میران ئابراهام، دادگایکردنی فاشیزمی کوردیی


بابەتی هزری - ئەدەبی

Loading

میران ئابراهام، دادگایکردنی فاشیزمی کوردیی

ئیسماعیل حەمەئەمین

 

میران لە نێوان نەوەی جەنگ و نەوەی نوێیدا

دیارە هونەری ڕۆمان لە نێو ئێمەی کوردی باشووردا، هونەرێکی نوێیە، دەتوانم بڵێم زیاتر پابەندە بە قۆناغی دوای ڕاپەڕین و لە هەناوی  نوسەرانی `نەوەی جەنگ` لەدایکبووە. ئەو نەوەیە لەدایکبووی کۆتایی پەنجاکانن تاوەکو دەگەنە سەرەتای حەفتاکان، ئەو نەوەیەن کە لە سێ جەنگی گەوردا ژیان؛ دووانیان  خۆیان قوربانی دووجەنگە گەورەکە بوون،  جەنگی ئێراق – ئێران کە سەدامی دیکتاتۆر لە هەشتاکاندا  بە `قادسیە` ناوی دەبرد و پاشان جەنگی کەنداوی یەکەم  کە لە سەرەتای نەوەدەکاندا کە ئەمریکیەکان بە ` ڕەشەبای سارا` ناویان برد. بەڵام جەنگی کەنداوی دووهەم  زۆر پڕیشکی بەر ئەو نەوەیەی کورد نەکەوت، چونکە کوردستانی باشوور ڕزگار کرابوو. بەڵام ئەم جەگەی دوایی   کە بە جەنگی `ڕزگارکردنی ئێراق` ناودەبرا، گرنگ بوو بۆ ئەو نەوەیە، گرنگ بوو بەوەی  کۆتایی دیکتاتۆرێک ببینێت کە گەنجێتی ئەوانی لە سەربازگە و شەڕ و جەنگ و کوشتاردا، فەوتاند.  

بەدیوێکی تردا ئەم نەو نوسەرە گەنجەی هەشتاکان،  هەر لە بوونیان بە ئەندام لە ڕێکخستنە نێهنیەکانی دژ بە شۆڤێنیزمی عەربی کە لە سەدام حوسێنی دیکتاتۆر و حکومەتەکەیدا بەرجەستە بوو، بەشداربوون. یاخود هەندێکیان سەربازی هەڵاتە بوون و نەیاندەویست بەشداری جەنگی ماڵوێرانی ئێراق – ئێران یاخود داگیرکردنی کوێت بن. هەندێکیشیان پێشمەرگە بوون و لە ڕیزەکانی شۆڕشی شاخ و شاردا بوون…

 وێستگەیەکی تری ئەم نەوە نوسەرەئەوەیە، لەدواجاردا لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتی لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا دووبارە ئاواردەبنەوە، ئەمجارەیان هۆکارەکەی دیکتاتۆری شۆڤێنیزمی عەرەبی نییە، بەڵکو فاشیزمی کوردی و حزبە فۆرم خێلەکییەکانێتی.  ئەم نەوەیە بێ ئومێد بوو و زۆربەیان بەرەو مەنفای ئەوروپی و سکاندەناڤی و  ئەمریکی و کەنەدی و ئوسترالی کۆچیانکرد.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ناو ئەم نەوەیدا `نەوەی جەنگ`   هونەری گێڕانەوەی ڕۆمانی کوردی هاوچەرخ لە دایکبوو. ئیدی نوسەرانی نەوەی جەنگ کاریگەرییەکانی  (بزوتنەوەی ڕوانگە) جێدەهێڵن و  باز هەڵدەدەنە نێو  هونەری شیعری هاوچەرخ و هونەری   گێڕانەوەی ڕۆمانی هاوچەرخ؛ لێرەوە بەڕای من، ئەم نەوەیە داهێنەری هونەری ڕۆمانە بە مانا مۆدێرنە و فرە ڕەهەندەکەی.

دیارە `نەوەی جەنگ` چیتر نەیدەتوانی هەموو ئەم کارەسات و ماڵوێرانی و جینۆساید و ئەنفال و کوشتار و دڵشکانە خودیی و سیاسییە هەروا لەبیربکات، هەربۆیە خەیاڵی ڕۆماننوسانە کۆکردنەوەی ئەو شوناسە ونبووە کوردییە بوو، کە ڕووبەرێکی فراونتری دەبەخشیە گوزارشکردن. بێگومان لای هەندێکیان هونەری ڕۆمان ڕووبەڕێکی ئەبستراکت بوو بۆ ڕاکردن لەو `خودە کوردییە`، بە جۆرێک، ڕۆمان لە خەیاڵی ئەدەبییەوە بووە فانتازیایەک بۆ لەبیرکردنی ئەو شوناسە کوردییە بیمارەی کە ئازاری داون و بەرەو مەنفاکان ڕاپێچی کردوون. ئەو نوسەرانەی لە پشت زاڵکردنی فانتازیایەکی `بێ شوێن` و ` بێ شوناسی کوردیی` بوون، ئەو نوسەرانە بوون لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە، نەستیانە، ناخوئاگایانە، بەهرەی نوسینیان کردە دەریچەیەکی ڕاکردن لە `کورد – بوون`  بەمانا وجودییەکەی  و ڕاکردن بوو لە  شوناسە ئاڵۆز و بێ قەوارەکەی کوردبوون.

`ڕاکردن لە کوردبوون`  وەک شێوازی نوسین تاوەکو ئەمڕۆ سیفەتی زاڵی ناوە ڕۆماننوسانی دیاری ئەم نەوەی جەنگەیە، بەڵام لە ناو ئەم قەیرانەدا `میران ئەبراهام`  جۆرێکی دیکە لە ڕۆمان بەرهەمدێنێت کە بە پێچەوانەی ئەم فانتازیا ڕاکردووەیە لە `کوردبوون`. ئەو نۆستالژیکانە دەمانگەڕێنتەوە بۆ شوناسی `کورد – بوون` وەک جەستەیەکی مێژوویی و سایکۆلۆژی و ئەدەبی کە پرسی شوێنای کوردبوون لەنێو پرسی ئەنفال و مێژوودا یەکلادەکاتەوە. لێرەوە `میران ئابراهام`  دەچێتە ڕاڕەوەکانی مێژوویی کوردییەوە، نەک بۆئەوەی ڕۆمانی ناسیونالستی کوێرمان بۆ بەرهەمبهێنێت، بەڵکو بۆئەوەی پرس بخاتە سەر مێژووی ئێمە، پرس بخاتە سەر جینۆساید، پرس بخاتە سەر کوردبوون بە مانا قووڵ مێژوویی و کولتورییەکەی. کاتی خۆی گوتوومە؛ لە میرانەوە  ئێمە لەبەردەم مۆدێلیکی دیکەی ڕۆماننوسداین، لەبەردەم ڕۆماننوسێکداین کە نە خەسڵەتەکانی نەوەی جەنگی هەڵگرتووە و نە خەسڵەتەکانی نەوەکانی نێو نیشتمان، بەمانای نەوەک وەک ئێمە قاچێکی لەنێو نیشتماندایە و قاچێکیشی لە مەنفاکانی ئەوروپا.  یاخود  وەک ڕۆماننوسەکانی نیشتمان کە قاچەکانیان بەتوندی لەنیو لۆکالدا چەسپیووە، بەڵکو لەڕێگەی زمانەوە جارێکی دیکە کایەیەک دروستدەکات کەهەردوو فەزای نیشتمان و ئەوروپا پێکەوە گرێبداتەوە.

ڕۆمانی شەوگەڕەکان و دونیابینی ڕۆژهەڵاتناسیانە

ڕۆمانی شەوگەڕەکان یەکەمین ڕۆمانی میرانە و لەم ڕۆمانەدا  (ئەقڵیەتی ڕۆژهەڵاتناسی) بەڕوونی بەرجەستەیە. پاڵەوانەکەی `مارتین سەلمۆ`ی ڕۆژئاوایی هەر کە لە فڕۆکەخانەی قاهیرە دێتە دەرەوە، لە تاو بۆگەنی ڕۆژهەڵات، تووشی دۆخێکی دەروونی و جەستەیی و سک ئێشە و ڕشانەوە دەبێت. ئیدی وێنەی ڕۆژهەڵاتی بۆگەن لە بەرامبەر ڕۆژئاوای پاک و بۆندار بەرامبەر یەکتر دەبنەوە…

کاتی خۆی لە گوتارێکمدا لەمەڕ ئەم ڕۆمانە بە ناوی ( مارتن سەلەمۆ، باستاردێک لە نێو بۆگەنی ڕۆژھەڵات) [1] ئاماژەم بەو لایەنە کردووە لە هزری ڕۆماننوسانەی میراندا و ڕەخنەشم لێ گرتووە، بەوەی؛ ڕۆماننوس ڕیزپەڕی ئەو وێنە گشتییەی نەکردووە کە خۆرئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژهەڵاتیەکانی داتاشیووە. دیارە ئەوەی بۆگەنە جیهانێکە شارستانیەتکەی لەسەر بنەمای  چەک فرۆشتن و بازرگانی کۆیلە و کۆلۆنیالیزم و دروستکردنی دیکتاتۆرەکان و پشتگیریکردنی گروپە توندڕەوەکان، بونیادناوە، نەک ڕۆژهەڵات کە مارتین سەلمۆ بەرگەی بۆنەی ناگرێت و لەوێوە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دەستپێدەکەن.

 ئەوەی بۆگەنە لە دونیای ڕیاڵدا، دەزگاکانی (پیاوی سپی) یە کە لە سەدەی شازدەوە دونیاکان بە پیس و پاک، باڵا و نزم، مەزن و کۆیلە و خاوەن کۆیلە،  پۆڵین کردووە. دەزگاکانی پیاوی سپی  ئەدەب و هونەر، تەنانەت هزریان  لە خزمەتی ئەو وێنە جیاکارییە ڕەگەزیی و ڕۆژهەڵاتناسی وسیاسەتی  سپیگەرایی ` whitness` پیاوی سپیدا،  پەرەپێداوە.  ئەمەش لەژێر ناوی شارستانی گەورەوە  ڕەوایەتی داوە بە کۆلۆنیالیزم و داگیرکردن و پارچەپارچەکردنی میللەتان و هەژارکردن و برسیکردنیان. بۆ نموونە لە کوردستانی ئێمەدا دابەشکردنی کوردستان و نەهامەتیەکانی پڕۆژەیەکی خۆرئاوایی چەندەها ڕێکەوتنی دەوڵەتانی سپین کە وەک جێمیس بالدین دەڵێت؛  گرفتی سەدەی بیست وەک دوبیوس ئاماژەی پێداوە، گرفتی هێڵی ڕەنگی پێستی مرۆڤەکانە[2] .   

ڕێیکەوتنامەکانی وەک `سیڤەر` و  `لۆزان` و `سایکس بیکۆ` پڕۆژە و تێروانینی پیاوی سپی بوون بۆ کورد و داڕشتنی ژیان بوون لە نێوان سنوور دەستکردەکاندا، بێگومان  تا ئەمڕۆش کورد لەژێر ئەقڵیەتی  ئەم خۆرئاواییە پاک و باڵا و شارستانیەتەدا، دەناڵێنین.[3] کۆی ئەم نەهامەتییە لە ژێر چەتری وێنە و تێڕوانینی ڕۆژهەڵاتیانەی  وەک `ئی جی ئێدمۆنز` ناسراو بە (مێجەرسۆن) و خانم `گیترود بیل` ڕوویاندا،  کە ڕۆژهەڵاتناس بوون و وێنەیەکی نێگەتیڤیان لەمەڕ کورد و کوردستان نەخشاندبوو، بەجۆرێک کە ئەم وێنەیە بووە سیاسەتەکی پیادەکراو و لە ڕێکەتنامەی لۆزاندا ناوی کورد نەهاتبوو.

ئەم ڕوانگە ڕۆژهەڵاتناسییە `بە گوزارشی ئێدوارد سەعید`  دووبارە بەرهەمهێنانەوەی وێنەکانی ڕۆژهەڵاتە کە خۆرئاواییەکان لەمەڕ ڕۆژهەڵات بەرهەمیان هێناوە؛ سەعید گووتەنی؛ ڕۆژهەڵات داهێنراوێکی خۆرئاواییە. [4]

 

 

ڕۆمانی (نیشتمانی سارا) و  نۆڤلێتی (خەمی مەستورە)  و (خانقای میرزا)

 میران ئابراهام  لە `نیشتمانی سارا` دا گۆڕانکارییەکی ڕادیکال بەسەر هزر و جیهانبینی ڕۆماننوسیدا دێت. لێرەوە بە پێچەوانەی ئەو پێچە ڕۆژهەڵاتناسییەی لە پشت ڕۆمانی `شەوگەڕەکان` دا وەستابوو. میران بازهەڵدەدات بەسەر تووڕەیی `مارتین سەلمۆ`ی پاڵەوانیدا و لە ڕۆمانی `نیشتمانی سارا` دا  `کوردبوون` دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمجارە ڕێگەمان لێ دەگرێت هەروا کوێرانە وەک ناسیونالستێکی کولتوری هەموو دونیا بکوردێنێن بێئەوەی ڕەخنەگرانە ئاوڕ لە مێژووی خۆمان نەدەینەوە. 

لێرەدا بۆ گفتوگۆکردن لەمەڕ ڕۆمانی نیشتمانی سارا و نۆڤلێتی (خەمی مەستورە)  و (خانەقای میرزا)    گووتە فەلسەفییە ڕەخنەگرانەکەی `تیۆدۆر ئادۆڕۆنۆ` کە لە کتێبی ` ڕەخنەی کولتوریی و کۆمەڵگە` کە لەساڵی ١٩٤٩ دا نوسیویەتی و لە ١٩٥١ بڵاودەبێتەوە، دەکەم بە کۆنسێپتی تێگەیشتن لە هزری ڕۆماننوسانەی پشت ئەم سێ کارە ئەدەبییە. ئادۆڕۆنۆ دەڵێت “ شیعرنوسین لە دوای ئاوسشڤیت`، بەڕبەڕییەتە“ [5]

لەم تێزەدا ڕەخنەی ئادۆڕۆنۆی فەیلەسوفی قوتابخانەی فرانکفۆرت لە دوای پاکتاوکردنی زیاتر لە شەش ملیۆن جولەکە دێت، کە بە دەستی  ناسیونال سۆیالزمی ئەڵمانیەوە پاکتاو دەکرێن. بێگومان ئەو سەربازگانەی کاری زۆرەملێی و سووتاندن و بەگازکردنی جوولەکەکانی تێدا ئەنجامدەدرا،  هەروەها قەرەج و هۆمۆسێکسوال و نەیارانی سیاسی، ئەو سەربازگانە بە (ئاوسشڤیتس) ناودەبرا. خۆ ئەگەر ئەم وشەیە بکوردێنن مانای `ئارەقکردنەوە` دێت، بەوەی جولەکەکان دەبوایە ئارەقی کاریان لە خزمەتی مەکینەی جەنگی نازیەکاندا بێت، کە هیچیتر نەبووو جگە لە سەربازگەی پاکتاوکردنیان. [6]

لەم گووتەیە پڕ کێشەبەندییە هزرییەوە `ئادۆڕنۆ` پرس دەخاتە سەر کولتورەکان کە دەبنە لانە و هێلانەی پاکتاوکردنی ئەویتر. کەواتە ئەو بەڕبەرییەی کە ئادۆرنۆ لە قسەکانیدا ئاماژەی پێدەکات، ئەو فەزایەیە کە هونەر ڕێگە بە لێکدانەوەی هەڵە و دابەزاندنی ڕاستییەکان دەدات. لە هەوڵداندایە بۆ نوێنەرایەتیکردنی نوێنەرایەتی نەکراو.

لێرەدا  دوالیزمی `من و ئەویتر` ئەو دوالیزمە ترسناکەیە کە ئیگۆی کولتوری لەوەدا خۆی فۆرم دەکاتەوە بەوەی من لە ئەویتر باشترم، من لە ئەویتر باڵاترم، لەوێشەوە کولتور هێلانە بۆ (شارچێتی – نەتەوەچێتی کوێر – توندڕەوی ئاینی و جیاوازی ئیتنی) چێ دەکات. هێلانەیەک کە ئەویتر نابینیێت وەک قەوارەیەکی تەواو، وەک مرۆڤێکی تەواو، وەک دیندارێکی تەواو، وەک ژیانێکی تەواو.

  ئەم کولتورە لە ئەڵمانیادا لەسەدەی سیازدەوە درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە ڤاگنەر و نیتچە و لەوێوە بۆ تۆماس مان و زۆریتر کە ناڕاستەخۆ یان ڕاستەوخۆ ئەو هێلانە کولتورییەیان لەدژی جولەکە هانداوە. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم تێزەم کە لە گۆشەنیگای داداگایکردنی مێژوو لە ڕوانگەی ڕەخنەی کولتورییەوە ڕووندەکاتەوە، ڕێگەم بدەن چەند نموونەیەک لە کولتوری ئەڵمانیەوە، ئەو کولتورەی فەیلەسوفی ئەڵمانی بەڕەگەز جوو (تیۆدۆر ئادۆڕۆنۆ) ڕەخنەی لێ دەگرێت، بۆ خوێنەر بهێنمەوە. لەم گۆشەنیگایەوە  فەیلەسوفانی وەک “هایدگەر،  نیتچە، مارکس“ و تەنانەت فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەڵمانی “پیتەر سلۆتەردایک“ بەنموونە دێنمەوە. هەروەها لە ئەدەبی گێڕانەوەی ڕۆماندا  ئاماژە بە  “تۆماس مان“ دەدەم. 

بێگومان گەر لەڕوانگەی ئادۆڕۆنۆ ڕەخنەی کولتوریی پراکتیزە بکەین، ئەم کولتورە ئەڵمانییە هەڵگری نەخۆشی ڕاسیزم و جیاوازی ڕەگەزپەرستییە و ڕەگەکانی لە نێو کولتوردا درێژدەبێتەوە. نوسەری ئەم گوتارە لە ڕۆمانی (گۆشەگیری) دا ئەم نەخۆشیە ئەڵمانییەی بە (ڕاسیزمی شارەوە) لەسەر زاری گێڕەوەیەکی ناو ڕۆمانەکە وەسفکردووە. هەر لەم خاڵەوە دێمە سەر چەند نموونەیەک لە ڕەگەزپەرستی ئەڵمانی کە بەڕای `ئادۆڕۆنۆ` ئەم کولتورە هێلانەی `پاکتاوکردنی ئەویتر`  بووە.

 

فریدریک نیتچە و جولەکەی ئەبەدی

ئەم کولتورە تاوەکو ئێستا خۆی بە `کولتوری باڵا – Hoch Kultur` پێناسە دەکات، ئەمەش  ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ  `وێناکردنی ئەویتر` و دوالیزمی من و ئەویتر لە نێو هەناوی گوتاری  دەسەڵاتی کولتوریی و سیاسیدا. بۆ نموونە فەیلەسوفی ئەڵمانی `فردریک نیتچە `  بەدەر نییە لەتۆویی  `دژە جولەکەیی` . ڕاستە  نیتچە لە زۆربەی کارەکانیدا ستایشی  جولەکەکانی کردووە، بەڵام ستایشێک زۆرجار دەیانخاتە ڕیزی قۆشمە و ساختەچیەکانەوە. بەدیوێکی تردا  نیتچە داهێنەری دووبارە بەکاربردنی هزریی و سیاسی  (جولەکەی ئەبەدییە) کە `ئادۆلف هیتلەر` لەدوای ئەوەی بوو بە سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا، لەیەکەم گوتاریدا ١٩٣٣ دا ئەم زاراوەیەی وەک بنەمای قەڵاچۆکردنی جولەکە بەکارهێنا؛ بەسادەیی ئەم گووتەیە پێمان دەڵێت کە جولەکە `جەوهەرێکی نەگۆڕ`یان هەیە و پێش ناکەون، ئاوەها  وەک توخمی خراپ وەک  `ئەویتر` بۆئەبەد دەمێنێتەوە کەواتە ڕەوایە لەناوبردنیان. دیارە حزبی بەعس بە سەرکردایەتی سەدام حوسێنی دیکتاتۆر، کوردی وەک جەوهەرێکی نەگۆڕ پێناسە دەکرد. [7]

لەم خاڵەوە، دێنەیەوە سەر ڕەگەزپەرستی عەرەبی کە بڕوای وابوو؛ کورد `ئەویتر` بوو کە هەڕەشەیەکی ئەبەدی بوو لەسەر ئومەی عەرەبی و مانەوەی عەرەب لە قەوارە ئێراقیەکەیدا، هەربۆیە هەموو `ئەویتر`ێک بانگەشەی مافەکانی خۆی بکردایە بەرامبەر ئەو کڵێشەی `جەوهەری نەگۆڕە کوردییە` دەبۆوە. مادامەکی ناگۆڕێن کەواتە لەناوبردنیان دوا چارسەرە، عەلی حەسەن مەجیدی تاوانباری  جینۆسایدی ئەنفال بۆ نوکتە و گاڵتە گوتوویەتی “ جارێ سەد هەزار کورد بوون نەک سەد و هەشتا هەزار کورد، ئەوان لە سەربازگەکاندا هێشتەوە، خۆ ئەگەر هەر یەکەی سابوونێکان بەربکەوێت بۆ خۆشتن، دەوڵەت نابووت دەبوو. باشترین چارەسەر لەناوبردنیان بوو“     عەلی کیمیاوی کە ئەمە شۆرەتەکەیتی لەو بڕوایەدابوو  ئەمانە بەم نەگۆڕییەیان شتێکی زیادەن و گەر لە ناوببرێن زەوی و دونیا هیج زەرەدێک ناکات، بەڵکو ڕزگاری دەبێت لە بەشە زیادەکانی. ئەم کڵێشەی بیرکردنەوەیە بۆ فاشیزمی تورکی و فارسیش ڕاستە.  لێرەوە  جیاکردنەوەی مرۆڤ لەسەر بنەمای (جەوهەری نەگۆڕ – ئەبەدیی)  لێکەوتەیەکی نێگتیڤی  فەلسەفەی نیتچە، کە خوشکەکەی و نازییەکان کاریان لەسەر کرد.

دیارە بە گەڕانەوە بۆ بیۆگرافیای نیتچە، ئەو لە گەنجیدا کاریگەر بوو بە `ڕیتچارد ڤاگنەر`ی موزیشن، بێگومان ڤاگنەر دژە جولەکەیەکی بەناوبانگ بوو. بەدیوێکی تردا نیتچە هاوسۆزی دوانزە ساڵەیی لەگەڵ (ئێرنست شمیتسینگەر)ی دژە جولەکەدا  دا هەبوو، کە لە ساڵی ١٨٧٤ وە کتێبەکانی لە دەزگاکەی ئەو بڵاودەکردەوە. بەڵام دوای ئەوەی لە `ڤاگنەر` و بڵاوکارەکەی دووردەکەوێتەوە، و نیتچە دووبارە لەگەڵ دۆزی جولەکەدا لە ئەوروپادا ئاشتدەبێتەوە و جولەکان بە فیگوری سێنتراڵی کولتوری تێدەگات.

 بەڵام نیتچە لەو بازنە شەیتانییەی چەمکی (جولەکەی ئەبەدی) ڕزگاری نابێت،  چونکە خوشکەکەی نیتچە و مێردەکەی کە لەگەڵ جوڵانەوەی دژەجولەکەیی بوون و دوای مردنی نیتچە خوشکەکەی دەقەکانی نیتچە بەرەو ئاڕاستەی خزمەت بە نازیەت دەبات. شایەنی باسە `ئادۆلف هیتلەر`  بەردەوام سەردانی خوشکەکەی نیتچە دەکرد و لێرەوە ئەرشیفی نیتچە لە فەلسەفەیەکی قووڵەوە بەرەو خراپ بەکارهێنانی نازییەکان دەکەوێت. ئیدی چەمکەکانی وەک؛ `مرۆڤی باڵا`  بەرامبەر دەبێتەوە لەگەڵ `مرۆڤی نزم` و  ئەمەش لای نازییەکان دەبێتە پێوەر بۆ ڕەگەزی باڵای ئەڵمانی، و میللەتانی دیکەی نزم و زەوی مرۆڤە نزمەکان.

 چەمکی وەک (جولەکەی ئەبەدی) کە نیتچە لە دەقەکە کریستیانەکانی سەدەی سیانزەوە وەریدەگرێت و زۆر دووبارەی دەکاتەوە، بەم پێیە، جولەکە دەخاتە ڕیزی قۆشمە و دەمپانکەرەوە و توخمە پیسەکان یاخود دەستەواژەی (گەدەی ئەڵمانی و هەرسکردنی جولەکە) هەروەها پەرەگرافەکانی کتێبی (زەردەشت ئاوای گوت) و دەربارەی (گەڕان بەدووی دوژمندا) و (ئاشتی کورتخایەن) لە پێناو جەنگدا و شکۆداری جەنگ و ڕۆحی جەنگاوەر… هەموو ئەمان و زۆریتر دەبنە ئەو زەویە بەپیتە کولتورییەی کە  نازیزمی ئەڵمانی لەسەری دەلەوەڕن.

بەڵێ ساڵانێک  نیتچە (ئەنتی سمیتیک – دژە سامی) بووە، ، بەڵام دوایی پێچێکی پێداهێناوەتەوە و دژی ئەم بزوتنەوەی دژەجولەکەیە لە ئەوروپادا وەستاوەتەوە. بەڵام دەنگی دژە جولەکەیی لاوازتر بوو  لە دەقە دژە جولەکەییەکانی.[8]

 

کاڕڵ مارکس و `دەربارەی پرسی جولەکە`

 `کاڕڵ مارکس` مارکس سەرەڕای تێزەکانی دەربارەی خەباتی نێونەتەوەیی کرێکاریی (پڕۆلیتاریا) بەڵام لەدواجاردا ئەم `ڕەگەزپەرستیە ئەڵمانییە`ی خۆی بۆ جڵەو ناکرێت و لە تێزێکیدا دەربارەی میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست   لە کتێبی  `هەژدەی برۆمێر، لویس بۆنابارت` دەستەواژە بەناوبانگەکەی دژی میللەتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەڵێت:“ ئەوانە ناتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، دەبێت لەجیاتی ئەوان نوێنەرایەتیان بکەن.“

(بۆ زیاتر: بگەڕێڕەوە بۆ `خۆرهەڵاتناسی` ئێدوارد سەعید – وەرگێرانی بۆ کوردی د. موحیسن عومەر.)  

گوتاری پشت ئەم دەستەواژەیەی مارکس پڕە لە بڕیاڕێکی پێشوەختەی ڕۆژهەڵاتناسی، لەوەوە سەرچاوەی هەڵگرتووە کە ئەوروپیەکان، سپییەکان، خاوەنی ئیرادە و ئەقڵانیەتن و هەرچی لەدەرەوەی ئەم جوگرافیایدا بوونی هەیە، ئەو `جەوهەر نەگۆڕە` و  نا – ئەقڵانی و بێ ئیرادەیەن، کە  توانای بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیان نییە و دەبێت وەک کۆیلە ژیانیان بۆ بەڕێوەببرێت، نوێنەرایتی بکرێن. بە مانای دەبێت `پیاوی سپی` و خۆرئاواکەی  لە خەباتی سۆسیالیزمیشدا ڕۆڵی حاکم و نوێنەرایەتی ڕۆژهەڵاتی هەبێت.

هەروەها تێزەکانی مارکس  دەربارەی لە (پرسی جولەکە Zu Judenfrage ) لە ساڵی ١٨٤٣ دا پڕن لەڕەگەزپەرستی ئەڵمانی، بەجۆرێک ڕای وایە کە جولەکەکان نابێت مافی تەواویان هەبێت وەک هاوڵاتیانی دیکە، تاوەکو نەخرێنە ژێر تاقیکردنەوەی سەختی پاکبوونەوە لە نەریتەکانیان.

هەروەها دەربارەی جولەکە لە کتێبی `سەرمایە` دا لە ١٨٧٢ دەڵێت: ` لە ڕاستیدا پارە، لە ناوخۆی جولەکە خەتەنەکراوەکاندا وەک هۆکارێکی جادوو وەهایە کە لە پارە، پارە دروستدەکەن“ یاخود مارکس لەنامەیەکیدا لە ١٨٦٢ بۆ ئەنجلس تووڕەیە لە ڕابەڕی کرێکاران فردیناند لاسایی بە “ قوولە ڕەش “ و “جولەکە“ جنێوباران دەکات. [9]

دیارە سەدەها سەرچاوە لەمبارەیەوە بوونی هەیە و ئێمە لێرەدا وەک نموونەیەک ل چوارچێوەی قسەکردن لەسر فاشیزم و ڕاسیزمی کوردی  قسەی لەسەر دەکەین، بێگومان  خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر ئەم پرسە.

 

 

مارتین هایدگەر و ناسیونال سۆسیالیزم

نموونەیەکی دیکە فەیلەسوفی ئەڵمانی بوونگەرا “مارتین هایدگەر“ دیارە هایدگەریش بەهەمان شێوە ساڵانێک لایەنگری نازییەت بووە، لە ناسیونال سۆسیالیزمدا؛ ڕۆحەی دەبینی کە نەتەوە پێویستێتی. دوایی کە نازییەکان پۆستەکەیان لێ سەندەوە لە زانکۆی فرایبورگ، خەفە بوو و هیچی نەگووت. تا مردنی ئەم فەیلەسوفە گەورەیەی کتێبی  (بوون و زەمەن) یەک ڕستەی کۆنکریتی ڕاستەوخۆی لە دژی ناسیونال سۆسیالیزمو نازیزبوونی خۆی نەگووت.  

شایانی باسە  سەدەها سەرچاوە و لێکۆڵینەوە و دیالۆگی هزری  لەمبارەیەوە بوونی هەیە و خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر ئەم پرسە.

 

 

پیتەر سلۆتەردایک و قوتووی کولتوریی

پیتەر سلۆتەردایکی فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەڵمانی ` فێلۆسۆفی دڵگیری من` لەم ساڵانەی دوایی  چەندەها لێدوانی داوە کە بۆنی `دژە کۆچبەران`ی لێدێت لە ژێر ناونیشانی (پاراستنی سنوور و پاراستنی کولتورە باڵاکان، چەندەها کۆمێنتاری `ڕەگەزپەرستی شاراوە`ی داوە، بۆ نموونە؛ لە پرسی شەپۆلی پەناهەندەکاندا بۆ ئەڵمانیا، ڕەخنە لە `ئینگێلا مێرکیل` ی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای ئەڵمانیا دەگرێت کە سنوورەکانی بەڕووی پەناهەندەکاندا کردەوە و لە چاوپێکەتنێکی گۆڤاری `سیسرۆ`  دەڵێت؛ خانم مێرکل وادەزانێت سنوورەکان بۆ ئەوە دروستکراون کە ببەزێنرێن… هەروەها  لە کۆڕێکیدا لە یوتویب بینیم `بەداخەوە ئێستا سەرچاوەکەیم لەبەردەستدا نییە“  و لەو کۆڕەدا بەزمانی ئینگلیزی قسەدەکات و جەخت لەسەر گوتکەی پشووی دەکاتەوە و دەڵێت؛ “ قوتوویەکی بیبیسی کۆلا لە فڕۆکەیەکەوە کەوتە خوارەوە و لە ناو جەرگەی هۆزێکی ئەفریقی نیشتەوە. هەموو هۆزەکە نەیاندەزانی ئەمە چییە. تاوەکو حەکیمی هۆز هات و دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ بڕیاریدا قوتووەکە هەڵنەپچڕن و تاقی نەکەنەوە و فڕێیاندا…ئاوەها کولتورە باڵاکان نەریت و بەهاکانی خۆیان لە توخمە بێگانەکان دەپارێزن.“  

 

 

تۆماس مان، ڕۆمانی (چیای جادوو) و مێزی ڕووسەکان

`تۆماس مان`ی ڕۆماننوسی ئەڵمانیی، بەتایبەت لە ڕۆمانی (چیای جادوو – ١٩٢٤)    لە کۆنسێپتی سلێکشن   بSelection   بەمانای (بژێرکردن و جیاکردنەوە) وە جوڵەی   پاڵەوانەکەی `هانز کاسترۆڤ` دامەزراندووە. جیاکردنەوە و بژێرکردن ترسناکترین میتۆدە بۆ دیاریکردنی سنووی خۆم لە `ئەویتر`. لەم دوالیزمەدا من و ئەویتر ڕەگەزپەرستی هێلەکەکانی خۆی دەنێتەوە. 

هانز کریستۆف کوڕی خانەوادەیەکی خانەدان و ئۆرستۆکراتە، گەنجێکە تووشی سیل بووە و خانەوادەکەی بۆ چارەسەری نەخۆشیەکەی ڕەوانەی دەکەن بۆ سیانتۆریۆمێکی تایبەت لە ناوچەیەکی شاخاوی. بێگومان تەنها چینی ئۆرستوکرات و دەوڵەمەند دەتوانن بەرگی تێچوونی ئەم خەستەخانە تایبەتە بگرن.  هەموو نەخۆشەکان لە نەتەوەی جیاوازن؛ ئەڵمان، فەڕەنسی، ئاسیایی و ڕووس و ڕۆمانی و سلاڤین. لە ڕۆمانەکدا  هانز کریستۆڤ بەرجەستەبوونی بەها باڵا خانەدانەکانی خۆرئاوایە لە دژی بەڕبەڕیەتی میللەتانی دەرەوەی ئەڵمانیا و کیشوەری ئەوروپا.

هانز کریستۆڤ سەرەڕای ئەوەی  نەخۆشی سیل تەنگی پێ هەڵدەچنێت، بەڵام هەمیشە ئەقڵانی و پۆشتە و خانەدانە و هەرگیز هاوسەنگی خۆی تێکنادات. ئەوەی جێگەی سەرنجە `تۆماس مان` لەم ڕۆمانەدا  سیفەتی باڵا دەبەخشێتە پاڵەوانە ئەڵمانەکانی، بەتایبەت ئامۆزاکەی هانز کریستۆڤ کاتێک ئاشقی  ژنێکی ئۆستوکراتی ڕووس دەبێت بە ناوی (لێدی چاوچێت ) بەڵام هانز کریستۆڤ ئامۆزاکەی ئاگادار دەکاتەو کە ئەم ژنە ڕووسە لە ئێمەی ئەڵمان جیاوازە و باشترە نەچێتە ئەم پەیوندییەوە؛ ئەم ژنە ئەڵمانی نازانێت و تەنها بە فەڕەنسی و ڕووسی قسەدەکات،  هەمیشە درەنگ دێت بۆ نان خواردن، دەرگا پێوە نادات، نیوە ئاسیاوی و نیوە ڕووسە… ئەم سیفەتانە لای هانز کارەساتن و وەها دەکات کە ئەم خانمە بخاتە ئاستی هاوڵاتی پلە دووی ئەم دونیایە.   

`تۆماس مان`  لەم ڕۆمانەدا هەرچی سیفەتی بەڕبەڕیەت و سەرلێشواویی و سەرخۆشی، بە  پاڵەوانە ڕووسەکانی دەبەخشێت. بەمەرجێک ئەمانە  لەهەمان خەستاخەنەدا  دەژین  و  سەر  چینی ئۆرستۆکرات و باڵایی ڕووسی و سلاڤین. نەک هەر ئەوە بەلکو  `تۆماس مان` لە ڕۆمانەکەیدا “ڕووسی  باش و خراپ“ لە خەستەخانەکەدا پۆلین دەکات، وەک چۆن ئەمریکیەکان ڕەشەکانیان بە ڕەشی باش و خراپ، کۆیلەی باش و خراپ پۆلین دەکرد.

بێگومان ئەو توخمە کولتورییەیەی بژێرکردن و جیاکردنەوەیە، کە هەڵسوڕێنەری هزری تۆماس مانە و ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ کولتوری ئەڵمانی کە هەڵگری تۆووی ڕەگەزپەرستییە لە پێچە مێژوویەکانی خۆیدا. هەربۆیە  `تیۆدۆر ئادۆڕۆنۆ` زەنگی مەترسیدار لێ دەدات و لە ڕێگەی دەستەواژەکەیەوە “ لە دوای ئاوشڤیتز، شیعرنوسین بەڕبەڕیەتە“  پرس دەخاتە ئەو پێشینە کولتورییەی بووە هۆی ئەنجامدانی تاوانێکی وەک هۆلۆکۆسست. هەربۆیە ئەقڵە کولتورییەکەی دامەزراو لەسەر دوالیزەی (ئێمە و ئەوان) وێنای ئەویتر دەکات لەسەر بنەمای بژێرکردن و جیاکردنەوە.

لە ڕۆمانی `شاخی جادوو`  یاسای جیاکردنەوەی مرۆڤەکان بە پێوەری   `ئەویتری باش و خراپ` پۆلن کراون. ئەویتر  تەنها  بۆ  بێگانەکانە،  تەنها ڕووسەکان و ئاسیاوی و ڕۆمانیەکانن، بەمەرجێک فەڕەنسیەکانیش لەو سیناتۆریۆمەدا و لە هۆڵی نانخواردندا بەشدارن بێگانەن، بەڵام ئەقڵی تۆماس مان لە گێڕانەوەیدا فۆکۆسی تەنها لەسەر ئەوانە و ئەوان بە بێگانە لەقەڵەم نادات. لێرەوە ئەقڵیەتی (پیاوی سپی) و کولتوری ڕەگەزپەرستی تەنها ئەوانەی لەدەرەوەی کیشوەری ئەوروپا بە بێگانە پێناسە دەکات. ئەوانە دەبێت بژێربکرێن و جیابکرێنەوە. بەمجۆرە تۆماس مان لە ڕێگەی جوڵەی پاڵەوانەکەیەوە `هانز کریستۆڤ` خۆی بە بژارکردن و جیاکردنەوەی سیفەتی باشی و خراپی کولتوری ئەویتر سەرقاڵ دەکات و سەدەها لاپەڕەی بۆ تەرخان دەکات.  ئیدی  وەک چۆن مرۆڤ برنجێکی پڕ زیخ و پووشی بۆ دێت، دەبێت دەستبکات بە بژاردنی، ئاوەها یەک بەیەک جیایان دەکاتەوە و بژێریان دەکات.  

ئەم ئەقڵە جیاکارییە تەنها `نا – ئەورپییەکان` دەگرێتەوە و ئیدی کۆی ڕۆمانەکەی `تۆماس مان` وەک ڕەگەزپەرستێک بە زەڕەبینێکەوە خەریکی دۆزینەوەی عەیب و عاری ڕووسەکانە. ڕووسەکان وەک گێڕەوەی ڕۆمانی هەمووشت زان باسی دەکات؛ کەسانی بەڕبەڕی و بێ سەروبەر و بەرەڵا و ناجڵەوگیر و هەمیشە سەرخۆش و بە ئەتەکێت و بازاڕین.

لەم ڕۆمانەدا (بژێرکردن و جیاکاریکردن) ئەو کولتورییە کە ڕۆمانەکەی لەسەر دامەزراوە. بەتایبەت ئەقڵی ڕەگەزپەرستی  لەڕۆمانەکەدا لەو کاتەدا بەرجەستەیە کاتێک مێزی نانخواردنی ڕووسەکان لە مێزی ئەوروپییەکان جیاکراوەتەوە. کاتێک ڕووسەکان هاوار و هەرایانە، سەرخۆش دەبن، دەرگای هۆڵەکە بە توندی واڵادەکەن و تەقوهوڕی دەرگاکە میوانانی ئەوروپی هۆڵەکە بێزار دەکات و  ڕووس و سلاڤیەکان ئەتەکێتی نانخواردنی ئەوروپی دەبەزێنن.  لەم بەشەدا تۆماس مان هەموو سیفەتێکی جیاکاری و وێنەسازی  ڕەگەزپەرستی و سیفەتی گشتگیریی دەداتە پاڵەوانە ڕووسەکانی. بۆ یەک چرکەساتیش ئەقڵانیەت ڕێگەی خۆی بۆ ئەم پاڵەوانە ڕووسانە نادۆزێتەوە، بەتایبەت  کاتێک وەسفی  ژن و مێردێکی ڕووسی دەکات کە ژوورەکەیان لەتەنیشت  ژووری هانز کاسترۆڤی ئەڵمانییەوەیە، چۆن بێ شەرمانە لەکاتی سێکدا هاوار دەکەن. هانز کاسترۆڤ بەم هەڵسوکەوتە بێزارە  و بە وەحشیەت و بەڕبەڕیەت و بێ ئەدەبی لەقەڵەم دەدات.

ئاوەها پاکتاوکردنی  مرۆڤ  لە ئەقڵیەتی `بژێرکردن و جیاکردنەوە` وزەی خۆی وەردەگرێت. وەک چۆن `تۆماس مان` دوو مێزی ڕووسی بۆ داناون؛ مێزی ڕووسە باشەکان و مێزی ڕووسە خراپەکان. هەر بەمجۆرە  نازییەکان  جووی خراپ و جووی باش، جووی کارکەر و جووی تەوەزەل، بەپێی سیستمی بژێکردن و جیاکردنەوە پۆلین دەکرد و پاشان دەیانناردن بۆ کاری زۆرەملێ یاخود بۆ سووتاندن و ژەهراویکردن لە حەمامی گازی بە کۆمەڵدا.

  لەم کولتورەی  ساڵانی پێش (ئاوسشڤیتس) دا، تۆماس مان هەموو توانای داهێنەرانەی خۆی بۆ جیاکردنەوە و مۆرلێدانی (ئەویتر)ی ڕووس و ئاسیایی تەرخانکرد بوو. پێموای لە پشت ئەم ڕۆمانەوە بە وشە و دەستەواژەی ئەدەبی، ئەو کولتورە ڕەگەزپەرستییە خۆی تەونباز دەکات، کە لای ئادۆڕۆنۆ ئەو وشە و چەمک و دەستەواژەن هێلانەی کولتوری و لانەی ڕەگەزپەرستی پشت ئاوسشڤیتز بوون.[10]

 

 

 فاشیزمی کوردی و کورد وەک زیادەیەک لەسەر ئەم هەسارەیە

لەم نموونانەی  سەرەوە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو کۆنسێپتەی لە پشت هەردوو ڕۆمانی (نیشتمانی سارا) و (خەمی مەستورە)  و  (خانەقای میرزا)  دا وەستاوە، بەوەی، میران ئابراهام دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی کورد نەک بۆئەوەی ئەم مێژووە کوێرانە نەمر بکات و لە قەبارەی خۆی زیاتری خۆی پێ ببەخشێت، وەک چۆن گوتاری  ناسیونالستی کولتوریی کوردی دەیکات. بە پێچەوانەی ئەمەوە،  میران لە کۆنسێپتی ڕەخنەی کولتورییەوە ئەو مێژووە دادگایی دەکات و بەسەر دەلاقەکانیدا دەکەوێت و پۆزشە ناسیونالیستیەکانی لێ دەستێنێتەوە.

 بە پێچەوانەی ڕۆمانی باوی ئەم بیست و قسوور ساڵەوە کە گێڕەوەی هەموو شت زان دەکەوێتە شرۆڤەی دێڕ بەدێڕ و هیچ بوارێک بۆ خەیاڵی خوێنەر ناهێڵێتەوە بۆئەوەی لەڕێگەی ڕووداوەکان و جوڵەی پاڵەوان گۆشەنیگای ڕۆمانەکە بدۆزێتەوە. میران یەک دێڕی زیادەی نییە، یەک فەلسەفاندنی زیادەی نییە، لەڕێگەی ڕێکخستنەوەی ڕووداوەکان لە تانوپۆی گرێچنی ڕۆمانەکەوە کۆنسێپتی داداگایکردنی مێژوو، یان بەگوزارشی ئادۆڕنۆ قسەبکەین  “لە ڕێگەی کارکردن لە مێژوودا“ ئەم دیالۆگە و ڕەخنە و گومان لە ڕابوردووە زیندوودەکاتەوە. ئیدی  وەهمەکانی `شاعیرانی گەورە` و `شاری گەورەی ڕۆشنبیریی` دەخاتە سەر ئاستی دادگایکردنێکی مۆڕاڵی مێژوویی.

 لە ڕۆمانی `نیشتمانی سارا` دا کۆی مێژووی شاری سلێمانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، تەنانەت شاعیرانی وەک  `هەردی و گۆران` دەخاتە ژێر تەونی ڕەخنەی کولتورییەوە. میران ئابراهام ئەو توخمە فاشی و ڕەگەزپەرستی و ئیسلامییە نوستووەی نێو کۆنەستی ڕۆشنبیرانی ئەمشارە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، پەنجەی ئەوەیان بۆ ڕادەکێشێت بەوەی کە ئەم هەموو تاڵانی و بڕۆ و کوشتارە لە جولەکەکانی سلێمانی لە ساڵانی نێوان ١٩٤٧ تاوەکو ١٩٥٢ کرا، کەسی نەجوڵاند، کەس  هیچی نەگووت، کەس قسەی نەکرد، کەس شیعر و گوتاری لە دژی ئەم کۆچ و فەرهود و لاقەکردن و کوشتن و  هەڵکەندنەی جولەکەکانی و  سلێمانی و کوردستان نەگووت. بەمەرجێک  شاعیرێکی وەک گۆران، هەردی، و زۆریتر،  بۆ کرێکاری فەلەستینی و ئەفریقی شیعر و شانامەیان دەهۆنیییەوە.

 لەم ڕۆمانی `نیشتمانی سارا` دا،  میران لە دژی سلێکشن selection  با بڵێین `بژێرکردن و جیاکردنەوە`یە، کە توخمێکی هەڵسوڕێنەری ئەقڵیەتی پاکتاوی ڕەگەزیییە. فاشیزم لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی نەتەوەیی، کولتوریی و  سیاسی، جێندەری، و تەنانەت وەک نازییەکان جیاکردنەوی جیناتی مرۆڤی ئەڵمانییە لە ئەویتری جولەکە و قەرەج و نائەوروپی و تێکەڵ. وەک چۆن لە `یاساکانی نورنبێرگ`ی ساڵی ١٩٣٥، بەپێی ئەم یاسایە و بە پیادەکردنی بژێرکردن و جیاکردنەوە  نەخشەیەکی جیاکردنەوەیان دانا، بەوەی، کێها ئەڵمانی ئەسڵە و کێهای تر نیمچە ئەڵمانە، کێها توخمێکی زیادەیە لەسەر ئەم زەوییە.

لەوەش سەیرتر ئەوەیە لەسەدەی بیست و یەکدا دووبارە ئەم توخمە فاشیستە کوردییە زۆر نەستیانە، ناخودئاگایانە لە نێو کولتوری ئێمەدا خۆی بەرهەمدێنێتەوە. نموونەیکی بەرچاو جارێکیان نوسەرێکی کورد `بەختیار عەلی`  زۆر ئیرۆنیکی و ڕاشکاونە لە چاوپێکەوتنێکی تەلفیزۆنیدا گووتی: “ئەگەر بەیانیەک لە خەو هەڵستین و هەموو کورد مردبێت، ئەم ئەستێرەیە  زەرەدێکی زۆر گەورە نەکات..“ [11]

بڕوانە:[1] بەختیار عەلی بەرنامەی لەگەڵ ڕەنج –08.01.2012  – بەشی یەکەم –  ڤیدیۆی یوتوب لە ٢٢ دەقە تا ٢٣ دەقە!

https://www.youtube.com/watch?v=lZU6_BM-LgA&list=PLB9A28949EC08446B&index=

ئاوەها ئەم نوسەرە سەرسام بە دەنگدانەوەی خۆی، ڕێگەی بەخۆی دا کۆی کورد جیابکاتەوە و بژێری بکات و سیفەتی زیادەیان لەسەر ئەم زەوییە پێ ببەخشێت. بەمەرجێک نازییەکانیش زەمەنی هیتلەریش ئەو  ئاوەها بە ئاشکرا و ڕوونی   بەرامبەر میدیا ئەمجۆرە دەستەواژیەیان بەکارنەهێناوە. هەرگیز  نەیانگوتووە؛ “ ئەگەر بەیانیەک لە خەو هەڵستین و هەموو جوولەکە مردبێت، ئەم ئەستێرەیە  زەرەدێکی زۆر گەورە نەکات“

ئەم ئەقڵیەتە فاشیزمە کوردییە ئاوەها لێرەو لەوێ گوزارش لەخۆی دەکات، بەجۆرێک کە نوسەر و ڕۆشنبیرەکانی بێئەوەی بەخۆیان بزانن دووبارە ڕیسایکلین و خولانەوەی زبڵی ئەقڵیەتی داگیرکەر دەکەنەوە لە فۆرمێکی تردا. بێگومان هەمیشە میللەتانی داگیرکراو لە گرێی خۆبەکەمزانینەوە و  بە تێپەڕبوونی زەمەن  هەمان ئایدیا و وێنە و کڵێشەکانی داگیرکەر دووبارەدەکەنەوە. ئەم نوسەرە هەمان ئەو کڵێشە کۆنینەی دووبارە کردەوە کە بەعسیەکان، کەمالیستەکان، ئەتاتورکچیەکان و شۆڤێنیزمی ناوچەکە سەدەیەکە دووبارەی دەکەنەوە بەوەی؛ کورد زیادەیە و گەر ئەم زیادەیە قەڵاچۆش بکرێت ئەوا هیچ زەرەدێک ناکەین. 

ئەم ئەقڵیەتی (جیاکردنەوە و بژێرکردن)  لەو کاتەوە لای ئێمە ڕۆنیشتووە، کە جولەکە کوردەکانیان بەبەرچاوی ئێمەوە تیرۆرکرد، تاڵانیان کردن، کردنیان بە `ئەویتر.   ئایدیای ئەوەی“ گەر لەم شارە بڕۆن و قەلاچۆش بکرێن کورد و زەوی زەرەد ناکات“ پشتە وێنەی بیرکردنەوەیان بوو. ئاوەها  ئەم ماکە فاشیزمە کە لە داگیرکەرەوە بە میراتی بۆمان ماوەتەوە  لە قووڵایی  نەستی کولتوریی کۆمەڵی کوردیدا ڕۆنیشتووە. ئەم ماکە کولتورییە وەهای کردووە شۆڕشەکانمان لە پێچێکدا ببن بە مەکینەی کوشتنی ئەویتری کوردلەژێر ناوێکدا بێت.  

ئەم ئەقڵیەتە میران ئابراهام لە ڕۆمانەکانیدا  زۆر  بەجوانی و ئادۆڕنۆیانە،  لەڕێگەی گرێچن و دیالۆگ و جوڵەی ڕیالستی پاڵەوانکانیەوە ڕەخنەی لێ گرتووە.     

میران لە ڕۆمانی (نیشتمانی سارا)   باسی ئەو بێدەنگییە ترسناکە دەکات کە لەلایەن زانیارەکانەوە پەیڕەودەکرا. فەرهود و کوشتن و بڕینی جوولەکە لە چلەکانی سەدەی بیستدا لە ئێراق و کوردستاندا لەو ئەقڵەیە سەرچاوەی هەڵگرتبوو؛ کە کوردێکی جولەکە لە کوردێکی موسوڵمان جیادەکرایەوە، تەنانەت لەلایەن ئەو کۆمۆنیستانەی کە بروایان بە ئاین نەبوو؛ بۆ یەکەم کە جولەکەیە خوێنی برژێت ئاساییە و بۆ دووهەم کە موسوڵمانە شیعر و شانامەی فەلەستینی دەگوترێت.

میران لە ڕۆمانی `نیشتمانی سارا`دا و پاشان لە `خانەقای میرزا` دا  ئەم بێدەنگییە کوردییە، ئەم کاڵفامییە مێژووییە دادگایی دەکات. ڕووداوی کوشتنی شیوعیەکان لە سلێمانی و زۆربەی شارەکانی کوردستان بە هاوکاری حزبێکی کوردی و لەڕێگەی چەورە و چەقۆکێشەکانی `کانی ماسی` یەوە ڕوویدا. ئەوەی لەو تیرۆرە سەختر بوو   ئەو بێدەنگیە بوو لە بەرامبەر کوشتنی ئەو گەنجانە پیادەکرا و  تاوەکو ئەمڕۆش ئەم بێدەنگییە بەردەوامی هەیە.  تەنانەت نەگوتراوی ئەم ڕۆمانە ( خانەقای میرزا) ئەوەیە کە منەوەران و شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس دەخاتە ڕیزی (زانیارەکان) چونکە بێدەنگ  بووە.

(هانا ئاڕێنت) ی خانمە فەیلەسوفی ئەڵمانی لە چوارچێوەی تێگەیشتن لە فاشیزم   ئاماژە بە ئەو توێژە بێدەنگە دەکات کە ڕۆشنبیر و نوسەر و فەرمانبەر بوون، خەڵکی وشیار بوون بەڵام چاویان لە جینۆساید و  قڕکردنی بە کۆمەڵی جولەکە نوقاندووە. هانا ئاڕێنت ئەم کەسانە بە زانیار (Mitwisser ) وەسفدەکات، بەمانای ئەوانەن  کە ئاگاداری تاوانەکانن و تەنها شاهید نین، بەڵکو بە بێدەنگی و چاونوقاندنیان بەشدارن لەپەردەپۆشکردنی تاواندا.  

زانیارەکان – Mitwisser بەشێوەیەک لەشێوەکان، ئەو کاراکتەرەیە  کە دەتوانم  لەناوەڕۆکی کاربردنیەوە و ئەرکەکانیان  وەسفیان بکەم، بەوەی ئەوەی  لەدوو کەس زیاتر  ئاگاداری ڕووداوه‌كه‌ن‌ و دەزانن کە تاوانی گەورە ئەنجامدراوە، بەڵام  خۆیان لێ گێلدەکەن . لەیاسای ئەڵمانی نوێدا  ئەم  کەسە بە میت ڤیسەر (Mitwisser)  تاوانباردەکرێت و دەچیتە ژێر دادگایکردنەوە. ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ زمانی ئه‌ڵمانیدا ڕه‌هه‌ندێكی تایبه‌ت به‌خۆی وه‌ردگرێت و هانا ئاڕێنت  بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر  پێچكه‌ بچووكه‌كانی فاشیزم له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا ئاماژه‌ی پێده‌دا بەوەی؛ لەنێوان ئەوانەی دەبینین و ئەوانەی کردارێک دەکەن، هەروەها لەنێوان ئەوانەی تاوانێک دەکەن وئەوانەشی تەنها سەیردەکەن و نایەوێت ببن بەشاهێدکی ئەو تاوانباریە، دەلاقەیەکی ترسناک هەیە. دەلاقەیەک پڕێتی لەگومان وترس و درۆ و ژیانیکی  هەڵە، پڕێتی لە درۆی ئۆرگانیزەکراوەی بەوەی  دەڵێن؛  ئێمە نەمانزانیوە و ئاگاداری قەبارەی ئەو تاوانباریە نەبووین. [12]

زانیارە کوردەکان  لە کولتوری ئێمەدا خۆیان لە پێچەکانی شیعر و چیرۆکنوسین و بانگەشەی کوردایەیەتی شاردۆتەوە. ئەوانە لە  ڕاڕەوە تاریکەکانی  مێژووی ئێمەدان، کە ڕاڕەوی ئەو زانیارانەن بە نێو کولتوردا تێپەڕیون و بوونە هێلانەی فاشیزمێکی پەنهان. فاشیزمێک بە توێکڵی ئەدەب و سیاسەت، خۆی پەردەپۆش کردووە.  میران ئابراهام  لە ڕۆمانی `خانەقای میرزا`  شاعیرێکی وەک `شێرکۆ بێکەس` دەکاتە `مۆدێلی زانیار` و  ئەوەتا لە بەشێکی ئەم ڕۆمانەدا پاڵەوانی ڕۆمانەکە `جەلالی میرزا` کەریم، بە شێرکۆ دەڵێت؛

“- بەداخەوەم لایەنگر بوویت و چاوت لەو هەموو زوڵم و زۆرەی ئەم پازدە ساڵەی ڕابوردوو پۆشی و شیعرت بۆ زۆر کەس نووسی و ناوی شۆڕشگێرت خستە پاڵیان. دڵنیابە نەوەیەک دێت و ئەو ڕەخنەیت لێ ئەگرێت.

  • بۆ …کێ؟
  • ئەوانەی لەشەڕی براکوژیدا دەستیان هەبوو یان بەشداربوون“

میران ئابراهام لە ڕۆمانەکانیدا بە مێژووی ئێمەدا تێدەپەڕێت، زانیارەکان دەدۆزێتەوە، سەرقاپی کەلێنەکانی مێژووی فاشیزمی کوردی هەڵدەداتەوە و ئاوڕ بۆ ڕابوردوو دەداتەوە، بۆ هیچ تەنها بۆئەوەی نەوەکانی داهاتوو ڕەخنەگرانە، لەو کولتور و مێژووە بڕوانن، کە هۆکارە بۆ شکست لەدوای شکستی کورد لە بونیادنانی قەوارەیەکی سەربەخۆی کۆمەڵایتی و سیاسی فەرهەنگی.

دیارە جێگەی ئاماژەیە کە لە پشت ئەم ڕەخنە کولتورییەوە، چیرۆکی ئازایتی و بەگژاچوونەوەی ستەم و داگیرکەرانی کوردستان ئامادەیە. میران چەندە ڕەخنە لەم مێژووە دەگرێت، سەد هێندە بەنێو چیرۆکی ئازایەتی ژنی کورد و وزە گەورەکەی نێزیک دەبێتەوە.  سارا لە ڕۆمانی (نیشتمانی سارا) و ( مستورە) لە خەمی مەستورەدا و  `بەهاری غالبەفەنی و حەلاوە خان` لە ڕۆمانی `خانەقای میرزا` نموونەی تێپەڕبوونی ژنی کوردن بە مێژووی جینۆساید و کۆچی زۆرەملێی جوولەکە و ئەنفال و کوشتاری کۆمۆنیستەکانی شار. هەموو ئەم ژنانە ڕۆڵێکی جومگەیی دەبینین لە ڕۆمانەکانی میراندا، وەک ئەوەی بڵێت؛ لە کوێدا ئێوەی پیاوی کورد  مێژووی کوردیان ناشرین کردبێت، لەوێدا ژنی کورد وزە جوانەکەی ئەم مێژوویەی پاراستووە.

فرانکفۆرت 06.08.2023           

      

                 

پەراوێز و سەرچاوەکان

[1] بڕوانە ماڵپەڕی دەزگای کەپر یاخود ڕوانگە و ڕەخنە ؛ ئیسماعیل حەمەئەمین؛  مارتن سەلەمۆ، باستاردێک لە نێو بۆگەنی ڕۆژھەڵات. https://keper.org/مارتین-سەلمۆ،-باستاردێک-لەنێو-بۆگەنی/

[2] James Baldwin. „The fire next time“, Penguin Classics, 2017, p87. 

[3] . د.فەرهاد پیرباڵ کتێبەکی گرنگی لەمبارەیەوە هەیە،  لەژێر ناونیشانی `کورد لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە`

[4]. وەرگێڕانە کوردییەکەی `ئێدوارد سەعید`  لەلایەن د. موحسین عومەر؛ `ڕۆژهەڵاتناسی` چاپی دووهەم، دەزگای فام ٢٠٢٣

بە ئینگلیزی لە ژێر ئەم ناونیشانە دەتوانن بە دەستی بهێنن؛ Edward Said, “Orientalism,” published in 1978

[5] „Nach Auschwitz ein Gedicht zu schreiben, ist barbarisch“

Theodor W. Adorno، Kulturkritik und Gesellschaft (1949 geschrieben /1951 publiziert): ders.: Kulturkritik und Gesellschaft I – Prismen, Ohne Leitbild – GS 10.1. Frankfurt a.M.: Suhrkamp 2003: 11 – 30.

[6] Helen Zhou; Sebald’s Barbaric Poetry, Published in online on University of Colombia, may 2016.

https://artsone.arts.ubc.ca/news/sebalds-barbaric-poetry/

[7] Christian Niemeyer, Nietzsche und der Antisemitismus, Hglil.com, am 18.April 2021.

 https://www.hagalil.com/2021/04/nietzsche-und-der-antisemitismus/

[8] Mittmann, Thomas: Vom „Günstling“ zum „Urfeind“ der Juden. Die antisemitische Nietzsche-Rezeption in Deutschland bis zum Ende des Nationalsozialismus.

https://www.information-philosophie.de/?a=1&t=4432&n=2&y=1&c=50

 

[9] Wulf D. Hund  , Der ‚jüdische Nigger‘ Lassalle. Marginalie zu einem Brief von Karl Marx, Essay online PDF. https://duepublico2.uni-due.de/servlets/MCRFileNodeServlet/duepublico_derivate_00046962/06_Hund_Juedische_Nigger_Lassalle.pdf

[10] Patrik Varga, Das Russische Element im Werk von Thomas Mann.  PDF. 

https://theses.cz/id/zgm8sx/DP_Patrik_Varga_Das_Russische_Element_im_Werk_von_Thomas_.pdf

[11] بەختیار عەلی بەرنامەی لەگەڵ ڕەنج –08.01.2012  – بەشی یەکەم –  ڤیدیۆی یوتوب لە ٢٢ دەقە تا ٢٣ دەقە!

https://www.youtube.com/watch?v=lZU6_BM-LgA&list=PLB9A28949EC08446B&index=

[12] بڕوانە کتێبی؛ قەوزەیەکی دیکەی فاشیزم – ئیسماعیل حەمەئەمین – چاپی دەزگای نوسیار .

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌