بەرگی یەکەم و دووهەمی کتێبی ''کیەکەگۆ و مەحوى: لە تەرازووى بوونناسییدا'' - بڵاوکراوەکانی دەزگای سەردەم - ٢٠٢٦
بەرگی یەکەم و دووهەمی کتێبی ''کیەکەگۆ و مەحوى: لە تەرازووى بوونناسییدا'' - بڵاوکراوەکانی دەزگای سەردەم - ٢٠٢٦

فەلسەفەى بوون لە وەرگێڕانە فارسیی و عەرەبیەکاندا


پێداچوونەوەیەکى ڕەخنەگرانە بە هەندێ نموونەدا

Loading

فەلسەفەى بوون لە وەرگێڕانە فارسیی و عەرەبیەکاندا

(پێداچوونەوەیەکى ڕەخنەگرانە بە هەندێ نموونەدا)

 

ڕێبوار سیوەیلى

 

 

ئەمەى دەخرێتە ڕوو چەند لاپەڕەیەکە لە بەرگى یەکەمى کتێبى: (کیەکەگۆ و مەحوى: لە تەرازووى بوونناسییدا)[1]. ئەم باسە لە دوو بەشدا پێشکەش دەکرێت، بەشێکیان تەرخانکراوە بۆ چەند نووسەر و وەرگێڕانە فارسییەکانى بەرهەمى فەیلەسووفى دانمارکى سۆرین کیەکەگۆ ١٨١٣-١٨٥٦) و ئەویتریشیان بۆ دوو نووسەرى عەرەب لە هەمان بواردا.
لەم بەشەدا كەمێك بە دوورودرێژی باسی هەندێك لەو كەسایەتییە فارس/ئێرانیانە دەكەم، كە گرنگییان بە كیەكەگۆ داوە. هۆكاری ئەوەش كە بۆچی ئەو كارەم كردووە، دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر خوێنەری كورد و دووبارەكردنەوەی ئەو هەڵانەی لە زمانی فارسییدا لەبارەی كیەكەگۆوە كراون. ئەمە بۆ زمانی عەرەبییش هەر ڕاستە و دەمەوێت لەم ڕێگەیەوە ئاماژە بدەم بە نووسەران و خوێنەرانی كورد كە بە وریاییەوە باوەڕ بە وەرگێڕانەكانی كیەكەگۆ بۆ ئەم دوو زمانە بكەن.. لەبەر ئەوەی ئێمە چەند نموویەكمان هەڵبژاردوون، تا ڕاددەیەكیش ڕەچاوی ڕیزبەندیی میژووییمان كردووە. هەروەها پێویستە ئەوەش بگوترێ، لەبەر ئەوەی چەند دانەیەك لەم نووسەرە دیارانە بە نووسراو باسی كیەكەگۆیان نەكردووە، ئێمەش ناچار بوون پشت بە تۆمارە دەنگیەكانیان لە یوتیوب ببەسیتن و سەرچاوەكەیان بە وردیی دەستنیشان بكەین.

 

بەشى یەکەم: نووسەر و وەرگێڕە ئێرانییەکان

  • د. سرووش دەبباغ[2]:

لەگەڵ ئەوەشدا كە پەیتا پەیتا بەرهەمەكانی كیەكەگۆ لە زمانانی دووەم و سێیەمەوە، وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی فارسی و لەبارەی كیەكەگۆوە كتێب و نامێلكە دەكرێنە فارسی، ئەوە هێشتا كیەكەگۆناسی ئێرانی (فارسی زمان) كێشەی خۆی هەیە. سەرباری ئەمەش ژمارەیەكی زۆر لە كیەكەگۆدۆستانی فارسی زمان، لە یوتیوبەوە دەرستگوتار و چاوپێكەوتن و وتوێژ بڵاو دەكەنەوە. هەموو ئەمەش ئەو ڕاستییە ئاشكرا دەكەن، كە كۆمەڵگەی ئێرانی دووچاری كێشەی تایبەتییە و لەگەڵ قەیرانێكی بوونناسانەدا یەخانگیرە. لەم بیست ساڵەی دواییدا مامۆستایان و نووسەرانێكی زۆری فارس زمان ئاوڕیان لە كیەكەگۆ داوەتەوە و وەرگێڕانی بەرهەمەكانیشی بۆ سەر زمانی فارسی هەر لە برەودان. ئەمە جگە لەوەی نووسینی چەند بەرهەم و توێژنەوەی زانكۆیی ئەنجام دراون و چەند كتێب و نامیلەكەیەكیش لەبارەی كیەكەگۆوە لە زمانی دیكەوە، بۆ زمانی فارسی وەرگێڕدراون.

نازانرێت ئەمە خزمەت بە كیەكەگۆ دەكات، یان بە كۆمەڵگەی ڕۆشنبیریی فارسیزمان، بەڵام دڵنیام ئەمە خزمەت بە مرۆڤی ئێرانی وەك خاوەن كێشەگەلێكی بوونناسانەو بووخوازانە ناكات. لە زۆربەی ئەم كارانەدا بەرچاومان نەكەوتووە، یەكێك ڕاستەوخۆ پشتی بە زمانی دانیماركی بەستبێت. ئەمەش كیەكەگۆناسی ئێرانیی خستۆتە كێشە و قەیرانەوە بە جۆرێك كە نە نووسەرانی ئێرانی و نە وەرگێڕەكانیان، زاراوەكانی ئەم فەیلەسووفەشیان یەك نەخستووە. بگرە لەسەر گۆكردنی ناوی ئەم فەیلەسووفەش كۆك و تەبا نین، ئاخۆ دەبێت ناوەكەی بنووسرێت: كی یركەگور، كیركگور، یان: كركەگور!

لەمەش زیاتر، قسەكردن لەبارەی فەلسەفەی كیەكەگۆوە بە زمانی فارسی بۆتە باو. لەناو ئەوانەشدا چەند مامۆستایەك، كە قسەكانیان تۆمار كراون و بڵاوكراونەتەوە. دوو لەو نموونانە بریتین لە د. بابەك ئەحمەدی و د. سرووش دەبباغ. ئەوەی جێگەی سەرنجە د. دەبباغ لەكەنەدا زنجیرە سەمینارێكی هەشت بەشی پێشكەش كردووە و دەڵێت كتێبەكەی (پیتەر ڤاردی: دەروازەیەك بۆ كیەكەگۆ)ی كردۆتە “سەرچاوەی دەرسگوتارەكانی”، كە نزیكەی سەد و بیست لاپەڕەیەكە و لە هەشت دانیشتنی كاتژمێر و نیویدا قسەی لەبارەوە دەكات و دەشڵێت “هەموو كتێبەكەشی نەخوێندۆتەوە”[3].

وەك هەر كەسێكی دیكە، كە بەرهەمی كیەكەگۆی بە زمانی دانماركی نەخوێندبێتەوە، د. دەبباغیش لە بابەتی وێستگەكانی ژیاندا كەوتۆتە هەڵەوە و لەسەر زانیاریی سەرچاوەكانی دەستی دوو و سێوە بە سێ (قۆناغ)یان دادەنێت. هەروەها بەجۆرێك باسی كەسایەتی كیەكەگۆ دەكات، وەكئەوەی “نەخۆشیی دەروونی” هەبووبێت و ئەوەشی بۆ نەبۆتە پرسیار چۆنە كەسیك نەخۆشیی دەروونی هەبووبێت و ئەو هەموو بەرهەمە لە هەزاران لاپەڕەدا بنووسێت؟!.

بەودیوی دیكەشدا گومانی لەوە نییە، كیەكەگۆ وەك فەیلەسووف ناو ببات. كەواتە بە بۆچوونی دەبباغ بێت، ئێمە لەگەڵ فەیلەسووفێكی نەخۆشدا سەروكارمان هەیە. بە گشتی د. دەبباغ، بەشێوەیەكی پەلە و وەكئەوەی لەو سەری هەموو ڕاستییەكەوە سەبارەت بە كیەكەگۆ هاتبێتەوە، باسی ئەم بیرمەندە دەكات، ئەو وێنایەمان پێدەبەخشێت كە هەندێك لەبەرهەمەكانی خوێندبێتەوە، بەڵام هیچ دڵنیاییەكمان پێنابەخشێت، كە یەك بەرهەمی ئەو فەیلەسووفەشی بە وردى یان بە زمانى بنەڕەتى خوێندبێتەوە. ڕاستە ئەو هەندێك نووسین و گوتەزا بەجۆرێك دەخوێنێتەوە، وەكئەوەی لەبەرهەمەكانی كیەكەگۆوە وەرگیرابن، بەڵام جۆری دەستنیشانكردنیان ڕوون نییە، مەگەر ئەو كاتەی د. دەبباغ بەرهەمە دەنگییەكەی بكاتە نووسراو.

كیەكەگۆ تا كۆتایی تەمەنی كە لە لاق دەكەوێت، جاروبار سەرقورسییەك، یان خەمۆكییەكی خۆی باس دەكات، بەڵام نەخۆشی دەروونی بەو واتایەی ئەمڕۆ لێیتێدەگەین، لەگەڵ نەبووە.

بۆ ئێمە جێگەی سەرسووڕمانە مامۆستایەكی فەلسەفە بە پشتبەستن بە تاكە سەرچاوەیەك نزیكەی هەشت سەعات زیاتر، لە كەنەدایەكی پڕ لە سەرچاوەی وەرگێڕدراوی كیەكەگۆ، قسە لەبارەی فەیلەسووفێكەوە بكات، كە بەتەواوی نایناسێت. كورتكردنەوەی ژیان و هزری فەیلەسووفێك لە سەرچاوەیەكدا و چەند چیرۆكێكی ئەملاولا، كە زۆربەشیان ڕاست نین، لەگەڵ هەندێ بۆچوونی گشتی و چەند نەخۆشی دانەپاڵی فەیلەسووفێك، مامەڵەكردنێكی فەلسەفیی بابەتیانە نییە. كۆی ئەو بابەتانەی د. دەبباغ لەبارەی كیەكەگۆ و پەیوەندیی بە باوكی و دایكییەوە دەیانڵێت لە ئێستادا و بەپێی ئەو زانیارییانەی لە كۆبەرهەمی كیەكەگۆدا بڵاو بوونەتەوە، گومانیان چۆتە سەر.

  • د. بابەك ئەحمەدی:

دوكتۆر بابەك ئەحمەدی فەلسەفەكارێكی ناوداری ئێرانییە. لە نووسینی فەلسەفییدا زمانێكی ڕوون و فارسییەكی قەشەنگ دەنووسێت. لە ڕووی ڕۆنانی زاراوەوە و دەستنیشانكردنی سەرچاوەكانییەوە ڕوون و سەركەوتووە و فێركارە. لە چەند بەرهەمێكیدا بەشێوەیەكی ڕاگوزەرییانە چۆتەوە سەر باسكردنی كیەكەگۆ، بەڵام هەرگیز تۆكمە و بەگووڕ خۆی بۆ تەرخان نەكردووە. سەرەتا لە هەردوو كتێبە قەبارە گەورەكەیدا: (هایدەگەر و پرسیاری بنەمایی و هایدەگەر و مێژووی بوون)[4]، بەشێوەیەكی پچڕ پچڕ ناوی دەهێنێت و گوتەیەك، بیرۆكەیەك، یان گوزارەیەك لێرە و لەوێ لە بەرهەمەكانی كیەكەگۆ، دەهێنێتەوە و بەسەریدا تێپەڕ دەبێت. ئەمەش نیشانەیەكی ئاشكرای ئاگادارنەبوونییەتی لە بەرهەمەكانی و گومانیش دەخاتە سەر ئەو بەرهەمانەی ئاماژەیان پێدەدات.

لە كتێبی یەكەمیدا، ئەحمەدی (23)جار ناوی كیەكەگۆ دەهێنێت بە مەودای هەر 60 بۆ 70 لاپەڕە، كە هیچی وا دەست خوێنەر ناكەوێت. بۆ نموونە لە لاپەڕە (259-260) باسی كاریگەربوونی هایدەگەری لاو بە كیەكەگۆ دەكات سەبارەت بە خۆوەدیهێنانی تاكەكەس و خودێتی و لە یەك دێڕدا دەیبڕێتەوە بەبێ هیچ ئاماژەدانێك بە كیەكەگۆ: “خودێتی دادەهێنرێت، شتێكی لە پێشەوە پێدراو، دەستنیشانكراو و خاوەن گەوهەرێك نییە”[5]. دوایئەوە هەتا لاپەڕە (375) كیەكەگۆ ناوی نایەتەوە. جارێكی دیكە لە لاپەڕە (375-376) كە باسی جیاوازی ترس و شپرزەیی دەكرێت و هەمان بابەت لە لاپەڕە (387-388) دووبارە دەكاتەوە، ئیدی بازێك بەرەو لاپەڕە (486) هەڵدەدات و هیچ باسێك لە كیەكەگۆ نییە.

بەمجۆرەش بیرمەندێك كە زۆرترین كاریگەریی لەسەر هایدەگەر هەیە و زۆرترین زاراوەكانی لەلایەن ئەم فەیلەسووفەوە ڕاگوێزراون، نەك هەر لە بەشێكی ئەم كتێبەی ئەحمەدییدا باسێكی سەربەخۆ بۆ ئەم كاریگەریی و لێوەوەرگرتنە نییە، بەڵكو بەجۆرێكیش كیەكەگۆی بەسەر كتێبەكەییدا پەرت كردووە، كە كۆكردنەوەی ئاسان نییە و ئەو كاریگەرییەی خودی هایدەگەر بە ئاماژەی ئەحمەدی، دانی پێدا دەنێت، شوێنەوارێكی نەماوە. ئەمەش نیشانەیەكی ئاشكرای ئەوەیە كە ئەحمەدی لەلایەكەوە، كاریگەریی كیەكەگۆی بەسەر هایدەگەرەوە بە جیدی نەگرتووەو لەلایەكیتریشەوە: نەیخوێندۆتەوە و بەرهەمەكانی نەبینیون بۆ ئەوەی ئامادەیی بەردەوامی كیەكەگۆ لەلای هایدەگەر بناسێتەوە و وەك بابەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بكات.

لە كتێبی دووەمیشیدا: هایدەگەر و مێژووی بوون، ئەحمەدی نزیكەی (17)جار ناوی كیەكەگۆی هێناوە. جگە لەلاپەڕە (21)، ئیدی هەتا لاپەڕە (191) كە ئاماژەیەكی ڕاگوزریانە بەناوی كیەكەگۆ دەكات و پاشان (241) و لەوێشەوە بۆ (272) و پاشان بۆ لاپەڕە (327) ناوی ناهێنێتەوە. لەوەدواش هەر نیزكەی سەد لاپەڕە دەڕوات تا جارێكی دیكە ئەحمەدی ناوی كیەكەگۆی بیر دەكەوێتەوە. ئیدی بەو جۆرە كیەكەگۆ لە جیهانی هایدەگەردا بە خستنەڕووی ئەحمەدی وەك ئاوارەیەكی ماڵ لە كۆڵی لێدێت، نەك وەك خاوەن مەنزڵێك، كە هایدەگەر تێیدا ڕیشەی داكوتاوە. ئەو كارەی دوكتۆر ئەحمەدی بە كیەكەگۆی كردووە و لە ڕێگەیەوە پەیوەندیی كیەكەگۆ و هایدەگەری هەڵوەشاندۆتەوە، پتر لە كایەی هەلوكێن دەچێت، نەك توێژینەوەی فەلسەفی. لە توێژینەوەیەكی ئاوا گەورەدا، مەرجی یەكەمی زانستیانە ئەوە بوو، بەشێكی یان باسێك بۆ ڕەگوڕیشە كیەكەگۆییەكانی هایدەگەر تەرخان كردبا.

 

 

مارتین هایدگەر لە کوختەکەی خۆی لە تۆتاونبێرگ –
Martin Heidegger 26 September 1889 – 26 May 1976

 

 

لە كتێبی (سارتەر كە دەینووسی/ساتر كە می نویشت)[6]، ئەم فەرامۆشكردنەی كیەكەگۆ كەمێك كاڵ دەبێتەوە و هەرچەندە كەم، بەڵام لە دوو بابەتی تایبەتدا ئەحمەدی كیەكەگۆ لە شوێنی خۆیدا بەسەر دەكاتەوە. یەكەمیان لە بەشی (بوونناسیی دیاردەناسانەدا)، كە تیایدا بە ڕوونیی كیەكەگۆ دەخاتە دەرەوەی ئیگزیستیانسیالیستەكان و داكۆكی لەوە دەكات كە فەلسەفەی كیەكەگۆ فەلسەفەی بوونە/اگزیستانس، نەك ئیگزیسیتانسیالیزم[7]. دووەمیان، ئەوەیە كە ئەحمەدی ڕاشكاوانە ئاماژە بە ئامادەیی كیەكەگۆ لە هەردوو كتێبی (بوون و كات)ی هایدەگەر[8] و كتێبی (بوون و نەبوون)ی سارتەردا[9]، دەكات و دەنووسێت: “كیەكەگۆ بەردەوام لە بوون و نەبووندا ئامادەیە. ڕوانگەی گشتی چەمكە بوونناسییەكان، بیرۆكە سەرەكییەكانی بوونی مرۆیی، ڕەسەنایەتی تاكەكەس، باوەڕی هەڵە، ژیانی مرۆڤی ئازاد و بەرپرسیار لە دنیای پڕ لە ساختە و چینی ناوەندی بۆرژواییدا، وەسفكردنی دیاردەناسانەی جەستە و چەمكی بنەڕەتیی شپرزەیی و لە كۆتاییشدا چەمكی ئازادی، كە وەك چارەنووسێكی ناچارییانە یەخەی هەر مرۆڤێ بەرنادا، هەموویان ئەو چەمكگەلەن كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ڕاشكاو لە نووسینەكانی كیەكەگۆدا باسكراون”[10].

بەپێی ئەم دانپیانانەی ئەحمەدی بێت، دەبوو لە هەریەكێك لەو دوو كتێبەیدا، باسێكی تایبەت بۆ ئەم ئامادەییە زۆرەی كیەكەگۆ لە بەرهەمی هایدەگەر و سارتەردا بخاتە ڕوو.

لەم ساڵانەی دواییشدا. د. ئەحمەدی تۆماركراوی وانەكانی لە بارەی ئیگزیستانسالیزمەوە بە ناوی: (دەرسگوتاری فەلسەفەی بوونگەرایی2021)، لە نیزیكەی (20) وانەدا، بڵاو كراونەتەوە، كە لە هەركامێكیاندا ماوەی سەعاتێك زیاتر قسە دەكات[11]. لە دەرسگوتاری سێیەمدا دێتە سەر باسكردنی سۆرین كیەكەگۆ و لە ڕیزی نیتشە، كیەكەگۆیش بە یەكێك لەو “دوو فەیلەسووفە گەورەیەی سەدەی نۆزدەیەم” ناو دەبات. لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت:

“كیەكەگۆ خۆی بە فەیلەسووف نەدەزانی خۆی بە ئەدیب دەزانی. مامۆستای نووسینی كورتە چیرۆكی سەرسووڕهێنەر بوو، ئەو چیرۆكانەی لە سەردەمی خۆیدا بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ڕۆمانتیكەكانەوە ببوونە باو: چیرۆكی خەیاڵی و كەسایەتی خەیاڵی، كە ناوەڕۆكی بنەماییان زۆر فەلسەفی بوون.. چیرۆكەكان دەچوونەوە سەر هەندێ باسی كۆمەڵایەتی، وەك ئازادیی ژن، كە شتێك بوو لەو سەردەمەدا ئەو دەژیا و زۆرترین بەرهەمەكانیشی لە دەیەی چلی سەدەی نۆزدەهەمدا نووسین، زۆریش گرنگ نەبوو، یەكێكە لە یەكەمین ئەو كەسانەی بیری لەم بابەتە كردۆتەوە.. دوو سێ جار دەزگیرانی گرت و ڕێك لە ئاستانەی هاوسەرگیردا هەڵیوەشاندنەوە”[12]. (لە درێژەی قسەكانیشیدا، ئەم دوو سێ جار دەزگیراندارییەی كیەكەگۆیش دووبارە دەكاتەوە).

پاشان ئەحمەدی لە درێژەی ژیاننامەكەی كیەكەگۆدا دەڵێت: “مرۆڤێكی دەروونپەیڕەو، بەدئاكار و پەرش بوو. هەرچەندە لە دەیەی سێیەمی سەدەی پێشوودا كامێرای وێنەگرتن داهێنرا و هەموو كەس و كارەكەی وێنەیان گرتن، كەچی ئەو یەك وێنەی لێ بەجێ نەماوە، حەزی لە وێنەگرتن نەبوو.. وەك شۆپێنهاوەر بەد نەبوو، دڵخۆش نەبوو، سەبارەت بە دنیا زۆر تەڵخ و بەدانە دەینووسی”[13].

جگە لە ڕستەی یەكەم، كە دەڵێت كیەكەگۆ خۆی بە فەیلەسووف نەدەزانی (پاشانیش لەمە پاشگەز دەبێتەوەو لە زمان ڤیتگنشتاین و ڕاسڵەوە بە “قووڵترین فەیلەسووفی نێو مێژووی فەلسەفە” ناوی دەبات)، هیچ یەكێك لەم زانیاریانەی دوكتۆر ئەحمەدی ڕاست نین و ڕەنگە هیچ سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو نەبێت، پشتڕاستیان بكاتەوە. ڕستەكانی وەك (مرۆڤێكی پەرش بوو، سەبارەت بە دنیا زۆر تەڵخ و بەدانە دەینووسی)، گومانێکى زۆر دەخنە سەر ئەوەى بەرهەمەکانى كیەكەگۆت خوێندبێتەوە و ناسیبێتت.

ڕاستە كیەكەگۆ خۆی بە فەیلەسووف نەدەزانی، چونكە بەلای ئەوەوە فەلسەفە وەكئەوەی دەیناسین؛ لە ڕێگەی خۆی لایداوە و لە جیاتی ئەوەی باسی مرۆڤی زیندووی نێو واقیع بكات و بوونی ئەو مرۆڤە بخاتە ژێر گەنگەشە و پرسیارەوە؛ باسی بیرۆكە “ئایدیا”ی مرۆڤ و بوونی ئایدیاڵی دەكات. بۆیە كیەكەگۆ لەگەڵ ئەم فەلسەفەیەدا ناكۆكە وخۆی بە یەكێك لەمجۆرە فەیلەسووفانە نازانێت. بەڵام بە واتا باوەكەی ئەدیبیش نەبوو، ئەو لە هەندێك شوێن بە خۆی گوتووە (نووسەر)، لە هەندێك بە (ئامادەكار) و لە چەندانی دیكەدا بە (دانەر) و لە هەندێ شوێنیشدا خۆی بە (شاعیرێكی ئایینی) ناساندووە. ئەمەشی لە ناونیشانی بەرگی كتێبەكانیدا ڕەنگیداوەتەوە، بەڵام مەبەستی لە نووسەر هەمان مەبەست نییە كە بۆ ڕۆمانووسێك یان بۆ وتارنووسێك بەكار دەهێنرێت..[14].

لە ڕووی جۆری ئەدەبییەوە، هیچكاتێك نووسینەكانی كیەكەگۆ ناچنە خانەی ژانری كورتە چیرۆكەوە. یان ڕۆمانەوە، هەرچەندەش ڕەگەزی گیڕانەوە، خەیاڵ، دیمەنسازی و فرەدەنگی لە كارەكانیدا هەیە، بەڵام ناونیشانی هیچكامێكیش لە بەرهەمەكانی ئەمە پشتڕاست ناكاتەوە تا پێی بگوترێت نووسەر بە واتا ئەدەبییەكەی. ئەو كتێبە دانماركییەش كە پێشتر ئاماژەم پێدا بەناوی (ڕۆمانەكانی كیەكەگۆ 1954)، باسی سێ نووسینی دەكات بە ناوەكانی (یاداشتەكانی فریودەرێك، دووبارەكردنەوە و گوناهبار/بێگوناهـ). ئەمانەشی لەبەر ڕەگەزە خەیاڵییەكەیانی بە ڕۆمان ناوبردن و دەشڵێت كیەكەگۆ بە سێ ناوی خوازراوەوە بڵاوی كردوونەتەوە. ئەوەش ڕووندەبێتەوە كە كیەكەگۆ چەندجار ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە نابێت ئەو بەرهەمانەی ناوی كەسانیتریان لەسەرە بە كاری خۆی بزانرێن، چونكە ئەوە بەرهەمی خۆی نین. تایبەتمەندیی ئەدەبی ڕۆمانتیكی لە نووسینەكانیدا هەیە، لە شێواز و بەكارهێنانی زمانیدا هەیە، بەڵام ئەو خۆی بە بەشێك لە ڕەوت و تەوژمی ڕۆمانتیكی نەزانیوە و كەسێكیش بەوجۆرە پۆلێنی نەكردووە.

خەیاڵ لە نووسینی كیەكەگۆدا، واتایەكی ئازادیبەخشانەی هەیە و توانایی مرۆڤ بۆ تێپەڕین لە واقیع و پەیوەستبوونەوە بە باڵا، یان ڕەببەوە ئاشكرا دەكات. بەڵام كەسایەتییەكانی ئەو، ئەو نازناوانەی بەكاری هێناون، هیچیان خەیاڵیی نین و وەك پاشانیش دەردەكەوێت، كیەكەگۆ ئەم كارەی بۆیە كردووە تا خۆی نەكاتە دەمڕاستی ئەو فرەییەی لە كۆمەڵگەدا هەیە. ئەمەشی لەو بڕوایەی خۆیەوە هێناوە، كە هەر مرۆڤێك تاكەكەسێكە و وەك تاكەكەس پێویستە بوونی خۆی بسەلمێنێت، نەك فەیلەسووفێك، یانژی نووسەرێك ببێتە دەمڕاست و نوێنەری كەسانیتر. بۆیە كیەكەگۆ كاتێك ئەو نازناو و كەسایەتییانە دەهێنێتە نێو بەرهەمەكانییەوە، دوو ئامانج دەپێكێت، یەكەمیان فەلسەفی/ئەدەبییە و دوومیان ئایینی: دیوە ئایینییەكەی ئەوەیە كۆمەڵێك فیگەری ئایینی بە لاتینی زیندوو دەكاتەوە و لە میانەیانەوە بیر دەكاتەوە، دیوە فەلسەفی و ئەدەبییەكەشی بۆ ئەوەیە وەك تاكەكەس مینبەرێك بۆ فرەندەنگی كۆمەڵگە دروستبكات تاكو قسەی خۆیانی لێوە بكەن، لەمەشدا زۆر پێش باختین كەتووە[15]، [16].

دوكتۆر ئەحمەدی لە درێژەی دەرستگوتارەكەیدا لەسەر ئەم بابەتە دەوەستێت و دەڵێت:

“بەرهەمە فەلسەفییەكانی بەناوی خوازراوەوە بڵاو دەكاتەوە.. ئەمەش فرەكارەكتەریی خۆیەتی كاتێك بە جۆری جیاواز بیری كردۆتەوە، ئەمەی خستۆتە سەر زاری كەسانی جیاواز”[17].

ئەم تێگەیشتنە ڕێك بە پێچەوانەی مەبەستی كیەكەگۆوەیە: وەك پاشان دەردەكەوێت، كیەكەگۆ ناوە خوازراوەكانی بەكار دەهێنان، چونكە بڕوای وابوو ئەو جۆرە كەسایەتییانە لە كۆمەڵگەدا هەن و پێویستە دەنگیان بگات. ئەو بۆخۆی دەڵێت: “من بە شێوازێكی بە دوور لەوەی خۆم كاراكتەرێك بم، لە شێوەی كەسی سێیەمدا نووسەرانێكم بەرجەستە كردوون، كە لە پێشەكییەكاندا دوایئەوەی من دامهێناون، قسەی خۆیان كردووەو بە ناوی ڕاستیی خۆیانەوە دەركەوتوون.. بەمجۆرەش، لەو بەرهەمانەمدا كە ناوی خوازراویان لەسەرە، یەك وشەی خۆمی تێدا نییە بە ناوی خۆمەوە خستبێتمە ڕوو. هیچ بۆچوونێكم لەبارەیانەوە نییە جگە لەوەی وەك خوێنەرێك لە ڕوانگەی كەسی سێیەمەوە گوتوومە.”[18].

هەڵوێستی كیەكەگۆ سەبارەت بە ژنان پەیوەندیی بە ئەزموونی خۆیەوە لەگەڵ ژنانێكی تایبەت نییە، ئەو لە نووسینەكانیدا هەرگیز باسی دایكی خۆی نەكردووە، بەڵام لە ڕێگەی زمانی دایكییەوە هەمیشە دایكی ئامادەی نێو نووسینەكانێتی.

كیەكەگۆ سێ جار دەزگیرانی نەگرتووە، یەك جار بووەو ئەویش لەگەڵ ڕێگینا ئوولسن بووە. ئەم پەیوەندییەش وەك لە نامەكانی كیەكەگۆ و قسەكانی پاشتری ڕێگینا دا دەردەكەوێت، بە ڕەزامەندی هەردوولا كۆتایی پێهاتووە. ئەوەی جیگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە، كە مامۆستا ئەحمەدی ئەم هەموو زانیارییە ناڕاستانەی لە كوێوە هێناون؟.

ڕاستە ئەو لەگەڵ كیەكەگۆ مامەڵەی “فەیلەسووفێكی گەورەی سەدەی نۆزدەیەم” دەكات، بەڵام كەسایەتی كیەكەگۆ، دزێوكردن و ناشیرینكردنی و بەدڕەفتاركردنی لەسەر چ بەڵگە و سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوەوە دامەزراندووە؟، سەرچاوەكەی دیار نییە. ئەگەر كیەكەگۆ بەدئاكار، ڕەشبین، پەرش و گرێگرێ بووە، چۆنە توانیویەتی بەرنامەیەكی ئەوتۆ بۆ ژیانی خۆی دابنێت، كە زۆرترین بەرهەمی تێدا بنووسێت، بە وردبینییەوە بیر بكاتەوە، گرنگترین كێشەكانی فەلسەفەی بوونناسی و فەلسەفەی هاوچەرخ بوورووژێنێت، ببێتە ڕەخنەگری ئاڵۆزترین فەیلەسووف كە هیگڵە، ئاپارتمان و ژیانی خۆشی هەبێت، هەشت هەزار لاپەڕە یاداشتی ڕۆژانە بنووسێت، سەفەر بكات و لەسەر شەقام پیاسە بكات، تێكەڵییەكی زۆری لەگەڵ مرۆڤی ئاسایی هەبێت، لە ئاست وڵات و هزر و ئاكاردا دەروەست بێت و بەرپرسیارێتی خۆی لە ئاست ئەوانیتردا جێبەجێ بكات؟! هەموو ئەمەش لە ماوەی 1838 بۆ 1855، كە ساڵانی چالاكیی نووسین و هزرینی بوون.

 

 

 

بەرگی یەکەم و دووهەمی کتێبی ''کیەکەگۆ و مەحوى: لە تەرازووى بوونناسییدا'' - بڵاوکراوەکانی دەزگای سەردەم - ٢٠٢٦
بەرگی یەکەم و دووهەمی کتێبی ”کیەکەگۆ و مەحوى: لە تەرازووى بوونناسییدا” – بڵاوکراوەکانی دەزگای سەردەم – ٢٠٢٦

 

ئەمانە و زۆری دیكەش، پێچەوانەی ئەم لێكدانەوانەی دوكتۆر ئەحمەدی دەسەلمێنن. هەڵوێستی كیەكەگۆ لە ئاست میدیای نوێدا (ڕۆژنامەكان و كامیرای وێنەگرتن و..) هەڵوێستێكی فەلسەفیی بووە و پێی وا بووە ئەم میدیا و ئامرازانە وێنە ڕاستییەكەی مرۆڤ ناخەنە ڕوو و ناشمان گەیەنن بە ڕاستی. نەك لەوەوە كە وێنەگرتنی خۆش نەویستووە. بەلای ئەوەوە ئەم میدیا نوێیانە مرۆڤایەتی بەرەو هاوشێوەسازی و گەمژەییەكی ڕواڵەتپەرستانەی هەمیشەیی دەبەن، كە تیایدا شوێنێك بۆ مەعنەوییەت و ڕۆحیگەریی تاكەكەس نامێنێتەوە. ڕاستیی لێكدانەوەكەی كیەكەگۆ لەم سەردەمەدا لە هەركات زیاتر دەبینین، كە هربرت دریفوس لە كتێبەكەیدا بە جوانی ئەمەی ڕوونكردۆتەوە[19]. هەڵوێستی كیەكەگۆ لە ئاست میدیای نوێدا لەو ڕوانگەیەوە بووە، كە ئەم میدیایە بەردەوام حەشامات بەرهەم دەهێنێتەوەو هەڕەشەیەكی ترسناكە لەسەر تاكەكەس.

پاشان د. ئەحمەدی بە چ بەڵگەیەك دەڵێت، زۆربەی كەسوكاری وێنەیان گرتووە و ئەو نەیگرتووە؟ ئەو وێنانەی لە بنەماڵەی كیەكەگۆكان ماونەتەوە، لە كتێبخانەی شاهانەی دانمارك پارێزراون و لە ژمارەی پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكەن و لە زۆربەی سەرچاوەكانیشدا هەر ئەوانە چاپ و بڵاودەكرێنەوە[20]. ئەحمەدی بەردەوام دەڵێت، كیەكەگۆ بەدجنس و ناشیرین بووە، پاشان بەدجنسییەكەی دەسەلمێنێت، چونكە “وێنەی نەگرتووە”، بۆ ناشرینییەكەشی زۆر دڵنیایە. ئەم قسەیەش هیچ بایەخێكی ئەكادیمی نییە و ته‌نها له‌وێدا بایه‌خی ده‌بێ ئه‌گه‌ر ئه‌م ناشیرینیه‌ وه‌ك ڕووخسار و جه‌سته‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌روونی هه‌بووبێت. به‌ڵام واپێده‌چێ ئه‌م ناشیرینییه‌ بووبێته‌ هه‌ستی باڵابوون و متمانەبەخۆبوونی کیەکەگۆى لاو.

هیچ كەس لە هاوسەردەمەكانی كیەكەگۆ پێیان نەگوتووە (بەدجنس)، ڕێك بە پێچەوانەوە پێیان گوتووە: قۆشمە و نوكتەباز. كیەكەگۆ بە ڕەخنەگر و قسەلەڕوو و كەسێكی ڕاشكاوی قسەزان ناوی براوە، ڕاستە زمانێكی ڕووشێنەری لە ئاست نەیارەكانیدا (قەشەكان و بۆرژوازییەكان)دا هەبووە، بەڵام ئایا ئەمانە دەیكەنە بەدجنس؟

دەبێت ئەم پرسیارە لە توێژەرە ئێرانییەكە بكەین، كە خۆی لە ڕوونكردنەوەی زارەوەكاندا بە ئەزموونە. ئەمە وێڕای ڕووخۆشی و قۆشمەیی و سادەییە بێ وێنەكەی كیەكەگۆ، كە زۆر باسكراوە. تەنانەت بە گەنجی و لە قوتابخانەدا لەگەڵ مامۆستا و هاوپۆلەكانی گاڵتە و گەپی كردووە و بە كەسێكی نموونەیی ناوی براوە، هەر ئەمەش وا دەكات كە پاشتر بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی لەلای خۆی بیكاتەوە بە چاودێر[21]. بۆ ناشرینییەكەشی، جگە لەوەی بە منداڵی لە درەختێك كەوتۆتە خوارەوە و پشتی كەمێك كۆمیی پێوە دیاربووە، هەروەها قاچێكیشی كەمێك لەنگیوە، كەس پێی نەگوتووە ناشرین. بەڵگەكان پێمان دەڵێن، كیەكەگۆ توانیویەتی لەگەڵ جوانترین كچە هاوتەمەنەكانی خۆی ببێتە هاوەڵ و بچێتە كۆڕییانەوە. تەنانەت لەو سەردەمەشدا كە بڵاوكراوەی كۆرسارن (چەتەی دەریایی/1946)، كاریكاتێری لەبارەوە بڵاو دەكەنەوە، كەس پێی نەگوتووە ناشرین و دزێو. ناشیرن خراوەتە ڕوو بۆ شكاندنی، بەڵام ناوبانگی ناشیرینی نەبووە. هەموو ئەو بەڵگانەش ماون و خوێنەر دەتوانێت بچێتەوە سەریان. لەم ڕایەڵەدا ژمارەیەكی زۆری ستاتوو و پەیكەری كیەكەگۆ هەن، كە پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنن ئەحمەدی دەیڵێت[22]. من قۆشمەیی و قسەخۆشیی ئەحمەدیم خۆشدەوێت، بەڵام هەستناكەم لە كیەكەگۆدا زۆر قووڵبووبێتەوە و لە ڕێگەی بوونگەراكانی سەدەی بیستەم و چەند كتبێكی بایۆگرافیانەوە دەیناسێت كە پڕن لەو هەڵانەی ئەحمەدی دووبارەیان دەكاتەوە.

 

 

د. ڕەشیدیان و د. ساڵحی نەجەفی:

لەسەر دەستی ئەم دوو مامۆستایە كیەكەگۆناسی ئێرانی گۆڕانی بەرچاوی بەلای باشدا تێكەوتووە و خەریكە لەو قەیرانەی ڕزگار دەبێت، كە هەر خودی فارسەكان بۆ كیەكەگۆیان دروستكردووە. ئەوەی بەرهەمە فەلسەفییەكانی ڕەشیدییان بناسێت، بە تایبەتی شاكارەكەی: (هوسرەڵ لە بۆتەی بەرهەمەكانیدا/2005 و فەرهەنگی پۆستمۆدێرن/2007)[23] تێدەگات ڕەشیدییان بە چ هێزێكەوە دەستی داوەتە وەرگێڕانی (ترس و لەرز)ی سۆرین كیەكەگۆ[24]. لەو وەگێڕانەیدا هەركەس بەشی: (مدیحەی برای ابرایم) بخوێنێتەوە، تێدەگات ئەوەی مامۆستا ڕەشیدییان كەمتر نییە لەوەی كیەكەگۆ نووسیویەتی[25]. هەرچەندە ئەو لە سێ دەقی ئینگلیزییەوە ئەم كارەی كردووە، بەڵام جیهان و شێوازی كیەكەگۆی تا ڕاددەیەكی زۆر پاراستووە (بڕوانە باسی: شێوازی نووسینی كیەكەگۆ لەم كتێبەدا).

باشترین كارێك ڕەشیدییان لەم بەرهەمەیدا كردبێتی ئەوەیە، كە پێشەكی بۆ كتێبەكە نەنووسیوە، یان خۆی نەداوە لە باسكردنێكی گشتی جیهانبینی ئەم فەیلەسووفە و بكەوێتە بەخشینەوەی واتا و لێكدانەوە بە ناوی كیەكەگۆوە. چونكە ئەگەر ئەو كارەی كردبا، وەك هەر كەسێكی دیكە لە نووسەرانی ئێرانی دەكەوتە هەڵەی گشتبێژییەوە.

 

  • د. ساڵح نەجەفی:

یەكێكی دیكە لەو كەسانەی لە هەوڵێكی بێ وچاندایە بۆ ڕزگاركردنی كیەكەگۆ لە قەیرانە ئێرانییەكەی، مامۆستا ساڵحی نەجەفییە. ئەم وەرگێڕ و فەلسەفەكارە لە ڕێگەی وەرگێڕانی بەرهەمەكانی كیەكەگۆوە لە ئینگلیزییەوە بۆ فارسی ناسراوە، یان لە ڕێگەی ئەو بەرهەمانەی لەبارەی كیەكەگۆوە وەریگێڕاون[26]، پاشانیش لە ڕێگەی دەرسگوتارە دەنگییەكانییەوە، كە چوار دانیشتن دەخایەنێت و هەر دانیشتنێك نزیكەی سەعات و نیوێك دەبێت[27]. ئەمە جگە لە دانیشتنێك بۆ ناساندندنی كتێبی (ئەمیان ئەو)[28]. ئەگەر كارێكی دیكەیشی كردبێت من ئاگاداری نیم.

هیچ گومان لە دڵسۆزی و وردبینی نەجەفی لە وەرگێڕان و وتە و پێشەكییەكانی نییە، كە بۆ ئەم بەرهەمانەی نووسیون، یان لەبارەی كیەكەگۆوە لە سەمینارەكانیدا قسەی كردووە. بەڵام لە دۆزینەوەی هاومانایی دروست بۆ بەرهەمەكانی كیەكەگۆ بە هەڵەدا چووە، كارێك كە ڕەشیدیان بەسەریدا تێپەڕ نەبووە.

بە تەواوی نەزانراوە نەجەفی لە وەرگێڕانی ناوی كتێبەكەی كیەكەگۆ: (Enten – Eller) بۆچی لە جیاتی (این – یاان) نوسیوێتی: (یااین یاان)؟، كە ئەو (یا)یە لە بنەڕەتدا لە ناونیشانەكەدا نییە: (Enten – Eller). كیەكەگۆ لەم ناونیشانەدا سنووری نێوان دوو مەودای داناوە كە (ئەمیان – ئەو)ـە و هیچیتر لە نێوانیاندا نییە. لە نێوان دوو هەڵبژاردندا ئەمیان و ئەو هەیە و ئەو جیاكارەیەش هیچ وشەیەكی دیكە هەڵناگرێت. كیەكەگۆ كە نووسیوێتی (Enten – Eller) ئەمەی وەك پێشنیاز و ئەگەرێك بۆ هەڵبژاردن داناوە نەك ناچارییەك بۆ هەڵبژاردنێكی حەتمی تا بكرێتە (یااین یاان). بەڵام ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە ڕوو بدات ئەوە تەنیا لە نێوان ئەمیان و ئەودایە نەك یان ئەمیان یان ئەویاندا. بەپێی ئەمەش بێت دەبوو تەنیا بنووسێت: (این یاان) و هیچیتر.

مرۆڤ باوەڕدارە یان نییە، عاشقە یان نییە. (یااین یاان) لە ئینگلیزیدا دەبێتە (Either this or that) و لە دانماركیشدا دەبێتە (Enten dette eller hint). كە ئەگەر وەرگێڕانەكەی نەجەفی بكەینە بنەما، هیچیان پەیوەندیان بە ناونیشانەكانی كیەكەگۆوە نامێنێت و هەڵەن، لە ناونیشانەوە دەبنە ڕستە. نە ئینگلیز وایان وەرگێڕاوە و نە كیەكەگۆش لە دانماركیدا وای نووسیوە. كیەكەگۆ باسی هەبوونی دوو شت ناكات تا ئێمە لە نێوانیاندا یەكێكیان هەڵبژێرین، بەڵكو باسی دوو شێوەبوون، دوو دۆخی مرۆیی دەكات كە پێویستە یەكێكیان هەڵبژێرێت و خۆی بۆ تەرخان بكات.

ئەم كێشەیە لە كتێبی (Stadier paa Livets Vei)، دووبارە بۆتەوە: ئەم ناونیشانە نابێتە (مراحلی در طریق زندگی)، بەڵكو دەبێتە (وێستگەكانی سەر ڕێگەی ژیان). وشەی (Stadier) لە زمانی دانماركی كۆندا هەمان واتای وشەی وێستگەكان (Stadioner) دەگەیەنێت. جیاوازیی زۆرە لە نێوان (مراحل/ قۆناغ) و (وێستگە و هەوارگە)دا. قۆناغ (مراحل)، شیاوی ئەوەیە تێپەڕێنرێت: لە قۆناغی هەرزەكارییەوە بەرەو گەنجایەتی، لە قۆناغی پێش هاوسەردارییەوە بۆ قۆناغی پێكەوەنانی خێزان و بەو جۆرە..، هەر قۆناغێك ئەوەی پێش خۆی ڕەتدەكاتەوەو تێی دەپەڕێنێت. بەڵام وێستگە Stadier ئەو پنتانەن مرۆڤ لە ڕەوتی ژیانێكی بەردەوامدا پێیاندا تێپەڕ دەبێت. وێستگەكان بەردەوامی بە ڕەوتەكە دەدەن و مرۆڤ لە ویستگەیەكەوە دەچێت بۆ یەكێكیتر و دوایی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان وێستگەی پێشوو، یان لە هەمان وێستگەدا دەمێنێتەوە. ئەم وشەیە بۆ كیەكەگۆ هەڵگری ڕوانگەیەكی مرۆڤناسانەیە.

ناونیشانی كتێبی (Philosophiske Smuler) كە بە دانماركی نوێ دەبێتە: (Filosofiske Smuler)، لە فارسیدا نابێتە (خردەنان های فلسفی)[29]، بەڵكو دەبێتە (خردەهای فلسفی)، یان وەك وەرگێڕانێكی دیكە كردوویانە بە (پارەهای فلسفی)[30]، یاخود (پارە نویشتەهای فلسفی)[31] بە واتای (وردەفەلسەفییەكان، یان پارچە فەلسەفییەكان). (خردە، پارچە، وردە..) هەموویان بەشێكی كەمیی شتێكی گەورەن. ڕەنگە ناونیشانەكە سێمبوولی و ئاماژەیی و میتافۆریش بێت، بەڵكو هەندێ بیرۆكەی فەلسەفین و دەخرێنە بەر چاو و مێشكی خوێنەر. ناونیشانی دووەمی ئەم كتێبەش هەر ئەو واتایەی نییە كە نەجەفی بۆی دروستكردووە: كەمێك فەلسەفە. En Smule Philosophi، یان تۆزێك فەلسەفە. ئەگەر وشەی سموولە لە زمانی دانماركیشدا بەجۆرێك واتای وردەنان، یان پرووشە بدات، هێشتا بابەتی كتێبەكەی كیەكەگۆ ڕێگەنادات ئەو وشەیەی بۆ بەكار بهێنرێت. ئەوە ڕاستە كیەكەگۆ  هەمیشە دەیویست لە ڕێگەی وردە توانجەوە لە هیگڵ شتێكی جیاواز بڵێت. ئەو لەو بڕوایەدا بوو هیگڵ فەلسەفەكەی خۆی وەك خوانی شاهانە دەخاتە ڕوو، لە بەرامبەردا كیەكەگۆ دەیویست پڕۆژەكەی خۆی وەك وردەنانێكی هەژارانە پێشكەش بكات. بەڵام ئەمە تەنیا لە ئاستی میتافۆریی و توانجدا لە هیگڵ، دەنا واتا فەلسەفییەكەی ئەم “پارچە فەلسەفی”یانە وەك خۆی دەمێنێتەوە.
بە هەمان شێوە (تعلیقەء غیرعلمی نهایی بر خردەنان های فلسفی) چ واتایەكی هەیە؟ هەر بەڕاست (نان) لە كوێی ئەم ناونیشانەدا پێگەی هەیە؟ ڕاستە لە شوێنێكی زمانی ئینگلیزیدا وشەی (Smuler)ی دانماركی دەبێتە (crumbs)ی ئینگلیزی، وەلێ ئاخر كاتێك (Smuler)بە (S)ی گەورە هەمان مانای نامێنێت كە دەبێتە (crumbs)  بە (c)ی بچووك، واتاكەی تەواو جیاوازە. لە كاتێكدا (تعلیقەء غیرعلمی نهایی بر خردەنان های فلسفی) بە دانماركی بریتیە لە: (Afsluttende uvidenskabelig Efterskrift til de philosophiske Smuler)، واتە: (دوا پاشكۆی نازانستیانە بۆ وردەفەلسەفییەكان)، یان (دوایین پاشكۆی نازانستیانە بۆ وردەفەلسەفییەكان)، كە لە فارسیدا دەبێتە: (آخرین پس‌نوشته غیرعلمی به خرده‌/پارەهای فلسفی). وەرگێڕانەكەی كاك نەجەفی هیچ پەیوەندیی بە ناونیشانەكەی كیەكەگۆوە نییە و واتایەكی گاڵتەجاڕیانەشی پێداوە. ڕەنگە ئەم ئایرۆنییە لە ناونانەکەى کیەکەگۆشدا هەبێت، چونکە ئەو دەیویست لە دژى سیستەمە گەورەکەى هیگڵ بڵێت من تەنیا شتى وردەڵە یان پەتکەورد دەنووسم. بەڵام وەرگێڕانی پەیڤیانەى وشەکە واتاکەى وندەکات.

مامۆستا نەجەفی لە وەرگێڕانی كتێبی (Gentagelse: تكرار)یشدا كێشەی هەیە، چونكە وشەی (تكرار) لە دانماركیدا هەم واتای (دووبارەبوونەوە:Gentagelse)ی هەیە و هەمیش واتای بۆ گەڕاندنەوە، دانەوە (وەك ئەوەی لە بەسەرهاتی ئەییووبدا باسكراوە) و هەم واتای: (دووبارە-هەڵگرتنەوە/لەخۆگرتنەوە: Gen-tagelse)[32] و هەمیش واتای دووبارەنوێكردنەوە gentaget، دەگەیەنێت.

كیەكەگۆ لەم كتێبەدا وشەكە دەكاتە زاراوایەكی فەلسەفی. كتێبەكە گەمەیەكی زمانییە لە نێوان ئەم چەمك و واتایانەدا. ئایا دووبارەبوونەوە دووبارە دەبێتەوە؟ یان مرۆڤ دەتوانێت خودە لەدەستچووەكەی لەخۆی بگرێتەوەو بەدەستی بهێنێـتەوە؟ كێشەی ئەم كتێبە ئەوە نییە دووبارەبوونەوە شیاوە یان نا؟ بەڵكو ئایا خۆدۆزینەوە (دوبارە خود را پیداكردن، خود را یابیدن/دوبارە خودرا از ان خود كردن)، شیاوە یان نا؟ ئەویش لە جیهانێكدا كە هەمیشە ناچارین بە خۆدووبارەكرنەوە و پەیڕەویكردن لەو هەموو ئەبێ و نابێیانەی دەبێت دووبارەیان بكەینەوە. لە جیهانێكدا كە ئەوەندەی هاندەرە بۆ دوولەتبوونی خود و دابڕان لە خود، ئەوەندە لەبار نییە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ خود، یان خود لەخۆگرتنەوە. تا كەی مرۆڤ بەرگەی ئەمە دەگرێت؟ كیەكەگۆ بە هۆی چەمكی دووبارەكردنەوەوە دەیەوێت بڵێت، چۆن دەتوانین خودی خۆمان بەدەست بهێنینەوە (دوبارە خود را یابیدن). ئایا دەتوانین خودی خۆمان هەڵبژێرین یان نا؟ كیەكەگۆ بەمجۆرە خۆی ڕووندەكاتەوە:

“دیالێکتیکی دووبارەکردنەوە سادەیە؛ چونکە ئەوەی دووبارە دەبێتەوە پێشتر هەبووە، ئەگەرنا دووبارە نەدەکرایەوە؛ بەڵام ڕێک لەبەر ئەوەی پێشتر هەبووە، دووبارەکردنەوەكە دەکاتە شتێکی نوێ. کاتێک یۆنانیەکان دەیانگوت هەموو زانستێک بەیادهێنانەوەیە، دەشیانگوت: هەموو ئەوەی هەیە پێشتر هەبووە. بەڵام کاتێک دەڵێین ژیان دووبارەبوونەوەیە، دەڵێین: ئەوەی پێشتر هەبووە ئێستا دێتە ئاراوە. ئەگەر مرۆڤ تێگەیشتنی بۆ یادوەری یان دووبارەبوونەوە نەبێت، ئەوە هەموو ژیان لە بەتاڵاییەكی بێ ناوەڕۆكدا دەتوێتەوە. یادکردنەوە بریتییە لە تێڕوانینێكی بتپەرستانە بۆ ژیان؛ دووبارەکردنەوە ڕوانگەیەكی مۆدێرنە“[33].

 

مەبەستی كیەكەگۆ ئەوەیە بڵێت: لە هەناوی ئەم دووبارەكردنەوەیەدا شتێكی نوێ لەداییك دەبێت. دووبارەكردنەوە واتە شتێكی لە ڕابردوودا هەبووە و ئەمێستاش دیسانەوە پەیدا دەبێتەوە، بەڵام وەك كۆپیكراوی ئەوەی پێشتر نا، بەڵكو لە بۆتەی واتایەكی نوێدا. گریمانەی ئەوە بكە پیشتر ئەڤیندار بوویت. ئەمێستا ئەو ئەزموونە تیپەڕیوە و كۆتایی پێهاتووە. كەچی وا ئێستێ لە پەیوەندییەكی دیكەیدایت، بەڵام ئایا ئەمە هەر ئەوەی پێشووە دووبارە دەبێتەوە؟ نەخێر. چونكە: هەلومەرجەكان گۆڕاون، تۆ گۆڕاویت،  بەرامبەر كەسێكی دیكەیە، یان ئەگەر هەمان كەسیش بێت پەیوەندییەكەتان گۆڕاوە. بۆیە ئێمە ناتوانین لە ڕابردوودا بژین، بەڵكو دەبێت لەم ئێستایەدا سەرەتایەكی نوێ دەستپێكەینەوە.

مامۆستا نەجەفی نە لە پێشەكەییەكەیدا و نە لە ناونیشانی كتێبەكەدا بە فارسی بەلای ئەم تێگەیشتنانەدا ناچێت. تەنیا لە پەراوزێكدا نەبێت، كە ئەویش كەوتۆتە هەڵەوە[34].

هەر لێرەشەوە دەتوانین بڵێین، بەشێكی زۆری وەرگێڕانی زاراوەكانی كیەكەگۆ بۆ فارسی هەڵەیان تێكەوتووە و لە واتا دانماركی/كیەكەگۆییەكەیان دوورخراونەتەوە. بۆ نموونە: چەمكی شپرزەیی: (Begrebet Angst) لە فارسییدا كراوەتە (مفهوم اضطراب)، كە لە (The Consept  of Anxiety)ی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە. ئانگست لە دانماركیدا واتە (شپرزەبوون/پەرێشانبوون) یان (تۆقین)، یاخود هەراسانبوون، كە لە فارسیدا دەبێتە (بیم/وحشت، یان دلهرە)، بە واتای بیم و ترسانێكی زۆر. هەرچەندە وشەكە لە فەرهەنگی فەلسەفیی كیەكەگۆدا لە ترس جیاوازە، بەڵام وشەی (وحشت)، یان (بیم و دلهرە)، زۆر نزیكترن لە (ئانگست)ـەوە، وەك لە وشەی (اضطراب). كیەكەگۆ وشەكە لە پەیوەندیی بە دۆخی ئادەمەوە لە بەهەشتدا بەكار دەهێنێت. ئادەم ئازادە میوە قەدەخەكراوەكە بخوات، چونكە ئەو ئازادە، بەڵام هەر ئەو دۆخی ئازادییەش دوچاری پەرێشانی، دڵەكوتێ و  شپرزەیی دەكەن. واتە بۆ ئادەم ساتەوەختێكی بوونناسییانە ڕووبەڕووی ئازادیی هەڵبژاردنی خۆی دەكاتەوە و ئەمەش شپرزەی دەكات. شپرزەبوون ئەو دۆخە بوونناسانەیە كە تیایدا مرۆڤ ئازادە، هەم حەز بە ئەزموونكردنی دەكات و هەمیش لێیدەترسێت چونكە ئەو هووشیارە بەبوونی خۆی. ئەنێگزایتی/اضطراب وشەیەكی بوونناسیانە نییە و دەروونناسیانەیە. زیاتر پەیوەستە بە زەینییەتی نەخۆشەوە. شتێكمان لەسەر دۆخی نەخۆشیوونی نەخۆش پیدەڵێت، نەك شتێكمان لەسەر دۆخی بوونی مرۆڤ بۆ ڕوونبكاتەوە. كەواتە بەتەواوی ڕاستە كە وشەی  “Angst” یا “Angest” لە فەلسەفەی كیەكەگۆدا ئەزموونێكی بوونناسیانەی بنەماییە، كە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگوڕیشەی ئازادیی مرۆیی و گوناهی یەكەم. ئەمەش جیاوازە لە پەشۆكانی ڕۆژانە و ترسە دەروونناسییە جیاوازەكان.

ئێمە دەزانین كە وشەكە لە فارسیدا لە بنەمادا وشەیەكی تێكشكێنراوی عەرەبییە و لە (ضَرَبَ)ـەوە هاتووە، كە بە كوردی دەبێتە لێدان و تێسرەواندن. بەڵام ئەگەر ئەم وشەیە واتای (ئانگست) دەدات، بۆچی عەرەبەكان لە جیاتی ئەمەی دواییان وشەی (القلق)یان بەكار هێناوە، نەك (مضطرب و اضطراب)؟  بێگومان وشە دانماركییەكە نە (اضطراب)ی فارسی و نە (القلق)ی عەرەبییە، بەڵكو (الرهبة)، یان (الفزع)ـە و دواییش دێینەوە سەر ئەم باسە. بۆچی (اضطراب) هەمان ئانگست نییە؟ چونكە: یەكەمیان زاراوەیەكی بوونناسیانەیە و دووەمیان زاراوەیەكی دەروونزانیانەیە.

كتێبی (Sygdommen til Døden)، واتە (بیماریی تا مەرگ)، كە لە دانماركییدا بە واتای ئەوە نایەت ئەم بیمارییە دەمانكوژێت، بەڵكو تا لێوی مەرگمان دەبات. بۆیە كاتێك فارسەكان دەیكەنە: (بیماریی بە سوی مرگ)، واتە مەرگ وەك كۆتایی ئەم بیمارییە دەستنیشان دەكرێت (بە سوی). ئەمەش لەگەڵ نییەتی كیەكەگۆ نایەتەوە. لە بنەمادا ئەو ناونیشانە ئاماژەیەكی تیدایە بە بەسەرهاتێكی نێو كتێبی پیرۆز[35]:

وشەی كلیلی لەم كتێبەی كیەكەگۆدا بریتیە لە (Fortvivlelse)، وشەكە لە بنەمادا ئەڵمانییە و لە بەكارهێنانی فەیلەسووفەكەماندا واتای (دوودڵی و بگرە دوولەتبوون و تێدامان و ڕاڕایی)یش دەدات، كە دەكرێت لە فارسیدا بكرێن بە (تردید، درماندگی)، بە بۆچوونی من زاراوەی (تردید) زۆر گونجاوترە، یان (فروماندگی)، واتە: تێدامان. كەچی فارسەكان كردوویانە بە (نومیدی) و عەرەبەكانیش كردوویانە بە (الیأس)، كە هەردووكیان هەڵەن و واتا فەلسەفییە دانماركییەكەی كیەكەگۆ ناگەیەنن، كە گوزارش لە ساتەوەختێك دەكات تاكەكەكەس ناتوانێت ببێتەوە بە خۆی، یان لەگەڵ خۆی ئاشتبێتەوە، چونكە دوودڵ و دوولەت بووە و ئەمەش دۆخێكی بوونناسانەیە كە دەبێت مرۆڤ تێیپەڕێنێت و ببێتەوە خودی خۆی و خۆلەبیركردن بكات بە خۆبەدەستهێنانەوە. بەم واتایەش: (بیماریی تا مەرگ) واتە: مەرگەژی، یان لەژیاندا بیت و وەك مردووت لێهاتبێت چونكە لە ژیانی خۆتدا ڕۆحی هەمیشەیی[36] و نەمرانەی بوونی خۆتت لە دەستداوە. بۆ ئەوەی تاكەكەس ببێتەوە بە خودی خۆی پێویستە لەو دۆخە بێتە دەرێ. بۆیە وەك خاتوو مامۆستا بێرتۆنگ دەنووسێت: كیەكەگۆ لەو بڕوایەدا بووە: تەنیا “تاكەكەسی ئازاد بە هانای ژیانەوە دێت و خۆی لە مەرگەژی ڕزگار دەكات. مەرگەژی ئەوەیە كە مردبیت و هێشتا لە ژیاندا بیت”[37].

خۆ لە مەرگەژی ڕزگاركردن واتە خۆ لە دوولەتبوون و دڵەڕاوكێ و تێدامان ڕزگاركردن و بوونەوە بە خودێكی سەربەخۆ. بۆیە بە واتا كیەكەگۆییەكە دوودڵی نە شتێكی خراپە و نە نەخۆشییەكی كوشندەیە و نە بەرەو مەرگیشمان دەبات، بەڵكو ساتەوەختێكی گرنگیشە بۆ ئازادبوون لە دۆخی خۆنەبوون، كە دۆخی پەرتەوازەییە. ئەمەش هیچ پەیوەندیی بە وشەی نائومێدبوونەوە نییە، بەڵكو هاندەرە بۆ دەرچوون لە نائومێدی. تەنیا مەگەر لە بەردەوامییەكی درێژخایەندا نائومێدی لێبكەوێتەوە و ئەمەشمان لە جیگەیەكی دیكەی ئەم كتێبەدا ڕوونكردۆتەوە.

بۆیە هەموو ئەو لێكدانەوانەی لەسەر بنەمای بەهەڵە وەرگێڕانی زارەوەكانی كیەكەگۆوە ڕۆنراون هەڵەیان تێدایە، چونكە پێشەكییەكی باش و دروست نین بۆ ئەو ئەنجامانەی لێیان دەكەونەوە و ئەنجامەكانیش لە هەڵەوە دەگلێنن. ئیدی ئێمە ناچینە ناو مەتنی وەرگێڕدراوی كیەكەگۆ بۆ فارسی و ئەو هەڵانەی لەوێ ڕووبەڕوویان دەبینەوە.

مامۆستا نەجەفی لە گواستنەوەی شێوازی نووسین، (ستایل)ی كیەكەگۆشدا كێشەی بۆ دروستكردووین: لە بەرگی یەكەمی كتێبی: (ئەمیان ئەو)دا و لە ژێر ناونیشانی “ئامۆژگاریی پێوانەكراو بۆ نووسەران”دا، كە دەكەوێتە لاپەڕە (16 بۆ 32)ی دەقە فارسییەكە، لە نووسینە دانماركییەكەدا كیەكەگۆ بە گوزارەی كورت كورت (بژاردەگۆیی/فراگمێنتەری) خۆی دەردەبڕێت، كە فارسەكان پێی دەڵێن: (گزین گویە). شێوازی بژاردەگۆیی، ئەوەی كە نووسەر لە دێڕێك، یان زیاتر و تا پەرەگرافێكدا بابەتی جیاواز دەخاتە ڕوو، كە مەرج نییە هاوواتایی و بەردەوامیی واتاییان لە نێواندا هەبێت و كیەكەگۆ بە سێ ئەستێرە لە شێوەی قوچكەدا لێكیان هەڵداوێرێ. لە دەقە فارسییەكەدا هیچكامێك لەم تایبەتمەندییانە نەماون و خوێنەر ناچارە وەك داڕشتنێكی هاوناوەڕۆك بیانخوێنتەوە، بەبێ ئەوەی پەرەگرافەكان پەیوەندییان پێكەوە هەبێت (یەكێتی واتایی)، یان بابەتێك تەواو بكەن. هەموو ئەم كێشانەش وادەكەن مرۆڤ بە گومانەوە لە ناوەڕۆكی دەقەكان بڕوانێت و بۆ ئەم گومانەش نموونە زۆرن، بەڵام ئیتر لێرەدا دەوەستین.

لە نێو خانمە نووسەرە ئێرانییەكانیشدا دوو كەسایەتی هەوڵییانداوە تا كیەكەگۆ لەو قەیرانە ئێرانییە نێرینەیەی بۆی دروستكراوە، ڕزگار بكەن: مەهتاب مستەعان (مهتاب مستعان) بە كتێبی (كیەكەگۆ: بیرمەندی داناپیشە)[38] و ڕازییە زەینەلی (راضیە زینلی)، بە كتێبی: (خود، ئەویتر و خودا لە هزری كیەكەگۆدا)[39]. هیچكام لەم دووهەوڵەش بەبێ كێشەی لەوجۆرە نین كە باسكران، بەڵام هێشتا جیاوازییەكیش هەیە. هیچیان نەچوونەتەوە سەر دەقی بنەڕەتی و زۆریش پشتیان بەسەرچاوەی دەستی دووەم و سێیەم بەستووە. لەگەڵ ئەوەشدا جیاواز لە وەرگێڕ و توێژەرە پیاوە ئێرانییەكان لەبارەی كیەكەگۆوە دواون. جێی سەرنجیشە، لە دانماركیش توێژەرە خانمەكان لە بواری كیەكەگۆناسیدا و لەم ساڵانەی دواییدا زۆر لە پێشتر بوون بۆ تێگەیاندن و تێگەیشتن لە كیەكەگۆ.

خراپترین كارێك لە ئێران لەگەڵ كیەكەگۆدا كرابێت، گۆڕینی ناوی بەرهەم و دەستكاریكردنی ئێسكبەندی پێڕستی كتێبەكانی و گوێ نەدانە بە ژمارەی ستانداردی دەقەكانی وەكئەوەی بۆ دەقی كلاسیكی فەلسەفیی دادەنرێن. ئەمەش بەرەنجامی نەچوونەوە سەر دەقی بنەماییە لە زمانی دایكدا. كیەكەگۆ لە زنجیرەی بەرهەمە پەروەردەیی و بیناكەرەكانیدا، كتێبێكی لە ساڵی 1847 بەناوی (وتاری بیناكەر لە دۆخی مەعنەویی جیاوازدا)[40] بڵاوكردۆتەوە، كە لە سێ بەش پێكدێت. یەكەمیان بەو ناوەی سەرەوە، دووەمیان بەناوی: (ئێمە چی لە باڵندەی ئاسمان و گوڵی دەشتێوە فێر دەبین؟ سێ وتار)[41]، سێیەمیشیان بەناوی: (ئینجیلی ڕەنجەكان: وتاری مەسیحییانە)[42]. دەقی فارسی ئەم بەرهەمەی كیەكەگۆ لە ژێر ناوی (خلوص دل تمنای یك چیز است) بڵاو كراوەتەوە[43] و لە سێ پێشەكیی و پازدە بەش پێكهاتووە! لە بەندی (138)ی دەقە بنەڕەتییەكەدا ئەم گوزارەیە هاتووە: (Hjertets Reenhed er at ville Eet)، كە بەفارسی دەبێتە: (پاکی دل در این است که یک چیز را بخواهد)، واتە: (خاوێنی دڵ لەوەدایە یەك شت داوا بكات).

ئەگەر چاو لەوەش ببپۆشین، كە ناونیشانە فارسییەكە بەهەر بەڵگەیەك بێت، چاوەڕوانییەكی شاعیرانە و ڕۆمانتیكیانە لەبارەی دەقەكەوە دروستدەكات؛ ئەوە هێشتا هیچ پاساوێك نییە بۆ دەستكاریكردنی پێڕستی كتێبەكە و سەر لە خوێنەر تێكدان: ناونیشانی ئەو بەشە بە دانماركی بریتیە لە: (Ved Anledningen af et Skriftemaal)، كە بە فارسی دەبێتە: (به مناسبت یک اعتراف)، كەچی كردوویانە بە (مقدمە: انسان و ابدیت). بەشەكە لە بەندی (123)وە دەستپێدەكات تاكو بەندی (139)بەبێ ناونیشانی دیكە و بەبێ قرتاندن. بەڵام لە وەرگێڕانە فارسییەكەدا، لە بەندی (128)وە قرتێنراوە و ناونیشانێكی دیكەی بۆ زیادكراوە، كە لە بنەڕەتییەكەدا نییە: (پشیمانی، توبە، اعتراف: مبعوث شدگان ابدیت بەسوی انسان ها/ص: 45ی دەقی فارسی). دیسانەوە لە بەندی (138-139)وە دەقەكەی قرتاندووە و لەگەڵ ناونیشانی نوێی دەقە بنەڕەتییەكەدا تێكەڵ كراوە و ناونیشانێكی نوێی بۆ دانراوە، كە هەر نییە: (تنوع و لحظات ناب یك چیز نیستند/ص: 63). بەمجۆرەش ناونیشان و بابەتی بەشی یەكەمی كتێبەكە نەك هەر لە هەمان بەشدا نەهاتووە، بەڵكو لەگەڵ بەشی دواتری كتێبەكەشدا تێكەڵكراوە و لێكدراوە، كە سەرلێتێكچوونێكی زۆر بۆ خوێنەر دروستدەكات. ئەم تێبینییە ڕەنگە زۆر گرنگیی بۆ خوێنەری ئەم كتێبەی ئێمە نەبێت، بەڵام بۆ خۆبەدوورگرتن لە وەرگێڕان لە دەستی سێیەم و چوارەمەوە زۆر گرنگە، كە دەكرێت چی ڕووبدات.

بە كورتی: لە كیەكەگۆناسی فارسییدا، كێشەی گەورە هەیە. تەنانەت گەیشتۆتە ئەوەی بە فەیلەسووفێكی “ئەڵمانی سەدەی نۆزدە”[44] بیناسێنن و قسەی لەبارەوە بكەن. هەروەها لە وەرگێڕانەكانیاندا پابەند نین بە بونیادی بەرهەمەكانی كیەكەگۆوە. ئەم كێشەیە كێشەی ئەو زانكۆ و مامۆستا و وەرگێڕانەیە، پێشئەوەی كێشەی فەلسەفەخوێنان و قوتابییان بێت. فارسەكان زانیاریی گشتییان لەبارەی هزری كیەكەگۆوە هەیە، بەڵام چەمك و زاراوەكانیان وردبینانە نین، لە مەتنی خوداناسییەكی گشتیگری مەسیحی/شیعەباوەڕانەوە دەڕواننە كیەكەگۆ، نەك دامەزرێنەری خوداناسییەكی مۆدێرن. هەر لەبەر ئەوەش، یاخیبوونی كیەكەگۆ لە سیستەمە باوەكانی فەلسەفە، داهێنانەكانی كیەكەگۆ لە ئاستی میتۆد و زمان و زاراوەسازیی، پێداچوونەوەی بە زاراوە باوەكانی نێو مێژووی فەلسەفە، شیعرییەتی فەلسەفیی كیەكەگۆ، قۆشمەیی كەسایەتی و تێكەڵییەكانی لەگەڵ خەڵكی ئاسایی شەقام، تابووشكێنی ئەكادیمیانەی سەردەمەكەی خۆی و جێهشتنی لووتبەرزی بۆرژواییانەی ئەكادیمی، ژیانی ئاكاری و تایبەتی خۆی و پەیوەندییەكانی و منداڵیی و ئەوەی كە هزری كیەكەگۆ پەیوەندییەكی پتەوی بە ژیانی خۆیەوە هەیە، كێشەكانی كیەكەگۆ لەگەڵ سیستەمی ئایینداریی كڵێسەیی و.. هێشتا بۆ ئێرانییەكان و ئەوانەی لەبواری كیەكەگۆدا كاریان كردووە، بەو شێوەیە ئاشنا نین، یان زانیاری هەڵەیان هەیە.

ئەو ڕوانگە خەمگین و خەفەتبارەی لە شیعەگەرییدا هەیە، بەسەر بۆچوون و هزری كیەكەگۆدا گشتێنراوە و دید و ڕوانگەی خەمگینانەی هزری شیعە باڵادەست كراوە و كیەكەگۆشیان خەمگین و لە ژیان و دنیا تۆراو و مەزڵووم خستۆتە ڕوو. جا ئەمە ئەكادیمییە چەپەكانی وەك ئەحمەدی بن، یان پەروەردەكراوەكانی (قووم)ی وەك نەجەفی بن.

ڕۆحیی یاخیگەرانەی كیەكەگۆ لە ڕوانگەی ماتەمگێڕی و مەرگپەرستیی شیعەگەری فارسەكان ڕزگاری نەبووە و لەو فیلتەرەوە ڕوانراوەتە كیەكەگۆ و بەو بارەدا لێكدراوەتەوە كە ئایدیا تراژیدییەكەی شیعە دەیخوازێت. بۆیە ئەو نووسخە “ئێرانییە/فارسییە شیعەباوەڕ”ـە بۆتە چاویلكەیەك و لێوەی تەماشای كیەگەگۆ كراوە. بۆیە گشتبێژی ئێرانیانە، بەسەر وردبینی توێژنەوەیاندا زاڵە. لەگەڵ ئەوەشدا تروسكایی ئومێد لە بەردەوامییانەوە دیارە بۆ ئاشناكردنی ئەم فەیلەسووفە لاهووتییە یاخییە بە خوێنەرانی فارسی زمان. ئەوەش مكوڕبوونێكی باشە بۆ دروستكردنی كەشێكی كیەكەگۆیانە تا بتوانێت خزمەت بە كێشە بوونناسییەكانی مرۆڤی ئێرانی بكات.

هەندێك لەو توێژەرە گەنجانەش كە خۆیان بە كیەكەگۆوە سەرقاڵكردووە، وەك (د. ئایدن ئارتا، د. مسعود زنجانی، د. محمود مقدسی) و چەندێكی دیكە، مژدەیەكی جیاوازتریان سەبارەت بە داهاتووی كیەكەگۆناسی لە ئێراندا پێیە. گرنگترین خاڵ لە لێدوانی ئەمانەدا لەبارەی ئەو فەیلەسووفەوە، ئەو شۆڕ و گەرمیی و سووتانەیە كە لە باسەكانیاندا هەیانە و ڕاستگۆییانە لە خستنەڕووی تیگەیشتنەكانی خۆیاندا سەبارەت بە كیەكەگۆ. ئەمەش ئەوانە لە نەوەی پێشووی خۆیان، لە نموونەی د. بابەك ئەحمەدی جیادەكاتەوە، كە زۆر شێلگیرانە كیەكەگۆی نەگرتووەو بیری لێ ناكاتەوە، تەنیا قسانی لەبارەوە دەكات.

 

بەشى دووەم:

  • لە زمانی عەرەبیدا:
  • ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام:

زۆر لە پێش دوكتۆر ئیمام و دوكتۆر بەدەوییەوە، هەوڵی ناسینی فەلسەفەی بوون بە زمانی عەرەبی دراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پڕۆفیسۆر (چارلز مالیك1906-1987) مەسیحی بووە، لەلایەن پان عەرەبیستەكانەوە بەپەراوێز خراوە و ئەم دوو مامۆستایە كراونەتە قارەمانی بوونناسیی لە زمانی عەرەبییدا. من لە جێییەكی دیكە: (كاریگەریی كیەكەگۆ لە دوای خۆی)[45] باسی مالیك دەكەم و لێرەدا تەنیا باسی ئەم دوو مامۆستا ناودارە دەكەم.

بۆ مێژوو دەبێت ئەوە بگوترێ: دوكتۆر ئیمام یەكێكە لە دەستپێشخەرە گرنگەكانی بواری كیەكەگۆناسی بە زمانی عەرەبی، ئەگەر لەو كایەیەدا تاقانە نەبێت. كاتێك ئەم كتێبەی: (كیەكەگۆ: ڕێبەری بوونگەرایی: ژیان و بەرهەمەكانی)، ڕۆژگارێك وەربگێڕدرێتە سەر زمانی دانماركی، لەلایەكەوە خودی دانماركییەكان ئیرەیی دەبەن بەوەی خۆیان نەیانتوانیوە كتێبێكی ئاوا لەبارەی فەیلەسووفە “نەتەوەییەكە”[46]ی خۆیانەوە بنووسن و لەلایەكی دیكەشەوە، ناوی ئیمام لە بواری كیەكەگۆناسییدا بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

زمانی چوونەوە سەر كیەكەگۆ لەلای ئیمام سەرچاوە و وەرگێڕانە ئینگلیزی و فەرەنسییەكانن، كە هەر لە بنەماوە ئەوانیش بێ كێشە نین. لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستا ئیمام زۆر بە وردی و وەستایانە بەكاری هێناون. ئیمام لە گفتوگۆیەكی تێروتەسەلەوە سەبارەت بە فەیلەسووفبوونی كیەكەگۆ دەستپێدەكات و لە میانەی وەڵامدانەوەی مێژوونووس (واڵتەر كاوفمان)، فەیلەسووفبوونی كیەكەگۆ دەسەلمێنێت و دەیچەسپێنێت كە كاوفمان بەهەڵەدا چووە كە نووسیوێتی كیەكەگۆ فەیلەسووف نییە[47]. شێوازی ئیمام لەم كارەیدا ئەوەیە كە بیروڕا جیاوازەكان لەبارەی كیەكەگۆوە وەردەگرێت و پاشان یەك بەیەك گفتوگۆیان لەبارەوە دەكات. هەر بەوەشەوە ناوەستێت و بگرە خۆیشی ئەوەی هەیەتی لەبارەی ئەو بابەتانەوە بە زمانێكی ڕاشكاو ورد دەینووسێت. بۆیە ئەو تاكڕەهەندانە و ڕەهاییگەرانە لەبارەی كیەكەگۆوە نانووسێت و بیروبۆچوونی ئەوانیتریشی بۆ گرنگە.

یەكێك لە سەركەوتنەكانی د. ئیمام لەم كتێبەدا ئەوەیە، كە داكۆكی لەو ڕاستییە دەكات كە ژیان و بیركردنەوەی كیەكەگۆ بەرئەنجامی ئەو ئەزموونانە بووە، كە پێیاندا تێپەڕیوە. بەمجۆرەش د. ئیمامیش پێیوایە كە نابێت مەودایەكی فراوان لە نێوان ئەوەی مرۆڤ چۆن دەژی و چۆنیش بیر دەكاتەوە، هەبێت، كەچی بەداخەوە ئەنجامێكی پێچەوانە لەم شیكردنەوەیە وەردەگرێت و دەڵێت:

“ئەمە ئەو خەسڵەتە گشتییانەی كەسایەتی ئەو تاكەن.. كە هەژار بوو لە ئەزموونەكانی و لێهاتووییەكانی، پەیوەندی بە ژیان و خەڵكەوە پچڕاو، لە بوونی خۆیدا چەندین ململانێی هەمەڕەنگی  لە نێوان خۆی و واقیعدا هەبوون، كە نە چارەسەر دەكرێن و نە لە كۆڵ دەبنەوە و نەدەشتوانێت تێیانپەڕێنێت، چونكە ئەوانە مەترسین و ناوێرێ ئەنجامیان بدات، چونكە پشتكۆمێكە، كە بە ئازارێكی زۆر و نائاسایی نەبێت، ناتوانێت هەنگاوەكانی بنێت”[48].

ئەم ئەنجامە هیچ پەیوەندیی بە كیەكەگۆیەكەوە نییە، كە تا لە ژیاندا بوو، بەرگریی لە بۆچوونەكانی خۆی دەكرد و لە دژی حەشامات و عەوامباوەڕی بوو. لەسەر شەقام لەگەڵ مرۆڤی ئاساییدا گفتوگۆی دەكرد و لە سیستەمی ئایینداری كڵێسەی سەردەمەكەی خۆی یاخی بوو، كەچی بۆ ساتەوەختێكیش لە هاندانی مرۆڤ نەوەستا كە دەیەوێت ببێتە تاكەكەسێكی بێ نموونەی متمانە بەخۆكردووی باوەڕدار.

كیەكەگۆ تەنیا ئەو ساتەوەختە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ خەڵكی ئاسایی پچڕان كە بڵاوكراوەی (كۆرسارن/چەتەی دەریا)، كەوتە تانەلێدان لە جەستە و جلوبەرگ و كەسایەتییەكەی و ئەمەش بووە مایەی ئەوەی منداڵان و ڕەشەخەڵك لەسەر شەقام هویهای لێ بكەن و گاڵتانی پی بكەن. ئەو ماوەیە كەمێك گۆشەگیرانە ژیا و لە خەڵك دوور كەوتەوە. كیەكەگۆ هەر ململانێیەكی لەگەڵ خۆی و واقیعدا هەبووبێت، دواجار لە یاداشتە ڕۆژانەییەكاندا وەكخۆی تۆماری كردووە و لە بەرهەمەكانیشدا وەك كەرەستەیەكی هزری بەكاری هێناونەتەوە و بیری لێكردوونەتەوە. نابێت ئەم دوو شێوازە تێكەڵ بكرێن: كەسێك یاداشتەكانی ڕۆژانەی خۆی، هەستی خۆی و بەسەرهاتەكانی ئەو  ڕۆژە و بیرۆكەكانی خۆی تۆمار دەكات و پاشان لە بەرهەمەكانیدا هزرمەندانە و فەیلەسووفانە بیریان لێدەكاتەوە و لە خەم و ئەزموونێكی تایبەتەوە دەیانكات بە بابەتگەلێك تا هەمووان لەڕێگەیانەوە لە دۆخی بوونناسانەی خۆیان تێبگەن.

كیەكەگۆ وەك هەر مرۆڤێكی دیكە هەر خەم و خەفەتێكی هەبووبێت، لە یاداشتەكانیدا تۆماری كردوون، بەڵام لە كتێبەكانیدا كردوونی بە بابەتی هزری و وەك دۆخێكی گشتی ژیانی مرۆڤ لێكیداونەتەوە. كێشە جەستەییەكانیشی (پشتكۆمیی”قەمووری” و لەنگیەكەی)، بۆی نەبوونە ڕێگر لەبەردەم هەڵهێنانەوەی هەنگاوی مەزندا و لە سەردەمی ژیانی خۆیشیدا، جگە لەوەی بڵاوكراوەی (كۆرسارن) ئەمجۆرە شتانەی هێناونەتەوە پێش؛ هەرگیز جێی باس و خواسی خەڵك نەبوون. خەڵك كیەكەگۆیان بە زیرەكیی و خۆشمەشرەبی و سادەییەكەیدا دەناسییەوە. ئەمە جگە لەوەی كیەكەگۆ تواناییەكی لە ڕاددەبەدەری لە زمان و نووسین و پەیوەندییگرتندا هەبوو. گوێیەكی بیسیاریی زۆر هەستیاری هەبوو، بەڕاددەیەك گوێی بۆ خەڵك دەگرت، كە لە نووسینی بەرهەمەكانیشیدا و لە دروستكردنی نازناوەكانیشیدا ئەو جیاوازییەی ڕەچاو دەكرد و ئەوەی گوێی لێ دەبوو بە ناوی خۆیانەوە تۆماری دەكرد. بۆیە هیچ نازناوێكی نێو بەرهەمەكانی وەك خودی كیەكەگۆ نادوێن و هەریەكەیان گوزارشت لە بۆچوونی خۆیان دەكەن.

نووسەر دەنووسیت: “كیەكەگۆ لە پشت پەردەوە دەژیا، لە پشت پەردەوە پەیوەندیی لەگەڵ واقیعدا هەبوو، كەواتە دەبوو بە ناچاریش لە پشت پەردەوە لەگەڵ خوێنەرەكانیدا پەیوەندی هەبێت”[49]. ئەمە تێگەیشتنێكی تەواو هەڵەیە لە كیەكەگۆ. بە پێچەوانەوە ئەم فەیلەسووفە بە درێژایی ئەو تەمەنە كورتەی هەیبوو، بەردەوام خەریكی لادانی پەردە بوو لە نێوان خۆی و واقیعدا، لە نێوان واقیع و هرزیندا و لە نێوان خوێنەر و ژیانەكەیدا. ئەو پەردەی لەسەر ئایینبازی سەردەمەكەی، لەسەر باڵادەستی ڕەشۆكییەت بەسەر تاكەكەسەوە، لەسەر مژدەكانی زانستباوەڕی بۆ گەیشتن بە ڕاستیی مرۆبوون، لەسەر فەلسەفەی دوور لە واقیع، لادا. لەبەرامبەر ئەمانەشدا ژیانی مەعنەوی و ڕۆحیی مرۆڤی بە گرنگ گرت، شەڕی لە پێناوی تاكەكەسدا كرد و پەردەی لەسەر ناخ و كێشە و حەز و ویستەكانی لادا و بوونی مرۆڤی لە خودی خۆیدا دۆزییەوە. ئەو نەك هەر خۆی بە دەست واقیعێكی تفت و تاڵەوە نەدا، بەڵكو لە دژی جەنگا و مرۆڤی كردە چەقی ئومێد و گەیشتن بە داهاتوو و خۆ دۆزینەوە و خۆوەدیهێنان. كیەكەگۆ زۆر پێش سەرهەڵدانی زانستی دەروونزانی، دەروونی مرۆڤی دۆزییەوە و پەردەی لەسەر تاریكترین بەشەكانی ناخی مرۆڤ هەڵدایەوە.

دوكتۆر ئیمامیش وەك زۆرینەی ئەو توێژەرانەی زمانی دانماركی نازانن، لە گۆكردنی ناوی كەس و شوێنەكاندا هەڵەیان كردووە. هەروەك چۆن لە دۆزینەوەی هاوواتای پێویست بۆ زاراوەكانی كیەكەگۆ دووچاری كێشە بوون. یەكێك لەو زاراوە كلیلی و گرنگانەی كیەكەگۆ، كەناوی یەكێكە لە كتێبەكانیشی؛ بریتیە لە (Begrebet Angst)، كە بە واتای (چەمكی شپرزەیی) دێت، یان (هەترەشچوون و تۆقین). ئەم زاراوەیە لە عەرەبیدا، كراوە بە (مفهوم القلق)، واتە چەمكی دوودڵی.

كیەكەگۆ وشەی (ئانگست)ی بەكار هێناوە و بە (“Angst”) نووسیوێتی، كە لە زمانی ئێستەی دانماركیدا دەنووسرێت: ( angst). وشەی ئانگست بە واتای (قەلەق)ی عەرەبی نایەت، هەروەك چۆن واتای (اضطراب)ـە فارسییەكەش نادات. وەرگێڕانە نوێیەكەش بۆ عەرەبی كە ڕاستەوخۆ لە زمانی دانماركییەوەیە؛ دەستی لە وشەی (القلق) هەڵگرتووەو وشەی (الفزع)ی بۆ بەكارهێناوە، كە زۆر نزیكترە لە “ئانگست”ـەوە[50]، بەڵام هێشتا وشەی (الرهبة) لە دانماركییەكەوە نزیكترە. ئێمەش ناچار نین هەڵەی عەرەب و فارسەكان دووبارە بكەینەوە. ئیمام و هەموو ئەوانەی دیكە، كە لە وشە ئینگلیزییەكەوە: (Anxiety/ئینگزایەتی) وەریانگێڕاوە، پێشدەچێت هەڵەیان كردبێت. من بۆ وەرگێڕانە فارسییەكەی ئەم وشەیە هەندێ ڕوونكردنەوەم لەمبارەیەوە نووسی، كە پێویست بە دووپاتكردنەوەیان ناكات.

وەك پاشتریش ڕووندەبێتەوە، كیەكەگۆ لە نێوان چەمكی (ئانگست/(Angst) بە واتای شپرزەیی/پەرێشانی و چەمكی ترس (الخوف)، یان (فغویگت/ Frygt) جیاوازیی كردووە: ئانگست پرۆسەیەك، یان دۆخێكی دەروونی، مەعنەویی و ڕۆحییە و هیچ بابەتێكی لە دنیای دەرەوە نییە كە سەرچاوە بێت بۆ ئەوەی ببێتە بنەوانی شپرزەیی و پەرێشانییەكەمان، واتە شپرزەبوون شپرزەییە لە ئاست “هیچ” یان نابووندا. شپرزەیی مرۆڤ و سڵكردنەوە و هەراسانیی مرۆڤ پەیوەندیی بە ژیان و بوونی پڕكێشەی ئەوەوە هەیە، یان ئەو دۆخە دەروونیانەی لەو ژیانەدا دووچاریان دەبێت، بە تایبەتی كاتێك خۆی لە بەردەم ئازادیی هەڵبژاردندا دەبینێتەوە و ئەمەش تووشی “سەرەگێژە”ی ئازادیی دەكات و لێی دەبێتە شپرزەیی. كیەكەگۆ لەو بڕوایەدایە لەوە قوورستر بۆ مرۆڤ نییە كە دەزانێت ئازادە و ئەمە تووشی شپرزەیی دەكات، وەكئەوەی لە بەرزایی خەرەندی ڕەواندزێوە بنۆڕێتە تەختی چەمی و لەو دۆخەشدا تووشی سەرەگێژە دەبێت و بۆی هەیە لە هۆشخۆی بچێت و ببوورێتەوە.

بۆیە ئەوەی كە هەیە لە دەروون و ناخی مرۆڤ خۆیدایە. شپرزەیی دەربڕی ئەو ڕاستییەیە، كە مرۆڤ ڕۆحە، یان گیانی هەیە و ئاگایە بە بوونی خۆی. شپرزەیییەكی خراپ هەیە، كە شپرزەبوونە لە ئاست شتە باشەكان و پاشانیش شپرزەیییەكی باش هەیە، كە پەرێشانییە لە شت و دۆخە خراپەكان. كیەكەگۆ بە شپرزەبوونی لە شتە خراپەكان دەشڵێت شپرزەیی لە شەیتانییەت. بەمجۆرەش شپرزەیی بریتیە لە جوڵە و چالاكییەكی ڕۆحیی و ناخەكی و عەوداڵیی مرۆڤە بەدوای ڕزگاری و بەخشیندا. كیەكەگۆ شپرزەیی لەگەڵ (تا) بەراوورد دەكات، كە دۆخێكە نیشانەی بەرگریكردنی جەستەیە لە تووشبوون بە هەوکردن[51]. شێركۆ بێكەسی شاعیر لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت: شپرزەیی لە پشت هەموو داهێنان و جوڵەیەكەوەیە.

بەمجۆرەش مرۆڤ بوونەووەرێكی تالێهاتووە. وەكئەوەی لە خەوێكی قووڵ ڕاپەڕێت و عەرەقی كردبێتەوە و حاڵەتێكی تۆقینی تووش بووبێت. زۆرجار مرۆڤ لەبەردەم ئەرك و چاوەڕوانی، سەفەر و دیدارێك، بینینەوەی كەسێك، یان بڕیاردان لە كارێك، بە خۆی دەڵێت: تام لێهاتووە، شپرزەم و نازانم چی بكەم. خرۆشاو و شەپۆكاو و پەرێشانم.. دۆخەكە شتێكە لە نێوان ترس و دڵەڕاوكێیەكی دەروونی و سڵكردنەوە لە ئەنجامدانی شتێك، وەك سواربوونی فڕۆكە، یان لەسەر پلەشاخێكەوە خۆهەڵدانە خوارەوە بۆ ناو گۆمێك، یانژی سواربوونی خلیسكێنەی ئاوی و..

تالێهاتن دۆخێكی زۆر ئاسایی ژیانی مرۆڤە، مرۆڤ لە هەموو ساتەوەختێكی ژیاندا ڕووبەڕووی تای نێو ناخی خۆی دەبێتەوە، (تا)، لەوەی چی بكەم و چی نەكەم، چی هەڵبژێرم و چی هەڵنەبژێرم بۆ ئەوەی بەرگریی لە هەوكردنی ژیان بكات.. ئەم تایە/شپرزەیی و پەرێشانییە تایەكی بوونناسیانەیە و تەنیا مرۆڤ ئەم تایە دەگرێت، چونكە هووشیاریی بەرامبەر بوونی خۆی هەیە. چونكە بیر لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو دەكاتەوە. ئەمە نیشانەی ئەو ڕاستییەیە مرۆڤ بە سرووشتی خۆی بوونەووەرێكی شپرزە و نیگەرانە، ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە ئەو هەستیارە بەرامبەر بوونی خۆی و ئاگایی هەیە و هەمیشە ئازادە لە هەڵبژاردندا. ئەم ئازادییە تووشی سەرەگێژەی دەكات و لە میانەی ئەم هەڵبژاردن و ئازادیی و سەرەگێژەیەدا خۆی دروستدەكات. كەواتە شپرزەیی ساتەوەختێكی زەینی و مەعنەوی و ناخەكییە كە مرۆڤ هاندەدات بۆ بەردەوامی و هەڵبژاردنی ئەوەی خۆی دەیەوێت. هەڵبژاردن تەنیا لە دۆخێكی ئازادانەدا بە ئەنجام دەگات و ڕێك لەو ئازادییەشدا مرۆڤ تووشی سەرئێشەیەك دەبێت ئاخۆ لە نێوان ئەمیان و ئەویاندا كامیان هەڵبژێرێت، كە كیەكەگۆ پێیدەڵێت: سەئێشەی ئازادی.

ئەوەی لەبارەی شپرزەیییەوە گوترا بۆ چەمكی دوودڵیش ڕاستە. دوودڵی لە دانماركیدا واتە (Fortvivlelse)/ فۆرت/ڤیڤ/لل/سە)، كە  مانای (تێدامان)، وەكئەوەی دەگوترێت: تیاماوم، واتە دۆخێكه‌ مرۆڤ ده‌خاته‌ نێوان بڕیاردان له‌ كردنی كارێك یا نه‌كردنی دوودڵی و ڕاڕایی. ئەمەش هیچ پەیوەندی بە نائومێدییەوە نییە. (نومیدی) فارسیی و (یأس)ی عەرەبیی لە دانماركیدا پێیدەڵێن: من نائومیدم (Jeg er skuffet) (Jeg er håbløs) ، (یای ئێ سكۆفت، نەك یای ئێ هۆبلویس)، ئەوەی دوایی، واتە: من دڵشكاوم.

دەكرێت زۆر تێبینی دیكە لەبارەی كتێبەكەی مامۆستا (ئیمام)ـەوە دەرببڕین، بەڵام ئەوەی نووسیمان بەسە و ئەوە دەخاتە ڕوو، نووسەرە فارس و عەرەبەكان لە وەرگێڕانی دوو لە گرنگترین زاراوەكانی كیەكەگۆدا هەڵەیان كردووە و ئەوەشی لەو بارەیەوە نووسیویانە لەسەر بنەمای ئەم هەڵە وەرگێڕانەوە دامەزراوە[52]. بە تێگەیشتنی من ئەم هەڵەیە و هەڵەی لەو باتە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، كە وا هێنراوەتە پێشچاو كە كیەكەگۆ لەبارەی هەر شتێكەوە قسەی كردبێت، وەك بۆچوون و بیروڕای خۆی لەسەر ئەو دۆخ و شت و چەمكە وەرگیراوە، لەكاتێكدا ئەو لە پێگەی شیكەرەوە، یان ڕاڤەكار و لێكدەرەوەیەكدا باسی ئەو بابەت و چەمك و دۆخەی كردووە. واتە كاتێك باسی ترس، شپرزەیی، دوودڵی و ڕاڕایی دەكات لە دۆخە كەسی و ئەزموونە تایبەتەكە دەیهێنێتە دەرێ و وەك دیاردەیەكی ناخەكی و مرۆیی لێكدانەوەی بۆ دەكات نەك وەك گێڕانەوەی ئەزموونێكی خۆی. سەرچاوەیەكی دیكەی ئەو هەڵەیە ئەوەیە، كیەكەگۆ بەناوی نازناو و كاراكتەرەكانییەوە هەرچییەكی نووسیبێت، لەسەر خودی خۆی حساب كراوە و وەك بیروڕا و تێگەیشتن و ئەزموونی كەسییی خۆی لێكدراوەتەوە.

 

هێڵکاری و قەڵمکێشی کیەکەگۆ ١٨٨٢- ١٨٢٠- لەلایەن پیتەر کالێی
هێڵکاری و قەڵمکێشی کیەکەگۆ ١٨٨٢- ١٨٢٠- لەلایەن پیتەر کالێی

 

 

دوكتۆر عەبدولڕەحمان بەدەوی:

گەورە بیرمەند و مامۆستا و وەرگێڕی فەلسەفە عەبدولڕەحمان بەدەویش لە هەشتاكاندا كتێبێكی گرنگی بە ناوی (چەند لێكۆڵێنەوەیەك سەبارەت بە فەلسەفەی بوونگەرایی) بڵاو كردەوە[53]، كە تیایدا یەكەم فەیلەسووف بەسەری دەكاتەوە و كارەكانی دەخاتە “خانەی كاری فەلسەفیی پلە یەكەوە”، سۆرین كیەكەگۆیە[54]. هەروەها لە كتێبەكەیشیدا بەناوی (گەشتی ژیانم، بەرگی 1) گەڕاوەتەوە سەر هەندێ باس و “ڕێبازە وجودییە”ـەكەی[55]. لە كتێبی یەكەمیدا، كە باسی كیەكەگۆ دەكات، ئەو بەشەی ناوناوە: (كیەكەگۆ پێشەنگی بوونگەرایی)، كە دیارە ئەم ناونیشانە خۆی لە خۆیدا هەڵگریی ناكۆكییە. چونكە هەرچەندە وشەی “پێشەنگ” زۆر گونجاوترە لە “باوكی بوونگەرایی”، كەچی بەدەویی لەسەر پێشەنگبوونی كیەكەگۆ بۆ بوونناسی بەند نابێت و هەر لە یەكەم دێڕی دوای ناونیشانەكەیەوە دەیكاتەوە بە “باوكی بوونگەرایی”[56].

لەگەڵ ئەوەشدا بەدەوی بە زمانێكی بەلاغیی و جوان لەبارەی كیەكەگۆوە دەنووسێت، زۆرجاریش دەكەوێتە ژێر كاریگەریی خۆشخوانیی زمانەكەیەوە و ئەمەش دەیخاتە بەردەم چەند كێشەیەك سەبارەت بە كیەكەگۆ. بۆیە ئەویش چەند كێشەیەكی هاوبەشی لەگەڵ توێژەرانی دیكە لە ئەورووپایی و ڕۆژهەڵاتییەكان هەیە و چەند كێشەیەكی دیكەیشی تایبەت بە خۆی هەیە. كێشە هاوبەشەكانی لە چوارچێوەی “وێستگەگانی ژیان” لەلای كیەكەگۆ، “وەرگێڕانی چەمكەكان” و دۆزینەوەی چەمكی نەگونجاو  بۆیان دەسووڕێنەوە، كە پێویست بە باسكردنیان ناكات.

هەروەها مامۆستا بەدەوی لە وەسفی ڕووخساری كیەكەگۆدا بەجۆرێ دەنووسێت، بكەوێتە دژوازییەكی زۆرەوە و بە جۆرێ باسی وردەكاریی ڕووخسار و قژ و سیمای دەكات، وەكئەوەی خۆی بینیبێتی: “چاوەكانی شینێكی ئاسمانی بوون، قژی زەرد و هەڵیدەدایەوە بۆ دواوە و لە چەپكێك گوڵەگەنم دەچوو”[57]. یان چەند لاپەڕەیەك لەوە دوا دەنووسێت: “باڵای كورت و پشتی كۆم بوو، باریك و بنێس بوو، ئێسقان ڕەق و دەمزل، شەویلگەی سەرەوەی دەرپەڕیبوو، قژی لە چەپكێك كا دەچوو، سمێڵیشی چڕ بوو”[58].

جگەلەوەی بەشێكی زۆر لەم وەسفانەی بەدەویی بۆ كیەكەگۆ ڕاست نین، ئاواش لەلایەن سەرچاوە هاوكات و پاشترەكانی سەردەمی كیەكەگۆوە پشتڕاست ناكرێنەوە. هیچ سەرچاوەیەك نەبینراوە باسی ئەوەی كءردبێت كیەكەگۆ سمێڵی هێشتبێتەوە. یان قژی بە “چەپكێ گوڵەگەنم”، یانژی “چەپكێك كا”، چووبێت! ئەو هێڵكاریی و وێنە هونەرییانەی ڕووخساری كیەكەگۆ دەخەنە ڕوو، یان ئەو سەرچاوانەی باسی كەسایەتی كیەكەگۆیان كردووە، یان هێنانەپێشچاوی كیەكەگۆ لە كەشی قوتابخانە، زانكۆ، ماڵ و نێو هاوڕێ و هاوشارییەكانیدا، وەك كەسایەتییەكی پەسەندكراو، جێخۆش لە نێو هاوەڵاندا، پێشوازیی لێكراو لە هەموو شوێنێك، بە تایبەتیش لەگەڵ كچان؛ ڕێگەی ئەوەمان پێنادەن ئەوەندە ناقۆڵا وەسفی بكرێت. تاقە شوێنێك باسی پشتكۆمی و لەنگی كیەكەگۆی تێدا كرابێت، نێو گۆڤاری (كۆرسارن)ـە، ئەویش هێشتا بەو ناقۆڵاییە نا كە مامۆستا بەدەوی باسی دەكات و هێشتا ئەم باسكردنەی (كۆرسارن)یش جیی گومانە چونكە لە ڕوانگەی دژایەتیكردنی فەیلەسووفەكەمانەوە بووە[59]. بەو ڕایەڵەشدا كە بۆ بەرپەرچدانەوەی د. بابك ئەحمەدی دامان ناوە، خوێنەر دەتوانیت وێنە و پۆرترێتی خوشك و براكانی كیەكەگۆ ببینێت و بەراووردیان بكات بەو وەسفانەی بۆ كیەكەگۆ كراون.

وێڕای ئەوەی بەدەوی ناوی كتێبەكانی كیەكەگۆیشی بە هەڵە بردوون، ئاواش بە هەڵە دەنووسێت: “كیركەگۆر توانیی لە سێپتەمبەری 1841 دا بە تێزەكەی كە ناونیشانەكەی بیرۆكەی تییز بەتایبەتی لای سوكرات، دكتۆرا تەواو بكات)[60].

كیەكەگۆ دوكتۆرای وەرنەگرتووە و ماستەری هەیە. ناونیشانی ماستەرنامەكەی كیەكەگۆ بریتییە لە: (لەبارەی چەمكی ئایڕۆنییەوە بە ئاوڕدانەوەی بەردەوام بۆ سوكرات لەلایەن كاندیدی بەشی لاهووت س. ئۆ. كیەكەگۆوە. كۆپنهاگن 1841)[61].

هەڵەیەكی دیكەی بەدەوی و زۆبەری توێژەرانی دیكەی هزری كیەكەگۆ ئەوەیە كە خودگەرایی (ئیندیڤیجواڵیزم) و بوونەخود (ئیندیڤیجوەیشن)؛ یان (Individualisme و Individuation) تێكەڵ دەكەن. كیەكەگۆ باسی بوونە خود (At bliver sig selv)، یا خۆت بیت (At være sig selv)، یان بوونە تاك (den Enkelte) دەكات، نەك خودپەرستی Egoisme و تاكگەرایی (Individualisme) وەك بەدەوی دەنووسێت یەكێكە لەو توخمانەی كاریگەرییان لەسەر كیەكەگۆ هەبووە[62].

وەك لە بەشی سێیەمدا ڕووندەبێتەوە، پەیوەندیی كیەكەگۆ و هیگڵ دوژمنكارانە نییە، كیەكەگۆیش هەرگیز هیگڵی بە “دوژمنی سەرسەخت”ی خۆی نەزانیوە وەك بەدەوی نووسیوێتی[63]. بۆیە ئەو لێكدانەوانەش كە لە سێبەری ئەم بۆچوونەدا ئەنجام دەدرێن، هەڵە دەكەونەوە. كێشەی كیەكەگۆ لەگەڵ هیگڵدا دووژمنكارانە نییە، بەڵكو میتۆدیانەیە، هەر بۆیەشە كیەكەگۆ بە زاراوەكانی هیگڵ دژی هیگڵ دەوەستێتەوە. كیەكەگۆ هیگڵییەكی ناكۆكە لەگەڵ هیگڵدا.

كێشە تایبەتییەكانی بەدەوی لەگەڵ هزری كیەكەگۆ، خۆیان لەچەند بابەتێكدا دەبینینەوە، كە بەكورتی ئاماژەیان پێدەدرێت:

  • یەكەم: بەدەوی پووختەیەكی چڕوپڕ لە فەلسەفەی كیەكەگۆ هەڵدەهێنجێت بەبێ ئەوەی بە وردیی دەستنیشانی سەرچاوەكانی بكات، یان بگەڕێتەوە بۆ بەرهەمەكانی ئەو فەیلەسووفە. هەروەها ڕیزبەندیی گەشەی هزری كیەكەگۆیش ڕەچاو ناكات.
  • دووەم: ئەو چاوپۆشینە لە گەڕانەوە بۆ بەرهەمەكانی و دەستنیشان نەكردنی سەرچاوەكانی، وا دەكات بەدەوی شتێك بكات كە پێچەوانەی بۆچوونی دژە سیستەمی كیەكەگۆیە. ئەمە ڕووندەكەمەوە:

بەدەوی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو دیدە ڕەخنەییەی كیەكەگۆ لە بارەی سیستەمی فەلسەفییەوە هەیبوو، كە هەر ئەوەش دنەدەری ڕەخنەكانی كیەكەگۆ بوو لە هیگڵ، دێت “سیستەمێك”، یان “شێوە سیستەمێك” لە هزری كیەكەگۆ دادەتاشێت و لە چوارچێوەی دەدات. واتە بە جۆرێك لەبارەی هزری كیەكەگۆوە دەدوێت، وەكئەوەی هەر لە پێشەوە ئەم فەیلەسووفە زانیبێتی بەرەو كوێ ڕێدەكات و لە كوێدا بە كۆتایی خستنەڕووی ڕەوتە هزرییەكەی دەگات. ئەمەش ڕێك پێچەوانەی بیركردنەوەی كیەكەگۆیە، چونكە ئەو لە میانەی ڕەوتی ژیان و ئەزموونە بوونناسییەكانی خۆیدا، خەریكی گەڵاڵەكردنی هزری خۆیشی بوو. ئەوە ژیان و بوونی ڕۆژانەی مرۆڤەكان و خودی خۆی بوو، كە دەبوونە هۆكاری سەرهەڵدانی جۆرێك لە شیكاریی و هزری بوونخوازانە، نەك بە پێچەوانەوە. كیەكەگۆ بۆخۆی لەم بارەیەوە بە ڕوونیی نووسیوێتی: “سەرەتا ژیان دێت، ئەوسا بە ماوەیەكی درێژ یان كورت، (بەڵام دواتر) تیۆری دێت. نەك بە پێچەوانەوە“[64].

بەدەوی ئەم پرانسیپەی هەڵگێڕاوەتەوەو وەهای خستۆتە ڕوو كە كیەكەگۆ پێشتر بیری لە ژیان و بوون كردۆتەوە و فەلسەفاندوێتی، یان فەلسەفەیەكی بۆ ئامادەكردووە؛ نەك فەلسەفەكەی بەرەنجامی ژیان و ئەزموونەكانی بێت. هەر بۆیەشە بەدەوی دەتوانێت چەند كتێب، یان بەشی هەندێ لە كتێبەكانی بگرێت و “یەكێتییەكی بابەتی و تەواوكارییان” بۆ پێكهێنانی “سستەمێكی فەلسەفیی یەكگرتوو” لێ دروست بكات، لە كاتێكدا كیەكەگۆ دژی ئەمەیە و سەراپای نووسینەكانی پڕن لە فرەدەنگی و لە بیروڕای ناكۆك و پارادۆكس، بە جۆرێ هەرگیز ناكرێ بگوترێ كیەكەگۆ لەسەر بابەتێك ئاوای گوتووە، چونكە دەكرێت لە بەرهەمێكی دیكەیدا شتێكی دیكەی گوتبێت! بۆ نمونە بەدەوی بەشێك لە كتێبی (وێستگەگانی سەر ڕێگەی ژیان/1845)، كە بەناوی (كەمتەرخەم؟ ناكەمتەرخەم؟) دەهێنێت و دەیكاتە (گوناهبار.. یان بێگوناه) و وەك بەهەرمێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەكات و دەیكاتە پرسیارێك گوایە “بە درێژایی ژیانی فەلسەفیی كیركەگۆر، لە دەمارەكانیدا لێیدەدا، بە تایبەتیش وەختێ سەرڕێژ بوو لێی كە خوازبێنی گوڵێكی جوان و گەشی قژزەردی كرد، واتە ڕێژینا ئۆڵسن”[65].

كیەكەگۆ ئەو كتێبەی لە ساڵی 1845 نووسیوە و ڕێگینا ئوولسن لە نێوان 1840-1841 بۆ ماوەی ساڵێك و دوو مانگ دەزگیرانی بووە. ئەوە ڕاستە كاریگەریی خۆشەویستی ڕێگینا بەسەر كیەكەگۆوە تا كۆتایی ژیانی مایەوە، بەڵام پڕۆژەی هزری و فەلسەفیی كیەكەگۆ لە كەنار ئەم كاریگەرییەدا شێوەی خۆی گرت و نەوەستا و قۆناغەكانی خۆی بڕی. ئەم سەریەكخستنەوەی ڕووداوێكی سۆردارییانەی كورتخایەن، لەگەڵ پڕۆژەیەكی فەلسەفیی كە چوار ساڵ لەوەدوا نووسراوە، بناخەیەكی ئەوتۆی نییە. ئەمە جگە لەوەی مامۆستا بەدەوی لێرەدا چەمكی (گوناه) و چەمكی (كەمتەرخەمی) تێكەڵ كردووە. هەروەك پاشانیش ڕوون دەكرێتەوە، ئەم دوو چەمكە، واتە كەمتەرخەمی/سوچ: (skyld) و چەمكی گوناه (synd) لە باسكردنی هزری كیەكەگۆدا تێكەڵ دەكرێن.

كەمتەرخەمی چەمكێكی ئاكارییە[66] و گوناه چەمكێكی ئایینییە[67]. مرۆڤەكان لە ئاست یەكترییدا دەتوانن لە ڕووی ئاكارییەوە كەمتەرخەم بن، بەڵام لە ئاست جێبەجێنەكردنی ئەركە ئاینییەكانیاندا گوناهبارن و ڕووبەڕووی پەروەردگار دەبنەوە. كیەكەگۆ لە ئاست ڕێگینادا كەمتەرخەمی و تاوان هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی لەبەرامبەر ڕەبدا گوناهبار نەبێت. بەدەوی لەو بەكارهێنانەیدا كە وەك پاساوێك بۆ هەستی كیەكەگۆ لە ئاست پەشیمانبوونەوەی لە ڕێگینا بەكاری دەهێنێت، لە جیاتی چەمكی كەمتەرخەمی، واتە چەمكە ئاكارییەكە؛ هاتووە چەمكی گوناهی بەكارهێناوە، كە چەمكێكی ئاینییە. لەو بەشەی كتێبەكەی كیەكەگۆشدا هەر چەمكی (سوچ و كەمتەرخەمی (Skyld)بەكار هاتووە نەك گوناه، واتە (Synd)[68].  لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، ڕەنگی مووی ڕێگینا بە ئەگەریكی زۆرەوە زەرد نەبووە و قاوەییەكی تێر بوو. هیچ سەرچاوەیەك ئەوە پشتڕاست ناكاتەوە.

مامۆستا بەدەوی زانیاریی زۆریش دووبارە دەكاتەوە، بۆ نموونە لەپەڕە (64) كاتێك باسی سێ جۆر خەڵك و سێ جۆر ڕێڕەوی ژیان لەلای كیەكەگۆ دەكات و تا لاپەڕەی (68) بەردەوام دەبێت، كەچی لە لاپەڕە (85) و (86 و 87)یش هەمان زانیاریی دووبارە دەكاتەوە. هەروەها ڕوانگەیەكی هەڵەش بەسەر كیەكەگۆدا دەسەپێنێت، كاتێك نووسیوێتی: “دەتوانین بڵێین كە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەم قۆناغانە بەدوای یەكدا دێن”[69]، یانژی نووسیوێتی: “كەواتە دەشێ ڕێگای ژیان چەند ئەڵقەیەكی پێكەوە بەستراو بێت: بە جوانیگەرایی دەستپێبكات و بە ئاكارگەراییدا تێپەڕێت و بە ئایینگەرایی كۆتایی بێت”[70].

هیچ پاساوێكی پشت بەستوو بە نووسینەكانی كیەكەگۆ ڕێگە بەم ڕێكخستنە ڕیزبەندكراوە نادات، چونكە كیەكەگۆ ئەم ڕیزبەندییە وەك پردێك، یان پەیژەیەكی ناچارەكی نابینێت، كە لە یەكێكیانەوە تاكەكەس بەرەو ئەوانیتر بچێت. بەڵكو وەك بارودۆخی دەروونیی و چەند وێستگەیەك دەیانخاتە ڕوو كە بۆی هەیە مرۆڤ بۆ هەمیشە لەیەكێكیاندا بمێنێتەوە، یا لە یەكێك دەربازبێت بەرەو دۆخێكی دیكە بچێت. یانژی هەر لە دۆخێكدا گیر بخوات و نەتوانێت و نەیەوێت بچێتە دۆخێكی دیكەوە.

[1] ڕێبوار سیوەیلى: کیەکەگۆ و مەحوى: لە تەرازووى بوونناسیدا (لە بارەی فەلسەفەی بوونناسیی كیەكەگۆ و عیرفانی مەحوییەوە). ٢ بەرگ، سلێمانى: دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، چاپى یەکەم، ٢٠٢٦، ل: ٦٦-٩٦.

[2] د. سروش دباغ: Kierkegaard. 1 لە: https://www.youtube.com/watch?v=1Ero-FS3Tbg

[3]  ئەمە ناوی كتێبەكەی پیتەر ڤاردییە:

– Peter Vardy: An Introduction to Kierkegaard. Baker Academic (December 1, 2008).

  • [4]بابك أحمدی: هایدگر و پرسش بنیادین. تهران: مركز، 1381.
  • بابك أحمدی: هایدگر و تاریخی هستی. تهران: مركز، 1381.

[5] أحمدی: هایدگر و پرسش بنیادین، ص: 260.

[6] بابك احمدی: سارتر كە می نویشت. تهران، مركز: 1384.

[7] احمدی: سارتر كە می نویشت، ص: 160، 162-163.

[8] مارتین هایدیگەر: بوون و كات. و. د. محەمەد كەمال. سەردەم: 2013.

[9] ژان پۆڵ سارتەر: بوون و نەبوون. و. د. محەمەد كەمال، سەردەم: 2011

[10] بابك احمدی: سارتر كە می نویشت، ص: 240.

[11]  بابك احمدی: درسگفتار فلسفە اگزیستانسیالیسم، لە: درسگفتار فلسفه اگزیستانسیالیسم از بابک احمدی ۱ 2021.

[12] هەمان سەرچاوە و هەمان شوێن.

[13] بابك احمدی: درسگفتار فلسفە اگزیستانسیالیسم، پێشووتر.

[14] بۆ پاراستنی ئەمانەتی زانستی یەك سەرچاوەی هەیە كە ئاشكرای دەكات ساڵی 1954 كتێبێك بڵاو بۆتەوە بەناوی (ڕۆمانەكانی كیەكەگۆ)، بەڵام ئیتر ون دەبێت و لە شییكردنەوە و ڕاڤەی هزری كیەكەگۆدا كەمتر بینراوە بەكار بهێنرێت. ئەمەش تایبەتمەندیی نووسخە ئەلیكترۆنییەكەیەتی:

-Aage Henriksen: Kierkegaardsromanner. Gyldendal, I e-bogudgave, 2017.

[15] Sergeiy Sandler: Bakhtin and the Kierkegaardian Revolution. Bakhtin and the Kierkegaardian Revolution

[16] Alex Fryszman: Kierkegaard and Dostoyevsky Seen Trrough Bakhtins Prism. Pdf. KIERKEGAARDIANA 18 (juni 8, 1996).

[17] بابك أحمدی، درسگفتار فلسفە اگزیستانسیالیسم، هەمان ڕایەڵ و سەرچاوەی پێشووتر.

[18] Søren Kierkegaard: (SKS: 7, 570), 1846.

تەواوی ئەو وتارەم كردووە بە كوردیی و لە كۆتا بەشی بەرگی دووەمی كتێبەکەمدا دەیخوێنیتەوە..

[19] Hubert L. Dreyfus: On the Internet, Second Edition, First published 2001, by Routlege. Pp: 72-89.

[20]   زۆربەی پۆرترێت و ئەو قەڵەمكارییانەی لەبارەی كیەكەگۆوە كێشراون لەم لینكەدا دەبنیرێن:

http://wayback-01.kb.dk/wayback/20101108105134/http://www2.kb.dk/kultur/expo/sk-mss/jg-bild.htm

[21] Jansen, F.J. Billeskov: Søren Kierkegaard i Dansk Biografisk Leksikon på lex.dk. Hentet 17. november 2024 fra Søren Kierkegaard

[22] http://www5.kb.dk/images/billed/2010/okt/billeder/subject2264/da.

[23] عبدالكریم رشیدیان: هوسرل در متن اثارش. تهران: نشر نی، چاپ اول، 1384 و فرهنگ پسامدرین، تهران: نشر نی، چاپ دوم 1394.

[24]  سورن كیركگور: ترس و لرز. ترجمەء عبدالكریم رشیدیان، تهران: نشر نی، چاپ ششم، 1386.

[25]  سورن كیركگور: ترس و لرز. ت: عبدالكریم رشیدیان، پیشین، ص: 40-49.

[26]  لێرەدا لیستی ئەو كارانەی نەجفی دەنووسمەوە، كە خۆم بینیومن:

  1. سورن كیركگور: مفهوم ایرونی با ارجاع مدام بە سقراط. ت. صالح نجفی، تهران: نشر مركز، چاپ اول 1395.
  2. سورن كیركگور: تكرار. ت. صالح نجفی، تهران: نشر مركز، چاپ اول، 1396.
  3. سورن كیركگور: یا این یا ان. جلد اول، ت. صالح نجفی، تهران: نشر مركز، چاپ 1398.
  4. سورن كیركگور: یا این یا ان، جلد دوم، ت. صالح نجفی، تهران: نشر مركز، چاپ دوم، 1400.
  5. رابرت فرگوسن: درس های كی یرگگور، ت: صالح نجفی، تهران: نشر هنوز، چاپ دوم، 1398.
  6. جان دی. كاپوتو: چگونە كیركگور بخوانیم. ت. صالح نجفی، تهران: نشر نی، چاپ دوم، 1396.

[27] صالح نجفی:  درسگفتار اشنایی با كركگور، در: https://www.youtube.com/watch?v=tcsIQoOHQXA 2021.

[28]  صالح نجفی: بررسی كتاب “یااین یا ان” كركگور، چهل و هفتمین نشست نقد و  بررسی كتاب یا این یا ان. جمعە 26 اذرماه 1400، در: https://www.youtube.com/watch?v=0ZRMiYbkOJ4

[29] بڕوانە بەرگی دووەمی وەرگێڕانە فارسییەكە، ص: بیست و چهار.

[30] سی. استیون اونر: سورن كیركگور: پارەهای فلسفی، مترجم: محمدهادی حاجی بیگلو، تهران: زندگی روزانە، 1397.

[31] استیون كرایتس: سورن كی یركگور. مترجم: خشایار دیهیمی. تهران: فرهنگ نشر نو با همكاری نشر اسیم، 1398.

[32] Grøn, Arne; Garff, Joakim; Cappelørn, Niels Jørgen; Den Store Danske: Søren Kierkegaard i Lex på lex.dk. Hentet 21. januar 2025 fra Søren Kierkegaard – Filosof – Oversigt over værker – Lex

[33] Kierkegaard, Søren: Gjentagelsen, 1843, 25.

[34] بڕوانە پەراوێزی لاپەڕە (126) كە تیایدا م. نەجەفی نووسیوێتی: (بەیادهێنانەوە: وشەی دانماركی Gentagelsen واتا ئاساییەكەی دەبێتە the taking back، واتە گەڕاندنەوەی شتێك یان دانەوەی.). هەڵەكە لەوێدایە كە ئەو وشەیەی كیەكەگۆ لەم پەرەگرافەدا بەكاری هێناوە Gentagelsen  (گێنتایلسن) نییە و وشەی Gjentagelse(گێنتایلسە) یە، ئەویش بە واتای وەرگرتنەوە نەك دانەوە و گەڕاندنەوە.

[35] باسی زیندووبوونەوەی لازارۆس لە یۆحەنا ١١: ١-٤٤دا: پیاوێک نەخۆش بوو، ناوی لازارۆسی بەتەنیا، خەڵکی هەمان شارۆچکەی مەریەم و مارتای خوشكی بوو. وتی: «گەورەم، سەیرکە، ئەوەی تۆ خۆشت دەوێت نەخۆشە [4.] بەڵام عیسا گوتی: «لازارۆسی هاوڕێمان خەوی لێکەوتووە، وەلێ وا من دەڕۆم بۆ ئەوەی لە خەو بەئاگای بیهێنمەوە.». بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات: «لازارۆس، وەرە دەرەوە.» [44.] مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە پۆشاكی گۆڕەوە بەستبوو، دەموچاوی بە خام بەسترابوو. عیسا پێی گوتن: «ئازادی بکەن و با بڕوات.».

[36] لەبەرئەوەی كیەكەگۆ وشەی هەمیشەیی/ ئەبەدییەت یان: Evighed زۆر بەكار دەبات، ئەم ڕوونكردنەوەیە دەنووسم: لە هزری ئەودا هەمیشەیی بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە پەیوەندیی تاكەكەس/مرۆڤ لەگەڵ خودا، واتە پەیوەندییەكی وا كە هەمیشە هەیە. هۆكاری ئەمەش ئەو ئەڤینەیە كە مرۆڤ هەمیشە لە دڵی خۆیدا و لە ڕێگەیەوە هەست بە بوونی پەروەردگار دەكات. واتە چەمكەكە پەیوەندیی بە چەمكی داهاتوووە نییە لە پۆلێنكردنی كاتدا، چونكە مرۆڤی باوەڕدار كە هەمیشە زیكری خودای لەدڵدایە و بەناوی ئەوەوە هەر كارێك دەكات، دەتوانێت لەڕێگەی پەیوەندییە هەمیشەییەكەیەوە لەگەڵ خودا هەمیشەییبوون لە ئێستاشدا ئەزموون بكات. كەواتە هەمیشەییبوون شتیك نییە تەنیا لە داهاتوودا بێتە دی، بەڵكو لە ئێستاشدا و لەم كاتە دنیاییەشدا ئەگەری وەدیهاتنی هەیە.

[37] Birgite Bertung: 2010, s: 42.

[38]  مهتاب مستعان: كی یركگور: متفكر عاریف پیشە. تهران: نشر پرسش، چاپ اول: 1386.

[39] راضیە زینلی: خود، دیگری و خدا. در اندیشە كیركگور. تهران: انتشارات نشر ان سو، 1400.

[40] Kierkegaard, Søren: Opbyggelige Taler i forskjellig Aand. 1847.Kjøbenhavn:Hos Universitetsboghandler C. A. Reitzel. Trykt i Bianco Lunos Bogtrykkeri.

[41] Anden Afdeling: Hvad vi lære af Lilierne paa Marken og af Himmelens Fugle. Tre Taler.

[42] Tredie Afdeling: Lidelsernes Evangelium. Christelige Taler.

[43] سورن كیركگور: خلوص دل تمنای یك چیز است. ترجمەی: پوریا پرندوش. تهران: انتشارات اشیان، چاپ اول: 1402 (2023).

[44] علی نجار نژاد (پزشك و دانش اموختە فلسفە): جریان اگزیستانسیالیزم چیست و چە طور شكل گرفت؟ 24/1/2024، لە چركەی 8:49. بڕوانە: Anakavik philosophy آناکاویک فلسفه  جریان اگزیستانسیالیم چیست و چه طور شکل گرفت؟

[45] بڕوانە: کیەکەگۆ و مەحوى، بەرگى یەکەم، ل: ٣٣٨-٣٥٨. بە تایبەتى بۆ مالیک بڕوانە ل: ٣٤٥-٣٤٦.

[46]  ساڵی 2013 بە بۆنەی یادی دووسەد ساڵەی كیەكەگۆوە، لە دانمارك ئەم نازنانەوەیان بەسەردا بڕییەوە: National Filosof, “فەیلەسووفی نەتەوەیی”.

[47]  امام عبدالفتاح امام: كیركجور: رائد الوجودیة. حیاته و مؤلفاته، جزء الاول، قاهرة: دار الثقافة للطباعة و النشر، 1982، ص: 41.

[48]  هەمان سەرچاوە، ل: 64.

[49]  امام عبدالفتاح امام: كیركجور: رائد الوجودیة. حیاته و مؤلفاته، جزء الاول، ص: 67.

[50]  سورن كیركگورد: مفهوم الفزع. تمرین سایكولوجی أولی فی ضوء القضیة الدغمائیة حول الخطیئة. ترجمة عن الدنماركیة و قدمە: قحطان جاسم. بیروت: الرافدین، 2021.

[51] Henning Nørhøj: Ordbog: Forstå de mest centrale Kierkegaard-begreber.
Forstå Kierkegaards mest centrale begreber | Kristeligt Dagblad.

[52] ئەم هەڵانە هەر تەنیا زاراوەكانیان نەگرتۆتەوە، بەڵكو ژیاننامەی كیەكەگۆش شێوێنراوە. بۆ نموونە نووسەرێكی عەرەب بە ناوی (مەجدی كامل) نووسیوێتی “كیركیگارد ڕێگینای كچی ڕاوێژكاری دادگای خواستووە، بەڵام دوای دە ساڵ بەیەكەوە بوون.. وازی لێهێناوە” یان: “دەگوترێت كیركیگارد لە قۆناغەكانی سەرەتای تەمەنیدا خوێندكاری فەیلەسووفی ئەڵمانی هیگڵ بووە!”. بڕوانە:

  • مەجدی كامل: بوونگەرایی. وەرگێڕانی بۆ كوردی: ئیسماعیل كوردە. چاپی یەكەم، 2019، ل: 101.

[53] الدكتور عبدالرحمن بدوی: دراسات فی الفلسفة الوجودیة. ط: الاولی، 1980، بیروت لبنان. ئێمە پشتمان بە وەرگێڕانە كوردییەكەی بەستووە كە ئەمە تایبەتمەندییەكانێتی:

  • عەبدولڕەحمان بەدەوی: چەند لێكۆڵینەوەیەك سەبارەت بە فەلسەفەی بوونگەرایی. و. ئازاد بەرزنجی، سلێمانی: دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، 2020.

[54] عەبدولڕەحمان بەدەوی، پێشوو، ل: 37-114، ئەو گوتەیەی بەدەوی لە لاپەڕە: 98دایە.

[55] عەبدولڕەحمان بەدەوی: گەشتی ژیانم 2 بەرگ، و: عومەر عەلی غەفوور. سلێمانی: دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان. 2020، ل: 271-570.

[56] عەبدولڕەحمان بەدەوی: كیركەگۆر پێشەنگی بوونگەرایی، ل: 37.

[57] بەدەوی، هەر ئەوێ، ل: 42.

[58] بەدەوی، پێشوو، ل: 45.

[59] Bruun Andersen: SØREN KIERKEGAARDS UDSEENDE. Hentet den 18. Januar 2024 fra https://tidsskrift.dk/personalhistorisk_tidsskrift/article/download/79465/114589/166116 

[60] بەدەوی، هەمان سەرچاوە، ل: 47.

[61] Søren Kierkegaard: Om Begrebet Ironi med stadigt Hensyn til Socrates. Udgivet for Magistergraden af S.A. KIERKEGAARD, theologisk Candidat. Kjøbenhavn Paa Boghandler P.G. Philipsens Forlag Trykt i Bianco Lunos Bogtrykkeri 1841.

[62] عەبدولڕەحمان بەدەوی، پێشوو، ل: 50-51.

[63] بەدەوی، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل: 101

[64] Kierkegaard, Søren Journalen NB 25 : 1852. NB25:98.

[65] عەبدولڕەحمان بەدەوی: پێشوو، ل: 53.

[66] Kierkegaard, Søren: Begrebet Angst, 229.

[67] Birgite Bertung: Kierkegaard-brgreber, 2010, s: 91.

[68] Kierkegaard, Søren: Stadier paa Livets Vei. 173: “»Skyldig?« – »Ikke-Skyldig?« En  Ldelseshistorie Psychologisk Experiment.

[69] عەبدولڕەحمان بەدەوی: سەرچاوە پێشوو، ل: 68.

[70] بەدەوی، هەمان سەرچاوە، ل: 70.

 

 

بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. ‌