كاتژمێری ده‌ستی ئه‌نفالكراوێك له‌ باشووری ئێراق - گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی دۆزراوه‌ له‌ ٢٠١٩

ئەنفال… دیدێکی تر و تێگەیشتنێکی تر


گوتاری هزریی

Loading

ئەنفال… دیدێکی تر و تێگەیشتنێکی تر

ئیدریس مستەفا

 

بە کورتی:

پوختەی ئەم نوسینە ئەوەیە کە ئەنفال هەر بە تەنها سەدام حسێن و ڕژێمەمەکەی بەشدار نین لەگەڵ ئەوەی بکەری سەرەکی ئەو تاوانکاریەن بەڵام هیزە کوردیەکانی شاخ بەتایبەت بەرپرس و سەرکردەکانیان سەبەبکار و شەریکی ئەو تاوانکاریەن. ئەمە خسوسیەتی ئەنفالە کە جیای دەکاتەوە لە جینۆسایدەکانی میللەتانی تر.

درێژەی باسەکە….

 

لە مێژە خواستمە بابەتێکی دوور و درێژ بنوسم لەسەر ئەنفال و بۆ ئەمەش کۆرسی تایبەتم لەسەر جینۆسایدەکانی دنیا خوێند کاتێک قوتابی زانکۆ بووم لە دەرەوەی وڵات. دەتوانم بڵێم؛ هەرچی جینۆسایدی سەدەی نوێیە خوێندمان تەنها ئەنفال نەبێ، چونکە تا ئیستا نەتوانراوە بکرێ بە بابەتێکی ئەکادیمی دۆکیومێنترن و لەوێوە بخزێنرێتە ناو دنیای زانکۆ و پەیمانگە و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیجیەوە. دیارە لە مێژە سەرخەتەکانی خۆم دیاری کردووە و هەر دەمەوێ بابەتێکی ئەکادیمی بە وێنەی ئەوانەی خوێندمان ئامادە بکەم بەڵام تا ئێستا هەر بۆم نەگونجاوە. ئەم بابەتەی لێرەدا دەیخوێننەوە کە زۆرتر سیاسیە، هەندێ ئایدیای سەرەکی منە دەربارەی ئەنفال کە جیاوازترە لە هەموو ئەو وتار و بابەتانەی تاکو ئیستا لەسەر ئەنفال نوسراون.

یەکێک لەو کێشە گەوارنەی هەموو هزرێک تیی دەکەوێ ئەوەیە هەر خەریکی گوتنەوە و شیکارکاری شتە باوەکان بێت دەربارەی ڕووداوەکان. ئەم دیدە زۆرتر مەبەستی خۆی دەپێکی گەر بێتوو لەسەر مەسەلەی جینۆساید تاقی بکەینەوە بەتایبەتتر ئەنفال. لە نێو هەموو ئەو جینۆسایدانەی مێژوودا هیچیان وەک ئەنفال ئەو خاسیەتەیان وەرنەگرتووە کە تاوانکاریەکەی بەهۆی هەردوو هێزی ناوخۆ و هێزی دەرەکیەوە ڕوویدابیت. ناوخۆ و دەرەکی لێرەدا مەبەستم لەو هێزە خۆماڵییەی سەر بە لایەنی ئەنفالکراوەکانە وەک زمان و رەگەز، هێزە دەرەکیەش کە لە دەرەوەی زمان و ناسنامەی میللەتی ئەنفالکراوە و بە ئەنفالچی لە قەڵەم دەدرێ.

 

تاکو ئیستا سەرجەم باسەکانی لەمەڕ ئەنفال، بە دەوری هەندێ دید و تێگەیشتنەوەیە کە هزری رەخنەگر تینوێتی پێ ناشکێ. تێگەیشتنەکە بە سادەی ئاوهایە کە سەدام ئەنفالی کوردی کردووە چونکە رژێمی بەعس رژێمێکی فاشستی و دژە کور دبووە و لە مێژیشە خۆی بۆ ئەو تاوانکاریە مەڵاسداوە. ئەمە تەنها دیوێکی دیاری لاوازی بابەتەکەیە بەڵام دیوە شاراوە و گرنگەکانی تری ئەنفال کامانەن. بۆ ئەوەی بتوانین دیدێکی بابەتی بدەینە باسی ئەنفال دەبێ لە کۆی هەموو ئەو کەس و هیزانە بکۆڵینەوە کە لەو تاوانکاریەدا بوون چ هێزی کوردی شاخ و چ هیزی عێراقی دەوڵەتیی. هەروەها ناشبێ فەرامۆشی ئەو هاوکێشە ناوچەیی و جیهانیانەی بکەین کە ئەو هەلومەرجەیان بۆ خوڵقاند. بەڵام نزیکترینیان ئەو بکەرانەی مەیدان بوون بەتایبەتی بکەری کوردی. ئەوەی کە روویدا بەرئەنجامی کۆمەڵێ سیاسەتی سەقەتی سەرکردایەتیەکی نەزان و لە هەمان کاتیشدا بزان بوو کە ئەو دۆخەی بۆ تاوانکاریەکە خوڵقاند.

دەزانم لێرەدا پرسیارێک قوت دەبێتەوە دەپرسن ڕژێمی بەعس لە مێژ بوو پلانی هەبووە و دوو بەڵگەش دەوترێ. یەکێکیان ئەو سەربازگە و تاوەرە گەورانەی گەرمیانن کە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان دروستکرا؛ دووەمیشیان، ئەو بەڵگانەی ڕژێمی بەعسن کە گوایە هەر بەتەما بوونە ئەو تاوانکاریە بکەن گەر هێزی کوردی شاخ هەبوایە یان نەبوایە. لە ڕاستیدا ئەمە لاوازترین دید و بۆچوونە و بگرە لە کۆڵ خۆکردنەوەیەکە بۆ گەڕان بە دوای تیگەیشینێکی بابەتیانەدا.

هیچ هێزێکی سیاسی و فکری و دەوڵەتی چ نەتەوەیی، چ ئاینی، چ قەبیلەگەرایی نییە بیرۆکەی پاوانخوازی تێدا نەبێ و مێژووش ئەمەی سەلماندووە. پاوانخوازیش یان لەسەر داگیرکاری و کزکردن یاخود نەهێشتن و سڕینەوەی ئەوانی تر کار دەکات، بەڵام زەمان و مەکان و مەوداکانی ئەو پاوانخوازیە چییە! ئەوە گرنگە لێی تێبگەین. مەودای جینۆسایدەکان لە بەرامبەر کەمینە نەتەوەیی و ڕەگەزی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و بێ هێزەکاندا قەتیس بووەتەوە و هەرواش دەبێ؛ بەڵام، لە مەسەلەی ئەنفالدا هەندێ هەژماری گرنگ دەگۆردرێن کە لە هیچ جینۆسایدێکی تردا بوونی نەبووە. ئاماژە بە دوو لێدوانی گرنگ دەدەم بۆ چوونە ناو ئەو باسەوە کە یەکێکیان لێدوانێکی جیهانیە و ئەوی تریان نێوخۆیی کوردیە و هەردووک لێدوانەکە گەواهیدەری ئەو دیدەیە کە فکرەی سەرەکی ئەم بابەتەیە.

 

لێدوانە جیهانیەکان

جەنەڕاڵ رۆمیۆ دالییەر جەنەراڵێکی کەنەدیە، ساڵی ١٩٩٤ کە شەڕی ناوخۆیی وڵاتی ڕواندای کیشوەری ئەفریقیا ڕوویدا، ئەو بەرپرسی گشتی هێزە ئاشتیپاریزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لەو وڵاتە دا. بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی سەرۆک وڵات کە سەر بە هۆزی هوتوەکان بوو، هوتوەکان کە زۆرینەی ڕواندان شەڕێکی خوێناویان بەرپاکرد دژ بە کەمینەی توتسی لە وڵاتدا. هوتوی زۆرینە پەلاماری توتسی کەمینەیاندا و بۆ ماوەی ١٠٠ سەد رۆژ شەڕی ناوخۆی بەرپابوو. لەو ١٠٠  سەد ڕۆژەدا زیاتر لە ٨٠٠  هەشت  سەد هەزار مرۆڤ قەڵاچۆ کران، کە زۆربەیان لە خێڵی توتسی نەژاد بوون.

جەنەراڵ ڕۆمیۆ دالییەر کە ئەو سەد ڕۆژەی کردووەتە پەرتوکێک و دواتر کرا بە فلیمێکی مەزن بە ناوی ئوتێل ڕواندا، ووسا و ئیستاش دەڵێت؛ سەبەبکاری سەرەکی ئەو جینۆسایدە دەستەبژێری سیاسی جیهانی بوون کە لە سەرۆک و دەوڵەتە زلهیزەکان بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا بەرجەستە دەبێت، بەرپرسی ڕوودانی ئەو جینۆسایدە بوون. ئەو ئیستەش کە لە ژیاندا ماوە و من بۆخۆم دیتومە و قسەم لەگەڵی هەبووە. ئیستاش خەمبارە بەو ڕۆژگارە و کە باسی دەکات خەمێکی قوڵ لە دڵ و دەروونی و هەناسەیەوە دێنەدەر. ئەو وەک هەموو بەرپرپسە جیهانیەکانی تری وەک ئەمریکا و فەڕەنسای نەکرد،  کە دوو تاوانباری ئەسڵی هەڵایسانی ئەو جینۆسایدەن، ڕواندای بە جێ نەهێشت، نەک هەر بە چاوی خۆی ئەو کوشتارەی دیت، بەڵکو تێیدا ژیا بەو هەموو خوێن و کوشتارەی ئەو ٨٠٠  هەشت سەد هەزار کەسەوە.

جەنەراڵ ڕۆمیۆ بەو لێدوانانەی پێمان دەڵێ، وەک لە فلیمەکەشدا دیارە، کە ئەمریکا و فەرەنسا لەوێ بوون و بەهۆی بوونی چەندان ساڵەی ئەوانەوە هەلومەرجێک دروست بوو کە ئاگری تاوانکاریەکە خۆش ببوو کە دەیانتوانی ڕێگری لێ بکەن، بەوەی بکەونە بەینەوە کەچی دۆخەکەیان بۆ هێزە توندڕەوە هوتوییەکانیان بەجێهێشت لە کاتێکدا هەموومان دەمانزانی ئەوانە وڵات خەڵتانی خوێن دەکەن گەر دەستیان بڕوات. ئەوە بوو ئەوەیان کرد کە لە مێژووی تاوانکاریدا بێ وێنەیە. بەڵام، دوای چەند ساڵێک ڕواندا توانیتی ئەو تاوانکاریە گەورەیە تێبپەڕێنێ و هەردوو هۆزی نەژاد جیاوازی `هوتو و توتسی` ئاشت بکاتەوە و وەک جاران شان بە شانی یەک بژین و ئەو دراوسێیانەشی کە کوڕ و منداڵی یەکتریان کوشت بوو، باوەشیان کردەوە بە یەکدا و لە یەکدی خۆش بوون.

ئەم قسانەی جەنەراڵ ڕۆمیۆ دالییەر پێمان دەڵێت؛ کە ئەسڵی ڕوودانی هەر جینۆسایدێک ئەوانەن کە لەسەرەوە دەسەڵاتیان هەیە وەک نوخبەی سیاسی حاکمدار. ئەنجامدەرانی مەیدانی جینۆسایدەکان هۆکاری دووەمن گەر سێیەمیش نەبن و هۆکاری یەکەم سەرەکردە و بەرپرسەکان و هەرکات ململانی و بەرژەوەندیەکانیان کەوتە کێشە ئەوا مرۆڤەکانی خوارەوە دەکەنە قوربانی ساغ بوونەوەی کێشەکانیان.

دیارە ئەنفالی کورد نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو قسانەی جەنەراڵ ڕۆمیۆیە کە چۆن سەرکردایەتیەکانی هەردوو لا بەتایبەت سەرکردایەتی وکردی ئەودەم ئاگری جینۆسایدی ئەنفالیان خۆش کرد تاکو ڕووبدات و وەک خۆیان دەڵێن؛ چاوەڕێی هەڵەبجەیەکی تریان دەکرد، تاوەکو خۆیان زیاتر بە دنیای دەرەوە، پێ بناسێنن.

لە ڕووی سیاسی فیکریەوە بابەتەکە ئەوەیە، کە هەموو هیزێک دەیەوێ باڵادەستی زیاتری هەبێ و ئەم باڵادەستیە لەسەر بنەمای کەمکردنەوە و سڕینەوەی ئەوانیتری کەمینە یاخود بێ هێزەکان دەچێتە پێش و لەم پرۆسەدایە کە قەتڵوعامەکان ڕوودەدەن. لە خودی ئیستادا زۆر دەوڵەت دوو نەخشەیان هەیە؛ نەخشەیەکی ڕەسمی و نەخشەیەکی نهێنێ، لەوانە تورکیا و چین و ڕوسیا، چین و ڕوسیا کە پەیوەندیەکانیان لە ئێستادا لە ترۆپکی خۆیدایە کەچی هەر یەک نەخشەی تایبەتی خۆی هەیە کە هەر یەک بەشیک لە جوگرافی ئەوی تری خزانۆتە ناو نەخشە غەیرە رەسمیەکەیەوە و ئەو پارجە زەوییە بە هی خۆی دەزانێ.

لەسەر ئاستی تاک و خەڵکیش هەر میللەتە خاک و وڵاتەکەی لە دڵی خۆیدا بە گەورەتر دادەنێ لەوەی لەبەرچاوە و ئەمەش لە قسەکردنی ڕۆژانە و نوسین و تۆڕی کۆمەڵایەتی و هەندێ جار لێدوانەوە دەردەکەوێ. جا ئەم حاڵەتە بگوازەرەوە بۆ حکومەتێکی تاکڕەوی تاک سەرکردەی دیکتاتۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوینی بجوکدا بەتایبەت وەک ئێراق ئاخۆ دەبێ چۆن بێ، بەتایبەتتر سەرکردەی هێزی بەناو شۆڕشی چەکداری لە شاخ یەکبینە چیلکە و جەواڵ وەربدنە شارە زەردەواڵەکە و دواتر گەر پێیانەوە بدات دەڵێن؛ خەتای زەردەواڵەکە بوو. لە هەموو خاکێک و شوێنیک شارە زەردەواڵە یان زەردەزیڕە هەیە، گەر بەلایدا نەچی هیچ لێ ناکات، بەڵام کە دارت تێوەژەن و پێوەی دایت ئەوا ………..

 

لێدوانی جەنەراڵێکی بۆسنی

چوار پێنچ ساڵ پێش ئێستا جەنەراڵێکی بۆسنی باس لە ساڵانی جینۆسادی خەڵکەکەی خۆی دەکات بە دەست سربیەکانەوە لە دەیەی نەوەدەکانی ڕابوردوودا. لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت؛ سەرۆکی پێشوتری بۆسنیا هەرزەگۆڤین پێ ڕاگەیاندم کە پەلاماری هەندێ شوێنی یوئێن و دەزگا جیهانیەکانی تر بدەین، لەگەڵ نانەوەی هەرا و زەنایەک لەوەی پەلاماری سربەکانی بۆسنە بدەین، تاکو ئەوانیش دەسبکەنەوە لە موسڵمانەکانی بۆسنە؛ بەتایبەت دەوڵەتی سربیا کە زۆرینەی وڵاتن و زۆر تووڕەن لەوەی یوگسلافیایان لە دەستدەچێ یاخود لە دەستچووە و چیتر سەرداری ئەو وڵاتە نەماون، ڕووداوێکی ئاوها ڕوحی تۆڵەیان زیاتر دەوجوڵێنێ. ئەوەبوو، لە ساڵی ١٩٩٥دا  لە شاری `سریبرینیتشا` ئەو قەتڵوعامەیان کرد، کە زیاتر لە هەشت هەزار موسڵمانی بۆسنیان بەکۆمەڵ کوشت. ئەوەی جێگەی سەرنجی زیاترە ئەوەی ئەو جەنەراڵە دەڵێت، کە عەلی عیززەت بیگۆڤیچ پێیگوتم “ کە ئەمریکاییەکان پێیان ڕاگەیاندووم ئەو کارە بکەین.“ دەلێ منیش پێمگوت “ئەوە بە راستیتە خۆمان بچین بە دەستی خۆمان خەڵکەکەی خۆمان بخینە بەر فیشەکی مەرگەوە!“ بیگۆڤیچ پێی گوتبوو؛ “بەڵێ دەبێ وابکەین چونکە ئەوە خواستی ئیدارەی بیڵ کلینتۆنە“.

 

لێدوانی ناوخۆیی کوردی

هەمان ئەو لێدوان و حاڵەت و ڕووداوانەی لەسەرەوە باسمان کردن لە ئەنفالدا بەرجەستەیە بەڵام یەک شت کە ئەنفال لە جینۆسایدی ڕواندا و هەر جینۆسایدێکی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە ئەنفال تەنها لەسەر دەستی  هێزی دەرەوە (هیزی ڕژێمی بەعس) ڕووی نەدا، بەڵکو لەسەر دەستی خودی هیزی کوردی ڕوویدا کە لەو دەمەدا دەسەڵاتدار بوو.

بۆ ئەوەی لە کڕۆکی بابەتێک تێبگەین هەندی جاران پێوستیت بە بەڵگە نییە و تەنها خودی ڕێڕەوەی ڕووداوەکان دەتوانن کۆمەڵێ ڕاستی حاشاهەڵنەگرت بۆ بخەنە بەردەست. لە ئەنفالدا بەڵگەکان بە قەد ڕەوڕەوەی ڕووداوەکان بەهێزن، بە تایبەت بەڵگەکان لە زاری خودی خەتاکەرانەوە بێت ئەمە جگە لە یادەوەری ئەنفالکراوان مەبەستم ئەوانەی لە کاتی پڕۆسە و ئەنجامدانی تاوانکاریەکە رزگاریان بوو. 

مێژووی پەلامار و پاوانخوازیەکان چ لە کۆنەوە تاکو ئیستا جا هەر هیزێک قەوارەیەکی سیاسی یا ئاینی یا کۆمەڵایەتی یا نەاژدییدابێت ئەوەمان پێدەڵێت کە هەموویان ویست و هەوڵ و ئیرادەی فراوانبوون و گەورەبوونیان هەبووە و ئەمەش بێگومان لەسەر نەمان و سڕینەوەی ئەوانی تر دەبێت، جا ئەم فراوانبوون و گەورەبوونە لە پاکتاوکردنی ئەوانەی دەورەبەری خودی خۆیان بوونە کە بەشێم بوونە لە خۆیان چ لە ڕووی زمانەوە بێت یاخود نەژاد و ئاین یاخود جوگرافیاوە بێت.

بۆیە ئەو ئیدیعایەی گوایە سەدام و ڕژێمی بەعس هەر ئەو پەلامارە گەورەیان دەدا گەر هێزی پێشمەرگە هەبوایە یان نا ئەوا ئاگای لە مێژووی فراوانتری سەرهەڵدان و دروستبوونی ئەو هیزانەی پاکتاوسازیان ئەنجامداوە لە مێژوودا، و چاویلکەی مێژوویان تەنها سەدام و ڕژێمەکە دەخوێننەوە. زۆرێک لە پاکتاوسازیەکانی مێژوو نەژادی نەبوون یا ئاینی بوون یاخود جوگرافیایی و قۆرخی دەسەڵاتدارێتی بوون.

 

عوسمان ئه‌حمه‌د؛ ئه‌نفال

 

ڕاستیەک لە زاری هەموویانەوە

حزبیە کوردیەکانی ئەو دەم بە تایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هێزی یەکەمی ئەو کاتی شاخ بوون و بگرە ڕژێمێکی سەربەخۆ بوون و حوکمی بەشێکی زۆری کوردستانیان دەکرد هەر لە هەبوونی هێزی سەربازی و باجدانان و دادگا و زیندان و بڕیاری کوشتن و لە سێدارەدانەوە تا دەگات بە شەڕکردنی لەگەڵ هێزە دەوڵەتیەکانی ناوچەکە لەوانە هێزی دەوڵەتی عێراق کە هەڵەبجە و ئەنفالی دێهاتیەکانی کوردستانی کرد. ئەویش لە دەرئەنجامی پێشێل کردنی ئەو گفتوگۆ و دانێشتنانەی لەگەڵ سەرانی دەوڵەتی عێراقیدا کردبوویان بەتایبەت سەدام حوسێن وەک سەرۆکی وڵات.   

بە دەنگ و وێنەی ڤیدیۆیی هەیە کە هەموویان دەڵێن سەرەتای دەسپێکردنی مفاوەزاتی ساڵی `١٩٨٣-١٩٨٤` سەدام حوسێن بە شەخسی بە خودی جەلال تالەبانی گووتووە. وەک لە زاری خۆیانەوە دەیڵێن سەدام حوسێن زۆ ربە موئەدەبانە ئەمەی بە تالەبانی گوتووە؛ (بەڕیز جەلال تاڵەبانی قسەیەک دەکەم خوانەخواستە خوانەخواستە بە هەڕەشەی وەرنەگرن، ئەویش ئەوەیە کە هویادارم دەست تێکەڵاو نەکەن لەگەڵ دوژمنەکانماندا چونکە گەر ئەوە بکەن ئەوا بە هەموو هیزی خۆمان لێتان دەدەین.)

هەر لە هەمان ساڵدا و لە یەکێک لە دانیشتنەکانی تردا عیزەت دووری جێگری سەدام حوسێن بە نەوشیروان مستەفای جێگری جەلال تڵلەبانی وتبوو کاتێک نەوشیروان مستەفا هەڕەشەی لێدانی نەوتەکەی کەرکوکی کردبوو بە هیزی سوپای پاسدارانی ئێرانی، عیزەت دووری لە وڵامدا پێی گوتبوو: “ئەگەر ئێران بهێنن و لە نەوتەکەی کەرکوک بدەن ئەوا هەرچی دیهاتی دەوربەر هەیە دەیڕوخێنین و خەڵکەکەی ڕاگوێز دەکەین.“ ئاقڵی سەرکردایەتی کورد ئەوە بوو کە هەردوو ئاگادارکردنەوەکەیان بە فشە وەرگرت. لە لایەک نەوشیروان مستەفا پاسداری هێنا و لە نەوتەکەی کەرکوکیاندا و خۆشیان هەڵاتن. دەرئەنجام زەرەرمەندی ئەوەڵ و ئاخیر دێهاتەکانی دەوربەری کەرکوک بوو، کە باجی نابەرپرسیارێتی و نا – سیاسی بوون و بێ هزری سیاسی ئەو سەرکردایەتیەیاندا.

دوای سێ و چوار ساڵ لەو ڕووداوە هەڵەبجە و ئەنفال روویاندا، بە پێی یادەوەریەکانی خودی خۆیان چەند مانگێک پێش تاوانکاریەکەی ئەنفال، ئەفسەرێکی باڵای سوپاسی عێراقی دێتە لای سەرکردایەتی یەکێتی، گوایە ئەفسەرەکە ڕادەکات بەڵام لەوانەشە بە مەبەستەوە نێردرابێ، نەخشەی پەلامارەکانی ئەنفالیان پێ نیشاندەدات و ئاگاداریان دەکاتەوە. هەروەک پیشەی سیاسی خۆیان گوێان نەدا بە نەخشەکانی ئەو ئەفسەرە هێنابووی ئەمە جگە لەوەی لە چەندان لاوە دەزانرێ کە سوپاسی ئێراقی قسەکەی سەرۆکەکەیان جێبەجێدەکەن کاتێ پێی گوتبوون ؛ “بە هەڕەشە لێم وەر نەگرن بەڕیزینە بەس خوانەخواستە خوانەخواستە دەست لەگەڵ دوژمنەکانمان تێکەڵاو بکەن ئەوا بە هەموو هیز خۆمان لێتان دەدەین“  ئەوە بوو سوپاسی عێراق ئەنفالی بەسەر هەموو دەشت و دێهاتەکانی  کوردستاندا کرد و ئەوانیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و خەڵکەکەیان بۆ شاڵاوی سوپای عێراقی بەجێهێشت.

 

كاتژمێری ده‌ستی ئه‌نفالكراوێك له‌ باشووری ئێراق – گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی دۆزراوه‌ له‌ ٢٠١٩

 

سوپاسگوزاری و لیخۆشبوونی کوردی لەسەر مەرگی ئەنفال

کاتێک کە هەڵەبجە ڕوویداوە، هەر لە زار و وشەی نوسراوی خۆیانەوە دەڵێن؛  کاتێک کە هەڵەبجە روویداوە، هەر لە زار و وشەی نوسراوی خۆیانەوە دەڵێن سەرکردەی یەکەمی یەکێتی گوتوبووی خۆزگە چەند هەڵەبجەیەک رووی دەدات تاوەکو بەناوبانگ تر بین.  

بۆیە هەر بە تەنها قوربانی دوو ڕژێمی شەڕکەری وەک ئێران و ئێراق نەبوو بەڵکو قوربانی ئەو ئەقڵ و خوڵقی خودی سەرکردایەتی کوردی و هیزە چەکدارەکەشی بوو هەر بۆیە دوای چەند سەعاتێک و چەند ڕۆژێک لە کیمیای بارانەکە ئەوەی ئەو هیزە کوردیە کردبوویان. دەزانم هەندێک دەڵێن؛ ئەوانە چەند کەسێک بوون بەڵام مەسەلەکە ژمارە نییە بەڵکو ئەو ئەقڵ و خوڵقەیە کە دوای تاوانکاریەکە دەستیان دابووە تاوانکاری تر کە مرۆڤ موچڕکی شەرمی پیدێ کاتێک بیەوێ باسیان بکات.

قۆناغی دوای ئەنفاڵ وات لە راپەڕینەوە تاکو ئیستا حازر بەدەستترین بەڵگەیە کە هیزی کوردی ناوخۆیی بەردەوامە لە ئەنفالکردنی نەک هەر پاشماوەی ئەنفالەکان بەڵکو هەموو ئەوانەشی بەر شاڵاوی فیزیکی ئەنفال نەکەوتوون وا لە ئاستە ڕوحیەکەی بەر ئەو شالاوە کەوتوون. ئەنفالی رژێمی بەعس گەر پاکتاوی جەستەیی مرۆی کورد بوو ئەوا ئەنفالی کوردی پاکتاوی ڕوحی مرۆی کوردی کردۆیە ئامانج و ئەم ئامانجەشی چاک پێکاوە بە درێژایی زیاتر لە سێ دەیەی تەواوە.

سوپاسگوزری و لێخۆشبوون و نامەی پشتیوانی بێ تاوانیی هەمان سەرکردایەتی شاخ لە ژەنەراڵ و کەسە گەورەکانی بکەرانی ئەنفالی ڕژێمی بەعس بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری ئەو ڕاستیەیە کە هێزە کوردیەکانی شاخ بە ئیسلامیەکانیشەوە بەشێک بوون لە تاوانکاری ئەنفال. نامەکانی سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ دەزگا ڕەسمیەکانی ئەوروپا بۆ پشتیوانی لە بێ تاوانی `نزار خەزرەجی` لەو ئەنفال هەر بە تەنها نیشانەی بێ هزری سیاسی و خاڵی بوونی مۆراڵی نەتەوەیی نییە لەو تاوانکاریە بەڵکو نیشانەی شەریکبووناینە لەو تاوانکاریە لەگەڵ سەرانی بەعسدا. بۆیە هەر دید و بۆچوون و باس و خواسێک سەرکردایەتی کوردی لەو تاوانە بێ بەری بکات ئەوا جگە لەوەی ناکامڵ و نابابەتی دەبێ بەڵکو دەکەوێتە ئە وبەرەیەی کە سەبەکار و شەریکی جینۆسایدی ئەنفال بوون.

 

ئاستی تیئۆری جینۆساید

تێگەیشتنی باو ئەوەیە کە جینۆساید پاکتاوێکی ڕەگەزیە لە لایەن هیزێکی دەرەوەی ئەو نەتەوەیە یان ئەو خەڵکە دەچێتە پێشەوە یاخود لەسەر دەستی هیزێکی زۆرینەی نەژادی یان ئاینی دژ بە کەمینیەکی نەژادی یا ئاینی ئەنجام دەدرێ؛ ئامانج لە جینۆسایدەکان بریتیە لە پاوانخوازی ئەم پاوانخوازیەش مەرج نییە هەر لە پەلامار بۆ سەر هێزە غەیرەکان بێت، بەڵکو دەکرێ و لە مێژووشدا ئاوها دەستیپێکردووە کە قەتڵ و عامەکان لە پەلاماری هێزە ناوخۆییەکانی خودی خۆیانەوە دەستیپێکردووە،  پاشان بۆ سەر ئەوانیتر.

کڕۆکی هاوکێشەی جینۆسایدەکان لەسەر زۆرینە و کەمینە، بەهێز و بێ هێز، غافڵگیر و ناغافڵگیر دروست بووە. ئەو جینۆسایدانەی لە سەردەمی زاڵێتی سیستەمی لیبرال دیموکراسی واتە هەژموونی ڕۆژئاوایی دروست بووە لەوانە؛ جینۆسایدی ڕواندیەکان، بۆسنیەکان، دارفۆریەکان و تەنانەت کوردیش خاسیەتێکی وەرگرتووە کە لەگەڵ لە کرۆکدا لەوانی ڕابوردوو هەمان شتە، بەڵام لە ڕوودانی و هێزە بەشداربووەکانی تایبەتمەندی تری هەیە. هەڵەبجە و ئەنفال ئەو جینۆسایدانەن کە خاسیەتی خۆی هەیە؛ ئایدیای سەرەکی ئەم نوسینە لەسەر ئەو تایبەتمەندێتیەیە.

١٣ی ٤ی ٢٠٢٤

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌