Rum 8 - Mohamad ismail

لەودیو ڕاومەکاندا؛ دەربارەی فیکر و هونەری کۆنسێپتچواڵ


Loading

 

 

١

 

زۆر بە کورتی، کە دەڵێین کاری هونەریی کۆنسێپچواڵ، ئەوا ئێمە باس لە بوونەوەرێک دەکەین کە دوو شاباڵ ڕەوایەتی بە فڕینی دەدەن. (یەکێک دەتوانێت ئاراستەکەی مارتین هایدیگەریش سەبارەت بە هونەر بکات بە شاباڵی سێیەم، بەڵام لەبەر پاراستی جەستەی تیۆریی ئەم نووسینە و خۆلادان لە پەرشوبڵاوییەکی کۆنترۆڵنەکراو، لێرەدا من باسی ناکەم). یەکێک لەم دوو شاباڵە تیۆریی قوتابخانەی فەلسەفیی فرانکفۆرتە، بەتایبەت لای ئادۆرنۆ، لە فیکری ئادۆرنۆشدا بەتایبەت تیۆری جوانیناسی، بەو پێیەی ئادۆرنۆ لەو هەلومەرجەی ئەوسادا، وای بۆ دەچوو ؛ کە دەبێت هونەر ببێتە “دژەتێزی کۆمەڵایەتیانەی کۆمەڵگا”.(1)

ئەم تێزەی ستاتیکا لەسەر سێ پایەی سەرەکی دەوەستێت؛ یەکیان مەسەلەی ئۆتۆنۆمیەتی فۆرماڵی هونەر لای کانت، یەکی تریشیان بەهای ڕۆشنبیرانەی هونەر لە ستاتیکای هیگڵدا، ئەوی تریشیان بوونی هونەر لەنێو کۆمەڵگه‌دا، کۆمەڵگا وەک گشتێک لەلای مارکس، کۆی ئەمە بۆ وەڵامدانەوەی دوو پرسیاری سەرەکیە:

ئایا هونەر دەتوانێت لە سەردەمی کەپیتاڵیزمدا خۆی ڕابگرێت؟ ئایا هونەر دەتوانێت دەستپێشخەریی بکات لە گۆڕینی دونیادا؟

شاباڵی دووەمیان فیکری پۆست-مۆدێرنە، هەروەها لەناویشیدا ئەوانەی ناویان لێنراوە پاش-بونیادگەرەکان، لەوێشدا بەتایبەت پرسی سەرپشککردنی خوێنەر لە هەڵبژاردنی مانادا و سەندنەوەی ئۆتۆرێتی لە دانەر. دەشێ چەند بیرۆکەیەک بە نمونە وەربگرین: چییەتی دانەر لای فوکۆ، مەرگی دانەر لای بارت، هەنگاوی یەکەمی هەڵوەشاندن لای دێرێدا کە دۆزینەوە و بەتاڵکردنەوەی ئەو مانا مێتافیزیکیانەیە کە بە دال دەدرێن لە دەقدا، تێگەی موحاکات(simulation).

 

٢

 

لای ئادۆرنۆ، بەدیهێنەری شێوگى کۆمەڵایەتیی نوێی هونەری (مۆدێرن) –هەڵبەت لێرەدا دەبێت وشەى مۆدێرن بخەینە کەوانەوە، بەهۆی جیاوازی ناوکۆیی زەمەنى ئێمە و سەردەمى نووسینی تیۆری جوانیناسیەوە- ئۆتۆنۆمیەتە هەم پێویست و هەم وەهمیەکەیەتى، ئۆتۆنۆمیەتێک کە بە گوتەى ئادۆرنۆ، دەتوانێت هونەر بکاتە “دژەتێزی کۆمەڵایەتییانەى کۆمەڵگا”. کارى هونەریی لەڕێی(contradictions -دژیەکیەکان)ى ناو خۆیەوە، لەڕێی دژیەکیەکانیەوە لەگەڵ خۆیدا –کە بەهۆی هونەرمەندەوە کاتێک ماتریاڵی بارکراو بە دژیەکیی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنێت، دێنە ناو کارى هونەریەوە- دەمانباتەوە سەر ئەو دژیەکیە سۆسیۆ-هیستریانەى کە لەناویاندا خوڵقاوە و خەمڵیووە؛ بیرکردنەوە و نزیکبوونەوە لەم هەموو دژیەکیەش بە زەروورەت ڕاڤە و لێکدانەوەى دژیەک و ناتەبا لە بینەر دەخوازێت، ئەم لێکدانەوە و ڕاڤە دژیەکانەش حەتمەن دەکەونەوە دژیەکیی لەگەڵ کۆمەڵگادا، چارکردنى ئەم دژیەکیەش لای بینەر پێویستى بە چارکردن و گۆڕینی ڕیشەییانەى کۆمەڵگا دەبێت وەک گشتێک.

گەر ڕەخنەکردن و کۆمێنتاریکردنى کاری هونەری دابەشی هەردوو کاتیگۆریی مانا (import) و فەنکشن(وەزیفە) بکەین، ئەوا بە سەرێکدا بۆ گونجان لەگەڵ ڕەخنەکان لە ئەقڵی ئامرازی و پۆزێتیڤیزم (الوضعیة) و بە سەرێکیشدا بەهۆی گۆڕان و پەرەسەندن لە بونیادى کاپیتاڵیزمدا، ئادۆرنو زیاتر گرنگی بە مانا دەدات. کاری هونەری بە ڕادەیەک (ناواخنى ڕاستەقینەیی – truth content)ی هەیە کە دەشێ ناوەکیانە هەم قەبووڵکراو و هەم قەبووڵنەکراویش دەربکەوێت، مێژوویی بێت و تۆتالیتاریانە نەبێت؛ یۆتۆپییانە دەربکەوێت، بەڵام وەڵامدانەوەى دۆخە کۆمەڵایەتیەکانیش بێت. ڕەنگە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ ڕزگارکردنى هونەر لە مێژووى خۆی، لە ڕەخنە و حوکومدانى یەکجارەکیی و موتڵەق، لە وەڵام دۆزینەوە لەپێناو ڕاکردن لە پرسیاردا:

ئه‌گەر کارێک بە تەواوى خۆی بکاتەوە، ئەوا وەک پرسیارێک خۆی نمایش دەکات و داواى وەڵام دەکات؛ تەنها بۆ ئەوەى دواتر بگەڕێتەوە بەردەم ئەوانەى کە وایانزانى تێیگەیشتوون و بپرسێتەوە، من چیم؟” (ئادۆرنۆ: ١٩٧٠)  -(2) 

٣

 

لای بۆدێریارد، چوارەم قۆناغی نواندنەوە(representation) سیمولاکرۆمی پەتییە. لەم سیمولاکرۆمەدا نواندنەوە چیدی درووستکردنی پەیوەندییەکی ڕەجعیی نییە لەگەڵ واقیعدا، چیدی لاساییکردنەوەی ڕاستەقینەیەک نییە، کۆپیکردنی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو خۆیەتی و جێگەی ڕاستەقینە دەگرێتەوە، دەبێتە باڵاواقیع(hyperreal). سیمولاکرۆم هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نییە.

دوڵووز، لە “جیاوازی و دووبارەبوونەوە”دا ڕوانینێکی تری هەیە: “{سیمولاکرا} ئەو سیستمانەن کە تێیاندا جیاواز بەهۆی خودی جیاوازییەوە پەیوەندی لەگەڵ جیاوازدا دەبەستێت. ئەوەی جەوهەرییە، ئەوەیە کە لەم سیستمانەدا هیچ لێکچوونییەکی پێشوەختە نادۆزینەوە، هیچ چوونەوە-سەر-شتێکی تر(resemblance) نادۆزینەوە”. بە دابڕاوی لە سیاقەکەی خۆی، ئەم ناساندنە سیمولاکرۆممان وەک ڕێگایەک بۆ پێشنیار دەکات کە بەهۆیەوە دەتوانین بەرەنگاری ئەوە ببینەوە کە حەقیقەتە، ئەوە هەڵبگێڕینەوە کە دەگوترێت ڕاستەقینەیە، کە لێکچوونییە. (3)

ئەفڵاتون ڕقی لە شیعر بوو چونکە بە لاساییکردنەوەی دووجای ڕاستەقینەی دەزانی (دێمیۆرژ کە خودایەکی ناکامڵە، لاسایی فۆڕمە باڵاکانی کردووەتەوە لە دروستکردنی جیهانێکدا کە ناتەواوە؛ شیعر، لاسایکارییەکی شێوێنەری جیهانێکە کە خۆی لاساییکراوەیە)، بەڵام ئێمە دەتوانین هونەر کە ڕاستەقینە نییە و دەستکردە، کە “لێکچوونییەکی پێشوەختە”ی تێدا نادۆزرێتەوە، وەک پێناوێک ببینین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە گوایە ڕاستەقینەیە. بیرۆکەی نەبوونی “لێکچوونییەکی پێشوەختە”ش دەمانبات بەرەو بیرکردنەوە لە نەبوونی مانایەکی پێشوەختە، دەمانبات بەرەوە ئەو بیرۆکەیەی، ئێمەین دەتوانین مانای بدەینێ. لێرەدایە کارمان بە “دانەر چییە؟”ی فۆکۆ و “مەرگی دانەر”ی بارت دەبێت، کە هەردووکیان دەربارەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دانەر و ڕەتکردنەوەی تەماسوەرگرتنی ڕاستەوخۆن لەگەڵیدا، لەپێناو زیادکردنی ئەگەری بەرهەمهێنانی مانا و کاریگەرترکردنی دەق(لێرە کار) و بەرهەمهێنەرترکردنی خوێنەردا(لێرە بینەر).

٤

بە هەڵکۆڵین لە هەریەک لەم دوو شاباڵەدا، لەم دوو پارادایمەی پێشوودا، ئێمە دەتوانین خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە لە هونەر دەستبخەین: (بمر- mortal)بوونی کاری هونەری، بەو پێیەی لە سالۆن و نمایشگای هەتاهەتایی دەردەهێنرێت و ماوەیەکی دیاریکراوی هەیە بۆ ”ڕوودان”. گێڕانەوەی ڕۆڵ بۆ وەرگر(یان لێرەدا بینەر) چ لە وەزیفەبەخشین و چ لە مانادارکردنی کارەکەدا؛ هەوڵدانی بەردەوام بۆ جیاوازبوون لە خۆی و لە مێژووی خۆی، سەپاندنی فەزا و سیاقی خۆی بە جۆرێک کە کاریگەریی بخاتە سەر تێگەیشتنی ئێمە بۆ واقیع، چ لە ڕووی چییەتی و چ لە ڕووی چۆنێتییەوە.

٥

 

هەڵبەت کارەکانی پێشانگای (٨ ڕاوم)یش تا ڕادەیەک لەم بەستێنەدان(یان دەبوا ڕێگە بدرێت کە لەم بەستێنەدا بن)، بەو پێیەی کە هەریەک لە کارەکان دەتوانن کۆمەڵێک کۆنتێکست(سیاق) تەرح بکەن، کۆمەڵێک کۆنتێکست کە ڕێگە بە بینەر دەدەن لەناویاندا مانا بەرهەم بهێنێت، بۆ نمونە کۆنتێکستی سەروەختەکانی جەنگ و پاش-جەنگ، ئایدیۆلۆژیا، کێشەی شوناس، مەسەلە جیۆپۆلەتیکییەکانی پەیوەندیدار بە نەوتەوە، یان هەر کۆنتێکستێک کە دەشێ من هەستم بە بوونی نەکردبێت. بەڵام کێشەی من ئەوەبوو کە ئازادیی کۆنتێکست هەڵبژاردن و خوێندنەوە لە زۆرێک لە کارەکاندا، بەهۆی ئەو پارچە نووسینانەوە کە ڕوونکردنەوەی هونەرمەندەکان بوو دەربارەی کارەکانیان، بە بینەر نەدەدرا. هەر بەم هۆیەشەوە مانا، تەنها لە سنووری هۆشیاریی هونەرمەندەکان خۆیاندا قەتیس کرابوو. ئەم شەرح کردنەی کاری هونەری لەلایەن هونەرمەند خۆیەوە، جۆرێکە لە سەپاندنی سنوور بە مانا بارتییەکەی، سنوور سەپاندنێک کە تەنها مانا دەخاتە چێوەیەکی بەرتەسک و تەنگەوە، بڕی ئەو ئەگەرانە کەم دەکاتەوە کە دەشێ ببنە فاکت. ڕاستیەکەی بوونی ئەم شیکردنەوە و پاساو هێنانەوە دەقیقانە لەپشت هەندێک لە کارەکانەوە، زۆر لە پرۆسەی درووستکردنی ئه‌فسانه‌ی  هاوچەرخەوە نزیکە.

هەڵبەت بۆ دامەزراندنی ئەم تێگەیە ڕۆلاند بارت سیمۆلۆژیی سۆسوێر هەنگاوێک بەرەو پێشتر دەبات، ئاستێکی تری بۆ زیاد دەکات، گەر لای سۆسوێر بە تێپەڕین لە دالەوە بۆ مەدلوول نیشانە درووست ببێت، ئەوا لای بارت لە پڕۆسەی درووستکردنی ئوستوورەدا نیشانەیەک وەردەگیرێت و دەکرێتە دال و دواتر مانای بۆ زیاد دەکرێت. هەروەها گەر لە دیدگا ئەدۆرنۆییەکەشەوە لێی بڕوانین، ئەم ڕوونکردنەوە زۆر ڕاستەوخۆیەی کارەکان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئۆتۆنۆمیەتی کاری هونەری، هەروەها لەو ئاگۆرایەی دەردەهێنێت کە دەبێت تێیدا چالاک بێت، بە دەربڕینێکی تر ئەو دیالێکتیکە دەکوژێت کە دەبێت لەنێوان کارەکە و کۆمەڵگادا هەبێت، لەبەر ئەوەی ڕەنگە کارەکان بکاتەوە بە وەرگێڕانێکی سادەی یاداشتی هونەرمەندەکە لە نووسینەوە بۆ ماتێریاڵ یان ئاکت. گەر نموونە وەربگرم: “پاککردنەوەی ڕوح”ەکەی  محەمەد ئیسماعیل، جگە لە عیرفانیی بوونی زیاد لە پێویستی کۆنسێپتەکەی، ئەو یاداشت و ڕوونکردنەوەیەی لەگەڵ کارەکەدا دەمانخوێندەوە دەبووە هۆی کوشتنی ڕەهەندی کۆنسێپت، چونکە بینەر ناچار دەکرا لە کۆنتێکستێکی وەک ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیاوە، داببەزێت بۆ مەسەلەی تەسەوف. هەروەها من تێنەدەگەیشتم لەکوێدا سەرگێژخواردنی هونەرمەندێک لە سەردەمی منداڵییدا، بۆ بینەرێکی سەدەی بیستویەک، یان بۆ کۆمەڵگایەک لە سەدەی بیستویەکدا گرنگە.

حەتمەن لەبەر دوو هۆکار غەدر دەکەم گەر ئەم کێشەیە وەک تۆمەتێک بەم پێشانگایەوە بلکێنم، یەکەمیان، لەبەر ئەوەی پێشانگاکە بە گشتی و وەک گشت لە ئاستێکی قەبووڵکراودا بوو، هاوشێوەی پێشانگا هاوجۆرەکانی تری، کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ڕێکخران (بەدەر لە بابەت: سەبارەت بە مێژووی هاوچەرخی ئێمە بۆ شێوەکاری، ڕاستە لە ڕووکەشدا ئەم بۆچوونە پۆزێتیڤ دەردەکەوێت، بەڵام گەر ئەم هاوئاستییە و ئەم باشێتییە گشتیەی پێشانگاکان بەردەوام بێت وەک ستانداردێکی لێدێت، هەموو ستانداردێکیش لە داهاتوودا چەقبەستن بەرهەم دەهێنێت. لێرەشدا دەکرێت بەو بۆچوونە بەرپەرچ بدرێمەوە کە خودی هونەر لە گۆڕان کەوتووە و هونەر خۆی لە ئەبیستمەکەدا ستانداردە، بەڵام گفتوگۆکردنی ئەم باسە درێژە دەکێشێت…)

هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە ئەم هەیمەنەیەی دانەر بەسەر کاردا لە دەرەوەی پێشانگاکەوە، لە فەزای ڕۆشنبیریی ئێمەوە دێت، نەک لە پێشانگاکەوە بۆ ناو فەزای ڕۆشنبیریی ئێمە. فەزای ڕۆشنبیریی ئێمە هێشتا ئەو تێگەیشتنە کلاسیکیە بەسەریدا زاڵە کە ئەرکی وەرگر بەرکەوتنە بە دانەر، نەک بە دەق یان بە کار. لەناو کۆمەڵگای ڕۆشنبیریی ئێمەدا تا ئێستاش هێندەی نووسەران دەخوێنرێنەوە و هونەرمەندان دەبینرێن، هێندە دەقەکان ناخوێنرێنەوە و کارەکان نابینرێن. ئامادەگیی دانەر هێشتا زیاترە لە ئامادەگیی کار و دەق، هەر ئەم ئەقڵیەتەش خوێندنەوە و هێرمۆنۆتیکای کار و دەق بە خوێندنەوە و ڕاڤەی خودی دانەر ئەژمار دەکات. ڕاستە کە پێشتر باسم لە بەشداریی بینەر کرد لە هونەری هاوچەرخدا و کارەکانی هونەرمەندانی کوردیشم تا ڕادەیەک خستە ئەم بەستێنەوە، بەڵام کاتێک بە گشتی لە فەزای ڕۆشنبیریمان دەڕوانین، دەبینین کە پۆست-مۆدێرنە و مۆدێرنە وەک فۆڕم و ڕووکەش تا ڕادەیەک هێنراونەتە لای ئێمە، بەڵام لای کۆمەڵێک لە خوێنەران و بینەران، نووسەران و هونەرمەندانمان بونیادە ئەقڵیەکە هێشتا کلاسیکی و مێتافیزیکیە. تیۆریەکان، ئەگەر بوونیان هەبێت، هێشتا لە سەردەمی کۆندا چەقیوون.

٦

 

لەنێو پێشانگای (٨ ڕاوم)دا گەر بە دیاریکراوی قسە بکەم، ئەوا “دڵۆپی نەوتی ڕەش”ەکەی شەمێران فەتاح هەڵدەبژێرم. شەمێران لە ڕاومەکەی خۆیدا حەوزێکی پڕ لە نەوتاوی دانابوو، لە تەنیشتیەوە دەزگایەکی دامەزراندبوو کە بە ماتۆڕ نەوتاوی ناو حەوزەکەی هەڵدەمژی و دەیکردە جامێکەوە، لە کاتی پڕبووندا نەوتاوی ناو جامەکە دەڕژایەوە ناو حەوزەکە، لەم کاتەدا گڵۆپێک هەڵدەبوو کۆی ئەم پڕۆسەیەی ڕووناک دەکردەوە، لە غیابی ئەم پرۆسەیە و کوژانەوەی گڵۆپەکەشدا پرۆجێکتەر (داتاشۆ)یەک ڤیدیۆی جامەکەی لەسەر دیواری ئەولای دەزگاکەوە پەخش دەکرد، کاتێک دڵۆپ دڵۆپ نەوتاوی تێدەچێت.

 

شه‌مێران فه‌تاح ناوی کارەکە : دڵۆپی نەوتی ڕەش
Oil drop 2017 – Raum8

ئەگەر تەئویل لە سادەترین ناساندندا، بریتیبێت لە بارکردنی مانا بە ماناهەڵگرێک، ئەوا دەبێت من ئەم کارە وەک بونیادێکی دوالیستی ببینم بۆ هێنانی نیگایەکی بانمێژووییانەی زۆر ئابستراکت لە جیهانی هاوچەرخ.

 

 لە بەردەم بینەردا سووڕی تێکەڵەی نەوت و ئاو و زەیت هەیە، (نەوت و ئاو و زەیت کە بە چەندین شێوە جڵەوبەخشی دوو سووڕی لەخۆیان گەورەترن لە واقیعی هەنوکەیی جیهاندا: سووڕی دراو و جیهانگیری.) سووڕێک کە تا وزە (لێرەدا کارەبا) بوار بدات ناکۆتا و نەبڕاوە دەردەکەوێت. لە داتاشۆکەوە، بەسەر دیوارەکەی ئەولاوە، ڕوانینێکی تەواو دەرە پڕۆسێس(Process) و دەرە سەیروورەیی (Becoming) دەردەکەوێت، بەو پێیەی جامەکە ناکۆتا دڵۆپی نەوتاوی تێدەڕژێت و تا ناکۆتا لە پڕنەبووندایە. داتاشۆکە ڕۆڵی پۆرتاڵێک، خاڵێکی پەیوەندیی دەگێڕێت لەنێوان دوو فەزادا،  دەتوانین فەزای حەوزەکە بە ئێرە دابنێین، ئەو فەزایەش کە لە پەنجەرەی ڤیدیۆکەوە دەیبینین بە ئەوێ. تاکە فاکتەرێک کە گۆڕان دەخاتە ئەو بوونە تەواو و نەگۆڕەی ئەوێ-وە، وەستانی کاتییانەی وێنەدانی داتاشۆکەیە، کە هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی پارچە تەختەیەکی ئەو دەزگایەیە کە پێشتر باسم کرد، پارچە تەختەیەک کە بەهۆی نزمبوونەوە و ڕژانی نەوتاوی ناو جامەکەی ئێرە-وە بەرز دەبێتەوە و تەواوی پەیوەندیی بینەر لەگەڵ ئەوێ-دا دەبڕێت. ئابستراکتبوونی لەڕادەبەدەری کۆنسێپتی ئەم کارە، یان ئاڵۆزیی تەکنیکی دامەزراندنی، ڕێگەمان نادات لەڕێیەوە باس لەو جەنگە فەلسەفیە دوور و درێژە بکەین، کە دەتوانین سەرەتاکانی بگێڕینەوە بۆ پارمێندیس لە لایەک و هیراکلیتۆس لە لایەکی تر…

 

لێرەشدا حەتمەن هۆکار بەرکەوتنی دوو کایەی جیاوازە بە میکانیزمە جیاجیاکانیانەوە بە سەرێکدا، مەبەستم لە فەلسەفە و هونەرە؛ بە سەرێکی تریشدا سنوورداریی و ئاستی ئاگاداربوونی دانەری کارە هونەریەکەیە لەو کێشە و سیاقانەی کە دەشێت کارەکەی بیانو بوروژێنێت، چونکە بە ڕای من ڕێگایەک هەبوو بۆ پاراستنی ئەم ئیشە لەم پەرشبوونەوە زۆرە، گۆڕانێکی بچووک هەبوو کە دەکرا کۆنسێپتی ئەم کارە ئاراستەدارتر بکات. دەکرا جامەکەی ئەوێش وەک جامەکەی ئێرە نەوتاوی تێ بچوایە و لە خاڵێکی زەمەنیی دیاریکراودا لێی بڕژایە، ئەم گۆڕانە ڕێگای دەدا کە وێنەی جووڵاوی سەر داتاشۆکە وەک باڵاواقیع(hyperreality)، یان وەک واقیعێکی وادانراو(ئیفتیڕازی)، یان وەک جۆرێک لە سایبەر سپەیس بە گشتی، ببینین. هەڵبەت ئەمەش بە ئاراستەی تر و لە سیاقی فیکریی جیاوازدا ڕێگای بیرکردنەوەی بۆ بینەر دەکردەوە. دەشێت ئەم دوالێتییە بە شێوەیەکی تریش ببینرێت: ئێرە کە کشانە بە مانا دیکارتیەکەی، واقیعی ئەستووییە، بەڵام واقیعێکی ئەستوویی ئایدیالیزەکراو (گەر دەربڕینەکەم ماقووڵ بێت) نیسبەت بە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە تیایاندا جامەکان دەبێت لێیان بڕژێت. لەتەک ئەوێ-دا کە وێناکردنێکی ڕیالیستیانەی گوێزراوەیە بۆ ئاستی ئایدیاڵێتی و بانمێژوویی، کە وێنەی جامە لە نەڕژانێکی هەتاهەتاییدا.

ته‌واو

 

سه‌رچاوه‌كان 

 

1. Theodor W. Adorno, aethestic theory – Editors: Gretel Adorno and Rolf Tiedemann. Newly translated, edited, and with a translator’s introduction by Robert Hullot-Kentor 1997. P 8

2. Theodor W. Adorno,  Aaethestic theory – Editors: Gretel Adorno and Rolf Tiedemann. Newly translated, edited, and with a translator’s introduction by Robert Hullot-Kentor  1997. P 121

3. Gilles Deleuze (1968). Difference and Repetition. Translated by Paul Patton. Columbia: Columbia Univers  Press. P 299

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین