مه‌سعود بارزانی و نه‌وشیروان موسته‌فا

ڕزگار عه‌لی؛ چەند جیاوازێکى نێوان بزووتنەوەى گۆڕان و پارتى – به‌شی دووهه‌م


Loading

پارتى توانایه‌كی گەورەى هەیە لەوەى دوژمن و نەیارەکانى بگۆڕێت بە دۆست، هەرچى گۆڕانە توانا و وزه‌یه‌كی گەورەى هەیە لەوەى دۆستەکان بگۆڕێت بە دوژمن. پارتى دەزانێت بڕیارەکانى نابەجێن و هێزى سیاسى نەیارى بۆ دروست دەبێت، بەڵام دواتر دەتوانێت ئیش لەسەر ئەو نەیارە بکات و بیکاتە دۆست.  دواتریش كه‌بووە دۆست دەبێتە هەڵگرى بڕیارە نابەجێیەکەشی کە داویەتى. گۆڕان بە بڕیارە نابەجێیەکانى پارتى دۆستى بۆ دروست دەبێت، بەڵام دواتر ناتوانێت ئیشى لەسەر ئەو دۆستە بکات و بیهیڵیتەوە و دەرئەنجامیش دۆستەکانى دەبنە نەیارى خۆى و بڕیارە بەجێیەکانیشى.

با  تۆزێك ووردتر له‌م هاوكێشه‌یه‌ بڕوانین؛  پارتى بارەگاى یەکگرتوو دەسوتینێت، دەیانکوژێت، دواتر لە ژن و ژنخوازى زیاتر تێکەڵى دەبێت و لێىان نزێک دەبێتەوە، وابزانم پارتى بۆ ئەوەى تێکەڵ و نزیکایەتى

هەر لایەنێک بکات دەبێت شتێکى خراپى بەسەر بهێنێت بۆ ئەوەى (سوڵح)  بکات و ئەم سوڵەحەش تێکەڵى و نزیکایەتى بۆ زیاد دەکات و دەیکاتە ڕه‌دووكه‌وتووی خۆى.  تۆ تەماشاکە چی خراپ نەما بەسەر یەکێتى نەهێنێت، بەڵام دواجار یەکێتى نزیکترین هێزە لە پارتى.

 ئەمە هاوکێشەکەى پارتییە: دەیان ڕووداوى ناهەق بخوڵقێنە نۆیان نەیار دروست دەکات، دەهەمیان ئەوەندە کاریگەرە بۆ دۆستایەتى نەیارەکە نۆ بڕیارەکەى تری لە بیر دەچێت!

 تەماشاکە، بێ گۆڕان سێ هێزى سیاسی لە گۆڕان سوورتر یاسایان پێشکەش کرد بۆ هەموارى یاسای سەرۆکایەتى، ئێستا دووانیان بە (ڕۆح و بە دەم ) لەگەڵ پارتین، واتە پارتى وایکرد بە ڕۆح و بە دەم دژى خۆیان بوەستنەوە.  تەماشای ئێران بکە هەندێک جار لە تورکیا زیاتر پاڵپشتى بارزانی بووە، سەیرى قودرەتى ئەوەى( جواد المالیکی)  دەکاتە دۆست، دەیکاتە دوژمن، دیسان دەیکاتەوە دۆست!  ئایا ئەمە چییە ڕوودەدات؟ پارتى چەند نەیارەکانى توند بن ئەوەندە زیاتر دۆستایەتییان دەکات، ئەمە سیاسەتى ماکیاڤیلییە: ئەگەر پێویست بوو دەتوانیت گەمە بە ڕەفتاریش بکەیت بۆ ئەوەى بگەیتە ئامانجەکانت.

 پارتى هەر لەناو دۆخى نەیاربوونى هێزەکە دەیان ڕووداوى پوچ دەخوڵقێنێت بۆ بەرژەوەندى ئەو هێزە، ئەو هێزەش دەهینێتە پێشەوە و دواجار پێکەوە دەبنەوە هاوپەیمان، یان باشترە بڵێین دەیانکاتە بەشێک لە خۆى و بەشێک لە بڕیارە ستراتیژییەکانى خۆى. (ئەم هاوکێشەیە لاى ئۆجەلان گەورەترین تاکتیکى هێزى سیاسیییە و پێی دەڵێت شەڕى تایبەت،  پارتیش سودى لێ وەرگرتووە)  واتە پارتى دۆخى سیاسی ئەو حزبە نەیارە باش دەخوێنیتەوە بە بەردەوامى پرسیار دەکات: چى دەوێت؟ بۆ وا دەکات؟ چی پێویستە؟ چۆن چارەسەرى بکەین؟ بێ لەوەى بەردەوام دەیان ئارگومێنتى بەهێزى ئامادەیە بۆ کردارە نابەجێیەکانى، بۆ کردارە ناهەقەکانى، ئەم ئارگومێنتانەش لە ڕێگەى دۆستایەتیەوە دەگەیەنێتە نەیارەکانى و قەناعەتیان بۆ دروست دەکات.

هەرچى تایبەتیشە بە بزووتنەوەى گۆڕان، خاڵێکى بەهێزى پارتى بۆ ڕازیکردنى لایەنەکانى تر بۆ کردارە ناهەقەکانى ئەوەیە، هێزى تر نییە بە فاکتێک ئەو هێزانە ڕازی بکات ، ئێ ئەو هێزانەش خۆیان هیچیان نییە و هەر دەبێت بە شتێکیش ڕازى بن، ئێ ئەو شتەش پارتی دەیکات. واتە گۆڕان لە غیابدایە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانى تر، بەمەش پارتى خۆى دەیچێنێت و خۆشى دەیدورێتەوە.

 گۆڕان لەکاتى ڕووداوەکان و پێشەلکردنى یاسا و ناهەقیبوونی پارتى دۆستى زۆر دەبێت،  بەڵام بۆ کاتە هەستیارەکان ئەم دۆستایەتییە بەردەوام نامێنێت. چونکە گۆڕان نە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، نە سەردانیان دەکات، نە دەستى دۆستایەتییان بۆ درێژ دەکات، نە دەتوانێت فاکت و ئەکتى کاریگەر و ڕووداو بۆ ئەوان و خۆشى دروست بکات، نە ئەرگومێنت ساز دەکات، ئەمە هاوکێشەکەیە کە پارتى بە هەفتەیەک زۆربەى دوژمنەکان دەکات دۆست، گۆڕان بە هەفتەیەک هەموو دۆستەکانى دەکاتە دوژمن.

 مامەڵەى گۆڕان لەگەڵ دۆستەکانى ئەوەیە ئەگەر لەگەڵم نەبیت کۆیلەى، مامەڵەى پارتیش لەگەڵ دوژمنەکانى ئەوەیە دوژمنیشم بیت هەر دۆستمى، دەی ئەگەر تۆ ئێستا ئەم نوسینە دەخوێنێتەوە ئەگەر لە دەرەوەى ئەم دوو هێزە بیت لەگەڵ کامیان دەبیت؟ لەگەڵ هەقێک کە بێ منەتە لێت و ئاوڕت لێ ناداتەوە، یان ناهەقێک کە بەردەوام لە چواردەورتە و ڕێز و حورمەتت بۆ دادەنوێنێت!

 ئەوەى وای لە گۆڕان کردووە وابێت پێ ی وایە ( هەق و هەقیقەتى) لایە، ئیتر پێویست ناکات هیچ بکات، تەنیا ئەوە نەبێت سووربێت لەسەری، هەر ئەوەیە نەیارەکانى پێ ی دەڵێن کەلەڕەقى، چونکە جگە لە هەقیقەتێکى سەد بارە هیچ تاکتیک و فۆڕمی تری له‌لا نییە، بەڵام دەبێت بزانرێت (هەقیقەت – لابوون) بەس نییە، بەڵکو گەر هەقیقەتیشى لابێت ئەوا هەقیقەت پێویستى بە بانگەشەیە، پێویستى بە گەیاندنە، پێویستى بە تاکتیکی سیاسییە،  پێویستى بەهاندانە، پێویستى بە هۆشیاریە، پێویستى بەوەیە  ئاگاداربیت هێزى نەیار هەقیقەتەکەت نەشێوێنێت، پێویستى بە ڕێكخستنى گەلە بۆ ئەوەی بگەیت پێی. ئاماژەى گۆڕان ئەوەیە هەقیقەتى لایە و تەواو، چوار مشقى دادەنیشێت و لێى پاڵدەداتەوە، ئیتر با بەتەنیاش بمێنیتەوە، ئەمە لەسەر ئەساسى هێزە سیاسییەکان.

هەرچى تایبەتە بە جەماوەر، حزبی سیاسی بڕیار دەدات زۆرینە بێت، زۆرینەی سیاسیش لەسەر حسابى لایەنگرى لایەنەکانى تر دەبێت، دەى بزووتنەوەى گۆڕان هیچی پێ نییە بۆ لایەنگرى لایەنەکانى دیکە، بەو شێوازەش مامەڵە دەکات، ئەوان بە یەکجارى کۆیلایەتیان هەڵبژاردووە، لە کاتێکدا دەبێت گۆڕان و ژوورى توێژینەوەکانی بەردەوام جگە لە ئایدیاى بەردەوام بۆ لایەنگرەکانى خۆی بۆ ئەوەى سوورتر بن لەسەر بیروباوەڕەکانى گۆڕان دەبێت: هۆکارەکانى  بە (گۆڕان – نەبوونى) خەڵکێکى لە خۆى جیاواز ڕوونبکاتەوە، بۆچى خەڵکێک هەیە هەموو نادادى و ناعەدالەتییەک قبوڵ دەکات؟ بۆچی خەڵک کۆیلایەتى هەڵدەبژیرێت؟ کێشەکە لە کوێدایە؟ بەڵام نەک ئەمانە ناکات، بەڵکو بە یەکجار تەواوى لایەنگرانى حزبەکانى سڕیوه‌ته‌وه‌، هەمووى کردۆتە دوژمنى خۆى، تەنانەت دۆخێکى بە (پاراستنبوونى) خەڵک و لایەنگرانى خۆشى لەناو خۆیدا بڵاوەپێکردووە، ئەمانە  سەرەتانێکن خەریکە خانەکانى تەواوى لاشەى بزووتنەوەکە دەگرێتەوە، خەریکە بە تەواوى تەشەنە دەکات و دەیکوژێت.

ته‌واو

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین