تابلۆی زەیتی لەسەر خام؛ دەرکردنی سپینۆزا لەلایەن نیگارکێش سامۆیل هێرتزنبێرگ ١٩٠٧
Der exkommunizierte Spinoza, 1907. (Excommunicated Spinoza, 1907. ) Samuel Hirszenberg

چۆن وەک سپینۆزا ڕەوشتبەرزانە بڕوانینە ئەڤین؟


چۆن وەک سپینۆزا ڕەوشتبەرزانە بڕوانینە ئەڤین؟

Loading

 

                        چۆن وەک سپینۆزا ڕەوشتبەرزانە بڕوانینە ئەڤین؟

 

 

   بەشی یەکەم؛ بەستێنەکانی ڕوانینی ڕەوشتبەرزانە بۆ ئەڤین

 

 

د. ئازاد حاجی ئاقایی

ئازاد حاجی ئاقایی

 

 

 

ئاماژەیەک: 

کورتە چیرۆکی ئیسحاق باشویس سینگێر[1] لە ژێر ناوی The Spinoza of Market Street لە کازیوەیشەڕی یەکەمی جیهانی، لە کۆمەڵگایێکی بچووکی جولەکەکان لە شەقامی مارکێت-ی وارسۆ-ی پۆڵەندا دەست پێدەکا. دکتۆر ناهۆم فیشێلسۆن[2]، پیاوێکی کورتە باڵا، توێژەری فەلسەفە لە ٣٠ ساڵەی دوایی  ژیانە گۆشەگیرانەکەیدا، خۆی سەرقاڵی شاکارەکەی سپینۆزا، ئەخلاق، کردووە و هاوکات هەوڵی ئەوەی داوە لە سەر بنەمای فەلسەفە ئاوەزمەندانەکەی سپینۆزا-ش بژیت. هەر بۆیە بۆ مانا بەخشین بە ژیان و جیهان، بەردەوام قسەکانی سپینۆزا دەگیڕێتەوە. لە چیڕۆکەکەدا فیشێلسۆن، لە دەرەوەی توێژینەوە لە سەر فەلسەفەی سپینۆزا، تەنیا لە سەر بانی ژوورەکەی خۆیدا لە رێگای تەلەسکۆپەکەیەوە سەیری گەردوون و ئەستێرەکان دەکا، ئەویش لە کاتێکدا لە ژێر دەلاقەی ژوورەکەی، ژیانی جولەکەکان لە شەقامی مارکێت نابینێت. ئەو نامۆیە بە ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان.

فیشێلسۆن هاوکات دەسکورتە و لە بەر نەخۆشیش، هەر سێ مانگ جارێک کۆمەڵەیێکی جولەکەکان، بڕە پارەیەکی لە رێگای پۆستەوە بۆ دەنێرێت. بەڵام فیشێلسۆن بە هۆی کەوتنە ژێرکاریگەری سپینۆزا و هەبوونی گوومان سەبارەت بە ئایین و هەروەها تاوانی هەڵگەڕانەوە، لە کارەکەی لە کتێبخانەی کەنیسە و هەر وەها کۆمەڵگای جولەکەکان دەرکراوە. لە مانگی ژولای چیتر بڕە یارمەتییەکەی بۆ نایەت و بە هۆی نەبوونی پارە و داخرانی دووکانەکان، فیشێلسۆن ئیتر نەخۆش ئەکەوێت. لەم ماوەیەدا بلاک دوبێ[3]، ژنە جیرانەکەی چاوەدێری دەکات. سەرەڕای ئەوەی دوبێ پێشتر لە گفتوگۆکانی خۆی لە گەڵ ژنانی دیکەدا باسی لە هاوسەرگیری بە پێی مەرجەکانی خۆی کردووە و وتوویەتی بە هیوای ئەوە نیم ببم بە کۆیلەی هیچ پیاوێک، لێگەڕێ با هەر هەموویان  بڕزن، لەم ماوەیەدا لە فیشێلسۆن نزیک دەبێتەوە … بەڵام لە ماوەی ئەم نزیکبوونەوەیەدا هەندێک کردەی ڕەوشتبەرزانەی ئەڤیندارانە دەبینرێن کە کاریگەریێکی سەیریان هەبوو لە سەر زیندوو مانەوەی فیشێلسۆن…  دوای ماوەیەک ئەم دووە لە کەنیسە هاوسەرگیری دەکەن. لە شەوی زەماوەندەکەیان، فیشێلسۆن لە سەر جێگاکەی ڕا دەکشێت تاکوو کتێبی ئەخلاق-ی سپینۆزا بخوێنێتەوە، بەڵام دوای ماچێکی دوبێ و قسەکردن لە سەر ئەڤین، فیشێلسۆن بە سەرمەستبوون لە ئەڤین هەستی بەوە کرد هەموو ئەو متمانەبەخۆبوونەی کە هەیبووە، لە کیس چووە. لە کۆتاییدا دوبێ  وا دەکا فیشێلسۆن خەیانەت بەفەلسەفە عەقڵانییەکەی سپینۆزا بکات و لە کۆتاییدا، ئەم دووە بە حەز و تامەزرۆییەوە لەگەڵ یەک دەخەون. فیشێلسۆن لە نیوەشەودا، لە خەو هەڵدەستێتەوە و دەڕوانێتە ئەستێرەکان و بە ورتە ورت لە بەر خۆی ئەڵیت: سپینۆزا، گەورەم  لێم ببورە، من بووم بە گەمژەیەک.

ئەوەی لەم چیڕۆکەی سینگێر-دا گرینگە، ئەزموونی ڕزگاری کۆتایی پاڵەوانی چیرۆکەکە لە رێگای چێژێکی جەستەیی، ڕاکێشانی فیشێلسۆن لە ئاسمان و ئەستێرەکان بەرەو کایەیێکی ئەم جیهانی و ڕزگارییەکە کە بە شێوازێکی ئایرۆنی، بە وەستانەوە لە هەمبەر فەلسەفەی ئاوەزخوازانەی سپینۆزا، پاڵەوانەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگای جولەکەکان و ڕژێمی ژیان.

سەرەڕای ئەوەی ئەم چیڕۆکە پەیوەندی بە زۆرێک لە چیڕۆکەکانی سینگێر-ەوە هەیە کە ئاوڕ لە ململانێێ بیرمەندە جولەکە مۆدێڕنەکان لە ناو دەقی کولتور و ئایینی نەریتییانەی ئۆرتۆدۆکسیکی جولەکە شاسیدییەکان دەداتەوە؛ بەڵام هاوکات دەکرێ مەتەڵی ئەم چیڕۆکە و ململانێی فیشێلسۆن لە نێوان دووانەی هەستە مرۆڤییەکان و عەقڵ  بۆ ناو دوو ئایینە ئیبراهیمییەکەی دیکەو لە کۆتاییدا بۆ سەر سروشتی مرۆڤیش درێژ بکرێتەوە کە ئاخۆ لە نێوان هەست- سۆز و ئاوەزەوە مرۆڤ دەرەتانی هەڵبژاردنی هەیە یان نا؟  بەڵام پرسیارێکی جیدی‌تریش سەر هەڵدەدا؛ ئاخۆ گەمژەیی فیشێلسۆن ئاوەزمەندانەتر لە عەقڵە کۆنەکەی خۆی، واتە بڕوابوون بە سپینۆزا نەبوو؟ یان ئاخۆ ئەم گەمژەییە نوێیەی فیشێلسۆن لەگەڵ ئەخلاق-ی سپینۆزا دژایەتی هەبوو؟ چیڕۆکەکەی سینگێر بە هۆی داکۆکیکردن لە سەر ئەخلاقی خۆشەویستی و ئەو ڕوانگەیەی کە ڕەنگە وەک ململانێی نێوان لایەنە فکریی و جەستەییەکانی مرۆڤەوە فام کرابێت، بۆ توێژینەوە لە سەر سپینۆزا و چۆنیەتی تێڕوانینی سپینۆزا وەک فیلۆسۆفێکی عەقڵ-تەوەر و هەروەها پیرفێکشنالیست  لە سەر ئەڤین خاوەن گرینگییە.  

لە سەر بنەمای ئەم چەن پرسیارە، ئەم وتارە  هەوڵ دەدات لە دوو بەشدا، دوو  بەڵگاندنی هاوتەریب لەگەڵ یەک بەرەو پێش ببات، یەکەم؛ بە لەبەرچاو گرتنی دوو نەریتی ڕامان لە ئەسینا و ئورشەلیم، پێی وایە لایەنەکانی ئەڤین وەک بەشێک لە هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی دەوروبەری خۆی، بە سەر دوو لایەنی ڕۆحانی و ئەم جیهانییەدا  دابەش کراون. دووهەم بەڵگاندن؛ سپینۆزا لە ژێر کاریگەری ئەم دوو نەریتەدا و بە تایبەت لە ژێر کاریگەری نەریتی عەقڵخوازنەی فیلۆسۆفە جولەکەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، هەوڵیداوە بە زمانێکی میتافۆریک، لە ژێر هەژمۆنیی نەریتە ئایینەکانەدا، ئەڤین لە ئاسمانەکانەوە بە تیڕوانینێکی پێرفێکشنالیستی بگوازێتەوە سەر زەوی و بە پێی سروشتی مرۆڤی ئازاد چەمکی ئەڤین پێناسە بکات.  

 

وێنای ئەڤین لە ئەسینا

چەمکەکانی فەلسەفە خاوەن پێشینەیێکی دوور و درێژن و بە درێژایی زەمەن لەناو نەریت و بەستێنە جیاوازەکاندا، ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە و هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی، مانای چەن لایەنەیان بە خۆوە گرتووە. هەر بۆیە خوێندنەوەی ئەم چەمکانە بێ ئاوڕدانەوە لەم پێشینە دوور و درێژانە یان شیکردنەوەیان لە ناو سیستەمێکی فەلسەفیدا، و بە تایبەت لێدوان لە ناو چوارچێوەی فکریی سپینۆزا، وەک مژارێکی پێویست، ڕەنگە مانای جیاوازی لێ بکەوێتەوە.

یۆنانییەکان بۆ وشەی ئەڤین تاکە یەک وشەیان نەبوو؛ storge, ‘epithymia,’ ‘philia’ ‘eros,’  و  agape؛ ئەگەرچی زۆر جار دەکرا ئەم وشانە لە جیاتی یەکتر بەکار بهێنرێن بەڵام زۆرجاریش هاوتای باش بۆ یەکتر نەبوون. Storge زۆرتر بۆ خۆشەویستی نێوان ئەندامانی بنەماڵە بە کار ئەهێنرا. Epithymia لە پەیوەندی لەگەڵ لیبیدۆ یان حەز و ویست وابوو. Philia بە واتای هاوڕێیەتی وابوو و agape وەک خۆشەویستی خوا، خۆشەویستی دوو لایەنەی مرۆڤ و خوا سەیر کراوە و وشەی Eros-یش وەک واتایەک بۆ خۆشەویستی و چێژوەرگرتن کاریگەری خۆی لە سەر وشەی erotic دانابوو.

 لە ئەفسانەکانی سەردەمی پێش فەلسەفە لە یۆنان، ئێرۆس لە قوڵایی ئاژاوەیێکی تاریک دێتە دەر  و دواتر هەندێک‌جار وەک هێزێکی یەکگرتوو و داهێنەر  نیشان ئەدرێت. ئێرۆس لە ناو خوا نەمرەکاندا جوانترین خوایە کە دەمارەکان نەرم دەکات و بە سەر ئامانجە ژیر و وردبینانەکانی عەقڵدا زاڵ دەبێت. ئەدەبیاتی یۆنانی کەڤنار دواتر ئیرۆس وەک خواوەندێکی تووندوتیژ و فێڵباز نیشان ئەدرێت کە مرۆڤ بەرەو ئازار و حەزی هاوکات هان دەدات. لە ئەفسانەکانی دواتردا، ئێرۆس دەبێتە دەرکەوتەی حەزی جەستەیی. هەر کام لە سێ ئیماژە، لایەنێک لە دژواربوونی کۆنترۆڵی ئەم جوانترین خوایە دەخەنە ڕوو و لە ئاکامدا، لە ناو سیمپۆزیۆم-ی ئەفلاتوون بۆ کۆنترۆڵی عەقڵانی ئێرۆس یان لانیکەم، وەدەستهێنانی تێگەیشتنێک لە ئەڤین هەوڵدانێک دەبینرێت.

مارتا نۆزباوم لە کتێبەکەیدا بە بەربڵاوی بەستێنی دیرۆکی-سیاسی و ناوەڕۆکی چەن لایەنەی سیمپۆزیۆم شی دەکاتەوە و وتاری بە ناوودەنگی سوکرات لە سەر ئەڤین یان ئێرۆس لە پاڵ وتەکانی ئالسیبیادس دادەنیت. (Nussbaum, 2001)لەم بەشەدا، ئەم وتارەدا هاوکات لەگەڵ ئاماژەیەکی کورت بەم سیمپۆزیۆم و ئالسیبیادس، گۆڕانەکانی واتای ئەڤین لە یۆنانی سەردەمی فەلسەفی لە ژێر کاریگەری ڕوانگەکانی سوکراتەوە دەخاتەڕوو و پێی‌وایە لە ژێر کاریگەری سوکرات، بیرۆکەی ئەڤین  وەک بەرزبوونەوەیەک لە جیهانی مادی بەرەو جیهانی ڕۆحی و هەوڵدان بۆ نەمری هەنگاوی ناوە و ئەم ڕوانگەیە لە سەر تیۆلۆژیای مەسیحی و دواتر ڕوانگە فەلسەفییە جیاوازەکانیش کاریگەری داناوە.

 

ئاكادیمای پلاتۆن – له‌چه‌په‌وه‌؛ پلاتۆنی پیر و ئه‌رستۆی گه‌نج به‌پێوه‌ ڕافائیل ١٥٠٩- ١٥١١ –

 

لە سیمپۆزیۆم یان میوانی داوامان لێدەکرێت ئەم شانۆیە بێنینە بەرچاو: جووتە دڵدارێک لە ناو باوەشی یەکدان و هیفاییستوس بە ئامرازە ئاسنگەرییەکانی خۆیەوە لە سەریان وەستاوەو و لێیان دەپرسیت: لە ڕاستیدا ئێوەی مرۆڤ چیتان لە یەک دەوێت؟ دڵدارەکان سەریان لێ شیواوە و هێفاییستوس دووبارەی ئەکاتەوە: ئایا ئەوە ئارەزووی دڵتانە هەر دووکتان ببن بە یەک جەستە و قەت بە شەو و ڕۆژ لێک جیا نەبنەوە؟ ئەگەر ئەوە حەزی ئێوەیە، پێمخۆشە لێکتان ببەستمەوە بۆ ئەوەی بتانکەم بە یەک. سەیری خۆشەویستەکەت بکە و بزانە ئەمە ئەوکەسەیە کە ئارەزوی ئەکەیت: ئایا ئەوە تەواوی ئەو شتە نیە کە ئێوە دەتانەوێت؟ بە رواڵەت هیچ کەس بیرناکاتەوە تەنیا پەیوەندی سێکسی هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە هەر دڵدارێک خۆشییەکی قووڵ لە بوون لەگەڵ ئەوەیتردا بچێژێت. ڕۆحی هەموو دڵدارەکان بە رواڵەت تامەزرۆی شتێکی ترە، بەڵام ناتوانن بڵێ ئەمە چییە. خۆشەویست بەڵێنی شتێک لە سەرووی خۆی دەدات، بەڵام ئەوە شتێکە ئەڤیندارەکان ناتوانن هیچ ناوێکی لەسەر بنێن. پرسیارەکەی هێفاییستوس ئەوەیە: ئەوە چیە خەیاڵکردی خۆشەویست یان شتێکی خۆشەویست دەوڕوژێنێت؟ بۆ ئەو شتە یان ئەو کەسەی حەزمان لێیەتی، خۆشمان دەوێت؟ لە راستیدا چیمان ئەوێت؟

بە پێی کتێبی سیمپۆزیۆم و کاراکتەری ئاریستۆفانێس، جووتە دڵدارەکە لە پێشنیاری جووتبون لەلایەن هێفاییستوسەوە پێشوازی دەکەن و پێیان وابوو ئەوەی دەیانویست، دۆزیویانەتەوە. بە پێی ئەم چیرۆکە، هۆکاری ئەم ویستە ئەوەیە ئێمە جاران یەک بووین و بە پێی  بڕیاری خواکان لە یەکتر جیا بووینەوە. ئەڤینیش ناوی بەدواداچوونی ئەم دۆخە ڕەسەنەی یەکگرتنەوەمانە. سوکرات ناکۆکی خۆی لەگەڵ ئەریستۆفان دەردەبڕێت و پێی وایە ئەڤیندار لەدوای نیوەکەی تر یان گشتییەتەکەی خۆی ناگەڕێت، مەگەر ئەو کاتەی ئەم نیوەیە یان گشتییەتە باش نەبێت… تەنیا بە خاوەنبوونی شتە باشەکانە کە دڵخۆش دەبین و هەموومان ئەوەمان دەوێت.

 وەک ئەو جۆرەی لە سیمپۆزیۆمدا دەبینرێت لە ڕوانگەی ئەفلاتوونەوە، حەزەکان بەها و باوەڕەکانمان سەبارەت بەوەی‌کە چی شایانی کردن و نەکردنە، زەق دەکەنەوە وهەر بۆیەش بەشێکی گەورە لە ژیانی ئەخلاقی پێکدێنن. ئارەزووەکانمان چانس و شادییەکانمان لە خشتە دەدەن. هەر بۆیە شیکردنەوەی ئارەزووەکانمان شێوازێکە بۆ بیرکردنەوە لە سەر جۆری ئەو کەسایەتییەی لە داهاتوودا دەبین و چانسی ئێمە دەبێت بۆ ژیانیکی شایستە یان بەختەوەر. (Sheffield, 2006 p. 4)

بەڵام تێگەیشتنی ئەفلاتون لە ئەڤین گرێدراوی eudaimonia یان بەختەوەرییە. ئەفلاتون و ئەریستۆ بیریان لە بەختەوەری وەک پاڵنەرێکی چالاک (daimon) بەرەو چاکە یان خێر(eu) واتە پاڵنەرێک بۆ ژیان ئەکردەوە. لە دیمانەکەدا دیوتیما بە سوکرات دەڵێت بەختەوەرەکان بە وەدەستهێنانی شتە باشەکان دڵخۆش دەبن…خۆشەویستی ئەم هەوڵدانە یان بەرزەفڕییەیە کە تایبەتمەندی دەبەخشێتە گشت چالاکییەکانی مرۆڤ. بەڵام خۆشەویستی چێژ، سامان، ناوبانگ، جوانی لە کۆتاییدا، نەبوون یان پێویستی بە ئەڤین کەم ناکاتەوە، چوونکە گشت شتە کاتییەکان لە ناو دەچن. هەر بۆیە دیۆتیما پێی وایە گشت مرۆڤەکان ئارەزووی نەمربوونیان هەیە.

هەر بۆیە ئەگەر لە سەر دیالۆگەکان ورد بینەوە، بەرزبوونەوە بەرەو نەمری لە ئاستی بایۆلۆژیکەوە، بە مناڵ دەست پێدەکا و بەرەو هەبوونی مناڵی بەردەوام، واتە وەدەستهێنانی ناوودەنگ و داهێنانی بیرۆکەکان هەنگاو دەنێت. هەر ئەم تێگەیشتنە پانتایێکی بێ بنەتا دەکاتەوە کە نەمری هەڵکشان لە خوارەوە، لە جیهانی مادی بەرەو ئاسمانە کە خۆی دەخزێنێتە ناو عیرفان و تیۆلۆژیای مەسیحییەت لە سەدەکانی ناوەڕاست. کاریگەری سیمپۆزیۆم-ی ئەفلاتون لە رێگای لێکدانەوەی دانتێ لە سیمپۆزیۆم تا سەرەتاکانی سەردەمی مۆدیڕن بەردەوام بوو.

بەشێکی‌تر لە سەرنجڕاکێشترین تێگەیشتنەکان لە سەر ئەڤین، لە کتێبی ئالسیبیادس-دا ئەوەیە هیچ کەس ناتوانێت خۆی بە تەنیا، خۆی بەرەو پێش ببات. بەو جۆرەی سوکرات دەیبینێت، ئێمە بە راستی پێویستیمان بە کەسانی ترەوە هەیە و ناتوانین بگەین بە واڵاترین ئامانجەکانی ژیانمان، جگە لەو کاتەی خۆمان لەناو پەیوەندیێکی ئەڤیندارانەی ڕاستەقینەدا نەدۆزینەوە. لەم دیالۆگەدا، بە سەرنجپێدان بەوەی‌کە بۆ سوکرات لە ئالسیبیادس پێی‌وایە بەختەوەری لە رێگای وەدەستهێنانی رەوشتبەرزییەوە وەدەست دەکەوێت، ئاماژە دەکاتە سەر ئەم خاڵە گرینگە کە ئەڤیندار پێویستە یارمەتی خۆشەویستەکەی بدات تاکوو لە رووی مۆڕاڵەوە باشتر بێت، بەر لەوەی ئەوەی دووهەم لە ڕووی موڕاڵەوە هەوڵی باشتربوونی ئەوانی دیکە بدات. لە سەر ئەم بنەمایە لە ئەڵسێبیادەکان ئەم دۆخە لە ڕێگای دیالێکتیکێکی لەم شێوەیەدا ڕوو ئەدات:  ئەڤیندار لە سەرەتاوە نەزانینی چاکە لە خۆشەویستدا وەبیر دێنێتەوە، دواتر ئەڤیندار و خۆشەویست بە ئامانجی وەدەستهێنانی زانست لە بارەی چاکە وەک پێوەرێکی مۆڕاڵی جێگیر  تێکەڵاوی دیالێکتیێک دەبن. کاتێک ئەم زانستە وەدەست هات، خۆشەویست لە دۆخێکا دەبێت کە تاقە جۆری دەسەڵاتی سیاسی وەدەست بێنێت کە شایانی گەڕان و بەدواداچوونە. (Keeling, 2021 p. 114)  بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی لەم دوو چیرۆکەدا دەردەکەوێت ئەو راستییەیە کە ئەو شتەی ئەم مرۆڤانە دەکا بە ئەڤینداری یەکتر، بەرزبوونەوەی لە ناکاوی هەستی نزیکیی و دۆستایەتی و تێکەڵییە، واتە سەرسوڕمانبوون لە دۆزینەوەی بەشێکی قووڵی بوونی خۆت لە ناو کەسێکی‌ترە کە گوایە تا بەر لە ناسینەکەی بۆت نامۆ بووە. لە روانگەی نۆزبام، ئەوان بە شێوازێکی نائاسایی هەستی دۆستایەتی (philia) و تێکەڵی (oikeiotes) و سۆز (eros)  ئاوێتەی یەک دەکەن و بە دژواری ویستی لێک جیابوونەوەیان تەنانەت بۆ ماویەکی کەمیش هەیە. (Nussbaum, 2001 p. 173)

دیالۆگی ئالسیبیادس تیۆریێکی گشتی لە خۆشەویستیمان بۆ دەسنیشان ناکا، بەڵکوو جۆرە چاوەدێریێکی خۆشەویستی بۆ جۆرێکی تایبەت لە ئەڤین و هەروەها پابەندبوون بۆ پەروەردەی مۆراڵی دابین دەکات. ئاستی پابەندبوونی ئەڤیندار-پەروەردەکار بە باشترکردنی مۆرالی سیاسەتمەداری ئاواتخواز، تایبەتمەندی پابەندبوونی ئەڤیندارێک بە گەیشتن بە بەرزترین ئامانجەکانی مەعشووق-خۆشەویست- نزیک دەکاتەوە. لە سەر ئەم بنەمایەیە هەندێکجار ئەڤین دەبێتە هەوڵدانێکی سیستەماتیکی مۆڕاڵی بۆ پێشخستنی ئۆبژەی خۆشەویستیی ئەڤین، بە تایبەت بۆ کەسێک کە ئاواتەخوازی بەدواداچوونی  پیشەیەکی سیاسی بێت؛ لەم ڕووەو ئەو ئەگەرە هەیە ئەڤین بتوانێت کاریگەری قوڵی لە سەر ژیانی کۆمەڵگا هەبێت.

سوکرات بۆ شیکردنەوەی زیاتری ئامانجەکانی ئەڤین لە چەمکی تایبەتی eudaimonia کەڵک وەردەگرت کە زانستی حەقیقەتە مۆڕالییە کۆتاییەکان لە خۆوە دەگرێت. ئەڤیندار ئارەزووی ئەوە دەکات خۆشەویستەکەی بە یارمەتیپێدان بۆ وەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی ڕاست لە بوون بخاتە سەر  ڕێگای eudaimonia یان بەختەوەری.بەو گریمانەیە کە ئەمە ئامانجی کۆتایی ژیانی مرۆڤە، چەمکی ئەڤین لە ئالسیبیادس، چەمکێکی سەرنجراکیشە. چوونکە ئەگەر ئەڤین پابەندی یارمەتیدانی خۆشەویست لە رێگای eudaimonia وگەیشتن بە واڵاترین ئامانجە کەسییەکانی مرۆڤ، واتە خێر یان چاکە نەبێت، دەتوانێ چیتر بێت؟

ئەفلاتوون بە ڕوونی ئەم بیرۆکەیە کە ئامانجی ڕاستەقینەی ئارەزوەکانمان بۆ ئیمە نادیارە و سیمپۆزیۆم هەوڵدان یان زنجیرە هەوڵدانێکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەسنیشان دەکات. لە ئالسیبیادس، سوکرات وەک دوو دڵدارەکە، خۆی لە دابەزێنی ئەڤین بۆ چێژی سێکسی دەبوێرێت و زۆرتر لە سەر چڕی و تامەزرۆییەک داکۆکی ئەکات کە ئێمە دەمانەوێت وەدوای ئۆبژێکتەکانی حەز و ئارەزووەکانمان بکەوین… ئێمە دەمانەوێت وەک مرۆڤ شاد بین و گەشە بکەین. بە تایبەت‌تر ئێمە دەمانەوێت خاوەنی ئەو شتە باشانە بین کە دڵخۆشمان دەکەن و پێمان وایە بە جۆرێک ئەڤیندارەکانمان لە گەیشتن بەم کۆتاییە دەوریان هەیە. (Sheffield, 2006 p. 225)   

دواتر، ئەریستۆ  لە کتێبەکانی هەشتەم و نۆهەمی ئەخلاق-ی نیکوماخۆس-دا  لە ئێرۆس-ی ئەفلاتونی دوور دەکەوێتەوە و زۆرتر لە سەر فیلیا پێداگری دەکا. نۆزباوم پێی‌وایە هاوڕێیەتی[4] وەک واتا بۆ وەرگێڕانی فیلیا زۆر لاوازە، چوونکە هەڵگری مانای بەهێزترین پەیوەندییەکانی مرۆڤی نیە کە  خاوەن پێکهاتەی بەگوڕی سێکچواڵە. (Lindberg, 2008 p. 8). بە پێی ئەم ڕەوتە فکرییە دەبینرێت چاکە یان خێر دەبێتە ئامانجی کۆتایی ژیان و هەر لە سەر ئەم بنەمایەش ئەریستۆ واڵاترین خێر یان چاکە وەک بنەمای کۆتایی هەموو جووڵەیەک پێناسە دەکات، چوونکە واڵاترین چاکە شتەکانی‌تر وەک ئۆبژەی ئەڤین و حەزەکانیان دەخاتە جووڵەوە. لە ئەخلاق-ی نیکوماخۆس-دا، ئەڤین لە شێوەی خود-خۆشەویستییەوە دەردەکەوێت، چوونکە ڕەوشتبەرزی یان فەزیلەتەکان بۆ جێبەجێکردنی جوانترین و باشترین کردارەکانی خۆیان دەجووڵێنێت. بەڵام لە سەردەمەکانی دواتردا، بۆشاییەکی پڕ نەکراوە لە نێوان تیۆری ئەفلاتونی ئێروس و تێگەیشتنی ئەریستۆیی سەبارەت بە خێرخوازی لەلایەک وسەرەتاکانی تیۆلۆژیای مەسیحی بەدی دەکرا؛ هەر بۆیە بەریەک کەوتنێک سەبارەت بە تێگەیشتن لە مانا و ئامانجەکانی چەمکی ئەڤین ڕوویدا.

لە ساڵی ١٩٧٣ گریگوری ڤلاستۆس وتارێکی لە ژێر ناوی  تاک وەکوو ئۆبژێکتێکی ئەڤین لە روانگەی ئەفلاتوونەوە بڵاو کردەوە؛ ڤلاستۆس لەم وتارەدا ئەم بابەتەی دەسەلماند کە ئەفلاتوون نەیتوانی ئەو بابەتەڕوونەی لای ئەریستۆ، واتە خۆشەویستی بە واتای ئاواتەخوازی چاکەی کەسێکی‌تر و لە پێناوی ئەو کەسەدا ببینێت. و هەر لە سەر ئەم بنەمایە ئاماژە دەکاتە سەر Lysis-ی سوکرات و دەڵێت: ئەڤیندار بە شێوازێکیئەرێنی توانای خۆشەویستی کەسانی‌تری لە بەر خودی خۆیانەوە نیە.

هەر لەم وتارەدا ئەو باسی لەوە کرد ئەڤینی ئەفلاتوونی ناتوانێ ئەڤینی  کەسێکی پوخت و کامڵ، کە خاوەنی خاڵە لاوازەکان و کەم و کوڕییەکانە  بێت؛ بەڵکوو ئەو پێناسەیە لە ئەڤین تا ئەو جێگایە بڕ ئەکا کە ئەو کەسە بۆ ئەڤیندارەکەی بە کەڵک بێت. ئەوەی ئێمە لە کەسەکاندا دەبێ خۆشمان بوێت، خەیاڵکردی ئایدیای ئەوانە، واتە تا ئەو شوێنە دەبێ کەسێکمان خۆش بوێت کە باش و جوان بێت. بەڵام لە بەر ئەوەی‌کە تەنیا هەژمارێکی زۆر کەم لە مرۆڤەکان تەواوی خەسڵەتە باش  و جوانەکانیان هەیە و تەنانەت ئەوانەی خۆشیشمان دەوێن، بە تەواوی بە دوور لە لایەنە دزێو و ناحەزەکان نین، بەڵام ئەگەر بڕیار وابێت کە تەنیا بە هۆی فەزیلەت و جوانی ئەو کەسەوە خۆشمان بوێت، کەس بە هۆی تاقانەبوون و دەگمەنبوونی تاکێتی خۆی، هەرگیز نابێتە ئامانجی ئەڤین. (Keeling, 2021 p. 92)

ئەوە وەکوو یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پێناسەی ئەڤین لەلای ئەفلاتوون تەنیا وێنایێکی خەیاڵکرد لە ئەڤین دەستەبەر دەکا. مارتا نۆزباوم سەرەڕای ئەوەی تا ڕادەیەک ڕەزامەندی زووی خۆی لە سەر ئەم ڕەخنەیە دەرئەبڕێت بەڵام پێی‌وایە تێگەیشتنی قوڵ لە سیمپۆزیۆم ئەو تێگەیشتنەیە کە سیمپۆزیۆم وەک بەرهەمێکی پێش-فەلسەفی لە ئێرۆس پشتگوێ ناخات… بەڵکوو سیمپۆزیۆم بەرهەمێکە سەبارەت بە ئەڤینی سۆزدارانەی ئێرۆتیک-ڕاستییەک کە دژوارە لە هەندێک لەو ڕەخنانەی لە سەری نووسراون، دەربکەوێت. تەنیا ئاخافتنێکە بانگەشە دەکا حەقیقەت چیرۆکێک لە سۆز و چێژێکی ئاڵۆزکاوی سێکسی و فکری بۆ تاکێکی دیاریکراوە. بە وتەی نوزباوم لە دڵی ئەمەدا ئاخافتنێک هەیە کە ئەم حەقیقەتانە بە ناوی بەختەوەری ڕاستەقینە ئینکار دەکا یان دەیانخاتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام بە زەحمەت دەتوانین لە پاڵنەرەکانی ئەم کێشە و پرسیارانە تێبگەین یان هێزەکەی هەڵسەنگێنین…هەر بۆیە پێویستە ویستی ئەوەمان تێدا هەبێت. (Nussbaum, 2001 p. 167)

وێنای ئەڤین لە ئۆرشەلیم

لایەنیکی‌تر بۆ تێگەیشتن لە ڕیشەکانی چەمکی ئەڤین لە لایەن سپنۆزا ئاوڕدانەوە لە کتێبە پیرۆزەکانی ئایینی جولەکە و هەروەها ئاڵوگۆڕە بەرفرە کۆمەڵایەتی-کولتوورییەکان لە ناو بیرۆکەی ئەڤین لەلای جولەکەکانەوەیە کە بریتییە لە شیعر،پێش بینی کردنەکان، حیکمەت، یاساکانی شەریعەت و گیڕانەوەکان. بەڵام هاوکات ئەم گریمانەیەش کە دەکرێ چەمکی ئەڤین لە ناو ئەدەبیاتی بەربڵاو و زەنگینی جولەکەدا بە شێوازێکی سیستەماتیک پێناسەی بۆ بکرێت، ڕەنگە چەشنە چەواشەکاریێکی تێدا بەدی بکرێت؛ چوونکە ئەم چەمکە لە خۆشەویستی خاکەوە ( Chron. 26:10) بگرە تا کوو شیعری ئێرۆتیکی غەزەلی غەزەلەکانی سولەیمان دەگرێتەوە کە ئەڵێت شەوان لە سەر جێگاکەمدا بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕام کە ڕۆحم خۆشی دەویست. (Lindberg, 2008 p. 19) یان سرودی هەشتەم کە یەکێک لە ئێرۆتیکترین و ئەڤیندرانەترین شیعرەکانی ئەم دەفتەرانەیە.

لەلای جولەکەکان، چەمکی ئەڤین لە پاڕانەوەیێکدا لە ژیر ناوی شێمەع[5]  بەمجۆرە  بە خۆشەویستی خوا دەست پێدەکا: ئەی ئیسراییل، گوێ بگرە، یەزدان، تەنیا یەزدان، خوای ئێمەیە. تۆ دەبێت یەزدانی پەروەردگارت بە تەواوی دڵتەوە، بە تەواوی ڕۆحتەوە و بە هەموو هیزتەوە خۆش بوێت. (Levenson, 2016 p. 1) بەم نزایەرەببیەکان پێیانوابوو ئەوە بە واتای قەبوڵکردنی ملکەچی بۆ پاشایەتی ئاسمانە و مرۆڤەکان وەک ژێردەست و ملکەچ لە وڵاتی خوا دا ئەژین و بۆ خزمەتی ئەو تەرخان کراون. لە ئایینی جولەکەدا خۆشەویستی خوا هەموو شتێکە بەڵام ئەوە بە واتای هەستێکی شادی هێنەر نیە، بەڵکوو بە واتای سپاس بۆ خوا لە هەموو دۆخە کارەسەتبارەکانیشە.

بەم هەڵوێستە، ڕەبەنە جولەکەکان سەرلەنوێ لایەنێکی سەرەکی پەیمانی کتێبی پیرۆز دەپەژرێنن و بەرفراوانتری دەکەن؛ ئەوە ساتەوەختی بنەڕەتی ئەڤینی خوایی و بەخشینی دیارییە، نەک ترسناکی خۆا و ترسی ساتەوەختی ئێستاکە، کە سروشتی ڕاستەقینەی پەیوەندی خوای ئیسراییل ئاشکرا دەکا. خۆشەویستی خوا وەک گشت خۆشەویستییە قووڵەکان هەڵگری ڕەهەندێکی خۆبەختکردنە. کاتیک ئەم ڕەهەندە پشتگوێ دەخرێت یان ڕوونکردنەوە لەسەری بەدوور دەخرێتەوە، لە رادیکالیزمی تەواوی ئەم فەرمانە خۆشەویستییەی ئەوە ناکرێ تێنەگەین. (Levenson, 2016 p. xv)

پەیوەندییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر دەسەڵاتی یەهوە، لە ناوپەیمان و پەروەردگاریی خوا ڕیشە دەنێنەوە و هەر بەم پێیە فەرمانی ” دەبێ دراوسێکەت وەک خۆت خۆش بوێت” من یەزدانم (لاڤیان: ١٩:١٨) وەک نۆرمێکی ئەخلاقی بنەڕەتی بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ناو ئیسرایلییەکاندا دەچەسپێت، تا ڕادەیەک حەکیمە تێلمودییەکان، هیلەل و رەبی ئاکیوا[6] ئاماژەیان کردۆتە سەر ئەم خاڵە کە خۆش ویستنی جیران بڕیاری سەرەکی تەوراتە؛ و بە واتای ئەوەیە ئەم بوێرییە بە کەسەکان دەدا تا لەگەڵ یەک وەک کەسانی یەکسان هەڵسوکەوت بکەن، ئەوەش پێویستی بەمەوە هەیە لە سەرەتادا کەسەکان بایەخ بۆ خۆیان دابنێن تاکوو بتوانن ئەڤینی خۆیان نیشانی کەسانی دیکە بدەن. لە تیۆلۆژیای کتێبی پیرۆز و بە گشتی لە تیۆلۆژیای جولەکەدا، ئەڤینی خوا لە گەڵ هیچ کام لە ئەڤینەکانی‌تردا دژایەتی نیە، تەنیا لەگەڵ ئەو ئەڤینانە نەبێ کە پەیوەندی ئیسراییل لە گەڵ یەهووە توشی کێشە دەکەن. تەنانەت لە دوعای شێمەع- دا، داواکاری خۆشویستنی یەهووە بە واتای ئەوە نایەت ئیسراییلیەکان نابێ کەسی دیکەیان خۆش بوێت. (Levenson, 2016 p. 12) بەڵکوو خۆشویستنی جیران وەک فەرمانێکەو داکۆکی لەسەر دەکرێت.

وەک حوکمێکی خوا، خۆشەویستی دراوسێ تەنیا وەڵامیکی ڕێزگرتن بۆ خۆشەویستی خوا نیە، بەڵکوو هاوکات لە دوو دەقی تایبەتیشدا (Deut. 10:19 and Lev. 19:18, 34) فەرمانی پێدراوە: هەر بۆیە ئەڤینی خوا و جیران زۆرترە لە هەستێک؛ بەڵکوو هەڵسوکەوتێکە. خۆشەویستی دراوسێ وەک خۆی، وەک ئێتۆسێکی گشتییە کە لە بنەڕەتدا فەرمانە تاکەسییەکان، کورت و درێژیان دەکاتەوە. ئەم خۆشەویستییە، کە وەک یەکڕیزی دوولایەنەی ناو کۆمەڵگا سەیر کراوە، بەرەو ڕووی هاووڵاتییە گەورەکان دەکرێتەوە و خوازیاری پاراستنی کەرامەت و جەوهەری نەتەوەیە. (Lindberg, 2008 p. 25)

خۆشەویستی جیران ئەگەر چی بە واتای مامەڵەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ نا-ئیسرایلییەکانیشەوە دێت و نووسراوەی پێغەمبەرەکان نیشان ئەدات خۆشەویستی خوا گەردونییە و تەواوی خەڵکەکان دەگرێتەوە، بەڵام کتێبە پیرۆزەکانی جولەکە لە کردەوەدا ئەو دەرنابڕن کە ئاخۆ ئەم خۆشەویستییە دەرەوەی ئیسراییلیش دەگرێتەوە یان نا. لە وێنایێکی دیکەدا، و بە تایبەت لە کتێبی هوشەع[7] ئیماژی سەیر و سەمەرە لە نێوان خوا و ئیسراییل پەرەیان پێدەدرێت کە لە دەرەنجامی ئەڤینی بێ وێنەی خوا سەبارەت بە ئیسراییل ڕوو ئەدات. و ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەگەرچی خەڵکەکە بەردەوام وەفادار بە خوا نین، بەڵام خوا بەردەوام بە خەڵکەکە وەفادار دەمێنێتەوە. لایەنەکەی تری ئەڤین کە خۆی لە ناو پەیوەندی نێوان ژن و پیاو دەردەخا، لە ناو ئایینی جولەکەدا وەک بە شێک لە ئایینەکانی دیکە ڕێگایەک بۆ گەڕانەوە بۆ لای خوا یان کردەیەک بۆ زۆرکردنی بەرهەمەکانی کشتوکاڵ نیە، بۆ نموونە؛ غەزەلی غەزەلەکان زایەڵەی هۆنراوە دڵدارییەکانی میسری کەڤنارە بۆ بەرزراگرتنی چێژی پەیوەندییە سێکسییەکانی مرۆڤ. هەوڵدانەکانی چاخەکانی ناوەڕاست بۆ بە ئەخلاقیکردن یان هێمایین کردنی ڕەهەندی ئیرۆتیکی یان لێکبەستنەوی سێکس لەگەڵ ڕزگاری، ئەم شیعرانەی بەلاڕێدا بردووە. (Lindberg, 2008 p. 27)

بەڵام ئەوەی دوای عیسا و  پۆلس ڕوو ئەدات، نیشاندەری سروشتی جیاوازی ئایینی مەسیحییەت لە دوو ئایینیە ئیبراهیمییەکەی دیکە واتە جوولەکە و ئیسلامە. هەر ئەوەش وادەکا دوورکەوتنەوەیەکی کەم هەستپێکراو لە ئورشەلیم و ئاوڕدانەوەیەک لە ئەسینا لەناو فەلسەفەدا ڕوو بدات. گەڕانەوە بۆ ئەسینا هاوڕێ لەگەڵ ڕاگرتنی پەیوەندی لەگەڵ ئۆرشەلیم، گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی چاخەکانی ناوەڕاستی جولەکە و ئیسلامە. بە واتایێکی‌تر، ئەوە گەڕانەوە بۆ فەلسەفەیێکی یۆنانییە کە لە ژێر دەسەڵاتی شەریعەت دانراوە. بەڵام جیاوازییەک لە نێوان فیلۆسۆفە موسوڵمانەکان و کەسانێکی وەک میمونید (ابن میمون) لە ئارادایە: ئەو کاتەی فیلۆسۆفە موسوڵمانەکان هەوڵیاندا لە نێوان ئیسلام و فەلسەفە-ئەسینا- نێوەندگیری بکەن، میمونید تەنیا بۆ ئەوە لە فەلسەفە نزیک بوویەوە کە بیسەلمێنێت نێوەندگیرییەک بوونی نیە و  ئەو کاتەی فیلۆسۆفە موسوڵمانەکان ئاوێتەیناو ڕۆژئاوا بوون، بەو مانایە کە خۆیان خستە ناو لێگەڕینێک بۆ نێوەندگێری نێوان شەریعەت و یاسا، ئەوانیش وەدوای وەهمێکی درێژ و بێ ئەنجام کەوتبوون. هەر بۆ نموونە ئەگەر پرسی وەحی بە جیدی ئاوڕی لێ بدرێتەوە، ئەوە دەبینرێت لە ڕۆژئاوادا هیچ وەحیێک بوونی نەبووە جگە لە ناو جولەکەدا؛ هەموو شتێک بە سەر خوای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقووب دێت، هەر شتێک بە سەر شەریعەتێکدا دێت کە ئەو داویەتی، بۆ وەحی نامۆیە. وەحی تایبەتمەندیێکی ئایینی جولەکەیە و بێچمی شەریعەتی هەیە. هەر بۆیە لە سەردەمانی دواتر، گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم لە ناو دەقە ئایینیەکاندا گەڕانەوەیەکە بۆ چوونە سەرووی شەریعەتێک کە لەلایەن ئایینی جولەکەوە دەرکەوتووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش و هەر لەناو نەریتی ئایینیە ئیبراهیمییەکاندا گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی یۆنانی، تا ئەو شوێنەی بخرێتە ژێر دەسەڵاتی شەریعەتەوە، بابەتێکی خوازراو بووە.

ئەو تێبینییە سەبارەت بە چەمکی ئەڤین-یش کاریگەری خۆی هەبوو. بۆ نموونە، کاتێک لیو شتراوس بە ئاماژە بە فەرمانی پۆلس- کە لە خۆیدا بە واتای داڕمانی شەریعەتی موسایە- سەبارەت بە ژیانی ئەڤیندارانەی ملکەچ یان شێوە ژیانێکی ئیماندارانە و گویڕایەڵ دەدوێت، هەر ئەو جۆرەی لە شێمەعدا ئاماژەی پێکرابوو، شتراوس باوەڕ و گوێڕایەڵی بۆسەر سێ جۆر دابەش دەکات: ملکەچبوون لە شەریعەت (جولەکە و ئیسلام)، ملکەچبوونی ئیمان (مەسیحییەت) و تێگەیشتنی سەربەخۆ (فەلسەفە). بەڵام بە پێی ئاماژەکەی شتراوس، ئەم ملکەچییە تەنیا دوو ڕیشەی هەیە، ئەسینا و ئورشەلیم. (Segré, 2017 p. 68)  لەسەرەوە ئاماژە بەوە کرا گەڕان و دۆزینەوەی نێوەندگێڕییەک زیاتر لە وەهم نیە و پۆلس- هەوڵی لە ناو بردنی شەریعەتی موسا-ی دا، هەر بۆیەش لە دەرەنجامدا، مەسیحییەت بە جۆرێک گەڕانەوەیەک بوو بەرەو ئەسینا. بەڵام ئەسینا ئینجیل یان کتێبێکی پیرۆز-ی نەبوو

 

 

پێکگەیشتنەوەی ئورشەلیم و ئەسینا

بەریەک کەوتنەوەی دوو نەریتی مرۆڤ-تەوەر و ئایینی و هەروەها گۆڕانی مانای  ئەڤین لە چاخەکانی ناوەراست لە دەرەنجامی گەڕانەوە  بۆ ئەسینا ڕووی دا؛ سپینۆزا لە سەرەتای نامیلکە تیۆلۆژی-سیاسییەکانیدا دەنوسێت: کەوتمە سەر ئەم بیرە کە ئەگەر کارێک بکەم نیشان بدات کە ئازادی فەلسەفەکردن نە تەنیا دەتوانێت بێ درووستکردنی مەترسییەک لە سەر تەقوا و سەقامگیری کۆمار ڕێگە پێدراو بیت، هەروەها ناکرێ بێ خستنە ناومەترسی تەناهی کۆمار و خودی تەقوا ڕەت بکرێتەوە، ئەوە ئەو کاتەیە کارێکی ناحەز و قێزەونم نەکردووە. (SPINOZA, 2007 p. 6). ئەم وتەیەی سپینۆزا تا ڕادەیەک دەربڕینێکی نوێ لەم وتەیەی سەعدییە گاوۆن لە سەرەتای کتێبی بۆچوون و باوەڕەکاندا بوو کە ئەم بیرۆکەیەی رەت دەکردەوە کە ئەم بۆچوونە کە گەمژەیی (واتە فەلسەفە) لە ڕووی ناچارییەوە بەرەو بیدعەت هەنگاو دەنێت  لە ئەنجامدا قەدەغەیە. (Strawser, 2021 p. 36)  

ڕەنگە ئەم دوو بۆچونە وەک یەکەی گاوۆن و سپینۆزا بتوانێت دەلاقەیەک بۆ ئەم گریمانەیە بکاتەوە کە سپینۆزا بیرۆکەکانی خۆی لە ژێر کاریگەری فیلۆسۆفە عەقڵخوازەکانی جولەکە و بە تایبەت کەسانێکی وەک موسا میمونید و سەعدییە گاوۆن و لیۆن ئیبرۆ جوومگەبەندی کردبێت. گاوۆن لە سەرەتای کتێبی بۆچوون و باوەڕەکاندا ئەم تێڕوانینە رەد دەکاتەوە کە ڕامان واتە فەلسەفە، وەک پێویستییەک بەرەو هەڵگەڕانەوە هەنگاو دەنێت و لە ئاکامدا قەدەخەیە.  بۆ ئەوەی مانایێکی باشتر لە لە ڕوانگەی جولەکەکانی سەرەتای چاخەکانی ناوەڕاست بەرامبەر بە فەلسەفە بزانین و لەوە تێبگەین سەعدییە چەندە بیرمەندێکی شۆرشگێر بووە، با بڕوانینە ئەم بڕگەیەی تەلمود:

 بێن دامە[8] کوڕی خوشکی  ڕ. یەشماعیل[9] جارێک ئەم پرسیارەی لە یەشماعیل کرد: شەریعەت سەبارەت بە کەسێکی وەک من کە تەواوی تەوراتی خوێندۆتەوە، سەبارەت بە خوێندنەوەی حیکمەتی یۆنانی چ حوکمێک دەدا؟ یەشماعیل ئەم ئایەتەی سەبارەت بە بێن دامە خوێندەوە: ئەم کتێبەی تەورات نابێ لە بەر دەمت دوور کەیتەوە، بەڵکوو تۆ دەبێ بە شەو و ڕۆژ بیری لێ بکەیتەوە. بڕۆ دەرەوە و لە [ساتێک بگەڕێ] کە نە شەوە و نە ڕۆژ و تێیدا حیکمەتی یۆنانی بخوێنەوە. (Talmud Bavli 1990, 99b5)

 دوای ئەوەی گاوۆن وەک فیلۆسۆفێکی گەورەی جولەکەکان دەبێتە سەرۆکی  ئەکادیمی بەناوودەنگی تێلمودی بابێلی سورا[10] چۆن دەتوانێ سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئایدیالی مرۆڤ و بە تایبەت ئایدیالی ئیرۆتیک بیر بکاتەوە؟ سەعدییە بە ئاماژە پێدان بەوە دەست پێدەکات کە لەم بارەیەوە تەنیا چەن کەسێک گەیشتتونەتە ڕوانگەیێکی ڕەزامەندانە؛ مرۆڤ تەنیا لە ڕووی ژمارەوە تاقانەیە بەڵام خاوەن سروشتێکی فرەییە کە خوا بۆ خۆشەویستی زۆر شتی‌تر لە ڕەوشتی ئێمەدا ناشتوویەتی. بەم شێوەیەیە کە هەڵسوکەوتی کەسێک لە ماوەی ژیانیدا ناتوانێت تەنیا بە شێوازێکی عاقڵانە لە سەر تەنیا یەک تاقە ڕەوشت بێت. ئەوانەی تەواوی بوونیان لە سەر بنەمای بەهرە وەرگرتن لە یەک تاقە ڕەوشت بەرەو پێش دەبەن و خۆشەویستی خۆیان لە سەر شتێک، لە سەرووی هەموو ئەوانەی تر  سەرف دەکەن، لە رادەبەدەر هەڵەن. (Strawser, 2013)

لەم خاڵەدا ئامانجی سەعدییە پێکهێنانی چەشنە هاوسەنگیێکە و بێ گوومان شوێن پێی ئەریستۆ لەم باسەیدا دەکرێ بەدی بکرێت: مرۆڤی ئایدیال هەوڵ ئەدات ئەم پاڵنەرانە بە هاوسەنگبوون هەڵسەنگێنێت؛ کەوابوو هەر کاتێک مرۆڤ بەم جۆرە هەڵسوکەوتی کرد، دیارە بە درووستی هەڵسوکەوت کراوە. سەعدییە پێی وایە حیکمەت بۆ ڕێکخستنەوەی هەڵسوکەوتی ئێمە بریتییە لە بەهرەی مەعریفی  ڕۆح کە هەژانەکانی مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکات. ئەوە لە کاتێکدایە هزری سپینۆزا سەبارەت بە چارەسەریی هەژان و وروواژنەکان تا ڕادەیەک بریتییە لەو ڕیزبەندییەی کە لەناویدا هۆش دەتوانێت هەست و ورووژانەکان ڕێک بخات و بە یەکەوە بیان بەستێتەوە. (Strawser, 2013)  کاکڵی ئەم تێگەیشتنە وەک تێگەیشتنی ئەریستۆ، داکۆکیکردن لە سەر ئەم خاڵەیە کە ژیانی مرۆڤ دەتوانێ بریتی بێت لە هاوسەنگییەکی گوونجاو لە نێوان زۆرێک لە ئامانجەکانیی.

ئەگەرچی گاوۆن لە باسکردنی حەزی سێکسی دەگەڕێتەوە سەر ئەفسانەی ئەریستۆیی ئەڤین لە سیمپۆزیۆم-ی ئەفلاتوونی، بەڵام ئەوەی گرینگە گشت پەیوەندییە ئێرۆتیکەکان وەک پەیوەندییە ئەڤیندارییەکانی ناو سیمپۆزیۆم هاوڕەگەزخوازانە نین و ئەم پەیوەندییە تەنیا لە نێوان ژن و پیاوا ئەبینێت.  ئەوەی لەناو ڕوانگەکانی سەعدییە گاوۆن دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێت جیاوازیێک لە نێوان ئێرۆتیزم وەک دۆخێکی سۆزدارانە و هەستەوەر یان دەروونییە و ئەوەی دووهەم، جووتبوونی سێکسی وەک کردەی جەستەییە. سپینۆزاش هەر بەم ڕادەیە، لە ژێر کاریگەری گاوۆن و حیکمەتی ئەریستۆیی بەم جۆرە بیر دەکاتەوە. هەر بۆیە کەڵک وەرگرتن لەو شتانەی بەرەوڕوومان دەبنەوە و تا ئەو شوێنەی دەتوانین چێژیان لێ وەرگرین (نەک تا ئەو خاڵەی بگاتە  بێزاری و لە ڕادەبەدەربوون، چوونکە ئەوە ئیتر نابێت بە چێژ وەرگرتن) بەشیکە لە سرووشتی مرۆڤی ئاوەزمەند. سپینۆزا خۆشی راشکاوانە لە کتێبی ئەخلاق-دا دەنوسێت: من پێموایە ئەوە بەشێکە لە مرۆڤی عاقڵ کە بە خواردن و خواردنەوەی خۆش و سازگار، هەر وەها بە بۆنی خۆش، لە جوانی گژ وگیا ڕوو لەگەشەکان، بە جل‌وبەرگ، بە موزیک، بە وەرزشەکان، بە شانۆ و هاوشێوەکانی ئەوە، وەک هەموو مرۆڤێک، بێ ئەوەی ئازاری دراوسێکەی بدات، خۆی بەهێز بکات و سوودیان لێ وەربگرێت. (Spinoza, 2009 p. 307)

سەعدییە گاوۆن لە کتێبەکەیدا ئاماژە دەکاتە سەر ١٣ خاڵ کە مرۆڤ لە ژیانیدا وەدوای دەکەوێت. لە ناو ئەم ١٣ خاڵەدا باسێکی ڕاستەوخۆ لە ئەڤین ناکرێت بەڵام پێدەچیت مەبەستی لە نزیکبوونی سێکسچواڵ، هەمان ئەو بابەتە بێت کە ئەمڕۆکە وەک ئەڤینێکی بە گوڕ لێی دەڕوانرێت. بەڵام سەبارەت بە خۆشەویستی بە ڕواڵەت پوخت‌ وکامڵتری خۆشەویستیی جیران و ترس لە خوا و بەجێهێنانی فەرمانەکانی خوا و هاوتا ئەخلاقییەکەی، خۆشەویستی جیران دەدوێت. لایەنەکەی‌تری خۆشەویستی، واتە ئەڤینی بە گوڕ، ئەو خۆشەویستییەیە کە ئاراستەکەی بە هۆکارێکی دەرەکییەوە دەسنیشان دەکرێت.

ستڕاوسێر لە شیکردنەوەی ئەم بەشەدا پێی‌وایە سەعدییە سەبارەت بە ئەڤینی بە گوڕ و تین و پەیوەندی سێکچواڵ، بە تێڕوانینیکی کۆنسێرڤاتیڤەوە نزیک دەبێتەوە و دەڵیت: واباشترە مرۆڤ حەزی خۆی تەنیا بۆ منداڵبوون دامرکێنێتەوە. بەڵام لە بەر ئەوەی پێشتر لە لیستە ١٣ خاڵیەکەی خۆیدا، مناڵبوون خاڵێکی جیاواز لە حەزی سێکسی بوو، ئەم دەرەنجامە جیاوازە بۆ پێرفێکشنالیزم و ئێرۆتیک لە لایەن سەعدییەوە کێشە سازە. ئەگەرچی دواتر باس لەوە ئەکا کە ئەم حەزە وەک چاکەیەکی گەورە وایە بەڵام دواتر بە خێرایی باس لە کیشەکانیشی دەکا. (Strawser, 2013)

مرۆڤی ئایدیال هەوڵ دەدات هەر کام لە جووڵەکانی مرۆڤ بە هاوسەنگی هەڵسەنگێنێت. سەعدییەش باس لەوە دەکات چۆن حیکمەت بۆ ڕێکوپێک کردنەوەی هەڵسوکەوتی ئێمە بریتی لە توانستی  مەعریفی ڕۆحە کە پاڵنەرەکانی مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکات، و سپینۆزاش سەبارەت بە پیاوی ژیر لەسەر ئەم باوەڕەیە بەشێک لە چارەسەری هەژان و هەستەکان بریتییە لەو ڕیزبەندییەی کە مێشک دەتوانێت  هەستەکانی خۆی ڕێکبخات و ئەم هەست و جووڵانە لەگەڵ یەک ببەستێتەوە. لە سەر ئەم بنەمایە ستڕاوسێر پێی‌وایە ئەم دوو بیرمەندە لەسەر ئەم بابەتە ڕەزامەندییان هەیە کە ژیانی ئایدیالی مرۆڤ هاوسەنگیێکی گوونجاوی ئامانجە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ لە خۆیەوە دەگرێت. (Strawser, 2021 p. 38)

کاریگەری ئەم چەشنە دەربڕینانەی گاوۆن لە سەر سپینۆزا بە ڕوونی لە کتێبی ئەخلاق سەبارەت بە ئەڤین و هەروەها پەیوەندیی جەستەییش دەبینرێت. بە بڕوای سپینۆزا گشت بەختەوەرییەکان یان نەهامەتییەکان تەنیا گرێدراوی کواڵیتی ئەو بابەتەن کە ئێمە بە خۆشەویستییەکەیەوە گرێ دراوین. چوونکە کێشە لە سەر ئەو شتە درووست نابێت کە خۆشەویست نیە؛ خەفەتێک نابێت ئەگەر ون بێت، ئیرەییەک نامێنێت ئەگەر هی کەسێکی‌تر بێت، نە ترس، نە نەفرەت- بە وشەیەک، نە وڕووژاندنی سۆزداری، بەڵام ئەمانە گشتییان لە حاڵەتێک‌دا ڕوو ئەدەن کە شتە خۆشەویستەکان بەرەو لەناوچوون بڕۆن…بەڵام خۆشەویستی بەرەو شتێکی بێ بنەتا و بێکۆتایی، بێ ئاوێتەبوونی هیچ خەم و پەژارەیەک، تەنیا بە شادی، هۆش پەروردە دەکا. (Strawser, 2021 p. 42)  کەواتە نابێ خۆشەویستی قەت بۆ چێژی جەستەیی یان سێکسی- بێت، چوونکە ئەمە گاریگەری نەرێنی دەبێت. بە بڕوای ریچارد مەک کیۆن، کاریگەری سەعدییە لە سەر سپینۆزا، ڕاستەوخۆ بێت یان لە ژێر کاریگەری میمونید، ئەوە سپینۆزا جوومگەبەندیکردنێکی لە تێگەیشتنی میتۆدی فەلسەفی، سیفاتەکانی خوا، خوڵقانی جیهان، ئازادی ئیرادە و پۆڵینبەندی جۆرەکانی زانستی مرۆڤ پاراستووە کە وەک فاکتەرێکی بە هێز لە مشتومڕەکانی فەلسەفە تا ڕۆژی ئەمڕۆکەش بەردەوام بووە. (Strawser, 2013)

لە چاخەکانی ناوەڕاستە، گەڕانەوەیەکی زەق‌تر بۆ بیروبۆچوونەکانی ئەریستۆ بە تایبەت لە کتێبی دیالۆگەکانی ئەڤین-ی لیۆن ئێبرۆ بەدی دەکرێت کە دواتر کاریگەری راستەوخۆ لە سەر سپینۆزا-ش دادەنێت، لە سەردەمی لیۆن-یشدا ئەڤین لە بنەڕەتەوە لە ناوەندی مشتومرە تیۆریکەکاندا دوو ڕێبازی پێچەوانەی لێکەوتبۆوە. یەکەم، لە ناو نەریتی ئەریستۆیی و گالینیک-دا، کە بە پێی کاریگەرییە جەستەیی و دەروونیەکانەوە ڕاوەستەی لەسەر ئەڤین دەکرد و زۆربەی ئەم مشتومڕانە نەرێنی بوون… [چوونکە پێیانوابوو ئەڤین] وەک نەخۆشییەک دەستێوەردانی بەکارهێنانی درووستی عەقڵ دەکا. ئەم نەریتە بۆ جیاکردنەوە لە ڕێبازەکەی‌تر وەک دژە-ئیرۆتیک پێناسەی بۆ کراوە کە وەک ئێرۆتیک دەناسرێت. لە رێبازی ئێرۆتیکدا  ئەڤین وەک ئامرازی خود-وەدیهێنانی ڕۆح دەناسرێت…دووهەم رێباز کە سەرچاوەکانی خۆی لە ئەفلاتونیزمی کۆن و ناوەڕاستەوە وەردەگرێت، لە ناو چەقی ئەفلاتونیزمی نوێی ڕێنێسانسدا جێگەی گرتووە و لە فلۆڕانسی سەردەمی لۆرێنزۆ دێ مێدیچییەوە سەرهەڵدەدا و لەلایەن مارسیلیۆ فیچینۆ (1433–99) و هاوکارەکانییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. (Ebreo, 2009 p. 10)

ئاخێزگەی سەرەکی کتێبەکەی لیۆن ئیبرۆ سیمپۆزیۆمە کە خۆشەویستی بە هۆی سروشتە نێوانییەکەی، شێوە خوایی، نەک تەواوخوایی سەیر دەکرێت. سەبارەت بە ئەڤین، سەبارەت بە جیهانیبوونی ئەڤین و لە مەڕ سەرچاوەی ئەڤین، سێ بەشی ئەم کتێبەن و دیالۆگەکان زۆرتر وەک دیالۆگی شانۆنامەیەک، نەک لە چوارچێوەی مشتومڕێکی فەلسەفیدا، وەک خوازبێنی فیلۆ لە سۆفیا رێک خراون.

 پیاوێک بە ناوی فیلۆ کە دەوری مامۆستایەک دەگێڕیت و ژنێک بە ناوی سوفیا وەک خۆشەویستێک و قوتابییەک. خاڵی هاوبەشی گفتۆگۆکان بیرۆکەی ئەڤینە. چوارچێوەی دژە-ئیرۆتیک بەستێنێک بۆ بەڵگاندنێکی ئەفلاتوونی ئامادە دەکا و سوفیا-ش هۆکاری ئەڤینی بێ هیوای فیلۆ-یە؛ چوونکە سوفیا وەڵامی هەستەکانی فیلۆ ناداتەوە. سوفیا بۆتە کەڵکەڵەیەک بۆ عەقڵی تەلیسمکراوی فیلۆ. پێدەچێت بەڵگاندنەکانی فیلۆ لە ویستێک بۆ تەفرەدانی سوفیا-وە سەرچاوەیان گرتبێت. بەڵام هاوکات دیالۆگەکان شێوازێکی دوولایەنەیان بە سەردا زاڵە کە دەکرێ بۆ باسێکی ئەڤیندارانەی تەواو ڕۆحی یان پەیوەندیدار بە ئاسمانیشەوە تەرخان بکرێن نەک تەنیا ئەڤینێکی ئەم جیهانییە. بەڵام لە ئاکامدا پێکهاتەی دیالۆگەکان ئاوێتەی ئەم راستییەیە کە فیلۆ دەیەوێت لە رێگای سوفیا-وە بگا بە قوڵترین زانستەکانەوە؛ کە هاوکاتیش سوفیا وەک لایەنی عەقڵانی، بەرەنگاری پەیڤە تەفرەدەرەکانی ئەڤیندارەکەی دەبێتەوە و بەردەوام لێی دوور دەبێتەوە.

ئەوەی لە خوێندنەوەی بەرهەمەکەی لیۆن ئێبرۆ خاوەن گرینگە وروژاندنی هەندێک پرسیاری گرێدراو بە ئایدیای خۆشەویستی و پێناسەکردنی جەوهەر و سروشتی ئەڤین وەک بەشەکانی حەز و ئارەزووە کە ئامانجە کۆتاییەکەی چێژوەرگرتن لە چێژێکی جوانە؛ کە بەشە ناجوانەکانی ئەم ئارەزووە وەک appetite یان حەزێکی جەستەیی پێناسە دەکات. هەر کە سۆفیا لە فیلۆ دەپرسێت چ جیاوازیێک دەخەیتە نێوان ئەڤین و appetite؛ فیلۆ وەڵام دەداتەوە ئەوە ڕاستە کە ئامانجی هەر دووی ئەمانە خۆشی و چێژ وەرگرتنە، بەڵام چێژی جوان کۆتایی ئەڤینە و چێژی ناجوان کۆتایی appetite. (Ebreo, 2009 p. 332) دوای چەن بڕگە سۆفیا ئەڵێت: من لە جیاوازی هەر دووی ئەمانە تێگەیشتم: کۆتایی ئەڤین چێژێکی باش و جوانە، کەچی کۆتایی حەز و ئارەزووappetiteچێژێکی باش بەڵام نا-جوانە… بەڵام دەبینین زۆرێک لە چێژەکان باش نین، بەڵکوو خراپ و زیانبەخش و وێرانکەرن، نەک تەنیا بۆ سڵامەتی و ژیانی جەستەی مرۆڤ، بەڵکوو هەر وەها بۆ خۆشگوزەرانی و ژیانی ڕۆحیش… زۆرێک لەو ئارەزوو و چێژانە پێچەوانەی خۆشگوزەرانی مرۆڤن و تێکدەرن. (Ebreo, 2009 p. 333)

ئەم ڕوانینە بۆ ئەڤین و پێداگری لە سەر خێر، وەک ئەریستۆ، لەلایەن ئێبرۆ کاریگەری دەنێتە سەر سپینۆزا؛ بە تایبەت لە پێناسەی لە ئەڤینی چالاک و نەجیب یان ڕەوشتبەرز کە لە سەر بنەمای عەقڵەوە وەستاوە، و ئەم جۆرە ئەڤینە ئەگە چی جۆرێک لە حەزە، بەڵام جوانە و هاوکات دەتوانێت بە دروستی لە خۆشەویستی خوا تێبگات. 

بە بڕوای ستراوسێر ئەم لایەنە لە ئەڤین لە کتێبی ئەخلاق، لە بەشی پێنجەم بە ڕوونی خۆی نیشان ئەدات کە ئەو کەسانەی بە ئەڤینێکی ڕەوشتبەرزانەوە مامەڵە دەکەن، بە تایبەت لە وەڵامدانەوەی ئەزموونە ئازاربەخشەکانی توورەیی، ئیرەیی و نەفرەت، بە پێویستی دەزانن لە خۆیان و هەستەکانیان تێبگەن، چوونکە بە پێچەوانەی ئەوە، ناتوانن ئەڤینێکی ڕەوشتبەرزانە دەرببڕن. هەر بۆیە دەربڕینی ئەڤینی ڕەوشتبەرزانە خۆشەویستی خوا بەرهەم دێنێت و ئەوەش لە بەرامبەردا، ئەڤینێکی رەوشتبەرزتر بەرهەم دێنێت. (Strawser, 2021 p. 81)

ستڕاوسێر پێی وایە سەعدییە گاوۆن-یش خاوەنی هەمان ڕوانگەی پێرفێکشنالیستی بووە و  لە کتێبی بیروباوەڕەکان و بۆچوونەکاندا و بە تایبەت لە نامیلکەی نۆهەم و دەهەمدا لە ژێر ناونیشانی ” سەبارەت بەوەی‌کە مرۆڤ چۆن لە جیهاندا بە گوونجاوترین شێوەی خۆی هەڵسوکەت بکات” ئاماژە دەکاتە سەر ئەم باسە؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر سێ بیرمەندە جولەکەکە بە سپینۆزاشەوە، کەسانێکی وردبین و عەقڵانین کە گەشەپێدەری ئەو تیۆرییە ئەخلاقییانەن کە لە ناویاندا عەقڵی مرۆڤ، ڕۆڵێکی کاریگەری لە پەروەردەکردنی ژیانێکی ڕەوشتبەرزانە-دا هەیە. بەڵام وەک خاڵێکی پارادۆکسیکال، چۆنە کە amorous love لە تیۆرییەکانیاندا دەکەوێتە ناو چەقی ژیانی ئایدئالی مرۆڤ؟

دەکرێ بە پێی پێشەکی بەشی چوارەم لە کتێبی ئەخلاق، هەڵبەت لە ژێر کاریگەری فیلۆسۆفە جولەکەکان و بە تایبەت میمونید کە پێی وایە  واڵاترین کەماڵی مرۆ، کەماڵی عەقڵە و… نەمریی دەرەنجامێکی پوختەیی و کەماڵی عەقڵە (Strawser, 2021 p. 38) سپینۆزا وەک فیلۆسۆفێکی پێرفێکشنالیست پێناسەی بۆ بکرێت؛ سپینۆزا لەم بەشەدا پێی‌وایە کەسێک کە دروستکردنی شتێکی دیاریکراوی لەبەرچاو گرتووە و ئەوەی بە پوختی و کامڵی ئەنجام داوە، کارەکەی نەک لەلای خۆیەوە، بەڵکوو لەلایەن هەموو کەسێک کە بە دروست دەناسرێت، بە کارێکی کامڵ و پوخت دەخوێنرێتەوە. (Spinoza, 2009 p. 250) و لەبەردەوامیدا پێی وایە کامڵبوون بە واتای واقیعە، جەوهەری هەر شتێک، تا ئەو جێگایەی کە بوونی هەیە و بە شێوەیەکی تایبەت کار دەکات، بێ لە بەرچاوگرتنی هیچ ماوەیەک. (Spinoza, 2009 p. 255)  عەقڵخوازییەکەی سپینۆزا و لە ڕاستیدا جوتبوونی پڕ لە ئازاری خۆشی جەستەیی لەگەڵ عەقڵخوازی، ڕاشکاوانە قەرزداری بەڵگاندنەکانی میمونید-ە … وجگە لەوە، سپینۆزا بە بەردەوامی بۆ روانگەکانی ئەریستۆ سەبارەت بە کردەی مرۆڤ… دەگەڕێتەوە. ئەم خاڵانە بە پێداگرییەوە دەریدەخەن سپینۆزا سەر بە نەریتێکی پێرفێکشنالیستخوازانە (Strawser, 2013)  بۆ ئەڤینە.

 

تابلۆی زەیتی لەسەر خام؛ دەرکردنی سپینۆزا لەلایەن نیگارکێش سامۆیل هێرتزنبێرگ ١٩٠٧
تابلۆی زەیتی لەسەر خام؛ دەرکردنی سپینۆزا لەلایەن نیگارکێش سامۆیل هێرتزنبێرگ ١٩٠٧  .
(Excommunicated Spinoza, 1907. )
Samuel Hirszenberg

 

 

چۆن وەک سپینۆزا ڕەوشتبەرزانە بڕوانینە ئەڤین؟

 

  بەشی دووهەم؛ ئەخلاق و ئەڤین

ڕەنگە لێدوان لە سەر ئەڤین بە نیونجی کتێبی ئەخلاق-ی سپینۆزا تاکوو ئێستا نەبووبێتە مژارێکی باو یان جەختکردنەوە لە سەر چەمکەکانی جەوهەر، ڕوانگەی مەیلە و پانتەییستی یان ئاتەییستی سپینۆزا، بە سەر لایەنەکانی‌تری ئەم سیما ئاڵۆزەی فەلسەفەدا زاڵ بووبێت. بەڵام دەکرێ ئەوە لە ناو چەندین هۆکاردا، هۆکارێکی سەرەکی بێت؛ ئەگەرچی سپینۆزا لە کتێبی ئەخلاق، بۆ وێرانکردنی دەرکەوتەکانی مەعنەوەییەت یا جیهانی ڕۆحانی ناچارە هاوکات لە زۆر بەرەی جیاوازدا شەڕ بکات، بەڵام هەر ئەمەش ڕەنگە سیمایێکی تەم و مژاوی بەخشیبێتە بەرهەمەکانی و لەلایەکی‌ترەوە، ئەم کتێبە بۆ ماتریالیستێکیش، وەک دەسپێکێکی ناوازە دەرکەوێت. چوونکە سپینۆزا لە سەر خوا دەدوێت و هەر ئەم ئاخافتن لە سەر خوایە-یە کە یەکەم دەرکەوتەی ماتریالیزمەکەی دەنەخشێنێ. ئەم خوایە پێشەکی یان بەستێنێکی چەمکییە کە هیچ فۆرمێکی پلەبەندیکراو یان هیرارکیکاڵی ئایدیالیستی یان ماتریالیستی نیە و پێی وایە تەواوی ئەو شتانەی هەن، لە ناو خوا-دان و هیچ شتێک ناکرێ بێ خوا بێت یان بێ ئەو خەیاڵکرد بکرێت. (Spinoza, 2009 p. 21)

سپینۆزا بەشێک لە سێ بەشی ژیانی خۆی بۆ نووسینی کتێبی ئەخلاق تەرخان کرد و ئەم کتێبە دوای مەرگی، لە ساڵی ١٦٧٧ چاپ و بڵاوکرایەوە. پرۆگرامی زۆر مۆدێرنی سپینۆزا ئەخلاقێکە لە سەرووی شەریعەت (supra Legem). لە ڕاستیدا، ئەم پرۆگرامە لە گۆشە نیگای تیۆریزانە بورژوا بە ناو جولەکەکانەوە، هەمان ئەو شوێنەیە کە بێ ئەخلاقییە جەوهەرییەکەی یان بە پێی دەربڕینە جوانەکەی هێرمەن کوهن، ئایرۆنییە شەیتانییەکەی نیشتەجێ بووە. (Segré, 2017 p. 67)  لەلایەکی ترەوە؛ کتێبی ئەخلاق-ی سپینۆزا کە دڵی فەلسەفەی سپینۆزا و بەهای سەرەکی ئەم بەرهەمە لە پێکهێنانی پەیوەندی لەگەڵ شێوازی گوونجاوی ژیان یان کردار لە ناو جیهانە، زۆرتر وەک فەلسەفەی ژیانی کردەیی، لە چوارچێوەی پیرفێکشنالیزم خۆی دەرئەخات. ئەم کتێبە بریتییە لە پێنج بەش؛ و جگەلە بەشی یەکەم کە سەبارەت بە خوایە، لە چوار بەشەکەی‌تردا، وەک ئەخلاقی کردەیی، فەلسفەی ئەڤین دەگرێتە خۆی. گرینگی ئەڤین لەلای سپینۆزاوە لەوە هاتووە کە ئەڤین و خۆشیی ئەو هەستانەن کە توانستی مرۆڤ بۆ کردە و زانین زیاد دەکەن. مرۆڤ تا زیاتر بزانێت، زیاتر بە ئەڤین و خۆشی دەگەشێتەوە و هەرچەندە بە ئەڤین وخۆشی بگەشێتەوە، زۆرتر دەزانێت. لە بەرامبەردا، هەر کەسێک گوێڕایەڵی یاسا بێت، لە جیاتی ئەوەی ئەزموونی ئەڤین و شادی و مەعریفە بکات، ئەزموونی چاکە ناکات. حەزەکانی خۆی بە ناوی شەریعەت و یاسا کۆنترۆڵ دەکا و بەم کارە شەریعەت دەکا بە سەروەری خۆی. لە ژیانی مرۆڤێکدا، یەکتربڕینی شەریعەت لەگەڵ حەز و شەهوەتەکانی مرۆڤ، نیشاندەری هاتنی مارەکەیە بۆ سەر شانۆ. ئەمە ناوی ئاژەڵی لاوازیی لە بیر کردنەوە، حیکمەتی مەرگە.

بەڵام ئەوەی زۆر جار لەبەرچاو نەگیراوە، پێناسەیەکی تایبەت لە تێگەیشتنی تایبەت لە سۆزێکی چالاکی ئەڤینێکی ڕەوشتبەرز و بەخشندە generositas  لەلایەن سپینۆزاوەیە کە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە و هاوکات لەلایەن ستڕاوسێر وەک کاکڵی فەلسەفەی ئەڤینی سپینۆزاش ناسێنراوە. (Strawser, 2021 p. 2)  میتۆدی هەندەسی ئەم کتێبە بە ڕادەیەک وردبینانەیە کە سپینۆزابە وردی بنەمای تەواوی بڕگەکانی ئەم کتێبەی لەسەر بنەمای بابەتەکان[11]، دەرەنجامەکان، دەرکەوتەکان و پەرواێز و لێکدانەوەکان[12] بینا کردووە. (Elden, 2013 p. 295) ڕەنگە هەر لە سەر ئەم بنەمایەش بووبێت خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە تایبەت بەشە سێهەمەکەی بۆ پرسی ئەڤین خاوەن گرینگییەکی زۆر بێت.

 

 

بە گشتی کتێبی ئەخلاق-ی سپینۆزا ئەم گریمانەیە ئەخاتە بەردەم کە فیلۆسۆف- واتە ئەو مرۆڤە ئازادەی تەنیا لە ژێر ڕێنوینی عەقڵ دەژیت، لە سەرووی یاسایە. هەر بۆیە پرەکتیسێکی شۆڕشگێڕانە بە مەبەستی دیموکراتیزەکردنی دەرەنجامە سیاسییەکان بە کار دێنێ. مرۆڤی ئازاد کەمتر لە هەموو شتێک بیر لە مەرگ دەکاتەوە و حیکمەتی ئەو، تێڕامان لە ژیانە و نە مەرگ. لە کاتێکدا ئەگەر کتێبی پیرۆز بۆ بەرەنگار بوونەوە لە هەمبەر شەهوەتەکانی مرۆڤ وەستابێتەوە و مرۆڤی خستبێتە ژێر ڕکێفی شەریعەت، ئەوە کتێبی ئەخلاق مرۆڤ بەرەو زانین دەگۆریت تاکوو بتوانێت خۆشی و خۆشەویستی و خێر ئەزمون بکات؛ لەم کاتەدا چۆن دەتوانین وابیر بکەینەوە کتێبی پیرۆز و ئەخلاق خەریکی فێرکردنی یەک تێگەیشتن لە ژیانن؟

بەڵام وا پێدەچیت بۆ خوێندنەوەی سپینۆزا وەک فیلۆسۆفی ئەڤین و دەسنیشانکردنی کتێبی ئەخلاق وەک کتێبیکی فەلسەفی بۆ ژیانی کردەیی، پێویست بێت بەر لە هەموو شتێک پرسیارەکان لە سەر بنەمای جەوهەرەی چی بوونی ئەڤین، بەرەو لای ئاماژە بە جۆرەکانی ئەڤین ڕابکێشین؛ جەوهەری ئەڤین چییە؟ ئاخۆ جۆری جیاواز لە ئەڤین بوونی هەیە و لە هەموویان گرینگتر چۆن دەکرێ  ژیانێک هەبێت کە خۆشەویستی ڕێگا نیشاندەری بێت؟ پێناسەکردنی چەمکی جەوهەر وەک چەمکی سپینۆزا بۆ ئەم مەبەستە گرینگە و لە سەر گرینگی ئەم چەمکە یاسپێرس پێی وایە:

ئەوەی لە فەلسەفەدا گرینگ دەنرخێت، چەسپاندنی واتای وشەکان لە ڕێگای بیرۆکەی گەورە، نوێ و ڕەسەن و بە هێزکردنەوەی ئەم واتایانە نەک لە رێگای پێناسەکردنە کە بەردەوام ناتەواوە، بەڵکوو لە رێگای بەکار هێنانی وشەکان بە بەکارهێنانی جووڵەکانی هزر و ڕامانە. زمان بە کەڵک‌وەرگرتن لە واتا موحتەمەلەکانی وشە، دەبێتە نێونجێک بۆ پەیوەندیگرتنی بیرۆکە نوێیەکان، هەندێکجار وشەیەک دەوڵەمەندیێکی نوێی واتایی وەردەگرێت کە قەت پێشتر نەیبووە. نموونەکانی ئەمانە بریتین لە ئایدیای ئەفلاتوون، ئاوەز لەلایەن کانت و بوون لە لای کیێرکیگۆر و جەوهەر لەلای سپینۆزا. جەوهەر لەلای سپینۆزا نە مادەیە، نە بنەڕەتە، نە بەردەوامە و نە هیچ کام لەو شتانەی ترە کە وشەکە پێشتر مانای بووە، بەڵکوو وشەیێکی نوێ و رەسەن بۆ بیرۆکەی فەلسەفی خوایە. (Karl Jaspers, 1966 p. 24)

هەر بۆیە پێویستە ڕەسەنبوونی ئەم چەمکە و لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمەدا، وشەی ئەڤین amor کە هەر وەک سرووشت لە لای سپینۆزاوە چەن واتای  هەیە شی بکرێتەوە. مەبەستی سپینۆزا لە جەوهەر ئەو شتەیە لە خۆیدا، بێ پێویستی بە شتێکی دیکەوە بوونی هەیە و بە هۆی خۆیەوە فام دەکرێت: بە واتایێکی‌تر، چەمکێکە دەکرێ جیاواز لە هەر چەمکێکی دیکەوە بێچم بگرێت. (Spinoza, 2009 p. 5).  لێرە بە دواوە دابینکردنی ئارگیۆمێنتێکی ئۆنتۆلۆژیک بۆ بوونی جەوهەر دژوار نابێت: خوا یان جەوهەر بریتییە لە تایبەتمەندی بێ بنەتا کە هەر کامیان جەوهەری هەرمان و بێ بنەتا نیشان دەدەن، کە وەک پێویستییەک بوونی هەیە. (Spinoza 2009:15)  

لە لای سپینۆزا، خوا خود-هۆکارە، وەک پێویستییەک بوونی هەیە، هەرمانە و دابەش ناکرێت و ناگۆڕێت و وەک دوو سیفەتی تر، کە مرۆڤەکان دەیناسن، خوا شتێکی بیرکەرەوە و پەلکێشراوەیە. (Spinoza 2009: 21) سپینۆزا جەوهەر لە گەڵ خوا هاوتا دەگرێت، لە بەشە کۆتاییەکانی بەشی یەکەمی کتێبی ئەخلاق هاوکات لەگەڵ قسەکردن لە سەر تایبەتمەندییەکانی سروشت، لە سەر سروشتی خوا دەدوێت و پێی وایە لە ناو سروشتدا هیچ جەوهەرێک جگە لە خوا بوونی نیە و هیچ ئاڵوگۆڕێک، جگە لەهەندێک حاڵەت کە لە ناو خوادا هەن، بوونیان نییە و ناکرێ بێ خوا خەیاڵکرد بکرێن. (Spinoza 2009:46) ڕەنگە بکرێ ئەم دەربڕینە بەم واتایە لێکدانەوەی بۆ بکرێت: ئەگەر هەر شتێک کە بوونی هەیە لە ناو خوا و بەشێک لە خوایە، ئەوە هەموو شتێک ڕاستەقینەیە، چوونکە ناکرێ ئاوا لێکدبدرێتەوە کە خوا لە گەڵ خۆی نا-یەکسان و جیاواز بێت. ناکرێ بیر بکرێتەوە کە هەندێک لە بەشەکانیی، بتوانن راستەقینەتر لە بەشەکانی‌تر بن. هەر بۆیە پلەبەندی یان دوو جەمسەری لەناو هزریی سپینۆزا بەدی ناکرێت. دوا بە دوای پێناسەی جەوهەر، سپینۆزا بە بنەماگرتنی جەوهەر لە سەر مرۆڤ وەک بەشێک لە جەوهەر پێداگری دەکا.

Spinoza ، 24. November 1632 inSpi Amsterdam; gestorben am 21. Februar 1677 in Den Haag)
Spinoza ، 24. November 1632 inSpi Amsterdam; gestorben am 21. Februar 1677 in Den Haag)

سپینۆزا لە نێوان عەقڵ و ئەڤین جیاوازی دادەنێت و پێیوایە: عەقڵ لە کردەدا، سنووردار بێت یان بێکۆتایی، وەک ئارەزوو، ئەڤین و هتد، پێویستە  ئاماژە بە سروشتی پاسیڤ بکرێت نەک سرووشتی چالاک  (Spinoza 2009:46)و لە بەردەوامیدا لەسەر ئەوە جەخت دەکاتەوە مەبەست لە عەقڵ (ڕاشکاوانە) هزرێکی ڕەها نییە، بەڵکوو تەنیا شێوازێکی تایبەت لە بیرکردنەوەیە کە لەگەڵ شێوازەکانی دیکە وەک ئەڤین، حەز و … جیاوازە و هەر بۆیە … پێویستی بە تێگەیشتنێک لە ڕێگای ڕامانی ڕەهاوە هەیە. ئەوە …لە ڕێگای هەندێک سیفەتی خوا کە جەوهەرەی هەرمان و بێ بنەتای ڕامانە، نیشان ئەدرێت و هەر بۆیە بە جۆرێک خەیاڵکرد دەکرێت کە بێ ئەم تایبەتمەندییانە نە دەتوانێ بوونی هەبێت نە دەتوانێت فام بکرێت. هەر بۆیە پێویستە وەک شێوازەکانی دیکەی بیرکردنەوە، بگەڕێتەوە سەر سروشتی پاسیڤ نەک سروشتی چالاک. (Spinoza 2009:47)

  لە سەر ئەم بنەمایەیە سپینۆزا دواتر پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە سروشت هیچ ئامانجێکی کۆتایی و جێگیری نییە، چوونکە هەموو هۆکارە کۆتاییەکان جگە لە داهێنانی مرۆڤ شتێکی دیکە نین و هەر لەسەر ئەم بنەمایە بە ڕوونی لە کۆتایی بەشی یەکەمدا بەم دەستەواژەیە Deus sive Natura خوا لە گەڵ سرووشت بە یەکسان دادەنێت. تێگەیشتن لە یەکسان گرتنی ئەم یەکگرتووییە بە واتای تێگەیشتن لە ئەڤین وەک هەژانێک یان هەستێکی چالاکە کە دەرخەری هێزی مرۆڤە و هەروەها ئەو کاتەی ئەڤینی خوا لە بەر چاو دەگرین، کە بە هەر دوو ئاراستەدا لە خواوە بۆ مرۆڤەکان و لە مرۆڤەکانەوە بۆ خوا لە هاتووچون دایە.

 

 

جۆرەکانی ئەڤین

سپینۆزا لە بەرژەنگ[13]-ی ٣١  لە بەشی یەکەمدا بۆ یەکەمجار ئەڤین بە کار دێنێت وپێی‌وایە عەقڵ لە کارکردی خۆیدا، سنووردار یان بێ بنەتا، وەک ئیرادە، ئارەزوو، ئەڤین و … دەبێ بگەڕێنرێتەوە بۆ سروشتی پاسیڤ نەک چالاک. (Spinoza, 2009 p. 46) کەواتە ئەم ڕێبازە جگە لەم ڕاستییە کە مێشک بە تەواوی ئارام دەکاتەوە، سوودی زیاتری هەیە کە فێرمان دەکات خۆشییەکانمان یان بەختەوەری واڵامان لە چی پێک دێت: واتە تەنیا لە ناسینی خوا، کە لێیەوە تەنیا بەرەو ئەو شتانە هەنگاو دەنێین لە ئەڤین و لەخواترسی ئامۆژگاری دەکەن. هزر [یان عەقڵ] سنووردار بێت یان بێ بنەتا، وەک ئیرادە، حەز و ئارەزوو، ئەڤین… دەبێ ئاماژە بە سروشتی پاسیڤ بێت نەک سروشتی چالاک. (Strawser, 2013)  لێرە سپینۆزا ئەڤین وەک ڕاوێژکارێک لەبەرچاو دەگرێت بەڵام هێشتا ڕوونی نەکردۆتەوە مەبەستی لە ئەڤین چیە؟ بەڵام وەک پێشەکییەک پێێ‌وایە ئەڤین بەرەو بەختەوەریمان دەبات. بەڵام ئەم تێگەیشتنە پێویستی بە ناسینی لایەنەکانی‌تری ئەڤینەوە هەیە.

لە کتێبی ئەخلاق، سێ جۆرە پێناسە لە ئەڤین وەبەرچاو دەکەوێت: یەکەم پێناسە بە پێکهێنانی پەیوەندی لە نێوان ئەڤین و نەفرەت بەم جۆرە پێناسە دەکرێت: خۆشەویستی هیچی‌تر نیە جگە لە چێژێک کە بیرۆکەی هۆکارێکی دەرەکی لەگەڵدایە. (Spinoza, 2009 p. 169)

دووهەم پێناسە لە سەر بنەمای کردەوە بەم شێوازەیە: خۆشەویستی کردەیێکە لەگەڵ nobility (generositas) هاوتا دەکرێت کە بە سەر ڕق و نەفرەتدا زاڵ دەبێت. بە بڕوای سپینۆزا هەموو ئەو کردارانەی لە هەستەوە دێن و بەو هۆکارەی کە لە ڕەوشتبەرزی، تێگەیشتنیان دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵ، من لە سەر بە هێزی کاراکتەر جەخت دەکەمەوە، و من بۆ بوێری (animositas) و ئاکاربەرزی-گەورەیی (generositas) دابەشیان دەکەم. سپینۆزا  لە بەردەوامیدا مەبەستی خۆی لە بوێری پاراستنی مرۆڤ لە لایەن خۆیەوە تەنیا بە حوکمی عەقڵ پێناسە دەکات و پێی‌وایە ئاکاربەرزیش ئەو حەزەیە هەر مرۆڤێک تەنیا لە ژێر فەرمانی عەقڵ، هەوڵ بدات تا یارمەتی کەسانی دیکە بکات و بە پێی هاوڕێیەتی لە گەڵیان یەک بگرێتەوە…. هەر بۆیە خۆڕاگری و پارێز، مەندی- نەرم نیانی و وریایی لە [لە کاتی] مەترسیدا جۆرەکانی بوێری-ن و هەڵسوکەوتی جوان و دلۆڤانی جۆرەکانی ئاکاربەرزی-ن. (Spinoza, 2009 p. 224)

 لە سێهەم پێناسەدا پێی‌وایە خۆشەویستی کردەیەکە لە سەر بنەمای تێگەیشتن لە خوا؛ چێژێک سەر هەڵدەدات کە بیرۆکە، خۆی وەک هۆکار، هاوڕییەتی دەکات. واتە خۆشەویستی خوا، نەک تا ئەو ڕادەیەی ئێمە ئەو وەک ئامادەبونێک خەیاڵکردیی بکەین، بەڵکوو تا ئەو شوێنەی ئێمە تێبگەین بێ بنەتا و هەمیشەییە؛ ئەوە هەر ئەو شتەیە من ناوی خۆشەویستی فیکری خوام لێناوە. (Spinoza, 2009 p. 383)  ئەڤین چیژێکە هاوڕی لەگەڵ خەیاڵکردێکی هۆکارێکی دەرەکی. هەر بۆیە خۆشیی… کە هاوڕێ لەگەڵ خەیالکردی هۆکارێکی دەرەکییە، ئەڤینە. (Spinoza, 2009 p. 304)

ئەوە ڕوونە لە باسوخواسەکانی ناو کتێبی ئەخلاق لە سەر ئەڤین، سپینۆزا زۆر کەم سەبارەت بە ئەڤینی جەستەیی باس کراوە، و سپینۆزا پێی‌وایە لە ئەڤینی ڕاستەقینەدا، هەستکردن بە خۆشەویستی بەو چێژەوە سنووردار نەکراوە کە خۆشەویستەکە ئەیبەخشێتە ئەڤیندارەکەوە؛ چوونکە لە خەیاڵکردی خۆشەویستەکەش چێژ وەردەگیرێت. ئەم تێگەیشتنەی سپینۆزا لە سەر تێڕوانینی پێرفێکشنالیستیانەی ئەو بۆ خۆشەویستی راوەستاوە، چوونکە سپینۆزا پێی وایە تەنانەت چێژوەرگرتن گۆرانکاریێکە بەرەو کەماڵ و پوختەبوونی زۆرتر. (Spinoza, 2009 p. 177)

لەمناوەدا دەکرێ وەک خاڵێکی گرینگ ڕاوەستە لە سەر ئەم خاڵە بکرێت کە سەرەڕای ئەوەی کتێبی ئەخلاق-ی سپینۆزا ڕاوەستەیێکی بەرچاوی لە سەر ئەڤین کردووە و لانیکەم ئەم چەمکەی بە سەر سێ بەشدا دابەشکردووە، بەڵام تا بەشی سێهەم ئەڤین وەک چەمکێک بە لایەنی هەندەسییەوە پێناسەی بۆ نەکراوە. بە پێی ستڕاوسێر چیتر ئەم وشەیە دەرناکەوێتەوە تا لە لێکدانەوەیەکی دوورودرێژ و گرینگ کە بەشی دووهەمی پێ کۆتایی دێت، دووبارە دەردەکەوێتەوە. ستڕاوسێر پێی وایە ئەم بەشە بۆیە گرینگە کە سپینۆزا لە وەڵامدانەوەی ڕەخنەکانی لە دژی دێتێرمینیزم و ڕوونکردنەوەی سوودە کردەییەکانی ڕێبازەکەی، ئەمە [چەمکی] ئەڤین دەکا بە پڕۆژەیەک کە لە بەشی کۆتایی بەرهەمەکەیدا دەورێکی ناوەندی دەگێڕێت. (Strawser, 2013)

 لە سەر ئەم بنەمایە، لە پلەی یەکەمدا ئەڤین بۆ سپینۆزا    affect  (انفعال) یان جۆرە چێژێک بۆ شادی یان سۆزە هاوڕێ لەگەڵ خەیاڵکردی هۆکارێکی دەرەکی (Spinoza, 2009 p. 168) واتە بیرۆکەی ئەوەی کە ئەو کەسە ئەگەر تەنیا خەیاڵێکیش بێت، دەگەڕێتەوە سەر ئەمە کە هەستی خۆشەویستی زیاتر لەوەدایە کە هێزی کەسێکی خۆشەویست چیم پێ پێدەکات، نەک ئەوەی ئەو کەسە لە بنەڕەتدا خۆشەویست بکات. کاریگەری خۆشەویستی لە جوڵاندنی ئارەزوودایە، واتە ئارەزووەی پەیوەست بە کاریگەری پاسیڤی خۆشەویستی، ئارەزووی موڵکایەتی و خاوەنداربوونی ئۆبژێکتێکە کە وایکردوە کەسێک، کەسێکی خۆش بوێت. ئەم لایەنە دوو بەشی لێدەکەوێتەوە. لە ئەخلاق-دا، سپینۆزا سەبارەت بە سرووشتی لیبیدۆ، کوپیدیتاس[14] و تیتیللاتۆ[15]دەدوێت (Spinoza, 2009 p. 193)  و ڕەزامەندی خۆی لە سەر مەجالی ئەڤین دەردەبڕێت و پێی‌وایە هاوسەرگیری دەتوانێت لە هەندێک حاڵەتدا لە گەڵ عەقڵ گوونجاو بێت. ئەویش تا ڕادەیەک کە یەکبوونی جەستەیی تەنیا بە دەرکەوتەی دەرەکییەوە بەربەست نەکرێتەوە، بەڵکوو بە خۆشویستن بۆ وەچەخستنەوە و پەروەردەکردنی ئاوەزمەندانەی ئەوان، بە خۆشویستنێک کە دەرەنجامی ئازادی هۆشە، ڕوو بدات.

ئەم خاڵە لە تێفکرینی سپینۆزا-دا خاوەن گرینگییە؛ بە هۆی ئەوەی لە کۆتایی کتێبی چوارەمی ئەخلاق-دا، باس لە دوو جۆری ئەڤینی سێکچواڵ amor meretricius و  matrimonium ئەکا؛ بە بڕوای سپینۆزا بە هۆی ئەوەی amor meretricius لە لایەن پیاوەوە و سەبارەت بە چەندین ژنەوە ڕوو ئەدات، ئەڤینێکی تەواو جەستەییەو هەر ئەڤێنێک کە هۆکارێکی جگە لە ئازادی هۆش نەبێت، بە ئاسانی بەرەو نەفرەت هەنگاو دەنێت. و بۆ خۆشویستنی نێوان ژن و پیاو matrimonium  پێی‌وایە ئەگەر تەنیا لە سەر بنەمای جوانی نەبێت، بەڵکوو زۆرتر لە سەر بنەمای ئازادی هۆش بێت… ئەوە لەگەڵ عەقڵ گوونجاوە. (Spinoza, 2009 pp. 342-43)

سپینۆزا وەک کەسێکی پێرفێکشنالیست پێی‌وایە ئەگەر مرۆڤ تەنیا لە سەر لایەنی حەزی جەستەیی جەخت بکاتەوە، هاوسەنگی هێزەکانی خۆی وەک مەکینەیەک لە کیس ئەدات و کاناتوسی جەستە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. ئەمە شەیتانە، چوونکە تەنیا ئەو شتانە خێر-ن کە دەبن بە هۆکاری پاراستنی هاوڕێژەیی جووڵە و حەسانەوەی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ لە گەڵ یەکتر. (Spinoza, 2009 p. 299)

بەڵام بە گشتی وا دێتە بەرچاو لە کتێبی ئەخلاق، مەترسی ئەڤین لە خودی خۆشەویستیدا نەبیت، بەڵکوو لەم گرینگییەدایە کە وەک هیوایەکی نادیار دەیبەخشێتە کەسێک و پەیوەندیێک کە بە بەردەوامی تووشی گۆرانکاری دەبێت و لەناو  گۆرانکاریدا دەسوڕێتەوە. لەوانەیە یەکێک لە دوو کەسەکە ئەوەیتری زۆر خۆش بوێت، بەڵام رەنگە ڕۆژێک دابێت یەکیان هەمان هەستی نەبێت یان کەسێکیتری خۆش بوێت. جگە لەوەش، ئەڤین دەمانکێشێتە ناو خۆی و ئەسیرمان دەکات، و شەیداییەکانی تەواوی تێفکرینە عەقڵانییەکان و ژیانی ڕۆژانەش دەخاتە ژێر کاریگەری خۆی.

 

 ئەڤین و ئارەزووەکان

 لە سیستەمی affects بابەتە پاسیڤ و چالاکەکانی سپینۆزا تەواوی جۆرە جیاوازەکانی ورووژان لە سێ affects- کاریگەریی سەرەکییەوە سەرچاوە ئەگرن؛ خۆشی، دڵتەنگی و کۆناتوس[16] و بە هەمان شێوە لە سیستەمی affects کاریگەریی پاسیڤ و چالاکەکانی کۆمەڵایەتیدا تەواوی جۆرە جیاوازەکانی ورروژان لە سێ affects ئارەزوو، ئەڤین و نەفرەتەوە سەرچاوە دەگرن. لەلای سپینۆزاوە، ئەوە ئارەزوو و حەز نەک ئیرادەیە کە جەوهەری جووڵەی مرۆڤەکان بەرهەم دێنێت و ئەوە ئارەزووەو مرۆڤەکان دەخەتە گەڕ.

هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا بۆ سپینۆزا، ئەڤین لە پلەی یەکەمدا  affect-کاریگەرییەکی پاسیڤ و جۆرە خولیایێکە لە خۆشی یان چێژ، واتە هەستکردن بە زیادبوونی هێزێک کە هاوڕێ لەگەڵ بیرۆکەی هۆکاری کەسێکی‌تردایە. (Spinoza, 2009 p. 168) لەم جۆرە خۆشەویستییە ناچالاکەدا، ئەڤیندار تەنیا بیرۆکەیەکی ناتەواو، تەنیا خەیاڵکردێک لە سروشتی ئەو کەسەی هەیە کە وادەکا خۆشی بوێت. واتە ورووژانی ئەڤین لە بنەڕەتدا سەبارەت بەوەیە کە سۆز و هەست لە لایەن ئۆبژێکتی خۆشەویست چی بە سەر ئەڤیندار- دادێنێت. نەفرەت یان ڕق-یش هەر بەم شێوازەوە باسی لەسەر دەکرێت. ڕق یان نەفرەت کاریگەریی affect یان سۆزێک لە خەم یان ئازار، بە واتەی کەمبوونەوەی هێزە کە هاوڕێیە لەگەڵ خەیاڵکردی هۆکارێکی دەرەکی… کە هەوڵی لەناوبردنی ئەدا. (Spinoza, 2009 p. 168) بەڵام چێژی ئەڤین بەرفراوان و بە جووڵەیە و چێژی نەفرەت و ڕق سنوردار و وەک بەربەستێک چالاکی دەکا.

 بە وەبیر هێنانەوەی چیڕۆکەکەی فیشێلسۆن، ئەم تێگەیشتنە کە ورووژانەکان یان هەستەکان قەت باش نین، دەردەکەوێت تێگەیشتنی فیشێلسۆن لە سپینۆزا هەڵە بووەو  نموونەی مۆراڵیی-نەک ئەخلاق-ی- لە هزری سپینۆزا وەشوێن چێژ کەوتووە و چێژی سیکچواڵیش لەم ناوەدا بەدەر نیە، بەڵام هاوکات هەر دوو لایەنی پاسیڤ یان چالاک دەگرێتەوە. تەنانەت ئەگەر ئەم هەستانە هەڵەش بن، بە پێی سروشتی مرۆڤ ناکرێ دژایەتی ئەم هەستانە بکرێت جگە لەو کاتەی nobility و بوێری بتوانێ هەستەکان ژیرانەتر یان ئارام‌تر کۆنترۆڵ بکات. کەواتە ئامانجی سەرەکی میانەڕەوی یان هاوسەنگییە و ئەمەش گەڕانەوەی سپینۆزا بە نێونجی سەعدییە گاوۆن بۆ بیرۆکەی زێڕینی ئەریستۆ سەبارەت بە پاراستنی هاوسەنگییە.

ستڕاوسێر لەم بارەیەوە دووبارە ئاماژە دەکاتە سەر گاوۆن کە پێی وایە مرۆڤی ئایدیال هەوڵ ئەدات پاڵنەرەکان بە هاوسەنگی بپێوێت… و کەواتە گەر کەسێک بەم شێوەیە هەڵسوکەوت بکات، کاروباری بە باشی ڕێکدەخرێت. (Strawser, 2021 p. 38) بۆیە ستراوسێر بە ئاماژە پێدانی گاوۆن پێی‌وایە سەعدییە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن حیکمەت بۆ رێکخستنی هەڵسوکەوتەکانمان لە سەر توانای مەعریفی ڕۆح داکۆکی دەکات کە پاڵنەرەکانی مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکەن.  لە سەر ئەم بنەمایەش سپینۆزا بە ئاماژەکردن بە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە پاڵنەرەکان پێی‌وایە ئەمە بە شێوازێک دەکرێت کە هۆش بتوانێت هەستەکان لەگەڵ یەک رێکبخات تا ژیانی ئایدیالی مرۆڤ بتوانێت بە گرتنە بەری ئامانجە جیاوازەکان هاوسەنگی بگرێتە بەر.

 

تولوزە – نیگارکێشی ئارەزووەکان –  Henri De Toulouse-lautrec
Henri de Toulouse-Lautrec – ” Femme nue allongée ” – Huile sur carton – 22 x 30 cm

 

ئەڤین و چاکە

بە گەرانەوە بۆ سەر لیستەکەی سەعدییە گاوۆن و تێبنییەکەی سپینۆزا سەبارەت بە خواردن و خواردنەوە و بۆنی خۆش و… (پێشتر ئاماژەی پێکرا) وا پێدەچیت سپینۆزا لە سەر ئەم بڕوایە نەبێت مرۆڤ تەنیا پابەندی ئەم چەن خاڵە بێت و خۆی لە چێژی ئەڤین بەدوور بگرێت. بەڵام تاکە مەرج ئەوەیە نەبێتە بابەتێکی خولیایی و کێشەساز. لەم خاڵەدایە ئەم پرسە ئاراستەیێکی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەگرانە لە دژی دامەزراوە مرۆڤییەکانی وەک ئایین و دەوڵەت و دەزگای داد-وەک ئاپاراتوسی ئەم دووە- بە خۆیەوە دەگرێت. چوونکە ئەگەر ئەم دوو دامەزراوەیە لە ناو بچوونایە، موڵکایەتی ژنان-یش دەیتوانی کۆتایی پێ بێت؛ هەر بۆیە مادام ئەو دامەزراوانە هەن ئەم دوو مەرجەی سەرەوە کە ئاماژەی پێکرا، تەنیا بەم دوو شێوازە دەتوانێت پێکەوە وەدی بێت: ئەگەر لەلایەک cupiditas miscendi corpora تەنیا دەرەنجامی جوانی نەبێت، بەڵکوو دەرەنجامی دڵخۆشیی ئەزموونی بیرۆکەی منداڵبوونیش Amore liberos procreandi و هەر وەها پەروەردەکردنیشیان بێت، لەلایەکی‌تریشەوە، ئەگەر ئەڤینی دوولایەنەی پیاو و ژن تەنیا هۆکارەکەی جوانی نەبێت، بەڵکوو لە سەروی ئەمە، ئازادی هۆش بێت. ئەگەرچی لە ئەخلاق هیچ باس و خواسێک لەسەر سامان و بابەتەکانی‌تر نیە، تەنیا دوو جار باس لە جوانی دەکرێت؛ بەڵام هۆکاری جوانیش بە تەنیایی تەواوکەر نیە. مرۆڤە ئازادەکان هەرگیز لەگەڵ گەمژەیەک بۆ ئەڤینداری ڕێک ناکەون، و هاوکات بە هۆی پێداگری لە سەر ئازادی مرۆڤ، هیچ کاتێک قایل بە دەستێوەردانی دەوڵەت و ئایین نابن.[17]

گەڕانەوە بۆ چیرۆکەکەی سەرەتای ئەم وتارە دووبارە پرسی خێر یان چاکە زیندوو دەکاتەوە؛ هەر ئەو بابەتەی لە فەلسەفەی یۆنانی کەڤناریشدا ئاماژەی پێکرابوو؛ فیشێلسۆن یان دوبێ، کامیان لە خێر یان چاکەکردن بۆ کەسەکەی دیکەیان ڕۆڵی گێڕاوە و ئەوەی‌تری لە کۆیلایەتی ڕزگار کردووە؟ لە لێکدانەوەکەی ئەم چیڕۆکە، ستڕاوسێر پێی وایە ئەوە دوبێ- سپینۆزیستی ڕاستەقینەیە نەک فیشێلسۆن و ئەوە دوبێ-یە کە لە سەر بنەمای ئەو تێگەیشتنانە هەڵسوکەوت دەکات کە تێگەیشتنێکی ژیرانە لە هێزە و پابەندی سۆزدارانەی ئەڤین نیشان ئەدات؛ هەەر وەها  ئەم هێزە دەخاتە ڕوو کە دەتوانێ مرۆڤ ئازاد بکات. بە واتایێکی‌تر ئەوە دوبێ، نەک فیشێلسۆنە کە لە گرینگی خۆشەویستی تێدەگا و ئەزانێت لە ڕێگای ئەڤینی ئازاد و چالاک واتە nobilityگۆڕانکاریێکی بنەڕەتی ڕوو ئەدا. لە بەرەبەرەی کۆتایی چیڕۆکەکەدا دوبێ لە تاریکی وەدوای فیشێلسۆن دەکەوێت و دەم دەخاتە دەمی و لە بن گوێێ دەچرپێنێ هاوسەری خۆشەویستم، Mazel Tov [18]؛ ئاخۆ پێت وا نیە دەتوانی هەم چێژی ئەڤین و ئارەزووەکەی وهەمیش چاکەی کەسی‌تر لە چرپە ژیرانە و ناسکەکانی دوبێ ببیسرێت؟

ڕەنگە فیشێلسۆن نەیتوانیبێت بە باشی لە مەبەستی سپینۆزا تێبگات؛ چوونکە سپینۆزا پەیوەندی ئەڤیندارانە وەک فەزیلەتێک سەیر دەکا و پێی‌وایە ئەوە لە سەر بنەمای پێکهاتەی سروشت و جەستەی مرۆڤەوە دامەزراوە و هەر بۆیە عەقڵ بەرپرسیارێتی ئەوە دەگرێتە ئەستۆی خۆی بەڵام بەم تێبینییەوە؛ ژن و پیاوی ئازاد بە بڕوای سپینۆزا، زانست و بڵاوبوونەوەی حەقیقەت وەک ئامانجی بنەڕەتی بۆ ئەم دوو ئامانجە بۆ خۆیان دیاری دەکەن، ئەوان هەم وەشوێن مسۆگەرکردنی گەشەی هاوتەریبی توانستە فیزیکی و دەروونییەکانیان کەوتوون و هەمیش وەشوێن بەرژەوەندی هاودەنگیییان. ئەمانەش بۆ هەموو ئەو خۆشیانەی لە هاوسەنگیدا نین، دەکەن.

 

 

دەرەنجام

هەڵبژاردنەکانی مرۆڤ وەک دوو بابەتی دەسنیشانکەری ئەخلاق یان مۆراڵ، کاریگەری بەرفرەیان بە سەر ژیان و کردەی مرۆڤەوە هەیە. بەڵام ئەوەی‌کە مرۆڤ تا چ ڕادەیەک دەتوانێ لە دەرەوەی affect-ەکانیدا، هەڵبژاردنەکانی ژیانی خۆی لە ژێر کاریگەری عەقڵ ئەنجام بدات وەک پرسیارێکی بەردەوام کراوە دەمێنێتەوە. سپینۆزا لە ژێر کاریگەری نەریتی ئەسینا و ئورشەلیم دایە، بەڵام هاوکات ریالیستێکی ئەخلاقە وبەم پێیەش فەلسەفە ئەخلاقییەکەی لە  چوارچێوەی ئەخلاقی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە ناگوونجێت. فەلسفەی سپینۆزا بە پێی سروشتی مرۆڤ و ریالیزمەکەی لە سەر ئەم بنەمایە ڕاوەستاوە کە چۆن بە خۆشی و ئەڤینەوە بژین، نەک بە خەم وپەژارەوە؛ واتە ئەخلاق-ی سپینۆزا لە جیاتی ئەوەی لە سەر لێپرسینەوە جەخت بکاتەوە، ئەخلاقێکە لە سەر شادی داکۆکی دەکات کە کاکڵەکەی ڕێزگرتن لە تەندروستی دەروونی و جەستەیی بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگییە. بەڵام ئەم ڕەنگە ئەم ئەخلاقە بە پێی ئاماژەکانی خودی سپینۆزا، تەنیا مرۆڤە ئازادەکان بگرێتەوە.

 

 

 

 

پەراوێزەکان

[1]  Isaac Bashevis Singer؛ براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی لە ساڵی ١٩٧٨؛ لە دایکبووی خێزانێکی جوولەکەی شاسیدی لە ڕادژمینی پۆلەندا. لە ساڵی ١٩٩١ لە فلۆریدا کۆتایی بە ژیانی دێت.

[2] Dr. Nahum Fischelson

[3] Black Dobbe

[4] friendship

[5] Shema  

[6] Hillel & Rabbi Akiva

[7] Hosea

[8] Ben Damah

[9] R’ Yishmael

[10] celebrated Babylonian Talmudical academy of Sura

[11] propositions

[12] scholia

[13] Proof

[14] cupiditas

[15] titillatioIeحەزی سێکسی

[16] conatus

[17]  Alexandre Matheron لە کتێبی Politics, Ontology and Knowledge in Spinoza  بە وردی لە سەر پەیوەندییەکانی سێکچواڵیتی و ئەڤین بە نێونجی لیبیدۆ، لە ڕوانگەی سپینۆزاوە توێژینەوەی کردووە.

[18]  پیرۆزە، بەخت یارت بێت. دەستەواژەیێک لە زمانی عیبری-یدیش بۆ دەبرێنی خۆشی و پیرۆزباییکردن لە کەسێک

 

Bibliography

Ebreo Leone Dialogues of Love [Book] / trans. Pescatori Cosmos Damian Bacich and Rossella. – [s.l.] : University of Toronto Press, 2009.

Elden Stuart The Birth of Territory [Book]. – London: The University of Chicago Press, 2013.

Karl Jaspers edited by Hannah Arendt Spinoza [Book] / ed. Arendt Hannah / trans. Ralph Manheim. – New York: Harcourt Brace Jovanovich, 1966.

Keeling Georgia Sermamoglou-Soulmaidi & Evan Robert Wisdom, Love, and Friendship in Ancient Greek Philosophy [Book]. – [s.l.]: De Gruyter, 2021.

Levenson Jon D . The Love of God [Book]. – [s.l.]: Princeton University Press, 2016.

Lindberg Carter Lov: A Brief History Through Western Christianity [Book]. – [s.l.]: Blackwell Publishing, 2008.

Matheron Alexandre Politics, Ontology and Knowledge in Spinoza [Book] / ed. Filippo Del Lucchese David Maruzzella / trans. Morejón David Maruzzella and Gil. – Edinburgh: Edinburgh University Press, 2020.

Nussbaum Martha C. The Fragility of Goodness: Luck and Ethics in Greek Tragedy and Philosophy [Book]. – New York: University of Chicago, 2001. – Revised Edition.

Segré Ivan SPINOZA: The Ethics of an Outlaw [Book] / trans. Broder David. – [s.l.]: Bloomsbury Publishing, 2017.

Sheffield Frisbee C. C. Plato’s Symposium: The Ethics of Desire [Book]. – New York: Oxford University Press, 2006.

Singer Isaac Bashevis The Spinoza Of Market Street [Book]. – [s.l.]: Andesite Press, 2017.

SPINOZA BENEDICT DE Theological-Political Treatise [Book] / ed. Israel Jonathan / trans. Israel Michael Silverthorne and Jonathan. – Cambridge: Cambridge University Press, 2007.

Spinoza Benedictus de Ethics: Ethica Ordine Geometrico Demonstrata [Book]. – [s.l.]: Floating Press, 2009.

Stahlberg Ben Spinoza’s philosophy of divine order [Book]. – New York: Peter Lang, 2015.

Strawser Michael Erotic Perfectionism in Jewish Rationalist Philosophy [Journal] // Soundings: An Interdisciplinary Journal. – [s.l.]: Penn State University Press, 2013. – 2: Vol. 96. – pp. 180-213.

Strawser Michael Spinoza and the Philosophy of Love [Book]. – London: Lexington Books, 2021.

Youpa Andrew The Ethics of Joy: Spinoza on the Empowered Life [Book]. – New York: Oxford University Press, 2020.

Karl Jaspers, edited by Hannah Arendt. 1966. Spinoza. Edited by Hannah Arendt. Translated by Ralph Manheim. New York: Harcourt Brace Jovanovich.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌