سلۆته‌ردایك

شوێنی خود لەنێو بڵقدایە ‌


Loading

پیتەر سلۆته‌ردایک لەسێ کتێبی گەورەدا لەژێر ناونیشانی (کایەکان Sphäern I. II.III) کاری لەسەر کردووە، سێ کتێب لەنێوان ڕوانینی ئیستیکای و فیزیکی سایکۆلۆژیدا هەوڵیداوە لەو کایە و بازنە سەیرانە تێبگات کە بە نەبینراوی لەژیانی مرۆڤ و گەردووندا دەسوڕێنەوە، هەرسێ کتێبەکە قسە لەسەر سێ فینۆمین دەکات بەناوی (پفکە یان بڵقەکان/ گڵۆبۆس یان خڕۆک/ کەفەکان). کایەکان  لەم تەوەرانەدا دووریەکی فیزیکالی و سومبولی و سایکۆلۆژین. بەمانای  (میکرۆکایەی) تایبەتن لەکتێبی پفکەکان، پلوراڵ کایەن لەگڵۆبۆس و میکرۆ خڕۆکن و لەکتێبی سێهەمدا کەفاوی کۆمەڵگەن لەنێو کایەکانی کۆمەڵگەدا…سڵۆتێردایک پێیوایە لەنێوان کایە و جیهاندا مرۆڤ کایە هەڵدەبژێرێت، بەمەش زانستێک لەسڵۆتێردایکەوە دادەمەزرێت کە بە کایەناسی (کایەلۆژی Sphärologie) پێناسەی دەکات.
لەشوێندا کایەی تایبەتی ئێمە خۆی لەگەڵ کایەکانی دیکەدا یەکدەگرێتەوە، گەر ئەمە ونبونی خۆمان بێت لەنێو مێگەلی کۆمەڵایەتی، ئەوا بەدیوێکی دیکەدا دۆزینەوەی سەرەتای زەمەنێکی دیکەیە لەنێو پاشەڕۆژدا، ڕوونتر قسەبکەم ئیشکالیەتی هایدگەرە لەنێو خۆماندا وەک گرفتی زەمەن (ڕابووردو، ئێستا ، دواڕۆژ) لێرەوە زەمەن و شوێن پێکەوە گرێدەدەم. دیارە پرسیاری ئێمە دەربارەی بوونمان لەجیهاندا، وەک هایدگەر لە (زەمەن و بوون)دا گفتوگۆی کراوەی لەسەر بینادەکات، پرسیارێکە تایبەتە بەوەی شوێنی ئێمە لەکوێیە، کاتێک ئێمە بەرامبەر عەدەم (Nichts) دەبینەوە، ئایا بەهۆی کارەسات و جەنگەکانەوە بێت، یاخود لەڕێگەی نەخۆشیەوە بێت، پرسیاری شوێن جارێکیتر خۆی ئامادە دەکاتەوە، بەوەی لەگەڵ مردندا شوێنای ئێمە دەگوڕێت، ئێمە لەبونەوەرێکی ناوەکیەوە دەبینە بونەوەرێکی دەرەکی لەشوێنێکی دیکەدا. شوێن دەگۆڕیت لەکاتێدا نەخۆشی ئێمە دەخاتە سەر چەرپاکانی خەستەخانەکان، کەدەچینە خانەی پیرانەوە ئیدی دەزانین کەئێمە لەم شوێنەدا نەفیکراوین، لەبەرئەوەی (شوێنی یەکەم) گۆڕانی بەسەردا هات بۆ شوێنێک کەچاوەڕوانی عەدەمی لێدەکەین. بەڵام سەیر لەوەدایە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەمیشە وەک مرۆڤ سەرقاڵین بەشوێنای خۆمان کە لەنێو ئەم شوێنە دەمباتەوە بۆ ئەو پرسیارەی ئێمە لەکوێداین، مرۆڤ لەکوێدایە!
لەهەموو کاتەکاندا مرۆڤ لەشوێندا نییە، چونکە بوون لەشوێندا بەڕای من دەبێت بوون بێت لەزەمەنێکی تایبەتدا، بوونە لەکێڵگەیەکدا کەخود دەتوانێت خۆی تیدا پەرشبکاتەوە، بوون لەنێو شوێندا لەم بیرکردنەوەمدا بوونە لەنێو زەمەنێکی سایکۆلۆژی کەبوونی من بەجیهانەوە دەبەستێتەوە، شوێن گەرەنتیەکی شەرمنانەی بوونی منە لەنێو کایەیەکی تایبەتدا.
گەر لەم چرکەساتەدا بیر لە (سیگمۆند فرۆید) بکەینەوە لەشیکاری دەروونیدا شوێنای خود دەبێتە سێ کێڵگەی جیاواز (ئەو و من و منی باڵا / Es, Ich, Über-Ich  )، لەم سێ کێڵگەیەدا مرۆڤ وەک خودێک دەسوڕێتەوە لەنێوان غەریزەکانی کە لەکێڵگەی (ئەو /Es)دا دەخولێنەوە، لەنێوان (من /Ich) کەدەیەوێت لەگەڵ دنیای دەرەوەدا خۆی بگونجێنێت و لەگەڵ (منی باڵا / über- ich) کەئیدیالە باڵاکانی هەڵگرتووە، مرۆڤ لەنێو خودی خۆیدا لەنێوان ئەم سێ شوێنە سایکۆلۆژیەدا  دێت و دەچێت، لەم هاتوچۆیەدا نەخۆشیە دەروونیەکان، عوساب، ناتەبابوون و نیگەرانی و دڵەڕاوکێی و داهێنان لەفەزایەکی نەبینرادا دەسوڕێنەوە. لەهەر کێڵگەیەکدا خود بەرامبەر بەشێکی نادیار و چێژیکی تایبەت دەبێتەوە، کەواتە ئێمە شوێنی خۆمان لەگەڵ خۆماندا هەڵگرتووە، بەوەی شوێن لەنێو زەمەنیکی سایکۆلۆژی تایبەتدا، لەنێو کایەی تایبەتدا مرۆڤ بەرجەستە دەکات.
لەم بیرکردنەوەیەوە لەگەڵ چەمکی (بڵقی سابوون/پفکە/ Blase)  یەکدەگرینەوە بەوەی: شوێنایەکە بۆ خود، شوێنایەکە بۆ کایەی تایبەت کەخۆی تێدا پەرشدەکاتەوە، پەرشدەکاتەوە، لەمبارەیەوە (سلۆته‌ردایک) دەڵێت: لێرەوە من هەوڵدەدەم کەوێنەی  بڵق وەک شوێنێک وەسف بکەم، کە مرۆڤی تێدا ئامادەیەو بەهەقەت لەوێدان، دیارە ئێمە هەروەها بەبێ هۆ (لەجیهاندا) بوونمان نییە، بێگومان گەر لەگۆشەنیگای ڕەشبینی (زەمەن و بوون)وە قسە بکەین. ئێمە لەنێو شوێنێکی ڕەنگدار، لەنێو پفکەدا بوونمان هەیە، لەوشوێنەدا کەخاوەنی کایەی تایبەتی خۆمانین، تێدا کایەی تایبەتمان خۆی ڕادەکێشێت و خۆی پەرشدەکاتەوە …بڕوانە: سڵۆتێردایک، خۆر و مردن، ل١٤٢، ١٤٣*
لەتێورەی (پفکەدا/ بڵقەکان) شوێن هەڵاوی خودی هەڵگرتووە، لێرەوە من داوا لەخوێنەری ئازیزم دەکەم، چەند ساتێک لەگەڵ پفکەدا بەسەر بەرێت، جامێک کەفاو بێنێت، تەلێکی شێوەبازنەیی بکاتە نێو کەفاوەکەو وهەوڵبدات پفکەیەک دروستبکات، چەند ساتێک لەگەڵ سەمای پفکەکان وشکانەوەی تیشک و ڕەنگەکانیان بەسەر بەرێت، مومارەسەی ئەو ساتە لەبیرکردنەی دنیای دەرەوەی خۆتان بدەن و بیر لەوەبکەنەوە کەشوێنای ئێوە، کە کایەی تایبەتی ئێوە لەنێو پفکەکاندا گەمەی خۆی دەکات، بەمشێوەیە دەتوانین پێکەوە لەو زنجیرە بیرکردنەوەیەی (سڵۆتێردایک) تێبگەین دەربارەی پفکە وەک کایەی تایبەت، وەک (ڕێسایەک بۆ نیشتەجێبوونماندا لەنێو ژووریکی دابەشکراو، ڕێسایەک کەلە پڕنسیبی کایەی تایبەتەوە سەرچاوەی هەڵگرتووە، پڕنسیبی کایەکەی تایبەت کەتەنها خۆمان چنیومانە..هـ.س.پ).
لەم گۆشەنیگایەوە تاک  لەنێو جەمسەردا وەک جەمسەرێک لەنێو جەمسەرەکاندا هەیە، بەڵام جەمسەر چییە، شێوەی چۆنە و لەچ فۆرمێکدایە، بێگومان لەفۆرمی (خڕۆکەیی / Kugel) شێوەیەکی خڕی هەڵماتی هەیە، سڵۆتێرادیک دەڵێت: (وشەی  (کایە  Sphira  ) لەگریکدا مانای شێوەی خڕی  هەیە، دەتوانین ئاوەها وەریبگێڕین. لێرەوە دەتوانین ئەو دەرئەنجامە وەربگرین کەمرۆڤەکان بەشێکن، یان جەمسەرێکن لەکایەک…مرۆڤەکان بونەوەرێکن کە لەتۆپێکی نیمچەخڕ دەچن…)  سڵۆتێردایک. هەمان.س.پ. ل١٤٥
ژیان گۆڕین دۆزینەوەی بڵقەکانە.
لێرەوە من پێموایە زەمەنی نوێی ئیندیڤیدوم لەو چرکە ساتەوە دەستپێدەکات، کە نیمچە بازنەیی خۆمان، یان وەک لەسەدەی ناوەڕاستدا هاتووە، ڕۆحی بازنەیی و خڕۆکی خۆمان دەدەۆزینەوە، ئەوسا  ئێمە لەنێو کایەی تایبەتی خۆمانداین، لەنێو بازنەی خۆمانداین، جەمسەرێکین، لەنێو جەمسەرەکان. پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین کەسڵۆتێردایک لەم تێزەیدا دەربارەی مرۆڤ وەک جەمسەرێک لەجەمسەرەکان و لەنێو کایەی تایبەتی خۆیدا پێناسەدەکات، ئەوەی وەهام لێدەکات من پڕکێشی ئەوە بکەم کەمرۆڤەکان  لەشوێنەکاندا وەک کایەی تایبەت زەمەنی تایبەتی خۆیان دەدۆزنەوە، ئەوەیە کە جەمسەر بەشێوەیەک لەشێوەکان، چیرۆکی تاکە، چیرۆکی خودە لەنێو هەوادا وەک (پفکەیەک / بڵقی سابوون / بڵقی هه‌وایی/ فقاعە/ Blase) دەسوڕێتەوە، گەمەی خۆی دەکات لەنێو مێژوودا، ئیدی ئەو مێژووە گەمەی خۆی دەکات لەنێو پرسیاری شوێن و کاتدا، لەنێو شوێن و زەمەنی تایبەت بەخۆی، وەک ئەو پفکەیە وەهان کەلەنێو هەوادا، بەسەربەستی بەدەم هەواوە دێت و دەچێت، هەوا دەیهێنێت و دەیبات، لەبەردەم خۆردا ڕەنگەکانی خۆی نمایشدەکات.
ئاوەها دونیا گۆڕین، ژیان گۆڕین، سوستێم گۆڕین، مانای کایەی تایبەت گۆڕینە، مانای دەرچوونە و ژیانە لەنێو بڵقی خۆماندا، بەهەمان شێوەش تێگەیشتنە لەو بڵقەی تێدا دەژین، لەو کایە تایبەتیەی خۆمان کەتێدا خۆمان قوشمەڵە کردووە. بەڵام ئەم کایە تایبەتە لەمۆدێرنەدا دەبیتە کایەکی ئەبستراکت و دابڕاو و مرۆڤ لەکەمۆلەکەی خۆیدا دەمێنتەوە. سلۆتێردایک پێیوایە کەتێگەیشتن لە بڵقی خۆت مانای بوونتە بەجەمسەرێک، بەمانای ئەویتر کەدونیایە، تۆ دەکات بەجەمسەرێک و کایەکەک کاتێک کایەی خۆیەتی کەلەگەڵ ئەویتردا ببێتە جەمسەر. بڵقەکانی ئێمە لەگەڵ ئەوانیتردا خۆیان دەدۆزنەوە، بەڵام ئەم خۆ دۆزینەوە وجودیە (ئێکستینتاڵیە) هەمیشە لەدونیای ئێستادا و بەدرێژایی پرسی مرۆڤ بۆ ژیان گۆڕین کەوتۆتە بەردەم ئیشکالیەتی گەورەوە. بەمانای کایەکان، بڵقەکان، یان ئەو بڵقەی من خۆمم تێدا پاراستووە  دابڕاونیە لەو کەشەو هەوایەی دونیای هاوچەرخی ئێمە، کەسەدەی بیست و یەکە. سەدەیەکە دەمێکە وەهمەکانی مۆدێرنە بەدونیایەکی یەکسان و ئازاد و مرۆڤانەتری لەدەستداوە. لەبەرامبەردا (نەهامەتی) جێگەی گرتۆتەوە.

 

مرۆڤی ئەم سەدەیە بەردەوامە لەهەوڵەکانی لەژیان گۆڕین و دونیا گۆڕین، بەڵام گرفتەکانی بەردەم دونیا گۆڕین تەنها خۆی لەسوستیمدا نابینێتەوە، بەڵکو قوڵتر دەبێتەوە بۆ ئەو کایە تایبەتیانەی کەمرۆڤ بۆ خۆی پیکێدەهێنێت و ڕیگەدات سوسگیم کایەی تایبەتی و بڵقی بۆ دروستبکات. وەک گووتم ئەم کایە تایبەتیانە  وەک ئەو بڵقە سابونیە وەهان کەبەنێو بۆشاییدا بڵاودەبنەوە، لەشوینێکدا دەتەقن و لەشوێنێکدا وندەبن، ئەم بڵقە، ئەم پفکەیە، لەدوایدا ئەو شوینە تایبەتەن کەخود جێگەی خۆی تێدا دەکاتەوە، لێرەوە خود لەشوێنای خۆیدا، لەبڵقی خۆیدا دەیەوێت ببێت بەجەمسەر و ئەویتر بدۆزێتەوە، بەڵام ئەم خۆدوزینەوەیە گرفتی یەکەمی ژیان گۆڕینە. سلۆتێردایک دەربارەی بڵقەکان دەڵێت :(پرسیاری  ئەوەی ئیندیڤیدیوم لەکوێدایە؟ کایەلۆژی وەڵامی دەداتەوە بەوەی بەشێکە لەجووتێک …جووت فۆرمیکی باڵای کایەیە، کەدەبێت ڕەچاوبگیرێت..)  سڵۆتێرادیک: خۆر و مردن ل ١٤٦*

 

لێرەوە مرۆڤی ئەم سەدەیە لەنێو کایەی خۆیدا گرفتەکانی خۆی هەڵگرتووە نەک لەدەرەوەی خۆی، مرۆڤ بۆ ئەوەی دونیا بگۆڕیت دەبێت لەکایەی خۆیدا جەمسەرەکان بدۆزێتەوە و بگەڕێت بەدوای ئەویتردا،  دەبێت ببێت بەجووت لەفۆرمێکی باڵادا. لێرەوە بڵقەسابونیەکانی خۆمان کەشوێن کایەی خۆمانە لەگەڵ دونیادا بەردەکەویت و سیحری ژیان گۆڕین لەوکاتانەدایە کەدەبینە جەمسەرێک لەگەڵ جەمسەرێکی دیکەدا، جەمسەریکی دیکە دەشێت ئایدیایەک، مرۆڤێک، بیرکردنەوەیەک ، ئەشقێک، هونەرێک یان شیعر بێت، بۆ هیچ نا، تەنها  بۆئەوەی ژیان بگۆڕیت.

 

 

 

سەرچاوە:
*Hans-Jurgen Heinrichs und Peter Sloterdijk, Die Sonne und der Tod, dialogische Untersuchungen, Suhrkamp2006,