پرتەقاڵی غەمگینترین ڕەنگە


Loading

پرتەقاڵی غەمگینترین ڕەنگە
یان
فراشات الصحراء

كیاكسار ئەحمەد

چەند سەعاتێك دوای كەوتن و ڕووخانی ڕژێمی بەعسی فاشیست، یەكێك لە سەركردەكانی شۆڕش، من و كاك (سەباحی كۆمەڵە)ی ناردە هەستیارترین و ترسناكترین كەلێنە تاریكەكانی ڕژێم. 
ئەو كەسە كە زیاتر لە ڕۆحانییەك دەچوو تا سیاسی، پلانەكەی لە نامەیەكدا دایە دەستم و بەدەم كوژاندنەوەی جگەرەكەیەوە، بە دەنگە گڕە تایبەتییەكەی گووتی: (لەم نامەیەدا هەموو شتێك ڕوونكراوەتەوە، كاك سەباح لە بەغداد چاوەڕێتە و بێفایلەكان دەگەڕێنەوە.) منش هەر لەویادا ماڵئاویم لێكرد و هاتمە دەرەوە و چەند جارێك نامەی پلانەكەم خوێندەوە، هەموو شتێكی بەوردی داڕشتبوو. دواتر ئێوارەكەی گەیشتمە چەمچەماڵ و دەمەو سەحەریش لە ناو (ئۆزمۆبیلێكی نیللی حەرەس وەطەنی) گەیشتمە گەڕەكی (زەییونە) لە بەغداد. لە ئۆزمۆبیلەكە دابەزیم و وەك ڕێككەوتبووین لەسەری، سەد دۆلاری ئەمریكیم لەسەر داشبوڵەكە دانا و ئۆتۆمۆبیلەكەش بە فەڕتەناشەوە چەڕەدوكەڵێكی كرد و وەك تەیارە فڕی!

ڕۆیشتمە ناو كۆڵانێك و ‘وەك لە پلانەكەدا هاتبوو’ بێ لەدەرگادان خۆمكرد بەو ماڵەی دەرگای حەوشەكەی خەتخەتی ڕەش و سپی و دارخورمای بەردەرگاكەیان دوو برالەی لەگەڵ بوو. كە چوومە ژوورەوە، كاك سەباح دیاربوو نەخەوتبوو، خێرا باوەشمان بە یەكدا كرد و چەندین یادگاری لەنێوانماندا سەوز بوونەوە و دڵ و دەرونمان ئارام بووەوە. هەر لەویادا بە دوو كوڕی عەرەبی درێژ و باریكەلەی ناساندم، بە ناوەكانی (جەواد و هەیسەم دلێمی)، جەواد كە سمێڵێكی زلی فشی پێوە بوو، لە پشتەقنیدا چواردەخۆرێكی تازە و سێ یەدەك فیشەكی لە زەرفێكی بۆردا دامێ و دواتر من و كاك سەباح-یان بە تەنیا بەجێهێشت. ویستم بڵێم سەباح ئەمانە جێی سیقەن؟ بەڵام ئەو خێرا ئەوەی لە چاومدا خوێندەوە و گووتی: هیچ خەمت نەبێت، ئەمانە سەر بە دەزگاری خۆمانن. ئەی من چەند ساڵە لێرە ئیشم چییە! ئینجا بەردەوام بوو: ئەمانە خۆمان لە ئەمنی عامە دامانناون و شوێنی فایلەكان تەنیا ئەمان دەیزانن!

هەیسەم دلێمی بە دوو كوپ قاوەی عەرەبییەوە هاتە ژوورەوه‌، بە عەرەبییەكی دلێمی پێیگووتین كە دەبێت هەتا سەعاتێكی تر بڕۆین بۆ ڕۆژئاوای بەغداد. چونكە لەوێوە پلانێكی تر دەستپێدەكات، ئینجا دەچینە ئەمنی عامە، بۆ دەستگرتن بە سەر فایلەكاندا. ”ئەوەی بە چ فیلمێك گەیشتینە ئەمنی عامە و چۆن فایلەكانمان دەستكەوت و چۆن ئەمریكیەكان جەوادیان بە فیشەك هەڵدڕی و ئێمەش چۆن بۆیدەرچوین و دواتر زانیمان هەیسەم دلێمی چۆن و بە چەند ئێمەی فرۆشتبوو، چیرۆكێكە لە كاتێكیتردا بۆت دەگێڕمەوە.”
بەڵام فایلەكانمان وەك خۆی گەیاندەوە كوردستان. دوای چەند ڕۆژێك كاك سەباح بە خۆی و یەكێك لە فایلەكانەوە هات بۆ ماڵەوە بۆلام. فایلەكە تایبەت بوو بە كەیسی ئەنفالەكان و لە ناویدا گەڕان بۆ ناوی بەرپرسێكی بەعسی بە ناوی (ملازم عوبێد وەحشی) ناوێك. كە یەكێك بووە لە بەرپرسی ئەنفالەكان لە گەرمیان، لە ساڵی (١٩٨٨ز). كاك سەباح لە هەموو ژیانیدا دەیویست چ بە زیندوویی بێت، چ بە مردوویی، ئەم كەسەی دەستبكەوێت. بەڵام لە فایلەكەدا كوژرانی ملازم عوبێدی تێدا دووپاتكرابووەوە و تەنها بە كورتی ئەوە ڕوونكراوەتەوە كە ملازم موحسین لە ساڵی نۆسەدونەودوپێنچدا وەحشی كوشتووە و بەرەو فەڵەستین هەڵهاتووە. هەروەها بە ئیمزای سەدام حوسەین، كەیسەكە غەلق كراوە.

كاك سەباح چەند جارێك فاییلەكەی ئەم دیووئه‌ودیو كرد و بە جووڵەی دەستەكانیدا هەستم بەو خەمە قووڵە دەكرد كە لەناو ئەو پەڕانەدا بۆی دەگەڕێت. ئەو دەیویست بە دەستی خۆی تۆڵە لە ملازم عوبێد بكاتەوە. ئێستاش دیاربوو كە خەیاڵی گەڕابووەوە بۆ پێش ڕاپەڕین و ناو ڕووداوەكانی. لەو كاتەدا بیرم لە خۆڕاگری و ورەبەرزی ئەو دەكردەوە كە بەڕاستی سەلماندی كە كوڕێكی قارەمانە و توانی خەمی قووڵی لە دەستتدانی نەشمیل و ئاسۆی برای، بكاتە هێزێكی پۆڵاین، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فاشیزمی بەعس. كاك سەباح دوای مردنی ئاسۆ، پەیوەندی كرد بە تیپی چالاكی گەرمیان و لە تۆڵەی ئاسۆدا ترسی خستبووە دڵی بەعسەوە. هەر چالاكییەكی بكردایە لەدوای خۆی ئەو شوێنەی بە گرافیكی پەپوولە دەنەخشاد. ئەمەش بەعسی دەهریتر دەكرد. ئازایەتی ئەو لە بەغدادیش دەنگی دابووەوە. هەر بۆیە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١یش نەهاتەوە بۆ كوردستان و هەر لە بەغداد مایەوە، بۆ تۆڵەكردنەوەی ئاسۆ برای.

كاتێك ناوی ملازم عوبێد وەحشی دەهێنن، یەكسەر ڕووداوەكەی نەورۆزی نۆسەدوهەشتاوشەش-م بیرئەكەوێتەوە: نەورۆزی (١٩٨٦ز)، یادگارییەكە هەرگیز بیرناچێتەوه‌. ئاسۆ ئەڵمانی و نەشمیلی دكتۆر غازی زەنگەنە دەزگیراندار بوون. ئاسۆ ئەڵمانی برای كاك سەباحی كۆمەڵە بوو. لەبەر چاوە شینەكانی و مووەكاڵەكانی، لە زانكۆ پێیان دەوت ئاسۆ ئەڵمانی، چونكە هەر لە ئەڵمانی دەچوو. ئێمەش و كاك سەباحیش مامەڵەی زۆر تەیبەتمان لەگەڵ ئاسۆ دەكرد، چونكە كوڕێكی دڵناسك و بە هەست بوو. هەمیشە لەگەڵ خۆشماندابوو. ئێمەش كۆمەڵێك هاوڕێی خۆشەوست بووین. ئەو سەردەمە لەپاڵ خوێندنەوەی كتێبە قاچاخەكانی شۆرشگێڕیدا، ژیانێكی جوان و پڕ چێژیشمان هەبوو. ئێمە جیلێكی خوێنەر و عاشق بووین. لەهەركوێیەك بووینایە جەوێكی تایبەتمان دروستدەكرد. هەر ئەمەش وایكردبوو لە زانكۆی بەغداد كۆمەڵێك هاوڕێی باش لە شارە جیاوازەكانی هەرێم كۆببینەوە و ببینە هاوڕێ. تا ئەو كاتەی ڕووداوێك لێكی دوورخستینەوە. ڕووداوەكەی فولكەی كاوەی ئاسنگەر، لە تویمەلیك: ”نەورۆزی (ساڵی ١٩٨٦ز) بڕیارماندا بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی و چەژنەكە لە شەقامی تویمەلیك بكەین. بەڵام ئێوارەی ئەو ڕۆژە، هەر كە گەیشتینە فولكەی كاوەی ئاسنگەر، ملازم موحسین و ئەم ملازم عوبێد وەحشییە، لە فیاتێكی مۆدێل تازەدا لەبەردەمماندا وەستان و هەندێك لە برادەران لەترسان خۆیان گێل كرد و لێمان جیابوونەوە و تەنها من و كاك سەباح و نەشمیل و ئاسۆ ماینەوە. ملازم عوبێد وەحشی هاتەبەردەم ئاسۆ و پێیوت: (ها گەواد، بۆ گۆرەوی سپیت لەپێدایە!) وابزانم قسەكەی تەواو نەكرد و كاك سەباح بە یەك كەللە دەمی پڕكرد لە خوێن! لەو كاتەدا نەشمیل جانتاكەی بە دەموچاوی ملازم موحسیندادا و منیش پەلاماری دەمانچەكەی ملازم موحسینم-دا و فەرتەنەیەكمان نایەوە هەر مەپرسە! دواتر بەرەو ئیسكان ڕامكرد و لە كۆڵانە تەنگ و پێچاوپێچەكانیدا خۆم ونكرد. ڕاستە ئێمە جەژنەكەمان لێ تێكچوو. بەڵام شكۆ و غروری ملازم موحسین و وەحشی هاوڕێیمان شكاند. ئیتر ئێمە چووینە شاخ و ئەوانیش دوای ئەوەی بە هوها ڕاونران، ئیتر بۆ هەمیشە نەچوونەوە بە تویمەلیكدا.

ئاسۆ ئەڵمانی و نەشمیلی دكتۆر غازی زەنگەنە، دوو كەپڵی نازداری ناو زانكۆی بەغداد بوون و بە ئاشكرا و بێ هیچ ترس و شەرمێك وەك دوو عاشق پیاسەیان دەكرد. ئێمە دەمانزانی كە ئاسۆ ئەڵمانی چەند ئەو كچەی خۆشدەوێت و هەرگیز بێ ئەو ناژی. دوای تەواوكردنی زانكۆ، نەشمیل دەچێتە گەرمیان وەك پزیشكی یاریدەدەر، لە نۆرینگەیەك دەوام دەكات. هەفتەیەك پێش ئەوەی بێتەوە بۆ سلێمانی، كە قەرار بوو لە سلێمانی زەماوەند بكەن، بەڵام لەناكاو لەگەڵ خەڵكی گوندێكی دەروبەری گەرمیان ڕاپێچی ناو تراكتۆرێكی دەكەن و دەیبەن لە سەحرایەكدا گوللەبارانیان دەكەن و دواتر بە شۆفڵ دەیانكەنە ژێر گڵەوە. ئەوەی لە باره‌یەوە دەیزانین و لە دەمی یەكێك لە تاقانەكانی ئەنفاله‌وه‌ بیستمان، ئەوە بوو كە ئەو كاتەی گوللەبارانكراون، دكتۆرە نەشمیل بووە بە پەپوولە و بەسەر سەحراكەدا فڕیوە و چەند مەترێكیش بەرزبووەتەوە و دواتر دوور دوور فڕیوە و دیارنەماوە. ئێمە باوەڕمان بەم ئەفسانەیه‌ نەكرد و كابرامان بە شێتزانی، بەهۆی كاریگەری ڕووداوەكانەوە. هەتا فایلەكەم خوێندەوە، كە بە خەتێكی پواو و تۆزاوی لە سەری نوسرابوو (فراشات الصحراء) ئەوەی جێی تێڕامانە، ئەوەیە لای مخابەراتی عێراقیش بە هەمان چیرۆك باسكراوە و هەمان قسەی شاهیدە ڕزگاربووەكەی ئەنفاله‌.

ئاسۆ تەنیا بۆ براكەی و خانەوادەكەی خۆشەوست و مردنەكەی جێی ئەسەف نەبوو، بەڵكو ئێمەی هەموو تاساند و ژیانی پڕ خەم كردین. چونكە لەگەڵ بیستنی جینۆسایدەكەدا و هەواڵی دیارنەمانی نەشمیل، ئاسۆ بە جۆرێك داڕووخا و كاریگەری دەروونی و جەستەیی پێوە دیاربوو، زۆر لە هاوڕێیانی نەیاندەناسییەوە. وازی لە زانكۆ هێنا و هەفتەیەك وەك مردوو لە ماڵەوە لێكەوت. من چووم سەردانیم كرد و لە نزیكەوە دەستە ساردەكانیم گوشی. هێندە لاواز بووبوو، بە عەردەوە نوسابوو. هەر دەینوزاند سەرم لێ نزیك كردەوە، بۆ ئەوەی بزانم چی دەڵێت، بەحاڵ وەك ئەوەی قورگی دڕابێت ئاوازێكی بە لوت دەكرد: (سەفەر مەكە دڵم دەڵێت ناتبینمەوە، فێرە گریانێكی سەخت بووم، دەستمپێكرد، ژیرنابمەوە.)

دایكی لەتاو گریان هەردوو چاوی كوێر بووبوون، بە دڵێكی زامدارەوە دەیگووت: (هەمیشە ئەم دوو دێڕە دەڵێتەوە، ژیانی كوڕەكەم تەواو. خۆم دەزانم، دڵم خەبەریداوە.) سەباحی برای هەر خۆی دەخواردەوە، ڕقێك لە بەینی خرێكانیدا دەبریسكایەوە، مشتی خڕ دەكرد و بە دارودیواریدا دەكێشا. ماوەیەك دواتر، ئێوارەیەك سەباح هات بە دوامدا و گووتی: ”حاڵی ئاسۆ باش نییە، وەرە بۆلای نەكا ئیتر نەیبینیتەوە.” هەر لەویادا بۆ یەكەمجار لە كاك سەباح تووڕە بووم! سەرزەنشتم كرد، بەوەی چۆن ئاوا بە ئاسانی باسی مردنی براكەی دەكات! بەڵام ئەو هیچ وەڵامێكی نەدامەوە و پێشمكەوت بۆ هەوارەبەرزە، بۆ ماڵی خۆیان.

كە چوومە ژوورەوه‌، چیمدی، ئاسۆ لەناو جێگەكەیدا وەك مردوو پاڵكەوتبوو. دەمارەكانی ڕوومەتی ڕەق بووبوون و چاوی دەرپەڕیبوون. كاك سەباح گووتی ئەوە كاوە هاتووە بۆ لات، كاوەی كۆلێژی ئاداب. بەڵام هیچ وەڵامێكی نەبوو. سەری هەڵبڕی بەرەو گۆیژە و بە ئاماژە داوایكرد هەڵیبسێنین. چوومە ژێر باڵی. ئەو كوڕە قۆزە بووبوو بە پەپوولەیەكی باڵشكاو! خۆرێكی پرتەقاڵی شاخی گۆیژەی غەمگین كردبوو. بۆ یەكەمجار زانیم، پرتەقاڵی، غەمگینترین ڕەنگە. ئاسۆ داوایكرد لە بەردەم پەنجەرەكەدا بەجێیبهێڵین. بەحاڵ هەناسەی دەدا. دەستیبرد و بە هەڵمی دەمی پەپوولەیكی لە سەر پەنچەرەكە نەخشاند. هەموو شتێك لە بێدەنگیدا بوو، كاتێك ئاسۆ ئەڵمانی ئەڵقەی دەزیگیرانداریەكەی دەرهێنا و بۆ دواجار ماچیكرد. لەگەڵ بانگی ئەو ئێوارە غەمگینەدا، ئاسۆ بۆ هەمیشە چاوەكانی لێكناو بێدەنگ بوو.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین