تابلۆی نیتچە کاتێک لە شاری تۆرینۆ باوەش دەکات بە ملی ئەسپێکدا و بۆی دەگری. لەبەرئەوەی خاوەن ئەسپەکە بە قامچی لە ئەسپەکەی دابوو.

فرێدریک گرۆ؛ فەلسەفەی پیاسەکردن


بۆچی من پیاسەکەرێکی هێندە باشم – نیچە

Loading

فەلسەفەی پیاسەکردن

بۆچی من پیاسەکەرێکی هێندە باشم – نیچە

نووسینی: فرێدریک گرۆ

وەرگێڕانی: شەهلا نەجمەدین

تا دەتوانیت کەم دانیشە؛ باوەڕ بە هیچ ئایدیایەک مەهێنە کە لە هەوای کراوە و جووڵەی ئازادانەوە لەدایکنەبووبێت– کە ماسولکەکان تیایدا سەما نەکەن. هەموو دەمارگیرییەکان لە ڕیخۆڵەکانەوە سەرچاوە دەگرن. دانیشتنی زۆر [پێشتر جارێک وتومە]– گوناهی ڕاستەقینەیە دژ بە ڕۆح.

فریدریک نیچە  ئەوەیە مرۆڤ

نیچە نووسیویەتی: دابڕانەکان سەختن، بەهۆی ئەو ئازارانەی لە پچڕاندنی پەیوەندییەکەوە دروست دەبن. بەڵام لە جێی ئەوە، کەمێک دواتر، گەشە(تەکانێک)مان پێ دەدەن. ژیانی نیچە پێکهاتبوو لەم دوورەپەرێزییانە، لەم جیابوونەوانە، ئەم کەنارگرتنانە: لە جیهان، لە کۆمەڵگا، لە هاوسەفەر، هاودەم، هاوسەر، هاوڕێ، پەیوەندی. بەڵام هەموو قووڵبوونەوەیەکی ئەو لە گۆشەگیرییەکەی (زیادبوونی گۆشەگیرییەکەی)، نیشانەی فراوانبوونی زیاتری مەودای ئازادییەکەی بوون: نە ڕوونکردنەوەیەک هەیە بدرێت، نە بەربەستێکیش هەیە لەبەردەمیدا بوەستێت، دیدگای ئەو، ڕوون و سەربەخۆیە.

نیچە پیادەڕەوێکی جیاواز بوو، ماندوونەناس. بەردەوام ئاماژەی بە پیاسەکردن و پیادەڕەویی دەدا. بە پێ ڕۆشتن لە دەرێ، وەک پێکهاتی سەرەکی بەرهەمەکانی وا بوو، هاوەڵێکی نەگۆڕ و هەمیشەیی نووسینی بوو.

ژیانی نیچە دەتوانرێت بەسەر چوار بەشی سەرەکیدا دابەش بکرێت: یەکەمیان، ساڵەکانی شێوەگرتنی ئەو دەگرێتەخۆ. لە لەدایکبوونییەوە لە ساڵی ١٨٤٤ تاوەکو دەستبەکاربوونی وەک پڕۆفیسۆری فیلۆلۆجی لە زانکۆی بازل. باوکی کەشیش بووە، پیاوێکی باش و سەرڕاست  بووە و بە گەنجی کۆچی دوایی کردووە، کاتێک فریدریک چوارساڵان بوو. نیچەی لاو حەزی بە وێناکردنی خۆی دەکرد وەک دوا نەوەی بنەماڵەی پۆڵەندی خانەدان[the Nietzskis] .

دوای مردنی باوکی، نیچە بووە ئازیزە نازدارەکەی دایکی و داپیری و خوشکەکەی، چاودێرییەکی چڕ دەکرا. زۆر زرنگ و زیرەک بوو، خوێندنی کلاسیکیی لە خوێندنگەی دواناوەندی بەناوبانگ[ و قورس]ی پفۆرتا (Pforta) وەرگرت. لەوێ خرایە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمێکی ئایرۆنیی(تووندوتۆڵ)ەوە کە دەبوو لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا دەرک بە کاریگەرییەکەی بکات، بەپێی هاوکێشە گریکییەکە: بۆ ئەوەی بزانیت چۆن فەرمان بکەیت، سەرەتا دەبێت بزانیت چۆن پەیڕەوی بکەیت. دایکە شەیدا و سەرسامبووەکەی، هیواخواز بوو کوڕەکەی، ژیرییە هەڵکەوتووەکەی خۆی، لەپێناو خزمەتکردنی خودادا بەکاربێنێت. وەک تیۆلۆجێک بیبینێت. نیچە کوڕێکی خورت بوو، تەندروستییەکی زۆر باشی هەبوو، تەنیا چاوەکانی تووشی نزیکبینییەکی تووند هاتبوون کە دیاربوو بە شێوازێکی زۆر خراپ چارەسەر کرابوون.

پیشەی ئەکادیمی لە بواری فیلۆلۆجیدا، زانکۆی بۆن و پاشانیش زانکۆی لایپزیگی بەدوادا هات. بەر لە تەمەنی بیست و چوار ساڵی، وەک پڕۆفیسۆری فیلۆلۆجی لە زانکۆی بازل دەستنیشان کرا، لەسەر پێشنیاری فیلۆلۆجیست و بەرپرسی کتێبخانە؛ فریدریک ڕیتچی. لێرەوە دووەمین قۆناغی ژیانی دەستی پێ کرد.

بۆ ماوەی دە ساڵ وانەی فیلۆلۆجیای گریکی وتووەتەوە، دە ساڵ لە هەوڵ و تێکۆشان و سەختیی. ئەم کارە بارێکی گرانی خستبووە سەر شانی: هاوکاتی ئەو وانەوتارانەی کە لە زانکۆدا دەیووتنەوە، دەبووایە لە خوێندنگەی دواناوەندی

سەرەکی شاریشدا، وانەوتاری دیکە پێشکەش بکات [The Pedagogium]. بەڵام ئەوەی بۆ نیچە جێی بایەخ و گرنگیپێدان بوو، زیاتر بوو لەوەی تەنیا لە فیلۆلۆجیدا خۆی ببینێتەوە. هەر لە تەمەنێکی زۆر منداڵییەوە، بەرەو مۆسیقا کێش بووە، دواتریش فەلسەفە چووە بە دڵیدا؛ بەڵام ئەوە زانستی فیلۆلۆجی بوو کە لە سەرەتادا پێشوازی لێ کرد و ئەمیش لە بەرانبەردا لەخۆیگرت. بە بڕێک نائاسوودەییەوە، چونکە ئەوە بانگەشە و پەیامی ڕاستەقینەی ئەو نەبوو. لانی کەم ئەمە وایکرد کە نوسەرانی گریکی بخوێنێتەوە: تراژیدییەکان [ئەسکیلیۆس و سۆفۆکڵیس]، شاعیرەکان [هۆمیرۆس، ئیسیۆدۆس]، فەیلەسوفەکان [هیراکڵیتۆس، ئەناکسیماندرۆس] و مێژوونووسانیش [بەتایبەت دیۆنیس لایرتیۆس، لەبەرئەوەی نیچە دەیگوت: نوسینەکانی دیۆنیس وێنەی مرۆڤی، بەسەر سیستەمدا و لە سەروو سیستەمەوە، کێشاوە]. ساڵی یەکەم زۆر بە باشی تێپەڕی: بەگەرمییەوە کاری لەسەر وتارەکانی کرد، چێژی لە سەرکەوتنەکانی دەبینی لەنێو خوێندکارەکاندا، هاوکاری نوێی پەیدا کرد – یەکێک لەوان، فرانز ئوڤەبێک بوو، پرۆفیسۆری تیۆلۆجی، کە دواتر بووە هاوڕێیەکی ئازیز و بەوەفا بۆی. هاوڕێی ساتە خۆش و کاتە سەختەکان، ئەو هاوڕێیەی کە دەیتوانی داوای یارمەتی لێ بکات؛ ئەو کەسەی کە، دوای ئەو کارەساتەی بەسەر نیچەدا دێت و بەرەو دێوانەیی دەبات، ڕووەو شاری تۆرینۆ بەڕێدەکەوێت و لەوێ بەدوایدادەگەڕێت.

فریدریک نیتچە – هێڵکاری کارڵ باوەر

 

ساڵی ١٨٦٩ نیچە گەشتێکی بەرەو شاری لوسێرن ڕێکخست، پاشان بەرەو تریبشن دەڕوات. لەوێ بە سۆزەوە سەردانی ‘مامۆستا’ [ڤاگنەر] دەکات. لە دووەمین گەورەترین، خانووی مۆنۆمێنتاڵی ئەو شارەدا، چاوی پێی دەکەوێت. ئەو شوێنەی کە زۆرترین کاتی لەگەڵ کۆزیما تێدا بەسەربرد [لەو نامانەدا کە لە دوای شێتبوونییەوە نووسیویەتی، بەم شێوەیە ناوی کۆزیما هێنراوە: ‘شازادە ئاریانە، خۆشەویستەکەم – ئازار دەمکات بە مرۆڤ، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام لەگەڵم بووە – کانونی دووەمی ساڵی ١٨٨٩].

هەرچۆن بێت، جۆش و خرۆش، دڵگەرمی ئەکادیمیی و تەندروستی جێگیر، ماوەیەکی زۆر درێژەی نەکێشا. لەهۆشخۆچوون و پەرکەم (Seizures) دەستیان پێ کرد. جەستەی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک دۆخی خراپ بوویەوە.

کێشەی پیشەیی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبی لەدایکبوونی تراژیدیادا لە ساڵی ١٨٧١ سەریهەڵدا، ئەمەیش وایکرد فیلۆلۆجیستە پڕۆفێشناڵەکان  بێدەنگ بکات و زۆر کاتیش تووڕەبوونیانی لێ بکەوێتەوە! ئایا بەڕاستی ئامانجی لە نووسینی کارێکی لەو شێوەیە بووە؟ کتێبەکە هەڵهێنجانی ئەنجامی لیکۆڵینەوەیەکی جددیە وەک لە تێڕوانینی ناڕوون و مێتافیزیکی: ململانێی هەمیشەیی نێوان کایۆس و فۆڕم. هەروەها لە ڕووی هاوڕێیەتیشەوە، تووشی کێشە هات. نیچە زوو زوو، بە مەبەستی ئامادەبوون لە ئاهەنگی ساڵانەی پیرۆزکردنی مامۆستایاندا، سەردانی بایرۆیتی دەکرد و پاشان دەگەڕایەوە بۆ تریبشن، بەو جۆرە، گەشتکردن بە ئەوروپادا بووە هاوڕێی، بەڵام زیاتر و زیاتر دەرکی بەوە کرد کە دۆگماتیزمی کۆنەپەرستانە و خۆبەزلزانی ڤاگنەر، نوێنەرایەتی هەموو ئەو شتانە دەکات کە ئەم بە نەفرەتی کردوون، و لە سەروو هەمووشیانەوە، ئەو میوزیکانەی کە نەخۆشیان دەخست.

نیچە لەبارەی میوزیکی ڤاگنەرەوە، دەنووسێت: میوزیکی ڤاگنەر دەتخنکێنێت، ماراسموسێکە[١]، دەبێت بەردەوام لەناویدا ‘مەلە بکەیت’، لەناو شەپۆلێک لە لێدان و پیاکێشان و فەوزادا نوقمت دەکات، کاتێک گوێی بۆ ڕادەدێریت، پێیەکانت لەدەست دەدەیت. لەولاترەوە، ڕۆسینی وات لێ دەکات بتەوێت سەما بکەیت. باسی بەدبەختی بیزێت ناکەم لە عەشقدا کە ئەویشی تا ڕادەی نەخۆشخستن برد: ڕەتکردنەوە دوای ڕەتکردنەوە – کە تا ڕادەیەک ڕووشکێن بوو- وەڵامی پێشنیاری هاوسەرگیریکردنی دەدرایەوە. لە کۆتاییشدا، بەرەو شکستی کۆمەڵایەتی برد، لەبەرئەوەی نەیتوانی نە لە غەڵبەغەڵبی دونیای بایرۆتییدا و نە لە بازنەی ئەکادیمیی و فیکرییدا ڕەگ داکوتێت.

هەموو شتێک سەختتر دەبوو. هەر وەرزێک قورستر و مەحاڵتر دەبوو بۆ نیچە. سەرئێشەی تووند تا دەهات زیاتر باڵی بەسەردا دەکێشا و لە جێگادا دەیهێشتەوە، لە تاریکییدا دەیخست، لەگەڵ ئێش و ئازاریدا، هەناسەیشی سواردەبوو. چاوەکانی ئازاریان دەدا، بە ئەستەم دەیتوانی بخوێنێتەوە یان بنووسێت. هەر چارەکە سەعاتێک لە خوێندنەوە یان نووسین، بۆ چەندین کاتژمێر تووشی ژانەسەری سەختیان دەکرد. داوای دەکرد کە بۆی بخوێننەوە، چونکە چاوەکانی بە تەڵخی و لێڵی لاپەڕەکانیان دەبینی.

نیچە هەوڵیدا پاشەکشە لە کاری وانەوتنەوە لە زانکۆ بکات، داوای کرد بۆ کۆرسێک لە وانەوتنەوە پشوو وەربگرێت و بە ماوەیەکی کەمیش دوای ئەوە، ئەرکەکانی وانەوتنەوەی لە خوێندنگەی دواناوەندیدا لێ وەربگیرێت. مۆڵەتی ساڵێکی بۆ هەناسەدان، چاکبوونەوە، کۆکردنەوەی هێز و وزەی خۆی وەرگرت. بەڵام هیچ شتێک سوودی نەبوو.

سەرەڕای ئەوەش، ئەوەی لەو کاتەدا مەبەستی بوو بیگەڕێنێتەوە؛ چارەنووسی داهاتووی ئەوی لە خۆیدا هەڵگرتبوو: پیاسەی دوورودرێژ و تەنیاییەکی مەزن، دوو چارەسەر دژ بە لێدان و ئازاری مەترسیدار. نیچە باجی هەڵهاتنی لە هەوەس و خواست و پشێوی و هاندانەکانی نێو جیهانی؛ بە چەندین کاتژمێر لە ئازارچەشتن دەدا. هاوکات پیاسەکردن، بە پێ ڕۆشتن بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەسەریەک، بۆ کەمکردنەوە و خۆلادان و لەبیرکردنی ئەو لێدانە سەختانەی کە دەیدا لە سەری. هێشتا کانزا ڕەقەکانی شاخە بەرزەکان ئارەزوویان نەبزوواندبوو، بۆنی وشکانی ڕێگا بەردینەکانی باشوور هێشتا لێی نەدابوو. زۆربەی کات بە کەناری دەریاچەکاندا دەڕۆشت [لەگەڵ کارل ڤۆن گیرسدۆرف بە کەناری دەریاچەی لیماندا، بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لە ڕۆژێکدا]، یانیش دەچووە ناو سێبەری دارستانەکانەوە [دارستانەکانی سنەوبەر لە شتاینەبەد، نزیک باشوور، لە کۆتایی دارستانی ڕەش: ‘من زۆر بە پێ دەڕۆم، بەناو دارستانەکاندا، گفتوگۆی بەهادار لەگەڵ خۆمدا دەکەم’].

لە دەوروبەری ئابی ١٨٧٧دا، نیچە لە ڕوسینلاوی بوو لە سویسرا، وەک دوورەپەرێزێک دەژیا: ‘گەر بمتوانیایە تەنیا خانوویەکی بچووکم لە شوێنێکی وەهادا هەبێت؛ هەموو ڕۆژێک بۆ ماوەی شەش یان هەشت کاتژمێر بە پێ دەڕۆشتم، بیرکردنەوەم دەخوڵقاند و دواتر دەمخستنە سەر پەڕە’.

بەڵام هیچ شتێک هاوکار نەبوو. ئازارەکە ئێجگار وێرانکەر بوو. هێرشی ژانەسەر بۆ چەندین ڕۆژ لە جێگادا دەیخست، ڕشانەوەی بەئازار بەدرێژایی شەو نەیدەهێشت بنوێت. چاوەکانی ئازاریان دەدا و بیناییشی بەرەو نەمان دەچوو. لە ئایاری ١٨٧٩دا، داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە زانکۆ کرد.

~~~

لێرەوە؛ سێیەمین سەرەکیترین قۆناغی ژیانی دەستی پێ کرد: دە ساڵی نێوان هاوینی ١٨٧٩ بۆ سەرەتای ١٨٨٩. بە سێ بەخششی کەم کە تەنیا بە شێوەیەکی زۆر دیاریکراو و سنووردار دەیتوانی پێی بژی، لە میوانخانە بچووکەکاندا بمێنێتەوە، کرێی شەمەندەفەری لە شاخەکانەوە بۆ دەریا و لە دەریاوە بۆ شاخەکان، یان هەندێک جاریش بۆ ڤێنیس، بۆ سەردانکردنی پیتەر گاست، پێ دابین بکات. لەو کاتەدا بوو کە بووە پیادەڕەوێکی بێ وێنەی ئوستورەیی. نیچە گەڕا، بە ئەندازەی کارکردنی ئەوانی دیکە، ئەو ڕاوێچکەی دەکرد. بەدەم ڕۆشتنەوە کاری دەکرد.

لە هاوینی یەکەمدا؛ شاخەکەی خۆی دۆزییەوە، شاخی ئینگادینەی سەروو، ساڵەکانی دواتریش گوندی سیلس-ماریا، ئەوێ هەوایەکی پاکی هەبوو، شەماڵێکی خۆش، هەتاوێکی بەهێزیش. نیچە حەزی بە گەرمای خنکێنەر نەدەکرد، بۆیە تا کاتی پەککەوتنەکەی [جگە لە ساڵەکەی لۆ Lou]، هەموو هاوینێکی لەوێ دەبردەسەر. لە نامەیەکدا بۆ ئۆڤەبێک و کۆسێلیتزی هاوڕێی دەنووسێت کە سروشتی خۆی دۆزیوەتەوە، توخمی خۆی بینیوەتەوە؛ بۆ دایکیشی نووسیوە کە ‘باشترین ئەو ڕێگایانەم دۆزیوەتەوە کە نیوەنابینایەکی وەکوو من ئاواتەخوازیەتی، لەگەڵ خۆشترین ئاوازی میوزیکیش’ [تەمموزی ١٨٧٩]. ئەوێ سەرزەمینی ئەو بوو، هەستی بەوە دەکرد سەر بەو سروشتەیە،  ‘بە خوێن، نـا؛ بگرە لە خوێنیش زیاترە بۆم’. لە دەستپێکی یەکەمین هاویندا، بە تەنیا، بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، دەستی کرد بە ڕۆشتن و گەڕیدە و سێبەرەکەی The Wanderer and His Shadow (کە بەشی دووەمی کتێبی مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانە Human, All Too Human پێکدەهێنێت) نووسی، جگە لە چەند دێڕێکی کەم نەبێت کە بەدەم ڕۆشتنەوە نەنووسراون، تەواوی کتێبەکەی لە کاتی پیاسەکردنیدا و بە قەڵەم لەسەر شەش دەفتەری بچووک داڕشتووە.

زستانی لە شارۆچکەکانی باشور بەسەردەبرد، بەتایبەت جێنەوا، بەندەری ڕاپالۆ و دواتریش نیس [بە تێکڕا بەیانیان کاتژمێرێک ڕێ دەکەم، دوانیوەڕوانیش سێ کاتژمێری تر بە پێ دەڕۆم، ڕۆیینێکی باش- هەمیشەش هەمان ڕێگا: بایی ئەوەندە جوانە کە دووبارەبوونەوەی بەرگەگیراو بێت؛ ئازاری ١٨٨٨]، مێنتۆن تەنیا جارێک [‘هەشت پیاڕەوم دۆزیوەتەوە؛ تشرینی دووەمی ١٨٨٤]. چیاکان سەکۆی نووسینەکانی بوون، دەریاش ماڵ و مەنزڵگەی [‘دەریا و ئاسمانی بێگەرد! من لە ڕابوردوودا بۆ ئەوەندە ئەشکەنجەی خۆمم دا؟’ کانونی دووەمی ١٨٨١].

بەو شێوەیە بەردەوام بوو لە پیاسەکردن، لە بەرزاییەوە دەیڕوانییە خوارەوە لە جیهان و لە مرۆڤەکان، لە هەوای کراوەدا ئاوازی دادەهێنا، دەهزری، کەشفی دەکرد، بەخێرایی(excited) نەشونومای دەکرد. ئەوەی کە لە پیاسە کردنەکانیدا دۆزیبوویەوە و کەشفی کردبوو، ترساندبووی، سەرسامبوو بەو بیرۆکانەی کە لە کاتی ڕۆیشتنەکانیدا بۆی دەهاتن و ئێستیان پێی دەگرت:

“چڕی هەستەکانم وام لێ دەکەن لە یەک کاتدا هەم پێبکەنم و هەمیش بلەرزم – چەند جارێک ڕوویداوە کە توانای ئەوەم نەبووە ژوورەکەم جێبێڵم، بەو هۆکارە بێ مانایەی کە چاوەکانم سوور بووبوون – بە چی؟ تەنیا لەبەرئەوەی کە ڕۆژی پێشوو تر، لە کاتی پیاسەی دوورودرێژمدا زۆر گریابووم، فرمێسکی سۆزدارانە ناڵێم، بەڵکو فرمێسکی شادومانی، گۆرانیم دەگووت و سەمام دەکرد(بە لادا دەکەوتم). لێوڕێژ لە نیگایەکی نوێ کە تایبەتێتی من بەسەر پیاوانی ئەم ڕۆژگارەدا پیشان دەدات.“

لەو دە ساڵەدا، مەزنترین کتێبەکانی خۆی نووسی، هەر لە بەرەبەیانەوە (Dawn) بۆ جینالۆجیاکەی ((Genalogy of Moral، پاشانیش لە زانستی شادەوە (The Gay Science) تـا ئەودیوی چاکە و خراپە (Beyond Good and Evel)، ئەوەش لەیاد نەکەین کە نیچە بە کەنارگیری مایەوە [‘بۆ جارێکی دیکە خۆم وەک گۆشەنشینێک دۆزییەوە، ڕۆژی دە کاتژمێر وەک تەریکێک ڕێ ئەبڕم؛ تەمموزی ١٨٨٠]؛ دێوانە، تاکوتەنیا.

~~~

لێرەدا پیاسەکردن لەگەڵ نیچە، هەمان پیاسەکردن نییە لای کانت، مانای دابڕان و پشوو وەرگرتن نییە لە کار، کەمێک خۆخاوێنکردنەوە(دەستنوێژ) نییە کە وا دەکات جەستە خۆی لە دانیشتن لە یەک جێدا، لە کزکەوتن و چەمانەوە، لە کووڕبوونەوە، نوێ بکاتەوە. بۆ نیچە، پیاسەکردن دۆخی پێشمەرجی کارکردنە. زیاتر لە پشوودان، یان تەنانەت زیاتر لە هاوڕێیەتییش. بە پێ ڕۆشتن توخمی هەرە سەرەکی ئەو بوو.

“ئێمە سەر بەو کەسانە نین کە تەنیا لەنێو کتێبەکاندا بیردەکەنەوە، بە کتێب وروژاون. خووی ئێمە بیرکردنەوەیە لە هەوای کراوەدا – لە کاتی پیاسەکردندا، لە بازدان و هەڵزنیندا، لە کاتی سەماکردندا، بەتایبەت لەسەر شاخە دوور و دابڕاوەکان، یانیش لە نزیک دەریا، کاتێک تەنانەت تولەڕێکانیش دەبنە شوێنی ڕامان. یەکەمین پرسیارمان لەبارەی بەهای کتێبێکەوە، بوونی مرۆڤێکەوە، یاخود ئاوازێکی میوزیکییەوە دەبنە: ئایا دەتوانن بە پێ بڕۆن؟ بگرە لەوەیش زیاتر؛ دەتوانن سەما بکەن؟“

زۆرکەس تەنیا لە خوێندنەوەی کتێبی ئەوانی دیکەوە، هاتوون کتێبی خۆیان نووسیوە، بۆیە زۆربەی کتێبەکان بۆگەناوی گیرانی کتێبخانەکانیان لێ دەچۆڕێت. بە چ پێوەرێک کەسێک حوکم لەسەر کتێبێک بدات؟ بە بۆنەکەیدا [لەوەیش زیاتر، کە دەبێت بیبینین؛ بە ڕیتمەکەیدا (cadence) ]. بۆنی کتێب: زۆرینەی هەرە زۆری کتێبەکان؛ بۆگەنی کەڕووی ژووری خوێندنەوە یان مێزەکانیان لێ هەستاوە. ژووری بێ ڕووناکی و هەواگۆڕکێی کەم. بەئەستەم هەوا لەنێوانی ڕەفەکاندا هاتوچۆ دەکات، وای لێهاتووە هەڵاوی بۆنژەنگی لێ بەرزبۆتەوە، وردە وردە پەڕەکان بەرەو شیبوونەوە چوون، گۆڕانی کیمیایی بەسەر مەرەکەبەکەیاندا هاتووە، هەوای ئەوێ بۆن خنک دایگرتۆتەوە. بەڵام کتێبەکانی تر هەوایەکی پاکتر هەڵدەمژن؛ هەوای فێنکی دەرەوە، شنەبای چیا بەرزەکان، تەنانەت نەسیمی سەهۆڵبەندی شاخە بەرزەکان کە لە سەرمادا جەستەبڕن؛ یان بۆنی هەوای فێنکی ڕێگاکانی باشور لە بەرەبەیاندا کە بەناو سنەوبەرەکاندا تێدەپەڕن. ئەم کتێبانە هەناسە دەدەن. بارێکی قورسیان لێ بارنەکراوە، مەعریفەی بێ کەڵک و مردوویان تێنەئاخێنراوە.

“ئێمە چۆن بەو خێراییە لەوە دەگەین کە چۆن کەسێک دەستی گەیشتووە بە ئایدیاکانی؛ گەر ئەوە بە دانیشتن بێت لەبەردەم شوشەی مەرەکەبەکەیدا، بە سکێکی کرژ و سەرێکی چەماوە بەسەر کاغەزدا – لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا بەخێرایی لە کتێبەکەی دەبینەوە. ڕیخۆڵە کرژبووەکان خۆیان فریو دەدەن – دەتوانیت گرەو لەسەر ئەوە بکەیت – بە ئەندازەی ئەتمۆسفێری ژوورێک، بنمیچی ژوورێک، تەنگەبەری ژوورێک.“

هەروەها کتێبێک کە لە هەوای ئازادانەدا نووسرابێت، بۆ ڕووناکییەکی جیاواز دەگەڕێت. کتێبخانەکان هەمیشە زۆر تاریکن. کتێب کەڵەکەکردن و لەسەریەک دانان، یەک لەدوای یەک دانانی ژمارەی نەبڕاوەی بەرگەکان، هەڵچنین تا سەرەوە، هەموو شتێک بۆ بەرگرتن لە تیشکی خۆر لەوێدا کۆدەبێتەوە.

کتێبەکانی تر ڕووناکی تیژبڕی شاخەکان دەنوێننەوە، یان دەریا کە لە تیشکی خۆردا دەبریسکێتەوە. لەسەروو هەمووشیانەوە، ڕەنگەکان. کتێبخانەکان خۆڵەمێشیین، خۆڵەمێشیش ئەو کتێبانەن کە لەوێدا نووسراون: سیخناخ لە وتەی وەرگیراو، ئاماژە، پەراوێز، شرۆڤەی ئەنجامگیرانە، بەدرۆخستنەوەی بێ کۆتا.

بیر لە جەستەی نووسەر بکەرەوە: دەستەکانی، پێیەکانی، شان و قاچەکانی. وەک دەربرینێکی فیزیۆلۆجی بیر لە کتێب بکەرەوە. لە بەشێکی زۆری کتێبەکاندا خوێنەر هەست بە جەستەیەکی دانیشێنراو دەکات، دوو هێندەی خۆی، کۆماوە، بەسەر خۆیدا چووەتەوەیەک. بەڵام جەستەی پیادەڕەو، وەک کەوانێک(کەوانی ئامێرە مۆسیقییەکان، بۆ نموونە کەوانی(قەوسی) ڤایۆلێن یان کەمانچە، چێلۆ…) دەڕوات و دێت: وەک گوڵ کە بەڕووی خۆردا دەکرێتەوە؛ بەڕووی مەودایەکی بەریندا دەکرێتەوە، قەدوباڵا ئازادکراو، لاق پتەو، بازوو تووندوتۆڵ.

یەکەمین پرسیارمان دەربارەی بەهای کتێبێک، کەسێک، یاخود پێکهاتەیەکی میوزیکیی دەبێتە: ئایا دەتوانن بە پێ بڕۆن؟

ئەو نووسەرانەی کتێبەکانیان لە لێکۆڵینەوەکانیاندا زیندانی دەکەن، بە کورسییەکانیانەوە گرێیانداون، کتێبەکانیان قورس و هەرسنەکراون. لە خستنەسەریەک و هەڵچنینی کتێبەکانی تری سەر مێزەکانەوە لەدایکدەبن، وەک قازی قەڵەو و گۆشتن وەهان: بە لێوەرگرتن (ئیقتیباس) ئاخێنراون، پڕکراون لە سەرچاوەکان، پڕکێش کراون لە تێبینییەکان (ڕوونکردنەوەکان). وەزنیان قورسە و قەبارەیان گەورە، بەهێواشی و بە زەحمەت دەخوێنرێنەوە. کتێبی لە کتێبی تر دروستکراو، لەڕێی بەراوردکردنی دێڕەکانی کتێبێک بە دێڕەکانی کتێبێکی دیکە، دووبارەکردنەوەی ئەو شتانەی کە پێشتر باسکراون سەبارەت بەو بابەتانەی کە کەسانێکی دیکە بە وردی ڕوونیان کردوونەتەوە. جارێکی تر ئەوان پشتڕاستی دەکەنەوە، وردی دەکەنەوە، ڕێکی دەخەنەوە؛ دەستەواژە دەکەنە پەرەگراف، پەرەگرافیش دەکەنە بابەتێکی تەواو. لەسەر یەک دێڕ؛ کتێبێک دەبێتە جێی شرۆڤەی سەدان کتێبی تر.

لە بەرانبەردا، ئەو نووسەرەی کە بەدەم پیاسەکردنەوە نووسینێک دادەڕێژێت، بەمجۆرە کۆتوبەندانەوە نەبەستراوەتەوە، بیرکردنەوەی ئەو نەبۆتە کۆیلەی کتێبەکانی تر، بە پشتڕاستکردنەوەش بە کتێبانێکی دی هەڵنەئاوسێنراوە، بیرکردنەوەی کەسانی تری تێنەپەستێنراوە. هیچ ڕوونکردنەوەیەکیش کە هی ئەوانی تر بێت، نەگرتۆتەخۆ: تەنیا بیرکردنەوە، حوکم، بڕیار. هزراندنێکە لە جووڵە و هاتوچۆوە لەدایکبووە، لە هێزێکی بزوێنەرەوە هاتووەتە بوون. دەتوانین لەودا هەست بە سرکیی جەستە و ڕیتمی سەما بکەین. وزە و توانای کشان و چوونەوەیەکی جەستە کۆدەکاتەوە و کارای دەکات (ئاشکرای دەکات). لێرەدا بیر لە خودی بابەتەکە دەکرێتەوە، بێ ئاڵۆزکردن و بە بێ خۆهەڵواسین پیایدا، بێ تەمومژاویکردن، بێ بەربەست، بەرگی کولتور و نەریت دادەماڵرێت. ئەنجامی ئەمجۆرە لە نووسین؛ لێکدانەوەیەکی دوورودرێژ و وردەکارییەکی ناپێویست نییە، بەڵکو بیرکردنەوەی سووک و قووڵە. ئەوەیش سەرکێشی ڕاستەقینەیە: تا بیرکردنەوە سووکتر بێت، زیاتر بەرز دەبێتەوە، لەڕێی ئەو هەڵکشانەشەوە قووڵتر دەبێت – بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە – لە سەروو زەلکاوە خەستەکانی باوەڕ، بۆچوون، بیرۆکە چەسپاوەکانەوە. لە کاتێکدا ئەو کتێبانەی لەناو کتێبخانەکاندا بیریان لێ دەکرێتەوە، بە پێچەوانەوە، کتێبی ڕووکەشیی و کێش قورسن. لە ئاستی کۆپیکردنەوەدا دەمێننەوە.

بیر بکەرەوە کاتێک پیاسە دەکەیت، بجووڵێ کاتێک بیر دەکەیتەوە، ڕێ بدە نووسین تەنیا و تەنیا گرتنی ڕووناکی بێت، وەک ئەوەی لە پیاسەدا تێڕامان لە فەزای کراوە و بەرین، پشوو بە جەستە ببەخشێت.

دواجار، ئەمە بە ڕوونی دەمانگەیەنێتە ستایشی نیچە بۆ پێ: ئێمە بە دەست دەنووسین؛ بەڵام ‘تەنها بە پێیەکانمان’ دەتوانین بە شێوەکی نایاب بنووسین. پێ باشترین گەواهیدەرە، ڕەنگە متمانەپێکراوترینیش بێت. پێویستە سەرنجی ئەوە بدەین، گەر لە کاتی خوێندنەوەدا، پێ ‘گوێی خۆی بسمێت’ – ئەوا لەبەرئەوەیە کە پێیەکان دەبیستن. لە دووەمین ‘گۆرانی سەما’ی زەردەشتدا ئەوە دەخوێنینەوە: ‘پەنجەی پێیەکانم زیت بوونەتەوە بۆ بیستن؛ چونکە بۆ کەسێک کە سەما بکات، پەنجەی پێ، هەڵگری گوێیە- کاتێک موچوڕکە و تەزووی خۆشیی پێدا دەڕوات لەبەرئەوەی بانگهێشتی سەما کراوە، یەکەمین شت،

بۆ بڕیاردان لەسەر جۆرچاکی (quality)  پارچە موزیکێک، دەبێت متمانەمان بە پێ هەبێت. ئەگەر، لە کاتی گوێ ڕادێراندا، ویست و ئارەزوو لە پێیەکانەوە بۆ پیشاندانی ڕیتمی موزیکەکە سەریهەڵدا، ئەوا ئاماژەیەکی باشە. هەموو موزیکێک بانگهێشتێکە بۆ لەشسووکیی. لەم ڕووەوە، مۆسیقای ڤاگنەر فشار دەخاتە سەر پێ: وا دەکات تووشی ئازار و پەشۆکان بێت، لەبیری دەکات  چۆن خۆی دابنێتەوە. لەوەش خراپتر، بێ هێزی دەکات و ڕایدەکێشێت و بەزۆر دەیهێنێت و دەیبات، جاڕس و پەستی دەکات. لە کاتی گوێگرتن لە ڤاگنەر، وەک نیچە لە دوادەقەکانییدا پێمان دەڵێت؛

“کەسێک کە لەناو گێژاوی مۆسیقادا، لەناو لێشاوێک لە تەمومژیی و ناڕوونییدا، لە ئارەزووی شێوێنراودا نغرۆ بووبێت، مەحاڵە هەست بە ئارەزوو لە سەما بکات.

کاتێک ئەم موزیکە دەستدەکات بە دانانی کاریگەری خۆی لەسەرم، ئیدی چیتر ناتوانم بە ئاسانی هەناسە بدەم…… یەکسەر پێیەکانم  هەست بە تووڕەیی دەکەن بەرامبەری و لێی یاخی دەبن: چونکە پێویستی بە کات، سەما، ڕەوتکردن هەیە؛ تەنانەت قەیسەرێکی گەنجی ئەڵمانییش ناتوانێت لەگەڵ مارشی شاهانەی ڤاگنەردا ڕەوت بکات؛ یەکەمین شت کە پێیەکانم لە مۆسیقای دەوێت، ئەو مەستییەیە کە لە ڕۆشتنێکی باشدا هەیە، لە هەنگاونان و سەمایەکی باشدا هەیە.“

نیچە بەدرێژایی ڕۆژ بە پێ دەڕۆشت، ئەوەی جەستەی جووڵاوی ئەو – لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئاسمان، دەریا، بەستەڵەک – دەیهێنایە ناو بیرکردنەوەیەوە، لێرەولەوێ دەیخستنە سەرپەڕە. زەردەشت دەبێژێت: من ‘گەڕیدەیەکم، شاخەوانێکم، حەز بە دەشتاییەکان ناکەم، بۆ دڵی خۆی دوا و گوتی: پێدەچێت نەتوانم بۆ ماوەیەکی زۆر بە بێ جووڵە بمێنمەوە. هەرچییەکیش کە دەشێت هێشتا وەک چارەنووس و ئەزموون بەسەرمدا بێت – گەڕیدەیی و سەرکەوتنی بەسەر شاخدا، تێدا دەبێت: لە کۆتاییدا، مرۆڤ تەنیا خودی خۆی ئەزموون دەکات.’

لەگەڵ نیچەدا، ڕۆشتن واتا هەڵکشان، سەرکەوتن، هەڵزنین. لە ساڵی ١٨٧٦دا لە سۆرێنتۆ، نیچە ڕێی شاخەکانی پشت شارەکەی بۆ پیاسەی ڕۆژانەی خۆی هەڵدەبژارد. حەزی دەکرد بەسەر ئەو بەرزاییانەدا سەرکەوێت کە ڕاستەوخۆ دەیانگەیاندە ئێز (گوندێکی بچووکە لە فەڕەنسا)، کە بە تەواوی بەسەر دەریادا دەیڕوانی. لە سیڵس-ماریا ئەو ڕێڕەوانەی دەگرتەبەر کە بەرەو دۆڵە بەرزەکان هەڵدەچوون، لە ڕاپاڵۆ، بەسەر مۆنتی ئەلێگرۆ (لووتکەی هەرە بەرزی ناوچەکە)دا سەردەکەوت.

لە کەیسی جێرارد دو نیرڤالدا (ناوی خوازراوی شاعیر و رۆماننووسی فەڕەنسی جێرارد لابرونییە)، ڕێڕەوی دارستانەکان – پێچاوپێچە بەرینەکان – پێدەشتە تەختەکان، جەستەی پیادەڕەو بەرەو نەرمیی و خاوبوونەوە بانگهێشت دەکەن. بیرەوەرییەکانیش وەک گەرداوی تەمومژاوی لێمان هەڵدەسن. هەوا لەگەڵ نیچەدا زۆر بزوێنەرترە، لە سەروو هەمووشیانەوە تیژ و پاکە. بیرکردنەوە چالاکە، جەستە بە ڕادەیەکی ئێجگار زۆر بەئاگایە و هەژێنراوە. بۆیە لەبری هێواش گێڕانەوەی یادەوەرییەکان، کۆمەڵێک بڕیار دراون: دایاگنۆسەکان، دۆزینەوەکان، لێکدانەوەکان، بڕیارەکان.

جەستەیەکی سەرکەوتوو بەسەر شاخدا، ڕەنج و خۆماندووکردنی دەوێت؛ لەژێر ڕاکێشانێکی بەردەوامدایە. ئەم جەستە هاتوچۆکەرە لە گەڕان بەدوای لێکۆڵینەوەکاندا، دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆ بیرکردنەوە: پاڵ بە هزرەوە دەنێت بەرەو پێشەوە، بەرزتریش. گرنگە لاواز نەبیت، بەڵکو وزە بۆ خۆبەرەوپێشبردن مۆبیلایز بکەیت، پێیەکان بە جێگیریی دابنێیت و بەهێواشیی جەستە بگەیەنیتە باڵایی، پاشانیش هاوسەنگی ڕاگریتەوە. کەواتە لەگەڵ هزراندندا: ئایدیایەک بۆ بەرزبوونەوە بۆ شتێکی تەنانەت زۆر سەرسوڕهێنەرتر، نوێ و نە-بیستراو، دیسان جارێکی دیکە: گرنگی گەیشتن بە بەرزایی. هەندێک بیرکردنەوە هەن تەنیا لە بەرزی٦٠٠٠ پێ لەسەروو دەشتایی و کەناراوە غەمگینەکانەوە، دەتوانن ڕووبدەن.

‘“شەش هەزار پێ لەودیوی مرۆڤ و کاتەوە.’ ڕوویدا ڕۆژێک بەناو دارەکانی تەنیشت دەریاچەی سیلڤاپلانادا بگەڕێم، زۆر لە سورلێیەوە دوور نەبووم، لەتەنیشت بەردێکی ئێجگار گەورەوە کە وەک هەرەمێک بەرز بووبوویەوە، وەستام. لەوێدا بوو بیرکردنەوە ڕایچڵەکاندم.“

تا بزانن جیهان لەژێر پێیەکانی ئەودا کۆبووەتەوە. بانگی ئاپۆرەی بەڕێز بکات تا تێبگەن، لە هەوایەکی تەزێنەری پاکدا، بڵێت جەماوەر لە ئاستێکی زۆر نزمترەوە سست بوون و بۆگەنیان کردووە؟ بەڵام نـا، دیدگای ئەرستۆکراتییانەی نیچە سەرناکێشێت بۆ گاڵتەپێکردنێکی لەخۆباییانەی لەم شێوەیە. بەڵکو ئەوەی ئەو مەبەستیەتی ئەوەیە کە مرۆڤ پێویستی بە ڕووانگەی ئازاد و سەربەخۆ هەیە بۆ بیرکردنەوە، پێویستی بە مەودا و دوورەپەرێزیی هەیە، تاوەکو کەشێکی پاکی هەبێت.  پێویستی بە کۆت نەکردن و سنووردار نەکردنە، تاوەکو بتوانێت قووڵتر بیربکاتەوە. پاشان وردەکاری، پێناسە، دەقیقی، چ مانایەکی هەیە؟ لە بەرزاییەکانی سەرەوەوە، مرۆڤ جووڵە و لەرەی دیمەنە سرووشتییەکان و دیزاین و بەرزی و نزمی گردەکان دەبینێت. هەر لەوێوە دەتوانێت مێژووش ببینێت: کولتوری کۆن، مەسیحییەت، مۆدێرنیتە… لەڕێی سیمبولەکان و کارەکتەرەکان وناوەڕۆکەکانەوە چی بەرهەم دەهێنن؟ ئەو ساتەی لووتت لە مێژوو، لە فاکتەکان، گیربووە، هەموو شتەکان دەکەونەوە سەر نامۆیی  [تایبەتمەندی جێگیری] خۆت. لە کاتێکدا ئەوەی پێویستە ئەوەیە خەیاڵەکان، ئەفسانەکان، چارەنووسە گشتییەکان دروستبکرێن.

هێشتاش پێویستمان بە سەرکەوتنە بەسەر بەشێکی باشی ڕێگاکەدا، هێواش و لەسەرخۆ، بەڵام بەرزتر لە ڕابوردوو، بۆئەوەی بگەینە خاڵێکی جیاواز و گونجاو لە ڕوانین لە شارستانییەتی ڕابردوومان. شتێکی دیار، وەکوو هێڵی ڕێگایەک. نەک شکستی گەمژانەی کەسێکی نەبزۆک بۆ تێگەیشتن، بەڵکو نیچە هەمیشە هاوسۆزیی وەک کێشەیەک ناساندووە [‘هەر لە منداڵیمەوە، هەرگیز سەرنجم لەسەر ئەوە هەڵنەگرت کە “بەزەیی گەورەترین ترسی منە”؛ ئەیلولی ١٨٨٤]. ئەو هاوسۆزییەی کە دەبینیت مرۆڤەکان خۆیان سەرقاڵکردووە، دەچن بۆ مـ‌اس (Mass)[٢]، یاخود کات بەسەربردن و ڕابواردن، عەوداڵن بۆ دانپێدانانیان لەلایەن هاوتاکانیانەوە، لەناو وێنە غەمگینەکاندا نوقم دەبن و دەتلێنەوە: دەستیان بە خۆیان ناگات. کەچی لە بەرزاییەکانەوە، لە گۆشەیەکی دوورەوە، مرۆڤ لەوە تێدەگات کە چی مرۆڤی نەخۆشخستووە، ژەهری ئەخلاقی باو (ئەخلاقە چەسپاوەکان).

 هەروەها، لە کاتی پیاسە دوورودرێژەکاندا، هەمیشە ڕوودەدات لە ڕێڕەوە بەرزەکانەوە، لەناکاو دیمەنێکی تر دەرکەوێت. دوای هەوڵدان، دوای هەڵگەڕانێکی زۆر بەسەر شاخەکاندا، جەستە ئاوڕدەداتەوە و دەبینێت پێیەکان چ گەورەییەکیان نواندووە، یان، پێیەکان گەواهیدەری ئەوگۆڕانانەن کە لە کاتی وەرچەرخانی ئاڕاستەی ڕێگایەکدا دروستدەبن: زنجیرە شاخەکان، جوانییەک (باڵاییەک Splendour) لەوێدا خۆی مەڵاس داوە. زۆربەی ئەفۆریزمەکان لەسەر ئەم ئاوەژووکردنەوانەی دیدگاکان دانراون، ئەم هاوار و ئازارانەی دوایی کە شتانێکی دیکە کەشف دەکەن، نهێنی دۆزینەوەیەک هاوشێوەی دیمەنێکی سروشتی تازە و ئەو هەستی ئاسوودەیی و سەرکەوتنەی کە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت.

لە کۆتاییدا، شایانی ئاماژەپێکردنە کە تا چەند گەڕانەوەی هەمیشەیی(Eternal Recurrence)، قەرزاری ئەزموونکردنی بە پێ ڕۆشتنە [بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گەشت و گەڕانە درێژەکانی نیچە، لەسەر ڕێگا زانراوەکان کراون، ئەو ڕێگایانەی کە نیشانەکان و ئاماژەکانیان لەسەر بوون و حەزی بە دووبارەکردنەوەیان دەکرد]. کاتێک کەسێک ڕێگایەکی دووری بڕیوە بۆ گەیشتن بەو شوێنەی کە لە ڕێگاکەدا دیمەنێکی چاوەڕوانکراو پیشان دەدات، ئەو دیمەنەش دەردەکەوێت، هەمیشە هەژانێک (ڕاتەکانێک) لە دیمەنەکەدا هەیە. هەمان شتیش لە جەستەی پیادەڕەوەکەدا ڕوودەدات. هارمۆنییەتی دوو حزوور(هەبوو) (presences)، وەک دوو ژێ لە هەمان ئاوازدا، هەریەکەیان وەڵامی جووڵەی ئەوی دیکە دەداتەوە، ئەمەش وەک دووبارە خستنەوەگەڕێکی بێ کۆتا وەهایە. گەڕانەوەی هەمیشەیی بریتییە لە ڕوودان لە بازنەیەکی بەردەوامی دووبارەبوونەوەی ئەو دوو جەختکردنەوەیە (ئەرێکردنە)، سووڕی گواستنەوەی جووڵەی هەبووەکان. نەجووڵانی پیادەڕەو ڕووبەڕووی نەبزووتنی دیمەنی سروشت دەبێتەوە…. گوڕی ئەو پێکەوەئامادەبوونەیە (co-presence) کە ژیان بە سووڕێکی بێ کۆتا لە ئاڵوگۆڕ دەبەخشێت: هەمیشە لێرەبووم، سبەیش لێرە دەبم، لەم دیمەنە سروشتییە ڕادەمێنم.

~~~

  لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی هەژدەدا، نیچە گازندەی ئەوەی دەکرد کە ناتوانێت وەک پێویست بە پێ بڕوات. بەهۆی ئازاری پشتییەوە دەیناڵاند و دەبووایە ماوەیەکی زۆر لەسەر کورسی تایبەت (armchair) ڕاکشێت. سەرەڕای ئەوەش هەر نەوەستا و پێداگربوو، بەڵام پیاسەکانی کورتخایەنتر بوونەوە. تەنانەت هەندێکجار هاوەڵانی لەگەڵ خۆی دەبرد. بە ‘دوورەپەرێزەکەی سیلس’ ناوی دەبرا، زۆرکات بە یاوەری کەسانێک کە ئاگادارییان دەکرد، پیاسەی دەکرد، ژنە گەنجە شەیدا و سەرسامبووەکان: هێلین زیمرن کە دەقەکەی نیچەی دەربارەی شۆپنهاوەر وەرگێڕابوو، مێتا ڤۆن سالیس، گەنجێکی ئەرستۆکراتی بوو، پاڵپشتییەکی بەهێزی خانەدانەکانی ناوچەکەی بۆ هێنابوو، ڕیسا ڤۆن شیرنهوفەری خوێندکار و هێلین دروسکویتز کە تازە بە فەلسەفە بێدار بووبوویەوە.

چیتر بەتەنیا پیاسەکردنەکانی نیچە، وەک خۆیان نەمانەوە. ئەو زیاتر ڕۆڵی کەسێکی ڕێکوپێکی دەبینی، ئەو جوامێرەی بە ژنانی سەرنجڕاکێش دەورەدرابوو. نیچە بردنی بۆ بینینی ئەو بەردەی کە لە پەنایدا نوری گەڕانەوەی ئەبەدی پێگەشت. زۆر بە تووندی پەشیمانبوونەوەی خۆی لە هاوڕێیەتی کردنی ڤاگنەر ڕاگەیاند. وردە وردە ئازار جارێکی تر باڵی بەسەر جەستەیدا کێشا: لە ساڵی ١٨٨٦ەوە بەدەست هێرشی ژانەسەری درێژخایەنی مەترسیدارەوە دەیناڵاند. ڕشانەوەش دیسان سەریهەڵدایەوە. دوای هەر سەفەرێکیش پێویستی بە چەندین ڕۆژ هەبوو تاوەکو بێتەوەسەرخۆی. هەندێکجار پیاسەی زۆر، بۆ چەندین ڕۆژ بە ماندوویی دەیهێڵایەوە.

تا دەهات زیاتر دڵی بە شارۆچکەکان تێکەڵ دەهات: بە قێزەون و گرانی دەزانین. لە وەرزی زستاندا، لە ماوەی مانەوەیدا لە نیس، نەیدەتوانی خەرجی ژوورەکان کە بە ڕووی باشوردا دەیانڕوانی، دابین بکات، بەدەست سەرماشەوە دەیناڵاند. زۆربەی کات کەشوهەوای سیلس، لە وەرزی هاویندا، بۆ ئەو خراپ دەچووەوە. ڤێنیسیشی بە شێوەیەکی دڕندانە خەمناک و تەنگەبەر دەبینی. دۆخی نیچە بەرەو خراپتر ڕۆشت.

دواهەمین گۆڕان ئەوەبوو، کۆتا بەشی ژیانی وەک سرودێک بۆ نوێبوونەوە دەستپێکرد. قەسیدەیەک بۆ شادومانی (Ode to Joy). بۆ یەکەمجار لە مانگی نیسانی ١٨٨٨دا، شاری تۆرینۆی دۆزییەوە، ئەوەش وەک سروشێک وابوو بۆی. شارەکە تەواو کلاسیکی بوو ‘بۆ پێ وەک چۆن بۆ چاوەکان – چ بەردڕێژێک کراوە!’ پیاسە درێژەکانی سەر کەناراوەکانی پـۆ، وەک جادوویەک کاریان تێ دەکرد. دوای کۆتا هاوین لە سیلس، وەڕستر لە هەرکات، لە مانگی ئەیلولدا گەڕایەوە بۆ تۆرینۆ، هەمان پەرجۆ، کەیفخۆشی نوێ بوویەوە.

لەناکاو ڕاگەیشتن بە خۆشبەختی و تەندروستییەکی نایاب، هاتە پێشی. دەرد و نەخۆشییەکان وەک ئەوەی بە جادوویەک بووبێت، هەموویان ڕەوینەوە، ئێستا ئیدی تەنیا وەک لەشێکی سووک (lightness)، وەک هێزێکی چالاک، هەستی بە جەستەی خۆی دەکرد. زۆر بەخێرایی و بەباشی کاری دەکرد. چیدی چاوەکانی ئازاریان نەدەدا؛ گەدەشی دەیتوانی هەر جۆرە خواردنێک هەرس بکات. لە چەند مانگێکی کەمدا، زۆر بەخێرایی چەند کتێبێکی نووسی، وەک شەمەندەفەری بارووت خێرا. ئەو بە خۆتەرخانکردن و لێبڕانێکی قووڵ و چڕەوە پیاسەی دەکرد و لای ئێواران تێبینییەکانی خۆی بۆ هەر چوار کارە پلان بۆ دانراوەکانی دەربارەی ‘دووبارە بەهابەخشینەوە بە بەهاکان’ کۆدەکردەوە.

بەڵام سەرەتای ١٨٨٩، جاکۆب بورکهارت، نامەیەکی لە نیچەوە پێدەگات کە بەرواری ٦ی کانوونی دووەمی لەسەر نووسراوە. ئەوەش جاکۆب تووشی دوودڵی دەکات: نامەی کەسێک بوو کە تێکچووبێت، شێتێک [‘لە دوا تاووتوێمدا، پێم باشترە پرۆفیسۆرێک بوومایە لە زانکۆی بازل، نەک خودا؛ بەڵام دوودڵ بووم لەوەی ئیگۆتیزم بگەیەنمە ڕادەی خۆلادان لە خوڵقاندنی جیهان’]. نامەکانی دیکە کە لەو هەفتەیەی کانوونی دووەمدا نێردران، هەمان حاڵەت پیشان دەدەن. نیچە خۆی بە دیۆنیسۆس، یاخود لەخاچدراو ناوبردووە [‘کاتێک زانیت، ئاسانبوو بۆت بمدۆزیتەوە؛ ئیدی کارە سەختەکە ئەوەدەبێت لەدەستم بدەیت’].

بورکهارت دەستبەجێ ئۆڤەبێک ئاگادار دەکاتەوە، ئەویش بەپەلە بەرەو تۆرینۆ دەڕوات، هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ دۆزینەوەی نیچە لە شەوگە بچوکەکەی خۆیدا، لە خانووی دەیڤد فینۆ. خاوەن خانووەکانی تووشی زیان بووبوون: چیدی نیچە کۆنترۆڵ نەدەکرا. دەستەکانی لە ملی ئەسپێک ئاڵاندبوو، دەگریا، لەبەرئەوەی خاوەن ئەسپەکە بە قامچی لە ئەسپەکەی دابوو. بەدەوری خۆیدا دەسوڕایەوە، ئایدیای ناپەیوەست بەیەکەوەی لەبەرخۆیەوە دەووتەوە. قسەی بۆ ڕێبواران دەکرد، لە دەرگای پرسەکانی دەدا و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە مردووەکەبێت. ئۆڤەبێک نیچە بە کەوتوویی لەسەر کورسییەک دەدۆزێتەوە، ماندوو، بە پەرێشانی و ئازارەوە سەیری درافتی پێش چاپی نوێترین کتێبی خۆی دەکات. سەری هەڵدەبڕێت و بە بینینی هاوڕێی دێرینی، بە سەرسوڕمانەوە هەڵدەسێت لەئامێزی دەگرێت: ئەو دەناسێتەوە. دەگریا، دەستی دەگرێت و دەگریا؛ وەک ئۆڤەبێک نووسیویەتی، دەیتوانی ئەو تاریکاییە، ئەو قڵیشە بێ بنە ببینێت کە لەژێر پێیەکانییەوە شەقی دەبرد. پاشان دادەنیشێت و جارێکی تر خۆی ڕێکدەخاتەوە.

گرنگییەکی لەڕادەبەدەر بە نیچە دەدرا: وەک شازادەیەک دەردەکەوت و ڕێزی لێ دەگیرا. لە وێستگە و لەناو شەمەندەفەردا، بە شێوەیەکی نەرمونیان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا، بەدەم گریانی بەکوڵەوە گۆرانی دەگوت و هاواری دەکرد. شێت بووبوو. هاوڕێکانی توانییان بیگەیەننە بازل، ئەویش بە شێوازێک کە هەست بکات لەوێ چاوەڕوانی شکۆ و ڕێزی ئەون و بە شێوەیەک پێشوازی لێدەکرێت کە شایستەی ئەو بێت.

دەبرێتە کلینکی بازل، پاشان، لەوێشەوە بێ ئەوەی تەندروستی بەرەو چاکبوونەوەیەکی وا بچێت، دەگوێزرێتەوە بۆ ێێنا (Jena). لە کۆتاییدا، دایکی دەیباتە لای خۆی لە  ناومبۆگ. تا مردنی دایکی، دایکی بە خۆشەویستی و ئارامی و دڵسۆزییەوە گرنگی پێدەدا و ئاگاداری بوو. ئەو نیچەی دەشۆرد و پاکی دەکردەوە و ڕێکی دەخست، دڵنەوایی دەکرد، دەیبرد بۆ پیاسە. بۆ ماوەی حەوت ساڵ، شەو و ڕۆژ چاودێری دەکرد.

نیچە تا دەهات زیاتر خۆی لە بێدەنگیدا دەهێشتەوە، یان قسەی پچڕپچر و ناپەیوەستی دەردەبڕی. ڕستەکانی پاژپاژ بوون، ئاماژەی خێرا و تیپەڕ بوون؛ چیتر تێنەدەفکری. هەندێکجار، هێشتا، بۆ ماوەیەک لەسەر پیانۆ دەمایەوە، ئاوازی دادەنا و دەیژەنی. چیتر کێشەی چاو و ژانەسەری نەما.

دایکی لەوە تێگەیشتبوو، کە تەنیا پیاسەی دوورودرێژ، دەتوانێت دۆخی بەرەو باشبوون بەرێت. بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نەبوو: کاتێک بە شەقامدا بە لای ڕێبواراندا تێپەڕ دەبوو، بە ئازارەوە دەیقیژاند و قسەی بێ مانای دەردەبڕی. زۆری نەخایاند، دایکی چوونە دەرەوەکانیانی کورت کردەوە، چونکە هەستی بە شەرمەزاری دەکرد، شەرمی لە کوڕە گەورە چل و چوار ساڵانەکەی دەکرد کە وەک بەورێک دەینەڕاند، یان قسەی بێ کەڵکی فڕێ دەدا. هەندێک کات، دایکی نیچە؛ نیچەی لە دوانیوەڕوانێکی درەنگ وەختدا دەبردە دەرەوە. ئەو کاتەی خەڵک لە ماڵەوە بوون و بێ ئەوەی کەس نیگەران بکات، دەیتوانی هاوار بکات.

زۆری نەبرد، جەستەی خۆی بووە بەربەست بۆی: وردە وردە شەلەل بە بڕبڕەی پشتیدا دەخزا. دووبارە گەڕایەوە سەر کورسی تایبەت بە شەلەل، خەڵکی پاڵیان پێوە دەنا و دەیانبردە دەرەوە. بۆ چەندین کاتژمێر لەسەریەک لە دەستەکانی خۆی دەڕوانی، یەکەمیان، پاشان ئەوی تریان، یان کتێبی بە سەرەوخواری دەگرت، لەبەرخۆیەوە ورتەورتی دەهات. بێ توانا لەسەر کورسییە تایبەتەکەی پاڵیدەدایەوە، کاتێک ئەوانی تر لە دەوروبەریدا سەرقاڵ بوون. دەگەڕایەوە بۆ منداڵیی. دایکی بە کورسییە تایبەتەکەی نیچە، نیچەی دەیبردە سەرەوە و دەیهێنایە خوارەوە بۆ داڵانەکە. دوای پاییزی ١٨٩٤، نیچە تەنیا توانای ناسینەوەی کەسە هەرە نزیکەکانی ناو خێزانەکەی مابوو، دایکی و خوشکەکەی. نیچە ڕووەو پێشەوە بەسەر کورسییەکەدا دادەکەوت و بەو شێوەیە دەمایەوە، زۆرکات، بێ جووڵە، لە دەستەکانی خۆی دەڕوانییەوە. زۆر بە دەگمەن شتێکی بگوتبا: ‘کاتێک هەموو شتێک وترا و هەموو شتێک کرا، مردن’؛ ‘من ئەسپ لێناخوڕم، ڕووناکی زیاتر’.

پووکانەوە و بەرەو بێهێزی ڕۆشتن بە شێوەیەکی خاو بوو، بەڵام هیچ دەربازبوونێکی لێی نەبوو. چاوەکانی بە قووڵدا چووبوون، نیگاکانیشی بە لێڵییەوە تاریک دادەهاتن. لە ٢٥ی ئابی ١٩٠٠دا، لە شاری ڤایما لە ئەڵمانیا، نیچە ژیانئاوایی دەکات.

ئەگەری ئەوە هەیە ببمە، حەتمییەتێک، بۆ ئەو کەسانەی کە لە داهاتوودا دێن، حەتمیی- بۆیە زۆر دەگونجێت ڕۆژێک، لەپێناو خۆشەویستی مرۆڤدا، بێدەنگ بم!!!

پەراوێز:

[١]- ماراسموس؛ دۆخێکی نا تەندروستە، بەهۆی کەمی ئەو ماددە خۆراکییانەیەوە دروست دەبێت کە جەستە بە شێوەیەکی سەرەکی پێویستیی پێیان هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی چالاک و تەندروست کار بکات، لە ناویشیاندا پڕۆتین، چەوری، کاربۆهیدرات. ماراسموس دەبێتە هۆی بەرەبەرە پووکانەوەی لەش و شیبوونەوەی ماسولکەکان و لە منداڵدا تا وەستانی گەشە دەڕوات. نیچە لێرەدا ئەم حاڵەتە وەک تانەیەک لە موزیکی ڤاگنەر بەکاردەهێنێت.

[٢]- مـ‌اس؛ جۆرێک عیبادەتە، لە کەنیسە کاتۆلیکییەکاندا بەڕێوە دەچێت.

سەرچاوە: https://zoboko.com/book/8m882p9n/a-philosophy-of-walking

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌