گرێ کوێرە


Loading

حه‌سه‌ن حوسێن

لەگەڵ یەکەمین نمەبارانی ئەم پایزەدا، سەرنجی ئەو تۆزە ڕەنگ کاکاوییە دەدەیت، کە لە زەوییەکەوە هەڵدەستێت. شادییەكی تایبەت، ڕووخساری خەڵکەکەی داگرتووە. شادبوونەوە بە باران و دڵنیابوونەوە لەوەی، کە سروشت هێشتا لە دڵنەرمیی خۆی نەکەوتووە. ژنان و پیاوان و منداڵان، لە ناو کۆڵانەکەدا بە زەردەخەنەوە لەگەڵ یەك دەدوێن. چەند منداڵێك دەست بۆ بارانەکە بەرز دەکەنەوە. منداڵێک، دەستی بەدەستی دایکییەوەیە و ئەویش قسەی بۆ دەکات “ڕەنگە ئێستا باسی بارانی بۆ بکات”. حەز دەکەیت دابەزیت و بۆنی یەکەم باران بکەیت. ئەو بۆنەی، یەکەمجار دایکت پێی ئاشنا کردیت. ئێستاکەيش، کە ئەو بۆنە بە لوتدا دێت، دایکت وەبیردێتەوە و وا هەستدەکەیت، بۆنی دایکت دەکەیت. ئۆئۆمبیلەکە هێواش دەکەیتەوە، تا لە کەناری شەقامەکە ڕایگریت. لەپڕ پەشیمان دەبیتەوە و دانابەزیت “دابەزە ساڵی یەکجار ئەم بۆنە دەکەیت. کێ دەڵێت پێڕادەگەیت، تا ساڵێکیتر ئەم بۆنە بکەیت!” … هەناسەیەك هەڵدەکێشیت، پێدەنێیت بە سکرێتەری بەنزینەکەدا و لە کۆڵانەکە دەردەچیت.

دەگەیتە شەقامە گشتیەکە و نمەبارانەکە، بە تاوتر و بە لێزمە دەبێت. ڕادیۆکە پێدەکەیت، گۆرانیی “سەفەر مەکە” پەخش دەکرێت؛

سەفەر مەکە … سەفەر مەکە

دڵم دەڵێت ناتبینمەوە

فێرە گریانێکی سەخت بووم

دەستمپێکرد، ژیر نابمەوە

تۆ هەتا ئێستايش، ژیر نەبوویتەوە و لەوە ناچێت تا ئەبەدیش ژیر بیتەوە. سەرەتا، کە ئەم گۆرانییە بڵاوبووەوە، تۆ زۆر حەزت پێی نەبوو. تەنانەت ئەو ڕۆژانەيش، کە کەڵکەڵەی سەفەر لە مێشکتی دابوو و هەموو جارێك دایکە پیرەکەتت پێی دڵتەنگ دەکرد، هەر حەزت لێی نەبوو. تا ئەو کاتەی سەفەر بووە تابووتێك و دالیای تێدا ڕاکشا. ئیتر هەر کاتێك گوێت لەم گۆرانییە دەبێت، هەر خۆت بیت یا لەگەڵ برادەرکانتدا، چاوەکانت پڕ لە فرمێسک دەبن و بە بێدەنگی، هەنسک دەدەیت.

بارانەکە، ڕێبوارەکانی سەر شەقامەکە شپرزە دەکات، چونکە زۆربەیان بە جلی هاوینەوە، هاتوونە دەرێ. ڕێبوارێك دەستت لێ ڕادەگرێت و تۆیش ئۆتۆمبیلەکەت خاو دەکەیتەوە و لەبەردەمیدا دەوەستیت.

–  کاکە بە چەند دەمبەیتە لای مزگەوتی ئیبراهیم خەلیل؟

ئۆو…دیسان ئەم ناوە نەفرەتییە! ئیبراهیم خەلیل، ناوێك پڕ لە نهێنی و گرێوگۆڵ. پەیامبەرێکی یاخی، دەروازەیەك بۆ بازرگانی و پەڕینەوەی خەڵک بۆ تاراوگە، مزگەوتێکی چەپەکیش لە گەڕەکێکی ئەم شارەدا. بەڵام بۆ تۆ ئەو گەڕەکە بووە قیبلەگەیەك، وەك چۆن ئەو خاڵە گومرگییە بووە دەروازەیەك و دەرگای زەمهەریرێکی لێ خستیتە سەر گازەرای پشت … یەکسەر ئەو ڕۆژە پاییزییەت بەیاد دێتەوە، کە (دالیا)  وەک چۆلەکەیەکی بەر باران،  دەستی لێ ڕاگرتیت.

–   کاکە بۆ لای مزگەوتی ئیبراهیم خەلیل …

+ فەرموو سەرکەوە …

نائاگاهانە بە تووڕەیی وەڵامی کابرا دەدەیتەوە:

+ نەخێر ناچم!

–   باشە مەچۆ، دابەزە هەنێکیشمان تێهەڵدە؟

بە خۆتدا دێیتەوە:

+ ببوورە بەڕێز، ئاگام لە خۆم نەبوو.

کابرا بەجێدەهێڵێت.

ڕادوێکە دەکوژێنیتەوە و دەستدەنێیت بە ڕیکۆردەکەدا. کاسێتێکی داریوشی لەسەرە. ناو ئۆتۆمبیلەکە پڕدەبێت لە بۆنی باران و عەترێکی کچانە.

– گۆرانییەکی زۆر خۆشە!

– بەڵێ، ڕاستە …

– دیارە زەوقێکی جوانت هەیە

– سوپاس خاتوون …

هەر ئەو ئێوارەیە و لەبەر دەرگای ماڵەکەیاندا دالیا، داوای لێ کردیت، کە هاتوچۆ بە خۆی دوو هاوڕێیتری خوێندکاری بکەیت. تۆ، بەلاتەوە سەیر بوو. ئاخر پەیمانگای هونەرە جوانەکان، لە ماڵی ئەوانەوە زۆر دوور نەبوو، تا پێویستیی بە تاکسی هەبێت، بەڵام کە سەرنجی ماڵەکەیانتدا، لە دڵی خۆتا گووتت: پارە زۆرییە.

لە شەقامی شەستییەوە هەڵدەگەڕێیتەوە بەرەو ناوشار. لای مەيفرۆشەکەی سەرکارێز، قاپێك عارەق و پیاڵەیەك دەنکە کوولەکە دەکڕیت، سوار دەبیتەوە و لێدەخوڕیت بەرەو شەستییەکە. لە چۆڵەوانییەکدا، دەچیتە کەنار شەقامەکە و دوو پێکی خەست هەڵدەدەیت، هەرچەندە هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبوویت، کە بە مەستیی ئۆتۆمبیل بئاژۆیت، بەڵام ئەو سەفەرە نەهاتەی دالیا، گەلێک خووی خراپی تێدا دروستکردیت. وەک چۆن فێری کردیت عارەق بەبێ ئاو بخۆیتەوە. دەست دەکەیتەوە بە لێخوڕینی ئۆتۆمبیلەکە. جارجارە ڕێبوارانی سەر شەقامەکە دەستت لێ ڕادەگرن، تۆش وەڵامیان نادەیتەوە. ڕەنگە ئێستا تێر جنێو بۆ دایک و خوشکت بنێرن، بەڵام تۆ باکت نییە و بە خێرایی دەئاژۆیت و دەتەوێت لە بەردەم ماڵی دالیا ئەو نامەیەی نەبەز بخوێنێتەوە، کە لە تورکیاوە بۆی ناردوویت و ئەمڕۆ خوشکەکەی هێنابوویە ماڵتان.

ئاخر شەش مانگ بەسەر سەفەرەکەیدا تێپەڕیبوو و دالیاش هەواڵی بڕابوو. بۆیە تۆش، کێچ کەوتبووە کەوڵتەوە و هەڵوەدای هەواڵێکی بوویت. سەرت بە کۆشی چەندین کەسدا کرد، لە دەرگەی گەلێک مەرد و نامەردتدا، تا هەواڵێکت دەستکەوێت. ئێ هەر خۆی پێی گوتبوویت:

– هەر کە گەییشتمە تورکیا، پەیوەندیت پێوە دەکەم…

ئەوەی زیاتر پەرێشان و شپرزەی کردویت، وەڵامەکەی سەناریای هاوڕێی بوو، کە لەگەڵ دالیادا هاتوچۆت پێ دەکردن:

– بیستوومە دالیا شوویکردووە. کاک حەمید! بەڕاستی تۆ بوویتە هۆی سەفەری دالیا و باوک و دایکی.

– من بۆ؟

– خۆت دەزانیت ئەو تاقانەی دایک و باوکی بوو. کاتێک زانییان یەکترتان خۆشدەوێت. زۆریان پێ ناخۆش بوو. ببوورە وا دەڵێم، بەڵام ئەوان پێیان خۆش نەبوو، کچەکەیان شوو بە شۆفێرێکی تاکسی بکات. دەشیانزانی ئەگەر بێتو دڵیشی بشکێنن، ڕەنگە خراپ بقەومێت. بۆیە بڕیاری سەفەریاندا. ئەمە دایکی  بە دزی دالیاوە بۆ  ئه‌مه‌ی باسکردم.

هۆڕینی لۆرییەک وەئاگات دەێنێتەوە. شۆفێرەکە، بە دەم لێدانی هۆڕینێکی درێژەوە، بە پەنجەش ‏جنێوێکی تەڕت بۆ دەنێرێت. ‏

وا نزیکی مزگەوتی ئیبراهیم خەلیل دەبیتەوە. دوو ساڵ پێش ئێستا، ڕێک هەر ئەمڕۆ بوو، کە بۆ یەکەمجار دالیات هەڵگرت. ساڵی پار پێکەوە ئەم یادەتان کردەوە. ئەو کراس و پانتۆڵەت پۆشیبوو، کە دالیا کردبوویە دیاریت. تۆ کرێی مانگانەت لێ وەرنەگرت و ئەویش کراس و پانتۆڵێکی بۆ کڕیبوویت، پارەکەیشی خستبووە گیرفانی کراسەکەوە. ئای لەو ڕۆژەی کە چوویتە ماڵەوە و دالیات لە ماڵی خۆتان بینی. ئەو کراس و پانتۆڵەکەی بۆ هێنابویت . دایکت لە خۆشیدا پێی لە عەرز نەدەکەوت. دالیا نیسکافەیەکی لە بەردەمدا بوو.

– حەمید، دەزانیت ئەم خانووە گڵە زۆر خۆشە!؟

– ئاخر تۆ دڵۆپەی باران، بانگێڕان، خرتەی مشک و خوڕەی باراناوی گوێسوانە هەراسانیان نەکردوویت؛ بۆیە بەلاتەوە خۆشە.

– نا، وانییە حەمید، هەموو شتێک جوانيی خۆیی هەیە. بۆ نموونە ئەو جوانییەی لە تۆدا بینیوومەتەوە، لە هیچکام لە کوڕە خوێندکارەکانی هاوڕێمدا پەیدام نەکردووە. ڕەشتاڵەکەم! دەزانیت هاوڕێ لوسکەڵەکانم ئێرەییت پێ  دەبەن؟

سیلەی کۆڵانەکە قووتت دەدات. بە دەم لێخوڕینی ئۆتۆمبیلەکەوە دەست دەکەیت بە گیرفانتا. دەتەوێت لەبەردەم ماڵی دالیا نامەکە، بکەیتەوە و بیخوێنیتەوە، بەڵام دەحەپەسێیت. دەستت لە گیرفانتا وشک دەبێت. لافیتەیەكی ڕەش بە دیواری ماڵی دالیاوە هەڵواسراوە. چەند پیاوێک بە ماتی، وەستاون و قسە دەکەن. دەستێکت بە سوکانەکەوەیە و دەستەکەی تریشت لە گیرفانتایە. هەموو گیانت دەلەرزێت. لە بەردەم ماڵی دالیادا ڕایدەگریت. ناتەوێت نوسینی سەر لافیتەکە ببینیت؛ ئاخر ناوی دالیای تێدایە. هەر لەناو تاکسییەکەوە، سەلام لە پیاوەکان دەکەیت و لایەکی سەرت دەردێنیت. یەکێک لە پیاوەکان، لێت نزیک دەبێتەوە. دراوسێی ماڵی دالیایە و دیارە ئەویش دەتناسێتەوە، تۆ شۆفێری تاکسییەکەیت کە هاتوچۆت بە دالیا دەکرد. بە دەنگێکی لەرزۆکەوە.

–  ئەو هەواڵە ڕاستە؟

– بەڵێ، دالیا و دایکی خنکاون و ئەم نیوەڕۆیە کاک ئەکرەم لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەستەنبوڵەوە تەلەفۆنی بۆ براکانی کردووە.

دڵت پڕ دەبێت و دەتەوێت جڵەوی خۆت بکەیت.

–  ئەمە کەی ڕوویدا؟

–  دوێشەو لە دەریای ئیجە بەلەمەکەیان نوقم بووە.

هەر کە دوور دەکەویتەوە، پڕ بە گەروت هاوار دەکەیت و دەست بە گریان دەکەیت. ئەو ڕۆژەی دالیا باسی سەفەرەکەی لات کرد و دەیویست دڵنیات بکاتەوە، کە هەموو خەمێکی ڕاکێشانی تۆ دەبێت؛ تۆش زەردەخەنەیەکی تاڵت بۆ کرد. لەبەر ئەوە نا، کە متمانەت پێی نەبوو. نا، تۆ پێت وابوو ئەو لەوە ئازاتر و ڕاشکاوترە، کە ئەگەر تۆی نەوێت، بیشارێتەوە و بە کۆدەوە قسە بکات. تۆ دڵت خەبەری دابوو، کە ئەو نابینیتەوە. ئاخر ئاشق، هەمیشە خەمی ئیشقەکەیەتی، ڕەنگە مەعشوق، بیانوویەکی عاشق بێت، بۆ ڕەنگکردنی جوانییەك لەسەر پانتاییە خۆڵەمێشییەکەی ژیان. ئای دالیا گیان! دەبێت لەو شەوە تاریکەدا و لە ناو دەریادا، چەندت هاوارکردبێت و تەنانەت خوداش گوێی لە هاوارەکەت نەبووبێت. دالیا! ئاخر ماسی و قرشەکان، چۆن دڵیان هات ددان لە گۆشتی تۆ گیربکەن، چۆن؟ دالیا! دەڵێن خودا یونس پێغەمبەری لە قوڕگی نەهەنگێکەوە دەرهێنا، ئەی چی دەبێت ئەگەر جارێکی تر ئەم موعجیزەیە بۆ من دووبارە بکاتەوە و لەنێو قووڵایی دەریاوە، بتهینێتە دەرێ و تۆيش، هەموو گومان و واتە واتەکان بڕەوێنیتەوە!

ئۆتۆمبیلەکە دەئاژۆیت و خۆيشت نازانیت بەرەو کوێ. ئەو کۆڵانە بەجێدەێڵيت و دەچیتە سەر شەقامە گشتییەکە. ‏نامەکەی نەبەزی هاوڕێت لە گیرفانت دەردەهێنیت و بە پەلە سەیری ڕۆژی ناردنەکەی دەکەیت. دوو هەفتە بەر لە ئێستایە. دەتەوێت چاوێکی بەپەلەی پیا بخشێنیت و فرمێسکەکانت ناهێڵن نامەکە بخوێنیتەوە. چاوەکانت دەسڕیت. چاوێکت لە سەر شەقامەکەیە و چاوێکیشت لە سەر نامەکە:

“حەمید گیان سڵاوێکی گەرم!

بە دوای نامەکەتا، هەوڵێکی زۆرمدا تا سۆراغێکی دالیات بۆ بکەم. هەموو ئەو قاچاخچی و پەنابەرە کوردانەی لێرەن، پرسیارم لێ کردوون. بەڵام کەسیان نایناسن. لەم ڕۆژانەدا، بە سودفە لە ئاکسەرای، لەوبەری شەقامەکەوە بەدییم کرد. هەتیو بە خوشکم بێت زۆر جوان بووە.”

سەر هەڵدەبڕیت و بەدەم لێخوڕینەوە سەیرێکی شەقامەکە دەکەیت. باران و فرمێسک، جامی سەیارەکە و چاوەکانتیان لێڵ کردووە.

“خێرا شوێنی کەوتم تا بزانم لە کوێ دەژین. گەییشتە فەرعێك و منیش بە شوێنییەوە بووم؛ کە چوومە فەرعەکەوە تەماشام کرد، مەفرەزەیەکی پۆلیسی لێیە. بۆیە لە ترسا پاشەوپاش گەڕامەوە.”

بە پەلە لێ دەخووڕیت. نەفەرێك دەیەوێت بپەڕێتەوە. خەریکە دەیشلێت و تۆ، بە خێرایی پێچ دەکەیتەوە. ئۆتۆمبیلەکە لە دەستت وەردەگرێت و کۆنترۆڵت نامێنێت. یەك زرمە و خۆت دەکێشیت بە دارتێلی ناوەڕاستی شەقامەکەدا. ناوچەوانت، بەر جامی ئۆتۆمبیلەکە دەکەوێت. سنگت دەکەوێت بەسەر سوکانەکەدا و دەستەکانت شل دەبن و بەر دەبنەوە  لای ئەژنۆکانت. دەتەوێت ڕاستبیتەوە، بەڵام خۆت بۆ ڕاناگیرێت‏. هەوڵێکی زۆر دەدەیت، تا دەستەکانت بەرز دەکەیتەوە و دەيخەیتە سەر داشبووڵی ئۆتۆمبیلەکە، وردەشووشەکانی سەر داشبووڵەکە لە قەراغی دەستت هەڵدەچەقن، بەڵام زۆر هەست بەئازار ناکەیت. دەتەوێت نامەکە تەواو بکەیت. باران لە جامی شکاوی ئۆتۆمبیلەکەوە، پشتی سەرت تەڕ دەکات؛ لینجییەك، لە ناوچەوانتەوە دەڕژێتە سەر دەستت و لەگەڵ بارانەکەدا نامەکەی دەستت دەخوسێننەوە. هەناسەت قورس دەبێت. دەنگەدەنگێك، بە کزيی دێتە گوێت و هێز وەبەر خۆت دەنێیت و دەتەوێت چاوەکانت بکەیتەوە … چەند تارماییەک بە دەوری ئۆتۆمبیلەکەوە دەبینیت.

– ئادەی فریای کەون، دەری بهێنن.

– تکایە بە هێواش …

دەنگە دەنگەکە، کز دەبێت، تارماییەکان کاڵ دەبنەوە، ڕووخساری دایکت و دالیا دێنە بەرچاوت. ڕووخسارەکان کاڵتر دەبنەوە … کاڵتر … دەنگە دەنگەکە کزتر … کاڵتر … کزتر …

 

بەرلین

٣٠ نۆڤەمبەری ٢٠١٧

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.