قەحپەخانە


Loading

چیرۆکی یەکەم

دابان عه‌تار

– بەڵێ بۆ حیزبی فڵان.
– بەڵێ بۆ مافی ڕەوای گەلەکەمان.

کەناڵەکەم گۆڕی
– نەخێر بۆ درێژکردنەوەی حوکمی بنەماڵەیی.

– تەلەفیزیۆنەکەم کوژاندەوە.
– ئەلوو …
– لە دوکانیت؟
– هەرئێستا دێم.

– ئەلوو!
– چی نوێمان هەیە؟ ئەوه‌ چەند ڕۆژە دەمەوێت هی نوێ تاقیبکەمەوە.

– بە کابرام گووت: هەر چوار جامەکەم بۆ بکە به‌ ئاڵای کوردستان و وێنەیەکی خەندە لە سەر لێوی فڵان سەرکردەشم بۆ لە جامی پێشەوە بدە.

ئەمجارەیان پۆلیسەکان مۆڵەتەکەیان لێوەرنەدەگرتم، بەڵکو کاتێک چاویان لەگەڵ وێنەکە یەکانگیردەبوو، نەک هەر قسەیان نەدەکرد، بەڵکو زۆری نەدەما سڵاوێکی سەربازانەشم بۆ بکەن.

لە سەرەتای هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، هەموو ڕۆژێك بە هەمان ئۆتۆمبێل، یەکێكی نوێم لەگەڵ خۆم سواردەکرد، لە پشتی بازگەی دەرەوەی شار تا بێزار دەبووم دەلەوەڕام و کڵاوم بۆ وێنەکە دەدووری. ئەوەی من بانگەشە نەبوو بۆ سەربەخۆیی، بەڵکو بانگەشەبوو بۆ ئامێرەکەم.

چیرۆکی دووهەم

نامەکە بەمشێوەیە نوسرابوو:
ئەمشەو دابان عەتار لە هەژماری تایبەتی خۆیەوە، چیرۆکێکی بەناوی (قەحپەخانە)ەوە بڵاوکردووەتەوە. ئەو چیرۆکەی دژی بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەمانە …

چیرۆکەکەم خوێندەوە، ترسێک کەوتە هەناومەوە، وام هەستکرد من کاراکتەری چیرۆکەکەی بم. ئەرێ ئەوە چۆن زانیبووی لەوەتەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردبوو، ئەوە کاری من بوو؟! سەرم لەوە سوڕمابوو.

لە کۆتایی نامەکەدا نوسرابوو: ئەگەر سەرنج لە ناوەڕۆکی چیرۆکەکە بدەین، دەبینین پڕە لە سووکایەتی بەرانبەر سەروەرییەکانی وڵاتمان، بۆیە پڵنگی کێوی لەگەڵ شێرەدڕە و فڵان و فیسار هەڵدەستن بە چاودرێری کردنی دابان و لە فرسەتێکدا دەیڕفێنن.

منیش وەک پڵنگێکی کێوی ناوم هاتبوو، (ئەوە ناوە نهێنییەکەم بوو)، من هەرگیز لە چالاکی زۆر ترسناکیش، نەترسابووم، هەر بۆیەش ناوی پڵنگی کێویان لێم نابوو، بەڵام ئەمجارە هەستم بە ترس دەکرد، لە خۆم پرسی، ئەگەر منی ناسییەوە؟
ئێ خۆ من کەسێک بەو ناوەوە ناناسم، چۆنچۆنی دەمناسێتەوە؟ ئەی ئەگەر نامناسێت چۆن ئاوا بە وردەکاری ئەو ڕووداوانەی ژیانی منی تۆمارکردوە؟!

ناخم دەکوڵا! هەر ئەوکاتە بکەوتبایه‌ بەردەستم سەریم هەڵدەقەند، بەڵام فەرمانەکە بەمجۆرە نەبوو، بەڵکو فەرمان کرابوو دوای ئەوەی باشی دەکوتین، دواتر هەڕەشەیەکی باشی لێ دەکەین، کە جارێکی دی گوی وا نەخوات.

بۆ شەوی دواتر، زۆر بە ئاسانی گرتمان و بردمانە پشت بازگەی دەرەوەی شار، لە هەمان جێژوانەکانی من، ئا ئا لەهەمان ئەو شوێنەی من کڵاوەکانم بۆ کوردایەتی تێیدا دەدووری، بە هەر چوارمان کەوتینە وێزەی و شەق تڕێنمان کرد. بەهیچ شێوەیەک نەمهێشت چاوەکانی بێت لەگەڵ چاومدا یەکانگیر، دەمولوتی خۆشم باش هەڵپێچابوو، تاوەکو نەمناسێتەوە.

دوای ئەوەی لە ژێر دەستمان شل بوو، یەخەیم گرت، بە هەموو هێزی خۆم، مستێکم سرەواندە لا چاوی و ترساندم بەوەی ئەگەر جارێکی دیکە ناماقووڵی وا بکاتەوە، سەری لە قەبری باوکی دەنێین، ئەویش نیگایەکی فێڵبازانەی بۆ کردم، هەر لە ژێر لێوەوە چەند قسەیەکی بۆڵاند، کە تەنیا من گوێم لێیبوو، بەڵام نەمهێشت قسەکانی تەواو بکات، چونکە ترسێکی گەورەم لێ نیشتبوو، گووتی: من مەبەستم کەسێکی تایبەت نەبووە، بۆ نموونە دەشێت تۆ هەمان ئەو کاراکتەرە … نەمهێشت قسەکەی تەواوبکات و کێشام بە دەمیدا. هاوارمکرد تێیهەڵدەن!

هاوڕێیانم پرسیان: چی گووت؟
وەڵاممدانەوە: ئەوە دەڵێت تۆبە گوم خوارد، جارێکی دیکە دووبارەی ناکەمەوە.
فەرمانمدا: تێیهەڵدەن!
کەوتنەوە وێزەی، بەڵام ترسێکی زۆر هۆشی قانگدابووم، ئەدی ئەگەر من کاراکتەری چیرۆکێکی ئەو بم و ڕاستەقینە نەبم؟!

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین