کولتور مەگەزین؛ لە بەشی یەکەمی ئەم نوسینەدا (هاوار موحەمەد) کێشەبەندیەکانی دونیای مۆدێرن کە لەکاپیتالیستی وەحشی یان دڕندەدا خۆی نمایشدەکات، تاوتوێکرد. بەشێکی زۆری ئەم پێنج خاڵەی بەشی یەکەمی نوسینەکەی هاوار موحەمەد گرفتی گوتاری ئایدۆلۆژی مارکسی ڵێنینی دۆگمایی بوو لەگەڵ ڕەوتی گەشەکردنی سەرمایەداری.
بێگومان بەپێچەوانەی ئەو پراکتیزە کوێر و دۆگماییەی مارکسیە تەقلیدەیەکان مەزندەیان دەکرد، بەوەی قەیرانەکانی نێوان (پەیوەندەیەکانی بەرهەمهێنان و سەرمایە) بەمانای کار و سەرمایە، دەبێتە هۆی ڕووخاندنی حەتمی سەرمایەداری، بەپێچەوانەی ئەم دیدە، سەرمایەداری لەسەدەی نۆزەدەوە بەردەوام لەنوێبوونەوەی بەردەوامدایە ، سەرەڕای ئەوەی دووجەنگی گەورەی وێرانکاری لەجیهاندا بەرپا کرد و بەردەوامیش قەیران و جەنگ بەرهەمدەهێنێت، کەچی سەرمایەداری نەک بەرەو پیربوون و ڕووخان ناڕوات ، بەڵکو بەرەو گەنجبوونەوە و گەشەسەندن و نوێبوونەوە هەنگاودەنێت! خەیاڵەکانی ڕۆمانسیەتی چەپی کۆنزەڤاتیڤ چیتر توانای ئەوەی نییە بەم دیدە کۆنزەڤاتیڤەی ( کار‌و سەرمایە) بەرەنگاری سەرمایەداری وەحشی بێتەوە.
هاوار موحەمەد لەبەشی یەکەمی نوسینەکەیەیدا دەڵێت :
چیتر سه‌رمایه‌داریی سیسته‌مه‌كه‌ی سه‌رده‌می ماركس و ئه‌نگلز و لینین نین، به‌ڵكو به ته‌واوه‌تی شتێكی‌تر په‌یدابووه كه هه‌ندێك به سه‌رمایه‌داریی پێشكه‌وتوو، یان به‌سه‌رمایه‌داریی دوایین، یان سه‌رمایه‌داریی وه‌حشی، یانیش به كۆمه‌ڵگه‌ی پۆست‌مۆدێرن ناوی ده‌به‌ن. له‌م گۆڕانه‌دا سه‌رمایه‌داریی نه‌رمتر و میهره‌بانتر نه‌بووه، به‌ڵكو دڵڕه‌قتر و وه‌حشیتر بووه، به‌ڵام به كه‌ره‌سته‌ی زۆر نه‌رم و میهره‌بانییانه و به‌خشندانه…گه‌ر وا نه‌بوایه، چۆنه هێشتایش ماوه‌ته‌وه؟
چۆنه سه‌رمایه‌داریی سه‌رده‌می لینین نه‌گه‌یشتبووه ئه‌م ئاسته له وه‌حشیگه‌رییش كه‌چی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر ڕووده‌دات و له چه‌ندین وڵاتی دیكه‌یش ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌گۆڕدرێن ناوی ده‌وڵه‌تی سۆشیالیستی به‌خۆیانه‌وه ده‌نێن، كه‌چی له‌و كاته‌وه تا ئێستا سه‌رمایه‌داریی دڵڕه‌قتر بووه و سامان چه‌ندین قات زیاتر كه‌ڵه‌كه بووه و هێزی سه‌ربازی و چه‌ك ئێجگار مه‌ترسیدارترن و توندوتیژی زۆر زیاتر بووه كه‌چی شۆڕشێكی دیكه‌ی وه‌ك ئۆكتۆبه‌ر ڕوونادات و به‌رگرییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌وتۆیش به‌ڕووی سیسته‌مه‌دا نانوێنرێت؟
بەشی دووهەم
شه‌شه‌م: پاساوه‌كه، قسه‌كردنه به ناوی “سته‌ملێكراوان”ـه‌وه. بێگومان به درێژایی مێژوو و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه هه‌بووه، به‌ڵام سه‌رمایه‌داری ئه‌و سیسته‌مه‌یه كه ده‌یه‌ویت چه‌وساندنه‌وه بگه‌یه‌نێته دوایین ڕاده‌ی خۆی. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا داڕشتنی تاكه گوتارێك به‌ناوی به‌رگریكردن له سته‌ملێكراوان بۆ خۆی سته‌مێكی دیكه‌یه، چونكه كێشه‌ی نوێنه‌رایه‌تی و ڕه‌وایه‌تی ده‌وروژێنێت. سته‌ملێكراوان كێن؟
ئه‌و زۆرینه‌یه‌ن كه به‌ده‌ست كه‌مینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه. كه‌واته چه‌وساندنه‌وه‌ی ئابووری. به‌ڵام بێگومان چه‌وساندنه‌وه‌ی ئابووری ته‌نیا فۆڕمێكی چه‌وساندنه‌وه‌یه. له پاڵ ئه‌مه‌دا فاشیزم و ڕاسیزم، تیرۆر و دا‌گیركاری، ده‌مارگیری و چه‌وساندنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی هه‌ن. واته به گشتی سیسته‌مه گلۆباڵه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ (كه چیتر ئیمپریالی نییه، به‌ڵكو ڕه‌گه‌زی ئیمپریالیستییانه‌ی تێدایه) بگاته هه‌ر شوێنێك، به‌پاڵ دیموكراسییه‌ت و ئازادی و بازاڕه‌كه‌یه‌وه، چه‌وساندنه‌وه‌یش به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
ڕه‌نگه پێمان بڵێن سه‌رجه‌م فۆڕمه‌كانی دیكه‌ی چه‌وساندنه‌وه پاشكۆی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئابوورین. ئه‌گه‌رچی من به گومانم له‌م وه‌ڵامه به‌ڵام گه‌ر به گریمانه‌یی وا دابنێن ئه‌م وه‌ڵامه دروسته هێشتا كێشه‌یه‌كی دیكه ده‌مێنێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كێ ده‌توانێت به‌ناوی سه‌رجه‌م سته‌ملێكراوانه‌وه قسه بكات و یه‌ك گوتاری سه‌راپاگیر دابڕێژێت و ناوی بنێت “خه‌باتی سته‌ملێكراوان” یان “به‌رگریكردن له سته‌ملێكراوان”؟ بۆچی ده‌بێت له‌بری چه‌ندین گوتاری به‌رگریكاری دژ به سیسته‌م، له‌بری چه‌ندین جۆری یاخیبوون و ڕاپه‌ڕین و خه‌بات دژ به ده‌سه‌ڵات، ته‌نیا یه‌ك جۆر گوتار و یه‌ك جۆر شێوازی خه‌باتمان هه‌بێت، كه پێی ده‌وترێت خه‌باتی “چینی كرێكار” یان “پرۆلیتاریا”؟
بێگومان ماركس كاتێك ئومێدی ڕزگاری به چینی پرۆلیتاریا‌دا هه‌ڵده‌واسێت له‌به‌رئه‌وه‌یه پرۆسێسێكی به‌رهه‌مهێنان به به‌رچاوییه‌وه ده‌گوزه‌رێت كه به ناچاری ده‌بێته مایه‌ی ململانێی توندی كرێكار له‌گه‌ڵ بۆرژوازدا. به‌رهه‌مهێنانی كاڵایه‌ك كه به‌های ئاڵوگۆڕ وه‌رده‌گرێت و زێده‌بایی بۆ بۆرژواز به‌رهه‌م دێنێت وا ده‌كات كرێكار له‌خۆی نامۆ بێت، ئه‌مه‌یش بنچینه‌ی هۆشیاری چینایه‌تیی و ده‌سپێكی خه‌باته. هه‌روه‌ها سته‌می سه‌رمایه‌داری، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماده‌ی خاو و دروستكردنی بازاڕ ده‌گاته دوورترین شوێن، بۆیه دا‌گیركاری و جه‌نگیش دروست ده‌بێت. له‌پاڵ ئه‌مه‌یشدا كاره‌ساتی ژینگه‌یی دروست ده‌بێت و ژینگه‌ی ئاژه‌ڵانیش تێك ده‌درێت.
له‌م دۆخه‌دا ئه‌و خه‌باته گشتگیر و گه‌ردوونییه كامه‌یه كه ده‌بێت دژ به‌م سسته‌مه بكرێت؟ دوای ئه‌وه‌ی دوو جه‌نگی جیهانیی ڕوویداوه، ئێستایش له‌مسه‌ری دونیاوه بۆ ئه‌وسه‌ری دونیا جه‌نگ و تیرۆر و كێشه‌ی گه‌وره‌یی مرۆیی هه‌یه، جه‌نگی ناوخۆیی و ئه‌هلی هه‌یه، هه‌ر ئه‌و شته‌ی كه پاول ڤێریلیۆ پێیده‌ڵێت “جه‌نگی جیهانیی ئه‌هلی”، شوناسه‌كان به‌ریه‌كتر ده‌كه‌ون، گروپه ڕاسیستییه‌كان ده‌بوژێنه‌وه، ڕۆژهه‌ڵات پڕ ده‌بێت له جه‌نگه و كۆچ ده‌كه‌ن، ڕۆژئاوایش هێشتا باسی “به‌ها ڕۆژئاواییه‌كانمان” ده‌كات، نیوه‌گۆی باشووری زه‌وی ده‌كرێت به گه‌رووی نیوه گۆی باكوری زه‌ویدا، كه‌چی به جۆرێك باسی “سته‌ملێكراوان” ده‌كرێت وه‌ك بڵێی ئه‌توانین بێ هیچ گرفتێك په‌نجه‌یان بخه‌ینه سه‌ر و بێ هیچ گرفتێكیش یه‌ك شێوازی خه‌باتیان بۆ دیاریی بكه‌ین و بڵێین “گه‌ر به‌م جۆره خه‌بات نه‌كه‌ن كه‌واته هه‌مووتان ورده بۆرژوازن”، نابێت “قات و ڕیبات له‌به‌ر بكه‌ن چونكه ئه‌بنه بۆرژواز”، “نابێت باسی دیموكراسی بكه‌ن چونكه ده‌بنه بۆرژواز”، “خوێندكاران شۆڕشگێڕ نین، چونكه خوێندكاران له‌به‌رئه‌وه‌ی كرێكار نین، ناتوانن شۆڕشی گه‌ردوونی بكه‌ن”، “هه‌ر كه‌سێكی تریش هه‌رچی بڵێت گه‌ر شاره‌زای ئابووریی سیاسی نه‌بێت كه‌واته ڕۆشنبیره نه‌ك خه‌باتگێڕ“!!…هتد.
حه‌وته‌م: بۆ ڕووبه‌ڕووبه‌وه‌ی سته‌م ئه‌وه‌نده به‌س نییه له‌زه‌ینی خۆماندا ببینه ڕزگاركه‌ر و پێمانوابێ چه‌كوشه‌كه‌ی تۆرمان پێیه. خه‌بات و به‌رگری هێنده‌یش ئاسان نییه، هه‌ر به ساده‌یی له‌به‌رئه‌وه‌ی سیسته‌می ئه‌مڕۆ چیتر هه‌ڕه‌م نییه به‌ڵكو تۆڕه، هه‌ر ڕه‌گه‌زێك به چه‌ندین په‌یوه‌ندی به‌ستراوه‌ته‌وه به ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌وه، هه‌ر ستراتیژییه‌تێكیش بۆ خه‌بات ده‌بێت به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م تۆڕه بێت. به‌م پێیه ته‌نیا ئه‌وه خه‌بات نییه چه‌كمان پێ بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه چۆن به‌رگری به ڕووی ئه‌م تۆڕه‌دا بنوێنین. لای هه‌ندێك ماركسیستی ئه‌رسۆدۆكس نابیته خه‌باتگێڕ هه‌تاوه‌كو چه‌ك به‌ده‌ستته‌وه نه‌بینرێت، جا له‌به‌رئه‌وه‌ی شۆڕشی (68) هی خه‌باتگێڕه چه‌كداره پرۆلیتاره‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو هی خوێندكاران بوو، كه‌وایه ئه‌كتی بۆرژوازی بوو!! یان هیچی نه‌كرد به هیچ!! ئه‌م عه‌قڵییه‌ته هیچ فۆڕمێكی دیكه‌ی به‌رگری پێ په‌سه‌ند نییه جگه له‌وه‌ی كه به‌ناوی پرۆلیتار و كرێكاره‌وه بكرێت.
سته‌ملێكراوان له سه‌رانسه‌ری گۆی زه‌ویدا هه‌ن، به‌ڵام سته‌م یه‌ك جۆری نییه و ناشێت تاكه گوتارێكیش ببێته تاكه نوێنه‌ری هه‌موو سته‌ملێكراوانی جیهان. له هه‌ر خه‌باتێكدا دژ به ده‌سه‌ڵات ده‌بێت گروپه سته‌ملێكراوه‌كان خۆیان بێنه زمان و قسه بكه‌ن، هه‌ر هه‌ڵوێستێكیش بۆ داكۆكی له چه‌وسێنراوان ده‌بێت له پێشییه‌وه نه‌بێت، به‌ڵكو له‌پاڵیدا بێت و له ته‌نیشییه‌وه بڕوات. ده‌نا قسه‌كردن به ناوی سته‌ملێكراوانه‌وه كێشه‌ی نوێنه‌رایه‌تی دێنێته‌وه گۆڕێ، واته: كه‌مینه‌یه‌ك خۆی ده‌كاته نوێنه‌ری زۆرینه و به‌ناوی هه‌مووانه‌وه قسه ده‌كات، كۆی دۆزی سته‌ملێكراوان له گوتاری خۆیدا قه‌تیس ده‌كات و له‌مه‌یشدا ڕێك ئه‌وانه بێده‌نگ ده‌كات كه گوایه به‌ناویانه‌وه قسه ده‌كات. ئه‌م بوونه‌وه‌ره قسه‌كه‌ر و نوێنه‌ره‌وه‌یه ده‌یه‌وێت وا قسه بكات كه ته‌واوی حه‌قیقه‌تی لایه و حه‌قیقه‌ته‌كه‌یشی له‌و ڕه‌وایه‌تییه‌وه وه‌رگرتووه كه “واقیعی سته‌ملێكراوان” هه‌یانه، بۆیه هه‌ر ده‌ره‌نجام و سته‌م و توندوتیژییه‌كیش له‌م حه‌قیقه‌ته‌وه بكه‌وێته‌وه كێشه‌ی عه‌داله‌ت و ئازادی و ژیان ناخاته ژێر پرسیاره‌وه، به‌ڵكو خۆی ته‌واو عادلانه‌یه. هه‌ر دژه تێزێكیش بخه‌یته ڕوو له‌نێو گه‌مه‌ی زماندا سه‌ركوتی ده‌كات، دواتریش پێیوایه زمان بیابانێكی خاڵییه و ته‌نیا بۆ قسه‌كردن بوونی هه‌یه، وه‌ك بڵێی زمان خۆیشی كایه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌ركوت و به‌رهه‌مهێنانی گوتاره‌كان نه‌بێت، بۆیه ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وه‌وه گرنگه “ئه‌كتی نێو زمان نییه، به‌ڵكو خه‌باتی پراكتیكییه”، به بێ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی خه‌باته‌كه‌ی له نماییش زیاتر هیچیتر بێت، زۆرینه‌ی ئه‌رگومێنت و كرداریشی له نماییش تێپه‌ڕناكه‌ن؛ ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌یشی كه دژ به كۆمه‌ڵگه‌ی نماییش قسه ده‌كات، خۆی هیچ شتێك ناكات جگه له نماییش.
هه‌شته‌م: گوتارێك چۆن ڕه‌وایه‌تی وه‌رده‌گرێت؟ ئه‌و كاته‌ی به ناوی “مه‌رجه‌عێك”ـه‌وه قسه بكات. مه‌رجه‌عه‌كان كه‌سه‌كان و ده‌زگاكان نین، به‌ڵكو دۆزه‌كانن ئه‌و كاته‌ی ده‌چنه نێو گه‌مه‌ی زمانه‌وانییه‌وه. ڕه‌وایه‌تی حه‌قیقه‌تی تێدایه؛ ئه‌و كاته‌ی گوتارێك ڕه‌وایه‌تی به‌خۆی ده‌به‌خشێت واتای وایه حه‌قیقه‌تیشی به‌خۆی به‌خشیوه. كه‌واته حه‌قیقه‌تیش خۆی پێویستی به بوونی شتێكی دیكه، تاوه‌كو ببێته حه‌قیقه‌ت، واته به مه‌رجه‌ع. بۆ نموونه گوتاری زانستی ڕه‌وایه‌تی له “زانست”ـه‌وه وه‌رده‌گرێت. لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كان، تاقیگه و ئامرازه‌كان، كه‌ره‌سته‌ی سه‌لماندنی حه‌قیقه‌تی گریمانه‌یه‌كن. بۆ نموونه نازییه‌كان له‌ڕێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كانه‌وه ئه‌وه‌یان ده‌رده‌خه‌ست كه ڕه‌گه‌زی “جێرمه‌ن” له ڕه‌گه‌زه‌كانی تر باڵاترن، ئه‌مه كرایه حه‌قیقه‌تێك كه زانست وه‌ك مه‌رجه‌عێك ڕه‌وایه‌تی پێده‌به‌خشی. مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نییه گوتارێك چۆن ڕه‌وایه‌تی ده‌به‌خشێت، به‌ڵكو ئه‌وه به‌ر له هه‌رشتێك له‌ڕێگه‌ی مه‌رجه‌عه‌كانه‌وه حه‌قیقه‌تێك بسه‌لمێنێت تاوه‌كو ڕه‌وایه‌تی بۆ خۆی به‌ده‌ست بهێنێت و له‌مه‌یشه‌وه ڕێساكان و چوارچێوه‌كان دابڕێژێت.
مه‌رجه‌ع یان (سەرچاوە) په‌یوه‌سته به مه‌سه‌له‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌وه. ئه‌وه‌ی كه شتێك شتیكی دیكه ده‌نوێنێته‌وه، كه‌سێك به ناوی مه‌رجه‌عێكه‌وه قسه بكات. ئایا هیچ مه‌رجه‌عێك هه‌یه له “سته‌ملێكراوان” باشتر بۆ ڕه‌وایه‌تیبه‌خشین؟ زۆرجار گوتاره دینییه‌كانیش ناتوانین ڕاسته‌وخۆ بۆ خودا وه‌ك مه‌رجه‌عی باڵا بگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی دۆزێكه‌وه خودایش دێننه‌وه نێو گوتاره‌كه. كاتێك ده‌ڵێین “سته‌ملێكراوان” ده‌كرێته مه‌رجه‌عی ڕه‌وایه‌تیدان به گوتار، به‌و مانایه نییه كه “سته‌ملێكراوان” ڕۆڵێكی نێگه‌تیڤیان هه‌یه، یان بوونیان نییه، یان نابێت باس له سته‌ملێكراوان بكه‌ین.. به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه كه چۆن گوتارێك ژێر پێی خۆی پڕ ده‌كاته‌وه له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی “سته‌ملێكراوان”ـه‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م گوتاره خۆی به‌شدار نه‌بێ له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی سته‌مدا. ڕه‌نگه هه‌موومان خه‌ونی ئه‌وه‌مان هه‌بێت كه سه‌رجه‌م سته‌ملێكراوانی جیهان له یه‌ك به‌ره‌دا كۆببنه‌وه و دژ به سیسته‌م خه‌بات بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌ركێكی سه‌ختتره له كۆبوونه‌وه‌ی كرێكارانی جیهان له یه‌ك به‌ره‌دا، هه‌ر به ساده‌یی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر شتی دیكه هه‌یه كه به‌رده‌وام دوالیزمی سته‌مكار/سته‌ملێكراو لاسه‌نگ ده‌كات.
با نموونه‌یه‌ك بهێنینه‌وه: با بڵێین كه‌سێكی سۆماڵی به‌هۆی دا‌گیركاری و جه‌نگه‌وه هه‌ڵدێت و ده‌بێته په‌نابه‌ر له وڵاتێكی وه‌كو ئه‌ڵمانیا، ئایا سته‌ملێكراوه ئه‌ڵمانییه‌كان هه‌ڵوێستییان چۆن ده‌بێت به‌رامبه‌ری؟ بێگومان زۆرینه‌ی گه‌لی ئه‌ڵمانیا به چاوی ناحه‌زه‌وه سه‌یری په‌نابه‌ره‌كه ده‌كه‌ن و ڕه‌نگه تا ڕاده‌ی سوكایه‌تییش بڕۆن. ئه‌مه كه‌مترین ئاستی هه‌ستی ڕاسیستییه. ده‌مه‌وێت بڵێم سته‌ملێكراوان له دۆڵێك نین و سته‌مكاران له دۆڵێكی دیكه. فاكته‌ری دیكه هه‌یه كه جاری وا هه‌یه سته‌ملێكراو له ئاستێكی دیكه‌دا خۆیشی سته‌م به‌رهه‌م دێنێته‌وه، ئه‌مه ستراتیژێكی سه‌رمایه‌دارییه كه به‌رده‌وام له حاڵه‌تی ئه‌م نموونه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی بۆ په‌نابه‌ر گرنگه داڕشتنی گوتارێكه دژی ڕاسیزم، ڕاسیزمێك كه سیسته‌م به‌رهه‌می دێنێته‌وه و له‌مه‌یشدا به‌شێكی سته‌ملێكراوان خۆیان تێیدا به‌شدارن. ڕه‌نگه وه‌ڵامی ئه‌مه‌مان بده‌نه‌وه و بڵێن، ڕاسیزم و فاشیزمیش هه‌ر دروستكراوی سه‌رمایه‌دارین، سته‌ملێكراوه سۆماڵی و ئه‌ڵمانییه‌كه‌یش هۆشیاریی چینایه‌تییان نییه، بۆیه سته‌م لێكتر ده‌كه‌ن و ئینجا ئه‌نه‌رناسیۆنالێك چاره‌ی هه‌موو كێشه‌كان ده‌كات. به‌ر له هه‌ر شتێك ڕاسیزم و فاشیزم خاسیه‌تی به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌یش بوون كه سه‌رمایه‌داری نه‌بوون، پاشانیش مه‌رج نییه ڕاسیزم و فاشیزم ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندی ده‌وڵه‌ت بن و له گوتاری فه‌رمیدا ده‌بكه‌ونه‌وه، به‌ڵكو له ئاستی گروپ و شوناسه بچووكه‌كانیشدا كاران.
نۆیه‌م: با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌م پرسیاره: سته‌ملێكراوان كێن؟ ماركسیستێكی ئه‌رتۆدۆكس ده‌توانێ پێت بڵێت؛ له سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریدا سته‌ملێكراوان ئه‌و كرێكاره
هه‌ژارانه‌ی پیشه‌سازیین كه ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه و وزه و كاری ژیانیان بۆ گیرفانی سه‌رمایه‌داران ده‌ڕوات. بێگومان ئه‌مه وایه. به‌ڵام ئه‌ی بۆ ناشێت كۆمه‌ڵه گروپێكی دیكه‌یش هه‌بن و هه‌ر سته‌ملێكراوی نێو ئه‌م سیسته‌مه بن به بێ ئه‌وه‌ی له‌نێو كارگه‌كانیشدا، یان كرێكاری نێو كایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئابووریی بن. هاوڕێیه‌كی پۆلیسم ڕۆژێك لێی پرسیم “من له‌نێو ده‌زگایه‌كی ده‌وڵه‌تدام، گه‌ر خۆپیشاندان و مانگرتن ڕووبدات ڕه‌نگه فه‌رمانمان پێبكرێت خۆپیشاندانه‌كه سه‌ركوت بكه‌ین، له‌م دۆخه‌دا من له چ به‌ره‌یه‌كدام، به‌شێكم له سته‌مكاران یان سته‌ملێكراوان؟” فۆكۆ ده‌یگوت شێته‌كان و نه‌خۆشه‌كان و مناڵان و سه‌ربازه‌كانیش له‌نێو سیسته‌مێكی توندی دیسپلینی و ڕاهێناندان، ئه‌مه‌یش شێوازی دروستكردنی سوبێكتی گۆڕیوه له ئه‌شكه‌نجه‌وه بۆ سزا.
كه‌وایه سته‌ملێكراوانی ناو سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ئه‌م گروپانه‌یشن كه تا ئێستا بێده‌نگییان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه. ژنان و منداڵان و زیندانییه‌كان و ..هتد، سه‌رجه‌میان سته‌ملێكراوانی نێو سیسته‌من، گه‌ر مه‌سه‌له‌كه خه‌بات بۆ سته‌ملێكراوان بێت كه‌وایه چ كێشه‌یه‌كی تێدایه گه‌ر دژ به سیسته‌م خه‌بات “له‌گه‌ڵ” ئه‌م گروپ و توێژانه‌یشدا بكه‌ین؟ ئه‌مه هه‌ر ئه‌و شته‌بوو كه فۆكۆ خۆی كردی. ئه‌و ده‌یگوت ده‌بێت چیتر گروپه سته‌ملێكراوه‌كان خۆیان به ناوی خۆیانه‌وه قسه بكه‌ن و ئه‌و بێده‌نگییه بشكێنن كه ده‌سه‌ڵات به سه‌ریاندا سه‌پاندوویه‌تی، یان به‌و زمانه قسه نه‌كه‌ن كه ده‌سه‌ڵات پێیبه‌خشیوون. ده‌بێت ئێمه‌یش “له‌گه‌ڵیاندا بین” و “له دوایانه‌وه بین” نه‌ك له پێشییانه‌وه. كرێكاران سته‌ملێكراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه پێتوابێ ته‌نیا كرێكاران له‌سایه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌دا سته‌ملێكراوه بچووككردنه‌وه‌ی ئه‌و سته‌مه‌یه كه سه‌رمایه‌داریی له هه‌مووانی ده‌كات. له‌مڕۆدا سته‌می ئیمپراتۆرییانه‌ی سه‌رمایه‌داریی گه‌یشتۆته هه‌موو جێیه‌كی جیهان و به سه‌دان ڕێگه چه‌وساندنه‌وه و سته‌م دروست ده‌كات.
بێگومان سه‌رمایه‌داران چه‌وسێنه‌رن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا له‌م سیسته‌مه‌ی ئه‌مڕۆدا زۆرجار وه‌كو كه‌سانی سینه‌فراوان و ده‌ستئاوه‌ڵا و خه‌مخۆری مرۆڤایه‌تی ده‌رده‌كه‌ون. هه‌مووان كه‌م و زۆر حیكایه‌ته دڵهه‌ژێن و مرۆڤدۆستانه‌كانی “بیل گه‌یتس” و “ستیڤ جۆبز”مان بیستووه، ئه‌وه‌یشمان بیستووه كه “جۆرج كلونی” له‌لایه‌كه‌وه به ملیۆنان دۆلار بۆ وڵاتانی هه‌ژاری ئه‌فریقا ڕه‌وانه ده‌كات و له‌لایه‌كی دیكه‌یش به میلۆنان دۆلار بۆ هاوسه‌رگرییه‌كه‌ی خه‌رج ده‌كات، كه‌چی له‌ولاوه ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی دێت ده‌ڵێت؛ لەبەرئەوەی گەڕەکە هەژارنشینەکانی چین و هیندستان و بەرازیل لە هەندێک لە شارەکانی ئەوروپای سەدەی هەژدە و نۆزدە دەچن..له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا ته‌نگژه فیكرییه‌كه له‌وه‌دا نییه كه سته‌مكاران كێن، چونكه ده‌وڵه‌تانی نیو لیبراڵ و سه‌رمایه‌داران و سیسته‌مه گلۆباڵه‌كه زۆرینه‌ی كێشه و كاره‌ساته‌كانی مرۆڤایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان له ئه‌ستۆیه، له‌پاڵ ئه‌مه‌یشدا سته‌ملێكراوان یه‌ك تایپ و گروپ و ناوچه‌ی جوگرافی نین، یه‌ك جۆر سته‌میشیان لێناكرێت و نایشكرێت یه‌ك نوێنه‌ریان هه‌بێت و یه‌ك زمان له بری هه‌موویان قسه بكات. به‌ڵام ئایا ئه‌مه به مانای دژایه‌تی به‌ها گشتییه‌كان و هه‌ڵوێسته هاوبه‌شه‌كانه؟ نه‌خێر، به‌ڵام له‌م نموونه‌یه‌دا به‌های گشتی و هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش ئه‌و كاته به‌هایان هه‌یه كه خۆیان سته‌م به‌رهه‌م نه‌هێننه‌وه، به‌م جۆره یه‌كه‌م كارێك كه بكرێت “خه‌ڵك” بیكه‌ن، ئه‌وه‌یه كه ڕه‌وایه‌تی له هه‌موو ئه‌و حیكایه‌تانه وه‌ربگرنه‌وه وا به ناوییانه‌وه ده‌گێڕدرێنه‌وه.
گوتارێك پڕی بێت له فاشیزم و ڕه‌گه‌ز و مه‌یلیی فاشیستییانه چۆن ده‌كرێت به ناوی “سته‌ملێكراوان”ـه‌وه قسه بكات؟ هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا تێمای “سته‌ملێكراوان” ته‌نیا له‌و شته‌دا به‌كا دێت كه لیوتار پێی ده‌ڵێت گه‌مه‌ی زمان، واته پاساودانی گوتارێك كه ده‌یه‌وێت خۆی به نوێنه‌ری سته‌ملێكراوان بزانێت له‌مسه‌ری دونیاوه تا ئه‌و سه‌ری دونیا، به بێ بیركردنه‌وه له هه‌موو ئه‌و فاكته‌ر و هۆكار و پاڵنه‌رانه‌ی دیكه كه ڕۆڵیان له گرژی و ململانێ و تیرۆر و توندوتیژیدا هه‌یه؛ ئیدی هه‌رچییش له‌م گوتاره بكه‌وێته‌وه و ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌رچی بێت، مه‌رجه‌عه‌كه‌ی پاساوی ده‌دات، كه گوایه په‌یوه‌سته به داكۆكیكردن له “سته‌ملێكراوان”ـه‌وه.
مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نییه داكۆكی له سته‌مێكراوان نه‌كه‌ین، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه سته‌مێكی دیكه له سته‌ملێكراون نه‌كه‌ین و نه‌یانكه‌ینه ماشێنی ڕه‌وایه‌تیدا به بۆچوون و ئایدیۆلۆژیاكانمان. گرنگ ئه‌وه‌یه زمانی خۆمانیان به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێنین، یه‌ك ڕێسا و یاسا، یه‌ك شێوازی ڕاپه‌ڕین، یه‌ك نه‌خشه‌ڕێگای ڕزگاری، یه‌ك چوارچێوه‌ی ئه‌كت و یه‌ك ڕێكخراوی ئاسنینیان بۆ ده‌ستنیشان نه‌كه‌ین و ئیدی هه‌رچی كه‌وته ده‌ره‌وه به “پیس و لاده‌ر و خیانه‌تكار و دوژمن و زیانبه‌خش و ڤایرۆس”، واته به هه‌موو تێرمه فاشیستییه‌كان، وه‌سفی بكه‌ین.
له ئێستای كوردستاندا كه فیكری چه‌پ ڕوو له گه‌شه‌كردنه‌وه‌یه، ئه‌م گوتاره ئێجگار لاوازه؛ هه‌رچه‌نده له‌ژێر ناوی چه‌پ و ماركسیزمدایه به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی به چه‌پ و ماركسه‌وه نییه، ته‌نیا كۆمه‌ڵێك كڵێشه و دروشمه، به‌ڵام زه‌مینه‌ی له‌باری فاشیزم بۆ گه‌وره‌بوونی هه‌یه، چونكه فاشیزمیش به بێ كۆمه‌ڵێك دروشمی قه‌به و به بێ “قسه‌ی زل” ناژی. له هه‌ر ئه‌كتێكی سیاسیی‌دا “دروشم” گرنگی خۆیی هه‌یه، هه‌ر به‌م هۆیه‌یه فاشیسته‌كانیش وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك به‌كاری ده‌هێنن، به‌ڵام فیكر دروشم و دروشمبازی نییه.
ده‌یه‌م: فۆكۆ پێیوایه هه‌ر سه‌رده‌مێك ئیپستیمه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، ئه‌م ئیپستیمه‌یه ڕێ ده‌دات گوتارێك زاڵ ببێت و ببێته شاگوتار و ئیدی سنووری سه‌رجه‌م گوتاره‌كانی تر دیاریی ده‌كات و ئه‌وانه‌یشی كه ته‌با له‌گه‌ڵی نایه‌نه‌وه، دوورده‌خاته‌وه (یان لایه‌نیكه‌م هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م كاره بكات). له پێش شكستی چه‌پ له كۆتایی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌می ڕابردوودا، ماركسیزمیش خۆی كرابووه یه‌كێك له‌و گوتارانه‌ی كه ده‌بوو هه‌موو گوتارێكی تر خۆیی له‌گه‌ڵدا ته‌با بكردایه‌ته‌وه. دۆلۆز له شوێنێكدا باس له‌وه ده‌كات له‌و سه‌روه‌خته‌دا، فرۆید و ده‌روونشیكارییه‌كه‌ی، سۆسۆر و ده‌لاله‌تگه‌رییه‌كه‌ی، ماركس و سۆشیالیزمه‌كه‌ی ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتگه‌رییان له‌نێو فیكردا پێكهێنابوو، به‌و واتایه ئه‌مانه كرابوونه “پۆلیسی فیكری”.
دژایه‌تی سیسته‌م و دۆخی باڵاده‌ست پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت له‌نێو فیكره‌وه ده‌ست پێ بكات، به‌و مانایه‌ی ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتگه‌ری و چه‌وساندنه‌وه له‌نێو فیكردا قبوڵ نه‌كه‌ین. ئه‌وانه‌ی ماركسیان كرده پۆلیس، هه‌مان ئه‌و ماركسیستانه بوون كه، به پێچه‌وانه‌ی ماركس خۆیه‌وه، شه‌یدای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ده‌ستیان لێی به‌رنه‌بێت. كاتێكیش باس له ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین ته‌نیا مه‌به‌ستمان ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت نییه، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێكیشه كه بچووكترین ئاسته‌كانیشدا ئیش ده‌كات، له په‌یوه‌ندییه ڕۆژانه‌ییه‌كان و زمان و فیكریشدا ده‌توانێت ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتگه‌ریی دروست بكات.
به‌خته‌كه ئه‌وه‌بوو له ده‌وروبه‌ری ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیستدا له ئه‌ڵمانیا فرانكفۆرتییه‌كان هه‌بوون، له شه‌ست و هه‌فتاكانیشدا له‌فه‌ره‌نسا كه‌سانێكی وه‌كو سارته‌ر و ئالتۆسێر و بالیبار و ڕانسێر هه‌بوون كه هه‌وڵیاندا ماركس له خنكان ڕزگار بكه‌ن. دواتریش فه‌یله‌سوفانێكی وه‌كو فۆكۆ و دۆلۆز و دێرێدا هه‌بوون كه به له‌به‌رچاوگرتنی ڕووداوه‌كانی سه‌ده‌ی بیست، خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی ڕه‌خنه‌ییان بۆ ده‌سه‌ڵات و حه‌قیقه‌ت و گوتار و به‌رگری و فاشیزم و بگره ماركسیزمیش كرد. له هه‌موویشی گه‌مژانه‌تر ئه‌وه‌یه كه به “تیۆری موئامه‌ره” ئه‌مه لێك بده‌یته‌وه و پێتوابێ ڕێكه‌وتنێكی ژێر به‌ژێر له ماركس كراوه و مه‌به‌سته‌كه‌یش ئه‌وه بووه “فۆكۆ ماركس بكوژێت و دۆلۆزیش فرۆید”، بۆ ئه‌وه‌ی “ئه‌م دوو به‌ڵایه له كۆڵی جیهان ببنه‌وه”!
ئه‌وانه‌ی باس له سه‌نته‌ر و هیرارشییه‌ت و پێشڕه‌ویی ده‌كه‌ن زیاتر له لینینه‌وه نزیكن نه‌ك ماركس، یان لایه‌نیكه‌م له ماركسیزمی لینینه‌وه. دۆخی ڕوسیای قه‌یسه‌ری له سه‌رده‌می لینین‌دا وای له لینین كرد ڕێكخستنی سیاسی به‌و جۆره دروست بكات و له‌مه‌یشدا سه‌ركه‌وتوو بوو. به‌ڵام دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان مۆدێله لیننییه‌كه ڕه‌نگه له‌م سه‌رده‌مه‌دا مه‌رج نییه هه‌مان ئۆكتۆبه‌ری لێ بكه‌وێته‌وه، ده‌بێت بیر له مۆدێلی دیكه‌ی ڕێكخستن بكه‌ینه‌وه. گه‌ر بڕوات به سه‌نته‌ر و حه‌تمییه‌ت و هیرارشییه‌ت هه‌بێت، كه‌واته دیسانیش بانگه‌شه بۆ “دیكتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریا” ده‌كه‌یت، چه‌مكێك كه به‌شێكی زۆر له ماركسیسته‌كانی چاره‌كی كۆتایی سه‌ده‌ی بیست پێیان وابوو وا باشتره وه‌لابنێرێت، یان به جۆرێكی دیكه بخوێنرێته‌وه، چونكه ئه‌م چه‌مكه ئیشكالییه‌تێكی زۆری تێدایه. یه‌كێك له‌و ئیشكالییه‌تانه‌یش مه‌سه‌له‌ی كاتیبوون یان كاتینه‌بوونی چه‌مكه‌كه‌یه.
پرۆلیتاریا كاتێك ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست ده‌بێته چینی حاكم، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی دابه‌شبوونی چینایه‌تییه‌كه به هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یی درێژی پێبدات، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی موڵكایه‌تی تایبه‌تی بۆرژوازی له‌ده‌ستی بۆرژوازه‌كان به زه‌بر و زه‌نگ وه‌ربگرێته‌وه و بیداته ده‌ستی ده‌وڵه‌ت، له‌م ڕێگه‌یه‌وه چینایه‌تی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و به‌م پییه‌یش هه‌یمه‌نه‌ی خۆیشی وه‌ك چینی حاكم كۆتایی پێدێنێت. به‌م پێیه بێت “دیكتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریا” قۆناغێكی كاتییه و بۆماوه‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆمۆنیزم دابمه‌زرێت، گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌یش به‌وه ده‌بێت كه یه‌كسانی وه‌دی بێت و دابه‌شكارییه‌كان هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه و ده‌زگای ده‌وڵه‌تیش بپوكێته‌وه. به‌ڵام وه‌ك بینیمان له دوای ئۆكتۆبه‌ره‌وه هه‌تاوه‌كو ڕوخانی سۆڤییه‌ت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كاتییه هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌وه و بگره ده‌زگای ده‌وڵه‌ت زۆر به‌هێزتر و گشتگیرتر بوو. ڕه‌نگه ئه‌مه شتێك بێت كه تێزه به ناوبانگه‌كه‌ی جۆرجیۆ ئاگامبێنیش به‌سه‌ریدا بسه‌پێت، واته ئه‌و تێزه‌ی كه ده‌ڵێت “له‌مڕۆدا حاڵه‌تی نائاسایی [ئاوارته] بۆته ڕێسا”. هه‌ڵبه‌ت ده‌شێت لۆژیكی ئه‌م تێزه له زۆر سیسته‌مدا كارا بێت كه دۆخێكی كاتی جێگیر ده‌كات، بۆیه ته‌نیا بۆ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری دروست نییه. مایكڵ هارت و ئه‌نتۆنیۆ نێگری پێیانوایه له‌مڕۆدا جه‌نگ وه‌ك دۆخێكی نائاسایی بۆته ڕێسا و ئه‌و بنه‌ما جێگیره‌یه كه سه‌رجه‌می سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌رییه‌وه داده‌ڕێژرێن، به‌م جۆره ئه‌وان بۆ سیسته‌می ئیمپراتۆریی ئه‌مڕۆ به‌كاری ده‌هێنن.
به هه‌مان شێوه، ئه‌زموونی سۆڤییه‌تی پێشوو و ئه‌ڵمانیای نازیزمیش هه‌ر له‌نێو هه‌مان لۆژیكدان. دۆخێكی كاتی كه تێناپه‌ڕێت و جێگیر ده‌بێت. له‌مڕۆیشدا ماركسیستێكی ئه‌رسۆدۆكس خه‌ون به دیكتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریاوه ده‌بینێت، پاساوه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی و له قۆناغی سۆشیالیزم‌دا “دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا” ده‌سه‌پێنین، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌زگای ده‌وڵه‌ت له‌ده‌ستی بۆرژوازه‌كان ده‌ربكێشین و چینه‌كانی پێ هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه و ئیتر ئه‌ویش نامێنێت و كۆمۆنیزم دروست ده‌بێت. ئه‌مه هه‌ر له‌و حیكایه‌تانه ده‌چێت كه لیوتار پێیان ده‌ڵێت “حیكایه‌تی گه‌وره” و ئه‌و ته‌نیا نایداته پاڵ ماركسیزمی ته‌قلیدی، وه‌ك هه‌ندێك نووسه‌ر ئه‌م تۆمه‌ته به‌ناوی لیوتاره‌وه دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵكو سه‌رجه‌م حیكایه‌ته‌كانی لیبرالیزم و مافی مرۆڤ و حه‌قیقه‌ت و عه‌داله‌ت و هه‌موو چه‌مكه گه‌وره‌كانی تریش ده‌گرێته‌وه كه له ڕێگه‌ی حیكایه‌ته‌وه ڕه‌وایه‌تی و مه‌شروعییه‌ت به گوتاری خۆیان ده‌ده‌ن.
كه‌واته پرسیاره‌كه له ڕووی تیۆرییه‌وه ئاوای لێدێت: ئه‌ی چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر سۆشیالیزمیش، وه‌ك ئه‌وه‌ی له دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر ڕوویدا، دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا [كه گوایه حاڵه‌تێكی كاتی و تێپه‌ڕه، واته دۆخێكی نائاساییه] ببێته ڕێسا و به سه‌دان پاساو و بیانوو درێژبكرێته‌وه؟ له‌م دۆخه‌ی دونیادا ئه‌سته‌مه كۆمۆنیزمێك دابمه‌زرێت به بێ بوونی ده‌سه‌ڵات و ده‌زگای ده‌وڵه‌ت، هیچ شتێكیش نییه پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بسه‌لمێنێت؛ ئالتوسێر ناهه‌قی نه‌بوو وتی وه‌ختی ئه‌وه هاتووه كه ئه‌م چه‌مكه له فیكری ماركسیزمی نوێ‌دا وه‌لا بنرێت.
له به‌شی سێیه‌می ئه‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م زۆر به كورتی و به چه‌ند خاڵێك هه‌ندێك سیفه‌تی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی ئه‌مڕۆ دیاریی بكه‌م و له‌گه‌ڵیشیدا ئه‌و گۆڕانانه پیشان بده‌م كه ئه‌م سیسته‌مه له‌خۆیدا كردوویه‌تی تاوه‌كو بتوانێت به‌رده‌وام بێت. یه‌كێك له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییانه‌ی كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی ده‌هێڵێته‌وه ئه‌و توانا گه‌وره‌یه‌تی بۆ گۆڕان و “خۆ تازه‌كردنه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی تر”، هه‌روه‌ها توانای خۆگۆڕینی له دۆخ و سیاقه جیاوازه‌كاندا، بۆیه پتر ئه‌م سیسته‌مه له “حه‌ربا” ده‌چێت نه‌وه‌ك له “ئه‌ژدیها”.