Sławomir Mrożek
Sławomir Mrożek

گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک


Loading

گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک

زاهیر عەبەڕەش

شانۆكار؛ زاهیر عه‌به‌ ڕه‌ش سه‌فه‌ر

سلاڤۆمیر مرۆزێک (١) یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەندای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم. لە پۆڵەندای زێدی خۆی و لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا ڕێزی لێدەگیرێت. ناوبانگی جیهانی بەدەستهێناوە، یەکێکیش لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ناوی مرۆژک لە دونیای ئەدەب و شانۆد و وەک نووسرێکی ئەبسورد ڕەخنەگری شانۆی ئینگلیزی مارتن ئێسلین بوو Martin Esslin (٢)، کە مرۆزێک لە شانۆنامەنووسانی ئەبسوردا ڕیزبەند دەکات،  لە کتێبەکەیدا بە هەمان ناو (شانۆی ئەبسورد)، کە لە ساڵی ١٩٦١دا بڵاوکرایەوە.

لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا، مرۆزێک زۆرجار وەک نووسەرێکی ناڕازی و دژە ڕێژیم ناوزەد کرا، لە کاتێکدا لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە نێو نووسەرانی شانۆی بێمانادا جێگیر بووە، ئەو لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا حزبی شیوعی بەجێدەهێڵێت، ئایدۆلۆژیاکەی ڕەتدەکاتەوە، هەڵوێستی ڕەخنەیی خۆی پیادەدەکات و لەڕێگەی نووسینی چیرۆکی تەنزئامێز و گاڵەجاڕانە و نووسینی ستوونی ڕۆژنامەوانی، ئەو جگە لەوەی کە نووسەرێکی دیاری دەقی شانۆ و چیرۆک بوو، هاوتەریب ڕۆژنامەنووسێکی دیار بوو بەر لەوەی دەقی شانۆ بنووسێت، ئەو ئەزموونی ڕۆژنامەوانی خۆی بە گرنگییەکی یەکجار زۆر دەزانێت بۆ ڕەوتی زیاتری کارەکانی، چونکێ بەشێکی زۆری دەقەکانی دواتر لەسەر بنەمای گاڵتەجاڕی، پارۆدۆکسی  و گرۆتێسک نووسیووە. کۆمەڵێک چیرۆکی ناوازەی هەیەکە شێوازی کۆمێدییای ڕەش ساتیری بەکارهێناوە.

یەکێک لەو نموونانە کە بڵاوی کردۆتەوە بە ناوی SLON سۆلۆن بە زمانی پۆلۆنی بەواتای فیل، یەکێک لە چیرۆکە درێژەکانی ناوی فیلە کە لەساڵی ١٩٥٧ بڵاوکرایەوە، لە چیرۆکەکەدا، بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵان بۆ ئەوەی پارە کەمتر خەرج بکات، قازانجێکی زۆر بکات فیلێکی ڕاستەقینە ناکڕێت، بەڵکو فیلێکی هەواپڕ ( لاستیکەو لە شێوەی فیلی ڕاستەقینە ) دادەنێت.

ئەمە هێمای ئەو سیستەمانەیە کە بە درۆ و ڕووکار کار دەکەن، مرۆژێک بە شێوەی ڕەمزی ڕەخنە لە سیستەمی کۆمۆنیستی ئەو کاتە دەگرێت. ئەو سیستەمەی کە زۆرجار ڕووکار و پروپاگەندەی گەورە دروست دەکات، بەڵام ناوەڕۆک بەتاڵە. فیلە هەواییەکە تەنها ئاژەڵێک نییە، بەڵکو ڕەمزێکە. کاتێک فیلە ڕەشەبا دەیبات دەفڕێت، منداڵان باوەڕیان بە هەموو شتێک لادەچێت. ئەمە هێمای ئەوەیە کە کاتێک درۆ ئاشکرا دەبێت، متمانەی خەڵک تێکدەچێت. پەیامی چیرۆکەکە ئەوەیە کە دەڵێت: ئەگەر کۆمەڵگا لەسەر درۆ و ساختەکاری بنیات بنرێت، ئەوا  فشەڵ دەبێت وڕۆژێک دادێت کە هەموو شتێک داڕمێت.

دەستپێکی مرۆژک وەک شانۆکار:

دەستپێکی کاری چالاکی شانۆیی مرۆزێک  لەگەڵ گروپی شانۆیی خوێندکارانی “بیم بۆم  Bim-Bom” بوو لە شاری گدانسک. هەروەها یەکەم نووسینی دەقی شانۆیش بە ناوی پۆلیس بوو ( (The Policemen   بوو کە  لە ساڵی ١٩٥٨ نمایشکر. لە پاشاندا بەردەوامی بە نووسینی دەقی شانۆیی دەدات، بەڵام دوای نووسینی دەقی تانگۆ و  نمایشکردنی لە ناوەڕاستی شەستەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا، یان لانیکەم لەسەر ئاستی ئەوروپی ناسرا. لەم ماوەیەدا دەبێتە شانۆنامەنووسێکی پێشەنگی پۆڵەندی، شانۆنامەی تانگۆ خاڵی وەرچەرخان لە کارەکانی مرۆزێکدا دیاری دەکات، هاوکاتیشە لەگەڵ  بەجێهێستنی زێدی خۆی، سەرەتا ئیتالیا، مەسیک و پاشان لە فەرەنسا نیشتەجێ دەبێت.

هەروەها شانۆ نامەی تانگۆ یەکەم شانۆنامەی درێژی مرۆزێکە، کە گۆڕانکارییەکی بابەتیی و تایبەتی بەرەو بابەتگەلێکی گشتگیرتر دەبات، کە زیاتر بۆ بینەرێکی ئەوروپی ڕۆژئاوا قبوڵکراوە، بە کەمتر ئاماژەی بۆ کێشەکانی واقیعی پۆڵەندی بوو.

ڕەخنەگری کرواتی میرنا سندیچیچ سابلیۆ(٣)، کە شارەزایە لە ئەدەبی بەراوردکاری، قۆناغی مرۆژک دەکات بە دووبەشەوە، قۆناغی پێش کۆچکردنی مرۆژک و دوای کۆچکردنی بۆ وڵاتانی دەرەوە،. ئەو دەڵێت، دوای بەجێهێشتنی پۆڵەندا لە شیعریەتی ئەبسوردیسم دووردەکەوێتەوە، بەڵام کاتێک دەچێتە ئەوروپای ڕۆژئاوا. ڕەوایەتی دانانی دەقە شانۆییەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک لەناو کۆنتێکستی شانۆی ئەبسوردا دەخرێتە ژێر ڕوناکییەوە، شەنو کەوی بابەتەکانی دەکرێت، هەندێک پرسیار دەخەرێنە ڕوو کە ئایا چۆن دەقە درامیەکانی مرۆژک جیاوازە لە دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، چەندیش خاڵی هاوبەشیان هەیە. ئیدی دوایی پێ لەسەر ئەوە دادەگیرێت کە کارەکانی مرۆزێک بە نەریتی درامای گرۆتێسکی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییەوە دەبەسترێتەوە و لە ڕێگەی شیکردنەوەی دەقە درامیەکانیەوە،  دەرکەوتنی ئەبسورد و گرۆتێسکەکان و پەیوەندییەکانیان، لە چوارچێوەی کارەکانی مرۆزێکدا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت.

شانۆی دوای جەنگی جیهانی لە پۆڵەندا و پێشوازیکردن لە ساموێل بێکێت:

شانۆی پۆڵەندی نەریتێکی بەهێزی ناوازەی هەیە، ڕەگ و ڕیشەی لە سەردەمی ڕۆمانسیدا هەیە. لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کارەکانی جێرزی گرۆتۆڤسکی و تادێوس کانتۆرەوە بوو بە یەکێک لە شانۆ پێشەنگەکانی جیهان.

ساڵی ١٩٥٦ یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی وەرچەرخان لە کولتوری پۆڵەندا، چونکێ کۆتایی هاتنی پرۆسەی داماڵینی ستالینیزمە، کە ساڵانێک ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ(٤) زاڵبوون بەسەر بەرهەمە هونەریەکاندا. وردە وردە کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر هونەری جۆراوجۆر و ئەدەبدا دا لاواز دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی چەندین بەرهەمی فیلم و شانۆی ناوازە، کە ژدانۆڤ و ڕیالیزمی سۆسیالیستی خەریکە کاریگەری خۆیان لەدەست دەدەن و فەزای بۆ شێوازی نوێی دەربڕین دەکرێتەوە. پۆڵەندا خەریکە بەڕووی ڕۆژئاوادا دەکرێتەوە، بە بەرهەمی درامی و شانۆی هاوچەرخی وڵاتانی دیکە ئاشنا دەبێت،  لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە نەریتی درامای ئاڤانگاردی خۆی لە نێوان جەنگەکانی پۆلۆنیادا دەناسێت. کە مرۆزێک خۆی بە درێژە پێدەری ئەدەبی دوای جەنگ دەزانێت .

دوای جەنگی جیهانی دووەم، بەرهەمەکانی ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و برۆنۆ شوڵتز(٥) بڵاودەکرێنەوە و نمایش دەکرێن، ئەمەش شاهیدی بەهێزی نەریتی ئەدەبی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییە.

هەروەها شانۆکانی پۆڵەندی دەست دەکەن بە نمایشکردنی بەرهەمی مۆدێرن و نووسینی نووسەرانی بەناوبانگی ئینگلیز-ئەمریکی، وەک جۆن ئۆزبۆرن و تێنسی ویلیامز و ئارسەرەرمیلەر و فریدریش دورێمات، هاوشان گۆڤاری دیالۆگ ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی شانۆ و درامای دوای جەنگی پۆڵەندا هەبوو. دیالۆگ لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٥٦ دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، بە پلەی یەکەم بەهۆی ئادەم تارن کە ماوەیەکی زۆرسەرنووسەری گۆڤارەکە بوو. مەبەستی تارن ئەوە بوو کە چۆنێتی نمایشەکان بەرزبکاتەوە و بینەری پۆڵەندا ئاشنا بکات بە بەرهەمهێنانی درامای هاوچەرخ، کاریگەری لەسەر شانۆنامەنووس و ڕەخنەگران هەبێت. گۆڤارەکە جگە لە دەقی ڕەخنەیی، لە هەر ژمارەیەکدا شانۆنامەیەکی پۆڵەندی و یەک شانۆنامەی بیانی بڵاوکردەوە. لە ژمارەی یەکەمدا وەرگێڕانی بەشێک لە شانۆنامەی لە چاوەڕوانی گۆدۆی بێکێت بڵاوکرایەوە(٦). ئادەم تارن شارەزایەکی باشی هەبوو لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و شانۆی ئەبسورد، ئەوەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری شانۆیی لە پۆڵەندا. بەهۆی ئەو باردو دۆخە داگیرکاریە ئەدەب، شانۆی ئەبسورد ڕەواجێکی زۆری دەبێت. هەندێک گروپ پەیدا دەبن کە بەرهەمەکانی شانۆنووسانی ئەبسورد بەرهەم دەهێنن. گۆڤاری دیالۆگ هەموو بەرهەمەکانی بێکێت و چەندین وتاری لەسەر شانۆی ئەبسوردی  وەرگێرایە سەر زمانی پۆلۆنی و بڵاوی کردەوە، سەرەڕای دابڕانی پۆڵەندا لە جیهانی ڕۆژئاوا، بوونی بێکێت لە پۆڵەندا زیاتر لە بەرچاو بوو. جگە لە پۆڵەندا،  شانۆنامەکانی ساموێل بێکێت بەگشتی تا ساڵی 1989 لە وڵاتی هەنگاریاو یوگسلاڤیا و لە هیچ وڵاتێکی بلۆکی ڕۆژهەڵات نمایش نەکرا.

لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و باڵادەستی کۆمۆنیستەکان ڕەخنەیەکی لە ڕادەبەدەر فەرمی، توند و بەربڵاو لەسەر لە  ئەبسوردیەت و شانۆنامەکانی بێکێت هەبوو، دەوڵەت هەندێ ڕەخنەگرانی شانۆ و ئەدەبی سەربە خۆیان هەبوو، کە پێیان دەوت ڕەخنەگری فەرمی ئەم کەسانە تێستەکانی بێکت و تەوژمی نووسەرانی هاوچەریی ڕەخنە دەکرد. ئەوانیش وەک نیشانەی دابەزین و جیهانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا لێکیان دەدایەوە.نەک هەر لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەڵکو لە ناو کوردستان و دەوڵەتانی عەرەبییش بەهۆی ئەندامانی پارتە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەڵگری ئەم خیتابە بوون، لە لای پارتە کۆمۆنیستەکان هێرشێک بوو بۆ سەر سەرمایەداری، نەک لێدانەوە فەلسەفیەکەی. لە پۆڵەندا نمایشی چاوەڕوانی گۆدۆ هەر لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٥٧ لە شانۆی( تیاتر وسپۆلچێسنی ) نمایشکرا، تەنها ساڵێک دوای یەکەم نمایشی هەمان دەق لە لەندەن و دبلن و چوار ساڵ دوای یەکەم نمایشی پاریس. یەکەم نمایشی شانۆی چاوەڕوانی گۆدۆت لاپەڕەیەکی نوێی لە شانۆی دوای ستالینی پۆڵەندا کردەوە، هەروەها شانۆنامە گرنگەکانی دیکەی بێکێت زۆر بە زوویی دوای نمایشکردنی یەکەمی فەرەنسی یان ئینگلیزی لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا نمایشکران وەک (کۆتایی گەمەکە  لە ساڵی ١٩٥٧ و دوا شریتی کراپت لە ساڵی ١٩٥٩).

هەروەها گۆڤاری دیالۆگ، خوێنەرەکانی خۆی بە وەرگێرانی بەرهەمی  نووسەرانی دیکەی شانۆی ئەبسورد ئاشنا کرد وەک ئارسەر ئادامۆڤ، یوجین ئیۆنێسکۆ، ماکس فریش و ئێدوارد ئەلبی ، کە ئەوانیش کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ناسین و  پێکهاتنی شانۆی ئەبسورد لە هەبوو، هەروەها دەقە شانۆیەکانی شانۆنامەنووسانی پێشەنگی پۆڵەندی، وەکو سلاڤۆمیر مرۆزێکبڵاو کرایەوە.

نمایشی شانۆیی ئەبسورد لە پۆڵەندا دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەبوو، لەنێو شتەکانی تردا گۆڕانکاری جوانیناسی لەناو خودی نمایشەکاندا درووست بوو، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە ڕیالیزمی دەروونی لە نواندندا.

شانۆی ئەبسورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا:

شانۆی ئەبسورد، شانۆی نوێ، شانۆی گاڵتەجاڕی، دژە شانۆ و شانۆی ئاڤانگارد(٧) ئەو زاراوانەن کە زۆرترین جار پەیوەستن دەقی نووسەرانی شانۆ، بەتایبەتی فەرەنسی، لە ساڵانی پەنجا و شەستەکاندا، وەک دەقە درامیەکانی ساموێل بێکێت، یوجین ئیۆنێسکۆ، ئارسەر ئادامۆڤ و ئەوانی دیکە. ئەم نووسەرانەش پەیوەندییان پێوە بە هەمان شێوە پەیوەندیان بە شانۆی، ئەبسورد و گرۆتێسک و شانۆی ئاڤانگاردەوە هەیە (وەک ژان تاردیۆ، جان جینێت، ڕۆبەرت پینگێت، بۆریس ڤیان، هارۆڵد پینتەر و هتد) ئەم ناوانە ئەڵقەیەکی یەکجار گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمدا.

ئەم نووسەرانە شێوازی دامەزراوەکانی پێشتر بۆ داڕشتنی دەقی درامیان ڕەتکردەوە و کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەیان لەسەر پەرەسەندنی نووسینی درامادا لە نیوەی دووەمی سەدە ڕابووردودا هەبوو. ئەم نوسەرانە لە ساڵانی سەرەتای ژیانیاندا پێشوازییەکی باشیان لێ نەکرا، نە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە و نە لەلایەن بینەرەوە، بەڵام ئەمە لە  ناوەراستی سەدەی بیستەم بەدواوە واتە لە دوای ساڵەکانی ١٩٥٠ ندا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هات. دوای چەند ساڵێکی کە بەسەر کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان تیشکیان خرایە سەر و خوێندنەوەیان بۆکرا. دوای بڵاوبوونەوەی ناوبانگی زیاتری ساموێل بێکێت و یوجین ئیۆنێسکۆ، چەندان نووسەری تر هەوڵیاندا کۆپی بێکت و ئێۆنیسکۆ بکەنەوە و جێگا پییان هەڵبگرن، بەرهەمی ئەوان و چەندان نووسەی شانۆی ئەبسورد لە لایەن ڕەخنەگران و توێژەرەوان لە ژێر چەند بڕگەیەکدا پۆڵین کران، کە جیاواز بێت لە نووسەرانی پێش خۆیان، بە تایبەتی تر لە کۆتاییەکانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای سالانی شەستەکان ڕەخنەگرانی وڵاتانی جیاواز دەستیان کرد بە تێبینیکردنی لێکچوون لە کارەکانیاندا، پەیوەستکردنیان بە نەریتێکی دیاریکراو،  نووسین لەسەرئەو شێوازە دەنگێکی جیاواز بوون، بە شێوەکی دیار تاکگەرایی لە بەرهەمەکانیاندا هەبوون، وەک بەشێک لە گروپێکی ئەدەبی دیاریکراو.

زاراوەی شانۆی ئەبسورد لەلایەن ڕەخنەگری ئینگلیزی بەناو بانگ مارتن ئێسلین لە سەرەتای شەستەکاندا داڕێژراو و ئاماژەی پێکرا، لە شوێنێکی ترد بە درێژی دێمەوە سەر کتێبە گرنگەکەی بە ناوی شانۆی ئەبسورد The Theatre of the Absurd . ئێسلین کۆمەڵێک شانۆنامەنووسی دوای جەنگ کۆدەکاتەوە و بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە ناویان دەنێت ئەبسوردیزمیەکانی دوای جەنگ، هەرچەندە هەموویان یەک قوتابخانە یان بزووتنەوەیەکی ئەدەبی پێک ناهێنن و کارەکانیان تەواو لەیەکترجیاوازە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە هەریەکەیان ڕەگ و ڕیشە و ڕێبازی داهێنەرانەی خۆیان هەیە. هەریەکەیان دیدگای تایبەتی خۆیان بەرامبەر بە بیهودەیی ئەبسورد  و تاکگەرایی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێک لێکچون لە کارەکانیاندا هەیە. مارتن ئێسلین ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناسین و پێشوازیکردن لە بێکێت، ئیۆنێسکۆ و شانۆنامەنووسانی دیکە بینی، کە لە کتێبی شانۆی ئەبسوردا ئاماژەیان پێدەکات. تەنها ئیسلین نەبوو لە گەورەبوون و تیشکخستنە سەر ناوبانگیان، بەڵام  ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ناساندنی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لەو پرۆسەیەدا و پشکی شێری بەردەکەوێت.

ئێسلین هەندێک تایبەتمەندی هاوبەش لە بەرهەمی شانۆنامەنووسانی دوای جەنگدا دەناسێتەوە، هەرچەندە بە ڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان گروپ و قوتابخانە نین، و ناوێکیان پێدەبەخشێت کە تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە، سەرەڕای ڕەخنە و مشتومڕێکی زۆر، و کە زۆربەی کات پەیوەستە بەو شانۆنامەنووسانەی کە ئاماژەی پێدەکات.

مارتن ئێسلین، ئەم نووسەرانە بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد دەزانێت وەك ( بێکێت، ئیۆنێسکۆ، کە هەندێک لە ڕەخنەگران دەیگەڕێننەوە بۆ شانۆنووسانی فەرەنسی، بەڵام دوای ئەوان هەندێک شانۆنووسانی تر پەیوەست بەم چەمکەوە دەکرێت وەک، ئادامۆڤ، جینێت، پینتەر، تاردیۆ، ڤیان، بوزاتی، دی پێدرۆل، ئاراباڵ، فریش، هیلدێشایمەر، گراس، ڕۆبەرت پینگێت، سیمپسۆن، ئەلبی، گێلبەر، کۆپیت، هاڤێل، ڕۆژێلیڤیچ و سلاڤۆمیر مرۆزێک ) (٨) ئەڵقەیەکی زۆر گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەم

لە دەقە درامیەکان و شانۆنامەنووسانی ئەبسورد چەندین لێکچوون هەیە: دەقەکانیان ڕەنگدانەوەی سەرقاڵی بنەڕەتی و کەشوهەوای ڕۆحی قۆناغی دوای جەنگە، جیهان وەک شوێنێکی تێنەگەیشتوو و نامۆ وێنا دەکەن، کات و شوێنی کردارەکە بە وردی پێناسە نەکراوە، کارەکتەرەکان زۆرجار کەسایەتییان نییە، لە بوکەڵە دەچن، زۆرجار تەنانەت ناوی خۆیان نییە، و بێهێواییان هەیە دیالۆگەکان کە لە دەستەواژەی  و دەربڕینی یەک فۆرمی، دووبارە بوو و یەک شێوەییە. ئەو دەقانەی کە ئەو نووسەرانە نووسیویانەوە پێهەڵگرانیان بەردەوامن،  پێیان دەوترێت antidramer دژە دراما، چونکە بنەما سەرەکییەکانی دراماتۆرگی ئەرستۆ ڕەتدەکەنەوە. ڕوداو و دیمەنەکان (پڵۆتەکە) لە سەرەتاوە تا لوتکە بۆ چارەسەرکردن گەشە ناکات، بەڵام لە ڕووی لۆژیکییەوە ڕووداوە بێ پاڵنەرە پڕ لە دژایەتییەکان ڕیزبەندی دەکرێن، یان بارودۆخی ئیستاتیکی دەخاتە ڕوو کە جەخت لەسەر بێمانایی بارودۆخی مرۆڤ دەکەنەوە.نووسەرانی شانۆی  ئەبسورد لەیەکتر جیاوازن، مامەڵە لەگەڵ بابەت وتەوەری جیاوازدادەکەن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت هەندێک لێکچوون لە کارەکانیاندا بەدی بکرێت. ئەم نووسەرانە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پەرەپێدانی درامای مۆدێرن  بیننوە، دەربڕینی شانۆییان نوێکردەوە و جەختیان لەسەر گرنگی زمانی شانۆیی کردووە، زەمینەیان بۆ شانۆنووسانی دوای خۆیان خۆشکردووە کە ئیلهامیان بەخشیون.

بێمانایی، بێهێوایی و گرۆتێسک لە ژمارەیەکی زۆر لە دەقە درامیەکانی سەدەی بیستەمدا دەردەکەون، کە زۆربەیان ئەو نەریتە ئەدەبییانە ڕەتدەکەنەوە کە تا ئەو کاتە باو بوون. بەڵام ناکرێت هەموویان بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد هەژمار بکرێن. ڕەخنەگران بۆچوونی جیاوازیان دەربڕیوە پرسیاریان کردووە لە بەرامبەر ناوهێنانی ژمارەیەکی زۆر بە شانۆ نووسانی ئەبسورد  لەلایەن ئێسلینەوە لەناو ئەم ژانرەدا. جین جینێت دیارترین نموونەیە، بەڵام ناوهێنای  سیمپسۆن و ئەلبی و ستۆپارد(٩) لە شانۆی ئەبسورد جێگەی مشتومڕە.

جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان شانۆنووسانی ڕێبازی ئەبسورد هەیە. زۆرێک لە نووسەرانی دوای جەنگ باس بابەتەکانی وەک دڵەڕاوکێ، لەدەستدانی ناسنامە و باوەڕ، دڕندەیی، ناعەقڵانییەتی جیهان، پەنا بۆ گرۆتێسک یان کۆمیک یاخود وتنی نیو ڕستە ، دەربڕینێک،  قسەیەک (فراسێک) وەک ئامرازی دەربڕین و تەحەدای دراما تۆرگی و  ڕێکەوتننامەکانی و نووسینی درامای نەریتی دەکەن. 

بۆیە ئەو تایبەتمەندییەی کە پێشتر باسمان کرد لە بەشێکی زۆری درامای سەدەی بیستەمدا لە بەراوردکردنی ژمارەیەکی زۆری شانۆنامەنووسانی تایبەت لە ئەدەبیاتی نەتەوەیی جیاوازدا لەلایەن ئێسلینەوە پۆڵێن کردنیان بە نووسەرانی شانۆی ئەبسورد ڕەنگە ڕەوا نەبێت. بەرچاوترین بەرهەمەکانی شانۆی ئەبسورد لە فەرەنسا و ئەمریکا نووسراون. شانۆنامەنووسانی فەرەنسی و ئەمریکی هەمان تەکنیک بەکاردەهێنن، بەڵام پاڵنەر و جیهانبینییان جیاوازە. شانۆنامەنووسە ئەمریکییەکان، وەک ئەلبی یان کۆپیت، باوەڕیان بەوە نییە کە ژیان بەڕاستی بێمانایە، ئەم تایبەتمەندییە تەنیا بۆ کۆمەڵگا دەگەڕێننەوە، پێیان وایە دەتوانێت بگۆڕێت. دەقە درامیەکانیان زیاتر ئەخلاقی و ڕوونکردنەوە و گەشبینین، لە کاتێکدا شانۆنامەنووسانی فەرەنسی (٩) زیاتر خۆیان لە وێناکردنی بارودۆخی مرۆڤدا سنووردار دەکەن و  گۆڕانکاری ڕیشەیی و ئەگەرەکانی گۆڕانکاری ڕیشەیی پێشنیاز ناکەن.

لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە وڵاتانی ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات،  ئەو دەقانەی نووسران و نمایش کران، کە ڕەخنەگران لە نێویاندا مارتن ئێسلین، لە شانۆی ئەبسوردا پۆلێنین کرد. ئەوەش وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا دوای مردنی ستالین بوو، کە بەشێوەیەکی زۆر کەم و ڕێژەیی ئازادی هەبوو لە پؤلەندا، دەرکەوتنی شانۆی ئەبسورد لە پۆڵۆنیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٦، و کۆتایی هاتنی لە ساڵی ١٩٦٥ بە تایبەتی ئەو ساڵەی کە نمایشی شانۆیی تانگۆی مرۆژێک پێشكەش کرا.

دزەکردنی پێکردنی ئەبسوردیزم بۆ ناو دەقە ئەدەبییەکان لە سەردەمی باڵادەستی ڕیالیزمی سۆسیالیستیدا ڕێگری لێکرا، چونکە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای باوی دەسەڵاتداردا نەدەگونجا. ڕەخنەگرانی نوێنەرایەتی ئایدۆلۆژیای فەرمی کە سەر بە دەسەڵات بوون، هێرشیان دەکردە سەر شانۆی ئەبسورد و ئیدانەیان دەکرد بە خراپ و ڕەشبین باسیان دەکرد،

ئەوان بە بەرهەمێکی وێرانکەری ڕۆژئاوای سەرمایەدارییان سەیر دەکرد، کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی بوونگەرایی بوونی نییە، ئەمەش لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستیدا یەک نەدەهاتەوە کە بانگەشە بۆ گەشبینی دەکات و ئیدیعای ئەوە دەکات کە مرۆڤ توانای گۆڕینی هەموو شتێکی هەیە. ڕیالیزمی سۆسیالیستی بانگەشە بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمێکی بەهاکان دەکات کە لە سەردەمی شەڕدا کە لە بنەڕەتدا تێکچووە، هەر بۆیە هەڵسەنگاندنە نەرێنییەکانی کارەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ لەلایەن ڕەخنەگرانی مارکسیستەوە جێگەی تێگەیشتنە، بە بڕوای ئەوان درامای ئەبسوردی ڕۆژئاوا و بینەرانی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات هیچ  خاڵێکی هاوبەشیان نییە.

سەرەڕای ئەوەش،  ئەبسوردیەت و ئیرۆنیەت، گاڵتەجاڕی و گرۆتێسک لە تایبەتمەندیەکانی شانۆی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن لە سەردەمی تۆتالیتاریزمدا،  ئەدەب لە سەرووی هەموو شتێکەوە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێمانا، ئبسورد و شێواوە بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی بە ڕەخنەگرتنی سیستەمی سیاسیی هەبووە و هەیە، لێرەدا دەتوانین بڵێن شانۆ فەزایەکە بۆ بنکۆڵکردنی ئەو سیستەمە.

لە دەقە شانۆییەکانی نووسەرانی پۆلۆنیا، واقیعیێکی بێمانا لە دەقە ئەبسوردیەکاندا ڕەنگ دەداتەوە و گرۆتێسکیش وەک ئامرازێکی دەربڕین بەکاردەهێنن. زۆرجار لە لایەن هەندێک کەسەوە زاراوەی “ئەبسورد ” و ” گرۆتێسک” (١٠) بە شێوەیەکی هاوواتا بەکارهێنراوە، بەڵام نا، جیاوازیان هەیە و لەگەڵیشیدا پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ یەکدا هەیە، لە قۆناغی دوای جەنگدا  تا وای لێهات هەندێک بە شانۆی ئەبسوردیان دەگوت شانۆی گرۆتێسک. لەڕاستیدا ئەبسورد بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە هەیە و لە ئاستی ناوەرۆکدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەکاتێکدا گرۆتێسکیش ئامرازێکە بۆ پێکهاتن، بە واتای ئامرازی شێوازو پێکهاتنەکەیە ـ ستایلێکە. ئەبسوردیسزم  میتافیزیکییە نەک دیاردەیەکی جوانیناسی، هەر بۆیە ناتوانرێت بە دەربڕین و پێکهاتە و شێوازێک هەژمار بکرێت. گرۆتێسک و ئەبسورد، مەرج نییە پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت، هەروەها مەرج نییە ئەبسورد تەنیا فۆڕمی گرۆتێسک وەربگرێت. چونکێ نووسەرانی ئەبسورد جەخت لەسەر هەستی نامۆبوون و هەڕەشەی مرۆڤ لە جیهاندا دەکەن، هەر بۆیە بەشێکی گرنگی درامای مۆدرێن و هاوچەرخە.

دوای جەنگی جیهانی دووەم، زۆرێک لە نووسەران دەستیان کرد بە نووسین بە شێوازی نوێ بۆ دەربڕینی، لە بەشێکی گەورەی دەقە  گرنگەکانی درامای مۆدێرن و هاوچەرخ لە ساڵەکانی ١٩٤٥ تا ١٩٦٥ گرۆتێسک  بەکار دەهێنن. ئەبسورد و گرۆتێسک بەرهەمی هەمان ئاسۆی ڕۆحین و لە کاتێکدا سەرهەڵدەدەن و گەشە دەکەن کە سیستەم، نۆرم و بەها پەسەندکراوەکانی گشتی لە داڕماندایە.

شانۆی ئەبسورد لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە فۆرم و شێوازدا جیاوازە لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، چونکێ لەم دوو ناوچەیەد هەست و ڕەگ و ڕیشەی بێمانای و ئەبسوردی لەیەکتر جیاوازە، لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات بێمانایی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان، ڕۆژانە خەڵکەکەی بە بێمانای ئابوڵقە درابوون، لەگەڵ بێمانای و بێهیوایدا دەژیان. بۆیە شانۆنامە ئەبسوردیەکانی پۆڵەندی، چیکۆسلۆڤاکیا و دەوڵەتانی ئەوروپای خۆرهەڵات کە لە لایەن سۆڤیەتەوە یان نازیتەوە داگیرکردبوون لە هاوتا ڕۆژئاواییەکانیان واقیعبینترن. شانۆنامەنووسانی جیهانی ڕۆژئاوا پرسیار لەبارەی ژیان، مردن، جەوهەری بوونی مرۆڤ، تەنیایی، ئازار و نەبوونی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان دەوروژێنن، شانۆنامەنووسانی ڕۆژهەڵات بە پلەی یەکەم ڕەخنە شێواندنی ستالینیانەی مارکسیزم دەگرێت، کە وێنەی تاکەکان پیشان دەدات کە لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نالەباردا گیریان خواردووە. شانۆنامە ئەبسوردیەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاوازدا نووسراون و تەنیا پرسە میتافیزیکییەکان پاڵنەر نین. کۆنتێکست ــ پەیوەندی کۆمەڵایەتی چارەنووسی تاک دیاری دەکات، بە شێوەیەکی زیندووتر و واقیعیتر تیشک دەخرێتە سەری زیاترلە بەرهەمەکانی ساموێل بێکێت یان یوجین ئیۆنێسکۆ. لە هەردوو ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لەدەستدانی تاکایەتی و بچووکبوونەوەی مرۆڤ بۆ تەنها ئامێر یان بوکەڵەیەک کێشەیەکی ڕاستەقینەیە.

لە ڕۆژئاوادا دەرئەنجامی کۆمەڵگەی بەکاربەری سەرمایەداری و کولتوری جەماوەرییە، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵات بە کاریگەری لاوەکی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بەسەربازکردن، یەکپۆشکردن و یەک ڕەنگی زۆرەملێی مرۆڤەکانە.  بێ شک جیاوازییەکی بەرچاو لە  پێشوازیكردن لە هەمان دەقە دراماتیکییەکان لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەبێت

بینەرانی بلۆکی ڕۆژهەڵات تەنانەت واتاو پەیای پەیامی سیاسییان لە شانۆنامەکانی ڕۆژئاوادا دەدۆزیەوە، ئەگەر هیچ پەیامێکی سیاسیانەشی نەبووبێت،  لە کاتێکدا بینەرانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە ئامادەییەوە شانۆنامەکانی نووسەرانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیان قبوڵ دەکرد و ئاماژە سیاسییەکان پشتگوێ دەخست و پەیامی گشتگیریان سەبارەت بە بوونی مرۆڤ لە دەقەکاندا دۆزیەوە. بەواتا:

لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا، پۆڵۆنیا وەک نموونە زۆرجار وەک ڕەخنەی سیاسی دەخوێندرانەوە

لە ئەوروپای ئەوروپای ڕۆژئاواشدا، زیاتر بە فەلسەفەی ژیان و مرۆڤ دەخوێندرانەوە

ئێسلین دەڵێت، شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆی ساموێل بێکێت وەک درامایەکی سیاسی لە پۆڵەندا خوێندرایەوە، هەروەها شانۆنامەی ئاهەنگی سلاڤۆمیر مرۆزێک لە ڕۆژئاوا بە تۆنێکی بوونگەراییدا خوێندرایەوە، ئیسلین ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی شانۆنامەکانی یۆجین ئیۆنێسکۆ کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی هەر جۆرە پەیوەندیەک و وابەستەبوونێک بە سیاسەتێک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بۆتە  مۆدێلێک بۆ شانۆی سیاسی لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، هەرچەندە ئەم دەقانە بە ڕاشکاوی ڕەخنە لە سیاسەت ناگرن.

لە پاریس و نیویۆرک دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ بە هەمان شێوەی خۆیان دەخوێندرێنەوە بەڵام چۆن دەخوێندرێنەوە؟ ، لە کاتێکدا لە وارشۆ و بەرلینی ڕۆژهەڵات دەبنە نووسەری سیاسی. ئەو دەقە درامیە شانۆییانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، چەندین هەڵگری واتاو مانایان هەیە و کەوتوونەتە ژێر خوێندنەوە و لێکدانەوە جیاوازەکانەوە. لەپشت پرسیارەکانی سروشتی سیاسییەوە، پرسیاری گەردوونیی شاراوە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ هەیە، لێرەوە شانۆ ئەبسوردەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای لەیەک ناچن و جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشیشیان هەیە.

شانۆی بێمانا و گرۆتێسک لە نووسینی سلاڤۆمیر مرۆزێک:

زاراوەی “شانۆی ئەبسورد” ژمارەیەکی زۆر لە شانۆنامەنووسانی ئەدەبیاتی نەتەوەیی جیاواز و هەروەها کۆمەڵێک دەقی دراماتیکی بەرفراوان لەخۆدەگرێت. لە نێو ئەمانەدا، مارتن ئێسلین سێ شانۆنامەنووسی ئەوروپای ڕۆژهەڵات وەک نووسەری شانۆی ئەبسورد بە نموونە دەهێنێتەوە، وەک ڤاکلاڤ هاڤێل، تادێوس ڕۆژێڤیچ و سلاڤۆمیر مرۆزێک.

نووسینەکانی ئێسلین ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبوو لە سەر ڕوناکی خستنە سەر سلاڤۆمیر مرۆژێک و ناساندنی بە هەموو ئەوروپا و ئەمەریکادا. بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا کە مرۆزێک تا ئەو ڕادەیەی ڕەخنەگری کروات میرنا سندیچیچ سابلیۆ، ” لە سایەی کتێبەکەی ئێسلیندا مرۆژێک لە ئەوروپادا ناسرا.”  ئێسلین لە وتارێکدا بە ناوی “مرۆزێک و بێکێت و شانۆی ئەبسورد” (١٩٩٤)، لێکچوون لە نێوان هەندێک لە دەقەکانی مرۆژێک و بێکێتدا دەبینێتەوە، بۆ نموونە لە نێوان شانۆنامەی چەفەنگ و کۆچبەران و چاوەڕوانی گۆدۆ،  هەروەها لە نێوان ” سەمای ڕووتبونەوە” و “ئەکتە بێدەنگەکان”،

ئیسلین ” پرسیاری ئەوە دەکات ئایا مرۆزێک بە کارەکانی بێکێتی دەزانی یان کەوتۆتە ژێر کاریگەری بێکتەوە؟ بەڵام مرۆژک خۆی وەڵامی ئەوە دەداتەوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئۆتۆ مانهەیمێر کە ” فازیل جاف وئەم چاوپێکەوتنەی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی” کە  مرۆژێک دەڵێت ئەو لە ژێر کاریگەری هیچ کەسێکدا نەینووسوە.

بەڵام بێ شک کە مرۆژک و بێکت، ئەم دوو نووسەرە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونەکانی قۆناغی دوای جەنگ نووسیویانە، کە ترس و تۆقین لە تۆتالیتاریزمی  وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی گرتبووە. نووسەرانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات نەیاندەتوانی خۆیان لە سیاسەت جیابکەنەوە و پشتگوێی بخەن وەک ئەوەی  بێکێت و ئیۆنێسکۆ خۆیان دوورخستەوە” لێرەدا مرۆژێک  ڕەمزگەرایی بۆ تێکدان و ئاشکراکردنی کەموکوڕیەکانی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار بەکاردەهێنێت و دەقەکانی پڕن لە ڕەخنە لە تۆتالیتاریزم.

دیدگای ئێسلین لەلایەن چەندین نووسەری دیکەوە وەرگیراوە. بۆ نموونە میشێل پرونەر (١١) کە لە یەکێک لە مۆنۆگرافی یاداشتەکانە نوێیەکانیدا لەسەر ئەو بابەتە، مرۆزێک لە نووسەرانی شانۆی ئەبسورد دەخاتە ڕوو. هەروەها دارکۆ گاشپارۆڤیچ Darko Gašparović  (١٢) پێی وایە بەرهەمەکانی مرۆزێک “ڕەسەنترین دەنگدانەوەی شانۆی ئەبسوردە لە جیهاندا دوای  ئیۆنێسکۆ و بێکێت” ئەمەش بەو مانایەیە کە گاسپارۆڤیچ کارەکانی مرۆزێک بە یەکێک لە بەهێزترین و ناوازەترین درێژەپێدراوەکانی شانۆی ئەبسورد دەزانێت“. 

بەرهەمەکانی مرۆزێک لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ نووسەرانی دیکەی شانۆی ئەبسوردا هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، تا چەند دەتوانرێت بەرهەمی مرۆزێک پەیوەندی بە بەرهەمی بێکێت و ئیۆنێسکۆوە هەبێت، بۆ نموونە؟ مرۆزێک خۆی ڕەتیدەکاتەوە سەر بە هەر قوتابخانەیەک یان گروپێکی ئەدەبی بێت، بە شانۆی شانۆی ئەبسوردیشەوە، ئەو بە دوودڵیەوە ئەم پۆلێنکردنە سەپێنراوەی قبوڵ کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە دەقەکانی سەر بە شانۆی بێمانا نین. میرنا سابلجو لە چاوپێکەوتنێکدا دەنووسێت، کاتێک پرسیاری ئەوە لە مرۆژێک کرا لەبارەی خستنەڕووی بەرهەمەکانی بە شانۆی ئەبسورد لە لایەن ئێسلین کە بە شانۆی ئەبسورد ناوزەدی کردووە،  ئەو دەڵێت،  مرۆژێک وتی کە سوپاسگوزاری مارتن ئێسلینە کە لە نێو نووسەرانی شانۆی ئەبسوردا کە ناوبانگێکی زۆری بۆ دروست کردووە، بە تایبەت لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئەم پۆلێنکردنە بەبێ مانا (ئەبسورد)  دەزانێت. ئاشکرای دەکات کە تا ڕادەیەک بێزار بووە لەوەی کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسان تەنیا لەبارەی شانۆی ئەبسوردەوە پرسیاریان لێ کردووە و هیوادارە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کتێبەکەی ئێسلین تا ڕادەیەک کۆنە، نەوەیەکی نوێی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران بیرۆکەی تازە و ڕێبازی داهێنەرانەیان هەبێت.

مرۆزێک لە ڕێگەی وەرگێڕان وبینینی نمایشی شانۆ لە شانۆکانی پۆڵەندا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە لەگەڵ شانۆی ئەبسورد ئاشنا بێت. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٦ سەردانی فەرەنسای کردووە، بەڵام وەک لە ژیاننامەکەیدا دەیگێڕێتەوە، بەشداری نمایشەکانی شانۆنامەنووسانی فەرەنسی نەکردووە و ڕایگەیاندووە کە نە بەهۆی ئەوەی فەرەنسی نەزانیوە یان بەهۆی کێشەی داراییەوە نەچووەتە شانۆ.

مرۆژک یەکەم شانۆنامەی خۆی بە ناوی پۆلیسەکان نووسی کە ئادەم تارن لە گۆڤاری دیالۆگدا بڵاویکردەوە. لە هەموو دەقە درامیەکانی مرۆژک لە قۆناغی سەرەتای نووسینی تا شانۆیی تانگۆ زۆربەیان شانۆنامەی یەک ئاکتن، کە ئەبسورد و بابەتە گرۆتێسکییەکان باون تێدا. مرۆزێک لە نامەیکدا بۆ هاوڕێەکی کە ڕەخنەگری ئەدەبیە یان بلۆنسکی Jan Blonski ، بۆی ڕوون دەکاتەوە کە بۆ ئەوەی بننوسم، دەبێت بەرزبێتەوە بۆ ئاستێکی سەیرو گرۆتێسک و ئەبسورد ئەوەی گوزارشت لە شتەکان بکەم، چونکە تەنیا بەم شێوەیە دەتوانێت باسی جیهان و مرۆڤ و مێژوو بکات.

نەریتی گرۆتێسک لە درامای پۆڵەندی سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەک فرە تایبەت دەوڵەمەندە، و زۆر گرنگە بۆ پێکهاتنی شانۆی دوای جەنگ. لە کاتێکدا شانۆنووسانی فەرەنسی کەڵکیان لە ئەزموونەکانی دادایزم و سوریالیزم وەرگرتبوو بەتایبەت بەرهەمەکانی ئەلفڕێد جاری، گیلۆم ئەپۆلینێر، ئەنتۆنین ئارتۆ و ڕۆجەر ڤیتراک.  شانۆی نەریتی و بۆرژوازی/ شانۆی بولڤاردیان (١٣) ڕەتکردەوە، شانۆنووسە  ئەبسوردیزمیەکانی پۆڵەنیاش لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، میراتی نەریتی  ئەدەبی بەتایبەتی ڕۆمانسیزم ڕەتکردەوە.

شانۆنامەنووسە ئەبسوردیزمیەکانی پۆڵەندی، سەیری نووسەرانی وڵاتەکەی پێش خۆیان کرد، کە لە ئەدەبیاتی نێوان جەنگەکانی خۆیان تێدا دۆزییەوە، کە جەنگ چ کاریگەریەکی هەبووە لەسەر شیوازی و نووسین و بیرکردنەوەیان. وەک بەرهەمی ستانسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ و ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ. هەروەها پێشوازیی بێکێت و ئیۆنێسکۆ گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ پێکهێنانی شانۆی ئەبسوردی پۆڵەندی و تەرزی نووسینی شانۆکارانی پۆڵەندا، کاریگەریەکانی نووسەرە ئەبسسوردیەکانی ئەوروپای خۆرئاوا کەمتر نەبوو لە بەرهەمەکانی گۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ کە بە رۆح و باوکی ئەدەبی پۆلۆنی دادەنرێت.

میرنا سندیچیچ سابلیۆ دەڵێت، ” لە ساڵانی ١٩٥٠ــ ١٩٦٠ ــ ی پۆلۆنیا  ڕەخنەگران بەدوای ئاماژە و نیشانەکانی ئەبسوردیزم و گرۆتێسکدا دەگەڕان لەو شانۆیانەی کە لەو ساڵانەدا نمایش دەکران، هەروەها سەرجەم نووسینەکانی ئەو قۆناغە باس لەوە دەکات کە  گۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ بە پێشەنگی شانۆی ئەبسورد و شێوازی گرۆتێسک و دژە وەهم دادەنرێت ، بێ ناوهێنانی شانۆنامەکانی وگۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ و بێکت و ئۆنیسکۆ مەحاڵە  بیر لە بوونی مرۆزێک بکرێتەوە، گۆمبرۆڤیچ لە دەقە ئەدەبییەکانیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەگەرە دەربڕینەکانی گرۆتێسک بەکار دەهێنێت.” بەواتای مرۆژێک قاچێکی لە نێو دونیای ئەبسوردیزمی ئەوروپای خۆر ئاوایە و قاچەکەی تری لە نێو شانۆنووسانی پۆلۆنیای سەردەمی پێش خۆی. مرۆزێک دان بەوەدا دەنێت کە زۆر زوو بەرهەمەکانی گۆمبرۆڤیچ خوێندووەتەوە و کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر بەجێهێشتووە. مرۆژێک سوودی لە نەریتی گرۆتێسکی ویتکیڤیچ و گۆمبرۆڤیچ وەردەگرێت، بەڵام بە ئەزموونی نەوەیەک کە بە دۆزەخی تۆتالیتاریزمی ئایدیۆلۆژی ستالیندا تێپەڕیوە، نوێیان دەکاتەوە.

ئۆسکار بارتۆش(١٤) کارەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک بە تایبەتترین مۆدێلی گرۆتێسکی فیکری لە ئەدەبیاتی سلاڤی و ئەوروپای خۆرهەڵاتی مۆدێرن دەزانێت. دەڵێت کە گرۆتێسکی مرۆزێک “لە واقیعی تایبەتی پۆڵەندییەوە گەشەی کردووە، هەروەها لە داب و نەریتە بەهێزەکانی ڕێنێسانسی پۆڵەندی و گرۆتێسکی سەردەمی بارۆک،  قارەمانەکانی سەردمی کلاسیکی نوێ، تەنزەکانی  قۆناغی ڕۆمانسی.

سەرنج خستنە سەر چەند دەقێکی وەک نموونە:

لە دەقە شانۆییەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێکدا، شتە ئەبسوردیەکان و گرۆتێسکەکان هێندە نزیکە بەیەکەوە گرێدراون. ناوەڕۆک و شێوەکەی بوون بەیەک، کە ئەبسوردیەت لە ئاستێکی ناوەڕۆکیشدا دەردەکەوێت، بۆ نموونە

     ــ  دەقی شانۆی پۆلیس کە ڕەخنە لە ڕژێمی تۆتالیتاری دەگرێت و دژایەتییەکانی ناو دەسەڵاتدارەکان ئاشکرا دەکات. دەقەکە باس لەوە دەکات پۆلیس  هەر کەسێک ناڕەزاییەک دەرببڕێت دەیگرن، هەر جۆرە ناکۆکییەکی لەگەڵ دەسەڵاتدا سەرکوت دەکرێت، کارەکتەرەکانی دەقە شانۆییەکە سێ کەسی پاڵەوانن لەگەڵ چەند کەسێکی لاوەکی، وەک فەرماندی پۆلیس، کە  نوێنەری دەسەڵاتی باڵا و سیستەمە/ ئەفسە، کە جێبەجێکار و باوەڕدار بە سیستەم/ زیندانیەکی سیاسی کە پەشیمان دەێتەوە لەوەی کە ڕەخنەی لە دەسەڵات دەگرت، لەگەڵ هەندێک ئەکتەری لاوەکی (کۆمبارس).

ڕوداوەکانی دەقەکە، لە دۆخێکی خەیاڵیدا ڕوودەدات، کە پۆلیسەکان شانازی بەوە دەکەن کە هیچ ناڕازەییەک نەماوە بەرامبەر بە دەسەڵات، هیچ ڕەخنەگرێک نییە، تەنها یەک زیندانی سیاسی ماوە.بەڵام کێشەکە لێرە دەستپێدەکات، ئەو زیندانییە پەشیمان دەبێت. واز ڕەخنەکانی لێدەهێنێت ودەڵێت حکومەت ڕاستەکە دوا دوا زیندانی کە بۆ ماوەی دە ساڵ درێژ بەرگەی ئەشکەنجە و لێپرسینەوە گرتووە، گۆڕانکارییەکی تەواو بەسەردا دێت پەشیمان دەبێتەوە و خەریکە ئازاد دەکرێت، کەس ناڕەزایەتی دەرنابڕێت بەرامبەر سیتەم، بەو مانایەی کە ئیدی چیتر پێویست بە پۆلیس ناکات، ئەمەش قەیرانێکی وجودی بۆ هێزی پۆلیس دروست کردووە،  پێگەی ئەوان کەوتە مەترسییەوە و پۆلیس ناچار بوو نەیاری خۆیان دروست بکەن، چونکە بەبێ ئەوان نەیاندەتوانی بژین. دەست دەکەن بە هاندانی یەکتر بۆ ئەوەی ببنە خەفیە و جاسوس بۆ ئەوەی ئەوەی یەکتر بگرن. بازنەی ئیدانەکردن و دڵسۆزی دروست دەکەن کە خۆیان تێیدا هەم تاوانبار و هەم دەبنە قوربانی. دەسەڵاتی سەرکوتکەر هەروەها پێویستی بە دوژمن هەیە بۆ مانوەی خۆی، هەتا ئەگەر ناچار بێت خۆی دوژمن دروست بکات.

  پۆلیسێک ڕۆڵی ئاژاوەگێڕ و نەیاری دەسەڵاتی پێسپێردراوە، دەسەڵاتی سەرکوتکەر هەروەها پێویستی بە دوژمن هەیە بۆ مانوەی خۆی، هەتا ئەگەر ناچار بێت خۆی دوژمن دروست بکات.  کاتێک پۆلیسەکان خۆیان دەبن بە “تاوانبار”، ئەمە مانایەکی زۆر قووڵ هەیە، سیستەم بۆ مانەوەی خۆی، هەموو شتێک دەکات هەتا ئەگەر درۆ بێت. دەسەڵات هەمیشە پێویستی بە هەڕەشە هەیە، ئەگەر هەڕەشە نەبێت، دروست دەکرێت، ترس ئامرازێکی سیاسییە. پەیوەندی بە شێوازی کافکایی ئەوەیە مرۆڤ لە ناو سیستەمێکی بێێمانا گیر دەبێت، یاسا هەیە بەڵام مانای نییە،دەسەڵات هەیە بەڵام ڕوون نییە. ئەمە ئەو دەقەیە کە ناوەڕۆکێکی ئەبسوردی هەیە.

     ــ هەروەها مرۆزێک لە دەقی شانۆیی  لەپانتایی دەریادا، کە تەنها سێ کارەکتەری هەیە،  کارەکتەرەکان ناوی دیاریکراویان نییە، ئەمەش بەهۆی شێوازی ئەبسوردی شانۆنامەکەیە، کارەکتەرەکان،  لە چەور، مامناوەند و لەڕ، لە هەندێک وەرگێراندا بە : یەکەم، دووەم و سێیەم نووسراوە، لە وەرگێرانێکی تردا بە ( آ، ب، د)، ئەم تێکستە کراوە بە کوردی لە لایەن فازیل جاف لە ژێر ناونیشانی گێژەن، ئەوەیش کارەکتەرەکانی بە ( قەڵەو، درێژ و بچووک )  نووسیوە، کارەکتەرەکان لەسەرکەڵەکێکن، دوای نوقمبوونی کەشتییەکەیان، بێ خواردن و بێ هیوا دەمێینەوە، دەبێت بڕیار بدەن کامیان خۆیان بکەنە قوربانی و ڕێگە بدەن هاوڕێکانی بیخۆن، بەمەش ئەوانی دیکە ڕزگار دەکەن.

مروژێک بە ئەنقەست شوێنەکە دیاری ناکات، لەدەقەکەدا شوین وڕووداو کات کۆمەڵێک ئامەژەی قوڵن، لە دەقەکەدا دەریا نوێنەری دۆخی مرۆڤایەتییە، کەڵەک، ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگا، گیرخواردنیان لە ناو دەریادا ئاماژەیە بۆ کێشەی ژیان و مەرگ. ئەم ڕووداوە دەتوانێت هەموو شوێنێک  بێت و لە هەموو جێگایەک ڕووبدات ، لە هەر کۆمەڵگایەک ناعەدالەتدا کە مرۆڤ لە بەرامبەر کێشەیەکی گەورەدا ڕوو لە ئەخلاق و سیستەم دەکات، ئەوا دەسەڵات و سیستەم هەوڵ دەدات پەرەگرافێکی بۆ دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مافی بخوات.

لە تێکستەکەدا دوو لە کارەکتەرەکان هەوڵ دەدەن بە “ڕێگای دیموکراسیەت” هاوڕێکەیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بیخۆن، مروژێک لێرە ڕەخنە لە  نائەخلاقیەت لە دیموکراسیدا دەگرێت، قسەکردنی سیاسی بێ‌کردار بەکارهێنانی ئەوەی زۆرجار “دەنگی زۆرینە” ڕاست نییە، یاسا بۆ پاساو هێنانەوە تاوانە. مرۆژێک مەترسییەکانی دیموکراسی ئاشکرا دەکات کە تێیدا بڕیارەکان بە دەنگی زۆرینە دەدرێن. کێ توانای هەبێت پرۆسەی “دەنگدان” و بڕیاردان ڕێکدەخات، بە شێوەیەکی دیموکراتیک دیار دەکات کێ بخۆرێت، بەڵام لە ڕاستیدا سیستەمەکە بە قازانجی خۆی ئاڕاستە دەکات،  چۆن بڕیار دەدەن؟ دانیشتن، درێژ دادڕی و دەنگدان و دیموکراسی، ئەو کەسەی کەمترین توانای قسەکردن هەیە دەبنە بە قوربانی لە پەرەگرافی یاساکاندا. لێرەدا بە تۆخی ڕەنگ ڕێژ کراوە بە کۆمیدیای ڕەش. مرۆژێک مانایەکی فەلسەفی قووڵتر دەدات بەم دەقە یەک پەردەییە، و پرسیارێک دەکات، ئەگەر ژیان لە دۆخێکی سەختدا بێت، ئایا دیموکراسی و یاسا بەسە بۆ پاراستنی ئەخلاق؟

     ــ شانۆنامەی ڕووتبونەوە، جیهانی شانۆنامەی “ڕووتبوونەوە” بە هەمان شێوە ناماقوڵ و شێوازێکی ئەبسوردە، چیرۆکەکەی دەربارەی دوو  پیاوی بێناسنامەیە، بە  کەسی یەک و کەسی دوو ناویان هاتووە،  بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار خزێنراونەتە ژورێکەوە و دەستبەسەر کراون، خۆشیان نازانن چۆن کەوتونەتە ئەو ژوورەوە؟ کێ هێناونی بۆ ئەوێ؟  ئەوان هەوڵدەدەن تێبگەن چی ڕوودەدات؟ بۆچی لەوێن؟.

دەرگای ئەو ژوورەی چوونەتە ناوی کراوەیە، بەڵام دەرفەت بۆ هەڵهاتن ناقۆزنەوە. دوو پیاوەکە دەکەونە گفتوگۆ و مشتومڕدان، هەر یەکەیان هەوڵدەدات باشتر خۆی پیشان بدات و دەسەڵاتی زیاتر بەسەر ئەویتردا بسەپێنێت، لە کۆتاییدا دەستێکی گەورە لە سەقفەکەوە دەردەکەوێت دەستێکی دروستکراوی میکانیکی زەبەڵاح فەرمانیان پێدەکات و لە لایەن ئەو دەستەوە بەریوە دەبرێن کە لە سەقفی ژوورەکەوە دێتە دەرەوە، فشار بە دوو کەسەکە دەهێنێت و فەرمانیان پێدەکات بەوەی کە خۆی دەیەوێت و کە ڕەفتاریان بگۆڕن. لە کۆتایی نمایشەکەدا، دەستە گەورەکە بە تەواوی کۆنترۆڵی ژیان و هەڵسوکەوتیان کۆنترۆڵ دەکات و و کاراکتەرەکان هەست دەکەن کە ناتوانن بەرامبەر ئەم هێزە بووەستن و دەستەپاچەن. بەتەواوی هەردووکیان لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزەدان دەستەکەدان و تا ئەو ڕادەیەی کە ناچاریان دەکات جلەکانیان دابکەنن

دەستە میکانیکیەکە ووردە ووردە فەرمان بە دوو کەسەکە دەکات کە جل و بەرگەکانین دابکەنن، دوو کەسەکەش لە گفتوگۆ و ڕووداوە جیاوازەکاندا جارێک بە تەدریج ماسکەکانیان لادەبەن. ڕووکاری ڕاستەقینەی خۆیان دەردەکەوێت، کارەکتەرەکان لە دەستپێکدا خۆیان بە شێوەیەکی باش و ڕێک پیشان دەدەن، بەڵام کاتێک چیرۆکەکە بەرەو پێش دەڕوات نهێنییەکان دەردەکەون، درۆ و دووڕووییان دەردەکەوێت، ڕاستیی کەسایەتییەکان دەبینریت.ڕووتبوونەوە لە شانۆکەدا بە مانای لادانی ماسکی کۆمەڵایەتییە، نەک تەنها ڕووتبوونی جەستە. دەستە گەورەکە لە نمایشەکەدا ڕەمزێکە شارەزای ئەدەبە، نوێنەری دەسەڵات، حکومەت و سیستەمی کۆمەڵگا و هێزێکی نەبینراوە کە مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکات، واتە لەوێدا مرۆڤ وەک بووکەڵەیەک دەبێت کە هێزێکی تر جوڵەی پێدەکات.

پەیامی فەلسەفی نمایشنامەکە ئەوەیە کە مرۆڤ زۆرجار وای دەزانێت ئازادە، بەڵام لە ڕاستیدا سیستەم و دەسەڵات هەڵسوکەوتی کۆنترۆڵ دەکات، ئەم فشارە، هەندێک جار مرۆڤ دەخاتە کێشە و شەڕ لەگەڵ یەکتر دەکەن.

دەستە گەورەکە سیمبولی دەسەڵات و سیستەمی سیاسییە، هێزێکە کە مرۆڤەکان کۆنترۆڵ دەکات. لە کۆمەڵگا فشاری کۆمەڵایەتی کە خەڵک ناچار دەکات بە شێوەیەکی دیاریکراو بژین، مرۆڤ زۆرجار وا دەزانێت ئازادە. بەڵام لە ڕاستیدا هێز و سیستەمەکان ژیانیان کۆنترۆڵ دەکەن. کاتێک ئەو هێزانە فشار دەهێنن، ترس و لاوازی مرۆڤ دەردەکەوێت، بۆیە نمایشنامەی ڕووتبوونەوە ڕەخنەیەکی توندە لە دەسەڵات و دووڕوویی کۆمەڵگا.

کاتێک ماسکەکانیان دەکەوێت و رووی ڕاستیان دەردەکەوێت دەکەونە ئاستێکی نزم و داوای لێبوردن لە دەستە زەبەلاحەکە دەکەن، بەڵێنی ملکەچبوون و گوێڕایەڵی دەدەن، تەنانەت دوای ڕووتبوونەوەیان و زەلیل بوونیان بەو هیوایەن دۆخەکە خۆی چارەسەر بێت. شانۆنامەی  ڕووتبوونەوەکارێکی شانۆییە کە بە شێوەی ساتایری نووسراوە و مەبەستی سەرەکیی دەرخستنی دووڕوویی کۆمەڵگا و ماسکەکانی مرۆڤە ناوی تێکستەکە لە ناوەڕۆکی شانۆییەکەوە وەرگیراوە، کە ڕووتبوونەوەی جەستەیە بەڵام بە شێوەیەکی ڕەمزی بەکاردێت؛ واتە رووتبوونەوەی ڕاستیی مرۆڤ و ناوخۆی کەسایەتییەکان و داکەوتنی ماسکەکانی مرۆڤە.

لە شانۆنامەکانی مرۆزێکدا جیهان وەک گرۆتێسک وێنا دەکرێت،  واتە جیهانی شانۆنامەکانی مرۆژێک دونیایەکی سەیرو سەمەرەیە، لە ئاستی جیهانیشدا وێنەکە گەورەتر دەکات،  ئەم گرۆتێسکیەش لە ئاستی داڕشتنی وێنەی گشتی جیهاندا دەردەکەوێت. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکانی لە جیهانێکی نامۆ، دژوار و ناڕووندا دەژین، لەو شوێنانەی کە کارەکتەرەکانی لێیەو بوونیان هەیە هەڕەشە و مەترسی لەسەرە، وەک نموونە  دەتوانین ئاماژە بە شانۆنامەی ڕووتبوونەوەو تانگۆ بکەین، کە جیهانی ناو شانۆییەکە لە دۆخێکی هەڵوەشانەوەدایە. هەروەها لە لایەکی ترەوە لە شانۆنامەکانی مرۆزێکدا گرۆتێسک لە ئاستی داڕشتنی کارەکتەرەکان و زمانیشدا دەردەکەوێت.

مرۆڤ دەتوانێت سەرنجی ئەوە بدات کە  لێکچوونێک لە نێوان شێوازی کارەکتەرەکان لە شانۆنامەکانی نووسەرانی شانۆی ی ئەبسورد و شانۆنامە یەک پەردەکانی سەرەتای نووسینی سلاڤۆمیر مرۆزێکدا ببینێت. لە شێوازی شانۆنامەی کلاسیکی و سونەتی پاڵەوان و دژە پاڵەوان بە ڕوونی بەرجەستە دەبن. بەڵام لە شانۆنامە ئەبسوردیەکان، دژە پاڵەوانەکان خاڵین لەو سیفەتانەی کە بنیاتنانی کارەکتەرە دراماتیکییە تەقلیدییەکان لەسەری بنیات نراوە، ئەمەش وا دەکات ناسینەوەی دژە پاڵەوان بۆ بینەر تاڕادەیەک مەحاڵ بێت.

ڕەنگە مەحاڵ بێت بینەر هاوسۆزی لەگەڵ پاڵەوانەکان بکات، لە هەمان کاتدا لەلای خوێنەر و بینەری نمایشی شانۆی ئەبسوردا پێکەنین و هاوسۆزی دەوروژێنن. کارەکتەرکان لە ژیانی ناوەوە بێبەش دەبن و هەربۆیە دەبنە جێگرەوەیەک یان ئاماژەیەک لەبەر ئەوە لە لەدەستدان و ونکردنی ناسنامە لە ناونانی کارەکتەرەکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە، بە پیشە، پێگەی خێزان، ڕەگەز یان تەنها بە جێگرەوە یان تەنها بە پیتێک یان بە ژمارە ناویان دەهێنرێن.

ناوی کارەکتەرکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک

ناونانی کارەکتەرەکانی مرۆزێک نموونەیەکی تایبەتی ناونانی شانۆنامەی ئەبسوردە، بۆنموونە ” لە شانۆنامەی کۆچبەران کارەکتەرەکان ناویان  ئەی ئەی و ئێکس ئێکس ـ ە  AA و XX ، لە شانۆنامەی ڕووتبوونەوە ناویان ( کاک یەک و کاک دووە، یان کەسی یەک و کەسی دوو)  لە شانۆنامەی لە دەریادا کارەکتەرەکان ناویان لەڕ و درێژ و قەڵەو، لە شانۆنامەی پۆلیسدا کارەکتەرەکان، زیندانی، سەرۆکی پۆلیس، سەردەستە، لە شانۆیی کارۆل کارەکتەرەکان بە ناوی جوتیاری یەک و جوتیاری دوو. شانۆنامەی  (جەفەنگ) (١٥) ئاهەنگ یان گەمەکردن دێت، کارەکتەرەکان بانەوی پیاوی یەکەم، و پیاوی دووەم و پیاوی سییەم، یان لە هەندێک وەرگێڕاندا بە کرێکاری یەک، دوو، سێ ناویان هاتووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پاڵەوانەکانی شانۆنامەکانی مرۆژک نوێنەرایەتی جۆرەکانی مرۆڤ دەکەن نەک کە

سێکی دیاریکراو.

کارەکتەر لە دەقەکانی مرۆژکدا:

      لە بونیادی پێکهاتەی دراماکاند گۆڕانکارێەکی چۆنێتی بەسەردا دێت، بەو هۆکارەی کە هاودەم بێت لە گەڵ نمایشکردنی شانۆی ژوور و پاشان هۆکاری نمایشکردنیان لەو شوێنانەی کە رێ پێنەدراو بوون بە هۆکاری سیاسی، ئەویش ژمارەی کارەکتەرەکانی ناو شانۆنامەکان کەم دەبێتەوە، هەندێک جاریش تەنها  لە دووکارەکتەر پێکهاتووە، بۆ ئەوەی زیاتر جەخت لەسەر کێشەی نەبوونی پەیوەندی بکەنەوە، کە یەکێکە لە تەوەرە باوەکانی درامای ئەبسورد.  کارەکتەرەکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک ستریۆیپە، واتە یەک ڕەنگ و یەک فۆرمە. لە بەر ئەوەی زۆرجار کارەکتەرەکان یاسا و نەریتەکان پەیڕەو دەکەن بەبێ ئەوەی بیر لە خۆیان بکەنەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە نیشان بدات کە چۆن مرۆڤەکان هەندێک جار تەنها پەیڕەوی سیستەم یان یاساکانی کۆمەڵگا دەکەن بەبێ ئەوەی بیرکردنەوەیان هەبێت.

هەروەها  ڕەفتارەکاناین لە بوكەڵە دەچن، کاتێک کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی میکانیکی ڕەفتار دەکەن،  وەک بووکەڵە دەردەکەون و هاوتا دەکرێن لەگەڵ ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتیانەی کە ئەنجامی دەدەن،  ئەمەش هێمای ئەوەیە کە مرۆڤەکان واتە کارەکتەرەکان هەندێک جار بە پێوەندی دەسەڵات، نەریت یان یاسا کۆمەڵایەتییەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێن لەبری ئەوەی ئازاد بن. کارەکتەرکانی کۆنەپەرستانە و بوکەڵانەن بۆ ئەوەی نیشان بدات کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی میکانیکی و بەبێ ئیرادەی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن. هیچ پاڵنەرێکی دەروونی بۆ هەڵس و کەوتیان نییە.

نووسەری شانۆنامە ئەبسوردیەکان،  مرۆژێک بەتایبەتی  زۆرجار ژمارەی کارەکتەرەکان لە شانۆنامەکانیدا کەم دەکاتەوە، یان تەنانەت بۆ دووکەس ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک سەرەڕای هۆکاری سەرەوە، ئەو گرنگی دەدات:

ــ  گرنگیدان بە بیرۆکەکان، کاتێک کارەکتەرەکان کەم بن، بینەر دەتوانێت زیاتر سەرنجی لەسەر بیرۆکە و پەیامی ناو شانۆنامەکە بێت لەبری ئەوەی دیقەتی لەسەر کارەکتەری زۆر و ڕووداو بێت.

ــ جیاوازی نێوان مرۆڤەکان، کاتێک تەنها دوو کارەکتەر بێت، دژایەتی لە نێوانیاندا نیشان بدات، بۆ نموونە:

دەسەڵات ↔ لاوازی

سەرکردە ↔ شوێنکەوتووانی

ئازادی ↔ کۆنتڕۆڵکردن

ئەمەش ناکۆکییەکە ڕوونتر دەکاتەوە، تایبەت لە شانۆی ئەبسوردا، بارودۆخێکی سادە بەکاردێت بۆ نیشاندانی تەنیایی ومرۆڤی بۆش و بێمانایی کۆمەڵگا.

ــ سیمبوڵی ڕۆڵ، هەندێک لە کارەکتەرەکان نوێنەرایەتی ڕۆڵی خۆیان ناکەن بەڵکو نوێنەرایەتی بیرۆکە دەکەن لەبری تاکی ڕاستەقینە. بۆیە کارەکتەری زۆر پێویست نین. بونموونە شانۆنامەکانی مرۆژێک وەک ( کۆچبەران – دوو کارەکتەر، کارۆل – سێ کارەکتەرم، گەمە، سێ کارەکتەر، لە دەریادا، سێ کارەکتەر. ڕووتبوونەوە ــ دوو کارەکتەر)

ــ مرۆزێک کە دوو کارەکتەر بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکە ڕوونتر بێت و جەخت لەسەر بیرۆکە و هێماگەرایی لە شانۆنامەکەدا بکاتەوە.

سەرەڕای پەیوەستبوونی سلاڤۆمیر مرۆژێک لەگەڵ شانۆی ئەبسوردا بەهۆی گرۆتێسک، تیکەڵکردنی کۆمێدی و تراژیدیا، دیاری نەکردنی کات و شوێنی ڕووداو، داڕشتنی فۆرمی کارەکتەرەکان و ڕەتکردنەوەی پاڵنەرە دەروونیەکان، بەڵام تا ڕادەیەک جیاوازی هەیە لەنێوان دەقە شانۆیە درامیەکانی نووسەرانی پێشەنگی شانۆی ئەبسسورد چ لەڕووی شێواز و چ ڕووی ناوەڕۆکەوە.

دەقە درامیەکانی ساموێل بێکێت لەسەر بنەمای  بوونگەرایی و ڕەنگدانەوەی میتافیزیکی ڕۆنراون و دیدێکی کارەساتبار و تراژیدیانە بۆ بارودۆخی مرۆڤ دەخەنە ڕوو.  دەقەکانی یوجین ئیۆنێسکۆ لە نێو ئەوانی تردا  تاکێک وێنا دەکات کە ڕووبەڕووی  جیهانێک  دەبێتەوە  کە ماناکەی لەدەستداوە، ئەوەش شایەتحاڵی سروشتی ناتەبایی ئەو جیهانە و بێ مانایی بوونە. هەردوو بێکێت و ئیۆنێسکۆ هەر جۆرە بەشدارییەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی لە دەقەکانیاندا ڕەتدەکەنەوە، لە کاتێکدا دەقە دراماتیکییەکانی مرۆژێک پڕن لە ئاماژەی سیاسی.

ڕەخنە لە تۆتالیتاریزم یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی  ئالیگۆری مرۆژێک

لە شانۆنامەکانی مرۆژکدا، کارەکتەرەکان هەندێک جار دەتوانن وەک ئالیگۆری(١٦) کار بکەن. بۆ نموونە، کارەکتەرێک دەتوانێت هێمای دەسەڵات، گوێڕایەڵی یان یاساکانی کۆمەڵگا بێت نەک تەنها کەسێکی ئاسایی. لە دەقەکانی مرۆزێکدا پەیوەندی هەموو تاکەکان بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی دیاری دەکرێن. لە کاتێکدا لە شانۆنامەکانی بێکێتدا ئەبسورد لە مەحاڵبوونی زانین و بەدەستهێنانی وەڵامی یەکلاکەرەوە سەرهەڵدەدات، بە دیدی فەلسەفیانەی بێکت ئەوەیە  مرۆڤەکان ناتوانن بە تەواوی لە دونیا تێبگەن، ئەوان هەرگیز وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەست ناکەوێت بۆ پرسیارە گەورەکان  وەک (واتا، خودا، مەبەست و ڕاستی) کارەکتەرەکان تێگەیشتنیان نییە و پرسیاریان نییە تەنها چاوەڕێی وەڵامەکان دەکەن، بێگومان مرۆڤ وەڵامی چنگ ناکەوێت هەتا پرسیاری نەبیت، . هەر بۆیە شانۆنامەکانی بێکێت بۆ نموونە چاوەڕوانی گۆدۆدا، کارەکتەرەکان هەوڵدەدەن لەوە تێبگەن کە چی ڕوودەدات یان مانای چییە، بەڵام هیچ کەس نازانێت و  بە دڵنیاییان نییە و هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە نایەت ئەمەش هەستی بێمانای و ئەبسورد دروست دەکات. ئەبسوردی درامای بێکێت لە مرۆڤەکان ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت لە ژیان تێبگەن، بەڵام مەحاڵە وەڵامی دیاریکراو بەدەست بهێنرێت، لە ژیاندا مرۆڤەکان بەدوای ڕاستی و مانادا دەگەڕێن بەڵام لە جیهانی بێکێتدا، وڵامی دڵنیا بەدەست ناهێنرێت، هەربۆیە  لە هەموو لە شتێکدا هەست بە بێمانای و ئەبسوردی دەکرێت. بەلام ئەبسورد لە دەقەکانی مرۆزێکدا تەنیا لە پەیوەندی نێوان تاکەکان و ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی – سیاسییەدا سەرهەڵدەدات کە کارەکتەرەکان تێیدا دەژین.

مرۆزێک گرنگی بەو بنەمایانە دەدات کە مرۆڤەکان لە جیهانە بچووکەکانیاندا چ یاسایەک پەیڕەو دەکەن و چۆن ئەم یاسایانە ڕەفتارەکانی خەڵک بەڕیوە دەبات. هۆکاری ئەوەی کارەکتەرەکان چۆن  لەناو ژینگە بچووکەکاندا دەژین، کارەکتەرەکان قوربانی ئەو دۆخەن کە تێیدا دەژین، کەسانی دەوروبەریان، دمودەزگای دەوڵەتی، ئەو دامەزراوانەی کە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندییەکانیان ڕێکدەخەن. ئەمەش بە باشترین شێوە لەلایەن کارەکتەرەکانی شانۆ نامەی پۆلیسەوە دەسەلمێنرێت کە ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتیانە قبوڵ دەکەن کە بۆیان دانراوە، نرخەکەشی لەدەستدانی کەسایەتی خۆیانە، یان شانۆنامەی شەهید پیتەر ئۆهی، کارەکتەری سەرەکی بێ هیچ گومان کردنێک و پرسیارکردنێک بوونی سەپێنراوی پڵنگێک لە حەمامەکەی خۆیدا قبوڵ دەکات. مرۆزێک باس لەوە دەکات کە چۆن ملکەچبوون بۆ سیستەمێکی بەزەبرو زەنگ و ئیرادەی دەسەڵات دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای بیرکردنەوەی عەقڵانی

   کارەکتەرەکانی ئیۆنێسکۆ لە ژێر کاریگەری کولتوری جەماوەریدا توانای بیرکردنەوەیان لەدەستداوە،

مارتن ئێسلن دەڵێت” کارەکتەرەکانی ئیۆنێسکۆ لە ژێر کاریگەری کولتوری جەماوەریدا توانای بیرکردنەوەیان لەدەستداوە و بەهۆی کۆنفۆڕمیزمkonformizam  (١٧) ( کۆنفۆرمیزم واتە خۆ گونجاندنی کوێرانە، ئەوەی کە خەڵکی تر دەیکات) بەواتای ئیۆنێسکۆ پێمان دەڵیت کە چۆن مرۆڤەکان دەتوانن بێ بیرکردنەوە و نامرۆڤ بن کاتێک تەنها پەیڕەوی لە قەرەباڵغی و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن بەبێ ئەوەی بیر لە خۆیان بکەنەوە، ئەم خۆگونجاندنە کوێرانەیە وایان لێدەکات مرۆڤبوونی خۆیان لەدەست دەدەن، تەنها شوێن نۆرمەکانی جەماوەر و کۆمەڵگا دەکەون ئەمەش پەیڕەوبوونێکی میکانیکی وئامێری مرۆڤەکانە، لەوێدا تەواو دەبن بە ئامێرد، ئەمەش تەواو ئەبسوردیە و بێماناییە. ئەم دیدە لە شانۆنامەی کەرکەدەن (١٨) بەرجەستە دەکات.

لە کاتێکدا کارەکتەرەکانی مرۆزێک لەلایەن کۆمەڵگاوە ڕێگرییان لێدەکرێت.کارەکتەرەکانی مرۆزێک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و ئامێری کاردانەوەیان دەبێت، چونکە توانای بیرکردنەوەیان لە ژێر فشاری ئایدۆلۆژیا و سیستەم و خودا لەدەستداوە. ئەوان دیلی واقیعی کۆمه ڵایه تی و ده سه ڵاتێکی تۆتالیتارین، که توانای بیرکردنه وه ی ڕه خنه گرانەیان لێ دزراوە، گوتارو دەستەواژەکەیان وەڵامێکی کورت و ئامێردیە. لە لای مرۆژێک کۆمەڵگا قەدەغەیان دەکات، کارەکتەرەکان ناتوانن هیچ بکەن، ناتوانن بە ئازادی بیربکەنەوە، خۆیان بن یان بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، کۆمەڵگە یان سیستەم دەیانوەستێنێت، یاسا، نۆرم یان دەسەڵات ڕێگری لە ئازادییان دەکات. واتە کۆمەڵگا ڕێگە نادات مرۆڤەکان ئازاد بن، بۆیە کارەکتەرەکان بە شێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار دەکەن. (١٩)

مرۆزێک گرنگی بە چارەنووسی تاک دەدات لە چوارچێوەی هەندێک پەیوەندی کۆمەڵایەتیدایە، نەک پرسە میتافیزیکی و خستنەڕووی ئەبسوردی جیهان. شانۆنامەکانی، مەسەلە سیاسییەکانە لە فۆرمێکی گرۆتێسکدا ئاکامی جیهانی سیاسیکراوی پۆڵەندای دوای جەنگە. لە شانۆنامەکانیدا ژێردەقی سیاسی (پەیامێکی سیاسی شاراوە) هەیە، ئەو پەنهانی و ئاماژانەش بینەری پۆلۆنی بەڕوونی دەیانناسیەوە، لەو کاتەدا لە پۆڵەندا کۆنترۆڵی سیاسی بەهێز هەبوو، بۆیە کاتێک کە بە ناڕاستەوخۆش ڕەخنە لە سیستەمەکە دەگیرا دەتوانرا وەک ئیستفزازییەک لە دژی دەسەڵاتداران دەخوێندرایەوە.

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین هەندێک جیاوازی لە نێوان دەقە دراماتیکییەکانی بێکێت، ئیۆنێسکۆ و مرۆزێکدا بەدی بکرێت.(٢٠) یوجین ئیۆنێسکۆ و ساموێل بێکێت تا ڕادەیەکی بەرچاو جەخت لەسەر دەربڕینی هەموو تووخمە  شانۆییەکان دەکەنەوە، گرنگییەکی زۆر بە هەموو بەشەکانی شانۆی سەر شانۆ دەدەن، نەک تەنها دیالۆگ بەڵکو جوڵە و بێدەنگی و سینۆگرافی و ڕووناکی، دەقەکانین جەخت لە نمایش بوونیان دەکەنەوە. دەقەکانین زۆر شانۆیین بە پێچەوانەی شانۆنامە یەک ئەکتەکانی مرۆزێک کە تێیدا وشە بەرچاوترین ڕۆڵ دەگێڕیت و زۆر دیالۆگین. بەمانای ئیۆنێسکۆ و بێکێت بۆ دروستکردنی مانا، تەواوی دەربڕینی شانۆ (جووڵە، بێدەنگی، سینۆگرافی) بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا مرۆزێک بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای دیالۆگ و وشە دامەزراون.

میرنا سندیچیچ سابلیۆ دەڵێت ” لە دەقەکانی مرۆزێکدا ئۆنیریزم onirizam نییە ئەوەندەی لە لای یۆنێسکۆ ئامادەگی هەیە ئۆنیریزم بە مانای وێنەی خەیاڵی و کابووس و شتی سەیر و سەمەرە. تەنانەت لە دەقەکانی بێکتیشدا ئامادەنین. دەقە شانۆییەکانی مرۆزێک پێکهاتەیەکی بازنەییان نییە و دیمەن و ڕووداوەکان کۆتاییەکی ڕوونتریان هەیە” دەقە شانۆییەکانی مرۆزێک سەرەتایەکی ڕوونتر و ململانێ و چارەسەرێکی ڕوونتریان هەیە بە بەراورد بە شانۆنامەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ.

شانۆنامەکانی مرۆزێک زۆر واقیعیتر و وشکانی بزوێنەرترن، دیالۆگ و کردارەکە زیاتر سەرنجیان لەسەرە ، بەبێ ئەم توخمە خەون و خەیاڵیانە،  یان کرداری ئەبسوردی، دیالۆگ زۆر گرنگە و دیمەنەکان واقیعیترە. لە شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ، دیمەنەکانی دەتوانێت ئەبسورد و خەوناوی و پڕ بێت کەل و پەلی وێنەی سەیر و نامۆ.

دیمەنی هەیە کە مۆبیلیات دەفڕێت خەڵک لەناکاو ڕووخسار دەگۆڕێت یان کات باز دەدات و دەگەڕێتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت ئۆنیریزم،  لە شانۆنامەکانی ئیوجین ئیۆنێسکۆدا زۆرجار توخمگەلێکی خەوناوی لەم جۆرە ڕوودەدەن.

دەرئەنجام:

دەقە شانۆییەکانی سڵاڤۆمێر مرۆزێک کە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٥ نووسراون، لە دەقی پۆلیسەکان تا تانگۆ، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە وەک دەقی شانۆیی ئەبسورد پۆلێن دەکرێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە سلاڤۆمیر مرۆزێک خۆی هەرگیز بە ئاشکرا هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ساموێل بێکت یان یوجین ئیۆنێسکۆ، یان تادێوس ڕۆزێڤیچ نەبڕیوە.ڕەخنەگری ئینگلیزی مارتن ئێسلین ڕەنگە یەکەم کەس بێت لە بەستنەوەی دەقە دراماتیکییەکانی مرۆزێک بە ڕەوتی هونەری دوای جەنگ،  کە کاریگەری یەکلاکەرەوەیان لەسەر پێشوازیی دواتری مرۆزێک لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو. هەرچەندە ئەو دەقانەی کە لە کۆتایی شەتەکاندا نووسیوێتی لە شێوازە ئەبسوردی و بابەتە گرۆتێسکیەکان دوور دەکەوێتەوە، بەڵام ڕایەڵێکی تووند ببە شێوازی نووسینی  ڕابووردووی گرێی دەداتەوە. دوای ئەوەی مرۆژێک وڵاتی خۆی بەجێ دەهێڵێت ڕوو لە بابەتگەلێکی گشتگیرتر دەکات، کە دڵخوازی بینەرانی وڵاتانی ئەوروپای  ڕۆژئاوان، زۆر حەز بە بینین و بیستنی دەکەن. لە دەقەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک و شانۆنامەنووسانی دیکەی ئەبسوردا هەندێک لێکچوون هەیە، چونکێ نەریتی شانۆی تەقلیدیدا دەشکێنن پێکهاتەی کلاسیکی (سەرەتا – ململانێ – چارەسەرکردن) پەیڕەو ناکەن ڕەنگە هەست بکەیت ڕوداوەکان کە پارچە پارچەبوون یان نالۆژیکییە، دەقەکان، کورتن، نالۆژیکین، پێکهاتەیەکی ڕوون و کارەکتەری واقیعییان نییە. نەبوونی ئاماژەی ڕوونی کات و شوێن، زۆرجار بە تەواوی نازانیت کردارەکە لە کوێ و کەی ڕوودەدات. زۆرجار کارەکتەرەکان جۆر یان هێمان نەک کەسانی واقیعی، قوڵایی دەروونی زۆریان نییە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار کارەکتەری دەقەکانی مرۆژک لەگەڵ نموونە کارەکتەرەکانی دەقەکانی ئیۆنێسکۆ جیاوازن. بارودۆخی کۆمەڵایەتی-مێژوویی. لە دەقەکانی مرۆزێکدا، ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارییەی کە تێیدا دەژین، کارەکتەرەکان لە قاڵب دەدات و هەر بۆیە دەقەکانی زۆر واقیعبینترن لەهی بێکێت و ئیۆنێسکۆ. کارەکتەرەکان لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە دەسەڵات کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تێیدا قەدەغەیە، کە دەبێتە هۆی بۆ ئەوەی شێوازی دەربڕینی مرۆڤەکان هەژار و میکانیکی و زۆر سادەتر بن، مرۆڤەکان وازیان لەدەربڕینی بیروڕای خۆیان دێنن و لەبری ئەوە دەست دەکەن بە دووبارەکردنەوەی دەستەواژە و دروشمی ئامادەکراو کە لە هەموو شوێنێک دەبیسترێن. لە دۆخێکی وادا پەیوەندی ڕاستەقینەی نێوان کارەکتەرەکان مومکین نییە، بۆیە هەمیشە شتە ئەبسوردیەکان لە پەیوەندییە نێوان کەسەکانەوە دروست دەبێت. ڕەخنەگران بە پلەی یەکەم مرۆزێکیان بە ساموێل بێکتەوە گرێداوە بەهۆی پێشوازییە زۆرەی بێکت لە پۆلۆنیا، بەڵم ڕەخنەگران دەڵین دەقەکانی مرۆژک زیاتر لە دەقەکانی یۆژین ئۆنسکۆ نزیکترە، بەڵم بێ شک ئەبسوردیەتی هیچ کام لە نووسەرانی ئەبسورد وەک یەک نییە.

مرۆزێک درێژە بە نەریتی ویتکیڤیچ و گۆمبرۆڤیچ دەدات، کە گرۆتێسک و تەنزئامێز لە دەقەکانیاندا تێکەڵ دەکەن بۆ ئەوەی واقیع بەم شێوەیە ئاشکرا بکەن. مرۆژک پەنا بۆ گرۆتێسک و ساتیرێکی نەرم دەبات بۆ ئیدانەکردنی تۆتالیتاریزم. دەقەکانی پڕن لە ئاماژەی سیاسی شاراوە، چونکە بەهۆی سانسۆر و چاودێری توندەوە ناچار بووە  ئالیگۆری  (Allegory) بەکاربهێنێت و پەیامەکان بشارێتەوە. ئەبسوردیزم وای لێدەکات ئەو شتانە دەرببڕێت کە نەدەبوو بە ئاشکرا بگوترێ.

زۆر لە دەقە ئەبسوردیەکان پەیوەندییەکی نزیک بە بوون و پرسە میتافیزیکییەکانەوە هەیە، بەڵام لەلای مرۆزێک، ئەبسورد لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و دەسەڵاتە باڵاکانەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو لە سەرووی هەموویانەوە لە پەیوەندی نێوان کەسەکانەوە سەرهەڵدەدات ، بەشێوەیەکی سەرەکی باس لە پچڕانی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژی دەکات، مرۆزێک بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەت، گرۆتێسک و ئیرۆنی بەکاردەهێنێت. ئەمانە تایبەتمەندی شانۆنامە بێماناکانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ماوەی ساڵانی شەستەکاندا نووسراون، کە لەلایەن بینەرانی هەردوو ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە پێشوازییەکی زۆریان لێکرا.

پەراوێزەکان:

(١) سلاڤۆمیر مرۆزێک، لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٣٠ لە شاری بۆرزچین لە نزیک شاری کراکۆڤ لە پۆڵەندا لەدایک بووە، لە ١٥ی ئابی ٢٠١٣ لە شاری نیس لە فەرەنسا کۆچی دوایی کرد. نووسەر، تەلارساز، شانۆنامەنووس و کارتۆنیستێکی پۆڵەندی بووە. مرۆزێک بۆ یەکەمجار وەک کارتۆنیستێکی تەنزئامێز لە گۆڤارەکاندا لە گۆڤاری Dziennik Polski ناسرا. چەندین کورتە چیرۆک و شانۆنامەی تەنزئامێزی نووسیوە. وەک نووسەرێکی شانۆی ئەبسورد دادەنرێت. لە پۆڵەندا بە یەکێک لە گەورەترین شانۆنامەنووسانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، لەگەڵ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و تادێوس ڕۆزێڤیچ.

مرۆزێک لە گەنجیدا کۆمۆنیستێکی سەرسەخت بوو. لەو گۆڤار  ڕۆژنامەنەدا کری کردووە، کە پەیڕەوی هێڵ و فکری کۆمۆنیستی دادەڕشت. لە بیرەوەریەکانیدا لەبارەی قەناعەتی ئایدیۆلۆژی گەنجی خۆیەوە نووسیویەتی: “کاتێک تەمەنم بیست ساڵ بوو، ئامادەبووم هەر بەدیلێکی ئایدیۆلۆژی لە باوەش بگرم بەبێ ئەوەی زۆر لە نزیکەوە لێی بکۆڵمەوە، بە مەرجێک شۆڕشگێڕانە بێت، وردە وردە هەڵوێستی گۆڕا، نووسین بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی برد کە بوو بە دژایەتیکەرێکی سەرسەختی ڕژێمی کۆمۆنستی. لە ساڵی ١٩٥٠ یەکەم کورتە چیرۆکی خۆی نووسی و لە ساڵی ١٩٥٣ یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی بە ناوی فیل بڵاوکرایەوە. وەرگێڕدرا بۆ چەندین زمان لەوانە بۆ زمانی کوردی لە لایەن نووسەر خەبات عارفەوە وەرگێردراوە. یەکەم شانۆنامەی بە ناوی پۆلیس لە ساڵی ١٩٥٨ بڵاوکرایەوە و پێشکەشکرا.

سلاڤۆمیر مرۆزێک بە ئارەزووی خۆی پۆڵەندا بەجێدەهێڵێت. لە ساڵی ١٩٦٣ دەچێتە ئیتالیا و دواتر مەکسیک  دواجار لە فەرەنسا دەژی. ئەمە بەو مانایە نییە کە لە ژیانی کولتووری پۆڵەندا ئامادە نییە. دەقەکانی لە گۆڤارەکانی پۆڵەندا بەردەوامن لە چاپکردن، شانۆنامەکانی بەردەوامن لە نمایشکردن، ئەمەش وایکردووە تاڕادەیەک ئاگاداربێت. مرۆزێک یەکێک نییە لە نووسەرانی کۆچبەری ئەوروپای ڕۆژهەڵات، وەک ڕووسەکان و چیکەکان بە تایبەتی، کە بە تەواوی ڕێگرییان لێکرا لە کارکردن لە وڵاتی زێدی خۆیان. مرۆزێک بەشێک نەبوو لە کۆمەڵگەی کۆچبەرانی پۆڵەندی و نووسەرێکی ناڕازی، بەڵکو تەنیا نووسەرێکی پۆڵەندی بوو کە لە دەرەوەی وڵات دەژیا. زیاتر لە سی ساڵ خۆبەخشانە لە دەرەوەی چوارچێوەی کولتووری نەتەوەیی خۆی ژیاوە. لە کاتی کۆچکردنیدا بە ئازادی سەفەری کردووە و سەردانی پۆڵەندای کردووە. نمایشکردنی دەقەکانی تەنها لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ١٩٧٣ قەدەغەکرا، دوای ئەوەی مرۆزێک لە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی فەرەنسی لۆمۆندیدا ئیدانەی داگیرکردنی چیکۆسلۆڤاکیا کرد. حەوەش بووە هۆی هەم سەفەری بۆ پۆلۆنیاو هەم بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی سانسۆر کراو پیشوازی لێنەکرا، بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکاندا مرۆزێک جارێکی دیکە بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە ناوەندییەکانی ژیانی کولتووری پۆڵەندا.

(٢) مارتین ئێسلین (١٩١٨-٢٠٠٢) لە شاری بودابێست لەدایک بووە و لە نەمسا خوێندوویەتی. لە زانکۆی ڤیەنا فەلسەفە و ئینگلیزی خوێندووە ساڵی ١٩٣٨ نەمسای بەجێهێشت و لە ساڵی ١٩٤٠ وەک پەخشکەر و نووسەرو بەرهەم هێنەر لە بی بی سی BBC  دەستی بە کارکردن کرد، لە ساڵی ١٩٦٣ بووە بەرپرسی درامای ڕادیۆیی لە بی بی سی، ئەو پۆستەی تا خانەنشین بوونی لە ساڵی ١٩٧٧ بەڕێوەی بردووە، پرۆفیسۆروانەبێژ بووە لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا، لێکۆڵینەوەی لەسەر دراما/ شانۆ کردووە.  یەکێکە لە کاریگەرترین ڕەخنەگر و شانۆناسەکانی جیهان، توێژەرێکی بەناوبانگ بوو بە داهێنانی زاراوەی شانۆی ئەبسورد و بە کتێبە بەناوبانگەکەی شانۆی ئەبسورد (The Theatre of the Absurd )

(٣) میرنا سندیچیچ سابلیۆ Mirna Sindičić Sabljo  ئەکادیمیستێکی کرواتییە و لێکۆڵەرە لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و دکتۆرای هەیە لە ئەدەبی بەراوردکاری مامۆستایە لە زانکۆی زەگریب، وەرگێر لە زمانی فەرنسی، چەندان کتێبی بەراوردکاری هەیە لە نێوان ئەدەبی فەرەنسی و ئەدەبیاتی ئەوروپای خۆرهەڵات.

(٤) ( ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ ) ئەم دوو ڕیبازە لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات زۆر باو بوو.  سۆسیال ڕیالیزم، بریتی بوو لە ڕێبازێکی ئەدەبی و هونەری کە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی کۆمۆنستی بە فەرمی کرا، کە ئەم ڕێبازە ئامانجی ئەوە بوو کە هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای سۆسیالیستی بکەن و چینی کرێکار بە هێمای قارەمان پیشان بدرێت و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئەرێنی و شۆڕشگێڕ پیشان بدرێت ڕەخنەی توند لە سیستەم قەدەغە بێت، بە مانایەکی تر، هونەر دەبووە ئامرازێک بۆ پرۆپاگەندا.

ــ  ژدانۆڤ، لە ناوی ژدانۆڤی دۆکتڕینا هاتووە، کە لە ساڵی لە 1940 ـەکاندا  دامەزرا،  ژدانۆڤ سیاسەتمەدارێکی سۆڤیەتی بوو کە بەرپرسیار بوو لە سیاسەتی کەلتوری لە سەر دەمی ستالیندا،  کە پێویستی دەکرد هەموو هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی بکات. ژدانۆڤ باوەڕی وابوو کە، هونەر تەنها دوو جۆرە، سۆسیالیستی یان دژ بە گەل، نووسەر و هونەرمەند دەبێت خزمەتی حیزب بکات،  ئەدەبی بورژوازی یان فۆرمالیستی دەبێت قەدەغە بکرێت. ئەم دوو دەزگایە بووە هۆی سانسۆر و فشار لەسەر زۆر نووسەر و هونەرمەند لە پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی بلۆکی ڕۆژهەڵات

(٥) ــ  ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ١٨٨٥ ــ ١٩٣٩ شانۆنووس، ڕۆماننووس و وێنەکێش بوو. پێشەنگی شانۆی ئەبسورد و ڕووناکبیر لە پۆڵەند. لە شانۆکانیدا دۆخە سەیر و فەلسەفییەکان بەکار دەهێنێت. ڕەخنەی لە کۆمەڵگای مۆدێرن و لەناوچوونی تاکایەتی دەکرد.

ــ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ، ١٩٠٤ ــ ١٩٦٩یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەند لە سەدەی  بیستەمەو بە شێوەیەکی  ئیرۆنی تەوس، گاڵتەجاڕانە و فەلسەفی دەنووسێت. زۆرجار دژی فۆرمی فەرمی و سیستەمی کۆمەڵایەتی بوو.

ــ برۆنۆ شوڵتز ١٨٩٢ ــ ١٩٤٢ نووسەر و وێنەکێشی یهودی-پۆڵەندی، نووسینی شاعیرانە و خەیاڵی هەبوو، جیهانێکی خەیاڵی و مێتافۆری زۆر لە وێنەکانی و لە نووسینەکانیدا هەبوو. لە کاتی داگیرکردنی نازی لە پۆڵەند کوژرا. 

ئەم سێ کەسە هەموویان لە ڕێگەی شێوە و نوێکاری هونەرییەوە ڕەخنەیان لە کۆمەڵگا و سیاسەت دەکرد، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بنەمای ئەدەبی ئەبسورد لە پۆڵەند دامەزراند، کاریگەرییان لە نووسەرانی دواتر هەبوو وەک مرۆژێک.

      (٦) شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆ نووسینی نوسەری ئێرلەندی ساموێل بێکێت ـە بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی بێکت و شانۆی ئەبسورد دادەنرێت، ئەم دەقە باسی دوو پیاودا دەکات بە ناوەکانی (ڤلادیمێر وئیستراگۆن)، کە لە ژێر دارێکدا دانیشتوون و چاوەڕێی کەسێک دەکەن بەناوی گۆدۆ، کێشەکە لەوەدایە کە گۆدۆ هەرگیز نایەت، ناشزانن کە گۆدۆ کێێە؟ پاشان منداڵێک دێت دەڵێت گۆدۆ نایەت ئەمرۆ، ، ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێدەپەڕێت، ئەوان ئەوان هەر لە چاوەڕوانیدا دەمێێنەوە. ڕێگەی چاوەڕوانییەکەیانەوە، بێکێت پرسیارەکان سەبارەت بە مانای ژیان، هیوا و بوونی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی لە ڕێگەی دەزگای ژدانۆڤ ئەو دیدەیان بڵاو کردەوە کە بنواڕن، ئەدەبی ئەبسورد و سەرمایەداری چەند بێکەڵکە،  پێیان دەوت ئەدەبی بۆرجوازی، ئەم جۆرە ئەدەبە موراڵی خەڵک تێکدەدات، بێگوومان دەسەڵاتی کۆمۆنیستی ڕەخنەگر و نووسەرانی خۆیان خستەگەر بۆ هێرش کردنە سەر ئەم ئەوژمی نووسینە.

(٧) زاراوەی شانۆی ئاڤانگارد بۆ یەکەم جار لەلایەن لیۆنار سی Pronko   Leonard C بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕەخنەی ئەدەبی فەرەنسییەوە لە ساڵی ١٩٦٢لە کتێبی Avant-Garde: The Experimental Theater in France بەکاردەهێنرێت: ئەو چەمکەی “avant-garde”  بە واتای پێشڕەوی و نوێخواز لە هونەر، بە تایبەتی لە شانۆدا بەکارهێنرا بۆ کارانەی کە شێوازی کلاسیکی شانۆیان تێک شکاند و ڕێبازێکی نوێیان درووست کرد

(٨) ئەم ناوانە هەموویان نووسەر و هونەرمەندانی ناسراوی سەدەی ٢٠ ـن، زۆربەیان پەیوەندیان بە شانۆ و ئەدەبی ئەبسوردیزم (Absurdism) هەیە:

ــ ژان تاریدۆ (١٩٠٣ ـ ١٩٩٥ ) ، هونەرمەند، مۆسیک ژەن، شاعیر و نووسەری فەرەنسی بوو. بە شانۆ و دەقە کورتەکانی ناسراوە کە زمان و واتا بە شێوەیەکی پووچگەرایانە لێک دەداتەوە. تایبەتمەندییەکانی نووسینی ، یاری کردن بە زمان و وشەکان، درووستکردنی دۆخی سەیر و بە شێوەیەکی کۆمیدی، گەڕان بە دوای مانای قووڵ لە ناو گفتوگۆی ڕۆژانەدا، کارکردن لەسەر شێوازی دەنگ و موزیک لە دەقدا.

ــ جان جینێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی بوو، باس لە بابەتەکانی وەک تاوان، ناسنامە و دەسەڵات دەکات. ژیانی سەخت و پڕ لە کێشەی هەبوو (لە منداڵیدا بەخێوکرابوو و ماوەیەک لە زیندان بوو)، ئەم ئەزموونانە کاریگەریی زۆریان لەسەر نووسینەکانی هەبوو. تایبەتمەندییەکانی نووسین، باسکردنی بابەتەکانی تاوان، زیندان، ناسنامە و دەسەڵات،  بەکارهێنانی زمانێکی شیعری و هێماکار.

ــ ڕۆبەرت پینگێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی/سوێسری بوو. کارەکانی پەیوەندیان بە ئەدەبی ئەبسوردی و  ڕێبازە نوێیەکانی ڕۆماننووسین هەبوو. گرنگی بە زمان، بیرکردنەوە و شێوازی گێڕانەوە دا. تایبەتمەندییەکانی نووسینی گێڕانەوەی ناڕاستەوخۆ و هەست بە نادڵنیایی کارکردن لەسەر بابەتەکانی بیرکردنەوە، بێ‌واتایی و تەنیایی.

ــ بۆریس ڤیان، نووسەر، شاعیر و میوزیسیانی فەرەنسی بوو. بە شێوازی سەیری و ڕەخنەگرایانەی خۆی ناسراوە. یەکێک بوو لە نووسەرانی ناسراوی ئەدەبی نوێی فەرەنسی دوای جەنگی دووەمی جیهانی، کارەکانی تێکەڵێکن لە سەیری، خەیاڵی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و شێوازی پووچگەرایی.

ــ هارۆڵد پینتەر، شانۆنووسی بەریتانی بوو. یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەبسورد، و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات (2005). تایبەتمەندیەکەی بەکارهێنانی خامۆشی و بێدەنگی لە گفتوگۆ و دیالۆگدا،  درووستکردنی هەستێکی ترس و ناڕوونی.  کتێبێکی بچووک لەسەر ئەم نووسەرە بە زمانی کوردی هەیە

       (٩) سیمپسۆن، شانۆنووسێکی بەریتانی بوو کە بە کۆمیدیی پووچگەرایانە و دیالۆگی بێ‌مانا ناسراوە، تایبەتمەندیەکەی، یاری کردن بە زمان، خوڵقاندنی دۆخی بێلۆژیکی شێوازێکی وهێمن و ساردی کۆمیدی، ڕەخنە لە ژیانی ڕۆژانە و سیستەمی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پووچگەرایان دەگرێت، سیمپسۆن بە یەکێک لە دەنگە سەربەخۆکانی شانۆی ئەبسوردی لە بەریتانیا دادەنرێت.

ــ ئێدوارد ئەلبی، شانۆنووسێکی ئەمریکی بوو کە یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەمریکا لە سەدەی 20. بەکارهێنانی  دیالۆگی توند و ڕاستەوخۆ، شیکردنەوەی پەیوەندیی، لە بارەی خێزان.، تەنیایی، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی. ئەلبی سێ جار خەڵاتی Pulitzerی بۆ شانۆ وەرگرتووە.

ـــ ستۆپارد، شانۆنووسێکی بەریتانی لە چیک لە دایکبووە،  کە بە شانۆی فکری وبەکارهێنانی و  تێکەڵکردنی فەلسەفە، زانست و کۆمیدیی زیرەکانە لەگەڵ دیالۆگی خێرا لە بابەتی ناسنامە دەناسرا، زمانی نووسین و گەمە کردن بە وشە شێوازێکی تایبەتی ئەو بوو

(٩) پێیان دەوترێت “فەرەنسی” چونکە شانۆنامەکانیان بە زمانی فەرەنسی دەنووسن. بەمەرجێ ساموێل بێکێت ئێرلەندییە، یوجین ئیۆنێسکۆ ڕۆمانییە، فێرناندۆ ئاراباڵ ئیسپانییە و ئارسەر ئادامۆڤ ڕووسی-ئەرمەنییە.

(١٠) گرۆتێسک (Grotesque) واتە شێوازێکی هونەری یان ئەدەبی کە تێیدا شتان بە شێوەیەکی سەیر، دژوار، ترسناک یان خەندەهێنەر پیشان دەدرێن بە جۆرێک کە تێکەڵەی جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ، یان ترس و گاڵتەکردبن.  تێکەڵکردنی شتانێکی دژبەیەک وەک خەندە و ترس.

جێفری هارفام Geoffrey Harpham  لە باسکردنی گروتێسک ڕوونکردنەوەیەکی گرنگ دەدات. بە پێی ئەو، گروتێسک شێوەیەکە لەو کاتەدا دروست دەبێت کاتێک دوو شتی ناتەواو یان نەگونجاو بە یەکەوە کۆدەبنەوە و هەستێکی سەیر، ناڕەحەتی یان تێکچوونی ئاسایی دروست دەکەن.

لە پێناسەکەی ئەودا، گروتێسک ئەوە نییە تەنها شتێکی خەندەهێنەر یان ترسناک بێت، بەڵکو ئەو کاتەیە کە سنووری نێوان شتەکان تێکدەچێت (وەک مرۆڤ و ئاژەڵ، جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ)، بینەر یان خوێنەر هەست بە سەرسوڕمان و ناڕوونی دەکات. هەر بۆیە لە ئەدەبی مۆدێرن و درامای ئەبسوردا گروتێسک بەکاردێت بۆ پیشاندانی دۆخی نامۆیی و تێکچوونی بەها و نۆرمەکان.

گرۆتێسک دەتوانێت بابەتێکی مێتافۆری بێت بۆ سەرلێشێواوی، ئاژاوە، شێتی، لەدەستدانی دیدگا، داڕمانی کۆمەڵایەتی، هەڵوەشانەوە، یان دڵەڕاوکێ بەکاربهێنرێت. پێشمەرجی بنەڕەتی گرۆتێسک ئەوەیە کە یاساکانی سیستەمەکە تێکچووە؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارە کاریگەرییەکەی لە قۆناغی هەڵچوون یان قەیرانەکاندا لە بەهێزترین ئاستیدایە، کاتێک بیروباوەڕە کۆنەکانی سیستەمی کۆن مەترسییان لەسەرە یان دەڕووخێن.

ـــ نووسەر حەمەسەعید حەسەن لە نووسینێکدا بە نێوی کۆمیدیای ڕەش بەم جۆرە پێنسەی گرۆتێسک دەکات ” گرۆتێسک که‌ یه‌کێکه‌ له‌و ته‌کنیکانه‌ی له‌ کۆمێدیای ڕه‌شدا وه‌گه‌ڕ ده‌خرێت، لادانێکه‌ له‌ نه‌ریتی زاڵ و گه‌ڕانه‌ به‌ دوای شێوازی نوێی ده‌ربڕیندا. گرۆتێسک (که‌ چه‌ندان مانا ده‌به‌خشێت، له‌وانه‌: سه‌یر، ناشیرین، نه‌گونجاو، ناخۆش و قێزه‌ون،) شێوه‌ده‌ربڕینێکی هێنده‌ سه‌رسووڕهێنه‌‌، وه‌رگر دووچاری حه‌په‌سان ده‌کات. گرۆتێسکه‌ری گه‌ڕانه‌ به‌ دوای جوانیدا، به‌ڵام له‌ جێیه‌کدا که‌ ناشیرینی زاڵه‌، یان لێڵکردنی ئاوه‌ ڕوونه‌کانه‌،‌ له‌ پێناوی مه‌به‌ستێکی گه‌شدا. له‌ گرۆتێسکه‌ریدا هه‌م دژبه‌یه‌کی هه‌یه‌ و هه‌میش بابه‌ته‌که‌ لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ هه‌ڵده‌گرێت. له‌ به‌رهه‌می برێخت، کافکا، جۆناتان سویفت، ئه‌دگار ئالان پۆ و یۆنسکۆدا که‌م و زۆر ڕووبه‌ڕووی گرۆتێسک ده‌بینه‌وه‌. له‌ (جانه‌وه‌ره‌کانی دۆکتۆر فرانکنشتاین) و (زه‌نگلێده‌ره‌که‌ی نۆتردام) و (جوانی و جانه‌وه‌ر) دا، ته‌کنیکی ماسکی گرۆتێسک به‌کار هێنراوه‌.

(١١) Michel Prunet میشێل پرونەر یەکێکە لە ڕەخنە گرە ناودارەکانی فەڕەنسی کە کارەکانی سەرەتایی لە بواری زانیاری ئەدەبیات و شانۆ بوو، زانیاری لەسەر نووسەرانی ئەوروپی و تێمای ئەبسورد کۆ دەکردەوەوە شیکاری دەکردن، ئەویش بە هامان شێوەی ئێسلین کتێبێکی هەیە بە نێوی شانۆی ئەبسورد، Les théâtres de l’absurde” پر  پرونەر ئەوەمان بۆ ڕوندەکاتەوە کە کە ئەوەی بە ” ئەبسورد” دەردەکەوێت تەنها بە شێوەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو دەربڕینێکی هۆشیارانەیە کە چۆن واقیع هەندێک جار وەک ئاژاوە یان تێنەگەیشتن ئەزموون دەکرێت.

دەیەوێت لەوە تێبگەین کە شانۆی ئەبسورد لە سەدەی بیستەمدا چۆن  شێوازی درامای گۆڕی، بە بەراورد بە تەکنیک و شێوازەی نووسەرە جیاوەزەکان، وە چۆن شانۆنامەکان کێشەکانی ژیانی هاوچەرخمان بە مانا و پەیوەندییەوە نوێیەکان دەردەبڕن. لە ڕێگەی نموونە هێنانەوەی تێکستە شانۆییەکانەوە تەکنیکەکانی شانۆی ئەبووسورد ڕوندەکاتەوە و پێمان دەڵێت کە ئەبسورد چییە و بۆچی سەریهەڵدا و چۆن لە پراکتیکدا کاردەکات؟. ئەویش بە هەمان شێوەی ئێسلین مرۆژک وەک شانۆنامەنووسێکی ئەبسورد پۆڵین دەکات.

  (١٢) Darko Gašparović  دارکۆ گاشپارۆڤیچ ( ١٩٤٤ ــ ٢٠١٧)  نووسەر و دراماتۆرگ و ڕەخنەگر، مامۆستا لە زانکۆی زەگریب، نزیک ١٠ کتێبی لە بارەی هونەری شانۆی هەیە. بەزمانی کرواتی و فەرەنسی دەینووسی.  گاشپارۆڤیچ شانۆنامەکانی مرۆژێکی  لە ڕوانگەی شانۆی ئەبسوردەوە شی دەکردەوە، فۆرمێکی شانۆییە کە جەخت لەسەر بێ مانای، ئەبسورد و نامۆبوون، نەبوونی کرداری لۆژیکی و تەوەرە وجودیەکان دەکاتەوە. بەکارهێنانی تەنزی کولتووری و سیاسی و یاریکرن بە زمان، و دیالۆگ، کە گاشبارۆڤیچ خۆی دکتۆرای لەسەر لینگوستیکی هەبوو. ئەو، مرۆژێک لە گۆشەنیگای ئەبسوردی لینگوستیکی شیکاری دەکات. کە مرۆژێک بەکاربردنی زمان ، گفتوگۆی توند و پارادوکسال و کردارەکان و سمبولەکان،  کارەکتەر و توانایەکی نوێ و تایبەتی بۆ دروستکردنی شێوازی شانۆی ئەبسوردمان بۆ دەخوڵقێنێت. مرۆزێک تاقیکردنەوە لەسەر زمان و دیالۆگ دەکات بە شێوەیەک کە هەم نوکتە و هەم ئیرۆنی وبونگەرای دروست دەکات. زۆرجار دیالۆگەکانی خێرا،  ئەبسورد و پارادۆکسیکاڵن، ئەمەش هەستی ئەبسوردی بەرز دەکاتەوە بەڵام جیای دەکاتەوە لە بێکێت کە زۆرجار زمانی مینیمالیستی بەکاردەهێنێت. گاشپارۆڤیچ پێکهاتەی کارەکتەر لای  مرۆزێک شیدەکاتەوە کە کارەکتەرەکان دروست دەکات کە هێمای تەنزئامێزی بەهێزن، نەک تەنها فیگەری بەتاڵ، نوێنەرایەتی بیرۆکە، پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی یان لاوازی مرۆڤ دەکەن.

(١٣) Boulevardteater شانۆی بولڤارد بە واتای  شانۆگەورەکانی کە دەکەوێتە سەر شەقامێکی گەورە، Boulevard  وشەیەکی فەڕەنسییە بە مانای شەقامێکی فراوان و گەورە. زۆرجار ئەم ناوە بۆ ناوی شانۆ یان هۆڵی پێشکەشکردنی هونەر بەکاردێت، بۆ نموونە لە وڵاتانی سکاندیناڤیا و ئەورووپا.

(١٤) Oskar Bartoš  ئۆسکار بارتۆش ڕەخنەگر و نووسەرو شارەزا لە بارەی گروتێسکی ئەدەبی و شانۆ، بە تایبەتی لە بابەتی گروتێسکی نوێ، ئۆسکار بارتۆز لە پۆلێنکردنی گرۆتێسکەکانی سەدەی بیستەمدا جیاوازی دەکات لە نێوان:

ــ گرۆتێسکەکانی سارد (لە جۆری کافکایزم، کە هەستێکی ترس و دڵەڕاوکێ لە خوێنەردا ورووژێنێت. کاتێک کەسێک لە ناو سیستەمێکی بێڕەحم و سەیر و ئاڵۆزدا گیر بخوات و هەست بە بێ‌دەسەڵاتبوون بکات، ئەوە دەوترێت Kafkaesque )، واتە گرۆتێسکی تەنزئامێز (کە بەرەنگاریی نامۆبوون لەگەڵ پێکەنین دەجەنگن)

ــ گرۆتێسکەکانی فیکری (کە تایبەتمەندییەکانی… گرۆتێسکی سارد و سەرقاڵ و ژێردەقێکی فەلسەفییان هەیە). دۆخی سەیر، تێکچوو یان نائاسایی بۆ ئەوەی ڕاستییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی یان مرۆیی بخاتە ڕوو. بە واتایەکی تر، کاتێک بیر و عەقڵانییەکی قووڵ بە شێوەیەکی ناوازە، هەندێک جار ترسناک یان خەندەدار- ناخۆش پیشان بدرێت، ئەوە دەوترێت intellektuell grotesk.

      (١٥) ” ئاهەنگ یان جەفەنگ”  یەکێکی ترە لە تێکستە ئەبسوردیەکانی مرۆژێک کە لە ساڵی ١٩٦٢ نووسراوە، بەرهەمەکە یەکێکە لە شانۆنامە سەرەتاییەکانی مرۆزێک، کە نوکتەی ڕەش و تەنز بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەکانی دەسەڵات و توندوتیژی و دووڕوویی کۆمەڵایەتی.

شانۆنامەکە لە دەوری سێ کرێکار دەسوڕێتەوە کە دەچنە هۆڵێکەوە و دەیانەوێت  کۆببنەوە بۆ ئەوەی ئاهەنگێک ساز بکەن و کاتێکی خۆش  دروست بکەن، بەڵام نازانن چۆن ئاهەنگێک ساز بکەن. هەوڵ دەدەن بڕیار بدەن کە چی بکەن و چۆن هەڵسوکەوت بکەن کاتێک هەوڵ دەدەن بەشداری لە خۆشییەکان بکەن،  بەڵام ئەوان هەست بە هیچ خۆشیەک ناکەن، بەڵکو هەست بە ئازار و بەتاڵی  ناو ناخیان دەکەن،، کاتێک هەوڵدەدەن کاتێکی خۆش بەسەر بەرن، بۆیان دەردەکەوێت کە لە ڕاستیدا هیچ خۆشییەکی ڕاستەقینە نییە، تەنها بۆشایی هەیە، لەبری ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەر بەرن، دەست دەکەن بە مشتومڕکردن و گفتوگۆکردن لەسەر یاساکان. دۆخەکە تادێت نامۆ و گرژتر دەبێت. لە کۆتاییدا کەش و هەوا ئەوەندە جددی دەبێت کە ئاهەنگەکە بە توندوتیژی کۆتایی دێت، و یەکێک لە پیاوەکان دەمرێت.

هەندێک لە ڕەخنەگران وایلێکدەدەنەوە کە دروست بوونی کاتێکی خۆش بۆ کات بەسەربردن، مەبەست تێدا دروست کردنی پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنە لەبەرامبەر ڕژێمی کۆمۆنستی سۆڤیەت،  ئەوەش بەمانای ئەوەی خەڵک هەوڵ دەدەن حزبێک دروست بکەن، بەڵام لەبری ئەوە تێبینی ئەوە دەکەن کە ژیان هەست بە بەتاڵی و بێمانا دەکات.مرۆزێک بارودۆخی بێمانا و گرۆتێسک بەکاردەهێنێت بۆ ئاشکراکردنی فێڵ و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی. « ئاهەنگ» دەتوانرێت وەک نمایشێک بۆ کۆمەڵگای پۆڵەندی لە ژێر کۆمۆنیزمدا لێکبدرێتەوە، کە تاک بەدوای سەربەخۆیی دەگەڕێت بەڵام لەگەڵ هێمایەکی بەتاڵدا بەرەوڕوو دەبێتەوە.

مەبەستی سەرەکی شانۆنامەکە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن مرۆڤەکان هەندێک جار ناتوانن لەسەرخۆ بن و لەبری ئەوە بە شیکردنەوەی زۆر خۆشییەکان تێکدەدەن. هەروەها ڕەخنە لە یاساکانی کۆمەڵگا و ترسی خەڵک لە ئازادی دەگرێت.

      (١٦) ئالیگۆری (Allegory)  شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکە، ئوبێکتەکان،  کارەکتەرەکان، شوێنەکان یان ڕووداوەکان یان شتەکان هێمان بۆ شتیكی تر، بۆ گەیاندنی مانایەکی قووڵتر. ئەوەی کە  نمایشەکە دەیڵیت زۆر زیاترە لە چیرۆک و ڕووداوەکانی نمایشەکەی بینیوتە. هەروەها زۆرجار کارەکتەر و دۆخەکان نوێنەرایەتی بیرۆکە، ئەخلاق یان کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن پەیوەندی بە پرسە ئەخلاقی، سیاسی، یان فەلسەفییەکانەوە هەیە

نموونە چیرۆکێک دەربارەی ئاژەڵەکان لە ڕاستیدا دەتوانێت دەربارەی مرۆڤ و سیاسەت بێت،  گەشتێک دەتوانێت هێمای ژیانی مرۆڤ بێت.

مانای دووسەری: هەر چیرۆکێکی ئالیگۆری دوو ئاستی مانای هەیە:

ــ یەکەم مانای ڕووکەش: ئەو چیرۆکە سادەیەی کە دەیبیستین یان دەیخوێنینەوە.

ــ دووەم مانای شاراوە: ئەو پەیامە بنەڕەتییەی کە نووسەر دەیەوێت بیگەیەنێت.

بۆنموونە: چیرۆکی کێڵگەی ئاژەڵان ـ ی جۆرج ئۆرێڵ  لە ڕووکەشدا چیرۆکی کۆمەڵێک ئاژەڵی کێڵگەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئالیگۆرییەکە بۆ ڕەخنەگرتن لە شۆڕشی ڕووسیا و دیکتاتۆرییەت.

ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون: چیرۆکی زیندانییەکانی ناو ئەشکەوتێکە کە تەنها سێبەر دەبینن، بەڵام مەبەستی فەلسەفی لێی گەڕانە بەدوای ڕاستی و زانیاریدا.

(١٧) کۆنفۆڕمیزم   konformizam : گونجاندنی بیر و ڕەفتار لەبەر خاتری خەڵک، کە بە هەرنرخێک بێت لەگەڵ زۆرینەی خەڵک و کۆمەڵگەدا خۆی بگونجیت. ئەگەر هەموو کەسێک لە گروپێکدا دەست بکات بە وتنی هەمان شت و تۆش هەمان شت بیڵێیت تەنها بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بگونجێت، تەنانەت ئەگەر بەڕاستی هاوڕا نەبیت – ئەوا ئەوە کۆنفۆڕمیزمە.

(١٨) شانۆنامەی کەرکەدەن لە نووسینی ئۆژین یونیسکۆ، ئەم دەقە وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەردم چاپی کردووە. لە شانۆنامەکەدا خەڵکی شارێک یەکە یەکە دەگۆڕدرێن بە  کەرکەدەن، سەرەتا هەمووان پیان وایە سەیر و ترسناکە، بەڵام دوای ماوەیەک، خەڵکی زیاتر و زیاتر ئەم گۆڕانکارییە قبوڵ دەکەن پێی ڕادێن خۆیان دەگۆڕن.

١٩) دەتوانین بەراوردێک لە نێوان سلاڤومێر مرۆژێک  و ئوژین یۆنیسکۆ بکەین.

لە بەرهەمەکانی یۆنیسکۆ:

ــ  کێشەکان لە ناو خەڵکەکەوە دێت.

ــ  کەسایەتییەکان خۆیان بێ بیرکردنەوە شوێن کۆمەڵگە دەکەون.

ــ  بۆیە کۆنفۆڕمیزم (konformizam) دەکەن و وەک یەک دەبن. خۆیان دەگونجێن. ئەمە  وایان لێدەکات ئاستی مرۆڤایەتییان نزم ببێت. واتە خەڵک خۆیان خۆیان دەگۆڕن بۆ ئەوەی لەگەڵ زۆرینە بگونجن.

بەڵام لە بەرهەمەکانی مرۆژێکدا کارەکە جۆرێکی ترە.

ــ کێشەکان لە سیستەم و کۆمەڵگەوە دێت.

ــ  کەسایەتییەکان دەتەوێت شتێک بکەن یان بیر بکەن، بەڵام کۆمەڵگە و دەسەڵات ڕێگایان لێدەگرێت، واتە: خەڵک دەیانەوێت ئازاد بن، بەڵام کۆمەڵگە ڕێگا نادات.

یۆنسکۆ: خەڵک خۆیان شوێن زۆرینە دەکەون.

مرۆژێک:  کۆمەڵگە خەڵک ناچار دەکات.

(٢٠) جیاوازی، مرۆژک لەگەڵ بێکت و یۆنسکۆ لە ڕووی شانۆییەوە

مرۆژک:

ــ دیالۆگ و وشەکان لە هەمووی گرنگترن.

ــ بیرۆکە و پەیامەکان زیاتر لە ڕێگەی ئەوەی کارەکتەرەکان دەیڵێن دێت

بێکت و مرۆژێک:

ــ شانۆ و جوڵە و فۆڕمی شانۆیی زۆر گرنگە.

ـ جوڵەکان، بێدەنگی، سینۆگرافی (شانۆکە چۆن دەردەکەوێت)، ڕووناکی و دەنگ و زمانی جەستەی ئەکتەرەکان، جوڵەی سادە و بێدەنگی هێندەی دیالۆژەکان گرنگن.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین