ھیگڵ ئاوڕدانەوەیەک لەچەمکی دەوڵەت

Loading

هێگڵ
هێگڵ

ھیگڵ (Georg WilhelmFried rich Hegel )، لەشاری شتوتگارت له‌وڵاتی ئەڵمانیا لەڕۆژی ٢٧/٨/١٧٧٠ لەدایکبووە، برایەک و  خوشکێکی ھەبووە، براکەی ئەفسەر بووە ھەر زوو بە گەنجی مردووە، ھیگڵ زۆر ھۆگری خوشکەکەی بووە و  زۆر پشتی پێ بەستووە.  دایکی پێش ئەوەی ھیگڵ بچێتە قوتابخانە وانه‌ی  پێگوتووە بۆ فێربوونی لاتینی، لەتەمەنی یانزە ساڵیدا دایکی کۆچی دوایی کردووە. ھیگڵ ئەو کاتەی خوێندکار بووە لەئامادەیی لە شتوتگارت ھەر زوو ناسیاوی بەھێزی پەیداکردووە لەگەڵ نوسینه‌ کۆنەکانی یۆنان و ڕۆم، ھەروەھا حەزو خولیایەکی زۆری ھەبووە بۆ ئەدەب و  زانستی ئەڵمانی.  لەلایەن باوکیەوە زۆر ھاندراوە بۆ ئەوەی ببێتە قەشەیەکی بەناوبانگ .

بەڵام ھیگڵ ھاوڕێیەتی بەھێزی لەگەڵ شاعیرێک بەناوی فردریك هۆلده‌رلین (Friedrich Holderlin )  و فەیلەسوفێک بو ناوی فردریك ڤیلهم یۆزێف (Friedrich Wilhelm Joseph )، ھەر لەو کاتەوە ئیتر ھیگڵ پەیوەست بووە بە ئەدەب و  فەلسەفەی یۆنانی و  زۆری خوێندۆتەوەو ھەوڵیداوە ئەوەی ئەیخوێنێتەوە لە یادەوەریدا بمێنێتەوە. ھیگڵ تەمەنی ھەژدە ساڵ بوو کە گەردەلوولی ڕاپەڕینی فەڕنسا دژی قەڵاو پاشایەتی باستیل ڕوویدا ڕژێمی کۆماری ڕاگەیاندرا، ھیگڵ بەوپەڕی پەرۆشیەوە پشتگیری ئەو ڕاپەڕینەی کرد .

ھەر لەو ماوەیەشدا یەکەمین بەرھەمی خۆی تەواوکرد بەناوی زانستی دیاردەناس (phenomenology of Mind)، لەدوای ئەوەی کۆرسی خوێندنی لەبواری فەلسەفەو پیولۆجی تەواو کردو لە ساڵی ١٧٩٣ بوو بە پسپۆڕ لەو بوارەدا لە بێرن لە ووڵاتی سویسرا .

ساڵی ١٧٩٤ بەرھەمێکی تری نووسی بەناوی ژیانی عیساو لایەنە قەشەکانی ئاینی مەسیحیەت (life of the Jesus ( (the positivity of Christian Religion )، لەساڵی ١٧٩٦ دا یەکەمین پرۆگرامی سیستمی ئایدیالیزمی ئەڵمانی نووسی. ساڵانی دوای ئەوە  بەردەوام سەرقاڵبووە بەوانه‌ گووتنەوەو لێکۆڵینەوە فەلسەفەییەکان. دوای ئەوە چۆتە نۆرنبێرگ  و له‌وێ ژنی ھێناوە بەناوی ماری  (Marie)  و سێ مناڵی ھەبووە، دووکوڕو کچێک، لەو ماوەیەی کە لە شاری نۆرنبێرگ بووە بەچەند ساڵێک (١٨١٢-١٨١٣- ١٨١٦ ( کتێبی زانستی لۆجیکی نووسی (The Science of Logic ) .

ساڵی ١٨١٦ دا چۆتە زانکۆی  هایدلبێرگ (University of Heidelberg ) وەکو پرۆفیسۆری فەلسەفە، ھەر لەوێدا دەستی کرد بەتەواو کردنی کارێکی زانستی گەورە بەناوی فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فه‌ی زانست  (Encyclopedia of the philosophical Sciences) ئەم کتێبە ساڵی ١٨٢٧تەواوی کردوو بەڵام دواجار ساڵی ١٨٣٠ بڵاو کرایەوە، ساڵی ١٨٢١ کتێبی فه‌لسه‌فه‌ی دادپه‌روه‌ری  (The philosophy of Right )ی نووسی و  بڵاویکردەوە، ساڵی ١٨١٨ بوو بە مامۆستای زانکۆی بەرلینء ھەر لەوێ مایەوە تا لە ڕۆژی ١٤/٨/١٨٣١ کۆچی دوایی کرد .

هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كانی له‌بواری فه‌لسه‌فه‌دا  (فینۆمۆلۆجیای ڕۆح) ه‌ كه‌له‌ساڵی ١٨٠٧ دا بڵابۆوه‌ و به‌دامه‌زرێنه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی زانستی و سایكۆلۆژی داده‌نرێت له‌جیهاندا .

پێش ئەوەی بێینە سەر شیکردنەوەی ھزرو تێڕوانینی ھیگڵ بۆ چەمکی دەوڵەت، لەسەرەتاوە پێویستە ئەوە بزانین کە ھیگڵ گەورەترین فەیلەسوفی سەدەی نۆزدەھەمە تەنانەت بۆ ئەوەی لە فەلسەفەی مارکسیەت بەباشی تێبگەین، پێویستە فەلسەفەکەی ھیگڵ بەتەواوەتی تێبگەیت، چونکە مارکس و ئەنجلس زۆر دیراسەی فەلسەفەی ھیگڵیان کردووە و سوودیان لێ وه‌رگرتووە، تەنانەت ھەندێک  له‌ پێناسەی مارکسیەت دەکەن کەبریتیە لەگەشەکردنی فەلسەفەکەی ھیگڵ. ھەرچەندە مارکس و  ئەنجلس ڕەخنەی زۆریان لەفەلسەفەکەی ھیگڵ ھەبووە بەتایبەتی لایەنە ئایدیالیەکەی ئەیانگووت: فەلسەفەکەی ھیگڵ لنگەو قوچ دانراوەو ئێمە ڕاستمان کردەوەو خستمانە سەر قاچ .

یەکێک لە سێ سەرچاوەکەی مارکسیەت، فەلسەفەی ئایدیالیستیانەی ئەڵمانی بوو کە ھیگڵ داھێنەری بوو، بۆیە کلیلی مارکسیەت لە فەلسەفەکەی ھیگڵدایەو مارکس خۆشی نەفی ھیگڵی نەکرد ئەو تەنیا فەلسەفەی ھیگڵی ڕاڤەکرد .

فەلسەفەی ھیگڵ بریتی بوو لەدیالەکتێک، بەلای ھیگڵەوە ھەموو شتێک لەگۆڕاندایە، وەکو خۆی نامێنێتەوە بەڵام بڕوای بەلایەنە ماددیەکەی گۆڕان نەبووە، مارکس زۆربەی بۆچوونەکانی لە فەلسەفەکەی ھیگڵەوە وەرگرتووە، فەلسەفەی ھیگڵ دوو ڕەوتی سەرەکی ھەبووە، ڕەوتی ڕاستڕەو  و ڕەوتی چەپڕەو. ڕەوتە ڕاستڕەوەکەی ناسیۆلیستەکان و  نازیەت و  ھتلەری بەرھەمھێنا.  ڕەوتە چەپڕەوەکەشی فیورباخ و  برۆنۆ و  مارکس و  ئەنجلس و  كۆمۆنیزمی بەرھەمھێنا . واتە فەلسەفەی مارکسیەت لەسەر بیروڕاکانی ھیگڵ (ھیگڵی چەپڕەوانە) بنیاتنراوە .

ھیگڵ بەگرنگترین و  ئاڵۆزترین فەیلەسوفەکانی ئایدیالیزمی ئەڵمانی و  بەفرە چەمکترین فەیلەسوفی سەدەی نۆزدەھەم ناودەبرێت چونکە ئەو ڕۆژگارو سەردەمەی ھیگڵی تێیدا ژیاوە زۆر ئاڵۆزو دژوار بووە، ئەو ڕۆژگارە سەردەمی سەرھەڵدان و  گەشەکردنی دیدی ئەقڵانی مرۆڤە  بووه‌ بۆ ژیان. ڕۆژگارێک بووه‌ دیدی ڕۆشنگەری لەساتەوه‌ختە گەشە کردووەکانی خۆیدایە، ڕۆژگاری جەنگە فکری و  فەلسەفی و  سیاسیەکانە بەرامبەر بە ئاین و  ستەمکاری و  دیدگا خورافی و  نائەخلاقیەکانی ئینسان بۆ ژیان.  ڕۆژگاری ئاوابوونی ئایین و  هه‌ژموونی   كڵێسا بووه‌. فەلسەفەی ھیگڵ فرە ڕەھەنده‌  و  سستەمە فەلسەفیەکەی بۆ چەندین بواری جیاواز لەژیانی تاكڕه‌وی و  کۆمەڵایەتی و  سیاسی مرۆڤدا دابەشدەبێت. ڕووبەرێکی بەرفراوان لەئاستی سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و  مێژوویی داگیر ئەکات .

ھیگڵ دەوڵەت بەدیاردەی سەردەمی سەرمایەداری نازانێت،  ڕای وابوو کەدەوڵەت ھەر ھەبووە، واتە دەوڵەت لای ھیگڵ دیاردەی سەردەمی گەشەکردنی مرۆڤایەتی نەبووە. تەنانەت ھیگڵ ڕای وایە کە جیاوازی و  ناکۆکی چینایەتی ئەکرێت لەڕێگەی دەوڵەتەوە چارەسەر بکرێت. واتە ئەرکی دەوڵەتە چارەسەری ئەو ناکۆکیانە بکات بەمەش ھیگڵ خەباتی چینایەتی ڕەتدەکاتەوە، ھەروەھا ڕای وانیە کە بورژوازی قۆناغێکی مێژوویی و گەشەکردنی کۆمەڵگه‌ بێت.  ڕای وایە کەلە ھەموو سەردەمێکدا بۆرژوا ھەر ھەبووەو ھەر ئەمێنێت .

كاڕڵ ماركس & فریدریك ئه‌نگلس
كاڕڵ ماركس & فریدریك ئه‌نگلس وه‌ك دوو هیگڵیانی نوێ و چه‌پ  …

ھیگڵ پێیوایە کە بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگەو مرۆڤایەتی، پێویستە ئاغاو نۆکەر ھەبێت یان کۆیلەو خاوەن کۆیلە ھەبێت. ھەروەھا ڕای وایە کە ئەشێ ئاغاو نۆکەر، یان چین و توێژە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان پێکەوە ھەڵبکەن و پێکەوە بژین، به‌ڵام  ئاماژەش بۆ ئەوە ناکات کە ئەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانە ئەگۆڕێت!  بەڵکو لای ھیگڵ ئەرکی دەوڵەتە ئەم کێشانە چارەسەر بکات  ئەم پەیوەندیانە بگۆڕێت.

ھیگڵ ڕای وایە کە دەوڵەت زەرورەتێکی مێژوویی گرنگەو کلیلی چارەسەرکردنی کێشەو گیروگرفتەکانی لایەو پێویست بەخەبات و  ناکۆکی چینایەتی ناکات.  دەوڵەت لێپرسراوە بەرامبەر بەم کێشانەو چارەسەرکردنیان. ھیگڵ بۆ یەکەمجار زاراوەی بۆرژوازی لە ڕۆسۆوە وەرگرتووە، ھیگڵ پێیوایە لەکۆمەڵگەی بۆرژوازیدا خەڵکی ناچارە وەکو تاک تاک بێنە پێشەوە،  پێداویستیەکانیان لەڕێگەی دەوڵەتەوە دابینبکەن، بۆیە بەکۆمەڵگەی بورژوازی  کۆمەڵگەی پێداویستیەکان پێناسه‌ ده‌كات . ھەربۆیە فاشیەکان و نازیەکان زۆر سوودیان لەچەمکی دەوڵەتی ھیگڵ وەرگرتووە، چونکە بەلای ھەردوو لایەنەوە دەوڵەت قودسیەتی خۆی ھەبوو، ڕایانوابوو کە پێویستە ھەموو لەخزمەتی دەوڵەتدا بین . ھیگڵ درووستبوونی کۆمەڵی مەدەنیشی دەبەستەوە بەدروستبوونی دەوڵەتەوە، پێیوابووە کە کۆمەڵی مەدەنی یەکەمین قۆناغی دروستکردنی دەوڵەتەو لای ھیگڵ دەوڵەت بەسەنتەری کۆمەڵی مەدەنی دائەنێت، دوورئەکەوێتەوە لەڕەھەندی ئابووری بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی.

 بەڵام بەپێچەوانەی ھیگڵەوە مارکس ڕەھەندێکی ئابووریانە ئەداتە کۆمەڵگەی مەدەنی و  پێیوایە کۆمەڵگەی مەدەنی تەنیا فەزایەک نییە کە لەوێدا قازانجی تایبەتی مرۆڤێک لەگەڵ مرۆڤێکی تر دژایەتی ھەبێت، بەڵکو کۆمەڵی مەدەنی گۆڕەپانی چەوساندنەوەیە. لەوێدا؛ داگیرکردن، پاوانخوازی، کاری ئیزافی، زێدەبایی، چەوساندنەوەی کرێکاران،  زەحمەتکێشانی کۆمەڵه‌… ئەمەش خاڵی ناکۆکی مارکسە لەگەڵ ھیگڵ دەربارەی کۆمەڵگەی مەدەنی و  دەوڵەت.

مارکس کۆمەڵی مەدەنی بەقۆناغێک لەژیان ئەزانێت بە (کۆمەڵی بورژوازی) ناوی دەبات و ڕای وایە کە کۆمەڵی مەدەنی دیاردەو بەرھەمی کۆمەڵگەی سەرمایەداریە، بە بۆچوونی ھیگڵ خوێندنەوەی مێژوو ئەوە نیشاندەدات ، کە مرۆڤایەتی بەرەو ھۆشیاری و  ئازادی زیاتر ئەڕوا، گەشتی مێژوو ڕاوەستان و  تەکانەکانی سەرەڕای گشت لەمپەرەکان بەرەو پێش چووە، ھەربۆیە ئەوترێت مێژوو خاوەن ئامانجە .

وە نەبێت بەتەنیا ھیگڵ دەوڵەت بەسێنتراڵ و قودسیەت و  دەسەڵاتی ڕەھاو بێ سنوور بزانێت، ھاوشانی ھیگڵ ھەندێکی تر لەزانایان و  بیرمەندان ھەمان ڕوانگەی ھیگڵیان ھەبووە یان نزیک بوون لە تێڕوانینەکانی ھیگڵەوە لەوانە : بەلای مکیاڤیللی،  تۆماس ھۆبز ،  دەوڵەت ڕەھایەو دەسەڵاتیش ڕەھایەو بێ سنوورەو پێویستە ھێزو زەبرو زەنگ بەکار بھێنێ بۆ چەسپاندنی پرنسیپەکانی، بەڵام بەلای (جۆن لۆک )ی نوێنەری بۆرژوازی ئینگلیزییه‌، دەوڵەت دەسەڵاتی ڕەھا نییەو سنووردارەو دەسەڵاتی دیاریکراوە،  دەوڵەت لیبراڵەو پێویستە بەکەمترین شێوە دەست وەربداتە کاروبارەکان، تا بۆ خۆشی نەبێتە ئەژدیھایەکی کۆمەڵگەی مەدەنی ھەڵوشێت. ھەروەھا چۆن لۆک داوای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی تەشریعی و بەڕێوەبردن و  فیدڕاڵی دەکردو داوای جیاکردنەوەی دەسەڵاتی کڵێساو دەوڵەتی ئەکرد، بۆیە جۆن لۆک بە یەکەم تێورسینی ئەقڵانیەت ئەدرێتە قەڵەم.

فەیلەسوفی ئەڵمانیش (کانت) پێیوابوو کە مرۆڤ بەسروشت شەڕەنگێزە بەڵام (کانت )چارەسەری ئەم شەڕەنگێزیەی مرۆڤی بەدەوڵەتی ڕەھا نەکرد، بەڵکو پێداگریکرد لەسەر دەوڵەتی یاسا، واتە بەیاسا مرۆڤ ناچاربکرێ کە شەڕەنگێزو خراپەکار نەبێت، بەڵام سان سیمۆنی فەرەنسی باوکی ڕۆحی تەواوی ئاقارە سۆسیالیستەکان ڕەخنەی لەوە گرت کە دەوڵەت تەنیا دەزگایەکی سیاسی بێت،  دەسەڵاتی بێ سنوور بێت، لەجیاتی ئەوە فۆڕمێکی ئابووری – کۆمەڵایەتی پێشنیارکرد. بەبڕوای (سان سیمۆن)  لەگەڵ شۆرشی پیشەسازیدا، ئیتر سیاسەت ئاڕاستەی مێژوو ناکات، بەڵکو ئەوەی بەم کارە ھەڵدەستێت ئابوریە، بۆیە  ده‌بێت سیاسەتمەداران جێگاکانی خۆیان بۆ ئابووریناسان و  تەکنۆکراتەکان چۆڵبکەن.

ھیگڵ تەنانەت تێڕوانینی بۆ خێزانیش وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی بە بچووک کراوەی دەوڵەتی ئەزانێت، بۆیە ھیگڵ گووتویەتی : کە خێزان خۆی بۆ خۆی نمونەیەکی بچوکراوەی دەوڵەتە یاخود دەوڵەت نمونەیەکی گەورەکراوی خێزانە…پێناسەی ھیگڵ بۆ خێزان بریتیە لەو دەزگا کۆمەڵایەتیە بنەڕەتیە کە وەک بنچینەیەک کۆی دەزگاو دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانی تر پشتی پێ ببەستن. به‌مانای  ڕووی یەکەمی ژیانی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیە، لای ھیگڵ ئەندامەکانی خێزان وەک یەک کەسایەتی بەرجەستە ئەبن و  سەربەخۆ نین.  بۆیە کۆی خێزان یەک کەسایەتیەو ئەندامەکانی شوناسێکی ئازادو سەربەخۆیان نییە، چونکە تا ئەو کاتەی ئەندامانی خێزان لەژێر چاودێری باوکدان و  هێشتا گەورە نەبوون و  پێیان نەخستۆتە دەرەوەی خێزان کەسایەتی ئازاد نین، بەڵام کاتێک پێ ئەنێتە دەرەوەی خێزان و  خێزانی کۆن بەجێدەھێڵن و  خێزانی نوێ دروستدەکەن، ئەوکاتە سەربەخۆ و ئازاد ئەبن.

ھیگڵ ڕای وایە ئەوکاتەی کە ئەندامانی خێزان دێنە دەرەوەی خێزان، ئەوکاتە ھەڵوەشاندنەوەی خێزانەو دروستکردنی خێزانێکی نوێیە، بۆیە ھیگڵ پرۆسەی ھەڵوەشاندنەوەی خێزان بە پرۆسەیەکی گرنگ ئەزانێت بۆ سەرەتای کۆمەڵگەی مەدەنی و  بەمەرجی دووستبوونی کۆمەڵی مەدەنی دائەنێت!  کۆمەڵی مەدەنی لای ھیگڵ قۆناغێکی تایبەت و  جیاوازە، قۆناغێکە ئەکەوێتە نێوان خێزان و  دەوڵەتەوە.  واتا  ھیگڵ کۆمەڵی مەدەنی وەک قۆناغێکی گەشەکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەماشادەکات لەنێوان خێزان و  دەوڵەتدا .

کاتێک ھیگڵ وێنەی ئامێرەکانی دەوڵەتی نوێ و  ڕێچکەکانی دەکێشێت لە قوڵایی ھزری خۆیدا و ێنای دەوڵەتی پڕۆیسی سەردەمەکەی دەکات، بەڵام ھەر تەنھا بەوەسفکردنیەوە ناوەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ئامانجی ئەو نەبووە، ھەوڵیداوە بۆ ئاشکراکردنی ئەو شتەی کەوا لە دەوڵەت دەکات بە ڕێکخستنێکی ئەقڵانی بۆ ئازادی وەسفبکرێت. ئەو بیرۆکەیە دەربارەی ھیگڵ بەتایبەتی لە فەرەنسا برەوی پەیداکردبوو، کە پاساودەری زۆردارەکی دەوڵەتی پڕۆیسیە و  تیۆرسازی ئەو دەوڵەتانە بووە، واتە پشتیوانی لەمافی ڕەھای دەوڵەت کردووە بەرامبەر بەتاک، تەنانەت بە بەرپرسیاری ھەژموونی ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانی لەتاقی ئۆتۆ ڤۆن  بیسمارکیدا دانراوە .

Otto von Bismarck, 1886 بیسمارك سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌وڵه‌تی پرۆیسی ئه‌ڵمانی - ئه‌و پیاوه‌ی ئه‌ڵمانیای كرد به‌ده‌وڵوتێكی یه‌كگرتوو
Otto von Bismarck, 1886  (ئۆتۆ فۆن بیسمارك) سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌وڵه‌تی پرۆیسی ئه‌ڵمانی – ئه‌و پیاوه‌ی ئه‌ڵمانیای كرد به‌ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتوو

 

لەڕاستیدا ھیگڵ ڕێچکەیەکی پێچەوانەی ڕێڕەوی فەیلەسوفەکانی سەدەی ھەژدە و دانەرانی دەستوری لەشۆڕشی فەڕەنسی دا گرتبووەبەر، پێچەوانەی ئەوانەی زۆر بۆ بەردی بناغەی فەلسەفە لەسیاسەتدا گەڕابوونء پێ یان لەسەر دیاریکردنی دەوڵەتی یوتۆپیادا دەگرت، بەڵام ھیگڵ ئایندەبین بوو،  وایده‌بینی كه‌ھەموو ئەو شتانەی کە ھەیە داھێنراوێکی مێژووین لەھزردا لەھەموو شتێکیشدا ھەروەک چۆن ئازادی ھەیە ئەقڵیش ھەیە. ھەربۆیە ھیگڵ لە پێشەکی فەلسەفەی مێژوودا دەڵێت: وادیارە ئەگەر بڕوامان بەتێورسازانی دەوڵەتی یۆتۆپیا ھێنا کەلەم جیھانەدا تەنانەت ھەتا ئێستاش دەوڵەت یان دەستوری دەوڵەت لەئارادا نەبووە، دەبێت لەئێستاوە دەست پێبکەین…. ھیگڵ ئەم بیرۆکەیە بەھەڵە دەزانێت چونکە ناکرێ بەدوای ئەوەدا بگەڕێین کەدەوڵەت ئەبێت چۆن بێت، مەگەر لەپێشدا ئەو دەوڵەتە لەئارادا بووبێت، کەواتە لەڕاستیدا لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانە سەبارەت بەدەوڵەتی یۆتۆپیا ناکرێت ھەبێت، تەنیا لەڕێگەی تیۆری بەئەقڵانیکردنی ئەو دەوڵەتەوە نەبێت کە ھەیە. سەرەڕای ئەوەی کە ھیگڵ ھەوڵی زۆری داوە کە بەتەواوی دەوڵەتی واقیعانەی سەردەمەکەی خۆی ڕاڤە بکات، بەڵام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕەخنەو سەرنجیش بۆتەوە لەلایەن ھەندێک بیرمەندو زانایانەوە لەوانە کارڵ مارکسء و جان ھیولیت و  ھەروەھا ڕوونکردنەوەش دەربارەی تێڕوانینی ھیگڵ بۆ چەمکی دەوڵەت و  مێژوو جەنگ و  ھزر لەلایەن ئەریک ۆڵ و ئەلکساندەر کۆجیف.

لەڕاستیدا ھیگڵ ئەوەی ڕوون نەکردۆتەوە لەو دەستوورەی کە خۆی بۆ دەوڵەتی کێشاوە بەپێی تێزە تایبەتەکانی دەوڵەت بریتیە لە بەکۆمەڵکردنی بە کردەوەی ئەوەی لەتوانایدایە کۆیبکاتەوە و گرفتی ڕێککەوتنی نێوان ئازادی تاکء یەکێتی  ویستی گشتی ھەرگیز بەخاوەندارێتی دەستوری و دوو ئەنجومەنی یەکێتیەکان و  بیرۆکراتەکان چارەسەر ناکرێت . لەڕاستیدا لەدیدی ھیگڵەوە ھزر نەبەشێوەیەکی ئایدیالیستیانەو نەمۆراڵیانە ڕەفتار ناکات بەڵکو توندوتیژانە ڕه‌فتارده‌كات.

ھەروەھا تیڕوانینی ھیگڵ بۆ مەسەلە جەنگیەکان کە ئەڵێ مەبەست لە جەنگەکان ڕێگریکردنە لەوەی کە گەلان ببنە کۆیلەی ژیان، ئەقڵ جەنگ پێشکەش بەگەلان دەکات بۆ ئەوەی تێی بگەیەنێت کە تاکە سەروەری ئەو مەرگە، دیسانەوە ڕووبەڕووی سەرنج و تێبینی بۆتەوە . تەنانەت دوو ڕەخنەی ڕوون و ئاشکرا لەفەلسەفەی ھیگڵ دەربارەی مێژوو دەگێڕێت؛

یەکەمیان؛ بەبڕوای ئەو سەرلەبەری مێژوو بریتیە لە گۆڕەپانی ململانێکان و ئەو جێگایانەش کەجەنگ تیایاندا ڕوونادات بەووتەی ئەو لەپەراوێزی مێژوودا ئەمێننەوە. ھیگڵ ئەڵێت؛ ئەو گەلەی لەمەرگ دەترسێت و پێی باشە وەکو خۆی بمێنێتەوە ئەبێتە کۆیلەو سەربەخۆیی لەدەستدەدات.

 دووهه‌میان؛  ڕەخنەی دووەمیش دەربارەی دەمارگیریەکەی ھیگڵە کە (دەمارگیرییەکی نەتەوەییە) و خۆشی دانی بەمەدا ناوە .

سەبارەت بەڕەخنەکانی مارکس لەسەر تێڕوانینەکانی ھیگڵ بۆ چەمکی دەوڵەت، ئەوە ئاشکرایە کە مارکس بە پێشەکیەکانی ھیگڵ دەستیپێکردو تەنانەت مارکس بۆ خۆشی ھیگڵیەکی چەپ بووە،  یەکێک بووە لەوانەی کە پێیاندەگووتن (ھیگڵیە چەپەکان)… مارکس پێشەکیەکانی ھیگڵ قبوڵدەکات سەبارەت بەوەی کەدەڵێت : مەدەنیەت تایبەتمەندی جیھانی نوێیە…ھەروەھا ئەوەشی قبوڵە کە کۆمەڵگەی نوێ زۆرشتی بۆ خستنەڕوو ھەیە چونکە دەتوانێ بنەمای سەربەخۆخوازی تاک یاسامەند بکات. بەلێکدانەوەو تێڕوانینەکانی ھیگڵ ڕازییەو لە نیگەرانیەکانی ھیگڵ بەشدارە سەبارەت بەوەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی مەڵبەندی خۆپەرستیەو کەوابوو ئەبێت ڕێکبخریت، بەوەش ڕازیە کەزاتی دەوڵەت تیڕوانینێکی گشتی خوازانەیە کەنەیاری بەرژەوەندیە تاکیەکانە لەکۆمەڵگەی مەدەنیدا، بەڵام لەھەمانکاتدا دەتوانێ لەڕێگای ڕەخنەوە جەختکردنەوەی ھیگڵ لەسەردەوڵەت پێچەوانە بکاتەوە .

مارکس بەپێشەکیەکانی ھیگڵ دەستی پێکرد بەڵام لۆژێکی شیکاریەکانی و ھەروەھا ئاکامەکانیشی ڕەتکردەوە. ھیگڵ لەپێشەنگ بوونی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە دەستی پێکرد و بەرەو پێشچوو بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی دەوڵەتی بکات. بەڵام مارکس پێشەنگ بوونی کۆمەڵگەی مەدەنی ژیاندەوە، ھەربۆیە دەوڵەتی کردە پەیڕەوی ئەو مەڵبەندە .(ل ٦ مارکسء ڕەخنەکانی لەھیگڵ، گۆڤاری ئایدیا واڵا ).

مارکس ڕای وابوو کە دەوڵەت بەئامرازە تایبەتەکانی خۆی ژیانی سیاسی پاوان دەکات و پێکھاتەکانی ئەمڕۆی دەوڵەت کۆسپی سەر ڕێگای تاکەکان و  پێشکەوتنەکانەو ناھێڵێت تاک دەستی بەدەوڵەت بگات. تاک بەدابڕاوی لەسیاسەتو دەوڵەت دەھێڵێتەوە دەبێتە کۆسپ لەڕێگای بەشداریکردنی تاکەکان، زیان گەیاندن بە بەرژەوەندیەکانیان، کەوابوو دەبێت تاک ژیانی خۆی لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتەو کۆمەڵگەیەدا ڕزگاربکات کەبۆ ئەوان سەرکوتکەرە و پێشێلی مافەکانیان دەکات.

ڕەخنەی مارکس لە ھیگڵ دەتوانێت پەردە لەڕووی دەوڵەت ھەڵماڵێت کاتێک کە ھیگڵ بۆچوونی وایە کەدەوڵەت خۆی بەشتێکی گشتی دەزانێت و  پێویستە ھەمووان پەیڕەوی لێوه‌ بکەن، لەکاتێکدا کەدەوڵەت دەزگایەکی چینایەتیەو ناتوانێ نوێنەری ڕاستەقینەی بەرژەوەندیەکانی ھەموو چین و توێژەکان بێت، کەواتە کە دەوڵەت نوێنەری جوڵێنراوی خودپەرستی و تاڵانەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بێت، کەواتە بەدڵنیاییەوە ناتوانێت ناکۆکیەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێک بخات و چارەسەریان بکات.  ھەربۆیە پێویستە بەدوای چارەسەرەکەدا بگەڕێء بەپێی پێویست سەرلەنوێ دەوڵەت کۆمەڵگە ڕێکبخاتەوە و چارەسەری ناکۆکی و  کێشەکانیان بکات.

ئیستا ڕوونبۆوە کە ئەمجۆرە تێڕاوانینەی ھیگڵ بۆ چەمکی دەوڵەت جۆرێک لەتەقدیس و پەرستن و پیرۆزی دەداتە دەوڵەت بەوەی کەنوێنەری بەرژەوەندیەکانی گشتیەو بەرژەوەندی ھەمووان دەپارێزی لەکاتێکدا لای چەپەکان دەوڵەت دەزگایەکی چینایەتیەو بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار ئەپارێزێت،  بگرە دەوڵەت  ئامڕازێكه‌ بەدەست چینی باڵاو دەسەڵاتەوە بۆسەرکوتکردنی چینە ھەژارو نەدارەکان، چونکە بەتایبەتی تاکی چینە ھەژارو نەدارەکان بێبەش دەکات لەبەشداریکردنی دەوڵەتداو سەرکوتیان دەکات و بەرژەوەندیەکانیان فەرامۆش دەکاو دەبێتە تەنیا نوێنەری چینە دەستڕەو چەوسێنەرەکان. هه‌ربۆیە دەبێ تاک، ھەروەکو مارکس ئاماژەی داوە بەھەندێک ڕێگە بۆ بەدیھاتنی مافەکانی مرۆڤ، لەمجۆرە دەوڵەتەدا بەدوای چارەسەری گونجاو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا بگەڕێت .

لەدوای سڕینەوەی پیرۆزی دەوڵەت لەلایەن مارکسەوە کە ھیگڵ تێڕوانینەکانی لەسەر بنیاتناوە مارکس بەرەو لای سڕینەوەو ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنیش دەچێت کە لەبەرھەمی ھیگڵ و لیبڕاڵەکاندا باسی مافەکانو  ئازادیەکان و  نوێنەرایەتیەکان دەکەن. مارکس پێیوایە؛ کاتێک دەتوانین لەجەوھەری ڕاستەقینەی دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی تێبگەین ، کە ئەو دەوڵەتە یەکسانی و  ئازادی ومافەکانی بۆ ھەمووان دابینکردبێت ،  خاوەندارێتی تایبەتی سڕیبێتەوە،  پانتاییەکی بەرینی لە ئازادی و یەکسانی و بەرقەرارکردنی مافەکان بۆ ھەمووان بێ جیاوازی، ھەڵاوێردن دابینکردبێت .

ڤیلهیلمی دواقەیسەری ئەڵمان و كۆتایی ده‌وڵه‌تی پرۆیسی له‌جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا ١٩١٤-١٩١٨
ڤیلهیلمی دواقەیسەری ئەڵمان و كۆتایی ده‌وڵه‌تی پرۆیسی له‌جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا ١٩١٤-١٩١٨

ھیگڵ بنەمایەکی فەلسەفی تا ئاستی پەرستن و ستایش بۆ دەوڵەت داڕشتووە، بەو پێیەی دەوڵەت باڵاترین نمونەی بەرجەستەبوونی ئەقڵە لە مێژوودا بەتایبەت لە فۆرمە پرۆسییەکەیدا .

ئەگەرچی ھەندێک لە ھیگڵیەکان سەرجەم فەلسەفەی ئەویان کردە ئینجیلێکی پیرۆز و وەک ئاینێکی بێ کەموکوڕیان لێکرد تەنھا پێویستی بەڕاڤەکردن و لێکدانەوە ھەیە. بەمجۆرە ھەموو دەروازەیەکی ئەو فەلسەفەیان لەبەردەم خۆیاندا داخست، وەک ئەوەی فەلسەفەی ھیگلیزم بیروباوەڕێکی ئاسمانی بێت، ھیچ ھەڵەیەکی تیا نەبێت، لەکاتێکدا ھیگڵ بەردەوام ڕەخنەی لەخۆی گرتووە بەجۆرێک تا دواساتەکانی ژیانی گیرۆدەی زۆر لەگرفتو ململانێ ناوەکیەکان بوو.

سەرەڕای ئەم ڕەخنەو تێبینی و سەرنجانەش لەسەر فەلسەفەو تێڕوانینی ھیگڵ بۆ چەمکی دەوڵەت و چەمکەکانی تریش، ھیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە ھیگڵ فەیلەسوفێکی گەورەو مەزنە، گەورەترین فەیلەسوفی سەدەی نۆزدەھەمء سەردەمی ڕۆشنگەریە، فەلسەفەی ھیگڵ ڕۆڵ و کاریگەریء و ڕەنگدانەوەی ھەبووە لەسەر فەلسەفەی مارکس و ئەنجلس،  سارتەرو دووبوڤوار و لوکاش و ھابرماس و گرامشی و کارڵ کۆرش و زۆرێکی تر لە بیرمەندان و ڕۆشنفکران لەبواری فەلسەفەو سۆسیۆلۆژیاو مێژوو دەوڵەت و ڕۆشنکەری و مەسەلە ڕۆحیەکان و  زۆر بواری جیاوازی تر.

ھەر سەبارەت بە بایەخ و گرنگی فەلسەفەو تێڕوانین و  بۆچوونەکانی ھیگڵ کۆمەڵێک لەبیرمەندان لەوانە (کارڵ کۆرش، ئانتۆنیۆ گرامشی، گیۆرگ لوكاش ، ئێرنست بلۆ) دوای سەرنەکەوتنی شۆرشی سۆسیالیستی و تێکشکاندنی بزووتنەوە کرێکارییەکان لەئەوروپا، داوای سەرلەنوێ ھیگڵی کردنەوەی مارکسیزمیان کرد.  ھەروەھا بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت (تیۆری ڕەخنەیی )  و  بێگومان  چه‌ندانی وەک کۆرش، گرامشی،  لوکاش، تێکشکاندنی بزوتنەوە کرێکاری و سەرکەوتنی فاشیزم لەئەوروپا یان بەنیشانەی تیاچوونی مارکسیزم و پێویست داڕشتنەوەی مارکسیزم لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی ھیگڵ به‌گرنگ دەزانی. بەمجۆرە بەشێکی گەورەی بیری مارکسیەتی سەدەی بیستەم بەرھەمی گەڕانەوەیە بۆ نەریتی فەلسەفەی ھیگڵ.

ئایدیای بنەڕەتی فەلسەفەی ھیگڵ واتا ئایدیای دەبێ واقیع ئەقڵانی بکرێت، دووبارە ئەیڵێمەوە ھەرچەندە بوونی ھەڵەو کەموکوڕی لە فەلسەفەو ئایدیاکانی ھیگڵدا ھیچ لە گەورەیی و  مەزنی ئەم بیرمەندو فەیلەسوفە کەم وێنەیە کەمناکەنەوە، بەجۆرێک ھەروەکو  بیرمەندی گەورە (بندتۆ کرۆتشە) دەڵێت؛ ھیگڵ دوایەمین مەزنە بیریارێکە لە مێژووی فەلسەفەدا، مەزنیەک لەئاستی ئەفلاتون و  ئەرستۆ و دیکارت و  ڤیگۆ  و کانت دایە، ئەوانەش دوای ئەو ھاتوون جگەلە چەند بەھرەمەندێکی بچووک شتێکی تر نین، گەر نەشڵێین بەتەنھا پاشکۆبوون و  سەنگێکی ھێندە گەورەو گرانیان نییە .

ته‌واو

سەرچاوەکان 

١. مارکیسزمی فەلسەفی ڕۆژئاوایی، حسین بەشیریە، وەرگێڕانی مەنسور تەیفوری / ٢٠٠٩، مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتیەکانی (ی.ن.ک)

٢. قوتابخانەی فرانکفۆرت، فەلسەفە ءەک تیۆرییەکی ڕەخنەیی، ءەرگێڕانی لە سویدییەوە عوسمان حەمە ڕەشید گورون ٢٠١١ ، ئەکادیمیای ھۆشیاریء پێگەیاندنی کادیران، سلێمانی

٣. گۆڤاری نوێ بوون، ژمارە ١٦، ٢٠١٢، مەڵبەندی ڕێکخستنی سلێمانی .

٤. گۆڤاری مەدەنیەت ژمارە ١٩ ئابء ئەیلولی ٢٠٠٥، سلێمانی، فەلسەفەی دەوڵەت، وەرگێڕانی دلاوەر عبداللە، ھەروەھا ژمارە ٢٤- ٢٥ بەھاری ٢٠٠٩، دیدی ھیگڵ بۆ کۆمەڵی مەدەنی و  ئەفلاتونی کۆمەڵایەتی لەبازنەی رۆحی بابەتیدا .
٥. سەرەتاکانی سۆسیۆلۆژیا، ءەرگێڕان شوان ئەحمەد، کۆمەڵە ءوتار، چاپی دووەم ٢٠٠٩، دەزگای چاپء پەخشی سەردەم – سلێمانی .

٦. گۆڤاری ئایدیاواڵا ژمارە ٣٦ ٢٠١٢، دەزگایءاڵا، سلێمانی، مارکسء ڕەخنە لە ھیگڵ .

٧.

  1. Hegel Biography , Hegel – by – Hyper Text Resources , Biography at Hegel .net
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی

 

تێبینی ؛ ناوی نوسه‌ر سوارە ڕەسول ئیسماعیل (مامۆستا پێشرەو)

ماستەر لە بواری بەڕێوەبردن گەشەکردنی کۆمەڵگای مەدەنیدا (بریتانیا)