ژیژاك له‌ژووری نوستنیدا فۆتۆی ستالین له‌پشته‌وه‌ هه‌ڵواسیووه‌!

لەناو دڵی کۆمونیستێکدا، سڵاو بۆ حەفتا ساڵبوونی پیتەر سلۆتەردایک


Loading

سەروو سێدەیە دەبێت نووسینەکانی پیتەر سلۆتەردایکی چەپلیبرال بوونەتە مایەی بەرهەڵستکاری و تووڕەییەک کە هەموولایەک بەرگەی ناگرێت. ئەو تووڕەیییەی نووسینەکانی ئەم دانەرە بەرپای دەکات، تایبەتمەندیکە گوزارشتە لەخۆی. با هەر ئەو بەرتەکە زۆروزەبەنە بهێنینەوە بیر کە گوتارەکەی سلۆتەردایک لە کۆشکی ئیلماو دەربارەی بیۆجینتەکنیک و هایدێگەر تێزەیەکی ژیرانەی بۆ ڕێسا ئیتیکییە نوێکان داڕشت، کەچی دەنگدانەوەیەکی نازی ـ ڕەگەزهیگینی لێوە بیسترا. ئەم بەرتەکانەش لەبەرئەوە شتێکی گوزارشتکاری و تایبەتمەندن، چونکە مەرج نییە ئێمە کۆک بین لەگەڵ سلۆتەردایک دا تاوەکو بەو تێگەیشتنە بگەین، کەوا ئەو بەتەواوەتی ئەو بنبەستانەی  شیکارکردووە، کەدەیانەوێت شوێنگەیەکی چەپیلیبرالی ئاسوودە تەمتوماناوی بکەن.

کەواتە من چۆن دەتوانم بە باشی ئاهەنگی هەفتاساڵەی لەدایکبوونی ئەو بگێڕم، جگە لەوەی ستایشی ئەو ڕامانانەی ئەو بکەم کە دەکرێت وەکو << ناکۆکناوی دەوڵەتی چاکەخوازی گشتی >> پێناسی بکەین؟ ئەو چارەسەرانەی ئەو دەیانخاتە بەردەم ناکۆکناوییەکانی دەوڵەتی << بەزژەوەندی گشتی>>یەوە، بریتییە لە << ئیتیکی بەخشین  Ethik der Gabe>> لەودیوی ئاڵوگۆڕە ڕووتە ئیگۆیستییە پاوانخوازییەکەی بازاڕەوە، ئەم چارەسەرەش خۆی لە دیدێکی کۆمونیستی نزیک دەخاتەوە.

ژیژاك له‌ژووری نوستنیدا فۆتۆی ستالین له‌پشتهوه‌ هه‌ڵواسیووه‌!

خاڵی دەرچوونی سلۆتەردایک بریتییە لە جیاکاریکردن لەنێوان << سۆزیالدیموکراتی سوبیەکتیڤانە>>، وەک بابڵێین پارتییە سیاسییەکان و نەقابەکان و ئەوانیتر، وە لەنێوان ئەوەی ئەو ناویدەنێت بە << سۆسیالدیموکراتی ئۆبیەکتیڤی>>. لەمەشدا مەبەستی لەو نۆرمە سۆسیالدیموکراتییانەیە، کە بوونەتە بەشێک لە بەها هاوبەشەکانمان و لە ڕێکخستنە دەستوورییەکانمان و بەتێکڕاش لەناو کایەی سیاسیماندا شیاوی وەرگرتنن. ئەم وەرگرتنە بەلای سلۆتەردایکەوە بریتییە لە سەرکەوتنێکی گەورەی کۆمەڵگاکانمان و لەهەمانکاتیشدا کێشەکەی بەتەواوەتی لەوێدایە، داخۆ ئێمە چۆن دەتوانین ئەم دەستکەوتانە لە سەردەمێکدا بپارێزین کە لەدژی ئەمە دەجووڵێتەوە؟

گەر  ئێمە ئەمڕۆ بمانەوێت  کرۆکی <<دەوڵەتی چاکەی گشتی>> ڕزگار بکەین، ئەوا دەبێت  خۆمان لە هەموو نۆستالجییەک بۆ سۆسیالدیموکراتی سەدەی بیست دوور بخەینەوە. واتە ئەوەی سلۆتەردایک پێشنیاری دەخات، بریتییە لە شۆڕشێکی نوێی کولتوری، لەو وەرچەرخانە پسیکۆسۆسیال ڕادیکالەی کە لەو تێگەیشتنەوە دەردەچێت، کەوا چینە بەرهەمهێنەرە چەوساوەکان چیتر ئەمڕۆ بریتی نین لە چینی کرێکاران، بەڵکو بریتییە لە چینی ناوەڕاستی سەرەوە. نوێنەرانی ئەم چینەش بریتین لەو << بەخشەرە/ پێدەرە>> ڕاستەقینانەی کە بە باجە زۆرەکانی ئەوان کۆمەکی دارایی بواری پەروەردە و بواری تەندروستی و بوارەکانی تری زۆرینە دەکرێت. بۆ ئەوەشی ئەم وەرچەرخان و گۆڕانە کاریگەر بێت، دەبێت ئەو دەولەتگەراییە Etatismus تێپەڕێنین، ئەو پاشماوە موقەدەسەی ڕەهاگەرایی Absolutismus  تێپەڕێنین کە هێشتا بەشێوەیەکی سەیر لەنێو ئەم ڕۆژگارە دیموکراتییەشدا بەردەوامە لەژیان: واتە ئەو بیرۆکەیەی کەوا لەناو خودی چەپی ترادیسیۆنیشدا پشتیوانییەکی توند دەبینێتەوە، بەوەی دەوڵەت مافێکی بێچەندوچۆنی هەیە لەبەڕیوەبردنی کۆمەڵگادا دەبێت تێپەڕێنرێت. مەسەلەکەش بەوجۆرە نییە، کەوا هاوڵاتییان بەشێکی داهاتیان بدەن بە دەوڵەتەکەیان، بەڵکو ئەوان وەها مامەڵەیان لەتەکدا دەکرێت وەک ئەوەی هەر لەپێشەوە شتێک قەرزارباری دەوڵەت بن. ئەم بۆچوونەش لەسەر سەرەتاگەیەکی هەڵەی ئەنترۆپۆلۆژی هەڵچنراوە کە پشتیوانییەکی بەهێزییشی تەنانەت لەناو چەپەکاندا هەیە، ئەگەرچیش ئەوان  ئامۆژگاری هاوکاری و سۆلیداریتێتمان دەکەن، کەوا: مرۆڤەکان لە بنەڕەتدا خودپەرستن، بۆیە  دەبێت ناچار بکرێن بۆئەوەی بەشداری چاکە و بەرژەوەندی گشتی بکەن، لەمەشدا تەنیا دەوڵەت لەڕێی دەزگاکانی ناچارکردنەوە بیرۆکەی هاوکاری و هاوبەشی بسەپێنێت.

به‌لای سلۆتەردایکەوە هۆکاری ئەم لادانە کۆمەڵایەتییە تایبەتە دەکەوێتە نێو شێواندنی هاوسەنگی نێوان ئیرۆس Erosو تیمۆس،Thymos نێوان ڕەمەکی حەزی پاوانخوازی و هەبوونداری، کە شتەکان کۆدەکاتەوەEros، کەڵەکە دەکات، وە لەنێوان ڕەمەکی شانازی  و سەروەری و بەخشەوەری وەک شێوەیەکی بەخشین کە ڕێز و شکۆThymos لەخۆدەگرێت. بۆئەوەشی دووبارە ئەم هاوسەنگییە دروست بکرێتەوە، دەبێت ئێمە بەتەواوەتی دان بنێین بە تیمۆس و شانازیدا: واتەئێمە نابێت بەرهەمهێنەرانی خۆشنوودی وەکو ئەو گروپە مامەڵە پێ بکەین کە گومانی ئەوەیان لێ بکەین ئەوان نایانەوێت قەرزەکانیان بدەنەوە بە کۆمەڵگا، بەڵکو دەبێت وەکو بەخشەری ڕاستەقینە بیانناسین، کە بەشدارییەکانیان شایانی هەموو دانپیانانێکە، لەپێناوی ئەوەی ئەوانیش بتوانن شانازی بکەن بە ڕەوشتی بەخشەوەرییانەوە. یەکەم هەنگاویش لەوێدایە، کە لە پرۆلیتاریاوە بپەڕینەوە بۆ ڤۆلونتاریا/ بەخشەوەری: لەبری ئەوەی باجی زۆر بخرێتە سەر دەوڵەمەندەکان، دەبێت مافی ئەوەیان پێ بدرێت، ئازاد بن لە بڕیارداندا چ بەشێک لە سامانەکەیان دەبەخشن بە بەرژەوەندی گشتی.

سادەیی و خاکەڕایی،  ئەمە سەرەتایەکە دواتر ودواتر مۆدێلی هەموو ئەو ئاکارانە دەگۆڕێت، کە هەموو پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی ئێمەی لەسەر هەڵچنراوە. بەڵام ئایا ئێمە لێرەدا بەو پارادۆکسە کۆنەوە تێوەناگلێین، کەوا خۆبەخشانە دەبێت شتێک هەڵبژێرین کە دەروەستین پێوەی؟  یان با بە وتەیەکی تر بڵێین، ئایا شتەکە وەها نییە، کە بەلای  << پێبەخشینی کەسی ئیشکەرەوە>> ئەم مافی ئازادی هەڵبژاردنە، بریتی بێت لەو ئازادییە هەڵەیەی، کەلەسەر بنەمایەکی زۆرلێکردن هەڵچنراوە؟ ئەگەر کۆمەڵگا ئاساییانە پیویست بکات بگەڕێت، ئەوا << ئیشکەران/ ڕەنجدەران>> تەنیا لەو هەڵبژاردنەیاندا ئازادن (واتە پارە بدەن یاخود نا)، کاتێک ئەوان بڕیارە دروستەکە هەڵدەبژێرن ( بڕیاری ئەوەی پارە بدەن).

دیارە ئەم ئیدیایە ژمارەگەلێک کێشە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە ئاراوە، بەتایبەتیش ئەو هاوارە پێشوەخت ناسراوانەی چەپەکان نا کە لە دژی سلۆتەردایک  گوێبیستی بووین، بەڵکو سەرەتا و یەکەمجار: ئایا لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا پێدەرە ڕاستەقینەکان<< ئیشکەرەکان>> کێن؟ ناشبێت ئەوەشمان بەسەردا تێپەڕیت، ئەوە سەرکەوتووەکان بوون بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨. هەروەها ئەو << خەڵکە بچووکە>>ی کە وەک ئامرازی دەستی دەوڵەت هەن، بۆ ڕزگارپێکردنی کەسە یەکەمینەکانە.( بەنموونە: حاڵەتی بێرنارد مادۆف، کە میلیاردەهای دزی و فێڵی ئەوەی کرد چەند ملیۆنێکی بەخشی.) . دووەمجاریش:ئەگەر مرۆ لەناو بوارێکدا لەودیوی دەوڵەت وکۆمەڵگاوە دەوڵەمەند نەبێت، کە ئەمە وەکو باوە لەناو فۆرمی موڵکدارێتییەکی پەڕگیرانەدا بەدی دێت، کە دەبێتە مایەی گومانێکی پتەو لە پێبەخشەرە دەوڵەمەندەکە، کە شتێکی هەیە و کەچیش بە دڵاواییەوە دەیبەخشێت. دواجاریش،  لێکدژیارییەکەی سلۆتەردایک لەنێوان ئیرۆسی حەزبە پاوانکردن و تیمۆسی پێدان دا شتێکی زۆر سانایە، چونکە: ئایا خۆشەویستی ئیرۆتیکییانەی ڕەسەن لە شێوە پوختەکەی خۆیدا بریتی نییە لە پێدان؟ ( لێرەدا ئێمە بڕگە ناودارەژەی یولیاسمان دێتەوە بیر، کەدەڵێت: ( ئەی سۆز، خۆشەویستی هێندە بێسنوورە/ هێندە قووڵە وەک دەریا. من تاوەکو زۆرتر ببەخشم/ کەچی زۆرترم لێی هەیە: هەردووکیان بێکۆتان.) پاشان، ئایا تیمۆس لەخۆیدا شتێکی تێکدەرانە و دیستروکتیڤانە نییە؟

دەبێت ئەوەش لە مێشکماندا بهێڵینەوە، کەوا ئیرەیی ( وەکو کینە و ڕیزەنتیمێنت)  بریتییە لە گوتەزایەکی تیمۆسی کە دەچێتە نێو هەرێمی ئیرۆسەوە و ئیگۆیزمە (نۆرمالەکە)  بەوە دەشێوێنێت، ئەو شتەی ئەویتر هەیەتی بەبایەختر دەکات لەو شتەی من هەمە.

هەڵبەتە لێرەدا ڕەخنەی بنەڕەتییانەی من لە سلۆتەردایک بریتییە لە: بۆچی ئەو دڵاوایی پێبەخشین تەنیا لەناو زەبرەکانی کاپیتالیزمدا بەتاڵ دەکاتەوە، واتە لەنێو ڕێکخستنەکانی ئیرۆسی حەزکردن بە هەبوونداری شت و ململانێکانی ڕکابەرایەتی و بەس؟

لەنێو چوارچێوەی ئەم زەبرانەدا  بەشێوەیەکی پێشینەیی هەموو دڵاواییەک Großzügigkeit  کورت دەکرێتەوە بۆ ئەوەی کە بەرامبەرەکە چنۆکێکی چرووک  بێت. هێندەش بەسە نموونە یەکەمەکەی سلۆتەردایکمان لەبارەی دڵاواییەوە بێتەوە بیر، واتە کارنێگی Carnegie پیاوێک لە ئاسن، بەڵام بەدڵێکی زێڕینەوە. ئەو سەرەتا خزمەتی پۆلیسە نهێنییەکانی پینکەرتۆن و لەشکرێکی تایبەتی کرد، لەپێناوی ئەوەی فشار بخاتە سەر کرێکارێک و دواتر دڵاوایی خۆی بەوە سەلماند، کە بەشێک لەو مافەی  پێی نەکرا دەست بگرێت بەسەریدا، بۆ گەڕاندەوە. یاخود با کەسێکی وەک بیل گەیتس وەربگرین: چۆن دەتوانین ئەو تاکتیکە وەحشییانەی لەبیربکەین بۆ لەناوبردنی ڕکابەرەکانی و مۆنۆپۆلێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات؟ لەبەرئەوەیە پرسیارە یەکلاکەرەوەکە دەبێت ئەمە بێت: ئایا بوارێک نییە بۆ دڵاوایی لەودیوی هەلومەرجەکانی چێوەی کاپیتالیزمەوە؟ ئایا هەموو پرۆژەیەکی لەو جۆرە تەنیا دەربڕی ئیدیۆلۆگیایەکی مۆرالییانەی سۆزدارییانە نییە؟

Feuilleton- ZEITیادی حه‌فتا ساڵه‌ی سلۆته‌ردایك – نیومانگانه‌ی زه‌مه‌ن – دی تسایت Die Zeit

ئێمە زۆرجار ئەوە دەبیستین، دیدگا کۆمونیستییەکە لەڕێی بە ئایدیالیزاندنێکی ترسناکی مرۆڤەوە دەژی و ئەو << فەزیلەتە سروشتی>>یەی پێدەبەخشێت، کە بەسروشتی خۆمان نامۆیە.  دانیال پینک Daniel Pinkلە کتێبەکەیدا بەناوی : لێخوڕە ــ ئەوەی جڵەوی تۆ دەکات. کار بە چەند لێکۆڵینەوەیەکی زانستییانەی هەڵوێستەیی دەکات، کە ئەوە بەیان دەکەن، پاڵهێزە دەرەکییەکان وەکو خەڵاتێکی پارەیی دەتوانن دژەبەرهەمانە کار بکەن: مرۆڤ ئەگەر لە ئیشەکەیدا هەستێکی ئەفرێنەرانەی هەبێت، ئەوا ئەوپەڕی توانا پیشان دەدات بۆی. پاڵهێزەکان دەشێت بەسوود بن، بۆ جووڵاندنەوەی مرۆڤ، کاتێک ئیشی ڕۆتینی بێزارکەر وەردەگرن، بەڵام هەر چالاکییەک زیاتر داوای بیر بکات، ئەوا سەرکەوتنی تاکەکان و ئۆرگانیزاسیۆنەکان زیاتر پابەندی تواناکان دەبن، کە لێهاتووتر و نوێگەرتر بن، بەشێوەیەک مرۆڤ بەردەوام زۆرتر هەست بەو پێداویستییە بکات کەڵک و مانایەکی جەوهەرییانە لە ئیشەکەیدا ببینێتەوە.

پینک  باسی سێ ڕەگەز دەکات  کە ئەو پاڵهێزە جەوهەرییەیان دەکەوێتە ناو: سەربەخۆیی Autonomie ـ واتە توانای بڕیاردانی ئەوەی کەی و چۆن ئەرکەکە جێبەجێ بکرێت، هەروەها وەستایەتی ـ واتە ئەو پێڤاژۆیەی تێیدا لەناو چالاکییەکدا قاڵ دەبیتەوە. هەروەها ئارەزووــ بۆ چاکترکردنی دنیا.

مارکس دەیگووت: << هەموو کەس بەپێی تواناکانی، هەموو کەس بەپێی پێداویستییەکانی>> ئەمەش بریتییە لە تاکانەترین ( ئیتیکی پێبەخشین) کە ڕەهەندێکی ئۆتۆپی ڕەسەنی هەیە.  هەڵبەتە کاپیتالیزمی پۆستمۆدێرنەش وریایانە ئەو ڕەگەزانەی بۆ سوودی خۆی بەکاربردووە. ئەمە بە خامۆش بوونمان لەو بارودۆخەی لەپشتەوەی هەموو کۆمپانیایەکەوە  بوار بۆ ئیشە داهێنەرەکانی کارمەندەکانی دەڕەخسێنێت، کە هێمایە بۆ چەوساندنەوەیەکی نهێنییانەی مۆدێلە کۆنەکەی چەوساندنەوە.

دەستەواژەی کاپیتالیزمی داهێنەرانەی هاوچەرخ کە لە کۆمپانیای << گینس>> ستێڤ ی ئەپل Appel تۆمارکراوە، بەڵام ئەپل خۆی چییە بە بێ ئەو کۆمپانیا تایوانییەی Foxconn کە کارخانەی گەورەی لە چین دا هەیە و لەو کارخانانەدا سەدان هەزار کارمەند لە هەلومەرجی زۆر نەویدا ئامێرەکانی ئای پاد و ئای پۆد پێکەوەدەنێنەوە. ئێمە نابێت هەرگیز دیوی پشتەوەی << ناوەندەکانی داهێنان>>ی پۆستمۆدێرنە لە سیلیکۆن ڤالی Silicon Valley لەبیر بکەین، کە تێیدا چەند هەزار توێژەرەوەیەک بیرۆکەیەکی نوێ تاقی دەکەنەوە: ئەو مۆڵگە سەربازییانەی چین، کە تێیدا کرێکارەکان لە ئەنجامی هەلومەرجی خراپی شوێنی کارکردنیانەوە بەڕیز دەست دەکەن بۆ خۆکوشتن. دوای ئەوەی کە کرێکاری یانزەهەمین لەنهۆمی سەرەوە بازی بۆ ناو مەرگ دا، ئەوسا خاوەنکارەکەیان ڕێوشوێنی تری گرتەبەر: دەبێت هەموو کارمەندێک پابەند بێت بە گرێبەستی ئەوەی خۆی نەکوژێت.

لەمەدا ئێمە دیسانەوە دێینەوە لای پیتەر سلۆتەردایک. لەم کتێبەیدا: لەدیوی ناوەوەی جیهانی کاپیتالدا. ئەوە دەردەخات، کەوا گلۆبالیزمی سەرمایەداری هەر لە کرانەوە و ئاوەدانکردنەوەی گۆی زەوی دا بەرپرس نییە، بەڵکو بەجیاکردنەوەی دەرەوە لە ناوەوە دەبێتە مایەی داخستنی گۆی زەویش. هەردوو ئەوڕووەش بە بێ جیاکردنەوە پێکەوە گرێدراون: قەڵەمڕەوی گلۆبالییانەی کاپیتالیزم لەناو دابەشکردنێکی ڕادیکالانەی چینایەتیدا دامەزراوە.  پەلامارە تیرۆریستییە تازەکان و تەوژمی پەنابەرانیش بریتین لە یادهێنانەوەی کردەوە توندوتیژەکان لەدەرەوەی گومەزەکەی ئێمەوە، کە جیهانێکە بۆ ئێمە لەناوەوە لەشێوازی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی لەسەر توندوتیژی وڵاتە دوورەکان دەردەکەوێت، نەک وەک بەشێک لە ڕیالیتێتی خۆمان، بەڵکو وەکو ئەو شتەی کە گواستراوەتەوە بۆ واقیعی خۆمان. ئەرکی سیاسی و ئیتیکی ئێمە هەر ئەوە نییە دەرک بە ڕیالیتێتی دەرەوەی گومەزەکەی خۆمان بکەین، بەڵکو ئەوەشە دان بەبەرپرسیارێتی خۆشمان بنێین بەرامبەر بەو توندوتیژییەی ئەوێ.

شتێکی ئاشکراشە لەناو ململانێی سەرمایەداری و هەوڵی قازانج قۆستنەوەدا هیچ شتێک << سروشتییانە>> نییە: لەودیوی ئاستێکی دیاریکراوی ئاسوودەیی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانەوە مرۆگەل پتر بەلای ئەوەدا دەشکێتەوە، بەشێوەیەک ڕەفتار بکات، کە بکرێت کۆمونیستانە پێناس بکرێت. ئەوان بەپێی تواناکانی خۆیان شت دەبەخشن بە کۆمەڵگا، نەک بەپێی ئەو توانا داراییەی کە وەریدەگرن.

هەڵبەت سلۆتەردایک خۆشحاڵە بەو پێبەخشینەی سەرمایەدارە دەوڵەمەندەکان وەکو << سەروەرییەکی نیوئەریستۆکراتی>> دەیدەن و، ئەگەرچیش من لەگەڵ ئەم سەرەتاگە و پێشەکییەدا تەبا نیم، بەڵام بەرهەمهێنەرانە و بەپیت دەیبینمەوە کە گفتوگۆی لەگەڵدا بکەین وەک لەوەی  بیخەینە ناو ئاوێکی مەنگی  کۆدەنگییەکی لیبرالەوە.

 

——–

سلاڤۆی ژیژەک: فیلۆسۆف و ڕەخنەگری کولتوری.

پیتەرسلۆتەردایک: فیلۆسۆف و کولتورناس. لە 26.06.1947 لە شاری کارلسروهەی ئەڵمانیا لەدایکبووە. بەبۆنەی جەژنی هەفتا ساڵەی لەدایکبوونیەوە، سیمپسیۆنێکی سێ ڕۆژی لە زانکۆی کارلسروهە سازکراوە، کەچەندین وتار و سەمینار سەبارەت بە کارەکانی سلۆتەردایک، بەبەشداری چەندین فیلۆسۆف و نووسەر لەژێر ناونیشانی:<< ئەو کازیوانەی هێشتا نەدرەەوشاونەتەوە>> پێشکەش کراوە. ئەم وتارەی ژیژەکیش بەهەمان بۆنەوەیە، ئەگەرچی لەدیدێکی چەپی مارکسیزمانە خوێندنەوەیەکی بۆ کاپیتالیزم و گلۆبالیزم و چەمکەکانی وەک ئیرۆس و تیمۆس و دەستە بەخشەرەکان و دەستە وەرگرەکانی سلۆتەردایک کردووە، بەڵام بەوەدا کە ژیژەک بیریاریکی ناسراوی دنیای ئێمەیە، پێمان باش بوو سەرنجی ئەو سەبارەت بە دیوێکی جیهانی فراوانی سلۆتەردایک لەم بۆنەیەدا بگوێزینەوە بۆ خوێنەری کورد.

سەرچاوە:Die Zeit. 22.Juni 2017

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین