ئه‌لیف شه‌فیق - ئایا سۆفیا

سڕینەوەی مێژوو، بۆچی ده‌بێت هایا سۆفیای تورکیا وەکو مۆزەخانە بمێنێتەوە؟


Loading

سڕینەوەی مێژوو بۆچی ده‌بێت هایا سۆفیای تورکیا وەکو مۆزەخانە بمێنێتەوە؟

بڕیارەکەی سەرۆک ئەردۆگان بۆ گۆڕینی باڵەخانەکە بۆ مزگەوت هەنگاوێکی دیکەیە لە دژی فرەئایینی

ئەلیف شەفەق

لە ئینگلیزییەوە*: ڤییەننا سەلام

ئەستانبوڵ شارێکە بە مێژوویەکی دەوڵەمەند، فرەچەشن و سەرنجڕاکێش بەڵام بە یادەوەرییەکی لاوازەوە. دەتوانیت بە کاتژمێر بە شەقامەکانیدا پیاسە بکەیت بێ ئەوەی بەر تابلۆیەک یاخود پەیکەرێک بکەویت لە بارەی پاشخانە شارستانییەکەیەوە. دەکرێت بە لای گۆڕستانی عوسمانیدا تێبپەڕێیت بێ ئەوەی هیچ بیرۆکەیەکت هەبێت لە بارەی ئەوەی کێی لێ نێژراوە، گەر نەتوانی نوسراوی سەر کێلی گۆڕەکان بخوێنیتەوە. بە گشتی، لە ئەمڕۆدا تورکیا کۆمەڵگه‌یەکە کە تووشی لەدەستدانی یادەوەریی بەکۆمەڵ هاتووە. تەواویی پەیوەندیی بە ڕابوردووەوە پڕە لە دابڕان، لەبیرکردنی لەبار، بێدەنگی.

ئەنجامەکەشی بۆشاییەکە لە مەعریفە و تێگەیشتنی مێژووییدا، کە پڕە لە  تەفسیری ئایینی-ئیسلامیی یان ناسیۆنالیستانەی توندڕەو بۆ ڕابوردوو. یاخود، زۆر جار، یەکگرتنێکی ترسناکی هەردووکیان. لە کاتێکدا ئەوە ڕاستە کە هەموو نەتەوە، وڵاتێک،  ڤێرژنی فەرمیی خۆیان هەیە بۆ ڕابوردوو، کە لە چاوی براوەکانەوە نوسراون، جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئەوەی کە چۆن وڵاتێکی دیموکراسی و یەکێکی نادیموکراسی مێژووی خۆی تۆمار دەکات.

 

لە دیموکراسیەکی کارکردوودا دەتوانیت لە بری تەنها یەک گێڕانەوە، فرەیی لە چیرۆکەکاندا (مێژوو و چیرۆکەکانی) دا ببینیت. دەتوانیت بچیتە کتێبفرۆشییەکەوە و ئەو کتێبانە بکڕیت کە دەنگ بە بێدەنگیەکان دەبەخشن، تیشک دەخەنە سەر ئەو شتانەی کە گێڕەرەوەی زاڵ دەیەوێت بیرت بچنەوە. نوسەری ئەو کتێبانە، یاخود ڕۆژنامەنوسی پشت ئەو وتارانە دەستگیر یاخود دادگایی ناکرێن.

 

لە وڵاتەکەی مندا، لە تورکیا، گێڕەرەوەی زاڵی مێژوو زۆر بەرز دەقیژێنێت بە جۆرێک کە هەموو شتێکی دیکەی بێدەنگ کردووە. بەو جۆرەی مێژوو لە خوێندنگه‌کاندا دەگوترێتەوە و لە کولتوری باودا پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت بە شێوەیەکی سیستیماتیک کەمینەکان، فرەییەکان و ڕاستییەکان دەسڕیتەوە؛ ژیانی ژنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانییدا چۆن بوو؟ یاخود ژیانی کۆیلەکان؟ یاخود ئەرمەنییەکان، جووەکان، یۆنانییەکان، عەلەوییەکان، ڕۆمانییەکان، کوردەکان، سۆفییە زەندیقییەکان؟ هەر کەسێک کە خراوەتە پەراوێزەوە، چیرۆکەکانیان چۆن بوون؟

 

پێویستە بەم پێشینەیەوە بیر لە بڕیارەکەی ئەم دواییەی حکومەتی تورکیا بکەینەوە بە گۆڕینی هایا سۆفیا بۆ مزگەوت.

 

وەک شاکارێکی تەلارسازیی، کولتوریی و هونەریی، هایا سۆفیا لە زۆر ڕووەوە بێهاوتایە. هەروەها بەهای سیمبولیی گەورەی هەیە. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی بێزەنتییدا وەک کاتیدراڵێکی ئۆرسۆدۆکسی مەسیحی دروستکراوە، بە خێراییەکی بەرچاو لە ساڵی ٥٣٧ و لە کەمتر لە شەش ساڵدا تەواوکرا. ئەوە ئارەزووی (ئیمپڕاتۆر جەستینین) بوو کە مەزنیی خۆی بۆ جیهان بسەلمێنێت، بە جۆرێک کە دەگوترێت لە کاتی چوونە ژورەوەیدا بۆ بینا تەواوکراوەکە بە سەرسامییەوە گوتویەتی: “ئای سڵێمان، پێشم دایتەوە!”

 

بۆ ماوەی نزیکەی ٩٠٠ نۆسه‌د ساڵ وەکو کەنیسەیەکی ئۆرسۆدۆکسی مایەوە(تەنها بۆ ماوەیەکی کەم نەبێت کە خاچپەرستان گۆڕییان بە کەنیسەیەکی کاسۆلیکی) تا ئەو کاتەی تورکە عوسمانییەکان لە ساڵی ١٤٥٣دا دەستیان بەسەر ئیستانبوڵدا گرت. دوای گرتنی شارەکە، سوڵتان فاتیح کردی بە مزگەوت و بۆ ماوەی ٤٨٠ چوارسه‌د و هه‌شتا ساڵ بەو جۆرە مایەوە. ئەم جۆرە گۆڕینە زۆرەملێیانە تەنها لە ئەستەنبوڵ ڕووویان نەدا. هەر لە ئیسپانیاوە تا یۆنان، چەندین مزگەوت گۆڕدران بۆ کەنیسە، مەزکیتای گەورەی قورتەبەش نموونەیەکی دیارە بۆ ئەوە. ئەوەی کە لەبارەی هایا سۆفیاوە نائاسایی بوو ئەوە بوو کە لە ساڵی ١٩٣٤ لە ژێر دەستەڵاتی ئەتاتورک و بوونی تورکیا بە وڵاتێکی نەتەوەیی مۆدێرندا، باڵەخانە مێژووییەکە کرا بە مۆزەخانە، شوێنێکی عەلمانی. ئەمە ئەو میراتەیە کە لە ئێستادا ئەردۆگان دەیەوێت هەڵی بگێڕێتەوە.

 

 

ناوەوەی هایا سۆفیا، کە پڕە لە کاری هونەریی نایاب، هەروەکو تەلارسازییەکەی دڵگیرە. بەیزەنتینیەکان کە خۆیان بە میراتگری سرووشتیی ڕۆمی کۆن دەزانی، شوێنەکەیان بە جوانکاریی بەنرخ ڕازاندۆتەوە کە جەخت لە بانگەشەکەیان دەکاتەوە. ئەوەی کە هەمیشە سەرسامیی کردووم ئەوەی ئیمپراتۆر زووییە، بە چاوە گەورەکانی، لووتە سەرنجڕاکێشەکەی و زیرەکییە بڕندەکەیەوە؛ فەرمانڕەوایەکی مێینە کە سێ مێردی هەبوو (کە وای پێویست دەکرد هەموو جارێک خشتەکانی ڕووخساریان بگۆڕدرێن تا ڕێکبکەوێت). دانەیەکی تریان ئەوەی مریەمی پاکیزەیە کە عیسای ساوای بە باوەشەوەیە. هەر بەم وردەکاریانەی جوانکارییەکانی بێزەنتینەوە، دواتر کاری جوانی خۆشنووسی ئیسلامیی بۆ زیاد کرا. لە سەروو ستوونە گەورەکانەوە، ئایەتێک لە قورئان هەیە: “خودا ڕووناکی ئاسمان و زەوییە.” هەموو ئەمانە  لە هەمان شوێندان.

 

ئەمە ئەو جیاوازییە دیارەیە کە هایا سۆفیا جیا دەکاتەوە. ئەوە نییە کە ڕۆژانێک کڵێسە بووە، یاخود مزگەوت بووە بەڵکو ئەو ڕاستیەیە  کە لەمیانەی ڕێرەوی مێژووی خۆیدا چەندین کولتور، باوەڕ و عەلمانییەت، میراتی جیهانگەرایی و مێژووی ناوچەیی پێکەوە کۆکردۆتەوە؛ ئاین، سیاسەت، کولتور وهونەری پێکەوە چنییوە. ئەمە ئەو مێژووە ئاڵۆزەیە کە لە ١٠ی تەمموز و لە ڕۆژی هەینییدا خرایە لاوە، کاتێک سەرۆک ئەردۆگان بڕیاری دا کە بیناکە بۆ نوێژکەرانی موسوڵمان بکاتەوە ئەمەش لە پاش ئەوەی دادگا شوێنەکەی وەک مۆزەخانەیەک هەڵوەشاندەوە. ئەو بینایەی کە مێژووەکەی ١٥٠٠ هه‌زار و پێنج سه‌د  ساڵە کە یەکێکە لە شوێنەوارەکانی میراتی جیهانیی یونسکۆ، لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە سەرپەرشتیی دەکرا، بەڵام ئێستا گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئایینی.

 

بە پێی ڕاپرسییەکی ئاژانسی میترۆپۆڵ، زۆرینەی ڕای گشتی تورکیا باوەڕی وایە کە لە پشت بڕیارەکەوە دەستکەوتی سیاسیی هەیە ئەوەش لە ڕێی دروستکردنی دیبەت لە بارەی بابەتەکەوە . ئابووری تورکیا کە بۆ ماوەیەکی زۆرە لە پاشەکشەدایە، بە زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و قەیرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا باری قورستتر بوو و بەم هەنگاوەی ئەم دواییەی سەرۆک ئۆردۆگان وا دەردەکەوێت کە بۆ بنکە جەماوەرییەکە ترادیشناڵەکەی سەرنجڕاکێش بێت. لە وتارێکی جەماوەرییدا لەبارەی ڕاگەیاندنەکەوە گووتی:” مافی گەلی تورک لە هایا سۆفیادا لە هی ئەوانە کەمتر نییە کە ١٥٠٠ هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵ بەر لە ئێستا دروستیانکرد؛ بەڵکو زیاتریشە.” کە دواتر چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتیی وەک “داگیرکردنی دووەم” ئاماژەیان بە بڕیارەکە دەدا.  تەنانەت هەندێک سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن بە گووتنی ئەوەی، کە دەیانەوێت بەشداری لە یەکەم نوێژدا بکەن، هاتنە نێو کۆڕەکەوە.

 

هایا سۆفیا له‌ مانگی ته‌موزی ٢٠٢٠ به‌ بڕیارێكی سیاسی ته‌یب ئۆردوگان له‌ مۆزه‌خانه‌وه‌ كرایه‌وه‌ به‌ مزگه‌وت

لە کاتێکدا کە کەمینەکانی تورکیا؛ عه‌لمانیەکان، لیبڕاڵەکان و پێشکەوتنخوازەکان، بە دڵگرانیەوە تەماشای ئەمەیان دەکرد. ئەندام پەرلەمانی ئەرمەنی-تورکی  (گارۆ پایلان) لە ئینستگرام نووسی: ئەمە “ڕۆژێکی غەمگینە بۆ مەسیحییەکان و هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە تورکیای فرەخواز هەیە”. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی  NBC گووتی ئەردۆگان ” ناتوانێت نان بە خەڵکەکە بدات و ڕادیکاڵیزمی زیاتر دەدات بە زۆرینەی موسوڵمان” .تەنانەت لە پێش ڕاگەیاندنی بڕیارەکە، فایەق ئۆزتورک، گووتەبێژی گەورەترین حیزبی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانەی بە ئاشکرا ڕەخنە لە پێشنیارەکە دەگرن خۆیان دووچاری ئەوە دەکەن کە وەک ناپاکیکەر لە گەلەکەیان دابنرێن.

 

بەڵام هیچ یەکێک لەمانە ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە هایا سۆفیا لە هەموو حکومەتێک کۆنترە، ئەم گەوهەرە تەلارسازیی، هونەری و مێژووییە هی تەنها هۆزێک یاخود پارتێکی سیاسی نییە بە چەپ و ڕاستەوە. هایا سۆفیا هی هەریەک لە موسوڵمان و مەسیحییەکانە. لەوەش زیاتر، هی هەموو مرۆڤایەتییە. ئەم نەوەیەی ئێستای تورک خاوەنی نییە، ئێمە تەنها دەتوانین پارێزگاریکەرێکی کاتیی بین لێی بۆ داهاتوو. ئەم باڵەخانە بێهاوتایە، بە هەموو چیرۆکەکانییەوە، دەبوو وەک مۆزەخانەیەک، شوێنێکی مەدەنی بمێنێتەوە کە دەرگاکانی بۆ هەموان کراوە بن، کەسانی هەموو ڕێبازەکان و ئەوانەش کە هیچ ڕێبازێکیان نییە-چونکە گومەزەکەی هێندە گەورەیە کە بتوانێت هەموو مرۆڤایەتیی بگرێتە باوەش.

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌