فریدریک نیچە؛ دەربارەی جینیالۆجیای ئاکار


بەشی یەکەم

Loading

فریدریک نیچە

 دەربارەی جینیالۆجیای ئاکار

نووسینێک بۆ دیسکۆرس

بە مەبەستی تەواوکردن و ڕوونکردنەوەی دوایین وەشانی

 (ئەودیوی خێر و شەڕ)

 

لە ئەڵمانییەوە : موئەیەد مستەفا

 

 

پێشەکی

 

١

ئێمە ئاشنای خۆمان نین، ئێمەی زانا: ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە. ئێمە هەرگیز لە خۆمان نەگەڕاوین – چۆن دەکرا ڕۆژێک خۆمان بدۆزیبایەوە؟ بەهەق دەڵێن: گەنجینەکانتان لە کوێ بێ، دڵیشتان لە وێ دایە[3]؛ گەنجینەکانی ئێمە لەو شوێنانەن، کە زەمبیلی هەنگوینی زانایی ئێمەی لێ دانراوە، لە پێناوی ئه‌وه‌ش دا لە ڕێگاین وەک هەر باڵدارێکی خۆزا و کۆکەرەوەی هەنگوینی عەقڵ، ئاوا ئێمە پڕ بەدڵمانەوە تەنیا خه‌م لە شتێک دەخۆین شتێک بەرینە ماڵەوە. ئەگینا ژیان خۆی چییە، ئەوەی پێی ده‌ڵێن ئەزموون، کێ لە ئێمە تەنانەت جدییە؟ یانیش کاتی تەواوی بۆی هەیە؟ دەترسم لەوەی بڵێم کە ئێمە هەرگیز لەو پرسانە لەسەر ماف نەبووین: ئێمە نەک دڵمان بەڵکو گوێشمان لەو شوێنە نییە! زیاتر هەر پەرتەوازەیەکی خوایی و نقوومبوونە لە ناو خۆ؛ ئەوەی زەنگه‌كه‌ دوازدە جار بە هەموو هێزیەوە لە گوێیدا زرینگایەوە – لە پڕ جارێک بەئاگاهات و پرسیاری لە خۆی کرد „چی لێیدا“؟[4] ئێمە هەندێجار گوێمان دەسووین و بە سەرسووڕمانەوە دەکەوینە پرسیار و دەڵێین، ئاخۆ ئەزموونی چیمانکرد؟ لەمەش هێوەتر پرسیاردەکەین، کە ئێمە کێیین؟ پاشانیش هەر وەک گوتم، هەر دوازدە جار زەنگلێدانی ئەزموونەکانمان، ژیان و بوونمانه‌ – ئاخ! جارێکی تریش بەد هەژماری خۆماندەکەین، هەر بەو ئاستەش بە پێویستیبوون بەخۆمانەوە نامۆیین، لە خۆمانیش تێناگەین – ئێمە شێواوین و نازانین کێین، ئەم ڕستەیەین کە سەراپای هەتاهەتاییە، هەر کەسێک  له‌ خۆیه‌وه‌ دوورترینه‌[5] و زاناش نین کاتێک پرسەکە دێتە سەر خۆمان.

 

 

٢

هزرەکانم دەربارەی بنەڕەتی حوکمە ئەخلاقییە پێشوەختەکانمان (چوونکە ئەم نووسینە پەیوەندی بە دیسکۆرسێکەوە[6]) هەیە كه‌ یەکەمین و کاتیترینیان لە ئەفۆریزمە[7] کۆکراوەکاندایە و ناونیشانی (مرۆڤی، سەراپای مرۆڤانە) ی هەڵگرتووە. کتێبێک بۆ عەقڵە ئازادەکان لە سۆرێنت[8] دەستکرا بە نووسینەوەی دەستنووسەکەی، لە زستانێکدا کە بوارم پێدرا بووستم هەر وەکو ڕێبوارێک چۆن دەوەستێت و زەمینە نامۆیە ترسناكه‌كان تا ئەو شوێنەی عەقڵم کۆچی بۆیکردووە، سەیردەکا. ئەمە لە زستانی ١٨٧٦- ١٨٧٧ ڕوویدا، بەڵام خوودی هزرەکان کۆنترن لێ لە بنەڕەتا هەمان ئەو هزرانەن کە دووبارە لەم دیسکۆرسە وەریاندەگرمەوە – هیواخوازین ئەم وەستانە ئاسوودەی کردبن، کە پێگەیشتووتر و کاڵتر و بەهێزتر و کامڵتر بوو بن! ڕاستیەکەی ئەوەیە تا ئێستا پێیانەوە چەسپیووم و لەو ماوەیەشدا زیاتر و جێگیرانەتر بە یەکەوە چەسپیوون؛ تەنانەت لە ناو یەکا پێگەیشتوون و بەیەکەوە گەشەیانکردووە و مەزن بوونە، ئەمە بە خۆشحاڵیەوە ئارامم دەکات، هەر لە سەرەتاوە ئەم بیرۆکانە لە مندا حەزیاننەکرد وەک تەنیا کەیس،- یان ڕێکەوتێک یانیش کاتی بێت، بەڵکو ڕەگێکی هاوبەشیان هەیە، بنەمای ویستێکە بۆ زانین، کە لە قووڵایی مندا کۆنتڕۆڵ لە دەستەکانیەتی، ڕوون دەدوێت و ته‌نانه‌ت ڕوونتریش دەزانێت چی دەوێت. ئاوەها بۆ فەیلەسووفێک شیاوە. ئێمە هەرگیز مافمان نیە تەنیا بین: ئێمە نە ڕێگامانپێدراوە هەڵە بکەین و نە لە دانە دانەی حەقیقەتیش، بدەین؛ لەمانەش زیاتر بە پێویستیبوون بەوەی کە دەرختێک میوەکانی هەڵدەگرێت، ئاوا تیاماندا هزرەکان، بەهاکانمان، بەڵی و نەخێرەکانمان، ئەگەر و ئاخۆکانمان گەشەدەکەن – نزیکایەتییان هەیە و بەڵگەنامەی ئیرادەیەکن، هیی تەندرووستییەکن، هیی شانشینی زەمینە، هی خۆرە. – ئاخۆ میوەکانمان چێژدارن؟ – به‌ڵام ئەمانە پەیوەندیان بە درەختەکەوە چییە! پەیوەندیان بە ئێمەوە چییە، ئێمەی فەیلەسووف!

 

٣

بە گوومانێکی تایبەتی خۆمەوە، کە لێرە بە نیگەرانییەوە دانیپیادەنێم – دەگەڕێتەوە بۆ ئاکار، هەر شتێک کە تا ئێستا گەیشتبێتە سەر زەمینەکان و وەکو ئاکار ئاهەنگیان بۆ گێڕدرابێت – گوومانێکی ئاوا زوو لە ژیانم، ئاوا بزیۆ، ئاوا خۆڕسک، ئاوا دژی دەوروبەر، تەمەن و بنەچە لە منەوە بازیدا – ڕوویدا، لەسەر ماف دەبووم، کە وەک پێشینەیی ناویان بنێم [9] – پێیویستبوو فزوولیەتم هەر وەکو گومانەکانم لای ئەو پرسە بووەستێت و پرسیاربکا، ئاخۆ بە دیاریکراوی خێر و شەڕ[10] چ بنەڕتێکیان هەیە. ڕاستییەکەی وەکو منداڵێكی سێزدەساڵان بەدواداچوونم لە کێشەی بنەچەی شەڕ دا کرد، پێشکەشم کرد، لە ژیانم کاتێک مرۆڤ نیوە یاری منداڵانە و نیوە خوای لە دڵایە[11] – یەکەمین کاری وێژەیی یاری منداڵان، یەکەمین ڕاهێنانی نووسینی فەلسەفی، ئەوەی پەیوەندی بە شیکاری کێشەکەوە – هەبوو، ئێستا ئاوا بەهەرزانی شکۆ دەبەخشمە خوا وەک باوکی شەڕ. ئایا پێشینەییەکە ئاوای لە من ویست؟ هەر نائەخلاقییەکی نوێ، لانی کەمی هەر بەدئەخلاقییەکی پێشینەیی (A priori) ئەوەی لێوەی ئاخێوه‌ره‌، ئاخ! ئاوا دژە کانتیە[12]، فەرمانێکی ئەخلاقی[13] ئاوا پەنهان، ئەوەی لەو ماوەیه‌ دا زیاتر و زیاتر گوێم لێگرت بەڵام هەر گوێشم پێشکەشی نەکرد؟

خۆشبەختانە فێربووم و لە کاتێکی شیاو حوکمە پێشوەختە تیۆلۆجییەکان لە ئەخلاقییەکان جیابکەمەوە و لەمەش زیاتر لەودیوی جیهاندا بە دوای بنەچەی شەڕ بگەڕێم؛ بە هەندێک پەروەردەی فیلۆلۆجی،-[14] و مێژووییەوە، هاوکات لەگەڵ هەستێكی خۆ بە خۆی پەیوەندیدار بە پرسە دەروونییەکان – لە ماوەیەکی کورتدا کێشەیەک وەردەچەرخا بۆ یەکێکی تر. لە چ ڕەوشێکا مرۆڤ بەهای حوکمی خێر و شەڕی دۆزیەوە؟ ئەمانە لە خوودی خۆیاندا چ بەهایەکیان هەیە؟ ئاخۆ تا ئەمرۆ مرۆڤیان چه‌پاندووه‌ یانیش پێشخستووە؟ ئاخۆ ئاماژەی ڕەوشێکی پێویستن، هیی هەژارین – هیی لە ڕەگەزدابڕانی ژیانن؟ یاخود بە پێچەوانەوە، پڕی و وزە و ئیرادەی ژیان ئاوەڵا دەکەن؟ ئازایی، دڵنیایی و داهاتووی؟ – لە ئەنجاما توانیم بۆ ئەو پرسیارانە هەندێک وەلام بدۆزمەوە و بوێربم؛ کات و گەلان و پلەبەندی تاکەکانم لێکجیاکردەوە، کێشەکەم تایبەتمەندکرد، لە هەر وەڵامێک پرسیاری نوێ چێدەبوون، توێژینەوە، پێشبینیەکان، ئەگەرەکان: تا له‌ کۆتاییەکەی دا بوومە خاوەن نیشتیمانی خۆم، بوومە خاوەن خاکی خۆم، جیهانێکی تەواو بێدەنگی گەشەکردووی درەوشاوە، هەر وەکو باخێکی پەنهان؛ ئەوانەی کەس بواری نەبوو – پێشبینیانبکات. ئۆۆۆ ئێمە چەند خۆشبەختین، ئێمەی زانا، بەو مەرجەی بۆ ماوەیەکی تەواو زانیمان کە بێدەنگین!

 

٤

یەکەمین دەستپێشخەریم پێبەخشرا شتێک لە هیپۆتێزەکانم[15] دەرباری بنەڕەتی مۆڕاڵ بڵاوبکەمەوە، نامیلکەیەکی ڕوون و دانا، دانایی کۆن، تیایدا به‌رامبه‌ر بیردۆزە داڕماوەکەی بە هونەری ئینگلیزییە بۆ یەکەمین جار وەستام، سەرنجی ڕاکێشام – بە هێزێکی ئاوا سەرنجڕاکێش کە سەراپای هێزی بەرامبەرم دانا، هەموو دژبەریەک! ناونیشانی نامیلکەکە بریتیە لە بنەڕەتی هەستە مۆڕاڵیەکان و نووسەرەکەی دکتۆر پاول ڕێیە[16]، ساڵی ١٨٧٧ چاپکراوە. ڕەنگە هەرگیز شتێکم نەخوێندبێتەوە کە ئەوەندە ڕستە بە ڕستە، دەرئەنجام بۆ دەرئەنجام دژی بوو-بم و وتبێتم (نا) هەر وەکو دژی ئەم نامیلکەیە: بەڵام بێگومان بێ تووڕەبوون و نائارامی. ئەو کارەی پێشووتر کە ئاماژەم پێیکرد، ئەوەی کارم لەسەری کردبوو، جار نا جار بۆ ڕستەکانی دەگەڕامەوە، به‌ڵام نەوەک بە مەبەستی بەڵگەهێنانەوە بۆیان، ئینجا من چیم داوە لە بەڵگە، چی پێدەکەم! بەڵکو چۆن بۆ عەقڵێکی ئەرێنی شیاوە (نەگەرێک) لە شوێنی (ئەگەرێک)، دابنێت، لە هەندێک ڕەوشی تایبەتیش دا هەڵە لە شوێنی هەڵەیەکی تر؛ جاران هەر وەکو وتم، بۆ یەکەمین جار من ئەو بیردۆزانەی ڕەچەڵەکم هێنا بەر تیشکی خۆر، ئەوانەی ئەم دیسکۆرسەم بە نیگەرانییەوە پێشکەشکردوون هەر وەک كۆتاییه‌كه‌ی نامەوێت بیدرکێنم كاتێك نە ئەو ئازادییەمهەبوو و نە خاوەنی زمانێکی تایبەت بەو شتانەی خۆم بووم؛ دوای چاکبوونەوە و هەڵبەز و دابەزی باری تەندرووستییم. بە وردەکارییەوە، مرۆڤ بەراوردی دەکات بە (مرڤانە، سەراپای مرۆڤی[17])، بەشی ٤٥ (دەربارەی واتای دوولایەنه‌ی خێر و شەڕ بەر لە مێژوو – چوونکە من لێرە لە پانتایی خانەدان و هیی کۆیلەکانەوە دەدوێم؛ لەو نموونەیەی بەشی ١١٩، دەربارەی بەها و بنەڕەتی مۆڕاڵی زوهدی [18] یانیش لاپه‌ڕه‌ ٧٨ و ٨٢ مۆڕاڵی نەریتەکان[19]، جگە لەمانەش شێوازی مۆڕاڵی كۆن و بنەڕەتی تر؛ سەراپای ئاسمان[20]یپێوەرەکانی ئەخلاقی خێردار بە ڕووخراوە (لەو نامیلکەیە دکتۆر ڕێی وەک هەموو جینیالۆجیستە ئینگلیزییەکان، شێوازە ئەخلاقییەکان لە خوودی خۆیانه‌وه‌ دەبینێت[21])؛ بە هەمان شێوازیش لاپه‌ڕه‌ ٧٤، کۆچبەر[22]، لاپه‌ڕه‌ ٢٩ بەرەبەیان، لاپه‌ڕه‌ ٩٩ دەربارەی بنەڕەتی دادپەروەری وەکو هاوسەنگییەک لە نێوان نزیکەی هه‌موو هێزە هاوسەنگەکان دا (هاوسەنگی وەکو پێشەمەرجێک بۆ هەموو گرێبەست- و دواییش بۆ هەموو مافەکان)؛ بە هەمان شێوەش لاپه‌ڕه‌ ٢٥ تا ٣٤ دەربارەی بنەڕەتی سزادان،  ؛لاپه‌ڕه‌ ٢٥ و ٣٤، ئامانجی تیرۆریستی کە نە جەوهەرییە و نە بۆماوەیی (هەر وەک دکتۆر ڕێی مەبەستییەتی – تەنیا لە هەندێک ڕەوشی تایبەت دا بە ڕووخراوە یانیش هەمیشە وەکو ڕێکەوتێکە، دێت).

٥

ڕاستییەکەی جاران شتێکی زۆر گرنتر لە دڵما بوو زیاتر لە بیردۆزێکی خۆم یاخود بیردۆزەکانی تر دەربارەی بنەڕەتی ئاکار (یانیش بە دیاریکراویتر: ئەوەی دوایی پەیوەندی بە منەوە هەیە و لە پێناو تەنیا یەک مەبەستە، وەلێ زۆر کەرەستەی تریش هەیە کە بۆ هەمان ئامانج بەکاردێن؛) بە دیدی من کەیسەکە پەیوەندی بە بەهای مۆڕاڵەوە هەیە، لە

Immanuel Kant
22 April 1724 – 12 February 1804

پێناوی ئەمەشدا – بە تەنیا کەوتمە دیسکۆرسێکەوە لەگەڵ مامۆستای مەزنم، شۆپنهاوەر[23]، کە کتێبەکەم ئاوا بۆی دەدوا، هەر وەکو ئەوەی خۆی لێرە بوو-بێت؛ بەو هەموو سۆز و ئازار و دژیەکبوونە، چوونکە کتێبەکە خۆشی بۆ دیسکۆرس بوو. کەیسەکە بەتایبەتی پەیوەندی بە بەهای بێخوودی[24]، بەزەیی – خۆ لۆمەکردن و غەریزەی خۆ قوربانیکردنەوە هەبوو؛ ئەوانەی شۆپهناوەر ماوەیەکی درێژ ئاوزێڕی کردبوون، وەک خوایی – و ئەودیوسرووشت سەیری دەکردن تاکو لە کۆتاییدا بۆی بووە (شتەکە لە خوودی خۆی) بەو هۆكارانه‌وه‌ ئەو بە ژیان و خوودی خۆشی گوت نا. بەڵام دژی ئەو غەریزانە گوناحێکی بنەڕەتیتر لە مندا دەدوا، چاڵێکی هەمیشە قووڵتری گومان! هەر لێرەوە خەتەرناکییە مەزنەکانی مرۆڤایەتیم بینی، توانا باڵاکانی بە لاڕێداربردن[25] و هەڵخەڵەتاندن بەرەوە کوێ؟ بەرەوە هیچ؟ سەرەتای کۆتاییەکەم بینی، لە ڕاستی دا وەستان و ماندوویەتییەک سەیری دواوەی خۆیان دەکرد، ویستیش دژی ژیان وەرچەخا؛ کۆتا نەخۆشییەکە بە نەرم و نیانی و دڵتەنگیەوە خۆی ڕاگەیاند: تێگەیشتم کە ئەخلاقی بەزەیی بە شێوازێکی بەرفراون بڵاوبۆتەوە و تەنانەت فەیلەسووفەکانیشی یەکجار بە قووڵی نەخۆشخستووە، بووەتە نەخۆشییەکی ترسناكی کەلتووری ئەوروپی، هەروەکو ڕێگایەکی کورتە بەرەو بودیزمی نوێ؟ بەرەوە بوودیزمی ئەوروپی؟ بەرەوە نیهیلیزم[26]؟ ئەو شتانەی فەیلەسووفی نوێ بە باشیان دەزانێت و زیادەڕۆیی لە نرخاندنی مۆڕاڵی بەزەیی دەکات، شتێکی نوێیە، چوونکە دەربارەی پووچی بەزەیی تا ئەمڕۆش فەیلەسووفەکان هاوڕابوون؛ من تەنیا ناوی ئەفلاتوون، سپینۆزا، لاڕۆژفۆکۆ و کانت دەهێنم؛ چوار عەقڵی تەواو جیاواز و دژبه‌ر لێ وەکو یەکن، لە نزم نرخاندنی مۆڕاڵی بەزەیی دا.

 

کۆتایی بەشی یەکەم 

 

تێبینی وەرگێڕ: ئەم کتێبەی نیتچە بەگشتی وەرگێڕانی تەواو بووە و بۆ یەکەمجارە لە بەشی فەلسەفی – کولتور مەگەزین –  چەند بەشێکی بڵاودەکەینەوە. زەمەن یار  و دەستپێکەری تەواو و گونجاو  هەبێت بۆ چاپکردنی،  دەیخەینە بەردەست خوێنەران.   

 

 

پەراوێزەکانی ئەم بەشە:

 

[1] Genealogie وشەیەکی یۆنانییه‌، لە دوو بەش پێکاهاتووە؛ جینیا واتای لە دایکبوون، بنەچە، خێزان یانیش هۆزە، بەشی دووەمی لۆجیا logia واتای زانستە‌، لای نیچە میتۆدێکی فه‌لسه‌فی، فیلۆلۆجی، سایكۆلۆجی، فیزیۆلۆجی و مێژووییه‌، باس لە سەرهەڵدانی <خێر و شەڕ، چاکە و خراپە>؛ لەوێشەوە باسی سەرهەڵدانی ئەخلاقی خانه‌دان و کۆیلە، دەکات.

[2] تایتڵی سەرەکی ئەم کتێبە (ئەودیوی خێر و شەڕ) و تایتڵە بنەکیەکەی (پێشەکییەک بۆ فەلسەفەی داهاتوو) یەکێکە لە کارە سەرەکییەکانی نیچە، ساڵی ١٨٨٨ چاپکراوە و کتێبی (دەربارەی جینیالۆجیای ئاکاری) بە دواوەوە دێت.

[3] ئینجیلی مەتتا، ٦-٢١

[4] مەبەست لە زەنگی کڵێسایە.

[5] دژی گۆتەیەکی ئەڵمانی باوی گوتراوە، کە دەڵێت (نزیکترین کەس لە خۆت، تەنیا خۆتیت).

[6]  Streitschrift وتای نووسینێکە بۆ گفتۆ له‌ زمانی باوی ڕۆشه‌نبیری دا دیسكۆرسه‌.

[7]Aphorismus وشه‌یه‌كی یۆنانییه‌، گۆتەیەکی حەکیمانەی کورتە، قسەی نەستەقه‌.

[8]  سورینت شارێکە دەکەوێتە چیاکانی ئەلپ و لە باکوری ئیتالیایە.

[9] A Prioriوشه‌یه‌كی لاتینییه‌، واتای لە زووەوە، لە پێشووەوە، سەربەخۆ لە ئەزموون، واتای زانینی عەقڵانییە.

[10] Gut und Böseواتای خێر و شەڕ یانیش چاکە و خراپەیە.

[11] لە کارێکی شانۆیی گۆتەوە لە ژێر ناونیشانی (فاوست) وەرگیراوە.

[12] Immanuel Kantفەیلەسووفی ئه‌ڵمانی (١٧٢٤-١٨٠٤) بنیاتنەری فەلسەفەی ڕۆشنگەری ئەڵمانییە و ڕیفۆرمخوازێكی ئاینی بووە.

[13] Moralische Imperativپڕه‌نسیپێكی ئه‌خلاقی كانتییه‌، كه‌ ده‌ڵێت ده‌بێت دانوساندن له‌گه‌ڵ مرۆڤی به‌رامبه‌ر ڕه‌وا بێت، نابێت په‌یوه‌ندی مرۆڤیی ته‌نیا له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه‌ بێت. مرۆڤ ده‌بێت له‌ خودی خۆی دا خێرئامێز و دادپه‌روه‌ر و ئه‌و په‌ڕی ئینسافی تیادا بێت.

[14] Philologieوشەیەكی یۆنانییه‌، واتاكه‌ی زمانناسیە.

[15] Hypotheseبنەچەیەکی لاتینی هەیە، واتای بیردۆز یانیش گریمانه‌یه‌.

[16] پاول لودڤیک کارل هاینرش ڕێ (١٨٤٩-١٩٠١) فەیلەسووف وهاوڕێی نیتچە بووە.

[17] مرۆڤانە سەراپای مرۆڤی یان کتێبێک بۆ عەقڵە ئازادەکان،  لە ساڵی ١٧٨٧ بۆ یەکەمین جار چاپکراوە.

[18] Askeseوشەیەکی یۆنانییه‌ واتای ڕامان، زوهد یانیش ڕاهێنانه‌.

[19] Sittlichkeit der Sitte واتای نه‌ریتی نه‌ریته‌كان، مۆڕاڵی هەموو مۆڕاڵەکانه‌.

[20] Toto coeloدەستەواژەیەکی لاتینیە، واتای سەراپای ئاسمانە، كه‌ دەستەواژەیەکی ئاینییه‌.

[21] Das Ding an sichشت لە خوودی خۆیەوە، چەمکێکی میتافیزیکییە واتای کە (شتێک) لە دەرەوەی ئیرادە و عەقڵی مرۆڤ بێت.

[22] کۆچبەر چاپتەری یەکەم لە بەشی سێییەمی کتێبی (ئاوای گوت زەردەشت).

[23] ئارتۆر شۆپنهاوەر (١٧٨٨-١٨٦٠) فەیلەسووفێکی ڕەشبینی ئەڵمانییە بە ناوبانگترین کتێبی (جیهان وەکو وێناکردن و ئیراده‌) شۆپنهاوەر لەژێر کاریگەری ئاینی بوودیدا بووە.

[24] Unegoistischبێخوودی، پرۆسەیەکەی فەلسەفی زوهدییە کاتێک مرۆڤ دەبێتە (کار بەسەردا کراو) و دەردەچێت لە پرۆسەی خۆناسی و خۆویستییەوە.

[25]  Lockung واتای فێڵکردن و بەلاڕێدابردنە، لە جیهانی مرۆڤ و ئاژەڵ دا شێوازێکی نەرم و نیانییە بۆ ئەوەی نێرینە بگا بە مێیینە بە مەبەستی سێکس و خۆشەویستی یانیش وەکو ڕاوکەرێک قولاپ هەڵدا بۆ نێچیرێک (بیۆلۆجیا).

[26] Nihilismusهیچ، هیچیزم، هیچکاری.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌