ڕۆمانی گۆشەگیری ٢٠٢٠ - هەروەها ڕۆمانی `گەندەڵی` ٢٠٢٢

ڕۆمانی (گۆشەگیری)  کوونکردنی دیواری مرۆڤی سپی


دیداری ئەدەبی

Loading

ڕۆمانی (گۆشەگیری)  کوونکردنی دیواری مرۆڤی سپی

دیدار لەگەڵ ئیسماعیل حەمەئەمین 

شاخەوان سدیق

شاخەوان سدیق:  پاش بڵاوبونەوەی ڕۆمانی (ئه‌ودیوو سنوور، باڵه‌فڕه‌ به‌نێو دارستانه‌كانی مانگدا) ئێوە ڕۆمانی (گۆشەگیری)تان بڵاوكردوە، كەتا ڕادەیەك لە ڕووی فەزا و شوێن و تەنانەت گێڕانەوەشەوە هەردوو ڕۆمانەكە لە یەكەوە نزیكن، دەكرێ‌ خۆت جیاوازی نێوان ئەم دوو ڕۆمانە شێواز و تەكنیكی گێڕانەوەیمان بۆ باسبكەیت؟

ئیسماعیل حەمەئەمین:  هەموو کارێک وەک فەیلەسوفی ئەڵمانی (پیتەر سلۆتەردایک) دەڵێت؛ کۆپیەکی لە شوێنێکی ترەوە وەرگرتووە… هەموو تابلۆیەک ڕەنگێکی لە چواردەوروبەردا دۆزیوەتەوە کە پێشتر بوونی هەبووە. مرۆڤ خۆی لە دواجاردا دەبێتەوە بەتوخمی زیندەگی بچوک و لاشەکەی دەبێتە لانەی لەدایکبوونی  کرم و مێش و مەگەز و ئەوەشی  شیدەبێتەوە دەبێتە خۆراکی زیندەگی گژوگیا و دەبێتە بەشێک لە ڕەگی گیا و گوڵ و درەخت، بەگشتی دەبێتە بەشێک لە پێکهاتەی خاک. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە لەبەرئەوەی مرۆڤ لە پەرەسەندنی بایالۆژییەوە لە خۆڵ و تەڕایی و ئۆرگانیزمی جۆراوجۆرەوە هاتووە، لە درەخت و خاک دەچێت. کاری هونەریی و ئەدەبیش ناوازەیە، هیچ کارێک لەویتر ناچێت. هەرچەندە ڕەخنەگرانی لیتراتور (ئەدەب) دەکرێت ڕایەکی تریان هەبێت، بەڵام من پێموایە لەدایکبوونی هەر کارێکی لیتراتی، لەدایکبوونێکی دانسقەیە و لەویتر ناچێت، چونکە هەر یەکە و خاوەنی ڕۆح و هەناسەیەکی جوداوازە لەویتر.

  بەڵام بە دیوێکی تردا لەمەڕ بیۆگرافیای ڕۆمانی (ئەودیوو سنوور) و ( گۆشەگیری) دا سەرنجێکی زیرەکانەیە، چونکە دوو ڕۆمانەکە لە چەند گۆشەنیگایەکەوە و لەچەند سەرە ڕێگەدا ڕوویان بەڕوویی یەکتردا دەبێتەوە. وەک چۆن ڕۆمانی (پایزی پاتریاک) ی (گابرێل گارسیا مارکێز) لە زۆر سەر ڕێگەدا  لەگەڵ (سەد ساڵ گۆشەگیری)دا یەکدەگرنەوە. من ئاوەها بیر لە مارکێز دەکەمەوە؛ ئەو گۆشەگیرییەی ژەنراڵ بۆیندیا لە جەنگە بەردەوامەکانیدا لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتبوو، ئەو هەناسەیە بوو کە مارکێز  لە (سەد ساڵ گۆشەگیریی) دا تێرنەبووە لێی، و دوایی دێت لە پایزی پاتریارکدا دیوێکی دووهەمی ئەو گۆشەگیرییە باسدەکات، کە گۆشەگیریی دیکتاتۆرە… لێرەوە پێموایە هەمیشە هەناسەیەک لە ڕۆمانێکدا بۆ ڕۆمانێکی دیکەی داهاتوو جێدەمێنێت. بەهەقەت وابوو،  دوای (ئەودیوو سنوور) هەستمدەکرد هەناسەیەک بەجێمابوو، نەمدەزانی چییە، هەناسەیەک، شتێک، کە ساڵانی دوایی، لە هەوادا هەستمپێدەکرد. ئەویش هەمان شوناسی ونبوونی پڕۆتاگۆنیستە (پاڵەوان) کە دەکرێت لە شوێنێکی تردا لەگەڵ هەناسەی خۆمدا تێکەڵ بێت. بەڵام هەناسە چییە؟ هەناسە لێرەدا میتافۆرە، ئەو هەڵم و هەڵاوەی  ڕۆحی سەردەمێکە، یان  چرکەساتێکی تایبەتە، ئێمە هەستی پێدەکەین. هەوایە تێدا ئەو پفەکە سلۆتەردایکیەیە، یان بڵێین ئەو  کەفە سابوونیە میتافۆریکەیە (مەجازی)  کە لە هەوادا هەن  سوبێکتی  ئێمە تێدا خۆی قوشمەڵە کردووە، و  تەماشای ئێمە بەریاندەکەوێت. بەشێوەیەکی تر، هەناسە ڕۆحە و ڕۆحیش تەقینی بڵقەکانە لەناو خودی مندا و قورسکردنی هەناسەمە بە هەوای بڵقە تەقیووەکان… ئەمە ئەم  دووڕیانەیە کە هەردوو ڕۆمانەکە، بڵقەکانی سەردەمێکی بەسەر کیشوەری سەردەمێکی تری ڕۆمانەکەدا تێپەڕاندووە، بە مانای،  خاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆمانی (ئەودیوو سنوور) بوو  لەگەڵ ڕۆمانی (گۆشەگیری).  

 

وو کتێبی ڕۆمانی `ئەودیوو سنوور` لەیەک بەرگدا؛کتێبی یەکەم `باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا` کتێبی دووهەم ` کوژرانی ئەدۆنیسەکان / ڕۆمان ٢٠١٠ ده‌زگای سولی.
وو کتێبی ڕۆمانی `ئەودیوو سنوور` لەیەک بەرگدا؛
کتێبی یەکەم `باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا`
کتێبی دووهەم ` کوژرانی ئەدۆنیسەکان / ڕۆمان ٢٠١٠ ده‌زگای سولی.

لێرەوە دوو ئەزموونی خۆم، دوو هەناسەی سەردەمێک، دوو بوونی خۆم لە دوو پفکەدا، دوو چرکەساتی سوژەیی، وەک خودێک تێکەڵی هەردوو ڕۆمانەکە بوون؛ یەکەمیان ئەزموونی دوو ساڵی (پۆست – سۆڤێتی)م بابڵێن زەمەنی (پاش- سۆڤێەت) و دووهەمیان ئەزموونی ژیانکردن لە ئێرا (زەمەن) و سەردەمی (پۆست – مۆدێرن)  بابڵێن پاش- مۆدێرن… هی یەکەمیان پۆست سۆڤێتی، ڕەگەکانی لە یادەوەری  سەدەی بیستدا قووڵکردبۆوە، سەردەمانێک کە دونیا بەسەر دوو ڕەنگی سوور و سپیدا دابەش بوو بوون. بەسەر سەربازگەی سۆسیالیزم و بەرەی سەرمایەداری، بەرەی شۆڕشگێڕە سوۆسیالیستەکان. بەڵام لە پۆست – سۆڤێتدا ئەم دوو ڕەنگە سوور و سپییە تێکەڵ دەبن، لەگەڵیشیدا خەونەکان دەپووکێنەوە و خەونی نوێ لەدایکبوون. من گەواهی ئەو لەدایکبوونەی خەونە نوێیانە بووم، بە حوکمی ئەوەی  من لە نێوان ١٩٩٤ – ١٩٩٦  لە ئێرای پۆست سۆڤێتدا ژیام. دیارە  ئاوارە و دەربەدەر و بێ پارە بووم، دونیایەکی ترسناک و دڵڕەق بوو، خۆم هیلاکی ئەو هەموو جەنگە بووم کە دوا جەنگی، جەنگی کوێت و شەڕی ناوخۆ بوو. جگە لەوە سۆڤیەت نەمابوو وەک دەوڵەت بەڵام دەوڵەتی مۆدێرنی سەرمایەداریش بە چەمکە دیموکراتیە لیبرالیەکەی، بوونی نەبوو.  ئیدی لە عەنتیکەخانەیەکی سەیری دەکرد، جا هەر لە ترامەوە بیگرە تاوەکو سوستێمی پسوڵەی بایەعی و کارەبا و ئاوی بەلاش، هێشتا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتبوو، هێشتا سوڤێتی و سۆسیالیستی بوو. بەڵام برسێتی بوونی هەبوو، برسێتیەک هاوڵاتی سۆڤێتی لەوەوبەر نەیدەزانی چییە. پارادۆکسەکە لێرەدایە، کە هاوڵاتیان داوای ڕووخانی سۆڤێتیان کرد بەسەرکردایەتی گۆرباتشۆف و پشتگیری  بیروڕاکانی کە بە (پێرۆسترۆیکا و گلاسنۆست) ناسرابوو،   چاوەڕەیی برسێتیان نەدەکرد، بەڵکو چاوەڕەێی ئازادی  خۆشگوزەرانی زیاتریان دەکرد. ئەوەبوو سۆڤیەت و ئەڵمانیای سۆسیالیستی و دەوڵەتانی  بلۆکی سۆسیالیستی  دوای پەنجا ساڵ وەک پولی  دۆمێنە دوای سۆڤیەت، یەک بەدوای یەکدا ڕووخان، بەڵام لەجیاتی ئازادی، بەرەڵایی و مافیا و بەرتیلخۆری و بێ یاسایی جێگەی گرتەوە، لەجیاتی خۆشگوزەرانی هەژاری و بێکاری پەلاماری هەموو ماڵێکی دا. من دەمبینی بازاڕە بچکۆلەکان لە ژێر سایەی مافیای گەڕەک لە سنوورەکانەوە شارەکانیان پڕ دەکرد لە شتومەکی ئەوروپی و ئەمریکی کە جاران قەدەغە بوو. لەولاوەش هێشتا کراسە بۆر و لەیەکچووەکانی کارگە ژەنگاویەکانی سۆڤیەت لەبەر بێپارەیی لەبەری خەڵکدا بوو. لەمەشدا نەوەی سۆڤێت و گەنجانی دوای سۆڤیەت لە خەون و تێڕوانینایدا بۆ دواڕۆژ، کەرت بوو بوون؛  نەوەی کۆن نۆستالژیای بۆ  سۆڤیەت هەبوو و خەونی بە گەڕانەوەی سۆڤێتەوە دەبینی.  نەوەی تازەش خەونی شمەکخۆری و ئەمریکانی هەراسانی کردبوو، بەجۆرێک گەنجی  ئەو دەڤەرە بچوک بوو بۆوە کە وای لێهاتبوو بوونی پانتۆڵی جێنز خەونێک بوو هەموو گەنجێک دەیبینی. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام قسەی کیژێک بوو کە گووتی“ خۆشترین شتی ڕووخانی سۆڤیەت، ئەوەیە کە بنێشتی ئەمریکی و بیرەی  ئەڵمانی لە هەموو شوێنێکدا دەفرۆشرێت“… خواردنەوەی ڤۆدکای خۆیان کە ئێستا لە ئەوروپا گرانترە لە ڤۆدکای ئەوروپی، ئەوسا، لای نەوەی نوێی دوای سۆڤیەت جێگەی سەرنج نەبوو. کەس نەیدەویست ڤۆدکای خۆیان کە وڵاتی ڤۆدکان، بخۆنەوە! ئەوەی جێگەی سەرنجیان بوو  ڤۆدکای فیللەندی و سکۆتچ ویسکی و بیرەی ئەڵمانی بوو.

بەڵام لەهەمانکاتیشدا سۆڤیەت نەمابوو بۆئەوەی شوقە بدات بەهەموو کەسێک و هەموو کەسێک کار و جێگە و ڕێگەی هەبێت. ئیدی کیژە عەلاگە بەدەستە هەرزەکارەکان لە گۆڕەپانەکاندا دەبینران بەدووی پیاوێکی پیر  یان بێگانەیەکدا دەگەڕان بیانباتەوە ماڵەوە و جەمە نانێک بخوات و لەسەر جادە لەسەرماندا ڕەق نەبێتەوە. من دەمبینی خەڵکی بە سێ کاژێر لە بەفر و سەرمای  زیاتر لە بیست پلەی  ژێر سفردا دەوەستان بۆ تەنکەری شیرەکەی زەمەنی سۆڤیەت کە هێشتا حکومەت دابەشی دەکرد،  بەڵام تەنکەرە  نەدەهات یان کە دەهات شیرەکە هەر ئاو بوو.  ناچار، دەبوایە لە بازاڕی مافیاکان شیر بکڕن، کە ئەمەش مەحاڵ بوو.  ئاوا خەونی ڕزگاربوون لە دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا و سنوورە دڕکاویەکانی کۆمۆنیزم لە بازاڕی ئازادی مافیاکان و ئەمریکانیزمدا گیرسایەوە… دیارە خانمە ڕۆژنامەنوس و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ (سڤێتلانە ئالیکسێڤیچ) لە کتێبەکانیدا بە وردیی باسی ئەم ئێرایەی کردووە بەتایبەت لە کتێبی ( زەمەنی دووهەم) و خوێنەر دەتوانێت لەگەڵ ڕۆمانەکانی (ئالکساندەر سۆڵژینستین) بەتایبەت ڕۆمانی (ئەرخبیل گولاک) لە ئێرای سۆڤێتی و پۆست سۆڤێتی نێزیک بێتەوە.

دیارە ئێرای پۆست سۆڤێت بۆ منێکی کورد سەرنجڕاکێش بوو، چونکە کە لە گەنجیەوە لەبەرەی مارکسییە لینینەکان بووم و کاریگەری قووڵی هەبوو بەسەرمەوە. بە تایبەت، کاتێک دەمبینی سۆڤێتێک کە بەگەنجی وەهامان دەزانی بەهەشتی سەر زەوییە، جگە لە بەندیخانەیەکی گەورە نەبێت هیچیتر نەبوو. تەنانەت هەموو بینایەک ئەفسەری سیاسی و چاودێری هەبوو، هەموو شوێنێک کاگابی و میلیتسیا چاودێری دەکرد، هەموو شوێنێک ڕاپۆرتنوسێکی لێ دانرابوو. جارێکیان خانمێکی جوانم بینی لە لیفتکەدا کە پرسیم ئایا تۆ پۆلیسیت، گووتی “من ئەفسەری ئەمنی و سیاسی  ئەم بینایەم، پیشەیەکە کە ماوەیەکی تر نامێنێت، چونکە سۆڤیەت نەماوە“…. جارێ هەر لەگەڵ دابەزینم لە تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی (کریڤ ڕۆگیا) کە شارۆچکەیەکە دوانزە کاژێر دوورە  لە شاری (کێیڤ)، هەموو ئەو تەلفیزۆن و پاسە و ئۆتۆمبێلانە سەرنجی ڕاکێشام کە دەمێک بوو لەکۆی ئێراقدا بوونی نەمابوو. لە هۆتێلە پێنج ئەستێرەکە، تەلفیزۆنەکە تەلفیزۆنی گڵۆپ بوو، شەپۆلی دەدا… کە سەیری دەرەوەم دەکرد دەمبینی هەموو شتێک ژنگاوی و خۆڵە عەمەلەیە، لە دڵی خۆمدا گووتم “ من و هاوڕێکانم بۆ ئەمە شەڕمان دەکرد“ زۆر خەفەتم خوارد لەو هاوڕێیانەم کە لەزیندانەکانی بەعسدا لە ژێر دروشمی (بژی خەباتی سۆسیالیزم) گیانیان لەدەستدا. لەم چرکەساتانەی دڵشکانەم لە دونیا، ڕۆمانی ئەودیوو سنوور لەدایکبوو.

  لەو ڕۆژەوە (دڵشکان) ئەو وشەیە کە تا ئەمڕۆ دەمەوێت تێیبگەم؛ لە ڕۆمانی ئەودیوو سنووردا کاراکتەرە کوردەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو دڵشکانەدا دەکەن و لە ڕۆمانی (گۆشەگیری) شدا دڵشکان ڕەهەندێکی گەورەتر وەردەگرێت… لە نێوان ئەم دوو ڕۆمانەدا ڕەشنوسی  ڕۆمانێکی گەورەی نۆسەد لاپەڕەیی وەستاوە کە پێش گۆشەگیری نوسراوە، بەڵام وەستام بۆئەوەی هەناسەیەکی تری درێژبۆوەی دوای پۆست سۆڤیەت، کە هەناسەی ژیانی پۆستمۆدێرنمە و دڵشکانی ئەو ئێرا نوێیە، بنوسمەوە… چیتر نەمدەتوانی بەردەوام بم و لە نۆسەد لاپەڕەدا وەستام. ئیدی کەوتمە کۆکردنەوی بەشە پەرتەکانی ئەم ڕۆمانی گۆشەگیرییە کە لە ٢٠١٢  لە هانۆڤەر بەشێکیم نوسی بوو و پاشان لە ٢٠١٦  لە لەندەن دا بەشێکی تر، بەڵام ئەوەی ونبوو نوسینەوەی ئەو هەناسەیە بوو لە سییەکانمدا پەنگی خواردبۆوە و لێرەوە ڕۆمانی (گۆشەگیری) لە ٢٠١٩ دا لە دایکبوو.

بێگومان ڕۆمانی (ئەودیوو سنوور) تەکنیکێکی جیاوازە وەک لە ڕۆمانی (گۆشەگیری)  لە گۆشەگیریدا قووڵبوونەوەکانم بۆ خوێنەر جێهێشتووە و پڵۆت (گرێچن) و ڕووداو  زاڵە و خودی نوسەر سێبەری خۆی دەرناخات.  بەڵام  لە (ئەودیوو سنوور)دا هەوڵمداوە کەشوهەوا و قووڵبوونەوەی خودیانەی خۆم لە ناو ئەفسانەدا پراکتیزە بکەم؛ ئەو تێڕوانینەی کە هەموو شتێک خەیاڵ و ئەفسانەیە، هەموو شتێک دووبارە بوونەوەیە، خولیام بوو، بێگومان خولیای خوێندنەوە فیکریی فەلسەفیەکانیم بوو. لێرەوە (بەئەفسانەکردنی دونیا) لای من خاڵێکی سێنتراڵی بوو، ئەمەش لەڕێگەی بەرجەستەکردنی (ئەفسانەی ئەدۆنیس) بوو لە کەرتکردنی ئەدۆنیس بۆ دوو ئێرا؛ یەکەمیان  (ئێرای شەستەکان) کە زەمەنی کوشتنی شیوعیەکانە بەدەستی مەلاییەکان و ئەدۆنیسی شاعیر و باوک تێدا دەکوژرێت.  ئێرای دووهەم، زەمەنی هەشتاکانە، زەمەنی ئێمەی کۆمەڵەکانە، بەوەی کە (ئەدۆنیسی کوڕ) دەبێتە ئەندامێک لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان یان ناوە ئەسڵەکەی ( کۆمەڵەی مارکسیزم – لینینزمی کوردستان) ئەرکی شۆڕشگێڕی ئەو، تیرۆری بەعسیەکان بوو. لێرەوە ئەم ئەفسانە ڕیالستییە تێکەڵی  ئەفسانەی  خواوەندەکان دەبن، بەتایبەت ئەفسانەی  ئەدۆنیس. ئیدی خواوەندە مێینەکانی وەک ڤینۆس و هێرا و هادێس  پێرسێفۆنا، هەم ڕیالستین هەم خواوندن هەناسە دەدەن… ئەفسانەیەکی سەیرە ئەفسانەی ئەدۆنیس کاتێک دوو ژن پیاوێک بەشدەکەن، دەشێت ئەمەش خولیایەکی بیۆگرافییش خۆشم  بوو بێت.       

شاخەوان سدیق:  تەواوی ئیشكردنی تۆ لەم ڕۆمانە نوێیەتدا، پیشاندانی وێنە شێواو تێكشكاوەكانی ئینسانی مۆدێرنە لە ڕێگەی زمانێكی تا ڕادەیەك ڕووتی بێسانسۆری كۆمیدی ئاساوە، بەڵام پیشاندانی وێنەكان بە خەمێكی تراژیدی قووڵەوە، كە هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ زمانێكی كینیزمانه‌ (گازگرانه‌) ده‌گێڕێته‌وه‌، زمانێكی پیس به‌ڵام وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت “ڕۆحی جیهانی ئێستامانه”‌ دەكرێت بزانین ئەم هەموو نیگەرانیەی تۆ لە مرۆڤ لە ئێستادا بۆ؟ لە ڕاستیا تۆ لەم ڕۆمانەدا دەتەوێت چیترمان پێبڵیت كە وەك مرۆڤ بیرمان چۆتەوە؟

 

ڕۆمانی گۆشەگیری ٢٠٢٠ – هەروەها ڕۆمانی `گەندەڵی` ٢٠٢٢

 

 

ئیسماعیل حەمەئەمین؛ تەواو ئەمە ئەو هەوایە بوو کە هەستمپێدەکرد ڕۆژانە وەک هەناسە هەڵیدەکێشم؛ لە زەمەنی  نوێی دوای شۆڕشەکان، ئێرای  نوێی دوای بەرەی ڕەش و سپی دژ بەیەک. دونیای پۆست مۆدێرنیزم، جیهانگیری کە لە گوندێکی بچوکەوە دەستپێکرد تاوەکو ئەوسەری دونیای پێکەوە گرێدا. ئیدی ڕۆحی جیهانێکی نوێ لەناو شمەکخۆریی و چەپەڵکردنی ئاووهەوا و بۆگەنبوون لەناو خودی مرۆڤ خۆیدا  لەدایکبوو. من ئەمە ئازاریدەدام، چونکە من کوڕی ئێرایی شۆڕش بووم، لە دونیا نوێیەکەدا نامۆ بووم. ئاخر کە شۆڕشگێڕ بیت، فێردەبیت ئاوڕ لەوەی دواوە و لەوەی تەنیشت و چواردەورت بدەیتەوە.  بێگومان من هێشتا هەر بڕوام بە شۆڕش هەیە لە فۆرمە خەوبینەر و ڕۆمانس و هەڵگەڕانەوە و سۆڵیداریتیەکەیدا، بەڵام لەم دونیا نوێیەدا هاوکێشەکان پێچەوانە بۆتەوە. هەربۆیە فۆرمالی فەلسەفی فەیلەسوفی فەڕەنسی سەدەی حەڤدە (پاسکال)، بەتایبەت بەندی حەوتەم  فراگمێنتی ١٢٢  لەلام جێگەی سەرنج بوو کە دەڵێت “ مرۆڤ تا ئەبەد بەلای مرۆڤێکی تردا تێدەپەڕێت“

بێگومان ئەم فراگمێنتە شرۆڤەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام ڕۆماننوس جۆرێکی تر خۆی دەدات لە ڕستە فەلسەفیەکان. ئەم فراگمێنتە لە یەکەم لاپەڕەی ڕۆمانەکەمەدا دانراوە، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم؛ کە ئەم فۆرمالە دوای نوسینی ڕۆمانەکە بەسەریدا کەوتم، چونکە بیرم لەوەدەکردەوە کۆی ئەم (جوڵە) یە و ئەم هەموو جوڵەی پاڵەوانەکان و ڕووداوەکان بەرەو کوێمان دەبات؟!

 بێگومان لێرەدا بیر لەو جوڵەیەی بونگەراییەی  دەکەمەوە کە (هایدگەر) باسیدەکات کە (بوون) بەرەو (داڕمان) دەبات و پاشان بەرەو لەخۆگرتنی سایکۆلۆژیانەی داڕمان و ڕووخان.  هایدگەر لە (بوون و زەمەن) دا بە ( بەنێوەکی کردنی ڕووخان) وەک بەشێک لە خودی خۆت و لەوێوە بۆ هۆشیاریەکی وجودیانە بە جوڵەیەکی گرنگ تێدەگات. لێرەدا یان بە ڕووخاویی دەمێنێتەوە چونکە ڕووخانەکەت نێوەکی نەکردووە، یاخود لەقەیرانی بووندا، لێرەبوونی خۆت، دازاینی خۆت، لەدواجاردا خۆی دەدۆزێتەوە و ڕێگەیەکی تر دەگرێتە بەر و دەبێتە (شارەزایی) و   (پڕۆژەیەکی دازاین) و لێرەبوونی بوون و  بە هۆشمەندیەکی نوێیەوە نەخشەی  ژیانی خۆی دادەڕێژێت و بەرەنگاری زەمەن دەبێتەوە…

 لێرەدا بیر لەم  جوڵە بونگەراییەی هایدیگەر دەکەمەوە و دەڵێم؛  پێدەچێت ئەم هاوکێشەیە بۆ مرۆڤی سەدەی  نۆزدە و بیست ڕاست بوو بێت بەڵام بۆ مرۆڤی (کۆتایی مێژوو) و بەرهەمهاتوویی پۆست مۆدێرن و سەرمایەداری وەحشی و نیولیبرالیزم، هاوکێشەکە پێچەوانە بێتەوە! خۆئەگەر ئەم کێشەبەندییە بونگەراییە هایدگەرییە لەگەڵ  فۆرمالەکەی پاسکال لێکبدەین، دەتوانین پێناسەی مرۆڤی ئەم سەردمە بکەین و  بڵێین؛ مرۆڤ بەلای  بوونی خۆیدا تێدەپەڕێت، مرۆڤ ئاوڕ لە بوونی خۆی ناداتەوە.

 هەربۆیە لە تەکنیکی ڕۆمانی (گۆشەگیری) جوڵەی بوونگەرایی زۆرترە، جوڵە و ڕووداو زۆرترە وەک لە شرۆڤەکردن و فەلسەفاندن. بەداخەوە جوڵەی بوونگەرایی ئەم سەردەمە تێپەڕبوونە بەلای یەکتردا،  هەر وەک ئەوەی ئەم بەلای یەکتردا تێپەڕبوونە، دەموچاوی مرۆڤی ئێستابێت!

 دیارە دەبێت ئەوەش بڵێم؛ لەکاتی نوسینی ڕۆمانەکەدا من بیرم لەم ئیشکالیەتە فەلسەفیانە نەکردۆتەو  تەنها ڕووداوەکانم نوسیووەتەوە کە خوێنەر بە ئاسانی دەتوانێت لەدەرەوەی ئەم شرۆڤەی من، خۆی لێکدانەوەیەکی تری بۆی هەبێت. من ئێستا ئەم قسانە دەکەم، ئێستایە، کە خۆم دوایی بوومە خوێنەری ڕۆمانەکەم و هەوڵدەدەم لە ڕێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکەت لە ڕۆمانەکە نێزیکببمەوە. بەهەقەت وابوو، لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، کە دوای چاپکردنی بووم بە خوێنەری،  تێبینیمکرد جوڵەی بەردەوام بەشێکە لە بوونگەرایی و کێشەبەندیەکی وجودیانەی پاڵەوانەکان. جگە لەوە بەدرێژایی ڕۆمانەکە هەوڵمداوە شوێنای مرۆڤ، بوونی مرۆڤ بدۆزمەوە لە ناو جیهاندا، بوونی لەناو؛ پێناسە کولتورییەکان، شەڕی جەستە لەگەڵ دونیا و پارە، جەنگەکان و حەزە سێکسوالیەکان، گاڵتەجاڕیی و سینیزمی دونیادا…

بەڵام لەمەشدا وەک تەکنیکی ڕۆمانەکە من  قسەکەری سەرەتا و کۆتایی نیم، وەک چۆن لە ڕۆمانی کوردیی پانزە ساڵی لەمەوبەر بوونی هەبووە، و گێڕەوە یان نوسەر بەردەوام قسەی کردووە و دەنگی نەداوەتە پاڵەوانەکانی. نەخێر، من وەک نوسەری ڕۆمانەکە لە ڕۆمانی (گۆشەگیری) دا قسە ناکەم و هیچ شرۆڤەکاری  ناکەم، وەک چۆن ڕۆمانی کوردی ئەم پانزە ساڵەی دوایی ڕۆماننوس خەریکی بانگخوازیی و شرۆڤەیە و هیچ بوارێک ناهێڵێتەوە بۆ خەیاڵی خوێنەر کاری خۆی بکات و خوێنەرو کوردی بە وەڵامە ئامادەکان تەمەڵکردووە. تەنانەت پاڵەوانەکانیش لە ڕۆمانی گۆشەگیریدا شرۆڤە ناکەن، چونکە ئەوان لەسەر حسابی خۆیان دەژین، نەک لەسەر حسابی گوتاربێژیی و بانگخوازیی ڕۆماننوس. بەبێئەوەش، پاڵەوانەکانم سەرقاڵی جیهانێکی خێران، بەدووی نان و سێکس و خۆشویستیەوەن، سەرقاڵن بە گۆشەگیریەکانی خۆیانەوە. لێرەوە هەموویان تێپەڕدەبن بەلای یەکتردا، وەک لە بەشی چوارەم (ئەنوبیس) دا ئەوە دەبینیت، لە چەند سەرە ڕێگەیەکدا سوزی و ڤێسنای لەشفرۆش و پاڵەوانەکەم یەکتری دەگرنەوە. سێرژی ڕووس و پاڵەوانەکەم لە باڕێکدا پێکەوە قسەدەکەن، مامە عەزە و شرودەری دەموچاو بارگیر یەکدەگرنەوە…

بەڵام ئەوەی خاڵی پاسکالییە لەم ڕۆمانەدا ئەوەیە، پاڵەوانەکە بەلای هەموویاندا تێدەپەڕێت، تەنانەت بەلای (ئورسولا باومان) تێدەپەڕێت کە ئەشقەکەیان هەفتەیەکی خایەندووە. لە کۆتایشدا دەیبینی دەربەستی  دونیا نییە، بڕیاڕ دەدات وەکو ئەوانیتر بەلای ئەویتردا تێپەڕێ و هیچیتر. دەیبینیت لە هۆتێلەکەوە سەیری شەقامەکە دەکات کە پۆلیس پەلاماری خۆپیشاندەران دەدات، ئەو بیر لەو تراژیدیایە ناکەتەوە لەبەردەمیدا ڕوودەدات، نەخێر، ئەو بیر لە سێکسی خۆی دەکاتەوە کاتێک لەگەڵ ڕیتا ئاوڕاخدا دا  بەسەرخۆشی پێکەوەبوون. تەنانەت لەو چرکەساتەدا جگەرەی حەشیش دەکێشێت، قووم دەدات لە ویسکیەکەی و گوێ لەجاز دەگرێت، کەچی لە دەرەوە لەسەر شەقامەکان خەڵک دەکوژرێت… ئەمە ڕۆحی ئەو تێپەڕبوونە سەختەیە بەلای ئەویتردا، وەک پاڵەوانەکەم ئەوەی ڕۆحی سەردەمەکەی خۆی دۆزیبێتەوە.

لێرەدا من بیر لە (کۆلن وڵسن) دەکەمەوە لە کتێبە شرۆڤەییەکەیدا بەناوی (دەرەکیی – The Outsider)   کە باس لەو فیگور و خودە مۆدێرنە دەکات لە دەرەوەی شتەکان دەوەستێت، لە نموونەیەکی ئەدەبیدا (ڕۆمانی جەهەنەم) ی ڕۆماننوس (هێنری باربۆس) باس لەو پاڵەوانە دەکات کە دوای هاتنەوەی لە کار، لەو هۆتێلەی تێدا دەژیا، کوونێک لە دیوارەکە دەکات و سەیری ژوورەکەی تەنیشتی دەکات، سەیری ژیانی ئەو ژنە دەکات کە لەودیوو دیوارەکەوە چۆن دەژی و چۆن خۆی ڕووتدەکاتەوە و چۆن پێشوازی لەمیوانەکانی دەکات. کە دەچێتە سەرشەقامەکان حەزدەکات لە سووچێکدا بێلایانەنە سەیری هاموشۆکەران و کەسەکان بکات، هەمووژیانی سەیرکردنی ئەویترە، بێئەوەی ئاوڕیان لێ بداتەوە، سڵاوێکی لێ بکات، پێی بڵێت؛ ئەتوانم چیت بۆ بکەم…

لە ڕۆمانی (گۆشەگیری)دا ئەم (دەرەکیی- بوون)ە تەواو بەرجەستەیە، هەموو پاڵەوانەکان وەهان، وەک ئەوەی دەرەکی ئەبەدی بن، تەنانەت ژن و مێردەکان کاتێک یەکتریان بیردەکەوێتەوە کە سێکسیان لەیەکتر دەوێت. بۆ نموونە؛ سوزی بڕوایەکی پتەوی بە لەشفرۆشی هەیە وەک خاڵی سێنتراڵی  کە ئەم جیهانەی لەسەر ڕاگیراوە، وەک  ژنێکی هۆشیار بە دونیای خۆی دەڵێت؛ “ لە نێوان گەواد و مێردا جیاوازیەکی گەورە هەیە، لای ژن پیاو نابێت بە مەعمیل، بەڵام پیاوەکان تا مردن دەیانەوێت خۆیان بکەنە مەعمیلی ژنەکانیان“ 

لەم خاڵەوە خالیدی دەیوسی کۆنە مێردی سوزیی دەیەوێت (قەحبەخانەی پیاوان) بکاتەوە، کە ئیدی لێرەدا ڕۆمانەکە هاوکێشەی مرۆڤ نیشاندەدات لەگەڵ لەشفرۆشخانە گەورەکانی جیهاندا، لەشفرۆشخانەکانی جیهانی نوێ وەک؛ بۆرسەکانی پارە، جەنگەکان، سیاسیەکان، میدیاکان، مزگەوت و کڵێسا و پەرستگاکان،  ڕاوێژکارە سیاسی و ئابورییەکان، کۆمپانیاکان، ئێن جی ئۆکان، حیزبە سیاسیەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکانیزم، بانقە ئیسلامیەکان، حیزبە لیبرال و ئیسلامی و عەلمانیەکان، بازرگانانی چەک و حەشیش و خواردنی ئێسکپایەر، ڕژێمە تۆتالیتاریەکان… هتد.  ئەمانە هەموویان لەشفرۆشخانەی مرۆڤن، بۆردێلۆیی ژن و پیاوەکانن، مرۆڤ تێدا ویژدان، بیروڕا، لەشی، خۆی بەتەواوەتی تێدا ساغدەکاتەوە… لەم بۆردێلۆ گەورەیەی ئەم جیهانەدا هەموو مرۆڤەکان  بەلای ئەویتردا  تێدەپەڕن، هەموویان وەک ئەوەی مەعمیلی لەشفرۆشخانە بن پێویستی خۆیان لەیەکتری تێردەکەن و بەلای یەکتردا تێدەپەڕن. هەموویان یەکتری وەک بنێشت دەجوون و دوایی فڕێیدەدەنە زبڵی دونیایەوە. ئەمەش ئیشکالیەتی جوڵە و ڕووخانی مرۆڤە کە چیتر بە چەمکە هایدیگرییەکەی (ڕووخان) و (داڕمان – Absturz) لە خۆیدا نێوەکی ناکات، بەڵکو لێرەدا تەنها بەلای کێشەی وجودیی خۆیدا تێدەپەڕێت،تەنانەت ئاوڕیش لە کێشەی بوونگەرانەی خۆشی ناداتەوە. هەربۆیە ڕۆحی ئەم سەردمە نوێیە؛ گەمژێتیە و (گەمژێتی – بوون)ە.

بەداخەوە مرۆڤ ونبووە لەم سەردەمەدا، ئێمە لە ئێرای( گەمژێتی جیهان) دا دەژین کە ئیشکالیەتی ئەوەی هەیە پرس ناخەتە سەر شوێنای خۆی لەجیهاندا، مرۆڤ بە گوزارشی هایدگەر (بەرەو جیهان چوون) ناڕوات، وەک چۆن ڕۆمانسیەکانی کۆتایی سەدەی هەژدە و  سەدەی نۆزدە بەدوای ڕۆحی جیهاندا دەگەڕان لە ڕۆشنگەریدا و پرسیان دەخستە شوێنای خۆیان و مرۆڤ لەجیهاندا… نەخێر، ڕۆحی ئەم سەردەمەی دوای جەنگی سارد و سەدەی بیست و یەک (گەمژێتیە)  تەنانەت وشەی (ڕۆح –   Geist – Spirt) هەڵەیە بۆ پێناسەی ئەم کەشوهەوای ئێستا، چونکە  مرۆڤ تەنها بە شتەکاندا تێپەڕ دەبێت، تەنانەت بەناو ئایدیا و موزیک و جوانیشدا تێپەڕ دەبێت و ئەمە نێوەکی ناکات لەخۆیدا، نایکات بە پرس لەسەر بوونی خۆی و دەوروبەریی و ماناکانی ژیان، بەداخەوە  هەر وەک گەمژەیەکی پۆست مۆدێرن و نیولیبرال دەمێنێتەوە و دەمرێت. سەیری سیاسەت بکە لە دونیا، سەیری بازاڕ بکە، سەیری ئەکادیمیای ئێستای دونیا بکە، هەموویان تێپەڕ دەبن بە زانست و فەلسەفە و لیتراتور و  شتەکاندا و تەنها یەک شت بەرهەمدێن؛ گەمژەیی…   

    

 

شاخەوان سدیق:  لەم ڕۆمانەدا بەپێچەوانەی تێڕوانینە باوەكانەوە بۆ ئەوروپا و ڕۆئاوا بەگشتی كە هەمیشە وەك بەهەشت وێناكراون لای تاكی كورد، تۆ هێرش دەكەیتە سەر مرۆڤی سپی پێست و ماسكه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی و كۆلۆنیالیزمه‌كه‌یان هه‌ڵدەده‌ته‌وه‌ و ئیتر مرۆڤی سپی ڕۆژئاواییی به‌حه‌كیمی زه‌مانه نازانی، دەكرێ‌ لیرەدا كەمێك وورتر لەم بۆ چونەت بۆمان بدوێیت؟

ئیسماعیل حەمەئەمین: سەرنجێکی تا بڵێی جوانە…. بەڵێ وایە، ئەم ڕۆمانە لەو ڕۆحە ڕۆژهەڵاتناسیە، ئۆرێنتالیستیە، دەدات کە ڕۆماننوسی کورد ساڵانێکە، بێئەوەی بەخۆی بزانێت نێوەکی کردووە.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم دەستەواژەیەم ڕێگەم بدەن ئەم چەمکانە ڕوونبکەمەوە؛

نێوەکیکردن Internalise  یاخود بە ئەڵمانیVerinnerlichung دیاردەیەکی سایکۆلۆژی مەترسیدارە، بەجۆرێک، دێتە نێو هۆشمەندی گەلانەوە و دەبێتە خەسڵەتی کولتوریی. نێوەکیکردن ئەوەیە  کولتوری داگیرکەر، کولتوری چەوسێنەر بێتەناو قووڵایی ناخودئاگاییتەوە، ببێت بە بەشێک لە نەستی کەس و کۆمەڵگە،  هەڵسوکەوت و زمان و کولتور و دەقە لیتراتی و کاری هونەریت  هەڵسوڕێنێت.  لێرەدا هەر دەبێت  بچینەوە بەردەم تێزەکانی (ئێدوارد سەعید)  لەمەڕ (ڕۆژهەڵاتناسی) و سەید پێیوایە؛ کە گرفتەکە تەنها لە ڕۆیشتن و کۆتایی کۆلۆنالیزمدا نییە، یان بڵێن ئیمپریالیزم. نەخێر، بەڵکو گرفتەکە لەو کولتوریە کە بە درێژایی ساڵانی داگیرکردن لە ناو میللەتی داگیرکراودا بەجێهێشتووە و بە پڕۆسەیەکی سادومازۆخی بۆتە بەشێک لە کولتوریان. بەمانای داگیرکراو، کۆلۆنیکراو، بەشێوەیەکی نەستی  هەموو بیروڕاکانی داگیرکەریان لە خۆیاندا دایەنگە کردووە. بۆ نموونە؛ زۆربەی گەلانی داگیرکراو، زمانی خۆیان لە پلەی دووهەمدا دەبینین بە بەراورد بە زمانی داگیرکەرەکەیان. نموونە؛ هەرچەندە حکومەتی جەزائیری و مەغریبی و تونسی لەدەست فەڕەنسیەکان ڕزگاریان بوو، بەڵام هێشتا زمانی خۆیان کە عەرەبییە بە پلە دوو دەبینین لەچاو زمانی کۆلۆنیستەکەیان کە فەڕەنسایە. ئەو وێنانەی داگیرکەر هەیەتی لەمەڕ میللەتی داگیرکراو، داگیرکراوەکان بێئەوەی بە خۆیان بزانن هەمان وێنە بەرهەمدەهێننەوە…  نموونەیەکی تر؛ کولتوری داگیرکەرانی کوردستان پێتدەڵێت؛ زمانی کوردی هیچە، کورد هەمووی خۆ خۆرن، کورد نابێت بەهیچ… هتد. ئەمەشیان دابەزاندۆتە ناو هۆشمەندی مێگەلی کۆمەڵایەتی  و جەماوەریی کوردیی. بەمەرجێک مێژووی عەرەب و فارس و تورک پڕێتی لە خۆخۆریی و دووبەرەکی و ناشرینی، بەڵام داگیرکەر هەمیشە (وێنەیەکی چەسپاو)ی هەیە لەسەر داگیرکراو و بەکۆی دەزگای حکومی و موخابەرات و پارە و پشتگیرییەوە هەوڵی چەسپاندنی دەدات.

بەدیوێکی تردا، ڕۆژهەڵاتناسە ئەوروپیەکان ئەو وێنانەی هەیانە لەسەر ڕۆژهەڵات بەدرێژایی مێژوو هەوڵی چەسپاندنیان داوە، وێنەکانی لەم جۆرە؛ مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ئەقڵانی نییە، شەهوانییە، گێلە، تەنها ئاینییە و بەدوای شێخ و مەلا و ئاغاوەیە، زانستی نییە، خوارفییە و ڕوانینی نییە بۆ داهاتوویی، بچوک و بەتەماعە، توانای حوکمی خۆی نییە و …هتد. بێگومان ڕۆژهەڵاتناس باسی دیاردەکان دەکات کە هەمووان دەیزانین، بەڵام وەک جەوهەرێکی نەگۆڕ و چارەنوسێکی ئەبەدیی باسیدەکات. بەڵام باسی هۆکارەکانی ناکات و خۆی لەباسکردنی هۆکارەکەی دەپارێزێت، کە لە زۆربەیدا هەژموونی  (پیاوی سپی) یە،  چ لە فۆرمە ڕاستەوخۆکەیدا کە ئیمپریالزمی سەدەی بیست بوو، چ لە فۆرمە ناڕاستەوخۆکەی کە لە سەدەی بیستویەکدا  هەژموونی  کۆمپانیا ئەمریکی و ئەوروپییەکانن لەڕێگەی سەفارەت و موخابەرات و یەکێتی ئەوروپاوە. لێرەوە  ڕۆماننوسی ڕژد   دەچێتە ئەو دیوو ئەو گوتارە ئۆرێنتالیستیەوە، نەک ئەویش هەمان وێنەی ڕۆژهەڵاتناسەکان و هەژموونی پیاوی سپی لە ڕۆمانەکەیدا دووبارە بەرهەمبهێنێتەوە. دەبێت بپرسین: کێ هێزە دواکەوتوو گەندەڵەکان پشتگیر دەکات؟ کێ قاعیدەی دروستکرد؟ کێ داعشی دروستکرد؟ کێ سەدامی دروستکرد؟  کێ بە تەن چەکی دایە بەمەرجێک ئێراق ناتوانێت قەڵەمدادانێک دروست بکات؟ کێ پشتگیری خێڵە سیاسیە دواکەوتووەکان دەکات؟ کێ پشتگیری فۆرمی بنەماڵەیی دەکات؟

لەم گۆشەنیگایەوە گرنگی ڕۆمان و هەڵوێستەکانی (ئالبیرکاموو)م دێتەوە یاد، کە کاموو چەندە لەدژی ئەم خوارفاتی کۆلۆنیالیستیە سپییە کاری کردووە. لە ڕۆمانی (بێگانە) دا  پاڵەوانەکە (مێرسۆ) دوو جەزائیری عەرەب دەکوژێت  چونکە مێرسۆ وەک خۆی  لەوەڵامی دادوەرەکەدا دەڵێت “بریقەی چەقۆکەیان داویەتی لە چاوم و بێزاری کردم“

  لێرەوە کاموو پەنجە دەخاتە سەر گرێ دەروونییە ئاڵۆزەکانی مرۆڤی  سپی و (سپی – بوون). بیرمان نەچێت (کاموو) خۆی پیاوی سپیی فەڕەنسییە کە وەک `عەرەبی هاوردەی کەرکوک`، ئەوانیش لە فەڕەنسییە هاوردەکان بوون، و لەو ناوچانە دەژیان کە بە (جەزائیری فەڕەنسا) ناسرابوو. بەڵام لێرەدا هەژاریی ئەوانی فڕێدابووە ئەو بارەوە و باوکی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا کوژرا بوو. کاموو منداڵێکی هەتیوویی لەلایەک فەڕەنسیەکی داگیرکەرە و لەلایەک هەژار بووە، هەربۆیە پێموایە کاموو  جگە لەڕۆمانەکانی، کارە فەلسەفیە بوونگەرایەکانی گەڕانە بەدووی ناسنامە و دژەناسنامە، هەرەوەها گرفتی  توانەوە لە ناسنامەیەکی تردا و توانەوە لە هەڵسوکەوتێکی تردا، کێشەبەندیەکی ڕۆمانی و فەلسەفیە.

من پێموایە (کاموو) بەریەکەوتنی سەختی هەبوو لەگەڵ کۆلۆنیالیزم و هەژموونی (پیاوی سپی) لە جەنگ و داگیرکردن و شێواندنی ناسنامەکان، کە کاموو ئەو لەتبوونەی ناسنامەی دەدی کە دەرئەنجامی ڕۆژهەڵانتاسییە و  وەک ئاپاراتوسێکی کۆلۆنیالیزم و میتۆدێکی هەژموونی پیاوی سپی لەسەر گۆی ئەم زەویە. لێرەوە دەمەوێت ئاماژەبدەم بە   خانمە نوسەری دووڕەگ پاکستانی و ئینگلیزی (سارا ئەحمەد) کە لە بریتیا گەورە بووە،  لە باوکێکی پاکستانی و دایکێکی بریتانیی. سارا کە پرۆفیسۆرە لە بواری جێندەر و فێمێنزمدا، لەزۆربەی نوسینەکانیدا جەخت لە (هەژموونی سپێتی) دەکات یاخود گوزارشی “بیرکردنەوە لە ڕێگەی ڕەنگی پێست“  پێدەچێت جوانترین تایتڵی پڕۆژەیەکی سارا و کۆمەڵێک هاوڕێی بن کە وەسفی هەژموونی سپیبوون دەکات لە جیهاندا.  

لەم خاڵەوە، هەموو ئەوانەی لە نێوان دوو کولتوردا وەستاون هەژموونی پیاوی سپی و مرۆڤی سپی وەک هەژموونێکی سیاسی وکولتوری دەبینین و لێرەدا پابەندی دەکەمەوە جارێکیتر بە تێزە گرنگەکەی (ڕۆهەڵاتناسی) بەوەی کاری ڕۆژهەڵاتناسان تێگەیشتن نەبووە لە ڕۆهەڵات یان (ئەویتر)،  بەڵکو کاری ئەوان دروستکردنی چەند کڵێشە و بۆچۆن و سیاسیەتێک بووە کە  بۆ مەزنکردنی کولتوری مرۆڤی سپی و بچوکردنەوەی ڕۆژهەڵات و میللەتانی دەرەوەی سپی تا ئەمڕۆش  پیادەی دەکەن. لەسەر ئەم بنەمایەش ڕۆژهەڵاتناسی و ڕۆژهەڵاتناسان؛ زانکۆ و نێوەندی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵات و زمانە ڕۆژهەڵاتیەکانیان دامەزراند، نەک بۆئەوەی ئێمە بناسن، بەڵکو بۆئەوەی یەکێکی وەک (ئی، جی، ئیدمۆز) لە (زانکۆی کامبریج) پێ بگەیەنن کە بەکوردیی و زاری هەورامی وەها باش قسەی دەکرد کە ماوەی پانزە ساڵ لە کوردستانی زەمەنی حوکمی عوسمانی وەک ڕەنجبەر و خزمەتکار لای ئاغا و سەردەستەی کورد کاری کردووە. دوایش ئەم زانستەی فێری بووە و خوێندویەتی بۆ تێگەیشتن لە ئەویتری ڕۆژهەڵاتی و ڕایەڵکردنی دیالۆگی کولتوری نەبووە، بەڵکو بۆ ئەوە بووە هەژموونی داگیرکردنی ئینگلیز لە کوردستاندا باڵادەست بکات و ببێتە حاکمی موتڵەقی سلێمانی. نابێت لێرەدا هۆشیاری فایەق بێکەسی شاعیر  لەیادبکەین، کە بەڕای من یەکەمین ڕۆشنبیری کوردە کە خۆرئاوا و پڕۆژەکەی کە لە کۆلۆنیالیزم و  ` هەژمونی پیاوی سپی` دا خۆی بەرجەستە دەکات، ڕەتدەکاتەوە.   بێکەسی شاعیر قەسیدەی (بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم)  لە نەورۆزی ساڵی ١٩٤٦ دا لە گردی مامە یارە، لەبەرچاوی سەدان کەسدا و ڕووبەڕووی ئەدمۆنزی حاکمی ئینگلیزدا خوێندەوە، ئەوەش وەهایکرد کە فڕبدرێتە زیندانوە و کۆی ژیانی بێکەس دژایتی ئەو هەژموونە سپییە بوو کە کوردستانی دابەش و وێرانکرد. بەمانای  کۆی خوێندندنی (ئی جی ئەدمۆنز) و (مس بیل) لەکامبریج و کوردی و عەرەبی و فارسی زانیان،  بۆ ئەوە بووە ببنە دڕندەیەکی مۆدێرن؛  سلێمانی بۆمباباران بکەن، خێڵەکان بکەن بەجاش، ڕۆحی هەڵگەڕانەوە بخەنەوە بەردەم ئاغاکان و چەندەهای وەک (عادیلە خانم) بکەنە جاسوس و جاشی خۆیان کە لەنامەیەکدا (میس بیڵ) بۆ (سێر پێرسی کوکس) حاکمی ئێراقی نوسیووە “ پاداشتی بکەن بەرامبەر خزمەتە گەورەکانی“… بۆ ئەوە خوێندوویانە بۆ ئەوەی ببنە  هۆی دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار پارچەدا و لە خوێن و دواکەتویی و دووبەرکیدا نقوومیان بکەن. بۆ ئەوە بووە  کۆمپانیای نەوتی بریتانی دامەزرێنن لە کەرکوک و نەوتی کورد بدزن… ئەمە سادەترین نمونەی  هەژموونی مرۆڤە باڵا سپییە خاوەن کولتورە باڵاکەیە کە تاوەکو ئەمڕۆ کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی   کردۆتە گۆڕەپانی جەنگ و بەیەکدادانی ئەم بەیەکتردا لە پێناوی مادەی خام و کۆمپانیاکانی.  

 جێگەی سەرنجە ئێدوارد سەعید بهێنینەوە یاد، کە دوای کتێبی (ڕۆژهەڵاتناسی ) کتێبی دووهەم دەنوسێت، ئەویش کتێبی (ئیمپریالیزم و ئەدەب)ە کە کارێکی زۆری لەسەر ڕۆمانی (دڵی تاریکی) نوسەری پۆڵەندی ڕەچەڵک و ئینگلیزی زماننوس (جۆزێف کۆنراد) کردووە، بەو سیفەتەی کۆنراد وەک پۆڵۆنیەک کە بڕیاڕ دەدات بە زمانی ئینگلیزی بنوسێت نەک زمانی خۆی. لە گرفتی دووکەرتبوونی سوبێکتڤی خۆیدا ناسنامەیەکی تر بۆ خۆی دەدۆزێتەوە، ئەمە وادەکات کە ئەم وەک (دەرکییەک) لەدەرەوە بڕوانێتە ناواخنی کولتوری ئەوروپی و هەژموونی پیاوی سپی کە کۆلۆنیالیزم و کوشتن و بڕینی میللەتانی دیکە ئەو دیووەیە کە ئەو لە ڕۆمانەکەیدا کاری لەسەر دەکات.  لێرەدا کاموو و کۆنراد یەکدەگرنەوە کە هەردووکیان (دەرەکین) بەمانا کۆلن ولسنیەکەی،  ئەوەی دەیەوێت لەدەرەوەی دونیا بێت و کوونێک بکاتە دیوارێک و سەیری دونیای ئەودیوو بکات…

 لێرەوە من بە پێچەوانەی نوسەرانی پانزە ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆمانی (گۆشەگیری) دا کارم کردووە، من کوونەکەم کردۆتە دیواری خۆرئاواوە و سەری مەنهۆلی زێرابەکەم هەڵداوەتەوە و تەنها دیووە ڕۆژهەڵانتاسیەکە کۆپی ناکەمەوە وەک ئەو ڕۆماننوسە کوردانەی خۆرئاوایان لێ کردووینە چەقی جوڵاندنی ڕووداوەکانی دونیای کورد، کە بێگومان لە گرێی (هەستکردن بە کەمی) یەوە سەرچاوەی هەڵگرتووەو کورتهێنانی تێڕوانینی مێژووییە بۆ جیهان و ململانیەکانی مرۆڤ لە جیهاندا… 

بۆ نموونە؛ ( من لێرەدا خۆم لەناوهێنان دەپارێزم) و دەڵێم؛  یەکێک لەو ڕۆمانە کوردیانە  کۆی هەیکەلی ڕۆمانەکە لەسەر ئەوە بیناکراوە کە کوردەکە لە فڕۆکەخانەی ئەوروپاوە دێتەوە و ئیدی ئەم کوردەی کە پڕە لەڕۆشنایەکانی ئەوروپا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و دونیای کوردی دەخاتە بەردەم پرسیاری هەقیقەت و درۆ و دۆزینەوەی کارەسات!

 لەڕۆمانێکی تردا  پاڵەوانەکە لە ئەوروپا خوێندویەتی و مێگەل و حەشامات و سەرکردە بەدەوری ئەودا هەڵدەسوڕێن و حەشاماتی کوردی گێل و گێژ، مەرگی سەرکردە و ناسنامەی مردن و شۆڕش لەو داینەمۆیەوە هێزی خۆی لەو پاڵەوانەوە وەردەگرێت کە لەئەوروپا  خوێندویەتی!…  لە ڕۆمانێکی تردا، کە ئەمەیان جێگەی پێکەنینە؛  پاڵەوانە کوردەکە  لەڕێگەی دکتۆرێکی سویدییەوە خۆی دەدۆزێتەوە!  وەک ئەوەی کورد گەمژەیی ئەبەدیی بێت و سویدیی ڕۆشنگەری ئەبەدی… لە چیرۆکێکدا کابرا کۆی لۆزان و گرفتی کورد لەوەدا دەبینێتەوە کە لەگەڵ کچێکی ڕۆژئاوایدا بخەوێت، ئیتر بەتاڵکردنەوەی سپێرمی کوردیی لەسەر جێگەی ژنێکی ئەوروپی، ئەم هۆشمەندیە ساختەیە تێردەکات. لێرەوە  زۆر هەستکردن بە کەمی تۆخدەبێتەوە و وادەزانێت کە ئەمە  کردنەوەی گرێ گەورە دەروونیەکی کوردە بەرامبەر دابەشکردنی کوردستان!

یاخود  لە چەند قەسیدەیەکی چەند شاعیرێکدا  ژنانی  ( ماریا و کلارا و تانیا ) دەبنە ئیلهامبەخش و ڕاکێشی هەموو دێڕە شیعرییەکان. ئیدی  دارو بەرد و کەون و بەدەوری   قژزەرد و چاو شینانەدا دەسوڕێنەوە. تەنها ئەوانن    خەیاڵ و  ویژدانە ڕۆژهەڵاتیەکەی شاعیر دەخەنە جوڵە!

ئەمانە و زۆریتر ئەو نموونانەن کە بەسادەیی وەک ئیدوارد سەعید دەڵێت؛ ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵات ئەمجارە دەبێتە نوێنەری ڕۆژهەڵاتناسان… ئیدی ڕۆژهەڵات وێرانە و ئەوروپا ڕۆشنە، مرۆڤەکانیشی لە ڕووی فیسیۆلۆژی و ئەقڵییەوە لەلایەن ئەم ڕۆشنبیرانە، هەمان وێنەن کە پیاوی سپی و هەژموونی سپی بۆ خۆی داتاشیووە. ئەمان هیچ ناکەن جگە لەوەی وەک لەو نموونانەی سەرەوە باسمانکردن، دێن ئەوروپا و ئەوروپی و ژیان لە ئەوروپا و کۆمەڵگەی ئەوروپی ئایدیالیزە دەکەن وەک بەهەشت و کانگای چاکە و زانستی شاد، نەک زانستی غەمبار بە تەعبیری فردریک نیتچە.

ئەمانە دێن وەک نمونەی باڵای مرۆڤ دکتۆرە سویدییەکە و کچەکە سویدیەکە و کوردە ئەوروپییەکە وێنا دەکەن، بێگومان لەبەرامبەر بچوککردنەوەی مرۆڤی کورد  و کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان.  هەربۆیە لەشیعر و ڕۆمانی کوردی ئەم پانزە ساڵەی دوایدا پاڵەوانی ئەوروپی، یان کوردی گۆشکراو لە ئەوروپا کاری هەڵدانەوەی ئەو مەنهۆڵی زێرابەیە کە ناوی (ڕۆژهەڵاتە)… من بەپێچەوانەوە کارم کردووە کاری من هەڵدانەوەی مەنهۆڵی ئەو زێرابە بووە کەناوی (ڕۆژئاوایە).

لێرەوە، پاڵەوانەکانی (گۆشەگیری) ئەو مرۆڤە سپییە ڕادەتەکێنن و ڕووتی دەکەنەوە  لەو بازنە ڕۆشناییە درۆزنەی بۆ  خۆی دروستکردووە؛ نازدار کە خۆی ناوە سوزی لە کۆڵانی لەشفرۆشاندا لە ململانێکی سەختدایە لەگەڵ لەشفرۆشە ئەڵمانەکان، هەم زمانیان دەزانێت و هەم دژایەتیان دەکات و هەم هەژموونی خۆی بەسەریاندا دەسەپێنێت. پاڵەوانەکەم کاتێک نەگەیشتۆتە ئەوروپا لە ڕووسیا دەژی سەری پڕە لە وێنەی  جوانی مرۆڤی سپی و ڕۆژهەڵاتناسانە بیردەکاتەوە، هەربۆیە  کوردی لەلا قالۆنچەیە، ئەڵمانیای لێ بۆتە وڵاتی مۆتزارت و ڤاگنەر و بە خەساری تێدەگات کوردی هەژار بچێت ئەو شارستانیەتە گەورەیە پیس بکات. بەڵام لە دوابەشدا (ئەنوبیس) هەمان پاڵەوانە کە چەندەها ساڵی لە ئەڵمانیا بەسەربردووە و بەسەر ئەو وەهمەی خۆیدا کەوتووە، بەسەر دڵشکانی وەهمە ئۆرێنتالیستەکان؛ ئیدی دونیای ئەودیووی ئەوروپا، دونیای گەندەڵی ماسکدار، لەشفرۆشی و بێکاری و خەمۆکی و خۆکوشتن و تەنهایی و ڕەگەزپەرستی و  تلیاک و هەژموونی نازیەت و ڕەگەزپەرستی شاراوەی بیرۆکراتیە کە ڕۆژانە بەریدەکەوێت. دونیای  چەپی ساختەی ئەوروپی و ڕێکخراوە خێرخوازی و ئەنارشیستەکان کە لە ناواخندا ڕەگەزپەرستیەکی نوێیان بەرهەمهێناوەتەوە… ڕۆمانەکە  هەڵدانەوەی زێرابی پیاوی سپییە کە تاوەکو ئەمڕۆ  لەڕێگەی پێستەوە بیردەکاتەوە و دەسەڵاتی بەڕێوە دەبات؛ ترامپیزم باشترین نمونەی هەژموونی سپییە بێ پێچ و پەنا.

لەوانەیە جوانترین تێگەیشتن لە کولتوری پیاوی سپی، ئەو بەشە بێت کە  (مامە عەزەی یەک قاچ) کرمەکانی ژوورەکەی خۆی کۆدەکاتەوە، ئەو کرمانەی کە بەهۆی ئەوەی دەچێت شتومەکی خۆڵە عەمەلەی شارەکەی کۆدەکاتەوە لە دۆڵابەکەیدا مۆڵیان خستووە  و  دێنەوە ناو ژوورەکەی.  مامە عەزە نەک هەر بەناوگەڵی بۆگەنی (فراو ڤورم) دا دەڕشێتەوە، چونکە ناوگەڵی ناشوات و لە هیپیەکانی شەستەکانە و لەو بڕوایەدایە بۆنی لەش جوان و سروشتیە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو دوایی کرمەکان فڕێدادەداتە بالکۆنی دراوسێکەی کە ناوی (فراو ڤورم) کە بەکوردی ( خاتوو کرم) دەگرێتەوە و مامە عەزە دەڵێت؛ بچنەوە بۆ لای داپیرە گەورەکەتان….

من ئێستا کە بیر لەو کرمانە دەکەمەوە، ئەو سەدەها تەن کیمیاوییەم بیردەکەوێتەوە کە سەد و هەشتا کۆمپانیای ئەڵمانی لەهەشتاکاندا بەخشی بەسەدام و سەرپەرشتی دروستکردنی چەکی کیماویان کرد، ئەو کیماوییەی کرا بە ئێمەی کوردا… سەیرە کە کوردیش دەگاتە ئەڵمانیا پێدەڵێن؛ بۆ هاتوویت؟  هەموو جارێک کە ڕەگەزپەرستێک ئەو پرسیارەم لێدەکات دەڵێم؛ چەکەکانی ئێوە ئێمەی هێنا. سوید لەسەر چەکفرۆشتن دەژی کەچی نوسەری کورد بە بەهەشتی دەچوێنێت لە ڕۆمانەکانیدا!   لێرەوە مامە عەزە بە ڕۆحە سروشتیەکەی کرمەکان فڕێدەداتەوە بۆ کرمە گەورەکە، هەر وەک ئەوەی بمانەوێت چەکە کیمیاویی و چەکەکانیان بۆ خاوەنەکەی فڕێبدەینەوە ماڵی خۆیی…

 لێرەوە پاڵەوانێکی دیکەم دێتە سەرهەڵدانەوەی خەمۆکی جیهانی ئەوروپا، چەوساندنەوەی مرۆڤ و گەڕانە بەدووی بەختەوەری کە مرۆڤی ئەوروپی خۆی  لە ژێر هەژموونی سیاسی  پیاوی سپیدا لە ژێریدا دەناڵێنێت. کۆمەڵناس و فیلۆسۆفێکی وەک بۆردیار ئەمەی بە (نەهامەتی دونیا) پێناسەکردووە. کەواتە هەژموونی پیاوی سپی مرۆڤ جیادەکاتەوە لەڕێگەی پێست و ڕەچەڵەک و شوێنەوە.  بەڵام ئەمە خۆشبەختی نییە بۆ مرۆڤی پێست سپی کرێکار و هەژار، نەخێر، بەڵکو ئەم سوستێمە ئەویش دەهاڕێت وەک لە بەشی چوارەمدا (ئەنوبیس)دا کاراکتەرەکان نمایشی ئەو نەهامەتی دونیایە دەکەن.

لێرەوە من دەگەڕێمەوە سەر کۆنراد و کاموو و ئەوان پابەند دەکەمەوە بە چەمکی ( دەرەکی)  بەوەی ئەوان لەنێوان بۆشایی دوو کولتوردا وەستابوون، وەک دەرکییەک لەو کولتوری لێوەی هاتوون و وەک دەرکییەک لەناو کولتوری نوێدا… کۆلن ولسن لە کتێبی (دەرکی) بۆ پێناسەکردنی ئەم فیگورە فیکریی و لیتراتیە، باس لە ڕۆمانی ( جەهەنەم) ی ڕۆماننوسی فەڕەنسی سەرەتاکانی سەدەی بیست دەکات، کە ئەویش دووڕەگەی دایک ئینگلیزی و باوک فەڕەنسیە و ناوی  (هێنری باربۆس)ە،  لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بەشداری کردووە و دوایی بەهۆی نەخۆشیەوە لە ١٩١٥ دا ئازادی دەکەن و مەدالیای دەدنێ… ڕۆمانەکە دەبێتە یەکێکە لە ڕۆمانانەنی زۆر زوو  لەبیرکرا، تاوەکو (کۆلن ولسن) لە کتێبە گرنگەکەیدا (دەرەکی – The Outsider ) کردە میتۆدی یەکەم بۆ تێگەیشتن لە فیگوری دەرەکی. لێرەوە دەرکی ئەوەیە؛ بەدووی هەقیقەتدا دەگەڕێت و نایەوێت خۆی بەشێک بێت لە هەقیقەت. ئەوەیە کە کووندەکاتە دیوارێک و چاودێری ڕووتبوونەی جەستەیی و ڕەمزی ئەویتر دەکات… پاڵەوانەکەی ڕۆمانەکەی باربۆس دەڵێت“ من سەیر دەکەم، من دەبینیم…. ژوورەکەی تر ڕووتبوونەوەی خۆیم پێشکەش دەکات“… لەم تێزە بچوکەوە دەمەوێت بڵێم ئەوەی نوسەر بێت و لە ئەوروپا و لە هەر شوێنەکی جیهاندا بژی، (تەنانەت نوسەرە ئەوروپییەکانیش) و نەبێتە دەرەکیی و هۆشیاری ئەو تەجاوز و ڕیزپەڕی هەژموونی مرۆڤی سپی نەکردبێت، ناتوانێت کوونێک بکاتە دیواری ئەو دونیایە تێدا دەژی و هەر بە ئەقڵە لۆکالیە بچوکەکەی کولتوری یەکەمەوە لەناو کولتوری دووهەم و جیهاندا دەژی…

من خۆم وەک دەرکییەک دەبینیم کە کوونم کردۆتەوە دیواری مرۆڤی سپی و هەژموونەکەی و ڕووتبوونەوەکانی دەبینیم بێ ماکیاژ و ماسک و باق و بریق. کوونەکە ڕۆمانی (گۆشەگیری) یە کە خوێنەر لێیەوە ڕووتبوونەوەی خۆرئاوا دەبینێت بەهەموو چرچ لۆچە ناشرینەکانیەوە.  

شاخەوان سدیق:  كاتێك ڕۆمانەكە دەخوێنیتەوە، دەبینی كە دیمه‌نه‌كانی ئیرۆتیكا به‌شێكی گرنگی وزه‌ی زینده‌نگی ئه‌م ڕۆمانه‌ن. سێكسوالیه‌ت به‌ وررده‌كارییه‌ جوان و ته‌نانه‌ت بۆگه‌ن و قێزه‌وه‌نییه‌كانیشه‌وه ئاماده‌یه‌‌. لێره‌وه‌ تێدەگەین كە سێكس مانایه‌كی ترهی هەیە‌ لای تۆ، وه‌ك  له‌ ڕۆمانه‌كه‌تدا دەلێیت “سێكس ماڵی گۆشه‌گیرییه‌” گۆشه‌گیرییه‌ك كه‌ وه‌ها له‌مرۆڤ ده‌كات بۆئه‌به‌د به‌لای مرۆڤێكدا تێپه‌ڕێت و ئاوڕی لێ نه‌داته‌وه. بە ڕوونی پێم بڵێ‌ بۆ ویستت هەموو ئازارەكانی مرۆڤ لە ڕێگەی سێكسەوە بگێڕیتەوە؟

ئیسماعیل حەمەئەمین؛ ڕاستی سێکس ڕەهەندە فراوانەکەی مرۆڤە، مرۆڤ وەک بونەوەرێکی بایۆلۆژی لەسەر دوو  کۆڵکە ڕاگیربووە؛ یەکەم خواردن و دووهەم سێکس. هەردووکیشیان پێوەری تەمەنن، پێوەری بەختەوەرین، پێوەری ژیانکردن و ناسۆرین. دیارە نامەوێت بگەڕێمەوە بۆ تیۆرەی کلاسیکی  فرۆید بۆ گرنگی ئابووری جەستە کە خواردن و سێکسە، چونکە مرۆڤی برسی سێکسی لەبیردەچێتەوە بەڵام کە سکی تێر بوو بەرامبەر برسیەتیەکی تر دەبێتەوە کە سێکسە. لێرەوە سێکس تەنها کردەی سێکسکردن نییە، بەڵکو ئەو تەوژم و ڕۆشناییە بەدەوری  سێکسی ئەوی بەرامبەردا لە جوڵەدایە…

لێرەوە گەر ئەمە پابەند بکەیەنەوە بە فۆرمالە فەلسەفیەکانی (هایدیگەر)وە دەڵێین؛  دازاین (لێرەبوون) ی بوونی ئێمە لە کردەی سێکسدا لە (کردن)دا نییە، بەڵکو بە چەمکە هایدگەرییەکە لێی بدوێن لە (جوڵە)ی دازاین و لێرەبوونی مرۆڤە بۆئەوەی خۆی بۆ ئەویتر بسەلمێنێت. بەمانای پەیوەندی سێکسوالی چ هیترۆ بێت لە نێوان پیاو و ژندا یان هۆمۆ بێت لە نێوان یەک ڕەگەزدا، پەیوەندیەکی ئاڵۆزە، بەڵام جوڵەیەکی وجودیانەیە  کە دوو کەس هەوڵدەدەن (بوونی خۆیان) بسەلمێنن، بابڵێین؛ دازاینی خۆیان بۆیەکتری بسەلمێنن… ئەم زۆرانبازیە لەنێوان ژن و مێردی کوردا بە ئاشکرا دەبینرێت کە جوڵەی ئەم بەرامبەر ئەویتر بەردەوام لە قەیراندایە، هەریەکە لە سێکسدا جۆرێک لە (دەسەڵات) دەبینێت؛ دەسەڵاتی جەستە، جوانی، سەرمایە و کڕینی ئەویتر و زۆریتر….

هەر بۆیە لە ڕۆمانی  (گۆشەگیری) دا سەرەتا بەرامبەر سوزی و ڤێسنا دەبینەوە، دوو لەشفرۆش کە یەکێکیان کوردە و ئەویتر بۆسنی، هەردووکیان سێکس دەفرۆشن بەڵام بە دووی سێکسی ڕاستەقینەدا دەگەڕێن، کە پێکەوە ژیانە لەگەڵ پیاوێک ئاشقیان بێت. لە بەشێکی تردا مامەعەزەی یەک قاچ دەمێکە لە ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ وە دڵی شکاوە لە ئەشق و خۆشەویستی، هەر وەک ئەوەی ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ هەموو وزەی ئەوی بۆ ژیان بردبێت و ئەوەی ماوەتەوە لای پاراستنی هاوسەنگی  لەشێتی لە نێوان خواردن و سێکسدا…

لە بەشی سێهەمدا پاڵەوانەکەمان لە ڕووسیادا خۆی وەک (جاکۆمۆ کازانۆڤا) دەبینێت، جۆرێکە لە سوبێکت و سوژەی ڕۆشنبیر کە لە گۆشەگیری و قەیرانی شوناسی خۆیدا، کۆپی و لاسایی کازانۆڤا دەکاتەوە و (خودێکی لاسایکەرەوە)ی وێنە ڕۆمانسیەکانی سەدەی هەژدەیە. سوژەیەکی تەواو کوردییە لە بێ ناسنامەیدا بەدووی هەر وێنەیەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لەگەڵیدا یەکبگرێتەوە. سێکس لای پاڵەوانەکەم لە بەشی سێهەم و چوارەمدا پرسێکی وجودییە، جۆرێکە لە ماڵی گۆشەگیریی.

پ5/ وەك دەزانیت ئەدەب هەمیشە پرسیار دەوروژێنێت، دەستدەخاتە سەر برینەكان، دەرمان نییەوی ڕەچەتەی چارەسەری برینەكانی پێنیە، پێوە پێتان وایە لەم سەر دەمی بە ڕۆبۆت بوونی مرۆڤی هاو چەرخدا ئەدەب دەتوانێت چ ڕۆڵێك لە خستنەڕووی كێشەكانی مرۆڤدا ببینێ‌؟

ئیسماعیل حەمەئەمین؛ ئەدەب یان بڵێین لیتراتور ڕۆڵی نەگۆڕاوە و ناگۆڕێت، تا مرۆڤ هەبێت لیتراتور و هونەر دەمێنێت، چونکە مرۆڤ دەیەوێت بگێڕێتەوە، باس لە خۆی بکات، لە ژیانی و خەونەکانی. لێرەوە لیتراتور چارەسەری پێ نییە بە ڕاستەوخۆیی بەڵام ڕێگە ڕۆشنەکانی فەلسەفە و دیالۆگ هەمیشە لە یۆنانی کۆنەوە لە  شیعر و دراما وە دەستپێکردووە، سەرەتا هۆمیرۆس هەبووە بەخۆی و چیرۆکەکانی  پاشان سوکراتۆس و پلاتۆن. تەنانەت فەلسەفەی نوێ و سۆسیۆلۆژیا و سایکۆلۆژیاش دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکەکان. ئاینەکان چارەسەرەکانی ڕۆحی مرۆڤن لە ڕێگەی چیرۆکەکانەوە دەخەنەڕوو… لێرەوە هونەری گێڕانەوە قەدەری یەکەم و  دوایی مرۆڤە.  

تەواو

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌