سەوزایی کوژ


Loading

بەختیار دڵساف پشدەری

دوای وەرگرتنی یەک هەفتە مۆڵەت، یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی دەوامی بوو. گۆڕانکاریەکی گەورە لە هەڵسوکەوتیدا ڕوویدابوو، بەر لە هەرشت و پێش ئەوەی بکەوینە سەر کار، سۆندەکەی کرد بە بەلۆعەکەوە و کەوتە ئاودانی گوڵەکان. وەرزی هاوین بوو، گوتی (بۆ ئاودانی چیمەنەکان، ئەمڕۆ من لەگەڵ تانکەری ئاوەکەدا دەڕۆم)، گەلێکمان بەلاوە سەیر بوو، ئاخر ئەو هیچ کات ئارەزووی لەم جۆرە کارانە نەبوو. هیچ کاتێک ئاگام لێنەبووە تەنانەت ئەو پەرداخە ئاوەی دەشیخواردەوە و ئەو کەمە ئاوەی لە پەرداخەکەدا دەمایەوە، دەیڕشت و نەیدەکردە ژێر ئەو گوڵەی لە ناو ئینجانەی ژوورەکەدا بوو. تەنانەت هیچ کاتێک نە گوڵێکی دەڕواند، نە تۆوی چیمەنیشی لەگەڵ دەکردین، تەنها لە هەڵکەندن و شیکردنەوەی زەویەکەدا هاوکاری دەکردین. لەگەڵ ئەوەدا کە لە بەشی کشتوکاڵ دەوامی دەکرد، هیچ ئارەزوویەکی لە بینینی سەوزایی نەبوو، سەرەتای وەرزی بەهار لە فەرمانگەکەی ئێمەدا دەرمانی وشککردنی گژوگیا دەکرا بەسەر ئەو گژوگیایانەدا کە تازە سەوز دەبوون، بۆئەوەی وشک بن و گەورە نەبن و هیچ مەترسیەک بۆ کەوتنەوەی ئاگر دروست نه‌كه‌ن. لە وەرزی هاویندا، ئەو بەر لە هەمووان دەچوو بە بەرپرسەکەی دەگوت کاری ڕشتنی دەرمان و وشککردنی سەوزاییەکان بدە بە من. لەگەڵ ئەوەدا کە ئەو کارە مەترسی تەواوی هەبوو لەسەر تەندروستی، وەلێ ئەو هەر پێداگیری دەکرد کە دەبێت هەموو ساڵێک ئەو، ئەو کارە ئەنجام بدات.

هەموو لەو نهێنییە سەرمان سوڕمابوو، بۆچی هێندە دوژمنی سەوزاییە، هەمیشە دەیگوت دەسەڵاتم هەبوایە سەوزایم لەسەر ئەم گەردوونە نەدەهێشت!
لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکی کەمدوو بوو، هەر کاتێک پرسیارێکت لێدەکرد، هێندە بە بێتاقەتی و بە کورتی وەڵامی دەدایتەوە، ئارەزووت لێ نەبوو جارێکی تر پرسیاری ئاڕاستە بکەیت. لەناو ئەو هەموو گاڵەتە و قسە خۆشانەی لەناو هاوڕێکاندادەکرا، هیچ بەشدارییەکی نەدەکرد.
کەسێکی زۆر ئیماندار بوو، سەرجەم ڕۆژانی (دووشەممان و پێنج شەممان) بەڕۆژوو بوو، لەکاتی پشوودانیشدا، گەلێکجار یان زیکری دەکرد یان قورئانی دەخوێند. ئێمە پێمانوابوو ئەو کەمدوویی و گۆشەگیریەی کاریگەری ئەو قووڵبوونەوە و ڕۆچوونەیە کە لە دیندا هەیەتی. جارێک لێمانپرسی تۆ کە هێندە پەیوەستی بە دینەوە، بۆچ هێندە دوژمنی سەوزاییت؟ خۆ پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێت (ڕوواندنی دار یەکێکە لە خێرە نەبڕاوەکان، کە لەپاش مردنیش پاداشتی هەر هەیە.) بە وەڵامێکی زۆر کورت گوتی (ئەوە پەیوەندی بە ژیانی خۆمەوە هەیە.)

ئەمێستا کە بەم شێوازە گۆڕاوە، هەموو بەلامانەوە سەیربوو! پرسیارمان لێکرد، چاوەڕێ بووین بە کورتی و بێتاقەتی وەڵام بداتەوە، وەلێ بە ڕوویەکی خۆشەوە گوتی (نیوەڕۆ لەکاتی پشوودا، پێتان دەڵێم.) زۆرمان لەلا سەیر بوو، من بەشبەحاڵی خۆم زۆر بەپەرۆش بووم، تاکو بووە نیوەڕۆ، لێی کۆبوینەوە، کەوتە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی.
(من چەند ڕۆژێک بەر لە شاڵاوی ئەنفال، بۆ سەردانی هاوڕێیەکم، چوومە شارۆچکەی تەقتەق لە ئێوارەیەکی خەمناکی هاویندا، لەلایەن چەند جاشێکەوە دەستگیر کراین، براینە ئەمنی کۆیە، دواتر بۆ ئەمنی سلێمانی. بەکورتی ڕووداوەکان دەگێڕمەوە، چونكه‌ دەبێت کەمێکی تر بچینەوە سەر کار. لەوێ دوو مانگ زیندانی کراین، بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک، ئەشکەنجەیەکی زۆر دراین، ڕۆژێک دەرگای سجنەکەیان کردەوە و بانگکراین و ئازادیان کردین بەبێ هیچ پرسیارێک! ڕووداوێکی گەلێک سەیر بوو نە هۆکاری گرتنەکەمانمان زانی نە ئازادکردنەکە. دوای ئازادبوون، هەوڵی گەڕانەوەمدا بۆ گوندەکەمان، بیستم لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا، کە من زیندان بووم، تەواوی کەسوکارم ئەنفال کراوە و گوندەکەش وێران کراوە، لەناویاندا دەستگیرانی خۆشەویستم کە لە دوای چەندین ساڵ ئەڤین، نزیک مانگێک دەبوو مارەم کردبوو، ئەویش ئەنفال کر او بە چارەنووسی نادیار مایەوە. بەناچاری لەم شارەدا مامەوە.
کەسوکارم ئەوانەی لە پرۆسەی ئەنفال ڕزگاربووبوون، هەواڵی ئەوەیان دامێ کە دەستگیرانیشم وەکو هەزارەها مرۆڤی ئەم وڵاتە، زیندەبەچاڵ کراوە. لە دوای ڕاپەڕین سەرجەمیان گەڕانەوە گوندەکە، وەلێ من لەو ساڵەوە، هەتاکو هەفتەی پێشوو، نەمدەتوانی بچمەوە، دڵنیا بووم ئەو یادەوەریانەی لەوێ بەرچاوم دەکەون، تەواو بە هیلاکی دەبردم. بۆیە پێم باش بوو، بەتەنها لەم شارەدا ژیان بگوزەرێنم. بەڵام ئەم هەفتەیە لەگەڵ دەزگیرانی خۆشەویستمدا پێکەوه‌ چووینەوە گوندەکەمان!
هەموو تێکڕا پرسیمان (واتە ماوە؟)
هەناسەیەکی قووڵی پڕ حەسرەتی هەڵکێشا و گوتی (نا، ڕوفاتەکەیان هێنایەوە، بەتەنها ڕوفاتی ئەوم برد لە گوندەکەمان بەخاکم سپارد، نهێنی دڵخۆشی ئێستا و غەمباری ئەوسام ئەمە بوو.) ئەوێکی خۆشەویست کە لە بیابان بوو، دەبوو منیش بیابان نشین بم، کارم لەگەڵ سەوزایدا نەبێت، وەلێ ئێستا کە ئەو لە نیشتیمانی شاخ و کانی و گوڵزارە، منیش چیتر سەوزایی کوژ نابم.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین