هانا ئاڕێنت

هەقیقەت و سیاسەت لای هانا ئاڕێنت


Loading

هەقیقەت و سیاسەت لای هانا ئاڕێنت

نوسین: سامانسا ڕۆث هیڵ

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ڕامان خالید

ئێمە دەتوانین هاواری هەقیقەت بکەین بۆ دەسەڵات، بەڵام کەس گوێی لێ نابێت، چونکە هەقیقەت و سیاسەت لەسەر یەک زەمینەی هاوبەش نەوەستاون. هەموو ئەو ڕاستیانەی کە ژیانی ڕۆژانەمان تێیدا بەسەردەبەین چەندە لاوازن، هەمیشە لەمەترسی ئەوەدان بە تاقە درۆیەک هەڵوەشێتەوە، یاخود پارچە پارچەبکرێت بە `درۆیەکی ڕێکخراو` لەلایەن نەتەوە و هەندێک گروپ و کۆمەڵە و چین و توێژێکەوە. هانا ئارێنت” درۆکردن لە سیاسەتدا، ڕەنگدانەوەی کاغەزەکانی پینتاگۆنە.

کاتێک من وتارێک لەبارەی (هانا ئارێنت)ەوە پێشکەشدەکەم، خەڵک هەمیشە پێدەکەنن، کاتێک دەڵێم؛ هەقیقەت و سیاسەت هیچ کات پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ یەکتردا نەبووە، وە درۆ هەموو کات ئامرازێکی پاساوهێنانەوە بووە بۆ مامەڵەیەکی سیاسی… پێکەنینەکانیان شتێک ئاشکرا دەکات دەربارەی ئەو دۆخەی ئێمە تێیدا دەژین.

هەواڵی ساختە شتێکی نوێ نییە لە سیاسەتدا، بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵمەتەکان لەلایەن مادیسۆن ئەڤینای(شەقامێکە لەنیۆڕک بەشێکی زۆری کۆمپانیا و دەزگا گەورە ئابووریەکانی ئەمەریکای لێیە) بەڕێوەدەبرا، بۆیە هێندە ئاگادارمان ناکەنەوە، درۆکان هێندە ڕۆشننین، کە وا بەئاسانی چاوەڕێیان دەکەین. درۆکان بوونەتەوە بە بەشێک لەپارچەی ژیانی ڕۆژانە. بەڵام بەشێک لەو خاڵانەی کە ئارێنت سەرنجی ئەخستەسەری لە وتارەکانیدا ئەوانیش: “درۆکردن لەسیاسەت” و “هەقیقەت و سیاسەت” کە ئەمڕۆ زۆر بە فراوانی ئاماژەی پێدەکرێت کە ئێمە هەرگیز نەمانتوانیوە چاوەڕوانی هەقیقەت بکەین لای سیاسیەکان. هەقیقەت گێڕەوەکان کە لەدەرەوە شانشینی سیاسەت بوونیان هەیە، ئەوان بیانین، وەک سۆکرات تاکە شوێنیان ناردنیانە بەرەو تاراوگە یاخود مەرگ. درۆکردن هەمیشە ئامراز بووە بۆ دەستهێنانی سوود و بەرژەوەندی سیاسی. کەواتە بۆچی ئێستاکە هەموومان لەناکاوێک  هەواڵی ساختە ڕەتدەکەینەوە؟ بۆچی هەقیقەت پشکنەرەکان و پشکنینی هەقیقەت وەک تایبەتمەندیەکی هاوبەشی لێهاتووە لەدیبەیتی سیاسیدا؟ بۆچی ئێمە گرینگی بە هەقیقەت دەدەین لەو ساتە دیاریکراوەدا؟

لەبەرئەوە نییە کە درۆکردن لە سیاسەتدا لەناکاو بۆتە سەرچاوەی توڕەییەکی ئەخلاقی، کە بۆ هەمیشە وابووە. ئێمە گرنگی بە هەقیقەت ئەدەین، چونکە هەموو شتێکی ترمان لەدەستداوە. ئێمە توانای قسەکردنمان لەدەستداوە، ئێمە توانای وەرگرتنی بیروڕامان لەدەستداوە، ئێمە باوەڕمان بە زانست و شارەزایی لەدەستداوە، ئێمە باوەڕمان بە دامەزراوە سیاسیەکانمان نییە، ئێمە باوەڕمان بە خەونە ئەمریکیەکانیش نەماوە، بگرە باوەڕمان بەخودی دیموکراسی خۆشمان لەدەستداوە.

ڕاستیە تراژیدیەکە ئەمەیە، کە هەقیقەت ناتوانێت ئێمە ڕزگاربکات، چونکە دەتوانین بە درێژایی ڕۆژ هاواری هەقیقەت بۆ دەسەڵات بکەین و هەرگیز گوێی لێ ناگیرێت. هەقیقەت و سیاسەت هەمیشە لەسەر دوو زەمینەی جیاواز وەستاون، هەربۆیە ئەرگۆمێنتی ئاڕێنت ئەوەبوو: کە هەردووکیان بەهەمان زمان قسەناکەن بەڵام مانای ئەوە نییە کە ئەو دووانە پەیوەندیان بەیەکەوە نەبێت.

 لەهەقیقەت و سیاسەتدا کە ئارێنت باسی هەقیقەت دەکات هەمیشە ئەوە دیاری دەکات کە مەبەستی کامە هەقیقەتە وەک (هەقیقەتی مێژوویی، هەقیقەتێکی بێ بایەخ، هەندێک هەقیقەت، هەقیقەتی دەروونی، هەقیقەتێکی پاڕادۆکس، هەقیقەتێکی واقعی، هەقیقەتێکی فەلسەفی، هەقیقەتی شاراوە، هەقیقەتی کۆن، هەقیقەتێکی پەیوەندیدار، هەقیقەتێکی ئەقڵانی، هەقیقەتێکی کورت، هەقیقەتی بێ جیاوازی، هەقیقەتی بیرکاری، نیوە هەقیقەت، هەقیقەتی موتڵەق، هەقیقەتڕاستەقینە). هیچ هەقیقەتێک بەتەنیا لەئارادا نییە، تەنها ئەو کاتە هەقیقەت هەیە کە ئاماژە دەکەیت بەشتێکی تایبەت. ئەو سیفەتانەی کە دەیبەستینەوە بەهەقیقەتەوە و چەمکەکە دەگۆڕن بۆ شتێکی کاتی.

 لە کتێبی (بنچینەکانی تۆتالیتاریانیزم)دا، شێوە جیاوازەکانی هەقیقەت دووبارە دەبێتەوە لەئاماژەدان بە خاڵە تایبەتەکان کە ئارێنت مشتومڕی لەسەر دەکات: کە وێنەکان هەقیقەتیان شێواندووە… بۆ نموونە: وتاری سیاسی پێویستی بە کردارێکی شێواندنە. دووبارە تێگەیشتنی هاوبەشمان سەبارەت بە هەقیقەت لە سیاسەتدا، کەسێک دەستەواژەیەک دەبیستێت وەک “ڕاستی مەسەلەکە ئەوەیە” یان ” تەنیا ڕاستیەکان بڵێن”. هەقیقەت هەمیشە لەڕووی دوور و نزیکیەوە دەردەبڕدرێت. ئێمە تەنیا لەبەشێکی هەقیقەت نێزیکدەبینەوە نەک هەقیقەتێکی ڕاست و دروست، هەمووکات پێمان وایە هەقیقەت لەوە زیاتر نییە.

 گێڕانەوەی هەقیقەت پەیوەندی بە تێگەیشتنی هاوبەشی ئێمەوە هەیە دەربارەی بوونی مرۆڤ. توانای ئێمە لەدەرکەوتن لەجیهاندا هەروەها هاوبەشکردنی ئەزموونەکانمان لەگەڵ یەکتردا. سەردەمی مۆدێرن ئەوەی فێرکردین کە `هەقیقەتی ئەقڵانی` لە هزری مرۆڤدا بەرهەمدێت ، کە دەبێت گومانکار و دوودڵ بین، ئەوەندە متمانە بەهەستەکانمان نەکەین، ئەوەندە کە چیتر نەتوانین پشت بە توانای خۆمان ببەستین بۆ ئەوەی لە ئەزموونەکانمان مانا دروست بکەین. وە تێچووەکەی پارچەیەکی هاوبەش بووە لە واقعدا، کە ئەو هەستانەن ئێمە لەجیهانەوە هەڵیدەگرین.

ڕاستیەکان و ڕووداوەکان دەرئەنجامی ژیان و نواندنی پێکەوەین، هەروەها تۆماری ڕاستیەکان و ڕووداوەکان دەپەڕنەوە ناو یادەوەری دەستەجەمعی (کۆمەکی – کۆلێکتیڤی)  و مێژوو. ئەو چیرۆکانەی کە دەیگێڕینەوە و ئەو نەریتانەی کە بەرەنگاریان دەبینەوە یان پاڵپشتی لێ دەکەین، وادەکات هەست بە خۆڕاگری بکەین لەجیهاندا. ئێمە پێویستمان بە جۆرێک لە هەقیقەت هەیە، بۆ ئەوەی زەمینەیەکی هاوبەشمان هەبێت و لەسەری بوەستین، بۆ ئەوەی هەر تاکێک بتوانێت ئەزموونەکانی هاوبەشی پێ بکات و مانایان لێ دروست بکات. ئەو ڕاستی و ڕووداوانە ئەوە پێکدەهێنن کە ئارێنت ناوی دەنێت “هەقیقەتی ڕاستەقینە” کە دەبێتە دەستکردی پێکەوە ژیان، کە هەقیقەتی ڕاستیە کە دەبێت زیاتر گرینگ بێت بۆ ئێمە.

هەقیقەتی ڕاستەقینە لەمەترسی بێسەرو شوێنکردندایە، لەشەڕێکدا لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا تێوەگلاوە، کە لاوازبوونی هەقیقەتی ڕاستەقینە، وادەکات فریودان ئاسان بێت، بەڵام ئەمە شتێکی تازە نییە. هەقیقەتی ڕاستەقینە هەمیشە لەمەترسیدا بووە، بەئاسانی دەستکاری دەکرێت هەمیشە لەژێر سانسۆڕ و ئازارداندایە.

ئارێنت ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی کە هەقیقەتی ڕاستەقینە لەمەترسیدایە بۆ ئەوەی لە مانۆڕێک فڕێیدەنە دەرەوەی جیهان بۆ کاتێک، لەوانەیە بۆ هەمیشەش.سەبارەت بە  “هەقیقەت و ڕووداوەکان” ئارێنت دەنووسێت: شتانی زۆر لەرزۆکترن بەراورد بەو شتانەی کە مێشکی مرۆڤ بەرهەمی دێنێت وەک: ئەکزیۆمەکان، دۆزینەوەکان، تیۆریەکان.

ڕاستیەکان دەتوانن بگۆڕێن چونکە ئێمە لە جیهانی هەمیشە گۆڕاوی کاروباری مرۆڤەکاندا دەژین، خەڵک دەکرێت لە کتێبەکانی مێژوودا بنووسرێن. مۆنێمێنتەکان دەکرێت بڕوخێن، زمان دەتوانێت بگۆڕدرێت چونکە ماناکەی توانای گۆڕانی هەیە. هیچ کام لەمانە تازە نین، هەمیشە ڕوویداوە و بەردەوامیش دەبێت، بەڵام ئەوە نیشاندەدات کە هەموو ئەو ڕاستیانەی کە ئێمە ژیانی ڕۆژانەمان تێیدا بەسەردەبەین چەندە لاوازن.

کاتێک ئارێنت ئەو وشانەی نووسی وەڵامی ئەو درۆیانەی دەدایەوە کە لە بارەی جەنگی ڤێتنام لەلایەن سەرۆک نیکسۆنەوە دەگوترا یان ئەو کاغەزانەی کە لەلایەن پێنتاگۆنەوە بڵاودەکرایەوە. ئەو درۆیانەی ئەوڕۆ ڕووبەڕوویان دەبینەوە هەم هاوشێوەن هەمیشەش جیاواز لەوە، لەوانەیە کەسێک بێت بڵێت؛ پێویستە هەندێک چیڕۆکی نوێ دابڕێژینەوە… بەڵام دەرئەنجامەکەی ئارێنت ئەوەیە: ئەگەر ئێمە توانای ئەوەمان لەدەستدابێت کە بە ئازادی `مانا` لە ئەزموونەکمان دروستبکەین و بیخەینە سەر تۆماری بوونی مرۆڤ، کەواتە ئێمە پڕکێشی لە تواناکانی خۆمان ئەکەین بۆ جیاکردنەوەی ڕاستی و خەیاڵ.

ئەمە خاڵی `درۆکردن`ە لە سیاسەتدا، درۆی سیاسی هەمیشە بەکارهاتووە بۆ قورسکردنی ژیانی خەڵک، بۆئەوەی متمانە بە خۆیان بکەن، وا ئاگاداربکەنەوە کە بۆچوونەکەنیان لەسەر ڕاستی بونیادناوە. هەربۆیە لە لاوازکردنی توانای خۆمان و پشتبەستن بە بەشی دەروونی خۆمان، ناچارین پشت بەحوکمی ئەوانی تر ببەستین. هاوکات وەک ئارێنت کە لەسەردەمی نیکسۆن دا دەیبینی؛ درۆکردن لە سیاسەتدا کاریگەری هەیە لەسەر ناسەقامگیرکردنی دامەزراوە سیاسیەکان و تێکشکاندنی توانای هاوڵاتیان بۆ ئەوەی متمانە بە سیاسیەکان بکەن، ئەوان بە بەرپرسیار بزانن.

ئێمە پێویستمان بە هەقیقەت هەیە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی، وەک زانینی دکتۆرەکان کە دەتوانن یارمەتی ڕاگرتنی کۆڤید 19 بدەن. وە پێویستە بتوانین هەندێک لەو هەقیقەتە ڕاستەقینانە هەڵگرین وەربگرین بۆ ئەوەی بیبەخشین، بۆ ئەوەی بتوانین جیهان بکەینە شتێکی هاوبەش لەنێوان خۆماندا، بەئازادی لەژیانی خۆماندا بجووڵێین. بەڵام ئەمڕۆ نیگەرانی بەهۆی گومان لەخۆکردن و ترس و دژبەخۆبوون بەردەوامە. ئیدی کاتێک چیتر ناتوانین متمانە بەخۆمان بکەین، هەستی هاوبەشمان لەدەست دەدەین. هەستی شەشەممان کە ئەو هەستەیە ڕێگامان پێدەدات پێکەوەبین.

هەقیقەت سیاسی نییە، ئەگەر هەر شتێک دژی سیاسەت بێت، هەروەک چۆن لەمێژوودا زۆرجار شتانێک هەبوونە دژی سیاسەت بوونە، هەقیقەت گێڕەوەکان هەمیشە لەدەرەوەی مەملەکەتە سیاسیەکە وەستاونەتەوە بوونەتە ئامانجی ڕیسواکردنی کۆمەڵ. سۆکرات سزای ژەهرخواردنیان دا، هێنری دەڤید زیندانی کرا، مارتین لوسەر کینگ تیرۆرکرا. بزانم ئێستا خەڵک پێدەکەنن، کاتێک تێبینیەکانی ئاڕێنت دووبارەدەکەمەوە، بەوەی هەقیقەت و سیاسەت چەمکێکی باش نین پێکەوە!

 ئێمە کە ورددەبینەوە ئەوە دەزانین کە هەقیقەت هەیە، بەڵام هێشتا پێمان وایە ئەو هەقیقەتە ڕزگارمان دەکات. ئەوە گریانێکی بێ هیواییە، پاڕانەوەیەکە بۆ ناسینەوە، ئەوە دەنگی دیموکڕاسیە لە ماتەمینیدا.

گرنگە بیرمان بێت کە ئارێنت “هەقیقەت و سیاسەتی” نووسی، وەک وەڵامێک بۆ ئەو کاردانەوانەی لە کتێبی (ئایشمان لە ئوڕشەلیم) پێیگەیشت. ئەوەی کە زیاتر لێی نیگەران بوو جۆرێک بوو لە پڕوپاگەندەی سیاسی، کە درۆ بەکاردێنێت بۆ داڕمانی هەقیقەت. دەسەڵاتی سیاسی هۆشداری دا کە هەقیقەتی ڕاستەقینە دەکاتە قوربانی بۆ دەستکەوتێکی سیاسی، بەڵام کاریگەری لاوەکی درۆ و پڕوپاگەندە، لە لەناوچوونی ئەو هەستەیە کە بەهۆیەوە دەتوانین خۆمان لەجیهاندا ئاراستە بکەین. کە هەستە هاوبەشەکانمان تێیدا لە دەستدەدەین.

وەک خودی ئارێنت، بۆی دەرکەوت کە گووتنی هەقیقەتەکان  لە فەزای گشتیدا زۆر مەترسیدارە، ئەو پێیوابوو کە تۆماری ئەزموونی خۆی پێشکەشدەکات، لە حوکمدانەکە هاوبەشی دەکات کە (ئایشمان) ئەنووسێت، بەڵام ئەوەی لەبەرامبەردا پێیگەیشت تۆمەتێک بوو بەرامبەر بە کەسایەتی، وە زنجیرەیەک لە درۆکان کە وەڵامی کتێبێکیان ئەدایەوە کە ئەو هەرگیز نەی نوسیبوو. لەگەڵ ئەو مەترسیە بەردەوامانەش لەگێڕانەوەی هەقیقەت، ئارێنت زیاتر سوور بوو لەسەر دژایەتیکردنی درۆ لە سیاسەتدا. ئەو دەیزانی ئەگەر کەسێک دەستبکات بە نکۆڵیکردنی خەڵکێک لە شوێنێکی جیهاندا، لەسەر بنەمای بۆچوونی ئەوان یان ئەزموونی ژیانیان لە واقیعدا. پڕکێشی ئەوە بکات بە لەناوبردنی پارچەیەکی هاوبەشی مرۆڤایەتی. بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە، کە دەبێت ئێمە زەوی پێکەوە پێکەوە ئاوەدان بکەینەوە هەموو دنیا بەیەکەوە  ببەستینەوە.

لە کۆتایی ژیانیدا لە هانا ئاڕێنتیان پرسی: ئایا جارێکی تر کتێبی (ئایشمان لە ئۆرشەلیم) بڵاودەکاتەوە، سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانەی لە ڕێگەی ئەو کتێبەوە تووشی بوو؟  ئەو پێداگری کرد، داوای کردەوە پاشان دوورخرایەوە، ڕاستیەکی گشتی کۆن هەیە کە دەڵێت: “دادپەروەری با ئەنجام بدرێت، هەرچەندە جیهان لەنێودەچێت”    لەجیاتی ئەوە پرسیارێکی کرد و زوو بۆی دەرکەوت: پێویستە هەقیقەت بگوترێت، هەتا ئەگەر دنیاش لەنێو بچێت؟! لەوەڵامدا گووتی: بەڵێ.

 

 

سەرچاوە:

https://www.opendemocracy.net/en/transformation/hannah-arendt-and-politics-truth/

 

بابەتێکی دیکە  لەسەر `هەقیقەت و سیاسەت و ئایشمان لە ئۆرشەلیم؛

خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی قه‌وزه‌یه‌كی دیكه‌ی فاشیزم

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌