تابلۆی زەیتی؛ دۆڕانی تیتانەکان – ١٥٨٨- ١٥٩٠ لەلایەن نیگارکێشی هۆڵەندی کۆڕنیلیس ڤان هارلێم The Fall of the Titans. Cornelis Van Haarlem, 1558 -1560

خواوەندە زۆڵەکانی ئاسمان و زەوی


بەشی یەکەم

Loading

 

فڕێدان بۆ ناو جیهان

مرۆڤ بونەوەرێکە لەگەڵ نیگەرانیدا لەدایکدەبێت، مرۆڤ ئاژەڵێکە دەبێت شوێناکەی لە جیهاندا ڕوونبکرێتەوە، مرۆڤ بونەوەرێکە تێپەڕبوونی زەمەن و مردن چارەنوسێتی. لەدایکبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی  پابەندە بەو هەستە گەورەی کە لە دونیادا تەنیایە، لە بەرامبەر گەردووندا تەنها دەنکە خۆڵێک یان تۆزێکی بابردووە. ئەم نیگەرانییە گەورەیە سەرەتای بەرەنگاربوونەوەیەتی لەگەڵ بوونی خۆیدا، بوونی لە دونیایەکدا کە بەئارەزووی خۆی نەهاتووە، بەڵکو `مارتین  هایدگەر` گووتەنی؛ فڕێدراوەتە نێو جیهانەوە.

مرۆڤ بەبێ ویستی خۆی لە جیهاندایە، مرۆڤ لەگەڵ بوونی خۆیدا هەست بە فڕێدانیک دەکات، توڕهەڵدانێک بۆ نێو بوونێک بەدەر لە ئیرادەی خۆی، بۆ ناو جیهان و لە خەمی جیهاندا دەژی.  بەجۆرێک،  کە “نیگەرانی“ یان “مشورخواردن لە جیهان“3 Weltsorge  بەگوزارشی هایدگەر، دەبێتە ئەو هەستەی هەمیشە بەدوویەوەیەتی. لەناخی مرۆڤدا هەستکردن بە بەجێمان، بە فڕێدان، بە ترس و دڵەڕاواکێ و نەخۆشی، ترس لە نادیار و چارەنوسی نادیار، ژیانی گێژدەدا.  ئاوەها مرۆڤ نەخۆشێکی بەردەوامە لە خەستەخانەیەکی گەورەدا کەناوی جیهانە… مرۆڤ وەک (پیتەرسڵۆتەردایک) دەڵێت؛ “ سەرەتاکانی خۆی نازانیت و کۆتایەکانیشی تاریکن، لەنێوان ئەم دوو شوێنەدا تۆیان داناوە“ 1

مرۆڤ لەنێوان سەرەتای نادیاردا بەوەی لەکوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەڕوات کە دونیای تاریکی مردنە و نادیارە، لەگەڵ بوونی خۆیدا  دانیشتووە و لە خەمخۆری بوونی خۆیدایەتی. بوونی مرۆڤ  فڕێدانێکە بۆ نێو نادیار و ترس و دڵەڕاوکێ دەوری داوە. دەتوانین ئەم ترس و دڵەڕواکێیە لەژێر ناونیشانی `نیگەرانی – Unbehagen`  پێناسەی بکەین. ئەم نیگەرانییە بەدیوێکی تردا هۆشمەندی مرۆڤە بەرەو خودی خۆی، ئەو پرسیارەیە بەوەی مرۆڤ لە کوێی ئەم “فڕێدانەدایە بۆ نێو جیهان“ دایە و دەیەوێت چۆن لەم `بوونە بەزۆر داسەپاوە`دا شارستانێتی خۆی بینابکات. بەو سیفەتەی کۆی شارستانێتی مرۆڤایەتی لەسەر بنەماکانی ئەم نیگەرانیە گەورەیە خۆی بیناکردووە، ئاوا ئەم هۆشمەندییە ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی خەیاڵ، خەیاڵێک تێدا مرۆڤ بوونی خۆی تێدا شرۆڤە کردووە.

خەیاڵبەندی مرۆڤ دەربارەی چارەنوسی خۆی، بوونی خۆی، شوێنای خۆی لەگەردووندا، سەرەتاکانی لەدایکبوونی یەکەمین مرۆڤ و فڕێدانی بۆ ناو سەر زەوی، خەیاڵێکە لەمسەری ئەم گۆی زەویەوە درێژدەبێتەوە بۆ ئەوسەری، بەمانای بەکۆی گشتی بەشدارە لەیەک خەیاڵدا، کە خەیاڵگەی گشتییە، بەڵام لەهەر کولتورێکدا فۆرم و شێوەی خۆی وەرگرتووە، لەناوەڕۆک و جەوهەردا، هەمان نیگەرانی و دڵەڕاوکێن بەرامبەر جیهان[1]. لەم خەیاڵ و وێناکردنەوە مرۆڤ بەدووی سەرەتاکان و تراژیدیەکانی خۆیدا گەڕاوە و وێنەکانی لەدایکبوونی خۆی لەسەر زەوی و ئاسمانەکانی خواوەند، نیگارکێش کردووە. مرۆڤ سەرەتا لە فۆرمی ئاینیدا، بیری کردۆتەوە، بیری لە پێکێهنانی؛ گەردوون، زەوی، ئاسمان، زەمەن، کەش و هەوا، گۆڕانکارییە سروشتیەکان، نەخۆشی و ژیان و مردن، کردۆتەوە. خەیاڵی مرۆڤ زادەی  بیرکردنەوەیەکی پڕ ترس بووە لەو هێزە گەورانەی بە مەزندەی ئەو قەدەر و سروشت و شتەکان دەجوڵێنن، هەم دروستکاری گەردوون و ژیانن و هەم جوڵێنەری قەدەرەکان. لەم چرکەساتەوە `خواوەندەکان` لە خەیاڵی شیعریی مرۆڤەوە لەدایکدەبن.

مرۆڤ و شیعر هیچیتر نین جگە لە مرۆڤ و خوا نەبێت کە ئەم ئەویتر لە خەیاڵدا دەخوڵقێنێت و ئەویتر قەدەری ئەوی مرۆڤ دەجوڵێنێت، ئەمەش سەرەتای دروستبوونی خێڵ و گروپە کۆمەڵایەتیەکانە کە لە پەرستگاکانی خواوەندەکاندا کۆدەبنەوە و خواکان پیرۆز دەکەن. لێرەوە شارستانیەتە گەورەکان لە هەناوی ئەم خەیاڵە شیعرییەوە لەدایکدەبن و تاوەکو چرکەساتی ئێستامان خۆیان درێژ دەکەنەوە.

 مرۆڤ لەو هەستکردنەوەی بە لاوازیی خۆی بەرامبەر سروشت و نەخۆشی و کارەسات و ژینگە، پەنای بۆ خواوەندەکان بردووە، لەگەڵ لەدایکبوونی وێنەی خواوەندەکان لە خەیاڵگەی مرۆڤدا، وێنەی مرۆڤیش لەدایکدەبێت، لەگەڵ مرۆڤیشدا خوا لەدایکدەبێت.

خواوەندەکان یەکەمین فۆرمی بیرکردنەوەی مرۆڤن بۆ شرۆڤەکردنی بوونی خۆی لە ناو جیهاندا، یەکەمین کڵێشەی بیرکردنەوەی بوونگەرایی `Existenzialtät[2]` مرۆڤە لە ناو جیهاندا. ئەم بیرکردنەوەیە بەبێ نیگەرانی تێ نەپەڕیوە. بەبێ ئازار و ترس لە داهاتوو و نەخۆشی و پیری و مردن و لەدەستدانی منداڵ و ئازیزان، جەنگ و خیانەت و کوشتار، وێنای بۆ نەکراوە. هەربۆیە چەقی بیرکردنەوەی مرۆڤ ئاڕاستەیەکی میتافیزیکی وەرگرتووە، چونکە خۆی هیچ شرۆڤەیەکی تەواوی بۆ سروشت و جیهان نەبووە.

لەم خاڵەوە `خواوەندەکان` دێنە سەر شانۆی بیرکردنەوەی مرۆڤ، لەم خاڵەوە خواوەندەکان لە شیعرەوە بازهەڵدەدەنە ناو ژیانی ڕیاڵی مرۆڤەکان، لەم خاڵەوە لەدایکبوونی خواوەند و مرۆڤ و ئاینەکان، لە دایکبوونی شیعرە لەسەر ئەم زەویە. لە کوێشدا شیعر هەبێت خواوەندێک لە دایکدەبێت، لە کوێشدا مرۆڤ شیعریانە بیریکردبێتەوە بۆتە مامانی خوایەکی نوێ.

لەم بیرکردنەوە شیعرییەدا کە خواوەندەکان لە ڕێگەی شیعرەوە دێنە سەر شانۆی ئەم گەردوونە، مرۆڤ هەموو ناسۆرییەکانی خۆی دەخاتە ملی خواوەندەکان، چونکە ئەوە ئەوانن  ئەویان فڕێداوەتە ناو ئەم دونیا پڕ نەخۆشی و برسێتی و کارەسات و جەنگ و ململانێیەوە. ئەوە خواوەندەکانن کە چارەنوسی ئەو دەجوڵێنن و ئەمیان فڕێداوەتە سەر ئەم زەویە.

لەم پێچە ترسناکەی بیرکردنەوەدا،  فڕێدان لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی، لای مرۆڤ مانای سزادانی بووە، سزادانی گوناهێک هەڵگری  تۆوی `گوناهی یەکەمە`. گوناهێک کە بووە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە بەهەشتی خواوەندوە فڕێبدرێتە سەر زەوی. لێرەوە کۆی مرۆڤایەتی هەڵگری تۆوی ئەو گوناهە گەورەیەیە، لە فڕێدانمانەوە لە بەهەشتی خواوەندەوە بۆ سەر زەویەکی پڕ ئازار و کارەسات.

 

خواوەندە زۆڵەکانی ئاسمان و زەوی

لە میتۆلۆژیای میسری کۆندا خواوەند ` شوو – Shu` ئاسمانی لەسەر شانەکانی هەڵگرتووە و نایەڵێت ئاسمان بەربێتەوە سەر زەوی4. خواوەندی میسریەکان `شوو` پەیوەندی نێوان زەوی و ئاسمانیان بۆ مرۆڤ ڕاگیرکردووە. `شوو` وەک خواوەندێک بەرجەستەبوونی جێگیریی و ئارامییە لە سەر زەوی. ئاسمان  و هەوای نێوان زەوی و ئاسمان، ڕەشەبا و شنەبا و نەرمە با هاوسەنگی نێوان ئاسمان و زەوین، کە خواوەندێک وەک هێوریی دەیبەخشێتە مرۆڤەکان…

هاوشێوەی ئەم  خواوەندە لای گریکەکانیش بوونی هەبووە، کە بە `ئەتڵەس – Atlas` ناونراوە، ئەو خواوەندەی زەوی لەسەر شانەکانی هەڵگرتووە و یەکێکە بووە لە `تیتانەکان – Titans` کە نەوەی یەکەمی خواوەندەکانی ئەم گەردوونەن. دونیای تیتانەکانیش دونیایەکی پڕ خوێنڕشتن و ئەشکەنجەدان، تۆڵەسەندنەوە، خیانەتکردن لە یەکتری بووە. لێرەوە، لە ئاسماندا هەموو شەڕەکان ڕوویاندەدا و لە ئاسمانیشدا هەموو ڕۆحەکان ئاسوودەگی خۆیان دەدۆزیەوە، لە نێوان ئاسمان و زەویدا، `تیتانەکان` دەهاتن و دەچوون.

 شەڕی خواوەندەکان، شەڕی تیتانەکان، ئەو شەڕەیە کە مرۆڤایەتی لە خەیاڵدانیدا بەرهەمیهێناوە. تیتانەکان بەپێی `تیۆگۆنی هیسیۆد“ Hesiod Theogony [3]“ وەها هاتووە کە سەرەتا ئیرۆس Eros  سکی  خواوەندێکی مێینە ` گایا – Gaia `  پڕ دەکات،  `گایا` کە مانای `زەوی` دەگەیەنێت؛ هەر خۆی زەویە و هەم خۆشی خواوەندیی زەوییە. لەم جووتبوونەدا، ئۆرانۆس  Uranos ی نێر، لەدایکدەبێت کە مانای `ئاسمان` دەگەیەنێت.  `ئۆرانۆس – ئاسمان`  لەگەڵ دایکی خۆیدا `گایا – زەوی` دا دەخەوێت و چەندەها خواوندی دیکە بەناوی ` تیتان Titan` لەدایکدەبن؛ شەشیان نێرینەن و شەشی دیکە مێینە. بەمجۆرە گایا و ئۆرانۆس جۆرێک لە گەڕەڵاوژەی لەدایکبوونی تیتانەکان دەخوڵقێنن کە بەسەردەمی `گەڕەلاوژەی تیتانەکان` ناسراون. هەروەها خواوەندی دیکە دەهێننە دونیاوە، لەوانە؛ ئۆقیانوس و کرۆنۆس.

 نەک نەوەی یەکەمی خواوەندەکان لە گوناهەکردنی خەوتنی کوڕ و دایک، زۆڵ و دایک `باستارد و دایک` دێنە گەردوونەوە و چارەنوسەکان دەجوڵێنن، بەڵکو سیکلۆپەکان Cyclops کە سێ بران و  دێوی  یەک چاون، وەک منداڵی ئەو دووانە `ئاسمان و زەوی`  بەمانای `ئۆرانۆس و گایا` لەدایکدەبن؛ ئەم سێ درنجە یەک چاوە  `سیکلۆپس – Cyclops ` ناویان؛ `ئاگرێس، برۆنێتس و ستیرۆپێس`[4] کە وەستای دەستڕەنگینی“ڕووناکی، هەورەبروسکە و ئاگرن`، ئەمانە فڕێدەدرێنە `تارتارۆس – Tartarus` کە قووڵایی جەهەنم و تاریکییە. سیکلۆپەکان لەلایەن ئۆرانۆسی باوکیانەوە بەنەفرەتدەکرێن بەرەو `تارتارۆس`، هەر دوایش ئەم دێوە یەکچاوانە، ئەم زۆڵە بەنەفرەتلێکراوانە، یارمەتی نەوەی دووهەمی خواوەندەکان دەدەن کە دوایی لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا بە `خواوەندەکانی ئۆلۆمپ` دەناسرێن، بۆئەوەی کرۆنۆسی برایان بنێرن بۆ دونیای تاریکایی و لەوێ بۆ ئەبەد زیندانی بکرێت.

 

تابلۆی زەیتی؛ دۆڕانی تیتانەکان – ١٥٨٨- ١٥٩٠ لەلایەن نیگارکێشی هۆڵەندی کۆڕنیلیس ڤان هارلێم The Fall of the Titans. Cornelis Van Haarlem, 1558 -1560

شەڕی کوڕ و کچەکان لەدژی باوکیان (کرۆنۆس) بە ڕێبەرایەتی  زۆیس Zeus بوو. سیکلۆپەکان، درنجە یەکچاوەکان، یارمەتی برازاکەیان زۆیس دەدەن کە براکەیان لەناوبەرێت، چونکە ئەویش وەک باوکیان `ئۆرانۆس`، دوای خەساندنی باوکی لە لایەن کرۆنۆسی برایانەوە،  کرۆنۆس دووبارە ئەوان بەنەفرەت دەکات، هەربۆیە ئەوانیش لە ڕقی کرۆنۆسی برایان  شەنی هەورە بروسکە بۆ زیۆسی برازایان   دروستدەکەن.

نەک هەر سیکلۆپسەکان دەعباو دێودرنجی گایا و ئۆرانۆس بوون،   بەڵکو  سێ برای دیکە لە مەنفاکانی باوکیاندا دەژیان کە بە   هێکەتێنچێڵایزەکان –  [5]Hectohenries ناسراون،  یاخود با بڵێین `دێوە سەد قۆڵەکان`  کە ئەمانەش سێ دێوە برای یەکن، هەر یەکەی سەد قۆڵ و پەنجا سەریان هەبوو ئەوانە؛ براریۆس، کۆتۆس، گایگێس[6] بوون و  باوکیان ئۆرانۆس `ئاسمان`  وەک سێ برا یەک چاوەکانیان بە نەعلەتیان دەکات و دەیەوێت بیانگەڕێنێتەوە بۆ ناو منداڵانی دایکان `گایا – زەوی`  بەڵام گایا دژی ئەم بڕیاڕە دەوەستێتەوە و پەنا بۆ کوڕەکەی`کڕۆنۆس`ە  دەبات بۆئەوەی لەدەست مێردەکەی `ئۆرانۆس` ڕزگاری بێت.  پێویستە ئەوە بڵێین؛ کە `کرۆنۆس- ` Cronus  مانای `زەمەن – کات` دەگەیەنێت، یەکێکە لە کوڕە  تیتانەکانی ئۆرانۆس و گایا. بەمجۆرە کرۆنۆس لەسەر ڕاوێژی گایای دایکی،  باوکی، ئۆرانۆس، دەخەسێنێت و بە مەڵاغانە گەورەکەی گوونی ئۆرانۆسی باوکی لێ دەکاتەوە و فڕێدەداتە ئۆقیانوسەکانەوە. لەوێوە لە کەفی بە هاژەی فڕێدانی گوونی ئۆرانۆسی باوک بەدەستی کڕۆنۆسی کوڕ، خواوەندی جوانی و ئارەزوو و سێکس،  ئافرۆدیتا،  لە دایکدەبێت.[7]

 

تابلۆی نیگارکێشی سەدەی شانزە – گیۆرگیۆ ڤاساری؛ کرۆنۆس یان ساتورن بە مەڵاغانەکەی گوونی باوکی دەبڕێت.

 

بەمجۆرە لە ئاسمان و زەوییەوە خواوەندەکانی سەرەتا `تیتانەکان` خراپەکاری و خیانەت و شەڕ دەستپێدەکەن، هەمووشی لە دەرئەنجامدا بەسەر مرۆڤدا دەشکێتەوە، چونکە مرۆڤ لەسەر  ئەو زەویە دەژی کە `گایا` لێی بەرپرسە و لەژێر ئەو ئاسمانەیە کە `ئۆرانۆس`  خواوەندێتی.

لەنێوان ئاسمان و زەویدا، لەنێوان ئۆرانۆس و گایا دا، سەردەمی گەڕەڵاوژەی تیتانەکاندا، بەپێی گێڕانەوەکانی هیسیۆدی شاعیری یۆنانی؛ کوڕ و باوک و دایکەکان دەکەونە خیانەتکردن لە یەکتری؛ یەکتری سەردەبڕن و یەکتری لە جەهەنەمە ترسناکەکاندا زیندانی دەکەن. دایکەکان لەگەڵ کوڕەکانیاندا دەخەون، باوکەکان منداڵەکانیان دەخۆن و لە ورگیاندا زیندانیان دەکەن. ئاوەها دونیای نەوەی یەکەمی خواوەندەکان، کولتوری زۆڵ و لەشفرۆش و خیانەتکاران لەدایکدەبێت[8].

لێرەوە سەرەتاکانی گەردوون لەم خەیاڵگەیەی یۆنانیدا هیچیتر نییە، جگە لەو سەرەتایانەی خەڵق نەبێت کە خواوەندە زۆڵەکان پێکەوەیان ناوە. مرۆڤ لەسەروویەوە خوێنڕێژێک ئاسمانێتی و لە ژێریشیەوە لەسەر زەوی دایکێکی لەشفرۆش و داوێنپیس و پیاوکوژ، زەویەتی. مرۆڤ لەنێوان  خواوەندی  ئاسمانی نێر و خواوەندی زەوی مێینە و زۆڵەکانیان، لەدایکدەبێت.

 لێرەوە زۆڵەکان `باستاردەکان`  لە خەیاڵگەی  پێنج سەد ساڵی  پێش زاین  لەدایکدەبن. بە مانای لە خەیاڵگەی  گریکی کۆن `ئارخایک گریک –  Archaic Greece ` وە خواوەندی زۆڵ، دایکی لەشفرۆش و خیانەتکار و باوکی  خوێنڕێژ بێ ئەمەک ، پێکەوە وەک سیفەت و سوبێکت لەدایکدەبن و لەیەکتری جوادا نابنەوە. هەر لەسەردەمی گریکی کۆنەوە ئەو خواوەندانە لەدایکدەبن و دەپەرسترێن کە باوکی خۆیان دەکوژن و لەگەڵ دایکیان دەخەون. ئەوانەی دایکیان بۆ هەواو هەوەسی خۆی، بۆ بێزاری خۆی لە هاوسەرەکەی، دەبنە پلانڕێژی کوشتنی مێردەکانیان بەدەستی کوڕەکانیان. ئەوەی دەمێنێتەوە کوڕ و دایکە، باستارد و دایکە، زۆڵ و دایکە، کە پێکەوە دەمێننەوە و پێکەوە دەچنە سەرجێگە و نەوەیەک لە زۆڵ دەخەنەوە، کە بە گەردووندا وەردەبن و دونیا پڕ دەکەن لە جەنگ و ئەشق و ئازار و نەخۆشی و ئەشکەنجە و خوماریی.

 

Constantin Hansen Prometheus Crating man 1845.کۆنستانتین هانسن، پڕۆمیتۆس مرۆڤ دەخوڵقێنێت، ١٨٤٥
Constantin Hansen Prometheus Crating man 1845. کۆنستانتین هانسن؛ پڕۆمیتۆس مرۆڤ دەخوڵقێنێت، ١٨٤٥

 

 

کاتێک مرۆڤی یۆنانی بۆ هەر یەکێک لە خواوەندەکان پەرستگایەکی تایبەت بینادەکات و کەشیگەرایی پەرستنی خۆی و قوربانی خۆی پێشکەشدەکات، ئەوا هیچیتر ناکات جگە لە مەزنکردنی ئەو خواوەندانە نەبێت کە لەناو هەناوی شیعرەوە، لە خەیاڵی مرۆڤەوە لە ئاسمانەکاندا وەک `زۆڵ – باستارد – Bastard` لەدایکبوون. بەپێچەوانەی گوزاشی  فەیلەسوفی ئەڵمانی `پیتەر سلۆتەردایک` دەدوێم، سڵۆتەردایک پێیوایە  `کولتوری زۆڵەکان` لە سەدەی سیانزەوە بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن، بە تایبەت ده‌ركه‌وتنی  دووه‌م باستارد[9]  کە له‌ كرسیتانیزمدا `فرانسیس` خودێكه‌ لاسایی مه‌سیح  ده‌كاته‌وه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ ده‌زانین كه باستاردی ‌یه‌كه‌میان یه‌سوعه‌  كه‌ خوا باوكیه‌تی، به‌ڵام هی دووه‌میان `فرانسیس` باوكی سه‌ر زه‌وی ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، ئه‌مەیان‌ گه‌نجێكه‌ به‌‌ ناوی (جیۆڤانی باتیستا بێرناردۆنێ[10]) كه‌ (به ‌فه‌ڕه‌نسییه‌ بچوكه‌كه‌) ناسراوه‌ یان به (‌فرانسیس) ناوبانگ دەردەکات‌. فرانسیس له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی سیانزه‌ له ساڵی‌ ١٢٠٧ له ‌ئیتاڵیا  له‌لایه‌ن باوكیه‌وه‌ ڕاپێچی به‌رده‌م دادگای كڵێسا ده‌كرێت، چونکە لەژێر فەرمانی دەرچووە. فرانسیس خۆی لەباوکی بێبەری دەکات و دەڵێت؛ باوکی سەر زەوی دەگۆڕمەوە بە باوکی گەورە کە خوایە… بەمجۆرە بە ڕای سلۆتەردایک، (کە لەبەشەکانی دیکەشدا بە وردی دێینە سەر ئەم بابەتە) ڕای وایە؛ دووهەمین باستارد بانگەشەی زۆڵێتی خۆی بکات لە سەدەی سیانزەدایە. بەڕای ئەو؛ لە قەشە فرانسیسەوە کولتوری باستارد و سەردەمی باستاردەکان دەسپێدەکات، و لە کولتورەکاندا ڕۆڵی خۆیان دەبینین… بەڵام من پێموایە ئەم مێژووە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی خواوەندەکانی گریک `تیتانەکان` لە خەیاڵزەدیی مرۆڤی یۆنانی کۆندا. لێرەوە پێموایە سەرەتای لەدایکبوونی بیرۆکەی خواوەندەکان تا دەگاتە خودا تەنهاکانی ئاینە یەکتاپەرستیەکان، هیچیتر نەبوون، جگە لە لەدایکبوونی زۆڵ نەبێت کە مرۆڤ لە خەیاڵدانی کولتورەکاندا ناوی خواوەند و خوای لێ ناوە. مرۆڤ پەرستگای بۆ ئەم زۆڵەی خەیاڵی بیناکردووە و پەرستویەتی. ئاوەها پێموایە؛ لە کوێدا زۆڵ هەبێت، خواوەند هەیە، لە کوێدا خوای تەنها هەبێت، ئەوا وەک زۆڵێکی ئەبەدی لەتەنهایی خۆیدا، لە ئاسماندا ژیاوە و سەیری مرۆڤی کردووە.

 

ماویەتی …

 

 

 

تێبینی: ئەم دووبەشەی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دوو بەشن لە چاپتەرێکی کتێبێکی هزریی و کولتورناسییە، لەگەڵ چەندەها تابلۆی  جۆراوجۆری کلاسیک،  لەداهاتوودا گەر دەرفەت و  زەمەن  یار بێت، چاپدەبێت.

 

 

پەراوێزەکانی ئەم بەشە:

[1]  لێرەدا گەڕانەوە بۆ دەروونشیکاری کۆمەکی و ئارخیک تیوب Archetype، بەتایبەت کاڕل گۆستاف یۆنگ لە کتێبی `مرۆڤ و هێماکانی` گەر بە کوردی دەستبکەوێت. تکایە  بڕوانە  ناونیشانی کتێبەکە بە زمانی ئەڵمانی؛

 C. G. Jung, Der Mensch und seine Symbole, Walter Verlag 1999.

[2] لێرەدا پێمباشە بوو، ئێکسیستێنتالیتێت  Existenzialtät  مارتین هایدگەر بەکاربهێنهم. کە لە وەرگێڕانی بۆ کوردی، پێمباش بوو بە پرسی `بوونگەرایی` وەریبگێڕمە سەر کوردی. دیارە بوونگەرایی جیاوازە لە هەبوونی –  ئێکسیستێنتسیالنExistenzialnen    کە ئەمیان دەچێتە بواری ژیانی هەبوویی –   Ontisch  ئۆنتیش نەک ئەنتۆلۆژی Ontologisch  .بۆ زیاتر بۆ دەقە ئۆرگینالەکە بە ئەڵمانی `Sein und Zeit`  لاپەڕە 40 -45    یاخود تکایە بگەڕێڕەوە بۆ  وەرگێڕانی کوردی هایدگەر  لەلایەن  د. کەمال موحەمەد، لەژێر ناونیشانی ` بوون و کات` چاپی دەزگای سەردەم ٢٠١٢.

[3] تیگۆنی هییسۆد قەسیدەیەکە باس لە لەدایکبوونی نەوەی یەکەمی خواوەندەکان `تیتانەکان` دەکات و جینالۆجیای لەدایکبوونی خواوەندەکان دەژمێرێت. قەسیدەیەکە شەش تا حەوت سەدە پێش زاین لەلایەن `هیسیۆد – Hesiod` نوسراوە…  بۆ زیاتر بڕوانە بەئەڵمانی:

Hesiod, Theogonie, Griechisch / Deutsch, Reclam Verlag 1999

[4] Arges, Brontes, and Steropes

[5] Hectohenries – Die Hekatoncheiren

[6]Briareus also called Aegaeon, Cottus, and Gyges also called Gyes.

[7] بێگومان لێرەدا  گێڕانەوەی  ` هۆمێر یان هۆمێرۆس  Homer` مان هەیە  لە داستانی   `ئەلیادە`  کە گوایە  ئافرۆدیتا لە هەردوو خواوەند  زیۆس  و  دیۆنی لە دایکبووە. بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا بەپێی هەردوو گێڕانەوەکانی هەردوو شاعیرەکە؛ هیسیۆد و هۆمیرۆس؛ کرۆنۆس دەچێتە جێگەی باوکی و خوشکەکەی خۆی `ڕێها` دەکات بەژنی خۆی و لەوێوە نەوەیەکی دیکە لە خواوەند لەدایکدەبن. نەویەک کە کۆتایی بە سەردەمی `تیتانەکان` دەهێنن.       

[8]  لە بەشەکانی دیکەی ئەم کتێبەدا دێمەوە سەر کولتوری زۆڵ و لەشفرۆش و قۆشمەکان.

[9]  مەسیح  لەڕووی چەمکی باستارد یان بڵێن زۆڵێک پێناسە دەکرێت، بەوەی   باوکی نادیارە، بە باستاردی یەکەم پێناسەی دەکەین. مەسیح لەسەرەتای بانگەشەکەیدا کەخۆی بە کوڕی خوا دەناساند، جولەکەکان بە باستارد `زۆڵ` ناویاندەبرد. ئەمە باستاردی یەکەمە.

[10] Giovanni Battista Bernardon.

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌