Machiko Kyō and Toshiro Mifune in Kurosawa's Rashômon (1951)

فەلسەفە گەرەکە زۆر شت لە فیلمەوە فێربێت


Loading

وێنای ئەمە بکە: پیاوێک-ساموراییەک- لەنێو دارستانێکدا کوژراوە. سەرجەم ئەوانەی ڕووداوەکەیان بینیووە یەک بەدوای یەک دەهێنرێنە بەردەم دادگە. داربڕەکە باس لەو ترسە دەکات کە لێی نیشتووە کاتێک بەسەر تەرمەکەیدا کەوتووە. ڕاهیبەکە گەواهی ئەوە دەدات کە ئەم پیاوەی پێشتر بینیووە و هێرشبەرێکی گریمانەییش دەناسێتەوە. پاشان هێرشبەرەکە تاجومارۆ دەهێننە بەردەم دادگە. ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە ساموراییەکەی بەستۆتەوە و هەر لە پێش دەمی خۆیدا هاوسەرەکەی فریوداوە تاکو سێکسی لەگەڵدا بکات. پاشان لە شەڕەشمشێردا ساموراییەکەی کوشتووە.

Akira Kurosawa

ڕەنگە هەندێ لە خوێنەران گەڵاڵەی پلۆتەکە بناسنەوە. فیلمەکە شاکارێکی ئەکیرا کورۆساوایە ڕاشامۆن (١٩٥٠)، کە بەخۆشییەکی بێهاوتاوە لێڕوانەران بەخۆیەوە خەریک دەکات: هزرین بەڕێی وێنەوە (لەسەر شاشەی سینەما)، فەلسەفاندن نە بەڕێی هیچ ئارگومێنتێکی ڕێکبەندەوە، نە بە زمانی توێکڵدار، بەڵکو بەڕێی چیرۆکگێڕانەوەیەکی جوان، وێنەسازییەکی سەرنجڕاکێش و سینەماتۆگرافییەکی نوێوە.

پاشان نۆرەی هاوسەری سامورایییەکەیە کە گەواهی بدات. لە چیرۆکەکەی ئەودا، ئەو لەلایەن تاجومارۆوە ڕەیپکراوە (دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر)، بەڵام بەبێ ئەوەی هاوسەرەکەی بکوژێت، ئەوێی جێهێشتووە. دوای ڕەیپەکە، لەگەڵ هاوسەرەکەی یەکدەگرێتەوە، بەڵام دوایی لە هۆش خۆی دەچێت، کاتێک بێدار دەبێتەوە هاوسەرەکەی بە مردوویی لە تەنیشت خۆی دەبینێتەوە، چونکە خۆی کوشتووە.

ئەو مەتەڵە فەلسەفییەی کە لەنێو کڕۆکی فیلمەکەی کۆروساوادایە پێشتر ڕوونبۆتەوە: چی دەبێت ئەگەر ئێمە لە ڕاستیدا نەزانین و نەتوانین ئەوە بگێڕینەوە کە ڕوودەدات؟ ئەگەر ئێمە هەر گێڕانەوەیەک لەبارەی جیهانی دەوروبەرمانەوە بەرهەمبهێنین، جیهانێک بێت لە خۆیدا، هەروەها گێڕانەوەی هەر کەسێک بەفراوانی لە هی ئەوانی دیکە جیاواز بێت، بەبێ ئەوەی بزانین لە بنەڕەتدا کامیان ڕاستەقینەیە؟

تەنانەت زۆر سەرنجڕاکێشتر لە هەموو ئەوانە، گێڕانەوەی خودی ساموراییە کوژراوەکەیە کە دواتر ئێمە بەڕێی میدیەمێکەوە دەیبیستین: دوای ئەوەی تاجوومارۆ لەگەڵ هاوسەرەکەی دەخەوێت، چەتەکە داوای لێ دەکات ڕەدووی بکەوێت، ژنەکە قبووڵی دەکات بەڵام بە مەرجێک چەتەکە هاوسەرەکەی بکوژێت. بەڵام لەپڕ تاجومارۆ لای هاوسەری ژنەکە دەگرێت. بەجۆرێک خانمەکە ڕادەکات، چەتەکەش ساموراییەکە ئازاد دەکات و ئەوێ جێدەهێڵێ، پاشان ساموراییەکە خۆی دەکوژێت.

کارەکتەرەکانی کورۆساوا لە هەمان جیهان دەڕوانن، بەڵام لەبەر هۆکاری مۆڕاڵی یان زانینمەند گێڕانەوەکانیان بۆ ئەوەی کە چی دەبینن، ئەوان جیهانی ناخەکی خۆیان دەبینن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مەحاڵ بێت بزانین جیهانی ڕاستەقینە چییە. پەیامی سەرەکی فیلمەکە ئەوەیە کە ئێمە لە بنەڕەتەوە بێتواناین لە ”گۆتنی هەقیقەت”.

ئەوەی دواتر دەیبیستین گێڕانەوەیەکی دیکەیە، واتا گێڕانەوەی داربڕەکە. ئەو گەواهی هەموو شتەکە بووە، بەڵام بۆ دادگەی ناگێڕێتەوە. ئەو دوای دادگاییەکە گێڕانەوەکەی خۆی پێشکەش دەکات لەژێر دەروازەی ڕاشامۆن: دوای ئەوەی تاجومارۆ لەگەڵ ژنەکە نووست، داوای لە ژنەکە کرد و لێی پاڕایەوە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات. ئەم داوایە ژنەکەی نەبزواند، ئەو هاوسەرەکەی ئازاد کرد بۆئەوەی لە شەڕدا ڕووبەڕووی چەتەکە ببێتەوە. سامووراییەکە لەگەڵ تاجومارۆدا شەڕەشمشێر دەکات و دەکوژرێت.

ئەمە دوا گێڕانەوەیە، بەڵام ناتوانین بڵێین کە ڕاستەقینەکەیە. ئەگەر کەسانی دیکە گەواهی ڕووداوەکە بوایەن، ئەوا گوێبیستی گێڕانەوەی زیاتر دەبووین، هەر یەکێکیان لە ئەوی دیکە جودا دەبوون. لە ڕووی فەلسەفییەوە، ئەمە شتێکی نوێ نییە: لە هەڵوەشاندنەوەی هەقیقەت لە ”ویستی دەسەڵات”ی فریدریک نیتچەوە تا بیرۆکەی ڕیچارد ڕۆرتی کە هەقیقەت ”دروست دەکرێت لەبری ئەوەی بدۆزرێتەوە” بۆ ”چێکراوی کۆمەڵایەتی”ی هەموو شتێک لە سەردەمی ئێستاماندا، ئێمە ئاشنا بووین بە جیهانێک کە وەها دەردەکەوێ خۆی وازی هێناوە لە زانینی داخۆ هەقیقەت لە کوێیە. ڕەنگە لەسەر ئاستی مرۆیی پەیامەکەی بێزار (جاڕس)مان بکات، بەڵام فیلمەکەی کورۆساوا بەشداری گفتوگۆیەک دەکات کە هەنووکە بۆ ماوەیەکی درێژە لەنێو فەلسەفەی خۆرئاواییدا بەردەوامە.

هەرچەندە، ڕەنگە تۆ بپرسیت، فیلمسازێک چی دەکات تاکو بەشداری دانوستاندنە فەلسەفەییەکان بکات؟ بەگوێرەی هێڵێکی هزرین کە لە پەراوێزدایە، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ کاریگەری پتر دەبێت، کورۆساوا ڕێک ئەوە دەکات کە دەبێت هەر فیلمسازێکی چاک بیکات: وەها لە لێڕوانەر بکات ئەوە تێبپەڕێنن کە لەسەر شاشە دەیبینن، بەشداری پرسیارە گەورەکان بکەن سەبارەت بە دۆخی مرۆڤ، بەڕێی ئامرازە سینەماییەکانەوە بەدووی ئامانجە فەلسەفییەکان بکەون. لە ژیل دۆلۆز و ستانلی کاڤێلەوە بۆ ستیڤن مالهۆل و ڕۆبێرت سینەربرینک ئارگومێنتێک چێکراوە کە: فیلم دەتوانێت فەلسەفە بێت. لە ڕاستیدا، سینەما دەتوانێت خزمەتی فەلسەفە بکات نەک لە ڕۆڵێکی یاریدەدەر و لاوەکی-بۆ نموونە، بەڕێی دابینکردنی ”وێنەنموونە”ی کێشەی فەلسەفی لەنێو دانیشتنەکانی پۆلدا بەڵکو لە خۆیدا، لەتەک ئامرازەکانی خۆیدا، هەروەها بە شێوەیەک نەتوانرێ بۆ مێتۆدە ترادیسیۆنییەکانی فەلسەفە کورت بکرێتەوە. بەئاشکرایی، هەموو فیلمێک بەڕوونی فەلسەفی نییە، بەڵام هەندێکیان فەلسەفین، ئەمەش بەسە. وەک مالهۆڵ لە کتێبی ”لەبارەی فیلم” (٢٠٠١) دەبێژێ: ”ئەم چەشنە فیلمانە نە کەرەستەی خاوی فەلسەفە و نە سەرچاوەی ڕازاندنەوەی فەلسەفەن، ئەوان ڕاهێنانی فەلسەفین، فەلسەفە لەنێو کرداردا- فیلم وەک فەلسەفاندن.”

فەیلەسوفان هیچ نین، ئەگەر ئارگومێنتڤان نەبن، لەبەرئەوە ”تێزە بوێر”ەکانی فیلم وەک فەلسەفە بەتەواوی گەمارۆدراون. هێڵی سەرەکی هێرشەکە لێرەوەیە، فیلم ناتوانێت فەلسەفە بێت، چونکە ناتوانێت لەتەک ئارگومێنتەکاندا خەریک بێت، کە فەلسەفە هەمیشە دەبێت ئەوە بکات، بەڵام فیلم لەتەک وێنەکان، سۆزەکان و بەم چەشنە شتانەوە خەریکە. بە جۆرێکی دی بێژین، فیلمسازان ناتوانن فەیلەسوف بن، چونکە ئەوان ناتوانن لەوە تێبگەن کە فەلسەفە بۆ ئارگومێنتچێکردن و پووچەڵکردنەوەی لەنێو دژە-ئارگومێنتدا پوخت دەبێتەوە. هەرچەندە، بەگوێرەی ئەم پێناسەیە، ژمارەیەکی زۆر لە فەیلەسوفانیش نابن بە فەیلەسوف: لەم پێناسەیەدا هیچ شوێنێک نە بۆ هێراکلیتوس یان دیۆگینس نە بۆ کۆنفۆشیۆس و نیتچە هەیە.

سەرەڕای ئەوەی داخۆ فیلمەکان لەتەک هەندێ پێناسەی تەکنیکی فەلسەفەدا کۆکن، ئەو فاکتەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئەوان دەتوانن هەمان کاریگەری مەزن و هەمیشەیی ئیشە فەلسەفییەکانیان لەسەر ئێمە هەبێت: ڕاوەشاندن و بێدارکردنەوەمان، هەناسەی ژیانێکی نوێ لەنێو هۆشمان بدەین، کرانەوەمان بەڕووی ڕێگەی نوێی بینینی خۆمان و جیهانی دەوروبەرمان. لەنێو ئیشەکانی ئاندرێ تارکۆڤسکی، ئینگمار بێرگمان و کورۆساوادا پاکژێتی لێڕوانین، قووڵێتی وێنا و چۆنایەتی تێگەیشتن هەن کە هاوتای ئیشی فەیلەسوفە مەزنەکانن.

هەرچەندە، گرنگترین پنت ئەوەیە فەیلەسوفان خوویەکی ناتەندروستیان بە هۆشەکێتییەوە گرتووە، بۆیە فیلمسازان دەتوانن ئەوان فێری واتای مرۆڤبوون چییە بکەن: لەبارەی شێوازە نالەبارەکانی ژیانمان، لەبارەی چۆن ئێمە دەشێ ناڕاستگۆ و فریودەر بین، ئاڵۆز و بەتەواوی ناهۆشەکی بین. ئێمە بە هەمان شێوەی هۆش بەڕێی سۆزەکان و هەستە بەهێزەکانیشمانەوە دەبزوێنرێین، ئێمە وێناندنی ئەفسانەیی بە هەمان شێوەی هزرینی ئارگومێنتمەند بەکاردەهێنین. بۆیە، فەلسەفە گەرەکە لەبەر سوودی خۆی لەگەڵ پێناسەکانیدا پتر بەخشندەتر بێت و لە پەیوەندی لەگەڵ کایەکانی دیکەدا کەمتر فیزدار بێت. بۆ نموونە، فەلسەفە لە فیلمەوە دەتوانێ فێری زۆر شتی سوودمەند بێت -هەستی دۆستانەی مرۆڤ، گرنگێتی جڤاکی، شێوازە ڕاستەوخۆکانی ئاخافتن لەگەڵ دڵی مرۆڤدا- ئەو شتانەی کە لەنێو دەقە فەلسەفەییەکاندا بوونیان نییە.

ڕاشامۆنی کورۆساوا ڕێک ئەمە دەکات. فیلمەکە نەک تەنیا ئەو بیرۆکە کۆنە تژیتر دەکات کە هەقیقەت مرۆڤ دروستی دەکات، بەڵکو بیرۆکەکە دراماتیزە و بەهێزتر دەکات بە شێوەیەک کە فەلسەفە بەتەنیا ناتوانێ ئەمە بکات. بەڕێی گێڕانەوە، ستایلی فیلمسازاندن، پێرفۆرمانس، شوێن-دۆخی نواندن و هاوشێوەکانیان، ئێمە تێدەگەین کە نەتوانینی تێگەیشتن لە هەستی ڕاستەقینە چییە: چیرۆکە هاڤڕکێکان بەشێوەی فلاشباک دەگێڕدرێنەوە، کە کێشەیەکی کڕۆکیی هەقیقەت پەیوەست بە یادەوەری و لەبیرچوونەوە، بیرهاتنەوە و هەڵەبیرهاتنەوە دەهێنێتەگۆڕێ. لەکاتی بارانێکی بەردەوامدا ڕووداوکە بیردەهێنرێتەوە و دووبارە دەگێڕدرێتەوە: وەک ئەوەی هەموو شتێک لەم جیهانەدا-ڕیالێتی(داکەوت)، هەقیقەت، خۆمان- بووبێت بە ئاو؛ گێڕانەوەی بیرهاتنەوەکە لە شوێنێکی وێرانەدایە، پەرستگەیەکی داڕووخاو-بیرهێنانەوەیەک، ئەگەر کەسێک گەرەکی بێت بزانێت، کە داخۆ ‘خوا مرد’وە یان لایەنی کەم زۆر بێدەنگە. لە دادگەدا، ئێمە هەرگیز ڕووخساری دادیارەکان نابینین، تەنیا هی ئەوانە دەبینرێ کە دەهێنرێنە بەردەم دادگە بۆ ئەوەی گەواهی توندی زۆر دژبەیەک بدەن: ئەوان بۆ ئێمە دەئاخڤن- ئێمە دادیارەکانین، ئێمە دەبێ لە هەموو شتێک تێبگەین؛ پاشان گرتەی ڕاستەوخۆی ڕووەو خۆر هەن، کە هەستێکی هەمیشەیی کوێرێتی و ونبوون دەهێنێتەگۆڕێ. هەموو ئەمانە تەنیا بەهێزی ئەو تێگەیشتنە قووڵتر دەکەنەوە کە ئێمە بینیمان -کۆتایی توانستی گۆتنی هەقیقەت- تراژیدییەکی شێوە گەردوونییە. ماتەمگێڕانی مۆنکە بودییەکە لەبیرنەکراوە:

جەنگ، بومەلەرزە، باهۆز، ئاگرکەوتنەوە، برسێتی، تاعوون. ساڵ بە ساڵ، جگەلە هەژەند هیچ شتێکی دی نییە. چەتەکان هەموو شەوێک بەسەرماندا دەدەن. زۆر پیاوم بینیوون کە وەکو مێروو کوژراون، بەڵام هەرگیز چیرۆکی وەک ئەمە ترسناکم نەبیستووە. بەڵێ، زۆر ترسناک. سەرەنجام ئەم جارە، ڕەنگە باوەڕم بە ڕۆحی مرۆڤ بدۆڕێنم. ئەمە لە چەتەکان، تاعوون، برسێتی، ئاگرکەوتنەوە و جەنگەکان خراپترە.

بێگومان، هەموو ئەمانە ”تەنیا فیلمێک”ن. هەروەها، یاریکردن بەم بیرۆکەیە کە هەقیقەت چێکراوی مرۆڤە، کە هەموو شتێک بێکوتایی دەتوانرێ بونیادبنرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە، زۆر شادیهێنەرە. بەڵێ، زۆر شادیهێنەر. بەڵام کاتی لێپێچینەوە ڕەنگە زووتر لەوەی ئێمە چاوەڕێمان دەکرد گەیشتبێت. بۆیە کاتێک حکومەت پاڵمان دەنێ بۆ قبووڵکردنی درۆکان نەک وەکو درۆ بەڵکو وەک ”هەقیقەتی ئەلتەرناتیڤ”، ئێمە دەزانین کە پێودانگەکەمان هیچی دیکە ڕۆرتی یان نیتچە نییە، بەڵکو ڕۆمانی ١٩٨٤ (١٩٤٩)ی جۆرج ئۆرویلە. ئیدی ئەمەیان چیرۆکێک نییە بیخوێنینەوە، بەڵکوو ئێمە تێیدا نیشتەجێبووین.

ئێمە لایەنی کەم دەبوو پێشبینی هاتنی ئەمەمان بکردبووایە. سەرەڕای هەموو شتێک، ڕاشامۆن بێدارکردنەوەی زۆر بە ئێمە دادەت.

 

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە:

https://aeon.co/ideas/philosophers-have-much-to-learn-from-the-great-filmmakers

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین