بەکۆیلەکردنی ژنان ؛ tanoux-1887 namouna-

سەرەتایەک لەبارەی چەمک و مێژووی ڕۆژهەڵاتناسییه‌وه‌


Loading

پێشه‌کی
قسە و گفتۆگۆکردن لەسەر ڕۆژهەڵاتناسی، ڕاوبۆچوونی جیاوازی لەبارەوە هەیە و زۆرینەی توێژەر و نووسەرانی ئەم بوارە، هاوڕانین لەسەر زاراوە و ماناو پێناسی رۆژهەڵاتناسی و مێژووەکەی و ڕۆژهەڵاتناسان. وەک هەندێک نووسەر و رۆناکبیری رۆژهەڵاتی، رۆژهەڵاتناسان، بە پاڵنەر و بزوێنەری داگیرکەران و کۆڵۆنیالەکانی دەزانن و هەتاکو بەشێک بە دۆستی شەیتان و خراپەکار ناوی رۆژهەڵاتناسان دەهێنن. لەهەمان کات کۆمەڵێکی دیکە ڕۆژهەڵاتناسان، وەک فریادڕەس و ڕزگارکەری دۆکیۆمێنتەکان و بەڵگەنامە و دەستنووسە کۆنەکانیان دادەنێن، بەڵام پێویستە هەر لەیەک گۆشەوە سەیر نەکرێن، واتە تەنها بە چاوێکی دوژمنکارانە سەیری رۆژهەڵاتناسان نەکرێت و هەموو کارەکانیان ڕەت نەکرێتەوە، وەک چۆن ناشبێت تەنها بە فریادڕەس و پارێزەر دابنرێن.

ئەوەندەیە، پێویستە بە چاوی زانستی و ئەکادیمی کارەکانیان هەڵسەنگێنرێت. هەندێکیان ئیشی دانسقە و نایابیان کردووەو بەدڵسۆزانە ڕاستییەکانیان گواستوەتەوە، لەهەمان کات هەندێکی تر مەبەست و غایەی خۆیان بەرامبەر گەلانی رۆژهەڵات هەبووە، بۆیە دەبێت جیاوازی لەنێوان رۆژهەڵاتناسان بکرێت، چونکە ئەوەندەی قسە لەسەر رۆژهەڵاتناسی دەکرێت، نەتوانراوە مافی تەواو بە زاراوەکە و چەمک و پێناسه‌که‌ی بدرێت، کە تا ئێستا کێشەکان زۆرتر و زیاتر دەبێت و بەیەکدادانی شارستانییەتەکانی ئەورووپا و ئاسیا، بە تایبەت جیهانی ئیسلام تا بێت زیاتر دەبێت.
پێویستە ئەوەیش بخرێتە ڕوو، گەلی کورد بێبەش نییە لەنیگای رۆژهەڵاتناسان و کوردناسان، بەو پێیەی بۆچوون و نووسراویان دەربارەی کورد خستوەتە ڕوو، بەڵام تائێستا وەک پێویست کاری بۆ نەکراوە، وەک ئەوەی هەندێک لەنووسەران و توێژەران کار و نووسراوی رۆژهەڵاتی ڕەت دەکەنەوە، یاخود لای هەندێکی تر نووسراو و پەرتووکەکانیان وەک سەرچاوەی سەرەکی وەردەگیرێن و لایان قبوڵە، بەڵام لەنێوان ئەم دوو بۆچوونەدا، پێویستە کارەکانیان تەتەڵە و شەنوکەو بکرێن و دواتر بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.
ئەوەی لەم توێژینەوەیه‌دا هەیە، خوێندنەوەیەکی خێرایە بۆ زاراوە و مێژوو، پێناسە، جیوگرافیا و دامەزراوەکانی رۆژهەڵاتناسی، بەڵام ئەم لایەنانە کاری زیاتر و ماوەی زیاتری دەوێت، بۆیە پێویستە وەک کاری یەکەم و سەرەتا ئەمە قبوڵ بکرێت و لەکاری داهاتوودا قسە لەبارەی چین و خوێندنگە رۆژهەڵاتناسییەکانە بکرێت، بۆ ئەم نووسینەیش سود لەچەند گۆڤار و لەپەرتووکێکی کوردی و فارسی و ئینگلیزی بە شێوەی سەرەکی وەرگیراوە و زیاد لەچەند جار وەک سەرچاوە ئاماژەی پێدراوە، دیارە هۆکاری زۆر بەکارهێنانیان بۆ نەبوونی سەرچاوەی زیاتر دەگەڕێتەوە بە تایبەت بە زمانی کوردی. ئەمەیش ئاستەنگی سەرەکیی توێژینەوەکەیە.

 

پیشینەى زاراوەى ڕۆژهەڵاتناسى
زاراوەى ڕۆژهەڵات (شرق)، لە زمانى ئیگلیزیدا ئۆرێنت (Orient)، بەرامبەر دادەنرێت. کە ئەو بەشەى زەویە لەڕووى جوگرافیاوە دەکەوێتە رۆژهەڵاتى ئەوروپا کە لە ووڵاتانی چین و یابان، دەست پێدەکات، لەێشەوە بۆ هندستان، پاکستان، .. و تا دەگاتە ئێران و چەند وڵات و ناوچەیەکى دیکە.

ئەم چەمکە لەبەرامبەردا ئۆرێنتال (Oriental)، بۆ ڕۆژهەڵاتى و ئۆرێنتالیزم (Orientalism)، بۆ ڕۆژهەڵاتناسى (ڕلستشراق)، بەکار دەهێنرێت و ئەو کەسەى ئەم کارە دەکات و شارەزایە لە بوارى ڕۆژهەڵاتدا بەئۆرێنتالیست (Orientalist)، ڕۆژهەڵاتناس ناو دەبرێت. لە بەرامبەر دا ڕۆژئاوا، (غرب)، ئۆکسیدێنت (Occident) ڕۆژئاوا ئۆکسدێنتال (Occidental)، ڕۆژئاوایى و ئۆکسیدێنتیزم (Occidentism) بۆ ڕۆژئاواناسى(الستغراب)، بەکار دەهێنرێت.(1) (1). بنچینەى وشەى ڕۆژهەڵات ئۆرێنت Orient لەئۆرێنز (oriens) ى لاتینییەوە وەرگیراوە، بە ماناى ڕۆژهەڵاتن و ناوچەى بەرزبوونەوەى ڕۆژ دێت و ئەو شوێنەى لەرووى جیوگرافیاوە ڕۆژهەڵاتى ناوچەى ڕۆژئاوایە، یاخود ناوچەى ڕۆژهەڵهاتنى جیهانە. (2).
لە بەرامبەر زاراوەى ڕۆژهەڵات، زاراوەى ڕۆژئاوا، ئۆکسیًدنت، (occident) ى ئینگلیزى وەرگیراوە. بەمەیش ئۆکسیًدنت (Occident)، ئەو ناوچەى زەوییە، ڕۆژ(خۆر)ى لێوە ئاوا دەبێت، هەروەها لە کۆندا خەڵکى کیشوەرى ئاسیا، زاراوەى ڕۆژئاوایان بە ماناى ئاوابوونى خۆرى ژیان و مردن بەکار هێناوە.(3).
بەمەیش رۆژهەڵاتیەکان، مانایەکى تاریک و ڕەشبینیان دابوە پاڵ ڕۆژئاوایییەکان، بەڵام ئەم جۆرە بەکارهێنانە، ڕەنگە بۆ مەبەستى بە کەم تەماشاکردن و کەمکردنەوەى بایەخى ڕۆژئاواییەکان بوبێت، گوایە ڕۆژهەڵات خۆرى لێوە هەڵدێت، سەرەتاى دەستپێکردنى ژیانە و بەشى ڕۆشنکەرەوەى جیهانە، ڕۆژئاوایش خۆرى لێوە ئاوا دەبێت، کەواتە ژیان لەوێ کۆتایى دێت و پڕ دەبێت لە تاریکى. لە بەرامبەر ئەمەدا لە سەرەتاى سەدەکانى ناوەڕاست، مەسیحییەکان کاردانەوەیان هەبوو.
بە کورتییەکەى ئەوەى لە کۆندا بەکاردەهێنرا، ناوچەکانى جیهانى پێوە دەناسرا و دیارى دەکرا، کە زیاتر مەبەستێکى جیوگرافى بوە و وەک جیاکردنەوەى بەشەکانى جیهان لە یەکتر، هەروەک ڕۆژهەڵات (orient ) ناوچەى خۆردەرکەوتن و بەرزبوونەوە و تیشکدانەوەیەتى و ڕۆژئاوا( occident)، ناوچەى دابەزینى خۆر و ئاوابوون و دیارنەمانیەتى.
دواتر ئەم چەمکە لە لایەن ئەوروپیەکانەوە وەک چەمکێکى سیاسى و سەربازیى و ڕەگەزیى بەکار هێنراوە و ئاماژەدان بوە بە زەوى و ناوچەى ئاسیا بۆ باشوورى ئەوروپا، درێژ دەبێتەوە بەرەو ڕێگاى چین و دواتر وڵاتانى دیکەیش بۆ ئەوەى ئەو جۆرە خەڵکە، لە خۆیان جیای بکەنەوە.(4). لە نێو ئەم جۆرە بەکارهێنانەدا هەوڵ دراوە وێنایەکى جوان و خەیاڵى بۆ ڕۆژئاوا دروست بکرێت، ڕۆژهەڵاتیش وێنایەکى مەترسیدار و بەربەریەت، ئەمە بە درێژاییى مێژووى ئەو دوو کیشوەرەى جیهان کارى لە سەر کراوە و تا ئێستیاش بەردەوامە.
پێناسە و تێگەیشتنى ڕۆژهەڵاتناسى.

لە بارەى پێناسە و ناسینەوە و بۆچوونەکانى تایبەت بە ڕۆژهەڵاتناسی، قسە گەلێکى زۆر کراون و بۆچوونى جیاواز هەن، چ لە لایەن ئەوروپى و ڕۆژئاوایییەکانەوە بێت، یاخود لە لایەن ڕۆژهەڵاتییەکان خۆیانەوە، هەروەها لە نێو ڕۆژهەڵاتییەکاندا بۆچوونى جیاواز بۆ زاراوە و تێگەییشتن لە ڕۆژهەڵاتناسی هەیە.
بۆ تێگەییشتنى زیاتر لە ڕۆژهەڵاتناسى، لێرەدا چەند پێناسەیەک و بۆچوونێکى جیاواز دەخرێتەڕوو، ناکرێت هەموو بۆچوون یاخود پێناسەکانى ڕۆژهەڵاتناسى باس بکرێن، بەو پێیەى پێناسە گەلێکى زۆرى بۆ کراوە و ناتوانرێت درێژەى پێبدرێت. (مەکسیم ڕۆدنسۆن)، ڕۆژهەڵاتناسى فەرەنسى لە بارەى ڕۆژهەڵاتناسییەوە دەڵێت: “ڕۆژهەڵاتناسى میتۆدیکى زانستییە بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەى مێژووى شارستانیەتى ڕۆژهەڵاتى ئیسلامى”.(5).

بۆچوونێکى دیکە تاڕادەیەک نزیکە لە پێناسەکەى ڕۆدنسۆنەوە، بۆ رۆژهەڵاتناسى پێى وایە: “ڕۆژهەڵاتناسى لە تێگەییشتنێکى گشتیدا ئەوەیە کەسێکى ئەکادیمى (ئەوروپى) لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەى زمان و فەرهەنگى ڕۆژهەڵات دەکات، زیاتر لە وڵاتانى ئیسلامى و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتى نزیک”.(6).
لەگەڵ ئەوەى زۆرێک لەتوێژەرەو نووسەرانى عەرەب و رۆژهەڵاتى، رۆژهەڵاتناسى بەزانست ناو نابەن. کەچى نووسەرى عەرەب د. مەحمود زەقزوق، ڕۆژهەڵاتناسى وەک زانست دەناسێنێت و دەڵێت: “ڕۆژهەڵاتناسى، بریتییە لەو زانستەى دیراسەی ڕۆژهەڵات دەکات، ڕۆژهەڵاتناسى بە مانا گشتییەکەى بە سەر هەموو زانایەکى خۆرئاواییدا دەچەسپێت، کە سەرقاڵى دیراسەکردنى ڕۆژهەڵات بێت. لە ڕووى زمان و شارستانیەت و ئاداب و ئایینەکانەوە” (7).

هەرچى دکتۆر محەمەد دسوقی_یە دەڵێت : “ئەم زاراوە لە هەموو لقەکانى زانست دەکۆڵێتەوە لە نێو میلەتانى ڕۆژهەڵات وەک، زمان، ئایین، زانست، ئەدەب و نەریت و هونەر، فکر و بیرى ڕۆژئاوایییەکاندا”.(8).سەرەڕاى ئەوەى وەک بۆچوونێکى ئەوروپى ڕۆژهەڵاتناسى دەناسێنێت، بەڵام دسوقى، بە هەڵەیەکى زانستى دەزانێت، زاراوەکە وەک زانست و لە هەموو شتێک وەک زانست بکۆڵێتەوە. (9).
e1 لە بەرامبەر ئەو بۆچوونانەى کە ڕۆژهەڵاتناسى وەک زانست دەناسێنن و ئامانجى دیارى دەکەن، چەند ئاراستەیەکى پێچەوانەى ئەمانە هەن، نەک هەر ڕۆژهەڵاتناسى بە زانست ناو نابەن، بەڵکو وەک ڕێگە خۆشکەر و بەشێک لە پەیامى داگیرکارى و شەرعیەتدان بە ئەوروپییەکان بۆ داگیرکردنى ڕۆژهەڵات دادەنێن.
یەکێک لەو کەسانەى کاردانەوەى بەرامبەر رۆژهەڵاتناسان و رۆژهەڵاتناسى هەیە بیرمەندى فەلەستینى (ئیدوارد سەعید)،ە بە سەرمەشقى ئەو بۆچوونە دادەنرێت، کە بە توندى ڕەخنەى لە کارى ڕۆژهەڵاتناسى گرتوە و پێى وایە ڕۆژهەڵاتناسى ڕێگاو میتیۆدێکى زانستییە لە لایەن ڕۆژئاوایى و ئەوروپییەکانەوە بۆ دەستگرتن بە سەر ڕۆژهەڵات، سەعید دەڵێت: ” بە کورتى ڕۆژهەڵاتناسى ستایل و شێوازێکى ڕۆژئاوایییەکانە بۆ دەست بەسەرداگرتن و بنیاتنانەوە و دەسەڵاتدارێتییە بە سەر ڕۆژهەڵاتدا. (10).
هەروەها سەعید، ڕۆژهەڵاتناسى وەک ستایڵ و شێوازێکى دیکەى بیرکردنەوەى خۆرئاوایییەکان کە لە سەر بنەڕەتێکى زانستى و ئەکادیمى بۆ جیاوازى دروست کردن لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا هاتوەتە کایەوە، هەر وەک بەشێکى زۆر لە نووسەرەکان و شاعیر، ڕۆماننووس، فەیلەسووف، تیۆرەى سیاسى، ئابووریناس…. هتد، ڕازین لە سەر بنەماى جیاوازى دروستکردن لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە نووسینەکانیاندا کارى لە سەر دەکەن.(11). بەڵام ئەوەى ئەو بیرمەندە فەلەستینیە باسى دەکات، توندى پێوەدیارە بەرامبەر بەرۆژهەلاتناسان، ئەگەر بەشێکى راستیەکى ئاشکرابێت، ئەوا بەشێکى ترى پەیوەندى بەکاردانەوەى ژیانى سەعید-ەوە هەیە، بەوپێیەى لەتەمەنى خوێندنى سەرەتاییەوە لەبەردەستى مامۆستایانى رۆژئاوا، خوێندویەتى و تاکو مردنى لەئەمریکا ژیاوە، لەو گۆشەیەوە بینیەتیەوە کە شێوەیەک بەکەم سەیرییان کردوە یان هاوڕێ رۆژهەڵاتیەکانى بەشێوەیەکى کەم سەیرکراون. بۆیە نووسینەکانى بەدەرنین لەو جۆرە رەخنانە. جگە لەوەى ئەم بۆچونانەى سەعید، لەلایەن عەرەبەکانەوە دەکرێتە چەکێکى باش بۆ رووبەڕوبونەوەى رۆژئاوا، بەشێوەیەک هەموو شتێکیان رەتدەکاتەوە و بەپاڵپشتى داگیرکارى دادەنێن.
هەروەها هەندێکى دیکە لەوانەى نزیکن لەبۆچونەکەى سەعیدەوە، دەڵێن: “ڕۆژهەتناسى هێزى گفتوگۆ و سیستەمێکە ڕێگە دەدات بە ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵات داگیر بکەن.(12).

هەرچى لە ڕووە فەلسەفییەکەیەوە، چەند کەسێک بەبۆچۆنى جیاواز دەربارەى رۆژهەڵاتناسى نوسینیان هەیە. لەوانە، فاروق ڕەفیق، توێژەرى کورد، لە بوارى فەلسەفە دەڵێت: ” ئۆرێنتالیزم هیچ نییە جگە لە گوتارێک، ئایدیۆلۆژیایەک، هیچ نییە جگە لە سادەترین و سەرەتایترین قۆناغى هۆشیارى کە دەشێت ناوى بنێین بە هەڵوێست یا قۆناغى هەستگەرایى لە ڕەوتى مەعریفەدا، کەواتە ئۆرێنتالیزم مۆدێکە میزاجێکە، میزاجێکى تێڕوانینە نەک مەعریفە و تەنیا ئەو کاتە دەتوانێ درێژە بە ژیانى خۆى بدا کە بتوانێ بەردەوام لە ڕووى چەندێتییەوە خۆى بەرهەم بهێنێتەوە” (13).
هەروەها بەشێک لە بیرمەندان و ڕۆشنبیرانى ئیسلامى، ڕۆژهەڵاتناسى وەک جێبەجێ کارى پەیامى ئایینى مەسیحى (کریستیان) دادەنێن و بە هیچ جۆرێک بە زانستى نازانن، تەنیا بە تێکدان و شێوێنەرى ڕاستییەکانى ئیسلام ناویان دەبەن، بەڵام ئەمەیش وەک پێشتر ئاماژەى بۆ کرا بۆچوونى هەموو بیرمەند و نووسەرانى ئیسلام نییە،
بەڵکو پێویستە ڕۆژهەڵاتناسى، بە زانستى کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە و بە دوادا گەڕانى کەسانى ئەکادیمیی ڕۆژئاوا دانرێت، کە مەبەستى لێکۆڵینەوەکە لە سەر هەموو لایەنەکانى ژیانى ڕۆژهەڵاتییەکان بکەن. وەک زمان، ئەدەب، ئایین، زانستە جەبریەکان، مێژوو، جیوگرافیا، هونەر و داب و نەریت… هتد. دەبێت ئاماژە بەوەیش بکرێت، ئەگەر رازى نەبون بەوەى رۆژهەڵاتناسى وەک زانست ناوبهێنرێت ئەوا پێویستە پاشگرى “ناس” بەکارنەهێنرێت. بەڵام ئەگەر پاشگرى ناس بۆ ڕۆژهەڵات، دانرێت ئەوا ماناى زانست دەگەیەنێت وەک زۆرێک لە زانستەکانى تر کە ئەو پاشگرەیان هەیە و وەک زانست ناسێنراون و ئەمەیش وەک بە زانستبوونى ڕۆژهەڵاتناسى دەردەخات، بەڵام ناوهێنانى بە زانست ناونانێکى ڕۆژئاوایییەکانە و ڕۆژهەڵاتییەکانیش وەریان گرتوە.
دیارە ئەم پێناسە و ناساندنانەى ڕۆژهەڵاتناسى وەک زانست، کارى هەموو ڕۆژئاوایییەک ناگرێتەوە، لە هەمان کات ناکرێت بە یەک شێوە مامەڵە لەگەڵ کارەکانیان بکرێت، بەو پێیەى هەندێکیان مەبەستیان لێکۆڵینەوەى زانستى نەبوە بەڵکو بۆ ئامانجى دیکە کاریان کردوە، جا ئامانجى ئایینى یاخود سیاسى و بازرگانى بێت. هەندێکى دیکە کارى زانستى و ئەکادیمیان کردوە و کارەکەیان چوەتە خزمەتى گەلانى ڕۆژهەڵات و زۆرترین دۆکیۆمێنت، دەستنووس و بەڵگەنامە کۆنەکانیان لە فەوتان ڕزگار کردوە.
بۆیە بێویژدانییە جیاوازى نەکرێت لە نێوان ڕۆژهەڵاتناساندا، دەکرێت لێرەدا نمونەى دوو ڕۆژهەڵاتناس بهێنرێتەوە، ئەوانیش (هادریان ڕیلاند) (14). ڕۆژهەڵاتناسى هۆڵەندى و (هنرى لامنس) (15). ڕۆژهەڵاتناسى بەلژیکى، هەردوو رۆژهەڵاتناسەکە توێژینەوەیان لەبارەى ئیسلامەوە ئەنجامداوە، بە جۆرێک هادریان، نمونەى ڕۆژهەڵاتناسێکە، کارى زانستى کردوە بە بێ ئەوەى چاوپۆشى لە ڕاستییەکان بکات و بیان شارێتەوە، لە هەمان کات لامنسیش کارى نازانستى و شێواندنى کردوە و کارەکانى جگە لە سوکایەتیکردن بە ئایینى ئیسلام هیچی ترى لێ ناخوێنرێتەوە.

پێشینەى بەکارهێنانى زاراوەى ڕۆژهەڵاتناسى
سەبارەت بە بەکارهێنانى وشەى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، مێژوویەکى دوورودرێژ و کۆنى هەیە، ئەوەى ڕوونە و دەزانرێت لە سەردەمى یۆنانى کۆنەوە ئەم زاراوانە بەکار هێنراون.
سەرەتاى هەر دوو زاراوەى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە لایەن ڕۆژئاواى و ئەوروپاییەکانەوە بەکار هێنراوە. هەروەها مەبەست و ئامانج لە بەکارهێنانى ووشەکە جیاواز بوە و لە سەردەمى جیاواز، زاراوەى جیاواز بەکار هێنراوە، واتە هەمان مەبەست و هەمان تێگەییشتن نەبوە کە ئێستا بۆ ڕۆژهەڵاتناسى بەکار دەهێنرێت. لە سەردەمى یۆنانییەکاندا، زاراوە رۆژهەڵاتى بۆ جیاکردنەوەى خەڵکى ئاسیا لەخۆیان، کە بە چاوێکى کەمتر تەماشاى ئاسیاییەکانیان دەکرد و بەکار دەهێنرا، لە هەمان کاتدا زاراوەى ڕۆژئاوایى بۆ خەڵکانێکى هۆشیار و بلیمەت بەکار هێنراوە.
هەرچى لە سەردەمى ڕۆمانەکان ناساندن و پێناسەى ڕۆژهەڵاتى گۆڕاو جیاواز بوە لە ناساندنى یۆنانییەکان، کە هەندێک گۆڕانى تێدا کراوە، هەر وەک هەندێک لەلێکۆڵەران باسى دەکەن ڕۆمانەکان، حەزیان لە ناو هێنانى وشەى ئاسیا نەبوە، بۆیە زۆر جار لە ئەدەبى ڕۆمانیدا باس کراوە، چەمکى ئەوروپاو ئاسیا بۆ ئاماژەدان بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەکار هێنراوە. ئەمەیش بە پێى بەشەکانى ئیمپراتۆرەکەوە دابەشبوونى بوە.(16).
هەرچەندە لە لایەن نووسەر و ئەدیب و هەندێک لە پیاوە سیاسییەکانەوە بە توندى ڕەخنە گیراوە لەو هەڵوێستەى بەرامبەر بە ڕۆژهەڵات هەبوە بە هۆى ئەو سودبینین و وەرگرتنەى شارستانیەتى ڕۆژهەڵاتەوە بە تایبەت لە کەناراوەکانى دەریاى ناوەڕاست.(17).
هەروەها زاراوەى ڕۆژئاوا و لایەنەکانى وەک شارستانیەتى ڕۆژئاوا، کلتوورى ڕۆژئاوا و لایەنەکانى تر لە سەدەى نۆزدەدا }لە نووسینەکانیاندا{ سەری هەڵدا، وەک مانابەخشین بە ڕووداوەکانى ئەو کیشوەرە، هەروەها بۆ لێک جیاکردنەوە و دروستکردنى درزێک لەگەڵ ڕۆژهەڵات.(18). ئەمەیش بە ماناى بەردەوامیدان بەو پرۆسەى کە لە مێژوویاندا دروستیان کردوە. وەک ئاشکرایە پێشتر زاراوەى ئەوروپیان بەکار دەهێنا، بەڵام لە پاڵ گەشەکردنى ئەمریکا و دابڕانى وڵاتانێکى وەک ڕوسیا و ئۆراسیا، دواتر زاراوەى ڕۆژئاوا هاتە کایەوە.
هەرچى لاى موسوڵمانانە، زاراوەى ڕۆژهەڵاتناسى نەبوو، ئەو کارانەى لە سەر ڕۆژهەڵات دەکرا پێیان دەوترا (دیراسات) واتە دیراساتى ئایین و ئابوورى زمان و لایەنەکانى تریان دەکرد لە وڵاتى چین و یابانەوە تاکو ناوەڕاستى ئاسیا ئێران، تورکیا، کوردستان و شوێنەکانى ترى نیشتیمانى عەرەب.(19).
بەڵام زاراوەکانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە سەردەمانێکى دواتر لە نووسیندا بەکار هێنراوە، بە جۆرێک بۆ یەکەم جار زاراوەى ڕۆژئاوا، لە ناو نووسین و فەرهەنگەکاندا بۆ سەدەى نۆیەم و دەیەمى زانیى دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات لە فەرهەنگى ئۆکسفۆرد بەکار هێنراوە.(20).
بەڵام زاراوەى ڕۆژهەڵاتناسى چەند سەدەیەکى دواتر لە فەرهەنگ و نووسیندا بەکار هێنراوە، ئەویش یەکەم جار لە لایەن لۆرد بیرۆن لە ساڵى 1769 لە فەرهەنگى ئۆکسفۆرد بەکار هێنراوە، ساڵى 1839 لە فەرهەنکى زانستى فەرەنسى بڵاو کراوەتەوە. ئەم زاراوە بۆ هەموو لقەکانى زانست بەکار دێت کە تیایدا لێکۆڵینەوەى لە سەر ئاسیا کراوە وەکو هونەر، ئەدەب، مێژوو، ئابوورى و لایەنەکانى تر.(21). بەمەیش دواتر گەشە بە زاراوەکە دراوە و چەندین پەیمانگا و لق لە زانکۆکان بە ناوى ڕۆژهەڵاتناسییەوە دامەزراوە.

جیوگرافیاى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لەدروست بونى تێگەیشتنى رۆژهەڵاتناسى
جیوگرافیا، لایەنێکى سەرەکییە لەو جیاوازى و پانتایییەى کەوتوەتە نێوان ڕۆژهەڵات (ئاسیا) و ڕۆژئاوا (ئەوروپا و ئەمریکا)، چونکە ڕۆڵى جیوگرافى کەم نییە لەم نێوەندەدا و بگرە هۆکارى سەرەکی بوە لە سەرەتاوە بۆ بۆچونى جیاواز لەبارەى یەکترەوە و خۆ لەیەکتر جیاکردنەوە. هەر چەندە لە ئێستادا لێرە و لەوێ باس لەوە دەکرێت، پێویستە ئەو دوو لەتکردنەى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بسڕێتەوەو چیتر بەکار نەهێنرێت، بەڵام ئەمە دەگمەنە تا ئاستى مەحاڵ هەرگیز ڕوونادات، بەو پێیەى بە درێژایى مێژوو زاراوەى هەر دوو کیشوەرەکە بەکار هێنراوە و بەردەوام دوو پەرت بوون و جیاوازى لە نێوان هەر دوو پارچەکەدا دروست کراوە و کار بۆ ئەو مەبەستە کراوە، بە تایبەت لە لایەن ئەوروپى و ڕۆژئاوایییەکانەوە.
مێژووى دابەشبوونى جیوگرافیاى نێوان کیشوەرەکان بۆ سەردەمى یۆنانییەکان دەگەڕێتەوە، کە لەو سەردەمەوە جیهانیان بۆ سێ کیشوەرى ئاسیا، ئەوروپا و لیبیا (ئەفریقا)، دابەشکردوە و دواتر بەو شێوە ناویان دەبرد. بەڵام پێش باسکردنى بۆچونەکان لەبارەى جیۆگرافیاى کیشوەرەکان، پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت، ئەو دابەشبوونە جیوگرافیایەى لە کۆندا تاکو ئێستا دیارى کراوە وەک خۆى نیە، شتێکى گۆڕاوە و جێگیر نەبوە، چونکە لە یۆنانى کۆندا ڕۆژهەڵاتیان گرێ داوە بە دەسەڵاتى ئێرانییەکانەوە، لە کاتێکدا ئێران هەموو ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى لە ژێر دەستدا نەبوە، بەڵام کاتێک ئەسکەندەرى مەقدۆنى(356_323 پێش زاینى) دێتە ئاسیاو رۆژهەڵات، ئەمە گۆڕانى بە سەردا دێت، بە تایبەت ئەو کاتەى کە ئەسکەندەر، خاکى ئێرانییەکانى داگیر کرد.(22). ئەو دابەشبوونەى کیشوەرەکان بەم شێوەیە بۆ سەدەى نۆیەم تا پێنجەمى پێش زاین دەگەڕێتەوە. (23).
بەڵام ئەوەى یۆنانییەکان وێناى کیشوەرەکانیان لاى خۆیان کێشابوو، وەک ئەو دابەشبوونەى ئێستا نییە کە ئەوروپا بەشى سەرەکیى کیشوەربێت، چونکە ئەوان(یۆنانیەکان)، خۆیان بە بەشێکى جیاواز لە ئەوروپا دادەنا، لەبەرئەوەى ئەوروپا لاى ئەوان تەنها ناوچەکانى ڕۆژهەڵات و باکوورى یۆنان بوو کە ئەمە بەردەوام دەبێت بەدرێژاییى باکوورى کەنارى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى ڕەش. هەروەها زاراوەى ئاسیا، بەو ناوچانە دەوترا، کە لە ڕۆژهەڵاتى ڕووبارى نیل (یاخود نۆکەندى سوێز)ى میسر و ڕووبارى تانیاز (دۆن)، تاکو کۆتایییەکانى ڕۆژهەڵاتى دەریاى ڕەش. دواتریش زاراوەى (لیبیا) ى ئەو کات کە ئێستا ئەفریقایە بۆ زەوییەکانى باشوورى دەریاى ناوەڕاست بەکار دەهێنرا.
هەر وەک خرایەڕوو ئەم دابەشبوونەى کیشوەرەکان لە لایەن یۆنانییەکانەوە جێگیر و چەسپاو نەبوە. ڕاستە تائێستا شێوەى دابەشبوونە جیوگرافیەکەى لەیەکەوە نزیکە، بەڵام گۆڕانى بە سەردا هاتوە، بەو پێیەى لە سەدەى چوارەمى پێش زاینى، “ئەریستۆ” فەیلەسووفى یۆنانى لێک جیاکردنەوەى کیشوەرەکانى بەستوەتەوە بە لایەنى ڕۆشنبیرى و ڕۆحى و تواناى جەستەیانەوە، هەر وەک پێى وا بوە، ئەوروپیەکان کەسانى ڕۆحى و پڕاوپڕ خەڵکانێکن زیاتر هەستەوەرن و لایەنى ڕۆحییان بەهێزە، بەڵام لایەنى زرنگى و زیرەکی و دەست ڕەنگینیان دەوێت. هەرچى مرۆڤى ئاسیایە، بە پێچەوانەى ئەوروپییەکانەوە بە توانا و زیرەکن، کەچى لایەنى ڕۆحى و گیانیان لاوازە و پێویستیان بە پڕکردنەوەى ئەم لایەنەیە. بەڵام لە نێوان ئەم دوو کیشوەرەدا خەڵکانێک دەژین لە نەژادى هێلینیەکانن، کە هەر دوو لایەنەکەیان تێدا بەدى دەکرێت، بە جۆرێک ئاستێکى باشى ڕۆشنبیرى و زیرەکیان هەیە، لە هەمان کاتدا لایەنى ڕۆحیان بەرز و لەئاستى باڵایە.(24).
بۆ زیاتر پاڵپشتى و سەلماندن و خستنەڕووى بۆچونى تر نزیک لەم بۆچوونەوە پێویستە ئاماژە بە ئەفسانەکانى یۆنانی کۆن بدرێت، بەو پێیەى خاوەنى ئەفسانە گەلێکى زۆرن و سەرچاوە مێژووییەکانیان بەستوەتەوە بە ئەفسانەوە و لەوێیشەوە خۆیان بە سەر ڕۆژهەڵاتدا بە باڵا دەزانن و هەژموونى خۆیان دەسەپێنن.
بە گوێرەى بۆچوونەکانى هەندێک لە رۆشنبیر و توێژەرانى بوارى ئەفسانەى رۆژئاوا، اماژەى بۆ دەکەن، ئەوروپا، لە نەوەى کچى پاشاى تایرى (tyre) (25). یە، خواوەندە (زیۆس)، پەیوەندیى خۆشەویستیى لەگەڵى بەستوە، بە پێى ئەو گێڕانەوە و گەشەسەندنى ئەفسانەکانى تر چەند منداڵێکیان بوە کە نیوەى خوشکەکانیان لە ئاسیا و لوبنان بوون و نیوەکەى ترى لە ئەوروپا، ئەمەیش بوە ناونانى ئەو کیشوەرانە و یۆنانیش بوەتە بەشى سەرەکیى کیشوەر و بە دژایەتیى دوورگەکانى ئیجەى کردوە.(26).
هەر وەک لەم ئەفسانەى یۆنانیەکانەوە ئاماژەى بۆ کراوە و لەچەندین شوێنى تریش قسەى بارەوە دەکرێت، یۆنانییەکان خۆیان بەبەشێک لە دەرەوەى ئەوروپا داناوە، هەروەها یۆنانیان وەک ئاسیا و ئەوروپا جیا دەکاتەوە لە جیوگرافیایەکى جیاواز دای دەنێت. لەگەڵ ئەوەى یۆنانییەکان پێش ڕۆژ ژمێرى زاینى، تیشکیان خستوەتە سەر هەر سێ کیشوەرەکە و ڕازى بوون بەوە، بەڵام لە نووسینەکانیاندا ئاماژەیان کردوە بە زاراوەکانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، فارس و یۆنان، ئاسیا و ئەوروپا.(27).
ئەو ناساندنەى یۆنانییەکان بە کیشوەرەکانیان دابوو، لە سەردەمى ڕۆمانەکان تا ڕادەیەکى کەم گۆڕانى بە سەردا هات و چەند لایەنێکى تر درایە پاڵ ناسنامە و جیوگرافیاى کیشوەرەکان. لەبەر ئەوەى ڕۆمانەکان زیاتر لە سەر ئاستى ئۆقیانووس، زەریا، دەریا و ڕووبارەکان بوە و چۆن دەوروپشتى کیشوەرەکانیان داوە.(28). ڕۆمانەکان فیکرەى ڕۆژئاوایى و ڕۆژهەڵاتیان بۆ بەشەکانى ئیمپراتۆرەکەى خۆیان بەکار دەهێنا، هەروەها لە سەردەمى ڕۆمانەکان ئەو ناساندن و پێناسەیەى بۆ ڕۆژهەڵات هەبوە تا ڕادەیەک جیاواز بوە لەگەڵ بۆچوونى یۆنانییەکان و گۆڕا،.(29). هەر وەک پێشتریش ئەمە باس کرا، بۆیە لێرەدا دووبارە نابێتەوە، بەڵام ئەوەندە هەیە هەندێکیان بە شێوەیەکى ناشیرین باسى ڕۆژهەڵاتیان کردوە. ئەمەش لە کاتى گەشت و هاتنیان بۆ وڵاتانى رۆژهەڵات دەردەکەوێت.
هەر چەندە لە لایەن نووسەر و ئەدیب و هەندێک لە پیاوە سیاسییەکانەوە بە توندى ڕەخنە گیراوە لەو هەڵوێستەى بەرامبەر بە ڕۆژهەڵات هەبوە، بەهۆی سود بینین و وەرگرتنی شارستانیەتی ڕۆژهەڵات، بە تایبەت لە کەناراوەکانى دەریاى ناوەڕاست.(30). لە سەردەمى ڕۆماى ڕۆژهەڵات وەک بەڕێوەبەرایەتیى ئیمپراتۆرى ڕۆماى گەورە لە ناوەڕاستى سەدەى شەشەمى پێش زاین کاریان کردوە کە وەک ئاماژەیان بۆ دەکرد، ئەوروپا، لەم ناوچانە پێکهاتوە ( یۆنان، بەشەکانى بەلقان، ئیتالیا، باشوورى ئیسپانیا، ئەنادۆڵ، سوریا، باکوورى میسۆپۆتامیا، میسر بەشێکى زۆر لە کەناراوەکانى باکوورى ئەفریقا)، ئەمەیش نەک تەنیا بە میراتى قەیسەر و ئۆگستۆس ڕازى بوون بەڵکو خۆیان وەک خاوەن دەسەڵاتى ناوچەى (مەسیحی) کریستیانى دادەنا.(31).
دواى لاوازبوونى ئیمپراتۆرى ڕۆماى کۆن و ڕۆژئاوا، ڕۆماى ڕۆژهەڵات یاخود بیزەنتینەکان لە قوستەنتین (ئەستەنبوڵ) دامەزرا، چیتر ئەم بەشەى ئیمپراتۆرەکە وەک ئاسیا ناسێنراو ناسانامەى ڕۆماى ڕۆژهەڵاتى بە سەردا بڕاو جیا کراوە لە ڕۆماى ڕۆژئاوا، بۆیە ئایدیاى ڕۆژئاوا، جێگەى ڕۆژئاواى ئیمپراتۆرى ڕۆمانى گرتەوە. ئەمە پەرەى سەند تاکو سەدەکانى ناوەڕاست و وەک بەرەنگارییەکى ئیمپراتۆرى بیزەنتیین”ڕۆژهەڵات”(32).
لەمەوە، لە سەدەى پێنج تا نۆیەمى زایینى و ڕووخانى ئیمپراتۆرى ڕۆما و دروست بوونى بێزەنتین ئاسیا، میراتى ڕۆژهەڵاتى بە سەردا بڕا. ئەوروپایش میراتى (مەسیحى) کریستیانى و جولەکەى درایە پاڵ. لەگەڵ ئەوانە و دواتریش لە سەدەکانى سەرەتایى زاینى (مەسیحى) کریستیانێتى تێگەییشتنێکى (ئینجیل)یانەیان ئەو سێ کیشوەرە هەبوو. هەر وەک بە پێى تێگەییشتنەکانى “سانت ئۆگستین” (354_430 زاینى) باسى دەکات و پێى وایە شوناسى هەر یەک لەو سێ کیشوەرە و نیشتەجێبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ شەجەرەناسى ئایینى مەسیحى وەک باسى کردوە، لە دواى “تۆفانەکەى نوح”، نوح، سێ کوڕى هەبوو هەر کوڕێکى لە ناوچەیەک نیشتەجێ بوون جافەیەت (یافس)، لە ئەوروپا، سام، لە ئاسیا و حام، لەئەفریقا. بەڵام ئەم چەمکە هەر وەک هەندێک لە لێکۆڵەران باسى دەکەن تەنیا بۆ باڵادەستیى کریستیانیەتیە کە ڕاگەیەنراوە(33).
هەر چەندە نوسین و بۆچونەکانی (ئیبن کەسیر) تا ڕادەیەک لەم گێڕانەوە نزیکە، بەڵام ئیبن کەسیر، کە باس لە جافەیەت (یافس) دەکات دەڵێت، باپیرانى “تورک و سەقالیبە و یاجوج و ماجوج”ە، هەرچى نەوەکانى سام، لە عەرەب و فارس و ڕۆمەکانە، حامیش، قیبتى، سۆدانى و بەربەرەکانە.(34). ئەوەى بۆچوونەکانى ئیبن کەسیر جیا دەکاتەوە، جیاوازیى نێوان کیشوەرەکان ناخاتە ڕوو، گوایە نەوەى هەر کوڕێکى نوج میراتگرى کیشوەرێک بێت. بەڵام لە سەدەى شازدە(16) بە دواوە بە تایبەت سەردەمى ڕینیسانس خەونى یەکێتیى کۆمەڵگەى کریستیانى گرتەوە، ئەمە جۆرێکە لە ئایین زیاتر کە ئایینى جولەکەیشى گرتەوە.(35).
هەروەها لە پاڵ گەشەکردنى ئەمریکا و دەرکەوتنى وەک هێزێکى گەورەى جیهان بەتایبەت لەسەدەى نۆزدەیەم (19) و بەتایبەت تر لەسەدەى بیستەم (20) و دابڕانى وڵاتانێکى وەک ڕوسیا و ئۆراسیا، زاراوەى ڕۆژئاوا هاتە کایەوە. بەو پێیەى زاراوەى ئەوروپا کۆنتر بوو، جۆرێکە شانازى کردن بەئەمریکا و لەهەمان کات خۆیان بە خاوەنى شارستانیەتى ئەمریکا دەزانى بەو پێیەى بەشێکى زۆر لەخەڵکى ئەمریکا رەسەنیان لەچەند وڵاتێکى ئەوروپا پێکهابتوون. لەهەمان کات خۆیان لەبەرەیەک بەرامبەر رۆژهەڵات دەبینینەوە. هاوڕێ ئەوروپا، ڕێنسانس و چاکسازیى ئایینى و دۆزینەوەکانى لە خۆ دەگرت، لەمەوە زیاتر گەشە بە فیکرەى ڕۆژئاوا درا، هەڵبەت لە ژێر ڕەحمى گەشەکردنى ئایدیا جیاوازەکانى ئەوروپا.
لە سەدەى (17و 18) گەڕیدە و دۆزەرەوانى جیوگرافى زۆریان لە بارەى جیوگرافیاى ئاسیاوە دۆزییەوە و چەمکى نوێیان بۆ بەکار دەهێناو لەئەورپایان جیادەکردوە نەک تەنها لەڕووى جیوگرافیەوە بەڵکو لەرووى کلتوور و زانستى و رۆشنبیرى و جۆرى ژیانەوە.
دواتر فەیلەسووفى ئەڵمانى هیگڵ، لە نووسینەکانى کیشوەرى ئاسیایى بۆ دوو بەش دیارى کرد، ئاسیایى سەروو (باڵا) و ئاسیاى دوور، لە ئاسیایى سەروو ڕەگەزى (قەوقازی)ەکان و پاشماوەى ئەوروپییەکانى لێ نیشتەجێیە و لە ئاسیایى دووریش ڕەگەزى (مەغۆلەکان)ى لێ نیشتەجێیە. لەبەرئەوە ئەم جیاکردنەوە لە نێوان ئاسیایى نزیک کە بە شێوەى سەرەکیى ئیسلامى تێدا نیشتەجێیە و ئاسیایى دووریش چین و یابان نیشتەجێن.(36).
ئەوەى لە کۆنەوە هاتبوو خەڵکى پێدەناسرایەوە تاکو سەدەکانى ئەم دوایییە بوە داڕێژراوێک و خەڵکى کیشوەرەکانى پێ دەناسێرێتەوە، بەڵام لە پاڵ ئەم جیاکردنەوە و ناسینەوەدا دەیان و بگرە سەدان بۆچوون هەبوو ڕۆژئاواى بە سۆپەرمان و مرۆڤى باڵا ناودەبرد و ستایشى دەکردن، لەهەمان کات زۆرێک لەو خاوەن بۆچوونانە، ئاسیا و ئەفریقا و کیشوەرەکانى دیکەى وەک ژێر دەست و کۆیلە و نەزان و نەخوێندەوار ناودەبرد . ئەوەى لە سەدەى هەژدە و نۆزدەیەم و پشت بە ستن بە بۆچوون و تیۆرەى فەیلەسووف و ڕووناکبیران بەسترا، لە جیاوازییە جیوگرافییەکان و دابەشکردنى زەویى نێوان کیشوەرەکان، ئەو بۆچوونانەى بە تەواوى دەرخست و تا ئێستا بەردەوامە و تێگەییشتنێکى خراپ بەرامبەر مرۆڤەکانى دەرەوەى کیشوەرى ئەوروپا و ڕۆژئاوا هەیە، کە وێنەیەکى نا ڕاستە و دروست کراوە، بۆیە زەحمەتە بتوانرێت ئەو وێناى ڕۆحبەرزى و جوامێرییەى ئەوان بسڕێتەوە و لە سەر ئاستى مرۆڤ مامەڵە بکرێت. نەک لە سەر ئاستى ڕەگەز و ڕەنگى پێست و نەژاد.

 

سەرەتاکانى مێژووى ڕۆژهەڵاتناسى
هەر وەک قسە و بۆچوونى جیاواز لە بارەى زاراوە و پێناسە و جیوگرافیاى ڕۆژهەڵاتناسییەوە هەیە ئاوهایش بۆچوونى جیاواز لە بارەى مێژووى ڕۆژهەڵاتناسییەوە هەیە و زۆرینەى شارەزایانى ئەم بوارە، بۆچوونیان جیاوازە بۆ دەست پێکردنى مێژووى ڕۆژهەڵاتناسى، یاخود ساڵ و کات و بەروارێکى دیارى کراو نییە بۆ دەست پێکردن و دەست نیشانکردنى ڕۆژهەڵاتناسى. هەندێک بۆچوون لە سەر ئەوە کۆکن کە ئەو مێژووە بۆ حکومڕانى موسوڵمانان لە ئەندەلوس (ئیسپانیا) دەگێڕنەوە، بۆچوونێکى تر باس لە شەڕى بەناو خاچدروشمان (حرب الێلیب) دەکات. لەگەڵ ئاماژەدان بە کۆنگرەى ڤییەنا لەساڵى (1312زاینى)، هەروەها بۆچوونێکى تریش کۆتایییەکانى سەدەى هەژدەیەم و سەرەتاى سەدەى نۆزدەیەم بە سەرەتاى کارى ڕۆژهەڵاتناسى دادەنێن.(37)، ئەمانە هەموویان راستن و قۆناغى دیار و روونى بەرەوپێش چوونى رۆژهەڵاتناسین. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت، مێژووى ململانێکانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، هەروەها لێکۆڵینەوە و قسەکردن لە سەر ڕۆژهەڵات، بۆ سەدەکانى پێش زایین و سەردەمى یۆنانییەکان دەگەڕێتەوە، نەک بۆ سەدەکانى ناوەڕاست و ململانێ و کارەکانیان لەگەڵ ئیسلام بە تەنیا، بەڵکو مێژووى گەڕان و توێژینەوە و قسەکردن لەبارەى کیشوەرى یەکترەوە زۆر لەوە کۆنترە، جگە لەوەى رۆژئاواییەکان، تەنیا لێکۆڵینەوەیان لە سەر ئیسلام نەکردوە و بەس، بەڵکو قسە و باسیان لە سەر هەموو گەلان و لایەنە جیاوازەکانى ڕۆژهەڵات بەدرێژاییى مێژوو کردوە.
دەبێت ئەوەیش بخرێتە ڕوو، لە سەدەکانى (11 و 12 زاینى) بەدواوە دامەزراوە و لقى زانکۆى رۆژئاوا، تەرخان کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر ڕۆژهەڵات و بە سەرەتایەکى کارى ئەکادیمى و زانستى دادەنرێت، بەڵام پێش ئەوە کارى ڕۆژهەڵاتناسى بە شێوەى نارێک و پێک و ناڕێکخراو بوە(مەبەست لەمە زۆرێک لەو کەسانەى توێژینەوەى لەبارەى رۆژهەڵاتەوە کردبێت بەویستى خۆى بوە و زیاتر بەمەبەستى سیاسى و ئابورى نەبوە) و قسەیان لە سەر ڕۆژهەڵات کردوە و بۆچوونى خۆیان دەربڕیوە، بەو پێیەى بە درێژاییى مێژووى مرۆڤایەتى و لەگەڵ زانیاریى کۆکردنەوە لە سەر مرۆڤەکان و ژیار و ژیانیان، ئەوە ئاشکرا بوە بەردەوام مرۆڤ، لە جوڵە و بزاوتن و ئاڵوگۆڕى ناوچەکاندا بوون. تێکەڵبوونى ئەم هۆز لەگەڵ ئەوى دى و کۆچکردن لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى تر و تێکەڵبوونى کۆمەڵایەتى و کلتوورى لەنێوان گەل و کۆمەڵە جیاوازەکان سەری هەڵداوە و کاریگەرییان لە سەر یەکتر هەبوە. ئەم لێک نزیک بونەوە بە تێپەڕبوونى کات فراوانتر بوە، سەرەتا ناوچە و هەرێمە نزیکەکان لەگەڵ یەکتر پەیوەندییان هەبوە، دواتر دەگاتە تێکەڵى نێوان وڵاتان و کیشوەرەکان.
بۆیە لێرەوە تێکەڵاوبوون و سودوەرگرتن لە شارستانیەتى نێوان هەر دوو کیشوەرى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە چوارچێوەى ئەو گۆڕانە مێژوویانەى شارستانیەتەکاندایە. لەمەوە ئەوە دروست نییە بوترێت لێکۆڵینەوەى تایبەت بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتناسى بەرهەمى سەدەى بیست و مێژووى هاوچەرخە چونکە تێکەڵبوون و ئاڵوگۆڕى شارستانیەتەکان و کلتوورەکان لە پێش زایینى دەست پێ دەکات و لە سەدەى بیست دەگاتە لوتکە، واتە ڕۆژهەڵاتناسى لە نێو ئەو کاروانە درێژەى نزیک بونەوە و زانیارى کۆکردنەوە لەبارەى یەکترەوەیە، نەک بەتەنیا بەرهەمى سەردەمى هاوچەرخ بێت.
دەکرێت لەو سەردەمە و لە چاخەکانى ناوەندى یۆنانەوە و ئەو کاتەى کە یۆنانییەکان بە (بەربەرى ) کەسانى بێگانەیان ناو بردوە و دواتر وەک کۆیلە تەماشایان کردوون، هەنگاوێک بوو بۆ هەژموونى ڕۆژئاوا و دەرکەوتنى ڕۆژهەڵاتناسى وەک ئەوەى ڕێگەخۆشکەرێکە بۆ تەماشاکردنى خود، بە سۆپەرمان لە لایەن ڕۆژئاوایییەکانەوە. هەم وەک ئەوەى زانیارییان لە بارەى گەلانى ڕۆژهەڵاتەوە هەبوو. ئەمە دواتر گەڕیدە و مێژوونووسانى یۆنانى و ڕۆژئاوایی هەوڵیان بۆ داوە، تا زانیارى لە بارەى ڕۆژهەڵاتەوە کۆ بکەنەوە و گەشتى ئەو کیشوەرە بکەن.
هەروەک چەندبن گەڕیدە و فەیلەسووفى یۆنانى بۆ ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى کۆن ڕۆیشتوون وەک (سۆلۆن، فیساگۆس و تلیس) چەندین ساڵ لە سەردەمى بابلیەکان و شارى بابل (عیًراقى ئیًستا) گەڕاون و بۆچوونى فەلسەفى خۆیان گەڵاڵە کردوە.(38).
هەر چى لە سەردەمى هاتنى ئەسکەندەرى مەقدۆنى و پەلاماردانى ڕۆژهەڵات، وەک ڕووداوێکى گرنگ و بەرچاو لە مێژوودا تەماشا دەکرێت، دەتوانرێت وەک خاڵى دیار لە بیرى ڕۆژهەڵاتناسى لە لایەن ڕۆژئاوایییەکانەوە تەماشا بکرێت. کە دواتر ژمارەیەک گەڕیدەى یۆنانی هاتنە ڕۆژهەڵات و لە شارەکانى ڕۆژهەڵات نیشتەجێ بوون و دواى ئەمەیش شەپۆلێکى بازرگانى لەنێوان هەر دوو ئاسیاو ئەوروپا دەستى پێ کرد.(39).
یەکێک لە سەرباز و گەڕیدە ناسراوەکانى یۆنان “زەینەفون” یان گەزنەفونە، کە هاتوەتە ئاسیا و لەبارەی ڕۆژهەڵاتەوە نوسینی هەبووە، لە نووسینەکانیدا بۆچوونى لە بارەى ئەو شوێنانەى گەڕاوە دەربڕیوە و تیشکى خستوەتە سەر زۆر لایەنى ژیان، دەکرێت کارەکانى بخرێتە چوارچێوەى کارى ڕۆژهەڵاتناسییەوە. بەو پێیەى کە زانیارى و بۆچونى خۆى لەبارەى رۆژهەڵاتەوە نوسیوەتەوە و بەیۆنانیەکانى گەیاندوە. بۆ زانیارى زیاتر سەیرى یاداشتەکانى گەزنەفون بکە، وەرگێڕانى محەمەد مەسعود محەمەد.
لە سەردەمى ئیمپراتۆرى ڕۆماى “ڕۆژئاوا”و ڕۆماى “ڕۆژهەڵات” (بیزەنتین)، بە شێوەیەکى گشتى قسەیان لە سەر دەسەڵاتە جیاوازەکانى حوکمڕانى شارستانیەتە کۆنەکانى عێراق، میسر، چین، هیندستان و ئێران و ئەنادۆڵ کردوە، بۆیە جیاوازیی بیروڕا نەکراوە لە سەر هەر یەک لەو شارستانیەتانەدا و بە یەک چاو تەماشاکراون لە ڕووى بەراوردکردنیان بەشارستانیەتى رۆما و یۆنان، ئەویش وەک نەزان و بەربەرى و کۆیلە تەماشاکراون و، ئەوروپایش وەک بلیمەت و عاقڵ تەماشاکراون.

بە بۆچوونی ئیدوارد سەعید(40)، سەردەمى خۆپەسەندى (نێرگسیەت) و بە گەورە تەماشاکردنى خود و کەم کردنەوەى ئەوانى تر و مێژووى ئەوی تر، لە لایەن ئەوروپییەکانەوە بۆ سەردەمى یۆنانى کۆن دەگەڕێتەوە، کە خۆیان وەک منێکى گەورە و باڵا و سۆپەرمان دەردەخست ، ئەوی ترێکى ڕووخا و نەزان و ناشارستانى، بە تایبەت ئەمە لە بەرهەمى شاعیر و نووسەرانى ئەو کاتى وەک (ئیلیادەى هۆمەر) و (فارسەکانى ئەخیلیۆس) دەبینرێت ئەم بۆچوونانە پەیوەندییان هەبوە و هاوکار بوون بۆ داڕێژەرى بۆچوونەکانى (هێرۆدۆت)ى مێژوونووس و (ئەسکەندەرى مەکدۆنى) و (قەیسەرى ڕۆم) و کاریان لە سەر کردوە، تا دەگاتە سەدەکانى ناوەڕاست و لەگەڵ دۆزینەوەى جیوگرافى و بازرگانى کردن، بازرگانەکانیش بەردەوام ئەم ئایدیا و بیرکدنەوەیان هەبوە، وەک (مارکۆ پۆلۆ) و دواتر نووسەرى مەسیحى (دانتى ئەلگیرى).(41). بۆیە ئەوەى دەردەکەوێت لەو سەردەمە جیاوازانەدا و قسەکردن لە سەر ڕۆژهەڵات و خۆ لەوان بە باشتر زانین هەبوە و زانیارییان لە بارەى ڕۆژهەڵاتەوە کۆ کردوەتەوە و وەک سەرەتایەکى ڕۆژهەڵاتناسى نارێک و شپرزە بوو، کە مەبەستیان بوو بگەنە ڕۆژهەڵات و ئاڵوگۆڕى زانیارى بکەن.
ئەوەى تائێستا خرایە ڕوو، خوێندنەوەیەکى خێرایە بۆ مێژووى ئەو گەڕان و سەردانانەى ئەوروپییەکان و هەندێک لە بۆچوونەکانیان پێویستە قسەى زیاترى لەبارەوە بکرێت، بۆ ئەوەى زیاتر ڕوون بێتەوە کە مێژووى ڕۆژهەڵاتناسى لە دێرزەمانەوە دەستى پێ کردوە و بە چەند قۆناغێکى یەک لە دواى یەک گەیشتوەتە ئەمڕۆ، نەک لە سەردەمێک و لەماوەیەکى دیارى کراو دەستى پێ کردبێت.
ڕۆژهەڵاتناسى لە دەرکەوتنى (ئیسلام)ەوە
لە سەردەمى دەرکەوتنى ئیسلام و فتوحاتەکانى بەرەو ناوچەکانى دەسەڵاتى ئیمپراتۆرى بیزەتنین و فارسەکان، دواتر ڕۆیشتنى سوپاى ئیسلام، بەرەو ئەوروپا، دەستیان بە سەر بەشێک لە وڵاتانى ئیسپانیا(ئەندەلوس)، ئیتالیا و فەرەنسا گرت، بەمەیش ئەوروپییەکان، لە چەندین ڕەهەندەوە ترسیان بۆ دروست بوو، بۆیە کاتى ئەوە بوو بە خۆیاندا بچنەوەو بەرەنکارى ئەو تەوژمە بکەن کەبەخێرایى بڵاودەبێتەوە. ئەگەر بەزمانى ئەو کات قسە بکرێت. لەو لایەنەوە ئیسلام، ئایینێکە لە لایەن کەسانێکەوە ڕێبەرایەتى دەکرێت ڕۆحیەتێکى شەیدایى و پەرۆشیا و عەشقێکى تایبەتیان بۆ ئاینەکەیان هەیە و سڵ لە هیچ ناکەنەوە، هەروەها وەک ئایینى مەسیحى خاوەنى هەمان پەیامى خوایى و کتێبێکى ئاسمانییە. ئەمەش وادەکات شوینکەوتوانى ئیسلام وەک شوینکەوتوانى مەسیحى ئاینى خۆیان بەپیرۆز بزانن و بانگەوازى بۆ بکەن. سەرەڕاى ئەوەى شوێنکەوتوانى ئاینە تازەکە، زۆرینەى جومگە بازرگانییەکانى نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایان کۆنتڕۆڵ کردوە، کە پێشتر لە لایەن مەسیحییەکانەوە سودى لێ دەبینرا.(42)، بۆیە مەسیحییەکانى وڵاتە جیاوازەکانى ئەوروپا، دەستیان بە لێکۆڵینەوە و دەستکەوتنى زانیارى کرد لە بارەى ئەو ئایینە تازەوە کە بەتەواوى تەنگەژەى بۆ بەرژەوەندییەکانى پیاوانى کەنیسە دروست کرد.

دەکرێت بوترێت یەکەم ڕاچڵەکینى ئەوروپا و ڕۆژئاوایییەکان بەرامبەر بە ئایینى ئیسلام و پەرۆشى بۆ زانیارى کۆکردنەوە لەبارەیەوە، لە دواى نامەکەى پێغەمبەرى ئیسلام، دێت کە بۆ (هەرقل)، ئیمپراتۆرى ڕۆمەکانى نووسیوە(43)، هەر وەک تیایدا هاتوە، پەیامبەرى ئیسلام داواى لە هەرقل کردوە بێتە سەر ئایینى ئیسلام و ئایینی بگۆڕێت بۆ ئەوەى پارێزراوبێت(44).
لەو نایەمەیەدا، بە تەواوى پێچەوانەى ئایدیا و بیرکردنەوەى مەسیحییەکانى ئەو کات بوە، هەر چەندە وەک باس دەکرێت، هەرقل سەرسام بوو بە نامەکەى پەیامبەرى ئیسلام، بەڵام ئەوەى بە لاوە قورس بوو ئایین بگۆڕێت. ئەمەش لەبەر لایەنى عەقیدە نەبوە کەپەیڕەوکارى مەسیحى بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەى کەسانى دەوروبەرى ئەوەیان قبوڵ نەبوو، لەهەمان کات شتێکى نامۆ بوو بۆ هەرقل بەو هەموو دەسەڵاتەیەوە کەسێکى نادیار و نەناسراو داوایەکى لەو شێوەى لێ بکات و بڵێت ئاینت بگۆڕە با خۆشبەخت بیت.
لەمەوە هەرقل، دەخاتە سەر ئەو رێگایەى زانیارى لەبارەى ئیسلام و شوێنکەوتوان و ئامانجیانەوە بکات و دواتر بەخەڵکە نزیکەکەى بگەیەنێت. هەرقل، دەیان پرسیار دەربارەى ئیسلام و پەیامبەرەکەى لەو کاروانە بازرگانییە عەرەبییانە دەکات کە دێنە ناوچەکەى و ئاشنایەتیان لەگەڵ ئەو ئایینە تازەیەدا هەیە. پرسیارەکانى هەرقل وەک پرسیارى توێژەرێک دەردەکەوێت و زۆر بە وردیى ئاراستەى دەکات، وەک پرسیار لە خودى پێغەمبەر و خێزان و هۆز و عەشرەت و ڕەچەڵەک و نەتەوەوە. ئەمانە دەکرێت وەک بەدواداچوونێکى کارى ڕۆژهەڵاتناسیی وەربگیرێن.
لەدواى ئەمە و لەگەڵ بەردەوامى فراوان بونى دەسەلاتى ئیسلام و بەریەککەوتنیان لەگەڵ رۆژئاوا، دەست کرا بە گەڕان و پشکنین و بەدواداچوون بۆ ئایینى ئیسلام، تاکو خەڵکى لێ هۆشیار بکرێتەوە وەک ئەوەى دەیانەوێت، کە هەندێ لەوانەى توێژینەوەیان کردبێت، یاخود زانیارییان کۆکردبێتەوە لە سەر ئیسلام، ئەوەندەى هەوڵیان داوە وێنەیەکى ناشیرینى ئیسلام پیشان بدەن، نیو هێندە مەبەستیان کارى زانستى نەبوو مەبەست لەمە لەسەرەتاکانى کارى رۆژهەڵاتیانە بەم شێوە بوو نەک سەدەکانى دواتر.
ئەمەیش هەر لە ناو دەسەڵاتى ئیسلام و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیان کاریان بۆ کردوە، بۆیە هەندێکیش سەرەتاى ڕۆژهەڵاتناسى بۆ ئەو کات دەگێڕنەوە، وەک بۆچوونەکانى مێژوونووس، زیائەدین سەردار، کە “یوحەنا دیمەشقى” (748 زاینى) مردوە(45)، بە دامەزرێنەرى ڕۆژهەڵاتناسى ناو دەبات، لەبەر ئەوەى یوحەنا، لێکۆڵەرێکى کریستیان (مەسیحى) بوە، هەر چەندە یوحەنا، هاوڕێیەکى زۆر نزیکى خەلیفە”زەید” خەلیفەى ئەمەوییەکان بوو، بەڵام بە دواى دەستخستنى زانیارى لە بارەى ئیسلام و خستنەڕووى بۆچوونەکانیەوە بوو، بانگەشەى ئەوەى کردوە ئیسلام دەبێتە مەزهەبێکى بتپەرستى و مەککە و مەدینە دەبنە پەرستراویان و پێغەمبەرى ئیسلامى، بە کەسێکى بێدینى ناو بردوە. (46). قسە و نووسینەکانى یوحەنا، پڕن لە سوکایەتى و ناشیرینکردنى ئایینى ئیسلام و پێغەمبەرەکەى و ناکرێت بە کارى زانستى ناو ببرێت، بەڵام ئەمە بوەتە سەرچاوەیەکى کۆنى ئەو مەسیحییانەى کە لە سەر ئیسلام کاریان کردوە. هەروەها یوحەنا، پێى وابوە ئیسلام بەیەکدادانى دەبێت. ئایینێکی تەواو جیاواز دەبێت و جۆرێتیى ژیانیان لەگەڵ ئەوروپاییەکان جیاواز دەبێت.(47). بەڵام یوحەنا دیمەشقى، بە ڕۆژهەڵاتناس دانانرێت، بەو پێیەى یوحەنا خەڵکى ڕۆژهەڵات بو و ڕۆژئاوایى نەبوە هەر وەک ئاماژەى بۆ کرا، تەنها ڕۆژئاوایییەکان بە ڕۆژهەڵاتناس دادەنرێن نەک کەسانى ڕۆژهەڵاتى، هەروەها ئەوەندەى مەبەستى دژایەتیکردنى ئایینێکى تر بوە، کە مەترسى بۆ ئایینەکەى دروست کردوە، ئەوەندە مەبەستى خستنەڕووى کارى زانستى نەبوە.
هەروەها ئەلڤارۆس (Alvarus ) (48). و هاوڕێکانى کورتەیەکیان لەسەر ژیانى پێغەمبەرى ئیسلام زانیوە و بەدواداچوونى لایەنە جیاوازەکانى ئیسلامیشان کردوە، هەروەها هەندێک لە ڕاهیبەکانى ئیسپانیا، دەربارەى ئیسلام و پەیامبەرەکەى نووسیویانە و زانیارییان کۆ کردوەتەوە، لە سەدەکانى هاتنى ئایینى ئیسلامەوە.(49).
هەرچى سەردەمى حوکمى موسوڵمانانە لە ئەندەلووس و چەند وڵاتێکى ترى ئەوروپا، قۆناغێکى ترە و هەوڵ دراوە زانیارى لە سەر ئیسلام بە ناو وڵاتە ئەوروپییەکاندا بڵاو بکرێتەوە و کتێبە ئیسلامییەکان وەربگێڕنە سەر زمانى لاتینى و زمانەکانى ترى ئەوروپا، کە بە ژیاننامەى پێغەمبەرى ئیسلام، فەلسەفەى ئیسلامى و زانیارى لە سەر قورئان دەستیان پێ کردوە. ئەمانە لە وڵاتى ئیتالیاوە و لە لایەن پیاوانى کەنیسەوە هاوکاریى دەکران، چونکە ئیتالیا، سەنتەرى سەرەکیى مەسیحییەکانە و زۆر نزیکە لە ئاسیا و ئەفریقاوە و تێکەڵبوونى زیاتر هەبوو لەگەڵ موسوڵمانەکان.
دەکرێت لێرەدا ئاماژە بەوە بکرێت، مافى هەر ئایین و مەزهەب و هەتاکو پارت و ڕێکخراوێکە بەرگرى لە خۆى و ئایدیا و بیرکردنەوەى بکات و هەوڵى سەرکەوتن بدات بەرامبەر ململانێکەرانى، بەڵام سوکایەتى و ناشیرینکردنى بەرامبەر نەبێت، بۆیە ئەوەى بەرامبەر ئایینى ئیسلام و شوێنکەوتوانى کرا لەو سەردەمەدا پڕ بوو لە سوکایەتى و بوختان دروستکردن.
ئەوەى کە هەبو پەرەى سەند دواتر شەڕى بەناو خاچدروشمان(حرب الێلیب)(50) هەوڵ دراوە زیاتر لە بارەى ڕۆژهەڵات و ئیسلامەوە بزانن و بەدواداچوونى بۆ بکەن، بە تایبەت پیاوە نهێنییەکانى پاپا هەواڵیان گەیاندەوەتە پاپا، لە بارەى مەغۆلەکانەوە.
هەروەها گەییشتەکەى (مارکۆ پۆلۆ)، لە نێوان ساڵانى (1271_ 1295ز) سەرەتایەکى باشى پێدان بۆ زانیارى لە سەر دونیاى دەرەوەى کریستیانى(مەسیحى) بۆیە بە پێویستیان زانى، کە هەرچى زووە دەزگا و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان ببەنە ئەو وڵاتانە تاکو وەک کارى مژدەبەخشى (موبەشیرى) دەست بەکار بن.
هەروەها بۆچوونێکى تر بۆ سەردەمى شەڕى بەناو خاچدروشمان (حرب الێلیب) یان کرۆسەید(CRUSADE) دەگەڕێتەوە، چونکە لە دواى شکستی مەسیحییەکان لەو شەڕەدا، بیریان لە ڕێگە چارەیەکى تر کردەوە بۆ بەرەنگارى ئیسلام، هەر وەک (لویسى نۆیەم)، پاشاى فەرەنسا داواى لە ڕۆژئاوایییەکان کرد، بە قەڵەم ڕووبەڕووى ئەو موسڵمانانە ببنەوە کە شەڕیان لەگەڵ دەکەن. دواتر توانیان چەندین لق لە زانکۆکان بکەنەوە دەربارەى خوێندنى ڕۆژهەڵاتى، لەم ڕێگاوە توانیان سەرکەوتووبن و گرێکوێرەیان بەرامبەر ئیسلام و هەم ڕۆژهەڵاتیش بکەنەوە.
لە سەردەمێکى دواتر و لەکاتى بەستنى کۆنگرەى ڤییەنا، توانیان هەنگاوێکى زیاتر بنێن، بۆ گەییشتن بە مەبەستیان بە تایبەت کاتێک ڕۆجەر باکۆن، داوا لەمەسیحییەکان دەکات، پێویستە ئارام بگرن و لە ژێر چاودێریى کەنیسە لێکۆڵینەوە لە سەر ئیسلام بکرێت و بە شێوەیەک شوێنکەوتوانى ئیسلام تێ بگەیەنرێت کە ئایینەکەیان هەڵەیە، لە بەرامبەردا سەرنجیان بۆلای ئاینی مەسیحی ڕابکێشن وەک ئاینێکی دروستر و ڕاستر، لەمەوە کەنیسەى خستە سەر ڕێگا بۆ بەستنى کۆنگرەیەک تاکو ئەو کاتەى کۆنگرەى ڤییەنا لە ساڵى (1213) زاینى، بە سەرپەرشتیى ئەنجومەنى کەنیسا بەستراو تیایدا بڕیار درا خوێندن بە زمانى عەرەبى و زمانەکانى دیکە لە زانکۆ جیاوازەکانى ئەوروپا دەست پێ بکات.(51).
لە سەدەى چواردەیەم و پازدەیەم، تا ڕادەیەک هاوکێشەى ڕووبەڕووبوونەوەکان و هەوڵى زاڵبوون و هەژموون بە سەر بەرامبەردا گۆڕا، چونکە لە ئەوروپا ڕێنیسانس دەستى پێ کرد، ئەمەیش سەرەتایەک بوو بۆ کەمکردنەوەى دەسەڵاتى ئایینى مەسیحى و پیاوانى سەر بەو ئایینە لە ئەوروپا و خەڵکى زیاتر پشتى بە لایەنى زانستى دەبەست. بە هۆى ئەو ڕۆڵە خراپەى کاربەدەستانى کەنیسەوە، کە بە تەواوى دەستیان خستبوە ژیانى خەڵکى و تەنانەت هەوڵى ڕێگریان دەکرد لە شێوەى بیرکردنەوەى خەڵکى و دەیانویست تەنیا شوێنکەوتوانى ئایینى مەسیحى وەلائیان بۆ ئەوان هەبێت، بەڵام بە سەرهەڵدانى ڕێنیسانس لە ئیتالیا و بڵاوبوونەوەى جوڵە زانستییەکان بەرەو وڵاتانى ترى ئەوروپا کۆتاییى بەو جۆرە بیرکردنەوانە هێنا و کاتى ئەوە هات بەرەو وڵاتانى تر زیاتر بکرێنەوە، بۆیە بەرەو کیشوەرى ئاسیا و ئەفریقا دەستیان پێ کرد.
لە دواى ئەم قۆناغە سەرەتاکانى ڕیفۆرمى ئایینى دەستى پێ کرد و لە جیهانى ئیسلامیشدا چەند گۆڕانێک ڕوویان دا، وەکو حوکمڕانى و دەسەڵات کەوتنە دەست بنەماڵەى عوسمانییەکان، بەمەیش دەسەڵات لە بنەماڵە و نەژادى عەرەبەوە کەوتە دەست تورکەکان، هەروەها هاتنى بە کۆمەڵى جولەکەکان لە ئیسپانیاوە بۆ ژێر دەسەڵاتى عوسمانییەکان، لەمەیش گرنگتر دەرکردنى موسوڵمانانى غەرناتە بوو لە سەدەى پازدەهەمدا. ئەم چاخەیش سەردەمى ململانێ و بەیەکدادانى سەربازى بوو، لە نێوان هەر دوو جیهانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، بۆیە نێوانى عوسمانى و ئەوروپییەکان بەردەوام بەرەو خراپیى دەچوو، هەر وەک ساڵانى (1350زاینى) شەڕى نێوان عوسمانى و ئەوروپییەکان لە بەلکان، گەییشتە ئاستێکى توندو ئاڵۆز، هەروەها سەدەیەک دواتر سوڵتان محەمەد فاتیح(1453زاینى ) توانى لە دڵى ئیمپراتۆرى ڕۆمەکانى ڕۆژهەڵات (بێزەنتین) بدات و پایتەختەکەیان قوستەنتین پۆل (ئەستەنبوڵ)ى خستە ژێر دەسەڵاتیەوە، کە چەند سەدەیەک جێگەى ناکۆکیى هەر دوو لایەنى مەسیحى و ئیسلام بوو. چیتر ئەو شەڕەى مەسیحییەکان نەیاندەویست بۆ ئامانجیان پێى بگەن ملى گرتنەوە، چونکە ئەوان دەیان ویست بە بێ ئەوەى موسوڵمانەکان بەئاگا بێنەوە لایەنى فیکرى و بیرکردنەوەیان گۆڕانى بە سەردا بێت، هەروەها لە دەیەى دووەمى سەدەى شازدەیەم، سوڵتان سەلیمى یەکەم، زۆرینەى بەشى هەنگاریاى گرت و دەوروبەرى شارى( ڤیەنا)ى تەوقدا، بەڵام نەیتوانى ئەو شارە بگرێت، لەمەوە جۆرە مامەڵەیەکى تر هاتە کایەوە، کە ململانێکان لە ئایینەوە گۆڕا بۆ سیاسەت.(52).
لە کۆتایییەکانى سەدەى شازدەیەم و سەرەتایى سەدەى حەڤدەیەم دەوڵەتى عوسمانى وردەوردە لە ڕۆیشتن بەرەو ئەوروپا وەستا و هەنگاونان بۆ دواوە و پووکانەوە دەستى پێ کرد و لەگەڵ ئەوەیشدا لەدەستدانى بەشێک لەو شوێنانەى دەستى بە سەردا گرتبوون و ئیمپراتۆرەکەیان بەرەو دابەش بوون و داتەپین دەچوو، بە جۆرێک بەرەو لێوارى داڕوخان دەچوو. کە هیواى هەستانەوە زۆر کەم بوو.

ئەو لاوازیەى کە بەسەر ئیمپراتۆردا هاتبوو چەند هۆکارێکى هەبوو، لەوانە، سوڵتان و کاربەدەستانى ئیمپراتۆرى عوسمانى بە ژیانى تایبەتیى خۆیانەوە خەریک بوون، زوڵم و ستەمیان بەرامبەر خەڵکى گەییشتە ئاستێکى بەرز وەک وەرگرتنى باج و سەرانە وبێ بەشکردنى ناوچەکان لە خزمەتگوزارى، لەگەڵ ئەمەدا ئەوروپییەکان بەرەو جیهانى ئیسلام زیاتر دەڕۆیشتن و تادەهات کارى خۆیان دەکرد، ئەوەیش لە ڕێگەى کردنەوەى چەندین ناوەندى پەروەردەیى ئەوروپایى لە سەر خاکى ئیمپراتۆرى عوسمانى.(53). بۆیە ڕۆژئاوایییەکان تا دەهات هەژموونیان لە وڵاتانى ژێر دەسەڵاتى عوسمانی زیادى دەکرد، تەنانەت دەبوونە هاوکارى ئەو دامەزراندنى ئەو بزوتنەوە و جوڵانەوانەى ژێر دەسەڵاتى عوسمانییەکان کە دژى ئیمپراتۆرى عوسمانییەکان بوون، وەک شۆڕشى محەمەد عەلى لەمیسر لە سەدەى نۆزدەیەم.
لە لایەکى ترەوە تا دەهات کۆمەڵە و دامەزراوە ئەوروپى و ڕۆژئاوایییەکانى تایبەت بە ئیسلام لە زیادبووندا بوون، هەر وەک لە کۆتایییەکانى سەدەى هەژدەیەم و سەرەتاکانى سەدەى نۆزدەیەم دەیان کۆمەڵە و دەزگاى تایبەت بە ڕۆژهەڵاتناسى دامەزرا و زانکۆکان کورسیى تایبەتیان بۆ لێکۆڵینەى ڕۆژهەڵات تەرخان کرد، لە لایەکى ترەوە دەوڵەتانى ڕۆژئاءا، هەنگاویان بەرەو داگیرکردنى ڕۆژهەڵات دەنا، ئەمەیش بە هاوکاریى ڕۆژهەڵاتناسان دەستیان پێ کرد، هەر چى ڕۆڵى بیرمەند و فەیلەسووفانى ئەوروپى و ڕۆژئاوایە نابێت لە بیر بکرێت بۆ پشتگیریى بیر و ئایدیاى ڕۆژهەڵاتناسان.

رێکخستن و بەدامەزراوەکردنى کارى ڕۆژهەڵاتناسى
پێشتر کورتەیەک لەسەر مێژووى رۆژهەڵاتناسى و ئاشنابونى رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەیەکتر باسکرا، هاوکات باسى ئەوەشکرا کە ئەو جۆرە خوێندنەوە و شیکردنەوانەى بەرامبەر یەکتر هەبوە بەشێوەى رێکخراوەى و مەبەست دار نەبوو کە لەشێوەى دەزگاو ناوەندى بەرنامە بۆ دانراو بەهەر ئامانجێک بێت کار بکات. بەڵام ئەگەر باس لە بەدامەزراوەکردنى کارى رۆژهەڵاتناسى لە زانکۆکان و کردنەوەى لق و ناوەندى ئەکادیمى و کۆمەڵەکان بکرێت، ئەوا سەردەمى حوکمى موسوڵمانان لە ئەندەلووس (ئیسپانیا)، وەک ئەو مێژووە دادەنرێت و دەست پێ دەکات، بەو پێیەى حوکمى موسوڵمانەکان لە (ئەندەلووس) لە سەدەکانى (11و12و 13 ) زاینى، سەرەتایى ڕۆژهەڵاتناسییە کە تیایدا، چەندین ڕاهیب و قەشەى مەسیحى، کتێب و نووسراوى موسوڵمانەکانیان وەرگێڕایە سەر زمانى وڵاتە ئەوروپییەکان و لە زانکۆکان لقى تایبەت بەو بوارەیان کردوەتەوە، وەک کارەکانى جربرت دى ئۆرلیاک، (938- 1003)زاینى، لە ئەندەلووس دەستى پێ کردوە، ئۆرلیاک، سەرەتا لە شارى (ئیشبیلیە و قورتوبە)، وانەى خوێندوە و دواتر بوەتە زانایەکى گەورەى سەردەمەکەى خۆى لە ئەوروپا و سەرقاڵى کارى تایبەت بە دونیاى ڕۆشنبیریى عەرەبى و ماتماتیک و گەردوونناسى بوو(54).
لەو کاتەوە دەست کرا بە وەرگێڕان و کۆکردنەوەى بەرهەمەکانى ئایینى ئیسلام، بە شێوەیەکى دامەزراو و پلان بۆ دانراو. لە قۆناغێکى گەشەکردووتردا و دواى شەڕى خاچدروشمان، هەر وەک هەندێک لە لێکۆڵەران ئەو مێژووە دەگێڕنەوە بۆ سەردەمى شەڕى خاچدروشمان کە زیاتر لە دوو سەدە بەردەوام بوە و شەڕەکە لە بەرژەوەندیى موسوڵمانان بە کۆتا هات، بە تایبەت سەردەمى (لویسى نۆیەم). دواى تێشکاندنیان لە شەڕى “دیمیات”، (1250زاینى)، نائومێدبوونى لە شەڕ بۆ ئەوەى قەرەبووى شکستەکەیان بکاتەوە وتى: “با ئیدى دەست بدەینە شەڕى ووشە و وتە، چونکە ئەم جەنگە دەتوانێت موسوڵمانەکان بشکێنێت.(55).
قسەکانى لویسى نۆیەم و شکستەکەیان بوە سەرەتایەک بۆ کارى زیاترى رۆژهەڵاتناسى و وانەیەک چیتر نەوەستن بۆ سەرکەوتن بە سەر دەسەڵاتى موسڵمانان و تۆڵەکردنەوەی شکستەکانیان. هەرچى لە دواى ئەم قۆناغە ڕووبەڕوبوونەوەیەکى ترى ڕۆژئاوا دەستى پێ کرد، دەکرێت بوترێت قۆناغێکى سەرکەوتووبوو بۆ هەڵگرانى ئایینى مەسیحى و ئەوانەى بە کارى مژدەبەخشی (موبەشیر)یەوە خەریک بوون، چونکە توانیان بڕۆنە ناو ڕۆژهەڵات و جیهانى ئیسلامی و دەست بە زانیارى کۆکردنەوە و توێژینەوە بکەن.
بۆچوونێکى تر سەرەتاى کارى ڕۆژهەڵاتناسى دەگێڕنەوە بۆ کۆنگرەى ڤیەنا لە ساڵى (1312 زاینى). کە ئەو کات لەو گۆنگرەدا بڕیارى دامەزراندنى چەندین لق و پەیمانگا بۆ لێکۆڵینەوەى تایبەت بە ڕۆژهەڵات درا.
بەڵام دکتۆر موحسین محەمەد حەسەن مێژوونووسى کورد، پێى وایە ئەو قۆناغانەى وەک سەرەتایى مێژووى ڕۆژهەڵاتناسى باس دەکرێن، هیچیان ڕاست نیین، چونکە ڕۆژهەڵاتناسى پرۆسەیەکى ڕۆشنبیرى و لێکۆڵینەوەیە کە لە سەردەمى ڕۆشنگەرى وەک سەرەتایەک دادەنرێت، لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى ئایینى لاواز بوو، بۆیە لە سەدەى نۆزدەیەم، ڕۆژهەڵاتناسى دەست پێ دەکات(56).
پێویستە ئەو بۆچوونەى، مێژوونووس دکتۆر محەمەد دسوقى وەک لە کتێبى (سیر تاریخى و ارزیابى اندیشە شرق شناسى) دا، هاتوە بخرێتە ڕوو کە پێى وایە، کارو مێژووى ڕۆژهەڵاتناسى لە سەردەمى حوکمى موسوڵمانان لە ئەندەلووس دەست پێ دەکات و تا ئێستا بەردەوامە و بە چەند قۆناغ گەشەى کردوە تا ئەمڕۆ. هەر وەک پێى وایە، قۆناغى یەکەم سەردەمى حوکمى موسوڵمانانە لە ئەندەلووس و قۆناغى دووەم، شەڕى خاچدروشمان (حرب الێلیب) لە ماوەى دوو سەدەدا و قۆناغى سێیەمیش لە نیوەى دووەمى سەدەى هەژدەیەم هەتاکو جەنگى دووەمى جیهانیى بەردەوامە کە لەو جەنگەوە تا ئێستا }کاتى نووسینى کتێبەکەى{ قۆناغێکى ترە و کۆتا قۆناغى ڕۆژهەڵاتناسییە، ئەم قۆناغە ترسناکترین قۆناغى ڕۆژهەڵاتناسییە.(57).
ئەوەى دسوقى باسى دەکات، باشى پێکاوە و بۆچوونێکى لە هەموویان گونجاوترە وەک قۆناغەکانى بەدامەزراوەکردن و زانستیکردن و ڕێکخراوەى کارى ڕۆژهەڵاتناسى، لەبەر ئەوەى پرۆسەیەکە بە چەند قۆناغ بەردەوام بوە نەک فیکرە و ئایدیایەک بێت لە ماوەیەکى دیارى کراو سەرى هەڵدابێت. بەڵام هەر وەک پێشتر ئاماژەى بۆ کرا، ڕۆژهەڵاتناسى و کار و چالاکى ڕۆژهەڵاتناسى لە سەردەمى یۆنانەکانەوە بە شێوەى ناڕێکوپێک و ناڕێکخراو دەست پێ دەکات و بە چەند قۆناغێک تا دەگاتە دەمەزراندنى پەیمانگا و لقى تایبەت بە ڕۆژهەڵاتناسى لە زانکۆکاندا و وەک زانست دەناسرێت.

دامەزراوە و پەیمانگا ڕۆژهەڵاتناسییەکان
بەدامەزراوەکردن و ڕێکخستنى کارى ڕۆژهەڵاتناسى و کردنەوەى لق و ناوەندى تایبەت بە ڕۆژهەڵاتناسى، بە چەند قۆناغێک گەشەى کرد، بەڵام وەرگێڕانى تایبەت بەم بوارە و پشتگیریکردنى دەوڵەتانى ئەوروپا بۆ توێژەر و گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسەکانیان لە سەردەمى دەسەڵاتى موسوڵمانان لە ئەندەلووس دەگەڕێتەوە، کە ئەو کات بە پشتیوانى پاپاى ڤاتیکان و قەشە و ڕاهیبەکان و کەسە ئایینییەکان دەستى پێ کرد، وەک وەرگێڕانى قورئان و ئەو کتێبانەى لە سەر ژیانى پێغەمبەرى ئیسلام و، کتێبەکانى تایبەت بە شەریعەت و پزیشکى و فەلسەفەى ئیسلام نووسرا بوون، هەروەها بەدواداچونى هەندێک لەو ڕاهیبانەى کە هاتبوونە ئەندەلووس و کاریان دەکرد، لەوانە (بوترس ئەلموحتەرەم)، لە ساڵى (1903-1156 زاینى) ، جیرار دى کریمون،(1114-1187 زاینى) ، ئەمانە لە ئەندەلووس ژیاون و توێژینەوەیان لەبارەى ئیسلامەوە کردوە، هەروەها دواى کۆنگرەى ڤیەنا، (1312 زاینى)، چەندین ناوەندى ئەکادیمى تایبەت بە بوارى ڕۆژهەڵاتناسى کراوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕۆژهەڵات. لەگەڵ ئەمەیشدا چەند زانکۆیەکى ئەوروپى، کۆرسى تایبەت بە فێربوونى زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان لە زانکۆکانى (کامبریج)، (سلامنکا) و (پۆڵۆنیا) و چەند زانکۆیەکى تر کردەوە، بەڵام لە سەدەى هەژدە و سەردەمى هاتنى کۆڵۆنیالەکانى ئەوروپا بەرەو وڵاتانى ئاسیا و ئەفریقا، کار و مەوداکانى ڕۆژهەڵاتناسى بە تەواوى فراوان بوە و ڕووخسارێکى ترى لەخۆ گرت هاوکات ئەرکیشیان جیاواز بوو، بەو پێیەى لەو سەدەیەدا وڵاتانى ئەوروپا کەوتنە پێشبڕکێ و ململانێ بۆ زوو گەییشتنە ئاسیا و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەمەبەستى دەست بەسەردا گرتنى ئەو ناوچەیە.
گەیشتن بە رۆژهەڵات، خەونى زۆرێک لە گەورەکانى ئەوروپا بوو، وەک ئەو ململانێیەى لە نێوان هۆڵەندى و پرتوگالى و فەرەنسى و بەریتانییەکاندا هەبوو، بۆ داگیرکردنى وڵاتى هیندستان و وڵاتە عەرەبییەکانى هەر دوو کیشوەرى ئاسیا و ئەفریقا.
لەوێوە زۆرترین کار بۆ ئەو مەبەستە کرا، بە تایبەت بۆ تێگەییشتن لە تایبەتمەندییەکانى ڕۆژهەڵات و تێکەڵبوون بە کلتوور و ڕۆشنبیرى و لایەنەکانى ترى ژیانى ئەوان(رۆژهەڵات)، بە تایبەت لە لایەن وڵاتانى بەریتانیا و فەرەنساوە. هەر وەک لە ساڵى (1734زاینى) جۆرج سیلى ئینگلیزى، قورئانى بە زمانى ئینگلیزى وەرگێڕا، هەروەها ساڵى (1759 زاینى)، ئینکتیل دوپرنى فەرەنسى، کتێبى پیرۆزى ئایینى زەردەشتى (ئاوێستا) ى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى فەرەنسى. بە هەمان شێوە لە ساڵى (1795زاینى)، قوتابخانەى زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان کراوەتەوە و لە ساڵى (1804 زاینى)، لە شارەکانى خارکیف و کازانى ڕوسى کۆرسى زمانەکانى ڕۆژهەڵاتى کراوەتەوە، هەروەها لە ساڵى (1779زاینى)، زاراوەى ڕۆژهەڵاتناسى لە زمانى ئینگلیزیدا بەکار هێنا، لە ساڵى (1799زاینى)، لە زمانى فەرەنسیدا بەکار هێنرا و لە ساڵى (1838 زاینى) زاراوەى ڕۆژهەڵاتناسى شێوەیەکى ڕەسمیى وەرگرت.(60).
سەبارەت بە کۆمەڵەو گروپە ڕۆژهەڵاتناسییەکانیش چەندین کۆمەڵە دامەزرا. وڵاتى بەریتانیا، ساڵى (1823 زاینى) لە لەندەن “کۆمەڵەى لێکۆڵێنەوەى ڕۆژهەڵات” ى دامەزراند. هەرچى وڵاتى ئەمریکایە، لە ساڵى (1842 زاینى) “کۆمەڵەى ڕۆژهەڵاتناسانى ئەمریکا” ى دامەزراند.(59).

گۆڤار و بڵاوکراوەکان وەک گەیاندنى پەیامى رۆژهەڵاتناسى
لە سەدەى نۆزدەیەم و لەگەڵ دامەزراندنى کۆمەڵە و پەیمانگاکانى تایبەت بە ڕۆژهەڵاتناسى، چەندین بڵاوکراوە و پەخش دەرچوون. کە زیاتر خزمەتى بە ئایدیا و فیکرەى ڕۆژهەڵاتناسى و کارى موژدەبەخشى (موبەشیر)ى مەسیحى دەکرد و زیاتر کاریگەریی لە سەر خەڵکى هەبوو. یەکێک لەو کەسانەى کارى دەکرد (هامر برجشتال) بوو کە یەکەم گۆڤارى زانستى تایبەت بە ڕۆژهەڵاتى لە ڤێیەنا (1809 زاینى) بە ناوى “سەرچاوەکانى ڕۆژهەڵاتناسى” دەرکرد، لە ساڵى (1895 زاینى) ، گۆڤارى “ئیسلام” تایبەت بە جیهان و کلتوورى ئیسلامى دەرچوو.(60). هەروەها گۆڤارى “جیهانى ئیسلامى” لە ئەمریکا، کە بیرۆکە و ئایدیاى مەسیحییەتى بڵاو دەکردەوە و بە شێوەى ئاشکرا سوکایەتى بە ئایینی ئیسلام دەکرد.(61). نەک کارى توێژینەوەى زانستى و ئەکادیمى.
دواتر چەندین گۆڤارى دیکە بەم ناوە بڵاو بوەوە و گۆڤارەکانى تایبەت بە ڕۆژهەڵاتناسى سەدانى تێپەڕاند.

کورسیى خوێندن بۆ رۆژهەڵاتناسى
لایەنێکى دیکەى تایبەت بە پەرەپێدانى ڕۆژهەڵاتناسى، دابینکردنى کورسیى خوێندن بوو بۆ ئەو خوێندکار و کەسانەى لە سەر ڕۆژهەڵاتناسى دەیانخوێند هاوکاری و پاڵپشتى ماددى و مەعنەوەییان هەبوو، وڵاتانى ئەوروپا لەمەدا جیاوازبون لەرووى دابینکردنى کورسى خوێندن و مێژووەکەى. بەم شێوەیەى خوارەوە:
وڵاتى بەریتانیا:
بەریتانیا پێشەنگى ئەو وڵاتانە بوو هەر زوو گرنگیى بەم لایەنەدا، وەک ئەو کورسیى خوێندنانەى تەرخانی کرد، ساڵى (1640زاینى)، ئارک بیشۆپ لۆد، دەستنووسە ڕۆژهەڵاتییەکانى کۆکردەوە و یەکەم کورسیى خوێندنى لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دامەزراند، بۆ خوێندکارە زیرەکەکان کە ولیەمى سێیەم پشتگیریى دەکرد، دووەم کورسى خوێندنى رۆژهەڵاتناسى، لە هەمان زانکۆ ساڵى (1699 زاینى)، لە لایەن شاژنە ئانى، تەرخان کرا و پشتگیریى کرد، بۆ ئەم مەبەستە یەکەم کورسى زانکۆى ئۆکسفۆرد، بۆ ئیدوارد پۆکى (1604_1691زاینى)، تەرخانکرا، کە یەکەم لێکۆڵەرى ئەو وڵاتە بوو زمانى عەرەبى فێر بوو، دواتر سەردانى چەند وڵاتێکى عەرەبى کرد و (420) دەست نووسى بڵاو نەکراوەى لەگەڵ خۆى بردەوە کتێبخانەکانى بەریتانیا. ئەمانە سەرەڕاى هاوکارى بنەڕەتى حکومەت وەک زووتر گەییشتن بە ئامانج خەڵات و دیارییان پێشکەش دەکردن، وەک ئەوەى جۆرجى یەکەم (50) دۆلارى خەڵاتى ئەو مامۆستا و خوێندکارانەى زانکۆى ئۆکسفۆردى دەکرد، کە عەرەبى فێر دەبوون.
هەروەها لە زانکۆى کامبریج، لە ساڵى (1660 زاینى)، یەکەم کۆرسى تەرخان کرد بۆ فێرونى زمانى عەرەبى و دواتر زمانى هیبرۆ (عیبرى) و سریانى و زمانەکانى تر کورسیان بۆ تەرخان کرا، بە هەمان شێوە جۆرجى یەکەم، ئەو بڕە پارەى بۆ ئەمانیش تەرخان کردوە.
هەر لەو سەدەیەدا، چەندین کورسیى تر تەرخان کرا بۆ خوێندکاران و فێرى زمانى عەرەبى بوون، دواتر هاتنە وڵاتانى عەرەبى و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. وەک تۆماس هایدى، جۆن کۆرنیە، تۆماس هۆنت، جۆزیف وایت و چەندانى تر (62). لە کۆتایییەکانى سەدەى هەژدەیەم و سەرەتاى سەدەى نۆزدەیەم، ئینگلیزەکان بە تەواوى لە هندستان و وڵاتانى دیکەى دەوربەرى باڵادەست بوون، بە تایبەت بە دامەزراندنى کۆمپانیاى هیندى ڕۆژهەڵاتى و گەشەسەندنى کارەکانى چەندین لێکۆڵەر و گەڕیدە سەردانى ئەو وڵاتەیان کرد و دەستنووس و دۆکیۆمێنتەکانیان کۆکردەوە و کاریان لە سەر دەکردن.

 

وڵاتى فەرەنسا:
هاوڕێ وڵاتى فەرەنسا، شانبەشانى بەریتانیا، دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە و کارکردن لە سەر ڕۆژهەڵات، لە ساڵى (1718 زاینى)، “کۆلیژى دى فرەنس” بۆ لێکۆڵینەوەى زمانەکانى سریانى و حیبرى، دواتر زمانى عەرەبى و تورکى و فارسى دامەزرا. ئەم کۆلیژە لە لایەن دەسەڵاتە یەک لە دوایەکەکانى (لویسەکان)ى فەرەنساوە هاوکارى و کار ئاسانیان بۆ دەکردن.
هەروەها لە ساڵى (1795زاینى) ئیکۆلى دیس لە نگویج ئۆرێنتایس ڤیڤانتس و سیلڤیسترى دى ساسى، لە پاریس دامەزراند. لە ساڵى (1814 زاینى) کۆلیژى (ساسى)، کورسى بۆ خوێندنى زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان دامەزراند، یەکەم کورسى بۆ فێربوونى زمانى سانسکرێتى بوو، بۆ “لیۆنارد دى چیزى” تەرخان کرا.
هەروەها چەندین لێکۆڵەر و گەڕیدەى فەرنسا نێردرانە وڵاتانى ڕۆژهەڵات و هاوکارى دەکران وەک، ئەنتۆنیۆ گالاند، فازە دو هاڵدى، ئەبراهام هیاسینتى و چەندانى تر کە ئیشیان لە سەر بەرهەمە عەرەبییەکان کردوە و ناوبانگیان هەیە وەک وەرگێڕانەکانى ئەنتۆنیۆ گالاند، ساڵى (1704-1708زاینى)، لە کتێبى “هەزار و یەک شەو”ى عەربى وەرگێڕاوە.
دەبێت کارە شکستخواردوەکەى هێنرى چوارەم پاشاى فەرەنسا بخرێتە ڕوو، کە هەوڵی دا کۆمپانیاى فەرەنسى ڕۆژهەڵاتى هندستان دامەزرێنێت لەساڵى (1604 زاینى) ، بەڵام ئەمە سەرى نەگرت بۆ هێنرى چوارەم.
هەروەها هاریکارى و پشتیوانییەکانى تالیران، وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا، لە حکومەتەکەى ناپلیۆن پۆناپارت، بۆ بەهێزکردنى پێگەى وەزارەتى دەرەوەیان ساڵى (1805 زاینى) چەندین هاوکاریى پێشکەش ئەو کەسانە دەکرد، کە هەوڵى فێربوونى زمانى عەرەبیان دەدا.( 63).
وڵاتى ئەڵمانیا:
هەرچى وڵاتى ئەڵمانیایە دەستی کرد بە دامەزراندنى پەیمانگا و قوتابخانەى تایبەت بە ڕۆژهەڵاتناسى، بەڵام دەستپێکردن و هەوڵەکانى وڵاتى ئەڵمانیا، لەم لایەنەوە درەنگتر بوو، ڕاستە لێکۆڵەرە ئەڵمانییەکانیش لە کۆتایییەکانى سەدەى هەژدەیەمەوە و سەرەتاى سەدەى نۆزدەیەم دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى وڵاتێکى داگیرکارى نەبوو، هەروەها خوێندکارەکانیان زیاتر لە وڵاتێکى وەک فەرەنسا لە بارەى ڕۆژهەڵاتەوە دەیان خوێند، بۆیە جیاوازییەک هەبوو، زۆرێک لەو خوێندکارانەى ئارەزووى توێژینەوە و نووسینیان لە بارەى ڕۆژهەڵاتەوە هەبوو دەچوونە وڵاتى فەرەنسا بە تایبەت کۆلیژى (ساسى) و دواتر دەگەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان. بۆ کارکردن تایبەت بەم بوارە، لەوانە جۆرج ویلهیم فریتاج، گۆستاڤ فلۆجیل، ئەبراهام جیەجیر و چەندین خوێندکارى تر توێژینەوەیان لە سەر ڕۆژهەڵات دەکرد. بەشێکى زۆر لەم توێژەرانە لە بارەى ئیسلامەوە توێژینەوەیان دەکرد، بەڵام یەکەم پەیمانگاى تایبەت بە ڕۆژهەڵاتناسى لەو وڵاتەدا، لە ساڵى (1845 زاینى) بە ناوى”کۆمەڵەى ڕۆژهەڵاتى ئەڵمانى”. لە لایەن کۆمەڵێک ڕۆژهەڵاتناسەوە دامەزرا، هەروەها لە ساڵى (1887 زاینى)، چەندین سیمینار بۆ زمانەکانى ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو. دواتر چەندین کتێب و توێژینەوەیان بڵاوکردوە. بەڵام یەکەم کورسى بۆ خوێندن لە ساڵى (1908 زاینى)، لە هامبۆرگ تەرخان کرا.(64).
جگە لەو وڵاتانەى باسکران وڵاتانى ترى ڕۆژئاوا، چەندین دامەزراوە و پەیمانگایان بۆ لێکۆڵینەوەى تایبەت بە ڕۆژهەڵات دامەزراند و دەیان و سەدان توێژەر و لێکۆڵەرى ئەو وڵاتانە توێژینەوەو لێکۆڵینەوەیان ئەنجام داوە. لێرەدا تەنیا چەند نمونەیەکیان باسدەکرێت، لەوانە ڕۆژهەڵاتناسى (هۆڵەندى)، تۆماس ئیرپینۆس (1584-1624 زاینى) ، لە سەر ڕێزمانى عەرەبى چەندین بەرهەمى بڵاوکردوەتەوە. هەروەها وڵاتى (هەنگاریا)ش چەندین ڕۆژهەڵاتناسى هەبوەو لێکۆلێنەوەیان ئەنجام داوە، لەوانە جۆناس ئۆرى، چەندین دەست نووسى بڵاو کردوەتەوە.
لە وڵاتى (ڕوسیا)یش، بە شێوەیەکى ورد کاریان لە سەر ڕۆژهەڵات کردوە و جێدەستیان دیارە، یەکەم کورسى بۆ خوێندنى ڕۆژهەڵات لە ساڵى (1804 زاینى)، لە مۆسکۆ دامەزراوە، هەروەها یەکەم بەشى زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان لە ساڵى (1835 زاینى) بە شێوەیەکى ئەکادیمی و زانستى بوە، بەڵام دواتر هەموو زانکۆ ڕوسییەکان گرنگییان بە خوێندنى زمان و بنەماکانى ئیسلام داوە.
لەبارەی کاری هاوبەشەوە لەنێوان وڵاتانى ئەوروپا و رۆژئاوا، بە شێوەیەکى هەماهەنگیى لەنێوان ڕۆژهەڵاتناسەکان و لە کارێکى پێکەوەیدا (ئینسایکلۆپیدیاى ئیسلام)یان دەر کرد، بەڵام لەلایەن دوو ڕۆژهەڵاتى ئەڵمانیەوە سەرپەرشتى دەکرا، ئەوانیش (ئەرسەر سکۆدى) و (ڕیچارد هارتمان) بوون کە یەکەم بەرگى لە ساڵى (1913 زاینى) بڵاو کراوەتەوە و دووەم بەرگى لە ساڵى (1927 زاینى) بڵاو کراوەتەوە.(65).
دواتریش لە کاتى هەر دوو جەنگە گەورەکەى جیهان، کارى ڕۆژهەڵاتناسى گەیشتە لوتکە و شوێنێک و لایەنێکى ژیانى تایبەت بەرۆژهەڵات نەما بوو کارى لەسەر نەکەن و زانیارى لە سەر کۆ نەکەنەوە، بەڵام لە دواى جەنگى جیهانیى دووەم، کارى ڕۆژهەڵاتناسى گۆڕانى بە سەردا هات، بە هۆى سەربەخۆى وڵاتانى ڕۆژهەڵات و پاشەکشێى وڵاتە کۆڵۆنیالەکانى ئەوروپا و گواستنەوەى دەسەڵاتى یەکەم و هەژموونى دەسەڵات لە جیهان، بە تایبەت لەئاسیادا لە بەریتانیاوە بۆ ئەمریکا گۆڕانى بەسەرداهات. دواتر دەست پێ کردنى (شەڕى سارد) لەنێوان بلۆکى رۆژهەڵات بەسەرۆکایەتى روسیا و بلۆکى رۆژئاوا بەسەرۆکایەتى ئەمریکا دەسەڵاتى رۆژئاواییەکانى لەرۆژهەڵات کەمکردەوە.
هەروەها بەستنى چەند کۆنگرەیەک لە ئەوروپا، تایبەت بە کارى ڕۆژهەڵاتناسى، واى کرد، کارکردن لەم مەودایەدا گۆڕانى بە سەردا هات و کۆنفرانس و کۆنگرەکانى ئەم لایەنە بڕیارى لە داهاتووى کارى ڕۆژهەڵاتناسى و ئامانجەکانى و شێوەى کارکردنى دەدا.

کۆنگرەکانى تایبەت بە ڕۆژهەڵاتناسى
لە نیوەى دووەمى سەدەى نۆزدەیەم، بۆ زیاتر ڕێکخستنى کارى ڕۆژهەڵاتناسى و گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە وڵاتى فەرەنسا، ساڵى (1873 زاینى) یەکەم کۆنگرەیان لەسەر رۆژهەڵاتناسى بەست. ئەمە وەک سەرەتاى کارى ڕۆژهەڵاناسى فەرمى دادەنرێت، کە تیایدا زۆرێک لە وڵاتانى ئەوروپا و بە تایبەت ئەو وڵاتانەى (ڕۆژهەڵاتناس)یان هەبوو پێکەوە کۆ دەبوونەوە بۆ ڕێکخستنى زیاترى کارى ڕۆژهەڵاتناسى و ئەو لایەنانەى کە بڕیارى لە سەر دەدرا کارى بۆ بکەن.
دواى کۆنگرەکەى پاریس، سى (30) کۆنگرەى نێودەوڵەتیى تریان لە وڵاتانى ئەوروپا بەست، هەر چەندە پێشتر کۆنگرەى بچوکتر و ناوخۆى لەچەند وڵات بەسترابوو وەک کۆنگرەى شارى “درسدن” (1849 زاینى) بەسترا.
لەو کۆنگرە نێودەوڵەتییانە سەدان زانکۆ و هەزاران زانا و ڕۆژهەڵاتناس و گەڕیدە بەشداریى دەکرد و بەرنامە و پلانى کارکردنیان دادەنا.(66).
یەکێکى تر لەو کۆنگرە گرنگانەى لەسەدەى (20) بیست بەسترا، کە وەک یادى سەد ساڵەى، یەکەم کۆنگرەى ڕۆژهەڵاتناسى و هەم کارى لە سەر داهاتووى ڕۆژهەڵاناسى دەکرد و تیایدا سەدان ڕۆژهەڵاتناس و گەڕیدە و توێژەرى ئەوروپى بەشدارى بوون وتیایدا ناوى ڕۆژهەڵاتناسیان گۆڕى، ئەویش “کۆنگرەى پاریس”بوو کە لە ساڵى (1973 زاینی)دا بەسترا. هەر لە کۆنگرەکەدا زاراوەى ڕۆژهەڵاتناسى بۆ “کۆنگرەى جیهانى بۆ توێژینەوە لەئاسیا و باکوورى ئەفریقا” گۆڕا. (67).
ئەمەش دیارە هەنگاوێکى دیکەیە بۆ دەرچوون لەو تێڕوانینەى کە بۆ ڕۆژهەڵاتناسەکان هەبوو، لە لایەن خەڵکى رۆژهەڵات و بەشێک لە ئەوروپاییەکان، چونکە ئاگادار بوون لەوەى کە ڕۆژهەڵاتناسەکان ڕق و کین و بێزراویان هەبوو بەرامبەر رۆژئاوا و جیهانى ئیسلامى بە تایبەتى.
هەر وەک بێرنارد لویس ئەو ڕاستییەى خستوەتە ڕوو کە لە ئێستا بە دواوە}دیارە قسەکانى بەرنارد لویس بۆکاتى گۆنگرەکە دەگەڕێتەوە{ کار و ماناى ڕۆژهەڵاتناسى خراپ بوە و مانا و تێگەییشتنێکى خراپى هەیە، و کۆنگرە کاتێکى باشە بۆ چاو خشاندنەوە بە ئەرک و فەرمانى ڕۆژهەڵاناسى، بۆیە بە زۆرینەى دەنگ لەگەڵ گۆڕینى ناوەکەى بوون.(69).
دواى ئەم کۆنگرە چەند کۆنگرەیەکى تر لە ساڵانى دواتر و نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو بەسترا و جۆرێکى تر لە کارى ڕۆژهەڵاتناسى هاتە کایەوە، بە تایبەت دواى هێرشەکەى 11 سێپتەمبەرى (2001 زاینى) ، بۆ سەر دوو تاوەرە بازرگانییەکەى ئەمریکا لەشارى نیو یۆرک، کە زیاتر ئەو بوارە لە دەرکردنى بڵاوکراوەکان و کەناڵەکانى تەلەفیزیۆنى و ئینتەرنێتەوە و کارى کارتۆنییەوە خۆی دەبینیەوە و بەردەوامن لەکارى رۆژهەڵاتناسى.


ئەنجام
– بۆچوونەکان لە بارەى پێناسە و مێژوو، جیوگرافیا و کارى ڕۆژهەڵاتناسییەوە جیاوازن و تائێستا بۆچونێکى کۆنکرێتى و سەرەتایەکى دیارى کراویان نییە بۆ دەستپێکردنى ڕۆژهەڵاتناسى، بەڵام پرۆسەیەکە لە سەردەمى یۆنانەکانەوە بە شێوەى پچڕ پچڕ و ناڕێکخراو بەردەوامیى هەیە و لە چەند قۆناغێک پێک دێت.

– لەهەڵسەنگاندى رۆژهەڵاتناسان، ناکرێت بە چاوێک تەماشاى کارەکانیان بکرێت، چونکە بەشێکیان تەنیا هەوڵى ناشرینکردنى ڕۆژهەڵات و جیهانى ئیسلامییان داوە، بەڵام بەشێکى تر لەو ڕۆژهەڵاتناسانەى کە لێکۆڵینەوەیان دەکرد، بەو پەڕى زانستییانە و ئەمانەتەوە زانیارى و داتاکانیان دەگواستەوە، کە ئەوان نەبوونایە سەدان و هەزاران بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتى ڕۆژهەڵات و وڵاتانى ئیسلامى لە ناو دەچوون. ئەوان لە ویژدانێکى ساغ و بەسۆز و ئازایەتییەکى بێ وێنە کاریان دەکرد، ئەوان گوێیان بە ڕەخنە و گازندە و تەماح و پولى وڵاتانیان نەبوو، بەڵکو کارى زانستى و دانشمەندیى لە پێش هەموو شتێکەوە بوو.

– ڕۆژهەڵاتناسى، لە پەیوەندیى نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، فۆڕم و شێوازێکى نوێى هێنا بەرهەم لە دونیایەکى شەڕ و پێکدادان بۆ دونیایەکى زانست و ململانێى مەعریفى گۆڕا.
– هەر چەندە لە حەفتاکانى سەدەى رابردوو ناوى ڕۆژهەڵاتناسى گۆڕاوە، بەڵام فیکرەى ڕۆژهەڵاتناسى تا ئێستا هەیە و بەردەوامە، کە هەندێکیان هۆکارێک بوون بۆ بە کەم سەیرکردنى ڕۆژهەڵات.


سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1. ، A.L.. Macfie: Orientalism، first publish. UK. 2002، page 20
2. A.L.. Macfie: Ibid، page 20.
3. Alastair Bonnett: The idea of the West (culture، politics and history)، London، 2004، page 4
4. Zachary Lockman: Contending Visions of the Middle East ( the history and politics of Oreintalism)، University press new York. Page 14.
5. نەریمان عەبدوڵا: ڕۆژهەڵاتناسى دەرکەوتن و ئامانجەکانى، گۆڤارى کۆچ، ژمارە 7و8، 2008، لاپەڕە 281.
6. ڕزادە شاهمیرى: نچریە و نقد پسا استعمارى، تهران، چاپ اول، چاپ ڕامین، سال 1389. لاپەڕە 52.
7. د. مەحمود زەقوق: لە ڕووبەڕووبوونەوەى ڕۆژهەڵاتناسیدا، وەرگێڕانى، سەلام عەبدولکەریم، گۆڤارى کۆچ، ژمارە 7 و8، 2008 لا 304.
8. دکتر محمد دسوقى: سیر تاریخى و ارزیابى شرق ڕندیشە شناسى، ترجمە دکتر محمود رچا افتخار زادە، تهران، چاپخانە، گلوع ازادى، چاپ ڕول، 1376، لاپەڕە 88.
9. د. محەمەد دسوقى تێبینیى ئەوە دەکات، کە زاراوەکە لە لێکۆڵینەوەى ئەوروپییەکاندا هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان ئایینەکان و ئەدەب و نەریتى ڕۆژهەڵاتدا، واتە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئایینى ئیسلام و ئایینى بودا نییە. ئەمە هەڵەیەکى ئەنقەستى زانستییە و وەک سوکایەتیکردن بە ئایین و شارستانیەتى و فەرهەنگی ئیسلامە. بڕوانە د. محەمەد دسوقى: لا 88.
10. Edward Said، Orientalism،(USA) penguin group، 2003 ، Page 3.
11. Edward Said ; Ibid، page، 2.
12. Elena Andreeva ، Russia and Iran in the great game(travelogoues and oreintalism)، first publish U. S. A، 2007. Page، 23.
13. فاروق ڕەفیق: غەمە جڤاتییەکان، سلێمانى، بەرگى یەکەم، چاپخانەى ڕەنج، چاپى یەکەم، 2006. لاپەڕە 288.
14. هادریان ڕیلاند: ڕۆژهەڵاتناسێکى هۆڵەندیە، مامۆستاى زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان بوە لە زانکۆى ئۆتریخت لە هۆڵەندا، لە ساڵى (1705) کتێبێکى دەربارەى ئیسلام بە ناونیشانى (ئایینى موحەمەدى) نووسیوە.. هاردیان لە کتێبەکەیدا هەوڵی داوە بۆچوونى ڕۆژهەڵاناسەکان ڕاست بکاتەوە دەربارەى ئیسلام و تێگەییشتنێکى زانستى هەبوە، ئەمەیش بوە هۆکارێک کە لە کەنیسەى کاسۆلیکى کتێبەکەى هادریانى خستە لیستى کتێبە قەدەغەکراوەکانەوە، بەڵام ئەو ڕۆژهەڵاتناسە لە بۆچوونە زانستییەکانى پاشگەز نەبوەتەوە. بۆ زیاتر زانیاریى بڕوانە گۆڤارى کۆچ، ژمارە 7 و 8، لا 314.
15. هێنرى لامنس (1862-1937)، ڕۆژهەڵاتناسى بەلژیکی، ڕاهیبێکى دەمارگیر و دوژمنێکى سەرسەختى ئیسلام بوو. لە شارى ژانتى بەلژیکا لەدایک بوە و لە تەمەنى گەنجێتى چوەتە زانکۆ لە بەیروت و وانەى مەسیحى خوێندوە و لە ساڵى (1878) بوەتە ڕاهیب. و دوو ساڵ لە گوندەکانى نزیک بەیروت بوە و 5 ساڵ سەرقاڵى هونەر و فێربوونى زمان بوە. لە ساڵى (1886) بوەتە مامۆستا لە زانکۆى بەیروت. دواتر ماوەیەک لە بەریتانیا ژیاوە و گەڕاوەتەوە بەیروت، پاشان بوەتە مامۆستاى مێژوو و جیوگرافیا لە هەمان زانکۆ. لە دواى مردنى لویس شیخو، لە ساڵى (1927) بوەتە سەرپەرشتیارى گۆڤارى ڕۆژهەڵات، کە کارى ئەم گۆڤارە موبەشیرى و بڵاوکردنەوەى ئایینى مەسیحى بوە. لامنس دەیان وتارى بە زمانى فەرەنسى دەربارەى موبەشیرى مەسیحى و ئیسلام نووسیوە، کە هەندێک لە وتارەکانى وەرگێڕراون بۆ سەر زمانى عەرەبى. ئەو لە کارەکانى تەنها مەبەستى بوە سوکایەتى و ڕەتکردنەوەى ئایینی ئیسلام بێت نەک کارى زانستى. بۆ زانیاریى زیاتر بڕوانە د. محەمەد دسوقى: سەرچاوەى پێشوو لا 34.
16. Zachary Lockman: Op. cit، page، 14.
17. Zachary Lockman: Ibid، page، 15.
18. فاروق ڕەفیق: سەرچاوەرى پێشوو، لا 252.
19. سەلاحەدینى ئەیوبى گەورەتر لە ڕەخنەگرانى، گفتوگۆ لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر موحسین موحەمەد حسێن، ئا، ئارام عەلى سەعید، هەولێر، چاپخانەى چوارچرا، چاپى یەکەم، 2006. لاپەڕە 78.
20. Alastair Bonnett: Op. cit، page، 4.
21. د. محەمەد دسوقى، سەرچاوەى پێشوو، لاپەڕە، 88-89.
22. Zachary Lockman: Op. cit، page13.
23. A.L.. Macfie : Op. cit، page، 15.
24. A.L.. Macfie; Ibid، page 15.
25. تایرى، شارێکى کۆنى باشوورى وڵاتى لوبنانە، مێژووەکەى بۆ (2750 پێش زاینى) بۆ سەردەمى فینیقییەکان بە دواوە دەگەڕێتەوە و پێگەیەکى گرنگى بازرگانیى هەبوە و دوو بەندەرى بۆ بازرگانیى هەبوە بۆ گەییشتن بە ناوچەکانى تر.
26. Zachary Lockman: Op. cit، page، 11.
27. A.L.. Macfie: Ibid، page 15.
28. A.L.. Macfie: Ibid، page 16.
29. Zachary Lockman: Op. cit، page، 14 .
30. ، Zachary Lockman: Ibid، page15.
31. ، Zachary Lockman: Ibid، page16.
32. ، Zachary Lockman: Ibid، page، 55.
لەم بارەوە بڕوانە، A.L.. Macfie:33 Zachary Lockman: سەرچاوەى پێشو و، IBN Kathir Ad-damishqi، Stories of the prophets، Maktaba Dar-u-lsalam، 2003. Page، 88
34- IBN Kathir : Op. cit، page ، 88
35، Zachary Lockman: Op. cit، page 55 .
36-A.L.. Macfie : Op. cit، page:19
37- گۆڤارى کۆچ، هەمان ژمارە، لاپەڕە 282.
39-عەبدولڵا ئۆج ئالان: مانیفستۆى شارستانێتى دیموکراسیى شارستانیی سەرمایەدارى، و/ لوقمان عەبدولڵا، بەرگى دووەم، بڵاوکراوەکانى کۆنگرەى گەلى کوردستان }ئاماژە بە شوێن و ساڵى چاپکردنى نەکراوە{، لا 184.
40- ئافراسیاب گرامى: ئاخێوى (گفتمان Discourse) زاراوە، ڕەوڕەوەى مێژوویى، }هیچ ئاماژەیەک بۆ شوێن و ساڵى چاپکردنى نەکراوە{، لا 26.
41- ئیدوارد سەعید (ئیدوارد ودیع سەعید)، (1935_2003 ) بیرمەندى فەلەستینى_ ئەمریکی، ئیدوارد لە فەلەستین لەدایک بوە و لە ئەمریکا ژیاوە تا مردنى، ماوەیەک لە میسر ژیاوە و لە خوێندنگەیەکى بەریتانى خوێندویەتى و دواتر چوەتە ئەمریکا بۆ مەبەستى خوێندن، تاپلەى خوێندنى دکتۆراى تەواو کردوە و بوەتە مامۆستاى ئەدەبى ئینگلیزى لە زانکۆى کۆڵۆمبیا. سەعید، لە پەرتووکە بەناوبانگەکەى “رۆژهەڵاتناسى”(1978) بە چاپى گەیاندوە، ڕەخنەى توندى لە ڕۆژهەڵاتناسان گرتوە و پێى وایە، کارەکانیان خزمەت بە کۆڵۆنیال دەکەن نەک خزمەتکردن بە زانست. جگە لەو پەرتووکە چەندین پەرتووکى ترى دەربارەى بەراوردکردنى کلتوورەکانی نووسیوە. لەم بارەیەوە بڕوانە د. مەریوان وریا قانیع: کتێب و دونیا، سلێمانى، چاپخانەى سەردەم، 2011، لا 89_93.
42- A.L.. Macfie: Op. cit، page page 88
43- عەبدولڵا ئۆج ئالان: سەرچاوەى پێشوو، لاپەڕە 198_203.
44- دەقى نامەکەى پێغەمبەر(د.خ) بەم شێوەیە نووسراوە “لە موحەمەد بەندە و پێغەمبەرى خواوە بۆ (هەرقل) گەورەى ڕۆمەکان، سڵاو لەو کەسەى شوێنى هیدایەت دەکەوێت، موسوڵمان بە سەلامەت دەبیت، موسوڵمان بە خوداى گەورە دووچەندانە پاداشتت دەداتەوە، ئەگەر ملت نەدا گوناهى هەموو نەریسییەکان لەگەردنتایە”. بۆ زانیاریى زیاتر بڕوانە، ێفى الرحمان المبارکفورى: ژیننامەى پێغەمبەرى ئیسلام (گوڵاوى سەرمۆر)، بەکر حەمە ێدیق عارف، چاپى هەشتەم، سلێمانى، ناوەندى ڕۆشنبیر، 2013.لا 214.
45- ێفى الرحمان المبارکفورى: سەرچاوەى پێشوو، لا213.
46- یوحەننا دیمەشقى: قەشەیەکى مەسیحییە لە سەدەى هەشتى زایینى ژیاوە، یەکێکە لە دژایەتیکەرانى ئایینى ئیسلام، هەوڵی داوە شوێنکەوتوانى ئایینى مەسیحى بە شێوەیەک تێگەیەنێت ئیسلام ئایینێکى ڕاست نییە.
47- Ziauddin Sardar: orientalism، first edition، Raj press، New Delhi، 2002. Page، 18.
48- Ziauddin Sardar: Ibid،page 18.
49- ئەڤارۆس (Alvarus ) یان پۆل ئەلبار، ئەلڤارۆ دى کاردۆبا، (800 _861ز) توێژەرێکى مەسیحییە لە باشووریى نیمچە دوورگەى ئەبیریا دەژیا، وەک توێژەر و تیۆریان و شاعیر دەرکەوتوە. لە سەردەمى موسوڵمانەکان ژیاوە. وەک کەسایەتێکى ئایینى مەسیحى کارى کردوە و ئەو کاتەى ئەلبیریا کەوتە دەست موسوڵمانەکان لەوێ دەرنەچوە و ناڕازى بوە بە حوکمى موسوڵمانان.
50- Ziauddin Sardar: Op. cit، page،19.
51- شەڕى خاچدروشمان: لە سەدەکانى 11،12و13 ز لە نێوان موسوڵمانان و مەسیحى ڕووی دا، کە هەموو مەسیحییەکان لەم شەڕەدا بەشدارییان کرد، پارچەیەک خاچى سووریان هەڵکرتبوو، بۆیە بە شەڕى چاخدروشمان دروستە، نەک خاچپەرستان بەو پێیەى خاچدروشمیان بوە نەک پەرستراو. ئەو شەڕە نزیکەى دوو سەدەى خایاندوە و هەشت شەڕ کراون، کە سەلاحەدینى ئەیوبى توانى شارى قودس بگرێت. ئامانجى مەسیحییەکان لەم شەڕە ئازادکردنى بەیتولموقەدەسە کە زێدى لەدایکبوونى عیسا لە دەستى موسوڵمانان. بۆ زانیاریى زیاتر بڕوانە د محەمەد سوقى لا 70_73.
52- Zachary Lockman: Op. cit، page39.
53 – Zachary Lockman: Ibid. page، 41.
54 Zachary Lockman: Ibid. page، 46
55 گۆڤارى کۆچ، ژمارەى پێشوو، لا 306.
56 هەمان سەرچاوە، لا 282.
57 هەمان سەرچاوە، لا 393.
58 دکتر محمد دسوقى: سیر تاریخى و ارزیابى شرق ڕندیشە شناسى، ترجمە دکتر محمود ڕچا افتخار زادە، لا 61_62.8
59 ڕزادە شاهمیرى: نچریە و نقد پسا استعمارى، لا 54.
60 دکتر محمد دسوقى: سەرچاوەى پێشوو، لا 94.
61 گۆڤارى کۆچ، لا 317.
62 دکتر محمد دسوقى: لا 95.
63 A.L.. Macfie: Op. cit، page25،26.
64 A.L.. Macfie: Ibid، page، 46.
65 A.L.. Macfie: Ibid، page37.
66 A.L.. Macfie: Ibid، page42
67 گۆڤارى کۆچ، ژمارەى پێشوو، لا 318.
68 هەمان سەرچاوە، لا 292.
69 هەمان سەرچاوە، لا 294.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.