دادایزم؛ یۆهانیس بارگێلد Oktober 1892 -. August 1927 ڤینۆس له‌كاتی گه‌مه‌ی پاشاكاندا. Die „Venus beim Spiel der Könige“

حاڵەتی شەونم بە کاتی ڕۆژھەڵات


Loading

حاڵەتی شەونم بە وەختی ڕۆژھەڵات

چیرۆک

مادێح پیریۆنسی

 

 

لە ئێوارەوە پێنج تویتی کوردیی کردبوو و یەک تویتی فارسی. تویتە کوردییەکان بە ھەموویان بەقەد تویتە فارسییەکە لایک نەکرابوون. تویتە فارسییەکە سی‌وچوار جار لایک کرابوو و دوو کەس ڕیتویتیان کردبوو. شەونم بە تازەیی فێر بووبوو کە ئەگەر لە ژێر تویتی بڕێک ‘فاڵەوەربانەکان’دا شت بنووسێت زیاتر دەبینرێت و لایک دەکرێت ھەتا ئەوەی واڵەکەی خۆی بکێڵێت.

دوو ڕۆژ بوو  ڕەدووی پەیچی “مرۆڤی باڵا – Übermensch“   کردبوو. ئەوە ١٣٠٠٠ سیانزە هەزار  فاڵەوەری بوو و ئەم تەنیا ١٢٩ سەدو بیست نۆ  فاڵەوەر. بیری ھاتەوە کە لەبەر ئەو تویتانەی دەربارەی نیتچە داینابوو فاڵەوی کردبوو. دوو خولەک  لەمەوبەر Übermensch ئەم تویتەی دانابوو کە خێرا سەد و وردەیەک کەس لایکیان کردبوو:

“یەکێ پێم بڵێت ئەگەر ژن و پیاو بەرابەرن، بۆ لە نۆبێل بردنەوەدا بەرابەر نین؟ بۆ ژنان نۆبێلی فیزیک و کیمیا نابەنەوە؟ ڕاستە ژنانیش توانای خۆیان ھەیە، بۆ نموونە لە چیرۆک یا شێعردا، بەڵام فاکتەکان بۆمان دەردەخەن لە زانستە سروشتییەکان و فەلسەفەدا وەھا نیە.”

شەونم کە ئەمەی بینی خوێنی ھاتە کوڵ. قۆڵی لێ ھەڵماڵی کە بچێت حەقی چوارھەزار ساڵ چەوسانەوەی ژنان لە Übermenschەکان بکاتەوە. بە فارسی وڵامی دایەوە و نووسی:

“ئەم قسەیە تەواو ھەڵەیە. ھەتا ئەمڕۆ ھیچ ئێرانییەکیش نۆبێلی فیزیک و کیمیای نەبردووەتەوە. ئەوە مەعنای ئەوە نیە ئێرانییەکان بێعەقڵن یا فیزیک نازانن. ھۆکاری ئەمە چەوسانەوە و ئیستیعمارە.  بۆ ژنیش ھەر وەھایە. چوارھەزار ساڵە لە مەتبەخ زیندان کراوە.”

جا بە شوێن ئەوەشدا نووسی:

“برۆنتەکان سێ خوشک بوون، لە گەورەترین نووسەرانی سەردەمی خۆیان. ھەرسێکیان بە ناوی پیاوەوە دەیاننووسی. چون لەو سەردەمەدا نووسەری ژن بە جیددی وەرنەدەگیرا. ھەروەھا جۆرج ئیلیۆت ھەمان دەردی بوو.”

وشە وەک ئاو لە پەنجەی شەونم دەتکا و زمانی وەک ڕووبار ڕەوان بووبوو، بەڵام بەداخەوە ھەر تویتێک ٢٨٠ پیتی دەگرت و بۆ لافاوی وشەکانی بەرتەسک بوو. بۆیە بە شوێن ئەوەدا کلیکی لەسەر تویتی نوێ کردەوە و لە ژێر تویتەکەیدا درێژەی بە وڵامەکەی دا:

” باوکی ئێمیلی دیکینسۆن گەورەترین شاعیری ئەمریکا لە ماڵەکەیدا بوو، بەڵام نەیدەبینی. ھۆنراوەی کوڕەکەی، کە زۆر ئاسایی بوون، بە شێکسپیر دەشوبھاند بەڵام نەیدەھێشت کچەکەی شێعرەکانی چاپ کات…”

دادایزم؛ یۆهانیس بارگێلد Oktober 1892 -. August 1927 ڤینۆس له‌كاتی گه‌مه‌ی پاشاكاندا.
Die „Venus beim Spiel der Könige“

ھێشتا ئەم تویتەی تەواو نەکردبوو کە چەند کەس دوو تویتە پێشووەکەیان لایک کرد. دەنگی ھەر لایکێک و ڕەنگی ئەو ژمارە شینەی کە لەسەر مۆبایلەکەی کە بە شوێنیدا دەردەکەوت دڵی شەونمی دەگەشاندەوە و تەزوویەکی خۆشی دەھێنا بە بڕبڕەی پشتیدا. لە چەند خولەکدا دووبارە سەیری نۆتیفیکەیشنەکانی کرد. زیاتر لە پانزە کەس وڵامەکانیان لایک کردبوو، سێ کەسیش ڕیتویتیان کردبوون: چالاک، ولی شناس و Doodkesh. دیار بوو بەدڵیان بوو. بە شوێن ئەواندا Queen Q لایک و ڕیتویتی کرد. ھەژماری[1] Queen Q ھی ھونەرمەندێک بوو بە ناوی مەلەکە قامەتی بوو کە دووسەدھەزار فاڵەوەری بوو و یەکەم کەس بوو کە شەونم فاڵەوی کردبوو. لە خەونیشیدا نەیدەبینی کە Queen Q نووسراوەکەی ڕیتویت بکاتەوە.

بە شوێن Queen Qدا چەند ھەژماری فاڵەوەربانی تر ڕیتویتیان کرد و چەند خولەکی نەخایاند کە خەڵک بە لایک و ڕیتویت وەک سوون و کولە بەر بوونە تویتەکانی شەونم. لە ماوەی چەند خولەکدا لە ١٢٩ فاڵەوەرەوە گەشتە ٣٣١ فاڵەوەر! ئەو شەوە ھەرکەس لە سێ گەڕەک بەولاوە ناوی فیمینیسمی بیستبوو فاڵەوی کرد.

شەونم ھەستی بە فەتحێکی گەورە دەکرد. لەم حاڵەتە خۆشییەدا کە وەھای دەزانی کە ئاشبەتاڵی بە پاتریارکی[2] کردووە و ژنایەتیی سەرخستووە، میمکە عالیە شیتەیەکی لێکرد و وتی:

  • کەنیشکە دا بڕۆ ئەو چاییەلە بێرە. ئەمە دووم دەحەس[3] براکەت ئەیتێرێ. کوڕێکیان وتییە، کەنیشکێکیان وتییە. چەس ھەر سەرت ھا ناو ئەو مۆبایلا؟ کەنیشک ئەشێ ھۆشی بە ئاشپەزخانەکەیەو بێت.

میمکە عالیە لەگەڵ بنەماڵەکەی ھاتبوو بۆ سەردانی دایکی شەونم کە دەستی شکابوو. ھیچ گوێی بە کۆرۆنا و مۆرۆنا نەدابوو و ھەرچی وتبوویان پێویست نیە، ھەر ئێوارە خۆی کردبوو بە ماڵیاندا و نانی خواردبوو و ئیستەش ھەر چارەکێک جارێک بە دایکی شەونمی دەگوت: “کەنیشکە! ھیچ چتێ وەک شکسە نیە. ئەوێ ھۆشت بوێت. وەلێ تۆ جوانی زوو خۆش ئەوێتەو.”

ئازادی برای شەونم سینی بەدەستەوە ھاتە ناو ھاڵەکە و وتی:

  • کوڕ و کچی نییە. قەی ناکا میمکە عالیە گیان. تازە ھاوردم. فەرمووە چاییەک ھەڵگرە.

شەونم بیری کردەوە ئەگەر پشتی ھەمووی پاتریارکیی دنیا بشکێنێت دەرەقەتی دەمەکەی میمکە عالیە نایەت. بۆیە چاییەکانی لە براکەی گرت و بە ناو میوانەکاندا گێڕای. میوانەکان کە لەبەر دەنگە زیڕەکەی میمکە عالیە بۆ تاوێک ملیان قوت کردبووەوە و وەک ئاژەڵی ترساوی گوێقوڵاغ ڕوانیبوویان، دیسان سەریان کردەوە بە ناو یەکتریندا و لە کۆمەڵە دوو-سێ نەفەرەکانیاندا دەستیان کردەوە بە ویتەویت.

دوای گێڕانی چاییەکان، شەونم کە بینی ھەمووی میوانەکان خەریکی قسەن سەری کردەوە بە مۆبایلەکەیدا. واتسەپی کردەوە بزانێت محەمەد پەیامی نەداوە. دەیزانی ئەگەر پەیام بدات نۆتیفیکەیشنەکەی دەبینێت، بەڵام لە بێتاقەتیدا ئەپەکەی دەکردەوە و سەیری دەکرد. محەمەدی لە زانکۆ ناسیبوو. ئیستە شەش مانگە ناردوویانە بۆ سەروازی بۆ دێیەک لەسەر سنوور. سێ مانگ بوو نەھاتبووەوە. شوێنەکەیان ھێندە سەخت بوو مۆبایل و ئینتەرنێت کاری نەدەکرد. ئاخر جارێک کە پەیامی بۆ ناردبوو دوو حەفتە لەمەوبەر بوو لە واتسەپ پەیامێکی بۆ ناردبوو کاتێک بۆ مەئموورییەت نێردرابوو بۆ ناو شار.

پێشتر زۆر شێعری بۆ محەمەد دەنارد. بەڵام ئەم چەند مانگە محەمەد تاقەتی لە شێعر نەمابوو. یا ڕەنگە لەو ماوە کەمەیدا کە قسەیان دەکرد بە واتسەپ دەرفەتی شێعر ناردن نەبوو. ئاخر جارێک کە شەونم شێعری بۆ ناردبوو وتبووی: “نازەنین! شێعری چیم بۆ ئەنێری؟ من کەسێکی تەنیام کە لەسەر سنوورێک کە بڕوام پێی نیە، تەقەی ھەوایی لەو کۆڵبەرە بەدبەختانە ئەکەم کە تەرمی ئاواتەکانیان ئەدەن بە کۆڵیانا و بە برسی لەسەر سنووری دوو میللەتی تێردا ئەمرن.” ئەو قسانە ئەوەندە ھەموو شتێکی لە مەعنا خاڵی کردبووەوە کە ئیتر شەونم کەمتر شێعری بۆ دەنارد. بەڵام پەیامەکانی محەمەد و قسەکانی زۆر شاعیرانەتر بووبوونەوە بە جۆرێک. ئاخر جار گوتبووی “شەونم! بەو نەتیجەیە گەیشتووم ئێمە دێین و ئەچین. بەدبەختییەکان ئەمێننەوە. ئینسانەکان نامێنن. چەرمەسەرییەکان ئەمێنن. ئەو کۆڵبەرە داماوانەی بەو ملە بەرزانەدا سەر ئەکەون، باوکیشیان ھەر ئەو با ساردە بە یەخەی کەواکەیاندا چووەتە خوارەوە و عارەقەکەیان یەخی بەستووە. ئەم بورجەکەی من لەسەری پاسەوانی ئەکەم، ھەزار دوورلەیارودیاری وەک منی پێدا ھاتووە و چووە لە زەمانی ڕەزا شای گۆڕبەگۆڕەوە. ئەشێ دۆناودۆن لەم نەھامەتییەوە بۆ ئەو نەھامەتی بژین تا دەمرین. ئەم بەدبەختییانە وەک جلن ئێمە وەک جەستە. ئەوان وەک قاڵبن ئێمە وەک ڕۆح!”

دیار بوو محەمەد لە سەروازیدا بەتەنیا کاتی زۆری بۆ بیرکردنەوە بوو و وەک فەیلەسۆفێکی ئارمچەیری[4] بۆ خۆی دادەنیشت و بیری لە شت دەکردەوە و تیۆریی دروست دەکرد.

شەونم بڕێک بۆ میوانەکانی ڕوانی و دیسان سەری کردەوە بە واتسەپدا و چاوی بە پەیامە کۆنەکانیدا خشاند.

مانگێک لەمەوبەر پەیامیان گۆڕیبووەوە:

  • چۆنی خانمەکەم؟
  • تۆ کە دەرکەوتی مەپرسە چی بەسەر دێ جان و دڵ / حاڵەتی “شەونم” تەماشا کە بە وەختی ڕۆژھەڵات
  • کە دڵ دەتوێتەوە بۆ تۆ دەکەی ئەو ڕۆژە تۆ بڕوا / کە خۆ دەرخەی وەکوو خۆر، دڵ وەکوو “شەونم” لە خۆ بڕوا
  • 😍😍😍
  • 😘😘😘

ھەروەھا بە پەیامەکاندا ھاتە خوارەوە. کاتێک لێی پرسیبوو ڕەفێقت ھەیە لەوێ یان نە، محەمەد گوتبووی:

  • دوو کادریی لێیە کە لەگەڵ یەکا قسە ئەکەین جار و بار.
  • کادری چییە؟
  • ئەوان وەک ئێمە نین. دەرەجەکانیان ڕاستییە. یانی سەروازی پرۆفشناڵن. بۆیە ئەگەرچی دەرەجەیان لە من کەمترە ناتوانم فەرمانیان پێ بکەم.
  • ئەھا! ئەی سەروازە ئاشخۆرەکان؟ 😊
  • چەن دانە ھەن. من فرە ڕەفێق نیم لەلیان. سەروازە لاتەیەکمان لایە ناوی جەوادە. تورکە. زۆر فەقیرە. فارسی بە ھەزار حاڵ حاڵی ئەبێ و نابێ. زۆر مناڵە. لە دێیەکی ئەردەوێڵەوە ھاتووە. کادرییەکان زۆر گەمەی پێ ئەکەن چون ئاشخۆرە و فارسیش نازانێ. بەڵام بووە بە ڕەفێقی من. پێم ئەڵێ جناب سەروان :))
  • دەی باشە بێ ڕەفێق نەبی باشە. ئەی چۆن لەگەڵ ئەو تورکە قسە ئەکەی؟
  • کەمێ فارسی حاڵی ئەبێ. زۆر ھەژارە. بە مناڵی باوکی مردووە وەک من. شایەد لەبەر ئەوەتە خۆشم ئەوێت. ئینسان کە باوکی ئەمرێت ئەبێت بە شارۆمەندی وڵاتێکی تایبەت. وڵاتی ھەتیوی. بۆیە لەگەڵ جەواد ھەست بە ھاووڵاتی بوون ئەکەم. وابزانم ئەی ئۆسیشم لەبەر ئەوە خۆش ئەوێت باوکی مردووە.
  • ئەی ئۆ سی؟
  • ئەلێکساندریا ئۆکاسیۆ کۆرتێز
  • ئەی نگابانیتان پێ ئەکەن؟
  • ئەرێ. دواییم بڕی. خۆیشم نازانم پاسەوانیی چی ئەکەم؟ گووی تیایە ئەم چۆڵەمەنییە؟ کچ شانسیان باشە نایاننێرن بۆ سەروازی
  • ئەوەش بەرھەمی پیاوسالارییە. لەبەر ئەوە ژن بە جینسی ناسک دائەنرێ، تەنیا پیاو مەجبوورە بچێ بۆ سەروازی
  • ڕاس ئەکەی. بیرم لەوە نەکردبووۆ

لە واتسەپ ھاتە دەرەوە و گوێی بۆ فەرمایشتەکانی میمکە عالیە شل کرد. میمکە عالیە وتی:

  • ئەم کۆرۆنا و چتیچە مەعلوو نیە لە کوێوە ھاتیە. ئێژن ھەمووی درووە. دەسیسەی دەوڵەت خۆیەسی لەبەر ئەوە خەڵک نەینە دەرەو.

ئازاد کوتایە شەونم و بە چرپە وتی: “جا خۆ تۆیان بۆ ڕاگیر نەکراوە لە ماڵۆ و ھاتووی بۆ ماڵ ئێمە بەم کۆرۆنا!” شەونم زەردەیەکی کرد، بەڵام لەبەر ئەوە میوانەکان پێیان نەزانن وتی:

  • میمکە گیان ئەمە پاندمییە. یانی ھەمووی دنیا گرتوویەتی. ھەمووی دنیا فەرمانیان داوە خەڵک لە ماڵەوە دانیشن لێرە نەبێ! ئەی ئەوە نیە ئێوە تەشریفتان ھاوردووە؟

میمکە عالیە قسەکەی بەدڵ نەبوو و ڕووی کردە ئازاد و وتی:

  • ئازاد گیان. تۆ دەرست خوێندییە چە ئێژی؟ ئەمە ڕاسە یا درۆس؟

ئازاد وتی:

  • میمکە گیان من دەرسی موھەندسیم خوێندووە. لە گوێز بچووکتر نایناسم و پێی ئەڵێم میکرۆب. یانی لە ویرووس و میرووس نازانم. شەونم دەرسی دوکتەریی ئەخوێنێ.

میمکە عالیە لەبەر خۆیەوە بە سووک وتی: “کەنیشک چا ئەزانێ ئاخر.”

شەونمیش تاقەتی لەوە نەبوو لەگەڵ میمکە عالیە شەڕەقسە بکا و سەری کردەوە بە مۆبایلەکەیدا. لەم و لەو دوو سێ تویتی لایک کرد. تایملاینەکەی یەک دوو جار ڕیفرش کردەوە تا شتی تازەی بۆ بێت. بێتاقەت بوو و سەری بۆ شەڕ دەخورا. لە ناکاو واتساپەکەی زریکاندی. ترووکایی کەوتە دڵی شەونمەوە چون وایزانی محەمەدە کە ئینتەرنێتی دەست کەوتووە و پەیامی ناردووە. بەڵام کە پەیامەکەی بینی ڕۆژینی ڕەفێقی بوو کە وەک ھەمیشە پەیامێکی کورتی ناردبوو:

  • لیمان قوما 😂😂

شەونم وڵامی دایەوە:

  • چی قەوما؟
  • گشت
  • گشت چی؟
  • گشتکه گرتمانی. گشت ارشاد.
  • ئەھا! گەشتی ئرشاد.
  • کێ و کێ بوون؟
  • من و ھیمن
  • دەی چییان پێ وتن؟
  • ھیچ دی. شکر جیگیان نبو بمانبن. قژەکی هیمنیان شیواند. قژی سیخ سیخی کردوو. وتیان به منیش زنگ ادن بو باوک و دایکم ههههه
  • دەی؟
  • دی هیچ منیش شماره ی ایرانسلەکەی خوم دا پییان. هرچی گرتیان کس جواوی نداوه هههه
  • دەی چۆن نەتیانگرت
  • ایتر جییان نە و. پر بو لە کنیشکا ونکیان. وک دولمه ی هورامان شیلاویان. جیی نماو هههه
  • باش، خوا شوکر کە نەیانگرتی. دەرسەکانت چۆنە؟
  • درس چه؟ شیلات دانشگاه آزاد درسی کوا؟
  • ھاھاھا
  • زنگت بو آم ایسه
  • نە ئیسە مێوانمان ھەیە. دوایی زەنگت بۆ ئەدەم
  • باش خواحافظ
  • خواحافیز

شەونم ھەستا سینییەکی تر چایی ھێنا و بۆ باوک و دایکی و میوانەکانی دانا و لای ئازادەوە دانیشت و خزایەوە ناو مۆبایلەکەی. بینی لەژێر تویتێکدا شەڕەقسەیە دەربارەی زمانی دایکی. ئەمیش سەری لە شەڕ دەخورا. تویتەکە ھی Übermensch بوو. بە فارسی نووسیبووی “من دژی فێرکاریی زمانی دایکی نیم. دژی فێرکاری بە زمانی دایکیم، چون ھیچ ئەساسێکی نیە.” شەونم وڵامێکی بۆ نووسی:

  • فێرکاری بە زمانی دایکی مافی مناڵانە، بەڵام فێرکاریی زمانێک لە زانکۆدا فایدەی بۆ کۆمەڵگە نیە و جۆرێک لە تۆکەنیزم و تەنیا کارێکی ئاکادیمیکە. کاتێک لە زانکۆکانی فەڕەنسا و ئەمریکادا لێکۆڵینەوە لەسەر زمانی کوردی ھەیە چ پێویست بە زانکۆی سنە دەکات؟ مناڵ پێویستی بە فێربوون بە زمانی دایکی ھەیە ھەر لە سەرەتاوە. نەک ئەوەی لە زانکۆ چوار دەرس دەربارەی بخوێنێت.

Übermensch وڵامی دایەوە:

  • بەڵام لەڕووی مێژووییەوە لە ناوچەکەدا فێرکاری ھەر بە فارسی بووە. بەڵگە ھەیە ئەم زمانە نوێیانە ھەمووی بەریتانیا دایناون. ناوی دوو کتێبی کوردی و تورکیم بۆ بنووسە کە لە سەد ساڵ کۆنتر بن جا دان قسەکەتدا دەنێم.
  • نا! وا نیە. یەکەم، ئەگەر شتێک مێژوویی بێت بەڵگە بۆ دروستیی نیە. پیاوسالاری و کۆیلایەتیش ھەردوو ڕەسمی کۆنن، بەڵام ئەخلاقی نین. دووەم، دەی خۆ عارەبی مێژووی لە فارسیش کۆنترە. دەی بۆ ھەموومان بە عارەبی ناخوێنین؟ خۆ زمانی قورئانیشە و ئاخێوەری زیاتریشە. سێھەم، سەدان کتێبی کوردیی کۆن ھەن.
  • ئادەی چوار دانەیان بڵێ لەم کتێبە کۆنانەی باسیان دەکەن کە تەنیا لە خەیاڵتاندا بوونیان ھەیە.
  • ئەحمەدی و نووبارا بچووکان فەرھەنگی عارەبی-کوردین کە بۆ مناڵ نووسراون. ھەروەھا چەند فەرھەنگی نصاب بۆ مناڵان بە تورکیش نووسراوە. ئەوە یانی زمانی پەروەردە یەک زمان نەبووە. ئەو ھەموو کتێبە کوردییە کۆنەشمان ھەیە کە گووگڵیان بکەیت دەیاندۆزیتەوە: کتێبی پزیشکیی مەلای ئەرواسی، دەیان کتێبی عەقیدەی کوردی وەک ئەوەی مەولانا. دەیان دیوانی کوردی وەک مەلای جزیری و خانی و خانای قوبادی و مەستوورە و مەلا پەرێشان و نالی. ئەوانەش ئینگلیز دایانناوە؟

لە پەساپەسا ئەم وڵامی دەدایەوە و خەڵک لایک و ڕیتویتی ئەم لا یا ئەولایان دەکرد. بۆیە شەونم تەواو سەری گەرم بووبوو و بیری لەلای میوانەکان نەمابوو. ھەتا سەعات بوو بە دوانزە و میمکە عالیە ھەستا و چوو. باوک و دایکی و ئازادیش ھەستان و ھاڵەکەیان چۆڵ کرد. دایکی لەو دیوەکە بانگی کرد و وتی:

  • شەونم گیان بخەفە. بەیانی ئەشێ بچین کاردەکانمان بگۆڕین.
  • باش دایە گیان

شەونم تا سەعاتی سێی نیوەشەو ھەر سەری لەناو مۆبایلەکەیدا بوو و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شیر و تیری لەم و لەو دەوەشاند تا بەسەر مۆبایلەکەیەوە خەوی لێکەوت. لەو کاتەدا شەو تارای ڕەشی بەسەر چاوی شاردا کێشابوو و بێجگە وەڕەی جاروباری سەگە وێڵەکی دەنگێک لەو گەڕەکەدا نەدەبیسترا.

شەونم بە زیڕەی دایکی خەبەری بووەوە. دایکی جلی دەرەوەی لەبەر کردبوو و تەواو پەشۆکابوو. لە کاتێکدا کچەکەی ڕادەوەشاند بە دەم گریانەوە وتی:

  • ھەڵسە شەونم گیان. ئێمە ئەڕین بۆ بیمارسان.

شەونم کە خەو بەری نەدەدا بە بینینی ئەو حاڵەتەی دایکی وەک بزمار قنج بووەوە و لە دەنگ و باسی پرسی. بینیی حەوشەکەیان پڕ بووە لە خەڵک و بڕێک لە ھاوسێکانیان لەوێدان. دایکی بێ ئەوەی وڵامی بداتەوە بەرەو درگاکە  ڕۆشت و لەگەڵ ئازاد بە ئۆتۆمۆبیلەکەیان دوور کەوتنەوە. شەونم کە نەیدەزانی چی بووە. بە جلی خەوەوە چووە حەوشەکە. خەڵکەکەی کە چاو پێکەوت دەستی کرد بە گریان. سەری ڕووت بوو و ھەر تاڵێکی قژی بە لایەکدا ھەڵچووبوو. فرمێسک و ڕیپۆق تێکەڵ بوون و بە ڕوومەتە ڕەنگپەڕیوەکەیدا ھاتنە خوارەوە. میمکە عالیە کە چاوی پێی کەوت ھات بە پیرییەوە و بڕێک ئاوی کرد بە قوڕگیدا و وتی:

  • ھیچ نیە کەنیشکە! چووگن بۆ بیمارسان. باوکت چکێ حاڵی خراو بووە. ئیسە تێنەو.
دادایزم؛ یۆهانیس بارگێلد Oktober 1892 -. August 1927 ڤینۆس له‌كاتی گه‌مه‌ی پاشاكاندا.
Die „Venus beim Spiel der Könige“

بەڵام ڕاستییەکەی باوکی حاڵی لە “چکێ” خراوتر بوو و بەیانی لە خەو ھەڵنەستابوو. ھەرچی دایکی شەونم بانگی کردبوو و ئاوی لە دەموچاوی پژاندبوو ئەسەری نەکردبوو بۆیە کردبووی بە ھاوار ھاوار و ھاوسێکان ڕژابوونە حەوشەکەیان. ئازاد گوتبووی حەتمەن جەڵدە لێی داوە و خێرا بەپەلە گەیاندبوویانە خەستەخانە.

شەونم بەدەم گریانەوە تەماشایەکی ھاوسێکانی کرد کە ھەریەک و لە سووچێکی حەوشەکەوە دانیشتبوون. گوێی لە سەڵتەنە خانمەوە بوو کە لای کچەکەی ئاغای ئەحمەدییەوە دانیشتبوو و قسەیان دەکرد:

  • چە بوو؟ من وە ھاوار ئافتاو خانمەو ھەڵسام.
  • ئێژن سەرتە لێی داوە. بازێکیش ئێژن ھی کۆرۆناس. خوا ڕەحم بەو مناڵەیلییە بکات.

شەونم بۆ ماوەی نیوسەعاتێک لای میمکە عالیە و ئەو چەند ھاوسێیەی لە حەوشەکەدا مابوونەوە دانیشت تا حاڵی ھاتەوە سەر خۆ. جا چووە ژوورەوە و چەند پەرداخ ئاومێوە و ئاوی بۆ ھاوردن و گەڕاندی بە نێویاندا. ھێشتا خەریک بوو سینییەکەی دەگەڕاند کە میمکە ڕۆیا و میمکە ماجەمین لە کاتێکدا کە دەستیان دابووە ژێر باڵی ئافتاوی دایکی بە گریانەوە خۆیان کرد بە ژووردا. ئازادیش چاو بە فرمێسک بە دوویاندا ھات. چەند قەوم و کەسی تریش لە کاتێکدا بێدەنگ بوون خۆیان کرد بە حەوشەکەدا. میمکەکان ھەر کە ئافتاویان لە  سێبەرێکدا دانیشاند دەستیان کرد بە گرین و خۆڕنین و دەنگیان بەرز کردەوە. دایکی شەونمیش بە دەنگە زیکەکەی بۆی دەسەندنەوە. دەنگی ئەو تریۆیە وەھا بەرز بووەوە کە ھاوسێکان زانیان چی ڕووی داوە و وەک مێروولە بە دەم درگاکەیاندا ڕیزیان گرت و یەکە یەکە ھاتنە ژوورەوە. دەنگەکان و ھەناسەکان و ھەنسکەکان تێکەڵ بوون و ئەو ماڵەی کە سەعاتێک لەمەوبەر ھیچ دەنگێکی لێوە نەدەبیسترا ئیستە تێیدا کەس گوێی لە کەسەوە نەبوو.

لەبەر ھێرشی ھاوسێکان شەونم لەم گۆشەکەی حەوشەکەوە مایەوە و نەیتوانی بگاتە لای دایکی و ئازاد، بەڵام دەنگی میمکەکانی و دایکی دەگەیشتە گوێی:

  • وەی ڕۆ! باوانم ڕۆ! ھەرچی کەسمە ڕۆ! خوایە ئەمە چ بەڵایە بوو؟ ھاوسەری ئازیزم! ئەسعەدم ڕۆ! ڕۆ! ڕۆ ڕۆ!

میمکە عالیەش ھەناسەی سوار بووبوو و وشەکانی تەواو نەدەبیسترا، بەڵام لە پەنای گوێی شەونمدا دابوویە پڕمەی گریان و دەستی بە لاوانەوەی “کاکە ئەسعەد” کردبوو. حەوشەکە وەک ئۆرکێسترایەکی گەورەی لێ ھاتبوو و ھەر گەروویەک وەک سازێک ئاوازێکی حەزینی دەچڕی، جگە لە شەونم کە بە دیتنی فرمێسکی دایکی فرمێسک لە چاویدا بەستبووی و ھاوار لە گەروویدا ببوو بە بەرد و دەستی خستبووە سەر سەری و لە کاتێکدا دنیا بە دەوری سەریدا دەسووڕیایەوە، ئەو تەنیا بۆ ئەو خەڵکەی دەڕوانی.

سێ ڕۆژی پرسە تەواو بوو. لەو سێ ڕۆژەدا لەوانەیە سێ ھەزار کەس ھاتبێتن و چەند ڕستەیان دووبارە کردبێتەوە “خوا عافووی کا! خوا سەواوتان بنووسێ! شەریکی خەمتانین!” ئەمە ھەندێک جار تەواو وەڕزکەر بوو. چون شەونم و بنەماڵەکەی تەنانەت نەیاندەتوانی لەبەر پرسەکەر پشوویەکی کورتیش بدەن. دوای ئەو سێ ڕۆژە بەڵام ماڵ بێدەنگ بوو. یانی لە ڕادە بەدەر بێدەنگ بوو. بێدەنگییەکە وەھای دەکرد کە شەونم زیاتر بیر لەوە بکاتەوە کە باوکی نەماوە، لەوەی کە شەوێک دێر نووست و بەیانییەکەی زوو ھەستا و بینی باوکی مردووە. ئەو ھەمیشە بیری دەکردەوە کە باوک مردن بۆ ھاوسێیە و بەم زووانە بۆ ئەو ڕوو نادات. بەڵام ڕووی دابوو، وەک باغەیەک کە قرپە بکات و بێدەنگ بشکێت، ئەو ڕووداوە بێدەنگ و بێگەڕانەوە ڕووی دابوو. شەونم لەو ساتەوە دایکی و ئازاد لە خەستەخانە گەڕابوونەوە و ھەواڵەکەیان دابوو دڵۆپێک فرمێسک بە چاویدا نەھاتبووە خوارەوە. چون زانکۆش داخرابوو زۆربەی کاتی لە ماڵەوە بەسەر دەبرد و زیاتر بیری دەکردەوە. دەیزانی محەمەدیش ئاگای لێی نیە. نەیدەزانی ئەگەر پەیامی نارد چۆن پێی بڵێت: “سڵام! باشی؟ باوکم مرد؟” یا جۆرێکی تر. پێنج ڕۆژ بوو ھیچ شتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەنووسیبوو. یانی نەیدەزانی چ بنووسێت. بە واڵەکەیدا دەھاتە خوارەوە و دەیبینی چۆن خەڵک دەربارەی ژیانی ڕۆژانەیان شت دەنووسن: دەربارەی ڕەنگی قژ، خواردن، خۆشەویستی،  شێعر و سیاسەت. بەڵام ئەم تەنیا دەیخوێندەوە و ھیچی نەدەنووسی.

ئێوارە دایکی ناردی بچێت سەوزی بکڕێت. کابرای سەوزی فرۆش وتی:

  • چە و چەی تیا وێت؟
  • سەوزی خواردن. فرە موھم نیە.
  • پیازیچ؟
  • بەڵێ
  • توروىچە چە؟
  • بەڵێ. فەرق ناکات.

سەوزییەکەی خستە دەڵقێک و بەرەو ماڵەوە ڕێ کەوت. کۆڵانەکان بێدەنگ بوون. جگە لە ویتەویتی خەڵک کە لەسەر بانەکانیاندا لەو فێنکایی ئێوارەیەدا چاییان دەخواردەوە. لە کاتی بەرەو ماڵەوە چووندا سێبەرەکەی درێژ درێژ کەوتبووە پێش خۆیەوە. بیری کردەوە بەژنی سێبەری ئێواران درێژن وەک باڵای خەمی ئێوارە. دوو سێبەری درێژی تری لە لای سێبەرەکەی خۆیدا بینی. سێبەری باوکێک و کچە بچکۆلەکەی بوون کە لە دووکانەکە ھاتبوونە دەرەوە و بە لای ئەودا تێدەپەڕان:

  • باوکە گیان. کاغەزەکەی فڕت مەدە ناو کووچەکە!
  • باشە باوە گیان.
  • باوە ئەم بەستەنیە چ ڕەنگە؟
  • ئەوە ئاڵە باوە گیان.
  • نە سوورەتییە.

باوکەکە پێدەکەنێت و دەڵێت:

  • سوورەتی ھەر ئاڵە باوە گیان. فارسییەکەیەتی.
  • نا باوکە. ئاڵ فارسییە. سوورەتی کوردییە.

شەونم گوێی بۆ قسەکانیان شل کردبوو و چاوی لە سێبەکەرەکانیان بڕیبوو. بە ڕەوتێک دەچوو بە ڕێدا کە بەجێیان نەھێڵێت و گوێی لێیانەوە بێت. وردە وردە تۆزێک دڵی پڕ بوو. ویستی لا بکاتەوە بە لای باوک و کچەکەوە، بەڵام ترسا گریانەکەی بەر بێت. فایدەی نەبوو. گریانەکەی تۆقی و، فرمێسکەکان وەک بڵێی چەند ڕۆژە چاوەڕێن درگایان بۆ بکرێتەوە، وەک پۆلێک مناڵە مەدرەسەیی کە درگای کلاسیان بۆ بکرێتەوە بەنۆرە و بێنۆرە بە چاویدا ھاتنە خوارەوە. ھەست بە تەڕیی فرمێسکەکان لەسەر گۆنا و ملی یەکەم شت بوو کە لەم چەند ڕۆژەدا بە تەواوی ھەستی پێکردبوو. ئیتر ئەوسا زانی باوکی مردووە و ئەمیش بووە بە شارۆمەندی وڵاتی بێباوکەکان! ھەر کە گەیشتە ماڵەوە فرمێسکەکانی سڕییەوە و بڕێک ئاوی بە دەموچاویدا کرد کە دایکی پێی نەزانێت گریاوە. جا چووە ژوورەوە و سەوزییەکەی دایە دەستی دایکی و تەوێڵی ماچ کرد. دوای چەند ڕۆژ ھەستی بە سووکییەک دەکرد لە سەر و جەستەیدا کە تازە بوو.

مۆبایلەکەی ھەڵگرت و چووە ناو تویتەر و یەکسەر نووسی:

  • لەگەڵ یار بە ھاووڵاتی دەرچووین!

دوو کەس لایکیان کرد.

 

 

 

فەرهەنگۆک

[1] ھەژمار= ئەکانت = حساب

[2]Patriarchy = باوکسەروەری، پیاوسەروەری، پیاوسالاری

[3]  دەحە = دەفعە، جار

[4] Armchair philosopher

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌