Cosmo – Milu Correch and German Fray
Mural of Simone de Beauvoir in Buenos Aires by Cosmo – Milu Correch

بۆچی من فێمینیستم، سیمۆن دو بۆڤوار


Loading

 

وەرگێڕانی: شەھلا نەجمەدین

 

جین لویس: پێموابێت ئەمە یەکەمین جارە سیمۆن دو بۆڤوار دەبینین. ھەروەک سارتەری ھاوڕێی ژیانی، ھەتاوەکو ئەم دواییانەیش سیمۆن دو بۆڤوار ھەمیشە ئەوەی ڕەتکردووەتەوە کە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەربکەوێت. ڕۆمانەکەی ئەو بە ناوی ڕۆشنبیران[1]، کە خەڵاتی ساڵی ١٩٥٤ی گۆنکۆرتی بەدەستھێناوە، یاخود دەفتەری یاداشتەکان، وەک یاداشتی کچێکی مولتەزم[2] لە ئەمڕۆدا ئەویان وەک یەکێک لە گەورەترین نوسەرەکانی جیھان ناساندووە، بەڵام ھەوڵەکانی ئەو لە ڕێگەی کتێبی ڕەگەزی دووھەم[3]ەوە، کە ٢٥ ساڵ لەمەوبەر بڵاوکراوەتەوە، ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕا لە گۆڕینی بیرکردنەوەکانماندا لە ئێستادا. ئەم کارە سەخت و قەبارە گەورەیە لە دوو بەش پێکھاتووە، بەشی یەکەمیان ئەو پێناسە و ڕوونکردنەوانە لەخۆدەگرێت کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤ، ژنیان کردووە بە پلە دوو. چۆن مارکس بە مەرجەعی سەرەکی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستی دادەنرێت، فێمینیستەکانی جیھانیش لە ئەمڕۆدا دەگەڕێنەوە بۆ ڕەگەزی دووھەم. ڕەنگە ھەندێک کەس ئەمە بە بەراوردێکی نەگونجاو دابنێن، چونکە پێیان وایە ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی بە کەم لە کاریگەری ئەو گۆڕانکارییانە بڕوانرێت کە سەرکەوتنەکانی فێمینیزم لە دونیادا بەدوای خۆیدا دەیھێنێت لە داھاتوودا. ئەم ھێزە کە کاریگەریی و بەڵێنی گۆڕانکاری قووڵیی لە خۆیدا ھەڵگرتووە، ئەمشەو سیمۆن دو بۆڤوار، گفتوگۆی لەبارەوە دەکات.

شەهلا نەجمەدین

سیمۆن دو بۆڤوار، ئەگەرچی لە ڕاستیدا کارێکی ئەستەمە ھەوڵ بدەین ڕەگەزی دووھەم کورتبکەینەوە، ئایا دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە لە دەوری ئەو ئایدیایانەدا کۆدەبێتەوە کە بەردەوام لەدوای بڵاوبوونەوەیەوە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە؟ دەمانەوێت ئەوەمان بۆ ڕوونبکەیتەوە؛ “ژن وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دواتر دەکرێت بە ژن”.

سیمۆن دو بۆڤوار: بەڵێ، ئەم ڕستەیە بناغەی ھەموو تیۆرەکانی منە و ماناکەیەکی ئێجگار سادە و ساکاری ھەیە؛ ژنبوون فاکتێکی سروشتی نییە، بەڵکو بەرھەمی چەندین مێژووە. ھیچ چارەنوسێکی بایۆلۆژی یاخود سایکۆلۆژی نییە ژن بەو شێوەیە بناسێنێت. بەر لە ھەر شتێک؛ ژن بەرھەمی مێژووی شارستانییەتە کە ئەوی بە دۆخی ئێستای گەیاندووە. دووھەمین خاڵ؛ وەک تاک، ھەر ژنێک مێژوویەکی تایبەت بە خۆی ھەیە، بەتایبەت قۆناغی منداڵیی کە تیایدا ئەو وەک ژن دیاریدەکات، شتێک لە ئەودا دروستدەکات کە بە ڕەھایی نە زگماگییە و نە جەوھەرییش، ئەوەیە کە ناویدەنرێت “سروشتی مێینە یاخود مێینەیی”. خۆ ئەگەر لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی سایکۆلۆژیای منداڵەوە بکەین؛ بە ڕوونی ئەوە دەبینین کە چۆن منداڵی کچ ھەر لە سەرەتاوە ئامادە دەکرێت بۆئەوەی لە داھاتوودا بکرێت بە ژن. کتێبێکی ئێجگار باشی ئێلێنا بێللوتی بە ڕەگەز ئیتاڵی ھەیە بە ناوی [کچانی بچووک لە چی دروست دەکرێن؟]، تیایدا ئاماژە بەوە دەدات؛ بە ماوەیەکی زۆر پێش دروستبوونی ئاگایی لە منداڵدا، ئەو شێوازەی کە شیری پێدەدرێت، یان ئەو شێوازەی کە منداڵی پێ لەئامێزدەگیرێت، یاخود ھەڵدەپەڕێنرێت، ھتد…، ئەوە لە ناخی منداڵدا دەنەخشێنێت کە دواتر دەبێت بە سروشتی ئەو.

جین لویس: بە ڕای ئێوە، جیاوازی بایۆلۆژیی کە شتێکی ئاشکرایە؛ ھیچ ڕۆڵێک ناگێڕێت لە ھەڵسوکەتی تاکدا؟

سیمۆن دو بۆڤوار: بە دڵنیاییەوە ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت، بەڵام زەقکردنەوەی جیاوازییەکان و ئەو گرنگیدانە زۆرە بە جیاوازییەکان، لەو کۆنتێکستە کۆمەڵایەتییەوە دێت کە تاکی تیادایە. بێگومان بە گرنگییەوە؛ ئەوە ژنە کە دووگیان دەبێت و منداڵی دەبێت نەک پیاو، بەڵام ئەمە نابێت بە بناغەیەک بۆ ئەو جیاوازییەی کە ھەیە، بەھانەیەکیش نییە بۆ خراپبەکارھێنان و سەپاندنی واقیع بەسەر ژناندا، ئەوە بیانوویەکە بەکاردەھێنرێت بۆ بونیادنانی دۆخی مێینە. جیاوازی بایۆلۆژیی حاڵەتەکە دیاری ناکات.

جین لویس: کاتێک دەڵێیت خراپ بەکارھێنان و سەپاندن، ئەمە بەو واتایەی کە بە مەبەست دەکرێت نەک بابەتێکی عەرەزی بێت؟ بە شێوەیەکی مێژوویی؛ ئەمە چۆن ڕوویدا؟ چۆنیش لەلایەن پیاوانەوە بەرجەستەکراوە؟

سیمۆن دو بۆڤوار: ئەمە بابەتێکی لەمێژینەیە. پێموایە دەبێت لەو ئایدیایەوە دەستپێبکەم؛ لە کۆندا ماتریاڵەکان کەمبووە و بەشی پێداویستی ھەمووانی نەکردووە. لەوکاتەدا؛ مەبەستم بەر لە مێژوو؛ ھێزی بازوو گرنگییەکی زۆری ھەبووە، بەھێزترینەکان ھەموو ماف و دەسەڵاتێکیان بەدەستەوەبووە، لە پەنا بەڕێوەبردنی ئابوورییشدا. بێگومان ئەمانە دڵنیابوون کە ھەرگیز برسی نابن. بۆ نموونە لە وڵاتی چین؛ خەڵکی ئەو وڵاتە ئێجگار ھەژار بوون، کچانی تازە لەدایکبوو یان دەکوژران، یاخود بۆ مردن جێدەھێڵران. ڕێگری لە ژن دەکرا کاری بەرھەمھێنەر بکات، ئەمەیش بەو مەبەستەی پیاوان خۆیان بتوانن کۆنترۆڵی ھەموو شتێک بکەن. شتەکان ھەمیشە بەمشێوەیە بوون. من ناتوانم ئێستا لەم چاوپێکەوتنەدا تەواوی مێژووی ژن باسبکەم، بەڵام ئەوە ڕوونە کە لە ھەر چاخێکدا پیاوان ھەوڵیانداوە دەسەڵات بگرنەدەست. نموونەیەک؛ لە چاخی ناوەڕاست و ڕێنیسانسدا، ژنانی پزیشک ھێزێکی زۆریان ھەبووە، شتانێکی زۆریان لەسەر چارەسەر و گژوگیا و دەرمان زانیوە کە بەھایەکی زۆری ھەبووە، دواتر ئەم زانیارییانە لەلایەن پیاوانەوە لێیان زەوت کراوە و ژنانیان لێ دوورخستووەتەوە. ڕاوەدونانی جادووگەران و سزادانیان؛ شێوازێکی سەرەکی پیاوان بووە بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە کاری پزیشکی و ئەو ھێزەی کە ئەو کارە لە خۆیدا ھەڵیگرتووە. لە سەدەی ھەژدە و سەدەی نۆزدەدا، جارێکی دیکە لەلایەن پیاوانەوە یاسا بە جۆرێک داڕێژرایەوە کە ڕێگری لە کاری پزیشکی ژنان دەکرد بە زیندانیکردن و غەرامەکردن و …ھتد، ئەگەر ھاتوو نەچنە خوێندنگە تایبەتەکانەوە، کە ھەر لە بنەڕەتەوە بە ھیچ شێوەیەک دانیان پێدا نەدەنرا، لەوێوە ڕۆڵی ژنان لە پزیشکییەوە نزمکرایەوە بۆ ڕۆڵی پەرستار. وەک فلۆرێنس نایتنگەیڵ، ھەمیشە وەک یارمەتیدەر و یاریدەدەر کاریان کردووە. زۆر کتێبی سەرنجڕاکێش ھەن کە ئەوەمان پێ پیشان دەدەن چۆن پیاوان بە ئەنقەست و بە مەبەست، ژنیان لە ئەزموونی پزیشکی دوورخستووەتەوە. پێموایە ئەگەر پێگەکانی دیکەی کار وەربگرین ھەمان شت دەبینینەوە، ھەر بۆیە بەڵێ ئەوە بە مەبەست دەکرێت. ڕەنگە لە ئێستادا چیتر ئەو ھێزە لە ژنان قەدەغە نەکرێت، بەڵام ھەمان مەبەست بۆ دوورخستنەوەی ژنان بە شێوەیەکی زۆر توند لە ھەموو جێیەک ئامادەیی ھەیە. ڕێگرییەکان وا لە ژنان دەکەن نەتوانن چەند توانایەکی دیاریکراو و چەند دەسەڵاتێکی دیاریکراو، وەربگرن.

جین لویس: چەندین بابەتی گرنگ لە کتێبەکەتدا؛ ڕەگەزی دووھەم، باس دەکەیت. تۆ دەڵێیت: لە کاتی نوسینی کتێبی ڕەگەزی دووھەمدا بووم، کاتێک تەمەنم ٤٠ ساڵ بوو، درکم بەو شتە کرد کە ھەمیشە وەک شتێکی ئاسایی سەیرکراوە. تۆ وەک ڕۆشنبیرێک، بە پەروەردەیەکی باش و بڕوانامەیەکی باڵاوە، چۆن پێشتر درکت بەو دۆخە مێینەیە نەکردووە کە ئاماژەت بۆ کرد؟

سیمۆن دو بۆڤوار: چونکە لە پەیوەست بە دۆخی تایبەتی خۆمەوە، وەک ڕۆشنبیرێک، بەخت یاوەرم بوو کە ناچار بە دژوەستان نەکرام لەگەڵ پیاواندا. لەو کاتەوەی کە خوێندن بە ڕووی ژنان و پیاواندا کرایەوە، ھاوپۆلەکانم لە زانکۆی سۆربۆن و شوێنەکانی تریش، لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە بە شێوەیەکی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵ مندا دەکرد، لەبەرئەوە ھەستم بەو دۆخە کۆتوبەندەی ژنان نەکرد. لەبەرئەوەیش کە نەمویست ھاوسەرگیری بکەم و منداڵ دروستبکەم، ژیانم وەک ژیانی ژنانی ماڵ بەڕێوە نەبرد، ئەو ژیانەی کە زاڵمترین و تاقەتپڕوکێنترین ژیانە بۆ ژن، بەو شێوەیە توانیم لە دۆخی بەکۆیلەکردنی مێینە خۆم بەدووربگرم. دواتر کە دەستمکرد بەوەی کە لە چواردەوری خۆم بڕوانم؛ ئەو ڕاستییەم لە بارەی دۆخی مێینەوە بینی و زۆر شتیشم لەبارەوە کەشفکرد. ھەموو ئەمانەیش لە کاتی نوسینی ڕەگەزی دووھەمدا بوو.

جین لویس: سەرەتا وەک کارێک دەستت پێی نەکرد بەو نیازەی گۆڕانکاری لە دۆخی ژناندا بکات، بەڵکو وەک لێکۆڵینەوەیەکی فیکریی دەستت پێی کرد.

سیمۆن دو بۆڤوار: بە شێوەیەکی سەرەکی کارێکی تیۆریی بوو، بەڵام زۆر دڵخۆش بووم کە دواتر بەو شێوازە لە لایەن چالاکوانانەوە پێشوازی لێکرا. لە ئێستادا ئەو کتێبە ڕۆڵێکی چالاک دەگێڕێت کە چاوەڕوانی ئەوەم لێی نەدەکرد.

جین لویس: تۆ دۆخێکت دەستنیشان کرد وەک خۆت دەڵێیت؛ زۆر دیار و ئاشکرایە. چۆن باس لەو ھۆکارانە دەکەیت کە لەم سەدانەی دواییدا، ١٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا، دوای ئەوەی زۆرێک لە ژنان خوێندنیان تەواو کردووە و گەیشتوونەتە ھەمان ئاستی پیاوان لە ڕووی کولتوری و مەعریفییەوە، بەڵام ھێشتا ھیچ کەسێکیش لەبارەی ئەم ڕاستییە ڕوونەوە قسەی نەکردووە کە ژنان ڕۆڵی پلە دوویان ھەیە؟

سیمۆن دو بۆڤوار: لەبەرئەوەی جێی بایەخی پیاو نەبووە تاوەکو فۆرمیولە بکرێت، بەڵام بۆ ژنان ئەوە شتێکی باشە کە ئەوە بکەن، ژنان پێویستیان بەوە ھەیە. ژنانێک ھەن خۆپیشاندان دەکەن؛ دەنگ ھەڵدەبڕن، دەنوسن، بە نموونە لە ئینگلتەرا، بەڵام ئەوە وەک ھاواری ئەو شۆڕشە نییە کە ئەوانیتر دەیبیستن و ئاوڕی بۆ دەدەنەوە، پێموایە لەبەرئەوەیە ژنان خۆیشیان فێمینیست نین. بەشێکی کەم لە ژنان دەنگی ناڕەزایی و شۆڕش دەردەبڕن، بەڵام دەنگی ئەوانیش لەلایەن ژنانەوە نابیسترێت. بە دڵنیاییەوە بۆ ئەوەیش چەندین ھۆکار ھەن ئاماژەیان پێ بدەین. ئەم ھەڵوێستە پاسیڤ و سەرکزەی ژنانی دیکە وایکرد ئەو بزوتنەوەیە پاشەکشە بکات و لەبری ئەوە سکاڵا و دۆشداماوی بەرھەم بھێنێت، لەبەرئەوە زۆر دەگمەنە ئەوە ببێت بە شۆڕشێکی سەرتاسەری. بۆئەوەی دەست پێبکەین، ھەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا؛ ژنان ھەر لە منداڵییەوە فۆرمیولەکراون، بۆیە دواتر زۆر سەخت دەبێت ئەو بونیادانەی کە تیایاندا ڕۆنراوە، بە تەواوی لەناوببرێن.

جین لویس: دەتوانیت نموونەیەکمان لەسەر تەمەنی منداڵی و ئەو جۆرە مامەڵەیەی کە باسی دەکەیت؛ پێبدەیت؟

سیمۆن دو بۆڤوار: ئێللێنا بێللۆتی[4] دکتۆری منداڵانە و دەربارەی ئەم کێشەیە زانیارییەکی زۆری ھەیە. ئەو لە کتێبەکەیدا ئەوە دەخاتەڕوو؛ تەنانەت لە کاتی شیردانی سروشتیدا، دایکان بە شێوەیەکی جیاوازتر مامەڵە لەگەڵ منداڵە کچەکانیاندا دەکەن. بە چەندین شێواز منداڵانی کوڕ بۆ بوغز و شەڕانگێزی ھاندەدرێن زیاتر لەوەی کە لەگەڵ کچاندا دەکرێت. کاتێک کوڕ گەورە دەبێت و ئەزموونی تایبەتی خۆی دروست دەکات، بۆ نموونە؛ ھەوڵی سەربەخۆیی و جێگیربوون دەدات، یاخود خۆ بە زل زانین و کاری تێکدەرانە دەکات، یان چەندین فێڵ و تەڵە بەکاردەھێنێت، لە ھەموو ئەمانەدا کوڕان ھاندەدرێن و ئەو شتانەیش بە شتانێکی خۆش و بە چێژ سەیر دەکرێن لەلایەن دایکان و باوکانەوە، بەڵام کچان دەخرێنە شوێنی تایبەت بە خۆیان. ئێمە دەزانین زۆرێک لە دایەن و دایکان بە درێژایی مێژوو تەنانەت ھەتاوەکو ئەمڕۆیش، یاری لەگەڵ زەکەری کوڕە بچووکەکاندا دەکەن، لێرەوە زەکەر دەکەن بە کارەکتەرێکی بچووک، ٢ یان ٣ ساڵ دواتر، ئەمە دەبێتە شتێک لەلای کوڕ کە دەریدەکات و بەکاری دەھێنێت، لە کاتێکدا کچانی منداڵ فێردەکرێن زێیان بشارنەوە و ھیچ شتێک دەرنەخەن. ئەم حاڵەتە شتێکی ڕوون و ئاشکرایشە لە سەنتەرەکان و دایەنگاکاندا، کوڕان بە تەواوی ئۆرگانەکانیان پیشاندەدەن، لە کاتێکدا کچان تەنھا ئەوەندە پیشاندەدەن کە بە شەرمنی Modestyناودەبرێت، کە لە ڕاستیدا ئەمە جۆرێکە لە پێکهاتنی ڕەفتار.

جین لویس: بە مانایەکی دیکە، ئەوە ژنان و دایکانن مامەڵەیەکی نا یەکسان دروست دەکەن؟

سیمۆن دو بۆڤوار: بەشی ھەرە زۆری، بەڵێ. کچی ژنانێکی لەمجۆرە بە ھەمان شێوەی دایکیان، درێژە بەو نەریتە دەدەن، چونکە وەک ئاماژەم پێدا؛ مۆدێلی مێینە بە قووڵیی و ڕیشەیی لە ناویاندا ڕۆنراوە. وا بیردەکەنەوە ئەو ژنانەی وەک ئەوان نین، ھۆل و بەدکارن. بۆیە بەڵێ ئەوە ژنانن، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ژێر پەستان و زەبری پیاواندا، لەبەرئەوەی پیاوان بە شێوەیەک ژنیان تێگەیاندووە کە دەبێت پیاو ماھییەتی ژن دیاری بکات و ژیانیان فێرکردووە کە بەو شێوەیە ڕەفتار بکات، پشت بە خۆنەبەستوو، پاسیڤ، ژێردەستە، سڕینەوەی خود، …ھتد.

جین لویس: ئایا بە ڕاستی ئەوە ھۆکاری دارایی نییە کە ھەتاوەکو ئەم دواییانەیش باشترین شتێک بۆ کچ ئەوەبووە کە جوان بێت؟ لەلایەن پیاوانەوە ئارەزوو کراوبێت؟ ئەوەیش بۆ بەدەستھێنانی پشتگیری دارایی لە ڕێگەی ھاوسەرگیری یاخود ھەر ڕێگایەکی دیکەوە بێت؟

سیمۆن دو بۆڤوار: بە دڵنیاییەوە ھۆکاری دارایییە، بەڵام لەو شوێنەوە دێت کە پێشتر باسمکرد. بۆچی ژن لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ نییە؟ لەبەرئەوەی ھەموو کارەکان لەلایەن پیاوانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەتایبەتی کارە ھەرە گرنگەکان. بێگومان لە پێگەکانی خوارەوەدا، لە کارە سەختەکانی وەکو کاری کێڵگە، لەلایەن ھەردوو ڕەگەزەکەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لە پلە باڵاکان و پلەکانی بەڕێوەبردندا، پیاوان قەناعەت بە ژنان دەھێنن لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ نەبن، بەڵکو پشت بە ھاوسەرەکانیان ببەستن و خۆیان بۆ شتێکی گرنگ بۆ شارستانییەت ئامادە بکەن؛ئەویش کاری ماڵە. یەکێک لەو شتانەی کە بەسەر دۆخی مێدا سەپێنراوە، ئەمجۆرەیە لە کاری زۆرەملێ، کارێک کە نە کرێیەک وەردەگرێت لە بەرامبەریدا و نە ھیچ بەھایەکیشی پێ دەبەخشرێت. ئەم کارەیش وادەکات ژیانی باش یاخود ھەژارانەی ژن پەیوەست بێت بە مێردەکەیەوە و ھیچ بەرھەمێکی داراییش بەدەست نەھێنێت و ھیچ بەشدارییەکی پێ نەکرێت و دانیشی پێدا نەنرێت. ئەمەیش زۆر گرنگە! بە تەواوی دڵنیا نیم، بەڵام سەرژمێرییەکانی ساڵی ١٩٥٥ ئەوە پیشان دەدەن لە ماوەی ساڵێکدا لە فەڕەنسا، لە بەرامبەر ٤٥ ملیار کاتژمێر کاری کرێ پێدراو؛ ٤٦ ملیار کاتژمێر کاری بێ کرێ لەلایەن ژنانی ماڵەوە جێبەجێ کراوە. ئەگەر ژنان ھەستنە سەر پێ و شۆڕش بکەن، ئەگەر کاری ماڵ ڕەتبکەنەوە، یاخود وا لە پیاوان بکەن کاری ماڵیان لەگەڵدا بکەن، ئەگەر چیتر ئەو کارە دان پێدانەنراو نەبێت، ھەروەک وتم ،بەسەر ژناندا سەپێنراوە و ژنی پێ مەحکوم کراوە. ژیانێکی لەم شێوەیە ساڵ بە ساڵ، بە درێژایی ژیان، بێ ئەوەی ھیچ بەرھەمێکی ھەبێت؛ لە ڕاستیدا سزای ھەمیشەییە! ئەگەر شتەکان لەو ئاستەدا گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، ئەوا تەواوی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا دێت.

جین لویس: ئاماژەت بەوە کرد کە کاری ماڵ بەرھەمی نییە، بەڵام زۆرێک لە ژنان ئێستا گوێگری ئێمەن و بڕوایان بەوە ھەیە و ھەموو ھەوڵێکیش دەدەن بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانیان و سەرکەوتن لە وەھا کارێکی سەختدا بۆ ئامادەکردنی نەوەی داھاتوو، لە پەنا ئەوەیشدا شتانێکی دیکەی وەک ماڵێکی جوان و کەشێکی خێزانییانە، بە کارێکی گرنگ دەزانن. بە ڕای تۆ؛ ھەموو ئەم کارانە کاری بێ بەرھەمن؟ بەھەند وەرناگیرێن؟

سیمۆن دی بۆڤوار: من ناڵێم بەھەند وەرناگیرێن، بەڵام بەرھەمھێن نین، ئەو شتە دروست ناکات کە بە بەھای ئابووریی ناودەبرێت. لەم کارەدا، کە لە ھەمان کاتدا جێی بایەخ و پاداشتە، مەبەستم کاری ماڵە، بەشێکی ھەرە گەورەی ئەم کارە؛ ڕۆتینە، دووبارەکردنەوەیە، کردنەوەی شتانێکە دووبارە و دووبارە.. لە سەروو ھەموویشیانەوە، وا لە ژنان دەکات بە شێوەیەکی زۆر خراپ پشت بە خۆیان نەبەستن، لەبەرئەوەی ژنان کاتێک دەتوانن کاری ماڵ بکەن ئەگەر لە ڕووی داراییەوە لەژێر دەسەڵاتی ئەو پیاوانەدابن کە پارە پەیدا دەکەن. ئەگەر پیاو ژنێکی تر بخوازێت، یاخود واز لە ژنەکەی بھێنێت، یان وا لە ژیانی ژنەکە بکات کە نەتوانێت چیتر بەرگەی بگرێت، ئەگەر جیاببنەوە، یاخود بە جیا بژین، ئەوا ژنەکە ھیچ سەرچاوەیەکی دارایی دیکەی نییە، من تەواو لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا ئاشنام. لە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی ڕەگەزی دووھەم کە ٢٥ ساڵ بەر لە ئێستا بڵاوبووەتەوە، چەندین نامەم لەلایەن ژنانەوە بەدەستگەیشتووە، تیایدا باسیان لەو حاڵەتەی خۆیان کردووە، ھەندێکیان بە نامەی کورت، ھەندێکی دیکەیان بە نامەی درێژ و ھەندێکی تریشیان بە زۆر وردەکارییەوە، ھەندێک لەوان بەردەوامبوون لە نوسینی نامەی دیکە بۆم. یەکێک لەو کەیسانەی کە زۆر دووبارە دەبێتەوە کەیسی ژنێکی ٣٠ ساڵە، کاتێک ئەو لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بە خۆشحاڵییەوە ھاوسەرگیری کردووە و بە بەخێوکردنی منداڵەکانی دڵخۆشبووە و منداڵەکانیشی زۆر ئاسوودە بوون، دواتر لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا پەیوەندی لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا خراپ دەبێت و ھاوسەرەکەی بەجێی دەھێڵێت، یاخود چیتر ژنەکە ناتوانێت بەرگەی بگرێت، لەپڕدا ژنەکە ھیچ شتێکی نییە، بێ کار، منداڵەکانیشی دەبن بە بارگرانییەکی زیاتر لەوەی کە چێژبەخشبن بۆی، چونکە دەبێت بە تەنھا سەرپەرشتییان بکات و ئەوەیش کارێکی ئێجگار گرانە، دواتر ژن زۆر بە توندی ھەست بەو ڕاستییە تاڵە دەکات کە ناتوانێت کار بکات لەگەڵ ئەوەی کە ھاوسەرگیریشی کردووە، بەڵام ئەوە پشتگیری دارایی بۆ ئەو بەدەست ناھێنێت.

جین لویس: لەوەیش زیاتر؛ ژن لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا دەرفەتی دۆزینەوەی کاری ھەیە، بەڵام لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا ئەوە کارێکی سەخت  دەبێت. ئەو دیبەیتانەی کە بەم دواییانە لە بارەی ڕیفۆرمی یاسای جیابونەوەی ھاوسەرگیرییەوە ڕێکخراوە، ئەم کێشەیە دەوروژێنێت. ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ، لە ھەمان کاتدا دایکە، خاوەنی ھیچ شتێک نییە، بە دڵنیاییشەوە بێ کارە، ھیچ پشتیوانییەکی دارایی نییە.

سیمۆن دو بۆڤوار: بەڵێ ئەوە ڕاستە، بەڵام لە تەمەنی ٤٠ ساڵیشدا ئەم حاڵەتە زۆر دووبارە دەبێتەوە، ژنان کاتی تەواویان نییە بۆ فێربوونی کارێکی نوێ، تەنھا لە ھەندێک حاڵەتی تایبەتدا نەبێت، بەڵام ئەوانە حاڵەتی دەگمەنن. ھێز و توانایەکی زۆری دەوێت تاوەکو ژن دووبارە ژیانی بونیاد بنێتەوە کاتێک ھەر خۆی بە تەنیایە و لە چلەکانی تەمەنیدایە و منداڵەکانیشی گەورەبوون و ھاوسەرگیرییان کردووە، یاخود مێردی نییە پشتیوانی بکات، تەنانەت گەر مێردیشی ھەبێت دینگەی بدات، ھێشتا ژن بە شێوەیەکی بایەخپێدراو نابێتە بەشێک لە کۆمەڵگا.

جین لویس: باستان لەو نامە و وەڵامانە کرد کە لە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی ڕەگەزی دووھەمەوە پێتان گەیشتووە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەیدا لەگەڵ ئەوەی وەک خەباتێکی ڕادیکاڵ نەخوێندرایەوە، سکانداڵی فیکرییشی بە دوای خۆیدا ھێنا. ڕەگەزی دووھەم چۆن بە خەڵکی گەیشت؟

سیمۆن دو بۆڤوار: لە فەڕەنسا، dog pack ی فەڕەنسی، وەک جولیین گراک باسی دەکات، بە شێوەیەکی زۆر بەربەری کاردانەوەیان نواند. تەنانەت ئەو پیاوانەیشی کە من پێم وابوو سەر بە بەرەی چەپن، لیبراڵەکان، ئەوانەی کە داوای مافی یەکسانی دەکەن؛ ئەم کتێبە توشی توڕەیی و نیگەرانی کردن.

جین لویس: ئایا ئەمە بە ھۆکاری ئەوەی کە ئەم کتێبە تەحەدای سیادەتەکەی ئەوانی دەکرد؟

سیمۆن دی بۆڤوار: ئەوە ڕاستە، لەبەر ئەوەیش کە من گاڵتەم بە فەڕەنسیە “نێرەکان” کردووە ھەروەک کامۆ دەیگوت، بەڵام کاردانەوەی ئەمەریکییەکان زیاتر ئەرێنی بوو، ڕەنگە ئەمە پەیوەندی بەو ھەستی یەکسانییەوە ھەبێت کە لە نێوان ژنان و پیاوانی ئەمەریکیدا ھەیە. بە گشتی ژنان کاردانەوەیەکی زۆر ئەرێنییان ھەبوو، ئەو ساڵە ناڵێم کە کتێبەکەی تیادا بڵاوکرایەوە، بەڵام بەرە بەرە بە شێوەیەکی بەرفراوان تەقییەوە و قبوڵکرا و لە پەیامەکەیشی گەیشتن، پاشان ھەموو ئەو نامانەم بە دەست دەگەیشتن کە باسم کردن.

جین لویس: پێموایە تەنھا لە ئەمریکا ٧٥٠ ھەزار کۆپی لێ چاپکراوە؟

سیمۆن دو بۆڤوار: بەڵێ بە لایەنی کەمەوە، ئێستا گەیشتووەتە یەک ملیۆن کۆپی.

جین لویس: لە فەڕەنسا نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیە؟

سیمۆن دو بۆڤوار: لە فەڕەنسا ھەر لەگەڵ دەرچوونیدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستھێنا، بەڵام ناتوانم بە دەقیقی ئاماژە بە ژمارەیان بکەم، پێموایە تەنیا بە شێوەی ھارد کۆپی خوێنەری زیاتری بەرەو خۆی ڕاکێشاوە، بەڵام نائومێد بووم بەو کاردانەوە نەرێنییانەی پیاوان کە پێموابوو لەگەڵ مافی یەکسانییدان، ھەموو ئەو کۆمۆنیستانەی زۆر بە توندی ئەم کتێبەیان ڕەتکردەوە Les lettres Françaises[5] دەیگوت؛ ژنانی ناو کارگەکان ھیچ سوودێک لەم کتێبە وەرناگرن و ھیچ خزمەتێکیشیان پێ ناکات، ئەمە ھەڵەیە، چونکە ھەموو ئەو کێشانەی من باسیان دەکەم، گرنگی بە ژنانی کرێکاری ناو کارگەکان دەدات، زیاتر لە ژنانی پلە بەرزترەکان.

جین لویس: بۆچی کۆمۆنیستەکان دژ بەم ئایدیایەن؟

سیمۆن دو بۆڤوار: ئێستا ژمارەیان کەمتربووەتەوە، مێژووی کۆمۆنیست و مێژووی ژنان مێژوویەکی ئاڵۆزە. بۆ کۆمۆنیستەکان کێشەی ژن کێشەیەکی لاوەکییە، جیاوازی جێندەریی کێشەیەکی لاوەکییە بە بەراورد بە ململانێی چینایەتی کە کێشەی ھەرە سەرەکی و بنەڕەتیی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستییە. جانێت ڤیرمیرش[6] بۆ ماوەیەکی زۆر دژ بە لەباربردنی منداڵ وەستاوەتەوە! لە دواتردا ھەڵوێستیان نەرمبوو. بە گشتی بۆ کۆمۆنیستەکان کێشەی ژنان کێشەیەکی لاوەکییە لە بەرامبەر کێشەی جیاوازی چینایەتییدا.

جین لویس: کۆمۆنیستەکان دەڵێن؛ ئەگەر شۆڕش بکرێت و کۆمەڵگا بگۆڕێت، شتەکانی دیکەیش ئۆتۆماتیکی بۆ ژنان دەگۆڕێت.

سیمۆن دو بۆڤوار: بەڵێ، تەنانەت منیش کاتێک کە کتێبی ڕەگەزی دووھەمم لە ساڵی ١٩٤٩ دا نوسی؛ ساویلکە بووم، وا بیرم دەکردەوە کاری ھەرە لەپێشینە؛ خەباتە لە پێناوی شۆڕشدا. لەبەرئەوەی چەپێکی زۆر توندوتیژ بووم، گۆڕانکاری ڕیشەیی و بنەڕەتییم دەویست لە تەواوی دەسەڵاتدا و ڕوخانی کاپیتاڵیزم خواستی منبوو، پێموابوو ئەمە ھەموو ئەوەیە کە ژن پێویستی پێیەتی لە بەدەستھێنانی ماف و یەکسانی لەگەڵ پیاودا، بەڵام درکم بەوە کرد کە من ھەڵەبووم. ھەم لە یەکێتی سۆڤیەتدا و ھەم لە چیکسلۆڤاکیا، یاخود ھەر وڵاتێک کە سۆشیالیزم بەڕێوەیدەبات، نە پارتی کۆمۆنیست، نە یەکێتییەکان، تەنانەت نە لە پێشکەوتوخوازترین بزوتنەوە چەپەکانی ئەمڕۆدا؛ چارەنوسی ژنان یەکسان نییە بە چارەنوسی پیاوان، لەبەر ئەمە من بڕیارمدا ببم بەوەی کە ناوی دەنێم فێمینیست، بە شێوەیەکی زۆر ئاکتیڤ، چالاک. فێمینیستی چالاک بە مانای ئەوەی بێمە ئێرە و دەربارەی فێمینیزم قسە بکەم بۆ ھەموو ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت گوێم بۆ بگرن. لەو کاتەدا درکم بەوە کرد کە ململانێیەکی فێمینیستی تایبەت ھەیە، دژ بە بەھا پاتریارکییەکان دەجەنگێت کە نابێت لەگەڵ خەبات دژ بە کاپیتاڵیزمدا تێکەڵ بکرێت و ئەم دوو ململانێیە پێویستە پێکەوە لە خەباتدابن. ڕاستە بەبێ گۆڕانکاری ڕادیکاڵ لە تەواوی کۆمەڵگادا، پەیوەست بە چینە جیاوازەکانەوە؛ ئەستەمە بتوانرێت بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ دۆخی ژنان گۆڕانکاری تیادا بکرێت، بەڵام ئەوە وەھمە گەر وا بیربکەینەوە کە خەبات دژ بە ململانێی چینایەتی بە تەنھا دەتوانێت کێشەی ژنان چارەسەر بکات، ئەم خەباتە دەبێت ژنان پێی ھەڵبستن. بزوتنەوەکانی خەباتی ژنان، وەک بزوتنەوەی ڕزگاریی ژنان [7]MLF بە تەواوی بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆمان پێویستە.

جین لویس: لەبەرئەمەیە کە دەڵێیت فێمینیزم ڕۆڵی گرنگی ھەیە لەم کۆمەڵگایەدا کە من و تۆی تیادا دەژین؟ بە ھەمان شێوە لە وڵاتانی کۆمۆنیستدا فێمینیزم بوونی نییە؟

سیمۆن دو بۆڤوار: لە وڵاتی کۆمۆنیستیدا لەو بڕوایەدا نیم ژنان بتوانن بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان دروستبکەن، ئەگەر بتوانن ئەوە بکەن ئەوا زۆر بەسوود دەبێت. پێموایە ئەم بزوتنەوانە لە زۆر ڕووەوە سوودبەخش دەبن، گەر بە یەکێک لەو ئایدیایانە دەست پێبکەم؛ ئەگەر ژنان بتوانن یەکبگرن و کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئەوەوە بکەن کە لە ماڵەوەدا دەیگوزەرێنن، بە شێوەیەکی زۆر دەبێتە ھۆی توڕەیی و نیگەرانیی، چونکە ژنانی ماڵ ھەمیشە ئەو فریشتە شیرینە خنجیلانەیە نین و ھەست بە نادادپەروەری دەکەن. لەبری بەردەوامیدان بەم نادادییە و سکاڵای بێ سوود لەبەرخۆیانەوە، باشتر وایە ژنان دەربارەی کێشەکانیان گفتوگۆ لەگەڵ یەکتردا بکەن، تەنیا لە نێوان خۆیاندا، لەگەڵ پیاواندا نا. بەمشێوەیە دەتوانن بگەڕێن بەدوای چارەسەرەکاندا و ئەمەش لە زۆر ئازار ڕزگاریان دەکات، ھەروەھا یارمەتیشیان دەدات زیاتر لە دۆخی مێینەیی خۆیان تێبگەن و بیری لێبکەنەوە. بەمجۆرە دڵنیام لە کۆتاییدا دەیانەوێت یەکبگرن و گۆڕانکاری دروستبکەن. بۆیە ئەمە شتێکی ئێجگار بەسوودە و کاریگەرییەکەی بەپێی کات گۆڕان لە تەواوی کۆمەڵگادا، دروستدەکات.

جین لویس: ئاماژەت بەوە کرد ئەمە یارمەتییان دەدات بیربکەنەوە، بەڵام ئەوان بەو وێنە نەریتییەی کە بۆ ژن و دایک ھەیە؛ شێوەگیرکراون و لە ئێستادا لەناو زۆربەی پێگەیشتوواندا ڕۆنراوە و لەگەڵ شێوازی بیرکردنەوەیشیاندا جێکەوت و یەکانگیر بووە. پێدەچێت کێشە سەرەکییەکە ئەوەبێت کە چۆن ژنان بتوانن بە چاوێکی نوێوە خۆیان ببینن؟ ئەمە دەبێتە خاڵی سەرەتا، بەڵام ھێشتا ڕووینەداوە.

سیمۆن دو بۆڤوار: ھەندێکیان بە شێوەیەکی جیاواز لە خۆیان دەڕوانن، بەڵام ئایا تا چ ڕادەیەک بزوتنەوەکانی ڕزگاریی ژنان دەتوانن کاریگەربن! سەختە بزانین تا چ ڕادەیەک، بۆ نموونە ھەندێک لە ژنانی ئازادیخواز پێکەوە گفتوگۆ دەکەن، تا چ ڕادەیەک ژنان ئاگادار دەبن بەو سەرکوت و نادادییەی کە بەرامبەریان دەکرێت، ئەوە نازانم، بەڵام وای دەبینم بەمجۆرە ململانێکان بە شێوەیەکی کەمتر ڕووبەڕوویان دەبێتەوە وەک لە ڕابردوو.

جین لویس: لە سیاسەتدا تیشک دەخرێتە سەر پێگەی ژنان لەناو دەسەڵاتدا و ئاماژە بە چەندین نموونە دەکرێت، ئەگەرچی ڕەنگە ئەوە تەنھا بە شێوەیەکی سیمبولیی بێت. لەمڕۆدا چەندین کۆڕ و دیبەیت دەکرێت دەربارەی دۆخی ژن و دروستکردنی کۆمەڵە و تەنانەت وەزارەتیش، ئەمە نابێتە ئاماژەیەک بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەبێت پیاوان بە ناچاری پەسەندی بکەن؟

سیمۆن دو بۆڤوار: بەڵێ، بەڵام ئەمە تەنھا فێڵە. ڕێکخراوی Secrètariat à la Fèminine فێڵێکی ڕووت و تەواو ئاشکرایە. ئێسقانێکە فڕێدراوەتە بەردەمی ژن بۆئەوەی وا لە ژن تێبگەیەنن کە پشتگیری لە داواکانیان دەکەن. لە ڕاستیدا؛ فرانسواز جیرود ھیچ دەسەڵاتێکی بۆ کردنی ھیچ شتێک نییە. ئەو ھیچ بودجەیەکی لە دەستدا نییە و ھەموو ئەوەی کە دەتوانێت بیکات ئامادەکردنی پڕۆپۆزەڵی ترسنۆکانە و شەرمەزارانەیە بۆ پیاوان. ئەو پڕۆپۆزەڵانەی کە تەنھا کاتێک دەتوانێت پەسەندیان بکات گەر پێشتر لەلایەن خودی پیاوانەوە ڕەزامەندی پێبەخشرابێت.

جین لویس: تۆ دەڵێیت؛ چیتر فێمینیزم ناتوانێت بە تەواوی دانەبڕاو بێت لە خەبات لەپێناوی شۆڕشی کۆمەڵایەتییدا. بە کورتی پێدەچێت بڵێیت؛ ئێمە ناتوانین چاوەڕوانی شۆڕش بکەین، دۆخی ژنان دەبێت لە پێش شۆڕش و لە کاتی شۆڕش و لە دوای شۆڕشیش، بگۆڕێت. ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئێستادا ھەیە وەک پێویست نین؟ بۆ نمونە ئیجرائاتەکان کە پێدەچێت بەشێکی کەم یاخود بچووکبن، لە ھیچ باشتر نییە؟

سیمۆن دو بۆڤوار: نەخێر، ھەندێک شت باش نین. ھەندێ کات ئەو شتانەی کە دەدرێت بە ژن سادە و ساکار وەک ئێسقانێکن بۆ لێسانەوە. فێڵێک. لە ڕاستیدا ڕێگایەکە بۆ دەمکوتکردنی ژنان تاوەکو وا لە ژنانن بکەن بە شێوەیەک بیربکەنەوە کە ھەموو شتێک بە باشی دەڕوات. ئەمە نەک ڕێگایەک نییە بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی ژناندا، بەڵکو ھەوڵێکە بۆ بەرپەرچدانەوە و سەرکوتکردنی خەباتی ژنان و وا پیشان دەدات کە خەباتی ژنان پێویست ناکات ھەبێت. بە پێچەوانەوە، ئێمەی فێمینیزم، دەڵێم ئێمە، لەبەرئەوەی وەک ئاماژەم پێدا؛ من یەکێکم؛ ئەوە ڕەت دەکەینەوە کە بێدەنگ بین. ئێمە دەمانەوێت بەردەوامی بە خەبات بدەین و بجەنگین، لانی کەم بۆ ساتێک وەک ژنان و لەپێناوی ژناندا، بە بێ کۆمەڵەکانی وەک UN و UNESCO و Woman’s Year ، کە ئەوانیش فێڵ و تەڵەیەکی دیکەن. ناتوانین چاوەڕوانی ئەوەیش لە دەسەڵات بکەین کە ھەر خۆی دروستکەری ئەم دۆخە باڵادەستەیە؛ پشتگیری لە بەدەستھێنانی داخوازییەکانی ژنان بکات بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە دۆخی ژناندا، چونکە ئەوە دەبێتە ھۆی قڵپبوونەوەی خودی ئەو دەسەڵاتە.

جین لویس: بەڵێ. تۆ سەرنجت بۆ ئەوە ڕاکێشام؛ لە کاتی جەنگی شۆڕشەکاندا کە بەرەو کۆڵۆنیاڵیزەکردن دەچێت، ساتی داگیرکاری و سەرکوتکردن، حاڵەتی گرژی و توندوتیژی دەستپێدەکات، لەوێدا دەکرێت ڕەزامەندی بدرێت بە بەشێک لە خواستەکان. ڕەزامەندی بەشەکی ھەرگیز خەڵک بێدەنگ ناکات لە قەزیەیەک کە بەرگری لێ دەکەن، بە پێچەوانەوە ئاگاییان بەرزدەکاتەوە. ئاگایی ئەو ھێزە نییە کە دەخرێتە گەڕ؟ لە ڕاستیدا من پێم وا نییە جیسکارد دیستینگ؛ وا بیر بکاتەوە بە ھەندێک ئیجرائاتی ڕوکەشگەرا، بزوتنەوەکانی ژنان بێدەنگ بکات، ڕەنگە تەنھا ھەوڵی بەدواداچوون بۆ ئەو شتە بدات کە ھەست دەکات بەرەو دەسەڵاتەکەی و گەشەکردن دەچێت.

سیمۆن دو بۆڤوار: بەڵێ، بەڵام ھێشتا ئەوە شێوازێکە بۆ بێدەنگکردنی بزوتنەوەکانی ژنان. ھەرچۆنێک بێت؛ ئەگەر ئەم ئیجرائاتانە بە ڕاستی سوود بە ژنان بگەیەنن لەمڕۆدا، ئەوا دەبێت پەسەند بکرێن. ئەوەیشت لە یاد بێت کە ئەوە تەنھا یەکەمین ھەنگاو دەبێت ھەروەک نموونەکەی تۆ؛ لە کاتی دیکۆلۆنیزاسیۆندا، داگیرکەران ڕەنگە ھەندێک ڕیفۆرم قبوڵ بکەن، بەڵام خەباتگێڕان داوای زیاتر دەکەن. خۆ ئەگەر چاکسازییەکان تەنھا بۆ ئەوەبن خواستی خەباتگێڕان دابمرکێننەوە، ئەوا خەباتگێڕان ئەوە ڕەت دەکەنەوە. یاسای لەباربردنی منداڵ وەک پێویست نەچۆتە پێشەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە نابێت ڕەتبکرێتەوە، دەبێت پەسەند بکرێت و وەک ھەنگاوێکی سەرەتا بەرەو ئازادی تەواوی لەباربردن، پاشان ڕزگاری زیاتر، ئازادی زیاتر، بۆ ھەموو ژنان بە گشتی.

پرسی لەباربردن پرسێکە ئێمەی فێمینیستەکان دەتوانین شانازی پێوە بکەین. دڵنیا نیم ئەم یاسایە جێگیر دەبوو ئەگەر ئەو واژۆیانەمان بۆ مانیفێستۆی 343”لەشفرۆش” کۆنەکردایەتەوە. پێشتر لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا داوامانکرد ھەموو ژنان؛ ژنانی ناسراو و ژنانی نەناسراو، ئەزموونی منداڵ لەباربردنمان ھەیە؛ بەوەش دواتر دادگایی کردنەکەی بۆبگینی ڕای گشتی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و زۆرێک لە خۆپیشاندەران ھاتنە سەر شەقام بۆ بەیاساییکردنی منداڵ لەباربردن، ئەمەیش بوو بە خاڵی تێکشکاندنی جیاوازی و سنوربەندی چینایەتیی، چونکە ئەم کێشەیە جێی بایەخی ھەردوو چینی ژنانی کرێکار و ژنانی چینە باڵاترەکانە. بەمشێوەیە دەمانتوانی بۆ ھەر داواکارییەکی دیکەی لەم چەشنە، پەستانی زیاتر بخەینە سەر حکومەتی ترادیشناڵ و کۆنەپارێز.

جین لویس: تۆ بەشداری ڕاستەوخۆت ھەیە لە پەیوەست بە چالاکییە فێمینیستییەکانەوە، ھەر لە سەرەتای کێشەی منداڵ لەباربردنەوە وەک شایەتحاڵێک لە دادگاییکردنەکەی بۆبگینیدا ئامادەبوویت. دەتوانین ئەمە وەک سەرەتایەک ببینین بۆ ئاوڕدانەوە لە فێمینیزم لە فەڕەنسادا؟ بە تایبەت ئەم کێشەیە کە وەک ماددەی کاتالیست کاری کردووە. گردکردنەوەی ژنان و ھۆشیاربوونەوەیان بەوەی دەتوانن شتێک بەدەست بھێنن و ڕای گشتی لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە، بە شێوەیەک دواتر پیاوانیش ئەوە پەسەند بکەن. ئەوە سەرەتای دەستپێکردنی فێمینیزم بوو لە فەڕەنسادا.

سیمۆن دو بۆڤوار: بە دڵنیاییەوە باشترین [ئەسپی جەنگ]یان بردەوە، مەبەستم بابەتی منداڵ لەباربردنە، ئامادەیشبوون لەپێناویدا بجەنگن. بەشی ھەرە سەرەکی فیمینیزم لە ٦٨ ەوە دەستی پێکرد. ٦٨ ئەو ئایدیایەی بە خەڵکی گەیاند کە دەبێت خۆیان گرنگی بە داخوازییەکانیان بدەن. گەنجان، خوێندکارانی زانکۆ و ناوەندییەکان، سەربازانی دراگویگنان. ژنانیش بڕیاریاندا خۆیان کێشەکانی خۆیان بەدەستەوەبگرن بێ ئەوەی پەنا بۆ یاسا، یاخود بڕیارنامە، یان ھەوڵدان بۆ ڕازیکردنی دەسەڵات بدەن، لەوەیش زیاتر؛ خەباتکردن بە شێوازێکی تەواو نوێ، ھەموو ئەمانە لە ٦٨ ەوە دەستیپێکرد. یەکێکی دیکە لە بەرھەمەکانی ٦٨، پەیوەندیکردنی زۆرێک لە ژنان بوو بە گرووپەکانی بەرەی چەپەوە، بەڵام ھەر لەوێدا ژنان درکیان بەوە کرد کە تەنانەت لە نێوان ھاوڕێ و ھاوخەباتە چەپەکانیاندا کە دەبوو بە شێوەیەکی سیاسیی یەکسان بن؛ ھێشتا وەک ژن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. بۆیە [وەک ژنان دەبێت پێکەوە کۆبینەوە و فشار دروستبکەین بۆ گۆڕینی دۆخی خۆمان و بەڕێوەبردنی خەباتمان لەلایەن خودی خۆمانەو].

جین لویس: لە ھەندێک لە یاداشتەکانتدا، باس لە کاردانەوەی چەند پیاوێک دەکەیت؛ مەبەستم پیاوانی باڵی چەپە، ئاماژە بەوە دەدەیت کە بە شێوەیەکی زۆر توندوتیژ، دژە فێمینیزمن. تۆ ھەمیشە چەپ بوویت و ئاشنایت بە فیکرە جیاوازەکانی ناو چەپ، چۆن دەتوانیت باسی ئەوەمان بۆ بکەیت کە چیتر چەپ ھەروەک تەواوی ئەو خەڵکانەی کە ھەڵگری بیری پێشکەوتوخواز نین، فێمینیست نییە؟

سیمۆن دو بۆڤوار: لەبەرئەوەی چەپیش وەک ھەر حیزبێکی دیکە، لەلایەن پیاوانەوە هەژموونی بەسەردا کراوە، دەستھەڵگرتن لە بەرژەوەندییەکانیان بە سوودی ئەوان نابێت و ھەمیشە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەپارێزن. لەناو حیزبی کۆمۆنیست و شۆسیالیست و حیزبەکانی تریشدا، بەرژەوەندی ھەیە، لە کۆتاییدا ئەوانیش وەک پیاو مامەڵە دەکەن نەک وەک پیاوێکی پێشکەوتوخواز، ئەمەیە کە زۆر گرنگە.

جین لویس: لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە؛ چەپ دژ بە بەرژەوەندیخوازیی خەبات دەکات، بۆیە دەبێت زیاتر لە ھەر کەسێک ھاوسۆزی ژنان بێت.

سیمۆن دو بۆڤوار: بەڵام وا نین.

جین لویس: ھەڵبژاردنەکان لەنێوان دوو پیاوی تەمەن مامناوەندا بوون و کێشەکانی فێمینیزم کێشەیەکی زۆر؛

سیمۆن دو بۆڤوار: لاوەکی بوو.

جین لویس: تەنانەت بوونیشی نەبوو.

سیمۆن دو بۆڤوار: ھاوڕام، لەبەرئەوەیە کە من دەڵێم نابێت کێشەی ژن لەگەڵ ململانێی چینایەتییدا تێکەڵاو بکرێت. حیزبە چەپەکان لەسەر بناغەی ململانێی چینایەتیی دامەزراون، ئەوە بناغەی سیاسی ئەوانە. بە نیسبەت ململانێی جێندەرییەوە؛ ئەو پیاوانەی کە لە قەزیەی ململانێی چینایەتیدا پێشکەوتوخوازن، دەکرێت بە تەواوی ھەڵگری بەھا پاتریارکی و نێرسالارییەکان بن و بەسەر ژناندا بیسەپێنن.

جین لویس: زۆرێک لەو گفتوگۆیانەی کە پێشتر ئەنجامتداون، ھەرگیز پیاوانێکیان تیادا بووە بە مێشکێکی کراوە و بیرکردنەوەیەکی کراوەوە بە بەراورد بە ھەموو ئەو شتانەی کە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیتدا درکت پێکردوون؟ ڕەنگە شێوازی پەروەردەکردنیان کارێکی نەکردبێت ئەوانیش درک بەوە بکەن، ڕەنگە بتوانن ئەم کێشەیە ھەزم بکەن، ھەروەک ھەزمکردنی قەزیەی دیکۆلۆنیزاسیۆن، یاخود ھەر قەزیەیەکی دیکە؟

سیمۆن دو بۆڤوار: ڕەنگە بەشێکی ھەزم بکەن، بەڵام پیاوان زۆر دەگمەن لەوە تێدەگەن ژنان ئەزموونی چی دەکەن و بە چیدا تێدەپەڕن، چونکە ئەزموونی ئەوەیان نەکردووە کە ژنان ئەزموونی دەکەن، تەنانەت شتانێکی بچووک، بۆ نموونە؛ شەقامەکان بۆ ھەمووانن، بەڵام بۆ ژنانی گەنج، گرنگ نییە جوانبێت یاخود ناشرین، پیاسەکردن بە شەقامدا دوای کاتژمێر ٨ یان ٩ ی شەو؛ مەترسیدارە، تەنانەت بە ڕۆژیش، پیاوان دوای ژنان دەکەون، ھەراسانیان دەکەن، بە ڕادەیەک کە ژن پێی باشترە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. ئەگەر تۆ ئەمە بە پیاوێک بڵێیت؛ پێدەکەنێت، پێی سەیرە، پێت دەڵێت من ئەوە ناکەم، من ھیچ و پووچ نیم، ھەموو پیاوان ھیچ و پووچ نین، درک بەو بارە ناکات کە بەسەر ژنەوەیە، ژن ھەمیشە لە مەترسیدایە، مەترسی توندوتیژانە ناڵێم کە دەکرێت تا ئەو ڕادەیەیش بڕوات، کاتێک ژن ئەو پیاوە ڕەتدەکاتەوە کە بەدوای دەکەوێت، ئەوکات پیاوەکە زللەی لێ دەدات یاخود چەپۆک، یان لێی دەدات.

جین لویس: ئەمە جۆرێک نییە لە بەرگری لەلایەن پیاوانەوە کە دەیانەوێت لەناو وێرانەدا شتێک ڕزگار بکەن؟ کاتێک ئەوە دووبارە دەکەنەوە کە ئەو کێشانە سەر بە ڕابردوون و ئێستا ژنان کۆنترۆڵی داھاتیان بە دەستەوەیە، ژنانی چینی کرێکار بە نموونە، زۆرێکیش لە پیاوان داھاتەکانیان دەخەنە دەستی ژنەکانیانەوە جگە لە پارەیەکی کەم بۆ نێو گیرفانی خۆیان، لەگەڵ ئەوەیشدا سکاڵای ئەوە ناکەن کە ئەوان ھیچ نین جگە لە پارە پەیداکەرێک، دەبێت بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر لە کارگە یاخود ئۆفیسەکاندا کار بکەن، لە کاتێکدا ژنان دەتوانن باشتر پشوو بدەن و دەبێت شوێنەکانیان بگۆڕنەوە.

سیمۆن دو بۆڤوار: ڕەنگە، بەڵام لە ڕاستیدا ھەرگیز شوێنەکانیان ناگۆڕنەوە، لەبەر زۆر ھۆکار؛ بۆ نموونە ئەو خێزانانەی کە داھاتیان کەمە، کاری ماڵ لەلایەن ژنەوە ئەنجام دەدرێت، بەخێوکردنی چەند منداڵێک کارێکی ئێجگار تاقەتپڕوکێنترە لە کارکردن بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر لە کارگەیەکدا.

جین لویس: زۆربەی جاریش ژنان ھەردووکیان دەکەن، ھەم کاری دەرەوە و ھەم کاری ماڵ.

سیمۆن دو بۆڤوار: بەڵێ بە زیادەوە، زۆربەی جار ھەردووکیان دەکەن. پیاو خەرجی دەداتە دەست ژن، بەڵام ئەو ڕۆژەی کە بێزار دەبێت و دەیەوێت بڕوات، لەوە دەوەستێت کە خەرجی ژن و منداڵەکان دابین بکات، دەتوانێت بڕوات و کاری خۆیشی بکات، بەڵام ژنەکە ھیچ شتێکی نییە، بەداخەوە ئەم حاڵەتە بەردەوام ڕوودەدات.

جین لویس: تۆ کێشەیەکت وروژاند کە وادەکات خەڵکی بیر لەوە بکەنەوە تۆ ئامۆژگاری ژنان دەکەیت بۆئەوەی ڕێگەی ئازادییەکی تاکگەرایانە ھەڵبژێرن بەوەی کە پێیان دەڵێیت؛ تۆ ئازاد دەبیت ئەگەر ھاوسەرگیری نەکەیت و منداڵ دروستنەکەیت. بە گشتی شتەکان لەناو کۆمەڵگاکاندا بەو شێوەیە کارناکەن، خەڵکی ھاوسەرگیری دەکەن، نایانەوێت بە تەنیابن، ئەوەیش شتێکی سروشتییە. بوونی منداڵیش دەکرێت شتێکی زۆر جوانبێت و ھەندێک کەس بە باشترین شت لە ژیانیاندا دایبنێن. چۆن کەسێک بتوانێت لەگەڵ ژیانی ناو کۆمەڵگادا ئاشتبێتەوە بەبێ ئەوەی خۆی لە ھەندێک ڕەگەزی ژیان بێبەری بکات؟

سیمۆن دو بۆڤوار: پێموایە دەبێت پیاوان لە کاری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵدا بە ھەمان شێوەی ژن، بەشداربن. دەبێت کاری ماڵ دابەشبکرێت. دەبێت پیاو دەست لە خاوەنداریکردنی ژن ھەڵبگرێت. شتێکی گرنگە پیاو داھاتی خۆی دەداتە دەست ژنەکەی، بەڵام چەندین نامەی سەیرم بەدەست گەیشتووە کە زۆر ئەستەمە بڕوای پێ بکەین، زیاتر لەوەی کە بە خەیاڵی ئێمەدا دێت؛ ژنانێک ھەن کە ڕێگایان پێ نادرێت بەبێ ھاوسەرەکانیان سەردانی ھاوڕێ و خزمانیان بکەن و ئەوەش ناودەنێن [عەشق][ھاوبەشکردنی ھەموو شتێک]، بەڵام ئەوە کۆنترۆڵکردنە. جارێک نامەیەکم پێگەیشت: “لە پەنجەرەکەوە چاودێری ھاوسەرەکەم دەکەم، کاتێک ئەو لە کافێکە دێتە دەرەوە دەبێت من ئەم نامەیە بشارمەوە. پیاوەکەم توڕە دەبێت ئەگەر بزانێت من نامە بۆ تۆ دەنوسم، نازانم چۆن ئەم نامەیە لە ماڵ بھێنمە دەرەوە”. نامەیەکی درێژ بوو، ٣٠ بۆ ٤٠ پەڕە دەبوو، پێویستی بەوە ھەبوو ھەموو شتێک باس بکات. “ئەگەر وەڵامت دامەوە ئەوا نامەکەت بۆ خاتوو فڵان بنێرە بۆم”. ھەموو ئەم شتانە بە نھێنی دەکرێت؛ بێگومان ئەویش بەھۆی سەرکوتکاریی پیاوانەوە، ئەمە کارێکی زۆر نائاساییە و ئەم ھەڵسوکەوتە بەسەر ژناندا سەپێنراوە.

جین لویس: ئەوانە حاڵەتی زۆر نائاسایی و توندوتیژئامێزن، بەڵام لە کۆمەڵگایەکی وەکو ئەمەی ئێمەدا ئەمە شتێکە زۆر جێی سەرسوڕمانە. ئێمە قسە لەسەر زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە دەکەین، بەڵام ئامارەکان پێچەوانەی ئەوە دەردەخەن کە زۆربەی ھاوسەران جیانابنەوە. ڕەنگە ئەمە تراژیدیای ھەندێک لە خێزانەکان پەردەپۆش بکات، بەڵام بە گشتی خەڵک ھەوڵدەدات و دەیەوێت بەردەوامبێت. نموونەکانی تۆ لەمڕۆدا، پتر لە ئەمەریکای لاتیندا ھەیە وەک لە فەڕەنسا. بە خۆشحاڵییەوە ئێستا زیاتر بەرەو شارستانییەت ھەنگاو دەنێین.

سیمۆن دو بۆڤوار: تۆ زۆر بە ئومێدیت. من دەزانم کە ھەندێک شوێنی دیاریکراو ھەن ھێشتا شتەکان بەو شێوەیە دەگوزەرێن تیایدا. بۆ نموونە لە بیسانکۆن کاتێک خوشکەکەم چەند چالاکییەکی ڕۆشنبیریی ئەنجامدا، چەند ژنێکی کرێکاری ماڵەوەی ناسی کە لە ماڵەوە دەمانەوە، خۆ ئەگەر بڕۆن قاوەیەک لەگەڵ دراوسێکەیاندا بخۆنەوە و مێردەکەیان بەوە بزانێت، ئەوا کارەسات دەخوڵقێت. ژن دەبێت لە ماڵەوە بمێنێتەوە و قسە لەگەڵ کەسدا نەکات، جگە لە ھاوسەرەکەی کە شەوان دەگەڕێتەوە. ھەرگیز نابێت ژن بچێتە دەرەوە و دەبێت خۆی بە کاری ماڵەوە خەریک بکات، ئەوەش تەنھا شتێکە کە ڕێگەی پێ دەدرێت بیکات؛ منداڵ بەخێوکردن و ماڵ پاکردنەوە. ئەمجۆرە سەرکوتکردنەی ژنان تەنانەت لەنێو چینی کرێکار و چینی مامناوەند و چینە بەرزەکانیشدا، زۆر زۆر بەربڵاوە.

جین لویس: تا ئەمڕۆیش زۆرێک لە بەڕێوەبەران و پیاوانی پلە بەرز ئەوە بە سیمبولێک بۆ کەسایەتی خۆیان دەزانن کە نابێت ژنەکەیان کار بکەن، ئەگەرچی ژن ھەمان ئەو توانا و ئاستی خوێندنەی ھەبێت کە پیاوەکە ھەیەتی. پیاوان دەڵێن؛ من پارەی پێویست پەیدادەکەم، تۆ پێویستت بە کارکردن نییە. بە مانایەکی دیکە؛ ئایدیایەک ھەیە کە ڕەگوڕیشەی داکوتاوە، ئەگەر تۆ کەسێکی بۆرژوازی و دەوڵەمەندبیت، یاخود ژیانت لە ئاستێکی ئابوری دیاریکراودابێت، نابێت ژنەکەت کار بکات، بەڵکو دەبێت چاکەتی فەرووی بۆ بکڕیت.

سیمۆن دو بۆڤوار: کاتێک ژنان وا فێرکران کە ژنانی ڕاستەقینە کار ناکەن و لێدەگەڕێن مێردەکانیان کار بکەن، ئیتر ئەوە قبوڵ دەکەن کار نەکەن، یاخود ھەندێک جار ناچار دەکرێن کار نەکەن. ژنانی کرێکار دەکرێت ھەست بە تاوان بکەن بەرانبەر بە ماڵ و منداڵەکانیان، ئەوەیش زۆر سەخت دەبێت بۆ ئەوان. ژنانی کرێکار دەتوانن ھەردوو کاری دەرەوە و ماڵەوە ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن پیاوانەوە ھەستی تاوانبارییان تیادا دروستدەکرێت بەوەی کە پێیان دەوترێت؛ منداڵەکانی فەرامۆشکردووە و گرنگی بە ماڵ نادات، بەوەیش وا لە ژن دەکەن کە واز لە کارکردن بھێنێت. کاتێک ژن ھەمان ئەو توانا زانستییەی ھەیە کە پیاوەکەی ھەیەتی، بەڵام لەوە تێدەگات ئەوە پیاوەکەیەتی دەبێت بە دکتۆر، پارێزەر، ئەو ھەر وەک ژنی ماڵەوە دەمێنێتەوە، ئازاری بۆ دروستدەکات.

جین لویس: ئایا دەبێت ھەموو ژنان کار بکەن؟ ژنانی گەنج دەبێت لە ئێستادا ئەو ھەڵبژاردنە بکەن، دەبێت بە ھەر نرخێک بێت کار بکەن، ئەگەرچی دۆخەکە زۆر باشیش نەبێت، لەبەرئەوەی پیاوان ناگۆڕێن، یاخود لە شەو و ڕۆژێکدا دەستناکەن بە کاری ماڵ. ئەو جێگیری و سەربەخۆییە بە گرنگ دەزانیت کە لە ڕێگەی داھاتی سەربەخۆوە بەدەست دێت؟

سیمۆن دو بۆڤوار: بەڵێ زۆر گرنگە لە ڕووی ئابورییەوە سەربەخۆبن، ھەرچەندە سەختیش بێت و پێویستی بە باجی قورسیش ھەبێت، تەنانەت ئەگەر ھێشتایش کاری ماڵ کاری ئەوان بێت، بەڵام زۆر پێویستە ژنان لە ناوەوەی خۆیاندا سەربەخۆبن، لە ڕووی ناوەکی و سایکۆلۆژییەوە، بەدەر لەوە ھیچ بیرکردنەوەیەکی جیاواز پێشکەش ناکەن و ناچار دەکرێن وەک مێردەکانیان بیربکەنەوە، خزمەتی ھەوا و ھەوەسی ئەوان بکەن، فەرمانەکانی پیاو جێبەجێ بکەن، …ھتد. دەبێت ژن لەگەڵ مێردەکەیدا بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر خۆشینەوێت و حەز بەوە نەکات بمێنێتەوە، ئەوەش دۆخێکە لە لەشفرۆشی باشتر نییە، مانەوەیە لەگەڵ مێرد لەپێناوی پارەدا، چونکە خۆی ناتوانێت بژێوی دابینبکات. ئەمەیش واتا لێسەندنەوەی بەھای مرۆڤانەی ژن، لەو پێناوەدا ئامۆژگاری ھەموو ژنان دەکەم: کار بکەن، ھەتا دەتوانن تواناکانتان بەکاربھێنن، کارێک بدۆزنەوە کە زۆرترین بایەخی ھەبێت، کارێک کە ئابوری سەربەخۆ دابینبکات. تەنانەت ھەتا ئەمڕۆ ھێشتا ئەوە کارێکی ئاسان نییە، نایەکسانیی بە ئاشکرا بوونی ھەیە. وەک ئاماژەت بۆ کرد، باوکان ھێشتا وا بیردەکەنەوە [پێویست ناکات قوربانی بۆ کچەکانمان بدەین چونکە ھاوسەرگیری دەکات، قوربانی بۆ براکەی دەدەین، بەڵام بۆ ئەو نا]. ئەم مامەڵە نایەکسانە ھەستێکی قووڵی بێزارکەر لە ناوەوەدا دروستدەکات، لە کاتێکدا ئەوان بە ڕاستی دەیانەوێت ببنە کەسێک کە شتێکی گرنگ بکات، بەڵام دەرفەت تەنھا بە کوڕان دەدرێت کە ھەندێک کات کەمتر لێھاتوون و تواناشیان لە کچان کەمترە.

جین لویس: وشەیەک کە زۆر بەکاردەھێنرێت لەلایەن فێمینیستەکانەوە، بەڵام ڕوونکردنەوەی تەواوی بۆ نادرێت وشەی [سێکسیزمsexism]ە، مەبەستتان لەم وشەیە چییە؟

سیمۆن دو بۆڤوار: ئەم وشەیە کە دامانھێناوە لەگەڵ وشەی  [ڕاسیزمracism]دا ھاومانایە. ڕاسیزم بیروباوەڕێکە بڕوای بەوە ھەیە بە کەم سەیرکردن شتێکی پەسەندکراوە. بڕوای بەوە ھەیە جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکاندا بەپێی جیاوازی ڕەگەز، شتێکی قبوڵکراوە. سێکسیزم ھەڵسوکەوتێکە بەپێی جیاوازی ڕەگەزیی جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکاندا دەکات. قسەکردنمان لەسەر سێکسیزم لەو ئیھانە و سوکایەتییانەوە دێت کە پیاوان حەز بە ئاڕاستەکردنیان دەکەن بەرامبەر بە ژنان. پێموابێت یاسایەک ساڵی ١٩٤٥ دەرکرا؛ ئەم یاسایە ئەوە بە تاوان دادەنێت؛ ئەگەر کەسێک کەسێکیتر بە [جوی قێزەون]، یاخود[عەرەبی قێزەون] ناوببات. ئەگەر کەسێک بەم شێوەیە سوکایەتیی بە عەرەب، یاخود جولەکە بکات، ئەوا ڕەوانەی دادگا دەکرێت، بەڵام ئەگەر بە ژنێک بوترێت [تۆ قەحبەیەکی بەنەفرەتکراویت]، یاخود [تۆ لەشفرۆشێکی ھستری و شێتیت]، ھیچ یاسایەک نییە ئەوە بە تاوان دابنێت. ھەندێک لە ئێمە لە ڕێکخراوی ئازادی ژنان ئەوەمان دۆزییەوە کە پەیوەستە بە مافی ژنانەوە و تیشک دەخاتە سەر ھەموو فۆڕمەکانی سێکسیزم. ئێمە بەم سوکایەتییانە دەستپێدەکەین. یاسایەکمان دەوێت کە چۆن جیاوازی مامەڵەی نەژادیی بە کارێکی نایاسایی لە قەڵەمدەدات، ئاوەهایش جیاوازی مامەڵەی ڕەگەزیی بە کارێکی نا یاسایی دابنێت. یاسایەکمان دەوێت تەواوی جۆرەکانی جیاوازیی مامەڵەکردن بەگشتی، بە نایاسایی لە قەڵەمبدات. ئەمە لەوە گرنگترە کە دەردەکەوێت، لەبەرئەوەی ئەمە واتای ڕیفۆرمی تەواوی مێنتاڵیتی کۆمەڵگا دەگەیەنێت، بەڵام دەبێت بە شێوەیەک بێت کە منداڵی پێ پەروەردە بکرێت، لانیکەم لە قوتابخانەکانەوە، لەبەرئەوەی ھەرگیز ناتوانین چاودێری ئەوە بکەین کە چۆن دایکان شیر دەدەن بە کچ و کوڕەکانیان.

جین لویس: جیاوازی مامەڵەکردن لە خوێندنگاکاندا ھەیە؟

سیمۆن دو بۆڤوار: بەڵێ، لە کتێبەکانی قوتابخانەدا ھەیە کە دەدرێت بە کچان و کوڕان، تەنانەت شێوازێکە ئەو کێشەیەی تیادا فۆرمیولە دەبێت [دایک س ژمارە لە ھێلکە دەھێنێت بۆ چێشتخانەکە – باوک چەکوش و بزمار دەھێنێت بۆئەوەی…..چاک بکات]. ھەموو شتێک…

ئەمجۆرە جیاوازی مامەڵەکردنە کە ڕەگێکی قووڵی ھەیە؛ لە ھەموو کتێبە مەنھەجییەکانی قوتابخانەدا پیشان دەدرێت. مێژووش ھەمیشە لە گۆشەنیگای پیاوانەوە قسە دەکات و ھەرگیز لە ژنەوە نەدواوە، بۆ نموونە مێژووی فەڕەنسا….. بەو شێوەیە.

جین لویس: بۆ زۆرێک لە ژنان کە لە سەرەتای بیرکردنەوەدان لەم کێشانە، چۆن لە پیاوان بڕوانن؟ ھەندێک لە فێمینیستەکان بە تەواوی پیاو ڕەتدەکەنەوە، ئەوە بە باشتر دەزانن بە بێ پیاوانبن، ئەوە بە تاکە ڕێگا دەزانن کە بتوانن ئەو فۆڕمە لە سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردن بنەبڕ بکەن، تۆ لەگەڵ ئەوەدا نیت. شتێکت گوت کە پێموایە زۆر کاریگەربوو: [گەورەترین سەرکەوتنی من لە ژیانمدا، سارتەرە]، ئەوە دەیسەلمێنێت کە تۆ بڕوات بە پێکەوەبوونی دوو کەس ھەیە، لە عەشقدا، لە ھاوڕێیەتییەکی نزیکدا بە مانای بوونی پەیوەندی سۆزداریی. چۆن دەکرێت ئەم عەشقە کە بە قووڵیی دوو کەسایەتی پێکەوە دەبەستێتەوە، ژنێک و پیاوێک، لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی ژندا کۆبکرێتەوە؟ ڕەنگە لە ماوەی ٥٠ ساڵدا ئەمە جیاوازبێت، ڕەنگە بتوانن خواستی زیاتریان ھەبێت و زیاتر لە جاران ڕەزامەندی کەسییانە بەدەستبھێنن.

سیمۆن دو بۆڤوار: وەک تۆ دەڵێیت، زۆرێک لە ژنان پێیانوایە لە ئێستادا ئەمە نەگونجاوە. ئەو ژنەی بە تەواوی پیاو ڕەتدەکاتەوە، ڕەتکردنەوە بە قۆناغێکی کاتی دەبینێت. دەتوانین دووبارە ئەم حاڵەتە بە کێشەی ڕاسیزم بەراورد بکەین. شۆڕشی پڵنگە ڕەشەکان-Black Panthers[8] و شۆڕشەکانی دیکەی ڕەشپێستەکان لە ئەمەریکا، ھەر جۆرە ھاوپەیمانییەکیان لەگەڵ سپیپێستەکاندا ڕەتدەکردەوە، بەڵام ئێستا زۆرینەیان ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندووە، بڕوایان بەوە ھەیە ئەو سپیپێستانەی کە لە پێگەیەکی سیاسییەوە پشتگیری لە شۆڕشی ئەوان دەکەن، وەک ھاوڕێ و ھاوخەباتی خۆیان قبوڵیان دەکەن، بۆ ژنانیش ھەمان شتە. ژنانێک ھەن وا بیردەکەنەوە کە ژیان لەگەڵ پیاواندا زۆر وەڕسکەرە، یاخود عاشقبوون بە پیاوێک زۆر وەڕسکەرە. ژنانێکیش ھەن بە جۆرێک بیردەکەنەوە کە دەکرێت عاشقی پیاوێکبن و ژیانی لەگەڵدا دروستبکەن. پێموایە من و سارتەر سەرکەوتوو بووین لەبەرئەوەی ھەرگیز بەیەکەوە نەژیاین. ھاوسەرگیریکردن یاخود نەکردن زۆر جێی بایەخ نییە، بەڵکو پێکەوەژیان یاخود پێکەوەنەژیان، دەبێتە ھۆی ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان عاشقەکاندا. ھەندێک لە ژنان لەو باوەڕەدان دەتوانن لەگەڵ پیاوێکدا بژین یاخود عاشقی پیاوێکبن، یان لە پەیوەندیدابێت لەگەڵ پیاوێکدا، بەڵام بەپێی پێویستییەکانی. بۆئەوەی ژن نەکەوێتە ناو داوی دۆخی مێینەییەوە، دەبێت زۆر وریابێت بەرامبەر بەو فیکرەیەی کە بەردەوام دەگونجێت کێشی بکات بەوەی بڵێت ئەم پیاوە کەسێکی جیاوازە، یاخود شتانێکی دیاریکراوی لێ قبوڵ بکات. زۆرێک لەو فێمینیستە گەنجانەی کە دەیانناسم لە پەیوەندیدان لەگەڵ پیاودا، شتەکان زۆر ئاڵۆز دەکەن، ژیانیان سەخت دەبێت، ھەندێک کات ژیانی ھەردووکیان ئەستەم دەکات.

جین لویس: بە مانایەکی دیکە؛ بەھۆی بوونی ئەو ڕیشە قووڵە سایکۆلۆژییەوە، ڕەنگە لە چەند ساڵی داھاتوودا؛ لە چەند دەیەی داھاتوودا؛ لەبەرئەوەی ھەندێک شت بە ھێواشی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، پەیوەندی نێوان ژنان و پیاوان سەختتر بێت، ناکۆکی زیاتر، ئاڵۆزی زیاتر.

سیمۆن دو بۆڤوار: بۆ پیاوان سەختتر دەبێت، لەبەرئەوەی بە دڵنیاییەوە شتێکی زۆر باشە ژنێکی پاسیڤ وملکەچت ھەبێت. ھەروەک پێشتر باسمکرد؛ ژنان زۆرکات وا لە پیاوان دەکەن پارەی ئەو ملکەچبوونەیان بدەن، ئەوەش بە شێوەیەکی تایبەت و لە ماڵەوە و لە ڕێگەی بۆڵەبۆڵ و گەنگەشە و دروستکردنی دیمەنێک. ھەندێک لە شەڕ و ناکۆکی ناو خێزانەکان کاردانەوەی ئەو ستەمەیە کە لە ژن دەکرێت، بەڵام ئەو پەیوەندییەی کە زۆر شەفاف و ڕوونە، سەختترە و خواستی زیاتریش داوا دەکات، بەڵام دەتوانێت خۆی لە زۆر کێشەی ناو خێزانەکان بە دوور بگرێت. شتێکی دیکە کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە؛ ئازادی ژنان لەلایەن پیاوانەوە بە لاڕێدا براوە، پیاوان دەیانەوێت سوودی لێوەربگرن و بەوەش زیان بە ژنان دەگەیەنن. ئێستا ئێمە چەند ڕێگایەکمان ھەیە بۆ ڕێگریکردن لە منداڵبوون و تا ڕادەیەکیش لەباربردن ڕێگەپێدراوە. ئێستا کە ئیتر ژنان تابۆ سێکسییەکان ڕەتدەکەنەوە و بەشێکی زۆریان پێیانوایە ئازادی سێکسییان بەدەستھێناوە، پیاوان سوود لەم ئازادییە وەردەگرن و دەیانەوێت لەگەڵیاندا بخەون، پێیان دەڵێن: (چی؟ تۆ ناتوانیت ئێستا ڕەتیبکەیتەوە). لەبەرئەوە من پێموایە سێکسی زۆرەملێ-اغتصاب، لەمڕۆدا زیاتر بوونی ھەیە. ھەراسانکردن و دەستدرێژییەکانی سەر شەقامیش زیاترن: (بۆ نا؟ تۆ بە ڕاستی ئازاد نەبوویت ئەگەر لەگەڵ مندا نەخەویت). بەڵام ئازادبوون بە مانای سێکسکردن و خەوتن نایەت لەگەڵ ھەر کەسێکدا. بەمشێوەیە پیاوان دۆخەکە بە خراپ بەکاردەھێنن، ئەو سەرکەوتنانەی کە ژنان بەدەستیانھێناوە زۆر بە ئاسانی لە دژیان بەکاردەھێنرێت، ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە.

ھەتاوەکو ژن ئەو ژنەبێت کە دەبێت ھەبێت، پاکیزە، دایک، خوشک، ژنێک کە ھاوسەری ھەبێت؛ ئەوا ڕێزلێگیراو دەبێت، ھیچ کەسێک مامەڵەی خراپ، یاخود دەستدرێژی ناکاتە سەر، بەو شێوەیەی کە زۆربەی پیاوان لەمڕۆدا دەیکەن.

جین لویس: دواپرسیار؛ بە نیسبەت فێمینیزم لە فەڕەنسادا؛ باسمان لە گرنگی ئەو ھەوڵانە کرد کە لەپێناوی لەباربردندا ئەنجامتانداوە، چی دەڵێیت دەربارەی ئاڕاستەی فێمینیزم لە داھاتوودا، ژنانی چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان یەکبخات بۆئەوەی تێگەیشتنێکی جیھانی و فراوانتریان ھەبێت لەو دۆخەی کە لە چواردەوریاندا دەگوزەرێت؟ چی شتێک زۆر گرنگە لە ئێستادا؟ قەزیەی خەباتی داھاتووی فێمینیزم چی دەبێت؟

سیمۆن دو بۆڤوار: پێموایە بەپێی ئەو تەکتیک و ستراتیژیەتەی کە ھەیە، ئەستەمە بزانین شتەکان چۆن بەرەوپێش دەچن. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان کە پێویستی بە چارەسەری خێرا ھەیە، ئەوەیە کە کاری ماڵ ڕەت بکرێتەوە بەو شێوازەی کە لە ئەمڕۆدا بەسەر ژناندا سەپێنراوە، ئەو ئەرکانەی دایکایەتی کە ژن دەکەن بە کۆیلە. دەبێت لە دژی بەکۆیلەکردنی دایک بجەنگین، دەبێت دژ بە کۆیلەکردنی ژنانی ماڵ بوەستینەوە. پێموایە ئەمە کێشەیەکە کە دەتوانێت زۆربەی ژنان کۆبکاتەوە. زۆربەی ژنان بەدەست ئەم دۆخەوە دەناڵێنن. بۆ ئەم پرسیارەی کۆتاییت، چیرۆکێک ھەیە کەمتر دراماتیکییە لەوەی کە پێشتر باسمکرد، بەڵام ڕایگرتم؛ ڕۆژێک لە France Soir ، چیرۆکێک بوو دەربارەی ئەو شێوازەی کە فەڕەنسییەکان کاتی بەتاڵی خۆیان بەسەردەبەن، بۆ نموونە پشووی نانی نیوەڕۆ. یەکێک لە ژنەکان کە پێدەچوو زۆر توڕەبێت، تەمەنی ٣٥ ساڵبوو، ٢ منداڵی ھەبوو لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا، گوتی: [پشووی نانی نیوەڕۆم پشوو نییە، من مامۆستام، ھاتوومەتەوە بۆ ماڵەوە، نان بۆ منداڵەکانم ئامادە دەکەم، سەوزە و گۆشتیان بۆ حازردەکەم، پاشان ئەوان دەڕۆن مێردەکەم دێتەوە و سەیری تەلەفزیۆن دەکات، نانی نیوەڕۆ بۆ ئەویش ئامادە دەکەم، زۆر بە زەحمەت کاتم دەبێت نانێک بخۆم، بە پێوە دەبم، مەنجەڵ سپی ئەکەمەوە]. ئەو زۆر ئاگاداربوو بەو نادادییە. وەک مێردەکەی کاری دەرەوە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا کۆیلەی پێداویستییەکانی ئەوانە، منداڵەکان و مێردەکەی و خواردن ئامادەکردن و قاپشۆردن…. پێموایە ئەمە تێمایەکە کە دەتوانێت زۆربەی ژنان کۆبکاتەوە، دەتوانین وابکەین بەشێک لە پیاوان کە بیرکردنەوەیەکی فراوانیان ھەیە، لەمە تێبگەیەنین.

جین لویس: کێشەکە لەوەدایە، بۆ مەسەلەیەکی وەک لەباربردن؛ ژنان ڕێی شەقامیان گرتەبەر، لە کاتێکدا ئەمە کێشەیەکی فەردییە و پێویستی بەوە ھەیە لە ماڵەوە بۆی بجەنگن تاوەکو بگەنە چارەسەرێکی گونجاو، ئەویش دیسان پێویستی بە ھەوڵی زۆر و پلان ھەیە، لەبەرئەوە کاتێکی زۆری دەوێت.

سیمۆن دو بۆڤوار: لەوە سەختترە، بەڵام ئەو کۆبوونەوانەی کە لەلایەن بزوتنەوەی ڕزگاریی ژنانەوە ڕێکدەخرێن، دەتوانێت سوودی ئەوە بە ژنان بگەیەنن و فێریان بکەن کە گفتوگۆ لەگەڵ یەکدا بکەن و کێشەکان لە سنگیان بھێننە دەرەوە، ئەمەیش وا دەکات ئاگاداربن بەو نادادپەروەرییەی کە دژ بە دۆخی ژنان لە ئارادایە و دواتریش ڕەتیان بکەنەوە. ئەگەر ژنان ھەستبکەن یەکگرتوون و پشتیان دەگیرێت لەلایەن ژنانی دیکەوە کە لە ھەمان دۆخدان، لەو بڕوایەدام ئامادەدەبن بۆئەوەی ھەستنە سەر پێ و بجەنگن.

جین لویس: سوپاس.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرچاوە: Questionnaire interview 1975 with Simone de Beauvoir/ Why I’m a Feminist

https://www.youtube.com/watch?fbclid=IwAR1k-7NK211wVgyT5C8kTHSZB7Fm6nONkj18rG7Bpu-hW9Mb7i__e7HaSlg&v=g6eDMaDWquI&feature=youtu.be

پەراوێز:

[1] The Mandarins

[2]Dutiful Daughter

[3]The Second Sex

[4]Elena Belotti /What are a little girls made of?

[5]Les Lettres Françaises/ French literary publication, founded in 1941 by writers Jacques Decour and Jean Paulhan.

[6]Jannette Vermeersch/ Member of French Communist Party

[7]MLF/ Mouvement de libération des femmes-founded 1970

[8]Black Panthers/ Militant Political Organization 1966-US Fighting for black rights.