تەنها کۆمۆنیزمێکی لاواز دەتوانێت ڕزگارمان بکات

Loading

کۆمۆنیزمی هێرمۆنۆتیک: لە هایدگەرەوە بۆ مارکس

(تەنها کۆمۆنیزمێکی لاواز دەتوانێت ڕزگارمان بکات)

– چاوپێکەوتن لەگەڵ جیانی ڤاتیمۆ –

 

  لەئینگلیزیەوە

ڤیکتۆر ئەمیلا: ئەو قسەیە ڕاستە کە دەڵێن گوایە تۆ کۆمۆنیستیت؟

جیانی ڤاتیمۆ: ئەی چی بم؟ بۆ شتەکان چۆنن؟

ڤیکتۆر ئەمیلا: بەڵام کۆمۆنیزم ٧٠ ملیۆن مرۆڤی کوشت!

جیانی ڤاتمۆ: ئەوە کۆمۆنیزم نەبوو.

ڤیکتۆر ئەمیلا: ئەی چی بوو؟

جیانی ڤاتیمۆ: کەڵکەڵەی پیشەسازی (industrialism) بوو. لینین پێشنیاری ڕاکيشانی کارەبا و دانانی سانسۆری میللی بۆ سۆڤێت کرد، کەچی سانسۆر و کۆنترۆڵە میللیەکە دیارنەما و بوو بە تۆز.

ڤیکتۆر ئەمیلا: ئەی چی مایەوە؟

جیانی ڤاتیمۆ: پیشەسازی. ستالین گەشەپيدانی پیشەسازی قورسی سەپاند بەسەر کشتوکاڵدا کە دەرەنجامەکەی بریتی بوو لە ماڵوێرانکردنی خەڵکی، قوربانیەکی زۆر و چەندین حاڵەتی مردن… خەونێکی شێتانە بوو.

ڤیکتۆر ئەمیلا: تۆ بڵێ تۆقاندن.

جیانی ڤاتیمۆ: بەڵام گەر هێزی پیشەسازی ستالینیش نەبوایە نازیزم جەنگەکەی دەبردەوە.

ڤیکتۆر ئەمیلا: فێڵ یان مەرگ، چ تراژیدیایەکە!

جیانی ڤاتیمۆ: کێشەکە ئەوەیە کە هەم کۆمۆنیزمی سۆڤێتی و هەم سەرمایەداری خۆرئاوایی هەمان ئایدیۆلۆژیای شێتانە پەخش و بڵاودەکەنەوە: بەپیشەسازیکردنێکی زۆرەملێیانەی کۆمەڵگە.

ڤیکتۆر ئەمیلا: کۆمۆنیزم ڕوخا، بەڵام سەرمایەداری مایەوە.

جیانی ڤاتیمۆ: سەرمایەدارییش بە قەیرانەکانی خۆیەوە دەتلێتەوە. تۆ بڵێی چ پاشەڕۆژێکی هەبێت؟

ڤیکتۆر ئەمیلا: پێم بڵێ تۆ چۆن دەیبینیت؟

جیانی ڤاتیمۆ: چەند ساڵێک بەر لەئێستا کرێی کرێکارێک ٢٠ جار کەمتر بوو لە کرێی بەرپرسێکی جێبەجێکەر، لێ ئێستا کرێی بەرپرسەکە ٢٥٠ کەڕەت زیاترە لە هی کرێکارەکە. ئاشکرایە کە چ کەلێنێکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە. دەوڵەمەندەکان هەتا دێت دەوڵەمەندتر و دەوڵەمەندتر دەبن، هەژارەکانیش هەژارتر و نەدارتر.

ڤیکتۆر ئەمیلا: بەڵام لە سیستمێکی دیموکراتدا دەژین.

جیانی ڤاتیمۆ: بەڵام گەر سەرنج بدەیت دەبینیت کەس حەز و ئارەزووی بۆ هەڵبژاردن نەماوە، بووە بە شتێک کە خۆی چۆنە وا دەڕوات. من نازانم ئێمە بە چ نمونەیەکی ئیدیاڵەوە بۆ ژیان مژدە و هیوا ببەخشینە کۆمەڵگە؟ بە بازاڕی ئازاد؟

ڤیکتۆر ئەمیلا: ئەی تۆ پيشنیاری چ ئیدیاڵێک دەکەیت؟

جیانی ڤاتیمۆ: من مەسیحیم، کەواتە من کۆمۆنیستم. یەکەمین جڤات و گروپە مەسیحیەکان کۆمۆنیست بوون، لەگەڵ یەک جیاوازیدا کە بڕوایان بە کۆتایهاتنێکی دەستبەجێ و خێرای دنیا هەبوو.

ڤیکتۆر ئەمیلا: بەڵام خۆ ئەگەری هاتنی ئەو رۆژە بزر نەبووە و هەر ماوە…

جیانی ڤاتیمۆ: ڕێک لەبەر ئەو خاڵەیە کە منیش پێشنیاری کۆمۆنیزمێکی هێرمۆنۆتیکی دەکەم نەوەک دۆگماتیک. من بڕوام بە کۆمۆنیزمێکی لاوازە و پێشم وایە کە تەنها ئەوە دەتوانێت ڕزگارمان بکات.

ڤیکتۆر ئەمیلا: کۆمۆنیزمی لاواز؟ بۆم ڕوونبکەرەوە.

جیانی ڤاتیمۆ: مەبەستم لە کۆمۆنیزمێکە بەبێ بوونی جەوهەر و ڕەهاییەکان، کۆمۆنیزمێک کە بشێت بەهەر نرخێک

جیانی ڤاتیمۆ ؛ فەیلەسوفێکی ئیتاڵی Gianni Vattimo , italiensk filosof *** Local Caption ***
جیانی ڤاتیمۆ ؛ فەیلەسوفێکی ئیتاڵی
Gianni Vattimo , italiensk filosof *** Local Caption ***

بووە، بەدی بهێنرێت. ئەو کۆمۆنیزمە هیچ نییە جگە لە ئیدیاڵی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر، کە تیایدا توندوتیژی وەک دیالەکتیک، لەسەرخۆ و هێواش هێواش لاواز و کەمدەسەڵات دەکرێت.

ڤیکتۆر ئەمیلا: من خۆم خەریکە دەستم بکەوێت: خەونێکی تر.

جیانی ڤاتیمۆ: کۆمۆنیزم وەک خێوێک، خێوێک کە زیاتر بە هۆی ئەو شتانەوە پێناسە دەکرێت و دەناسرێتەوە کە من نامەوێن.

ڤیکتۆر ئەمیلا: ئەو شتانە چین کە تۆ ناتەوێن؟

جیانی ڤاتیمۆ: کۆمەڵگەی چینایەتی، نایەکسانی ئابووری (کە پتر بەرەنجام و زادەی میراتە!)، من ئەوروپایەکم ناوێت کە بانکەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، کەنیسەیەکم ناوێت کە ڕێگرە لەوەی قەشەکان هاوسەرگیری بکەن، پارەیەکی زۆر لە چەکدا بەهەدەر بدات و هاوکات بیشیەوێت نرخی بیمەی پزیشکی نزمبکاتەوە…

ڤیکتۆر ئەمیلا: مانای وایە کە دەتەوێت بەبێ بوونی کەڵکەڵەیەکی ڕەهاگەرا (absolutism) ئەم هەموو شتانەیشت هەبێت.

جیانی ڤاتیمۆ: بەڵێ! ئەمڕۆ یەک جۆر ڕەهایی بەسەر هەمووماندا زاڵە.

ڤیکتۆر ئەمیلا: چ ڕەهاییەک؟

جیانی ڤاتیمۆ: سکهەڵگوشین و دەستگرتنەوە! هەموو شتێک لە پێناوی دانەوەی قەرزی گشتی دا. ئەمە بووە بە شتێکی ڕەها.

ڤیکتۆر ئەمیلا: هیچ وڵاتێک هەیە کە لە خەونەکانتەوە نزیک بێت؟

جیانی ڤاتیمۆ: ڤێنزوێلای چافیز، بەڕازیلی لولا، بولیڤیای مورالێس، ئەرژەنتینی کیشنەر، ئێکوادۆری کۆرێیا…

ڤیکتۆر ئەمیلا: ئەوە بەڕاستتە؟

جیانی ڤاتیمۆ: بەڵێ چونکە وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەڕێوەبردنی سامان و بەکۆمەڵایەتیکردنی تەندروستی و فێرکردن بەهەند وەردەگرن و بایەخێکی تەواوی پێدەدەن،

ڤیکتۆر ئەمیلا: دەتوانیت لەمبارەیەوە هیچ داتا و ئامارێکمان پێ بدەیت؟

جیانی ڤاتیمۆ: ڤێنزوێلا خزمەتە تەندروستیەکانی سێ جار زیاتر کردووە بۆ هاوڵاتیانی، تێکڕای ڕێژەی مردنییشی سێ جار کەمکردۆتەوە، نەخوێندەواری نەهێشتوە، لەساڵی ٢٠٠٣ یشەوە، ئاستی هەژاری بە پلەی ٧٢% دابەزاندووە، هەموو ئەوانەیش بەبێ دژایەتیکردن یان دوورکەوتنەوە لە دیموکراسی.

ڤیکتۆر ئەمیلا: نەوتیش بە ئەمریکا دەفرۆشێت.

جیانی ڤاتیمۆ: تا نەخۆشخانەکانی پێدروستبکات. ئەوەیان جۆرێکە لە هاوسەنگکردنەوەی ئیمپریالیزمی ئەنگلۆساکسۆنی لەگەڵ مۆدێلەکانی ژیانی جڤات. دیموکراسی ئەوان شتێک نیە چاوی لێ بپۆشرێت، بەڵکو بە هەند وەردەگیرێت.

ڤیکتۆر ئەمیلا: داخۆ ئەمە بۆ ئەوروپاش ڕاستە و دەگونجێت؟

جیانی ڤاتیمۆ: لێرە دەبێت چەپەکان بەرنامەیەک بۆ ئۆپۆزسیۆن دابنێن، نەوەک پەیڕەو و پرۆگرامەکە لە حکومەتەوە دابڕێژرێت. ئەگەر دەوڵەتی چەپ لەبار و گونجاو نەبێت، ئەوا تاکە شتی چاوەڕوانکراو بریتیە لە بەرەنگاربوونەوە.

ڤیکتۆر ئەمیلا: مەبەستت لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی نیشاندانە؟

جیانی ڤاتیمۆ: بەڵێ، ململانێی لۆکاڵی. ژیان هەر ئەوە نیە کە دڵت خۆش بکەیت و چێژی خۆت ببینیت، بەڵکو خەباتکردن، دژایەتیکردن و بەرەنگاربوونەوەیشە. ئەوە شتێکی باش و پێویستە بۆ تەندروستی سایکۆلۆژییش. خۆی ڕیشەکانی نەخۆشی و دەردی سایکۆلۆژی لە هەستکردندا بە نەبوونی هیچ هۆکارێک بۆ خەباتکردن پەنهانن، مرۆڤ ئەو کاتە دەروونبیمارە کە پێی وایە هیچ ئامانجێکی نیە بۆی بجەنگێت، هیچ هۆکارێک نیە وای لێ بکات بەربەرەکانێ بکات.

ڤیکتۆر ئەمیلا: شەڕکردن و بەرەنگاری وەک ئەندام پەرلەمانێک لە پەرلەمانی ئەوروپا؟

جیانی ڤاتیمۆ: من پێشنیاری سیاسەتی چەپێکی تۆلێرانت دەکەم تاوەکو خۆم بە دوور بگرم لە توندوتیژی تیرۆریستیانە.

ڤیکتۆر ئەمیلا: مۆنتی (سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا) چۆن لە ئیتاڵیا کار دەکات؟

جیانی ڤاتیمۆ: مۆنتی تەکنۆکراتێکی باشە: ئەو لە جیاتی سەروەرەکان چاکسازی لە سیستەمەکەدا دەکات.

ڤیکتۆر ئەمیلا: ئەی باشوری ئەوروپا، ئیسپانیا چۆن دەبینیت؟

جیانی ڤاتیمۆ: دەمانتوانی چیمان بوێت بەرهەمی بهێنین، بەڵام ئەوە خۆمانین کە پارە بە هەدەر دەدەین. دواجار ئەنجامەکەمان وەک ئەو کۆڵۆنیانەی لێ دێت کە پشتی بە سەرمایەی سەروەرەکان بەستووە.

ڤیکتۆر ئەمیلا: کوان ئەو سەروەرانە؟

جیانی ڤاتیمۆ: نازانم، بەڵآم ئەوەندە دەزانم ١% ی ئیتاڵیەکان خاوەنی سەروەتوسامانی ٥٠% ی دانیشتوانەکەین. ئێمە دەمانتوانی کەمتر فڕۆکە بکڕین و زیاتر خوێندنگەی باشتر دروستبکەین. ئەوەی کە کۆمۆنیزمی خنکاندووە ناواقیعیبوونی سوود و قازانجی پیشەسازیە، لە ئێستایشدا سوودی واقیعیانەی سامان خۆی، بۆتە مایەی پلیشاندنەوەی سەرمایەداریی.

ڤیکتۆر ئەمیلا: دژ بە قەیران و بەرهەمهێنان؟

جیانی ڤاتیمۆ: کەمتر لەوەی کە کەڵکەڵە پیشەسازییە کۆنەکە بەرهەمی دەهێنا: با تەنها ئەوەندە بەرهەمبهێنین کە پێویستمان پێیەتی. ئۆتۆمبێلی کەمتر، شتومەک و کاڵای کەمتر، لەجیاتی ئەوەیش زیاتر بایەخ بە کشتوکاڵێکی ناوخۆیی باشتر بدەین!

ڤیکتۆر ئەمیلا: گەر بەو لۆژیکە بێت، مانای وایە کە هەتا دێت هەژارتر و هەژارتر دەبین.

جیانی ڤاتیمۆ: بەڵام لەوە باشترە کە خەڵکی یەکتری بکوژن، ئەمە جگە لەوەی کە جیاوازی کۆمەڵایەتی کەمتر دەبێتەوە. گەر وا نەکەین، ئەوە توندوتیژی هەڵدەکشێت، با تۆزێک پراگماتیکیانە بیربکەینەوە و ڕێ لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی توندوتیژی بگرین.

ڤیکتۆر ئەمیلا: ئەی تۆ چی بۆ ئەو ئیدیاڵە دەکەیت کە خۆت پێت باشە؟

جیانی ڤاتیمۆ: بە من بێت زیاتر بیمەی خوێندن بۆ خويندکارە لاوەکانی بواری تەندروستی دابین بکەم. بە کردنی کارێکی وەها، خۆشحاڵ دەبم.

ڤیکتۆر ئەمیلا: چی تر؟

جیانی ڤاتیمۆ: لەکۆتایی هەموو ڕۆژێکیشدا نوێژ و دوعا بۆ باشتربوونی ژیان دەکەم.

 

سەرچاوە: گۆڤاری: Monthly Review، بەرواری ٥/١/٢٠١٣.

http://mrzine.monthlyreview.org/2013/vattimo050113.html.

 مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!