ژنی کورد نەفرەت لێکراویکی ئەبەدیە

Loading

  • دیمانەی ناوەندی  نوچەو شرۆڤەی ڕۆژ لەگەڵ هۆزان مەحمودی نوسەر و ئەکتیڤیست.

د
ئامادەکردن و دیمانە: زانیار عومرانی



ـ بۆچی باشووری کوردستان گەیشتۆتە ئەم قۆناغە؟ ئایا ئەمە بە بنبەست دەزانیت یان ڕەوشێکی ئاساییە کە تێپەڕ دەبیت و نابێتە “قەیران”؟! ئەسڵەن بڕواتان بەمە هەیە کە دۆخی باشوور شڵەژاوە؟!

 

فۆتۆ؛ ئەی ژن تۆ نەبینراویت !
فۆتۆ؛ ئەی ژن تۆ نەبینراویت !

هۆزان مەحموود: باشووری کوردستان بەردەوام لەم جۆرە قەیرانانەدایە، ئەم دۆخە نە تازەیە و نە یەکەم جارە و نە دوا جاریش دەبێت. گەر بە خێرایی چاوێک بە مێژووی سیاسی کوردستاندا بخشێنین، دەبینین کە حیزبی کوردی خۆی لە خۆیدا نمونەیەکی سەقەت و مودێلێکی فاشیلی لە حیزبایەتی بەرهەم هێناوە. بەردەوام لەناو خۆیاندا و لەدەرەوەی خۆیاندا لەسەر دوو بنەما کاریان کردوە، دروستکردنی قەیران و موئامەرە کردن لەناوخۆیاندا و لەدژی یەکتر.

چەوسانەوەی خەڵك و دروست کردنی جیاوازییەکی چینایەتی بێمانا، دیارە لەوەتەی کورد هەیە وەها جیاوازییەکی چینایەتی بەخۆیەوە نەدیووە. دروستبوونی نوخبەیەکی تەمەڵ و تەوەزل و مشەخۆر کە سەروەت و سامانێکی بێوێنەیان کەوتۆتە دەست. لەولاوە چینێکی هەژار، دروست بوونی سواڵکەری زۆر و گریان لە تیڤیەکان و بێماڵی و بێ موچەیی. کۆی دەسەڵاتی کوردی لەسەر سوک کردنی تاکی کورد و لەناوبردنی بەهاکان کاریکردوە.

ـ کێ بە خەتاباری سەرەکی دەزانی؟
هۆزان مەحموود: هەموو لایەنە سیاسییەکان وەکوو یەک بەشدارن لە دروست کردنی ئەم کێشانەدا. ناکرێ بە تەنها لانەچوونی سەرۆکی هەرێم تەنها کێشە بێت لە ئێستادا. گەر وایە کوا ئەلتەرناتیڤی لایەنەکان؟ بۆچی ڕوون و ئاشکرا پلانەکانیان بە خەڵک ناڵێن؟ خەڵکیان ڕاهێناوە لەسەر کۆبوونەوەی پێنجلایەنە و چوارلایەنە و دوو لایەنەو ئیمزاکردنی میساقی شەرەف و ڕێکەوتنی ستراتیژی و زۆر شتی تر.

کەواتە ئەم حیزبانە کە ئەوەندەیان حەز لەسازان و میساق و ڕێکەوتنی ستراتیژی و کۆبونەوەیە بۆ بەردەوام لەشەڕدان؟ ئەم هەموو قەیرانە چی یە دروستیدەکەن؟ تا ئەم ساتەش بۆ یەک ڕۆژیش نەیانتوانیوە حوکمرانیەک بکەن کە خەڵک توشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی نەکەن. خەڵکی ئێمە لە نیگەرانییەکی ئەبەدیدا دەژی، ئەمرۆی هەیە و سبەینێی نادیارە. بەردەوام خەڵکی ئەم دەڤەرە بەدوای نادیارەکان و حەلکردنی ئەزمەکان و بژاردنی کێشەکانیانەوەن. شکاندنەوەی ئەزمەکان بەسەر خەڵکدا تاکتێکی سیاسی ئەم حیزبانەیە. خەڵکی کوردستان لە پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدان بۆ ئەوەی بتوانن زۆرانبازی بکەن لەگەڵ ئەم هەموو قەیرانانەدا.

ـ هەندێ لایەن دەڵێن ئێمە لەشەڕی داعشداین، هەربۆیە هەرچەشنە ئاڵۆزییەک وڵات بەرەو هەڵدێر دەبات، ڕات چییە؟


هۆزان مەحموود: ئەوە خەڵک نین کە وڵات بەرەو هەڵدێر دەبەن و ڕێگا خۆش دەکەن بۆ داعش و هاوشێوەکانیان بێنە ناو خاکی کوردستان. ئێمە لە ماوەی ئەم ٢٢ ساڵەدا شاهیدی ٣١ی ئاب و هێنانی هێزی تورکی و ئێرانی بوین بۆ ناو کوردستان. ئەوە قەیرانە بەردەوامەکان هەر باس ناکرێن کە چەندین جار بە شێوازی زۆر توندوتیژ و خوێناوی وەڵامی سادەترین خواستەکانی خەڵکیان داوەتەوە. داعش زۆر دەمێکە لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا گەمەی خۆی دەکات لە فۆرمی جیاوازی سیاسی و کولتوریدا.

خورافە و دینداری سیاسی و کوشتاری زیاتری ژنان و پەرەسەندنی کۆنەپارێزی و نێرسالاری سەرتاپای کومەڵگەی ئێمەی داگیرکردوە. شەڕی داعش ڕۆڵەی فەقیر و هەژارەکانی کوردستان دەیکەن. چەندین پێشمەرگە کە لە بەرەکانی شەڕدا کوژراون، پارە لە گیرفانیدا نەبووە، یاخود لەبەر نەبوونی خانەوادەکەی لە ماڵەکانیان دەرکراون.

ـ هەروا کە ئاگادارن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بڵاوکردۆتەوە، پێتانوایە ئەو پەیامە گرژییەکان زیاد دەکات یان بشێویەکە دادەمرکێنێتەوە؟!


هۆزان مەحموود:
بەڕێزم ئێمە بەردەوام گوێبیستی ئەم هەڕەشە و پەیام و هات و نەهاتەین. ئەمرۆ ئەم پەیامە و سبەی پەیامێکیتر و تاوەکو ئەبەد هەر پەیامی هەڕەشە ئامێز دەبیستین. خەڵک ڕاهاتوون لەسەر ئەم جۆرە سیاسەت کردنە، چونکە فریای شیکاری و بەرپەرچدانەوەی ئەم پەیامە ناکەون پەیامێکی تر دێت. کەواتە ئەم حیزبانە خۆیان و خەڵکیشیان لەبازنەیەکی داخراودا ڕاگرتوە.

بۆ نمونە کێشەی سەرۆکایەتیان شکاندەوە بەسەر نەبوونی مووچە و دواتر دەرکردنی گۆڕان لە پۆستەکانیان. دەسەڵاتێکی قەیراناوی پڕلە کەم و کوڕێ بێ هونەری لە سیاسەت و حوکمڕانی بێگومان کێشە زیاتر و زیاتر دروستدەکات. تەنانەت گەر ئەم دۆخەی ئێستاش تێپەڕبێت، ئەوا زۆر نابات قەیرانێکی دیکە دێت.

ـ ئایا پێتانوایە گۆڕان پاش ئەوەی چوویە نێو دەسەڵات بەشێوەیەک لە شێوەکان شەقامی کوردی فرۆشت؟
هۆزان مەحموود: من لەو باوەڕەدام گەر شەقامێک بوونی هەبیت هیچ حیزبێک ناتوانێت “بیفرۆشی”. ئەوەی هەیە گەمەی سیاسەتی کوردییە، کە هەموو شتێکە سیاسەت نەبیت، مونافیقی، دزی، گەندەڵی بە ئاشکرا ، ژنکوژی، موئامەرەکردن، خەڵەتاندن و درۆی بەردەوام لەگەڵ خۆیان و دەنگدەرانیان چەند سیمایەکی ئەو حیزبانەن. ئەمە لەلای ئەوان سیاسەتی حەکیمانەیە و گەر کەسێک ئەوە نەزانیت یان باوەڕی پێی نەبێت ئەوا گێل و نەفامە و لە سیاسەت نازانێت. ئەمە ئەو میراتییەیە کە دەیانەوێت بۆ نەوەکانی تریشی بەجێ بهێڵن.

گۆڕان وەکوو حیزبێکی تری باڵێ بۆرژوازی بەرژەوەندی لە چیدا بێت ئەوە دەکات. گۆڕان هەر بە چوونە ناودەسەڵاتەوە و وەرگرتنی پلە و پایەو وەزەرات لە ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆی کە ئیدیعای دەکرد هاتە دەر. هەر وەک لە ئیستاشدا دەبینین دەستیان لەو پلە و پایەیە بەرنابێت و ئامادە نین وازبێنن سەرەرای دەرکرندیشیان لەدەسەڵات، کە دەبوایە خۆیان دەستپێشخەربوونایە نەک دەربکرانایە. کەواتە لە بنەڕەتدا هەموو حیزبەکان سەر بەیەک بەرژەوەندین و بەشدارن لە دروستکردنی قەیرانەکاندا. شتێکمان نییە و نەبووە بە ناوی ئۆپۆزیسیۆن. ئەم شەرانەی کە دەیکەن لەسەر قوتی خەڵك نییە، لەسەر ماف و ئازادی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە نییە بۆ تاکی کورد، بەڵکو شەڕی دەسەڵات و بەرژەوەندی زیاتری خۆیانە.

ئەگەر بتانەوێت خەسارناسیەکی ئەم ڕووداوە بکەن زیاتر چی بە خاڵی بەهێز و چی بە خاڵی لاواز دادەنێن؟

هۆزان مەحموود: لە دوای حەڤدەی شوبات و لەبار بردنی هەوڵەکانی خەڵک بۆ چاک کردنی ژیانیان، جۆرێک لە خەمساردیان تیا دروستبوو. ئەم سەرهەڵدانەوەیەی خۆپێشاندان و هاتنە سەر شەقامی گەنجان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەوەی کە چیتر چاوەڕوانی فریاد ڕەسێک نەبن، بەڵکو خۆیان هەڵگرو جێبەجێکاری ئەو پەیامە بن کە هەیانە. دیارە لایەنی لاوازیشی زۆرە، خواستەکان نابێت تەنها لە داواکردنی موچە و لابردنی سەرۆکدا کۆرت بکرێتەوە، بەڵکو کێشەکە لە تەواوی دەسەڵاتی کوردیدایە و حیزبەکان وەکو یەک پشکیان هەیە لەم ئەزمانەدا. پرۆگرامێک یان ئەلتەرناتیڤێکی باش بەدی ناکەم.

ـ بۆچی ژنان حزوریان نییە، نیوەی کۆمەڵگەی کوردی لە کوێیە؟
هۆزان مەحموود: بەڕێزم بە درێژایی مێژووی کورد ژن پەراوێز دەخرێ، سەرکوت دەکرێت. لە ماڵ ، لە ناو حیزب، لە مزگەوت، لە قوتابخانە، لە سەر شەقامەکان بەردەوام کۆیلە دەکرێت، دەیان و سەدان جار بیری دەخەنەوە کە ئەو کۆیلەیە. هەروەک چۆن پیاوی کوردی باشوور بەردەوام دەبیت جەخت لەسەر پیاوەتی و غیرەتی پیاوانەی خۆی بکاتەوە لە سیاسەت و لە ماڵەوە. بەهەمان شێوە ژن بەردەوام جەخت لەسەر ناڕەوابوونی خواستەکانی بۆ ژیانێکی باشتر، ماف و ئازادی یەکانی پێشێل دەکرێ.

ژنی کورد هەر لەسەردەمی دیوەخانەکانی شێخ مەحمودەوە تا ئێستا، لە پەراوێز و مەتبەخەکان و پشت سەنگەرەکاندا خەریکی چێشت لێنان و گۆرەوی شتن بوون. لەسەردەمی شێخ مەحموددا تەنانەت وەکوو پێڵاو دانەری دیوەخانەکانیش حیسابیان بۆ نەکراوە. ئێستا کە لە حیزب و پەرلەماندا هەن کەس گوێ لە دەنگیان ناگرێ و هەموو سیاسەتی حیزبەکانی کوردستان کۆمەڵێک پیاو زۆر پیاوانە قەیرانەکان دروست دەکەن و بڕیاردەدەن چی بکرێ لە وڵاتدا.

ئێمە کۆمەڵگەیەکمان هەیە کۆی هەست و نەستی لەسەر بنەمای پەرستنی پیاو و ئایدیالیزەکردنی پیاو دامەزراوە. ژنان کە نیوەی کۆمەڵگەی کوردین بەردەوام لەگەڵ لولەی تفەنگەکان ڕووبەڕوون. کوشتاری ژنان بۆتە دیاردەیەکی ڕۆژانە و هەر ئێستا تەرمی کچێک کە لە پارکی دایک کوژراوە کەس نییە بینێژی و خانەوادەکەی خاوەندارێتی ناگرنە ئەستۆ.

ژنی کورد نەفرەت لێکراویکی ئەبەدیە. تەنانەت ژیان و مەرگیشی لەهی ئەوانی تر جیاوازە.

تەواو

سەرچاوە؛ ناوەندی نوچەو شرۆڤەی ڕۆژ