پیتەر سلۆتردایک - فۆتۆ ؛ ئانا ڤێبەر tz - 2023

پیتەر سلۆتەردایک؛ ئەکادیمیا وەکو هێتەرۆتۆپیا


وەرگێڕانی هزری

Loading

ئەکادیمیا وەکو هێتەرۆتۆپیا

پیتەر سلۆتەردایک

لەئەڵمانییەوە: بەکر عەلی

وەکو دەستپیکی هەر سمستەرێکی زستانە، گەرەکە ئێمە قووڵ بڕوانینە مێژوو. ئەمەش لەپێناوی ئەوەی دەربارەی تایبەتمەندی ژیان وهەبوونمان وەکو خەڵکانێکی ئەکادیمی دڵنیابینەوە. بەتایبەتیش لە سمستەری یەکەمدا، کە ئەو ڕۆحە نەرم و لاوانەی دوای نەریتی پێداگۆگی هاوشێوەی مۆم وان و فێرکارەکانیان ئەو مۆرانەیان لێداون کە شیاوی کوژاندنەوە نەبن، منیش لێرەدا دەخوازم بیرکردنەوە و ڕەنگدانەوەیەکی نائاسایی بورووژێنم.

 

 کەواتە تکایە با ئەم پرسیارەی خوارەوە، کاریگەریش بخاتە سەر ئێوە:

کاتێک ئێوە دێنە ناو ئەم خانووەوە، ئایا ئێوە چوونەتە کوێوە؟ یان بابڵێم: ئێمە لەکوێداین، کاتێک لەناو دەزگایەکی ئەکادیمیداین؟

هەڵبەتە ئەمە پرسیارکردنێکی ئاسان نییە لە شێوەی پلاندانانی شار، بەڵکو پرسیارێکە لە بوون و لە نەبوون دەکرێت. ئەمە پرسیارێکە، بۆ داڕشتنی دنیایەکی ئەلتەرناتیڤ، کە بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندی بە  تۆپۆلۆگیای  وجود و شوێنناسی  هەبوونەوە هەیە.

دیارە ئێوە هەمووتان دەزانن، یۆتۆپیا چییە: بریتییە لەو شوێنەی کە بوونی نییە. پێشگری << یو U>> لە زمانی گریکیدا هێمایە بۆ شتێك بوونی نەبێت، لەئارادا نەبێت، ناڕاستەقینەیی بێت. کاتێک مرۆ ئەو شوێنانە دادەهێنێت، کەهێشتا بوونیان نییە، بەڵام ژیانێکی ڕاستەقینەی تێدا دەنەخشێنێت، بەوەش  ئێمە سوود لە  بەکارهێنانی فانتازیای مرۆیی  وەردەگرین کە پەیوەندییەکی تەنگی بە ئیش و ئەرکی هونەرییەوە هەیە.  لەڕێی دروستکردنی یوتۆپیاوە و، لەپای ئەو هێزەی هەیانە، مرۆگەل داوای ئەو مافە دەکەن، کە نەک هەر لێرە لەناو شوێنە ڕاستەقینەکەدا هەبن، بەڵکو لە شوێنی تریشدا بن. مرۆگەل لە ڕۆژی ڕووناکیشدا زیندەخەون بەکار دەهێنن وەکو توانادارییەک، بۆ داڕشتنی جیهانە ئەلتەرناتیڤەکان. ماوەتەوە ئاماژە بەوە بدەین، کەوا بیرکردنەوەی یوتۆپی لە ئەوروپادا هەر لەسەدەی شازدەهەمەوە گەشەکردنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و بەشێکی گەورەی ئەوەشی کە لە سەدەی نۆزدەهەم وبیستەم دا پێی دەگووترێت سیاسەت، لەڕاستیدا هیچ نییە جگە لە یوتۆپیزمێکی پیادەکراو.

ئێمە منداڵە سووتاوەکانی بەکارهێنانێکی لەڕادەبەدەری ئیشی یۆتۆپیاین و، ئەمەش جێی پێشوازی لێکردنە، کە لەڕەوتی سەدەی بیستەم دا جۆری تری تێڕامانکردنمان وەگەڕ خستووە دەربارەی تواناداری ئەوەی لەیەک کاتدا هەم لێرە بین وهەم لە شوێنێکی تریش.

لێرەدا لە ئاستی یەکەمدا دەبێت وانەبێژییەکی گرنگ، بەڵام کەم ناسراوی وەک فەیلەسۆف و گوتارڕاڤەکاری فەرەنسی میشێل فۆکۆ بهێنینەوە یاد. فۆکۆ لە کۆتایی ساڵانی شەستی سەدەی ڕابووردوودا لە ژێر ناونیشانی << شوێنەکانی تر>>دا  گوتارێکی کورت لەبەردەم تەلارساز و ئەرشیتێکتۆرەکاندا دەدات، کە تێیدا ئەو چەمکە دەهێنێتەوە، چەمکی << هێتەرۆتۆپیا/ شوێنیتر  Heterotopie>>.

لەڕاستیدا جودا لە یۆتۆپیا، هێتەرۆتۆپیاش هەیە، هەردووکیشیان بەرجەستەی جۆرێکیتری ئەو شوێنانە دەکەن، کە لەگەڵ  هەلومەرجە ڕۆژانەیی و باو و ناسراوە بەردەوامەکەدا هیچ تەبا نایەنەوە.  میشیل فۆکۆ بەندیخانە، کڵێسە، مۆزەخانە، ئەرشیڤ، کەشتی وەکو ئەو شوێنە جیاوازانە دەژمێرێت. ئێمەش دەتوانین  ئەم شوێنانەی لەگەڵدا بژمێرین: زبڵخانە، گۆڕستان، کتێبخانە . لەهەموو ئەو شوێنانەی ترەوە بڕێک لە ئەفسوون، تیشک دەهاوێژێتە سەر شوێنە ئاساییەکانەوە.

ئەمڕۆ من دەخوازم ئەم لیستەیە بە چەمکی شوێنی ئەکادیمیا تەواو بکەم ، هەروەها هەوڵی ئەوە بدەم بە چەند وشەیەک تێتان بگەیەنم، بۆ چی ئێوە، کاتێک پێ دەخەنە نێو دەزگایەکی ئەکادیمییەوە، بەتایبەتی گەر بۆ جاری یەکەمتان بێت، لەڕاستیدا دەبێت هەست بە مووچڕکەیەکی پیرۆز بکەن. من هەوڵ دەدەم وشەکانم وەها هەڵبژێرم، کە بە مەرامێکی باشەوە ئاسان لێی تێ بگەن.

هەڵبەت هەندێک خەڵک هەن کەلـلەڕەق و لاسارن، بەڵام هەندێکیش هەن بە هۆکاری تر مووچڕکە دەیانگرێت، بەڵام من پێموایە، ئێوە ئامادەباشی ئەوەتان تێدایە، هەست بەو مووچڕکە ئەکادیمییە تایبەتە بکەن و لەوەش تێ بگەن، بۆچی ئەو مووچڕکەیە بەپێویست سەر بەنهێنییەکانی ئەم دەزگایەیە.      

لەپێناوی ئەوەشدا، بەداخەوە، دەبێت بە گێڕانەوەی ساڵەکان بۆمبابارانێکی بچووکتان بکەم، بەڵام دوای ئەوەی ئێوە سیازدە ساڵ لە قووتابخانەدا بوون و بەهۆی  ئەو کەسە بێزار و پەستکەرانەی ناونیشانی ئەکادیمیشیان هەبوو، دیارە هێشتا لە فۆرمێکی باشدا دەرچوون، من لێرەدا ئەم سەرکێشییە دەکەم و  چیرۆکێکتان بۆ دەگێڕمەوە، کە لە کۆتاییەکەیدا ئەو دەزگایەی تێدا دادەمەزرێت، کە ئێمە تائێستاش لێرە و لەمڕۆدا تییداین. سەرەتا دەبێت ئەوە لامان ڕوون بێت کە سەدەی پێنجەمی بەر لە مەسیح لەو ولاتەی دەکەوێتە نێو دەریای ناوەڕاستەوە، وڵاتی گریک،  چاخی قەیرانەکان بووە.  ئەگەرچی ئەمە بێوەیترین دەربڕینە دەربارەی ئەو ماوەیە بگووترێت، بەڵام لەو بارەدا شتەکە دەربارەی شای قەیرانەکانە. لەو کاتەدا شەڕە بەدناو و بەناوبانگەکەی پێلۆپۆنێزیPeloponnesische Krieg  لەئارادا بوو، کە توکیدیدس Thukydides لەژمارەیەک لە کتێبە مێژووییەکانیدا دەربارەی گێڕاویەتیەوە.  ئەوە یەکەمین شەڕی سی ساڵەی ناو مێژووی ئەوروپایە، کە لە ٤٣١ بەر لەزایین تا ساڵی ٤٠٤ی بەرزاین دەکێشێت.

پیتەر سلۆتردایک – فۆتۆ ؛ ئانا ڤێبەر tz – 2023

ئێمە جارێکی تر دەگەڕێینەوە بۆ ساڵی ٤٠٤ی بەرزایین، چونکە ئەوە بەروارێکی ڕاستەقینەی قەدەری ناو مێژووی سیاسی ئەوروپایە.  بەڵام جارێکا با ساڵی ٤٢٧ی بەرزایین لەبەرچاو بگرین، کە تێیدا کوڕێکی گەنجی ئەریستۆکرات بەناوی پلاتۆن لەدایک دەبێت.  ئەو بیستوچوار ساڵی سەرەتای تەمەنی لە قۆناغیکدا بەسەر دەبات کەشەڕێکی نەبڕاوەی تێدا باڵا دەستە. ئەو کوڕی جەنگە، بەو جۆرەی لەنووسراوەکاندا هاتووە.

 لە سەرەتای بیستەکان و دەیەکانی ساڵانی کۆتایی سەدەی پێنجەمدا چالاکیەکانی پیاوێکی سەیر کارا دەبن، پیاوێک کە خوویەکی بەدی هەبوو، بەناو کۆڵانەکانی ئەتینادا دەسووڕایەوە و دەکەوتە گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبواراندا. بێگومان ئێوە خۆتان دەزانن مەبەستم جگە لە پیاوە شکۆمەندەکە، سوکرات، بەولاوە کەسێکی تر نییە، کە لەگەڵ ئەودا نەریتی فەیلەسوفی شار دەستی پێکرد. هەڵبەت ئەگەرچی پێشتر فەیلەسوفی ناشاری بوونی هەبووە، بەڵام ئەوانە پتر لە شامان ولە جادووگەران دەچوون وەک لەوەی گوتاربێژ بێن،  ئەوانە پتر جادووی شامانییان بەسەر بنەما گوندییەکاندا دەکرد،  لەو کاتەیشدا کە فەلسەفە  گواستییەوە بۆ ناو شار ئیتر ڕەگەزە شامانییەکەی کز بوو، ئینجا لە گفتوگۆکاندا ئەرگومێنت هێنانەوە باڵا دەست دەبێت، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەفسووناویکردنەکە بەتەواوەتی بڕابێتەوە.

لە ساڵانی بیستی چالاکییەکانی سۆکرات دا ، لە ئەتینا ئایدیایەکی نوێ بۆ بەگژداچوونەوەی کەسی بەرامبەر لەڕێی گفتوگۆی عەقلییەوە سەرهەڵ دەدات. ئێمە دەبێت سوکرات وەکو یاریزانێکی شەترەنج وێنا بکات، کە نابەزێت و بەردەوام لەگەڕاندایە بەدوای نەیارێکی هاوتای خۆیدا، کە بە ماتی بەرامبەر خۆی داینیشێنێت. لێرەوەیە فەلسەفە وەکو یارییەکی هەراسانکەر لەنێوان ئەو هاوڵاتییانە دەستی  پێکردووە کە هێندە شانازیان بەخۆیانەوە کردووە ، لەهیچ ئەلەنگارییەک خۆیان نەبواردووە.  میشێل فوکۆ لە لێدوانێکی پڕ بیرۆکەدا پیاوێتی گریکی گەڕانەوە بۆ فۆرمێکی چۆنایەتی لەناو چەمکی پارهێسیا Parrhesia  دا. پارهێسیا/ ڕاستگۆیی لە ئەتینادا بە باڵاترین ڕەندی دادەنرا کە دەیگووت، تەنیا ئەو کەسە پیاوە کە هەموو ئەو شتانە بڵێت کە بیریان لێ دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ سڵێک لە بیرۆکەکانی خۆی بکاتەوە.  پارهێسیا بەمانای، شوێنێکی خاڵی لە پاشخانی بیرکردنەوە دروست بکرێت، تا بکرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەرامبەردا سەربەستانە بیرۆکە ناوەکییەکانی خۆت بخەیتە بەردەمی. ئەوسا ئەویتر، ئەگەر مەردمە، دەبێت ئارامی خۆی بپارێزێت و ئەلەنگارییەکە قبوڵ بکات.

لەژێر ئەم هەلومەرجەدا جوامێرێکی تری شار، دیۆگینسی سینۆپی، کە ئەوسا بەوە ناسرابوو، ڕووبەڕوو، بەگژ ئەلێکساندەردا بچێتەوە، دەرکەوت. ئەلێکساندەر دەبوو ئارام خۆی ڕابگرێت، چونکە لەنێو پیاوانی ئەوسای گریکدا گرێبەستی ئەوە هەبوو، کە پیاو دەبێت بەرگەی هەموو شتێکی ئەویتر بگرێت و لەسەر بنەمای ڕووبەڕووبوونەوە بەشێوەیەکی گونجاو بەرپەرچی بەرامبەرەکەی بداتەوە. تەنیا لەبەردەم ئەم پاشخانەدا ئێمە دەتوانین لەوە تێبگەین، بۆچی ئەو دەسەڵاتدارە بەرگەی قسە و وەڵامەکەی دیۆگینسی بێدەسەڵاتی گرت، چونکە ئەوە دەرەنجامی گرێبەستێکی شارییانە بوو. لەبەرئەوەی سوکرات ئەم یارییەی بە فەزیلەتێکی گەورەوە دەکرد، ئینجا ئێستا سەرنجی خەڵکی بۆخۆی ڕادەکێشێت، بەڕادەیەک باوکانی ئەو سەردەمە ئیتر گومانیان لە لێهاتوویی شێوازی پەروەردەیی خۆیان دەکرد و، دواجار ڕازی بوون بەوەی کوڕەکانیان ڕادەستی ئەم کوڕە سەرنجڕاکێشە بکەن. ئیتر دوای سی ساڵ ماوەی ئەو جەنگە، شتێکی چاوەڕوانکراو بوو دەزگای باوکایەتی بەدەست ئەو زیانانەوە بناڵێنێت.  باوکان دەبێت ددان بەوەدا بنێن، ئەوان چیتر لە کوڕەکانی خۆیان تێ ناگەن. ئەوان هیچیان بۆ نەماوەتەوە، ئەوە نەبێت ڕادەستی پیشەکارێکیان بکەن کە لەمەسەلەی منداڵ تێ بگات. لێرەدا من تکای ئەوەتان لێدەکەم سەرنجی ئەوە بدەن، بۆ مێینە، نموونەیەکی مێژوویی هاوشێوە شک نابەین. بەڵام ئێمە لێرەدا گرێدراوی هەقیقەتە مێژووییەکەین و ناچارین کە ئەوە لەخۆمانەوە دانەهێنین، تەنانەت ئەگەرچی خۆشمان حەز بکەین. بەمەش ئێمە هیچ بەدووری ناگرین، کە لە سەدەی چوارەم وپێنجەمی بەرزایندا ژنە فیلۆسۆف هەبوو بن، کە شایستەی سەرنجی ئێمە بن.

 

 

دیۆگینی سنیۆپی به‌ ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌قدۆنی ؛ لاچۆ ، تۆ به‌ری خۆرم لێده‌گریت .

وەکوتریش سۆکراتیش لە هەندێک لە کوشتارەکانی جەنگە پێلۆپۆنییەکەدا بەشداری کرد بوو، بابڵێین وەکو سەرباز پیاوێکی خۆڕاگر بووە، لەپاڵ ئەمەشدا بەهۆی چالاکی ترەوە دەبێتە مایەی سەرنجی خەڵک، ئەو چالاکییانەش بۆ هاوچاخەکانی وایان لێکردبوو، جۆرە شەبەنگێکی ناوازەی بەدەورەوە تەنی بوو. بەجۆرێک لە ئەتینا دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆوە، کە پیاوێک هەیە جنۆکەی تیایە. بۆیە ئەو دایمۆنە سۆکراتییەی sokratische daimonio کە بوونە بەشێکی گفتوگۆکانی ناو شاری ئەتینا، بەپلەی یەکەم بە خووەکانی سۆکرات خۆیەوە دەردەکەوتنەوە، ئەو لە جێبەجێکردنیاندا هەندێک جار لەپڕێکدا ڕادەوەستا و خۆی تێدا نقووم دەکرد، ئەمەش ئەوەیە کە پێی دەگووترێت ڕامانکردنی قووڵ. ئەو هێندە قووڵ تێڕامانی دەکرد، کە هەموو تەماشاڤانێک، ئەگەرچی  کەسیان ئەوەیان پێ نەدەکرا بیرۆکەکانی ناوەوەی سۆکرات بخوێنێتەوە، تێبینی ئەوەی دەکرد، کە : ئەو ئێستا لەبیرکردنەوەدایە. وای بۆ دەچین هەندێکجار بۆ ماوەی بیست وچوار کاژێر لە جێگەی خۆیدا بەچەقیوی ڕاوەستا بێت و لە کێشەکاندا وەها قووڵ ڕۆدەچووە ناوەوە کە گوێبیستی دەنگەکانی هەناوی خۆی دەبوو. ئەوەی لە کەسە هاوچەرخەکانیدا مایەی سەرنجدانە، ئەوەیە، ئەوان تەنیا ئەوەیان دەزانی، هەرکاتێک مرۆڤ بیر بکاتەوە، ئەوا ئەو مرۆڤە لەشوێنێکی ترە. تەنانەت ئەو ئەکادیمیایەی دواتر پلاتۆن دایمەزراند، کە بریتییە لە یەکەمین خوێندنگەی کەلەپوری ئەوروپی، هیچیتر نەبووە جگە لەو خانووەی کە تێیدا توانرا لەخۆدەرچوونەکەی سۆکرات بخاتە نێو فۆرمێکی ڕێکخراوەوە و و داواتریش لەگەڵ جڤاتدا بەشداری پێ بکات.  ئێمە لەناو شوێنی ئەکادیمیدا ئەو لەهۆشخۆچوونەمان گۆڕیوە بە گفتوگۆ، لەم شوێنەدا ئێمە خۆمان لەناو لەهۆشخۆچوونێکی بەکۆمەڵدا دەبینینەوە بەرامبەر بە ئاگۆرا، بەرامبەر بە خێزان، بەرامبەر بە ئۆیکۆس oikos ، واتە بەرامبەر ئەو ماڵەی کە تەقەتەقی مەنجەڵ و قیژەقیژی منداڵی تێدایە. ئێمە لێرەدا لەو شوێنەداین، کە جێگەمان بۆ لەهۆشخۆچوونەکەی سۆکرات کردۆتەوە وداڵدەمان داوە.

کاتێک سۆکرات وەها لەجێی خۆی ڕادەوەستێت وەک ئەوەی بەبەرد بوو بێت و قسەی هیچ کەسێک نابیستێت، خەڵکی ئەتینا لەوکاتەدا لەدەوری گرد دەبوونەوە و لێیان دەڕوانی و وەها دەکەوتنە گاڵتەپێکردنی: ئێستا سۆکرات لای بازنەکانە، ئێستا لای چوارگۆشەکانە، ئێستا لای سێگۆشەکانە، ڕەنگە لای چەمکی دادوەری بێت، پێدەچێت لای چەمکی چاکە بێت، یاخود لای چەمکی جوانی بێت، لای چەمکی یەکێک بێت، بۆیە تکایە لێی تێک مەدەن!  

هەموو ئەم گاڵتەوگەپانە لەناو کەشی شاردا سەریان هەڵدا، بەڵام بۆئەوەی لەوە تێبگەین، چۆن توانرا لەئەنجامی بەریەککەوتنی نێوان کولتوری  گاڵتەی پیاوان و شانازی پیاوانەوە، لە ئەتینادا، قوتابخانەیەکی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنرێت، ئەوا دەبێت کەمێک جیاوازتر ئەو مێژووە واڵا بکەینەوە.

لە دەیەی کۆتایی سەدەی پێنجەمدا، پارتی دیموکرات لە ئەتینا لەسەر دەسەڵات دەبێت. لەم کاتەدا پلاتۆن تەمەنی لەنێوان پانزە بۆ بیست ساڵ دەبێت، واتە تەواو لەتەمەنێکدایە کە لەوە تێ بگات، چی لە شارەکەیدا دەگوزەرێت. بۆیە تێبینی ئەوە دەکات، کە لایەندارانی ئەو پارتییە ناوبراوە بەردەوام شارەکەیان بە مەشقی ڕەوانبێژانە خەڵکی گەرم دەکەن بچنە ناو خولێکی تری شەڕە شوومەکەیان لە دژی سپارتا.  کە لەساڵی ٤٠٤ی بەرزایین دا دەبێتە مایەی کارەسات بۆ ئەتینا. لەشکری سپارتا بەرەو ناو شار دەکشێن و کۆتایی بە دیموکراتی ئەتینا دەهێنێت. بێگومان نابێتە مایەی داگیرکردنێکی ڕەسمی، بەڵام ئەوەی سپارتاییەکان لەبری ئەوە بەجێیان هێشت، بریتی بوو لە ڕژێمێکی دیکتاتۆری بۆ کۆکردنەوەی ئەو پیاوانەی کە شەیدای دەسەڵات بوون. ئەوانیش تێکڕا پەنجا ویەک کەسی خۆفرۆشی ناوەکی << جاشی سپارتایی>> بوون، کە ئەتینایان کردە وڵاتێکی پشتیوانکراو لەلایەن سپارتاوە. لەوانە یانزە کەسیان کشانەوە بەرەو پیریاوس، شارە بەندەرییەکەی ئەتینا، دەکەسیشیان بوونە فەرمانبەر لە شارۆچکەکانی دەوروبەری ئەتینا، بەڵام سی کەسیان لەناو شاردا مانەوە و بۆ ماوەی یەک ساڵی ڕەبەق سامناکترین ڕژێمیان پەیڕەو کرد، کە لەمێژووی یۆنان دا هەرگیز هاوشێوەی نەبووە. تا لە ساڵی ٤٠٣ی بەرزایین دا ڕاپەڕینێکیان لەدژ بەرپا دەکەن و لەئاکامیشدا دیموکراتی دادەمەزرێننەوە. ئەم قۆناغە لەناو کتێبە مێژووییەکاندا ناونراوە بە << سی دیکتاتۆر >>.

 ئەو پارتییە دیموکراتەی دیسانەوە هاتەوە سەر دەسەڵات، ئەندامەکانی بیرۆکەی ئەوەیان بۆ هات، بکەونە بانگەشەی ئەوەی، لەنێوان ئەو سی دیکتاتۆرەدا هەندێک لە شاگردەکانی سۆکرات ڕۆڵێکی ڕیسواکارانەیان لەو گروپەدا بینیوە. ئەوان سەرزەنشتی سۆکراتیان لەهەندێک باردا بەوە دەکرد کەلەڕووی پەروەردەییەوە شکستخواردوو بووە، بۆیە تاوانباریان دەکرد بەوەی cattivo maestro بووە، واتە مامۆستایەکی خراپ بووە.  ئەمەش سەرزەنشتێکە کە تاوەکو ئەمڕۆش لەئیتالیا و شوێنانی تریشدا فێرکارەکان دووچاری دەبنەوە، گەر ئەو شاگرد وفێرخوازانەیان هەبێت کە بێزارکەر دەربکەون.ئەوەتا لەمڕۆدا ئەنتۆنیۆ نێگری هاوچەرخمان بەردەوام لە وڵاتەکەی خۆیدا ئەم سەرزەنشتانەی بۆ دێت، کاتێک لە تیرۆرکردنی Brigate Rosse دا بەرپرسیاری دەکەن.

ئەوان سکاڵایان لە سۆکرات کرد کە لاوانی ئەتینای گەندەڵ کردووە. تا لە ساڵی ٣٩٩ی بەرزایین دا دادگاییە ناودارەکە دەکرێت و بە سزای خواردنەوەی  پەرداخێک ژەهری پەتی کۆتایی دێت. ئەمەش دیمەنە هەرە سەرەتاییەکەی کەلەپوری فەلسەفی خۆرئاوا لەخۆی دەگرێت. سۆکرات بەمەرگەکەی پانتۆمایمی مردنی بەرپاکرد، بەوەی بۆ یەکەمین جار ئەو بەڕوونی سەلماندی، فەیلەسوفانیش هاوشێوەی سەربازەکان دەتوانن مەرگ لە تۆمارێکی حەتمییەوە بگۆڕن بۆ مەرگ بە تۆماری توانین. بەچەند وشەیەکی تر، فەیلەسوف بەو نمایشەی بۆ مەیلی مردن پێشکەشی دەکات، جۆرێک لە دەسەڵاتی باڵایی دەست دەکەوێت و پێشی دەبێتە فیگورە بنەڕەتەکەی نەریتێکی نوێ.

ئەم گۆڕانکارییەی مەرگ لە ڕووداوێکی حەتمیەوە بۆ ڕووداوێک بتوانرێت بکرێت، زۆر قووڵ کاری کردە سەر گریکەکان، بە ڕادەیەک یۆحەنای نووسەرە گریکییەکەی ئینجیلی چوارەم لە پەیمانی نوێ دا مەشقکردنی وەرزشانەی مەرگی ڕاگواستەوە بۆ سەر مەسیح. کەچی لای هەرسێ نووسەرە سینۆپتییەکەی پێشتر، واتە: مارکوس، ماتیۆس ولوکاس، لەپاڵ دەستەواژەی ڕزگارکەر بەخاچەوە،  ئەو شێوە دەستەواژەیەی تێدا نییە، کە نووسەرە گریکییەکە ناوی هێناوە. لای ئەم دواهەمین وتەی یەسوع بریتی بووە لە << tetelestai>> کە بەلاتینی وەردەگێڕدرێت بە << consummatum est>>، کە وەرگێڕە ئەڵمانییەکەی کردووەیەتی بە << تەواو بوو Es ist vollbracht>>. هەڵبەتە ئەمە تەواو هەڵەیە،  چونکە ڕاستییەکەی دەبێت وا بێت: << ئەنجام درا Es ist geschafft >>، یاخود <<ئەنجامم دا>>. چونکە لێرەدا شتەکە سەروکاری لەگەڵ دەربڕینێکی مەشقکارانە و ئەتلێتیکییە. وەک وەرزشوانێکی ماراتۆن، کاتێک دەگاتە هێڵی کۆتایی، کاتژمێرە تەوقیتکراوەکەی دەستی خۆی ڕادەگرێت، ئەگەرچی لەبەرچاوی هەموویاندا  بەڕەسمی کاتەکە  هەر پیشان دەدرێت، بەو جۆرە لەخاچدراوەکە بەشێوازێکی گریکی لە دوا چرکەدا وتەی بردنەوەی خۆی دەڵێت، ئەنجامم دا، کە وتەیەکی مەشقکار و وەرزشکارەکانەیە. ئێمە دەبێت ئەمە بزانین، لەپێناوی ئەوەی لەوە تێ بگەین ئەو پلەوپایە بڵندەی دەزگای ئەکادیمیا هەیەتی لەکوێوە ڕیشەی گرتووە. 

هەڵبەتە ماوەیەکی درێژ چاوەڕوانی دامەزراندنی ئەو ئەکادیمیایە کرا، لەبەرئەوەی  پلاتۆنی لاو دوای مەرگی سۆکرات بۆ ماوەی دەساڵێک بەردەبێتەوە نێو خەمۆکییەوە. بۆیە ئیتر ئەو نازانێت چی بکات، تاوەکو بیر لەوە دەکاتەوە، کە ئەو لەلایەن مامۆستاکەیەوە ئەو ئەرکەی پێ ڕاسپێردراوە، شکۆ بۆ ئەو غەیببوونە جوانە ، کە فەلسەفەیە، بگەڕێنێتەوە. ئەو لە ساڵی ٣٨٨ی بەرزایین دەست دەکات بە گەشتێک کە لە سەقەلییە دەگیرسێتەوە و، لەوێدا بە دیۆنیزیۆسی Dionysiosستەمکار ئاشنا دەبێت، کە سەرنجێکی زۆر خراپی لێ وەردەگرێت، بەڕادەیەک دواتر هەموو ئەو شتانەشی دیۆنیزۆسیانDionysos دەهێنایەوە بیر، دەمارەکانی ڕادەچەنی. بە‌ڵام هەر لەو گەشتەشیدا لە وێستگەیەکی باشووری ئیتالیادا، لە کرۆتۆن، سەردانی یەکەمین کۆمەڵەی نیشتەجێبوون لە ئەوروپادا دەکات، کە لەخەڵکانی سەرنجڕاکێشی سەوزەخۆر و شەیدایانی ژمارەکان پێکهات بوون. مەبەستم لە کۆمەڵە پیتاگۆراسییەکەیە، کە لەلایەن ئەو فەیلەسوفەوە دامەزرا بوو، کە یەکەمین ڕووەکخۆری ئەوروپاش بوو. پیتاگۆراس مشتومڕی لەدژی  گۆشتخواردن دەکرد بەو پاساوەی کە گوێرەکە ومانگا نزیکترین هاوپەیمان و هاوکاری مرۆڤن، لەبەرئەوەیە گۆشتی ئەوانە خواردن و مرۆڤ خواردن هەر هەمان ئاکامی هەیە.

 

 

دیۆنیزۆس – خوای شه‌راب و سه‌ما

لە ئاستی یەکەمدا چەند دەیەیەک پیاوان و ژنان لە کۆمەڵەکەی پیتاگۆراس دا پەیمانیان لەسەر ئەو ژیانە بەستووە، کە خۆیان بۆ تێڕامانکردن لەسەر نهێنییەکانی ژمارە تەرخان بکەن.  ئەوان لە تێڕامان وخەڵوەتەکانیاندا پتر هەوڵی ئەوە دەدەن دابەشکردنی نۆتە ماتماتیکییەکانی گەردوون دابمەزرێنن . بۆئەوەی بەم ئامانجە باڵایەش بگەن، بەشێوەژیانی خۆیان ڕازی بوون. جارێکیشیان یەکێک لە ئەندامەکانی کۆمەڵەکەی خۆیان لەبەرئەوە کوشت، چونکە هەوڵی ئەوەی دابوو، ڕیشەکە لە دووەوە بژمێرێت، چونکە بەلایانەوە ئەم ژمارە دووە ناعەقلانییە و وەکو ئەوە وایە کفرێک بەرامبەر خودای تاک و یەک بکات. واتە لەدیدی ئەواندا ڕیشەی ژمارەکان هەمیشە دەبێت یەک بێت. لەمڕووەشەوە ئەوان هەمیشە ئاسوودە نەبوون و کێشەیان تێدەکەوت، بەڵام ئەوە بوو بەشێوەیەکی بنەڕەتییانە ئەوان دەستەیەک خەڵوەتگێڕی ئارام بوون.

ئەفلاتۆن لەو ماوەی نیشتەجێبوونەیدا لەگەڵ پیتاگۆرسییەکان بەو شتە سەرسام بوو، ئەو خەمۆکێ درێژەی هەی بوو کە بەهۆی ئەزموونە خراپەکەی لە سیسیلیادا زیاتر قووڵ بۆوە و لێی پیستر کرد، گۆڕا بۆ جۆرێک لە شادمانییەکی نەرم. ئیتر ئەو بە ئیدیایەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەتینا، کە دەتوانین بڵێین ئیدیایەکی وەرچەرخێنەری سەدەیی بوو. ئەفلاتۆن لەوە تێگەیشت بوو، کە دەبێت لەناوەندی شاردا دەڤەرێکی فیتاگۆرسی دابمەزرێنێت. ئەمەش پاڵهێزێکی دەروونی پێدەدات کە شەیدایانە لە ساڵی داهاتوودا ئەکادیمیاکەی تێدا بکاتەوە. لە ساڵی ٣٧٣ پ.ز. ڕەوتی فێرکردن وفێربوون لە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتۆن دا دەست بەکار دەبێت، بێگومان ئەمە بەروارێکی پیرۆزە بۆ هەموو ئەوانەی سەر بە کایەی ئەکادیمیان. بینای ئەو ئەکادیمیایەش ڕاستەوخۆ نەدەکەوتە چەقی شاری ئەتیناوە، بەڵکو چەند وێستگەیەک دوورتر بوو لێی، کە پێیان دەگووت بێشەڵانی خودای ناوخۆ ئاکادیمۆس Akademos، دواتریش هەر ئەم ناوەی بەسەردا بڕا.

هەڵبەت پلاتۆن شتێکی باشی کرد، کاتێک ئەم شوێنە جیاوازەی لە ناوەندی شار وئاگۆراکەی دوورتر خستەوە. ئەمەش لەبەرئەوە نا، گوایا خەڵکانی ئەکادیمی دەبێت خۆیان لە جڤات دوور بخەنەوە و، هیچ شتێکیان پێ نەدەنەوە، بەپێچەوانەوە ئەوان دەبێت شتگەلێکی زۆریشیان پێ بدەن، بگرە ئەوان بەشێوەیەکی ئاسایی هەر ئەوە دەکەن، بەڵام شتەکە بەو جۆرەیە کە زوربەی جار ئەوە نییە کە جڤات دەیخوازێت. چونکە جڤات خۆی نازانێت چی دەوێت و چی دەتوانێت، ئەمەش تیۆرییە مەعریفییە نەمرەکەی پلاتۆن بوو.

لە ڕۆژگاری پلاتۆنەوە فیلۆسۆفەکان لەگەڵ پرۆفانەکاندا شەڕ لەسەر ئەوە دەکەن، ئایا داخوازییە دروستەکە واتای چی دەگەیەنێت؟   

ئەکادیمیا هیچ نییە جگە لەو ئۆردوگای ڕاهێنانەی کە تێیدا ئەو جەنگاوەرە لۆجیکیانە پەروەردە دەکرێن، کە جڤات فێری داخوازییە گونجاوەکان بکەن.

ئەکادیمیا دەزگایەکی ڕاستەقینەی هێتەرۆتۆپییە، چونکە ئەوانەی شوێنێکیان لە هیچ شوێنێکی تردا نییە، لەناو دامودەزگاکانی ئەکادیمیادا لانەیەکی باش دەدۆزنەوە و بایەخیان پێ دەدرێت. ئەکادیمیا ئەو ماڵەیە کە تێیدا هەم ئەزموونە پیتاگۆرسییەکە و هەم غەیبوبەکەی سۆکراتییش بە شێوەیەکی ڕێکخراو دووبارە دەبێتەوە. پلاتۆن هەردووکیان بە گەمەیەکی ئیرۆتیکییانەی نوێوە گرێ دەداتەوە، کاتێک ئەو ئیرۆسی شار و تیمۆسی شار، کە شکۆی لاوەکانە دەخاتە گەڕ، لەپێناوی ئەوەی هەردووکیان لە پێشبڕکێی فێر(بوون) و فێر(کردن) دا برەو پێ بدات. بەم ڕێچکەیە ئەو شوێنێک دروست دەکات کە تێێدا بنەماکانی ئاشتەوایی کارا دەبن.

پاسیفیزمی ئەکادیمی واتە، بتوانرێت لەنێو چوارچێوەی دیوارەکانی ئەکادیمیادا بەگەرمی ئەو شەڕە بکرێت کە کاتیگۆری ڕێسای ئاشتەوایی وەکو ڕێسایەک باڵادەست بێت بەسەر ئەو شوێنەدا. لەم ئیپۆخەدا Epoche مرۆڤەکان دەتوانن خۆیان لە ژیانی بەربادی ڕۆژانە جیا بکەنەوە و، کاتی ئەوە بەخۆیان بدەن ماوەیەک لەناو ئەو پەناگەی هەقیقەتەدا بژین.

هەڵبەتە ئێرە شوێنی ئەوە نییە مێژووی دەزگا ئەکادیمییەکان بگێڕینەوە. بەڵام شتی گرنگ هەر ئەوەیە، ئەوە بهێنینەوە یادمان، کەوا ئەم دامەزراوەیەی پلاتۆن سێ سەد ساڵ بەبێ بچڕان بەردەوام ئیشی کرد و  درێژەی کێشا تا کەوتنی ئەتینا بەدەستی سوپاسالاری ڕۆم سولا Sulla . پێنج سەد ساڵێک دوای ئەمە لە ئەتینا دەزگایەکی نوێی فێرکاری هاتە ئاراوە، بەڵام درەوشاندنەوەی نەدەگەیشتە ئاستی ئەکادیمییە کۆنەکە. ڕووی دیاری ئەم دەزگایەش لەوەدا بوو کە، ساڵی ٥٢٩ی پ.ز. بەدەستی قەیسەرێکی مەسیحی بەشێوەیەکی ڕەسمی داخرا. دوای ئەمە نزیکەی هەزار ساڵێکی خایاند تاوەکو لەنێوان نوژدار وپزیشکەکاندا ئایدیای خوێندنی ئەکادیمیا وەرگیرایەوە. لەو ماوەیەدا ئیتر لەلایەن خوێندنگا کاتێدرالییەکانی ئەوروپاوە مۆدێلێکی نوێی پەروەردەی فێرکردن لەپاڵ ئەکادیمیا کۆنەکە دانرا، کە ناونرا زانکۆ Universität ، ئەمیش لەزۆرێک لە تەوژمەکاندا بەرجەستەی بایەخدارترین میراتی  چاخی ناوەڕاست بۆ سەردەمی نوێکات دەکات، بەنموونە: لە ڕینیسانسەوە بەرەو سەدەی هەژدەهەم و هەروەها بەناو سەدەی بیستەم دا، واتە بە تێپەڕین بەناو قۆناغی ڕیفۆرماسیۆن و سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی.

پیتەر سلۆتردایک – فۆتۆ ؛ ئانا ڤێبەر tz – 2023

شتێکی ڕوون بوو ئەوان لە هەموو ئەو چاخانەدا، لەناو دەزگاکانی پەروەردەدا بایەخیان بەجۆرێکی تری  کاتڕێکخستن دەدا. ئەکادیمیاکان هەروەکو زانکۆکان بریتی بوون لەو خانەی هەڵهێنانانەی   Brutkasten، تێیاندا پرۆسێسی پەروەردەکردن لەسەرخۆ  نیشتەجێ دەبوو. لەچاخی ناوەڕاست دا، ئەو خوێندکارەی دەیخواست ماجیستەری تیۆلۆگی بەدەست بهێنێت و ببێتە مامۆستا، سەرەتا دەبوو شەش ساڵ شتێکی تر بکات، بەنموونە فەلسەفە بخوێنێت، ئینجا نۆ ساڵیش کتێبی پیرۆزی دەخوێند و ئەوسا پاش پانزە ساڵ تێکۆشانی بەردەوام بەمانایەکی تەواوی وشە دەبووە کەسێکی ئەکادیمی. ئەوەشی بچووایەتە ناو دەزگایەکی ئەکادیمییەوە، بەهیچ جۆرێک بۆی نەبوو لە پرۆسێسی فێربوون وپەروەردەدا هیچ پەلە بکات. چونکە ئەوسا دەزگا پەروەردەییەکانی ئەوروپا جۆرێک ئایدیای ڕێز لێگرتنیان هەبوو، کە وا پێدەچێت ئەمڕۆ ئەوە لەبیرچووبێتەوە، ئەویش ئایدیای پێگەیشتوویی بوو: لەو دەمەدایە شەکسپیر وا دەکات لە << شالێر>> دا یەکێک لە فیگورەکانی بڵێت: پێگەیشتوویی  بنەمای هەموو شتێکە << Ripeness is all>>. هەڵبەتە ئەمە بەتەنیا بریتی نەبووە لە دروشمی فەلسەفەی ژیانی شەکسپیر، بەڵکو سەرەتاگەیەکی بنەماییانەی زانکۆ کۆناکانی ئەوروپاش بوو.

من هەموو ئەمانە دەگێڕمەوە، تاوەکو بەجۆرێک لە شرینقەی بەرەنگاری لەدژی ئەو داوایە بتانکوتم، کە ئەمڕۆ لەلایەن کۆمەڵگاوە دەخرێتە بەردەم لاوان، بریتییە لەوەی: کە ئەوان دوای ماوەیەکی کورت دەبێت بە شارەزاییەکی بواری ئیشەکەی خۆیانەوە و بە جۆش وخرۆشێکی هاودەمییانەوە بچنە سەر شانۆی بازاڕی ئیشکردنەوە. ئەمەش لەگەڵ گیانی ئەم شوێنەی ئێستا ئێمەی تێداین تەبا نایەتەوە. تەنانەت ئەگەر لەگەڵ وەزیفەکەی منیشدا وێک نەیەتەوە، بەڵام هەر دەبێت بەوە سوێندتان بدەم، کاتێک دوای شەش سیمستەر زانکۆکەمان جێ دەهێڵن، ئەوەتان بیربهێنمەوە، کە ئێوە لێرەدا نەک هەر دەرفەتتان هەیە خۆتان پەروەردە بکەن، بەڵکو ئەرکی ئەوەشتان لەسەرە کاتێک بۆ پرۆسێسی خۆدروستکردنتان وەربگرن.

کاتێک ئیوە لەناو کایەی هێتەرۆتۆپیای ئەکادیمیدا نیشتەجی دەبن، ئەوا ئێوە بە پێویست گرێدراوی تەوژمێک لەو زمان ولەو ئاماژە ولەو وێنانە دەبن، کە لە قووڵاییەکی مێژوویی گەورەوە هاتووە. لێرەوەیە شتێکی گرنگ دەبێت، ئەگەر ئێوە ئاراستەگۆڕینێکی تایبەت بە ژیانکردنی خودی خۆتان دابهێنن. کاتێکیش ئیوە بۆ یەکەمینجار ئەو هەستەتان بۆ دێت، کە ئەم جێگە تەمەن دوو هەزار ساڵەییە وەکو جێگەیەکی هاوچەرخ ومۆدێرن دەرک پێ بکەن، ئەوسا ئێوە دروست دەبنە کەسی ئەکادیمی homo academicus.کاتێکیش تێیدا هاوپۆلە ڕاستەقینەکانمان دەبینینەوە، بەمە شێوەگۆڕینێکی پرۆفیشۆنال deformation professionnelleلەخۆماندا بەرپا دەکەین. کاتێک وەکو شارەزای بواری شانۆ، ئەو هەستەتان هەبێت، کەوا ئەسخیلۆس هاپۆلی ئێوەیە، ئەگەر وەکو هونەرمەند ئەو هەستە لەخۆتاندا چێ بکەن، کەوا ئێوە هاوپۆلی کۆنترین پەیکەرتاشن، ئەگەر لە قۆناغێکی مێژوودا، لەناو جۆرێک لە ڕاستەهێڵی هاوچەرخدا بگیرسێنەوە، ئەوا بەسۆسیالکردنی ئەکادیمییانەی ئێوە بەرەو ئامانجی خۆی ڕەوت دەکات. بەمە دەبنە ئەو کەسەی، کە گوێتەی شاعیر دروست بەکەسی زانا ناوی هێناوە. دیارە زانا لای گوێتە تەنیا ئەو کەسەیە، کە << زانینی سێ هەزار ساڵەی پێش خۆی>> لەبەرچاو دەگرێت.

هەروەها دەشێت نیشانێکی دیاریش بۆ خۆتان بەدەسگت بهێنن، لەشێوەی دێمۆنەکەی ناو گوێچکەی سۆکرات کە کۆمەکی دەکرد تەنیا ئامادەبوونێکی بیستەوەری ناوەکی هەبێت akustische Präsenzen  و هیچ دەرک بەوانەی دەرەوەی خۆی نەکات، بەم شێوەیە دەکرێت ئێوەش گوێچکەیەکی وا تایبەت بەخۆتان دابهێنن. فیلمێکی سامورای نایاب هەیە، کە دەربارەی سەردەمی ناوەڕاستی یاپانە، ئەوەی تێدا ڕوو دەدات، لە قوژبنی ژووری چێشتخانەی ماڵەکەیاندا کە گۆزەڵەی خۆڵەمێشی باوباپیرە مردووەکانیانی لێ دانراوە، لەپڕێکدا باپیرەگەورەیان لە گۆزەلەکەیەوە بە دەنگێکی گڕەوە دەست دەکات بە گۆرانی.

منیش هەر لەئێستاوە پێتان دەڵێم، ئەگەر ئێوەش بە ڕێکوپێکی بخوێنن، ئەوا بەهەمانشێوە دەتوانن ئەو توانایە لەخۆتاندا پەرە پێبدەن،  کە بتوانن گوێبیستی ئەو گۆرانییانە بن. ئەکادیمیا بریتییە لەو کایەیەی کە تێیدا ئێوە بەردەوام گوێبیستی کۆراڵی مردووەکان دەبن ، بەمەرجێک بەشێوازێکی گونجاو ڕاهێنان بە گوێچکەتان بکەن. خۆ گەر بەختیش یاوەرتان بوو، ئەوا لە ئێوارەیەکی خامۆشدا لەم ماڵەدا، گوێبیستی ئەوە دەبن، پلاتۆن لەنێو گۆزەڵەکەیەوە گۆرانیتان بۆ بچڕێت. ئەوسا دەزانن کە سەرکەوتووانە ئیشەکەتان ئەنجام داوە.    

 

 

سەرچاوەی ئەم بابەتە:

Philosophie des Raum. S.23-31
 
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌