عیماد گه‌نجی

عیماد گەنجی؛ ڕیفراندۆم لە نێوان سرووت و دەروونزانیی کۆمەڵایەتی


Loading

ساڵی ١٩٧٨ کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی دەروونزانیی سیاسیی ispp دامەزراو لە یەکێک لە ئامانجەکانیدا گرنگیی دەدات بە ” لێکۆڵینەوەی چەشنە کۆمەڵایەتییەکان، بە مەبەستی بەدەستهێنانی کۆدەنگ لە بڕیاری سیاسییدا، هەروەک بۆ هەموو کاروبارەکانی تری پرۆسەی سیاسیی، کۆدەنگیی بە گرنگ وەسف دەکات”( ١/ الاهداف).
 هەر بڕیارێکی سیاسیی و لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، پێش هەر شتێک پێویستیی بە بەدەستهێنانی کۆدەنگە لەسەر هەر پرۆسەیەکی چارەنوسساز. لەگەڵ ئەوەشدا کە دەنگی تەواوی خەڵک لە ڕێگەی پەیام و ڕوونکردنەوەکانەوە کۆدەکرێتەوە” لەبەرئەوەی جگە لە پێشکەوتنی هۆیەکانی گەیاندن لە ئێستادا، نەکراوە تاکەکانیش سەرجەم یەکتر ببینن بۆ وەرگرتنی پەیام” بەڵام دەبێت سەنگی بڕیارەکەو ساتی گونجاوی خۆی هەبێت و پەیامەکەش لێکۆڵینەوەی وردی تیاکرابێت و زۆر ڕۆشن بێت، بە مەبەستی ئاسان وەرگرتنی.
 جوڵاندنی هەر پرۆسەیەکی سیاسی چارەنوسساز پێویستیی بە بەشداریی و هەماهەنگیی تەواوی خەڵکە لەبارە دروستەکەیدا، وەگەرنەکۆکردنەوەیەکی مەبەستگەرایی ناڕۆشن، بە جۆرێک لە ڕێکخستنی سرووت نیشان دەدرێت، کە بە قۆستنەوەی تایبەتمەندێتیی بوونگەرایی مرۆڤ لە زاڵبوونیدا بۆ ئەقڵاندنی دیاردەکان و دروستکردنی سیمبۆلەکان و تۆڕی مانا لێکدەدرێتەوە، ئەوەی کە دەسەڵاتی کوردی لە ماوەی ٢٦ ساڵی تەمەنیدا، بۆنەی بۆ دروستکردنی ڕێ و ڕەسمی سرووتەکان دروست کردووە، هەر لە چۆنێتیی ڕێکخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن و کردنی بە ” دابی ئاینیی/ شعائر” و هێنانەوەی تەرمی مردووەکان و گێڕانی بەشارەکاندا و تەنانەت شەڕە ناوخۆییەکان و یادکردنەوەی حزبەکان و بردنەوەی یارییە جیهانییەکان و زۆری تریش.. قۆستنەوەی ئەو توانایەی مرۆڤ بۆ بەشداریی کردنی لە سرووتە گشتییەکاندا، هەڵبەتە لە دەرەوەی ئەقڵگەراییەوە کار دەکات. لەمبارەیەوە بێرت کڵاندمانس سەبارەت بەو بەشداریی کردنە دەڵێت: ( خەڵک ئامادەیە گیان بەخت بکات بۆ دۆزێک، گەر بە تیاچوونی خۆیشی بێت… بەشداریی کردنەکە لەکردەیەکی گشتیدا، کارێکی نائەقڵگەرییە، کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆمەڵگە بەشداریی تیادا دەکەن، کە دابڕاو و پەراوێز خراون)( ٢. ل/١١١٣).
 هەڵبەت ئەم وتەزایەی کڵاندمانس سەبارەت بەو کارە دروستانەیە کە لە پرۆسەیەکی سیاسیی دروست و یاساییدا ڕوودەدەن. نەک وەک ئەو پرۆسە سیاسیانەی لە هەرێمێکی وەک باشووردا ڕوودەدات. لەبەرئەوەی گەر بە وردیی پێناسەی سرووت بکەین کە بریتییە لە: ( پەیڕەو کردنی سیمبۆلە ڕێکخراوەکان بە جۆرێک خەڵک بە گشتیی و بە چڕی و بە هەموو پۆلەکانییەوە خۆی تێ بهاوێ و هەموو کردەی تایبەتیان لە پرۆسە گشتییەکەدا هەبێت، ئەمە سرووت و پەیڕەوکدنی دابی ئاینییە، چوون مرۆڤ لە گۆشە نیگای ئەنترۆپۆلۆژییەوە، بوونەوەرێکی سرووتییە بە پلەی یەکەم هەروەک بوونەوەرێکی سیمبۆلییشە)( ٣)
ئەو دەرەنجامەمان دەستدەکەوێت، حوکمڕانانی ئێرە بەردەوام لە هەوڵی دروستکردنی سرووتەکاندان بەم ڕیفراندۆمەشەوە، کە هیچ  بنەمایەکی یاسایی نییەو لە فەرهەنگی نێودەوڵەتیدا جێگه‌ی نابێتەوە.
 ڕیفراندۆم بەرهەمێکی میتۆلۆژیانەی ترە لە شاکارەکانی دەسەڵاتی ” لەوەڕەکی/ الرعویة”، وەک فۆکۆ دەڵێت: ( دەسەڵاتی لەوەڕەکی شەرعیەتی خۆی لە پێکهاتەی مێژوویی کەسایەتیی و ڕۆڵی ڕەبەنەکانەوە وەردەگرێت کە بۆ ملکەچکردنی خەڵک بۆ دەسەڵاتی ئاینیی هەیانبووە، کە دەسەڵاتێکی هەتاهەتاییە)( ٤). بەم پێیەش کە ڕۆژهەڵاتی ناوین ژینگەی فەراهەمکراوی ئەم جۆرە دەسەڵاتەیە، دەبێتە سەرچاوەی بەردەوامی ئەم جۆرە داهێنراوە کۆنانە. جگە لەوەی ئاگاداری ئەوەین کە حزبەکان چەند شانازیکارن بە تەریقەتەکانیانەوە، دەتوانین لە سروشتی سرووتەکانیش ورد ببینەوە لە جیهانی ئێستادا، کە پرۆسە کۆمەڵایەتییە گشتییەکان، چۆن جێگەی گرتوونەتەوە.  بۆ نمونە مەرج نییە سرووتەکە پێشتر ڕەنگڕێژی بۆ کرابێت، وەک ئەوەی فیرعەون لە کاتی وەرگرتنی دەسەڵاتدا گۆچانەکەی بەرز کردەوەو لە ئێستاشدا بەزیندوویی لە دەسەڵاتی باشووردا لە شێوەی سەردانیکردنی گۆڕی سەرکردەو ناوهێنانیان بە پیرۆزکراو دەیبینینەوە.
David Émile Durkheim
April 15, 1858
Épinal, Lorraine, France
Died November 15, 1917 (aged 59)
ئەمیل دۆرکایم دەڵێت: ( پێگەی بەپیرۆزکراو و سرووت لە کۆمەڵگەی نوێدا، جێی بەرجەستە کراوە ئاینییەکانی گرتووەتەوە کە بە سرووت دەیانکرد، ئێستا هاوزاراوەی یەکترن. واتە سۆسیاڵیی جێی ئاینیی گرتووەتەوە لەم بارەیەوە، وەزیفە سیاسیی و ئابوریی و زانستییەکان لە کۆمەڵگەی نوێدا بە هەمان شێوەیە لە دابەشکردنی وەزیفە ئاینییەکەی جاران و لێیوەرگیراوە، بەدەر لە وەسفە کاتییەکەی)(٥).
 ئەمە هەمان ئەو دۆخی سرووتخوازییە نییە کە پێشتر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دابگەراکان دەیانکرد؟ ئایا ئەمە هەر شێوە کەرنەڤاڵییە گشتییەکە نییە، کە پێشترو بە ناوی ئاینەوە دەکرا؟ ئایا بەخشینەوەی وەزیفەکانیش هەر بەو جۆرە نین لە سەردەمی والی و شێخ و موریدەکانەوە دابەشدەکران؟.
 وەک سروشتی ڕیفراندۆم دەبینین کارێکی سرووتگەراییە، لە ڕووی زانستی دەروونزانیی سیاسیشەوە دەبینین، بە پێی پرەنسیپەکانی ispp ش بێت، بە هیچ جۆرێک کار لەسەر کۆکردنەوەو بەشداریکردنی خەڵک نەکراوە. ( کارەکتەری سەرکردە هەڵبەت ڕۆڵی گرنگی هەیە لە کارکردنە سەر پرۆسە گشتییەکە وەک هێنری کێسنجەر دەڵێت، بەڵام ناکرێ ئەوەندەش ساویلکانە بیر لە دەرەنجامەکان بکاتەوە، کە وابزانێت بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت، هەر بەو جۆرە دەگوزەرێت)( ٦. ل/ ٢١٩-٢٢٠).
کەچی لە ڕیفراندۆمدا سەرکردە بێباکتر دەردەکەوێت و لەگەڵ ئەو هەموو ناڕەزایەتییەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەو لە دەرەنجامەکانی دڵنیاتر دەبێتەوە، ئەمەش لە هەموو جۆرە پرانسیپێکی سیاسەتکردن جیاوازترە، یان ڕاستتر بڵێین بیرکردنەوەیەکی ئاوا بوونی نییە بەپێی دەروونزانیی سیاسیی. کەواتە هەر دەکرێت جۆرێک بێ لە پڕکردنەوەی بۆشایی سرووت…لە کاتێکدا لە ئێستادا نەک هەر ئامادەسازیی بۆ بەدەستهێنانی کۆدەنگ نەکراوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە سرووشتی حوکمڕانیی بە جۆرێکە کە پێش هەرجۆرە بیرکردنەوەیەک لەڕووی جوگرافیی و شێوازی حوکمڕانێتییەوە، خەڵک لە پرسی دابینکردنی ئاسایشی خواردن و پێداویستییەکانییەتی و نایەوێت مەترسیی ئاسایشی سەر گیانی خۆی بێتە سەر.

 

دەبوایە حوکمڕانانی هەرێم پێش هەرجۆرە بڕیارێک بۆ دروستکردنی ئەم (سرووتە) بیریان لەوە بکردایەتەوە کە ( خەڵک خۆی مێژووی تایبەتی خۆی دروست دەکات، بە پارچە پارچە کراوی و لە دۆخی هەڵبژێرراوی خۆیاندا دروستی ناکەن، بەڵکو بە پێی ئەو دۆخەی هەیە پێشترو بۆجێماو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ)(٧). بەڵام بە بەردەوامیی حوکمڕانی پاوانخواز بەهۆی ناسەقامگیریی باری دەروونیی خۆیەوە، بەو ئاراستەیەی کە دەسەڵاتی خۆی بێسنوورەو لە ئەگەری ڕوودانی هەر سەرپێچیەکیشدا هانای دەباتەبەر، ناتوانێت دەرەنجامەکان وەک خۆی ببینێت و خۆی بواری بیرێکی جیاواز بەخۆی نادات.
جێمس واڵەر لە پێناسەی ئەم جۆرە سەرکردانەدا دەنوسێت: ( ڕەگی ئەم جۆرە کەسانە پەیوەستە بە پاڵنەرێکی خۆڕسکی قبووڵ نەکراوی کۆمەڵایەتییەوە، بە پێی دیدە فرۆیدییەکە، واتە سێکس و شەڕەنگێزیی. کاتێ کۆت و پێوەند توند دەبن لەسەر دەربڕینی ئەم گوزارشتانە، کەسێتیی توشی دڵەڕاوکێ دەبێت و هەست بەدڵنیایی و ئارامیی ناکات، ئەوکات بۆ ئاراستەکردنی ڕەفتاری خۆی پشت بە دەسەڵاتی دەرەکیی دەبەستێت. ڕێزگرتنی ئەم کەسێتییە دەبرێتە ناو دەسەڵاتەوەو وەک پێویست و بۆ ئێمە گرنگ تەماشا دەکرێت، کە بە ملکەچ بوونێکی زیاد لە پێویست ڕەنگ دەداتەوە)(٨. ل/٨٢).

ته‌واو

 

سه‌رچاوه‌كان:

  • wordpress.com/2011/08/26/علم-النفس-السياسي/ موقع حیدر
  • دایفید او. سیرز، لیونی هادی، روبیرت جیرفیس: المرجع في علم النفس السیاسي ( الجزء الثاني)- ت/ ربیع وهبة، مشیرة الجزیري، محمد الرخاوي- القاهرة: المرکز القومي للترجمة- الطبعة الاولی/ ٢٠١٠
  • منصف المحواشي: الطقوس وجبروت الرموز- مجلة وموقع انسانیات الجزائریة: العدد ٤٩ في ٢٠١٠
  • ادریس شرود: فوکو ومفهوم السلطة الرعویة_ الاصول والامتدادات- انفاس نیت/ ٩/ ٦/ ٢٠١٧.
  • منصف المحواشي: الطقوس وجبروت الرموز- مجلة وموقع انسانیات الجزائریة: العدد ٤٩ في ٢٠١٠
  • دایفید او. سیرز، لیونی هادی، روبیرت جیرفیس: المرجع في علم النفس السیاسي ( الجزء الاول)- ت/ ربیع وهبة، مشیرة الجزیري، محمد الرخاوي- القاهرة: المرکز القومي للترجمة- الطبعة الاولی/ ٢٠١٠
  • یاسین ایزي: التأسیس المادي الجدلي للتحلیل النفسي لدی فیلهام رایش- انفاس نیت/ ١١/ ٣/ ٢٠١٦
  • دایفد باتریک هوتون: علم النفس السیاسي- ت: یاسمین حداد- قطر/بیروت: المرکز العربي للابحاث ودراسة السیاسات – ط١ ٢٠١٥
                               تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین