خۆپیشاندانی ڕێکخراوانی مەدەنی لە دژی حکومەتی جۆرجی ٢٠٢٣

جۆرجیا (گورجستان) قوربانیەکی تری ئەمریکا و ئەوروپا


کولتوری سیاسی

Loading

جۆرجیا (گورجستان) قوربانیەکی تری ئەمریکا و ئەوروپا
ئیدریس موستەفا 
دوێنێکە حکومەتی گورجستان بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بەو رێکخراوە مەدەنی و جیهانیانەی لە وڵاتدا کار و چالاکی دەکەن و لە بەرامبەریشدا هەندێ نارەزایی ئەو خەڵکانەمان دیت لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا. بڕیارەکانی حکومەت ئەوەیە کە ئایا پشتیوانیە داراییەکانیان لە کوێوە دێت و گەر پشتیوانی دارایی دەرەکیان هەیە ئەوا دەبێ بە ڕێژەی لە سەدا بیست بێت. خاڵێکی تر، ئەجێندای مەدەنی و پیشەییان دەبێ بە ڕوونی دیار بێت و دەم نەکوتن لە رەوشی سیاسی وڵات بە بیانووی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئەو چەمکانەی ئەمریکا و ئەوروپا وەک بەهانەیەک بەکاری دەهێنن بۆ دەستێوەردانە ناو وڵاتانی ترەوە. هەر بە دوای ئەو بڕیارەوە چالاکوان و گەنجە پرۆ-ئەمریکی و ئەوروپاییەکان ڕژانە سەر جادە دژ بەو بڕیارە و بە دەستکیسەی روسیایان لە قەڵەمدا.
هەڵهێنجانی بڕیارێکی لەو جۆرەی حکومەتی گورجستان لەو ئاکامەوە دێت کاتێک ئەو ڕێکخراوە مەدەنی و پیشەییانە داوایان لە حکومەت کرد کە دەبێ دژی ڕووسیا بوەستێتەوە لەسەر ئۆکراین و بەشداریش بێت لەو گەمارۆ ئابوورییەی  خۆرئاوا دایناوە لەسەر ڕووسیا. لێرەدا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت ئایا ئێوە کە رڕێکخراوی مەدەنی و پیشەیین بۆچی دەم دەکوتن لە سیاسەتی وڵات؟!  بۆچی دروشمی ئێمە ئەوروپایین بەرز دەکەنەوە لە خۆپیشاندانەکانتاندا لە کاتێکدا گورجستان نە بە ڕەگەز ئەوروپیە و نە بە گەز دەگاتە ئەوروپا و تەنها لەبەرئەوەی لەسەر سنوری ڕووسیایە ڕۆژئاوا دەیانەوێ بیکەنە بەشێک لە ئەوروپا.
جارێکی تری هەوڵێکی لەو جۆرە ساڵی ٢٠٠٨ ڕویدا کە ئەمریکا و ئەوروپا ویستیان گورجستان بکەن بە بنکەیەکی سیاسی و سەربازی ئەمریکی بەڵام ڕووسیا لە چەند ڕۆژێکدا ئەوەی خۆی ویستی حەسمی کرد و هەردوو هەرێمی ئەبخازیا و باشوری ئۆسیتای لە دەست دەرهێنان و خستینە مەداری سیاسی و جوگرافی خۆیەوە.
ئیستاش ڕۆژئاوا دەیانەوێ گورجسیان بکەن بە ئۆکرانیایەکی تر ئەویش بە وروژاندنی ئەو ڕێکخراو و چالاکوانانە. ئەوەی دەمەوێ لێرەدا ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە هەرچی چالاکوانی غەربی و جورنالێستەکانیان و نێردە مرۆییەکان و ئەو هاولاتیانەشی کاریان لەگەڵ دەکەن سەر بە دەزگا تایبەت و هەواڵگریەکانی حکومەت وڵاتەکانی خۆیانن و ئەستەمە یەکێک لەوانە سەربەخۆ بێت. لێرەوەیە دەبینین هەر ڕێکخراو و دەزگایەکی تری خۆرئاوایی کە زۆرجار لە ڕێگەی یوئێنەوە UN پۆشاکی نێونەتەوەیی دەپۆشن لە هەر شوێنێکی تری ئەم دنیایە بوونیان هەبێ دەم دەکوتن لە ڕەوشی سیاسی ئەو وڵاتانە و بۆیە حکومەتی گورجستان ئەو بڕیارەی دەرکرد.
هەر بە دوای ئەو بڕیارە و وەڵامی دەسەڵاتدارانی گورجستان بۆ سەرکوتی ئەو خۆپیشاندانانە یەکێتی ئەوروپا لەوانە فەرەنسا یەکسەر کەوتنە رەخنەگرتن لە حکومەتی گورجستان و گوایە مافی خۆپیشاندان بە خەڵک نادات لە کاتێکدا فەرەنسا چەندان مانگە ناهێڵی خەڵکەکەی خۆی خۆپیشاندانی مەدەنیانە سازبکەن دژ بە دۆخئ ئابووری وڵات و هەرچی پۆلیسی لە فەرنسا هەیە بەوپەڕی توندیەوە پەلاماری خەڵکی مەدەنی خۆپیشاندەر دەدەن. ئەمە جگە لەوەی جگە لەوەی هەموومان دەزانین هەرچی مافێک لە ئەوروپا و ئەمریکا هەیە مافگەلێکن تەنها بۆ بەرەی دەسەلاتدارانن و بەرەی خەڵک گەر بیانەوێ ئەو قسە و ڕەخنانەی ئەوان بکەنەوە ئەوا بە جەندان شێوواز تۆمەتبار دەکرێن یاخود پەلامار دەدرێن لەوانە پەلاماری هەر خۆپیشاندانێک لە هەر وڵاتێکی خۆرئاوا کە داوای مافە رەواکانی خەڵک بکاتە لەوانە وەستانەوەی دژە شەڕ و گرنی و بێ کاری و مافی خانەنشینی.
گەر ئەمریکا و ئەوروپا کە دەیانەوێ بەرەیەکی تر لەسەر سنووری روسیا بکەنەوە ئەوا نە ورسیا بێ دەنگ دەبێ و نە ەئوانێش دەتوانن گورجستان بکەن بە بنکەیەکی دژە ڕوسیایی چونکە شوێنگەی جوگرافی و رەگەی مێژویی گورجستان ئێجگار جیاوازترە لە یوکراین و لە یەکەم هەنگاوەوە غەرب فەشەل دەهێنن گەر بیانەوێ گورجستان بکەن بە بنکەیەکی سەربازی و سیاسی دژە روسیایی و گەر بشبێت ئەوا ئەوەی لەو نێوەدا زەرەرمەند دەبێ و دەبێتە قوربانی تەنها خەڵکی گورجستانن و بەس!
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌