«سوژە»ی لێڤیناسی

Loading

 

 

بەشی پێنجەم

یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوەکانی فەلسەفەی مۆدێرن لە هزری پێش مۆدێرنە ، بە گرنگ دەرکەوتنی «سوژە[1]» لە ڕەوتی بیرکردنەوەی ڕۆژئاوا دایە . هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی دێکارت و وروژاندنی بابەتی «من بیردەکەمەوە ، کەوایە هەم» ، سوژە بوو بە تەوەرێکی تایبەت و لە  ڕەوتی بزوتنەوەی ڕۆشنگەری سەدەی هەژدەیەمدا سوژە وەک سەرچاوەی عەقلانیەت ، خۆسەرپشکی ، بەسەر خۆدا فەرماڕەوابوون وە دەستهەڵاتداری ڕەها لە بوارەکانی مەعریفە ، ئەخلاق ، سیاسەت و جوانیناسیدا ، پێگەیەکی بێ ڕکابەر و بێ بەدیلی بۆخۆی دەستەبەر کرد . لەم ڕوویەوە کەلێنێک کەوتە نێوان سوژە و ئۆبژە[2]وە  واتا سوژە یان هەمان ، کەوتە هەوڵی کورتکردنەوە و کەمکردنەوەی ئۆبژە یان غەیر . بەڵام سوژەیەک کە لێڤیناس هەڵدەستێت بە وەسفکردنی نە «منی بیرکەرەوە»ی دێکارتە و نە «سوژەی تراسندێنتاڵ»ی هوسرڵە ، کە سەرچاوەی خۆسەرپشکێتی و پتەوکەرەوەی جیهانە وە نەک تەنانەت «دازاین»ی هایدیگەریشە ، کە بە شێوەیەکی لە پێشدایانە «لە-جیهاندا»یە.

لێڤیناس لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئەخلاقی مۆدێرن بە تەواوەتی «سوژە بنەما» یە ، بە جۆرێک کە تەنیا و بەس سوژە و خواست و ویستە نۆڕمیەکانی[3] ئەو لەبەرچاودەگرێت و «ئەویدی» پشتگوێ دەخات . بە زمانێکی بێ پێچ و پەنا ، سوژەی مۆدێرن «خۆسەرپشک[4]»ە  نەک «ئەویدی سەرپشک[5]» (دباغ، 1388، ص 232). لێڤیناس ئەو سوژەیەی کە خۆی باوەڕی پێیەتی ، لە ڕێگەی بەرکەوتنی لەگەڵ ئەویدیدا ، وسفی دەکات بە جۆرێک کە لە میانەی ئەم “کەوتنە بەردەم ئەویدی”یەدا بەرهەمدێت (دیویس، 1386، ص 155).

Emmanuel Levinas[1][2] (French: [emanɥɛl ləvinas];[3] 12 January 1906 – 25 December 1995
Emmanuel Levinas[1][2] (French: [emanɥɛl ləvinas];[3] 12 January 1906 – 25 December 1995

بە بڕوای لێڤیناس ئەوەی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیدا ڕۆڵی دیاریکەری هەیە ، ئەخلاقە نەک مەعریفە ؛ کەوایە لە بنەڕەتدا سوژە بەرەو ئەویدی کراوەیە وە خاوەنی خەسڵەتی «بەرەو ئەیدییەتی» جەوهەری  یە ؛ بە چەشنێک کە تەنانەت سەقامگیری و مانەوەی سوژە بەندە بە ئامادەبوونی ئەویدی یەوە . لە ڕوانگەی لێڤیناسەوە هەر ئەم کرانەوە زاتیەی سوژە بەرەوە ئەویدی ، مەرجی ئیمکان و دەستدانی  کردەوەی ئەویدی خوازانەی وەک لەخۆبردوویی ، فیداکاری و لێبووردەی یە (علیا، 1386، ص 19). دەرەنجام دەتوانین بڵێین کە سوژەی ئەخلاقیی لێڤیناس ، مرۆڤێکی ئەبستراکت و تراسندێنتاڵ نیە ، بەڵکو خاوەن گۆشت و خوێنە وە تەنیا لە جەرگەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا مانا پەیدا دەکات . چونکە لە ڕاستیدا «ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا» ڕووداوێکی دواتر و «پاشین» نیە ، کە لەساتێک لەساتەکانی ژیانی سوژەدا بقەومێت بەڵکوو لە «پێش» سەرجەم ئەزموونەکانی تری ئەودایە ، وە تەنانەت درووستکەر و پێکهێنەری ئەویشە .

خاڵێکی گرنگ سەبارەت بە تێڕوانینی  لێڤیناس بۆ سوژە ، کە نابێ لەبیربکردرێت ئەوەیە کە : نابێ وابزانین کە هەوڵی فەلسەفی لێڤیناس هیچ شتێک جگە لە سەراوبن کردنەوە و پێچەوانە کردنەوەی ئەولەویەتەکانی مێتافیزیکی نەبووە ؛ یانی لێڤیناس بە هیچ شێوەیەک بە دوای وەپێش دانی «ئەویدی» بەسەر «هەمان»ەوە نەبووە وە هەرگیز بەتەمای ئەوە نەبووە کە ئەویدی لەسەر کورسی و پلە و پایەی هەمان دانیشێنێت .

لەبەرئەوەیە کەئەگەر ئاوها وێنای بۆ بکەین، کەوایە لێڤیناس کارێکی نوێی ئەنجام نەداوە جگە لە دووبارە خوڵقاندنەوەی هەر ئەو بیرە تۆتالیتاریەتەیە کە بەسەرکوت و داپڵۆسان بەتەمای سڕینەوەی جیاوازیەکان و لێکجیابوونەکانە ، کە لە ڕاستیدا ئەمە هەرهەمان ئەو شتەیە کە لێڤیناس دژ بە ئەو سەریهەڵداوە و خستوویەتە بە دەم ڕەخنەی توندەوە . لێڤیناس لە داڕێشتنی دەقی بابەتە فەلسەفیەکانی بە گوێرەی جیاوازی و بەرەنگاری نێوان سوژە و ئەویدی خۆدەپارێزێت ، چوونکە ئەم ئاڕاستەیە هەرهەمان ئاڕاستە و ڕێبازی ئەپستمۆلۆجیانە و ئۆنتۆلۆجیانە یە . لە حەقیقەتدا لێڤیناس سوژە ، نە جیاواز لەگەڵ ئەویدی وەسف دەکات و نە لە بەرەنگاری لەگەڵ ئەویدیدا ، بەڵکو لە وەسفی ئەودا دەڵێت : سوژە «جیا» یان جودا لە ئەویدی یە (دیویس، 1386، ص 86).

 بە بڕوای من ، لێڤیناس لە ڕێگەی ڕزگارکردنی ئەویدی لە ژێر ڕکێف و دەسهەڵاتی «هەمان» ، خوازیاری کۆتایی هێنان بەو مێژووە سەرکوتکار و داپڵۆسێنەرەیە کە بەرئەنجامی پێکبەرنگاری و دژبەرایەتی درۆزنانەی نێوان هەمان و ئەویدی یان سوژە و ئۆبژەیە ؛ هەر ئەوەشە وادەکات لێڤیناس لە مێتافیزیکەوە بەرەو «ئێتیک» هەڵکشێت .

سەرچاوەکان:

١- دباغ، سروش. (1388). درس گفتارهایی در فلسفه اخلاق. تهران: موسسه فرهنگی صراط.

٢-دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.

٣- علیا، مسعود. (1386). «حضور دیگری، شرط امکان اخلاق». کتاب ماه فلسفه. ش 2. صفحات 17تا 27.

[1] چەمکی Sujet ی فەرەنسی هاوتای  subject ی ئینگلیزییە و لە ڕیشەی وشەی sub – jectum وەرگیراوە ، کە بە واتای «ئەو شتەی کە کەوتووەتە ژێرەوە » دێت . یانی ئەو شتەی کە لە بن و ژێن هەموو شتێک دایە ، بە جۆرێک کە هەموو شتێک لەسەر ئەو ڕاوستاو و لەسەر پێیە . لە زمانی کوردیدا هاوسەنگەکانی ئەم زاراوەیە بریتین لە: سۆبێکت ، بکەر ، بکەری ناسێنەر ، ناسکار ، درک پێکەر ، بابەت ، زەین و هتد .

[2] چەمکی objet ی فەڕەنسی هاوتای  object ی ئینگلیزیە کە لە وشەی لاتینی objcere وەرگیراوە  ، کە بە واتای «خۆ لەبەردەم شتێک دانان» دێت . ئۆبژە یانی ئەو شتەی کە لە بەرامبەر سوژەدایە ؛ کەوایە ئۆبژە لەبارەیدا دەدوێن بە پێچەوانەی سوژە کە خۆی دەدوێت . بەزمانێکی دیکە ئۆبژە بیری لێدەکرێتەوە کەچی سوژە بیردەکاتەوە . لەزمانی کوردیدا هاوسەنگەکانی ئەم زاراوەیە بریتین لە : ئۆبێکت ، بەرکار ، بەرباس ، شت ، چت و هتد .

[3]  Norms . نۆرم زاراوەیەکی لاتین و یۆنانیە بە واتای پێوانە و بەراوردگەر . نۆڕ مۆدێلێکە لە پێناو ڕێکخستنی پەیوەندیەکان و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکاندا . نۆڕم هەروەها هەڵگری مانای ڕێباز ، شێواز ، یاسا  ، ڕێسا و ڕێوشوێنیشە .

[4]  Autonomy .ئەم وشە ئینگلیزیە لە وشەی autonomos ی زمان یۆنانی کۆن وەرگیراوە کە وشەیەکی لێکدراوە و لە دوو کەرت پێک هاتوە : کەرتی یەکەم auto یە کە بە واتای «خۆ» دێت و کەرتی دوهەمیش nomos ە کە یانی یاسا یان قانوون ؛ بەم چەشنە مانای ئەم وشەیە دەبێتە «کەسێک کە خۆی یاسا بۆخۆی دادەنێت» . ئەم وشەیە لە  فەلسەفەدا چەمکێکە تایبەت بە تاکێک کە بۆ بڕیاردان بە تەواوی سەرپشک و سەربەستە و تەنیا پشت بە عەقل و ئاوەزی خۆی دەبەستێتەوە .لە زمانی کوردیدا دەتوانین ئەم هاوتایانەی بۆ بدۆزینەوە : ئۆتۆنۆمی ، سەربەخۆ ، خۆبەڕێوبەر ، خۆسەر ، خۆڕێسا ، خۆیاسا و…

[5]  Heteronomy .کەرتی یەکەمی ئەم  زاراوەیە واتا hetero ، پێشگرێکە کە مانای «جگە لە ، وە ئەویدی» و «لە ڕەگەزێکی دی»  بە وشەی پێوەلکاوی خۆی دەبەخشێت ؛ بەم جۆرە ئەم زاراوەیە  بە واتای «کەسێک کە شوێنکەوتووی یاساکانی ئەویدی یە» دێت .