەیشتن لەو  شتەی کە ئەم سەردەمە تەواو بەڕاستی پێی لەخۆبایی بووە، واتا کولتورە مێژووییەکەی، ئەویش وەکوو جۆرێک نەخۆشی، بێتوانایی و کەموکووڕی»[8].

ئەم (ناوەختبوونە) بۆ هونەرمەند بەهیچ کلوجێک بەمانای خۆدزینەوە  لە واقیعی سەردەم و خۆخزاندنە نێو نۆستالێژیا و یۆتۆپیای خەیاڵی نییە، بەڵکوو لەهەمان کاتدا کە دان بەوە دادەنێت کە ڕۆڵەی سەردەمی خۆیەتی، بەڵام لەبەردەمیدا نەک سەرکزناکات و بەچۆکدانایەت بەڵکو بەهاکانی دووبارە هەڵدەسەنگێنێتەوە و سەرلەنوێ بەهامەندیان دەکاتەوە. هەربۆیە ئادۆرنۆ لە وتاری «ئاشتەوایی لەژێر زەبر و زۆریدا» دەڵێت: «هونەر مەعریفەیەکی نێگەتیڤە لە جیهانی ڕاستەقینە و بەرکار»[9]. واتا هونەرمەند تەنها لەڕێگەی جۆرێک مەوداگرتن و دووریدانان لەنێوان خۆی و جیهانی سەردەم، دەتوانێت ببێت بەهونەرمەند و بەرهەمە هونەرییەکەشی هۆشیارییەکی بایەخدار بخاتەڕوو. ئەگەر بمانهەوێت ئامووشۆی نێوان هاوچەرخبوون و مەعریفەی نێگەتیڤ هەستپێکراوتر بکەین، ئەوە ئاگامبێن پێماندەڵێت: «هاچەرخ کەسێکە کە تاریکی کات و سەردەمی خۆی وەکوو شتێک درکپێدەکات کە پەیوەندی بە ئەوەوە هەیە، وەکوو شتێک کە هەرگیز دەستهەڵناگرێت لە پابەندکردنی ئەو»[10].

لەوانەیە هەست بە، بۆکرووزی «تیۆری ڕەنگدانەوە»[11] بکەن- ئەو تیۆریەی کە بەرهەمی هونەری وەکو «ئاوێنە»ی ڕەنگدانەوەی چاک و خراپی واقیعی کۆمەڵگا وێنا دەکات- ڕەنگە وابزانن لێردا مەبەستی داکۆکیکردن لەم تیۆرییە لەئارادایە، ئەویش بەشێوەی شێواو و تاکڕەهەند و نیوەچڵ، واتا کورتکردنەوەی ڕۆڵی بەرهەمی هونەری تەنها بە دەرخستنی دزێویی و ناشرینی و ڕەشاییەکانی سەردەم؛ بۆیە بەباشی دەزانم بۆ ڕوونبوونەوەی باسەکە پەنا بۆ بێرتۆڵد برێخت لە «ئۆرگانوونێکی کورت بۆ شانۆ»دا بەرم کە لەوێدا دەڵێت: «هەرچەند هونەر ڕەنگدانەوەی ژیانە، بەڵام ئەم کارە لەڕێگەی ئاوێنە تایبەتەکانەوە ئەنجام دەدات»[12]. ئەم ئاوێنە تایبەتە، شتێکی سەیروسەمەرە و بە توانایی سەرسامکەر و خاوەن تەکنۆلۆژیایەکی فرە پێشکەوتوونیە! بەڵکوو پییەر ماشێری[13] لە کتێبی «تیۆری بەرهەمهێنانی ئەدەبی»دا لەبارەی ئەم ئاوێنەیەدا بۆمان باسدەکات  کە ئەم ئاوێنەیە،  «ئاوێنەیەکی شکاوە»[14]! کە وێنەکانی خۆی بەشێوەی پارچە پارچە نیشاندەدات، بەجۆرێک کە لەبارەی ئەو شتەی کە تێیدا ڕەنگناداتەوە هێندەی ئەو شتەی کە تێیدا ڕەنگدەداتەوە قسەی پێیە و بۆمان دەدوێت.

 ڤالتەر بنیامین ؛ هیڵکاری Walter Bendix Schönflies Benjamin (* 15. Juli 1892 in Charlottenburg; † 26. September 1940 in Portbou) Sketches of Walter Benjamin. Credit: Renée
ڤالتەر بنیامین ؛ هیڵکاری
Walter Bendix Schönflies Benjamin (* 15. Juli 1892 in Charlottenburg; † 26. September 1940 in Portbou)
Sketches of Walter Benjamin. Credit: Renée

هەتا نەچووە کە بچێ، دەبێت ئەم هۆشداریە بچرپێنم: ئەگەر تێبنینیکردنی تاریکی، لەگەڵ «ئەپۆخە»[15]کردنی ڕووناکییەکان تێکەڵ بکەین، ئەوە توشی هەڵەیەکی کوشندە دەبین! لەبەرئەوەی ئەپۆخەکردن، هەڵواسین و لە کەوانە گرتنی جیهانی دەرەوەیە، کە (ئەدمۆند هوسرڵ) وەکوو یەکەم هەنگاوی ڕێبازی فینۆمینۆلۆجی خۆی لەپێناو ناسینی شتەکان لەنێو زەیندا، پێشنیاری دەکات. هوسرڵ وەکوو ئیمانوێل کانت بڕوای بە دوانەی «نۆمین و فینۆمین»[16] یان «هەبوون و دەرکەوت» لەمەڕ جیهانەوە هەبوو. فینۆمینۆلۆجی کانت، فرچکی بەوە گرتووە کە مرۆڤ هیچ کات دەستی بە جیهانی دەرەوە یان شتەکان خۆی لە خۆیاندا، واتە «نۆمین» ڕاناگات و هەر بۆیەش زانینی ئێمە، وابەستەی دەرکەوتە و خۆدەرخستنی جیهان یان هەمان «فینۆمین»ەکان لە تێگەیشتنماندا دەکات. کەچی فینۆمینۆلۆجی هوسرڵ، بۆ وەچەنگ خستنی ناسینێکی پاڵاوتراو لە خەوشێتی گومان و هەڵە، فینۆمین بەتەوای لە نۆمین دادەماڵیت و ئاگامەندبوون لە جیهانی دەرەوە بەتەواوی بە چۆنێتی و شێوازەکانی ئامادەبوونی فینۆمین لە زەیندا دەبەستێتەوە.

لەحاڵێکدا  هاوچەرخ، بە هیچ شێوەیەک بەتەما نیە دروشمە بنچینەییەکەی هوسرڵ بگۆرێت بۆ «گەڕانەوە بۆ خودی تاریکییەکان» و هەربۆیەش هاوچەرخبوون، «تاریکیناسیی» نییە و  سوبێکتی هاوچەرخیش  بڕوای بەوە نیە کە تاریکی دەرکەوتە و فینۆمینی سەردەمە و بۆ ئەوەی بتوانێت بە وردی سەیری بکات، ڕووناکی وەکوو نۆمین هەڵاوەسێت و لەکەوانەی بگرێت، هەتاکوو تێبینی تاریکی لە دەرەوەی ڕوناکی و میژوودا ئەنجام بدات. بەڵکو هاوچەرخبوون، لەڕاستیدا پتر هەوداکانی فینۆمینۆلۆجی هیگڵیانەی لە تانوپۆی خۆیدا هەڵگرتوە. کاتێک هیگڵ زاراوەی «فینۆمینۆلۆجی» بەکاردەبات، دەڕوانێتە جیهانی درەوەی زەین و مەبەستی ناسینی ئەوە، واتا ناسینی جیهان بەو جۆرەی کە لە دەرەوە و لە ڕەوتی مێژوویی خۆیدا بوونی هەیە؛ بۆیە دواجار ناسینی فینۆمین لای هیگڵ یەکسانە لەگەڵ ناسینی خودی نۆمین و جوداییەک لەنێوانیاندا بەدیناکرێت. سوبێکتی هاوچەرخیش لە بنەڕەتدا نیازی وایە، ئەو سەردەمەی کە تێیدا دەژیت وەکوو گشتێکی مێژوویی و ڕاستەقینە بناسێت، هەربۆیە سەردەمی خۆی وەکوو «ئاسمانی شەو» درکپێدەکات و سەیریدەکات: تاریکونوتەکییەکی ڕەبەق، ئاوێتە بە جریوە جریوی ئەستێرەکان. جا هەر بۆیە ئاگامبێن لە ئاخر و ئۆخری قسەکانیدا دەڵێت: «هاوچەرخبوون تەنیا بە واتای هەبوونی توانایی چاوتێبڕینی توندووتۆڵ و جێگیر لە تاریکییەکانی سەردەم نییە، بەڵکوو هەروەها درککردن و تێبینیکردنی ڕووناکیشە لە هەناوی ئەم تاریکییەدا، ڕووناکییەک کە لەهەمان کاتدا ئاراستەکەی بەرەو ئێمەیە، بەشێوەی ناکۆتا لە ئێمەش دوور دەکەوێتەوە»[17].

ئێستا دەرکەوت کە چەمکەکانی «سوبێکتیڤی نوێ»، «ناوەختبوون»، «مەعریفەی نێگەتیڤ» و «ئاوێنەی شکاو» لە وتەزای «هاوچەرخبوون»دا چڕدەبنەوە و دەپیتێندرێن؛ هەربۆیە نیازم وایە سەرکێشییەکی ناوازە بکەم و پردێک لەنێوان چەمکی «هاوچەرخبوون» و «دەربڕین»[18] درووست بکەم و لە هونەری مۆدێڕنی سەربەخۆدا کۆنکرێتی بکەمەوە.

سوریالیزم ؛ دالی ؛ئۆرکێسترای سوور
سوریالیزم ؛ دالی ؛ئۆرکێسترای سوور

ئەگەر ئەرکی هونەری شێوەکاری بینراوکردنی، نەبینراوەکان و مۆسیقا دەنگدارکردنی،  بێدەنگەکان و ئەدەب بە وتنکردنی، بێوتەکان… بزانین، ئەوە هەموو هونەرەکان لەیەک خاڵی بنچینەییدا یەکدەگرنەوە ئەوەیش ئەوەیە کە هونەر لە کرۆکی خۆیدا ئامرازێک یان باشترە بڵێن ناوبژیوانێک بۆ درکاندن و دەرخستن و نواندن و دواجار دەربڕینە. ئێستا ئەگەر بمانهەوێت دەربڕین تێکەڵکێشی هاوچەرخبوون بکەین ئەوە بێئەملاوئەولا، توشمان بەتوشی کەسێک دەبێت کە ناوی «ساموێل بێکێت»ە! ئەو کەسەی کە دەربڕین، هەڵدەلووشێتە نێو ناخی «سەردەم» و «هونەر» لەیەک ئانوساتدا و ڕادیکاڵی دەکاتەوە، بەچەشنێک کە دەربڕین دەکاتە بە  «کێشە»یەکی جەوهەری  دوو جەمسەری سەردەم و هونەر و شان بە شانی یەک ئیشیان لەسەر دەکات.

سامۆیل بیکێت وەک پۆرتریتی سەر دیوار Samuel Barclay Beckett 13 April 1906 – 22 December 1989)
سامۆیل بیکێت وەک پۆرتریتی سەر دیوار
Samuel Barclay Beckett 13 April 1906 – 22 December 1989)

بێکێت، لەساڵی ١٩٤٩ لەمیانەی «سێ وتووێژ» لەگەڵ (ژۆرژ دووتویی‌) دا، بەم شێوەیە ئەم پرسە گەڵاڵە دەکات و دەڵێت؛ هونەرمەندی سەردەمی ئێمە چارەی ناچارە کە ملبدات بە: «ئەم دەربڕینە، کە هیچ شتێک بۆ دەربڕین لەئارادا نەماوە، نە هیچ شتێک کە لەرێگەی ئەو بتوانین دەربڕین ئەنجام بدەین، نەهیچ شتێک کە لەبارەی ئەودا دەربڕین بکەین، نە هێزو دەسەڵاتێک بۆ دەربڕین، نە مەیل و ئارەزوویەک بۆ دەربڕین، وێڕای ناچاربوون و پابەندبوون بە دەربڕین»[19].

پوختە یان فۆرمووڵەکراوی ئەم وتەیە دەبێتە ئەوە کە، هونەرمەند ئەو کەسەیە «هیچ نەمان بۆ دەربڕین» و «ناچاربوون بەدەربڕین» تێکەڵکێشی یەکدی دەکات و «دەریدەبڕێت». ئەمە لەهەقیقەتدا شۆڕکردنەوەی مۆرکەکانی هاوچەرخبوون، بۆ نێو جەرگ و دڵی هونەر و هونەرمەند و بەرهەمی هونەرییە.

لێرەدا زایەڵەی تێزە بەپێزەکەی ڤاڵتەر بنیامین لە گوێچکەی مێشکمدا دەنگدەداتەوە! بنیامین لە لێدوانێکدا کە لە ئەنیستیتۆی توێژینەوە لەسەر فاشیزیم، لە ٢٧ی نیسانی ١٩٣٤ لە پاریس، بەناونشیانی «نوسەر/هونەرمەند وەکوو بەرهەمهێنەر» پێشکەشیکرد، دەڵێت: «لەباتی ئەوەی بپرسم: شەقڵی پیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم لەسەر [بەرهەمی هونەری] چۆنە؟ نیازم وایە  بپرسم: پێگە و هەڵوێستەی ئەم لەنێو ئەودا چۆنە؟»[20].

بەزمانێکی بێگرێوگۆڵ بنیامین بەتەمایە واز لەو پرسیارە باوە بێنێت کە لە خزمایەتی نێوان بەرهەمی هونەری و پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنانی سەردەم دەکۆڵێتەوە و دەیەوێت بەرزتر هەڵکشێت و پرسیار لە هەڵوێست و هۆشیاری بەرهەمی هۆنەری لەنێو  ئەو پەیوەندیانەدا بکات. بنیامین لەجیاتی ئەوەی لەنێو خودی بەرهەمی هونەری بەدوای نواندنەوەی هەڵوێستی سیاسیدا بگەڕێت، خودی بەرهەمەکە دەکاتە بەدیاردەیەکی سیاسی. ئەمە پەڵدەهاوێژێت بۆ لێپرسینەوە  لە تەکنیکی هونەری یان بەزمانی بێکێت، دەربڕینی هونەری. چونکە بنیامین پێیوایە کە (هونەر وەکو بەرهەمهێنان) دەبێت ناتەبایی و ناکۆکیی خۆی لەگەڵ تاریکییەکانی سەردەم کە بنیامین پێیدەڵێت (پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەردەم) جگە لەناوەڕۆکدا، لە شێوازی بەرهەمهێنانی هونەریشدا دەربخات.

واتا هونەرمەند وەکو بەرهەمهێنەر لەباتی نامۆبوون لە بەرهەمە هونەرییەکەی، دەبێت پەیوەندیەکی ئاگامەندانەی مێژوویی لەگەڵداهەبێت. هەربۆیە هونەرمەندی نموونەیی بنیامین، «برێخت»ە، ئەو هونەرمەندەی کە لەپێناو پڕشەنگدانەوەی تروسکەی قەتیسماو لەنێو تاریکەسەلاتی سەردەمدا، شێوازەکانی بەرهەمهێنانی شانۆگەری بەتەواویی گۆڕی. کەوابوو ‌هونەرەمەندی هاوچەرخ ئەوکەسە نیە کە بە سەردەمی خۆی سەرسام بێت، بەڵکو ئەوەندە ئازایە کە سەردەمی خۆی سەرسامدەکات؛ ئەگەر چی لە خەوی مێژوو بەخەبەر هاتووەتەوە بەڵام چاک دەزانێت کە مێژوو دوایی پێنەهاتووە؛ هەربۆیەش  تاریکیەکانی سەردەمی خۆی وەکو شتێک سەیردەکات کە پەیوەندی بەئەوەوە هەیە، بەجۆرێک کە بێوچان داوای «ڕووناکبوونەوە»ی لێدەکەن؛ جا هونەرمەندی هاوچەرخ، لە ئەوپەڕی خۆیدا جگە لەوەی سەردەکەوێت  کە چاوی بە «سەردەم»ی خۆی بکەوێت، دواجار بەرچاو ڕوونیش بە «ئێمە» دەبەخشێت و هەلی دیداری ئێمەش لەگەڵ «سەردەم»دا دەرەخسێنێت.

تەواو

سەرچاوە و پەراوێزەکان

[1]  تئودور آدورنو، تعهد، کتاب زیبایی شناسی و سیاست، ترجمە حسن مرتضوی، تهران، نشر ژرف ، سال١٣٩١، صفحە ٢٧٤  +

Theodor Adorno, Commitment in  Aesthetics and PoIitics, Afterword by Fredric Jameson, Verso edition first published 1980, p.188

 

[2]والتر بنیامین، تزهایی دربارە  مفهوم تاریخ، کتاب عروسک و کوتولە، ترجمە مراد فرهادپور و امید مهرگان، تهران، نشر گام نو، سال١٣٨٩، صفحە ١٦٠ +

Friedrich Nietzsche “On the Uses and Disadvantages of History for Life” in Untimely Meditations, translated by R. J. Hollingdale, Cambridge University Press, p. 59 + Friedrich Nietzsche,”Vom Nutzen und Nachteil der Historie für das Leben” in Unzeitgemäße Betrachtungen  p. 129

[3]  آلن بدیو، سوژە هنر، کتاب آلن بدیو: فلسفە- سیاست- هنر- عشق، ویرایش مراد فرهاد پور و…، تهران، نشر رخ داد نو، سال ١٣٨٨،  صفحە ٥٢٨  +

‘The subject of art’, Alain Badiou, The symptom, online journal for www.lacan.com, Transcript  by Lydia Kerr
[4] سەرچاوەی پێشوو، هەمان لاپەرە

[5]  جورجو آگامبن، معاصر چیست؟ کتاب آپاراتوس چیست؟ ترجمە یاسر همتی، تهران، نشر رخ داد نو، چاپ اول ١٣٨٩، صفحە ٥٩  +

Giorgio Agamben, ” What Is the Contemporary? “in What Is an Apparatus? translated by David Kishik and Stefan Pedatella, Stanford Univcrsity Press 2009, p. 44

 

[6] سەرچاوەی پێشوو، لاپەرە ٦٠ + Ibid, p. 45

[7] Untimely

[8] سەرچاوەی پێشوو، لاپەرە ٥٤ + Ibid, p. 40

[9] تئودور آدورنو، مصالحە تحت اجبار، کتاب زیبایی شناسی و سیاست، ترجمە حسن مرتضوی، تهران، نشر ژرف ١٣٩١، صفحە ٢٣٢  +

Theodor Adorno, Commitment in  Aesthetics and PoIitics, Afterword by Fredric Jameson, Verso edition first published 1980, p. 160

 

[10]  سەرچاوەی پێشووی «جورجو آگامبن» ، لاپەرە ٦٠ + Ibid, p. 45

[11]  The reflect theory

 

[12] تری ایگلتون، مارکسیسم و نقد ادبی، ترجمە اکبر معصوم بیگی، تهران، نشر دیگر، ١٣٨٣، صفحە ٧٨ +

Terry Eagleton,Marxism and Literary Criticism, Routledge Classics, London and New York 2002, p. 46

 

[13] Pierre Macherey

[14] سەرچاوەی پێشوو، لاپەرە ٧٨+  Ibid, p. 46

[15] Epoché

[16] noumenon and phenomenon

[17] سەرچاوەی پێشووی «جورجو آگامبن» ، لاپەرە ٦١ + Ibid, p. 46

[18] expression

[19]  سە گفتگو: ساموئل بکت و ژرژدوتویی، در کتاب «بکت» نوشتە آ.آلوارز، ترجمە مراد فرهادپور- تهران، انتشارات طرح نو، چاپ سوم ١٣٨٨- صفحە ٢٣٤ +

THREE DIALOGUES: SAMUEL BECKETT AND GEORGES DUTHUlT, in Samuel Beckett a collection of critical essays, ed. Martin Esslin, Printce- Hall of India, New Delhi, 1980, P. 103

 

[20]والتر بنیامین، مٶلف بە مثابەی تولیدکنندە، ترجمە ایمان گنجی و کیوان مهتدی، تهران زاوش، ١٣٩٢- صفحە ٢٢ +

Walter Benjamin ,”The Author as Producer “in Understanding Brecht, Translated byAnna Bostock, published by Verso 1998, P. 87 +

Walter Benjamin,Der Autor als Produzent in http://www.texturen-online.net/methodik/benjamin/autor-als-produzent/

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خالبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خالبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی