شانۆگه‌ری شه‌قام له‌ كه‌لار - فێبروار ٢٠٢٠. كه‌ ناڕه‌زایی مه‌لا سیاسیه‌كانی لێ كه‌وته‌وه‌ و بڕیاڕی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری پاڵپه‌شتی مه‌لاكان ده‌كات

ڕادیکاڵیزمی نەفرەتلێکراوان، بەرگرینامەیەک بۆ شانۆگەرییەکەی کەلار


Loading

 

  1. بەرگرى بە چ مانایەک؟

دوو ساڵ لەمەوبەر، کە لەسەر کێشەى تابلۆیەکى هونەریى (گوایە ڕووت) دژ بە بیرى داخراوى سەلەفییەت و ترسى هەمیشەیى پیاوانى ئایینى لە جەستەى ژن بەرگریمان لە وێنەکێشى تابلۆکە و هونەر کرد، هەندێک کەس وا تێگەیشتن کە ئێمە خەریکین لەسەر تابلۆیەکى لاساییکراوە و هونەرێکى تەقلیدیى ئاستنزم قسە دەکەین و بەم جۆرە هەڵوێستەکەیان بەستەوە بە بەهاى هونەریى تابلۆکەوە، لە کاتێکدا ئەمە کێشە سەرەکییەکەى ئێمە نەبووە و نییە. هەر ئەو کات وتمان گەر بمانەوێ لەسەر خودى هونەرى شێوەکاریى قسە بکەین، ئەوا لایەنیکەم لەسەر فرانسیس بیکۆن و مارسێل دوشامپ و مانێت دەوەستین. ئێستایش دەربارەى ئەم شانۆیە بەهەمان شێوە، پاڵنەرى نووسینمان پتر بەرگرییەکى ئەخلاقییە لە هونەر لەپێناو کرانەوە و ئازادیدا، نەک ستایشى ئاستى هونەریى بەرهەمەکە، خۆ ئەگەر بمانەوێ قسەى تیۆرى لەسەر شانۆ یان دەقى شانۆیى بکەین، ئەوا لایەنیکەم لەسەر شکسپیر و ئارتۆ و بێکێت و پیتەرڤایس دەوەستین. ئەوەى کە خۆمان لە ئاستى هونەریى بەرهەمەکانى نێو فەزاى کۆمەڵگەى کوردى لادەدەین، لەبەرئەوەیە پێمانوایە یان وەک پێویست ڕادیکاڵ نین و ئیمکانى دیکەى ژیان لە دەرەوەى ئەو چوارچێوە داخراوە پڕ ترسەى ئایین و نەریت کەشف ناکەن، یاخود ڕیاکتیڤى خێرا و کورت و بێقووڵاین و پتر نەفەسێکن بۆ نەخنکان لەنێو قاڵبەکانى کۆمەڵگادا نەک ئەکتى جددى و داهێنەرانە. هونەر و شانۆ و مۆسیقا و سینەما لە کوردستان هێشتا نەچۆتە نێو بەرەنگارییەوە دژ بە هێزە کۆنترۆڵکار و سەرکوتکەر و فاشیستەکان؛ هێشتا نەبوون بە هونەرى داکۆکیکردنێکى کاریگەر لە ژیانى ئازادانە کە بێگومان خودى هونەر بەشێکى پێکدەهێنێت. کۆمەڵێک هۆکارى مێژوویى و هەنووکەیى، ئوبێکتیڤ و سوبێکتیڤ، لە پشتى ئەم نەقس و بێتواناییەوەن، لەوانە بە کولتوورنەبوونى هونەر و شانۆ، دابڕانمان لە بەشدارییە هەنووکەییە شارستانییە گرنکەکان، بەهێزبوونى شەپۆلى ئیسلامگەرایى لە پەنجا ساڵى ڕابردووى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، سەتحیگەریى بەشێکى هونەرمەند و دەرهێنەرەکان کە لە ئاستى تیۆر و فیکردا لەبوارەکەى خۆیاندا نەیانتوانیووە زۆر هەڵبکشێن. بازاڕ و میدیایش با لەبیر نەکەین، کە کەشێکى ماراسۆنئاساى بۆ بەرهەمهێنانى بەرهەمى کرچوکاڵ و عەوامگەرا دروست کردووە.

شانۆگه‌ری شه‌قام له‌ كه‌لار – فێبروار ٢٠٢٠. كه‌ ناڕه‌زایی مه‌لا سیاسیه‌كانی لێ كه‌وته‌وه‌ و بڕیاڕی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری پاڵپه‌شتی مه‌لاكان ده‌كات

لە شانۆکارەکانى کوردستانى باشووردا ڕەنگە “شوان کەریم” بەرجەستەترین ناو بێت کە تاڕادەى ماندووبوون هەوڵیداوە بە ئایدیا و تێما و شێوازى تازە ئیش لەسەر کۆمەڵگەى کوردى بکات، هەموو جارێکیش بە شانۆ، هەرەسى جوزئێکى ژیانمان و وێرانیى بوارێکى کۆمەڵایەتییمان پیشان دەدات. دیارە بەرهەمەکانى ئەو پتر ئیشکردنە لەسەر ناشیرینییەکانى دونیاى ئێمە بە مەبەستی دڕاندنى ئەو پەردانەى ئایین و نەریت و ئایدیۆلۆژیا کە ناهێڵن ناشیرینییەکانى خۆمان بە ڕوونى ببینین، لەم ڕوانگەیە کارەکانى ئەو هەم شایەنى بینین و هەمیش شایەنى خوێندنەوەى ڕەخنەیین. ڕەنگە لە ناوە دیارەکانى ڕەخنەگرى شانۆییش “ڕزگار حەمە ڕەشید” بێت کە بەردەوام هەوڵیداوە کولتوورى شانۆ و ڕەخنەى شانۆ سەرپێ بکەوێ، گەلێک داکۆکیشى لە کرانەوەى ڕووبەرەکانى ئازادى کردووە و ویستویەتى ڕەگەزە ڕادیکاڵەکانى شانۆ زەق بکاتەوە.

 

  1. بۆ لووان چییە؟

گەر ئێستا لەم ڕوونکردنەوەیە بگوزەرێین، ئیتر دەتوانین باسێک لەم دۆخى لەرزوتا ئاینییە بکەین کە هەموو چەند مانگ جارێک، بە شنەبایەک، بەرز دەبێتەوە و وا هەست دەکات لە هەر شوێنێک دەرگایەکى بچووکى  ئازادى بکرێتەوە، ئەو هەنگاوێک لە مەرگ نزیک دەبێتەوە. ئەم ترسە هیسترییە لەوێوە دێت کە ئایین دەیەوێت بۆ نێو بچووکترین جوزئەکانى ژیان، بۆ نێو گەردە هەرە بچووکەکانى پەیوەندیى نێوان ئینسانەکان هەم شۆڕ ببێتەوە و هەمیش کۆنترۆڵى بکات. هەر وەختێ تەنیا یەک جوزئـ ، تەنانەت ئەگەر ئەو جوزئە یەک دانە مرۆڤیش بێت، بە ڕوویدا بەرگرى بکات، پیاوانى ئایینى پێیانوایە عەرشى ئایین و پیرۆزییەکانیان هاتۆتە لەرزە. هەر بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیا و ئایینێک هەوڵ بدات بچێتە نێو سەرجەم ورد و درشتى شتەکان و پەیوەندیى مرۆڤەکانەوە، ئەوا بێگومان بە پلەى باڵا مەترسیدارە و فاشیزمێکى ڕەبەق دەنوێنێتەوە. وێڕاى ئەوە، فاشیزمەکان ڕەنگە زۆر تووندوتیژ و داخراو بن، بەڵام مەرج نییە زۆر بەهێز بن. لەم سۆنگەیەوە ئەم لەرزوتایە نیشانەى نەخۆشى و لاوازیى سیستەمى مەناعەیە؛ نیشانەیە بۆ لاوازی و فشۆڵى ناوەکی گوتارى کۆنترۆڵکارى ئایینى، کە لەسەر فتوا و حەرام و قەدەغە بەندە، هاوکاتیش نیشانەیە بۆ “بۆ لووان”ـیک لە کوردستاندا کە پێمان وانییە لە سعودییە و ئێرانیشدا هاوشێوەى هەبێت. لە کوردستاندا سەرجەمى مینبەرەکان، هەر لە مزگەوەتەوە تاوەکو میدیا، هەر لە مەجلیسى هاوسەرگیرییەوە تاوەکو پەرلەمان، هەر لە دیوەخانى خێڵەوە تاوەکو بارەگاى سەرۆک، هەر لە پێشى تەکسییەوە تاوەکو دادگا و وەزارەتى بەناو ڕۆشنبیری، سەرجەم خراونەتە خزمەتى پیاوانى ئایینییەوە، ئەمەیش وا دەکات مەساحەى ئازادى و مومارەسەکان لە سەرجەم توێژەکانى ترى کۆمەڵگە و بە تایبەت گەنجان وەربگیرێتەوە و بدرێت بە مەلاکان، بەمەیش ڕووبەڕێکى بەرفراوانى پەراوێزخراو و نەفرەتلێکراو دروست بووە کە تەنیا بە شڵەژان لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێتەوە. ئەم دۆخى بۆ لووانـە هاوسەرگیرى و دەستێکەڵکردنى سیاسەت و دیینە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا. بۆ بەشێک لە مارکسیستەکان کێشەى بنەڕەتیى وا لە زەواجى سیاسەت و ئابووریدا، بەلاى ئێمەوە زەواجى سیاسەت و ئایین بەهێزتر و مەترسیدارتریشە، یان بە جۆرێکیتر بڵێین ئەوە تەنیا سیاسەت و ئابووریی نییە دەستیان تێکەڵکردووە دژ بە کۆمەڵگە، بەڵکو سیاسەت و ئابوورى و ئایینن، پێکڕا. ئایین چیتر تەنیا تلیاک نییە و بەوەوە ناوەستێ ڕەگەزى سەرخان بێت، بەڵکو ڕێک دەیەوێت بەرهەمهێنەر و دابەشکەرى خودى تلیاک بێت لەپێناو خۆیدا، بەم جۆرە خۆیشى دەکات بە بونیاد و بنەوانى سیاسەت و ئابووریى. هەر کەسێکى هۆشیار لە ڕاپۆرتى “داهاتوو هەر بۆ ئیسلامە”ى بێژەرە حەماسى و دەنگناخۆشەکەى کەناڵى “ڕووداو” ورد ببێتەوە و، هەرکەس سەرنجى لە پێشوازیى هەمیشەیى و ڕۆژانەى NRT لە مەلاکان و کردنەوەى NRT4 وەک کەناڵێکى ئایینى بدات، پاشان گومان لەو هەموو مۆڵەتە بێ فیلتەرە بکات کە “وەزارەتى ڕۆشنبیریى ئەوقاف” بە کردنەوەى کەناڵى ترى ئایینى دەدات، دەزانێت کە ئەوە تەنیا سیاسەت نییە دەیەوێت ئایین ئیستیغلال بکات، بەڵکو ئایینیش دەیەوێت سیاسەت و سەکۆکانى بۆ خۆى بقۆزێتەوە، بەڵام ئەم سێ ڕەگەزە لە هیچ کوێدا بە جددى بەریەکتر ناکەون و هەرگیز ناکۆکیى ڕاستەقینە ناکەوێتە نێوانیان، بەڵکو کارى یەکترى تەواو دەکەن. کۆمەڵگەى ئێمە ئێستا گیرۆدەى ئەم گەمە پێکەوەسازاوەى سیاسەت و ئابوورى و ئایینە، بۆیە لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابردوودا بۆتە کۆمەڵگەیەکى نیمچە بەزیووى بێبەرگرى بە ڕووى ئەم هێزانەدا، کۆمەڵگەیەک کە بە وێرانبوونى خۆى تۆڵە لە خۆى دەکاتەوە، کێم و دوومەڵ و گرێکانى خۆى دەخواتەوە و ئازار دەچێژێت. بەڵام وێڕاى ئەمە هیچ کۆمەڵگەیەک نییە کۆمەڵگە خاڵى بێت لە سات و ڕەگەزەکانى بەرگرى و بەرەنگارى، هیچ کۆمەڵگەیەک نییە ڕەگەزى ناکۆک و ناهاوچەشنى تێدا نەبێت.

 

 

  1. لە ستەملێکراوانەوە بۆ نەفرەتلێکراوان

ڕەنگە لە ھەر ساتەوەختێك زیاتر، كۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە تەقینەوەی ناكۆكی و دژییەكییەكانی ناوی ھەبێت. تەقینەى ناکۆکى دەستبەجێ وێنایەکى مارکسیانەى دوو ڕەگەز و چینى نەسازاو دەهێنێتە بەرچاومان. ئێمە لەم مانایەدا قەتیسى ناکەین. بەلاى ئێمەوە خاڵى سەرەکیى لە ناکۆکیدا نەسازان و نا-هاوچەشن بوونە. مەبەستمان لە ناكۆكیى نا-هاوچەشنى ئەو دۆخەیە كە دەرئەنجامی وەها دوالیزمێكی بونیادییە کە كۆمەڵگای ئێمەی بەم فۆڕمە لە كۆمەڵگای دوو دیوو و پڕ لە ئیزدیواجییەت گەیاندووە. ڕۆژانە دەیان دیاردەی دەستدرێژیی سێکسی دەبینین و دەبیستین و ڕووبەڕووی دەیان ڕوداوی کوشتنی کچان و ژنان و فەتوای سەیروسەمەرەی سەلەفییەکان و گوتاریی دیینی و دیاردەی دروستبوونی پۆڕن ستار و چەندین ڕووداو و دەرکەوتەی دیکە دەبینەوە، کە بەگشتی و بەدەر لە خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابوریی کوردستان و ناوچەکە، پێکڕا ئەم دیاردە و دەرکەوتانە ناکۆکی و ئەنتاگۆنیزمی ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتوریی ئێمە دەردەبڕن و نیشانی دەدەنەوە. وا ئەمڕۆش دیسان دوای کێشەکەی نێوان (ماریا هەورامی و مەلا هەڵۆ) و کێشەی (ڕێکخراوەکانی ژنان و مەلا مەزهەر و مەلا هەڵۆ) و (ڕوداوی دەستدرێژی بۆ سەر کچە منداڵەکەی هەولێر)، دەرگیرین لەگەڵ کێشە و تەقینەوەی ناکۆکییەکی دیکەی کۆمەڵگادا، کە ئەویش بریتییە لە نمایشە ڕادیکاڵەکەی گەنجانی کەلار و هەڕەشەکانى جەمعى مەلایان (بە هاوکارى بەڕێوەبەرایەتیى ڕۆشنبیرى گەرمیان).

بە بڕوای ئێمە ئەوەی ڕوودەدات شتێکی ئاساییە و بگرە درەنگیشە بۆ ڕوودانی، کۆمەڵگای ئێمە دوای بەرکەوتنی بە ئامڕازەکانی مۆدێرنە و بە دیاریکراوی دوای  هاتنی تەکنەلۆژیا و ئەزمونکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تێکەڵبوونی ئینسانی ئێمە لەگەڵ فەزای مەجازیدا، چیتر ناتوانێت وەک قۆناغەکانی پێشووتر و بەر لەهاتنی ئامڕەزاکانی مۆدێرنە، دۆخی داخران و چەقبەستوویی خۆی بژی و درێژەی پێ بدات. ئەوەی کۆمەڵگا و دین لە پێشتردا دەیانویست وەک بونیادی ئاسنین دەستی پێوە بگرن و بیهێڵنەوە، ئەمڕۆ لەبەردەم هەڕەشەی هەڵوەشان و لێکترازاندایە. هەڵبەت ئەم بەرخوردەی کۆمەڵگا و تێوەگلانی بە شەپۆلی جیهانگیریی و هاتنی مۆدێرنە، زیان و دەستکەوتی خۆی هەیە و لێرەدا ئیشی ئەم نوسینە ئەوە نییە باشی و خراپەکانی ئەم بەرخوردە شیتەڵبکات و لێکیان بداتەوە. بەڵکو جەختی نوسینەکە لەسەر نیشاندانی لێکەوتەکانی ئەم بەریەککەوتنەیە و پێداگرییە لەسەر ئەو ئارگۆمێنتەی کە کۆمەڵگا چیتر ناتوانێت ناکۆکی و لێکدژییە پەرتوبڵاوەکانى ناوخۆی بشارێتەوە و ڕێگرییان لێبکات، بەڵام لەم نێوانەدا ئەوەى لەم بەرکەوتنانەدا دێتەوە پێش، ئەو چەپێنراوانە و گەڕانەوەی ئەو ڕەگەزانەن کە ئایین و کۆمەڵگا بە نەفرەت لێکراوییان دەزانێت. نەفرەتلێکراو ڕەنگە پلەیەک لەولاى ستەملێکراویشەوە بێت.

 

چەمکى سەنتراڵى هەڵسەنگاندنى ئابوورى یان ڕەخنەى سیاسى ئابووریى “ستەملێکراوان”ـە. لەڕاستیدا لە کۆمەڵگەى ئێستاى ئێمەدا کۆمەڵێک ڕەگەزى دیکەى ستەملێکراو هەن کە دووقات ستەملێکراون، دەتوانین ناویان بنێین “نەفرەتلێکراوان”. ئەمانە بە شێوەیەکی زەروری دەبنە خاڵی دەرگیربوون و هەڵهاتن، دەبنە خاڵى گۆڕانکاریی و لەگەڵ هەر دەرکەوتن و گەڕانەوەیەکی ئەم ڕەگەزە سەرکوتکراو و چەپێنراو و پەراوێزخراوانەیشدا، گورزێکی گەورە لە بونیادە جێگر و چەقبەستووەکانی کۆمەڵگا دەوەشێنن و کەلێنێکی دەمکراوەی تێدا دروست دەکەن و بە پێچەوانەی ئەوەی کۆمەڵگا چاوەڕێی دەکات؛ لە جیاتی ئەوەی یەکبگرێتەوە و بچێتەوە یەک، بەردەوام بەرەو بەرفراوانبوون و هەڵدێرێکی خەرەندئاسا دەڕوات، تا دەگاتە ئاستێک، لە کۆتایدا کۆی بونیادە جێگیرەکان قوتدەدات و سەر لەنوێ دەیانکاتەوە بە کەرەستەی دروستبوون و بونیادنانەوەی دونیایەکی نوێ، دونیایەک کە چیتر ناکۆکی و دەرگیرییەکان تێیدا لە چەشنی ئەم ڕوداوانە نەبن و بە شێوازی دیکە و جۆری دیکە دەر بکەون.

 

  1. لەنێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا

ئەگەر لە مێژووی ڕۆژئاوادا بیركردنەوەی میتافیزیكی لە ئەفڵاتونەوە سیستەماتیزە بووبێت و جیھان بەسەر دوالیزمێكی ناھەوسەنگدا دابەش بووبێت؛ واتە ئەسڵ و بنەڕەتی جیھان، لە جیھانێكی بەرز و سەنتەر و ڕەسەن و ئایدیاڵ “فۆڕمە باڵاكان” و جیھانێكی نزم و زڕ و ساختە و بچوك و بێنرخ “ژیانی ماتریاڵ و مادی” پێكھاتبێت و ھەمیشەش “فەزیلەت و حەقیقەتی ڕەھا” لەوەدا كورت بووبێتەوە، كە دەبێت جیھانی نزم و زەمینی خۆی لەسەر بونیادە بەرز و ئاسمانی و ئایدیاڵەكان بونیاد بنێت و بەبێ جیھانی بەرز و ئاسمانی؛ جیهانی نزم و ماتریاڵی مرۆڤەکان لە ھەر بەھا و نرخ و فەزیلەت و حەقیقەتێك داماڵدراو بێت و نرخێکی ئەوتۆی نەبێت، ئەوا لە دونیای ئێمە و مێژووی خۆرھەڵاتدا، ئەم دوالیزمانە دین و بونیادی خێڵەكی و كولتوریی، كە ئەمانیش ڕیشەی خۆیان لە ئاسمان و دین و پەرستگاو نەریتی کۆمەڵایەتی و مێنتاڵیتی خێڵەکی و مزگەوتەكانەوە وەردەگرن، دروستی دەكەن و فۆڕمی پێدەبەخشن. بەڵام ئەوەی لە ڕۆژئاوادا گرنگە و دەبێتە بەشێكی دانەبڕاو لە فیكر و بیركردنەوە و داواكاریی و ھەوێنی بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان، ڕوبەڕووبونەوەی ئەم بونیادە میتافیزیكی و بەھا سەپێنراو و جێگیرانەیە كە فەلسەفەی كلاسیك و دواتر دێر و كەنیسە و ئەسقەف و قەشە و پیاوانی ئایینی و پاشا و لۆردە ستەمكارەكان نوێنەرایەتی دەكەن. گەر پۆلێنێكی خێرای تەقینەوەی ئەم ناكۆكییانە بكەین كە خۆرئاوا لە مێژووی خۆیدا ئەزموونی كردوون و بەدەر لە لایەنە نێگەتیڤەکانییان، وەرچەرخانی گەورەیان بۆ مرۆڤایەتی دەستەبەر كردووە، دەتوانین بڵێین ھەر لە شۆڕشی كۆپەرنیكۆسەوە كە دەبێتە وەرچەرخان لەبواری گەردونناسی و لەسەنتەرخستنی عەقڵییەتی كەنیسە و دەقی پیرۆز، تا دەگات بە شۆڕشی زانستی نیوتن و داھێنانی بنەما سروشتییەکانی بیرکاریی و دواتریش تەرجەمەكردنی ئینجیل و دەستپێكی ڕێنسانس و چاكسازیی دینی و دیاریكردنی وەزیفە و ڕۆڵی دین لە ژیانی ئینساندا و سەرھەڵدانی داروینیزم و لەدایكبونی تیۆری پەرەسەندن و بەگژدا چونەوە و لێدان لە ئەفسانەی خەلیقەتی ناو ئوستورە و دینەكان و پاشانیش سەرھەڵدانی ئینسایكلۆپیدیانووسەكان و شەپۆلى ڕۆشنگەرى و بەرپابوونی شۆڕشی فەڕەنسی و دەرکەوتنی ئەدیبێكی گەورەی وەك ماركیز دی ساد و ھەڵدانەوەی ماسك لەسەر ڕوخساری مرۆڤایەتی و تەقاندنەوەی غەریزە شەڕانگێزەکانی ئینسان و بەستنەوەی بە مومارەسکردنی پرەنسیپی چێژەوە لە ئینساندا و قوربانیدانی بە نزیکەی ٣٠ ساڵی تەمەنی خۆیی و بەسەربردنی ژیانی لە زینداندا، کە لە پێناو لێدانیدا لە بەھا جێگیرەكانی كۆمەڵگادا دوچاری دەبێت، تا دەگات بە لەدایكبونی ماركس و داهێنانی میتۆدی ماتریالیزمی مێژوویى و بەخشینەوەی مافی دروستكردنی کۆمەڵگایەکی بێ چین و یەکسان “کۆمۆنیزم” لەسەر زەوی بە خودی مرۆڤ و پاشان ڕاگەیاندنی مەرگی خودا لەلایەن نیتچە و زاڵكردنی ھێز و ئیرادەی مرۆڤ بەسەر عەقڵی حەشامات و مێگەلدا و كەشفی نائاگایی لەلایەن فرۆیدەوە و لێدانی لە عەقڵگەرایی و ئاگایی مرۆڤ و تا دەگات بە بەرگرییەكانی فۆكۆ لە شێتەكان و ھۆمۆسێكسواڵەکان و پەراوێزخراوەكانی كۆمەڵگا و لێدانەكانی درێدا لە لۆگۆسەنتەریزمی خۆرئاوایی و تێكشكاندنی باینەرییەكان” دوانەیی و دوالیزمەكان”و هەوڵەکانى ژیل دۆلۆز بۆ ستایشى فرەییەکان و پەرەدان بە هێڵەکانى هەڵهاتن ..ھتد.

بڕیاڕی سڕكردنی گرقوپی شانۆی شه‌قام له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌ڕایه‌تی ڕۆشنبیری كه‌لار

ئێمە بینەری شۆڕشێكی بەردەوامین لەدژی بونیاد و ھەژمونگەرایی حەقیقەتی موتڵەق و ڕەهای ناو مێژووی ژیان و شارستانیەتی خۆرئاوا. لەکاتێکدا زۆرینەی ئەو بەگژداچوونەوە و هەوڵانەی کە دراون هیچییان بە سانایی و سادە سەرپێنەخراون و کەسانی سەرمەشق و ڕچەشکێنەکان باجی گەورەیان بەخۆیان و ژیانیان لەو پێناوەدا داوە و زۆربەیان ڕووبەڕووی زیندانی کردن و سزادان و تەنانەت کوشتنیش بونەتەوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە دواجار توانیویانە درز بخەنە ناو بونیادە جێگیرەکانەوە و تێکیان بشکێنن و بە شێوازێکی دیکە بیر لە ژیانی مرۆڤ و ڕێکخستنی کۆمەڵگا و خودى ژیان بکەنەوە. هەڵبەت ئەمە بە ئیزافەی ئەوەی کە هیچ یەک لەم گۆڕانکارییانە بەناوی ڕزگاریی کۆتایی و فۆڕمێکی جێگیر و یەکپارچەی کۆمەڵگاوە خۆیان بەیان نەکردووە و ئەگەر مەیلێکی لەو شێوەیەش لە خەیاڵی بکەر و ئەنجامدەرەکانیاندا هەبوبێت، خراونەتە بەر هێرشی ڕەخنە و بەردەوام لە پرۆسەی پێداچوونەوە و چاکسازیدابوون و بە ئێستایشەوە ئەم ستایلە لە ژیانکردن لە ڕۆژئاوادا هەیە و درێژەی هەیە.

 

  1. دژ بە قاڵبەکان

بەڵام لە بەرامبەردا و لە كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیدا،  كە سروشتێكی خێڵەكی و ئاینی و ناوكێكی ئۆنتۆلوژیی- ئوستورەیی ھەیە و لەسەری بونیادنراوە (هەڵبەت ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جیهانگیرییەی هێڵی تۆخی جیاوازی نێوان شەرق و غەربی کاڵ کردۆتەوە)، بەردەوام ستایلی ژیان سایە و سێبەری ژیانێكی باڵاتر و شكۆمەندانەترە، یان بە مانایەکی دیکە، ئەوەی فۆڕمی ژیان دادەڕێژێت لەو بونیادە قوڵانەوە دێن و بوون بە بەشێک لە ئەقڵییەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کوولتوریی دونیای ئێمە، کە خودی ئەم ژیانە باڵا و ناوازەیەش كە ژیانی مادی و ماتریاڵی مرۆڤەكان ناچار دەكات وەك سێبەری ئەو بەرجەستە ببن و قانون و ڕێسا و یاساكانی بنوێننەوە، باڵایەتی و شكۆمەندیی خۆی لە پێوەر و ستانداردەكانی ناو شەریعەتی ئاسمانی و حەرام و حەڵاڵی دینی و  ئەخلاقی مەئلوف و باوی كۆمەڵگاوە وەردەگرێت و وەك بەرگەھەوا دەوری ژیانی ئینسانەكان و ژیانی كۆمەڵایەتی پێدەدات و ھەر دەرچوون و تێپەڕاندنێكیش لەم ستاندارد و ستایلە بەرھەمھێنراوانەی خۆی، بە لەناوبردنی بەھا باڵا و پیرۆز و كۆمەڵایەتییەكان حیساب دەكات. ئەوانەیشی دەبنە ھۆكاری ئەم تابۆشكێنییانە وەك كەسانێكی تێکدەر و نەفرەتلێکراو باس دەکرێن و بەهۆی ئەوەی چوونەتە دەرەوەی بەرگەھەوای موقەدەسی بەھا باڵاكانەوە، مەحكومن  بە ڕەفزی کۆمەڵایەتی و دینیی و هەندێکجار دۆخەکە لە نەفرین تێدەپەڕێ و بکەرانی ئەم ئەکتە ڕادیکاڵانە تا سنوری لەناوبردن و کوشتن دەبرێن و براون. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات بە پلەی ئیمتیاز دەرگیربوونی بونیادە جێگیر و موقەدەسەکانی دین و کۆمەڵگایە لەگەڵ ڕەگەزە چەپێنراو و سەرکوتکراوەکانی خۆیدا، وردە تەقینەوەی ئەو ناکۆکی و ئەنتاگۆنیزمانەیە کە لە نێوان مەیلی دین و کۆمەڵگا و کولتوردا بۆ داخران و دەستپێوەگرتنی بەها باڵاکانی ناو خەیاڵدانی خۆییان لەلایەک و لە لایەکی دیکەوە ئەو خواستە بەربڵاوەى بۆ ژیانێکى مۆدێرنانەى نماییشیى لەسەر شێوازى تەلەفزیۆنەکانى وەکو کورد ماکس و ئەڵقەى تورکى و مۆدێل و شاجوانەکان و کوڕانى بەرپرس هەیە (کە پتر کاتى خۆیان بە گەشت و ڕابواردنەوە بەسەر دەبەن و لەنێو سۆزانیخانە و مەلەوانگە و قورمارخانەکاندا دەبینرێت). لەم نێوانەدا ئەوەى گرنگە و ئەوەى وەک لێکەوتەى ئەمە دێتە دەرەوە، ڕەگەزە نا-هاوچەشن و نەسازاوەکانن، چالاکبوونى ئەو دیوە ڕادیکاڵەیە کە لەناو ڕۆحییەتی پەراوێزخراوان و نەفرەتلێکراواندا هەیە بۆ گوڕانکاریی و تێکشکاندنی ئەم بونیادانە. شانۆکەی کەلاریش یەکێکە لە لێکەوتەکانى ئەم دۆخى شڵەژان و هەژانە، بۆیە گەر لە ڕووى ئاستى هونەرییەوە چاوپۆشیى لێ بکەین، ئەوا بەرکەوتنێکى ڕەقى کۆمەڵیک گەنجى ڕادیکاڵ یان مەیلەو ڕادیکاڵ دەنوێنێتەوە؛ گەر پێشتر ئەم گەنجانە ستەملێکراو بووبن، ئەوا ئیدى لەمەبەدوا بیانەوێ و نەیانەوێ دەبنە نەفرەتلێکراویش.

هەڵبەت ئەم شانۆیە ڕەنگە لە ئاستی کواڵیتی هونەریدا کەموکوڕیی هەبێت، بەڵام لە ئاستی پەیام و ناوەرۆکدا تەواو ڕەوا وهەقە، کارێکى ڕیشەیى کۆمەڵێک گەنجە بە کەرەستەى سادە و لە شوێنێکى کراوەى سووننەتیدا، کە ئەمە بۆ خۆى بوێرییە. هەروەها نیشانەى ئیرادەیەکى ڕابوون و ناڕەزایەتییە دژ بەو هەموو داخرانەی کە نەریتی خێڵەکی و گوتاری سەلەفیزم برەوی پێدەدات و دەیەوێت بیکاتە ستایلی ژیانکردن لە دونیای ئێمەدا. لێرەوە داکۆکی ئێمە بۆ شانۆکەی کەلار لە ئاستی پەیامە ڕادیکاڵ و بوێرانەکەیدایە و پشتیوانی هەر ئەکتێکی دیکەی ڕادیکاڵانەیشە کە هەڵگری پەیامی بەرەنگاریی و تەمای تێکشکاندنی ئەو گەمارۆ ئاسنینەی هەبێت کە دەیەوێت وەک دوافۆڕم و ئیمکانی ژیان خۆی تەڕح بکات و هەژموونی خۆی بسەپێنێت بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیماندا. بە بڕوای ئێمە کۆمەڵگاکەمان زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە ڕادیکاڵزمێکە کە تێیدا ڕەگەزە سەرکوتکراو و نەفرەتلێکراوەکان ببنە سوبێکتى چالاک و بکەری گۆڕانکارییەکان، بتوانن داکۆکیى لە ستایلى دیکەى ژیان و جلپۆشین و بیرکردنەوە و پەیوەندیى مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا بکەن، هەر وەک چۆن لە ڕژئاوا لە بواری شانۆدا ئەنتوان ئارتۆ و لە هونەردا ڕامبرانت و لە ئەدەبدا مارکیز دی ساد و لە فەلسەفەدا نیتچە و لە دەرونشیکاریدا فرۆید و خوێندکارەکانی کردییان، ئاواش کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە چەشنە گوتارێکی بەرەنگارانەى لەم چەشنانەیە تا لە ناکۆکی و ئەنتاگۆنیزمەکانەوە نا-هاوچەشنى و ڕەگەزە نەسازاوەکانى ناو کۆمەڵگا گەشە بکەن و مرۆڤەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتوریمان لەو دۆخە جێگێر و چەقبەستووە ڕزگار بکات کە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر ڕەوایەتی بەخۆی دەدات و هەژموونی ئاسنینی خۆی دەسەپێنێت.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.